My Blog List

بابه‌ته‌ نوێیه‌كان

خۆرهەڵات و فەلسەفە

Thursday 28 February 2019

مەزار وەک شوێنى تر


هاوار محەمەد
''تاوه‌كو كۆتایی سه‌ده‌ی هه‌ژده‌یه‌م، گۆڕستان له‌ نێو چه‌قی ئاوه‌دانیدا بوو، به‌ هه‌موو لایه‌كه‌وه‌ به‌سترابوویه‌وه‌، له‌ ناوه‌ندی شاردا دروست كرابوو، به‌ پاڵ كه‌نیسه‌وه‌، دەیشڵێن كه‌ هیچ به‌هایه‌كی فێستڤاڵییانەی نه‌بووه‌ و ئەمەیش ڕاستە. لە گۆڕستاندا گڵكۆ خەمڵێنراوەكان (Possible tombs) بە هیرارشی ڕێكخرابوون. جگه‌ له‌ لاشه‌ی چه‌ند كه‌سێكی كه‌م كە بە تەنیا دەنێژران، چاره‌نووسی هاوبه‌شی لاشه‌كان ئه‌وه‌بوو كه‌ هه‌ر به‌ ساده‌یی فڕێ بدرێنه‌ سەر تۆپه‌ڵێك لاشه‌ی كه‌ڵه‌كه‌بوو، به‌ بێ ئه‌وه‌ی لاشه‌ی تاكه‌كه‌سییانه‌ به‌هه‌ند وه‌ربگیرێت. لە نێو كەنیسەیشدا چەندین گۆڕ هەبوون. گۆڕی نێو كەنیسەكانیش دوو جۆر بوون: یان گڵكۆی سادە بوون و بە نەخش و نووسینێكی ئاساییەوە، یانیش مەزار(Mausoleums)ێكی گەورەبوون و پێگە و مەقامیان هەبوو. ئەم گۆڕستانەی كە كەوتبووە نێو فەزای پیرۆزی كەنیسەوە، لە شارستانیەتی مۆدێرندا و بە تایبەتیش لەو كاتەوەى كۆمەڵگەكەمان بەرە بەرە خەریكبوو دەبووە كۆمەڵگەیەكی "بێباوەڕ" (Atheistic)، بەشێوەیەكی تەواو جیاواز ڕێكخرایەوە. كه‌واته‌ به‌وپه‌ڕی خوێنساردییه‌وه‌، له‌و ساته‌وه‌خته‌وه‌ كه‌ كۆمه‌ڵگه‌كه‌مان ده‌بێته‌ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی بێباوه‌ڕ، به‌ هه‌رحاڵ ده‌بێته‌ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی بێباوه‌ڕی تووندڕه‌و، واته‌ له‌گه‌ڵ كۆتایی سه‌ده‌ی هه‌ژده‌دا، ده‌ستمان كرد به‌ ناشتنی لاشەكان به‌شێوه‌ی تاكه‌كه‌سی. ئیدی هه‌ر كەسە و بەجیا مافی ئه‌وه‌ی هه‌بوو ببێته‌ خاوه‌نی تابووتێكی چكۆله‌، ببێته‌ خاوه‌نی گڵكۆیه‌كی چكۆله‌ی تاكه‌كه‌سی. له‌لایه‌كی دیكه‌یش، له‌ سه‌ده‌ی نۆزده‌دا، كتومت له‌ دڵی ئیمپراتۆرییه‌تی دووه‌مدا، هه‌موو ئه‌م ئێسكه‌په‌یكه‌رانه‌، هه‌موو ئه‌م گڵكۆ چكۆلانه‌، هه‌موو ئه‌م تابووته‌ چكۆلانه‌، هه‌موو ئه‌م گڵكۆیانه‌، ئه‌م گۆڕە تاكەكەسیانه‌، دوورخرانه‌وه‌ بۆ په‌راوێز و كه‌ناره‌كان، بۆ ده‌ره‌وه‌ی شار، بۆ قه‌راغی ئاوه‌دانی. ڕاستیه‌كه‌ی، له‌ سه‌رده‌می ناپلیۆنی سێیه‌مدا بوو كه‌ گۆڕستانه‌ گه‌وره‌كانی پاریس له‌ قه‌راغی شاره‌كانه‌وه‌ ڕێكخران. هاوكات لەگەڵ بەتاكەكەسكردنی مردن (individualization of death) و ئاكاری بۆرژوازیدا بۆ تەرخانكردنی گڵكۆی تایبەت بە تاكەكەس، گۆڕستان وەك هۆكاری مردن بە نەخۆشی، تەنگی پێهەڵچنرا، وه‌ك بڵێی بەوهۆیەی كە نزیكبوو لە ماڵەكانەوە، بەپاڵ كەنیسەوە بوو، لە ناوەندی شەقامدا بوو، ئیدی خۆیشی بایسی مەرگ بوو؛ وەك بڵێی گۆڕستان سه‌نته‌ر و شوێنی بڵاوبوونەوەی درمـه‌، نەخۆشی پێوەیە و به‌شێوه‌یه‌ك له‌ شێوه‌كان مه‌رگ ده‌گوازێته‌وه‌ بۆ زیندووەكان''.

ئەم تێکستەى سەرەوە بڕگەیەکە لە کتێبى "شوێنەکانى تر"ـى فەیلەسوفى فەرەنسى "میشێل فۆکۆ". ئایدیاکەى فۆکۆ قووڵ و سەرنجڕاکێشە، بەڵام با لە کۆتاییەکەیەوە ئێمە دەست پێبکەین. واتە گۆڕستان وەک باعیسى بڵاوکردنەوەى درم و نەخۆشى یان مەرگ، وەک بڵێى گۆڕ بەدواى مردووى خۆیدا دەگەڕێت و زیندووەکان بۆ دوا مەنزڵیان لە گۆڕستان بانگهێشت دەکات. ئەم گۆڕستانە وەک فۆکۆیش باسى دەکات گۆڕستانى خەڵکانى گشتی و عەوامە کە پێویستە دووربخرێتەوە و شوێنەکەیان بکرێت بە بینا و باڵەخانە تاوەکو سەرمایە ڕابکێشن. گۆڕستان سەرمایە ناهێنێت و مردووەکان پێویست نییە شوێنیان لە شاردا هەبێ، مەگەر بە یەکجۆر "ئەوەى قەبر خۆى ببێت بەپارە" واتە مردنیش پارە ڕابکێشێت؛ ئەمە دوایین پرۆژەى شارەوانى سلێمانى بوو، کە هەمان سیستەمى ڕۆژئاواییە. بۆ ئەوەى بمریت و جێگایەکت هەبێ پێویستە پارە بدەى، دەنا لاشەکەت قەل و داڵ دەیخوات! یاخود.....
بە پێچەوانەى ئەمە، خەڵکانى خاوەن پێگە و مەقام لە شوێنى تایبەتیدا، لەنێو باخچەکانى کەنیسەدا، لە سەر گرد و شوێنە بەرزەکان، لە شوێنە هەرە جوان و سەرسەوز و خۆشەکانى شاردا دەنێژرێن. کەواتە لە جیاتى ئەوەى درم و نەخۆشى بهێنێت، دەبێتە مایەى خۆشى و ئاشتى، لە جیاتى گۆڕێکى تەنگ بێ و بە پارە بکڕدرێت، مەساحەیەکى گەورەى بۆ تەرخان دەکرێت بە چەندین پرۆژەى هەمەجۆرەوە، بەمجۆرە بە زوویى گۆڕەکەیان دەبێتە مەزار، شوێنى ترى تایبەت. بەڵام ئەم مەزارە بە تەواوى دنیاییە و لە دیوە دینییەکەى داماڵراوە، بەو مانایەى خۆى لە بەرژوەندیى کۆنکرێتى وەکو دەسەڵات و سەرمایەوە پیرۆزیى وەرگرتووە. مەزار تەنیا گۆڕێکى تاکەکەسیى نییە، بەڵکو پیرۆزیى نەتەوەیەک، بنەماڵەیەک، شارێک، یان ڕێبازێکیشە، پلەبەندیى کۆمەڵایەتییە لە جیهانى مردووەکاندا لەلایەن زیندووەکانەوە بە مەبەستى درێژکردنەوەى دەسەڵات و هەژموون، "گرد"ـیش سیمبولییانە بەرجەستەى دەکاتەوە. لاشەیەک بە مردوویش یەکسان نابێتەوە بە لاشەى مردوویەکى تر و پێویستیش نییە لە نزیکى یەکترى بنێژرێن، بەتایبەت لاشەى سەرکردە کە حاکمییەت و سەروەرێتى بەرجەستە دەکاتەوە. لەشى حاکم بە زیندوویى ئەو جەستە گشتییەیە کە هەموو جەستەکانى تر پێوەى دەلکێن، هەموویان دەبنە ئۆرگانى ئەم جەستەیە، ئەم لەشە پیرۆزە لە سەرووى هەمووانەوەیە و گشتێکە بە مردنى لەشى خەڵک (جوزئەکان) وەک خۆى دەمێنێتەوە. کاتێک ئەم لەشە پیرۆزە خۆى دەمرێت و دەبێتە لاشە، وەک تەرمێکى نا-هاوتا بۆ شوێنى تایبەتى خۆى دەگوازرێتەوە کە هاوتا نییە بە گۆڕى ڕەعییەتەکەى. لەدواى مردنیش دەبێت درێژە بە حاکمییەت بدرێت، بەڵام ئەو کاتەى کە بەخشیویەتى بە جێنشینەکەى خۆى، بەو واتایەى حاکم خۆى بەر لە مردن سیمبولییانە بەشیوەى ڕێوڕەسمێک، دەسەڵات بۆ دواى خۆى، بۆ حاکمى نوێ، دەگوازێتەوە. ئەمە پرۆسەى ڕەوایەتبەخشینە کە پێویستە بە کارایى و پوختى بمێنێتەوە. ناشتنى لاشەى حاکمى مردوو لە شوێنى تایبەتى و کردنى گڵکۆکەى بە مەزار (واتە پیرۆزڕاگرتنى بە مردوویى) تەنیا بەشێکە لە ئیسپاتى ڕەوایەتیى گواستنەوەى دەسەڵات بۆ جێنشینى زیندوو.
ڕەنگە بەم دوو ئایدیایە ڕوون بێ بۆچى جەستەى سەرکردەکانى ئێمە دوا بەدواى یەک دەبنە مەزارى گەورە و گرد و شوێنە گرنگەکانیان بۆ تەرخان دەکرێت و... لە نووسینى ترا درێژەى پێدەدەین..

تێبینى: ئەم بابەتە یەکەمجار لە ئەکاونتى تایبەتى نووسەر لە فیسبووک بڵاوکراوەتەوە، دواتر بەشێوەى وتار لە سایتى "دیپلۆماتیک" بڵاوبۆتەوە.. بۆ بینین کلیک لەسەر ئەم لینکە بکە:  
http://www.diplomaticmagazine.net/opinion/1847?fbclid=IwAR3F9jv4ca8g1M3JHKJyflOdjt-pePgLofS-R3jvI-g-XeJlg-6ohUALyyg

Sunday 17 February 2019

دواى ڤالانتاین

هاوار محەمەد

1-   14ى شوبات، ڤالانتاین، چۆن لە عاشقەکان تێدەپەڕێ؟ ئەوەى لە تەلەفزیۆندا بۆ ئەم ڕۆژە ڕێکئەخرێ تەنیا نیفاقە، بەرنامەکان و پەیامەکانیان و ئاهەنگەکانیان بۆ عاشقان هەمووى دەستکرد و ڕووکەشە؛ ئەوانەى عاشقن دەزانن کە لە شارەکانى ئێمەدا جێى هەموو شتێک دەبێتەوە (هەر لە جیهادییەکى داعشباوەڕەوە تاوەکو ئینساى ئەلبانى) عەشق نەبێ بە سادەیى. گەر 17 شوبات سەرکوتنەکرایە ئیمکانى ئەوە هەبوو پانتاییەکى زیاتر بۆ ئەوانە بسازێ کە دەیانەوێ لە 14ى شوباتدا گوڵێک یان دیارییەک بۆ خۆشەویستەکانیان ببەن، بەڵام بۆ ئەوەى ئەمە هەبێ دەبێ بزانى گوڵ لە کوێ ئەپشکوێ تا لەوێ سەما بکەى، ئەمە یەکێکە لە وتە بەناوبانگەکانى کارل مارکس. لە حەڤدەى شوباتدا گوڵ لە سەراکان بوو، عەشق سێ ڕۆژ بەر لە شۆڕش دەگات، بەڵام دەتوانێت سێ ڕۆژیش پێشى بخات.
2-   تا ئێستا شتانێکى ئەوتۆى جدى لەسەر 17ى شوبات نەوتراوە، بۆ دەسەڵات وا باشترە هەر باس نەکرێت، بەلاى هەندێکیشەوە پێویست نییە شتى زۆر بڵێین، ڕزە خۆپیشاندانێک بوو بە زمانى "ڕەهەندییەکان" لە ژێر کاریگەریى بەهارى عەرەبىدا. کۆمۆنیست و چەپەکانیش، وێڕاى هەر پشتیوانییەک لە وەختى خۆیدا، بە جوڵانەوەیەکى بۆرژوازانەى بزووتنەوەى گۆڕانى دادەنێن لە سەردەمى پۆستمۆدێرنیزمدا.
ئەم بۆچوونانە وەلادەنێین و بەسادەیى هەندێ خاڵى گرنگى ئەم جووڵانەوەیە بیردەخەینەوە:
·        دەرککردن بە گرنگیى شوێن، سەنتەرى شار یان چەقى یەکتربڕینى دەسەڵات و سەرمایە. (ڕەهەندى شوێن).
·        بردەوامیى خەڵک بۆ ماوەى زیاتر لە دوو مانگ، ئەمەیش ماوەیەکى کەم نییە، واتە پەرەدان بە جۆرێک لە خۆڕاگریى و سووربوون، ئەگەرچى لە کۆتاییەکاندا بەرەو لاوازى دەچوو. (ڕەهەندى کات).
·        خەڵک لە "شەقام"ـەوە دەتوانێت خۆى ڕێکبخات بە بێ ئەوەى چاوەڕوانى ڕابەر و سەرکردەى کاریزمایى و حزبى ئاڤانگارد بێت. ڕەنگە کەموکوڕى لە ڕێکخستنەکاندا هەبێت، بەڵام خاڵى گرنگتر بێئومێدییە لە ڕێکخستنى حزبى. لە حەڤدەى شوباتەوە چیتر سیاسەت لە بونیادى حزبەوە نایەت، بەڵکو لە شەقامەوە دێت (ڕەهەندى سیاسى/ فرەڕەنگى)
·        ناڕەزایەتیى خۆڕسک بە پێشزەمینە شاراوەکانییەوە، ئەمەیش لە هەر ناڕەزایەتییەک ڕاستەقینەترە، چونکە لە چڕبوونەوەى هەستى بە کۆمەڵى خەڵکییەوە لە ستەم دروست دەبێت و لە ساتێکى دیاریکراودا دەتەقێتەوە. (چڕبوونەوە/ تەقینەوە)
·        خەڵک دەیانزانى دەمێکە وەختى ئەوە هاتووە گۆڕانێکى ڕاستەقینە لە کوردستاندا ڕووبدات، دەیانزانى هەر دواخستنێکى گۆڕان نەهامەتى گەورەتر دێنێت، بۆیە سوور بوون لەسەر ئێستاییبوون و دوانەخستن. نەهامەتییەکانى حەوت ساڵى دواتر هەرهەموویان بەرەنجامى سەرکوتکردنى شوبات بوون. (ئێستاییبوون)
·        مەسەلەى گۆڕانکارى لە دەسەڵاتى سیاسیدا، وەلانانى سەرۆکى هەرێم، دژایەتیکردنى ڕێکەوتنە نهێنییە دوو بەدووەکەى یەکێتى و پارتى، دروستکردنى بەرپرسیارێتى و دیفاکتۆ لەئەستۆى حزبەکانى تر، زیاترکردنى ڕۆڵى دادگاکان..هتد (ڕەهەندێکى دیکەى سیاسى). زیاترکردنى شەفافیەتى لە کەرتى نەوت و داهاتەکاندا، چاکسازیى ئابوورى، لێپێچینەوە لە گەندەڵى، دژایەتیى قۆرخکردنى سامان، دواجار بەرزبوونەوەى داواى خەڵکى بۆ ئاستى خوشگوزەرانى و ڕەفاهییەت (ڕەهەندى ئابووریى). "ڕەفاهییەت" داوایەکى مەترسیدار بوو بۆ دەسەڵات، کەمکردنەوەى مووچە و هێنانەخوارەوەى ئاستى بژێوى و گوزەران لەم چەند ساڵەى ڕابردوودا بۆ دوورخستنەوەى زیاترى خەڵک بوو لە خۆشگوزەرانى.
بە سەرکوتکردنى شوبات ئەمانە ڕوویاندا:
1- هەژموونى زیاترى دەسەڵاتى پارتى و لاوازبوونى ئۆپۆزسیۆن.
2- بەسەربازیکردنى کۆمەڵگا و زۆربوونى ئاساییش و پۆلیسى فەرمى، پەنابردن بۆ تووندوتیژیى سەربازى دژ بە کۆمەڵگە وەک ئامرازێکى کاریگەر (حاڵەتى ناکاو)؛ هەروەها کۆبوونەوەى بەڵتەجى و لۆمپەن و بکوژان لە دەورى دەسەڵاتدار و بەرپرسان (زەبروزەنگ/ ترساندن/ لەناوبردن)
3- گەندەڵیى بێشومار و شکستهێنانى ئابووریى سەربەخۆ.
4- گەورەبوونى کێشەى سەرۆکایەتى هەرێم تا گەیشتن بە ڕیفراندۆم و بەرەنجامە شوومەکانى (لەوانە دۆڕاندنى کەرکوک و ناوچە دابڕاوەکان).
5- کورتبوونەوەى ڕەفاهییەت لە داواى مووچەدا.
6- بەدیوێکدا گەشەکردنى سەلەفییەت و نەریتبوونەوەى زیاترى خەڵک، بەدیوێکیتردا گەشەکردنى هەستى بێسەوادى و کولتوورى شاشەپەرستى و گەعدەچێتى لەنێو گەنجاندا.
7- کاڵبوونەوەى هەستى ئینتیما بۆ نیشتمان و خاک، بەرزبوونەوەى ڕێژەى کۆچ لەنێو گەنجاندا و ڕووکردن لە هەندەران.
......هیتر.

Saturday 9 February 2019

پەیکەر و گۆڕ

هاوار محەمەد
1
لەم ڕۆژانەدا دوو ڕووداوى ڕەمزى ڕوویاندا پەیوەندییەکى دوورونزیکیان پێکەوە هەبوو، یەکێکیان دەرەکى، لە لەندەن: هەوڵى شێواندن و شکاندنى گڵکۆى کارل مارکس. ئەویتریان لە کوردستان: دروستکردن و فرۆشتنى پەیکەرەکانى بەختیار عەلى. گەر هەر بە سادەییش لەم دوو کردەیە بڕوانین وەک دوو کردەى دژ بە یەک دەردەکەون: لەلایەک چەکوشوەشاندنى هەڕەمەکى بۆ شێواندن و "شکاندن"، لەلایەکى تر کۆششى هونەرییانە بۆ داتاشین و "دروستکردن".
کاردانەوە بە ڕووى یەکەمیاندا بەخێرایى ئەوەبوو کە لاى کۆنزەرڤەتیڤ و ڕاستڕەوە تووندڕەوەکان مارکس هێشتا زیندووە و وەک مەترسى لەبەردەم کاپیتالیزمدا دەبینن، بۆیە سەرچاوەى ئەم هەوڵە هەر بیر و تەماحەکانى ئەوانە. کاردانەوە بەڕووى دووەمیشیاندا ئەوەیە گوایە پەیکەر جۆرێک قودسیەت دەبەخشێت و سەرەنجام درێژى بکەیتەوە سەرى لە "بەبتکردن"ـەوە دەردەچێت.
2
قەبر یادخەرەوەیە، بە زەقی ئەوە پیشاندەدات کە کەسێک هەبووە و چیتر لەم ژیانەدا نەماوە، لەم ڕووەوە قەبر بیرخەرەوەى ئەوەیە کە "هەموومان دەمرین". لەلایەکى تر "قەبر" بەرجەستەکردنەوەیەکى ڕەمزییە و پتر لەوەى لەبیرکردنى مردوو بێت لەژێر خاکدا، بیرخەرەوەى ئەوەیە ڕۆژێک ئەو کەسە هەبووە و ژیاوە و ئێستایش بە ڕەمزى شوێن و پێگەى هەیە. بۆ کەسى مارکسیست لایەنەکەى یەکەمیان ئاینییە و گرنگ نییە، بەڵام دووەمیان دنیاییە و ماناى لەیادنەکردن و وەفادارى دەدات. کەوایە سەرمایەدارى تەنیا بەوە تۆڵە و قەرەبوو دەکاتەوە کە ئەوە بشکێنێت وا لە ڕووى ڕەمزییەوە مارکس بەرجەستە دەکاتەوە.
لاى خۆیشمان هەمان ویستى شکاندن و شێواندن بەرامبەر پەیکەرەکانى بەختیار عەلى بە ئاراستەیەکى جیاوازدا خۆى دەرخست. لە ڕوانگە ئایینییەکەوە کێڵ و گڵکۆ ڕۆحین، واتە ڕاستەوخۆ ئاماژە بە جەستەیەکى هەڵوەشاو و ڕۆحێکى زیندوو دەکەن، بەڵام پەیکەر ئاماژە بە جەستەیەکى زیندوو و "بێ ڕۆح" دەکات کە بتپەرستەکان دەیانەوێت ڕۆحى پێببەخشن، هەر لەبەر ئەمەیشە هیچ کات ئاییندارەکان (ئاگا و نائاگا) لە جیاوازیى نێوان "پەیکەر" و "بت" تێناگەن (هەر بە گشتى لە هونەر تێناگەن هونەرى دینى نەبێت). کەوایە ئاسایى سەرچاوەى بەشێکى هێرشەکان بۆ سەر پەیکەرەکانى بەختیار لە ئاگایى یان نائاگایى ئاینییەوەیە. هێرشەکانیتر بە ناوى دژایەتیى "بتسازى"ـیەوە کران، کەواتە لە ڕواڵەتدا بە ناوى ویستێکى پێشکەوتنخوازانەى سێکیولارى دژە موقەدەسەوە. بەڵام ئەمە تەنیا ڕیاکاری و نیفاقێک بوو، چونکە کۆمەڵگەى ئێمە پڕیەتى لە موقەدەس، ڕابەرى ڕزگارکەر، سەرکردەى مێژوویى و مەزارى پیرۆزى سەرکردەکان، ڕۆژانەیش ئەم بتسازییە درێژەى هەیە، بەڵام هیچ کات ویستێکى جددى ڕادیکاڵمان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەى نەبینى. هەر بە سادەیى پەیکەرسازیى بە واتاى بتسازى نییە، کەوایە ئەو بانگەشە بە ڕواڵەت ڕادیکاڵ و پێشکەوتنخوازە، لە ناوەڕۆکدا هەر دەچێتەوە سەر زەینى ئایینى و کۆنەخوازى و ترس لە هونەر. "ئارتۆفۆبیا" لە کۆمەڵگەى ئێمەدا بە قەد "فیلۆفۆبیا" [ترس لە فەلسەفە] بەهێزە، کاتێکیش هونەر و فەلسەفە پێکەوە لە پەیکەرێکدا یان لە کتێبێکدا کۆدەبنەوە، ئەوا هەژاندنى زیاتر دروست دەکەن، بەڵام ڕووبەڕووى دژایەتى تووندتریش دەبنەوە.
لەدیوێکى دیکەیشەوە (بەهۆى: بارودۆخى ئابووری، نەریتى دواکەوتوو، کوشتنى هەر تاسە و عەشقێک لە گەنجدا لەلایەن هێزە سیاسیەکانەوە، شەپۆلى فەزاى مەجازیی) بێباکی و بێبەهرەییەکى گشتى لەنێو گەنجاندا بڵاوبۆتەوە کە بە تەواوەتى بێبەرهەم و بێبەهرەى کردوون، کارێکى ئەوتۆیان دیار نییە و پاسیڤیزم تا بینیان هاتووە، تاکە کارێک کە بیزانن شکاندن و لێدان و هێرشکردنە بۆ سەر ئەوانەى کە بەرهەمیان هەیە. سەرچاوەیەک بۆ ئەمە شک دەبەم: "حەسوودى". سوبێکتى پیسکە و ڕەزیل لەوەى کە هەیەتى بێبەشت دەکات، سوبێکتى حەسوود لەوەى کە هەتە داتدەماڵێت. کاتێک سەیرى ئەم هەستانەى مرۆڤ دەکەیت (کە بە بڕواى فرۆید مێژوویى نین و خۆى دەڵێت نائاگایى ئەبەدییە)، بە تایبەت لەکۆمەڵگەى ئێمەدا، ئەوا تەفسیرە ئابووریى و مێژووییەکان لە بەردەمتدا پووچەڵ دەبنەوە.

3
بۆ ئەوەى تەجاوزی گۆڕ و بت بکەین خاڵێکى نوێ ئیزافە دەکەین: مارکسى ئەڵمانى گڵکۆکەى لە لەندەن! واتە کەسێک کە گۆڕغەریب بووە، بەڵام بەهۆى ئەو ناوبانگ و پێگەیەوە کە وەک بیرمەند و خەباتگێڕ هەیبووە، گۆڕەکەى فۆڕمى جۆرێک مەزارى وەرگرتووە و ساڵانە هەزاران کەس بە چەپکەگوڵەوە سەردانى دەکەن. سەردانەکان نەختێک دنیایى بوونەتەوە بۆ ئەوە نین داواى منداڵ و بەرەکەت لە ڕۆحى مارکس بکەن، پتر بۆ هەستکردنى ڕاستەوخۆترن بە واقیعییەتى مارکس و تازەکردنەوەى بەڵێن، یان بۆ خۆ-بەخاوەنکردنەوەن، لە خراپترین حاڵەتیشدا بۆ گرتنى وێنەیەکن لەگەڵ پەیکەر و کێلى گۆڕەکەیدا. گۆڕت هەبێ ئەگەرى ئەوە هەیە ببیتەوە بابەتى خاوەندارێتیش. کێ خاوەنى ئەم گۆڕەیە کە فۆڕمى مەزارى وەرگرتووە؟ پارەى گەشتیارەکان کە سەردانى دەکەن بۆ کوێ دەچێت؟ کێ "دەیپارێزێت" و "چى" دەپارێزێت؟ ئایا مارکس کە خۆى تارماییە دەشێت گۆڕى هەبێ؟ مارکسى گۆڕغەریب وا باشتربوو گۆڕگومیش بێت. هیچ کەس خاوەنى نەبێت و خۆیشى هى هیچ کەس نەبێت، شوێنێکى دیاریکراو و مەزارێکى نەبێت، تەنیا بەم جۆرەیە تارماییەکەى بە جۆرێک دەگەڕایەوە کە مارکس ئاسوودەتر بکات. سبەینێ خۆپیشاندان لە لەندەن دژ بە هێرش بۆ سەر گۆڕەکەى مارکس ئەنجام دەدرێت، گریمان پەیامەکە ئەوەیە کە مارکس نامرێت و کۆمۆنیزم هەر وەک چاڵێکى گەورە لەبەردەم سەرمایەداریدا دەمى کردۆتەوە، بەڵام گۆڕەکەى مارکس چى؟ دوو ڕێگا هەیە: یان دەبێت پاسەوان بۆ گۆڕەکەى مارکس دابنرێت؛ یانیش دەبێت مارکسیستەکان دیوێکى پیرۆز بە گۆڕەکەى مارکس بدەن تاوەکو کە هێرشى کرایە سەر وەک مۆتیڤەیشن و حەماسەتسازى بەکاربهێنن، ئەم دوو ئەڵتەرناتیڤەیش دوورە لە ئاکار و باوەڕى ڕاستەقینەى چەپ. یەک بەدیل ماوە: بێباکیى لە گۆڕ، گۆڕگومى، نەبوونى مەزار. وا باشترە مارکس "بۆ شوێنێک بڕوات دووربێ لە ژاوەژاوى ناو قەبرستان" (لۆرکا).
ئەى چۆن بەختیار نەبێت بە بت، بتى ڕۆشنبیر؟ ئاکارى بتشکێنى بە شکاندن و لێدانى ڕاستەوخۆ و زمانپیسى (کە جارى وا هەیە عەشقى شاراوەیە بۆ بابەتە شکێنراوەکە) بەدیى نایەت، بە تایبەتیش ئەگەر حەسوودى سەرچاوەکەی بێت؛ پتر بە کار و بەرهەم و بەهرەداریى، بە خۆپێگەیاندن و فێربوونى زمان، بە خوێندنەوە و ڕاهێنان لەسەر هونەر وەدیى دێت تاوەکو بتوانیت سەرچاوە و هێڵى فیکرى بۆخۆت دیاریى بکەیت و لەوێوە ڕەخنەى ڕاشکاوى بەختیار بکەیت. زۆربوونى ژمارەى ئەو کەسانەى کە دەتوانن وەک بەختیار یان باشتر لە بەختیار بنووسن و تەجاوزى بکەن ڕێدەگرێت لە بە بتکردنى تاکە نووسەرێک. گەر پەیکەرتاشى لە چێنەر نزار باشتر و نووسەرى لە بەختیار باشتر و ڕادیکاڵتر و قووڵترمان زۆر هەبێت، ئەو کات ژمارەى پەیکەرى نووسەرەکانیش زیاتر دەبن و بتسازى پاشەکشە دەکات، بەڵام بۆ ئەوەى ئەمە ڕووبدا پێویستمان بە نیمچە خەڵوەتە، واتە کاتگرتنەوە و خۆگرتنەوەى لە هەندێ شتى پووچ، لە فشقیات و ئینستاگرام و سناپچات، لە گەعدە و زۆربڵێیى تاوەکو بیبەخشینە خوێندنەوە و خۆپێگەیاندن.
سەرەڕاى ئەمەیش لە کۆمەڵگەى ئێمەدا نرخاندن و گرنگیدان بە بەرهەم و نووسینى یەکترى، ئینجا ڕەخنەى جددى لە یەکترى، نەبۆتە نەریت، بۆیە هەر ناوهێنانێک یان بە ستاییش وەردەگیرێت، یان بە شکاندن. لەنێو ڕۆشنبیران و نەوەى نوێدا ئەوەى هەیە نەریتى موجامەلە-یەکترشکاندنە نەک یەکترخوێندنەوە. پێویستە کار بۆ ئەوە بکەین فەزاى ڕۆشنبیرى لەم نەریتى موجامەلە- دژایەتیى شەخسییە تێپەڕێنێت، پێویستە کەسەکان نا، بەڵکو ئایدیا و چەمکەکان بەر یەکترى بکەون یان یەکترى بەهێز بکەن.