My Blog List

بابه‌ته‌ نوێیه‌كان

خۆرهەڵات و فەلسەفە

Sunday 19 August 2012

شوناس و کردەى كۆمەڵایەتی


گفتوگۆ لەگەڵ ئەلیساندرۆ پیزۆرنۆ
 وەرگێڕانى: هاوار محەمەد

پێشەکى: 
ئەلیساندرۆ پیزۆرنۆ وایدەبینێت كە لە پشت سەرجەم شێوەكانی تێكەڵبوونە هەمەجۆرە سیاسییەكانەوە (خۆپیشاندانەكان، مانگرتنەكان، بەحیزبیبوون، دەنگدان، گەندەڵی) دیاردەیەكی هەمیشەیی بوونی هەیە، ئەویش گەڕانە بەدوای شوناس و بەدەستهێنانی دانپێدانانی ئەوانی دیكەدا.
بۆچی تاكەكان دەچنە نێو خۆپیشاندانەكانەوە و دەبنە ئەندامى حزب یان كاری خۆبەخشانە دەكەن؟ بۆچی بۆ دەنگدان ڕوو لە بنكەكان دەكەن؟ یان بە وشەیەك بڵێین، چی پاڵیان پێوە دەنێت بۆ نواندنى ئەکت و چوونە نێو بزووتنەوەى كۆمەڵایەتی؟ كۆمەڵناسە ئیتالییەکە وایدەبینێت كە لە پشت ئەم مەتەڵەوە ڕاڤەیەكی سەرەكی بوونی هەیە: پاڵنەرى هەر یەکەمان گەڕانێكی هەمیشەییە بەدوای شوناسمان و بەدوای بەدەستهێنانی دانپێدانانی ئەوانی دیكەدا. ئەم ڕاڤەیە، كە بوو بە مایەى ناوبانگ بۆ پیزۆرنۆ Pizzorno، بریتییە لە بەرهەمی تەقەلایەكی تاكەكەسی و چاوپێكەتنی تاكەكان و بینینی ڕووداوەكان.
     هەموو شتێك ساڵی 1952 دەستی پێكرد: ئەو كات پیزۆرنۆ لە پاریس وانەی بە كۆمەڵێك قوتابی دەگووتەوە كە بۆ بەدەستهێنانی بڕوانامە لە ئەدەبی ئیتالیدا ئامادەبوون، پیرانیللۆش لەنێو پرۆگرامى وانەوتارەکانیدا بوو، پیزۆرنۆ لەمیانی ئیشكردنی لەسەر ئەو نووسەرە گەورە ئیتالییە، بایەخ و گرنگی پرسی دانپێدانانی كەشف كرد. دوای ماوەیەكی كەم لە یەكێك لە كۆڕەكاندا، چاوی كەوت بە بەڕێوەبەری كۆمپانیای ئۆلیڤیتی Olivetti، كە هانیدا بۆ كردنەوەی سەنتەرێكی لێكۆڵینەوە لەبواری كارناسیدا و ئەو خۆی لەنێوان ساڵی 1953- 1956 بەڕێوەی برد. ئەو كات بەهۆی خەریكبوونی بە جیهانی كارەوە تاڕادەیەك گرفتی شوناسی لەبیر كردبوو. لەنیوەی دووەمی پەنجاكاندا كەش و هەوای زانستە كۆمەڵایەتییەكان كەوتبووە ژێر كاریگەری ئیشكالییەتی ماركسیزم و چینە كۆمەڵایەتییەكان و بەپیشەسازیكردنەوە.
     ساڵی 1956 لەمیانەی كۆنگرەی جیهانی بۆ سۆسیۆلۆژیا لە ئەمستردام، پیزۆرنۆ چاوی بە ئیدگار مۆران كەوت. لەم چاوپێكەوتنەوە گۆڤاری ئەرگومێنتەكان Arguments لەدایك بوو. پیزۆرنۆ لەگەڵ ژمارەیەك كۆمەڵناسی ئیتالیدا بەشداریكرد لە دامەزراندنی كۆمەڵەی ئیتالی بۆ زانستە كۆمەڵایەتییەكان. لەو ماوەیەدا سەرلەنوێ‌ پرسیاری شوناسی لەخۆی كردەوە: "سەرنجم لەوە داوە بۆ ژمارەیەكی زۆری خەڵك هەموو یەکسانکردنەوەیەکى ئایدیۆلۆژى، بەشێوەیەكی بەهێز چاو دەگێڕێتەوە بە شوناسدا. بەڵام دەرهەق بە کۆمۆنیستەکان، بە پێچەوانەوە، لاى ئەمان هەر کە واژوو لەسەر شوناس دەکرێت، کە کارتى حزبییە، ئیدى دەتوانن قەبووڵی زۆر ڕیزبەندی بکەن".
     ڕووداوی دواتر لە ساڵی 1962 دا بوو لە كۆنگرەی سۆسیۆلۆژیا لە واشنتن: لەكاتی یەكێك لە مشتومڕەكاندا ڕۆبێرت میرتۆن پرسیارێكی لەبارەی ڕەوشی سۆسیۆلۆژیاوە لە فەرەنسا و ئیتالیا ئاراستەی تۆرین و پیزۆرنۆ كرد. هەردووكیان یەك وەڵامیان دایەوە: نە لە فەرەنسا و نە لە ئیتالیا وەها كایەیەكی سۆسیۆلۆژی بوونی نییە. لەو ماوەیەدا هێشتا ئەم كایە پسپۆرییە تەواو گەشەی نەكردبوو: كۆمەڵانی كۆمەڵناس زیاتر لەوەی هاوڕێ‌ هاوپیشەكان بن، لە ڕۆشنبیرەكان پێكهاتبوون. پێش ساڵی 1961 هێشتا لە ئیتالیا یەكەم پێشبڕكێی سۆسیۆلۆژیا ئەنجام نەدرابوو.

    كۆتا ڕەگەزی یەكلاكەرەوە لە بزووتنەوەی كۆمەڵایەتی (بزووتنەوەی خوێندكاری و ئینجا كرێكاری) ساڵی 1968ـەوە هاتە گۆڕێ، كە لە ساڵانی پاشتردا ئیتالیای گرتەوە. پیزۆرنۆ بەچاوی خۆی بكەرێكی كۆمەڵایەتی بێ‌ پێشینە و بێوێنەى دەبینی.

پرسیار: وەختێ بایەخ و گرنگی بزووتنەوە كۆمەڵایەتییەكان ساڵی 1968 دەركەوت، ئیدى لێرەوە ئێوە دەستتان کرد بە توێژینەوە دەربارەى بزووتنەوە كرێكارییەكان. بەڵام چۆن چۆنی ئێوە لەو شیكردنەوانەوە وا بە تێرمەکانى چینەكان دەكران پەڕینەوە بۆ تیۆری شوناسسازى؟
وەڵام: بەلای منەوە، خۆ لەقەرەدانی ئەم بابەتە نامۆیەى کە بزووتنەوەی كۆمەڵایەتییە هاوڕێیە لەتەك دۆزینەوەیەكی تردا، ئەویش سروشتی تیۆرییە. شیكارییەكانی یەكەم، شیكردنەوەی ماكرۆ سۆسیۆلۆژی بوون: وەكو كارەكانی شارل تیلی Tilly یان تۆرین. پاشان ئەگەر خۆمان بخەینە ئاستی میكرۆ سۆسیۆلۆژی، ئەوا بۆمان دەردەکەوێت تیۆری باو و باڵادەست تیۆری هەڵبژاردنی عەقڵانی بوو: بكەرەكان بەشێوەیەكی دیكە هەڵسوكەوت دەكەن چونكە بەرژەوەندییان لەوەدا هەیە وا بکەن، ]یان[ چونكە لە كردەكەیانەوە بیر لە دەستخستنی ئیش و كاسپی دەكەنەوە. ئەو كات خوێندنەوەی كتێبی لۆژیكی "كردەی بەكۆمەڵ"ی مانگۆر ئۆڵسن تووشی سەرسوڕمانی كردم. ئەم كتێبە دڵخۆشی كردم چونكە گرێ‌ كوێرەیەكی بۆ كردمەوە: ئەویش ئەوەبوو کە مەحاڵە لە كردەی دەستەجەمعی تێبگەین ئەگەر بێتوو دەستبەرداری گریمانەی كردەی عەقڵانی نەبین.
      بە لەبەرچاوگرتنى ئەم مەتەڵە، بواری بایەخدانی من لە ماكرۆ سۆسیۆلۆژییەوە گوزەرا بەرەو میكرۆ سۆسیۆلۆژی. ئیدی نەمدەویست وەسفێكی مێژوویی و ماكرۆ كۆمەڵایەتییانەی بزووتنەوەی كۆمەڵایەتی بكەم. هەوڵمدەدا ڕاڤەیەكی تیۆری بۆ بەشداریی تاكەكەسی لە كردەی دەستەجەمعیدا قووت بکەمەوە، ئینجا دواتر لە تیۆرەكانی كردەدا لە ڕوانگەی میكرۆ ئابوورییەوە قووڵ بوومەوە، ئا لەو كاتەدا كەلێنێكم بینییەوە كە دەمتوانی خۆمى پێداکەم. ئەم كەلێنەش كێشەی زەمەن، یان خایاندنی ئەفزەڵییاتەكان و بەهاكان بوو.
      ئێستا ئەمە ڕوون دەكەمەوە. وەختێ كەسێك شتێک هەڵدەبژێرێت، تەنیا مەگەر بە ئەگەر و نەگەر، دەنا بە وردى نازانێت كاتێك دەرەنجامەكانی ئەم هەڵبژاردنە ساغ دەبنەوە دۆخی جیهان (و پاشان دۆخی ئیمکانەکانى ڕەزامەندبوونی خۆى) چی لێ بەسەر دێ. ئەوە دیاردەی نادڵنیاییە كە ئابووریناسەكان لە ڕێگەى تیۆرەكانی سەركێشییەوە بایەخیان پێداوە. بەڵام نادڵنیاییەك لە سروشتێكی دیكەش هەیە: ئەو نادڵنیاییەی کە بەر دۆخی بەهاكانمان و ئەفزەڵیاتەکانمان دەكەوێت ڕێک لەو ساتەى کە ئاكامەكانی هەڵبژاردنەكانمان بەدیار دەکەون. با بیر لە یەكێك بكەینەوە، كە كاتێك كۆلێژێكی زانكۆ هەڵدەبژێرێت، ئەم کەسە خولیاى بۆ پیشەیەكی دیاریكراو هەیە، دەتوانین بەمە بڵێین نادڵنیایی بەها، و ئابووریناسەكانیش كەرەستەی جیهانبینی ئەوتۆیان نییە كە ئەمە ببەنە نێو تیۆرەكانەوە. لەمە بترازێ‌، ئەوە ئەو دیاردەیەیە كە هایك Hayek ساڵی 1936 لە وتارێكی سەرەكیدا لە گۆڤاری ئیكۆنۆمیست، باسی لێوە كردووە و ناوی ناوە دیاردەی "ئەو بەكرێگیراوە ئابوورییەی كە پلانی خۆی دەگۆڕێت". هایك بیری لەوە دەكردەوە كە تیۆری هاوسەنگیی ئابووری، واتە میكرۆ ئابوورییەكی پەتی، ئیدی ناتوانێت چارەسەرێك بۆ ئەم كێشەیە بدۆزێتەوە.
     كەواتە ئامانجەكە بریتیبوو لە چۆنیەتی وەدەستخستنی شوناس لەو زەمەنەدا (واتە پەیوەندیگیریی، و ئینجا پۆتێنشیالێتی بەدەستهێنانی دانپێدانانی تۆ وەك ئەوەی تۆیت) تایبەت بە تاك لە كردەی دەستەجەمعیدا- ئەمەش، لە ئەنجامدا وایكرد كە وێناكردنی پلانی كردە، جێگیریی ڕێژەیی ئەفزەلییاتەكان، بەڵێنەكان، دڵسۆزیی، بەرپرسیارێتی كەس،  هاوبەندی هەمیشەیی و پاساودانی سزا.. تاد، شیاو بێت. لەم پێناوەدا دەبوو لە تیۆری كردەی عەقڵانی قووتار بین كە شێوەگرتنی ڕەفتارەكانی لەگەڵ كاتدا ڕاڤە نەدەكرد. پرسەكە ئەوەنییە كە بووترێت تاكەكەسەكان بەزۆری ناعەقڵانین، یان شۆڕشگێڕترن وەك لەوەی خۆپەرست بن. خۆپەرستی/شۆڕشكردن، عەقڵانییەت/ ناعەقڵانییەت، ئەمانە دوو بەشی دوالیزمێكی ساختەن. پرسەكە بریتییە لە دیاریكردنی شوناس و سەلماندن و شیاوێتی تێبینیكردن وەك ئەوەی لەمیانەی زەمەنەوە یەكێك بوون بۆ ئەم منە، بۆ ئەم Selfـە، كە وا گومان دەبەین كردەكەی ڕاڤە دەكەین و ئێمە ئەفزەلییاتەكان و بەهاكانی دەدەینە پاڵ.
پرسیار: ئەو میكانیزمانە چین كە كردەی دەستە جەمعی شوناسی پێ دروست دەكات؟
وەڵام: ئەمە بە دیاردەی دانپێداناندا دەڕوات. بۆئەوەی لەمە تێبگەین، دەبێت لە دوو ئاستی دروستكردنی شوناس وردبینەوە: ئاستی شوناسی كەسێتی و ئاستی شوناسی دەستەجەمعی. ئەمە ئەو شتەیە كە جەختم لەسەری كردۆتەوە و هەر لەبەرئەمەش پیراندیللۆم بە باشترزانی، ئەوەی كە شوناسی ئێمە لەلایەن ئەوانی دیكەوە دیاری دەكرێت، یان باشتر بڵێین لەڕێگەی ئەو دانپێدانانەوە كە ئەوانی دیكە دەیبەخشنە شوناسی ئێمە، لەڕێگەی ئەو مەبەست و سیفەتانەوە كە دەیدەنە پاڵمان، ..تاد. هەڵبەت ئەوەی لە سییەكاندا بەلای یەهودییەكانەوە لە ئەڵمانیادا گرنگ بوو، ئەوە نەبوو كە ئەوان خۆیان وەك یەهودی دەناساند، بەڵكو ئەوەبوو كە دام و دەزگا ئەڵمانییەكان وەك یەهودی دەیناساندن: كەواتە ئەوەی لەبەرچاو دەگیرێت پێناسەی ئەوانی دیكەیە.
     هەر یەكێك لە ئێمە بەدوای چارەسەركردنی كێشەی شوناسی خۆیدا دەگەڕێت و ئەو چارەسەرەش لە لێكبەستنی زنجیرەكەدایە، واتە ئەو گروپ یان گروپانەی كە دانمان پێدا دەنێن. ئەم دانپێدانانە بەردەوامەى ئەوانی دیكە لە جڤاتدا بەرجەستە دەبێت و لە ڕەمزەكاندا دەنەخشێ، وەكو دراو (پارە) و زمانمان و ..هتد. لێرەدا دەبێت بگەڕێینەوە بۆ هیگڵ، جا چ بۆ كتێبەكانی سەردەمى گەنجییەکەى ]هیگڵى گەنج[یان بۆ فینۆمینۆلۆژیای روح (بەشی سەروەر و كۆیلە)، چونکە ئەو یەكەم كەس بوو توخنی چەمكی دانپێدانان (Anerkennung) وەك چەمكێكی سەنتەری لە پێناو ڕاڤەكردنی دیاردەی كۆمەڵگەی مرۆیی، كەوت. ئەو ئەم چەمكە لەبەرامبەر چەمكی پەیمانی كۆمەڵایەتی دادەنێت و ململانێ‌ لەپێناو دانپێداناندا دەکاتە بابەتى قسەوباس. دانپێدانانی دوو لایەنە بریتییە لەوەی كە ڕێ‌ بە بوونەوەرە مرۆییەكان دەدات كۆمەڵگە دروست بكەن. بەڵام خۆكردانەش ناڕوات بەڕێوە. ئێمە هەمیشە هەوڵدەدەین تا ئەوی دیكە ناچار بكەین بەو جۆرە دانمان پێدا بنێت كە خۆمان دەخوازین بەو جۆرە بناسرێین، واتە هەوڵدەدەین بۆ سەپاندنی پێناسە تایبەتییەكەی خۆمان بۆ خۆمان بەسەر ئەوی دیكەدا. ئەوە پرۆسەیەكی دیالێكتیكی بێ‌ پایانە كە لە پەیوەندییەكی توندوتۆڵدا بەوی دیكەوە گرێمان دەداتەوە و، لە ناخی ئێمەشدا بەردەوام دەبێت، بەڵام بە دروستی و سەلامەتییەكی زۆرەوە نا. تەنانەت دوورەپەرێزییش ناتوانێت لێی دەربازمان بكات. تەنانەت ڕاهیبێكی گۆشەگیر، و ئیماندار لەگەڵ خواكەی خۆیدا لە ململانێدایە لەپێناو دانپێداناندا. ئەوە ململانێیەكە كە هەر كەسێكی نەبەرد چاونەترسی بۆ سەركێشی بەدەست دێنێت، و ئەو ئەم پەیوەندییە داخراوە هەڵدەوەشێنێتەوە بۆئەوەی ئەڵتەرناتیڤێكی دیكە پێشنیار بكات. ئەوە پەیوەندییەكی كۆمەڵایەتییە كە بازنەی دانپێدانانی نوێ‌ تەواو دەكات.
      لێگەڕێ‌ با نموونەیەك لە مێژووی سەندیكایی بهێنمەوە (هەر ئەم نموونەیە بوو، نەك هیگڵ، بیرۆكەی تیۆرێكی گشتگیرتری لەبارەی دانپێدانانەوە لەلام گەڵاڵە كرد). لە بزووتنەوەی سەندیكایی ئینگلیزی و ئەمریكیدا دوو شێوەی مانگرتن دەبینینەوە: مانگرتن لەپێناو باشتركردنی موچەكان و هەلومەرجەكانی كار؛ مانگرتن "لەپێناو دانپێدانان recognition strikes"، واتە چاوبڕین لە بەدەستهێنانی دانپێدانان وەك هاوبەش، وەك سوبێکت لە حاڵەتی دانوستاندا. پێكهێنەری یەكەمی كردەی دەستەجەمعی بریتییە لەوەی كە بەشداریكردن دیاریدەكات، لە سەرەتادا بەشداریكردن بۆ بەدەستهێنانی مافی بوونە. بە ئاسانى دەکرێت ئەم جۆرە دەلالەتە بۆ خەباتی كەمینە زمانییەكەكان یان ئیتنیكیەكان یان ئاینییەكان، درێژ بکرێتەوە.
     بەڵام دەبێت چاودێری شیكردنەوەی ئەو ئەگەرانەیش بكرێت كە لە ململانێ‌ لەپێناو دانپێداناندا دێنە پێشەوە. دەكرێت بكەوینە ململانێ بۆ بەدەستهێنانی دانپێدانانی هاوبەشێك بەو شێوەیەی كە بۆی دادەنێین، بەو شێوەیەی كە لەنێو سیستەمی پەیوەندییە پێدراوەكاندا بوونی هەیە و بەم دانپێدانانەى ئەو ئاسودە دەبین. ئینجا دەتوانین لە پێناو گۆڕینی ئەم هاوبەشە و دەوروبەرەکەیدا تێبكۆشین، لەڕێگەی ئەمەشەوە دەكرێت ئەو سیستەمە بگۆڕین كە پێگەیەکمان تێیدا هەیە تاوەکو پێگەیەکى دیکە داگیرر بکەین، پێگە نوێیەکەیش دەبێتە شوناسی نوێمان، جیاواز لەو شوناسەی كە وا خەیاڵ دەكەین ئێمە خستوومانەتە ڕوو.  
     بەم جۆرە دەبینین كە چۆن دانپێدانان ڕێ بە ڕاڤەكردنی كردەی دەستەجەمعی دەدات. بۆنموونە، ئەو خەڵكانەی كە لەدژی گلۆبالیزم خۆپیشاندان دەكەن، لەپێناو بەدەستهێنانی ئیمتیازى كەسیدا ئەم كارە ناكەن. تاكەكان لە كردەی دەستەجەمعیدا بەشداری دەكەن لەپێناو پێكهێنان و بوونى تواناى پێکهێنانى بازنەیەكی هەمیشەیی دانپێدانان كە بەهاكانیان دابەش بكات و دیاری بكات، یان لە پێناو وەدەسهێنانی وێنەیەكی جێگیری سوبێکت و، لەپێناو بەشداری ئەوانی دیكە لە ڕاڤەكردنی واقیعدا و، فراوانكردنی ئەم ڕێژەیە بۆ ژمارەیەكی زۆرتر. بەبێ ئەم ویستە بۆ دانپێدانانی دوولایەنە، گەیشتن بە كردەی دەستەی جەمعی کارى نەکردەیە.
     بە كورتی، ئەوە كرۆكی ئەو تیۆرە بوو كە هەوڵمدا بیهێنمەوە ئاراوە، كە دەكرێت بەسەر دیاردەگەلێكی جیاوازی وەك خۆپیشاندان و مانگرتن و هەڵبژاردن و پێكهاتنی دەوڵەتدا، پراكتیزە بكرێت.
پرسیار: كاتێك فەرمانبەران داوای زیادكردنی مووچە یان هاوكاریی كۆمەڵایەتی دەكەن، ئەوان لەپاڵ ئەمەدا هەوڵیش بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوتى بەرجەستە دەدەن.
وەڵام: نامەوێت بڵێم كە ئامانجی كرداری ]و ڕاستەوخۆ[ لە كردەی دەستە جەمعیدا بوونی نییە. كتومت ئامانجگەلێكی كرداری بوونی هەیە. بەڵام ئەو شتەى کە ئامانجی كرداری خۆى لە قەرەى نادا بریتییە لە توانای ڕاڤەكردنی بەشداریكردن بەگوێرەی حسابی دەستكەوتە كەسییەكان كە لە بەدەستهێنانی ئەم ئامانجانەوە كەوتوونەتەوە. بۆ نموونە لە حاڵەتی مانگرتندا ڕەنگە منیش سوود لە زیادە داواكراوەکە وەربگرم تەنانەت ئەگەر تێیدا بەشداریش نەبوونم. بگرە ئەوە بۆ من خوازراوە كە لە مووچەدا یەكلایی ئەبێتەوە. بەڵام لەلایەکى دیکە دەكرێت تێچوون و باجی بەشداریكردن لە كردەی دەستەجەمعیدا زۆر قورس بکەوێتەوە، وەك ئەوەی لە حاڵەتی خۆپیشاندانە توندوتیژەكاندا دەبینین كە دووچاری مەترسی دەبنەوە.
پرسیار: لەو كاتەوەی ئێوە سەرنجی ئەم دیاردەیەتان داوە، واتە لەماوەی سی ساڵدا، ئایا شێوەكانی كردەی دەستەجەمعی گۆڕانی بەسەردا هاتووە؟
وەڵام: بەڵێ‌. ئەم دیاردەیە لەسەر بابەتگەلێكی نوێوە دروست بووە، بەڵگەى ئەمەیش بزووتنەوە فێمێنستییەكان یان ژینگەپارێزەكانن. ئەمە دیاردەیەکە کە كۆمەڵناسی ئەمریكی "ڕۆنالد ئینگلهارت" Inglehart لە ڕێگەى هەڵكشانی چینە مامناوەندەكان و زیادبوونی ئاستی فێركردن و دەركەوتنی بەهای نوێوە، ڕاڤەی كردووە. ئەم خوێندنەوەیە گرنگە بەڵام بەس نییە. پێموایە سەرهەڵدانی ئەم بزووتنەوانە لە لاوازی فۆڕمەکانى نوێنەرایەتی دامودەزگا پەرلەمانی و سەندیكایی و سیاسیەكانیشەوە سەرچاوەى گرتووە. لەماوەی بیست ساڵى ڕابردوودا ئەم بزووتنەوانە هەتا بێ لە گۆڕەپانەکەدا ئامادەییان زیاتر بووە. ئەم بزووتنەوانە پچڕ پچڕ بوون، بە خێراییش دووچاری هەڵوەشان دەبوون، وەلێ دیسان دەردەكەونەوە و سەرلەنوێ‌ سەرهەڵدەدەنەوە. ئەمانە چەمكی هاوبەندیی بەهێز و بەشداریی یەكلاكەرەوەیان تۆخ کردەوە. ئەم لایەنە دوو جەمسەرەش سەلمێنرا: دانپێدانان لەمیانەی بەشداریكردنەوە و ئارەزووی ئامادەبوون لە دیمەنە گشتییەكەدا، نەك چاوبڕین لە گرتنە دەستی دەسەڵاتی سیاسی.
پرسیار: ئایا خۆپیشاندانەكان دژی ڕێكخراوی بازرگایی جیهانی OMC كە لە سیاتل بینیمان، دەرخەری ئەم خولیایە بوو؟
وەڵام: لەوانەیە. بەڵام هێشتا كاتی ئەوەم بۆ نەڕەخساوە لێیان بكۆڵمەوە. گرنگ شیكردنەوەیانە، چونكە چاوەڕواننەكراو و هاوكاتیش زۆر ئاڵۆ بوون. یەكێك لەو بابەتانەی كە تووشی سەرسوڕمانی كردم سیفەتی فرەیی بوو لە پێكهاتنیدا: لە ڕێپێوانەكاندا سەندیكا كرێكارییە ئەمریكییەكان، نەیارەكانی لیبرالیزمی ئابووری، ژینگەپارێزەكان، وەرزێرە فەرەنسییەكان، كۆمەڵە بەكاربەرەكان و نوێنەرانی جیهانی سێیەم، هەموو پێکڕا بەشدار بوون.
     هەروەها، بەلای منەوە شتێكی دیكەی گرنگ، بریتی بوو لە بەكارهێنانی ئامرازە نوێیەكانی پەیوەندیی ئەلیكترۆنی. بڕوام وایە بابەتەكە پەیوەستە بە دیاردەیەكی ئایندەییەوە كە دەكرێت كاریگەری هەبێت لەسەر سروشتی بەشداریی سیاسی. تا هەنووكە دەتوانین وا دابنێین ئەم ئامرازانە كۆمەڵێك پێشنیاری سیاسیان بەرهەمهێناوە نەك بڕیاری واقیعی. بەڵام دەشێت مەبەستەكە میتۆدێك بێت كە گەشە بكات و ببێتە خاڵێكی سەنتەری لە دیمەنی سیاسیدا.
پرسیار: تیۆرەكەتان زەمینەی شیكردنەوەی عەقڵانیانەی ڕەفتاری هەڵبژاردنی بۆ ساز كردوون، بە چ ڕێگایەك؟  
وەڵام: لە دیدگای میكرۆ سۆسیۆلۆژییەوە، دێلێمای شاراوە لە دەنگداندا هەمان دێلێمای شاراوەیە لە كردەی دەستەجەمعیدا. دەنگدەر دەزانێت وەرەقەكەی ئەو، كە لەنێو جەماوەردا بە فیڕۆ دەچێت، هیچ هەلێكی ئەوەی نییە ببێتە دەنگێكی یەكلاكەرەوە. خۆ ئەگەر لە ماڵی خۆی بمێنێتەوە، تێچوونی چوون بۆ دەنگدانی بۆ دەگەڕێتەوە و خەرجی كۆكردنەوەی زانیارییەكانی بۆ دەڕەخسێت كە پێویستە هەموو هاووڵاتییەك بەدەستی بهێنێت تا بتوانێت بژاردەکانى هەڵبژێرێت و بەم جۆرە ئەو ئاگاداری ڕووداوەكان دەبێت. ئەگەر زۆرینەی تاكەكان ئەم جووڵە بێ كەڵكە ئەنجام بدەن، ئەوا بە باشی بابەتەكە پەیوەست دەبێت بە ساتەوەختی دیاریكردنی شوناسی دەستەجەمعییەوە. بەم جۆرە هاونیشتمانیان ئاماژە بە ئینیمای خۆیان بۆ كۆمەڵێكی دیاریكراو، دەدەن. دەتوانین بڵێین هەڵبژاردن لە سایەی دیموكراسیدا زیاتر سروتە وەك لەوەی بژاردە (خیار) بێت، ئێمەش بەشداری تێدا دەكەین بۆ ئەوەی خۆمان دەربخەین لەبری ئەوەی لەپێناو دەستگەیشتن بە ئیشێكدا بێت.
      هەروەها ئەگەر بیرمان لەو كەسانە كردەوە كە وێڕای ئەو تێچوونە زۆرەش، دەنگ دەدەن (بۆ نموونە لە هەندێك وڵاتدا ئەوانەی دەچن بۆ دەنگدان ڕووبەڕووی هەڕەشە دەبنەوە)، یاخود ئەگەر سەرنج بدەینە ئەو كەسانەی كە دەنگدەدەن وێڕای ئەوەی دەزانن كاندیدەكەیان هیچ هەلێكی بردنەوەی نییە، ئەوا ئەم دیاردانە تەنیا دەتوانین بە تیۆری شوناس، یان باشتر بڵێین بە تیۆری دان پێدانان، ڕاڤەیان بكەین، ئەمەش ئەو ڕاڤەیەیە كە لە ڕێگەی تیۆری سوودگەرییەوە نایەتە ئاراوە.
پرسیار: لێكۆڵینەوەكانی ئێستاتان تاوتوێی سیستەمی سیاسیی هەنووكەی ئیتالیا دەكەن، بە تایبەتیش گەندەڵی. ئەى چۆن لە تێمای كردەی دەستەجەمعییەوە پەڕینەوە بۆ تێمای گەندەڵی؟
وەڵام: پێش هەموو شتێك "فزولی بۆ مەعریفە" (مەعریفەخوازی) لە ئارادایە، بەو مانایەی كە سیستەمی گەندەڵی بەو دواییانە لە جیهانی مرۆڤدا دەركەوتووە، و جەماوەریش دەیەوێت بتوانێت ڕاڤەی هۆكار و چۆنییەتی هەندێك دیاردە بكات، كەواتە بۆ من وا دروستە لەم پرۆژە ڕاڤەییەدا بەشدار بم. بەڵام ئەو ڕاڤە تیۆرییەی كە من هەوڵەدەم بیخەمەڕوو پشت ئەستوورە بە ئەرگومێنتى وەها كە هاوشێوەی ئەرگومێنتەکانى پێشووە.
     لێرەدا تێگەی باجى ئاكاری بەكار دەهێنم: ئەو كەسەی كە هەلی بەشداریكردنی لە بەرتەسككردنەوەی گەندەڵیدا بۆ ڕەخساوە هەتا باج و تێچوونی ئاكاری زۆرتر بێت، هێندەیش شیمانەی بەشداریكردنی كەم دەبێتەوە. بەڵام چۆن باجە ئاكارییە جۆراوجۆرەکان ڕاڤە بكەین؟ دیسان چەمكی دان پێدانان بەكار دەهێنمەوە: هەتا كەسەكە لە بازنەیەكی دانپێدانانی بەهێزدا بوونی هەبێت، هێندەیش باجى ئاكاری بەرز دەبێتەوە. بە پێچەوانەوە كاتێك كەسەكە دوورەپەرێزە و كاتێك تەركی ژینگە بنچینەییەكەی خۆی کردووە و "تێكەڵ" بە ناوەندیتر بووە، ئەوا حەتمەن باجە ئاكارییەکەى كەمترە. تێگەكە تا هەنووكە بە گریمانە هەژمار ناكرێت و لە ڕووی ئیمپیریكییشەوە ڕاستگۆیی خۆی نەسەلماندووە.
پرسیار: لەگەڵ ئەوەشدا ئایا ناوەندەكانی گەندەڵی و بەتایبەتیش مافیایی كۆمەڵێك دەستە و تاقم نین كە، لەژێر یاساگەلێكی زۆر توندوتۆڵدا، وابەستەیی باندى گروپى بە یەكیانەوە دەبەستێتەوە؟ ئایا لە ئیتالیا گەندەڵی ڕیشەی مێژوویی و سۆسیۆلۆژیی لەبارى نەبووە؟
وەڵام: پێموانییە. لە ئیتالیادا گەندەڵی پەیوەندییەكی بە مافیاوە نییە، مەگەر بە شێوەیەكی زۆر كاڵ و لە پەراوێزدا. بەڵام لە یابان كە لەوێ گەندەڵی زۆر بەهێزە، بابەتەكە جیاوازە: لەوێ‌ بە زۆری گەندەڵی پەیوەندیى بە مافیا لۆكاڵییەكانەوە هەیە. لە ڕووسیاش بە هەمان شێوە. بێگومان توخمی هاوبەشی ڕەوشی لەباری گەندەڵی بریتییە لە هێزی وابەستەیی هاوڕێیەتی توندوتۆڵ.
پرسیار: وەك دەردەكەوێ‌ لەمڕۆژگارەدا گەندەڵی ڕووبەرێکى زۆری گرتۆتەوە، ئەمە بۆچی؟
وەڵام: گەندەڵی دیاردەیەكی نوێ‌ نییە، بەڵام بەشێوەیەكی ڕوون و ئاشكرا ماوەی چەند ساڵێكە لە چەند وڵاتێكی دیموكراسیدا دەركەوتووە، لە ئیتالیا و فەرەنسا و ڕوسیا و ئەڵمانیا (هلمۆت كۆل لە ئەڵمانیا خەرجی حیزبەكەی خستەڕوو).
     ئەم دەركەوتنە ئاكامی كۆمەڵێك گۆڕانكاری بونیادییە. لاوازی دام و دەزگا نوێنەرییەكان لە هەمان ئەو كاتەدا ڕوویدا كە دام و دەزگا دادەوەرییەكانیش دووچاری لاوازى هاتن. لە ئیتالیا نوێبوونەوەی نەوەی نوێی دادوەریی لە گۆڕێدا بوو کە دەستکراوەتر بوون و ئایدیۆلۆژیای ڕاستەقینەی دەسەڵاتی دادوەرییان گەشە پێدا. ئەنجومەنی دادوەریی وەك پارێزەری ئەو ڕێسایانە خۆی سەپاند كە سنوورەكانی دەوڵەتی یاسای دیاریدەكرد (بەراورد بە ڕێسا شاراوەکانى "ئەمرى واقیع" كە پەیوەندییە سیاسییەكان ڕێكدەخات). لێكۆڵینەوەكان لەبارەی ئەم حاڵەتەشەوە لە فەرەنساش هەمان دەرەنجامیان هەبوو.
پرسیار: ئێوە گوزارشتی consociativisme "كۆدەنگیكاری" (التوافقیە) لە پێناو وەسفكردنی سیستەمی سیاسی ئیتالیادا بەكار دەهێنن. ئەم سیستەمە چۆن كار دەكات؟
وەڵام: چەمكی "كۆدەنگیكاری" سیاسەتناسى هۆڵەندی ئیریند لیجفارت Lijphart بۆ وەسفكردنی هەندێك سیستەمی سیاسی بەكاریهێناوە وەك ئەو سیستەمانەی كە لە وڵاتانى پێکەوەسازاو و بەلجیكا و سویسرا و نەمسا بوونیان هەیە، ئەو ئاماژە بە سیستەمی نوێنەرایەتیی سیاسیی هەمیشەیی دەدات كە دەستەبەری نوێنەرایەتی ئەو جڤاتە جیاوازانە دەکات وا نەتەوەیان لێ پێك هاتووە. بۆ نموونە، لە بەلجیكا کابینە وزارییەکان لەنێوان فالۆن و فلامەنددا دابەش دەكرێت. ئەم سیستەمە سیستەمی زۆرینە نییە. ئەم دابەشكردنە لە ڕێگەی consociativisme ـەوە دەبێت، واتە لەڕێگەی كۆدەنگی لە لوتكەدا لەپێناو وەلانانی ململانێ‌ لە خوارەوە. لە هەندێك شوێن دابەشكردن بە سازان و كۆدەنگی بە گوێرەی باڵ و گروپە كولتووری و زمانییەكان مەیسەر دەبێ (وەكو بەلجیكا و سویسرا)، و لە شوێنی تریش، وەكو نەمسا، كە لێكترازانی ئایدیۆلۆژیی نێوان كاسۆلیكەكان و کۆمۆنیستەکانى تێدایە، گرنگە ئەو بەگژداچوونانە وەلا بنرێن كە لە سییەكاندا بوونە مایەی ململانێیەكی ترسناك.
      لە ئیتالیا، كار بە سیستەمێكی كۆدەنگی دەكرا كە پڕ بوو لە كەلێن، هۆكاری ئەمە ئەوەبوو كە ئیتالیا زیاتر لە وڵاتانی دیکە کەوتبووە بەرداشى کۆمۆنیزم و دژە کۆمۆنیزمەوە. هەردوو حیزبی سەرەكی (دیموكراسیی مەسیحی و کۆمۆنیستى) لەنێو واقیعی وەلانانی ململانێدا و لەپێناو دوورخستنەوەی سیناریۆی یۆنان یان شیللی وەك ئەوەی تۆگلیاتی[1]  لە ڕۆژگاری خۆیدا گووتی، بە كۆدەنگی و سازان فەرمانڕەوایەتیان دەكرد. بۆ نموونە سەرنج بدە لە ماوەی پەنجاكاندا 90%ی یاساكان لە پەرلەماندا بە كۆدەنگی پەسەند دەكران، لە ماوەی شەستەكانیشدا ئەگەر بە هۆی پشتیوانی کۆمۆنیستەکانەوە نەبووایە هەرگیز چاكسازییە گەورەكان لە قوتابخانەكان و بازاڕی  كار و نۆژەنكردنەوەی ناوچەكاندا ڕووینەدەدا.
     ئەم سیستەمە دوای ڕووداوەكانی ساڵی 1968 خۆی چەسپاند، ئەوەش ئەو كاتەی كە چینێكی سیاسی هەڕەشەى مۆنۆپۆلكردنی نوێنەرایەتیی سیاسی سەندیكا و بكەرە كۆمەڵایەتییەكانى کرد. حیزبی زۆرینەی دیموكراتی مەسیحی پێویسیان بە حزبی کۆمۆنیست هەبوو، كە هاوشان دەچوونە پێش. بەهۆی هاوكاری دوولایەنەشیانەوە لە پشتى پەردەوە سیستەمەكە لە حەفتاكاندا بەرەو هاوپەیمانی نێوان هەردوو حیزبە گەورەكە هەنگاوی هەڵگرت: ئەوە قۆناغی "بلۆکى مێژوویی" بوو.
پرسیار: ئەى بۆچی سیستەمی کۆدەنگى و سازان هاندەری گەندەڵییە؟
وەڵام: چونكە هەمووان بەرژەوەندییان لە بێ‌ دەنگیدایە. کۆمۆنیستەکان، ئەگەرچی لەوانی تر كەمتر گەندەڵ بوون، كەچی ئەوانیش هەر بێدەنگبوون. بەهۆی بێدەنگییەوە ئەوان سوودیان لەوە بینی كە ناوملێناوە بێداربوونەوەی شاراوە. بێداربوونەوە لەنێوان بێدەنگی و جیاوک ]ئیمتیاز[ـە سیاسییەندا: یاساكان و پۆستە گشتییەكان و ..هتد. بەڵام حاڵی حازر ئەم سیستەمە کەوتۆتە بەر لێپرسینەوەى لایەنى کاروبارى دادوەرى.
 پرسیار: تێبینی ئەوە دەكەین لە ئیتالیا كۆمەڵناسانێكی زۆر هەن لە پلەی "ڕاوێژكاری ئەمیر"دا. ئێوەش وەك بەرپرس لە لێكۆڵینەوە لە كۆمپانیای ئۆلیڤیتی كارتان كردووە. ئایا پێتان وایە كۆمەڵناسان دەتوانن لە گۆڕانی كۆمەڵایەتیدا بەشدار بن؟
وەڵام: واى بۆ ناچم. سیاسەتمەدارەكان ئامرازی ئەوتۆیان لە بەردەستدابوو كە بتوانن هەماهەنگی لەگەڵ ئایدیۆلۆژیادا پێ بەرقەرار بكەن. لەمڕۆدا ئەو توانایەیان لەکیس چووە. بەڵام من وای دەبینم نابێت كۆمەڵناس جێى ئایدیۆلۆژیست بگرێتەوە؛ پیشەی ئەم جیاوازە: ئەویش ئەوەیە كە جیاوازییەكان دەربخات و تایبەتمەندی و ئاڵۆزیی هەر حاڵەتێكی كۆمەڵایەتی یان قۆناغێكی دیاریكراو بۆ خەڵكی ڕوون بكاتەوە. لە سەر كۆمەڵناس پێویستە وەڵامی ئەو جەماوەرە بداتەوە كە، ڕەنگە بێ‌ ئاگاداری ئەو، داوای دیاریكردنی جیاوازییەكان و هاوشێوەییەکانى ڕەوشێكی كۆمەڵایەتی و كولتووری لێ‌ بكەن، بەراورد بەو ڕەوشانەی تر كە هەن، یان هەبوون، یان دەشێت هەبن. لێرەدا لە ئەستۆی كۆمەڵناسە مەعریفەیەك لەبارەی نەگۆڕەكان و هەمەڕەنگییەكان، لەبارەی شیمانەکانى هەلومەرجی مرۆیى بخاتە ڕوو. ئامانجی ئەو یارمەتیدانی ئەمیر نییە لە فەرمانڕەوایەتیدا، تەنانەت ئەو كاتەشی كە ئەمیر بانگەشەی ئەوە دەكات گەل ئەوە. ئامانجی سەرەكی ئەو سازدانی زەمینەیەكە بۆ گەل، وەختێ پێیوایە خۆی فەرمانڕەوای خۆیەتی، تاوەکو بتوانێت پیادەی گوتارێكی ئەڵتەرناتیڤ بۆ ئەو گوتارە باوەى بۆی پێشنیار كراوە، بكات.


یەراوێز:
[1] Togliatti 1893- 1964  ئەمینداری گشتی حزبی سۆشیالیستی ئیتالی بوو، ئەم حزبە لە سەردەمی ئەودا دووەم هێزی سیاسیی بوو. ئینكارتا. و. عەرەبى

سەرچاوە:
علم الإجتماع- من النظریات الكبری الی الشؤون الیومیة- أعلام و تواریخ و تیارات، إعداد و تحریر: فیلیب كابان و جان فرانسوا دورتیة، ترجمة: الدكتور إیاس حسن، دار الفرقد للطباعة و النشر و التوزیع، الطبعة الأولی، 2010، ص155-166.
تێبینى: ئەم وتارە ساڵى 2012 لە گۆڤارى "کەوانە" بڵاوبۆتەوە.