وا بهێنه به‌رچاوت ڕۆژێك ده‌گه‌ڕێیته‌وه بۆ ماڵ و ده‌بینیت
ده‌فره‌فڕیوێك
له باخچه‌ی ماڵه‌كه‌تاندا نیشتۆته‌وه و كۆمه‌ڵێك بوونه‌وه‌ری فه‌زائییش چوونه‌ته
ژوره‌وه، به ژووری میوان و مه‌تبه‌خ و گەرماوەكەتدا بڵاوبوونه‌ته‌وه. به‌ڕاست لەم دۆخەدا هه‌ڵوێستت
چی ده‌بێت؟ چۆن پێشوازییان لێده‌كه‌یت؟ به چ زمانێك له‌گه‌ڵیان ده‌دوێیت؟ به
چ ناوێك بانگیان ده‌كه‌یت؟ به چ مه‌رجێك و له‌سه‌ر چ بنه‌مایه‌ك ده‌هێڵیت له ماڵه‌كه‌تدا
بمێننه‌وه؟ به پێی فیلمه‌كانی "هۆڵیوود" بێت ئه‌م بوونه‌وه‌رە ئاسمانییانە ترسناك و مه‌ترسیدارن، بۆ ئەوە هاتوون
زه‌وی بشێوێنن و له‌نێويبه‌رن، یان لایه‌نیكه‌م مەبەستیانە دەستى بەسەردا بگرن و داگیری
بكه‌ن، كەوایە
ده‌بێت بكه‌وینه جه‌نگه‌وه له‌گه‌ڵیاندا، ئیدی ته‌كنۆلۆژیای جه‌نگی و سیستمه به‌رگرییه‌كه‌ی
ئه‌مریكا هه‌مووان به سه‌لامه‌تی ده‌پارێزێت. ئه‌مه ژانری "جه‌نگی ئه‌ستێره‌كان"ـە كه زۆربەیان هه‌مان په‌یام به‌شێوازی
جۆراوجۆر دووباره ده‌كه‌نه‌وه. ئه‌م ترسه له بوونه‌وه‌رێكی تر، كه له ده‌ره‌وه
دێت به قووڵی ڕیشه‌كانی وا له‌نێو فیكری ڕۆژئاوا و ڕاسیزمی ئه‌وروپايیدا. بوونه‌وه‌ری
فه‌زایی ته‌نیا خه‌یاڵی زانستی نییه، به‌ڵكو ناوێكی تره بۆ "ئه‌ويترى هاتوو"
وه‌ك غه‌ریبه، كۆچبه‌ر، په‌نابه‌ر، ئاواره، هه‌ڵهاتوو..هتد. بوونه‌وه‌ری فه‌زایی
هه‌ر "ئه‌ویترێك"ـی جیاوازه، كه له ناكاو دێت و شتێكمان تێكده‌دات،
ده‌ستكاری پرۆگرامێكمان ده‌كات، حسابێكمان ده‌شێوێنێت، له‌مه‌ش ڕادیكاڵتر هه‌ر
"ئه‌ویترێك"ـه كه نه‌توانین مۆری خۆمانی لێ بده‌ین و بیسمین.
غه‌ریبه كه دێت بوونه‌وه‌رێكی نامۆیه، به‌ڵام شتێك
له‌سه‌ر ئێمه ده‌سه‌پێنێت، ئه‌ویش بنه‌مای "میوانداری"ـیه. ئه‌مه ئه‌و
شته‌یه كه له‌م كتێبه‌دا "ژاك دێریدا" به شێوازێكی ناوازه و قه‌شه‌نگ
سه‌رنجی لێده‌دات. جا له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌م مه‌سه‌له‌یه له‌م كتێبه‌دا باسكراوه،
نامه‌وێ ئه‌م پێشه‌كییه ته‌رخان بكه‌م بۆ ئه‌و باسه، له‌بری ئه‌وه ده‌یكه‌مه
بیانویه‌ك بۆ سه‌رنجدان له كێشه‌ی په‌نابه‌رێتی كه ئێستا ده‌توانین به ڕوونی ئه‌وه
ببینین یه‌كێك له كێشه هه‌ره سه‌ره‌كییه‌كانی سه‌رده‌می هاوچه‌رخمانه. بۆئه‌وه‌ی
ئه‌مه‌ش بكه‌م سه‌رنجێكی كورت له‌سه‌ر كۆچبه‌ری ده‌رده‌بڕم.
له سه‌ده‌ی هه‌ژده و نۆزده‌دا،
له كاتی هه‌ڵمه‌ته‌كانی كۆڵۆنیالیزمدا، ژماره‌یه‌كی زۆری خه‌ڵكی له وڵاتانی ئه‌فریقا
و ئاسیاوه ده‌گوێزرانه‌وه بۆ وڵاته پیشه‌سازییه‌كان، بۆ ده‌ستخستنی ده‌ستی كاری
هه‌رزان. له سه‌رده‌می نوێ‌دا گۆڕانێك ڕوده‌دات، چیدی خه‌ڵكی ڕاناگوێزرێن، به‌ڵكو
به‌هۆی جه‌نگ و تاڵانییه‌كانی سیستمی سه‌رمایه‌داری و كۆمپانیاكانییه‌وه، ژینگه‌ی
مرۆیی به‌شێكى زۆرى جیهان وێران ده‌كرێت؛ ئیدی مرۆڤه‌كان دەبنە كۆچبه‌ر بۆ
داواكردنی مافی په‌نابه‌رێتی له وڵاته پێشكه‌وتوه‌كاندا. یه‌كێك له‌و ته‌فسیره
كۆن و ساویلكانه‌یه‌ی، كه بۆ ئه‌م كێشه‌یه ده‌كرێت ئه‌وه‌یه، كه هه‌موو پاڵنه‌ره‌كانی
پڕۆسه‌كه له "ده‌ستی كار"دا كورت ده‌كاته‌وه، وه‌ك بڵێی هێشتا وڵاته
پێشكه‌وتوه‌كان پێویستییه‌كی زۆریان به ده‌ستی كار بێت و هیچ توانایه‌كی ئه‌وتۆی
ته‌كنیكییان نه‌بێت كاری كارگه و كۆمپانیاكان به‌ڕێوه ببه‌ن، بۆیه هه‌ر وه‌كو
سه‌ده‌ی نۆزده و سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیست، سه‌رمایه‌داری هێشتا "سه‌رمایه‌داریی
پیشه‌سازیی"ـه و كارگه‌كان جمه‌یان دێت له كرێكار، بە‌ڵام هێشتا بۆشاییەكى
گەورەى دەستى كار هەیە كە دەبێتە پاڵنەر تاوەكو نیوه‌ی گۆی زه‌وی ڕوو له ئه‌وروپا
و ڕۆژئاوا بكه‌ن و ببنه "ده‌ستی كاری هه‌رزان". هیچ گومانێكی تێدا نییه
به‌شێك له‌و خه‌ڵكانه‌ی ده‌بنه په‌نابه‌ر دواتر ده‌بنه كرێكار، به‌ڵام ئێستا له‌به‌رئه‌وه‌ی
سه‌رمایه‌داریی ئه‌مڕۆ زیاتر كولتوورییه، یان كۆمپانیاییه، ئینجا پێشكه‌وتنی ته‌كنیكی
گه‌وره ڕوویداوه و ڕۆبۆته‌كان كاری به‌شێكی زۆری كرێكاران ڕاده‌په‌ڕێنن، بۆیه
پێویستییه‌كی زۆر به‌وه نییه له ده‌ره‌وه ڕێژه‌یه‌كی گه‌وره‌ی كرێكار بهێنرێت؛
به‌ڵگه‌ی ئه‌مه‌ش ڕێژه‌ی بێكارییه له وڵاته پێشكه‌وتوه‌كان خۆیاندا كه وه‌ك
كێشه‌یه‌كی سه‌ره‌كی لێی ده‌ڕوانرێت. له ساڵی 2015دا ڕێژه‌ی بێكاری له ماوه‌ی هه‌شت
ساڵدا له نزمترین حاڵه‌تی خۆیدا بوو، كه‌چی هێشتایش ژماره‌كان به‌رزن، بۆ نمونه
له یۆنان له 26% و له ئیسپانیا 23.2% بوو، له كاتێكدا له ئه‌ڵمانیا نزیكه‌ی
5% و له نه‌مسا 5.3%. تێكڕای بێكاری له ناوچه‌ی یۆرۆدا 10.1% بووه و به‌شی
زۆریشیان گه‌نجانن. له كاتێكدا ساڵانی پێشتر له‌و ژماره‌یه‌یش زیاتر بوون و بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی
ئه‌و ڕێژانه حكومه‌تانی یه‌كێتی ئه‌وروپا سه‌دان ملیۆن دۆلاریان ته‌رخانكردوه.
له ساڵی 2016 یشدا، به هه‌وڵی ئه‌و حكومه‌تانه ڕێژه‌ی بێكاری 0.1% له هه‌ندێ
وڵاتی تردا 0.2% كه‌میكردوه، به‌ڵام هێشتایش له سه‌رانسه‌ری یه‌كێتی ئه‌وروپادا
21،419،000 (بیست و یه‌ك ملیۆن و چوارسه‌د و نۆزده هه‌زار) هاووڵاتی بێكار هه‌بوون.
ئایا هێشتایش ده‌توانین مه‌سه‌له‌ی په‌نابه‌رێتی ببه‌ستینه‌وه به "نه‌بوونی
ده‌ستی كار"ه‌وه؟ گومان له‌وه‌دا نییه پرسى ئابووری پاڵنه‌ری دروستبوونی به‌شێك
له كێشه سه‌ره‌كییه‌كانی ئه‌مڕۆیه، به‌ڵام به هه‌رحاڵ ته‌فسیری "نه‌بوونی
ده‌ستی كار" بۆ ئه‌م كێشه‌یه، به بڕوای ئێمه، ساویلكانه‌یه. پێموایه ئه‌م
كێشه‌یه به ته‌واوه‌تی ده‌ستكرد و پلان بۆ داڕێژراو نییه، به‌ڵكو به‌ره‌نجامی
ئه‌و گۆڕانه ئابووری و سیاسی و ته‌كنیكی و كولتوورییانه‌ی ناو سیسته‌می سه‌رمایه‌دارییه
كه له‌م سه‌رده‌مه‌ی ئێمه‌دا ڕوویانداوه، نایشتوانین زۆر به ده‌قیقی پاڵنه‌ره‌كانی
پشته‌وه‌ی پڕۆسه‌كه دیاریی بكه‌ین هه‌تا به وردی دۆخی ئه‌مڕۆ نه‌خوێنینه‌وه و دیاگنۆسێكی وردی
مه‌سه‌له‌ی ده‌وڵه‌ت، ده‌سه‌ڵات، سوبێكت، ئابووری، تیرۆر، جه‌نگ، په‌یوه‌ندییه
نێو ده‌وڵه‌تییه‌كان، یاسا، ماف، ته‌كنۆلۆژیا، خێرایی و..هتد نه‌كه‌ینه‌وه، به‌ڵام
ئه‌گه‌ر له‌خۆمان ببوورین و كه‌مێك به‌گشتی قسه بكه‌ین ئه‌وا ده‌ڵێن دیارده‌ی
كۆچبه‌رێتی و په‌نابه‌رێتی له‌سه‌رده‌می ئه‌مڕۆماندا زیاد له پاڵنه‌رێكی هه‌یه،
بۆ نمونه: شكستی ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه له‌سه‌ر زۆربه‌ی ئاسته‌كان و له دابینكردنی
لایه‌نیكه‌می ئازادی و دیموكراسییه‌ت و بژێوی بۆ هاووڵاتیان (به تایبه‌تی ده‌وڵه‌تانی
ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، ئه‌فریقا و ئاسیا)، بڵاوبوونه‌وه‌ی میكرۆفاشیزم له ڕۆژهه‌ڵات،
ساغكردنه‌وه‌ی كاڵا و به‌رهه‌مه سه‌ربازییه‌كانی كۆمپانیاكانی به‌رهه‌مهێنانی چه‌ك
و ته‌قه‌مه‌نی، خولیای دروستكردنی ئیمپراتۆرییه‌ت له سه‌رده‌می گڵۆباڵیزه‌یشندا
به پێشه‌نگیی ئه‌مریكا، به بارمته‌گرتنی په‌نابه‌ران له هه‌ر حاڵه‌تێكی نه‌خوازراودا،
وێناكردنی ڕۆژئاوا و سیستمه نیولیبرالییه‌كه‌ی وه‌ك باشترین سیستم بۆ ژیان
و سه‌لامه‌تترین جوگرافیای زه‌وی، هەروەها (گەندەڵیى دەسەڵاتە لۆكاڵییەكان،
بەهێزبوونەوەى كۆنەپارێزى و نەریتگەرایى و سەلەفیزم دژ بە هەر كرانەوەیەك و
ژیانێكى مۆدێرنى گەنجانە) و ..هتد
كۆچبه‌ری نوێ له سه‌رده‌می هاوچه‌رخماندا لە هەموو لایەكى جیهانەوە هەڵدەقوڵێت:
ئه‌فریقاییه‌كان، عه‌ره‌به‌كان (سوری، عێراقی، ئه‌رده‌نی،
لیبی، جه‌زائیری و..هتد)، ئه‌فغانییه‌كان، ئێرانییه‌كان، هیندییه‌كان، كورده‌كان،
به‌شێك له خه‌ڵكی وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی ئاسیا و بگره ڕۆژهه‌ڵاتی ئه‌وروپایش. دەستبەجێیش وێنەكانیان دەڕژێنە نێو
میدیا و تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه، و ئێمەیش هه‌زاران وێنه و
ڤیدیۆی دڵته‌زێن و هه‌ژێنه‌رمان لێ بینیوون و دەبینین؛ كۆمه‌ڵێك ڕەوەندى بێ ماڵوحاڵ و هه‌ڵكه‌نراو،
كه وه‌ك پۆله مه‌لی لانه‌واز بە
ڕێگە نایاساییەكانى ئه‌رز و ئاسمان و ده‌ریاكاندا ده‌ڕۆن،
به ئومێدی ئه‌وه‌ی بگه‌نه كه‌نارێكی ئارام: ئه‌ورووپا.. لەم كۆچەدا هه‌زاران كاره‌ساتی
دڵته‌زێن ڕووده‌دات كه به‌خێرایی ده‌بنه بابه‌تی دووپاتكردنەوەى بەردەوامى
ڕۆژ و میدیاكان، بەو جۆرە
بوو كە "ئایلان كوردی" بوو بە سیمبولی قوربانییه‌كان،
"ده‌ریای ئیجه"یش
بە گۆڕستانێكی به كۆمه‌ڵ بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ى وا به بێ
ناو و شوناس ده‌مرن؛ مەودایەك
كە ده‌بێته ئاڵنگاریى له‌نێوان مان و نه‌ماندا؛ بە
جۆرێك پردى تیۆلۆژیى
لەنێوان ئەوبەرى "به‌هه‌شت"
و ئه‌مبه‌رى "دۆزه‌خ". بە‌ڵام ئاخۆ
كۆچبه‌ران هه‌رگیز "به‌هه‌شت" ده‌دۆزنه‌وه؟ له بنه‌ڕه‌تدا وێناكردنی
ئه‌وروپا وه‌ك فیرده‌وس، وێنه‌یه‌كی ڕۆژئاوا خۆیه‌تی كه خۆی بۆ خۆی كێشاویه‌تی.
ده‌بێت وڵاتانی قووڵایی سه‌رمایه‌داری به‌م جۆره وێنا بكرێن تاوه‌كو به‌ته‌واوی
وه‌ك باشترین سیستم بۆ ژیان و بێ ئه‌ڵته‌رناتیڤ قبوڵ بكرێن؛ ئه‌م وێنه به‌هه‌شتییه‌یش
له‌سه‌ر حسێبی به‌دۆزه‌خكردنی به‌شه‌كانی دیكه‌ی جیهان خۆى بنیاتناوە. چیدی ته‌نیا
هه‌ژاركردن دوا ستراتیژ نییه، به‌ڵكو خاپوركردن و هه‌ڵگیرسانی جه‌نگ و تێبه‌ردانی
تیرۆر و فەندەمێنتاڵیزمیش ده‌بنه ته‌واوكه‌ری پڕۆسه‌كه. له هه‌موو ئه‌مانه‌یشدا
نوخبه‌ی حاكمی وڵاتانی جه‌نگ، كه ده‌سه‌ڵاتی ئابووری و سیاسی‌یان به‌ده‌سته، له
پێناو مانه‌وه‌ی خۆیاندا، ده‌بنه ماشێنێكی گه‌وره‌ی یارمه‌تیده‌ر بۆ درێژه‌دان به
مەرگەسات و قوڵكردنه‌وه‌ی قه‌یرانه‌كان. له وەها دۆخێكدایە كه كۆچ ده‌بێته
دیارده‌یه‌كی تایبه‌ت به جیهانی نوێمان.
به‌ڵام كۆچیش، تەنانەت
گەر ویستى كۆچبەرانیشى لەسەر نەبێت، ده‌كرێت له
شوێنێكی دیكه ببێته واقیعێك دژ به هۆكاری دروستبوونی خۆی. له كۆچی نایاساییدا
سنوره‌كان چیدی به جێگیری نامێننه‌وه، به‌ڵكو ده‌بنه سنوری شلۆق و درزدار، دابه‌شكارییه
جوگرافیی-سیاسییه‌كان پێشێل ده‌كرێن و تێ ده‌په‌ڕێنرێن، قاچاغچییەكان بەردەوام ڕێگاكانى
تێپەڕین دەدۆزنەوە؛ به‌م جۆره كۆچبه‌ران پابه‌ند نابن
به "سه‌روه‌ریی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه" و "یاسا فه‌رمییه‌كان"ـه‌وه.
ئەوان ته‌نیا داوای پاره و ماڵ و كار ناكه‌ن، به‌ڵكو ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆیش،
مەبەستدار یان نامەبەستدار، له‌گه‌ڵ هێزه مرۆڤدۆست و چه‌په‌كانی دیكه‌دا
ده‌توانن ببنه هێزی به‌رگریكار و ناڕازی. ئه‌مه‌ش بە واتاى ستایشی كۆچ و ده‌ربه‌ده‌ری
نییە، به‌ڵكو به‌و مانایه‌یه ئه‌و وێنه‌یه بۆ كۆچبه‌ر قبوڵ نه‌كه‌ین، كه ته‌نیا
وەك بوونه‌وه‌ری داماو و بێده‌سه‌ڵات و ده‌ربه‌ده‌ر له واقیعی خۆیدا ده‌یبینێت و
هیچیتر (بۆ نمونه مامه‌ڵه‌ی میدیای جیهانی)، به‌ڵكو ده‌بێت وه‌ك به‌رجه‌سته‌كه‌ری
چه‌وساندنه‌وه‌ی دەسەڵاتى لۆكاڵى و جیهانى وێنەكانیان زه‌ق ببنەوە، تاوه‌كو واقیعیه‌كه‌یان
بكەنەوە
به‌گژ سه‌رمایه‌داریدا. به‌كورتی ئيمكانى ئەوە هەیە مانایه‌كی
ڕادیكاڵ به كۆچ بده‌ین و له كۆچبه‌ره‌وه ببنه كۆچه‌ر، ببێتە نۆمادى دۆلۆزى؛ به‌و مانایه‌ی
كۆچبه‌ر بچێته سه‌ر هێڵی هه‌ڵهاتن و نه‌گیران و ترازان و نه‌توانه‌وه، بچێته سه‌ر
هێڵی به‌رگری و له‌نێو دڵی ڕۆژئاوادا، كه به‌رده‌وام ترسی له غه‌ریبه هه‌یه،
هه‌ر وه‌ك بێگانه و غه‌ریبه بمێنێته‌وە.
ئه‌ی په‌نابه‌ر كێیه؟ ئه‌و
بوونه‌وه‌ره‌یه كه ده‌یه‌وێت له یه‌كێك له‌و وڵاتانه‌ی ڕووی لێیان كردوه نیشته‌جێ
ببێت. هاتوویه‌كی غه‌ریب له ده‌ره‌وه، ڕه‌گه‌زێكی بێگانه كه ده‌چێته نێو
جوگرافیایه‌كی نا-دڵنیایانه‌وه. كه‌سێك داوای په‌نادان و مانه‌وه و جێگیربوون ده‌كات
و دێریدایش ده‌یه‌وێت پێیان بڵێین "میوان". ئه‌م ڕه‌گه‌زە غه‌ریبه‌ی كه
له ناكاو له ده‌ره‌وه هاتووه، به ئاسانی قبووڵ ناكرێت، هه‌م به‌هۆی یاساكانى
دەوڵەت و هه‌میشه به‌هۆی ئه‌و هه‌سته ڕاسیستییانه‌وه كه لەنێو بەشێكى خەڵكدا
دژ به "ئه‌ویتر" هه‌یه. بۆ ئه‌وه‌ی كۆچبه‌ر ببێته په‌نابه‌ر ده‌بێت
له جێیه‌كدا بخرێته نێو یاسا و ڕێسا ئه‌منییه‌كانەوە؛ ئه‌و گه‌ر به نایاسایی و
به قاچاغ سنووری بڕیووه و ده‌یه‌وێت دابه‌شكارییه‌كانی زه‌وی تێك بداته‌وه، ده‌بێت
دیسانیش تێبگه‌یه‌نرێته‌وه كه زه‌وی په‌كپارچه نییه و موڵكی هه‌مووان نییه و
له‌نێوان هه‌مووانیشدا هاوبه‌ش نییه، بۆ ئه‌وه‌ی له‌مه بگه‌یه‌نرێت ده‌بێت به
یه‌ك پڕۆسه‌ی درێژخایه‌نی پرسیار و لێكۆڵینه‌وه بڕوات: له ناو، له شوناس، له
زمان، له ڕه‌نگ، له مێژووی كه‌سی، له شوێنی هاتن، له مه‌به‌ست و پاڵنه‌ری هاتن
و له ئینتیما، له ئایین و..هتد. ئیدی مه‌سه‌له‌ی ئه‌منییه‌ت ده‌بێته پاڵنه‌ری
كۆنترۆڵكردن و دیسپلین و له قاڵبدان و تواندنه‌وه، به‌م مانایه ده‌زگا ئه‌منییه‌كان
و یاسای ئه‌منی "هه‌موو كه‌سه‌كان وه‌ك بێ‌تاوان سه‌یر ناكات تا تاوانه‌كه‌یان
ده‌سه‌لمێت، به‌ڵكو هه‌مووان وه‌ك تاوانبار ده‌بینێت تا ئه‌و كاته‌ی بێتاوانییان
ده‌سه‌لمێنن"، تا ئه‌و كاته‌ی به ته‌واوی له‌به‌رده‌م ئه‌و ده‌زگایانه‌دا شه‌فاف
ده‌بنه‌وه. گه‌ر هه‌موو ئه‌م ڕێوشوێنانه‌یش ڕوبدات، هێشتا په‌نابه‌ر میوانێكی
خۆشه‌ویست، ڕۆحسوك و پێشوازییلێكراو نییه. "کین لۆچ" لە فیلمى It’s A Free World باس لەوە دەکات لە دنیاى ئازادى بزنسزدا پەنابەران
هەرگیز جیهانى ئازاد نادۆزنەوە. فیلمی (Immigrant)ـى گرەى
جەیمسیش بە هەمان شێوە دووپاتى دەكاتەوە كە لە دنیاى جەنگدا کەرامەت نادۆزرێتەوە،
له‌وێدا كۆچبه‌ر ده‌كرێته سۆزانی، به‌ڵام هێشتایش قبوڵ ناكرێت. له چاوی ڕاسیسته‌كانه‌وه، په‌نابه‌ر "سه‌ر ڕه‌ش"ـێكـه
و بۆ ئه‌وه هاتووه زه‌وی و قووت و كاره‌كانیان داگیر بكات، نه‌زمی كۆمه‌ڵایه‌تییان
بشێوێنێت، یان ئیسلامیستێكە له هه‌ر ده‌رفه‌تێك دەگەڕێت پیلانى خۆى بگێڕێت. به
كورتی په‌نابه‌ر، وه‌ك دێریدا ده‌ڵێت، هەندێجار وەك "مشه‌خۆر"ـێك وێنا
دەكرێت كه ده‌یه‌وێت له‌سه‌ر دڵی ئه‌وانیتر (سۆسیال) بژی. لێره‌دایه ڕاسیزم گه‌شه
ده‌كاته‌وه و داوای ئه‌وه ده‌كات نابێت میواندارییه‌كه‌مان ڕه‌ها بێت و بگره
نابێت وه‌ك میوان مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا بكه‌ین، دروست وایە وه‌ك دوژمن سه‌یریان
بكه‌ین، یان له باشترین حاڵه‌تدا ده‌بێت وه‌ك "بارمته" لێیان بڕوانین
و له هه‌ر ساته‌وه‌ختێكدا بتوانین له جه‌نگه‌كانماندا به‌كاریان بهێنین. ئه‌مه
یه‌كێكه له هه‌ره خاڵه سه‌ره‌نجڕاكێش و گرنگه‌كان كه دێریدا له مه‌سه‌له‌ی
"میوانۆستی"ـدا پێی ده‌گات و ناوی لێ ده‌نێت "جه‌نگی بارمته‌كان"
كه‌واته میوان هه‌میشه پێشوازیلێكراو و خۆشویستراو
نییه، پتر
كەسێكى بێزراو، هەڵاوێردراو
و بگرە ڕەنگە دوژمنیش
بێت، ئه‌مه‌ش له فیگوری په‌نابه‌ردا به‌رجه‌سته ده‌بێت. خاڵه ڕادیكاڵه‌كه ئه‌وه‌یه
مرۆڤ چۆن ده‌توانێت پێشوازی له دوژمن بكات؟ لەوەیش پەڕگیرتر، چۆن
ده‌شێت میوان و خانه‌خۆی شوێنه‌كانیان بگۆڕنه‌وه؟ گەر ئه‌مه ڕووبدات مانای
وایه په‌یڕه‌وی له تاكه یاسایه‌ك ده‌كرێت كه دێریدا پێی ده‌ڵێت "یاسای ڕه‌های
میوانداری"، یان "میوانداريی بێمه‌رج". دێریدایش خۆی له پێناو ئه‌م
میواندارییه‌دا خه‌باتی كردوه و وێڕای هه‌موو هه‌وڵ و چالاكییه پراكتیكییه‌كانی
دیكه‌ی، ده‌زگایه‌كی تایبه‌تی بۆ به‌گژداچوونه‌وه‌ی ڕاسیزم و جیاكاری نه‌ته‌وه‌یی
دامه‌زراند كه به‌شێكی زۆری چالاكییه‌كانی ئه‌م دامه‌زراوه‌یه په‌یوه‌ستبوو به
مه‌سه‌له‌ی په‌نابه‌رانه‌وه.
به هه‌رحاڵ، گه‌ر واشبێت هێشتا ده‌شێت كه‌لێنه‌كان و
كه‌ره‌سته و به‌رهه‌مه‌كانی سیستەمەكە
بقۆزینه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی شه‌ڕی خودی سیستمه‌كه‌ی پێبكه‌ین، بۆیه دێریدا په‌نابه‌رێتی
دەكاتە
مه‌سه‌له‌یه‌كی سیاسی و ڕادیكاڵی دەكاتەوە؛
نێگری و هارتيش كۆچبه‌رێتی دەكەن بە پاڵنه‌ری دروستكردنی
"مه‌ڵتیتیود" بۆ شۆڕش دژ به سیستەم، یان دواجار دۆلۆز
كۆچه‌رێتی (كه جیاوازه له كۆچبه‌رێتی) دەكات بە فۆڕمى ژیان لەسەر
هێڵی هه‌ڵهاتن و به‌ره‌نگاری.
لێره‌دا نامه‌وت به‌م ئاڕاسته‌یه‌دا درێژه به‌م پێشه‌كییه
بده‌م، خوێنه‌ر ده‌توانێت له ناوه‌ڕۆكی ئه‌م كتێبه‌دا له نزیكتره‌وه ئه‌و چه‌مك
و تێزانه ببینێت و بیریان لێبكاته‌وه، هه‌موو ئه‌وانه‌ش كه وتمان ته‌نیا چه‌ند
چركه‌ساتێكی پچڕپچڕن له‌مه‌سه‌له‌ی میوانداری. خوێنه‌ر ده‌توانێت بۆ وه‌رگرتنی
زانیاری زیاتر له‌سه‌ر "میوانداريی بێمه‌رج" و "میوانداريی مه‌رجدار"،
یان له‌سه‌ر ساتی هاتنی غه‌ریبه وه‌ك ئه‌ویترێك كه لۆژیكى خەلەل بەسەر نه‌زمدا
دەسەپێنێت،
بگه‌ڕێته‌وه بۆ وتارێكی ئێمه به ناونیشانی "دیاله‌كتیكی ڕزگاری"، له
به‌شی پێنجه‌می ئه‌و وتاره‌دا به درێژایی باسمان له چه‌مكی چاوه‌ڕوانی و هاتنی
ئه‌ویتر له ئاسۆی نادیاره‌وه وه‌ك غه‌ریبه، كردوه (بڕوانه: "دیاله‌كتیك"،
كتێبی دووه‌می پڕۆژه‌ی نێگه‌تیڤ، 2016).
هاوار محەمەد