My Blog List

بابه‌ته‌ نوێیه‌كان

خۆرهەڵات و فەلسەفە

Friday 31 May 2019

پاشایان و شۆڕشگێران

کێ شۆڕشگێڕى ڕاستەقینەى یاریى تەختە پاشاییەکانە؟

هاوار محەمەد

سلاڤۆى ژیژەک لە وتارێکى نوێیدا دەربارەى زنجیرەى کۆتایى "یارى تەختە پاشاییەکان"، کۆمەڵێک سەرنجى ورد و سەرنجڕاکێشى دەربڕیووە و لە ڕوانگەى خۆیەوە بە کورتى تەفسیرى شۆڕش و ژن و گۆڕان و دەسەڵاتى لەنێو زنجیرەکەدا  کردووە. وتارەکە کە بە زمانى ئینگلیزى بە ناونیشانى (So justice prevailed – but what kind of justice?) بڵاوبۆتەوە و سایتى نێگەتیڤیش کردوویانە بە کوردى و بە ناونیشانى "شێتییەکەى دێنیریس فانتازیایەکى نێرانەیە" بڵاویان کردۆتەوە. لە ڕاستیدا، ڕوانگەکەى ژیژەک بۆ فیلمەکە چاوەڕوانکراو بوو. کچێک هەڵگرى پەیامى گۆڕانکارییە، عەقڵى ئەمریکى دەیگۆڕێت بۆ ئەژدیهایەک و بەمەیش وێنایەکى ڕەشى شۆڕش دەخاتە پێش چاو، ژیژەکیش بە قەڵسى ئەم ڕاستییە ڕوون دەکاتەوە. کێشەى خوێندنەوەکەى ژیژەک ئەوەیە تەنیا سوبێکتە سیاسییە فۆڕماڵەکەى ناسیوەتەوە؛ بەو مانایەى کۆمەڵێک شۆڕشگێڕ لە زنجیرەکەدا هەن، بەڵام تەنیا یەکێکیان بە ڕاشکاوى و بە دروشم بانگەشەى بۆ دەکات، لاى ژیژەک ئەوە ئەوە خۆیەتى. جا  بۆ ئەوەى تەفسیرى ژیژەک نەبێتە تاکە تەفسیرى زاڵى نێو کۆمەڵگەى ئێمە و نەبێتە تاکە وێناى فیلمەکە لە نێو خەیاڵدانى بینەرانى زۆروزەبەندى ئێمەدا، ئەوا پیشانى دەدەین کە دەشێت بە جۆرێکى تریش ڕوواوەکان و کارەکتەرەکان و زنجیرەى کۆتایى بخوێنینەوە.
هەر لە سەرەتاوە تا کۆتایى "دێنێریس تارگێریان" لەنێوان دوو ئامانجدا دابەشبووە و لە پارادۆکسێکى ناوەکیدا دەژى. یەکەم: بەدەستهێنانەوەى تەختى ئاسنین وەک دوا میراتگرى ڕاستەقینەى بنەماڵە پادشاییەکەى تارگێرییەکان. دووەم: گۆڕینى جیهان وەک شۆڕشگێڕێک. ژیژەک لە خوێندنەوەکەیدا بە تەواوى لایەنى یەکەم فەرامۆشى دەکات و لایەنى دووەم دەبینێت. لە دیوى یەکەمدا دێنێریس بەتەنگ بەدەستهێنانەوەى میراتى پاشایەتییەوەیە، ئەمەیش بە تووندى ناکۆکە بە دیوى دیووەم، بە خواستى شۆڕشگێڕانەى گۆڕینى جیهان. لە زۆر شوێندا ئەم دوو خواستە بەر یەکتر دەکەون: چۆن دەکرێت جیهان لە ستەمکاران پاک بکرێتەوە بە بێ ئەوەى ڕزگارکەران خۆیان ببن بە ستەمکار؟ ئەمە زەنگەکەى نیچەیە: ئەوەى لەگەڵ ئەژدیهاکاندا دەکەوێتە جەنگەوە دەبێت ئاگاى لەوە بێت و ببینێت کە خۆى نەبێت بە ئەژدیها، ئەگەر زۆر تەماشاى ناو چاڵێک بکەى، ڕەنگە ئەویش تەماشات بکاتەوە! کەوایە لەلایەکەوە دێنێریسێکى کۆنەپارێزى ئۆرستۆکراتى دەسەڵاتپەرستمان هەیە کە دەیەوێت بە هەر نرخێک بووە تەختى دزراوى پاشایەتى بەدەست بهێنێتەوە و بۆ ئەمەیش ئامادەیە قوربانى بە عەشقەکەى بدات "ئەگەر ئەتەوێت ئاوا بمێنینەوە ئەوا بەڵێنم پێ بدە ئەم نهێنییە لاى هیچ کەسێک نەدرکێنیت"، دێنێریس ئاوا بە جۆن سنۆو دەڵێت. لە جێیەکى تریشدا دەڵێت "خیانەتکارى ڕاستەقینە ڤاریس نییە، بەڵکو جۆن سنۆیە". بۆچى جۆن سنۆو؟ چونکە تازە ئەو نهێنییە دەرکەوتووە کە بەگوێرەى یاسا نەریتییەکان سنۆو میراتگرى ڕاستەقینەیە نەک دێنێریس. لەلایەکى ترەوە ژنێکى شۆڕشگێڕمان هەیە کە ئازادى و یەکسانیى بۆ هەمووان دەوێت و فرەیى دەچەسپێنێت. چۆن دەکرێت هاوسەنگیى ئەم دوو لایەنە بپارێزرێت و جیهانێکى نوێ دروست بکرێت؟ مەسەلەکە بۆ ژیژەک ئەوەیە دەرهێنەرەکان ویستوویانە لە زنجیرەى ئەخیردا بە تیرێک دوو نیشان بپێکێن: یەکەم: دەرکردنى ژن لە سیاسەت لە ڕێگەى پرۆجەکشنى دڕندەیى پێوانەوە بۆ سەرى؛ دووەم ڕەتکردنەوەى گۆڕانى ڕیشەیى لە ڕێگەى بەکوشتدانییەوە. بەلاى ژیژەکەوە بەخشینى ئەو ویستە دڕندانەیە بە "دێنێریس" بۆ وێرانکردنى کنیگزلاندینگ  بۆ ئەوەیە وێنایەکى ناشیرین بۆ شۆڕش پیشان بدرێت و گوایە هەمیشە وێرانکارى دێنێت؛ ژنیش ناتوانێت لە ساتێکى هەستیاردا عەقڵانییانە خۆى کۆنترۆڵ بکات و ئەم وێنایەش بە قەستى ئەوەیە لە دەسەڵات دووربخرێتەوە. لەگەڵ ئەمەیشدا ئەوەى بۆ ژیژەک مایەى سەرسوڕمانە ئەم گۆڕانە سایکۆلۆژییە نییە، بەڵکو پچڕانى لۆژیکە سەردییەکەى زنجیرەیەکە و کە بەلاى ئەوەوە ئەم گۆڕانە کتوپڕە بونیادى خودى حیکایەتەکە خاپوور دەکات. بەڵام لە ڕاستیدا ئەم گۆڕانە کوتوپڕە ئاوەژووبوونەوەى لەناکاوى حیکایەتەکە نییە، پێناچێ زنجیرە سەردییەکە خۆى ڕێگەى بۆ ئەمە خۆش نەکردبێ: پێش هەموو شت، هەر لە سەرەتاکانەوە هێنانى سێ دراگۆن بۆ نێو درامەکە بەسەرشانى دایکیانەوە، نانەوەى وێرانکارییەکى گەورە وەک ئەگەرێکى بەردەوام قووت دەکاتەوە. دراگۆن لە زنجیرەکەدا سیمولاکرا دێرینە سینەماییەکەى چەکى ئەتۆمە کە لە هەر ساتێکدا بێت دەتوانێت ئەپۆکالیپس بخوڵقێنێت: "دراگۆنەکان هەرچییەکیان پێخۆش بێ دەیخۆن". چەکى ئەتۆم ناتوانێ جیهان بگۆڕێ، تەنیا دەتوانێت وێرانى بکات. بوونى دراگۆنەکان دەبوو هەر ئەم وێرانکارییە بخولقێنین، بە تایبەتى دواى ئەوەى لە جەنگ دژ بە سوپاى مردووەکاندا ڕۆڵێکى یەکلاکەرەوەیان نەبوو. بەم مانایە چاوەڕوانکراو بوو دراگۆنەکان ئەو قیامەتە بۆ مرۆڤ بەرپابکەن کە دێنێریس لە زنجیرەى کۆتاییدا بەرپاى کرد. پاشان ئیغراى دەسەڵاتى حەوتشانشینەکە خۆیشى چاوەڕوانى ئەوەى لێدەکرێت شۆڕشگێڕە گەورەکانیش بگۆڕێت بۆ سەرکردەیەکى گەمژە. لەمەیش زیاتر، شۆڕش هەرچۆن عەقڵانى و دیسپلینکراو بێت، لە ساتى ناعەقڵانییەت پاکژنابێتەوە و ڕەنگە کوشتنى بێ ئامانجیشى لێ بکەوێتەوە. خاڵێکى دیکەى گرنگ خودى مێژوو و نەسەبى کچەى شۆڕشگێڕە لەگەڵ عینادی و کەللەڕەقییە هەرە زۆرەکەیدا بۆ وەرگرتنى دەسەڵات. کەواتە ئەو گۆڕانکارییە زۆریش چاوەڕواننەکراو نەبوو. ئەمە دیوە کۆنزەرڤەتیڤەکەى دێنێریسە کە ژیژەک نایەوێت سەرنجى لێ بدات. بەڵام ئەم خواستە ئەرستۆکراسییە بۆ گرتنە دەستى دەسەڵات لە دەروونى دێنێریسدا تێکەڵ بە ویستێکى تر دەبێت کە پێشکەونخوازانە و شۆڕشگێڕانەیە: گۆڕینى دنیا. ئەو ویستەى دووەم بە ئازادکردنى سوپاى خەسێنراوان دەستپێدەکات و دووەمجار بە ڕزگارکردنى کۆیلەکان و ئیدى بەم جۆرە. لەبەرئەمە ژیژەک پێیوایە دێرنیس "نوێنەرى بێبەشان" و چەوسێنراوانە. کەواتە دەبوو بژى بۆ ئەوەى دواى گرتنە دەستى دەسەڵات بەردەوام بێت لە ڕزگارکردنى بێبەشانى دیکە. جا لەبەرئەوەى بە کوشت درا، ئەوا تەنیا دەوڵەتێکى بۆیاخکراوى چاکسازیکراو بە پاشایەتى "بران" دادەمەزرێت. بەلاى منەوە ئەم خوێندنەوەیە تەنیا لە ڕووى فۆڕماڵ و گوتارەوە دروستە، واتە تەنانەت گەر دێنێریسش بژیایە و ئەو سایکۆلۆژیاى دڕندەیەشى نەدرایەتە پاڵ، ئەوا لە دوایین سنووردا تەنیا دەیتوانى دەوڵەتێکى چاکسازیکراو دابمەزرێنێتەوە، کەواتە با گریمانەى دوو گۆڕان لە سیناریۆکەدا بکەین و دیسانیش بۆچوونەکانى ژیژەک هەڵسەنگێنینەوە: یەکەمیان دێنێریس دەسەڵات دەگرێتە دەست. دووەمیان ئەوەى کە نامرێت. لە باشترین حاڵەتدا ڕووداوەکان ئاوا ڕوودەدەن:
 لە زنجیرەى کۆتاییدا دوو خواستەکەى دێنیریس لە گوتاردا دەپارێزرێن، بەڵام لە سەر ئەرزى واقیع لەیەک جودا دەبنەوە. یان دێنیرێس ئیتر شاژنێکە لەسەر تەختى ئاسنین و گۆڕینى جیهان تەنیا وێنەى باڵاکراوى ویستە تاناتۆسییەکەیەتى، یان ئەوەى دەبوو دێنێرس شۆڕشگێڕێکى ڕاستەقینە بێت و هەر لەوەختەى زەنگەکانى شارەکە لێدرا لەسەر دراگۆنەکەى بهاتایەتە خوارەوە، ئەو کات دەبوو پەیڕەوى لە بنەماى ڕاستگۆیى بکات، ڕاستی ڕەچەڵەکى جۆن سنۆو بۆ خەڵک ئاشکرا بکات و ئیدى خەڵکى خۆیان پادشا، یان سەرۆک، یان حکومەتیان بە دەنگدانێکى دیموکراسى هەڵبژێرن. ژیژەک ئەم ڕێگە دیموکراسییە ڕەت دەکاتەوە. کەواتە بە ڕاست ئەگەر شۆڕشگێڕەکان پەیڕەوى لە هەڵبژاردن ناکەن، ئەى دواى سەرکەوتنى شۆڕشەکە چیى دەکەن و چۆن دەسەڵات بەڕێوە دەبەن؟ سێ وەڵام هەیە: خاپوورکردنى دەسەڵات بە هەموو جۆرێک بێ ئەوەى هیچى لێ بمێنێتەوە، گەڕانەوە بۆ ژیان لە دۆخى سروشتیدا. دووەم: هێشتنەوەى حکومەتێکى ئیشرافى بۆ سەرپەرشتى ژیانى مەدەنیى خەڵک. سێیەم: دامەزراندنەوەى دەسەڵاتى دەوڵەت و سەرجەم دامەزراوە زەرورەکانی لەلایەن ڕابەرانى شۆڕشەوە و بوونى ڕابەر بە سەرۆکى دەوڵەت. کێشە تیۆرییەکانى ئەم سێ وەڵامە ئەمانەن: سەبارەت بە یەکەمیان: ناکرێت مرۆڤ لە کایۆسدا و بێ ڕێکخستنى کۆمەڵایەتى و سیاسى بژى. کێشەى وەڵامى دووەمیان ئەوەیە، (گەر بە هەڵبژاردن نەبێ) چۆن و بە چ میکانیزمێک دەزگا و دەستەى بەڕێوەبەرانى دامەزراوە گشتیى و لۆکاڵییەکان دیاریى دەکرێن؟ کێشەى سێیەمیان: گەر دەوڵەت وەک خۆى ترانسێندنتاڵ بمێنێتەوە و لەلایەن ڕابەرانى شۆڕشەوە بەڕێوەببرێت، کەواتە ئەمە ماناى وایە لە باشترین حاڵەتدا (گەر دەوڵەتێکى زۆر دادپەروەریش بێ) تەنیا چاکسازییە لە دەوڵەتى پێشتردا، لە دەوڵەتێکى خراپەوە بۆ دەوڵەتێکى باشتر. لەم حاڵەتەدا شۆڕش هیچ شتێکى ڕیشەیى نەگۆڕیوە. بە ڕەتکردنەوەى ئیختیارى یەکەمیان کە هەڵبژاردنى دیموکراسییە، ئەوا ڕێگەى دووەم ئەوەیە دێنیریس نەچێتە نێو خەڵک، بەڵکو دواى لەنێوبردنى "سێرسیى خراپەکار" بچێتە نێو قەڵاکان و لەسەر تەختى ئاسنین دابنیشێت. ئینجا لەوێوە جیهان بگۆڕێت. ئەمە بژاردەیەش چەند کێشەیەکى هەیە. یەکەم، بە گوێرەى دۆلۆز وەختێ دێنیریس لەسەر تەخت دادەنیشێت، چرکەى دووەم دەسپێدەکات کە ساتى گەڕانەوە نەزمە، بەم هۆیە ئەو چیتر شۆڕشگێڕ نییە، بەڵکو پادشا یان سەرۆکى دەوڵەتە. ئایا پاشاکان دەتوانن شۆڕشگێڕ بن؟ مەسەلەکە ئەوەیە ژیژەک جووت ئامانجەکەى دێنێریسى خراپ، یان فۆڕماڵ داڕشتۆتەوە: بەدەستهێنانى تەختى ئاسنین و گۆڕینى جیهان. دێنێریس خۆى هەر لە زنجیرەکانى سەرەتاوە هەوڵە سەرەکییەکەى بۆ بەدەستهێنانى دەسەڵاتە، ئێستا کە لێى نزیک دەبێتەوە نایەوێت دەستبەردارى ببێت تەنانەت بۆ عەشقەکە و بۆ میراتگرى "رەوا"یش، بەم جۆرە تەنیا لەبەر دەسەڵات ئارەزووى تەختى شاهانە دەکات و ئیدى گۆڕانى جیهان دەچێتە دواوە. بە دەربڕینێکى تر، ئەو دەیەوێت جیهان بگۆڕێت بۆ ئەوەى دەسەڵات بگرێتە دەست، نایەوێت دەسەڵات بگرێتە دەست تاوەکو جیهان بگۆڕێت: "لەوەتەى هەم تاکە یەک ئامانجى ڕاستەقینەم هەبووە، ئەویش بەدەستهێنانەوەى تەختى ئاسنین، ڕێنادەم هیچ شتێک بێتە نێوانمانەوە". کەواتە، دووەم، دێنێریس بەرلەوەى نوێنەرى بێبەشان بێت، نوێنەرى قەزێى بنەماڵەیەکى فەرمانڕەوایە کە تەختەکەیان دزاوە. تەنانەت ئەگەر نوێنەرى بێبەشانیش بێت، هێشتا تەنیا دەتوانێت بە ئاستى جیاوازى باش یان خراپ "نوێنەرایەتى"ـیان بکات. بێبەشان خۆیان کێن؟ کێ نوێنەرى ڕاستەقینەیانە و دواجار کێ شۆڕشگێڕى ڕاستەقینەیە؟ بەلاى منەوە کەسێکى دیکەى گرنگى نێو زنجیرەکە: "جۆن سنۆو"، هەمان ئەو کارەکتەرە سەرەکییەیەى کە ژیژەک تەنیا یەک دێریشى لەسەر ناڵێت، کەسێک کە بەردەوام بە قووڵى دەچێتە دۆخى صیرورەکانەوە و تا کۆتایى وەک دەرکراوێک دەژى. بۆچى جۆن سنۆو نوێنەرى بێبەشانە؟ چونکە هەم ئەوەى دێنیریس دەتوانێت بە بێبەشانى بدات (ئازادى و کەمکردنەوەى چینایەتى و..) سنۆویش دەتوانێ بیکات، هەمیش دوو خاڵى بەهێزى ترى هەیە کە دێنیریس نییەتى: سنۆو خۆى بێبەش و سەرکوتکراوە، دووەم: بە کردەیى لە گۆڕینى جیهاندایە بە بێ ئەوەى چاوەڕوانى عەرشى ئاسنین بێت. کەواتە لە حزورى جۆن سنۆودا نوێنەرایەتیى دێنیریس بەتاڵ دەبێتەوە. با ئەم دووانە خاڵەى ئەخیر  ڕوون بکەینەوە.
 پێش هەموو شتێک "جۆن سنۆو" خۆى زۆڵێکە و بە گوێرەى هاوسەرگیرییەکى شەرعى لەدایکنەبووە، کەواتە یەکەم شتێک کە لێی بێبەشکراوە پێگەى بنەماڵە، ئیمتیازێکى تەقلدیی حوکم. ئینجا بەو حاڵەیش چینێکى ترى نهێنى دەنیشێتە سەر ئەم دۆخە بێ ئەسڵ و فەسڵییەى و دەیکات بە کەسێکى دووجار زۆڵ، ئەویش وەختێ دەبێتە زۆڵى "نێد ستارک"، نەک باوکى ڕاستەقینەى خۆى، سنۆو دەچێتە نێو صیرورەى بوون بە زۆڵ و بوون بە کوڕى نێد ستارکەوە، ئیدى وەک زۆڵێکى بێشوناس دەژى کە بە گوێرەى یاسا و ڕێساکان بۆى نییە ببێتە میراتگرى تەختى پاشایەتى، چونکە ئەگەرچى دەبێتە ئەندامێکى بنەماڵەى ستارک، بەڵام ناتوانێت نازناوى "ستارک" هەڵبگرێت. ئەم پەڵەیە هەتابێ گەورە دەبێ تاوەکو دەگات بە دوورخستنەوەى بۆ کاسڵ بلاک و دەبێتە پاسەوانێکى ئاسایى شەو، کارێک کە تەنیا هەرچى و پەرچییەکان، زۆڵەکان، سزادراوەکان، هەڵهاتووانى جەنگ و تەمەڵ و شێتەکان، بە کورتى دەرکراوانى کۆمەڵگە و دەزگاکانى دەوڵەت ناچاردەکرێن بیکەن، واتە ئەوانەى کە هیچ پێگەیەکى کۆمەڵایەتییان نییە. کۆیلە ڕاستە بێبەشە، بەڵام پلەى کۆمەڵایەتیى هەیە، سوپاى خەسێنراوان ڕاستە بێبەشن، بەڵام پلەى سیاسى و سەربازییان هەیە. تەنیا ئەوانەى لە کاسڵ بلاکن هیچ پێگەیەکى کۆمەڵایەتییان نییە، کەواتە ئەمانە بێبەشە ڕاستەقینەکانن. سنۆو وەک دەرکراوێک دەنێردرێت بۆ ئەوێ. لەوێ دەستدەکات بە گۆڕینى فەزاى کاسڵ بلاک و ئەمەیش دیوێکى شۆڕشگێڕانەى ئەوە، بۆیە بێ خواستى خۆى دەچێتە صیرورەى بەسەرکردەبوونى بێبەشانەوە. ئەو دەچێتە دەرەوەى دیوارى قەڵاى سەهۆڵین، بۆ باکورى دوور و بۆ نێو جەرگەى دەسەڵاتى پاشاى شەو, هێڵى هەڵهاتن لەنێو شانشینە ترسناکەکەیدا دەدۆزێتەوە. دەچێتە صیرورەى بە بەربەربوونەوە وەختێک دەچێتە نێو هۆزەکانى باکور. دەچێتە صیرورەى بە پاشابوونەوە، بۆ ماوەیەکى کەم دەبێتە پاشا، بەڵام زوو لێى دەبێتەوە و دەچێتە دۆخگۆڕکێى دیکەوە. بۆ نموونە دەبێتە ئارکیۆلۆژ و دۆزرەوە، ئەو ئێسکى دراگۆن دەدۆزێتەوە، دەبێتە داهێنەرى ماشێنى جەنگ دژ بە سوپاى مردووەکان. دەچێتە صیرورەى عەشقەوە و عاشقى دێنێریس دەبێت و لە ڕێى عەشوقەوە نەریتى میراتگیرانەى دەسەڵات دەگۆڕێت. ئەو دەچێتە صیرورەى بە ئاژەڵبوونەوە وەختێ لە جەنگى مردووەکاندا دەچێتە سەر پشتى یەکێک لە دراگۆنەکانى شاژن، دڕەندەیەک کە هیچ کەسێکى تا ئەو ساتە نەیتوانیووە لێى نزیک ببێتەوە. بە کورتى، جۆن سنۆو بەردەوام لە خۆگۆڕکێدایە و وا خەریکە شتەکانیش دەگۆڕێت بێ ئەوەى وەک دروشم و ئامانجى زەق و ڕەق بۆ خۆى و دەوروبەر دیاریى کردبن. مەسەلەکە تەنیا ئەو حیکمەتە کۆن و سوواوە نییە کە ژیژەک بە تانەوە دەینووسێت "باشترین فەرمانڕەواکان ئەوانەن کە ئارەزووى دەسەڵات ناکەن". جۆن تەنیا بەو هۆیە فەرمانڕەوایەکى باش نییە کە "ئارەزووى ناکات" تا بە گوێرەى حیکمەتە کۆنەکە متمانەى پێبکەین و ژیژەکیش ئەمە بە گەمژەیى تێبگات، بەڵکو ئەوەیشە جۆن خۆى شۆڕشگێڕێکە و بگرە تاکە شۆڕشگێڕى ڕاستەقینەى نێو درامەکەیە، بی ئەوەى چاوەڕێ بێ عەرشى ئاسنین بگرێتە دەست خەریکى گۆڕینى دنیایە، هەتا پێگەکەیشى بەرزتر ببێتەوە و کەرەستەى گرنگترى دەست بکەوێت زیاتر تواناى خۆى لەم پێناوەدا دەخاتەگەڕ. ئەو خۆى بە کردەیى لە گۆڕینى دنیادایە، بۆ نموونە گۆڕینى هۆزە جەمسەرنشینە بەربەرییەکان بۆ بەرگریکارانى دیوارى سەهۆڵین، ئەم هۆزانەیش دەرکراوان و بێبەشانى لەمێژینەى نەزمى سیاسین کە بۆ ئەودیوى دیوارە گەورەکە دوورخراونەتەوە و خراپترین وێنەى وەحشیگەرانەیان لەسەر بەرهەمهێنراوە. لەبەرئەمانە بە هیچ جۆرێک ناکرێت جۆن سنۆو تەنیا بکرێتە نوێنەرى "ئیرادەى مانەوە" بۆ پاراستنى ژیانى مرۆڤ لە تیاچوونى یەکجارەکى. ڕاستە ئەمە کارە مەزنەکەى ئەو بوو، بەڵام بە بێ صیرورە شۆڕشگێڕییەکانى ئەو، ئەمە کارى نەکردە بوو. کەواتە جۆن سنۆو خۆى کێێە؟ یەک تاقم: جۆن سنۆوى زۆڵ، گورکەکەى، هاوڕێکانى، شمشێرى ڤالێرى؛ هەر لەبەرئەمەیش سەرکردایەتییەکەى لە ڕێگەى خوێن و ناو و یاساوە نییە (ئەمانە سیفەتى دێنیرێسن: تارگێری، دایکى دراگۆنەکان، ڕزگارگەرى کۆیلان، میراتگرى تەختى ئاسنین و..هتد).
صیرورەیەکى دیکەى گرنگ "جۆن سنۆو" صیرورەى "بوونبە-ژن"ـە، کە نە دەرهێنەرەکان مەبەستیان بووە و نە ژیژەکیش سەرنجى لێداوە. صیرورەى بوون-بەژنەکان بەردەوام لە سیاسەتدا هەن، وەک چۆن بە ستانداردبوونەکان لە دەوڵەتدا هەن. ستانداردى دەسەڵات هى پیاوانە، هەر ئەوەیە کە شاژنەکە بەرجەستەى دەکاتەوە ئەو ساتەى دەوڵەتەکە دەبێت بەهى ئەو: ناکۆتا خولیاى دەسەڵات و لەم ڕێگایەوە کوشتنى خودى سیاسەت. بەڵام سنۆو لە ڕێگەى صیرورەى ژنەوە ژن دێنیتەوە نێو سیاسەت. ئەو سەرجەم ئەو سیفەتانە وەردەگرێت کە ژنى پێدەناسرێتەوە و بە تایبەت دێنێریس، بە تەواوەتیش لەو ساتەدا دەبێتە دەنیرێس کە هەم دەردەکەوێت لە خوێنى تارگێرییەکانە و هەمیش سوارى پشتى یەکێک لە دراگۆنەکان دەبێت، ئیدى هیچ یەکێک لە تواناکانى دێنیرێس نامێنێت جۆن سنۆو نەیبێت، بە پێچەوانەوە شاژن خاوەنى هیچ یەک لە تواناکانى سنۆو نییە، چونکە نەچووەتە نێو صیرورەى بوون-بەدەرکراوى جۆن سنۆوە.
 کەواتە دەبوو دەرهێنەر چى بکات؟ لەنێوان دێنیریس و جۆن سنۆودا کامیان هەڵبژێرێت؟ با بڵێین دەنیرێس، هەڵدەبژێرێت، گەر وابووایە ئەو کات کوشتنى جۆن سنۆو حەتمى بوو، نەک تەنیا لەوبەرئەوەى میراتگرى ڕاستەقینەى دەسەڵاتە، بەڵکو لەبەرئەوەى تاکە شۆڕشگێرى ڕاستەقینەى نێو شانشینەکانە، هەروەها کوشتنى تایرۆن لانستەر حەتمى بوو بە تۆمەتى خیانەت لە شۆڕش. ئەمەیش هەمان حیکایەتى ستالین و ترۆتسکى و شۆڕشەکانى دیکەی سەدەى بیستە. ئیدى بەم جۆرە جۆن سنۆوى شۆڕشگێڕ دەکوژراو و زنجیرەکەیش هەمان ئەنجامى کوژرانى دێنێریسى کەمێک بە جیاوازییەوە پیشان دەدا، بەڵام ئەو کات ڕەنگە ژیژەک لەم مەرگە بێدەنگ بووایە بەڵام ڕانسێر دەهاتە دەنگ. کەواتە وا باشترە دەرهێنەر هیچیان هەڵنەبژێرێت و خۆى لەم دوو کارەکتەرە ڕزگار بکات، چونکە هەردووکیان، بە دوو ڕێگاى جیاواز، ویستى شۆڕشگێڕیى دەنوێننەوە. ئەمە ئەو تەنگژەیە کە لە زنجیرەى کۆتاییدا بە شێوەیەکى هەم لاواز و هەم زیرەکانە حەل کراوە. سیناریۆ دژە شۆڕشگێڕییەکەى فیلمەکە تەنیا لەوێدا نییە دێنێریس دەکوژرێت، بەڵکو ئەوەیشە کێ دێنیریس دەکوژێت و خۆیشى چارەنووسى چى دەبێت؟ بوون-بە تاوانبار دوایین صیرورەى جۆن سنۆو و یەکەمین دوورخستنەوەى دەوڵەتە نوێیەکەى برانى کەم ئەندامە. خۆ ئەگەر جۆن سنۆو دەسەڵاتى بگردایەتە دەست ئەوا هەمان ئەو شتە سەرپێ دەکەوت کە ژاک ڕانسێر وەک دیموکراسیى ڕاستەقینە پێناسەى دەکات: واتە حوکمى ئەوانەى کە مافى حوکمکردنیان نییە، حوکمى دەرکراوان لە پێگەى کۆمەڵایەتى و سیاسى، حوکمى "بێناونیشانەکان"، یەکەمین دەوڵەتى ڕاستەقینەى دیموکراسیى شۆڕشگێران. بەڵام دیسان ئەمەیش دەبێت ڕەت بکرێتەوە چونکە دژ بە دەوڵەتە ئەفڵاتوونییە ئۆلیگارشییە تازە دامەزراوەکەیە، دەوڵەتى پاشا-حەکیم، یان بران ستارک-تایرۆن لانستەر. لە ڕاستیدا ئەوەى دەرهێنەرەکان هەوڵیان بۆیدا دامەزراندنى دەوڵەتێکى ئۆلیگارشیی ئەفڵاتوونى بوو کە لایەنیکەمى عەدالەتى تێدا بەرقەرار بێت، بەڵام چ جۆرە عەدالەتێک؟ 

تێبینى: ئەم وتارە لە سایتى "چەپى نوێ" بڵاوکراوەتەوە. بۆ بینین کلیک لەسەر ئەم لینکە بکە:

Tuesday 28 May 2019

سەردەمى دژە کۆچبەران:

هاوار محەمەد 

ئەنجامەکانى هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەى ئەوروپا ئاماژە بە پاشەکشەى حزبە سەرەکییەکان دەکەن و لە بەرامبەردا حزبە ڕاستڕەوەکان، بە تایبەت ئەوانەیان کە مەیلى دژە-کۆچبەریان هەیە و لە یەکێتیى ئەوروپا بەدگومانن، بەشێکى بەرچاوى دەنگەکانیان چنییەوە. لەمەبەدوا سوبێکتى کۆچبەر و پەنابەر، دەبێتە ئەو دەفرەى کە هەموو نوقسانى و قەیرانێکى تێ فڕێ دەدرێت، بە تایبەتى موسوڵمان. پرۆسەیەکى دیکەى لەمافداماڵین و بەهۆمۆساکەرکردن سەرپێدەکەوێ، کە هێشتا لە سەرەتادایە، بەڵام نیشانەکانى دەرکەوتوون. حکومەتەکان ئەمجارە دەستپێشخەریى ناکەن بۆ قڕکردن، تەنیا لە شوێنێکى ترەوە بەشدار دەبن لە بەهێزکردنى هەستى ڕاستیستیدا (بۆ نموونە لەلای کرێکاران یان خەلکانیدەرەوەی شارەکان، وەکو ئەوەى لە ئایسلەندا ڕوویدا). 
بەگشتى لەم هەڵبژاردنەدا حزبە ڕاستڕەو و پۆپۆلیست و ژینگەپارێزەکان براوەبوون. حزبە پارێزگارەکان نزیکەى 36 کورسى و سۆسیال دیموکراتەکان زیاد لە 40 کورسییان لەدەستدا و بەوەیش هەژموونیان لەسەر پەرلەمان و یەکێتیى ئەوروپا تێکشکا. هەر لەم هەڵبژاردنەدا ڕێژەى دەنگدان بۆ نزیکەى 51% بەرزبوویەوە و لەدواى چل ساڵ ئەمە یەکەمجارە ڕێژەى دەنگدان بگاتە ئەو ئاستە.
ئەم هەڵبژاردنە ڕەنگە بۆ ئەوروپا چارەنووسساز بێت، گۆڕانى گەورەیش لە ڕێژەى دەنگەکاندا هەیە. حزبى گەلى ئەوروپى، کە ڕاستڕەوى میانڕەوە، بۆیەکەمجار لە ساڵى 1989ـەوە ڕێژەى دەنگەکانى بۆ 25% کەمتر دابەزى، سۆشیالیستەکان 20%ـیان هێنا، ئەمەیش کەمتر ڕێژەى دەنگە لە پەرلەمانى ئەوروپا لە ساڵى 1979ـەوە.
لە ئەڵمانیا حزبى دیموکراتى مەسیحى، بە سەرۆکایەتى "ئەنجێلا مێرکل"، 28%ى دەنگەکانى بەدەستهێنا، بەوەیش 7%ى دەنگى خۆى لەدەستدا، سۆسیال دیموکراتییش لە 27%ـەوە دابەزیى بۆ 15%، و حزبى سەوزەکانیش بۆ 20% بەرزبوونەوە. لە بەرامبەردا حزبى ڕاسیستى ئەڵتەرناتیڤ 10,5ى دەنگەکانى برد. حزبە گەورەکان لە ئیتاڵیا سەرکەوتنێکى گەورەیان بەدەستهێنا، حزبى دیموکراتى 5 ئەستێرە 19 کورسى بردەوە و لە پلەى دووەمدایە، لە ئیسپانیا، حزبى سۆشیالیستى سەرکەوتنێکى بەرچاوى بەدەستهێنا و 18 کورسى بردەوە. لە یۆنانیش حزبى "دیموکراسییەتى نوێ" کە هاوپەرمانى حزبى گەلى ئەوروپییە 9 کورسى بەدەستهێنا. بەمەیش بەسەر حزبى چەپى سێرێزادا کە لە دەسەڵاتدایە، سەرکەوت،
لەو حزبانەى کە سەرکەوتوون هاوپەیمانییەکەى سەرۆک وەزیرانى ئیتاڵى "ماتیۆ سالڤینى"ـیە کە کورسییەکانى لە 70ـەوە بۆ 75 زیادى کرد، بەمەیش دەبێتە چوارەمین کوتلەى گەورەى پەرلەمان بەڵام ناتوانێت هەژموونى لەسەر بکات. هاوپەیمانیى لیبراڵیى نزیکەى 35 کورسیین چنییەوە، بەمەیش پلەى سێیەمى پەرلەمان دەگرن. لە فەرەنسا حزبەکەى مارین لۆپێنى ڕاستڕەوى تووندڕەو "یەکێتیى میللى" سەرکەوتنى بەدەستهێنا و بەوەیش "بۆ پێشەوە" کە ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکییەتى بوو بە پلەى دووەم.
هاوکات ئەو حزبانەى کە زۆر خۆشییان لە چارەى یەکێتى ئەوروپا نایەت سەرکەوتنى بەرچاویان لە هەنگاریا بەدەستهێنا، حزبەکەى فیدیز کە "ڤیکتۆر ئۆربان" سەرۆکایەتیى دەکات، 53%ى دەنگەکانیان بەدەستهێنا، لە پۆڵەندایش هەمان ڕێژە. بە گشتى ئەو حزبانەى کە گومانیان لە یەکێتیى ئەوروپا هەیە نزیکەى 235 کورسییان بەدەستهێنا و ئەمەیش مەترسییەکى گەورەیە لەسەر یەکێتییەکە.
لە بەریتانیا، حزبى بریکست کە دەیەوێت بەریتانیا بە پەیماننامەبێ یان بێ پەیماننامە، لە یەکێتیى ئەوروپا دەربچێت، بە سەرۆکایەتى "نایجل فرێگ" پلەى یەکەمى بەدەستهێنا و نزیکەى 1/3ى دەنگەکانى کۆکردەوە. ئەمەیش ڕێژەیەکى شۆکهێنەرە لە کاتێکدا حزبى کار 14% و پارێزکارەکان 9%یان بەدەستهێنا.
حزبى سۆسیال دیموکراتى حاکم لە ڕۆمانیا لە 1/3ى دەنگەکانى لەدەستدا، لە فەرەنسایش ئەگەرچى مارین لوپێن بردییەوە، بەڵام بەراوورد بە 2014 ڕێژەى دەنگەکانى کەمى کردووە، بەڵام ئەم سەرکەوتنەى بەهۆى تووڕەیى شەقامى فەرەنسییەوە لە سیاسەتەکانى ئیمانوێل ماکرۆن کە لیستەکەى پلەى دووەمى بەدەستهێنا و بەمەیش ڕۆڵى دەبێت لە هەژموونى کوتلەى لیبراڵى یان دروستکردنى بەرەیەکى پێشکەوتنخوازى نوێ لە پەرلەماندا.
دواى ئەم هەڵبژاردنە چاوەڕێ دەکرێت ئەوروپا سیاسەتى دژە کۆچبەرى تووندتر بکات و ڕاسیسزم و پۆپۆلیزم گەشەى زیاتر بکەن. ئەمەیش چەند ئەنجامێکى مەترسیدارى دەبێت، لەوانە: یەکێتیى ئەوروپا دەکەوێتە مەترسى، گەشەکردنى ڕاسیزم، دژایەتیى پەنابەران و بە تایبەت موسوڵمان، پاشەکشەى دەستکەوت و کاڵبوونەوەى هێڵى بەها گەردوونییەکانى ئەوروپا و کۆمەڵگەى خۆشگوزەران..هتد.

Wednesday 8 May 2019

بۆ ئەوەى نەبین بە فاشیست

وتارێک دژ بە عەقڵى ڕسواگەرى

هاوار محەمەد

پرسیاره‌ دروسته‌كه‌ زیاتر شكسپیرییانه‌یه‌: ببیت یان نه‌بیت؛ ڕوونتر بڵێین، فاشیست بیت یان فاشیست نه‌بیت، ئا ئه‌مه‌یه‌ مه‌سه‌له‌كه‌. سۆشیالیستبوون قه‌ڵغان نییه‌ به‌ڕووی فاشیستبووندا، چونكه‌ هه‌ر به‌ ساده‌یی فاشیزم (لایه‌نیكه‌م له‌ هه‌ندێ تیۆری نوێدا) ئایدۆلۆژیایه‌كی دیاریكراو نییه‌ كه‌ بتوانیت به‌ ئایدۆلۆژیایه‌كی دیكه‌ ڕووبه‌ڕووی ببیته‌وه‌، ده‌وڵه‌تێك نییه‌ كه‌ به‌ سوپای ده‌وڵه‌تێكی دیكه‌ بیڕوخێنیت، به‌ڵكو ڕه‌نگه‌ خۆی ئه‌و شته‌ بێت كه‌ به‌ ئیمانانس له‌ هه‌ناوی هه‌موو ئایدیۆلۆژیایه‌كدا هه‌یه‌. هه‌ر ئه‌مه‌یش دژایه‌تیكردنی فاشیزم ده‌كاته‌ ئه‌ركێكی سه‌خت. له‌ هه‌ندێ وڵاتانی خۆرهه‌ڵات، هێڵی شۆڕشگێڕی هه‌ر هه‌مان هێڵی فاشیزمه‌، خه‌باتگێڕه‌كان هه‌مان ئه‌و دۆخه‌ به‌رهه‌مده‌هێننه‌وه‌ كه‌ له‌ دژی ده‌جه‌نگن، هه‌مان ئه‌و كه‌ره‌ستانه‌ به‌كارده‌هێننه‌وه‌ كه‌ له‌ هه‌ناوی كۆمه‌ڵگه‌ و ده‌سه‌ڵاته‌كاندا هه‌ن؛ ''ڕسواكردن'' یه‌كێكه‌ له‌و كه‌ره‌ستانه‌. به‌ڵام عه‌قڵی ڕسواگه‌ری خۆی شۆڕشگێڕانه‌ نییه‌.
ئه‌م نامیلكه‌یه‌ له‌ ڕوانگه‌یه‌كی ڕه‌خنه‌ییه‌وه‌ تاوتوێی په‌یوه‌ندیی كێشه‌ئامێزی چه‌پ و فاشیزم ده‌كات له‌ دنیای ئاڵۆزی ئه‌مڕۆدا، به‌ تایبه‌ت له‌ په‌یوه‌ندیدا به‌ كوردستانه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ نا سه‌رپێیی حوكمی ئه‌وه‌ بدات كه‌ چه‌پ فاشیسته‌، به‌ڵكو بۆ ئه‌وه‌ی ڕوونی بكاته‌وه‌ كه‌ چه‌پ به‌ زه‌روره‌ت نافاشیست نییه‌، هاوكات ئه‌گه‌ره‌كانی نافاشیستبوون، نا ده‌سه‌ڵاتخوازی، گۆڕان و ڕزگاری هه‌ڵده‌سه‌نگێنێت.


لێرەوە فایلەکە بە pdf داونلۆد بکە