My Blog List

بابه‌ته‌ نوێیه‌كان

خۆرهەڵات و فەلسەفە

Monday 30 April 2018

ئەمریکا لە سەردەمانى پۆپۆلیستیدا

گفتوگۆ لەگەڵ "شانتال موفە"
وەرگێڕانى هاوار محەمەد 


پێشەکى:
شانتال موفە یەکێکە لە تیۆرسێنە سیاسییە دیارەکان کە تیۆریزەى پرسگەلى وەکو دیموکراسى و پۆپۆلیزم و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان لە جیهانى ئەمڕۆدا دەکات. "موفە" شتانێکى زۆرى لەبارەى قەیرانى نیولیبراڵى، شوناسى سیاسى، سۆشیالیزمى کۆمەڵایەتییەوە نووسیوە.
ئەو، بە هاوبەشى لەگەڵ هاوڕێ و هاوسەرە کۆچکردووەکەیدا "ئەرنستۆ لاکلاو"، بە ڕابەرانى فیکریی پشتەوەى هەندێ پەرەسەندنى سیاسى هەرە سەنجڕاکێشى ئەوروپا دەزانرێن. حزبى سیاسى نوێى ئیسپانى "پۆدیمۆس" (Podemos) بەرچاوڕوونیى جەوهەریى لە بەرهەمەکانى موفە و لاکلاوەوە وەرگرتووە. پاڵنەرى پشتەوەى بەدەستەوەگرتنى دەسەڵات لەلایەن "سیریزا"وە لە یۆنان، هزرەکانى ئەم دوو بیرمەندە بوون؛ "یانیس فارۆفاکیس"ى حاکمى ئەسینا و وەزیریى دارایى پێشووى یۆنان یەکێک بوو لە قوتابییەکانى ئەم دوو بیرمەندە.
"ئینیگۆن ئەریگۆن" (Iñigo Errejón)، سکرتێرى سیاسى حزبى پۆدیمۆس، بەرهەمەکانى "موفە" و "لاکلاو" لەبارەى پۆپۆلیزمەوە، بەدرێژایى سى ساڵى ڕابردوو، لە دواى مردنى لاکلاو، بەم جۆرە کورت دەکاتەوە:
»سیاسەت نە گەمەى بۆکسێنە (بەرکەوتن و زۆرانبازیى نێوان دوو بکەرى دیار) و نە یاریى شەتڕەنجە (هاوپەیمانى و جووڵە و تەکتیکەکان کە توێژە پێدراوەکان بەکاردەهێنێت)، بەڵکو سیاسەت بریتییە لە "جەنگى بەردەوامى پێگە" لەگەڵ واقیعەکانى بزووتنەوەکەدا، بەڵام بێگومان لەگەڵ هاوسەنگیى هێزە بەرجەستەبووەکان لە دامەزراوەکانیشدا؛ ئەمەیش لەپێناو پێکهێنانى لایەنەکانى "شوناسەکان"، هەلومەرجەکان، گۆڕەپانى خودى جەنگدا. گەر سەبارەت بە پەرشبوونەوە و تێپەڕێتیى شوناسە مومکینەکان بدوێین، ئەوا ئەمە نە واتاى ئەوەیە بە پارتیکولاریزم شاگەشکە بین و نە بە ئەفسانەى کۆنزەرڤەتیڤیزم لەبارەى کۆتایى دوژمنایەتییەوە؛ بەڵکو پتر واتاى هۆشیاربوونەیە لە کەموکوڕى حەتمیى سیاسەت لە پێناو ئامانجى دوورمەودا و بەرهەمهێنانى خەیاڵەکاندا کە دەتوانن خەڵکى کۆبکەنەوە و یەکبخەن. ئەم گفتوگۆیە لەلایەن وەلید شەهیدەوە، لە ئەمریکا لەگەڵ موفەدا ئەنجام دراوە.

پ: بیرکردنەوەکانت چییە لەبارەى پەرەسەندنى چەپ و پۆپۆلیزمى چەپڕەو و پۆپۆلیزمى ڕاستڕەو لە ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا؟
و: من لە ویلایەتە یەکگرتووەکاندا پسپۆڕ نیم. وایدەبینم "ساندەرز" (Sanders) نموونەیەکە بۆ بزووتنەوەى پۆپۆلیزمى چەپڕەو و "ترەمپ"ـیش نموونەیەکە بۆ پۆپۆلیزمى ڕاستڕەو. بەڕاستى جێگاى داخە کە "ساندەرز" کاندید نەکرا. ئەو هەلێکى باشترى دژ بە "ترەمپ" هەبوو، پێکڕا ژمارەیەکى زیاترى خەڵکانى هێنایە مەیدان، لەڕێگەى حەماسەتێکى ڕووت (pure enthusiasm)ـەوە بۆ ئەڵتەرناتیڤ و گۆڕانکارى. دەمەویت بە تەواوەتى فزوڵى بم لەوەدا کە زیاتر ببیستم لەبارەى ئەوەى کە بۆچى خەڵکى پێیانوایە "بێرنى ساندەرز" بەشێوەیەکى باش مامەڵە لەگەڵ کەمینەکاندا ناکات.
حزبە سۆشیال-دیموکراتەکانى ئەوروپا، هەر وەکو ئەوانەى ئەمریکا، وازیان لەوە هێناوە پێگەى خۆیان لە خەباتەکانى چینە میلییەکاندا دابمەزرێنن و قاییم بکەن –کرێکاران، چینى ناوەند، خوێندکاران، ..هتد". ئۆلیگارشیزەکردنێکى سیاسەت (an oligarchization of politics) لە ئارادایە. ئەو کەلێنەى کە لەنێوان چینە میلییەکان و چینە دەوڵەمەندەکاندا هەیە لە زیادبووندایە. خەڵکى وا هەست دەکەن کە لەلایەن حزبە باڵادەستەکانەوە نانوێنرێنەوە، لێرەدا، پۆپۆلارێتى مارین لوپێن و پۆدیمۆس و سێریزا دەردەکەوێت.
قاعیدەکەى ترەمپیش بەشێکە لە چینە پۆپۆلارەکان، چونکە ئەم چینانە لەلایەن نیولیبراڵیزمەوە سەرکەوتکراون و پەراوێزخراون. چینە سپییە ناوەندى و کرێکارییەکان دەبێت مافى ئابوورى و کۆمەڵایەتیى زۆرتریان هەبێت. "ترەمپ"ـیش پۆپۆلیزمێکى ڕادیکاڵ بەکاردێنێت بۆ فریوودانى ئەم هەشتکردنە، ئینجا بۆ دروستکردنى شوناسێکى نوێى سیاسى کە دووالیزمى چەپ بەرامبەر ڕاست تێدەپەڕێنێت.
دەبێت چەپیش وەڵامى ئەمە بدەنەوە، ئەو شتە پێکبهێنن کە ناوى دەنێم "بەرەى پۆپۆلیزم" (a populist frontier) بۆ هەموو چینە پۆپۆلارەکان دژ بە نوخبە و دامەزراوەکان. "ساندەرز" تاکە کاندیدێک بوو کە دەیتوانى ئەم ئەڵتەرناتیڤە جیاوازە بخاتە ڕوو.
لە فەرەنسا، زۆرینەى چینى کرێکار دەنگیان بە "مارین لوپێن"ـدا، ئاسانە لەمە تێبگەین، چونکە ئەمە ئەو کەرتانەن کە لە جیهانگیریدا دۆڕاون و لایەنى زیانپێگەیشتوون. لێرەدا "مارین لوپێن" توانى –بە زمانى زینۆفۆبیک- (xenophobic vocabulary) گوزارشت لە داواکاریى چینە پۆپۆلارەکان بکات. ئەوانەیش داواکاریى دیموکراسین. ئەوان خەڵکانێکى ئاسایین کە دەناڵێنن. بەڵام "لوپێن" بەم گوتارەوە هاتە پێشەوە: »تێدەگەم کە ئەوان دەناڵێنن. ئەوەى لەمە بەرپرسە کۆچبەرانن«, ئەو بەرەیەکى دژە-کۆچبەرانى کردەوە. "لوپێن" دەڵێت ئەو گرنگى بە خەڵکى دەدات، لەکاتێکدا حزبى سۆشیالیزمى فەرەنسى –هەروەکو کلینتۆن- گوتارێکى دەربارەى کێشە راستەقینەکانى خەڵکى لەدۆخى ئێستادا نەبوو. خەڵکى چیتر متمانەیان بە سەرکردەى دامەزراوە و حزبەکان نەماوە، چیتر باوەڕیان پێناکەن.
پێموایە ئەمە ئەو شتە بوو کە "ساندەرز" دەیویست ئەنجامى بدات. چونکە وەڵامێکى دیکەى دەدایەوە. ئەوە کۆچبەران نین کە دوژمنن، بەڵکو وۆڵ ستریت و بەرژەوەندییە داراییەکانن. ئەمە پۆپۆلیزمى چەپە. بەڵام ئەم پۆپۆلیزمە تەنیا پەیوەست نییە بە داواکارییەکانى چینى کرێکارەوە؛ بەڵکو لە دەورى ئەو شتەیش دەسووڕێتەوە کە ناوى دەنێم "زنجیرەى هاوتایى" (a chain of equivalence) لەنێوان کەرتە جیاوازەکاندا: داواکاریى فێمێنیستەکان، مافە مەدەنییەکان، بزووتنەوە جیاوازەکان.
بۆ چەپ ئێجگار ئەستەمە کە زنجیرەى هاوتایى دابمەزرێنێت. ئەمە واتاى ئەوەیە کە کۆمەڵەکان لە زنجیرەیەکدان کە هەریەکێکیان پەیوەندییەکى تایبەتى بە بونیادى دەسەڵاتەوە هەیە، بەڵام هێشتایش هەموویان دەتوانن لەبارەى هەندێ ئەجنداى هاوبەشەوە بەشێوەیەکى یەکگرتوو کار بکەن. بەڵام زنجیرەکە پەیوەست نییە بە یەکخستنى هەموو داوکارییەکانەوە لە بزووتنەوەیەکى تاکلایەنە و یەکدەستدا. ئەم کۆکردنەوەى هێزانە هەر بە سادەیى لەوێوە دەستپێدەکات کە خۆیان لەگەڵ یەکتریدا هاوبەند و هاوپشت دەبینن، دەیشبینن کە لە بونیادى دەسەڵاتى باڵادەست بێ بەشن. هەر ئەڵقەیەکى زنجیرەیەکە تایبەتمەندیى جیاوازى هەیە، بەڵام زنجیرەکە هەموو پێکەوە بە هەماهەنگى لەگەڵ یەکتریدا کار دەکەن.
بەڵام لەپێناو دروستکردنى ئەم زنجیرەى هاوتاییەدا، تۆ پێویستت بە دیاریکردنى دوژمنێکى هاوبەش هەیە. ئەمە ئەو ڕێگایەیە بەهۆیەوە زنجیرەکە دەبێتە زنجیرێکى یەکگرتوو و تێهەڵکێش.
پ: پێتانوایە ساندەرز دەیتوانى زنجیرەى هاوتایى دروست بکات؟
پ: بەڵێ، تاڕادەیەک، بە درێژایى دە ساڵى ڕابردوو، لە ویلایەتە یەکگرتووەکان ئەو بزووتنەوانە بەهێزبوونەوەتەوە کە گەنجان ڕابەرایەتییان دەکەن: مافى کۆ   چبەران، وۆڵ ستریت بگرن، بزووتنەوەى ژینگەپارێز، بزووتنەوەى بلاک لایفس ماتەر، بزووتنەوەى (Fight for 15). "ساندەرز" چەندینجار داواى "شۆڕشێکى سیاسى" (political revolution) کردووە بۆ تەحەداکردنى وۆڵ ستریت و چینى ملیاردێرەکان. ئەمە ڕێیخۆشکرد بۆ دامەزراندنى جۆرێک "زنجیرە" بۆ خەڵکە بێنەواکە کە سەر بە هیچ بزووتنەوەیەک یان ڕێکخستنێک نەبوون؛ بەڵام لەمیانەى حەماسەتى وەرزى هەڵبژاردن و نامەکەى ساندەرزدا هەست بە کاریگەرییەکەى دەکەم.
بەڵام هەڵمەتەکەى ئەو بە تەواوەتى و بەو شێوازەى کە "ترەمپ" کردى چیرۆکى لەبارەى "ئەمریکا"وە نەدەگێڕایەوە. زۆرێک لە نووسەران ڕەخنەى ئەوەیان لە هەڵمەتى بانگەشەکەى گرت کە ناتوانێت ئەو پەیوندییە بگێڕێتەوە وا لەنێوان ڕاسیزم و جیاوازى ئابوورییدا هەیە؛ واتە ئەو مەسەلە سەنتراڵەى کە بەدرێژایى کات لە سیاسەتى ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکادا هەبووە.
پ: من زۆر سەبارەت بە پۆپۆلیزم لە ئەوروپا دەدوێم. بەڵام زۆربەى ئەوروپییەکان حەزیان لە چەمکى "پۆپۆلیزم" نییە، چونکە بە شاراوەیى ئاماژە بە فاشیزم یان سەرکردایەتى کەسێکى ناسیۆنالیست دەدات. بەڵام لە ئەمریکا نەریتێکى پۆپۆلیزمى پێشکەوتنخوازت هەیە. تۆ هاوراى ئەمە نیت، وایە؟
و: هەندێک بابەت هەبوون کە لە کەرتە لیبراڵیستییە پشتیوانەکانى "کلینتۆن"ـەوە پەیدابوون، لە کەرتى میدیا و چینى سیاسیدا دەربارەى تووڕەیى "ساندەرز" و ڕیتۆریکە دوولایەنەکەیەوە. تەنانەت یەکێک لە سیاسەتمەدارە دیموکراسییەکان "ساندەرز"ى بە کەسێکى مەکارتى ناوزەدکرد، چونکە دەیەویست ئەو سیاسییانەى پارەیان لە بانکەکان بردووە، بدات بە "دادگای پیشاندراو" (show trials). هەندێکى کەسیتر وەک حەشیمەتێکى تووڕە کە تواناى گوێرگرتن و میانەڕەوییان نییە، وەسفی قاعیدەکەى ساندەرزیان کرد. بەڵام تۆ ڕاست دەکەیت، پێموایە ئەم چەمکى پۆپۆلیزمە هەمان ئەو دەلالەتە نەرێنییانەى نییە  کە لە ئەوروپا هەیەتى.
هێشتایش پێموایە کولتوورى چەپ لە ویلایەتە یەکگرتووەکان، تاڕادەیەک نەفرینى لە پۆپۆلیزم هەیە، چونکە ئێمە بوغزێنراوى سیاسەتى گەردوونین (universalist politics). چوارچێوەى باڵادەستى سیاسیى لە چەپدا بریتییە لە یەکتربڕین (ئینتەرسێکشناڵێتى) intersectionality، زۆرجار بۆ چەپ هەڵوێستێکى دیاریکراو لە گوتارى یەکتربڕینەوە، لەبرى ئەوەى ببێتە گەردوونى بۆتە مایەى تایبەتمەندى و جیاوازى. بەهۆى بەردەوامبوونى ڕاسیزمیشەوە هاوبەندیی لەنێو چینى کرێکاردا پڕییەتى لە مەترسى.
پ: بەڵێ، ئەمەیش کێشەیەکى گەورەیە. بەڵام حەزم لە چەمکى "یونیڤێرساڵیزم" (گەردوونگەرایى) نییە، بۆیە چەمکى "دامەزراندنى ویستى بە کۆمەڵ" (establishing a collective will)ـم پێ باشترە. ئەمەیش پەیوەستە بە ڕێگاى بیرکردنەوەمانەوە لە خەڵکانێکى جیاوازى یەکگرتوو لەپێناو دۆز و خەمى هاوبەشدا. داخۆ کەرەستە و زمانى دروستمان بۆ بیرکردنەوە لەم پرۆژەیە هەیە؟
و: من باس لە وازهێنان لە خودى فۆرمە تایبەتییەکانى خەبات ناکەم. بەڵام کاتێک باس لە ویستى بە کۆمەڵ دەکەین، ئەوا بە حەتمى هەندێک لێکدژیى بێچارەسەر دادەمەزرێنین. ئەمەیش سیاسەتە. زنجیرەى هاوتاییەکان لەبارەى جووڵاندنى خەڵکییە پێکەوە، لەمیانەى ململانێ جیاوازەکانییانەوە؛ ناو لەمە دەنێین "بەیەکگەیشتنى ململانێکان" (convergence of struggles). خوڵقاندنى پەیوەستەگیى لەنێوان ئەم ململانێیانەدا، بە جۆرێک لە جۆرەکان، بە واتاى دەرککردنى تایبەتمەندییەکانى ململانێ جیاوازەکانە؛ بگرە هەستکردنێکى تووندیشە بە لایەنە هاوبەشەکان و هاوبەندییەکان لەنێوان ململانی جیاوازەکاندا. ئەمە کێشەى گەورەى ویلایەتە یەکگرتووەکانە کە دەبێت بەرپەرچ بدرێتەوە. لەم ساڵانەى دواییدا مەیلێک لە چەپى ئەمریکیدا هەیە بەرەو فۆڕمێکى دیاریکراوى سیاسەتى شوناس، کە وەک کۆمەڵەیەکى بەهێزى یەکپارچە وێناى خۆى ناکات. دەبێت دەرک بەوە بکەین کە تایبەتمەندییەک لە ململانێى فێمێنیستانە یان لە ململانێى ڕەشپێستەکاندا هەیە. فۆرمى هەژموون لاى ئەوان دیاریکراوە. ناتوانین بڵێین ئەمە بەرهەمى سەرمایەدارییە و تاکوتەنیایش پێویستمان بە سۆشیالیزمە.
لە ئەوروپا، ڕێبازى پێچەوانە (opposite tendency) ئێجگار بەهێزە؛ خەڵکى چەپ دەڵێن: »هەموو ئەم خەباتانە چینى ناوەڕاستە، بەڵام خەباتە سەرەکییەکە بخەباتى چینایەتییە«. ئەمە زۆرباشە بۆ ئەوەى ئەم دۆگمایە بخریتە ژێر پرسیارەوە.
لە ویلایەتە یەکگرتووەکان، ئێوە کێشەى پێچەوانەتان هەیە. لەوێ سیاسەتى شوناسى زیاترمان هەیە، ململانێى بە کۆمەڵى تەواویش بوونى نییە. چۆن دەتوانیت ئەم دوو بابەتە پێکەوە کۆبکەیتەوە؟ لە دوایین کتێبمدا، بە ناونیشانى "پۆدیمۆس، بە ناوى خەڵکەوە" (Podemos: In the Name of the People لەگەڵ "ئینیگۆ ئەریگۆن" مشتومڕى ئەم بابەتەم کردووە، چونکە دەبێت سیاسەت پەیوەست بێت بە دامەزراندن و سەرپێخستنى ململانێى بە کۆمەڵ لەنێوان "ئێمە"ى گەورە و "ئەوان"ى بچووکدا. ئەمە هەموو شتێکە. دەشێت ئەم بەرەیە بەشێوازێکى نەریتی و مارکسى دابمەرێنرێت: ململانێى چینایەتى بەرامبەر سەرمایەدارەکان. بەڵام ئەمە لە ویلایەتە یەکگرتووەکان، بەهۆى ڕاسیزمەوە، سەرکەوتوو نابێت، لەمە بەدوایش هەرگیز لە ئەوروپایش سەرکەوتوو نابێت.
ئێمە پێویستمان بە دامەزراندنى بەرەیەک هەیە بەشێوازێکى پۆپۆلیستى؛ کە تێیدا خەڵک (گەل) لەبەرامبەر دامەزراوە و دەستەبژێردا بێت. "خەڵک" دامەزراوەیەکى سیاسییە. ئەرکى چەپیش دروستکردنى (خەڵک)ـێکە. جیاوازیى نێوان ڕاست و چەپ لەوەدایە کە ئێمە وەکو چەپ فۆڕمى جیاوازى خەڵک دادەمەزرێنین. بەڵام زنجیرەى هاوتاییەکان شتێکى جیاوازە. پۆپۆلیزمى چەپ بە پاڵ کێشەکانى چینى کرێکارەوە، بۆ هەموو ئەم ململانێیانەى شوناس شتێکى یەکلاکەرەوەیە. ئەمریکییەکان ئەگەر بێتوو نەتوانن وەڵامى ئەم پرسیارە یەکلاکەرەوەیە بدەنەوە، ئەوا نایانەویت ڕووبەڕووى سیستەمى هەژموون ببنەوە.
پێموایە "ساندەرز" دەیتوانى هاوشوناسى و وەسفى زۆرەملێى "ئەوان" دەربخات، بەڵام نەیدەتوانى بە باشى "ئێمە" یان "خەڵک" دیاریى بکات. پێموایە سەرۆک ئۆباما، بە تایبەتى لە هەڵمەتى ساڵى 2008ـیدا، لە دروستکردنى "ئێمە"دا لێهاتووتر بوو، بەلام هەرگیز "ئەوان"ـێک نەبوو کە بشێت دیاریى بکرێت.
زۆر پەرۆشى ئۆباما نەبووم. سیاسەتەکەى خۆى لکاند بە سیاسەتى نیولیبراڵیى کۆدەنگی و تەباییەوە. هەڵبەت پێموایە شتێکى مێژووییە کە پیاوێکى ڕەش پێست ببێتە سەرۆکى ویلایەتە یەکگرتووەکان، بەڵام هەمیشە بە گومان بووم، هاوڕێ ئەمریکییەکانم ئێجگار پەرۆش بوون. کەچى ئۆباما هەرگیز دوژمنێکى هاوبەشى دیاریى نەکرد.
"ئۆباما" هەوڵیدا لەگەڵ کۆمارییەکاندا بگاتە لێکتێگەیشتن یان هاوڕاییەک دروست بکات. کاتێک لە ساڵى 2010دا گەڕامەوە بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکان، خەڵکانى چەپ پێیاندەوت خیانەتکار. بەڵام خۆ ئۆباما هەرگیز خۆى وەک کەسێکى شۆڕشگێڕ، یان وەک کەسێکى ڕادیکاڵ پیشان نەداوە. ئەوە تەنیا هەندێ لە خەڵکانى چەپ بوون کە بە کەسێکى ڕادیکاڵیان دەزانى. دەنا ئۆباما بە درێژایى کات پێیى دەگوتین: »ئێمە گەلێکى باشین، هەموومان شانبەشانى یەکتر دەڕۆین«.
لە سەردەمى "بێڵ کلینتۆن"ـەوە، حزبى دیموکراتى بۆتە حزبى وۆڵ ستریت. ئەمەیش هۆکارى بەدبەختى زۆرێک لە کەرتە میلییەکانە. دەبێت چەپ بە ڕاستى هەوڵبدات لەم مەسەلەیە تێبگات. لە ئێستادا جگە لە "ترەمپ" هیچ گوزارشتێکى سیاسى لە داواکارییە ڕاستەقینەکانى خەڵک بوونى نییە.
کۆمارییەکان مۆنۆپۆلى نوێنەرایەتیکردنى سپیپێستەکانیان کردووە، نوێنەرایەتیکردنیش واتە "ئەمریکیەکى ڕاستەقینە" (true American) بیت. دیموکراتەکان وتیان ئەوان نوێنەرایەتى کەمایەتیەکان و چینە کۆزمۆپۆلیتانەکان دەکەن. هەندێک کەس لە نێو حزبى سۆشیالیزمى فەرەنسیدا هەن کە داواى ئەوە دەکەن پێویستە حزب چینى کرێکار لەبیر بکات، چونکە ئەوان لە ئێستادا مەیلیان بۆ "مارین لوپێن" هەیە و ناگەڕێنەوە بۆ حزبى سۆشیالیستى. ئەو سەرکردانە لە ئێستادا دەڵێن کە حزبى سۆشیالیست حزبى کۆچبەران و چینە کۆزمۆپۆلیتانییەکانى ناوەڕاست و باڵایە. ئەمە کێشەیەکى گەورەیە.
پ: بۆچوونت چییە دەربارەى پەیوەندیى نێوان بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان و ئەم حزبە سیاسییە نوێیانە؟
و: هەروەکو بزووتنەوەى "وۆڵ ستریت بگرن"، زۆرێک لە بزووتنەوەکان لە ئەوروپا نایانەوێت هیچ پەیوەندییەک لەگەڵ حزب و دامەزراوە نەریتییەکاندا دروست بکەن. ناو لەمە دەنێین "ئۆتۆنۆمیزم" (autonomism). دیموکراسییەتى ڕاستەقینە لەسەر شەقام، نە ڕابەرە فەرمییەکانى دەوێت و نە حزبەکان. ئەمە لەبەرژەوەندیى وازهێنان لە دامەزراوەکان و سیاسەتە هەڵبژاردنییەکانە. بەڵام دواى تەقینەوەى بزووتنەوەى "ئێم 15" ( M-15) لە ئیسپانیا، ڕاستڕەو لە هەڵبژاردنى ڕابردوودا زۆرینەى دەنگ دەباتەوە؛ چونکە بزووتنەوەکە بە خەڵکیى وت واز لە سیستەمى هەڵبژاردن و سیاسى بهێنن. مەسەلەکە ئەوە نییە حزبى ڕاستڕەو دەنگى زۆرتر بباتەوە، بەڵکو ئەمە بەو هۆیە ڕوویدا کە حزبى سۆشیالیستى، بە هۆى نائامادەییەکەیەوە، پێنج ملیۆن دەنگى لەدەستدا. ئەمە ئەو بۆشاییەیە کە حزبى پۆدیمۆس پڕى کردەوە چونکە بۆشاییەکى کارەساتبار بوو.
ناتوانین جموجوڵەکان بە ئاسانى بۆ شەقام جێبهێڵین. من ڕەخنەگرێکى جددى ئایدیاى سیاسەتم وەک وروژاندنى ساتەوەختێکى ڕوخاندنى گشتى لەگەڵ دۆخى ئێستادا. ئەمە ڕێگەى سەرکەوتنى شۆڕشەکان نییە. لە قۆناغێکدا، وزەبەخشەکانى هێز لەدەست دەدەین. ناتوانێت شتەکان تەنیا لەسەر ئاستى ئاسۆیى بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان بگۆڕێت. دەبێت پەرە بەو شتە بدەیت کە حزبى پۆدیمۆس پێیى دەڵێت: "ماشێنێکى جەنگیى هەڵبژاردن" (an electoral war machine). تۆ پێویستت بە گەیشتن بە دەسەڵاتێکى کردەییە لە دامەزراوەکان و حکومەتدا. ئەمە ڕێگاى سێرێزایشە.
زۆرێک لە بزووتنەوەکان و سەرکردە چەپەکان نایانەوێت لە هەڵبژاردنەکاندا بەشداریى بکەن. ئەمە بۆ بزووتنەوەکانى یۆنان و فەرەنسا ڕاستە. زۆرێک لە سەرکردەى بزووتنەوەکان دەڵێن هەڵبژاردن بۆ مەڕە گێژەکانە؛ چونکە هەمیشە سیاسییەکان دەبن بە دژت. دەرهەق بە کاندیدبوونى حزبى پۆدیمۆسیش دژایەتییەکى زۆر هەبوو لەلایەن بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانەوە. هێشتایش لەلایەن سەرکردەى بزووتنەوەکانەوە ڕووبەڕووى ڕەخنە دەبنەوە لەسەر ئەوەى چوونەتە نێو سیستەمى پەرلەمانییەوە. هێشتایش زۆرێک لە سەرکردەى بزووتنەوەکان دەڵێن حزبى پۆدیمۆس ڕێکخەرى بزووتنەوەکانە، بەڵام ئێستا سیاسەتى پەرلەمانى دایڕزاندووە، بەڵام ئەوانە کەمینەن.
بەڵام حزبى پۆدیمۆس هەرگیز نەیوتووە تاکە چارەسەر ئەوەیە بچینە نێو حکومەتەوە. بەڵکو دەڵێن ئەوان بۆشاییەک پڕ دەکەنەوە. پێویستە پۆپۆلیزمى چەپ پەیوەندیى نێوان ئەم دوولایەنە بببینێت: هێڵى ئاسۆیى لە شەقام و هێڵى ستوونى لە دامەزراوەکاندا. هەندێک دەڵێن دەوڵەت و حزبەکان داڕزاون، بۆیە تەنیا پێویستمان بە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان هەیە. هەندێکى تر پێیانوایە تەنیا پێویستیمان بە بردنەوەى هەڵبژاردن و گرتنى کورسى پەرلەمانە. ئەم دوو شێوازە بیرکردنەوەیە هەڵەیە. ئیمە پێویستمان بە لێکبەستنەوەى "حزبى بزووتنەوە" (movement party)یە لەگەڵ ڕەهەندى یەکلاکەرەوەى هەڵبژاردندا کە پەیوەستە بە بزووتنەوەکانەوە، بەڵام هاوکات جیاواز و تایبەتیشە. جگە لەمەیش بە درێژایى کات دڕدۆنگییەک لەنێوان بزووتنەوەکان و حزبەکاندا هەبووە.
پ: تۆ نووسیوتە ئەرکى چەپ وا لە بەدەستهێنانەوەى دیموکراسی و گێڕانەوەى نەریتى سۆشیال دیموکراتیدا. دەتوانیت لەبارەى ئەم خاڵەوە شتانێکى زیاتر بڵێیت؟ داخۆ هێشتا سۆشیال دیموکراتى ئاسۆییە؟
و: نازانم خەڵکانى چەپ مەبەستیان چییە کاتێک لەبارەى خوڵقاندنى شتێکى نوێوە دەدوێن. سەرکردەکانى حزبى پۆدیمۆس مەبەستیان لەوە نییە کە دەیانەوێت چەپ بگەڕێتەوە بۆ سۆشیال دیموکراتیى تەقلیدیى ئەوروپیى ناوەڕاستى سەدەى بیست. ئەوان شتێک دەڵێن کە ڕەنگە لە ویلایەتە یەکگرتووەکان بەشێوازى جیاواز دەرببڕدرێت؛ چونکە سەرکردەکانى پۆدیمۆس دەڵێن چەندین مافى کۆمەڵایەتى هەیە کە لەسەدەى بیستەمدا بەدەستهێنران، بەڵام نیولیبراڵیزم هەڵیوەشاندنەوە. هەنگاوى یەکەم وا لە گەڕاندنەوە و فراوانکردنى ئەو مافە کۆمەڵایەتییانەدا.
کاتێک لەگەڵ ئەرنستۆ لاکلاودا، سی سال لەمەوپێش کتێبى "هەژموون و ستراتیژییەتى سۆشیالیستی" (Hegemony and Socialist Strategy)ـمان نووسى ئێمە هێشتا لەژێر هەژموونى سۆشیال-دیموکراتیدا بووین. ئەو کاتە تازە سەرەتاى نیولیبراڵیزم بوو. ئەرگومێنتەکەمان ئەوەبوو کە پێویستمان بە ڕادیکاڵکردنەوەى دیموکراسییەتە. بڕوامان بەوە بوو ئەو دەستکەوتانەى لە سایەى دیموکراسییەتدا بەدەستهاتبوون ببەینە پێش. پێمانوابوو سۆشیال-دیموکراتى هەست بە داخوازییە نوێیەکانى بزووتنەوەکانى ژنان، دژایەتى ڕاسیزم، داخوازیى ئیکۆلۆژیى، هۆمۆکان ناکات. ئەمە بەشێک نەبوو لە کارنامەى سۆشیالیزمى تەقلیدی.
دواى سى ساڵ، زۆرێک لەو شتانە هەڵوەشێنراونەتەوە کە بەدەستهاتبوون. جا کاتێک باس لە گێرانەوەى دیموکراسییەت دەکەم، مەبەستمان گەڕاندنەوەى سەرجەم ئەو مافانەیە کە بەرلەوەى دووربخرێنەوە، هەبوون. هێشتایش ئامانجى ڕادیکاڵکردنەوەى دیموکراسیەت وەک خۆى ماوەتەوە، بەڵام بۆ ئەوەى ڕادیکاڵیزەى بکەین، پێویستە یەکەمجار بەدەستى بهێنینەوە.
ئێمە لە کۆمەڵگە پۆست-دیموکراسییەکاندا دەژین. ئێمە لەو کۆمەڵگایانەدا دەژین کە بەخۆیان دەڵێن کۆمەڵگەى دیموکراسى. بەلام لێرەدا دیموکراسییەت لەنێو جۆرێک بۆشاییدا کار دەکات (sort of vacuum). خەڵکى ئیمکانییەتێکى ڕاستەقینەى ئەوەیان نییە مومارەسەى مافى هاوڵاتیبوونى خۆیان بکەن. پێویستمان بە دووبارە دامەزراندنەوەى دیموکراسییەتێکى چالاکە، ئینجا پێویستە کۆشش بکەین بۆ ڕادیکاڵیزەکردنى چۆنییەتى تێگەیشتنمان لە دیموکراسییەت.
لە دۆخى ئێستادا، ئێمە بە ڕاستى لە دۆخێکداین کە خراپترە لە دۆخى پەنجا ساڵ لەمەوپێش. هەنگاوى یەکەم ئەوەیە ئەو شتە بەدەستبهێنینەوە کە لە دەستمانداوە. چەپى تووندڕەو کاتێک بە ئاشکرا بانگەشەى خاپوورکردنى سەرمایەداری، خاپوورکردنى دەوڵەت و شتانى لەم بابەتە دەکات، لە هەڵەدایە. ئەمە بەشێکە لەو چەپەى کە هەیە بە بێ هیچ کاریگەرییەکى پراکتیکى یان بە بێ هیچ دەسەڵات و ستراتیژییەتێک.
ئێمە پێویستمان بە شەڕى پێگەیە (war of position)؛ کە تێیدا هێزە پێشکەوتنخوازەکان بتوانن قەڵەمڕەوییەکى ڕاستەقینە لە کۆمەڵگەى مەدەنیدا، لە دامەزراوە باڵادەستەکاندا، لە کولتوورى باودا، لە میدیادا بنیات بنێن. پێویستمان بەوەیە لەو ململانێ ئاساییانەوە دەست پێبکەین کە ڕووبەڕووى کەرتە گەورەکانى کۆمەڵگە دەبنەوە. گەلێک ململانێى جیاواز هەن؛ بەڵام پێویستمان بە دامەزراندنى زنجیرەى ڕادیکاڵى هاوتاییەکانە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەى ململانێ باڵادەستەکان دژ بە دوژمنێکى هاوبەش، نەک تەنیا هەبوونى پەیوەندیى بە ململانێکانەوە، کە هیچ نییە جگە لە هەنگاوى یەکەم. دوژمن وۆڵ ستریت، دامەزراوەى سیاسى، ئۆلیگارشییەتە. ئەگەر بە زمانى خەڵک گوزارشت لە ویستە دەستەجەمعییەکان نەکەین هەمیشە شکست دەهێنین.
ئەمە ئەو کێشە سەرەکییەیە کە من لە چەپى ویلایەتە یەکگرتووەکاندا دەیبینم. چاڵێکى گەورە لەنێوان زمانى خەڵک و زمانى بزووتنەوەکاندا هەیە. من وا تێدەگەم، لەبەر کۆمەڵێک هۆکار ئەمە لە ویلایەتە یەکگرتووەکان ئاسان نییە؛ لە ویلایەتە یەکگرتووەکانى حزبێکى ڕاستەقینەى چەپ بوونى نییە، تۆ لە وڵاتێکدا دەژیت کە بێئەندازە هەمەڕەنگە. بەڵام هەڵبژاردنەکان ئەو جێیەن کە تێێدا دەبێت خەڵکى لەپێناو خەمى هاوبەشدا پێکەوە یەکبگرن؛ چونکە هەڵبژاردنەکان هەلى گونجاو بە خەڵکى دەدەن بۆ گوزارشتکردن لە جۆرە جیاوازەکانى ململانێکان لە فۆڕمى ویستى بەکۆمەڵدا. دەبێت ئەمە بە مەبەست و ئەنقەست بنیات بنرێت. ئەمە شاراوەیە و هەیە، بەڵام دەبێت شوناسى نوێى سیاسى و بەستەرەکانى هاوبەندیى، بە وردى و دیسپلینەوە لەلایەن سەرکردەکانەوە دروست بکرێن.

سەرچاوەکان:
بە زمانى عەرەبى:
أمريكا في أزمنة الشعبوية، حوار مع شانتال موف، ترجمة: كريم محمد.
بە زمانى ئینگلیزى:
America in Populist Times: An Interview With Chantal Mouffe; By Waleed Shahid, December 15, 2016.

Saturday 28 April 2018

کۆچ بەنێو ئیمپراتۆریەتدا


هاوار محەمەد


لە مێژووى مۆدێرنەدا  بزۆزی و کۆچى هێزى کار، هەوڵیدا بۆ دروستکردنى خەلەل لە هەلومەرجە دیسپلینییە تووندەکانى کرێکاراندا. دەسەڵات بە تووندترین میکانیزمەکانى سەرکوت و تووندوتیژى وەڵامى ئەم بزۆزییەى دەدایەوە، مەگەر بە خواستى خۆى و بە پێى پێویسییەکانى پیشەسازی کۆچى بە دەستى کار بکردایە. بۆیە هێزى کار بە ناچارى دەهێڵرایەوە و بە ناچارى کۆچى پێدەکرا، ئەمەیش جۆرێک بوو لە کۆیلایەتى. بەڵام هەمیشە هەڵهاتن و جێهێشتن جۆرێک بووە لە ڕەتکردنەوە و گەڕان بەدواى ئازادیدا، هەڵهاتن لە ڕەوشە هەرە خراپەکانى کار و ژیان، بۆ دۆزینەوەى ڕەوشى نوێى ژیان. لەمڕۆدا، کە سەردەمى سەروەریى ئیمپراتۆرییە، کۆچ و بزۆزیى هێزى کار، زۆر بەربڵاوە و ئەستەمە بەرى پێ بگیردرێت؛ هەر لە کۆچى پرۆلیتاریاى کشتوکاڵى و پیشەسازیى سۆڤیەتەوە لە هەشتاکاندا تاوەکو ڕەوى گەورە و بە کۆمەڵى ئەم دواییەى خەڵکى ئەفریقا و ئاسیا و ڕۆژهەڵاتى ئەوروپا.
یەکێک لەو دروشمانەى لەم چەند ساڵەى دواییدا لە تۆڕە کۆمەڵایەییەکانیش بڵاوبوویەوە ئەم گوتەیە بوو کە کەس نازانێت کێ خاوەنییەتى: ''هەڵهاتن لە نیشتمان ئەرکێکى نیشتمانییە''. ئاخۆ نیشتمان چیى لە هاونیشتمانیەکانى سەندۆتەوە کە جێهێشتنى دەبێتە ئەرکێکى نیشتمانى؟ وەڵامى جیاواز هەیە: خەڵکى لە بارى گرانى دارایى و هەژارى هەڵدێن؛ لە جەنگ و کوشتار هەڵدێن؛ لە نەریت و دیسپلینى کۆمەڵایەتى ڕادەکەن؛ لە نائومێدییدا سەرى خۆیان هەڵدەگرن؛ بەدواى حەز و ئارەزووى خۆیان دەکەون و..هتد. سەرجەمى ئەم وەڵامە پەرتوبڵاو و باوانە دەیانەوێت بڵێن: لە دیوى نێگەتیڤەوە، ئەوەى پاڵنەرى کۆچە، هەڵهاتنە لە ڕەوش و هەلومەرجى ژیانى کولتوورى و ئابووریى سەخت و دژوارى پرۆسەى دووبارە بەرهەمهێنانەوەى سەرمایە و سیستەم. لە دیوى پۆزەتیڤیشەوە، پاڵنەرى کۆچ ئارەزووى گەڕانە بەدواى ژیاێکى باشتردا لە جێیەکى دیکە، کە لۆژیکى خودى سیستەمەکە لە نێو تاک و کۆمەڵەکاندا چاندوویەتى. ئەمە ڕیک ئەو شتەیە کە ئەنتۆنیۆ نێگرى و مایکڵ هارت وەک پاڵنەرى کۆچ و ڕەوى گەورەى نێو سەروەریى ئیمپراتۆرى کە فۆڕمى نوێى دەسەڵات و سەرمایەیە لە سەردەمى پۆستمۆدێرنیزمدا، دیارییان کردووە. ئابووریناسەکان، بە گوێرەى هاوکێشە و فۆرمولەکانى خۆیان، تەفسیرى ئەم دیاردەیە دەکەن، تەنیا هۆکارى ئابووریى و هەژارى، یان دابینکردنى دەستى کارى هەرزان بۆ وڵاتانى سەرمایەدارى پێشکەوتوو، بە فاکتەرى سەرەکى دەزانن. ئەمە تەنیا نیوەى وەڵامەکەیە. ڕاستە بەهۆى قەیران و هەژاری و جەنگەوە هەڵهاتن و دەرچوون دەبێتە خواستێکى حەتمى، بەڵام ئارەزووى دیکەیش هەیە کە ئەم تەفسیرە ناتوانێت ڕۆشنایى تەواوى بخاتە سەر. ئەویش ئارەزووى گەڕانە بەدواى شێوازى نوێى ژیان و مومارەسەى خواست و حەز و ئارەزووەکاندا. ئەمە یەک واتاى هەیە: ڕاکردن لە نەریت و حەرام و قەدەغەکان، هەڵهاتن لە کۆتوبەندە کۆمەڵایەتی و ئاینییەکان. 
لەدواى ڕاپەڕینەوە حکومەتى هەرێم (یان ناسیۆنالیزم بە گشتى) شکستى هێنا لە دابینکردنى لایەنی هەرە کەمى بژێوى و دیموکراسیەت و سێکیولاریزم؛ لە ڕووى کۆمەڵایەتیشەوە کۆمەڵگە شکستى هێنا لە گەورەکردنى پانتایی ئازادییە جەستەیى و مەعنەوییە کەسییەکان، بگرە لەم دە ساڵەى دواییدا کۆمەڵگەى کوردى بەرەو داخرانى زیاتر چووە، فیکرى سەلەفى و کۆنەپارێزى زیاتر تەشەنەیان کردووە، ئازادى تا ڕادەیەکى مەترسیدار پاشەکشەى کردووە و متمانە و ئاساییشى کۆمەڵایەتى ئێجگار کەم بۆتەوە. شارەکانمان بوونەتە کەمپى گەورە، دیسپلین و چاودێرى و دەستەوەردان لە ژیانى مرۆڤەکان لە هەموو شوێنێکە، پۆلیس و بازگە و مزگەوت ڕۆژ بە ڕۆژ لە زۆربووندان. هەموو ئەمانە، لە پاڵ هەژاریدا، وایکردووە گەنجان نەتوانن دواى بچووکترین خولیاى خۆیان بکەون. هەتابێ زیاتر هونەر و میوزیک و ئەدەب بێبەها دەبێت، عەشق و ڕاز و نیاز و داهێنانیش ڕۆژ بە ڕۆژ قەدەغە دەکرێت. لە دۆخێکى ئاوەهادا گەڕان بەدواى ژیانێکى باشتردا، بەدواى دەرچەیەکدا بۆ دەرچوون و جێهێشتن دەبێتە کەڵکەیەکى جڵەونەکراو تا ئەو ڕادەیەى کۆچبەرەکان گرەو لەسەر مەرگى خۆیان دەکەن بۆ پەڕینەوە بە ئاوەکاندا. ئاخۆ ئەو ژیانەیان دەست دەکەوێت یان نا کە بەدوایدا دەگەڕێن، ئەوا ئەمە مەسەلەیەکى دیکەیە. ئەوان تەنیا ئەوەندە دەزانن بەرگەى ئەم شێوازە ژیانەى نێو کۆمەڵگەکەیان ناگرن. لەم دۆخەدا، جۆشوخرۆشى پراکتیک و شۆڕش ئەم پرسیارە دێنێت بە زەینى هەندێکماندا، باشە گەنجان لەبرى ئەوەى کۆچ بکەن، بۆچى شۆڕش ناکەن و دۆخى کۆمەڵگە و شێوازى پەیوەندییەکان ناگۆڕن؟ یەکێک لە کێشە میتۆدییەکانى ئەم پرسیارە ئەوەیە، شۆڕش تەنیا وەک بڕیارێکى سوبێکتیڤ دەبینێت کە گەنجان دەتوانن بە گوێرەى ڕێکخستنێکى سیاسى بڕیار بدەن مێژووەکەیان بگۆڕن. کەواتە با وەڵامى ئوبێکتیڤیستەکانیش تاقیى بکەینەوە؛ ئەمان دیسان دەڵێن هەلومەرجى ئوبێکتیڤیش گونجاوە بەڵام سوبێکت غایبە، ئەوەتا پشێویى لەژێر ئاسماندا هەیە، کەواتە دۆخەکە بۆ شۆڕش لەبارە. لە ڕاستیدا سەردەمى ئەمڕۆ، تاڕادەیەک، ئەم وەڵامانەى تێپەڕاندووە. چونکە ئەم دوو دیوە چیتر ناتوانن یەکترى بەرهەم بهێنن، بەو مانایەى نە مەرجە بارودۆخى ئوبێکتیڤ سوبێکتى بکەرى گۆڕان دروست بکات و نە سوبێکتیش دەتوانێت بەو ئاسانییە هەلومەرجى ئوبێکتیڤ بگۆڕێت. ئەگەر ئەمە دەرەنجامێکى هەبێت، ئەوەیە کە بە ناچارى دەبێت سەرلەنوێ پێداچوونەوە بەم دۆکترین و کاتیگۆرییانەدا بکرێتەوە.

ئەم وتارە لە ژمارە (1)ى ساڵنامەى "بەرەو یەکى ئایار"ى ساڵى 2018 دا بڵاوبۆتەوە.

Thursday 19 April 2018

ئه‌فسانەناسییەکان

گفتوگۆ له‌گه‌ڵ رۆلان بارت
وەرگێڕانى: هاوار محه‌مه‌د


- بۆچی "ئەفسانەناسییەکان"[1] نه‌ك "ئه‌فسانه‌كان"؟
ر. ب: ده‌بێت بڵێم، له‌ چه‌مكه‌ ئه‌فسانه‌ییه‌كاندا چه‌مكه‌كان جێگیر نین، به‌ڵام ئه‌وه‌ی من پێویستم بوو چه‌مكه‌ كاتی و په‌یوه‌سته‌كان بوو، لێره‌یشدا نه‌مده‌توانی خۆم له‌ داتاشین بپارێزم. چین ماوه‌یه‌كی زۆر نییه‌ بووە بە شت. یه‌كێك له‌ ورده‌ بۆرژوازه‌ فه‌ره‌نسییه‌كان بیرۆكه‌یه‌كی جیاوازی له‌باره‌ی چینه‌وه‌ دروست كردبوو،  ئه‌و وه‌ها قسه‌ی له‌باره‌یه‌وه‌ كرد كه‌ تێكه‌ڵه‌یه‌كه‌ له‌ زەنگه‌كان، عه‌ره‌بانه‌كان و شوێنه‌كانی جگه‌ره‌كێشان و ئه‌فیوون. له‌به‌رامبه‌ر ئه‌مه‌دا هیچ وشه‌یه‌كی ترمان نییه‌ كه‌ به‌كاری بهێنین جگه‌ له‌ "چینناسی"[2]. ئه‌مه‌ جوان نییه‌؟ ڕه‌نگه‌ مرۆڤ خۆی له‌وه‌ ببوێرێت كه‌ لایه‌نیكه‌م له‌ ڕێگه‌ی داننانی به‌وه‌دا كه‌ داتاشینی چه‌مكسازییانه‌ هه‌رگیز كارێكی له‌خۆوه‌ نییه‌، چونكه‌ به‌نده‌ له‌سه‌ر ڕێسایه‌كی هاوڕێژه‌یی زۆر ماقووڵ.
- پێناسه‌یه‌كت بۆ ئه‌فسانه‌ناسییه‌كان به‌رهه‌مهێناوه‌ كه‌ جیاواز بێت له‌ پێناسه‌ باوه‌كه‌ی ئه‌فسانه‌كان؟
ر. ب: ئه‌فسانه‌ زیاد له‌ یەک پێناسه‌ و چه‌مكی هه‌یه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌فسانه‌ قسه‌یه‌ بۆ ناسینی شته‌كان نه‌ك وشه‌كان، هه‌ر شتێك بچێته‌ ژێر باری گوتاره‌وه‌ و بچێته‌ نێو گوتاره‌وه‌ ده‌بێت ببێت به‌ ئه‌فسانه‌یش. ئه‌فسانه‌ سیسته‌مێكی رێكخراوی په‌یوه‌ندی، په‌یامه‌، نه‌ بابه‌ته‌ و نه‌ چه‌مكه‌ و نه‌ ئایدیا. شێوازێكه‌ له‌ شێوازه‌كانی ده‌لاله‌تكردن. ئه‌فسانه‌ فۆڕمه‌. قسه‌یه‌كه‌ مێژوو هه‌ڵیبژاردووه‌.. ئه‌م قسه‌یه‌ ناتوانێت له‌ "سروشت"ـی شته‌كانه‌وه‌ هه‌ڵقوڵێت، په‌یامێكه‌ و ده‌یشكرێت دواتر ببێته‌ بەشتێكی نا-زاره‌كی، پێكدیت له‌ نووسینه‌كان و سه‌رواكان: وه‌كو گوتاری نووسراو. هه‌روه‌ها وێنه‌ی ڕۆشنایی، سینه‌ما، ڕیپۆرتاژ، وه‌رزش، نماییشه‌ شانۆییه‌كان و ڕیكلام. هه‌موو ئه‌مانه‌ ده‌بێت بناغه‌یه‌ك بسازێنن بۆ "قسه‌ی ئه‌فسانه‌یی". ئه‌م قسانه‌، نه‌ك پیته‌كانی، مه‌به‌سته‌كه‌ی دیاریی ده‌كه‌ن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا تاڕاده‌یه‌ك مه‌به‌ست وشك و پاكژ و نه‌مركراوه‌، ئینجا له‌ پیت غایبه‌.. ئه‌م لێڵی و ناڕوونییه‌ی دروستكه‌ری قسه‌ی ئه‌فسانه‌یی، دوو ئاكامی بۆ ده‌لاله‌ته‌كه‌ ده‌بێت:. له‌ یه‌ك كاتدا هه‌م خۆی وه‌ك نیشانه‌ پیشان ده‌دات و هه‌میش وه‌كو پوختە.
- چۆن ده‌شێت هه‌موو شتێك ببێت به‌ ئه‌فسانه‌؟
ر. ب: باشه‌، پێموایه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی جیهان دیاریكراوه‌ و به‌ند نییه‌ به‌ په‌یامه‌ نێردراوه‌كانه‌وه‌. هه‌ر بابه‌تێك له‌ بابه‌ته‌كانی جیهان، ده‌كرێت له‌ حاڵه‌تی بوونێكی بێزمانه‌وه‌ بگوازرێته‌وه‌ بۆ حاڵه‌تێكی زاره‌كیی كراوه‌ و واڵا کە ئەگەرى هەبێ لەلایەن كۆمه‌ڵگه‌وە خاوه‌ندارێتیى بکرێت، چونكه‌ هیچ یاسایه‌كی سروشتی و ناسروشتی نییه‌ ڕێی قسه‌ كردنمان ده‌رباره‌ی شته‌كان لێبگرێت. دره‌خت دره‌خته‌ (به‌ڵێ گومان له‌مه‌دا نییه‌، به‌ڵام كراوه‌ته‌ دره‌ختێكی ڕازاندنه‌وه‌ بۆ به‌كاربردنێكی دیاریكراو؛ بواره‌ ئه‌ده‌بییه‌كان، یاخیبوونه‌كان، وێنه‌كانی تێدا دانراوه‌. به‌ كورتی گۆڕاوه‌ و بووه‌ به‌ به‌كارهێنانێكی كۆمه‌ڵایه‌تی و خراوه‌ته‌ سه‌ر ماده‌یه‌كی خاو)، ناتوانین له‌ یه‌ك كاتدا هه‌موو شتێك بڵێین، هه‌ندیك له‌ بابه‌ته‌كان له‌ ماوه‌یه‌كی دیاریكراودا ده‌بنه‌ نێچیری قسه‌ی ئه‌فسانه‌یی و ئینجا دیار نامێنن، بابه‌تی تر شوێنیان ده‌گرنه‌وه‌ و ده‌گه‌نه‌ پله‌ی ئه‌فسانه‌.
-بۆمان ڕوون بكه‌ره‌وه‌ كه‌ چۆن چۆنی ئه‌فسانه‌ی ئه‌به‌دی بوونی نییه‌؟
ر. ب: مێژووی مرۆیی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ واقیع ده‌گۆرێت بۆ دۆخی قسه‌. ته‌نیا و ته‌نیا ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ژیان و مه‌رگی ئه‌فسانه‌ ڕێك ده‌خات. هیچ ئه‌فسانه‌یه‌ك، دێرین بێت یان نه‌بێت، ناشێت لەسەر بنچینه‌یه‌كی مێژوویی ڕانەوەستابێت، چونكه‌ ئه‌فسانه‌، قسه‌یه‌كه‌ مێژوو هه‌ڵیبژاردووه‌ و جیاکردنەوەى له‌ "سروشت"ـی شته‌كان کارى نەکردەیە.
- بۆچی ناتوانین له‌ ڕێگه‌ی بابه‌ت یان ماده‌كه‌یه‌وه‌ ئه‌فسانه‌ پێناسه‌ بكه‌ین؟
ر. ب: هۆكاره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌شێت هه‌ر ماده‌یه‌ك به‌ هه‌ڕه‌مه‌كی پڕ بكرێت له‌ ده‌لاله‌ت و له‌ مانا بار بكرێت: ئه‌و تیره‌ی وه‌كو نیشانه‌ی ته‌حه‌دا هه‌ڵیده‌گرین قسه‌یشه‌. بێگومان، بۆ نموونه‌، وێنه‌ و نووسین، له‌ ڕێگه‌ی سیسته‌می ده‌رككردنه‌وه‌ هه‌مان ته‌رزی ئاگایی ناخوازن. وێنه‌ خۆی له‌ یه‌ك شێوازی خوێندنه‌وه‌ زیاتری هه‌یه‌: هێڵكاری ده‌لاله‌تێكی زیاتر هه‌ڵده‌گرێت له‌وه‌ی نیگار هه‌ڵیده‌گرێت، ته‌قلید له‌وه‌ زیاتر هه‌ڵده‌گرێت كه‌ ئه‌سڵ هه‌ڵیگرتووه‌، كاریكاتێریش له‌وه‌ زیاتر هه‌ڵده‌گرێت كه‌ تابلۆ هه‌ڵیده‌گرێت. به‌ڵام ئه‌وه‌ ڕاسته‌ ده‌وترێت كه‌ مه‌سه‌له‌كه‌ چیتر په‌یوه‌ست نییه‌ به‌ شێوازێكی تیۆریی فۆڕمەکانى پیشاندانه‌وه‌، چونكه‌ لێره‌دا ئێمه‌ له‌به‌رده‌م ئه‌و وێنه‌‌داین كه‌ بۆ ئاماژه‌كردن به‌و ده‌لاله‌ته‌ دانراوه‌: قسه‌ی ئه‌فسانه‌یی، له‌ ماده‌یه‌ك دروست بووه‌ كه‌ پێشتر به‌ ئامانجی نووسین دروست كراوه‌، هه‌ر له‌ پێشه‌وه‌ گریمانه‌ی ئاگاییه‌كی ده‌لاله‌تكه‌ر ده‌كات كه‌ ده‌توانین به‌ بێ ماده‌كه‌ی ئاماژه‌ی بۆ بكه‌ین و ده‌ستنیشانی بكه‌ین، ئه‌م ماده‌یه‌یش بێ به‌ها نییه‌: وێنه‌ له‌ نووسین زه‌رورتره‌، چونكه‌ به‌ یه‌كجاری گریمانه‌ی ده‌لاله‌ت ده‌كات به‌ بێ ئەوەى بیخاتە نێو شیكارییەوە یان وردی بكاته‌وه‌. به‌ڵام ئه‌مه‌ چیتر جیاوازییه‌كی پێكهاته‌سازانه‌ و بنچینه‌یی نییه‌. هیچ وێنه‌یه‌ك نییه‌ كه‌ ببێته‌ ده‌لاله‌ت نه‌شبێته‌ نووسین، وێنه‌یش وه‌كو نووسین، پێویستی به‌ حوكمی هێزه‌كی (پۆتێنشییه‌ل)ـه‌، واته‌ پێویستی به‌ "فه‌رهه‌نگ"ـه‌.
-بۆچی له‌ ئه‌فسانه‌دا سنووره‌ فۆرماڵه‌كان ده‌گۆڕێن بۆ سێ سنوور؟
ر. ب: كاتێك سیمیۆلۆژیا ئه‌و زانسته‌یه‌ كه‌ له‌ ده‌لاله‌ته‌كان ده‌كۆڵێته‌وه‌ به‌ بێ توێژینه‌وه‌ له‌ ناوه‌ڕۆكه‌كانیان، وا گریمانه‌ دەکات په‌یوه‌ندییه‌ك هەیە له‌نێوان دوو سنووردا، ئه‌وانیش: "دال" و "مه‌دلول"ـن. به‌ڵام له‌سه‌ر ئاستی شیكاریی سێ سنووری جێگۆڕكێكه‌ر هه‌ن، ئه‌وانیش: "دال" و "مه‌دلول" و "نیشانه‌"ن و پێكه‌وه‌ ده‌بنه‌ چه‌پكه‌ گوڵ: وا له‌م چه‌پكه‌ گوڵه‌ ده‌كه‌م كه‌ گوزارشت له‌ هه‌ستی من بكات. كه‌واته‌، ئایا له‌مه‌دا جگه‌ له‌ دال و مه‌دلولی هه‌ستی من، شتێكی دیكه‌ بوونی هه‌یه‌؟ ته‌نانه‌ت ئه‌مه‌یش بوونی نییه‌: ڕاستییه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه‌ لێره‌دا ته‌نیا كۆمه‌ڵێك گوڵ هه‌ن كه‌ گۆڕاون و بوونه‌ته‌ هه‌ست. به‌ڵام له‌سه‌ر ئاستی شیكاریی سێ سنوور هه‌یه‌: چونكه‌ ئه‌م گوڵانه‌ی كه‌ هه‌ستییان لێباركراوه‌، ده‌شیت بۆ گوڵ و هه‌ست شییان بكه‌ینه‌وه‌: یه‌كه‌م و دووه‌م به‌رله‌وه‌ی به‌یه‌كیش بگه‌ن و له‌گه‌ڵ یه‌كتریدا كۆببنه‌وه‌ هه‌ر هه‌بوون، به‌ڵام كه‌ پێكه‌وه‌ كۆده‌بنه‌وه‌ بابه‌تی سێیه‌م دروست ده‌كه‌ن ئه‌ویش نیشانه‌یه‌. ئه‌مه‌ له‌سه‌ر ئاستی ژیانی ڕۆژانه‌یشدا پراكتیزه‌ ده‌بێت. من ناتوانم گوڵه‌كان له‌و نامه‌یه‌ جودا بكه‌مه‌وه‌ كه‌ هه‌ڵیانگرتووه‌. هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ بۆ ئاستی شیكارییش هه‌ر ڕاسته‌، چونكه‌ ناتوانم گوڵه‌كان وه‌ك "دال" تێکەڵ به‌ گوڵه‌كان وه‌ك "نیشانه‌" بكه‌م: "دال" به‌تاڵه‌، به‌ڵام "نیشانه‌" پڕه‌ و واتای هه‌یه‌. له‌ ئه‌فسانه‌دا نیگارێكی سێ ڕه‌هه‌ندی ده‌بینینه‌وه‌، ئه‌وانیش "دال و مه‌دلول و نیشانه‌"ن. دال ئه‌فسانه‌ به‌شیوه‌یه‌كی ناڕوون و لێل پیشان ده‌دات: له‌ یه‌ك كاتدا مانا و فۆرمه‌، له‌ لایه‌كه‌وه‌ پڕه‌ و له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ به‌تاڵه‌. دال مانایه‌، گریمانه‌ی خوێندنه‌وه‌یه‌ك ده‌كات، من به‌ چاوم ده‌یبینم، چونكه‌ واقیعێكی هه‌سته‌كییانه‌ی هه‌یه‌ (به‌ پێچه‌وانه‌ی دالی زمانییه‌وه‌ كه‌ له‌ سروشتێكی ده‌روونیی په‌تییه‌) و خاوه‌نی ده‌وڵه‌مه‌ندیی خۆیه‌تی. كاتێك مانا ده‌گۆرێت و ده‌بێت به‌ فۆرم، ئه‌وا ئه‌گه‌ری ڕوودانه‌كه‌ی دوورده‌خاته‌وه‌، خۆی به‌تاڵ ده‌كاته‌وه‌، هه‌ژار ده‌كه‌وێت، مێژوویش ده‌بێته‌ هه‌ڵم و هیچ نامێنێته‌وه‌ جگه‌ له‌ پیته‌كان. لێره‌دا گۆڕانێكی لێكدژ له‌ پرۆسه‌كانی خوێندنه‌وه‌دا هه‌یه‌، قه‌تیسبوونێكی نائاسایی ماناییش له‌ فۆڕمدا هه‌یه‌، نیشانه‌ی زمانانه‌وانیش له‌ دالی ئه‌فسانه‌ییدا كورت ده‌بێته‌وه‌.
- كه‌واته‌ له‌ ئه‌فسانه‌دا مه‌دلول چییه‌؟
ر. ب: مێژوویه‌ك كه‌ دوور له‌ فۆرم و به‌ بێ فۆڕم ڕووده‌دات، ئه‌و چه‌مكه‌یه‌ كه‌ هه‌ر هه‌مووی وه‌رده‌گرێت. چه‌مك له‌ خۆیدا دیاریكراوه‌، له‌ یه‌ك كاتدا هه‌م مێژووییه‌ و هه‌میش مه‌به‌ستدارانه‌یه‌. ئه‌و پاڵنه‌ره‌یه‌ كه‌ هانی ئه‌فسانه‌ ده‌دات بۆ زۆربوون: پیشاندنی نموونه‌ی ڕێزمانی و ئیمپریالیزمی فه‌ره‌نسی، هه‌ر وه‌كو یه‌ك هانده‌ری ئه‌فسانه‌ن. چه‌مك زنجیره‌ی هۆ و به‌رهۆكان (علة و معلول)، پاڵنه‌ر و مه‌به‌سته‌كان، دووبارە دێنێتەوە ئارا.
- داخۆ ده‌شێت له‌ ئه‌فسانه‌دا فۆرمی واتا هه‌ڵبوه‌شێنرێته‌وه‌؟
ر. ب: خاڵی سه‌ره‌كی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ فۆرم مانا هه‌ڵناوه‌شینێته‌وه‌، ته‌نیا هه‌ژاری ده‌خات، دووری ده‌خاته‌وه‌، له‌ژێر هه‌ڵسوكه‌وتی ده‌سه‌ڵاتی خۆیدا ده‌یهێلێته‌وه‌. پێمانوایه‌ مانا ده‌مرێت، به‌ڵام ئه‌مه‌ مردنێكه‌ كه‌ جێبەجێبوونەکەى هه‌ڵپه‌رسێردراوه‌ یان ڕاگیراوه‌: مانا به‌هاكه‌ی خۆی له‌ده‌ست ده‌دات، به‌ڵام هه‌ر ده‌ژی و وزه‌ به‌ فۆڕمی ئه‌فسانه‌ ده‌دات، ئیدی مانا بۆ فۆڕم ده‌بێته‌ شتێكی یه‌ده‌گی مێژوویی ڕاسته‌وخۆ، وه‌ك سامانێكی ملكه‌چی لێدێت كه‌ ده‌شیت له‌ فۆڕمی جێگۆڕكێیه‌كی خێرادا بهێنرێته‌وه‌ و دووربخرێته‌وه‌: ده‌بێت فۆرم له‌ به‌ده‌ستهێنانه‌وه‌ی ڕیشه‌كانی مانا به‌رده‌وام بێت و به‌ شیوه‌یه‌كی به‌رچاو وزه‌ی لێ وه‌ربگرێت: به‌تایبه‌تیش ده‌بێت بتوانێت خۆیی تێدا بشارێته‌وه‌.
-جیاوازی نێوان چه‌مك و فۆرم چییه‌؟
ر. ب: چه‌مك پێچه‌وانه‌ی فۆڕمه‌، چه‌مك ئه‌بستراكت نییه‌: پڕیه‌تی له‌ حاڵه‌ت. به‌ هۆی چه‌مكه‌وه‌، مێژووی نوێ به‌ ته‌واوی له‌ ئه‌فسانه‌دا ده‌چێنرێت: له‌ ناونانی شێردا.. پێشتر ڕێى تێنەدەچوو ئه‌مه‌ ڕووبدات، نموونه‌كانی ڕێزمانیش هه‌موو بوونم ئاماده‌ ده‌كاته‌وه‌: ئه‌و زه‌مه‌نه‌ی وام لێده‌كات له‌ سه‌رده‌مێكدا له‌دایك ببم كه‌ تێیدا ڕیزمانی لاتینی وەک وانه‌ ده‌وترانه‌وه‌. ئه‌و مێژووی كه‌ له‌ ڕێگه‌ی گه‌مه‌ی جیاكاریی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌ جیام ده‌كاته‌وه‌ له‌و منداڵانه‌ كه‌ زمانی لاتینی فێر نابن. ئه‌و نه‌ریته‌ په‌روه‌رده‌ییه‌ی كه‌ پاڵم پێوه‌ ده‌نێت ئه‌م نموونه‌یه‌ لای ئیسۆپ یان فیدرۆ هه‌ڵبژێرم، هەموویان نه‌ریته‌ زمانییه‌ تایبه‌تییه‌كانمن، كه‌ پێیوایه‌ گونجانى نموونەکان شتێكی گرنگە.
-وه‌زیفه‌ی ئه‌فسانه‌ چییه‌؟
ر. ب: ئه‌فسانه‌ هیچ شتێك ناشارێته‌وه‌. چونكه‌ وه‌زیفه‌كه‌ی لادان و شێواندنه‌ نه‌ك شاردنه‌وه‌، هیچ شارده‌نه‌وه‌یه‌كى چەمک به‌لای فۆرمه‌وه‌ بوونی نییه‌: بۆ ته‌فسیركردنی ئه‌فسانه‌ هه‌رگیز پێویستمان به‌ نائاگایی نییه‌. هه‌ڵبه‌ت ئێمه‌ دوو جۆری لێکجودای ده‌ركه‌وتن ده‌بینین: حزوری فۆڕم حزورێكی ته‌واو (حه‌رفی)ـی ڕاسته‌وخۆیه‌، كه‌چی ویڕای ئه‌وه‌یش حزورێكی به‌رفراوانه‌، هۆكاری ئه‌مه‌ سروشتی زمانه‌وانییانه‌ی دالی ئه‌فسانه‌ییه‌، چوون له‌ مانایه‌ك پێكدێت كه‌ هه‌ر له‌ پێشه‌وه‌ نیگار كراوه‌، ئه‌مه‌یش ته‌نیا له‌ ڕیگه‌ی ماده‌یه‌كه‌وه‌ ده‌توانێت خۆی بخاته‌ ڕوو (به‌ڵام له‌ زماندا دال ده‌روونیانه‌ ده‌مێنێته‌وه‌). كه‌واته‌ په‌یوه‌ندیی شوێن و دراوسێیه‌تی و نزیکایەتى له‌ نێوان ڕه‌گه‌زه‌كانی فۆرمدا بوونی هه‌یه‌: شێوازی حزوری فۆڕم شێوازێكی شوێنخوازانەیە. به‌ڵام چه‌مك، خۆی وه‌ك شتێكی گشتگیر ده‌رده‌خات، جۆرێكە‌ له‌ كایۆس، تاڕاده‌یەک چڕبوونه‌وه‌ی تێكئاڵاوی مه‌عریفه‌یه‌كه‌ كه‌ ڕه‌گه‌زه‌كانی به‌ په‌یوه‌ندییه‌ پێكه‌وه‌ به‌ستراوه‌كان له‌گه‌ڵ یه‌كتریدا چالاكن: ئەوەى چه‌مك ڕادەگرێت فراوانی نییە، به‌ڵكو قووڵییە (ئه‌م میتافۆره‌ هه‌ر شوێنییانه‌یه‌): شێوازی حزوریشی شیوازێكی یادهێنه‌ره‌وه‌یه‌.
-ڕۆڵی پاساودان له‌ ئه‌فسانه‌دا چییه‌؟
ر. ب: ئێمه‌ ده‌زانین كه‌ له‌ سیسته‌می زمانیدا نیشانه‌ رێكه‌وته‌: هیچ شتێك ناچاركه‌ر نییه‌ (دره‌خت به‌شیوه‌یه‌كی ئاسایی وێنه‌ی ده‌نگییه‌، تاوه‌كو ده‌لاله‌ت له‌ چه‌مكی دره‌خت بكات: لێره‌دا نیشانه‌ پاساو نه‌دراوه‌. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا ئه‌م ڕێكه‌وتییه‌ هه‌ندیك سنووری هه‌یه‌ كه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ په‌یوه‌ندییه‌ وابەستەییەکانى وشه‌وه‌: ده‌كرێت سیسته‌میكی زمانی، هەندێ نیشانه‌ به‌رهه‌مبهێنێت، ئه‌وه‌یش به‌راورد به‌ نیشانه‌كانی دیكه‌. به‌ڵام ده‌لاله‌تی ئه‌فسانه‌یی، هه‌رگیز به‌ تواوه‌تی له‌خۆ و هه‌ڕه‌مه‌كی نییه‌، هه‌میشه‌ پاساوی هه‌یه‌ و به‌ حه‌تمی جۆریك پێوانه‌كردن له‌ خۆ ده‌گرێت. ئه‌فسانه‌ له‌سه‌ر پێوانه‌كردنی مانا و فۆڕم یاریی ده‌كات: چونكه‌ هیچ ئه‌فسانه‌یه‌ك نییە کە فۆڕمێكی پاساوده‌ریشى نەبێ. بۆ ئه‌وه‌ی له‌ هێزی پاساودانی ئه‌فسانه‌ تێبگه‌ین، ئه‌وه‌ندوه‌ به‌سه‌ كه‌مێك بیر له‌ حاڵه‌تێكی دووره‌ده‌ست بكه‌ینه‌وه‌: له‌ به‌رده‌ممدا هه‌ندێك شت هه‌ن، ئه‌م شتانه‌ له‌ حاڵه‌تی په‌رشوبڵاوی و كایۆسدان كه‌ ناتوانم هیچ مانایه‌كیان بۆ بدۆزمه‌وه‌، وا ده‌رده‌كه‌وێت لێره‌دا فۆڕم، به‌و پێیه‌ی كه‌ پێویستی به‌ مانایه‌كی سه‌ره‌تایی و به‌رایی هه‌یه‌، ناتوانێت پێوانه‌كه‌ی له‌ هیچ شوێنێكدا رادیكاڵ و یه‌كلایی بكاته‌وه‌ وەختێ کە ئه‌فسانه‌ مه‌حاڵ بێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئه‌فسانه‌ ده‌توانێت به‌رده‌وام پێشكه‌ش به‌ خوێندنه‌وه‌ی بكات هه‌مان ئه‌و كایۆسه‌ خۆیه‌تی: ئێمه‌ ده‌لاله‌تێك به‌ بێ مانایی ده‌ده‌ین و بێمانایی ده‌بێته‌ ئه‌فسانه‌. ئه‌مه‌ هەر ئه‌و شته‌یه‌ وا ڕووده‌دات وەختێ هه‌ستی سه‌لیم ئه‌ویدیوی واقیع (فەزاى سوریالی) ده‌كات به‌ ئه‌فسانه‌؛ بۆ نموونه‌ ته‌نانه‌ت غیابی پاساودانیش ئه‌فسانه‌ ناخاته‌ باری ناهەموارەوە، چونكه‌ ئه‌م غیابه‌ خۆیشی وه‌ك پێویست، بۆ ئه‌وه‌ ڕوونكراوه‌ته‌وه‌ تاوه‌كو ببێته‌ شتێكی خوێنراوه‌، دواجار غیابی پاساودان ده‌بێته‌ پاساودانی دووه‌م و ئه‌فسانه‌یش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ دۆخی خۆی.

سه‌رچاوه‌:
لقاء مع رولان بارت في كتابه (أسطوريات)، ترجمة: د. علاء مشذوب، ملاحق جريدة المدى اليومية. http://almadasupplements.com/

 پەراوێز:
[1] Mythologies
 [2]  زۆرێك له‌و ئه‌فسانەسازییانەى كه‌ بارت باسی كردوون ئه‌مانه‌ن: زۆرانبازیی ئازاد، ڕۆمان له‌ سینه‌مادا، سابوون و خاوێنكه‌ره‌وه‌كان، مه‌ریخییه‌كان، ڕۆمانی منداڵان، مه‌شروب و شیر، ده‌ماغی ئه‌نیشتاین، مه‌تبه‌خی رازاوه‌، پلاستیك و..هتد. (و, کوردى)

تێبینى: ئەم وتارە لە نامیلکەى "ڕۆلان بارت"، زنجیرە نامیلکەى فەلسەفیى دەزگاى "ئایدیا"دا بڵاوبۆتەوە. 

Sunday 8 April 2018

زێدە-واقیعى

چەند یاداشتێک دەربارەى فەزاى مەجازى

هاوار محەمەد


1- مادەى ڕەش:
فەیلەسوفى فەرەنسى "ژان بۆدریار" لە یەکێک لە بەرهەمەکانیدا حیکایەتى کەسێک دەگێڕێتەوە بە ناوى "ئیشى" (Ishi). ئیشى سەر بە دانیشتووانە ڕەسەنەکەى ئەمریکایە و دوایین هیندییە لە خێڵەکەى خۆى کە ڕادەگوێزرێت بۆ شارى سان فرانسیسکۆ. ئیشى سەرى سوڕدەمێنێت لە دیمەنى ئەم گەلە خەڵکە زۆرەى کە لەوێ دەیانبیێت، وێنەى گەورەیى شارەکە و قەرەباڵغى و ڕێژەى زۆرى دانیشووان دەیگەیەننە ئەو بڕوایەى کە هەموو ئەو کەسانەیش وا پێشتر مردوون، هاتوون لەم شارە نیشتەجێ بوون. مردووەکان دەچنە نێوان زیندووەکانەوە و مەودایان لە یەکترى بۆ دەهێڵنەوە. بەمجۆرە زیندووەکان و مردووەکان بە پاڵ یەکترییەوە دەژین. ئەگەر مردووەکان دەربکەینە دەرەوە، ئەوا خەڵکى ئەوەندە تێکەڵ دەبن و لە یەکترى نزیک دەبنەوە کە ناتوانن یەکترى ببینن، لە زێدە-ئاشنایەتیدا بە یەکترى نامۆ دەبن و "ئەویترێتى"ـیان نامێنێت؛ ئەمەیش واتە هەمووان بە یەکترییەوە دەنووسێن، دەبنە یەک پارچە و بارستە؛ هەموو شتێک دەچێتە نێو شتێکەوە تاوەکو ئەم کوتلەیە لە قورسیدا بەسەر خۆیدا دادەڕمێت.
 بەم جۆرە ئەوەى پەیوەندیى نێوان زیندووەکان ڕادەگرێت مردووەکانن. بۆدریار زیندووەکان وەک میتافۆڕێک بۆ "واقیع" بەکاردەهێنێت, بەڵام واقیعێک کە بەهۆى مەجازەوە بۆتە زێدە-واقیعى (hyperreality). ئەم "مەجاز"ەیش مردووەکان نین، بەڵکو بە پێچەوانەوە مەجاز ڕێک ئەوەیە کە مردووەکان دەکاتە دەرەوە و مەوداکان دەسڕێتەوە. بە بڕواى بۆدریار لێکدژییەکى ڕەها لەنێوان واقیع و مەجازدا بوونى نییە. پەیوەندیى ئەم دووانە دیالەکتیکى نییە، بۆیە فراوانبوونى فەزاى مەجازى لەبرى ئەوەى واقیع هەڵبوەشێنێتەوە، ڕایدەکێشێت. پتر واقیع چەند هێندە دەکاتەوە و واقیع خێرا دەکات تاوەکو لە خێرایى خۆیدا دەبێتە تیشک. واقیع-مەجاز پێکەوە و لە تێکەڵبوونیاندا واتە زێدە-واقیعى. ئەم زێدە-واقیعییە لەمڕۆدا تۆڕەکانى ئینتەرنێت، سۆشیال میدیا، شەپۆلى مانگە دەستکردەکان، دیجیتاڵ بەرهەمیان هێناوە، ئەمانەیش سەرلەبەرى پەیوەندییەکانى ئێمەیان داڕشتۆتەوە. فەزاى مەجازى مەوداى بەرجەستەى نێوان مرۆڤەکانى سڕیووەتەوە، مردووەکانى تەراندووە؛ هەمووان هێند بەیەکتر ئاشنا دەکات کە چیتر ئاشنایەتییەک بوونى نامێنێت، چونکە ئاشنایەتى لەو مەودایەدا دروست دەبێت کە مردووەکانى تێدایە؛ هێند جیهانیش شەفاف دەکاتەوە کە لە شەفافییەتدا شیرازەى نامێنێت و بەسەر خۆیدا هەرەس دێنێت، چونکە شیرازە واتە هەبوونى مەودا و هاوسەنگیى نێوان هەمەجۆرییەکان و ڕەگەزە نا-لێکچووەکان، سڕینەوەى نا-لێکچوویى واتاى تووندوتۆڵبوونى شیرازە نییە، بەڵکو ڕێک هەڵوەشانەوەى شیرازەیە. لەمڕۆدا هەمووان وەکو یەکمان لێدێت و یەکترى دووپات دەکەینەوە. عەشق و ژوورى نووستن و کۆندۆم و تاتۆى شوێنە هەستیارەکانیشمان هەر دەچنە نێو فەزاى مەجازییەوە، بەم جۆرە نهێنیشمان نامێنێت. بە کورتى فەزاى مەجازى هەموومان بەیەکترییەوە دەنووسێنێت، غەریبە و نەناس و ئەویتر دەسڕێتەوە، وەک بڵێی هیچ مەودایەک لەنێوانماندا نەماوە تاوەکو دەرفەتى ئەوەمان پێبدات وەک "ئەویتر" لە یەکتر بڕوانین. ئایا دەتوانین بە یەکجاریى ئەم کەلێنە بسڕینەوە و مردووەکان ڕاوبنێین؟ لاى بۆدریار ئەم مەودایە هیچ نییە جگە لە نوقسانییەکى بنەڕەتى کە لە کۆنەوە جیهانى ڕاگرتووە، هیچ نییە جگە لە بەتاڵییەک کە ئەو، بە سوودوەرگرتن لە فیزیا، ناوى لێدەنێت "مادەى تاریک" یان "ماتەرى ڕەش" (dark matter), بۆشاییەکى بێ ڕەنگ وەک ڕاگرى خودى ماتریاڵ، ماتریاڵى سپى؛ 
ئەم ماتەرە ڕەشە خۆى دژ بە هەڵپەى شەفافبوونەوەى یەکجارەکییە، دژ بە خۆشگوزەرانى ڕەهایە، دژ بە کامڵێتى و پێرفێکشنە، بەڵام سەرچاوەى گۆڕانکارییشە. دنیاى ئێستاى سەرمایەدارى لە هەموو بوارەکاندا دەیەوێت بگاتە ڕادەى تێربوون، دەیەوێت چاکەى گشتى ]سیستەمى لیبراڵى[ لە هەموو گەردووندا جاڕ بدات تاوەکو کۆتایى ڕابگەیەنێت، بەڵام ئەوەتا خۆى بەرەو کۆتاییهێنان بە جیهان دەڕوات. سەرمایەدارى شەهوەتى خۆى بۆ ڕەواندنەى ئەم تاریکاییە بۆ کۆنترۆڵ ناکرێت، بەڵام نایشتوانێت بەر بە کارەساتەکانى ئەم کارەى بگرێت؛ بەم جۆرە هەتا مادەى تاریک کەمتر بکرێتەوە جیهانیش شێواوتر دەبێت.

2- غولەکان سەما ناکەن:
میشێل فۆکۆ لە وتارێکیدا ئاماژەیەکى خێرا و سەرپێى بەوە دەدات کە جەستەى غولەکان و جەستەى سەماکارەکان هەردووکیان دەیانەوێت زۆرترین فەزا داگیر بکەن.. بەڵام فۆکۆ ڕەنگە بەهۆى ئەوەى نەیویستووە لەسەر ئەم ئایدیایە زۆر بمێنێتەوە، لەبیریچووە پێمانبڵێت یەکەمیان وەک واقیع داگیرى دەکات و دووەمیان وەک مەجاز. غولەکان جەستەیەکى ئاوساو و قەبەیان هەیە، زیاتر لەشێوەى باڵۆن گەورە دەبن، دەیانەوێت زۆرترین ڕووبەر لە فەزا داپۆشن، جەستەى قەبەیش ڕاستەوانەیە لەگەڵ کەمبوونەوەى تواناى جوڵە و خێرایی، بۆیە پتر جێگیرن، بەڵام جەستەى سەماکەر جەستەیەکى لاستیکییە و دەکشێت، بە جووڵە و سووڕانەوە و هەنگاوەکان سنوورى خۆى گەورەتر دەکات، فەزا دەکات بە ڕووبەرى شوێنپێ و خێرایى، سەماکەر ناتوانێت لە جێیەکدا بمێنێتەوە و ئۆقرە بگرێت. بۆ یەکەمیان شوێن سەنتراڵە و بۆ دووەمیان کات. سەردەمى مۆدێرنە سەردەمى غولەکان بوو، سەردەمى کارگەى قەبە و شارى سەنتەرى و حیکایەتى گەورە بوو کە لە دواجاردا گەیشت بە سەرکردە گەورەکان و ڕەگەزە سەردەستەکان، گەیشت بە کەمپەکان و تۆتالیتاریزم. هاوکات سەردەمى شۆڕشى گەورە و ڕەخنەى گەورە و ئومێدى گەورەیش بوو: "شا دال" یان "مەدلولى گەورە". سەردەمى ئێستامان، بە مانایەک کۆمەڵگەى پۆستمۆدێرن، سەردەمى سەماکەرەکانە (دال بۆ دال)، سەردەمى فەزاى مەجازییە کە لە تۆڕە ئەلیکترۆنییەکان و تەکنۆلۆژیاى زانیاریدا خۆى دەنوێنێتەوە، سەرى لە بچووککردنەوەى جیهان و چەکى کۆمپیوتەرى و (بە گوزارشتى بۆدریار) جەنگى بێ-جەنگەوە دەرچووە، کە مەترسیدارترە لە جەنگ. بەڵام وەک چۆن لە سەردەمى غولەکاندا دژ بە جەستە زەبەلاحەکان، بەرەنگاریى زەبەلاحییش بەرهەم هات، ڕەنگە لە سەردەمى سەماکەرەکانیشدا، دژ بە جەستە خێراکان، بەرەنگاریى خێرا بەرهەم بێت. سەما دەتوانێت لە بەرەنگارییشدا هەر سەما بێت. بە بڕواى هەندێک لەوانەى کە حەزیان لە حیکایەتە گەورەکانە، ئەم سەمایانە گەر بەرەنگارییش بن هێشتا ڕزگارمان ناکەن، چونکە جوزئی و لۆکاڵین. بەڵام فیلیکس گواتارى باسى لە کۆبوونەوەى هەموو سەماکەرەکان دەکرد، هەموو وردە بەرەنگارى و شۆڕشەکان. ئەم کۆبوونەوەیە بە ماناى کوتلە نییە. غول کوتلەیە و بەسەر خۆیدا دادەڕمێت، مەگەر سەما ڕزگارى بکات، بۆیە پرسە نۆستالژیا نییە بۆ سەردەمى غولەکان، بەڵکو ئەم ئەوەیە چۆن سەما هەمەجۆرەکان کۆببنەوە، ئەمەیش واتە ئەم پرسیارە: ئایا چەپ دەتوانێت غولێکى سەماکار بەرهەم بهێنێت؟ ئێستا وا باشترە لە جیاتى ئەوەی چەپ، بەناوى پێشکەوتنخوازییەوە کە لە خۆیدا کۆنەپارێزانە، هەر بیرى لاى شتە قەبەکان بێت، بیر لە ستراتیژى ئاوێزانبوون و کۆبوونەوەى ئاستە وردەکان بکاتەوە، ئەم کۆبوونەوەیە ناهێڵێت تەواو لۆکاڵى و جوزئی بن، هەر بەو جۆرەى کە گشتى و تۆتاڵیتەیش نین. چەپ چیتر ناتوانێت بە "ڕەش-سپى" بدوێت، گرنگە بیر لەوە بکاتەوە چۆن ڕەنگەکانى ئاوێزە لە پێکهاتەیەکدا کۆبکاتەوە.

3- کۆتایى ڕۆشنبیرى ئاڤانگارد:
پەیوەندیى نێوان ڕۆشنبیر و دەسەڵات یەکێکە لە کێشە ئاڵۆزەکانى مەسەلەى ڕۆشنبیر، بە تایبەتیش لە ساڵانى حەفتاکان بەدواوە تەمومژێکى زۆر دەورى گرتووە. بە گوێرەى تێزى ئێدوار سەعید ''ڕۆشنبیر دەبێت حەقیقەت بە دەسەڵات بڵێت''. لە ڕاستیدا لەمڕۆدا هەر سێ وشە سەرەکییەکەى نێو ئەم تێزە "ڕۆشنبیر, حەقیقەت، دەسەڵات" خۆیان ناڕوونن و خوێندنەوە نوێیەکان بۆ هەریەکێکیان، ئەم تێزەى ئێدوارد سەعیدیان ئێجگار لاواز کردووە، ئەگەر پووچەڵیشیان نەکردبێتەوە. کێشەکە ئەمەیە: ڕۆشنبیر خۆى مەرج نییە خاوەنى حەقیقەت بێت تا بە سەدەڵاتى بڵێت، مەرجیش نییە خۆیشى دەسەڵات بەرجەستە نەکاتەوە، مەرجیش نییە دەسەڵات دیار بێت تاوەکو ڕۆشنبیر حەقیقەتى پێ بڵێت.
تێزێکى دیکە: ڕۆشنبیران ئاڤانگاردى کۆمەڵگەن. ئەم تێزە زیاتر لینینییە و هەتا سەردەمى جەنگى جیهانیى دووەم بە دروستى مایەوە، لەدواى ئەوەیش تا شۆڕشى ئایارى 68، بە تایبەت لە ڕێگەى تێگەى "ڕۆشنبیرى مولتەزیم"ـى سارتەرەوە درێژکرایەوە. لەوە بەدوا ئەم تێزە کەوتە بەر هێرش، پێشتریش فرانکفۆرتییەکان ڕەخنەیان لێگرتبوو. هێشتا تا ئەمڕۆش ئەم دروشمە لەسەر زارى چەپى ئەرسۆدۆکس هەر ماوەتەوە، چونکە بۆ ئەوان هێشتایش "هۆشیارى" مەسەلەى بنەڕەتییە. چینى کرێکار دەبێت هۆشیار بکرێتەوە!
بەهەرحاڵ، وێڕاى هەموو ئەو زەبرانەى دیکە کە بەر ئەم تێزە کەوتووە، ڕەنگە هیچ یەکێکیان هێندەى فەزاى مەجازى بەشدار نەبووبێت لە تێکشکاندنى پێگەى ڕۆشنبیرى ئاڤانگارددا، هەر بەو جۆرەى ئەم فەزایە پێگەى ڕۆشنبیرى ئەرستۆکراتیشى تێکشکاند. بە یەکجار چەمکەکانى وەکو بلیمەتى، کاریزما، ڕەسەن، پاکژى، حەقیقەت، بەرپرسیارێتى، شاعیربوون، نووسەرى مەزن، ئەدەبى باڵا و هیتر سەنگ و قورسایى جارانیان نەما. پێشتر ئاڤانگارد، بەهۆى ئەمانەوە، ئاورایەک لە دەورى خەرمانەى دابوو، عەباى مەعریفە و ڕابەرایەتى و ئیلتیزامى بەسەر شانەوەبوو. ڕۆشنبیرى ئاڤانگارد هۆشیاریى بە کۆمەڵگەى نا-هۆشیار و چینى چەوساوە دەدا و نوێنەرى دۆزى ڕەوا و حەقیقەت بوو، دەبوو ئاستى هۆشیارى کۆمەڵگە و گروپەکان بەرز بکاتەوە و بەرەو زانین و بڕوا و ئامانج ئاراستەیان بکات: ئەو لە هەمووان زیاترى دەزانى. بەم جۆرە پێگەیەکى هەبوو کە بەرامبەر تیۆر و پراکتیک بەرپرسیارى دەکرد. لە سەردەمى تەکنۆلۆژیاى زانیاریدا ئەم شەبەنگە دەڕەوێتەوە؛ زانیاریى دەبێتە شتێک لە بەردەستى هەموواندا, کەرەستەکانى خوێندنەوە و نووسینیش دەبنە کەرەستەى هەمووان. چاپخانەکانیش چیتر ناتوانن ڕێ لە بڵاوبوونەوەى "بەرهەمە خراپەکان" بگرن. کتێبخانەکان دەبنە ئەلیکترۆنى و هەموو کەسێکیش مافى ئەوەى هەیە لەسەر هەموو شتێک قسە بکات. بە مانایەک هەمووان دەتوانن ڕاى خۆیان بڵێن. سۆشیال میدیا بە ڕادەیەکى زۆر جێگاى ڕۆژنامە و گۆڤار و تەلەفزیۆن و ڕادیۆ دەگرێتەوە، یان هیچ نەبێ هەژموونیان تێکدەشێکێت، لە هەموویشیان کاریگەرتر تۆڕى کۆمەڵایەتى فەیسبووکە. فەیسبووک دەبێتە پێگەیەک لەبەردەستى هەموواندا کە پێگە سەنتراڵییەکانى ڕۆژنامە و گۆڤار و تەلەفزیۆن، واتە پانتایى ڕۆشنبیران، لاواز دەکات. لەم پێگەیەوە چیتر فیلتەرى بڵاوکراوەکان نووسین و گوتەکان ناپاڵێوێت، خەڵکییش بۆ نووسین پێویستیان بە خوێندنەوە و شەونوخونى زۆر نابێت، بە مانایەکى تر فەیسبووک پتر دەبێتە شوێنى قسەکردن، یان نووسینەوەى قسە نەک نووسینەوەى نووسین، بەڵام ئەمە نووسینیش خۆى بەرە بەرە لەو فۆڕمە خوداییەى خۆى دوور دەکەوێتەوە. کەوایە هەنگاوێکیش زیاتر لە لاوازکردنى پێگەى ڕۆشنبیر دەڕوات و دەگاتە لاوازکردنى پێگەى خودى نووسینیش، لەبرى ئەوە "وێنە" دادەبارێت. پۆستى فیسبووک هەروەک چۆن دەیەوێت جێگاى بڵاوکردنەوە بگرێتەوە، هەر بەو جۆرە دەیەوێت سیحرى وتاریش بەتاڵ بکاتەوە. لە فیسبووکدا هەر کەسێک دەتوانێت "نووسەربێت لە خۆیدا" و بیشبێتە "نووسەر بۆ خۆى". لایک و کۆمێنت و چاتیش جێگاى نامەى کاغەز دەگرنەوە، کە بەشێک بوو لە ئەدەبى ڕۆشنبیران.

4-  Befor/ After
وا دابنێ لە ژوورەکەتدا دوو ئاوێنە بە تەنیشتى یەکترییەوە هەیە، یەکێکیان ئاوێنەیەکى شەرەنگێزە و وێنەى شێواوى خۆتت بۆ دەنێرێتەوە, ئەویتریان سیحرییە و ئێجگار جوان پیشانت دەدات، واتە لە ئاوێنەى شاژنى حیکایەتى کچە بەفرینە دەچێت و هەموو جارێک دڵنیات دەکاتەوە تۆ دەکرێت جوانترین بیت. یەک، باوەڕ بە کامیان دەکەیت؟ دوو، چ هەستێکت بۆ دروست دەبێت؟ گەر بتەوێ باوەڕ بەوەى یەکەمیان بکەیت، ئەوا لە بەراوردى هەردووکیاندا هەستکردن بە نوقسانیت بۆ دروست دەبێت، گەر بتەوێ باوەڕ بەوەى دووەمیان بکەیت، لە بەراورددا بەوەى یەکەمیان، خۆتت تووشى تەوەهوم کردووە. ڕێگەى سێیەم هەیە، ئەویش ئەوەیە باوەڕ بەوەى یەکەمیان بکەیت و بتەوێت بەوەى دووەمیان بگەیت، واتە لە ئاوێنەى یەکەمەوە بپەڕیتەوە بۆ نێو ئاوێنەى دووەم. بەم مانایە ئاوێنەى دووەم هیچ نییە جگە لە دروستکردنى نەقسى دەستکرد لە ئاوێنەى یەکەمدا، ئینجا بەرهەمهێنانى خواست بۆ پڕکردنەوەى ئەم نوقسانییە لەڕێگەى ئاوێنەى دووەمەوە.
لەمڕۆدا میدیا ڕێک بەم ستراتیژییەتە کار دەکات. لە ڕاستیدا ئەوە ئاوێنە نییە لە ژوورەکەتدایە، بەڵکو شاشەى تەلەفزیۆنەکەتە کە بۆت دەکرێت بە دووبەشەوە. لاى ڕاست ڕوخسارێکى ناڕێک و پەڵەپەڵە و زیپکاوى و چرچ و لۆچت پیشان دەدات و لە سەرى نووسراوە (Befor)  و لاى چەپیش ڕوخسارێکى پێرفێکت و ئایدیاڵیت پیشان دەدات و لەسەرى نووسراوە (After). پێت دەڵێت تۆ ئێستا لەلاى ڕاستتدایت، بپەڕەوە بۆ لاى چەپ. بەڵام پێش و پاش چى؟ پێش و باش بەکارهێنانى هەندێک مادە و دەرمانى جوانکارى، پێش جوانکارى و تەجمیلى سەنتەرە پزیشکییە نێو دەوڵەتییەکان.

5- نامەى سەرمۆر:
تا پێش هاتنى تەکنۆلۆژیاى پەیوەندیگیرى و تۆڕى نێت، یەکێک لەو شتانەى کە دەستبۆنەبراو مابوویەوە نامەى شەخسى بوو. ئەم جۆرە نامەیە حەرەم و ئاوراى خۆى هەبوو کە تەنانەت دەوڵەتیش لە کاتى زۆر پێویست و گوماناوی، یان لە دۆخى ئاوارتە و ناسەقامگیریى بارى ئاساییشدا نەبووایە بۆى نەبوو مۆرەکەى بشکێنێت، بیکاتەوە و ناوەڕۆکەکەى کەشف بکات. لەمڕۆدا ئیمەیل و چات جێگاى نامەى شەخستییان گرتۆتەوە و ئەو سیحرەیان بەتاڵ کردۆتەوە کە نامەى شەخسى هەیبوو، ناوەڕۆکى ئەم چات و ئیمەیلانەیش لە بەردەستى کۆمپانیا و دەزگا سیخوڕییەکاندان و هەرچۆن بیانەوێت دەتوانن تەماشایان بکەن، چونکە بوونى پاسۆرد لەسەر ئەکاونتەکانمان تەنیا پاسۆردە بۆ کەسانى دەوروبەرمان نەک دەزگا سیخوڕییەکان، بۆیە پاسۆرد هەرگیز بە نهێنى نامێنێتەوە و نابرێتە ژێر گڵ. ئەو کاتەى کە چاتێک لەگەڵ کەسێکى تایبەتیدا دەکەیت و دەیشاریتەوە (واتە "هایدن"ى دەکەیت) ئەوە لە هەموویان زیاتر کەشف دەبێ، چونکە هایدنى چاتەکە بە ماناى ئەوەى ئەمەیان تایبەتە و نابێ کەشف ببێ، بۆیە دەزگاکان ئاسانتر دەتوانن بزانن کام چات و نامەیە لە هەمووان هەستیارترە, بەم جۆرە ئێمە خۆمان نیشانەى کەشف لە چات و نامەکانمان دەدەین. بە دیوێکى دیکەیشدا، نامە بەشێک لە یادەوەرى و چاوەڕوانییەکانى ئەو کەسانەى پێکدەهێنا کە نامەگۆڕینەوەیان دەکرد، ئەمە بۆ عەشقان نووسەران و ئەدیبان، بۆ سەربازەکان لە جەنگ و خانەوادەکانیان، بۆ زیندانیەکان، بۆ کارى سیاسى و سەرکردەکان بەشێک بوو لە ئەزموون و ژیاننامە کە دواجار دیکۆمێنت دەکران. چات لە یادەوەرییدا نامێنێتەوە، نووسێنێکى بێ یادەوەرییە و بە دەگمەنیش دەبێتە بەشێک لە ژیانى ئەدەبى و فیکرى و سیاسى کەسێک. لە ڕووى فۆڕمیشەوە، چات ئێستاتیکاى نامەى تێکشکاندووە. هەندێک کەرەستە و شێواز هەبوون کە فۆڕمى نامەکەیان دادەڕشت، بۆ نموونە واژوو، ڕێکەوت، دەستنووس، ڕەنگى مرەکەب و هیتر، جۆرێک یەکپارچەیى و هەڕەمییەتیشى بە ناوەڕۆکێکى پڕەوە پێوە دیار بوو؛ پەیوەندییەکى ناوەکیى ڕستەکان و بڕگەکانى پێکەوە دەبەستەوە و بە دەگمەن لە نامەیەکدا زیاتر لە دوو بابەتى جیاواز باسدەکرا. چات خۆى چوارچێوە و کڵێشەى لە سایتەکەدا بۆ دیزاین کراوە، هاوکات لە ڕستەى کورت و خێرا پێکهاتووە، کە پەیوەندییەکى یەکپارچەیان بە یەکترییەوە نییە، لە هەر ساتێکیشدا دەشێت بابەتێک جێبهێڵرێت و باز بدرێت بۆ سەر بابەتێکى تر. نامەى شەخسى کۆتاییەکى هەبوو، بە ناچارى دەبوو نوقتەى کۆتایى دابنرێت، بە مانایەکیتر لە نامەدا "ئابووریى لە زماندا" هەبوو، واتە دەستگرتن بە قسەوە؛ ناردن و گەیشتنیشى ڕیسک و چاوەڕوانیى تێدابوو. بەڵام چات تا ناکۆتا درێژ دەبێتەوە، ئەگەر جەبرى کات نەبێت ناتوانیت لەگەڵ ئەویتردا لە شوێنێکدا بوەستیت، دەتوانیت بێ پچڕان بدوێیت و هیچ چاوەڕوانى و ڕیسکێکیش لە ئارادا نییە، یەکسەر دەگات. دواجار نامەى شەخسى دەشیا نەگات، بەڵام کە دەگەیشت وەک خۆى دەگەیشت؛ ئێستا نامەى ئەلیکترۆنى بە دڵنیاییەوە یەکسەر دەگات، بەڵام هیچ کات وەک خۆى ناگات، چونکە زمان دەسووێت و زۆر وتنیش دەبێتە بەدحاڵیبوون.

6- لەناو داینەسورەکاندا:
کەسانێک لە ناکاو خۆیان لە دارستانێکدا دەبیننەوە، داینەسورەکان بەملاولایاندا فڕکە فڕکیان دێ، دێن و دەچن و شەڕ دەکەن، لەهەموو خراپتر شاڵاویان بۆ دێنن و دەیانەوێت پەلاماریان بدەن، ئەمان هیچ چارەیەکیان نییە جگە لەوەى ترسى مەرگیان لی بنیشێت و هەڵبێن، لە ناکاو عەینەکى تەلەفزیۆنە 3Dـەکە لادەبەن و هەناسەى ئارامى هەڵدەکێشن "ئۆى، خۆ ئەمە ڕاستەقینە نەبوو، بەڵام ڕێک لە ڕاستى دەچوو", هەر بەو جۆرەى کە لە خەوندا لە شوێنکى بەرزەوە دەکەوینە خوارەوە، یان مارێک پێوەمان دەدات، بەڵام تا بەخەبەر نەیەین نازانین خەونە، بۆیە کاتێک لە ناکاو ڕادەچڵەکێین دەڵێین بەختەوەرین کە "ڕاست نەبوو" یان بە پێچەوانەوە. خەونیش دنیاى مەجازییە، هەر وەکو تەلەفزیۆنى 3D. چۆن بە تەواوى خەون وەهم نییە، مەجازیش وەهم نییە، بەڵکو پانتایى ئاوێتەبوونى وەهم و واقیعە. مەجاز ئەو سنوورى واقیع و وەهم هەڵدەگرێت، واقیعیش لەخۆیدا هەڵدەمژێت، لە دوایین سنووریشدا واقیع واقیعیتر دەکاتەوە: دیسان زێدە-واقیع. بۆیە تەنیا دواى بەخەبەربوونەوە دەتوانین بڵێین "لە ڕاستى دەچوو"، بەڵام داخۆ دەتوانین هەرگیز لە دنیاى مەجازیدا بەخەر بێین؟ ئایا دەتوانین لە مەجاز بێینە دەرەوە؟ مەجاز نایەوێت لاسایى واقیع بکاتەوە، بۆیە "لەبەرگرتنەوە"ى بێشوومارى واقیع، خودى واقیع دەکاتە "زڕە وێنە" ]سیمولاکرا[ى خۆى، واتە دەیکاتەوە بە کۆپیى کۆپییەکانى، بەم جۆرە لە ئەسڵ و ئۆرگیناڵ دەکەوێت. ئەمەیش وا دەکات کاتێک عەینەکى تەلەفزیۆنەکەیش لادەبەین هێشتا نەهاتووینەتە دەرەوەى مەجاز، بەخێرایى دەچینەوە نێو مەجازێکى تر، هەر بەو جۆرەى لە فیسبووک دێینە دەرەوە و دەچینە نێو ئینستاگرام. بەڵام هێشتا ئەوەندەیش نا، بەڵکو کە دنیا خۆى دەبێتە دنیاى دیجیتاڵى، ئیدى تۆ دەبیتە کۆدێک لەنێو ئەم دنیایەدا. تۆ خۆت دەبیتە کۆد و پاسۆرد و ژمارە و ئەکاونت، پەیوەندى و عەشق و سێکس و پێکەنین و گریان و سەرجەم ئەزموونە ڕاستەقینەکانى دیکەیش هەر لەنێو وێنە و کەرەستە و ئیمکانەکانى ئەم دنیایەدا مومارەسە دەکەیت. تێزەکە لە دوا سنوورى ڕەشبینیناى خۆیدا ئاواى لێدێت: ڕاستى لە خەون دەچێت. بەڵام ئەم تێزە هەڵەیە، چونکە جێگۆڕکێ بە ڕۆڵى خەون و ڕاستى دەکرێت، ئەو کاتە دەتوانین لەگەڵ فرۆیددا و دژ بە فرۆید بڵێین: چەپێنراو بە ڕێگاى خەوندا نایەتەوە، بەڵکو بە ڕێگاى ڕاستیدا دێتەوە. کەواتە گەڕاوینەتەوە بۆ دیکارت بە شیکاریى فرۆید. ئیدى لە جیاتى ئەوەى بە خەون تەفسیرى ڕاستى بکەین، بە ڕاستى تەفسیرى خەون دەکەین. دروستتر ئەوەیە بڵێین لە دنیاى ئەمڕۆدا خەون و ڕاستییش بەرهەم دەهێنرێن. چیتر خەون و ڕاستى یەکترى تەفسیر ناکەن، بەڵکو هەردووکیان زێدە-واقیع تەفسیر دەکەن.
ئێمە دەتوانین بگەڕێینەوە بۆ سەردەمى داینەسۆرەکان و بچینە نێو جیهانەکەیانەوە، لە ژوورەکەى خۆمانەوە سەرفەر بکەین نەک بە شوێندا، بەڵکو بە کاتیشدا. بەم جۆرە کات و شوێن مەجازى دەبنەوە و چیتر ناتوانن بە ڕەهایى سنوورە ڕەق و پتەوەکانى خۆیان بپارێزن. بە دیوێکى تریشدا، جیهانى خەون و جیهانى واقیع چیتر وەک سەردەمى مۆدێرنە و هەتا فرۆیدیش هێندە دوورلەیەک نین کە تەنیا لە ڕێگەى تەفسیر و لێکدانەوەوە خەون بتوانێت شتێک لەسەر واقیع بڵێت. ڕەنگە نەتوانین بە ئاسانى ئەو تێزەى فرۆید پوچەڵ بکەینەوە کە دەڵێت "نائاگایى ئەبەدییە", بەڵام دەتوانین بڵێین لەمڕۆدا ماناى نائاگایى و خەونیش گۆڕاوە و پەیوەندییەکەیشیان بە واقیعەوە هەمان پەیوەندى پێشوو نییە. لە سەردەمى سەرمایەداریى پۆستمۆدێرندا، نائاگایى دەستکرد و دەرە خێزان دروست دەبێت، دێریدا گوتەنییش "هەمیشە لە یەک زیاتر بوونى هەیە"، لێرەدا زیاتر لە یەک نائاگاییمان هەیە، بەمجۆرە خەونیش مەرج نییە گەڕانەوەى چەپێنراو بێت، بەڵکو لە ڕێگەى تەکنۆلۆژیاى پێشکەتووەوە بەرهەم دەهێنرێت.

7- ئایکۆنەکان:
ئێستا سەردەمى ئایکۆنەکانە. وتنى ئەمەیش واتا کۆتایى سەردەمى پاڵەوانەکان، ڕێبەرە گەورەکان، کاریزماکان، بلیمەتەکان. لە دادا و سوریالیستەکانەوە تێدەگەین کە چیتر بەرهەمى ئەدەبییش موڵکى بلیمەتەکان نییە، شیعر ئەو کەسانە ناینوسن کە ئیلهامیان بۆ دێت و هەر بە سروشت شاعیرن، داهێنان لەو کەسانەوە نایەت کە بە خۆڕسک لە خوێنیاندایە. کاتێکیش دەڵێین سەردەمى پاڵەوانەکان و کاریزما و ڕێبەرە مەزنەکان کۆتایى هاتووە، بەو مانایەى چیتر هەلومەرجى کۆمەڵایەتى و ئەم واقیعەى وا مەجازیى بۆتەوە، ڕێگا بە دروستبوونیان نادات. بە قەولى زیگمۆند باومەن سەردەمى شتە ڕەق و تۆکمە و پتەوەکان بەسەرچوو، ئێستا هەموو شتێک لە دۆخى شلیدایە. گەر زیاتریش بڕۆین وەک مارکس دەڵێین 'هەر شتێک ڕەق خۆى پیشان بدات، بە هەڵم دەبێت' و با دەیبات. گەر هەولێک هەبێت بۆ "دروستکردن"ـەوەى ئەم بوونە پتەوانە (بۆ نموونە ڕابەرى کاریزمى)، ئەوا ئیمکانى نێو واقیع خۆى نییە، بەڵکو سەپاندنە بەسەر واقیعدا و بەمجۆرەیش دەبێت بە زۆرەملێ و سەرکوتدا بڕوات. هۆى ئەمە ئەوەیە لە ڕاستیدا ئەم سەردەمە هى ئایکۆنەکانە، ئایکۆن جێگاى کاریزماى گرتۆتەوە. ئایکۆنەکان پتر ئەستێرەکانن لە بوارى سینەما، گۆرانى، هونەر، وەرزش، مۆدێل و فاشن، کۆمیدیا..هیتر، وەک گەى دیبور دەڵێت ''ئەستێرەکان بۆ ئەوە هەن شێوازە جیاوازەکانى ژیان و شێوازەکانى تێگەیشتنى کۆمەڵگا بەرجەستە بکەن''. هەر بۆیە پێویستە ژیانى خۆیان وەک ژیانێکى پڕ و پێرفێکت، جوان و خۆشگوزەران دەربکەوێت تاوەکو ببێتە نموونەى تەماهیکردن و هاوشوناسى بۆ ئەوانیتر. ئەمەیش دەبێتە ڕێڕەوى ساغکردنەوەى کاڵاى کیچ و برەودان بە کولتوورى بەکاربەرى، لە ڕێگەى ڕیکلام و وێنە و پرۆگرامە تەلەفزیۆنەکان و سۆشیال میدیا و هەواڵە ڕۆژنامەگەرییەکانەوە لەبارەى خۆیان و ژیانیانەوە: چۆن دەژین، چى دەخۆن، چ دەرمانێک بەکاردێنن، چ مۆدێلێک جلوبەرگ دەپۆشن، ستایلەکانیان چۆن ڕێکخستووە، کێشیان چەندە و چ جوانکارییەکیان کردووە..هتد.
 تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و فەزاى مەجازى پانتاییەکى گەورەیە بۆ بە ئایکۆنەبوونى ئەم ئەستێرانە، ملیۆنان مرۆڤ لە سەرەتاپاى زەوییەوە لە پەیجەکانیاندا کۆ دەبنەوە، چاودێرییان دەکەن و وێنەکانیان و ئەپەکانیان داونلۆد دەکەن، ئەمەیش دەبێتە سەرچاوەیەکى خەیاڵى بۆ کۆبوونەوەى سەرمایە لە دەستى ئەم ئەستێرانەدا بە بێ ئەوەى تەنیا یەک کرێکاریشیان هەبێت. بۆ نموونە لە ساڵى 2016دا بنەماڵەى کارداشیان، خۆى و دەستە خوشکەکانى، تەنیا بە ئەپ و ڕیکلامەکان و وێنە ڕووتەکانى خۆیان کە بە گۆڤارە بەناوبانگەکانیان فرۆشتووە، نزیکەى 119 ملیۆن دۆلار داهاتیان هەبووە. نموونەیەکى دیکە: ئەو خەڵکەى لە کۆنسێرتێکى "مایکڵ جاکسۆن"دا کۆدەبوونەوە زۆر زیاتر بوو لە کۆبوونەوەى خەڵکان لە دەورى ڕابەڕێکى سیاسى. لە ئێستایشدا لە کەناراوەکانى هەندێک لە وڵاتە گەشتیارییەکاندا کۆنسێرت و فێستڤاڵى گۆرانى و سەرگەرمى لەلایەن کۆمپانیاکانەوە ساز دەدرێت کە ملیۆنان کەس لە هەموو لایەکى دنیاوە تێیدا کۆدەبنەوە، بۆ ماوەى چەند ڕۆژێک لەنێو کولتوورى بەرخۆریدا ڕۆدەچن، خۆیان ڕووت دەکەنەوە، شامپانیا دەپرژێنن، گۆرانى دەڵێن و مەلە دەکەن و خۆیان بە هەتاو دەدەن. بە کورتى ئەوەى لە ئێستادا تواناى کۆکردنەوەى خەڵکى هەیە، ئەوەى لە ئێستادا بە هاوکاریى ئەستیرەکان و ئایکۆنەکان دەتوانێت خەڵک کۆبکاتەوە, کولتوورى بەرخۆریی و سەرگەرمییە نەک سیاسەت. بەم مانایە بۆ بەرەنگاربوونەوەى ئەم دۆخە سیاسەت زەرورەتە، سیاسەتیش کایەیەکى سەربەخۆ نییە تاوەکو دواجار بەسەر هەموو کایەکانى دیکەدا بیسەپێنین. میتا-سیاسەت دواجار کوشتنى هەر سیاسەتێکە. ڕەخنەگرتن لە کولتوور سیاسەتە، هەر بەو جۆرەى ڕەخنە لە ئابووریى سەرمایەداری سیاسەتە. لەمڕۆدا کە کولتوورى بەرخۆرى چۆتە هەموو پنتێکەوە، ئیدى بۆتە بەشێکى دانەبڕاو لە سیستەم، ڕەگەزێک بە پێى شێوازێکى پەیوەندیى دیاریکراو، ئاوێتەى سەرجەم ڕەگەزەکانى دیکە بووە. مادام سیستەم هەموو کایەیەکى داگیر کردووە، ئەوا سیاسەتیش دەتوانێت لە هەموو کایەیەکدا چالاک ببێت. پێویستە ڕەخنەى کولتوورى ڕەخنە بێت لەم کولتوورە مەسرەفگەرییە، بەو مانایەى ڕەخنەگرتن لە شێوازى بەکاربردن، جودا نابێتەوە لە ڕەخنەگرتن لە شێوازى بەرهەمهێنان. پێش هەموو شتێک سیاسەت لە "ڕەخنە"وە دروست دەبێت نەک لە سیاسەت خۆیەوە. مارکس کە ڕەخنە لە ئابووریى سیاسى دەگرێت، بەو مانایەیە درێژکردنەوەى ڕەخنەکە دەتوانێت ڕۆڵى سیاسیى ڕادیکاڵ بگێڕێت. هەموو پانتاییەک دەکرێت بکرێتە پانتایى ململانێ، یەکپارچەیى و ڕیتمەکەى بشێوێنرێت، هەموو شتێکیش دەتوانێت ببێتە کەرەستەى ئەم ململانێیە، ئیدى وێناکردنى سیاسەت وەک کایەیەکى چوارچێوەدار، بە تەڵقینى ئایدیۆلۆژى و دروشمى قەبە و مژدەى گەورە، هى سەردەمێکە کە زەمەنى بەسەرچووە، واتە لەم سەردەمەدا مەگەر تەنیا بگاتە دیسپۆتیزم، دەنا بەهیچ کوێ ناگات. سیاسەت بریتى نییە لە پەنابردنەوە بۆ تیۆرى کامڵ و کەرەستەى حازربەدەست و میکانیزمە تەقلیدییەکانى وەکو حزبى گەورە و ڕابەرى کاریزمى و ڕێکخستنى ئاسنین، بەڵکو دەبێت لەنێو واقیع و کۆنتێکستەوە بۆ ئیمکانەکانى سیاسەت بگەڕێین، بەو مانایەى لە کەلێنەکانى واقیعدا ئیش بکەین و درزەکان گەورەتر بکەین. سیاسەت ئەو کەلێنەى بەرەنگارییە کە لە هەموو کایەکاندا هەیە، ئەرکى ڕادیکاڵ تەنیا دروستکردنى لینک و زمانى هاوبەشە لەنێوان ئەم وردە سیاسەتانەدا.

تێبینى: ئەو وتارە لە سایتى "دیدى من" بڵاوبۆتەوە. لینکى وتارەکە: