My Blog List

بابه‌ته‌ نوێیه‌كان

خۆرهەڵات و فەلسەفە

Tuesday 11 April 2017

ڕادیکاڵیزمى ژیانى ڕۆژانە



هاوار محەمەد

 ( 1 )
ئەو کاتەى بووم بە خوێندکارى زانکۆ، لەسەر یەکێک لە دیوارێکى کۆلێژەکەمان شتێکى لەم بابەتە نووسرابوو: "قوتابیان سەرە ڕمى هەموو شۆڕش و ڕاپەڕینێکن". ئەمە گوتەى یەکێک لە سەرکردەکانى بزووتنەوەى ڕزگاریخوازى کورد بوو. بەلاى منەوە، وتەکە لەبرى ئەوەى ستایشى خوێندکاران بێت، دەتگوت پەیامێکە بۆ هێزە ئەمنییەکانى حزبەکەى تاوەکو بە باشى ئاگایان لە خوێندکاران بێت نەکا پشێوییەک بنێنەوە، بۆیە حزبى دەسەڵاتدار لە هەموو ڕێگەیەکەوە هەوڵیدابوو زانکۆ لەلایەن ڕێکخراوى قوتابیانەکەیەوە کۆنترۆڵ بکات. حزبە دەسەڵاتدارەکانى هەرێم ترسیان لەوە هەبوو بە کردەیى خوێندکاران سەرە ڕەمى ڕاپەڕین بن. بۆیە کە 17ى شوبات ڕوویدا، لە هەموو شوێنێک زیاتر ئەوان ترسیان لە جموجوڵى زانکۆ بوو. لە هەولێر بۆ ئەوەى خۆپیشاندان دەستپێنەکات، هێزەکانى پارتى هەر زوو بە زۆرەملێ خوێندکارانى بەشە ناوخۆییەکانیان بە شەو ناردەوە بۆ شوێنەکانى خۆیان. لە سلێمانییش هێزەکانى یەکێتی خوێندکارانى زانکۆیان لە سەنتەرى شارەوە بۆ دەشتەکان دوورخستەوە، دواتر دوورخراوەکان ئەمەیان ناونا "ئەنفالى خوێندکاران". پاسەکانى دەسەڵات و دەشتەکانى لاى قەرەداغ خستبوونیەوە بیرى زیلەکانى بەعس و دەشتەکانى گەرمیان.

( 2 )
بۆچى لە کاتى خۆپیشاندانەکاندا دەسەڵات دەستبەجێ بەشە ناوخۆییەکانى بە قوتابیان چۆڵکرد و زانکۆى داخست؟ خاڵێکى سەرەکیى لەمەدا هەیە، ئەویش ئەوەیە زانکۆ گشتییەکان شوێنى گەڕانەوەى دووخراوان و پەراوێزەکانە بۆ نێو چەقى شار. ئەمە هەم گەڕانەوەى پەراوێزخراوانى شارە و هەمیش پەراوێزخراوانى دەرەوەى شار. ئەمانە لە ڕێگەى خوێندنەوە دێنەوە نێو ناوەندێکى کاریگەریى شارەوە، بە تایبەتیش ئەو خەڵکانەى کە خەڵکى ڕەسەنى شار، بە کاریگەرى نەریت، پێیان دەڵێن "گەرمیانى، پشدەرى, شارەزوورى, چەمچەماڵى و کرمانج و ..هتد"، بەگشتى ئەوانەى کە ئەگەر دانیشتووى قەزایەکى گەورەى وەکو ڕانییە یان هەڵەبجە یان سۆرانیش بن هێشتا لە زەینى شارییە نەریتییەکاندا هەر "لادێی"ـین. دەسەڵات ئەم دابەشکاری و کینە ناوچەگەرێتیەى بەکاردەهێنێت و هەتا بۆیشى بکرێت تۆخترى دەکاتەوە. ئەمانەى وەک لادێی وێنا دەکرێن ڕەگەزە نەخوازراوەکانن. شەرواڵ لەپێ دەکەن، فۆنەتیک و شێوازى قسەکردنیان جیاوازە، سەقافە و ئەتەکێتیان نییە، کچانی شاریش شوویان پێناکەن. کەوایە هەموو شتێک بۆ دەسەڵات لەبارە و ئەتوانێ بە ئاسانى بە شارییەکان بڵێت: ئێوە پێگەیەکى باڵاترتان هەیە، جوانترن، زمانتان خۆشتر و ناسکترە، دەزانن خۆتان بڕازێننەوە و عیدمیلاد بکەن، لە یادى هاوسەرگیریتاندا ئاهەنگ بگێڕن، دەیشزانن بچنە ڕیستۆرانت و دیسکۆکان و پێکەوە سەما بکەن. کەوایە ئەوانیش دەبێت یان لەگەڵ خەڵکە ڕەسەنەکەدا هاوشوناسیى بکەن یان بەر توانج و تانەیان بکەون! جا ئەم "لادێیانە" لە زانکۆ و بەشە ناوخۆییەکاندا دەژین. کەوایە دەبێت ئاگامان لێیان بێت، چونکە سەریان گەرمە و کەتنێک ئەکەن. ئەم کەتنە هیچ نییە جگە لەوەى بۆ ساتێک شارییەکان و "لادێیەکان" ئەم دیوارەى نێوانیان بڕوخێنن و پێکەوە کۆببنەوە. زمانێکى ترى هاوبەش لەنێوانیاندا دروست ببێت کە زمانى ناوچە نییە، بەڵکو زمانى بەرەنگاری و ناڕەزایەتییە بۆ بەرجەستەکردنى پەیوەندییەکى کۆمەڵایەتیى و مرۆیى کە نماییش و جیاکاریى ناوچەیى و ڕەگەزى کەمترین ڕۆڵى تێدا دەگێڕن. کەواتە ئەمەیش زەرورەتێکى دیکەیە بۆ ئەگەرەکانى داهاتوو کە بە ئەستۆى خوێندکارانەوەیە و پێویستە ئامادەکاریى بۆ بکەن. پێویستە گۆڕینەوەى ئایدیا، گفتوگۆ و هاوڕێیەتى ڕاستەقینە لەنێوان ئەوانەدا دروست ببێت کە تا ئێستا نەریت و دەسەڵات لەیەکتر جودای کردوونەتەوە، بۆ نموونە هاوڕێیەتى خەڵکى ناوەوە و دەرەوەى شار, هەولێرى و سلێمانى و..هتد. ئەمە لەپاڵ کۆمەڵیک ئەرکى دیکەى خوێندکاردا، وەکو دروستکردنى گروپ و چالاکیى دەستەجەمعی، برەودان بە هاوکاری و هاوبەشێتى. سەرجەمى ئەم مومارەسانەى ژیانى ڕۆژانە جۆرێک ڕێکخستنى ناوەکى لەنێوان خوێندکاراندا بەرهەم دەهێنن کە ڕەنگە دواى ئەوەى لە ئاستى بەفراواندا بلاودەبنەوە، دەرەنجامى گەورەیان لێ بکەوێتەوە.

( 3 )
ڕەنگە کەسێک بڵێت ئەوەتا خۆپیشانى ئەم دواییانە ڕوویاندا و بە زەبرى هێز و تێڵاوەشێنەکان کپیش کرایەوە، کەچى خوێندکاران حزورێکى ئەوتۆیان تێیدا نەبوو. گەر وابێ کەواتە ئەمە پرسیار دەخاتە سەر ڕۆڵ و وەزیفەى زانکۆ بە گشتى. ئەوە زۆر وتراوەتەوە کە زانکۆ بۆتە پێشانگا و شوێنى نماییشى جلوبەرگ, ئۆتۆمبێل، ڕوخسار و لەشولار. ئەمە دروستە، گەر ئەم دۆخە لە یەک ڕستەى تیۆریدا کورت بکەمەوە ئەوا دەڵێم: لە زانکۆدا "پەیوەندیى نماییشى" جێگاى "پەیوەندیى مەعریفى" و "پەیوەندیى کۆمەڵایەتی" گرتۆتەوە. بەڵام شتێکى تر ماوە: "سیاسەت". ئەمەى کۆتاییان بەیەکجار و بۆ هەمیشە لەبەرامبەر نماییشدا پاشەکشە ناکات. ڕەنگە سیاسەت هەبێت خۆى لەسەر نماییشەوە دابڕێژێت، بەڵام سیاسەت وەک تیۆر و پراکتیک دژ بە دۆخى باو ئەوەیە کە نماییشیش دەگۆڕێت. خوێندکاران ڕقیان لە وشەى "سیاسەت"ـە. ئەم ڕقە لە وڵاتانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا ڕەوا و هەقە. بەڵام بۆ ئەوەى ئەم جۆرە سیاسەتە بێزراو و نەخوازراوەى وا هەمووان ڕقمان لێیەتى ]کە سیاسەتى ڕەسمییە[ پاشەکشە بکات ئەوا پێویستمان بە سیاسەتێکى دیکەی جیاوازە. سیاسەتێکى جیاواز دژ بە سیاسەتى تەقلیدیى هەر ئەوەیە کە دەتوانین ناوى بنێین "سیاسەتى ناڕەسمى" یان "سیاسەتى پەراوێزخراوان". بەشێکى ئەم سیاسەتە ناڕەسمییە ئەوەیە کە پەیوەستە بە ژیانى ڕۆژانەوە. بۆ خوێندکارانى زانکۆ ئەم جۆرە سیاسەتەى ژیانى ڕۆژانە زۆر ئاڵۆز نییە، تەنیا پێویستە ڕادیکاڵ بێت.

( 4 )
"ڕادیکاڵیزم" ماناى چییە؟ مانا باو و نەریتییەکەى وشەى "ڕادیکاڵیزم" پەیوەستە بە ڕیشەکانەوە. واتە گۆڕینى شتەکان لە ڕەگ و ڕیشەوە. لە نەریتى مارکسیزمدا ئەمە بە واتاى گۆڕانى سەراپایى دۆخى باڵادەستە، گۆڕان لە پەیوەندییەکانى بەرهەمهێنان و ژێرخاندا. بەڵام لە فیکرى نیوەى دووەمى سەدەى بیستەمدا وشەى "ڕادیکاڵ" مانایەکى دیکەیشى هەیە، ئەویش کەشفکردنى ئەوپەڕى ئەگەر و ئیمکانەکانى شتێک، یان خوڵقاندنى ئەم ئیمکان و ئاسۆکانە بە بردنى خودى شتەکە بۆ ئەوپەڕى سنوورەکانى. ڕادیکاڵیزم خوڵقاندنى ئیمکان و کردنەوەى ئەگەر دیکە و کەشفکردنى توانستەکانى شتێکە. کەوایە گۆڕانى سەراپایى دۆخ و وەزیفەى شتێکیش هەر ئەم مانایەى هەیە کە شتەکان بخەیتە جووڵە, نەهێڵێت چەق ببەستن و ملکەچ ببن بۆ لۆژیک و حوکمێکى دیاریکراو. لێرەدا ڕادیکاڵیزم ئەوەیە هەر شتێکى بەردەست ڕۆڵى "چەک" ببینێت ئەگەر چەکیش نەبێت. ئەمە ئەوە ناگەیەنێ بۆ نموونە: "دەرنەفیز" وەک "چەقۆ" بۆ کوشتن بەکاربهێنیت، بەڵکو ئەوەیە دەسەڵات لە گیتارژەنێک بترسێت بەقەد ئەوەى لە گەریلایەکى خەباتگێڕ دەترسێت. یان ئەوەیە عەشق لە ژیانى ڕۆتین و یەک ڕیتمى باو بتباتە دەرەوە و گەرموگوڕى و جۆشوخرۆش بە ژیانت بدات، واتا بوێریت پێبدات بۆ داهێنانى ستایلى نوێى ژیان و پەیوەندییەکان، وەکو ئەوەى پەیوەندیى عەشق دژ بە پەیوەندیى کاڵایى یان دژ بە خۆپەرستى و تاکگەرایى کوێرانە یان دژ بە سەلەفییەت و تاریکخوازى بوەستێتەوە. نموونەیەکى دیکە: هونەر دەتوانێت چ بەشدارییەکى لە بەرەنگاریدا هەبێت؟ ئەم پرسیارە پێویستى بە باسى تیۆریى دوورودرێژ هەیە، بەڵام گەر لە وەڵامێکى کورتدا بیبەستینەوە بە زانکۆوە ئەوا دەشێت بڵێین هونەر ]یان ئەدەبیات و میوزیک[ لەوێدا سیاسییە کە خۆى ناهێڵێت بە تەواوى لەلایەن سیاسەتى فەرمییەوە کۆنترۆڵ بکرێت. بۆیە لە ئەکادیمیادا گیر ناخوات و دێتە دەرەوە بۆ سەر شەقامیش. بۆ ئەوەى ئەمە ڕووبدات، مەرج نییە هونەرمەندەکان و خوێندکاران ئەندامى پارتێکى سیاسى بن (ئەگەرچى دەکرێت ئەمەیش بن)، بەڵکو ئەوەندە پێویستە کە گروپى هەمەجۆر و جیاواز لە نێو زانکۆدا پێکبهێنن و لە وەختى خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکاندا هونەر ئاوێتەى جادە و شۆستەکان بکەن. یان بەدیوێکى تردا، ئەو هونەر و هارمۆنیا و ئێستاتیکایەى کە لە کاتى پشێوییەکاندا لەسەر شەقام و لەو ساتە حەقیقییەى ژیاندا هەیە، ببینن و بیکەنەوە بە گژ هونەر و ئێستاتیکاى باڵادەستدا کە خزمەت بە سیستەم و  دەکات. سەرجەمى ئەمانە دەتوانن یارمەتیدەر بۆ بەشدارییەکى چالاکانەى ژیانى سیاسى لەلایەن خوێندکارانى زانکۆوە.

تێبینى: ئەم وتارە ساڵى 2017 لە ژمارەى 2ى بڵاوکراوەى خوێندکاریى "ڕەت"ـدا بڵاوکراوەتەوە.