My Blog List

بابه‌ته‌ نوێیه‌كان

خۆرهەڵات و فەلسەفە

Wednesday 16 January 2019

جوانى لە کوێوە دێت؟

هاوار محەمەد

سەنتەرەکان هەرچەندە قەبە و گەورە بن، هێشتا ناتوانن بە تەواوەتى پەراوێزەکان بسڕنەوە، بگرە لە پاڵ درێژبوونەوەى سەنتەرەکاندا پەراوێزەکان گەشە دەکەن، لە هەر کایەیەکدا گوتارێکى نا فەرمى دژ بە گوتارى فەرمى سەرهەڵدەدات، میوزیک و گۆرانى لەمڕۆى دنیادا نموونەیەکى دەقاودەقە. لەنێو لۆژیکى میدیا و سەرمایەدا ناوە گەورەکان دروست دەبن کە ئەوپەڕى حیکمەتى وێنە و کلیپەکانیان بۆ وروژاندن و نماییشى سمت کورتبۆتەوە، سەرکەوتن و سەرنەکەوتنى بەرهەمەکانیان بە پڕفرۆشترین و پڕبینەرترین لێکدەدرێتەوە ... هیتر.
وادیارە چیتر نە حەقیقەت و نە جوانى لە سەنتەرەکانەوە نایەن، بەڵکو لەو پەراوێزانەوە سەرچاوە دەگرن کە لە سەنتەرەکان دەخزێن و لە نادیارەکاندا گەشە دەکەن. لە گۆرانى و میوزیکى عەرەبیدا، پەراوێزێکى جوان و ناوازەى گەنجانە هەیە کە تەنانەت زۆربەى عەرەبەکانیش خۆیان لێى بێئاگان (دیارە ئەم پەراوێزە لە هونەرى فارسى و ئیسپانى و ڕۆژئاواییشدا هەیە). ئەم هەوڵانە بە زۆرى دوور لە میدیا زەبەلاحەکان و کلیپەکانن، ستۆدیۆى گەورەیان نییە، هەر لە کەناڵە شەخسییەکانى یوتوب و فەزاى مەجازیدا بڵاودەکرێنەوە، بە سادەیى بەرهەمدێن، پارەى زۆریان بۆ خەرج ناکرێت و داهاتى زۆریان نییە، پڕیشن لە بەرەنگارى. هەندێکیان هەر سەرپێیى لەنێو باڕ و قاوەخانە کولتوورییەکاندا بێ جوانکارى و مۆنتاژی دەنگ تۆمار دەکرێن و بڵاودەکرێنەوە، هەندێکیتریان هەوڵى گروپیى هاوڕێیانەى خۆبەخشانەن دژ بە گرێبەستە فەرمییەکانى کۆمپانیا میوزیکییە گەورەکان کە زۆربەى هونەرمەندە ناسراوەکانى عەرەبیشى تێدان (وەکو ماجیدە ڕومى و کازم ساهر)، هەندێکیشیان هەر گۆرانییەکانى هەندێ لە هونەرمەندە مەزنەکانى وەکو فەیروز و عەبدولوەهاب و زیاد ڕەحبانى و ئەسمەهانن بە بەشێوازى نوێ و دەستکارییەوە دەوترێنەوە. وێراى ئەمەیش کۆمپانیاکان هەمیشە هەوڵ دەدەن لە ڕێگەى "لە-خۆگرتن" [ئیحتیوا] و "دانپێدانان"ــەوە ئەم پەراوێزانە بسڕنەوە (بەرنامەى خۆشترین دەنگ و ئایدڵ و ئەم بابەتانە هەرهەموو گەڕانە بەدواى دانپێداناندا و بە پلەى یەکەمیش بۆ سڕینەوەى پەراوێزە دانپێدانەنراوەکە).. لەم دواییانەدا کۆمپانیاکان هەوڵیاندا "فایا یۆنان" (کە لە پەراوێزەوە گەلێک بەرهەمى جوانى بڵاوبوونەتەوە) ئیحتیوا بکەن، چونکە مەساحە و مەودایەکى زۆرى لە گۆرانیبێژە سوورییە سەنتەرنشینەکان داگیرکردووە و بەو ئیمکانییەتە کەموکورتانەیشەوە لە ڕاپرسییەکاندا بۆ دیاریکردنى باشترین ژنەگۆرانیبێژى سوورى کەوتە پێش "ئەساڵە نەسرى"ــییەوە، دواتریش هەر کۆمپانیاکان ویستیان کۆسپى بۆ دروست بکەن و خەڵاتەکەى پێنەبەخشن، بەڵام وایان بە باشترزانى ئۆفەرى پێبدەن.
هونەرى کوردییش لە باکورى کوردستان خۆى هەر تاڕادەیەکى زۆر لە پەراوێزدا بووە، بەڵام لە باشوور هێشتا هەوڵى جددیى ئەوتۆ لەم بارەیەوە بوونى نییە، ناوە گەورەکان کەوتوونەتە ژێر عەباى دەسەڵاتدارانەوە، بۆ نموونە "دیاری قەرەداغى" لە کۆتایى ساڵانى هەشتاکاندا و بە درێژایى نەوەدەکان ستایلێکى نوێى گۆرانى پەرەپێدا کە لەڕووى هەڵبژاردنى شیعر و ئاواز و تێما و مۆسیقاوە بە تەواوەتى جیاواز بوو لە گۆرانیى تەقلیدیى کوردى و فۆڕمى نوێى داهێنەرانەى بەرەنگارى و مقاوەمە بوون، بەڵام دواجار نەیتوانى زیاتر بڕوات، ئینجا وەک هەموو هونەرمەندەکانى تر بەشێوەیەکى تەقلیدى کەوتە لاواندنەوەى ساختەى "کەرکوک" بۆ کەناڵەکانى هێزە کەرکوکفرۆشەکان. "عەدنان کەریم"ـیش چەند ساڵێکە لە هۆڵەکان نەهاتۆتە دەرەوە و تاڕادەیەکى زۆر بووە بە گۆرانیبێژى خۆشەویستى بەرپرسەکان؛ بەم دواییانەیش، ئەو ڕۆژەى خوێندکارانى زانکۆى سلێمانى دژ بە نەریتى دواکەوتوو و بە زیندانیکردنى بەشەناوخۆییەکان و کولتوورى سەگتێبەردان خۆپیشاندانیان سازدا و دروشمى "یۆبیلى زێڕین.. یۆبیلى ڕەشهەڵگەڕاو"ـیان بەرزکردەوە، عەدنان کەریم لە یادى زانکۆدا گۆرانى بۆ بەرپرسەکانى ناو هۆڵە پڕ لە ڕیاکارییەکان دەگوت.
دوایین نموونەى گۆرانى کوردى (بە زمانى بیانى): کچەهونەرمەندێک بە ناوى "هێڵى لەڤ" کە گۆرانى بۆ دەوڵەتە کوردییەکە دەووت و بە جەستە و دەمولێوە پڕ سلیکۆنەکەیەوە سەما و ڕیکلامى بۆ دەکرد، لە دوایین کلیپیدا گەڵا و دۆلار بەسەر خۆیدا دەبارێنێت، ڕێک بە پاڵ ئەمەیشەوە هەندێ لە کەناڵە بەخشندەکان خێزانە هەژارەکانى وەک "موبارەک"ـیان هێنایە سەر شاشە. زۆرینەى گەنجى کوردستان، بێ دەرامەت و کار و ئاییندە، دەبێت تەماشاى کلیپەکەى ئەم خانمە بکەن، یانیش لە ئینستاگرام لاسایى بکەنەوە بە بێ ئەوەى پارەیەک شک ببەن، نەک تەنیا بەسەر کچێکدا (عادەتەن سۆزانییەکان)ـدا بیبارێنن، بگرە داوەتى هاوڕێ یان خۆشەویستەکانیشیانى پێبکەن بۆ کافێیەک. ئەم مەودا زۆرەى نێوان هونەر و دۆخى واقیعى گەنجان تەنیا دەبێتە مایەى خەمۆکى و شڵەژانى دەروونى، چونکە گەنجان شتێک دەبینن کە لە واقیعدا تێیدا ناژین، ئەوان دەبینین بەڵام ناپرسن "ئەوە کێیە ژیانى لی دزیوین و لە ئەوروپا بەدوایدا دەگەڕێین؟". وێڕاى هەموو شتێکیش پێویستە ئەم شڵەژان و نامۆبوونەى گەنجان بگۆڕێت بۆ ڕۆحیەتى خۆبەخشیى هاوڕێیانە، واتە بۆ ئەنگێزەى داهێنانى هونەرى و ئەدەبى و فیکریى بەرەنگارانە لە پەراوێزەکاندا.

ئەم لینکەى خوارەوە نموونەیەکى سادەى نێو هەزاران گۆرانی پەراوێزیى مۆسیقاى عەرەبییە بە ژێرنووسى ئینگلیزى. بە ئەنقەست ئەو بەرهەمانە دانانێم کە ڕاستەوخۆتر سیاسین، بۆ ئەوەى وەک ئۆسکار وایڵد نەڵێین "چەپ کات بۆ سەرخوراندنیش ناهێڵێتەوە"، بە پێچەوانەیشەوە ڕەنگە سیاسەتى ڕاستەقینە ئەوەبێت کە لە سیاسەتەوە نایەت، لەم عەشقە ئۆدیپییەى نێو ئەم گۆرانییەدا من سیاسەتێک دەبینم و کەوتمەوە بیرى وتارەکەى ژیژەک "بۆچى ناکەوینە عەشقەوە؟":
https://www.youtube.com/watch?v=nXoJDHUC63I&list=RDnXoJDHUC63I&start_radio=1&t=0&fbclid=IwAR3rEpRzqQtnqL6hbiNbP1Y7hxjkAg9SXlsxH4ed1Oo1qpF5Q4NGOrLUzls

Thursday 10 January 2019

فۆکۆ و مارکسیزم

هاوار محەمەد

فۆکۆ لە چاپێکەوتنێیدا ئەو وەسفانە دەژمێرێت کە بۆی کراوە: مارکسیستێکی سەرسەخت، ئەکتیڤستێکی دژە دەسەڵات، بیرۆکراتێک لە نووسینگەی میتەراندا، نیولیراڵیستێک و هیتر، خۆی دەڵێت ئەگەر ئەمانە مانایەکیان هەبێ ئەوا هەموویان پێکەوە مانایان هەیە.. بەهۆی ئەم ناڕوونییەوە پەیوەندی فۆکۆ و مارکسیزم هەمیشە کێشەئامێز بووە. بە گوێرەی خوێندنەوەی حەرفی دەقەکانی ئەو (کە خوێندنەوەیەکی تەقلیدییشە) فۆکۆ هەرگیز بە ڕوونی دانی بە مارکسیبوونی خۆیدا نەناوە. ڕەنگە ئەمە خراپترین خوێندنەوە بێت، چ لەلایەن مارکسیستە دژە فۆکۆییەکان و چ لەلایەن فۆکۆییە دژە مارکسیستەکانەوە، چونکە دەق لە سنووری ڕاستەوخۆیی پەتیدا گیر دەدات و درێژبوونەوەکانی بۆ دەرەوەی ڕستەکان نابینێت، بۆیە فۆکۆ لە چاوپێکەوتنێکی دیکەیدا رەخنە لە خوێندنەوەی حەرفیی دەگرێت و دەڵێت: ئەوان وا تێگەیشتوون مارکسیبوون ئەوەیە چەند کۆتەیشنێک لە مارکس بهێنیتەوە و شرۆڤەکانت لە چواچێوەی ئەو کۆتەیشنانەدا بێت، من ئەم کارەم نەکردوە بەڵام پەیوەندیی ناوەکیم لەگەڵ مارکسدا دروست کردووە...
ئەنتۆنیۆ نێگری یەکێکە لەو فەیلەسوفانەی کە هەوڵیدا ئەم پەیوەندییە ناوەکییە ڕوون بکاتەوە. نێگری دژ به‌ ماركسیزمی ئه‌رسۆدۆكس و دۆگمایییه‌ و ده‌یه‌وێت پێداچوونه‌وه‌ به‌ ماركسیزمدا بكرێت تاوه‌كو له‌گه‌ڵ چه‌ند تیۆرێكی گرنگی سه‌ده‌ی بیسته‌مدا تێهه‌ڵكێش بكرێت، له‌مه‌یشه‌وه‌ پێكهاته‌یه‌كی تازه‌ی لێ دروست ببێت كه‌ بتوانێت دۆخی ئه‌مڕۆی جیهان له‌ سه‌رده‌می جیهانگیریدا به‌ وردی دیاریی بكات و پاشانیش ئه‌گه‌ره‌كانی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ و به‌ره‌نگای له‌م دۆخه‌دا ببینێت، له‌مه‌یشه‌وه‌ ستراتیژییه‌تێكی گشتی بۆ گۆڕان و ڕزگاری پێشنیار بكات.
بە بڕواى فۆکۆ و لەسەر بنەماى تێزە بەناوبانگەکەى مارکس کە دەڵیت هەرچى ڕەق و پتەوە دەبێت بە هەڵم و بەهەوادا دەچێت، لە سەردەمى نوێدا حاکم وەک چەقى ڕەق و تەقى دەسەڵات دەبێت بە هەڵم و لە شێوەى باراندا دەسەڵات تێکەڵ بە ژیان دەبێتەوە، بەو جۆرە بە نەرمى دزە دەکاتە نێو ژیانى بایۆلۆژیى دانیشتوانەوە. دەسەڵات چیتر تەنیا ئەو پۆلیسە نییە کە بە بەرگى فەرمییەوە لە بازگەیەکدا ڕاتدەگرێت و لێپێچینەوەت لەگەڵ دەکات (ئەگەرچى ئەمەیشە و بە تایبەتى لە کوردستان و وڵاتانى ڕۆژهەڵات هێشتا حاکم بە پۆلیس و ئاساییش و شەقاوەکانییەوە نوێنەرەوەى سەرەکیى دەسەڵاتە)، بەڵکو قایشى سەلامەتیى نێو ئۆتۆمبێلەکەیشتە کە کاتێک خێرایى ئۆتۆمبێلەکە زیاد دەکات بەردەوام ئاگادارت دەکاتەوە خۆت ببەستیتەوە چونکە ژیانت لە مەترسیدایە؛ یاخود دەسەڵات کامێراى مرورە لەسەر شەقامەکان کە لەسەر خێراییەکى دیاریکراو ڕاتدەهێنێت، چونکە گەر وا نەبێت ژیانى خۆت و ئەوانیتریش دووچارى مەترسى دەبن. بەمجۆرە دەسەڵات لە ڕێگەى خۆ-گرێدانییەوە بە ئاساییش و سەلامەتیمانەوە ڕێک لە ڕیشەوە دێتە ناو ژیانمان، بە مانایەکیتر لە ڕێگەى پاراستنى ژیانمانەوە خودى ژیانمان کۆنترۆڵ دەکات، سەرەنجامى ئەم ژینپارێزییە بەسەر خۆیدا هەڵدەگەڕێتەوە و بە گوێرەى شیکاریى فۆکۆ "جەنگ" دەبێتە دۆخى گشتی. فۆکۆ ئەمە ناو دەنێت بایۆ-دەسەڵات کە بە گوێرەى شیکاریى دۆلۆز لە دوایین ڕادەى خۆیدا دەبێتە "کۆمەڵگەى کۆنترۆڵ". بەڵام هاوکات فۆکۆ شتێکى دیکەیش دیاریى دەکات کە "بایۆ-سیاسەت"ـە. ئەو کاتەى دەسەڵات دەبێتە بایۆ-دەسەڵات لەسەر ژیان، ژیانیش خۆى دەبێتە بایۆ-سیاسەت دژ بە بایۆ-دەسەڵات. ئەم سیاسەتە لەسەرجەم پنتەکانى ژیانەوە هەڵدەقوڵێت و دەردەپەڕێت، واتە لە هەموو ئەو پنتانەدا کە دەسەڵات تێیاندا چالاکە. نێگرى و هارت بە ڕوونى دەرکیان بەم جیاکارییەى نێوان ئەم دوو چەمکە کردووە و لەم چاوپێکەوتنەدا نێگرى دەڵێت: "کاتێک دەسەڵات هەموو ژیان دەگرێتەوە، ژیانیش خۆى بەشێوەى بەرەنگاریى دەردەکەوێت". ئەم چەمکەى ژیان کۆیەکى پڕى یەکپارچەى ئەبستراکت نییە، بەڵکو ئەو پانتاییە بایۆلۆژییانەن کە دەسەڵات داگیریان دەکات. بۆ نموونە کاتێک کۆمپانیاکانى چەک ئاگرى کشتوبڕ لە ناوچەیەکى جیهاندا خۆش دەکەن و خەڵکى ڕووبەڕووى کارەسات و نەهامەتى دەبنەوە، ئەوا خەڵکى بۆ پاراستنى ژیانیان یان بۆ هەڵهاتن لە ترس، یان بۆ دەربازبوون لە هەژارى و نەریتە دواکەوتووەکان، ملى ڕێگا بەرەو چەقى وڵاتانى سەرمایەدار دەگرنە بەر، دەربەردەرى و کۆچیش ئیمانانسى نێو جەنگن و بەخێرایى سەرهەڵدەدەن کە فۆکۆ وەک دوایین سنوورى بایۆ-دەسەڵات شرۆڤەى دەکات، بە گەورەبوونى شاڵاوى کۆچکردن ڕووەو دەوڵەتانى ئارام و خۆشگوزەران، دیاردەى کۆچ دەبێتە شلۆقییەکى کۆنترۆڵنەکراو و بگرە مەترسی لەسەر خودى ئاساییش و ئارامى ئەو وڵاتانە. بەمجۆرە کۆچ، کە دیاردەیەکى جیهانیى ئەم سەردەمەمانە، دەبێتە جۆرێک بەرەنگاریی کە لەنێو خودى ژیانى ئەو دانیشتووانەوە سەرهەڵدەدات وا نشینگەیان تێکدراوە. کۆچ نموونەى بایۆ-سیاسەتێکە کە فۆکۆ و نێگرى و هارت پێشتر دەرکیان پێکردووە،
تێبینى: ئەم نووسینە دوو ستاتۆسى فەیسبووکە وەک ڕوونکردنەوەى گفتوگۆیەک لەگەڵ ئەنتۆنیۆ نێگرى کە کردوومانە بە کوردى و لە سایتى چەپى نوێ بە دوو بەش بڵاوبۆتەوە. له‌ گفتوگۆکه‌دا نێگری چه‌ند لایه‌نێكی هه‌وڵی خۆی ڕوون ده‌كاته‌وه‌ بۆ لێكنزیككردنه‌وه‌ی ماركسیزم و تێزه‌كانی "میشێل فۆكۆ". گفتوگۆکەیش سیمینارێکە دەربارەى "فۆڕمگۆڕکێکانى کار و قەیرانى ئابووریى سیاسى" کە لە 9ى ئۆکتۆبەرى 2004دا ئەنجامدراوە،

به‌شدارییه‌ك ده‌رباره‌ی فۆكۆ 2

بەشى دووەم

گفتوگۆ له‌گه‌ڵ ئه‌نتۆنیۆ نێگری
وەرگێڕانى: هاوار محه‌مه‌د


پرسیاری 3: تۆ و مایكڵ هارت له‌ كتێبی "ئیمپراتۆریه‌ت"دا باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ "كۆنتێكستی بایۆ-سیاسه‌تی پارادایمێكی نوێ ئه‌و بابه‌ته‌ سه‌ره‌كییه‌یه‌ كه‌ شیكارییه‌كانمانی له‌سه‌ر دامه‌زراوه‌". ده‌توانیت ئه‌م لێكبه‌ستنه‌وه‌یه‌ی نێوان فۆڕمه‌ نوێیه‌كان و هێزه‌ ئیمپراتۆرییه‌كان و بایۆ-ده‌سه‌ڵاتمان، بۆ شرۆڤه‌ بكه‌یت -كه‌ له‌ سه‌رنجی یه‌كه‌مدا به‌ ڕوونی ده‌رناكه‌وێت-؟
پرسیاری 4:  قەرزى میشێل فۆكۆ بەسەر تۆوە کە زۆرجار خۆتیش باستکردووە، لە هەندێ ڕەخنەیش بێبەریى نییە. تۆ نووسیوته‌ فۆكۆ نه‌یتوانیووه‌ به‌شێوه‌یه‌كی ڕاسته‌قینه‌ له‌ دینامیكییه‌تی به‌رهه‌مهێنان له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی بایۆ-ده‌سه‌ڵاتدا تێبگات. له‌م ڕسته‌یه‌دا ده‌ته‌وێت چی بڵێیت؟ ئایا ده‌بێت بگه‌ینه‌ ئه‌و ده‌ره‌نجامه‌ی كه‌ شیكاریی فۆكۆیی به‌ ناچاریی ده‌گاته‌ ڕێگایه‌كی نیمچه‌ داخراو؟[1]
نێگری: له‌ژێر ڕۆشنایی ئه‌م دوو پرسیاره‌دا، ده‌مه‌وێت ئه‌مه‌ ڕوون بكه‌مه‌وه‌: له‌ كتێبی "ئیمپراتۆریه‌ت"ـدا، من و مایكڵ هارت هه‌ندێ شتمان له‌ فۆكۆ وه‌رگرتووه‌، به‌هۆی ئه‌مه‌وه‌ هه‌ندێك ڕه‌خنه‌مان لێگیرا. كاتێك ئێمه‌ باسمان له‌ ئیمپراتۆریه‌ت كرد، ته‌نیا به‌دوای ناساندنی فۆڕمێكی نوێی حاكمییه‌تی جیهانیدا كه‌ جیاواز بێت له‌ فۆڕمی سه‌روه‌ریی ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه‌، نه‌ده‌گه‌ڕاین. ئێمه‌ هه‌وڵماندا هۆكاره‌ ماتریالی و سیاسی و ئابووریه‌كانی ئه‌م په‌ره‌سه‌ندنه‌ بدۆزینه‌وه‌، له‌ هه‌مان كاتدا هه‌وڵبده‌ین تۆڕێك له‌و لێكدژییانه‌ پێناسه‌ بكه‌ین كه‌ ده‌بوو بوونیان هه‌بێت. به‌لای ئێمه‌وه‌ و له‌ ڕوانگه‌ی ماركسیزمه‌وه‌، په‌ره‌سه‌ندنی سه‌رمایه‌داری (لێره‌دا به‌ واتای فۆڕمی هه‌ره‌ گەشەسەندووى بازاڕی جیهانی‌)، له‌ یه‌ك كاتدا ڕیشه‌كه‌ی هەم وا له‌نێو گۆڕانه‌كانى چەوساندنەوەى چینى کرێکار و هەم لەنێو لێكدژییه‌كانی چه‌وساندنه‌وه‌ی چینی كرێكاردا. خه‌باتی كرێكاران دامه‌زراوه‌ سیاسییه‌كان و فۆڕمه‌كانی ده‌سه‌ڵاتی سه‌رمایه‌ هه‌ڵده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌. ئه‌و پرۆسه‌یه‌یش كه‌ ده‌بێته‌ مایه‌ی دووباره‌ سه‌پاندنه‌وه‌ی هه‌ژموونی ڕێسا ئیمپریالییه‌كان شتێكی چاوه‌ڕوان نه‌كراو نییه‌: له‌ 1968ـه‌وه‌، له‌ ڕاپه‌ڕینی گه‌وره‌ی كرێكارانی كرێگرته‌وه‌ له‌ وڵاته‌ گه‌شه‌كردووه‌كان و گەلانى ژێر ده‌سه‌ڵاته‌ كۆلۆنیالییه‌كانی جیهانی سێیه‌م، له‌ ڕووی ئابووری و دارایی و سه‌ربازی و كولتوورییه‌وه‌، سه‌رمایه‌ چیتر نه‌یده‌توانی هه‌ڵقوڵانی هێزی كرێكار له‌ سنووره‌كانی ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه‌دا كۆنترۆڵ بكات و بیگرێته‌ خۆی. نه‌زمی نوێی جیهانی پێویستیى به‌ نه‌زمێكی نوێی جیهانی كار هەیە کە لەگەڵیدا هاوتا بێت. وه‌ڵامدانه‌وه‌ی سه‌رمایه‌داری فۆڕمی چه‌ند قۆناغێك وه‌رده‌گرێت، به‌ڵام قۆناغی ڕێكخستنی ته‌كنۆلۆژیانه‌ی پرۆسێسی کارکردن قۆناغێكی سه‌ره‌كییه‌.
له‌ ڕاستیدا ئه‌وه‌ پرسی خۆکاریی ئامێریی[2] پیشه‌سازییه‌كان و به‌ كۆمپیوته‌ركردنی كۆمه‌ڵگایش بوو: جا له‌ ڕێگه‌ی كاری نا-ماتریالی و كه‌ڵه‌كه‌بوونی په‌یوه‌ست به‌ ڕه‌هه‌نده‌ فیكری و ئیدراكیەکانى كار و بزۆزیی سه‌رمایه‌ له‌ ڕووی شوێنه‌وه‌ و نه‌رمییه‌كه‌ی له‌ ڕووی كاته‌وه‌، به‌ره‌ به‌ره‌ ئابووریی سیاسیی سه‌رمایه‌ و ڕێكخستنی چه‌وساندنه‌وه‌ ڕووی له‌ هه‌ڵكشان كرد. له‌وه‌ به‌دوا ئیدی هەموو كۆمه‌ڵگه‌ و خودی ژیان بوونه‌ بابه‌تی گرنگیپێدانێکى نوێ لە پێناو ده‌سه‌ڵاتدا. ماركس له‌ كتێبی (گرۆندریسه‌) (Grundrisse)دا، پێشبینیی ئه‌م په‌ره‌سه‌ندنه‌ی كردووه‌ و ناوی ناوه‌ "هه‌ڵلوشینی ڕاسته‌قینه‌ی كۆمه‌ڵگا له‌لایه‌ن سه‌رمایه‌وه‌". پێموایه‌ فۆكۆ له‌م په‌ڕینه‌وه‌ مێژووییه‌ تێگه‌یشتووه‌، چونكه‌ له‌ تێزه‌ ژینالۆژییه‌كانیدا وه‌سفی ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی ژیانی كردووه‌ -ده‌ستبه‌سه‌رداگرنی ژیانی تاكه‌كه‌س و بەهەمان شێوە ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تیش- له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه‌. به‌ڵام گریمانه‌كردنی ئه‌م هه‌ڵلوشینه‌ی كۆمه‌ڵگا له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ (ڕێك وه‌كو ده‌ركه‌وتنی بایۆ-ده‌سه‌ڵات) له‌وه‌ لاوازتره‌ كه‌ ئێمه‌ مه‌زه‌نده‌مان كردبوو، له‌وه‌ لاوازتره‌ كه‌ سه‌رمایه‌ خۆیشی مه‌زه‌نده‌ی كردبوو، له‌وه‌یش لاوازتره‌ كه‌ ئوبێكتیڤیزمی ماركسیزمی نه‌وه‌ی دووه‌می ماركسیسته‌كان (وه‌كو فه‌یله‌سوفانی قوتابخانه‌ی فرانكفۆرت) ئامادەن دانی پێدابنێن.
له‌ ڕاستیدا، كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك (بۆ نموونه‌ كۆمه‌ڵگه‌ی كرێكاری) بخه‌یته‌ ژێر سه‌رمایه‌وه‌، لێكدژییه‌كانی ئه‌م چه‌وساندنه‌وه‌یه‌ هه‌موو ئاسته‌كانی خودی كۆمه‌ڵگه‌ ده‌گرێته‌وه‌. ڕێك وه‌كو كرانه‌وه‌ی بایۆ-ده‌سه‌ڵات به‌سه‌ر وه‌ڵامی بایۆ-سیاسه‌تدا بۆ كۆمه‌ڵگه‌: چیتر ده‌سه‌ڵات هه‌ژموون به‌سه‌ر ژیاندا ناكات، به‌ڵكو ده‌سه‌ڵات له‌ خودی ژیاندا بوونی هه‌یه‌ وه‌ك كاردانه‌وه‌یه‌ك به‌ ڕووی جۆره‌كانی هێزه‌ ده‌ره‌كییه‌كاندا. به‌ گشتی، هه‌موو ئه‌وه‌ی وتمان، ڕێده‌دات به‌ جۆرێك یاخیبوون كه‌ ده‌بێته‌ مایه‌ی له‌دایكبوون و زیادبوونی ئازادییه‌كان و به‌رهه‌مهێنانی سوبێكتیڤیته‌ و دۆزینه‌وه‌ی فۆڕمی نوێی خه‌بات. كاتێك سه‌رمایه‌ هه‌موو ژیان ده‌خاته‌ ژێر ده‌ستی خۆی، ژیانیش وه‌كو به‌ره‌نگاری ده‌رده‌كه‌وێته‌وه‌. به‌مجۆره‌ ڕێك له‌م خاڵه‌دایه‌ كه‌ شیكارییه‌ فۆكۆییه‌كه‌ی هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌ی بایۆ-ده‌سه‌لات بۆ بایۆ-سیاسه‌ت له‌گه‌ڵ شیكارییه‌كه‌ی ئێمه‌دا بۆ بنچینه‌ی ئیمپراتۆرییه‌ت ده‌گونجێت: ئه‌مه‌یش وامان لێده‌كات باس له‌ چۆنییه‌تی فۆڕمه‌ نوێیه‌كانی كار و خه‌بات بكه‌ین كه‌ به‌رهه‌می گۆڕانكارییه‌ له‌ كاری ماتریالییه‌وه‌ بۆ كاری نا-ماتریالی، به‌رهه‌می ئێستای ئه‌و دوو لایه‌نه‌یه‌ وه‌ك به‌رهه‌مهێنانی سوبێكتیڤیتی.
ئه‌مه‌ی لێ ده‌رچێت، نازانم داخۆ فۆكۆ به‌ ته‌واوه‌تی هاوڕایه‌ له‌گه‌ڵ شیكارییه‌كه‌ماندا یان نا –ئه‌گه‌رچی هیوادارم هاوڕابێت-، چونكه‌ به‌لای من و مایكڵ هارته‌وه‌، له‌ پێناو به‌رهه‌مهێنانی سوبێكتیڤیته‌دا ده‌بێت به‌شێك بیت له‌ گۆڕانه‌ بایۆ-سیاسییه‌كه‌ كه‌ ده‌بێته‌ مایه‌ی كۆمۆنیزم. به‌ ده‌ربڕینێكی دیكه‌، پێموایه‌ ئه‌و دۆخه‌ ئیمپراتۆرییه‌ی كه‌ تێیدا ده‌ژین (هه‌روه‌ها ئه‌و ڕه‌وشه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ سیاسییه‌ی كه‌ كاره‌كانمان و زمانمان و ئینجا خودی خۆمانی له‌سه‌ر بونیان ده‌نێین) چه‌مكی "هاوبه‌ش"[3] ده‌خاته‌ ناوه‌ند و ناوه‌ڕاستی كۆنتێكستی بایۆ-سیاسه‌ته‌وه‌. لێره‌دا هاوبه‌ش نه‌ تایبه‌تییه‌ و نه‌ گشتی، نه‌ تاكه‌كه‌سییه‌ و نه‌ كۆمه‌ڵایه‌تی، به‌ڵام هه‌موو ئه‌وانه‌ی پێشتر وتمان، ئه‌و شتانه‌ن كه‌ بونیادیان ده‌نێین تاوه‌كو هه‌ر كه‌سێك له‌ ئێمه‌ توانای به‌رهه‌مهێنان و دووباره‌ به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی خۆی بۆ خۆی ده‌سته‌به‌ر بكات. له‌ هاوبه‌شیدا، هیچ شتێك له‌وانه‌ی كه‌ ده‌مانكه‌نه‌ تاقانه‌ییه‌كان[4]، ڕه‌تناكرێنه‌وه‌ و هه‌لناپه‌سێردرێن: تاقانه‌ییه‌ك ده‌گات به‌ سنووری تاقانه‌ییه‌كی دیكه‌ تاوه‌كو ئه‌و شته‌ به‌رهه‌مبهێنن كه‌ به‌ چه‌مكه‌ دۆلۆزییه‌كه‌ پێیده‌وترێت "تاقم" (agencement)[5]، له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌موو ده‌سه‌ڵاتێك له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وانیتره‌وه‌ دووجا ده‌كرێته‌وه‌ [démultipliée] و هه‌موو خوڵقاندنێكیش خوڵقاندنی ئه‌وانیتره‌.
به‌ بڕوای من چه‌ندین ڕێگا هه‌یه‌ كه‌ ده‌توانین به‌هۆیانه‌وه‌ پێداچوونه‌وه‌یه‌كی داهێنه‌رانه‌ به‌ ماركسیزمدا (كه‌ ئێمه‌یش پێوه‌ی سه‌رقاڵین) ببه‌ستینه‌وه‌ به‌ تێزه‌كانی فۆكۆوه‌ له‌باره‌ی چه‌مكه‌ شۆڕشگێڕییه‌كانی بایۆ-سیاسه‌ت و به‌رهه‌مهێنانی سوبێكته‌وه‌.

پرسیاری 5: دوو به‌رهه‌مه‌كه‌ی فۆكۆ له‌باره‌ی فۆڕمه‌كانی به‌سووبێكتبوونه‌وه‌، به‌راورد به‌ كاره‌كانی دیكه‌ی، لای تۆ بایه‌خێكی كه‌متریان پێدراوه‌. ئایا پێتوایە دروستكردنی ئیتیك و ستایله‌ نامۆكانی ژیان یان به‌ره‌نگاریی بایۆ-ده‌سه‌ڵات زۆر دووربن له‌ تێزه‌كانی تۆ (تۆ وه‌ك كۆمۆنیستێكی خەباتگێڕ)؟ یاخود، داخۆ ئیمکانى دیكه‌ هه‌یه‌ بۆ هاوڕایی قووڵتر ]ى نێوان تۆ و فۆکۆ[ كه‌ ئێمە نه‌مانتوانیووه‌ به‌ باشی قبوڵی بكه‌ین؟
نێگری: كاره‌كانی كۆتایی فۆكۆ كاریگه‌رییه‌كی زۆریان له‌سه‌ر من داناوه‌، پێموایه‌ ئه‌وه‌ی كه‌مێك له‌مه‌وبه‌ر له‌باره‌ی ئیمپراتۆرییه‌ته‌وه‌ وتم ئه‌مه‌ ڕوون ده‌كاته‌وه‌. لێگه‌ڕێ با یادگارییه‌كت بۆ بگێڕمه‌وه‌: له‌ ناوه‌ڕاستی حه‌فتاكاندا له‌ ئیتالیا، وتارێكم له‌باره‌ی فۆكۆوه‌ نووسی، له‌باره‌ی فۆكۆی ئه‌و قۆناغه‌ی كه‌ له‌م گفتوگۆیه‌دا ناومان لێنا فۆكۆی یه‌كه‌م یان فۆكۆی قۆناغی یه‌كه‌م، واته‌ فۆكۆی ئاركیۆلۆژیا و زانسته‌ مرۆڤایه‌تییه‌كان. له‌وێدا هه‌وڵمدا ئه‌وه‌ ڕوون بكه‌مه‌وه‌ كه‌ ئه‌م جۆره‌ تێزانه‌ سنووری دیاریكراویان هه‌یه‌ و هیوای ئه‌وه‌م خواست گۆڕانێكی جۆریی له‌م بواره‌دا به‌ره‌و پێشه‌وه‌ ڕووبدات و بایه‌خێكی زیاتر به‌ بابه‌تی به‌رهه‌مهێنانی سوبێكتیڤی بدرێت. له‌و سه‌رده‌مه‌دا هه‌وڵمده‌دا له‌ جوغزی ماركسیزم دەربچم، ئه‌گه‌رچی ئه‌وه‌ له‌ ڕووی تیۆرییه‌وه‌ به‌رهه‌مدار بوو -له‌به‌رئه‌وه‌ی سه‌رقاڵبووم به‌ گه‌ڕان به‌دوای شیمانه‌ی بوونی "ماركسێك لەودیوى ماركس"ـەوە- به‌ڵام هێشتا هه‌ر له‌ چوارچێوه‌ی موماره‌سه‌یه‌كی ده‌مارگیرانه‌ی تیۆریدا بووم، ئەوەیش سەرکێشییەک بوو بۆ هه‌ڵه‌ی مەترسیدار.
ده‌مه‌وێت له‌مه‌وه‌ قسه‌ بكه‌م، ئه‌وه‌ له‌ ساڵانی ململانێی پڕ له‌ گوڕوتینی دوای خۆپیشاندانه‌كانی ساڵی 1968دا بوو، له‌ كۆنتێكستی ئه‌و سه‌ركوتكارییه‌ وه‌حشییانه‌دا بوو كه‌ حكومه‌ته‌ ڕاستڕه‌وه‌كان له‌سه‌ر ناڕه‌زایه‌تییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان موماره‌سه‌یان دەكرد، زۆرێك له‌ ئێمه‌ به‌ خێرایی به‌ره‌و خه‌ره‌ندی تووندوتیژی ڕۆیشتین، ئه‌گه‌رچی ته‌نیا هه‌ندێكمان به‌ كرده‌یی پیاده‌مان كرد. به‌ڵام له‌ پشتی ئه‌م تووندڕه‌وییه‌وه‌ هه‌میشه‌ ته‌نیا سه‌رزه‌نشتكردنی ده‌سه‌ڵات هه‌بوو، بایۆ-ده‌سه‌ڵاتیش وای له‌ ڕاستڕه‌وی سیاسی كرد كه‌ لێكجووت بێت له‌گه‌ڵ چه‌پدا، بۆیه‌ ئه‌م دووانه‌ی كرد به‌ هاوشوناسی یه‌كتر و ئێمه‌یشی گه‌یانده‌ ئه‌و بڕوایه‌ی كه‌ ته‌نیا حیزبی سیاسی ده‌توانێت ڕزگارمان بكات –ئه‌گه‌رچی حزبێك له‌ ئارادا نه‌بوو، ته‌نیا ئه‌و پێشڕه‌وه‌ سه‌ربازییانه‌[6] هه‌بوون كه‌ له‌سه‌ر بونیادی هه‌مان نوسخه‌ی ئه‌و حزبه‌ بچووكانه‌ پێكهاتبوو كه‌ سه‌ر به‌ نه‌ریتی ناسراوی حزبه‌ "پارتیزانییه‌كان"ی سه‌رده‌می جه‌نگی دووه‌می جیهان بوون. ئێمه‌ له‌وه‌ تێگه‌یشتین ئه‌م وه‌رچه‌رخانه‌ میلیتارییه‌ شتێك بوو كه‌ به‌لایه‌وه‌ بزووتنه‌وه‌كان گرنگ نین و به‌مجۆره‌یش له‌ دۆزه‌كه‌مان دوورمان ده‌خاته‌وه‌؛ له‌وه‌یش تێگه‌یشتن كه‌ ئه‌وه‌ نه‌ك ته‌نیا بژارده‌یه‌كە لە ڕووى مرۆییەوە قبوڵنه‌كراوه‌ به‌ڵكو خۆکوژییەکى سیاسییشە. فۆكۆ و دۆلۆز و گواتاری له‌م هه‌ڵه‌یه‌ ئاگاداریان كردینه‌وه‌، ئه‌م ڕێنماییانه‌یش له‌ پێگه‌ی ئه‌وانه‌وه‌ وه‌رده‌گیران، پێگه‌یه‌ك كه‌ وه‌كو شۆڕشگێڕی ڕاسته‌قینه‌ هه‌یانبوو. كاتێك ئه‌وان ڕه‌خنه‌یان له‌ ستالینیزم و پراكتیكی "سۆشیالیزمی واقیعی"[7] (سۆڤییه‌تی) ده‌گرت، ڕه‌خنه‌كانیان به‌ مه‌به‌ستێكی دووڕووانه‌ و ڕیاكارانه‌ نه‌بوو، وه‌ك ئه‌وه‌ی "فه‌یله‌سوفه‌ نوێیه‌كان" (new philosophers)[8]ی لیبراڵیزم ده‌یانكرد. به‌ڵكو ئه‌وان هه‌وڵیانده‌دا بۆ دۆزینه‌وه‌ی ڕێگای نوێ بۆ چه‌سپاندن و جێگیركردنی ده‌سه‌ڵاتێكی نوێ بۆ پرۆلیتاریا (به‌ واتایه‌كی نوێ) له‌ به‌رامبه‌ر بایۆ-ده‌سه‌ڵاتی سه‌رمایه‌داریدا.
به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی بایۆ-ده‌سه‌ڵات و دروستكردنی فۆڕمی نوێی ستایله‌كانی ژیان، له‌ خەباتى كۆمۆنیستانه‌ دوور نییه‌، به‌و مه‌رجه‌ی هاوڕابین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ خەبات ]ئیلتیزام[[9] جۆرێكه‌ له‌ پراكتیكیی هاوبه‌شی ئازادی و، كۆمۆنیزمیش به‌رهه‌مهێنانی ئه‌و شته‌یه‌ كه‌ ناوماننا "هاوبه‌شبوون". وه‌ك له‌ ئیمپراتۆرییه‌تیشدا باسمان كردووه‌، شێوه‌ی كه‌سی خەباتگێرى كۆمۆنیستی نموونه‌ كۆنه‌كانی نه‌كردووه‌ به‌ سه‌رمه‌شق. به‌ڵكو به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، وه‌ك جۆرێكی نوێی سوبێكتیڤیته‌ی سیاسیی پیشاندراوه‌ كه‌ پێش هه‌موو شتێك له‌ به‌رهه‌مهێنانی (به‌رهه‌مهێنان به‌ هه‌ردوو واتا ئۆنتۆلۆژیی و خودییه‌كه‌ی) خه‌بات و تێکۆشانەكانه‌وه‌ ده‌ست پێده‌كات بۆ ئازادبوونی كرێكاران و دروستكردنی كۆمه‌ڵگایه‌كی دادپه‌روه‌ر.
به‌لای ئێمه‌وه‌، كه‌ بیر له‌ بزووتنه‌وه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی ئه‌مڕۆمان ده‌كه‌مه‌وه،‌ بۆم ده‌رده‌كه‌وێت به‌رهه‌مه‌كانی كۆتایی فۆكۆ لە ڕادەبەدەر گرنگن. ژینالۆژیا خاسییه‌ته‌ تێڕامانگه‌رییه‌كه‌ی خۆی له‌ده‌ستداوه‌ و لێره‌دا بۆته‌ ژینالۆیایه‌كی سیاسی- بۆته‌ ڕه‌خنه‌یه‌كی ئۆنتۆلۆژی له‌ خۆمانئیستمۆلۆژیایش شتێكی "بنچینه‌ییه‌"، ئیتیكش ڕه‌هه‌نده‌ "گۆڕانهێنه‌كان"[10] ده‌چه‌سپێنێت. دوای مردنی خودا، ئێمه‌ چاوه‌ڕێی دووباره‌ له‌دایكبوونه‌وه‌ی مرۆڤین. ئه‌م گرفتانه‌ ته‌نیا تایبه‌ت نین به‌ بزووتنه‌وه‌ مرۆییه‌ نوێیه‌كان، به‌ڵكو كێشه‌ی دووباره‌ دۆزینه‌وه‌ی مرۆڤیشن له‌ ڕێگه‌ی ئۆنتۆلۆژیایه‌كی نوێوه‌. له‌سه‌ر پاشماوه‌ی ئامانجه‌گه‌راییه‌ مۆدێرنه‌كه‌مانه‌وه‌یه‌ كه‌ ئێمه‌ دووباره‌ ئامانجه‌ ماتریالییه‌كه‌مان كه‌شف ده‌كه‌ینه‌وه‌.





پەراوێزەکان

[1] له‌ گفتوگۆكه‌دا پرسیاری سێیه‌م و پرسیاری چواره‌م دوا به‌دوای یه‌كتری كراون و هه‌ر له‌ ده‌قه‌ ئینگلیزییه‌كه‌یشدا پرسیاره‌كان به‌شێوه‌ی ژماره‌ هاتوون. هه‌ڵبه‌ت له‌ وه‌رگێرانه‌ عه‌ره‌بییه‌كه‌دا پرسیاری دووه‌م و وه‌ڵامه‌كه‌یشی تێدا نییه‌، پاساوی وه‌رگێری عه‌ره‌بی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌ڵێت "وشه‌ی فه‌ره‌نسی زۆر تێدا به‌كارهاتووه‌"، بۆیه‌ ئێمه‌ بۆ وەرگێرانى ئەم دەقە بەشێوەى سەرەکى پشتمان به‌ سەرچاوە ئینگلیزییه‌كه‌ به‌ستووه‌ و سوودمان له‌ عه‌ره‌بییه‌كه‌یش وه‌رگرتووه‌.
[2] automation
[3] the common
[4] singularities
[5] ئه‌م چه‌مكه‌ی دۆلۆز نه‌ختێ قورسه‌ بۆ وه‌رگێران، له‌ ڕاستیدا (agencement) خۆی فه‌ره‌نسییه‌، كه‌ له‌ هه‌ندێ وه‌رگێرانی ئینگلیزی به‌رهه‌مه‌كانی دۆلۆزدا وشه‌ی (assemblage)ی بۆ به‌كارهاتووه‌ و له‌ هه‌ندێكی دیكه‌یشدا (ensemble) و له‌ هه‌ندێكی دیگه‌یشدا وشه‌ی (agencement) دانراوه‌ته‌وه‌. ئێمه‌ دوای گه‌ڕانێكی زۆر وشه‌ی "تاقم"ـمان وه‌ك به‌رامبه‌رێكی نزیك بۆ بینییه‌وه‌، له‌ وه‌رگێڕانی به‌رهه‌مێكی دۆلۆزدا  كه‌ ڕه‌نگه‌ به‌م زووانه‌ چاپ ببێت ئه‌مه‌مان ڕوون كردۆته‌وه‌.
[6] armed avant-gardes
[7] real socialism
[8] "فه‌یله‌سوفه‌ نوێیه‌كان"، چه‌ند فه‌یله‌سوفێك بوون كه‌ له‌ كۆتایی حه‌فتاكانی سه‌ده‌ی بیسته‌مدا خۆیان وه‌كو گروپێك ڕاگه‌یاند بۆ خستنه‌ڕووی چه‌ند تێزێك كه‌ له‌ ڕێگه‌یه‌وه‌ میراتی ڕۆشنگه‌ری و سه‌رده‌می پۆستمۆدێرنیزم له‌یه‌كتر ببه‌ستنه‌وه‌، بۆیه‌ به‌ خۆیشیان ده‌گووت "ڕۆشنگه‌ره‌ نوێیه‌كان"، ئامانجیشیان گه‌ڕانه‌وه‌ بوو بۆ بنه‌ماكانی ڕۆشنگه‌ری. دیارترینیان "كارل گلۆكسمان" و "لۆك فێری" بوون. له‌باره‌ی ئایدیا و تێزه‌كانی ئه‌م گروپه‌وه‌ هه‌ردوو فه‌یله‌سوفی گه‌وره‌ی فه‌ره‌نسی و هاوڕێی یه‌كتر "میشێل فۆكۆ" و "ژیل دۆلۆز" بۆچوونی پێكناكۆكیان هه‌بوو. له‌ كاتێكدا ژیل دۆلۆز به‌ تووندی ڕه‌خنه‌ی لێگرتن و كاره‌كانیانی به‌ بێ به‌ها و جووینه‌وه‌ و خاڵی له‌ دۆزینه‌وه‌ و كه‌شفی نوێ وه‌سف كرد، میشێل فۆكۆ پشتیوانی لێكردن و پێیوابوو تێزه‌كانیان بۆ سه‌رده‌مه‌كه‌ ده‌گونجێت. ئه‌گه‌رچی ئه‌م پشتگیرییه‌ی فۆكۆ له‌ فه‌یله‌سوفه‌ نوێیه‌كان ته‌نیا له‌ پشتگیرییه‌ك زیاتر نه‌بوو، كه‌چی ئه‌وان خۆیان دایه‌ پاڵ فۆكۆ و وایان پیشاندا كه‌ فۆكۆ یه‌كێكه‌ له‌ سه‌رچاوه‌كانیان، ئه‌مه‌یش به‌هۆی ئه‌و پێگه‌یه‌وه‌ بوو كه‌ فۆكۆ له‌و سه‌رده‌مه‌دا له‌ فه‌ره‌نسا هه‌یبوو. بۆیه‌ لێره‌دا ئه‌نتۆنیۆ نێگری هه‌وڵده‌دات ئه‌ستۆی فۆكۆ له‌م بەد-قۆستنه‌وه‌یه‌ پاك بكاته‌وه‌. 
[9] militancy
[10] 'transformative' dimensions

سه‌رچاوه‌كانی وەرگێرانى ئەم گفتوگۆیە:
1-   به‌ زمانی ئینگلیزی:
2-   به‌ زمانی عه‌ره‌بی:

تێبینى: ئەم وتارە ساڵى 2019 بە دووبەش لە سایتى "چەپى نوێ"، بڵاوبۆتەوە.
لینکى بەشى دووەم
http://www.chapinwe.com/page_detail?id=33&lg=1&fbclid=IwAR1ZjENMcUTrpcPTmEiuhSFdnCmaz6Uw0QHUWEYb2jWRCy3-6pupLCW3kO0

Tuesday 8 January 2019

بارى نا-ئاساییش

هاوار محەمەد

دەسەڵاتى سەروەر (حاکم) ئەوەیە کە ڕاگەیاندنى دۆخى ئاوارتەى بە دەستە. دۆخى ئاوارتەش وەک بنیامین دەڵێت، ''خۆى بووەتە ڕێسا''. ئەمە ئەو خاڵەیە کە دێریدا و ئاگامبێنیش (بە هەندێک جیاوازییەوە) بۆى دەگەڕێنەوە. لە دۆخى ئاوارتەدا یاسا، بەگوێرەى مەرسوومێک هەڵدەپەسێررێت کە دێریدا پێی وایە هێزى یاسایى هەیە. ئاگامبێن بە چڕى شیکاریى ئەم تێمایە دەکات و پێی وایە یاسا بەگوێرەى هێزى یاسا هەڵدەپەسێررێت. لە دەستووردا مافى ئاوارتە بە حاکم دەدرێت کە دەسەڵاتى لەناکاوى هەبێت بۆ هەڵپەساردنى یاسا، لەبرى ئەوە قسەى خودى حاکم ڕۆڵى یاسا دەبینێت. بەم مانایە، لە دۆخى ئاوارتەدا یاسا لە کار دەخرێت، بەڵام بەگوێڕەى مەرسوومێک کە خۆى لە کەلێنى ناو دەستوورەوە سەرچاوەى گرتووە، ئەو کەلێنەش ناوەوەى دەستوور بۆ دەرەوەى دەستوور ئاوەڵا دەکات، یان ناوەوە لە بەرژەندەوەندیى دەرەوە دەسڕێتەوە. لە دەسەڵاتە سەروەریخوازەکاندا ئەمە بە بەردەوامى ڕوو دەدات، دۆخى ئاوارتە هەمیشەییە، بارى لەناکاو چەندین جار ڕادەگەیەنرێت و درێژ دەکرێتەوە، حوکمى عورفى چالاک دەکرێت، کۆمەڵگە ملیتاریزە دەکرێت، بەردەوام سەربازى ئاشکرا و شاراوە لەسەر شەقامەکان و شوێنە گشتییەکان ئامادەن، قەدەغەى هاتوچۆ دەکرێت و... دەتوانین نموونەى زۆر بهێنینەوە، بەڵام من لێرەدا باسى دانەیەکیان دەکەم: تورکیا لە وەختى کودەتاکەى ئەم دواییەوە هەتاوەکو ئێستا لە دۆخى ئاوارتەدا دەژى، ''پلەى سفرى کێشە'' (بە دۆزى کوردیشەوە) کە داد و گەشەپێدان لە یەکەم هەڵبژاردنیاندا بانگەشەى بۆ دەکرد، بە تەواوەتى پێچەوانە بووەوە. لەبرى ئەوە کێشەى زۆرى ناوخۆ و دەرەکى سەریان هەڵدا. لە ناوخۆدا، تاکڕەویى و فاشیزمى ئەردۆگان گەیشتە ئاستێکى مەترسیدار، کێشەى کورد ئاڵۆزتر بوو، پاشەکشەى گەورە لە بارى ئابوورییەوە ڕوویدا، ئازادییەکان تا ڕادەیەکی مەترسیدار بەرتەسک کرانەوە، دەستوورى گۆڕرا بۆ سەرۆکایەتى، سەرکوتکردن بووە بە میکانیزمێکى بنەڕەتى بۆ کپکردنەوەى ناڕەزایەتى، زیندانییەکان پڕتر بوون و کاریش بۆ گەڕاندنەوەى یاساى ئیعدام کرا (و دەکرێت). لە ئاستى دەرەکییشدا تورکیا گیرۆدەى شەڕ و ململانێ بووە، لە جەنگى سووریاوە گلاوە، لەگەڵ دەوڵەتانى وەک ئەمەریکا و ڕووسیادا دووچارى کێشەى گەورە هاتووە، هەیبەتیشى وەک دەوڵەتێکى گەورەى هاوپەیمانى ناتۆ تا ڕادەیەکى زۆر ڕووشاوە. ئەمە تەنها یەک ماناى هەیە: دۆخى ئاوارتە. ئەگەر لە دیدى ئاگامبێنەوە بدوێین، دەتوانین ئەمە بە قڵپبوونەوەى دەوڵەتى دیموکراسی بۆ دەوڵەتى ئەمن لێک بدەینەوە. لە دەوڵەتى ئەمندا هەموان بە شێوەى هێزەکى تاوانبارن. کتومت لەم دۆخى ئاوارتەیەدایە کە گەڕاندنەوەی حوکمى ئیعدام بۆ نێو دەستوور دەبێتە کەڵکەڵەیەکى گەورەى ئەردۆگان، گۆڕینى دەستوور لە پەرلەمانییەوە بۆ سەرۆکایەتییش لەو پێناوەدا بوو حاکم سەرجەمى ئەو مافانە بۆ خۆى دەستەبەر بکات، کە دەتوانێت بە هۆیانەوە هەموو یاسا - مافەکانى تر هەڵبپەسێرێت و دواجار ئیعدامیش بگەڕێنێتەوە. هەڵبەت ئەمە دۆخى زۆربەى دەوڵەتانى ناوچەکەیە. لە وەها بارێکدا تاوانبارى ڕاستەقینە و تاوانبارى ناڕاستەقینە جیاکردنەوە هەڵناگرێت و هەموان دەشێت لە هەر ساتێکدا وەک تاوانبارێک بکوژرێن بەبێ ئەوەى ئەم کردەیە خۆى تاوان بێت و بکوژەکە سزا بدرێت. کوشتنى بەردەوامى ''کۆڵبەران'' لە لایەن سەربازانى سوپاى پاسدارانەوە نموونەیەکى دەقاودەقە. کۆڵبەر جۆرێکە لە هۆمۆساکەر کە لە هەر شوێنێکدا بینران دەشێت بکوژرێن. بەڵام کوشتن جیاوازە لە ئیعدام و ئێمەش خەریکین باسى ئەمەى دووەمیان دەکەین.
لە دۆخى ئاوارتەدا وێڕاى ئەوەى لۆژیکى کەمپ زاڵ دەبێت و کوشتن دەبێتە کردەیەکى بەردەوام گریمانەکراو، هیشتا ئیعدام هەر زەروورە هەبێت، چونکە لە نێو بێنەزمی لە کوشتنى بەردەوامدا، دەبێتە نەزم و لە نێو بێڕێساییدا ڕێسادار دەنوێنێتەوە. بە چەمکى ئاگامبێن بدوێین: لە دۆخى ئاوارتەدا ئیعدام ''نۆمۆس''ى نێو ''ئەنۆمیا''یە، تاکە کوشتنى ڕێکخراوە کە دەوڵەت ئەنجامى بدات، چونکە نەزمى خودى حاکم دەنوێنێتەوە لەو دۆخەدا کە بارى نائاسایى ڕاگەیاندووە. کەواتە گرەوى دۆخى ئاوارتە لەسەر نەمانى یاسا نییە، بەڵکو لەسەر ناکاراکردنى یاسایە، بەو مانایەى یاسا خۆى دەبێتە کەرەستەى درێژەدان بە دۆخى نائاسایى.
بەشێک لە وتارى "ڕاپۆرتێک دەربارەى ئیعدام".

پەراوێز:
ئاساییش تەنیا خۆى دەپارێزێت کتومت لە ڕێگەى بڵاوکردنەوەى نائاساییشەوە. دەوڵەت/دەسەڵاتى ئەمنى بە تەواوى لەسەر نا-ئاساییشێکەوە درێژە بەخۆى دەدات کە خۆى لە دۆخى ئاوارتەدا بڵاوى دەکاتەوە. نا-ئاساییش واتە هەموو شتێک بە کۆدى دەزگاى ئەمنیدا بڕوات، مومارەسەى دەسەڵات لە دەمەزراوەوە بگوزارێتەوە بۆ ئەمن. دەوڵەتى ئەمن، (یان دۆخى ئاوارتە) بە چڕى لەگەڵ دییندا بەیەکداچوون، لەبەرئەمە چەندینجاریتر وتمان سلێمانى (و کوردستان بە گشتى) بەرەو دۆخى ئەمنى و فەزاى دینى پاڵ دەنرێت، هەتابێ سەربازگە و مزگەوت زۆرتر دەبن، هەتابێ ئازادى و ئارامى بەرتەسکتر دەبنەوە. دوایینیان داخستنى سینەما سالم، کە ئەمە بەشێکە لە شاڵاوێکى دوورمەوداى ڕێگریکردن لە فیلم و هونەر و مۆسیقا و شانۆ و فەلسەفە..

تێبینى: ئەم ستاتۆسە وەک هەڵوێستێک لەسەر داخستنى "سینەما سالم" لەلایەن ئاساییشى سلێمانییەوە، لە فەیسبووک بڵاوکراوەتەوە. 

Saturday 5 January 2019

به‌شدارییه‌ك ده‌رباره‌ی فۆكۆ 1

بەشى یەکەم

گفتوگۆ له‌گه‌ڵ ئه‌نتۆنیۆ نێگری
وەرگێڕانى: هاوار محه‌مه‌د 


پێشه‌كیی وه‌رگێڕ:
"ئه‌نتۆنیۆ نێگری" (1933-) له‌ شاری "پادوا"ی ئیتالیا له‌ دایكبووه‌، فه‌یله‌سوفێکى سیاسی و كۆمه‌ڵناسێكی به‌ناوبانگی ماركسیسته‌، له‌ ساڵی 1969 گروپی "هێزی كرێكاران"ی دامه‌زراندووه‌ و دواتر بۆته‌ ڕابه‌ری "كرێكارانی سه‌ربه‌خۆ" و خۆیشی سه‌ر به‌ ڕێبازی "ماركسیزمی سه‌ربه‌خۆ"یه‌. له‌و كاته‌یشه‌وه‌ وه‌ك كه‌سێكی سیاسی چه‌ندین چالاكيی ئەنجامداوە. چه‌ند به‌رهه‌مێكی سه‌ره‌كی به‌ هاوبه‌شی له‌گه‌ل "مایكڵ هارت"ى هاوڕێیدا نووسیوه‌، له‌وانه‌ "ئیمپراتۆریه‌ت"، "مه‌ڵتیتیود"، "سامانی هاوبه‌ش". كارێكی دیكه‌ی به‌ ناوبانگی ئه‌و به‌رهه‌مه‌یه‌تی كه‌ له‌باره‌ی "سپینۆزا"وه‌ نووسیویه‌تی. هەندێ به‌رهه‌می دیكه‌ی نووسیوه‌، له‌وانه‌ "كاری دیۆنیزیۆس"، "ماركس له‌ودیوی ماركسه‌وه‌" و ..هتد. نێگری دژ به‌ ماركسیزمی ئه‌رسۆدۆكس و دۆگمایییه‌ و ده‌یه‌وێت پێداچوونه‌وه‌ به‌ ماركسیزمدا بكرێت تاوه‌كو له‌گه‌ڵ چه‌ند تیۆرێكی گرنگی سه‌ده‌ی بیسته‌مدا تێهه‌ڵكێش بكرێت، له‌مه‌یشه‌وه‌ پێكهاته‌یه‌كی تازه‌ی لێ دروست ببێت كه‌ بتوانێت دۆخی ئه‌مڕۆی جیهان له‌ سه‌رده‌می جیهانگیریدا به‌ وردی دیاریی بكات و پاشانیش ئه‌گه‌ره‌كانی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ و به‌ره‌نگای له‌م دۆخه‌دا ببینێت، له‌مه‌یشه‌وه‌ ستراتیژییه‌تێكی گشتی بۆ گۆڕان و ڕزگاری پێشنیار بكات. له‌م گفتوگۆیه‌دا نێگری چه‌ند لایه‌نێكی هه‌وڵی خۆی ڕوون ده‌كاته‌وه‌ بۆ لێكنزیككردنه‌وه‌ی ماركسیزم و تێزه‌كانی فه‌یله‌سوفی فه‌ره‌نسی "میشێل فۆكۆ". گفتوگۆکەیش سیمینارێکە دەربارەى "فۆڕمگۆڕکێکانى کار و قەیرانى ئابووریى سیاسى" کە لە 9ى ئۆکتۆبەرى 2004دا ئەنجامدراوە.

پرسیاری 1: ]به‌ بۆچوونی تۆ[ ئایا شیكارییه‌كانی فۆكۆ ده‌رباره‌ی پرسی ئه‌كچواڵێتی (actualité ) سوودبه‌خشن بۆ تێگه‌یشتن له‌ جووڵەى كۆمه‌ڵگاکان[1]؟ به‌ دیاریكراوی پێتوایه‌ له‌ کامە بواردا ده‌بێت ئه‌م تێرمه‌ تازه‌بكرێته‌وه‌، ده‌بێت له‌ كوێدا دابڕێژرێته‌وه‌ و دواجار ده‌بێت له‌ كوێدا به‌رده‌وام بێت؟
نێگری: كاره‌كانی فۆكۆ ماشێنێكی سه‌یرن، وامان لێده‌كه‌ن مه‌حاڵ بێت بیر له‌ مێژوو بكه‌ینه‌وه‌ ته‌نیا وه‌ك مێژووی هه‌نووكه‌[2] نه‌بێت. وه‌ك دۆلۆز جارێكیان وتی، ڕه‌نگه‌ پێویست بێت له‌مڕۆدا دیسانیش ئه‌و شتانه‌ بنووسرێنه‌وه‌ كه‌ فۆكۆ له‌ كاره‌كانیدا نووسیونی (له‌مه‌یشدا دۆلۆز له‌سه‌ر هه‌ق بوو). به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگای سه‌رسوڕمان -و دڕدۆنگییە- ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌و هه‌رگیز له‌ هه‌وڵدان بۆ كردنی شتێك نه‌وه‌ستاوه‌، ئەو دەمێک نزیكایه‌تییه‌كان[3] دروست ده‌كات، دەمێک هه‌ڵده‌وه‌شینێته‌وه‌، گریمانه‌كان داده‌ڕێژێت، خه‌یاڵ ده‌كات، لێکچوونەکان سازدەکات و خورافه‌ته‌كان له‌نێو ده‌بات، هه‌ندێك چه‌مك داده‌نێت و پاشان لێیان پاشگه‌ز ده‌بێته‌وه‌ یان هه‌مواریان ده‌كاته‌وه‌... ئه‌و سیمبوڵێكی گه‌وره‌ی داهێنانه‌. به‌ڵام ئه‌مه‌ جه‌وهه‌ری هزره‌كانی نییه‌؛ پێموایه‌ میتۆدی بیركردنه‌وه‌ی ئه‌و ڕه‌سه‌نه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌و میتۆده‌ توانای ئه‌وه‌ی پێداوه‌ له‌ یه‌ك كاتدا هه‌م توێژینه‌وه‌ له‌ جوڵان بكات له‌ ڕابردووه‌وه‌ بۆ ئێستا و له‌ ئێستایشه‌وه‌ بۆ ئایینده‌، هه‌م وه‌سفی ئه‌م جوڵانه‌یش بكات. ئه‌وه‌ میتۆدێكه‌ بۆ تێپه‌ڕین و گواستنه‌وه‌ لەوێدا کە ئێستا چه‌قی قورساییه‌كه‌یه‌. به‌ڵام فۆكۆ لەوێدا بوو، له‌نێوان هه‌ردوو لایه‌نه‌كه‌دا، نه‌ له‌ ڕابردوودا بوو كه‌ زه‌مینه‌ ئاركیۆلۆژییه‌كه‌ی بوو، نه‌ له‌ داهاتوودا كه‌ هه‌ندێکات وێنه‌ ئاینده‌ییه‌كانی به‌شێوه‌ی سكێچ كێشاوه‌ »وه‌ك ڕوخساری سه‌ر لمی كه‌ناری ده‌ریا«[4]. فیكره‌كانی له‌ ئێستا[5]وه‌ ده‌ست پێده‌كه‌ن تاوه‌كو بتوانێت له‌ قسه‌كردنماندا ده‌مه‌كانیتر لێك جیابكاته‌وه‌. زۆربەیجار بۆچوونەکانى فۆکۆ دەربارەى به‌ماوه‌كردنەوەکانى زەمەن[6] ]و دابەشکردنى کات بەسەر دەمە جیاوازەکاندا[، لە ڕووى ڕەواتیى زانستییەوە وەک هەڵەوپەڵە لێکدراوەتەوە: لەم بارەیەوە ده‌توانین‌ ده‌ركی مێژوونووسه‌كان بكه‌ین، به‌ڵام له‌ هه‌مان كاتدا ئه‌مه‌ كێشه‌ ڕاسته‌قینه‌كه‌ نییه‌، به‌ڵكو فۆكۆ هه‌ر خۆی كێشه‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌یه‌ و بابەتى پرسوباسەکەیە، ئه‌و هه‌میشه‌ چه‌مكی زه‌مه‌نی تایبه‌ت به‌خۆی دروست كردووه‌.
لای فۆكۆ شیكاریی مێژوویی ده‌بێته‌ ئه‌كت، مه‌عریفه‌ ده‌رباره‌ی ڕابردوو ده‌بێته‌ ژینالۆژیا، ڕوانگه‌ی داهاتوو[7] ده‌بێته‌ كۆ-ده‌زگا (dispositif)[8]: به‌لای ئه‌و كه‌سانه‌وه‌ كه‌ له‌ ماركسیزمی خەباتگیڕانە[9]ی شه‌سته‌كانی سه‌ده‌ی بیسته‌مه‌وه‌ ده‌ركه‌وتن (نه‌ك ئه‌و ماركسیزمه‌ دۆگماییه‌ كاریكاتۆرییه‌ی ئه‌نته‌رناسیۆنالی دووه‌م و سێیه‌م)، ڕوانگه‌ی فۆكۆ له‌م باره‌یه‌وه‌ بە بێ گرێوگۆڵ وه‌ك شه‌رعییه‌تی ڕه‌ها وه‌رده‌گیرێت، ئه‌و ڕوانگه‌یه‌ له‌گه‌ڵ ده‌ركی گشتی ڕووداو[10]دا ته‌بایه‌؛ له‌گه‌ڵ ململانێكان و چێژی سه‌ركێشیی ده‌رچوون له‌ سنووری حه‌تمییه‌ته‌كان و ئامانجگه‌راییه‌ پێشوه‌خت دیاریكراوه‌كاندا ده‌گونجێت. له‌ فیكری فۆكۆدا ماركسیزم له‌سه‌ر ئاستی شیكاریی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌سه‌ڵات و ئامانجگه‌رایی مێژوویی هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه‌، له‌ڕووی مێژووگه‌رایی[11] و پۆزه‌تیڤیزمی یه‌قینییشه‌وه‌ ڕه‌ت ده‌كرێته‌وه‌، به‌ڵام له‌ هه‌مان كاتدا ماركسیزم، بۆ نموونه‌ له‌ ڕوانیندا بۆ بزووتنه‌وه‌كان و تێکۆشانەکان، بەشێوازێکى نوێ دووباره‌ داده‌هێنرێته‌وه‌ و پێكده‌هێنرێته‌وه‌؛ ڕاستییه‌كه‌ی له‌سه‌ر ئاستی واقیعییه‌تی سوبێكته‌كانی ئه‌م بزووتنه‌وه‌ و تێکۆشانانە داده‌هێنرێته‌وه‌‌: چونكه‌ ئه‌وه‌ی بیەوێت شتێك بزانیت بۆ ئه‌وه‌یه‌ سوبێكتیڤیتی (پێ)ـبه‌رهه‌م بهێنیت.
به‌ڵام به‌ر له‌وه‌ی دوور بڕۆین، ده‌مه‌وێت كه‌مێك بۆ دواوه‌ بگه‌ڕێمه‌وه‌.  شتێكی باوه‌ كه‌ فۆكۆ دابه‌شده‌كرێت بۆ سێ فۆكۆ یان بۆ سێ قۆناغ: قۆناغی پێش كۆتایی شه‌سته‌كان، كه‌ سه‌رده‌می هه‌ڵهاتنی ڕۆژی گوتاری زانسته‌ مرۆڤایه‌تییه‌كان بوو.. له‌و قۆناغه‌دا ئەو پێناسه‌ و باسی ئاركیۆلۆژیاكانی مه‌عریفه‌ و ئابوورییه‌كانی مه‌عریفه‌ی له‌ سێ سه‌ده‌ی كۆتاییدا كردووه‌، خوێندنه‌وه‌ گه‌وره‌كانیشی بۆ مۆدێرنه‌ی ڕۆژئاوایی له‌ میانه‌ی بنه‌ماكانی ئیپستیمه‌ (épistème)یه‌كی دیاریكراوه‌وه‌ هه‌ر له‌و قۆناغه‌دا بوو. پاشان قۆناغی حه‌فتاكان كه‌ تێیدا ده‌ستیكرد به‌ لێكۆڵینه‌وه‌كانی له‌ په‌یوه‌ندیی نێوان مه‌عریفه‌ و ده‌سه‌ڵات و له‌مه‌یشه‌وه‌ چه‌مكه‌كانی دیسپلین، كۆنترۆڵكردن و بایۆ-ده‌سه‌ڵاته‌كان (biopowersڕێساکانى ڕه‌فتار و بایۆ-سیاسه‌ته‌كان[12]ـی داڕشت، كه‌ ئه‌م دوو چه‌مكه‌ی كۆتاییان ]واته‌ بایۆ-ده‌سه‌ڵات و بایۆ-پۆله‌تیك[ وه‌ك ئامرازیی گشتی بۆ شیكاریی ده‌سه‌ڵات و بۆ به‌دواداچوونی مێژووی په‌ره‌سه‌ندنی چه‌مكی سەروەرێتى ]حاکمییەت[[13] و ده‌ركه‌وتنی ئه‌م چه‌مكه‌ له‌ تیۆری سیاسیماندا هه‌تا ڕۆژگاری ئه‌مڕۆمان، كاریان ده‌كرد. دواجار، قۆناغی هه‌شتاكان، ئه‌ویش ماوه‌ی شیكاریی قۆناغه‌كانی سوبێكتیڤه‌یشن[14] بوو له‌ژێر په‌یوه‌ندیی دوولایه‌نه‌ی نێوان پەیوەندیی ئێستاتیكى خود و په‌یوه‌ندیی سیاسی له‌گه‌ڵ ئه‌ویتردا. به‌ڵام بێگومان ئه‌مه‌ یه‌كێكه‌ له‌ بابه‌ته‌كانی لێكۆڵینه‌وه‌ و تاقیكردنه‌وه‌، به‌ تایبه‌تیش ده‌رهه‌ق به‌ یه‌كتربڕینی ئێستاتیكای خود و بایه‌خدان ]ئه‌رك[ـه‌ سیاسییه‌كان، كه‌ ده‌توانین ناوی لێ بنێینەوە ئیتیك. 
له‌ ڕاستیدا، نازانم ئایا ده‌توانین ئه‌م قۆناغانه‌ و ئه‌م سێ ڤێرژنه‌ی فۆكۆ، یان ته‌نانه‌ت دووانیشیان، له‌ یه‌كتر جیا بكه‌ینه‌وه‌ یان نا، له‌به‌رئه‌وه‌ی به‌ر له‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵێك چاوپێكه‌وتن و نووسینی فۆكۆ به‌ ناونیشانی "وتراوه‌كان و نووسراوه‌كان" و بڵاوكردنه‌وه‌ی زنجیره‌یه‌ك له‌ ده‌رسگوتاره‌كانی (كۆلێژ دو فرانس) فۆكۆی ساڵانی كۆتایی به‌ هه‌ند وه‌رنه‌ده‌گیرا. له‌به‌رچاوی مندا ئه‌و سێ تێمایه‌ی فۆكۆ به‌ هه‌ر سێ ڤێرژنه‌كه‌یه‌وه‌ فیكری خۆی له‌سه‌ریان چڕكردۆته‌وه‌، به‌شێوه‌یه‌كی نموونه‌یی و به‌رده‌وام و تۆكمه‌ سه‌رنجیان لێدراوه‌. تۆكمه‌ به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ركه‌وتوو، له‌به‌رئه‌وه‌ی توانیوویه‌تی به‌رهه‌مێكی تیۆریی یه‌كگرتوو و به‌رده‌وام دابڕێژێت.
ئه‌وه‌ی له‌نێوان ئه‌م ڤێرژنانه‌دا ده‌گۆڕێت ڕه‌نگه‌ ته‌نیا جۆری ڕه‌وشه‌ مێژووییه‌كه‌ و پێویستییه‌ سیاسییه‌كه‌ بێت كه‌ ڕووبه‌ڕووی فۆكۆ بوونه‌ته‌وه‌ و بێگومان بواره‌كانی بایه‌خدانی ئه‌ویان گۆڕیوه‌. گەر وەها بێت -ئه‌مه‌ به‌ وشه‌كانی خۆم ده‌ڵێم و ئومێده‌وارم وشه‌كانی فۆكۆیش هه‌ر وا بن-، ئەوا ئەو گریمانه‌یه‌ی كه‌ ده‌ڵێت ڕوانگه‌ی فۆكۆ به‌دوای دانانی ستایلێكی تایبه‌تییه‌وه‌ بۆ بیركردنه‌وه‌. هاوشوناسكراوه‌ به‌ ژینالۆژیای ئێستا؛ ئه‌م ستایله‌یش هه‌میشه‌ تا ئه‌و ڕاده‌یه‌ ئاوه‌ڵایه‌ كه‌ له‌ هه‌ر هه‌لومه‌رجێكی مێژووییدا مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ به‌رهه‌مهێنانی چه‌مكی سوبێكتیڤه‌یشندا دەكات. ئه‌م هه‌لومه‌رجه‌ مێژووییه‌یش لە هەر کوێ پێدراو و ده‌سته‌به‌ر بێت، ته‌نیا بریتییە لە واقیعی مێژوویی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌سه‌ڵات‌. جا كاتێك فۆكۆ ده‌رباره‌ی تاسه‌ی خۆی بۆ ئه‌رشیفه‌كان دواوه‌، هه‌روه‌ها ده‌رباره‌ی ئه‌و ڕاستییه‌ دواوه‌ كه‌ پاڵنه‌ری ئه‌و بۆ خوێندنه‌وه‌ی ئه‌رشیفه‌كان هه‌ڵقوڵاوی ویستی ئه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی شتێكمان له‌باره‌ی پارچه‌كانی بوون[15]ـه‌وه‌ پێ بڵێت، ئه‌وا به‌رده‌وام ئه‌م ئایدیایانه‌ی دووباره‌ كردۆته‌وه‌. جا لێره‌دا بوون چ ئێستا بێت یان ڕابردوو، له‌سه‌ر لاپه‌ڕه‌ زه‌رده‌كان نووسرا بێت یان وه‌ك واقیعێك ڕۆژ له‌ دوای ڕۆژ ئه‌زموون كرابێت، هه‌میشه‌ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه‌ له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتدا، بوون هیچ نییه‌ جگه‌ له‌م ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌مه‌یش هه‌ر له‌ خۆیدا شتێكی مه‌زنه‌.
كاتێك فۆكۆ، بۆ نموونه‌ له‌و كاره‌یدا كه‌ به‌ "چادێری و سزا"[16] (Surveiller et Punir) ناسراوه‌، ده‌ستیكرد به‌ كاركردن له‌سه‌ر دۆخی پەڕینەوە لەنێوان كۆتایی سه‌ده‌ی هه‌ژده‌ و سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی نۆزده‌دا، ئا لەوێدا ڕووبه‌ڕووی ڕه‌هه‌ندێكی دیاریكراوی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌سه‌ڵات و کۆ-دەزگاکان و ستراتیژییه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان به‌م کۆ-دەزگایانە بوویه‌وه‌. به‌ ده‌بڕینێكی دیكه‌، له‌ ڕاستیدا فۆكۆ ڕووبه‌ڕووی جۆرێكی نوێی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌سه‌ڵات بوویه‌وه‌ كه‌ به‌ ته‌واوی چه‌قیبه‌ستبوو له‌ ده‌وری په‌ره‌سه‌ندنی سه‌رمایه‌داری. سه‌رمایه‌داریی چه‌نده‌ پێویستی به‌ دروستكردنی هێزی كاركه‌ر هه‌بوو، چه‌نده‌ پێویستی به‌ وه‌به‌رهێنانی داواكارییه‌ قازانجگه‌رییه‌كانی به‌رهه‌مهێنان له‌ویتره‌وه‌ هه‌بوو، ئه‌وه‌نده‌یش  پێویستی به‌ به‌رهه‌مهێنانی ته‌واوى ژیان هه‌بوو. هه‌ر بۆیه‌ »ده‌سه‌ڵات بوو به‌ بایۆ-ده‌سه‌ڵات«[17]. ڕاستە دواتر فۆكۆ له‌ هه‌وڵدا بۆ دانانی چوارچێوه‌یه‌كی ئۆنتۆلۆژیی ڕه‌خنه‌یی بۆ ئێستا، نموونه‌ی بایۆ-ده‌سه‌ڵاتی به‌كارهێنایه‌وه‌، به‌ڵام كاتێك ]له‌ تێزه‌كانیدا[ به‌ دوای ڕێگای شیكارییه‌كدا ده‌گه‌ڕێیت كه‌ ته‌رخانكرا بێت بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ په‌ره‌سه‌ندنی سه‌رمایه‌داری و دیاریكردنی ئه‌و ماوه‌یه‌ی كه‌ ده‌وڵه‌تی خۆشگوزه‌ران تێیدا دەپەڕێتەوە بۆ قه‌یرانه‌كانی و دەکەوێتە تەنگژەوە، هه‌روه‌ها ته‌رخانكرا بێت بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ تێپه‌ڕینی شێوازی ڕێكخستنی كرێكاری له‌ فۆردیزمه‌وه‌ بۆ پۆست-فۆردیزم، له‌ بنه‌ما كینزییه‌كانه‌وه‌ بۆ نیولیبرالیزم و تیۆری ئابووریی گشتی، ده‌بینیت ئه‌م گه‌ڕانه‌ت بێ سووده‌ و ناگه‌یت به‌ هیچ. به‌ڵام ئه‌وه‌یش ڕاسته‌ كه‌ به‌ گوێره‌ی پێناسه‌ ساده‌كه‌ی فۆكۆ بۆ په‌ڕینه‌وه‌ له‌ نه‌زمی دیسپلینه‌وه‌ بۆ نه‌زمی كۆنترۆڵ له‌ سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی نۆزده‌دا، ده‌توانین له‌وه‌ تێبگه‌ین كه‌ پۆست-مۆدێرنیتی به‌هیچ كلۆجێك واتای پاشه‌كشه‌ی هه‌ژموونی ده‌وڵه‌ت به‌سه‌ر كاری كۆمه‌ڵایه‌تیدا نییه‌، به‌ڵكو زیاتر په‌ره‌سه‌ندنێكی ئه‌و كۆنترۆڵه‌یه‌ به‌سه‌ر ژیاندا.
فۆكۆ له‌ زۆربه‌ی هزره‌كانیدا په‌ره‌ به‌م پێشبینییه‌ی خۆی ده‌دات، وه‌ك بڵێی شیكاركردنی په‌ڕینه‌وه‌ بۆ سه‌رده‌می پاش-پیشه‌سازی، ڕه‌گه‌زی سه‌نتراڵی هزره‌كانی ئه‌ویان پێكهێناوه‌ ئه‌گه‌رچی به‌ ڕوون و ڕاسته‌وخۆیش ئه‌مه‌ی ده‌رنه‌بڕیوه‌. به‌ڵام له‌ بەبێ ئه‌م دیاریكردنە ماتریالییه‌ی ئێستا و بە بێ لەبەرچاوگرتنى ئه‌م په‌ڕینه‌وه‌یه‌ی وا ڕوویداوه‌، ئێمه‌ ناتوانین وێنای پرۆژه‌ی ژینالۆژیای ئێستا بكه‌ین كه‌ كه‌مێك له‌مه‌وبه‌ر ئاماژه‌م بۆكرد و له‌ سه‌ره‌تای حه‌فتاكاندا په‌یوه‌ندی فۆكۆی به‌ ڕابردووه‌وه‌ پێكهێنابوو، نایشتوانین بیر له‌ ئایدیا تایبه‌تییه‌كه‌ی ئه‌و ده‌رباره‌ی به‌رهه‌مهێنانی سوبێكتیڤیتی بكه‌ینه‌وه‌ كه‌ له‌نێو چه‌مكی ده‌سه‌ڵاتدا ڕێده‌دات به‌ هه‌مواركردن و دووجاكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات و وه‌زیفه‌ی ده‌سه‌ڵات بۆ دروستكردنی سوبێكتیڤیتییه‌ نوێیه‌كان[18]. به‌ بڕوای من، فۆكۆ به‌شێوه‌یه‌كی سه‌رسوڕهێنه‌ر هه‌ستیار بووه‌ بۆ پێشبینیكردنی په‌ڕینه‌وه‌ له‌ سیاسه‌ته‌ مۆدێرنه‌كانه‌وه‌ بۆ بایۆ-سیاسەتە پۆست-مۆدێرنه‌كان.
بۆ فۆكۆ، چه‌مكی سیاسه‌ت –هه‌روه‌ها چه‌مكی كرده‌[19] له‌نێو كۆنتێكستی بایۆ-سیاسه‌تدا- به‌شیوه‌یه‌كی ڕیشه‌یی جیاوازه‌ له‌ ده‌ره‌نجامگیرییه‌كانی ماكس ڤێبه‌ر و شوێنكه‌وتووانی ڤێبه‌ر له‌ سه‌ده‌ی نۆزده‌دا، هه‌روه‌ها به‌شێوه‌یه‌كی ڕیشه‌یی جیاوازه‌ له‌ ئه‌نجامگیرییه‌كانی بۆچوونه‌ مۆدێرنه‌كان ده‌رباره‌ی ده‌سه‌ڵات )لای هانس كێڵسن و كارل شمیت(. ئه‌گه‌رچی به‌ ڕوونی دیاره‌ فۆكۆ هه‌ستیار بووه‌ به‌رامبه‌ر تێزه‌كانیان به‌ڵام من پێموایه‌ فۆكۆ له‌ ساڵی 1968ه‌وه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی ڕادیكاڵ ئه‌و چوارچێوه‌یه‌ ده‌گۆڕێت كه‌ تێیدا كاری كردووه‌، ئیدی له‌وه‌ به‌دوا فۆكۆ یارمەتیدەر نییە تێزەکانیان بە هەند وەربگیرێن. بۆ كه‌سانی وه‌ك ئێمه‌، كه‌ به‌ ویستی خۆمان به‌رده‌وامین له‌ به‌كارهێنانی فۆكۆ و بگره‌ كارده‌كه‌ین بۆ تێپه‌ڕاندنیشی، پێمانوایه‌ به‌خششی ئه‌و بۆ ئێمه‌ ئێجگار زۆره‌، چونكه‌ فۆكۆ خاوه‌نی بیركردنه‌وه‌یه‌كی به‌خشندانه‌یه‌، ئه‌گه‌رچی له‌ تیۆریزه‌كردنه‌كانیدا شتێكی تێدا نییه‌ بۆ نوێكردنه‌وه‌ و ڕاستكردنه‌وه‌: ته‌نیا ئه‌وه‌نده‌مان به‌سه‌ كه‌ ئه‌م په‌یبردنانه‌ی ئه‌و به‌ به‌رهه‌مهێنانی سوبێكتیڤیتی و به‌ جێكه‌وته‌كانی ئه‌م پرۆسه‌یه‌ له‌به‌رچاو بگرین.
بۆ نموونه‌ كاتێك له‌ ساڵانی حه‌فتاكاندا فۆكۆ له‌گه‌ڵ ژیل دۆلۆز و فیلیكس گواتاریدا، به‌شدارییان له‌و خه‌باتانه‌دا كرد كه‌ بۆ پشتگیریكردن بوون له‌ پرسى زیندان، ئه‌و كاته‌ په‌یوه‌ندییه‌كی نوێیان له‌نێوان مه‌عریفه‌ و ده‌سه‌ڵاتدا دامه‌زراند: په‌یوه‌ندییه‌ك كه‌ ته‌نیا ئاماژه‌ به‌ دۆخی زیندانییه‌كان نادات، به‌ڵكو ئاماژه‌ به‌ دۆخه‌ گشتییه‌كانیش ده‌كات كه‌ ده‌شێت له‌م دۆخانه‌دا په‌یڕه‌وی بكه‌ین له‌م مۆدێله‌ی په‌ره‌دان به‌ پانتاییه‌كانی ئازادی، په‌ره‌دان به‌ ستراتیژییه‌ته‌كانی قه‌دبوونی ده‌سه‌ڵات له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات كه‌ هه‌ر له‌ بنه‌ڕه‌تدا له‌نێویدایه‌، په‌ره‌دان به‌ توانای مرۆڤ بۆ به‌ده‌ستهێنانه‌وه‌ خۆی و كۆ-سوبێكتیڤیتییه‌كه‌ی[20]، په‌ره‌دان به‌ توانای داهێنانی فۆرمه‌ نوێیه‌كانی كۆمه‌ڵ و پێكه‌وه‌ بوون له‌ ژیان و خه‌باتدا. به‌ كورتی: ئه‌مه‌ ئه‌و شته‌یه‌ كه‌ پێیده‌ڵێین: تێكدان[21]. فۆكۆ ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌وه‌ مه‌زن نییه‌ كه‌ كۆمه‌ڵێك شیكاریی بۆ ناسینه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات ئه‌نجامداوه‌، ته‌نیا له‌به‌ر هزره‌ میتۆدییه‌ ڕۆشنگه‌رانه‌كانی و له‌به‌ر ڕێگا نوێیه‌كانی بۆ تێكه‌ڵكردنی فه‌لسه‌فه‌ و مێژوو بۆ تێگه‌یشتن له‌ ئێستا، مه‌زن نییه‌. به‌ڵكو به‌ تایبه‌تی گه‌وره‌ییه‌كه‌ی له‌وه‌دایه‌ كۆمه‌ڵێك به‌ڵگه‌نه‌ویست و سه‌ره‌داوی بۆ جێهێشتووین كه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌گونجێن زه‌مه‌نێكی درێژ به‌كاریان بهێنین؛ به‌ دیاریكراویش مه‌به‌ستم له‌وه‌یه‌ كه‌ فه‌زای سیاسی و ململانێی كۆمه‌ڵایه‌تی و ڕه‌مزییه‌تی بابه‌ته‌كانی شۆڕشی ماركسیزمی كلاسیكی سه‌رله‌نوێ داڕشتۆته‌وه‌. به‌لای فۆكۆوه‌، شۆڕش شیمانەى ڕزگاریی نییه‌ -یان لایه‌نیكه‌م ته‌نیا توانای ڕزگاری نییه‌-، به‌ڵكو پراكتیكی ئازادییه‌. شۆڕش واته‌ به‌رهه‌مهێنانی هێزێك كه‌ له‌ ململانێدا بێت له‌گه‌ڵ هێزێكی دیكه‌دا، شۆڕش تازه‌كردنه‌وه‌ و داهێنانی زمانه‌كان و تۆڕه‌ جیاوازه‌كانه‌، به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ و دووباره‌ داڕشتنه‌وه‌ی به‌های كاری زیندووه‌. مه‌به‌ست له‌ شۆڕش نانه‌وه‌ی داوێكه‌ بۆ سه‌رمایه‌داری له‌نێو سه‌رمایه‌داری خۆیدا.

پرسیاری 2: ئایا پێتوانییه‌ فۆكۆ به‌ ته‌واوه‌تی له‌و ته‌وژمه‌ گه‌ورانه‌ كرابێته‌ ده‌ره‌وه‌ كه‌ له‌ فه‌ره‌نسا بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن گوایه‌ ده‌یانه‌وێت دووباره‌ ڕه‌خنه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی بهێننه‌وه‌ ئارا؟ ئایا له‌ به‌شه‌كانی دیكه‌ی ئه‌وروپا (بۆ نموونه‌ له‌ ئیتالیا) و له‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانیشدا هه‌ر به‌و جۆره‌یه‌؟
و: ناوه‌ندی ئه‌كادیمى فۆكۆ ده‌بوغزێنێت. پێموایه‌ ئه‌و هه‌ر له‌ شه‌سته‌كانه‌وه‌ به‌ره‌و گۆشه‌یه‌ك پاڵی پێوه‌ده‌نرێت، هه‌ر ئه‌و كاته‌ی بۆ كۆلێژی دو فرانس به‌رزكرایه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ بوو باشتر دووربخرێته‌وه‌ -ئینجا ئه‌مه‌ ته‌نیا به‌هۆی ئه‌وه‌وه‌ نییە كه‌ زانكۆ به‌هایه‌ک بۆ سه‌ركه‌وتنى ڕۆشنبیرەکان دانانێت. بێگومان پۆزه‌تیڤیزمی كۆمه‌ڵناسییانه‌[22]ی بۆردیۆ زۆر به‌ بڕشت بوو، به‌ڵام ئه‌وه‌ نه‌یده‌توانی بیركردنه‌وه‌ی فۆكۆیی بانگهێشت بكات، بۆیه‌ به‌ سیفه‌تی سوبێكتیڤیزم ڕه‌تی كرده‌وه‌. سه‌ڕای ئه‌وه‌ی كه‌ به‌ ڕوونی سوبێكتیڤیزم له‌ فۆكۆدا نییه‌. بۆردیۆ زیاتر ئه‌وه‌ی له‌ ساڵانی دواتردا ڕیالیزه‌ كرد.
فۆكۆ به‌رده‌وام له‌ هه‌موو كاره‌كانیدا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر بابه‌تی ترانسێندنتاڵیزم و ئه‌و فه‌لسه‌فانه‌ی مێژوو كه‌ شكستیان هێناوه‌ بگه‌نه‌ ئاستێك كه‌ له‌ ڕێگه‌ی تۆڕه‌كان و ململانێی ده‌سه‌ڵاته‌ سوبێكتیڤه‌كانه‌وه‌ ڕۆڵی هه‌موو دیاریكه‌ره‌كانی واقیع بگێڕن. به‌ گشتی، له‌ ڕێگه‌ی ترانسێندنتاڵیزمه‌وه‌ من له‌ هه‌موو ئه‌و تێگانه‌ی كۆمه‌ڵگا تێده‌گه‌م كه‌ بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن ده‌توانن له‌ گۆشه‌نیگایه‌كی ناوه‌كی و پته‌وه‌وه‌ واقیع هه‌ڵبسه‌نگێنن یان یه‌كلایی بكه‌نه‌وه‌. به‌ڵام ئه‌وه‌ كاری نه‌كرده‌یه‌. تاكه‌ میتۆدێك كه‌ ده‌بێته‌ مایه‌ی پێكهاتنی كۆمه‌ڵایەتى ئه‌و میتۆده‌یه‌ كه‌ ئیمانانسێكی ڕه‌هایه‌[23] بۆ داهێنانی به‌رده‌وام له‌ به‌رهه‌مهێنانی مانا و بۆ کۆ-دەزگاى كرده‌. فۆكۆ وه‌كو نووسه‌ره‌ گرنگه‌كانی دیكه‌ی نێو نه‌وه‌كه‌ی خۆی، حسابی خۆی له‌گه‌ڵ هه‌موو پاشماوه‌كانی بونیادگه‌ری[24]دا یه‌كلایی كرده‌وه‌، بۆ نموونه‌ خۆی له‌گه‌ڵ وه‌سفی پێشوه‌خته‌ی چاره‌سه‌ری ترانسێندنتاڵییانه‌ی كاتیگۆرییه‌ ئیپستمۆلۆژییه‌كاندا یه‌كلایی كرده‌وه‌ (له‌مڕۆدا له‌ بوژاندنه‌وه‌ی به‌هێزی سروشتگه‌راییدا بۆ كاركردن له‌نێو فه‌لسه‌فه‌ و زانسته‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا، ئه‌م هه‌ڵه‌یه‌ به‌رهه‌مهێنراوه‌ته‌وه‌...).

له‌وه‌یش زیاتر، له‌ فه‌ره‌نسایش فۆكۆ له‌ ڕوانگه‌ی ڕه‌خنه‌ییه‌وه‌ بوغزێنراوه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌و له‌گه‌ڵ میتۆلۆژیای نه‌ریتی كۆماریدا یه‌كناگرێته‌وه‌: كه‌س وه‌كو ئه‌و له‌ حاكمییه‌ته‌وه‌ دوور نه‌بوو ته‌نانه‌ت یاكۆبین[25]ـیش؛ كه‌س وه‌كو ئه‌و له‌ سێكیولاریزمی تاكلایه‌نه‌وه‌ دوور نه‌بوو، ته‌نانه‌ت یه‌كسانیخوازه‌كانیش؛ كه‌س وه‌كو ئه‌و له‌ نه‌ریتگه‌رایی تێگه‌ی خێزان و دیمۆگرافیای نیشتمانییه‌وه‌ دوور نه‌بوو، ته‌نانه‌ت ئاوێزانخوازه‌كان[26]ـیش و ..هتد. به‌ڵام، دواتر ئایا ئه‌وه‌ میتۆدۆلۆژیای فۆكۆ نه‌بوو كه‌ قابیلی كورتكردنه‌وه‌ بوو له‌ هه‌ڵوێستێكی ڕێژه‌یی و گومانگه‌رایانه‌دا، قابیلی پاشه‌كشه‌ بوو بۆ تێگه‌یشتنێكی ئایدیالیستییانه‌ له‌ مێژوو؟ نه‌خێر، جارێكی تریش نه‌خێر. بیركردنه‌وه‌ فۆكۆ به‌دوای زه‌مینه‌سازییه‌وه‌یه‌ بۆ شیمانه‌ی تێكدان ]ی دۆخی باو[، وشه‌كان له‌وه‌ به‌هادارترن و هه‌ژێنه‌رترن. فۆكۆ له‌باره‌ی "به‌ره‌نگاری"[27]ـیه‌وه‌ ده‌دوێت –له‌گه‌ڵ دووركه‌وتنه‌وه‌ی ته‌واو له‌ نه‌ریتی مۆدێرن ده‌رباره‌ی ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه‌ و سۆشیالیزم. ئه‌م سۆراغ و عه‌وداڵییانه‌ هه‌موویان ڕێژه‌یی و گومانگه‌رایانه‌ نین. به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، ئه‌وانه‌ بۆ نرخاندنی ڕۆشنگه‌ری (Aufklärung)[28] بوون، له‌پێناو داهێنانه‌وه‌ی مرۆڤ و پۆتێنشییه‌ڵه‌ دیموكراسییه‌كه‌یدا بوون، له‌ كاتێكدا هه‌موو وه‌همه‌كانی پێشكه‌وتن و بنیاتنانی هاوبه‌ش له‌لایه‌ن دیاله‌كتیكه‌ گشتگیره‌كانی مۆدێرنیتییه‌وه‌ خیانه‌تیان لێكرا[29]. به‌ گشتی، فۆكۆ توانی ڕسته‌كه‌ی دیكارتی گه‌نج بگونجێنێت: "Larvatus prodeo"من له‌ پێشه‌وه‌ ماسكم پۆشیوه‌. 
به‌ بڕوای من، هه‌ر یه‌كێك له‌ ئێمه‌ پێویستە دان بەمەدا بنێین: سۆشیالیزمی نه‌ته‌وه‌یی[30] به‌رهه‌مێكی پوختی دیاله‌كتیكی مۆدێرنیتییه‌. بۆ ئه‌وه‌ی خۆمان له‌وه‌ ڕزگار بكه‌ین، ده‌بێت دوورتر بڕۆین. ڕۆشنگه‌ری، وه‌ك فۆكۆ به‌ بیری هێناوینه‌ته‌وه‌، نرخاندنێكی یۆتۆپیایی ڕۆشنگه‌ریی عه‌قڵ نییه‌؛ به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، دیستۆپیایه‌[31]، ململانێی ڕۆژانه‌یه‌ له‌سه‌ر ڕووداو، دامه‌زراندنی سیاسه‌تێكه‌ كه‌ له‌ به‌كێشه‌كردنی "ئێره‌، ئێستا"وه‌ ده‌ست پێده‌كات. له‌ دۆزی ڕزگاریی و ئازادبوونه‌وه‌ ده‌ست پێده‌كات. خه‌باتی فۆكۆ بۆ پرسیاری زیندانییه‌كان كه‌ له‌گه‌ڵ (GIP)ـدا ده‌ركه‌وت، ئایا هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای حه‌فتاكانه‌وه‌ وه‌ك خه‌باتێكی ڕێژه‌گه‌رانه‌ و گومانگه‌رانه‌ نه‌ده‌هاته‌ به‌رچاوتان؟ یان ته‌نانه‌ت ئایا هه‌ڵوێستی پشتگیریكردن له‌ ئۆتۆنۆمیسته‌ ئیتالییه‌كانیش، كه‌ ئه‌ویان خسته‌ ژێر دژوارترین كاتی سه‌ركوتكردن و فشاری مێژووییه‌وه‌ له‌ ئیتالیا هه‌ر به‌و جۆره‌ نه‌بوو؟
له‌ فه‌ره‌نسا، فۆكۆ زیاتر بووه‌ قوربانیی ئه‌و خوێندنه‌وه‌یه‌ی كه‌ هاوڕێكانی و قوتابییه‌كانی و یاریده‌ده‌ره‌كانی بۆ به‌رهه‌مه‌كانی ئەویان كرد. له‌م باره‌یه‌وه‌ ئه‌نتی-كۆمۆنیزم[32] ڕۆڵێكی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی بینی. دابه‌شبوونه‌ میتۆدۆلۆژییه‌كه‌ی به‌سه‌ر ماتریالیزم و ده‌سته‌كۆخوازی[33]دا، وه‌ك ڕیكلامێك ده‌رده‌كه‌وت بۆ تاكگه‌رایی نیولیبراڵیزم. جا كاتێك كاتیگۆرییه‌كانی ماتریالیزمی دیاله‌كتیكی لێكهه‌ڵده‌وه‌شانده‌وه‌، فۆكۆ كه‌سێكی ڕێزلێگیراو بوو، به‌ڵام ئه‌و ئه‌م كاتیگۆریانه‌ی له‌سه‌ر ئاستی ماتریالیزمی مێژوویی بونیاتنایه‌وه‌، كه‌چی ئه‌مه‌ شتێكی په‌سه‌ند كراو نه‌بوو. له‌وه‌یش زیاتر، كاتێك خوێندنه‌وه‌ی كۆ-ده‌زگاكان (dispositifs ) ]واته‌ ئه‌پاراتووسه‌كان[ و كاركردن له‌سه‌ر ئۆنتۆلۆژیا ڕه‌خنه‌ییه‌كانی ئێستا، كه‌ ده‌بوونه‌ مایه‌ی ده‌ستپێكردنی مه‌ڵتیتیوده‌كان[34] و دروستكردنی شمه‌كه‌ هاوبه‌شه‌كان[35]، بۆ دژایه‌تیكردنی نیولیبرالیزم، ئه‌و كاته‌ قوتابییه‌كانى به‌ ته‌واوه‌تی كشانه‌وه‌. ڕه‌نگه‌، فۆكۆ له‌ كاتێكی باشدا مردبێت.
له‌ ئیتالیا، له‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان، له‌ ئه‌ڵمانیا، له‌ ئیسپانیا، له‌ ئه‌مریكای لاتین و ئینجا له‌ ماوه‌یه‌كیشدا به‌شێوه‌یه‌كی زیاتر له‌ به‌ریتانیای گه‌وره‌، ئێمه‌ ئه‌و گه‌مه‌ پاریسییه‌مان تێنه‌په‌ڕاندووه‌ كه‌ ڕۆڵی له‌ په‌راوێزخستنی فۆكۆدا هه‌بووه‌ و له‌ بازنه‌ی ڕۆشنبیران دووری خستۆته‌وه‌. فۆكۆ به‌ ڕێگه‌ی مه‌ته‌ڵی ئازاربه‌خشی دووڕوویی ئایدیۆلۆژی نێو كایه‌ی ڕۆشنبیریی فه‌ره‌نسیدا نه‌ڕۆیشتووه‌: ئه‌و هه‌رچی ده‌وت هه‌ر ئه‌وه‌یشی ده‌خوێنده‌وه‌. به‌م جۆره‌، لێكچوون له‌گه‌ڵ مه‌یلی زیندووكردنه‌وه‌ی بیركردنه‌وه‌ی ماركسیستی له‌ كۆتایی حه‌فتاكاندا زیاتر وه‌ك ویستێكی بنه‌ڕه‌تی ده‌رده‌كه‌وت. ئه‌وه‌ ته‌نیا ڕێكه‌وتێكی كرۆنۆلۆژییانه‌ نه‌بوو: به‌ڵكو زیاتر هه‌ستكردن بوو به‌وه‌ی كه‌ پێویسته‌ بیركردنه‌وه‌ی فۆكۆیی وه‌ك به‌شێك له‌ زنجیره‌یه‌كی گشتی کۆششەکان –کۆششی پراكتیكی یان تیۆری- بۆ ڕزگاری و ئازادی تێبگه‌یشترێت، بیركردنه‌وه‌یه‌ك كه‌ له‌ پێكهاته‌یه‌كدا نیگه‌رانیی ئیپستمۆلۆژی و ڕوانگه‌ ئاكارییه‌ سیاسییه‌كانی پێكه‌وه‌ كۆكردۆته‌وه‌، له‌مه‌یشه‌وه‌ به‌شێوه‌یه‌كی ناڕاسته‌وخۆ ڕه‌خنه‌ی تووندی له‌ حزبه‌كان گرتووه‌، ڕه‌خنه‌ی تووندی له‌و بابه‌ت و خوێندنه‌وانه‌ی مێژوو گرتووه‌ كه‌ باسی كردوون. پێموایه‌ بۆ نموونه‌، كاركه‌رانی ئه‌وروپی و فێمێنیسته‌ ئه‌مریكییه‌كان له‌ فۆكۆدا چه‌ندین ڕێچكه‌یان بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ دۆزیوەتەوە، به‌ تایبه‌تی پاڵنه‌ری ئەوتۆیان بینیوەتەوە کە پاڵی پێوەناون مێتا-زمانە‌كانیان بەرەو زمانێکى هاوبه‌ش و بگره‌ سونیڤێرساڵ بۆ جیهانێك كه‌ دێت –یان لایه‌نیكه‌م بۆ سه‌ده‌یه‌ك كه‌ دێت، بگوازنەوە.



په‌راوێزه‌كانی وه‌رگێری كوردی:

[1] movement of societies
[2] present history
[3] approximations

[4] له‌ گفتوگۆكه‌دا به‌ فه‌ره‌نسی هاتووه‌. 'comme à la limite de la mer un visage sur le sable’.
[5] present
[6] periodizations
[7] the future perspective
[8]  Dispositive له‌ زمانی ئینگلیزیدا هه‌مان واتای ئه‌پاراتووس (apparatus)ی لاتینییه‌، كه‌ ڕه‌نگه‌ كۆ-ده‌زگا به‌رامبه‌رێكی تاڕاده‌یه‌ك نزیك بێت لێیه‌وه‌.
[9] militant Marxism
[10] the event
[11] historicism
[12] biopolitics
[13] sovereignty
[14] subjectivation
[15] fragments of existence
[16]  چاودێرى و سزا: پێدەچێت وشەى چاودێرى لە تێرمى ناونیشانە فەرەنسییەکەى فۆکۆوە نزیک بێت، بەڵام بە گشتى لە زۆربەى وەرگێڕانە ئینگلیزییەکاندا وەک (دیسپلین) وەردەگێڕدرێت.
[17] biopower
[18] new subjectivities
[19] action
[20] collective subjectivity
[21] subversion
[22] Sociological positivism
[23] absolute immanence
[24] structuralism
[25] Jacobin
[26] integrationist
[27] resistance
[28] له‌ گفتوگۆكه‌دا هه‌ر به‌و جۆره‌ هاتووه‌.
[29] the totalitarian dialectics of modernity
[30] national-socialism
[31] dis-Utopia
[32] Anticommunism
[33] collectivism
[34] multitudes
[35] common goods


تێبینى: ئەم وتارە بە دوو بەش لە سایتى "چەپى نوێ" بڵاوکراوەتەوە. 
لینکى بەشى یەکەم