My Blog List

بابه‌ته‌ نوێیه‌كان

خۆرهەڵات و فەلسەفە

Friday 5 April 2019

دیموکراسییەکان دژ بە دیموکراسى


گفتوگۆى ئێریک هازان لەگەڵ ژاک ڕانسیێر

وەرگێڕان: هاوار محەمەد
 زەردەشت نورەدین

کورتەپێشەکی
"دیموکراسی" ئەگەر وەک وشە بۆ یۆنان بگەڕێتەوە و لەسەر ئاستی وشە بەمانای حوکمی خەڵک بێت، ئەوا ئەو جۆرە لە نەزم کە تێیدا خەڵک حوکم بکات؛ زۆر پێش یۆنانیش هەبووە. بەڵام دەبێت ئەوەش بڵێین دیموکراسی لە یۆناندایە زۆر پەرەدەسەنێت و پێشدەکەوێت. ئەمەش بە پلەی یەک دەگەڕێتەوە بۆ دەرکەوتنی سەربەخۆبوویی عەقڵی مرۆیی (لۆگۆس) لە یۆنانی کۆندا... لە یۆنانی کۆن یان کۆمەڵگاکانی پێشی ئەو، دیموکراسی چۆن بووە و چی بووە، ئەوە پرسێکی ترە و ڕەنگە بە ئاسانی نەپەڕێتەوە بۆ ئێستا. ئەوەی لە ئێستادا گرنگە دیموکراسییەکانە لە ئێستادا. وەک ڕانسێر ئاماژەی پێدەدا کۆڕاییەک لەسەر [ناواخنی دیموکراسی] لەئارادا نییە، تەنیا مەگەر کۆڕایی لەسەر "نەبوونی کۆڕایی" لەسەر ناواخنی دیموکراسی لەگۆڕێ‌بێت. ئەمەش وادەکات باس لە یەک دیموکراسی نەکەین بەڵکو باس لە دیموکراسییەکان بکەین. لەمەش گرنگتر ئەوەیە باس لە دیموکراسیەکان بکەین لە سیاقە مێژووییە کۆمەڵایەتییە دیاریکراوەکاندا. جگە لەوەی کام جۆری دیموکراسی گرنگە، دەبێت ئەوە بپرسین کام جۆرە، بۆ کام سیاقە، لەپێش ئەوانی ترەوەیە و لە سیاقێکی دیاریکراودا، کام دیموکراسییە لەکارکەوتووە و کامە هێشتا کاردەکات. قسەکردنی گشتی هەر بکەرێکی کۆمەڵایەتی، سیاسی و ڕۆشنبیری لەسەر دیموکراسی تەنیا وەک یەک شێوازى حوکم (و بە تایبەت وەک مۆدێلى گونجاو و پڕبەپێست بۆ سەرمایەدارى) جگە لە سەرکوتی دیموکراسی هیچی تر نییە. ئەم چاوپێکەوتنەی خوارەوە کە لەگەڵ ژاک ڕانسێردا، لەمەڕ دیموکراسی کراوە؛ بەرچاوڕوونی بەبایەخی تێدایە، بەتایبەت بۆ کۆمەڵگا ڕۆژهەڵاتییەکان. یەکێک لە پنتە بەهێزەکانی هزری ڕانسیێر، ئەو ڕوانگە جیاوازەیە کە بۆ دیموکراسی بۆمان فەراهەم دەکات، خۆ ئەگەر ڕوانگەکەی لە یەک ڕستەدا کورتبکەینەوە، وەک خۆی ئەو کارە دەکات، ئەوا بەم شێوەی لێدێت: «دیموکراسی» یەکسانیی پێشوەختەی ناو نایەکسانییە. یەکسانیى پێشوەختە بە ماناى توانستى مرۆڤەکانە بەرلەوەى ئیمتیازە مادى و ڕەمزییەکان بیانخەنە نێو نا-هاوتاییەوە. ئەم هاوتایانە هەمیشە لە دەرەوەى ئەوانە ڕاگیراون کە ئیمتیاز و لێهاتووییەکانیان "ناونیشان"ى پێبەخشیون. هاوتاکان بێ ناونیشانن و بەم هۆیەوە حوکمڕانییان پێڕەوا نابینرێت، چونکە لە بنەڕەتدا حوکمڕانى هى ئەوانەیە کە بەهرە و ناونیشانیان هەیە. دیموکراسى هى ئەوانەیە کە تەنانەت لە سیستەمێکى دیموکراسیشدا مافى ئەوەیان نییە حوکمڕانى بکەن. ئەمەیش پێچەوانەى ئەو ڕوانگانەیە کە دیموکراسى دەبەستێتەوە بە حاڵەتى مەدەنی و دەوڵەتەوە. مافى نەبوونى حوکمڕانى دەکەوێتە کوێى مافەکانى مرۆڤەوە؟ لاى ڕانسیێر مافى مرۆڤیش بە هەمان شێوەى دیموکراسییە. مافى مرۆڤ پەیوەست نییە بە دەوڵەتەوە، بەڵکو مافى ئەوانەوە کە لە هەر مافێک داماڵراون. گوتارى فەرمى مافەکانى مرۆڤ بەردەوام ئەم مافانەى وەک مافى قوربانى، مافى ئەوانەى کە پێویستیان پێیانە تا لەخۆیان بەرگرى بکەن، خستۆتە ڕوو؛ ئەمەیش پێویستى بە پشتیوانى و دانپێدانانى ئەوانیترە. بەڵام لاى ڕانسێر مافەکانى مرۆڤ مافى ئەوانە نییە کە نییانە، بەڵکو مافى ئەوانەیە کە هەیانبووە و لێیان داماڵراوە. لەم تێزەدا ڕانسێر لە "هانا ئارێنت" ڕادیکاڵتر دەڕوات. بە بڕواى هانا ئارێنت "مرۆڤ" لە گوتارى مافەکانى مرۆڤدا یان ئەبستراکتە یانیش "هاووڵاتییە". یەکەمیان "خەڵک" (ڕەش و ڕووت)ـە وەک پانتاییەکى خۆڵەمێشیى بێ ڕەنگ، خەڵک و هیچیتر، "خەڵک" ئەوەیە کە هاوتاى سروشتە ئەبستراکتەکەى "مافەکانى مرۆڤ"ـە، لەم ڕوانگەیەوە مافەکانى مرۆڤ تەنیا مافى ئەوانەیە کە "بوونەوەرى مرۆیین" و هیچیان بۆ نەماوەتەوە جگە لەم مرۆڤبوونە. کەواتە مافى ئەوانەیە کە هیچ مافێکیان نییە و ئەمەیش بۆشایى ڕووتە. بۆ نموونەى ئەمە پەنابەرانى جەنگى دووەمى جیهانى، یان لە گوتارى ناسیۆنالیزمى دەوڵەتخوازى کوردیدا "ئەوەى دەوڵەتى نەبێت مافیشى نییە". عەبدوڵا پەشێویش لە شیعرێکدا شتێکى لەم بابەتە دەڵێت.
دووەمیان ئەوانەن کە خاوەنى مافەکانى هاووڵاتین لە چوارچێوەى دەوڵەت و کۆمەڵگەى مەدەنیدا. ئەوانەى کە هەر لە بنەڕەتەوە "مافى هەبوونى ماف"ـیان هەیە. ئەمەیش بۆ خۆى پارادۆکسە. ئەوانەى مافیان هەیە هەر بە سادەیى هەیانە و پێویست نییە دیسانیش هەیانبێتەوە، دەنا دەبێتە دووبارەکردنەوەى ڕووت. هەردوو حاڵەتەکە دەگات بە داخران. بۆیە ڕانسیێر ئاوا تێزەکەى ئارێنت درێژ دەکاتەوە: ''مافەکانى مرۆڤ مافى ئەوانەیە وا ئەو مافانەیان نییە کە هەیانە و، ئەو مافانەیان هەیە کە نییانە''. ئەمەیش تێهەڵکێشى تێزى ڕانسیێر دەبێتەوە دەربارەى دیموکراسى. دیموکراسى حوکمى هەژارەکان نییە، بەڵکو حوکمى بێ بەهرەکانە. ئەم بێبەهرانە بە سودفەى پەتى، وەک تیروپشک دەگەنە دەسەڵات، ئەفڵاتوون ناو لەمە دەنێت "هەڵبژاردنى خودایى". ڕانسێر وەها تەفسیرى "خەڵک" دەکات کە ئەم بێناونیشان و بێ بەهرانەن، ئەمەیش ڕێک ئەوانەن کە هیچ مافێکیان نییە بۆ حوکمڕانى.
                                                                                                                         وەرگێڕە کوردییەکان

هازان:  لەگەڵ ئەو وێنا بەربڵاوەی کە پێی وایە لەمڕۆدا، هاوڕاییەکی بێ‌پێشینە لەمەڕ دیموکراسی لە ئارادایە کۆک نیت. ڕەنگە ئەم ناکۆکبوونەت بگەڕێتەوە بۆ فەهمکردنی دیموکراسی لەلایەن تۆوە بەشێوەیەکی تەواو جیاواز لەوانی تر.
ڕانسێر: وڵامەکە دوو لایەنەیە. لایەنی یەکەم، لەڕاستیدا ئەوە هەڵوێستی منە کە [دەلالەت لەوە دەکات] دیموکراسی بۆ فۆرمێک لە حکومەت یان بۆ شێوەیەک لە ژیانی کۆمەڵایەتی کورتنابێتەوە. دووەم لایەن ئەوەیە؛ تەنانەت ئەگەر دیموکراسی لە مانا باوەکەیدا لەپێشچاو بگرین، دیسان پێم‌وانییە کە هاوڕایی تەواو لەسەری لەئارادا بێت. بەپێچەوانەی سەردەمی جەنگی ساردەوە، کە بەشێوەیەکی دیاریکراو دیموکراسی لەلایەک و تۆتالیتاریزم لە لایەکی تر ئامادەیی هەبوو؛ لە پاش ڕووخانی دیواری بەرلینەوە، لەو وڵاتانەی کە بە دیموکراسی‌ دەناسرێنەوە، بەر جۆرێک لە بەدگومانی و تانەلێدانی شاراوە یان ئاشکرا بەرانبەر دیموکراسی دەکەوین. لە کتێبی ڕق لە دیموکراسی‌دا[1] هەوڵمدا ئەوە بخمەڕوو کە بەشێکی زۆر لە گوتاری زاڵ[2] بەشێوەی جۆراوجۆر دژ بە دیموکراسی کاردەکات. بۆ نمونە ئەگەر هەموو ئەوەی کە بەدەوری هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٠٢ یان گشت‌پرسیی[3] دەستوریی یەکێتیی ئەوروپا لە ساڵی ٢٠٠٥دا دەربڕدرا، لەپێشچاو بگرین؛ ئەوا بۆمان دەردەکەوێت کە بابەتی هەموو ئەو قسانە، کارەساتی دیموکراسیی ئەو کەسە نابەرپرس و وردە بەرخۆرانە بوو کە بەجۆرێک لەگەڵ هەڵبژاردنی [چارەنوسسازی ] نیشتمانیی وڵاتەکانیان ڕووبەڕوو دەبوونەوە، وەک ئەوە وابێت کە لە نێوان دوو مارکی جیاوازی بۆن‌دا هەڵبژێرن. ئەمە بەجۆرێک ڕووی‌دا کە دواجار دەستوری یەکێتی ئەروپا لەسەر بنەڕەتی دەنگی خەڵکی پەسەند نەکرا. بەم پێیەش بەدگومانییەکی زۆر بەرفراوان نیسبەت بەم هەڵبژاردنە، کە بەهەر شێوەیەک بێت بەشێکە لە پێناسەی فەرمی دیموکراسی بەدیارکەوت. بەر هاتنەوەمەیدانی وتارە کۆنەکان کەوتین و لە هێڵی پێشەوەیان دانیال کوهن-بەندیت دەهات کە بە دەسەڵات گەیشتنی هیتلەری بە دەرەنجامی دیموکراسی دەزانی و لەم شێوە قسانە. هەروەها لەناو ئەوانەی کە بە ڕۆشنبیر ناسراون هەڵوێستێکی هاوچوون دروستبوو: دیموکراسی بریتییە لە فەرمانڕوایی کەسی بەرخۆری ڕاهێنراو و ئەمەش میدیۆکراسییە، ئەم هەڵوێستە لەوپەڕی ڕاستەوە بۆ ئەوپەڕی چەپ لە فینکلکراوتـەوە تا تیکۆن دەبینرا.
هازان: بەڵام ئەمە هێشتا ئەوە ناگەێنێت کە هەمووان خۆیان بە دیموکرات نەزانن...
ڕانسێر: بە هیچ جۆرێک! «دیموکراسییەکان» تەنیا دەستەواژەیەکی باوە  بۆ کۆمەڵێک دەوڵەت؛ کە تێیدا دیموکرات بەدوژمن دێتە ئەژمار. ئەمە بابەتێکە کە سی ساڵ پێش ئێستا لەلایەن تریلاترال‌ـەوە ڕوونکراوەتەوە: دیموکراسییەکان واتە وڵاتە دەوڵەمەندەکان لەبەردەم مەترسی دیموکراسی‌دان، واتە چالاکی کۆنترۆڵنەکراوی دیموکراتەکان، چالاکی هەموو ئەو کەسانەی کە سەروکاریان لەگەڵ کاروباری کۆمەڵ‌دا هەیە.
ئێمە لەمڕۆدا سەروکارمان لەگەڵ وشەیەکدا هەیە کە دەگەڕێتەوە بۆ زاگەی دەستەواژەی دیموکراسی: لەکاتی هاتنەپەیدابوونی ئەم وشەوە، ئەگەر کۆڕاییەک هەبێت، لەسەر ئەو ئایدیایە وەستاوە کە «دیموکراسی» دەلالەت لە کاروباری جیاواز و ناکۆک دەکات. ئەم پرسە هەر لە ئەفلاتونەوە دەستپێدەکات و دەڵێت دیموکراسی فۆرمێک لە حکومەت نییە، بەڵکو تەنیا بەرەڵایی[4] ئەوانەیە کە بەو جۆرەی دەیانەوێت هەڵسوکەوتدەکەن؛ لە درێژەدا ئەرستۆ هەیە کە دەڵێت دیموکراسی باشە، بەو مەرجەی کە دیموکراتەکان بەکاری نەهێنن و لەسەردەمی مۆدێرن‌دا بەر داڕشتە دووبارەکەی چرچیڵ‌دا دەکەوین کە بەگوێرەی [ئەو داڕشتەیە] دیموکراسی خراپترین فۆرمی حکومەتە! بۆیە پێـم‌وانییە کە کۆڕاییەک لەسەر [ناواخنی دیموکراسی] لەئارادا هەبێت، تەنیا مەگەر کۆڕایی لەسەر نەبوونی کۆڕایی لەسەر ناواخنی دیموکراسی لەگۆڕێ‌بێت.
هازان: ڕوونبوونەوەی هەڵوێستت بەجۆرێک سێکوچکەیەکی لە زیهنمدا دروستکرد کە لە گۆشەیەکیدا ئازادییە دەستورییەکان[5] و لە گۆشەیەکی تریدا، سیستەمی پەرلەمانی و لە دواگۆشەی‌دا، دیموکراسی لە ڕوانگەی ڕانسێرەوە ئامادەیی هەیە کە بەمانای دەسەڵاتی هەموو ئەوانە دێت کە هیچ جۆرە ناونیشانێکی تایبەتیان نییە بۆ ئەنجامدانی. ئایا وشەیەکی هێندە فرەڕوو کە ئەوەندە شتی جیاواز لەخۆدەگرێت بەهای ئەوەی هەیە دەستی‌پێوەبگیرێت یان پرتووکاوە؟ لەبەرئەوەی وشەکانیش [دەپرتووکێن] و لەکاردەکەون. بۆ نمونە وشەی «کۆماری»؛ لە ساڵی ١٨٢٥دا، لە فەرەنسادا، ئەگەر کەسێک خۆی بە کۆماریخواز بناسیبا، ملیان لە لاشە دەکردەوە، لەکاتێکدا لەمڕۆدا ئەو وشەیە بێ‌مانا بووە.
ڕانسێر: پێم‌وایە ئەدگاری چەمکە سیاسییەکان، ئەوە نییە کە فرەمانا بن، بەڵکو ئەوەیە کە ئۆبێکتی ملمانێیەکن. ململانێی سیاسی، ململانێیە بۆ دەستبەسەرداگرتنی[6] وشەکانیش. خەونێکی لەمێژینەی فەلسەفی لەئارادایە کە ئەمڕۆ خەونی فەلسەفەی شیکارییە و بریتییە لە پێناسەی دەقیقی وشەکان لەڕێگەی پاککردنەوەی لە چەندمانایی و غامزی... بەڵام پێم‌وایە ململانێ لەسەر وشەکان ململانێیەکی گرنگە؛ شتێکی سروشتییە کە دیموکراسی بەگوێرەی سیاقی جیاواز، ماناگەلی جیاوازی هەبێت: بۆ ڕۆشنبیری ئاسایی فەڕەنسی، دیموکراسی بەمانای هێزی کڕیاری سوپەرمارکەتە کە لەبەرانبەر تی‌ڤی‌دا واقوڕماوە. بەڵام لە کۆریا دەگەڕێمەوە کە تەنیا بیست ساڵە بەسەر سەرنگومبوونی دیکتاتۆری‌دا تێدەپەڕێت و لەوێ، ئایدیای دەسەڵاتێکی دەستەجەمعی جیا لە مەکینەی دەوڵەت، بەمانای ئەو شتە دێت کە بە فۆرمگەلی جیاوازی داگیرکردنی  شەقام لەلایەن خەڵکەوە دەردەبڕدرێت. کۆکم کە وشەی دیموکراسی لە زاگەی خۆیدا، واتە ڕۆژئاوا؛ توشی جۆرێک لە پرتووکاویی بووە، بەڵام ئەگەر  بیرلەوە بکەینەوە کە لە ئاسیادا دەگوزرێت تێدەگەین کە ئەم وشەیە هێشتا مانای هەیە. ئەگەر وشەیەکی باشتر بۆ شوێنگرەوەی دیموکراسی پەیدابکەین، پێشوازی لێدەکەم، بەڵام چ وشەیەک؟ یەکسانیخوازی[7]؟ ئەمە کتومت ئەو مانایەی نییە. «دیموکراسی» یەکسانی پێشوەختەی ناو نایەکسانییە. کام وشە هەیە بە بێگەردی مابێتەوە؟ پاشان دەبێت ئاگامان لەو بێت کە لە ڕێگەی وەلاوەنانی وشەیەکەوە چی دەکەین؛ دەبێت وریابین [بەرانبەر] ئەو هێزەی کە لەچەکی دادەماڵین یان پڕچەکی‌دەکەین: ئەمە بۆ من پرسەکەیە.
هازان: ئەوەم پێسەیرە بەلاى تۆوە دیموکراسییەت کە نە فۆڕمى حوکمڕانییە و نە فۆڕمى کۆمەڵگایە، ئاخۆ ئایدیاڵێکى دوورەدەست نییە؟ یان پتر ئامرازێکى ڕەخنەییە، دەروازەشکێنێکى مشتومڕکارییە بۆ کوتینێکى بەهێز.
ڕانسێر: نەخێر، دیموکراسى ئایدیاڵیک نییە، چونکە من هەمیشە شوێن ئەو بنەمایەى ژاکۆتۆ کەوتووم کە دەڵێت یەکسانى پێشگریمانەکەیە نەک ئامانجێک گوایە دەبێت پێیبگەین. ئەوەى دەمەوێت بیگەیەنم ئەوەیە کە دیموکراسییەت، بە واتاى دەسەڵاتى گەل، دەسەڵاتى ئەوانەى بە شێوەیەکى تایبەت پێیانڕەوا نابینرێت مومارەسەى دەسەڵات بکەن، ڕێک بنچینەى ئەو شتەیە کە وا دەکات سیاسەت شایەنى بیرلێکردنەوە بێت. ئەگەر دەسەڵات بکەم بە شیاوێتى و تایبەتمەندى ئەوانەى کە داناترین یان بەهێزترین یان دەوڵەمەندترینن، ئەوا چیتر سیاسەتێکمان نییە کە لەبارەیەوە بدوێین. ئەمە ئەرگومێنتى ڕۆسۆیە: پێویست بەوە ناکات دەسەڵاتى بەهێزترەکان وەک مافێک خۆى پیشان بدات –ئەگەر بەهێزترین بەهێزترین بێت، ئەوا ویستى خۆى دەسەپێنێت و تەواو، ئیدى ئەمە هەموو شتێکە. ئەمە چیتر پێویستى بە ڕەوایەتیى زیاتر نییە. من لاموایە دیموکراسیەت پێشگریمانەیەکى یەکسانی و هاوئاستییە، لەو گریمانانەیە کە تەنانەت ڕژێمێکى ئۆلیگارشیى لەمەڕ ئەمەى ئێمە هەمانە دەبێت هەندێک ڕەوایەتیى هەر لێ وەربگرێت. بەڵێ، دیموکراسیەت بێچەندوچوون وەزیفەیەکى ڕەخنەیى هەیە: دیموکراسییەت ئیسپانەى کردنەوەى برغوى یەکسانییە کە (ئوبێکتیڤانە و سوبێکتیڤانە) لەنێو خولخلۆکەکانى باڵادەستییدا قاییمکراوە. ئەو شتەیە کە هەر بە سادەیى ڕێدەگرێت لەوەى سیاسەت بگۆڕێت بۆ سەپاندن و زۆرەملێى یاسا.
هازان: لە دوا لاپەڕەى "ڕق لە دیموکراسی"ـدا نووسیوتە ''کۆمەڵگەى یەکسان هیچ نییە جگە لە کۆى پەیوەندییە بەیەکداچووەکانى یەکسانی کە لێرەدا و لە ئێستادا لە ڕێگەى کردە تاقانە و نا-جێگیرەکانەوە هەن''. جا لەبەرئەوەى بەلاى تۆوە دیموکراسییەت و سیاسەت تەقریبەن هاوماناى یەکترن، ئەوا ئەمە لاى خۆیەوە دەبێتە مایەى ئەو شتەى وا لە "تێزەکان دەربارەى سیاسەت"ـدا وتووتە: ''سیاسەت هەمیشە وەک هەڵکەوتێکى کاتی[8] لە مێژووى فۆڕمەکانى باڵادەستیدا دێتە کایەوە''. یاخود دیسانیش، لە کۆتایى جیاڕا[9]دا نووسیوتە: ''سیاسەت، بە واتا هەرە تایبەتەکەى، بریتییە لە دەگمەن. سیاسەت هەمیشە لۆکاڵى و کاتییە''[10]. نا-جێگر، ماوەماوە، بە هەڵکەوت- داخۆ تۆ ئاوا سیاسەت و دیموکراسى دەبینیت؟ ئەم قەڵەمبازە ناکاو و کەمخایەنانە کە ناگەن بە هیچ کوێ... ئایا ئەمە ڕوانگەیەکى ڕەشبینانە و خەمۆکانەى بزووتنەوەکانى ڕزگارى نییە؟
ڕانسێر: پێموانییە هەرگیز هیچ شتێکم دەربارەى فیچقەکردنى کورتماوە کە ناگات بە هیچ کوێ، وتبێت. ڕوانگەى من بۆ مێژوو وەها نییە کە وەک هاوسەنگیى پچڕپچڕى کاتی ببینێت، لەو ماوانەدا شتەکان هەڵتۆقن و ئینجا دواتر دووبارە مەحف ببنەوە. لەو دەقەدا کە تۆ ئاماژەت پێدا تەنیا هەوڵمداوە بڵێم یەکسانى وەک کۆمەڵێک مومارەسە هەیە کە سنوورەکانى بوارەکەى خۆى تێدەپەڕێنێت: هیچ واقیعێکى دیکەى یەکسانى جگە لە واقیعى یەکسانى لە گۆڕێدا نییە. مەبەستم ئەوە نەبووە پێشنیازى ئەوە بکەم کە یەکسانى تەنیا لە کۆسپەکان[11]دا هەیە و هەر کە ئەم کۆسپانە دەڕوخێن ئەویش کۆتایى پێدێت و ئیدى دیسان پاڵى لێ دەدەینەوە. من بیرمەندى ڕووداو[12] و بیرمەندى فیچقەکردن نیم، بەڵکو پتر بیرمەندى ڕزگارییم وەک شتێک کە نەریتى تایبەت بەخۆى هەیە، مێژووى خۆى هەیە کە تەنیا لە کاریگەرى و شوێنەوارى کارە مەزنەکان پێکنەهاتووە، بەڵکو هەوڵى بەردەوامیشە بۆ ئەفراندنى فۆڕمەکانى هاوبەشێتیى ئەوتۆ کە جیاواز بن لەو فۆڕمانەى دەوڵەت پێشنیاریان دەکات، جیاوازبن لە بابەتى کۆدەنگیى دیموکراتى و شتى لەم بابەتە. بێگومان ڕووداوگەلێک هەن ماوەماوە هەڵدەقوڵێن و مەودا کاتییەکان[13] ئاوەڵا دەکەن. بۆ نموونە سێ ڕۆژەکەى یولیۆ لە ساڵى 1830 زەمینەیەکى مێژوویى سازاند کە دواتر کۆمەڵە کرێکارییەکان و ڕاپەڕینەکانى ساڵى 1848و کۆمۆنەى پاریسى گەیاندە نامورادى و شکست.
لە ڕاستیدا، بوونى یەکسانى ئاوا و لەوێدایە [کە باسکرا]، نەک ئامانجێک بێت گوایە ئەگەر ئێمە ستراتیژییەتى دروست و ڕابەڕایەتیى دروست و زانستى دروستمان گرتەبەر، ئیدى پێیدەگەین. ڕاشکاوانە بدوێم، من واى نابینم بشێت ئەم هەڵوێستەى من لە هەڵوێستەکانیتر ڕەشبین و خەمۆکانەتر بێت. هەموومان دەزانین بیرمەندە قووڵبینە شۆڕشگێڕەکان لە ئیتاڵیا چ بڵاوبوونەوەیەکى سەیریان هەبوو، ئەى دەرەنجامەکەى؟ بێرلسکۆنى. دەبێت ڕۆژیک لە ڕۆژان لێپرسینەوە لەگەڵ هەموو ئەو خەڵکانەدا، لەگەڵ ئەو پێشبینیەکەرە سیاسییانەدا بکەین کە کلیلى داهاتوویان لە گیرفاندایە –پێویستە وایان لێ بکەین حسێب بۆ ئەوە بکەن کە وا ئێستا لە گۆڕێدایە و دەگوزەرێت. ئەگەر ئەوان گەشبینن و من ڕەشبین، ئەگەر ئەوان واقیعبینن و من خەونبین .... (پێکەنین).
هازان: بۆ کەسێکى وەک تۆ کە کارى زۆرى لە ئەرشیفدا کردووە، وا هەست ناکەم ئێجگار بەو تووندییەش ڕووت لە ڕابردوو بێ.
ڕانسێر: بەڵێ. بەلاى منەوە کۆمەڵێک نەریتى ڕزگاری هەیە. یەکێک لەوانە کە من هەوڵدەدەم کارى سەر بکەم، یان کارى تێدا بکەم، جیاوازە لەو نەریتەى وا ڕوانگە ستراتیژخوازەکان هاوردەیان کردووە و پشتیان پێبەستووە، لینین و هاوشێوەکانى. من هەمیشە دژ بە ئایدیاى زەرورەتى مێژوویى تێکۆشاوم. دەرهەق بە کارکردن لە ئەرشیفدا، من لەو کارەوە تێگەیشتم هەرچۆن بێت مێژوو لەلایەن ئەو کەسانەوە دروست دەکرێت کە تەنیا یەک ژیانیان هەیە. مەبەستم لەمە ئەوەیە کە مێژوو هەبوویەک نییە کردە و قسەى هەبێ؛ ئەوەى ئێمە پێیدەڵێین مێژوو ئەو شتەیە وا خەڵکى دەیچنن وەختێ هەڵوێستێک لە دەرەوەى ژیان و ئەزموونەکانى خۆیانەوە بەرامبەر زەمەن وەردەگرن. ئێمە حیکایەتى سوبێکتە دەستەجەمعییەکانى[14] وەکو چینى کرێکار و بزووتنەوە کرێکارییەکان دەگێڕینەوە، بەڵام هەموو کەسێک دەتوانێت ئەوە ببینێت کە گێڕانەوەکە ناوبەناو ناوبڕ و پچڕانى تێدەکەوێت؛ هەندێ داوى ڕابردوو دەپچڕێن، پاشان لێک دەبەسترێنەوە و چاک دەکرێن. بڕوانە لە دواى 1968 چى ڕوویدا. ماوەى چەند ساڵێک کە چەند دەیەیەکى خایاند، دەیەى شەستەکان لیخن دەکرا تەنانەت واى لێهات درایە بەر نەفرەتیش. دواتر نەوەیەک پێدەگەن سەرلەنوێ بایەخێکى نوێ بەو شتانە دەدەنەوە کە لە شەستەکاندا ڕوویاندابوو. ئەمان ماویزم و شتى لەم بابەتە کەشف دەکەنەوە. درەنگ یان زوو نەوەیەکى نوێ پەیدا دەبێ هەوڵ دەدەن دووبارە وشە ڕوون و ڕاشکاوەکان لەگەڵ ماناکانیاندا دابهێننەوە، خوڵقاندنەوەى ئاواتە دیاریکراوەکانى پەیوەست بەم وشانەیش دەبێتە مەراقیان، بەڵام هەڵبەت لە کۆنتێکستى جیاواز و لە فۆڕمى هەمەجۆرى گەیاندن ]وگێڕانەوە[دا کە لە ڕاستیدا هەڵکەوت دەیانخاتە بەردەست.
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
سەرچاوەکانی وەرگێڕان:
ئینگلیزی
عەرەبی
https://drive.google.com/file/d/1ITWOKk11CYIVjqafnrntFK7kWtqkE-gh/view?fbclid=IwAR0-RrqRRaIBVgq7WNbqlIBdCJKQLT2QASsM7Ihrwq3VqB9tsy-QDhtLP-s
فارسی

پەراوێزی وەرگێڕانە کوردییەکە:
[1]خۆشبەختانە کتێبی ڕق لە دیموکراسی Hatred of Democracy لەلایەن هاوڕێیان؛ ناجی ئەفراسیاو و ئەرسەلان ئەفراسیاوەوە بەکوردی کراوە.
[2]- Dominant Discourse
[3] Referendum
[4] licentious
[5] constitutional liberties
[6] appropriation
[7] egalitarianism
[8] provisional accident
[9] Disagreement
[10] Jacques Ranciere, La mesentente: Politique etphilosophic (Paris: Galilee, 1995);
English translation: Disagreement: Politics and Philosophy, trans. Julie Rose
(Minneapolis: University of Minnesota Press, 1999).
[11] barricades
[12]  دۆلۆز، دێریدا، بۆدیار و بەدیۆ بە جۆرى جیاواز بیرمەندى ڕووداون، بەڵام ڕەنگە توانجەکەى ڕانسێر بەر لە هەموویان بەدیۆ بگرێتەوە، کە لەم ڕوانگانەدا جیاوازییەکانیان زەق و بەرچاوە.
[13] temporalities
[14] collective subjects

تێبینى: ئەم وتارە لە سایتى "چەپى نوێ" بڵاوبۆتەوە. لینکى وتارەکە: