My Blog List

بابه‌ته‌ نوێیه‌كان

خۆرهەڵات و فەلسەفە

Monday 31 July 2017

وردە شۆڕشەکان


فیلیکس گواتارى
وەرگێڕانى: هاوار محەمەد


گەلێک شت هەن کە ئێستا دەمەوێت لەگەڵ ئێوە باسیان لێوە بکەم و مشتومڕى بکەم, بەڵام وا هەست دەکەم دەتوانم بە ڕەهایى دەربارەى هەرشتێک بدوێم کە دڵم بخوازێت (ژیانى تایبەتیم، چۆن دەنگ دەدەم) تەنیا دەربارەى ئارەزوو یان شۆڕش نەبێت. ئەمانە لێرە، لە زانکۆى کۆڵۆمبیا، بە ڕاستى قێزەون دێنە بەرچاو[1].
ئەمە گەیشتۆتە ئەو ڕادەیەى کە سەرم سوڕدەمێنێت لەوەى داخۆ ئەگەر کەسێک بیەوێت کارێک ]کارێکى جددى[ بکات، لەو پێناوەدا هەر بە ڕاستى نابێتە ئەندامى CIA!. لێرە هەندێ شتى وەکو ڤایرۆسى CIA هەن کە وا دەردەکەون تووشى خەڵکانێکى زۆر بوون و لە کاتە جیاوازەکاندا سەرهەڵدەدەنەوە, بۆیە ناتوانم لە خۆم نەپرسم کە تۆ بڵێى منیش تووشى ڤایرۆسەکە نەبووبم و پەتام نەگرتبێت[2].
ئەگەر کەسێک توانیبێتى بچێتە ئەودیوى ئەم دیوارانەوە یان, تەنانەت بچێتە ئەودیوى ئەم بێدەنگکەرانەوە کە جۆرێک دیوارییان بۆ دەنگ لە زانکۆدا دامەزراندووە، پێموایە ئیدى ڕەنگە ئەو کەسە دان بەوەدا بنێت کە قەیرانى جیهان بە خێراییەکى بەرچاو خێراترە. ئایا من هەر بە سادەیى کەوتوومەتە نێو پرۆسێسێکى شیزۆیى خێراوە؟ چەند ساڵێک لەمەوبەر ئەزموونى پرۆسێسێکمان کرد کە دەشیا بەوەى ساڵى 1929 بەراورد بکرێت- بوارێکى لەبار هەبوو بۆ ململانێى هەرێمى، بۆ ڕووبەڕوونەوەى سیاسیى لۆکاڵى، بۆ قەیرانى دارایى.  ئەوانە زێدەڕەویى نین کە کارەکتە دیارەکانى هیتلەرێک یان مۆسۆلینییەک هەتا ئێستایش لەسەر دیمەنى سیاسى بایەخیان هەیە و هێشتایش کەمپەکانى لەنێوبردن دروست دەکرێن. هەموو وڵاتى بەندگلادش لە کەمپێک دەچێت؛ هەزاران، بگرە دەیان هەزار خەڵک لەوێ دەمرن، یان لە لێوارى مردن و سەرەمەرگدان، چونکە لە دۆخێکى ئابووریى تایبەتدا قەتیس و گیرۆدە کراون کە بەرەنجانى ڕێوشوێنێکى پۆلیسى حکومەتدارانەى تایبەتە, جگە لە لەنێوبردنیشیان هیچ ئەڵتەرناتیڤێک بوونى نییە. من بڕوام بەوە هەیە کە زنجیرەى گشتیى فاکتەرەکان, لە هەموو شوێنێکى جیهان, دەبنە مایەى قەیرانێکى ڕەها لە سەرجەم ئاستەکانى ڕێکخستنى کۆمەڵایەتیدا. ئەم دۆخە دەبێت خواستى چارەسەرێکى شۆڕشگێڕانە بهێنێتە ئاراوە، بەڵام هیچ شتێک، نە کەسێک و نە ڕێکخستنێک ئامادە نییە مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆخە و زەرورەتەکانیدا بکات. ئەو تێزە قێزەنەى کە دەخوازم ئێستا لەبەردەمى ئێوە داکۆکیى لێ بکەم ئەمەیە: هەموو ئەم ڕێکخستنانە -'بەلشەڤیک'، 'مارکسیست-لینینیست', کۆمۆنیست', 'خۆڕسکخواز' (لەیەک فۆڕم یان لە چەند فۆڕمێکدا)، 'سۆشیال-دیموکرات'- لایەنێکى جەوهەریى و سەرەکیى ئەم خەباتە شۆڕشگێڕییانە و گەشەکردنى ئەم جۆرە خەباتەیان، فەرامۆش کردووە.
دوو ڕێگا هەیە بۆ ڕەتکردنەوەى شۆڕش. یەکەمیان ئەوەیە نایەوێت شۆڕش ببینێت لەو شوێنەى کە لێى هەیە؛ دووەمیان، ئەوەیە شۆڕش دەبینێت لەو شوێنەى کە بەشێوەیەکى ئاشکرا لێى ڕوونادات. کورت و پوخت بڵێین، ئەمانە ڕێرەوێکى ڕیفۆرمیستى و دۆگماتیکین. لە ڕاستیدا، شۆڕشێکى بەرفراوان بە توانایەکى گەورەوە لەمڕۆدا گەشەى کردووە، بەڵام لە ئاستى ورد یان لە ئاستى میکرۆسکۆبیدا.
پێموایە تەنیا ئەم وردە شۆڕشە (molecular revolution) دەتوانێت بەڕێگایەکى تەریب لەگەڵ گشت (general) و قەیرانى سیاسیدا پەرەبستێنێت. هەندێ کەس دەڵێن پشێووییە کۆمەڵایەتییەکان، بە درێژایى ساڵانى شەستەکان لە ویلایەتە یەکگرتووەکان، یان لە فەرەنسا لە ساڵى 1968دا، ڕووداوى خۆڕسک –کاتى و پەراوێزى- بوون، بۆیە لە شۆڕشى یۆتۆپى دەچوون کە گەیاندینیانە ئێستا و ئێرە. بەڵام بە بڕواى من شتە گرنگەکان تەنیا دواى ئەو شۆڕشانە ڕوویاندا، کە ڕەنگە دوایین شۆڕشبووبن بە ستایلە کۆنەکە. وردە شۆڕش بە ڕێژەیى، لە هەرێمە نەزانراوەکاندا گەشە دەکات. تەنیا ژیل دۆلۆز بوو پێیوتین شتانێکى زۆر بوونیان نییە کە هەوڵ بۆ تێگەیشتیان بدەین[3]. ئێمە دەبینین لاوان لە قوتابخانە باڵاکاندا ژیانیان دەگۆڕن؛ زیندانییەکان دەبینین نیوەى زیندانەکانى فەرەنسا جۆش دەهێنن. دەبينین سەرۆکەکانى کۆمارى فەرەنسا دەستى تەوقە بۆ زیندانییەکان درێژ دەکەن. یاخیبوونەکانى ژنان بە هەموو جۆرە ئاراستەکاندا، لە چەندین ئاستەوە دەجوڵێن: دژ بە سیاسەتە بۆماوە نەریتییەکان لەسەر کێشەى لەباربردن، لەسەر مەسەلەى داوێنپیسى. خەباتى کۆچبەران یان کەمینە نەتەوەییەکان (ethnic minorities) دەبینین، خەباتى هۆمۆسێکسواڵەکان دەبینین، خەباتى بەکارهێنەرانى مادەى هۆشبەر, خەباتى نەخۆشانى عەقڵى دەبینین. ئێمە تەنانەت بە ئاشکرا بوونى کاتیگۆرییە کۆمەڵایەتییە خەیاڵنەکراوەکان دەبینینەوە کە لە فەرەنسا, بۆ نموونە هەندێ دادوەرى مۆبیلیزە کردووە.
کاتێک هەموو ئەمانە پێکەوە دەخەینە سەر مێزەکە و دەیانخەینە پاڵ یەکترى، ڕەنگە بپرسین: هەموو ئەمانە پێکەوە دەتوانن چى بکەن؟ داخۆ دەتوانین هەموو ئەمانە بۆ دەستپێکردنى شۆڕش بەکاربهێنین؟ هیچ شتێکیان هەیە بیکەن، بۆ نموونە، لەگەڵ ئەو شتەى کە هەتا ئێستا لە پورتوگال دەگوزەرێت, کە لەوێ ئەفسەرانى سوپاى کۆلۆنیال ڕۆڵ بە "کوهن بێندیتیس (Cohn bendits) دەدەن؟[4] بێگومان دەتوانین ئەم دیاردانە وەک دیاردەى پەراوێزى لەبیرنەکەین، هەوڵدەدەین وەک زێدە-هێز (excess force) بەدەستیان بهێنینەوە، کە ئەمە ڕێک ئەو هەڵوێستەیە کە زۆرینەى وردە گروپە سیاسییەکان هەیانە؛ یان –ئەمە گریمانەکەى منە- دەتوانین وا دابنێین لێرەدا وردە شۆڕشى ئەوانەى باسمکردن, لە شێوازێکدا ڕوودەدات و گەشە دەکات کە بۆ پێچەوانەکردنەوە و سڕینەوە نابێت، هەموو کاتێکیش ئەم بزووتنەوانە بەو هۆیە شکست دەهێنن کە فۆڕم و ستراکتورە کۆنەکانى ڕێکخستن هێشتایش دەسەڵاتیان بەدەستە، ئەمانەیش ڕەگەزى ڕیزۆماتیکییانەى ئارەزوو (the rhizomatic elemnt of desire)  لەنێو سیستەمى دەسەڵاتى درەختییانە (system of arborescent power)ـدا دەکەن بەژێرەوە. لەبەرئەمە، پرسیارە سەرەکییەکە بۆ من پرسیارى گۆڕانێکى ڕادیکاڵە لە هەڵوێستدا بە جۆرێک کە کێشە سیاسییەکان بەهەند وەربگرێت. لەلایەکەوە، شتانێکى "جددى" (serious) هەن کە مرۆڤ دەتوانێت لە ڕۆژنامە، لەسەر شاشەى تەلەفزیۆن بیانبینێت (بۆ نموونە)- مەسەلەکانى دەسەڵات لە حزبەکاندا، یەکێتی و سەندیکاکان، وردە گروپە سیاسییەکان. لەلایەکى دیکەوە، شتانێکى چکۆلە هەن، شتانێکى پەیوەندیدار بە ژیانى تایبەتییەوە: هاوسەرى سەربازێک کە لەماڵ دەمێنێتەوە تاوەکو ئاگاى لە منداڵەکانى بێت، بیرۆکراتێکى گرگن لە ژوورێکى کۆنگرێسدا قەواڵەیەکى بازرگانى دەبەستێت- ئەمانە لە ڕەگى دابەشبوونە هەرە سیاسییەکاندان و گریمانەى لایەنێکى پرۆگراماتیک دەکەن، بەڵام بەردەوام پەیوەندیدارن بە دیاردەى بەگەڕخستنى بیرۆکراتیک و توێژێکى تایبەتیەوە کە ئەم ڕێکخستنانە بەرپا دەکات.
پێموایە بزووتنەوە شۆڕشگێڕییەکان هەرچییەک بن, بەهۆى زاڵێتى ئایدیۆلۆژیاوە ئاراستەى خۆیان ناگۆڕن. ئایدیۆلۆژیا بەراورد بەو گواستنەوە لیبیدۆییەى کە بەشێوەیەکى کارا لەنێو هەموو ئەم ڕێکخستنانەدا بەردەوام دەبێت, سەنگێکى زۆرى نییە. هەموو ئەمانە لە هەمان شتەوە دێن: یان ئامانجە سیاسییەکان زایەڵەى هەموو جۆرە خەباتەکانن و لە شیکارییەکدا بۆ دیاردەى ئارەزوو یان بۆ دیاردەى نەستە کۆمەڵایەتییەکان لەنێو ڕێکخستنەکانى ئێستادا، پێکەوە کۆدەبنەوە، یاخود بنبەستى بیرۆکراتیک و لەمەترسیداماڵینەکان (recuperations)ـن کە پێویستە دووبارە بکرێنەوە، ئارەزووى جەماوەر و ئارەزووى گروپە هاوبەرژەوەندییەکانن, کە لەڕێگەى نوێنەرەکانەوە و لە بەرەنجامەکانى نواندنەوەوە سەرهەڵدەدەن.
هەموومان ئەم جۆرە دەستێشخەرییەى ]ڕێکخستنى[ سەربازییمان ئەزموون کردووە. دەبێت لەوە تێبگەین کە بۆچى شتەکان بەم جۆرە کار دەکەن، بۆچى ئارەزوو هەموو جۆرەکانى نوێنەرایەتى و بیرۆکراتیەتى بەسەردا سەپێنراوە، بۆچى ئارەزووى شۆڕش گەڕاوەتەوە بۆ میکرۆفاشیزمى ئۆرگانیزەیى (organizationsal microfascism).
بێگومان دەبێت جێگرەوەیەکى بەهێزتر بێتە ئاراوە تاوەکو جێگاى ئارەزووى شۆڕشگێڕى بگرێتەوە. لەم کاتەدا, تەفسیرەکەى من لەو فاکتەوە سەرچاوە دەگرێت کە هێزى سەرمایەدارى, نە تەنیا لە بوارى ئابووریدا و لە ڕێگەى ملکەچپێکردنى چینەکانەوە مومارەسە دەکرێت، نە تەنیا لە ڕێگەى پۆلیس، سەرکار، مامۆستا و پرۆفیسۆرەکانەوە، بەڵکو لە لایەنى دیکەیشەوە مومارەسە دەکرێت، کە دەمەوێت ناوی بنێم ملکەچاندنى سیمیۆتیکى (semiotic subjugation)ـى هەموو تاکەکەسەکان. منداڵان هەر لەنێو لانکەوە و بەرلەوەى گەیشتبێتنە تەمەنى قسەکردن, لەبارەى سەرمایەدارییەوە فێر دەکرێن. لە ڕێگەى خێزانەوە و لەنێو دایەنگەوە فێر دەکرێن دەرک بە ئوبێکتە کاپیتالیستییەکان بکەن و پەیوەندیى لەگەڵ تەلەفزیرندا بگرن. ئەگەر بە جۆرێک لە جۆرەکان بیانەوێت لە ملکەچاندنى سیمیۆتیکى خۆیان دەرباز بکەن، ئەو کاتە دامەزراوە تایبەتییەکان هەن کە بەتەنگییانەوە دێن: سایکۆلۆژیا، دەروونشیکارى؛ یەکێکیان یان هەردووکیان.
کاپیتالیزم ناتوانێت بەشێوەیەکى سەرکەوتوو هێزى کارەکەى پێکەوە دابنێت تەنیا ئەو کاتە نەبێت کە هەر لە پێشەوە زنجیرەى ملکەچاندنە سیمیۆتیکییەکان ئەنجام بدات. مەسەلەى سەخت –هەر ئەو مەسەلەیەى کە کێشەیەکى سەرەکیى تیۆریى زەق کردۆتەوە- ئەوەیە کە چۆن لە هەموو ئەم لایەنانەوە وێناى لێکبەستنەوە و یەکخستنى خەباتەکان بکەین: لایەنى سیاسەتى نەریتى و خەباتى کۆمەڵایەتى؛ ڕزگاربوونى گروپ و هەرێمە ئێتنیکییە ستەملێکراوەکان؛ خەباتى زەمانەوانى؛ خەباتەکان بۆ دراوسێیەتییەکى باشتر (a better niegberhood)، بۆ شێوازێکى هاوبەشانەترى ژیان؛ خەبات بۆ گۆڕینى ژیانى خێزانى یان هەرشتێک کە جێگاى خێزان دەگرێتەوە؛ خەباتەکان بۆ گۆڕینى نموونەکانى ملکەچاندن کە لە پەیوەندیى دووکەسیدا دووبارە دەبنەوە، جا لە پەیوەندیى هێترۆسێکسواڵیدا یان لە هۆمۆسێکسواڵیدا. هەموو ئەم خەباتانە لەژێر ناوى "میکرۆفاشیست"ـدا دادەنێم، ئەگەرچى زۆریش حەزم لەمە نییە. من هەر بە سادەیى ئەو تێرمە بەکاردێنم چونکە ڕاچەڵەکێنەرە و خەڵکى پەست دەکات. میکرۆفاشیزمێک هەیە لە جەستەى تایبەتى یەکدا، لە ئۆرگانەکانى یەکدا، جۆرێک ئیشتیای زۆرخۆری (bulimia) کە دەبێتە مایەى کەمبوونەوەى ئیشتیاى خواردن (یان کەمخۆرى) (anorexia)، جۆرێک ئیشتیاى هەستیارانە کە وا لە مرۆڤ دەکات جگە لە بەهاى ئاڵوگۆڕ و بەهاى بەکارهێنانى شتەکان هیچ بەهایەکى دیکەیان نەبینێت، ئەمەیش لەسەر حسابى بەهاى ئارەزوو دەشکێتەوە.
ئەمە پرسیارێکى تیۆریى گرنگ دەوروژێنێت، پرسیارێک کە بۆ من و دۆلۆز و کەسانێکى دیکەیش، لەم دواییانەدا هەندێ شتى گۆڕیووە. ئێمە وا بیردەکەینەوە کە دوژمنى هەرە گەورە دەروونشیکارییە، چونکە هەموو فۆڕمەکانى ئارەزووى لە پێکهاتەیەکى تایبەتدا کورت کردۆتەوە، ئەویش خێزانە. بەڵام مەترسییەکى دیکەیش هەیە، کە ئەویش هەر دەروونشیکارییە ئەمجارەیان لە جێبەجێکردندا: بچووککردنەوەى هەموو شێوازەکانى بەنیشانەکردن (semiotization). مەبەستى من لە بەنیشانەکردن ئەوەیە کە لە دەرککردندا ڕوودەدات، لە جوڵان بەنێو فەزادا، لە ئاماژەداندا، لە سەمادا، لە لاساییکردنەوەدا، لە ئاوێزانبووندا، لە پەیوەندیدا، لە هەر شتێکى تردا کە جەستەى تێدا بێت. هەموو ئەم شێوازانەى بەنیشانەکردن لە زمانى باڵادەستدا کورتکراونەتەوە، لە زمانى دەسەڵاتدا کە ڕێکخستنە سینتاکتییەکەى تەریب دەڕوات لەگەڵ بەرهەمهێنانى ئاخاوتن (speech) لە گشتێتییەکەیدا. ئەوەى کەسێک لە قوتابخانە یان لە زانکۆ فێرى دەبێت، بەشێوەیەکى جەوهەریى ناوەڕۆک یان داتا نییە، بەڵکو مۆدێلێکى ڕەفتاریى گونجێنراوە بۆ هەندێ چینى کۆمەڵایەتى.
کاتێک ئێوە تاقیکردنەوەیەکى قوتابییەکانتان دەکەن، ئەوەى ئێوە لێیان داوا دەکەن پێش هەرشتێکى تر، ستایلێکى دیاریکراوى لەقاڵبدانى سیمیۆتیکییە, تەڵقینێکى دیاریکراوە بۆ چینە ئامادەکان. ئەم تەڵقینە لە کۆنتێسکتى فۆرماسیۆنە پێڕەوکراوەکاندا بۆ مەشقپێکردنى کارکەران, بە گشتى وەحشیترە. لە کارى کارگەییدا تاقیکردنەوەکان و بزاووت لە پێگەیەکەوە بۆ پێگەیەکى دیکە, هەمیشە پشتى بەستووە بەوەى داخۆ کەسێک ڕەشە، پیترۆ ڕیکییە (Petro Rican)، یان لە گەڕەکێکى دەوڵەمەندەوە پێگەیشتووە، یاخود دیالێکتى زمانەکەى دروستە، پیاوە یان ژنە و شتى لەم بابەتە. ئەمانە نیشانەکانى ناسینەوەن، نیشانەکانى دەسەڵاتن کە لە ماوەى فۆرماسیۆنى فێرکاریدا کاردەکەن، هەروەها لە دامودەزگادا سروتێکى حەتمین (veritable rites). من نموونەى زانکۆم هێناوە، دەمتوانى بە ئاسانى نموونە لە چەندین فۆرماسیۆنى ترى دەسەڵاتەوە بهێنمەوە.
دەسەڵاتى باڵادەست ملکەچاندنى سیمیۆتیکى تاکەکەسەکان بەرفراوان دەکات, تەنیا ئەو کاتە ناتوانێت لەمە بەردەوام بێت کە خەبات لە هەموو لایەنەکانەوە بەرپا ببێت، بە تایبەتیش خەباتەکان لە فۆرماسیۆنەکانى دەسەڵاتدا. زۆرینەى خەڵکى تەنانەت سەرنج لەم ملکەچاندنە سیمیۆتیکییەیش نادەن؛ وەک بڵێى نایانەوێت باوەڕ بەوە بکەن کە بوونى هەیە، کەچى ڕێکخستنە سیاسییەکان بە خۆیان و هەموو بیرۆکراتەکانیانەوە هەر لەپێناو ئەم ئامانجەدان؛ ئەمەیش بەشداری دەکات لە خوڵقاندن و هێنانەبوون و هێشتنەوەى هەموو فۆڕمەکانى لەمەترسیخستن.
ئەمانە هەندێ شتن کە لە ویلایەتە یەکگرتووەکان زۆر سەرنجى منیان ڕاکێشاوە. بۆ ماوەى چەند ساڵێک ڕوودەدەن و بە تایبەتیش تووشى نەوەیەکى بەزیوو دێن, ڕەنگە ئەمەیش بەهۆى سەختى و گەورەیى ئەو کێشانەوە بێت کە پەیوەستن بە سیمیۆتیکەکانى جەستە و سیمیۆتیکەکانى دەرککردنەوە. ئەمە بۆ ئەوروپا زۆر ڕاست نییە، چونکە لەوێ مرۆڤ خۆى دەبەستێتەوە بە تێگەیشتنێکى فیکرى دیاریکراوى پەیوەندییەکان یان نائاگاییەکانەوە. لێرەدا چەندین بەعەقڵانیکردن و پاساودانەوە (justifications) خراونەتە بەردەست بۆ دووبارە پێناسەکردنەوەى سیمیتۆکاى جەستە کە بەلاى منەوە بایەخێکى کەمتریان هەیە. هەندێک کەس بەشداریى لە "زین بودیزم"، یان گەلێک فۆڕمى تەکنۆلۆژیدا دەکەن، وەکو "تاى چى" (Tai chi) کە هەتا ئێستا هەر لەسەر ستەیج ئەنجام دراوە... وا بۆم دەرکەوت لەوێدا بەشێوەیەکى کوێرانە بەدواى هەندێ شتدا عەوداڵن. کوێریى فۆڕمى هەمەجۆر وەردەگرێت. بۆ نموونە، لە فەرەنسا تۆڕەکانى ڕێنماییکارانمان لە کۆمەڵگەكانى دەروونشیکارى (psychoanalytic societies)دا هەیە؛ تەنانەت کەسایەتیى وەکو کەشیشى مانگ (Reverend Moon) هەیە کە سەرۆکایەتى دەزگایەکى گرنگى دەروونشیکارى دەکات. بەڵام دەروونشیکارەکان تەنیا سەروکاریان لەگەڵ توێژێکى تایبەتى خەڵکدا هەیە. لە ویلایەتە یەکگرتووەکان، وەک بە ئاشکرا دیارە، ڤایرۆسى دەروونشیکاری کەمتازۆرێک وەلا نراوە، بەڵام هەندێ کات دەپرسم کە تۆبڵێى سیستەمە هیرارشییەکانى دەروونیشکارى لە سیستەمە ڕێنماییکارەکاندا، لە سیستەمەکانى نواندنەوەى ئارەزوودا بەرهەم نەهێنرابنەوە.
کێشەکە ئەمەیە: مرۆڤ ناتوانێت بەرەو ئامانجى سیاسى تێبکۆشێت بە بێ دیاریکردنى هەموو میکرۆفاشیزمەکان، هەموو شێوازەکانى ملکەچاندنى سیمیۆتیکیى دەسەڵات کە لە ڕێگەى خەباتەوە خۆیان بەرهەم دەهێننەوە، جا بۆیە نە ئەفسانەى گەڕانەوە بۆ خۆڕسکى و نە ئەفسانەى گەڕانەوە بۆ سروشت هیچ لە مەسەلەکە ناگۆڕن. سەرەڕاى ئەوەیش، کەسێکى ساویلکە پێیوایە لەم ئاستەدا بە دەروونێکى ئاسوودەوە پاکژ و بێتاوان دەمێنێتەوە، چ لە پەیوەندیدا بێت بە مناڵەکانمان و بە باوانمانەوە، یان بە قوتابییەکانمانەوە (ئەگەر قسە لەسەر پرۆفیسۆرەکان بێت)، پێموایە ئەم پاکژییە هاوتایە بە هەستکردن بە تاوان و بەرهەمهێنانى هەستکردن بە تاوان. پرسیارەکە نە پرسیارى پاکژییە و نە هەستکردن بە تاوان، بەڵکو پرسیارى دۆزینەوەى میکرۆفاشیزمە کە لە نێو کەسێکدا خۆى شاردۆتەوە، بە تایبەتیش کاتێک کەخۆى نەیبینێت. دوایین شتێک کە لێرەدا دەمەوێت باسى بکەم، بێگومان، ئەوەیە کە دەکرێت چارەسەرێکى تاکەکەسییانە وەربگرین. ئەمەیش دەکرێت تەنیا لەگەڵ تایپێکى نوێى ڕیزبەندیى گۆکردن (arrangement of enunciation)دا مامەڵەى لەگەڵدا بکرێت. نموونەیەک بۆ ئەم ڕیزبەندییەى گۆکردن –هەڵبەت لە ڕوانگەکانى ڕیزبەندیى ئارەزووەوە, ئەمە بە ڕاستى ڕیزبەندییەکى مەحاڵە- ئەم ژوورە خۆیەتى، لەوەدا کە هەندێک کەس خراونەتە سەرووى هەموو ئەوانى ترەوە، لەوەدا کە مشتومڕێکى ئامادەکراو هەیە کە بۆ کەسێک بیەوێت بە واقیعى دەست بکات بە مشتومڕ مەحاڵە بچێتە نێوییەوە. دوێنێ پێشنیارى گۆڕانى سەرجەمى فۆڕمبەندییەکان، سەرجەمى ئەو شێوازانەى کارکردنم کرد کە لێرەدا دەیکەین؛ بۆ سوپرایزە گەورەکەیشم[5]، من دەرکم بەوە کرد کە هەمووان دەیانویست کۆنفرانسەکە وەکو خۆى بمێنێتەوە. تەنانەت هەندێک کەس داوایان کرد پارەکانیان پێبدرێت، ئەگەرچى لێرە هیچ کەس لەبەرامبەر قسەکردندا پارەى پێنەدراوە[6].
لە زۆربەى کاتەکاندا هەوڵ هەیە بۆ بەرهەمهێنانەوەى ئەم جۆرە لە دیالۆگ. هەر ئەو خەڵکانەى کە هاتنە پێشەوە و هەوڵیاندا دەست بە دیالۆگێک بکەن –دیالۆگێکى تەواو ڕواڵەتى، بەڵام پڕ بوو لە ئارەزووی واقیعى- ئەوانەبوون کە, بە شکستەوە, ئێمەیان بە کارمەندى CIA تۆمەتبار دەکرد.
وەک کەسێک کە لە ئابووریى لیبیدۆیى میکرۆپۆلەتیکى ئارەزوودا, لە ئابووریى لیبیدۆیى میکرۆفاشیزمدا سەرمایەگوزاریى کردبێت، پێویستە مرۆڤ بە وردى ئەو هاوپەیمانێتی و شیمانانە دیاریى بکات کە بەشێوەیەکى کۆنکریت لە ئاستى خەباتە سیاسییەکاندا هەن و لە ڕووى سروشتەوە بە تەواوەتى جیاوازن. جارێکیان سەبارەت بەو وۆرکشۆپەى کە لەبارەى پورتوگالەوە سازیکرد، بە "جان جاک لێبێل"م گوت کە ئەو حوکمەى (judgment) لەبارەى هەڵسوکەوتى حزبى کۆمۆنیستى پورتوگالییەوە دەریدەکەن بە زەرورەت جیاوازە لەوەى سپینۆلاس و حیزبەکەى، لەگەڵ ئەوەیشدا میکانیزمى بیرۆکراتیزەیشن و بێئاگایى دەربارەى ئارەزووى جەماوەر لە هەدوو حاڵەتەکەدا لەیەک نزیکە.
نموونەیەکى دیکە: لە فەرەنسا ئێمە هەندێک گروپمان هەن، لەو شەقاوانە پێکهاتوون کە نیشانەى خاچى شکاو دەکەن بە پشتى پۆشاکەکانیانەوە, یان ئەوانەن کە بەو جلوبەرگانەوە دەسوڕێنەوە وا هەموو جۆرە نیشانە فاشیستییەکانیان پێوەیە. بەڵام نابێت میکرۆفاشیزمى ئەمانە لەگەڵ فاشیزمى گروپە سیاسییەکانى وەکو گروپى خۆرئاوا (Occident)دا تێکەڵ بکەین و لێمان تێکبچن. مرۆڤ چەندە دەتوانێت لە ئاستە وردەکەدا بەگژ میکرۆفاشیزمدا بچێتەوە، هێندەیش دەتوانێت لە ئاستى گروپى گەورەى سیاسیشدا پێش بە ڕوودانى فاشیزم بگرێت. خۆ ئەگەر کەسێک بڕواى وابێت هەریەکێک لە ئێمە پارێزبەندیى بۆ دانراوە (immunized) دژ بە پەیوەندیگیریى میکرۆفاشیستى، دژ بە پەتاى سیمیۆتیکى (semiotic contamination) لەڕێگەى کاپیتالیزمەوە، ئەوا بە دڵنیاییەوە ئەو کاتە دەتوانین چاوەڕوانى بینینى فۆڕمە سەرکێشەکانى میکرۆفاشیزم بین کە بە زەقى سەرهەڵدەدەن.

سەرچاوەى وەرگێڕانى ئەم وتارە:
Félix Guattari: Molecular Revolution, in ''Chaosophy- Texts and Interviws 1972-1977'', Edited by Sylvère Lotringer, trans. By David L. Sweet, Jarred Becker, and Taylor Adkins, Semiotext(e), 2009, Pp. 275-281.



پەراوێزەکان:
[1] لێرەدا فیلیکس گواتارى ئاماژە بە کۆنفرانسى شیزۆ-کولتوور دەکات کە لە نۆڤەمبەرى 1975دا لە زانکۆى کۆڵۆمبیا، لەلایەن Semiotexet(e) ـەوە ڕێکخرابوو. ئەم کۆنفرانسە یەکەمین ڕووبەڕووبوونەوە بوو لە ویلایەتە یەکگرتووەکان لەنێوان تیۆریستە فەرەنسییەکانى پاش-68 (میشێل فۆکۆ، فیلیکس گواتارى, ژیل دۆلۆز، جان فرانسوا لیوتار) و ر. د. لەین, لەگەڵ جیهانى هونەریى نیویۆرک (جۆن کەیج، ویلیام بۆرۆگس، ڕیچارد فۆرمان) و لایەنگرانى ئەکادیمیاى "ڕادیکاڵ" (تاى-گرەیس، جۆیل کۆڤێل و ...هتد). لایەنگرانى ئەتکینسۆن لە وتارەکەى گواتاری چوونە دەرەوە، کە ڕاستەوخۆ لە دواى ئەو لەسەر مەنەسەکە قسەى کرد، فۆکۆیش بەوە تۆمەتبار کرا کە لەلایەن CIA پارەى پێدراوە. بۆ ماوەى دوو ڕۆژ، نزیکەى دوو هەزار کەس ئامادەى چەندین وۆرکشۆپ، وانەوتار، مشتومڕ بوون لەبارەى پزیشکیى دەروونى، شێتى، سەرکوتکردنى سیاسیەوە و ..هتد.
[2] لێرەدا گواتارى بە تەوسەوە قسە دەکات، چونکە لەڕێگەى سەنجڕاکێشانى پەخشى میدیایى جیهانیییەوە، کارمەندانى ئیستیفزازچی کە لەلایەن کۆمیتەى کارى لارۆشەوە دانرابوون، هەندێکات هەوڵیاندا کۆنفرانسەکە پەک بخەن، ئەویش بە تۆمەتبارکردنى ر. د. لەین و میشێل فۆکۆ بەوەى گوایە لەلایەن CIAـیەوە پارەکەیان پێدراوە. بڕوانە:
Foucault Live, New York: Semiotext(e), (1995). Ed.
[3] دوا نیوەڕۆکەى، ژیل دۆلۆز بە زمانى فەرەنسى قسەى لەبارەى "درەختەکان و ڕیزۆمەکان"ـەوە کرد و لە هەمان کاتیشدا هێڵکاریى لەسەر تەختەڕەشەکە دەکێشا؛ ئەمە ئایدیایەک بوو کە دواتر لە "ڕیزۆمەکان"ـدا پەرەى پێدا. بڕوانە:
On the line, New York, Semiotext(e), (1993), Ed.
[4] دانیال کوهن-بێندیت، کە پێی دەوترا "دانیە سوور" (Danny the Red), لە ڕابەرە هەرە ڕاشکاوەکانى ڕاپەڕینى ئایارى 68 بوو. (ئیدیۆر).
[5] مەبەستى بەجێهێشتنى هۆڵى سەرەکیى کۆنفراسەکەیە.
[6] ڕۆژى پێشتر، گواتارى پێشنیارى ئەوەى کرد کە لەبرى ئەوەى وانەوتارى فەرمى بڵێتەوە, کورتەیەکى بابەتەکە پێشکەش بکات و دواتر مشتومڕى لەسەر بکرێت؛ جەماوەرەکە لە ناوەڕاستى وتارەکەى جۆیل کۆڤێلدا، دابەشبوون بەسەر دوو لایەندا. نیوەى گوێگران لە هۆڵە سەرەکییەکە مانەوە و نیوەکەى تریشیان لەگەڵ گواتاریدا چوونە ژوورێکى چکۆلەوە کە لەوێ فۆکۆ بە ئینگلیزى وتارەکەى خۆى لەبارەى "سێکسواڵیتەى منداڵى شیرەخۆرە"وە دەخوێندەوە. ئەمە لەو خاڵەدا بوو کە ئیتسفزازچییەکان فۆکۆیان بە کارمەندى CIA تۆمەتبار کرد. پێویستە بووترێت کۆنفرانسەکە لەلایەن زانکۆى کۆڵۆمبیاوە سپۆنسەر نەکرا و تۆمارى تێچوونى کۆنفرانسەکە بە تەواوەتى بەکارهێنرا بۆ پارەدانى ژوورى وانەوتنەوەکان لە کۆلێژى مامۆستایان. (ئیدیتۆر).

تێبینى: ئەم وتارە لە سایتى "کولتوور مەگەزین" و سایتى "ناوەخت" بڵاوبۆتەوە بڵاوبۆتەوە. کلیک بکە بۆ وتارەکە: 
لە سایتى کولتوور مەگەزین 
لە سایتى ناوەخت

Friday 21 July 2017

وه‌های گوت دێریدا

»ده‌قی بێلایه‌ن نانووسم، من هه‌ر په‌یوه‌ستم به‌ چه‌په‌وه‌«.

وەرگێڕانی: هاوار محەمەد


-       ماوه‌ی په‌نجا ساڵه‌ كتێبه‌كانتان ڕووبەرێکیان بۆ میواندۆستى و پێشوازیی میواندۆستانە ڕه‌خساندووه‌ كه‌ خۆ بە خۆ ده‌كه‌وێتە نێو كایه‌ی سیاسییه‌وه‌. به‌ پێی هێڵە دیاره‌كان، ئەو کتێبانە له‌ دیوێكه‌وه‌ به‌سه‌ر سیاسه‌تی هاوڕێیه‌تیدا ئاوه‌ڵا دەبن و له‌ دیوێكیتره‌وه‌ به‌سه‌ر سیاسه‌تی یاده‌وەریدا، له‌ دیوێكیشه‌وه‌ به‌سه‌ر سیاسه‌تی میواندارییدا. ئێوه‌ چۆن له‌م چه‌مكه‌ی سیاسه‌ت تێده‌گه‌ن؟
-        به‌ ناچاری، هه‌وڵده‌ده‌م به‌شێوه‌یه‌كی گشتی و ته‌له‌گرافیی وه‌ڵامت بده‌مه‌وه‌. بۆماوه‌یه‌كی درێژ كتێبه‌كانی من, له‌ ڕووی سیاسییه‌وه‌، وه‌ك ده‌قی بێلایه‌ن حسێب كران –ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدا كه‌ په‌یوه‌ندی من به‌ چه‌په‌وه‌ ئاشكرا دیار بوو-، جا له‌به‌رئه‌وه‌ی من هه‌میشه‌ به‌ سیاسه‌ته‌وه‌ سه‌رقاڵ بووم، بۆیە ده‌رباره‌ی ئه‌و شته‌ی كه‌ ده‌مویست بیری لێ بكه‌مه‌وه‌ ڕه‌مزه‌ سیاسییه‌ باڵاده‌سته‌كانم نەدەناسین و نایشیان ناسم[1]. ئه‌مه‌یش بۆماوه‌یه‌كی درێژ وا لێكدرایه‌وه‌ كه‌ من نه‌ دژ بە ماركس و نه‌ لەبەرژەوەندی ماركس یه‌ك وشه‌م نه‌نووسیووه‌، ئەگەرچی هه‌موو ئه‌و شتانه‌م هه‌ر بۆ گرنگ بوو كه‌ ده‌كه‌وتنه‌ ئه‌م لایه‌نه‌یانەوه‌. وێڕای ئه‌وه‌یش، ئیمکانی قسه‌ی سیاسی هاتەپێشێ كه‌ ئه‌و كاره‌ هەڵوەشانەوەگەرییەی به‌هه‌ند وه‌رده‌گرت كه‌ من ده‌ستم پێكردبوو. هه‌وڵمدا كاره‌ هەڵوەشانەوەگەرییەکەم ببه‌ستمه‌وه‌ به‌ چه‌مكێكی تازەوە ده‌رباره‌ی سیاسه‌ت. ئه‌مه‌یش ته‌نیا ئه‌و ساته‌وه‌خته‌ وه‌ك كارێكی مومكین هاته‌ پێشچاوم كه‌ ئه‌و ڕژێمانه‌ی پێیانده‌وترا كۆمۆنیزم، هه‌ره‌سیان هێنا و له‌ هه‌موو شوێنێك مه‌رگی ماركس ڕاگه‌یه‌نرا. هه‌ستم به‌وه‌ كرد ئه‌مه‌ دادوه‌رانه‌ نییه‌، به‌ڵكو ئه‌مه‌ كاره‌ساتێكی سیاسییه‌ و هه‌تا بڵێی مه‌ترسیداریشه‌. "تارماییه‌كانی ماركس" كتێبێكی ئاڵۆزه‌، به‌شێوه‌یه‌كی ئه‌نقه‌ست ئاڵۆزكاو و لێكدژه‌، نه‌ك ته‌نیا "له‌پێناو" ماركسدا، به‌ڵكو به‌شێوازی تایبه‌تی خۆیشی له‌ پێناو ماركسدا. له‌م ده‌سپێكه‌وه‌، به‌ هه‌موو پۆلی كتێبه‌كان‌، گوتاره‌كان، فێركاری، تێڕامان له‌وه‌ی كه‌ ده‌شێت ببێته‌ ئه‌نته‌رناسیۆنالێكی نوێوە سه‌رقاڵبووم، ئەمەیش به‌ له‌به‌رچاوگرتنی به‌جیهانیبوون و هه‌موو ئه‌و كێشه‌ نوێیانه‌ی كه‌ سه‌روه‌ری ]حاکمیەت[ و هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی كه‌، له‌ سیاسه‌تدا، له‌ قۆناغی دابڕندا بوون له‌ فه‌زای سیاسی، هێنابوویانه‌ كایه‌وه‌: ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی خۆڵه‌مێشی، كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی په‌یوه‌ست بوو به‌ ڕیشه‌ی نیشتمانییه‌وه‌. كه‌واته‌ مه‌سه‌له‌كه‌ دووباره‌ بیركردنه‌وه‌ و چاوخشاندنه‌وه‌ بوو، نه‌ك به‌ سیاسه‌تدا، به‌ڵكو به‌ سیاسی له‌خۆیدا، بە یاسای نێوده‌وڵه‌تی، په‌یوه‌ندیی هێزه‌كان، شیكاریی و تێگه‌یشتنی هه‌ژموونی ئه‌مریكی، هه‌روه‌ها گاڵته‌جاڕی و پارادۆكسی ڕه‌خنه‌ی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرووه‌كانی ئه‌مریكا، پێگه‌ نوێیه‌كان و شێوازه‌ نوێیه‌كانی ڕێكخستنی بزووتنه‌وه‌ سیاسییه‌كان، نا-هاوبه‌ندیی جوڵه‌ی هێزه‌ نه‌یاره‌كانی به‌جیهانیبوون، كه‌ بڕیار له‌ داهاتووی جیهان ده‌ده‌ن و منیش بڕوام به‌مه‌ هه‌یه‌.
-       له‌ كاتی خوێندنه‌وه‌دا وا ده‌رده‌كه‌وێت كۆمه‌ڵێك تارمایی دیكه‌ هه‌بن كه‌ به‌نێو ده‌قه‌كانتاندا دێن و دەچن، هه‌روه‌ها هه‌ندێك چه‌مك هەن كه‌ په‌ره‌تان پێداون، وه‌كو عه‌داله‌ت، لێبوورده‌یی، میواندۆستی: ئه‌مه‌ پرسی ئیتیكایه‌ (l’éthique)؟
-        به‌ جۆرێك له‌ جۆره‌كان پرسیاره‌ ئیتیكییه‌كان هه‌ر پێشتریش لای من خراونه‌ته‌ ڕوو، به‌ڵام ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستمان له‌ ئیتیكا سیسته‌می ڕێساكان و پێوه‌ره‌ ئه‌خلاقییه‌كان بێت، ئه‌وا به‌دڵنیاییه‌وه‌ نه‌خێر، له‌م باره‌وه‌ من ئیتیكایه‌كم نه‌خستۆته‌ڕوو. ئه‌وه‌ی به‌ كرده‌یی سه‌رقاڵی كردبووم پارادۆكسه‌كانی ئیتیكا، سنووره‌كانی ئیتیكا بوو، به‌تایبه‌تیش ده‌رهه‌ق به‌ پرسیاری به‌خشین، لێبوورده‌یی، نهێنی، شایه‌تیدان، میواندۆستى، زینده‌وه‌ر- ئاژه‌ڵ و گیانه‌وه‌رانیتر. هه‌موو ئه‌مانه‌یش واته‌ هزری بڕیاردان: بڕیاری به‌رپرسانه‌ ته‌نیا ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ به‌نێو ئه‌زموونی مه‌حاڵدا ده‌ڕوات یان تێیده‌په‌ڕێنێت، به‌ڵكو ده‌بێت به‌رگه‌ی دڵڕه‌قی ئه‌و تێپه‌ڕینه‌یش بگرێت و حه‌وسه‌ڵه‌ی بكات. خۆ ئه‌گه‌ر بزانم ده‌بێت چی بكه‌م، ئه‌وا بڕیار ناده‌م، به‌ڵكو مه‌عریفه‌ جێبه‌جێ ده‌كه‌م، به‌رنامه‌یه‌ك پێڕه‌و ده‌كه‌م. كه‌واته‌ با بڕیار هه‌بێت[2]، ده‌بێت نه‌زانم چی ده‌كه‌م، ئه‌مه‌یش واتای ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ له‌ مه‌عریفه‌ جیاببینه‌وه و دابڕێین: چونكه‌ ده‌بێت بە مه‌عریفه‌ی ئه‌وپەڕی ئەو شته‌ی كه‌ ده‌شێت بیزانین، خۆمان دروست بکەین. چركه‌ساتی بڕیاردان چركه‌ساتی ئیتیكایه‌، ئه‌گه‌ر ڕاستیت دە‌وێ ئه‌مه‌ دابڕاو نییه‌ له‌ مه‌عریفه‌. له‌و ساته‌وه‌خته‌دا كه‌ "نازانم كامه‌ ڕێسا چاكه‌" پرسیاری ئیتیكا دێته‌ پێشێ. كه‌واته‌، ئه‌وه‌ی من ده‌بزوێنێت ئه‌م چركه‌ساته‌ نا-ئیتیكییه‌ (an-éthique)ی ئیتیكایه‌، ئه‌م چركه‌ساته‌ی كه‌ نازانم چی بكه‌م، له‌و ساته‌دا كه‌ پێوه‌ره‌ ئاماده‌كانم له‌به‌رده‌ستدا نییه‌، له‌و ساته‌دا كه‌ هه‌ر له‌ بنه‌ڕه‌تدا نابێت پێوه‌ره‌ ئاماده‌كانم له‌ به‌رده‌ستدا بێت, به‌ڵام له‌به‌رامبه‌ردا، له‌وێدا ده‌بێت ڕه‌فتار بكه‌م، شتێك بكه‌م، به‌رپرسیارێتییه‌كانم هه‌ڵگرم و پێگه‌ی خۆم بگرم. به‌ په‌له‌ و به‌ بێ چاوه‌ڕوانیكردن. كه‌واته‌، ئه‌وه‌ی ده‌یكه‌م چه‌نده‌ نا-ئیتیكییه‌ ئه‌وه‌نده‌یش ئیتیكییه‌. من وەها سەبارەت بە مه‌حاڵێتییه‌ك دەدوێم وه‌ك بڵێی ئیمكانییه‌تی ئیتیكایه‌: میواندریی بێ مه‌رج و مه‌حاڵ له‌ كایه‌ی یاسا و سیاسه‌تدا، هه‌مان ئیتیكا به‌ واتا گشتگیره‌كه‌ی. به‌ڵام هه‌روه‌ها ئه‌وه‌یشە كه‌ پێویسته‌ ئه‌ویتر-مومكین (l’im-possible) بیكات؛ ئه‌گه‌ر لێخۆشبوون ]لێبووردن[ مومكین بێت ئه‌وا ده‌بێت له‌وه‌ خۆشبین كه‌ مه‌حاڵه‌ لێیخۆشبین[3]، واته‌ ئه‌و شته‌ بكه‌ین كه‌ مه‌حاڵه‌. كرده‌ی مه‌حاڵ ناكرێت ببێته‌ ئیتیكا، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا، پێشمه‌رجی ئیتیكایه‌. من هه‌وڵئه‌ده‌م بیر له‌ ئیمكانییه‌تی مه‌حاڵ بكه‌مه‌وه‌.
-       ئێوه‌ ده‌ڵێن "ئیمكانییه‌تی مه‌حاڵ". ئه‌و شته‌یشه‌ كه‌ به‌ "هەڵوەشانەوەگەرایی" ]دیكۆنستره‌كشن[ پێناسه‌ی ده‌كه‌ن. له‌م حاڵه‌تیشدا، كه‌ له‌مڕۆدا ئه‌مه‌ ده‌خوێنینه‌وه‌، ناتوانین بیر له‌ كاریگه‌ریی ئه‌و هێرشه‌ تیرۆریستییانه‌ نه‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا له‌ 11ی سێپتێمبه‌ری 2001دا ڕووبه‌ڕووی بوویه‌وه‌. له‌ كتێبێكدا كه‌ به‌م نزیكانه‌ ده‌رده‌چێت "لە ڕووداوی 11ی سێپتێمبه‌ردا چی ڕوویدا"[4] نووسیوتانه‌ ئه‌وه‌ی ڕوویدا به‌ یه‌كجار »سیسته‌می ته‌ئویل، به‌ڵگه‌نه‌ویسته‌كان، لۆژیك، ڕه‌وانبێژی، چه‌مك و به‌ها چه‌سپاوه‌كانی مەنزومەی تێگه‌یشتن و ته‌فسیرکردن و دیاریکردن لە شتێكی وه‌كو 11ی سێپتێمبه‌ردا کەوتنە به‌ر هه‌ڕه‌شه«.. له‌م باره‌یه‌وه‌ ده‌مانه‌وێت به‌ قوڵی یه‌كێك له‌و پرسیارانه‌ بپشكنن كه‌ خۆتان كردووتانه‌: »داخۆ ده‌توانین هەم په‌رده‌ی گوێی فه‌یله‌سوف كون بكه‌ین و هەمیش به‌رده‌وام گوێی لێ بگرین؟«
-        ڕه‌نگه‌ بمەوێ په‌رده‌ی گوێی فه‌یله‌سوفه‌كان كون بكه‌م، به‌ بێ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا فه‌لسه‌فه‌ بسمم. ئه‌وه‌ی بۆ من گرنگه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ بۆت بلوێت له‌لای لایه‌نی فه‌لسه‌فییەوە بیستراو بیت؛ به‌ڵام با واز له‌م لایه‌نه‌ بهێنین و بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ ئه‌و پرسیاره‌ ورده‌ی كه‌ ئێوه‌ كردتان؛ من هه‌ر بە کردەنی  وای ده‌بینم ئه‌و چه‌مكانه‌ی كه‌ وه‌ك كه‌ره‌سته‌ی ته‌ئویلی "11ی سێپتێمبه‌ر" بره‌ویان پێدرا، ئه‌و چه‌مكانه‌ن كه‌ ئیتر له‌مه‌به‌دوا كه‌وتوونه‌ته‌ به‌رده‌م هەڵوەشانەوەگەراییەکی ڕیشه‌ییه‌وه‌. واتە نه‌ك هەڵوەشانەوەیەکی تیۆریی، به‌ڵكو هەڵوەشانەوەیەکی پراكتیكیش. هەنووکە ئەمە له‌ دۆخی ڕیالیزه‌بووندایه‌ چونكه‌، وه‌ك هه‌میشه‌ وتوومه‌: »پاساوه‌كانی جه‌نگ دژی تیرۆر قه‌ناعه‌تپێكه‌ر نین، ئه‌وه‌یش له‌به‌رئه‌وه‌ی كه‌ هه‌ردوو چه‌مكی جه‌نگ و تیرۆر خۆیان ڕازیكه‌رنین. كۆفی ئه‌نانی ئه‌مینداری گشتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان، له‌ یه‌كێك له‌ دانیشتنه‌كاندا خۆی ئه‌مه‌ی تۆمار كردووه‌: پێناسه‌كی وردمان نییه‌ بۆ تیرۆریزمی جیهانی. چه‌مكی جه‌نگ، له‌ یاسا كۆنه‌ ئه‌وروپییه‌كاندا، واتا شه‌قڵی ده‌وڵه‌تییانه‌ی دوژمنەکان. ده‌وڵه‌تێک دژی ده‌وڵه‌تێكی دیكه‌ جه‌نگ ڕاده‌گه‌یه‌نێت. لێره‌دا مه‌سه‌له‌ی تیرۆر به‌م جۆره‌ نییه‌. به‌ جۆرێك كه‌ مه‌سه‌له‌كه‌ نه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ جه‌نگێكی جیهانییه‌وه‌ و نه‌ به‌ جه‌نگێكی لۆكاڵییه‌وه‌، ته‌نانه‌ت ئه‌و چه‌مكه‌ی جه‌نگیش كه‌ له‌لایه‌ن كارل شمیته‌وه‌ پێیده‌وترێت "جه‌نگی تاقمه‌كان"، لێره‌دا پێویستی به‌ كاراکردنه‌. چونکە "تیرۆریسته‌كان"ـی وه‌كو قاعیده‌، نه‌ ده‌وڵه‌تێك (واقیعی و مه‌جازی) به‌رجه‌سته‌ ده‌كه‌ن و نه‌ ویستی دامه‌زراندن یان دروستكردنی ده‌وڵه‌ت. شتێكی له‌م جۆره‌ له‌ 11ی سێپتێمبه‌ردا نه‌بوو. هه‌موو ئه‌و دامه‌زراوه‌ چه‌مكسازییه‌ی كه‌ هه‌میشه‌ به‌كاری ده‌هێنین چیتر گونجاو نییه‌ و به‌ باشی كار ناكات: نه‌ چه‌مكی جه‌نگ و نه‌ چه‌مكی تیرۆر. ئه‌مه‌ ئه‌و شته‌یه‌ كه‌ به‌رده‌وام ده‌یڵێم. هه‌روه‌ها دووالیزمە چه‌مكییه‌كانی وه‌كو نیشتمانی/جیهانی، مه‌ده‌نی/سه‌ربازی، چیتر ڕۆڵ ناگێڕن و وه‌ك جاران هه‌مان چالاكییان نه‌ماوه‌. بۆیه‌ ده‌بێت دیسان هه‌موو ئه‌م چه‌مكانه‌ هه‌ڵكۆڵینه‌وه‌. ئه‌مه‌یش كارێكی درێژ و له‌سه‌رخۆ ده‌بێت و منیش خۆشخەیاڵ نیم، به‌تایبه‌تیش, وه‌كو ئه‌وه‌ی له‌ تیۆری ماركسیزمدا ده‌گووترێت, ئه‌گه‌ر ئه‌و نایه‌كسانی و ناهاوسه‌نگییه‌ ترسناكه‌ له‌به‌رچاو بگرین كه‌ له‌ گه‌شه‌پێداندا هه‌یه‌. كۆتایی ده‌وڵه‌ت، هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی خولیاكانی باڵاده‌ستی ناكه‌وێته‌ سبه‌ینێ، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا له‌ جیهانی ئه‌مڕۆماندا هەر ئیش ده‌كات. ئه‌مه‌یش وەک هەمیشە شتێکی پێشبینینه‌كراو بوو‌؛ زەمەن, یان باشتر بڵێین, ڕیتمی ئه‌و گۆڕانكارییانه‌یه‌ كه‌ ناتوانین خۆمانی لێ ببووێرین.
-       ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا ئه‌و ده‌روازه‌یه‌ بووه‌ كه‌ به‌رده‌وام بۆ پێشوازیكردن له‌ ئێوه‌ له‌سه‌ر پشت بووه‌، ئایا هۆكارێكی تایبه‌ت له‌مه‌دا هه‌یه‌؟
-        سه‌فه‌رم زۆر كردووه‌، ڕه‌نگه‌ زۆر زۆریش، نه‌ك ته‌نیا بۆ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان. من ده‌مه‌وێت له‌و وێنه‌ "ئه‌مریكییه‌" ده‌رباز ببم، چونكه‌ له‌گه‌ڵ واقیعدا یه‌ك ناگرێته‌وه‌؛ به‌ڵكو ته‌نیا له‌گه‌ڵ ئاره‌زوو و به‌رژه‌وه‌ندیی هه‌ندێ كه‌سدا گونجاوه‌. چونكه‌ ده‌بێت ]سەبارەت بە سەفەری من[ به‌ هه‌مان شێوه‌ ده‌رباره‌ی هه‌موو كیشوه‌ره‌كان و هه‌موو ده‌وڵه‌تانی ئه‌وروپاییش بدوێین. بەڕێكه‌وت چوومە ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان و له‌ ساڵی 1955-1956 یه‌كه‌م ساڵم له‌وێ به‌سه‌ر برد: ئەوە مینحه‌ی چوون بۆ هارڤارد بوو كه‌ به‌هۆی به‌ڕێوه‌به‌ری قوتابخانه‌ی باڵاوه‌ وه‌رمگرت. پاشان، دوای ده‌ ساڵ به‌ بانگهێشتی ڕۆنی جیرار چوومه‌وه‌ بۆ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ به‌شداریكردن له‌ كۆڕێكدا و  ئه‌و ده‌رسگووتاره‌ی له‌و كاته‌دا پێشكه‌شم كرد ڕه‌خنه‌ بوو له‌ جۆڕێك له‌ بونیادگه‌ری و، له‌وێ وه‌ك بۆمبێك ته‌قییه‌وه‌. چونكه‌ به‌ هه‌ق و ناهه‌ق ئه‌وه‌یان تێدا بینی كه‌ ئاماژه‌ی یه‌كه‌مه‌ بۆ ئه‌و شته‌ی كه‌ ئه‌مریكییه‌كان ناویان نا پاش-‌بونیادگه‌ری. پاشان له‌ ماوه‌ی سێ ساڵدا سێ جاری دیكه‌ بانگهێشت كرام. ئینجا دواتر زانكۆكانی "ئه‌لیال، ئێرڤین، كالیفۆرنیا، نیویۆرك" داوایان لێكردم بۆ ماوه‌ی چه‌ند هه‌فته‌یه‌ک وانه‌یان بۆ بڵێمه‌وه‌، هه‌ر ساڵی یه‌كجار. من هه‌رگیز له‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان زۆر ئارامم نه‌گرتووه‌ و بۆ ماوه‌یه‌كی درێژ نه‌ماومه‌ته‌وه‌؛ باشترین ڕۆژه‌كانمم له‌وێ به‌سه‌ر نه‌بردووه‌. به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ واتای ئه‌وه‌ بێت كه‌ به‌رهه‌مه‌كانم له‌وێیش، هه‌روه‌ك شوێنه‌كانی تر، به‌ كرده‌یی پێشوازییه‌كی گه‌رم و به‌ بڕشتیان لێكراوه‌ و گرنگییان پێدراوه‌ و له‌وێ كه‌متر ڕووبه‌ڕووی كینه‌ و به‌ربه‌ست و ململانێ بوومه‌ته‌وه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ فه‌ره‌نسا یه‌خه‌یان گرتووم، ئه‌وا بە ڕاستی وایە‌. ئه‌گه‌رچی هەڵوەشانەوەگەرایی، پێشتر له‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان كرابووه‌ ئامانج و تارگێتی هه‌ڵمه‌تێكی پلان بۆ دانراو و به‌رنامه‌داری سه‌رشێتانه‌، به‌ڵام دیبه‌یت و گفتوگۆ له‌وێ ئاسانتره‌ وه‌ك له‌ فه‌ره‌نسا. بەهەرحاڵ با ئه‌مه‌یش بخه‌ینه‌ ئه‌ولاوه‌. دواجار، به‌ فه‌زڵ، یان به‌هۆی مێژووی زانكۆیه‌كی ئه‌مریكییه‌وه‌، له‌وێ به‌شیوه‌یه‌كی باش و خێرا به‌رده‌وام كاری زۆرمان كرد، به‌تایبه‌تیش له‌گه‌ڵ ئه‌و ناوه‌ندانه‌دا كه‌ بۆ من ئاشناتر بوون.
-       ده‌وڵه‌تێكی دیكه‌ هه‌یه‌ مۆری له‌ بوونی ئێوه‌ داوه‌: "جه‌زائیر". له‌وێ له‌دایكبوون و تێیدا گه‌وره‌بوون. هه‌ر له‌و كاته‌وه‌ی كه‌ له‌ ساڵی 1949ه‌وه‌ به‌جێتان هێشتووه‌ ئه‌م وڵاته‌ به‌ چه‌ندین قه‌یرانی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسییدا تێپه‌ڕیووه‌. له‌مڕۆدا په‌یوه‌ندی ئێوه‌ به‌و یه‌كه‌م زه‌مین و زێده‌تانه‌وه‌ چییه‌؟
-        یه‌كه‌م، ڕوونكردنه‌وه‌یه‌كم هه‌یه‌، ئینجا حیكایه‌تێكی قه‌شه‌نگیش. ڕوونكردنه‌وه‌كه‌: تا گه‌یشتمه‌ نۆزده‌ ساڵان هه‌رگیز ئه‌و گونده‌ی خۆمم جێ نه‌هێشت كه‌ كه‌وتبووه‌ ده‌وربه‌ری شاری ئه‌لبیاری جه‌زائیره‌وه‌. ئینجا هه‌رگیزیش پایته‌ختم نه‌بینیبوو. حیكایه‌ته‌كه‌: ساڵی 1996، په‌رله‌مانی جیهانيی نووسه‌ران، كه‌ من ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ری ئه‌و ده‌زگایه‌ و جێگری سه‌رۆكه‌كه‌ی بووم، له‌ ستراسبۆرگ، یه‌كێك له‌ كۆڕبه‌نده‌كانی ته‌رخان كرد بۆ جه‌زائیر. به‌ر له‌ ده‌ستپێكردنی كۆڕبه‌نده‌كه‌ ئاماده‌بووان له‌ هۆڵه‌كه‌دا كۆبووبوونه‌وه‌، له‌پاڵ منه‌وه‌ كچێكی گه‌نجی جه‌زائیری دانیشتبوو؛ لێپرسیم:
§        "زۆر له‌ جه‌زائیر، له‌ شه‌قامی ئۆریلیس دو بالادین نیشته‌جێبوون؟
§        به‌ڵێ.
§         له‌ 31؟
§        به‌ڵێ.
§        منیش".
خۆی پێناساندم، بۆم ده‌ركه‌وت ئه‌مه‌ كچی ئه‌و جه‌زائیرییانه‌یه‌ كه‌ باوك و دایكم ئه‌وكاته‌ی بڕیاریاندا له‌ جه‌زائیر بڕۆن، ماڵه‌كه‌یانیان بۆ جێهێشتن. ئه‌ویش خۆی، به‌هۆی دۆخی دوولایه‌نه‌ی ژنی ڕۆشنبیره‌وه‌، جه‌زائیری جێهێشتبوو. ئه‌و كچه‌ گه‌نجه‌ جه‌زائیرییه‌ له‌ هه‌مان ئه‌و ماڵه‌دا گه‌وره‌ بووبوو كه‌ منیش تێیدا گه‌وره‌ بووبووم. ئه‌و هاتبوو بۆ كۆڕبه‌ندی په‌رله‌مانی نووسه‌ران وه‌ك شایه‌تحالێك له‌سه‌ر تراژیدیای جه‌زائیر، له‌سه‌ر كوشتنی ڕۆشنبیره‌كان، تووندڕه‌ویی ئیسلامی كه‌ وڵاته‌كه‌ ده‌سووتێنێت. من له‌مڕۆدا له‌ هه‌مان ئه‌و ئازاره‌ لێكدژانه‌دا ده‌ژیم: به‌ دڵ جه‌زائیریم –جا هه‌موو ئه‌و ئازار و هاوسۆزی و نۆستالژیایه‌ (ناوی ده‌نێم نۆستالژیا) كه‌ ئه‌م وشه‌یه‌ هه‌ڵیگرتووه‌-، له‌ وڵاتێك ئه‌ژیم كه‌ نیشتمانمه‌: فه‌ره‌نسا و له‌وێوه‌ له‌ مێژووی ئازاراوی و پڕ مه‌ینه‌تی جه‌زائیری سه‌ربه‌خۆ ڕاده‌مێنم.
-       له‌ پاریس، ڕاسته‌وخۆ له‌ كاتی خوێندنتاندا له‌ به‌شی‌ ئاماده‌یی لویسی مه‌زن، سه‌ره‌تا گرنگیتدا به‌ فیكری سارته‌ر و بیرگسۆن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا، ڕێڕه‌وه‌ فه‌لسه‌فییه‌كه‌ت زۆر له‌م دوو فه‌یله‌سووفه‌ دووری خستییه‌وه‌؟
-        وایه‌، بیرگسۆن به‌لای من و هه‌موو نه‌وه‌ هاوچەرخەکانمەوە سه‌رسوڕهێنه‌ر بوو، سارته‌ریش فیگورێكی دیاری فه‌یله‌سوف و نووسه‌رێكی مولته‌زیم بوو. دواتر چۆن له‌ ڕوانگه‌ی ڕووله‌پشتڕوانیrétrospectivement))ـەوە ته‌ماشای ئه‌وه‌م كرد كه‌ له‌سه‌ره‌تادا گرنگیم پێدابوو؟ من ئه‌وه‌ ڕه‌ت ناكه‌مه‌وه‌. ئه‌گه‌ر له‌ ئێستادا كات و ئازادییم هه‌بووایه‌، ئه‌وا ده‌مه‌ویست دووباره‌ ئه‌م دوو بیرمه‌نده‌ بخوێنمه‌وه‌ و وانه‌یان له‌باره‌وه‌ بڵێمه‌وه‌. به‌ڵام، نامەوێت به‌ بێ دووباره‌ ئاوێزانكردنه‌وه‌یان له‌ ڕه‌سه‌نایه‌تی و له‌ سنووره‌كانی خۆیاندا به‌مانه‌دا هه‌ڵبڵێم، –ته‌نانه‌ت له‌ ده‌قه‌ هەڵوەشانەوەگەرییەکانیشمدا هه‌وڵده‌ده‌م عه‌شقی خۆم بۆ ئه‌و ده‌قانه‌ تۆمار بكه‌م- ئه‌ویش ڕه‌سه‌نایه‌تی و سنووره‌كانی نەریتی فه‌لسه‌فی و دامه‌زراوه‌یی فه‌ره‌نسییه‌؛ چونكه‌ لای بیرگسۆن و سارته‌ر ئه‌و ڕێگایانه‌ی پراكتیك و تێڕامان و نووسین هه‌ن كه‌ له‌ ئه‌ڵمانیا و ئینگلته‌را بوونیان نییه‌, ئەم دوو وڵاتە به‌ ته‌واوی لە "غه‌ریبه‌" غەریبن.
-       چه‌ند فه‌یله‌سوف و نووسه‌رێكی دیار و گرنگ هاوڕێی تۆن، له‌وانه‌: ئالتۆسێر، لیڤیناس، بلانشۆ، وێرای ئه‌مانیش ژیل دۆلۆز و فرانسوا لیوتار؛ خۆ ئه‌گه‌ر هاوڕێیه‌تی گفتوگۆ بخوازێت، ئایا ده‌شێت به‌رهه‌مه‌كانی تۆ وه‌ك گفتوگۆ له‌گه‌ڵ ئه‌م هاوڕێیانه‌دا بخوێنینه‌وه‌؟
-        به‌ڵێ.. به‌ڵام، ئه‌گه‌ر گفتوگۆیه‌ك هه‌بێت (به‌م وشه‌یه‌وە زۆر خه‌ریك نه‌بووم) واتای ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ كتێبه‌كانم یەک له‌دوای یه‌ك پرسیار و وه‌ڵامی ئه‌م هاوڕێیانه‌یه‌. ئه‌مانه‌ به‌ ڕێژه‌یه‌كی زۆر ده‌ربڕی ناونیشانێكن، ئه‌دره‌سن، نه‌ك گفتوگۆ. هه‌ندێك له‌ ده‌قه‌كانم به‌شێوه‌یه‌كی تایبه‌ت ئاراسته‌ی ئه‌م هاوڕێیانه‌ كراوه‌، به‌بێ ئه‌وه‌ی ئه‌مه‌ مانای وابێت كه‌ كتێبه‌كانم له‌لایه‌ن خه‌ڵكانی دیكه‌وه‌ نه‌خوێنراونه‌ته‌وه‌. چ كتێبه‌كانم ده‌رباره‌ی بلانشۆو و لێڤیناس، یان ده‌رباره‌ی تارماییه‌كانی ماركس، كه‌ ناكرێت به‌ بێ زه‌قكردنه‌وه‌ و ده‌رخستنه‌وه‌ی هه‌موو په‌یوه‌ندییه‌كانم له‌گه‌ڵ ئالتوسێردا ته‌فسیر بكرێت، مه‌به‌ستم ته‌نیا له‌ ئالتۆسێر نییه‌ وه‌ك كه‌سێك، به‌ڵكو هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ییش كه‌ كاتێك له‌ قوتابخانه‌ی باڵا ده‌مانخوێند، له‌ ساته‌وه‌خته‌ ئالتۆسێرییه‌كه‌ی قۆناغه‌كه‌دا و ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵیدا و له‌ ده‌وروپشتی ڕوویده‌دا، له‌ ده‌وری كۆبووبووینه‌وه‌: خوێندنه‌وه‌ی كارل ماركس، بۆ به‌رگریكردن له‌ ماركس، ئه‌وانه‌ كۆمه‌ڵێك كاربوون كه‌ من هه‌میشه و له‌ هه‌موو شتێكدا ئەو کاتە لەسەریان هاوڕا ده‌بووم کە دژیشیان بم. هه‌مان شت ده‌رهه‌ق به‌ دۆلۆزیش. وا هه‌ستده‌كه‌م من له‌ تێزه‌كانی دۆلۆزه‌وه‌ زۆر نزیكم، به‌ڵام نه‌مدەتوانی‌ به‌ هه‌مان شێوه‌ی ئه‌و بنووسم: هه‌ردووكمان به‌ دووڕێگای ته‌واو جیاواز ئیش ده‌كه‌ین و ده‌نووسین. بۆ نموونه‌، من زۆر له‌ژێر كاریگه‌ری ئه‌و هه‌وڵانه‌ی ئه‌ودابووم ده‌رباره‌ی نیچه‌، به‌ڵام ناتوانم له‌ ئه‌نتی-ئۆدیپدا هاوڕای بم. هه‌روه‌ها له‌وه‌یشدا هاوڕای نیم كه‌ دره‌باره‌ی ئارتۆ وتوویه‌تی، ئه‌گه‌رچی منیش له‌ بایه‌خدان به‌ ئارتۆددا هاوبه‌شی ئه‌و بووم. من ئه‌مه‌م پێگووت، به‌ هه‌رحاڵ، په‌یوه‌ندییه‌ كه‌سییه‌كانمان هه‌میشه‌ زۆر ئاساییه‌، هه‌روه‌ك په‌یوه‌ندییم له‌گه‌ڵ لیوتاردا. له‌نێوان ئێمه‌دا هه‌مان شێوازی دراوسێیه‌تی هه‌یه‌. هه‌موو ئه‌م شتانه‌ زۆر ئاڵۆزن، بۆ شرۆڤه‌كردنیشی ده‌بێت چه‌ندین ژماره‌ی ڕۆژنامه‌ی لۆهیومانیتی[5] بۆ ته‌رخان بكه‌ین.
-       "هیچ شتێك له‌ ده‌ره‌وه‌ی ده‌ق بوونی نییه‌". ئه‌مه‌ یه‌كێكه‌ له‌ په‌نده‌كانتان كه‌ بۆته‌ گوته‌یه‌كی به‌ناوبانگ. ئه‌گه‌ر هه‌موو كه‌سێك ده‌ق بێت، هه‌موو شتێك په‌یوه‌ست بێت به‌ میتۆدی هەڵوەشاندنەوەگه‌رییه‌وه‌، داخۆ ئه‌مه‌ نامانبات به‌ره‌و ئاراسته‌ی پێچه‌وانه‌ی فره‌یی سیسته‌مه‌كانی تێگه‌یشتن له‌ جیهاندا، كه‌ په‌ره‌سه‌ندنی زانست ده‌ریخستووه‌ و پاڵپشتیی كردووه‌؟
-        ده‌وری چل ساڵێك ده‌بێت كه‌ له‌ باره‌ی نووسین و ده‌قه‌وه ‌ده‌ستمكرد به‌ تێڕامان. ئه‌وه‌ی له‌ سه‌ره‌تادا وروژاندمی، له‌سه‌رووی ئه‌وه‌ی كه‌ به‌ حوكمی وه‌زیفه‌‌ "فه‌یله‌سوف"بم، نووسینی ئه‌ده‌بی بوو. له‌خۆم پرسی، كرده‌ی نووسین واتای چییه‌؟ كاتێك ده‌نووسین چی ڕووده‌دا؟ بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ڵامی ئه‌م پرسیارانه‌ بده‌مه‌وه‌ ده‌بوو سنووری چه‌مكی ده‌ق فراوان بكه‌م و هه‌وڵی پاساودانی ئه‌م به‌فراوانكردنه‌ بده‌م. "هیچ شتێك له‌ ده‌ره‌وه‌ی ده‌ق بوونی نییه‌"، واتای ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ هه‌موو شتێك كاغه‌زه‌ و به‌ نووسین پڕکراوەتەوە. به‌ڵكو واتای ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌ر ئه‌زموونێك وه‌ك تۆڕێكی كاریگه‌ری و شوێنه‌وار بنیاتنراوه‌ كه‌ ئاماژه‌ به‌ شتێكی جگه‌ له‌ خۆی ده‌كات. به‌ ده‌ربڕینێكی دیكه‌، ئێستایه‌ك نییه‌ كه‌ به‌ بێ ئاماژه‌دان به‌ زه‌مه‌نێكی دیكه‌، به‌ ئێستایه‌كی دیكه‌, دروست ببێت. ئێستا-شوێنه‌وار. ئه‌وه‌ ئه‌و شته‌یه‌ كه‌ نیگار ده‌كات و نیگار ده‌كرێت. كاتیگۆری شوێنه‌وارم به‌ جۆرێك به‌رفراوان كرد تا ئه‌وه‌ی خودی ده‌نگیشی گرته‌ خۆی، لەمەیشدا بیرۆکەی دووباره‌ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی به‌ها بۆ ئه‌و شتانه‌ی كه‌ هه‌ر له‌ یۆنانی كۆنه‌وه‌ له‌ فه‌لسه‌فه‌دا فه‌رامۆش كراون، بەهەند وەرگیراوە, هەر له‌ نووسینه‌وه‌ بۆ قسه‌ (سه‌نتراڵیزمی لۆگۆس) و بۆ ئێستای زیندووی ده‌نگ (سه‌نتراڵیزمی ده‌نگ)، ئه‌مه‌یش واتای ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هەڵوەشاندنەوەگەرایی ڕه‌خنه‌ نییه‌ ئەگەرچی ڕه‌خنه‌ زه‌روره‌تیشە. هەڵوەشاندنەوەگەرایی نه‌ حوكمی به‌هاییه‌ و نه‌ پرۆسێسێكی زۆره‌ملێیانه‌یه‌. له‌وه‌یش زیاتر، با بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ قسه‌كه‌ی تۆ، هەڵوەشاندنەوەگەرایی میتۆد نییه‌. چونكه‌ ئایدیای میتۆد پێویستی به‌ كۆمه‌ڵێك ڕێوشوێنی ڕێكخراوی سه‌ره‌تایی هه‌یه‌ بۆ ئه‌زموونی خوێندنه‌وه‌، لێكدانه‌وه‌ و فێربوون، هه‌روه‌ها جۆرێكیش له‌ جڵه‌وكردن و ته‌حه‌كوم. دەکرێت ئێمه‌ به‌ كرده‌یی، هه‌ندێك پاڵنه‌ری هەڵوەشاندنەوەگەرایی دووباره‌ بكه‌ینه‌وه‌ -ئه‌مه‌ ئه‌و شته‌یه‌ وشه‌ی میتۆد ئاماژه‌ی بۆ ده‌كات، وا نییه‌؟-، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا هەڵوەشاندنەوەگەرایی میتۆد نییه‌. ئه‌مه‌ نه‌ ڕه‌خنه‌یه‌ و نه‌ میتۆد. به‌ تێپه‌ڕین به‌ مێژووی یان به‌ نه‌وه‌ی ئایدیاكانی "ڕه‌خنه‌" یان "میتۆد"دا، هەڵوەشاندنەوەگەرایی لەو لایەنەوە هه‌ق به‌ لێكدانه‌وه‌كانی خوێندنه‌وه‌، نووسین، گۆڕینی گشتی ده‌ق ده‌دات كه‌ ڕووداوه‌كان événments بن؛ لەو شتانەدا کە خۆی ئه‌زموونیان ده‌كات خوازیاری كۆمه‌ڵێك شتی نوێیە کە سەرنجڕاکێش بن. له‌ هەڵوەشاندنەوەگەراییدا ده‌سه‌ڵاتی ئیمتیاز بوونی نییه‌، به‌ڵكو به‌ساده‌یی به‌یه‌كگه‌یشتنی "شتێكه‌ له‌گه‌ڵ شتێكی تردا"، به‌یه‌كگه‌یشتنی دوو شته‌، گه‌یشتنی تۆیه‌ به‌ كه‌سێكی تر كه‌ هه‌موو جارێك یاسایەکی ناوازه‌ی خوێندنه‌وه‌ت فێردەکات و داوای سازانت لێده‌كات له‌گه‌ڵ سیسته‌مێكدا كه‌ دەتكاته‌ به‌رپرسیار، داوات لێ دەکات به‌ خوێندنه‌وه‌ی تایبه‌ت به‌خۆت وه‌ڵام بده‌یته‌وه‌. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا، ئه‌گه‌ر هیچ شتێك نه‌توانێت له‌ ده‌ق ده‌ربچێت و له‌ ده‌ره‌وه‌ی ده‌ق بوونی نه‌بێت، ئه‌وا هێشتا ده‌ق ناكرێت به‌گشتی تۆتالیزه‌ بكرێت؛ به‌هۆی بونیادی شوێنه‌واریش خۆیه‌وه‌ كه‌ دەقی لێی پێكهاتووه‌ و به‌سه‌ر شتێكی دیكه‌ی جگه‌ له‌ خۆیدا ده‌كرێته‌وه‌, گشتگیری ناكرێت دابخرێت. ئه‌مه‌یش تۆتالیتاریزم، داخران، پڕكردنه‌وه‌ی ده‌ق، به‌ هه‌مان شێوه‌یش به‌های سیسته‌م، دوور ده‌خاته‌وه‌. هەڵوەشاندنەوەگەرایی سیسته‌م نییه‌، به‌ هه‌مان ڕاده‌ فه‌لسه‌فه‌یش نییه‌: به‌ڵكو بنه‌مای فه‌لسه‌فی لەخۆدەگرێت. ئه‌وه‌ ڕیسكێكی تایبه‌ته‌ كه‌ تێیدا به‌رده‌وام كرده‌ ]ئەکت[ گرەو لەسەر دۆخ، كۆنتێكست و بەتایبەتی کۆنتێکستی سیاسی، سوبێكت, ڕەگداکوتان له‌ شوێن و مێژوویه‌كدا، دەکات كه‌ ئه‌مه‌ به‌شێوه‌یه‌كی دیاریکراو ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌ی پێده‌دات كرده‌ی هەڵوەشاندنەوەگەرایی واژووی لێ بدات.
-       دواجار، زه‌مان چۆته‌ نێو قوڵایی بیركردنه‌وه‌تانه‌وه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا فه‌لسه‌فه‌یه‌كتان ده‌رباره‌ی زه‌مان نه‌خستۆته‌ ڕوو. كه‌چی جیاواز له‌مه‌، ئێمه‌ وا هه‌ستده‌كه‌ین له‌به‌رده‌م فه‌لسه‌فه‌ی ڕووداوداین. له‌مه‌یشدا مه‌رگ ڕۆڵێكی سه‌نتراڵ ده‌گێرێت و دەرفەتی ئه‌وه‌ی پێداون به‌ وردی زه‌مان به‌ ڕووداوه‌وه‌ گرێ بده‌نه‌وه‌؟
-        ئێوه‌ ڕاست ده‌كه‌ن، له‌ نووسینه‌كانمدا فه‌لسه‌فه‌یه‌كی تایبه‌ت به‌ زه‌مان بوونی نییه‌. هه‌ر وه‌ك چۆن فه‌لسه‌فه‌ی ڕووداو، یان مه‌رگیشیان تێدا نییه‌. بگره‌ به‌ هیچ شیوه‌یه‌ك فه‌لسه‌فه‌یشیان تێدا نییه‌. ڕاسته‌ من له‌ خۆسه‌رقاڵكردن به‌ میراتێكی فه‌لسه‌فییه‌وه‌ ده‌ستم پێكرد، چ ده‌رباره‌ی زه‌مان –كانت و هۆسره‌ڵ و به‌تایبه‌تیش هایدگه‌ر- چ ده‌رباره‌ی ئەولەویەتی ئێستا له‌ ئایدیای زه‌ماندا. هه‌ستی سه‌لیم پێمانده‌ڵێت هه‌موو شتێك له‌ ئێستادایه‌: ڕابردوو و داهاتوو به‌ گەلێک شێواز خۆیان ڕاده‌گه‌یه‌نن كه هه‌میشه‌ شێوازی ئێستایه‌، ئێستای ڕانەبردوو. هه‌وڵمدا ئه‌م به‌ڵگه‌نه‌ویسته‌ كه‌مێك ئاڵۆز بكه‌مه‌وه‌. پرسیاری زه‌مان له‌ هه‌موو كاره‌كانمدا هه‌یه‌. به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه‌ وتتان بایه‌خی تایبه‌تم به‌ ڕووداو داوه‌، ئه‌وه‌یش ڕاسته‌. هه‌تا بێ زیاتریش جه‌ختم لێ كردۆته‌وه‌. ڕووداو وه‌ك ئه‌وه‌ی كه‌ دێت، پێشبینینه‌كراو، وه‌ك ڕووداوێكی تاقانه‌. نه‌ك ته‌نیا "ئه‌وه‌ی" كه‌ دێت، به‌ڵكو ئه‌وه‌یش "كه‌ دێت"، هاتووەکەL’arrivant. پرسیاری ئه‌وه‌ی: "چی بكه‌ین له‌گه‌ڵ "ئه‌وه‌ی" دێت؟ پێویستی به‌ بیركردنه‌وه‌یه‌ له‌ میوانداری، پێدان، به‌خشین، هه‌ڵكردن، نهێنی، شایه‌تی.
پێشهاتە سیاسییه‌كانی ئه‌م تێڕامانانه‌م ده‌رخستووه‌ و ده‌ربڕیووه‌. هه‌موو ئه‌مانه‌ بابه‌تی "ئه‌وه‌"یه‌ كه‌ دێت، ڕووداو وه‌ك ڕووداوێكی پێشبینینه‌كراو. چونکە ئه‌و ڕووداوه‌ی كه‌ پێشبینیی ده‌كه‌ین ڕووداوێكه‌ پێشتر ڕوویداوه‌، كه‌وایه‌ ڕووداو نییه‌. ئه‌وه‌ی له‌ ڕووداودا بۆ من گرنگه‌، ناوازه‌یی و تاقانه‌ییه‌كه‌یه‌تی. ئه‌و شته‌ی كه‌ ته‌نیا یه‌كجار بواری هه‌یه‌ و یه‌كجار ڕووده‌دات، هه‌موو جارێكیش هه‌ر جارێكه‌. كه‌واته‌ ڕووداو تاقانه‌یه‌، لەپێشبینی بەدەرە، به‌ واتایه‌ی به‌ بێ ئاسۆیه‌. به‌ڵام مه‌رگ له‌ ده‌ره‌نجامدا ڕووداوه‌ به‌ پله‌ی ئیمتیاز: مه‌رگ پێشبینینه‌كراوه‌ تا ئه‌و كاته‌ی چاوه‌ڕوان ده‌كرێت؛ دێت و نایه‌ت، له‌به‌رئه‌وه‌ی كاتێك دێت پێشبینینه‌كراوه‌، هه‌رگیزیش بۆ خودی ئه‌و كه‌سه‌ نایه‌ت. لێره‌دا بایه‌خم به‌ ده‌قێكی بلانشۆو داوه‌ له‌باره‌ی مه‌رگه‌وه‌ وه‌ك مه‌حاڵ. بۆ ئه‌وه‌ی به‌ ساده‌یی قسه‌ بكه‌ین، مه‌رگ تێمایه‌كه‌ له‌نێو هه‌موو نووسینه‌كانمدا به‌رده‌وام ئاماده‌یی هه‌بووه‌، هه‌ڵبه‌ت هەر لەپێش"زه‌نگه‌كان" (گالیلی 1974)ـه‌وه‌ درێژبۆته‌وه‌ تا دوای "پێدانی مه‌رگ" (گالیلی 1999). هه‌موو شتێك له‌ بیركردنه‌وه‌ له‌ مه‌رگه‌وه‌ ده‌ست پێده‌كات و هه‌موو شتێكیش هه‌ر بۆ ئه‌و ده‌گه‌ڕێته‌وه‌. ده‌توانم له‌م باره‌یه‌وه‌ سێ نموونه‌ له‌و تێڕامانه‌ بخه‌مه‌ ڕوو كه‌ په‌یوه‌ندیدارن به‌م بیركردنه‌وه‌یه‌وه‌ له‌ مه‌رگ: مۆركی وه‌سێتییانه‌ی نووسینی "ده‌رباره‌ی گراماتۆلۆژی" (مینوا 1975). من كاتێك ده‌نووسم زۆر باش ده‌زانم چی ده‌نووسم، خۆ ڕه‌نگه‌ لێشی په‌شیمان ببمه‌وه‌، له‌ ئەسڵی شوێنه‌وار (به‌رهه‌م)دا شتێک نییه‌ كه‌ به‌ بێ پەژمووردەبوونی شوێنه‌وار (به‌رهه‌م)ـەکە بتوانێت پەژمووردە ببێ؛ ئه‌وه‌ بونیاده‌كه‌یه‌تی، ئه‌و بونیاده‌ی كه‌ به‌ وه‌سێتییانه‌ testamentaire ناوم بردووه‌؛ ئینجا تارمایی كه‌ خۆیشی لای خۆیه‌وه‌ له‌ كاتیگۆری شوێنه‌وار (به‌رهه‌م) جیانابێته‌وه‌ -هه‌ڵبه‌ت تێڕامان له‌مه‌ به‌ر له‌ "تارماییه‌كانی ماركس"ـیش لای من ئاماده‌یی هه‌بوو: شوێنه‌وار (به‌رهه‌م) نه‌ زیندووه‌ و نه‌ مردووه‌؛ دواجار ئه‌م تێڕامانه‌ -له‌به‌ر هۆكاری سیاسی- ده‌رگای بۆ ئاوه‌ڵاكردم به‌سه‌ر پرسیاری گه‌وره‌ و سه‌ختی تاوانی له‌سێداره‌داندا، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ بۆ ماوه‌ی چه‌ند ساڵێك کۆرسی وانه‌وتنه‌وه‌ و هه‌ندێك جووڵانه‌وه‌ی خه‌باتگێڕانه‌م بۆ ته‌رخان كرد، به‌تایبه‌تیش ده‌رهه‌ق به‌ حاڵه‌تی "مۆمیای ئه‌بو جه‌مال"، كه‌ کردمە پێشەکی کتێبێک "ڕاسته‌وخۆ بەسەر قەنارەی مەرگەوە" (Mumia abu-Jamal: En direct du couloir de la mort) (لا دیكۆفیرت 1999). پێموایه‌ مێژووی سزای له‌سێداره‌دان له‌ خۆیدا یه‌كلاكه‌ره‌وه‌یه‌، هه‌مان كاتیش هێڵی گه‌وره‌ و ئاراسته‌كه‌ری بیركردنه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت، سه‌روه‌ری، ده‌سه‌ڵاته‌.
سەرچاوە:
منارات (ملحق ثقافي اسبوعي يصدر عن جريدة المدى), العدد (2484) السنة التاسعة, الاربعاء (16) ايار 2012.

پەراوێزی وەگێڕی کوردی:
[1]  بەو واتایەى سیاسەت و دۆکترینە سیاسییە باوەکان بەلاى دێریداوە گرنگ نەبوون و خۆ لی نامۆ کردوون.
[2]  بڕیار لەسەر ڕووبەرە نەزانراوەکانى بەردەممان بەرپرسیارێتى هەڵگرتنى بڕیارەکەیشمان لەسەر دەسەپێنێت. ئەمەیش پێچەوانە پرۆگرامە. ئەوەى مەعریفەیەک، یان زانینێک، یان نەخشەڕێگایەک جێبەجێ دەکات ئەوا بوێریى بڕیاردانى نییە. لاى دێریدا گرنگ "بڕیار"ە نەک "زانین"ى ئەوەى دەبێت چى بکەین.
[3]  دێریدا لە کۆمەڵێک بەرهەمیدا باس لە لێخۆشبوون دەکات، یەکێک لەوانە لە زنجیرەى وانەوتارەکانى ئەمریکایدا کە بەناوى "کێشەکانى بەرپرسیارێتى" وتراونەتەوە و دواتر بە کتێب بڵاوکراونەتەوە. ئەم بەرهەمەیان بە ناوى "لێخۆشبوون؛ بەخشینى لەبەخشین-بەدەر" بڵاوکراوەتەوە.
[4]  ئەم بەرهەمەی دێریدا لەسەر تیرۆر گفتوگۆیەکی درێژە، لە کتێبێکی سەربەخۆدا بەو ناونیشانەی سەرەوە بڵاوبۆتەوە، جارێکی دیکەیش لەگەڵ گفتوگۆیەکی هابەرماسیشدا بە ناونیشانی (فەلسەفە لە زەمەنی تیرۆریزمدا) بڵاوبوویەوە. ئێمە کتێبەکەمان کردووە بە کوردى و بە ناونیشانى "ڕووداو و داهاتوو" بڵاومان کردۆتەوە. (زنجیرە کتێبى ناوەخت، غەزەلنووس، 2018).
[5]  ڕۆژنامەی حزبی کۆمۆنیستی فەرەنسی.

تێبینى: ئەم وتارە لە سایتى "کولتوور مەگەزین" بڵاوکراوە. کلیلک لەسەر ئەم لینکە بکە: