My Blog List

بابه‌ته‌ نوێیه‌كان

خۆرهەڵات و فەلسەفە

Friday 15 February 2013

فینۆمینۆلۆژیاى خەیاڵ



     هاوار محەمەد




1-   لە نێو ماڵدا:
ماڵ گۆشەی ئێمەیە لە جیهاندا، تەنیا جێگا و پەنای خۆپاراستن و مانەوەمان نییە، بەڵكو خاڵی كۆبوونەوەی لەدایكبوون و منداڵی و بیرەوەری و خەونەكانیشمانە، جێگای هۆگری و ڕاهاتن و ئاشنایی و ئولفەتیشمان. لە ڕوانگەی فینۆمۆنیۆلۆژیی خەیاڵەوە وەزیفە سەرەكییەكەی ماڵ وەزیفەی كوخ (كۆلیتە)ـە. واتە جگە لە دیوە سودگەراییەکەى بۆ نیشتەجێبوون و حەوانەوە و ئارامگرتن، پنتى خەیاڵكردن و داڵغەلێدانیشە. گاستۆن باشلار لە "شیعرییەتى شوێن"ـدا، خەیاڵ ئەخاتە نێو ماڵەوە و ماڵیش ئەباتە نێو شعرەوە، ماڵ ئەكات بە وێنە. ئەوەی بۆ فینۆمینۆلۆژیست گرنگە وێنەی ماڵە نەك سیفەتە ئۆبژەیی و پۆزەتیڤیەكانی، هەر بۆیەشە كار لەسەر وەسفكردنی ماڵ ناكات، بەڵكو سیفەتە یەكەمی و سەرەكییەكانی دەردەخات، ئەویش پەیوەندی ماڵە بە خەیاڵكردنەوە، بە ئارامی و ئۆقرەگرتنەوە، واتە ئەو سیفەتەی كە یەكەم ماڵ هەڵگری بووە. وەزیفەی یەكەم ماڵ، زانای بوارە زانستییەكان نایبینن، بەڵام شاعیرەكان لەبیریان نەكردووە. كوخ و كۆشك هەمان سەنگیان لە داڵغەی شاعیردا هەیە، خراپترین و هەرزانترین ماڵ جوانی و شیعرییەتی كەمتر نییە لە سەرجەم ماڵەكانی دیكە، چونكە ئیدی لەگەڵ سیفەتە پۆزەتیڤییەكان و سوودە كۆمەڵایەتییەكانی ماڵدا ناژین بەڵكو باشلار وتەنی سوودی هەرە گەورەی ماڵ ئەوەیە "داڵغە و خەونبین بپارێزێت و بواری ئەوە بڕەخسێنێت كە مرۆڤ بە ئارامییەوە خەون ببینێت". شوناسی ماڵ زیندە خەونە.
      ماڵ گوشەی تەنیایی و بیرەوەری و مەراق و بەختەوەری و ئولفەتمانە، واتە ماڵی خەونەكانمان. ئەمەش بۆ وەسفكردن خۆی بەدەستەوە نادات، بەڵكو لەبەرامبەر زەیندا خۆی بە تاریكی ئەهێڵیتەوە، هەر بۆیەشە لێكدانەوەی ئەندازەیی و لۆژیكی و فیكری بۆ ماڵ كورت دەهێنێت. باشلار دەڵێت بۆ ئەوەی لە پەیوەستیی خۆمان بە ماڵەوە تێبگەین، خەون باشتر یارمەتیمان دەدات نەك هزر. ماڵێك كە ڕووخا ئیدی عەقڵی زانستی ناتوانێت لێی بكۆڵێتەوە، بەڵام لەنێو هێڵی درێژەوەبووی منداڵیدا و لەنێو یادەوەری و خەیاڵی شیعرییدا درێژە بە خۆی دەدات. ماڵ واتە خەونەكانی منداڵی، واتە ئولفەتی منداڵی. باشلار لە كتێبی "گڕی مۆم"ـدا دەڵێت: "هەموو شتێك لە ماڵدا هاودەمێكی هەیە، مەبەستمان تارماییەكی كابووسی نییە، بەڵكو جۆرە هاودەمێك كە بەردەوام ئەگەڕێتەوە و لە یادەوەری دەئاڵێت و ژیان بە بەر یادگارییەكاندا دەكاتەوە".
      لەڕوانگەی باشلارەوە وێنەكانی ماڵ لەنێو دوو ئەلبومدا كۆدەبنەوە: ماڵ وەك هەبوویەكی ستوونى و ماڵ وەك هەبوویەكی چڕ و ناوەندی جیهان، واتە ماڵ لە گەردووندا.
     وێنەی ستوونیانەى ماڵ واتە جەمسەرگیریی ژێر زەمین و هەورەبان. هەڵكشانی ماڵ لە بنەوە بۆ سەرەوە و ڕوانین بە پەیكەری ماڵدا لە سەرەوە بۆ خوارەوە. جوڵەکە لە بنەوەی ئەرزەكەیە بۆ سەقفەكەی. باشلار دەڵێت سەقف, گەر لە ڕووە پراگماتیكییەكەیەوە لێی بڕوانین هەر بە زوویی هۆكاری بوونی خۆی ئاشكرا دەكات: "پاراستنی مرۆڤ لە باوباران یان هەتاو". سەقف پەیوەندی بە كەش و هەواوە هەیە. بەڵام ژێر زەمین بەر لە هەموو شتێك شوناسی تاریكی ماڵە و دەیبەستێتەوە بە هێزەكانی جیهانی خوارەوە. سەقف عەقڵانییەتی بینراو و بەرچاوە و ژێر زەمینیش نا-عەقڵانییەتی قوڵاییەكان. فیكر هەمیشە نێوانی لەگەڵ بەرزاییدا خۆشبووە بەڵام لەگەڵ قوڵاییدا ناكۆك بووە. ژێر زەمین و هەورەبان بەهۆی قاتی زەمینیەوە بەیەكەوە دەبەسترێنەوە، ئەمەش ناوەندی یەكانگیریی ماڵ پێكدەهێنێت و پارچەكان كۆ دەكاتەوە. هەورەبان شوێنی بەرزڕوانین و بینینی دەوروبەر و دەرەوەیە. هەورەبان یەقینی ماڵە. ژێر زەمین گۆشەی نیمچە لەبیركراوی ماڵە، كەمتر هاتوچۆی بۆ دەكرێت و هەمیشەیش جێگای گومان و ترسە. بەڵام ترسی ژێر زەمین بە یەقینی هەورەبان دەڕەوێنرێتەوە. باشلار ئاماژە بە حیكایەتێكی كارل گۆستاف یۆنگ دەكات، كە یۆنگ بۆ شیكردنەوەی ئاگایی و نائاگایی بەكاری هێناوە: "ئاگایی وەك ئەو پیاوەیە دەنگێكی جێی گومان لە ژێر زەمینەكەوە دەبیستێت، بەڵام خێرا خۆی دەگەیەنێتە هەورەبانەكە، هیچ دزێك لەوێ‌ نییە، بۆیە وا لەخۆی دەگەیەنێت ئەو دەنگە تەنیا وەهمی خۆی بووە". ئەم پیاوە نەیوێراوە بچێتە شوێنی سەرچاوەی دەنگەكە، واتە ژێر زەمینەكە. باشلار ئەم حیكایەتەی یۆنگ بۆ بواری فینۆمینۆلۆژی بەكاردەهێنێت نەك دەروونشیكاریی. ترسی هەورەبان و ترسی ژێر زەمین هاوشێوە نین. ترسی هەورەبان نەك تەنیا دەڕەوێتەوە بەڵكو ئارامی و یەقینیش بۆ ماڵ دەگەڕێنێتەوە و زوو خۆی بەدەست عەقڵانیكردنەوە دەدات. هیچ كاتێك لێكدانەوەی نا-عەقڵانی بۆ دەنگ و جموجوڵەكانی هەورەبان ناكرێت و بە زوویی دەستنیشان دەكرێت و هۆی عەقڵی بۆ دەبینرێتەوە، دەنگەكانی هەورەبان ئەشێت (ڕەشەبا، جرج، پشیلە..هتد) بن. بەڵام ژێر زەمین هیچ شتێك تێدا ڕوون نییە و بگرە هەر تاریكییەكەی بۆ خۆی جێگای ترس و گومانە. باشلار دەڵێت "لە هەورەباندا ئەزموونەكانی ڕۆژ ترسەكانی شەو دەڕەوێننەوە، لە ژێر زەمیندا تاریكی بەسەر ڕۆژدا دەكشێت". تەنانەت ئەگەر چرایش هەڵبكەین هێشتا تاریكی بە دیوارەكانەوە دەجوڵێتەوە.
      لە هەورەباندا ڕووداوەكان سادە دەكرێنەوە و بوونەوەرەكان ماڵی دەكرێنەوە. دز لە هەورەباندا ئەشێت لە زەینی خاوەن ماڵدا بەچكە پشیلە بێت، ئەشێت دەنگی شكاندنی دەرگا بە فشاری با لێك بدرێتەوە. لە ژێر زەمیندا جرج دەتوانێ‌ لە هەمان زەیندا ببێت بە دز، پشیلە ئەكرێت ببێت بە دراكۆلایەكی ترسناك.
        ژێر زەمین توانای درێژبوونەوەی ناكۆتای هەیە. ئەكرێت لە زیندە خەوندا ژێر زەمینی ماڵێك ببێت بە یەكەمین ژێر زەمینی دونیا. ژێر زەمین لەڕێگەی دیوارەكان و ئەرزەكەیەوە بە قوڵایی زەمینەوە بەستراوەتەوە، قوڵایی زەمین پڕیەتی لە ڕاڕەو و سەرداب و ڕووبار و چیا. ئەشێت سەرجەمی ماڵەكانی شارێك لە شەقام و كۆڵانەكانەوە نا، بەڵكو لە ژێر زەمینەكانیانەوە بە یەكەوە بەسترابنەوە. ڕوون نییە ژێر زەمین چی تێدایە و چەند دەرگای هەیە و دەگات بە كوێ‌.
      بە هۆی قادرمەكانەوە دەتوانین بۆ ژێرەوە دابەزین و بۆ سەرەوە سەر بكەوین. پارادۆكسی ماڵ ئەوەیە كە هەمیشە دابەزین قورسترە لە سەركەوتن، واتە بەرجەستەكەرەوەی هەمان توانای منداڵییە بۆ سەركەوتن و دابەزین. منداڵ زووتر فێری سەركەوتن ئەبێت نەك دابەزین، دابەزین هەمیشە ئەگەری كەوتنە خوارەوەی زیاترە. سەركەوتن بە پلیكانەدا بۆ منداڵ بە تەواوی ڕاڕەوێكی بینراو و بەرچاوە و بە متمانەوە یەك بەیەك پلیكانەكان جێ‌ دەهێڵێت. بەڵام لە هاتنەخوارەوەدا ئەگەری كەوتن زۆرە و متمانە كەمتر و ترسیش هەمیشە ئامادەیی هەیە. چونە خوارەوە بۆ ژێر زەمین هەمان خەسڵەتی نا دڵنیاییانەی هەیە و سەركەوتنیش خەسڵەتی دڵنیایی. هەمیشە ئاسمان لە زەمین زیاتر شوێنی دڵنیایی بووە و بەخشندەتریش بووە، ئەوە بۆیە لە زەینی ئێمەدا خودا لە ئاسمان یان لە سەرەوەماندایە.
      ئەم هەڵكشانەی ماڵ لە (ژێرزەمین، قاتی زەمینی، هەورەبان) لە خەون و یادەوەری و خەیاڵ و وێنە شیعرییەكانماندا لەگەڵی دەژین. كونجەكانی ماڵ شوێنی ئەزموونە جۆراو جۆرەكانی ژیانی ئێمەن و تا لە شتەوە نەبن بە پەناگەی خەیاڵ، لە بوونی بابەتییەوە نەبن بە وێنە، تەنیا ڕووكاری دەرەوەن و ماڵی خەونەكان نین. باشلار لە بارەى میترۆپۆلسەکانەوە دەڵێت "بەرزی باڵەخانەكانی شار (واتە شاری پاریس) تەنیا ڕواڵەتی دەرەوەیە، ئاسانسۆرەكان نەبەردیی سەركەوتنیان بە پلیەكانەكاندا سڕیوەتەوە، ئیدی هیچ مانەیەك بۆ ژیانێكی بەرزی نزیك لە ئاسمان نەماوەتەوە". ماڵ ئەگەر بەرزیش بێت هێشتا هەر بۆتە درێژبوونەوەیەكی ئاسۆیی، چونكە ڕەهەندی ئەندازەیی وەرگرتووە و ئیدی لەنێو خەیاڵدا شیعرییەتی خۆی درێژە پێنادات، بەوەش بەهای ئولفەت و هۆگریی لەدەست داوە. ماڵێك كە ئەم بەهایەی لەدەستدا بەهای خۆڕاگری و بەرگریكردنیش لەدەست دەدات. كاتێك هەست دەكەین ماڵەكەمان دەمانپارێزێت كە هەست بكەین لەبەرامبەر زریان و گەردەلوول و باوبۆراندا خۆی ڕاگرتووە. هەستكردن بە زریان و باوبۆران ڕەگەزێكی سەرەكییە بۆ هەستكردنی شیعری بە ماڵ، بۆ خەونبینین لە ماڵدا، بۆ گرتنی گۆشە و كونجی ماڵ. "ئیدی ماڵەكانی ئێرە هەست بە زریانەكانی جیهانی دەرەوە ناكەن... ماڵەكەمان بە هەورەگرمە نالەرێتەوە". هەموویان شانیان بە یەكەوە داوە و بە تووندی خۆیان بە یەكەوە نوساندووە، وەك بڵێی بە تەنیا ناوێرن ڕووبەڕووی زریان و باوبۆران ببینەوە. هەر لەبەرئەوەیش هەست بە ترس ناكەین. ماڵێكی تەنیا لە خەوندا ڕوونتر بەرجەستە دەبێت نەك ڕیزە ماڵێك بە تەنیشت یەكەوە، كوخێك شەهامەت و شیعرییەتی زیاتری هەیە لە باڵەخانەیەكی چەند قاتی ئەندازەیی. شاعیر بەدوای ماڵێكی چەپەك و دوورە دەستدا دەگەڕێت تا خەیاڵی تێیدا ئاسوودە بێت. ئەم وێنەیەی كوخ وێنەیەكی مەزنە، باشلاریش دەڵێت هەر وێنەیەكی مەزن قوڵاییەكی زیندەخەونانەیشی هەیە. بۆدلێر پێیوایە خەونبینەكان حەزیان لە زستانی سەختە. زستانی سەخت زێدە بەهایە بۆ سەر ماڵێك كە تێیدا دەژین، ماڵی خەونەكانمان.

2-   لە نێو ئاژەڵاندا:
ئەو ماڵۆچكانەی كە لە تەمەنی منداڵیدا بە كارتۆن یان بە بەرد و چیلكەدار دروستمان دەكردن پڕ بوون لە ژیان، ئەم ماڵۆچكانە بۆ منداڵ خۆڕاهێنانە لەسەر گونجان لە تەك دنیادا، دەلالەتن لە وێنەی سەرەتایی جیهان. بچووككردنەوەی ماڵ و خانوو و ئۆتۆمبێل و کوپ و سەماوەر بوون. ماڵۆچكەكان لە گۆشەیەكی بەرتەسكی ماڵ یان هەر شوێنێكی تردا دروست دەكران و ژوورەكان و كەلوپەلەكان بە گونجاوی و لە جێی خۆیاندا دادەنران، كەرەستەكانی گەمە و یاری دەخرانە نێوییانەوە، بەڵام لە هەموو شتەكان تایبەت تر بوكەڵەی نێو لانكەكە بوو، ناوێكی تایبەتی بۆ دادەنرا، واتە منداڵەكە ناوی خۆشەویستترین كەسی خۆیی لێ‌ دەنا، ئێمە هەمیشە بە بوكەڵەكاندا ئەزانین منداڵ كێی زۆر خۆشدەوێت. منداڵەكان جیهانێكی گەورەیان بە بچوككراوەیی لە بەردەمدا بوو، دنیایەكی چكۆلە لە خەیاڵیاندا ئەدرەوشایەوە. هەموو شتێك لە خەیاڵدا ڕووی دەدا، ئەو پرسیارە نەدەكرا ئەم كەرەستانە ڕاستەقینەن یان نا، لای ئەوان كەرەستەكان وێنە بوون نەك سوود، لەگەڵیاندا دەژیان نەك بەكاریان بهێنن. ماڵۆچكەكانی منداڵی یەكەمین ساتی تێكشكاندنی ڕەهەندی ئەندازەیی و مەودای ژمێرەیی و چەندێتیی خانووەكان و دوورییەكانە. منداڵەكان بەهۆی ماڵۆچكەكانەوە یەكتری دەبەنە نێو شوێنەوە. هەموو كەس و شتەكانی نێو خەیاڵی منداڵەكان وێنەیان بە بچووككراوەیی لەنێو ماڵۆچكەكاندا هەیە. بۆ منداڵەكان بوكەڵەكان لە ئینسانە گەورەكان ڕاستەقینەتر و گرنگتریشن. منداڵ جیهان لەبەردەم خۆیدا بچووك ئەكاتەوە، جیهان ئەبێتە بابەتی یاری و گەمە. ماڵۆچكەكان لە دەرەوەی خەیاڵەوە دروست نابن، هەر دروستكردنێك لە دەرەوەی خەیاڵەوە سیفەتی دەرەكی و زانستی و ئەندازەیی وەردەگرێت. مالۆچكەكان جیاوازن لەو كۆشك و تەلارانەی "ئەندازیارە بچكۆلەكە لە تەختە و دار" دروستیان دەكات، واتە جیاوازە لە نەخشە و نموونەی بچوككراوەی ئەو خانوو و كۆشك و تەلارانەی كە ئەندازیارەكان دروستی دەكەن و پاشانیش خانوویەكی گەورەی هاوشێوەی لێ‌ دەردێنن. لە ماڵۆچكەكاندا ئەم پەیوەندییەی دەرهاوێژی و ناوهاوێژی، دەرەوە و ناوەوە لە پەیوەندی گۆڕاو و شل و ناجێگیردان. خانووی منداڵەكان خانوویەكی وێنەیی خەیاڵییە و لە خەونی منداڵەكاندایە. شتە بچووكەكانی ئەوان ئولفەتی ڕۆژانەی منداڵییە بە بوكەڵە و گەمەكانەوە، واتە بە شوێنەوە.
     بچووككردنەوەی جیهان و شتەكان واتای سەرنجدان و مامەڵەكردنە لەگەڵ شتە بچووكەكاندا وەك شتانێكی گەورە، واتای سەربارخستنێكی خەیاڵییە بۆ بینینی ئەو شتانەی لە دۆخی ئاسایی و ئاگاییدا نابینرێن. باشلار ناو لەمە دەنێت "ئەوپەڕى بچووك", یان "ئێجگار بچووك".
    لە خەیاڵدا هەموو شتێك ڕاستەقینەیە "خەیاڵی پەیوەست بە شتە زۆر بچووكەكانەوە خەیاڵێكی ئاساییە و لای ئەو كەسانەی زیندەخەونیان هەیە لە هەموو كارێكیاندا دەردەكەوێت". باشلار بۆ ڕوونكردنەوەی "ئێجگار بچووك" نموونەیەك لە كتێبی "فۆنتان"ـی "هێرمان هسە" دێنێتەوە: "زیندانییەكە لەسەر دیواری زیندانەكەی وێنەی شەمەندەفەرێكی زۆر چكۆلەی كێشا بوو كە خەریك بوو خۆى دەکرد بەناو تونێلێكدا. كاتێك پاسەوانانی زیندانەكە هاتن بیبەن، بە ئەدەبەوە ئەم داوایەی لێ‌ كردن (كەمێك چاوەڕێم بكەن تا لە تابلۆكەمدا لە شتێكی شەمەندەفەرەكەم دڵنیا ببمەوە. وەك هەموو جارێك دەستیان كرد بە پێكەنین و پێیان وابوو من كەم عەقڵم. منیش خۆمم چكۆلە كردەوە و چوومە نێو تابلۆكە، ئینجا سواری شەمەندەفەرە بچوكەكە بووم، ئەویش كەوتە جووڵە و لە تاریكی تونێلەكەدا لەبەرچاو ون بوو).." دۆما دو كۆنانكیش لە كتێبی "جەهلی نوێ‌ و كێشەی كولتوور"دا دەڵێت: "ئەگەر خەیاڵی شتێك لە دەرەوەی زیندان نەكەین، ئەوا زیندان خراپتر و دژوارتر دەبێت، چونكە زیندانیی بەهۆی خەیاڵی خۆیەوە دەتوانێت بچێتە دەرەوەی دیوارەكانی زیندانەكەی... خەیاڵ بە شتەكان سنووردار نییە و نابێت خۆی بە ئەزموون مەحكوم بكات". لەم نموونەیەی سەرەوەدا لێكدژی ئەندازەیی لەنێو قەبارەی جەستەی زیندانییەكە و تابلۆكەدا تێپەڕێنراوە و دیمەنەكە خراوەتە ژێر ڕكێفی خەیاڵەوە و خەیاڵی پێ‌ بەرجەستە كراوە. بەرجەستەكردنی خەیاڵ مانای دروستكردنی واقیعییانەی شتێك نییە كە لە خەیاڵی ئێمەدا بووە لە جیهانی دەرەكیدا، واتای ئەوە نییە ئێمە وێنەیەك لە خەیاڵماندا بووە و دواتر ئەو وێنە خەیاڵییەمان لەسەر ئەرزی واقیع ڕیالیزە كردووە، بەڵكو تەنیا وێنە خەیاڵییەكانی خۆمان بەهۆی كۆمەڵێك ئامرازی دەربڕینەوە بۆ ئەوانی تر دەگوازینەوە، بە مانایەكی تر جوڵەی وێنەیە لەنێو خەیاڵدانەكاندا. باشلار دەڵێت: "چەندەی جیهان بە بەهرەیەكی زۆرترەوە بچووك بكەیتەوە، ئەوا بە لێهاتووییەكی زیاتریشەوە خاوەنی دەبیت".
     باسكردن لە ئەوپەڕى بچووك خستمییەوە بیری دوو زنجیرە فلیم كارتۆنى زۆر جوان كەوا بە منداڵی زۆرینەمان بینیومانن و لە یادەوەریماندا ماونەتەوە. (سەنفورەكان) و (نیڵز). بە داخەوە تا ئێستا ئەوەى لە کۆمەڵگەى ئێمەدا بە هیچ جۆرێک هەڵنەسەنگێراوە، فلیم کارتۆنەکانن. هەنوکە منداڵانى کۆمەڵگەى کوردى بە بەردەوامى خەیاڵیان بە فیلم کارتۆنى مەترسیدار دەشێوێنرێت، فانتازیایان پڕکراوە لە دێوودرنج و تووندوتیژى.
سنفورەكان كۆمەڵێك وێنەی خەیاڵین كە نیگاركێشی بەلجیكی (پییەر كۆلیفۆرد) دایهێناون. قەبارەی سەنفورەكان ئێجگار بچووكە و ناتوانین لە ژیانی واقیعیدا بیان بینین، كەچی لە زنجیرە كارتۆنییەكەدا جیهانی ئەوان دەبینین. ئەوان بەهۆی بچووكی قەبارەیانەوە قارچكەكانیان كردۆتە ماڵی خۆیان و تێیدا دەژین، سیستەمی تایبەت بە خۆیان دامەزراندووە و زمانی تایبەت بە خۆیشیان هەیە و بگرە دوژمنیشیان هەیە: "شەرشەبلی شەرانگێز". دنیای سەنفورەكان تەواو ڕاستەقینەیە و بۆ منداڵی ئێمە زیندەخەون بوو. خەیاڵ بەردەوام وێنەی شتەكان تازە دەكاتەوە. سەنفورەكان وێنەكانی نێو خەیاڵدانی كۆلیفۆردن و لەڕێگەی نیگارەوە وەك كەرەستەی دەربڕین دەگوێزرێنەوە بۆ نێو خەیاڵی ئێمە، نیشگاركێشان ڕایەڵ و هێڵی جووڵەی وێنەكانە لەنێو خەیاڵدانەكاندا.
     كارتۆنی (نیڵز)ـیش بە هەمان شێوەیە. نیڵز حەزی بچووكبوونەوەی ئێمەبوو بۆ فێربوونى زمانى باڵندەکان. نیڵز كە بچووكدەبێتەوە دەچێتە نێو باڵندەكان و ئاسمان و دارستانەكانەوە. بەهۆی بچووكییەكەیەوە لەگەڵ باڵندەكاندا دەكەوێتە گونجان و تەبایی، دەبێتە هاوڕێیان، ئەو ئیدی سەر بە جیهانی ئێمە نییە، چونكە ناتوانین وەك مرۆڤ قەبوڵی بكەین. نیڵز بۆ دنیای مرۆڤ شتێكی نەبینراو و بوونەوەرێكی نا ئاساییە، ئێمە قەبووڵی نیڵز ناكەین چونكە بە پێوەری چەندێتی و چۆنیەتی هەڵیدەسەنگێنین، بەڵام لە نێو باڵندەكاندا جێی دەبێتەوە، ئەو ناتوانێت بە جەستەیەكی گەورەوە بچێتە نێو دنیای باڵندەكان، تەنیا بچووكبوونەوە ئەم هەلەی پێ دەدا. ئەو لە بچووكیدا باڵندەكان بە شێوەیەكی تر دەبینێت. بۆ خەیاڵی منداڵ باڵندەكان بەو جۆرەن كە نیڵز لەگەڵیاندا دەژی. بچووكبوونەوەی نیڵز دەرفەتی قەبەبوون و گەورەبوونی باڵندەكانە. باشلار دەڵێت: "تێڕوانینی منداڵ شتەكان قەبە دەكات و.. هەموو شتەكان بە گەورەیی دەبینێت"، مانای ئەمە ئەوەیە كاتێك مالۆچكە چكۆلانەكان بۆ منداڵ جیهانی بچووكراوەن ئەوا مانای گەورەبوون و قەبەبوون و ئاوسانی مالۆچكەكانە بە قەد جیهان. چیرۆكی نیڵز لە چیرۆكی (پوسێی چكۆلە) دەچێت كە باشلار بۆ ڕوونكردنەوەی "ئێجگار بچووك" ئاماژەی بۆ دەكات، پوسێی چكۆلە دەچێتە نێو گوێچكەی ئەسپێكەوە و ئولفەت دەگرێت، و ئاراستەی ئەسپەكە دەكات. ئەگەرچی چیرۆكی نێڵز و پوسێیش هەردووكیان لەگەڵ ئاژەڵدان، كەچی باشلار پێی وایە بۆ دۆخی "ئێجگار بچووك" خەونە گیاییەكانمان كامڵترن لە خەونە ئاژەڵییەكانمان، چونكە لە خەونی ڕووەكیدا پەلكەگیایەكی بچووك ئەتوانێت ببێتە دارخورما یان سنەوبەر. نیڵز باڵندەكان و دارستانەكان و ڕووبار و دەریاكان لە جاران بە گەورەتر دەبینێت. گەر چكۆلەیی نیڵز تەناهی بێت لە بچووكدا ئەوا گەورەبوون و فراوانبوونی دارستانەكان لە خەیاڵی نیڵزدا واتای "ئێجگار گەورە"یە. "ئێجگار بچووك" ئەشێت دژ نەبێت لەگەڵ "ئێجگار گەورە"دا، باشلار پێی وایە گەورە و بچووك لە دژیەكیدا لەگەڵ یەكتردا تەبان. هۆکارى ڕاستەقینەى ئەمە ئەوەیە کە "ئێجگار گەورە" و بچووك لە ناخی خۆماندان.

3-   لە نێو دارستاندا:
ئولفەتی "ئێجگار گەورە" واتە بەریەككەوتن لەگەڵ وێنەی شكۆمەندی و نا كۆتادا، هەستكردنە بە قەبەبوون و گەورەبوون و ئاوسانی شتەكان لەنێو خەوندا، بەجێهێشتنی جیهانی بینراو و ئاساییە بۆ شۆك و سەرسوڕمان و حەپەسان. فیكری زانستی پێویستی بە كوشتنی شۆك و ڕەواندنەوەى دەهشەتە بۆ ئەوەی شتەكان و پەیوەندییەكانیان لە بەردەمیدا دووپات ببنەوە، دووپاتبوونەوە بۆ تێبینیكردن بنەمای زانستە. خەیاڵ و بەتایبەتیش "ئێجگار گەورە" شۆكی یەكەم ساتی بینینە و مەستبوونێكی ئەبەدییە بە سەرەتا، لە تەناهی و پایانی فینۆمیۆنۆلۆژی خەیاڵدا دووپاتبونەوە بوونی نییە، هەمیشە دیمەنەكان لە یەكەم ساتی بینین و تازەییدان، هەمیشە یەكەم جارە دەیانبینین و كشانی ئەم دەهشتەیە لەگەڵماندا.
     ژیان لە "ئێجگار گەورە"دا درێژبوونەوەی بوونێكە كە ژیان بەرتەسكی دەكاتەوە و سڵەمینەوە و تەگەرەی تێ دەخات. "ئێجگار گەورە" دۆخی وەستان و وشكبوونی هەیە، واتە لە دۆخی بێ‌ جوڵەییدا خەون بە جیهانێكی فراوانەوە دەبینین كە تێیدا دەجوڵێین. زۆرجار دارستانەكان لە خەیاڵی ئێمەدا هەڵگری ئەم دۆخی تەناهییەن. قوڵایی دارستان جۆرێكە لە گەورەبوونی زیاد لە ڕادەی درەختەكان، زۆربوونی مەترسییەكان، ترسی ونبوون و بێ‌ ئاراستەیی، شاردنەوە و تاریكی..هتد. قوڵایی دارستان قوڵاییەكی نەبینراوە، بۆشاییەكی ئەبەدییە، ڕۆیشتن بە ئاراستەی باكوڕ ڕۆیشتنە بە ئاراستەی باشوور، قوڵایی دارستان نە جەمسەری هەیە و نە ئاراستە، دارستان شوێنە لە ناشوێندا، یان دروستتر بیڵێین نا-شوێنە لە شوێندا. بە قەولی باشلار ژیان لەگەڵ ئەزموونی دارستاندا واتە لەبەردەم زەخامەتێكی ڕاستەوخۆ و قوڵاییەكەیداین. دارستان شیاوی وەسفكردن نییە، بەڵكو گەورەترە لە وەسف و هەر لەبەر ئەمەیش لەدەرووندا پارادۆكساڵە. سروشتی دارستان، سروشتێكی موقەدەسە، هەر موقەدەسێك لە ناشوێندایە و لە لێڵی و وەسف نەكراو و بۆشاییدایە "دارستانەكان لەپێش خواوەندەكانیشەوە هەر هەبوون". دارستان ڕەهەندی زەمەنییانەی نییە. باشلار دەڵێت: لە خەیاڵدا "دارستانی سەردەمی نوێ‌ بوونی نییە". هەموو دارستانەكان لە خەیاڵدا لە دەرەوەی زەمەنن و لە پێش ڕابردووەوەن. هەر لەبەرئەوەیشە دارستانی دەستكرد و پارك و باخچەكان ناتوانن ببنە "ئێجگار گەورە". لەم تەناهییەدا جیهانی بینراو لەنێو بوونێكی زیادەدا دەتوێتەوە.
     دەریایش هەمان دۆخی تەناهیی دارستانی هەیە. ئولفەتی "ئێجگار گەورە" لای باشلار جیاوازە لە ئەزموونی شكۆ لای كانت. لای كانت هەستی شكۆ ئەو كاتە دروست دەبێت كە فاكەڵتیی ئیدراك شێوەی (بۆ نموونە دەریا) ئەخاتە بەردەم خەیاڵدان و خەیاڵدانیش شێوە پەتییەكەی وەردەگرێت، بەڵام خەیاڵ كە تووشی سام و بیم دەبێت ئیدی بێ‌ توانا دەبێت و تەنیا بە كۆمەكی عەقڵ دەتوانێت پرۆسەی حوكمدان لەسەر هەستی شكۆ بگەیەنێتە كۆتایی. لە ڕوانینە كانتییەكەدا شێوەی ئوبێكتەكە بە ئیدراكدا دەخرێتە بەردەمی خەیاڵ، خەیاڵیش تەنیا وێنەكەی وەردەگرێت و لە گەورەیی و سامی وێنەكەدا دەستەوەستان دەبێتەوە و دەكەوێتە دۆخێكی ئاڵۆز، هەستە ئەزموونییەكەی بۆ جیا ناكرێتەوە ناتوانێت حوكمی لەسەر بدات، بۆیە فاكەڵتی عەقڵ بۆ توانای حوكمدان لەسەر ئەزموونی هەستكردنە ناخەكییەكە، داغڵ بە پرۆسەكە دەبێت.
     لای باشلار ئولفەتی "ئێجگار گەورە" سەرجەمی لەنێو خەیاڵدا ڕوودەدات. ئەزموونی ڕاستەوخۆی وێنە خەیاڵییەكان بواری ئەوە نادەن حوكمدان دوا بكەوێت، یان هەر لە بنەماوە ڕەنگە حوكمدان نەشیاو بێت، چونكە پەیوەندی سوبێكت و ئوبێكت لەگەڵ یەكتردا پەیوەندییەكی فرە جووڵە و گۆڕاوە. خەیاڵ لای باشلار لە هیچ كوێیەكدا ئیفلاس ناكات و كارێكیشی بە لێكدانەوەی واقیعییەوە بۆ شتەكان نییە، بەڵكو وێنەكان زیاد لە ڕادە قەبە دەكات و فوویان تێ دەكات. وێنەی شتەكان وەرناگرێت، بەڵكو هەر لە بنەماوە كاری خەیاڵ لە خەوندایە و وێنەكان خۆیان لە شیعردا و لە دەرەوەی لۆژیك دروست دەبن. وێنەكان لە زیندەخەوندا وەك خۆیان نامێننەوە و شیعرییەت وەردەگرن. لە خەیاڵی فینۆمینۆلۆژیدا وێنەی دەریا نەك تەنیا بارگاوییە بە شكۆ، بەڵكو وێنەیەكی شیعریشە و بابەتی ئولفەت و عەشقیشە. شاعیر بۆ ئەوەی بە خۆشەویستەكەی بڵێت عەشقی ئەو لەدڵیدا بێ‌ سنوور و ناكۆتایە، بە دەریای بێ‌ بنی دەچووێنێت.. یان جوانییەكەی بە ئەستێرە و مانگ بەراورد ئەكات و زێدەڕەوی لە وێناكردنیدا دەكات. جەوهەری فینۆمیۆنۆلۆژیی خەیاڵیش زێدەڕەوییە لە وەسفدا، بۆ جێ‌ هێشتنی وەسف و چوونە سەرووی وەسفەوە، واتا تێكەڵكردن و قەبەكردنی وێنەكانە لەپێناو سەربارخستنی وێنەیەكدا كە لە واقیعدا خاوەنی نییە. زێدەڕەویكردن لە وەسفی پرشنگ و شەوقی یار و جوانى ئەستێرە و خەمى عەشقدا هیچ نین جگە لە "ئێجگار گەورە"، خەیاڵ بۆ ئەوەى حوکمى ئێستاتیکى بدات پێویستى بە عەقڵ نییە.      

شوباتى 2013

Sunday 3 February 2013

تۆكڤیڵ و پیادەی دیموكراسییەت

سیلڤان ئالومان
وەرگێڕانى: هاوار محەمەد

ئایا یەكسانی لە هەلومەرجەكاندا هاوتایە بە مومارەسەی دیموكراسی؟ ئەمە پرسیارە
سەنتەرییەكە بوو لە بیركردنەوەی ئەلیكسی دی تۆكڤیڵ (1805-1859)دا.
هەروەها پرسیارێكیشە سەبارەت بە ئەگەری بوونی دیموكراسی.
     


تەمەنی ئەلیكسی دی توكڤیڵ 25 ساڵان بوو كاتێك دەستی كرد بە گەشتە بەناوبانگەكەی بۆ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا. ئەوەتا لە ساڵی 1931دا، هێشتا فەرەنسا لە سەردەمی شۆڕشەوە نە بووبووە خاوەنی ڕژێمێكی سەقامگیر و، فەرمانڕەوایەتی پاشایەتی دەستووریی ئینگلیزیش، كە هەمیشە وەك مەرجەعێك باس دەكرا، نەگونجاو و ناقۆڵابوو؛ ئەوەش بەو ئەندازەیەی كە فەرەنسای نیشتمانی مافی مرۆڤ، بە بڕوای تۆكڤیڵ، زیاتر لە هەر وڵاتێكی دیكە لە مێژە لە پرۆسەیەكی بێ‌ پاشەكشەدایە: ئەویش بریتییە لە پرۆسەی یەكسانی لە «هەلومەرجی تیاژیان»ـدا. لەم پەرێزە (سیاق)دا بەرفراوانكردنی مومارەسەی ئازادی سیاسی و ...؟ بۆ سەرجەم تاكەكان دەخاتە ئەستۆی خۆی. ئیتر وەختی ئەوە هاتبوو كە بە شێوەیەكی یەكجاری ئۆرستۆكراسییەت جێ‌ بۆ دیموكراسییەت چۆڵ بكات.
      لەگەڵ ئەوەشدا یەكسانیی لە هەلومەرجدا یەكسانە بە مومارەسەی ئازادی؛ ئینجا ئایا پێدانی مافی دەنگدان بە هەموو هاونیشتمانیان بە بێ‌ هەڵاواردن، دیموكراسی ناگەیەنێتە فەوزا؟ بۆ وەڵامدانەوەی ئەو دوو پرسیارە، گەشتێكی بۆ وڵاتە یەكگرتووەكان، تاكە نموونەی دەركەوتووی گوزەرانی دیموكراسیی لیبراڵی، ئەنجامدا، و دوای ئەمەش كتێبێكی دوو بەرگی «لەبارەی دیموكراسییەوە لە ئەمریكا» نووسی.
     بەرگی یەكەم سەركەوتنێكی گەورەی بەدەست هێنا. وەك ڕشتەیەكی كلاسیكی، شێوازى مامەڵە و میتۆدەکەى لە كارەكانی مۆنتسكیۆی وەرگرتووە: تۆكڤیڵ یەك بەدوای یەك ئامادەسازییەكانی سەركەوتنی سروشتی و یاساكان و دواجاریش خوو و ڕەوشتەكەی پەسندەدات، كە دەتوانێت تاكە سواری و سەرچڵی كۆمەڵگەی ئەمریكی ڕاڤە بكات. بە بێ‌ ئەوەی لە كاریگەری مۆنتسكیۆ دەربازی بووبێت، بەرگی دووەمیش دیموكراسی وەك "تایپ-ئایدیاڵ" تاوتوێ‌ دەكات.
      كتێبی «دەربارەى دیموكراسی لە ئەمریكا» بە دەستنیشانكراوی لەگەڵ تێزێكدا كە تا ئەو ماوەیە جێی ڕەزامەندی بوو، یەكتر دەبڕن، كە دەڵێت دەبێت یەكسانی لە مومارەسەی هاونیشتمانییانەوە دیاری بكرێت، بە بێ‌ بوونی هەر شتێك كە كۆسپ بخاتە بەردەم ئازادی. وەلێ‌ دیموكراسی ئەمریكی بەڵگەی تەواو پێچەوانە دەداتە دەست.  بە دڵنیاییەوە لە دیموكراسی ئەمریكیشدا سەرداران و خزمەتكاران، خاوەن كار و كرێكاران بوونیان هەیە، بەڵام پەیوەندییە دەستاوەكانیان وەهایە كە بە پرەنسیپی یەكسانی دەچەرخێت. لەسەر ئاستی سیاسی، دیموكراسی بە بەشینەوەی هاوسەنگی دەسەڵاتەكانی یاسادانان و جێ‌ بەجێكردن و دادوەری، و بە هاوبەشی چالاكانەی هاونیشتمانیان لە ژیانی سیاسی لۆكاڵی، و دەسەڵاتی ڕای گشتیدا، تەرجەمە دەكرێت.
     دیمەنی ڕۆژانە كە بەم شێوەیە كۆمەڵگەی ئەمریكی دەیخاتە ڕوو، زۆر نابێتە مایەی هۆگربوونی تەواوی تۆكڤیڵ. ئەو كەسە ئۆرستۆكراسە، نا ئومێدی خۆی ناشارێتەوە، كە بە شێوەیەكی تایبەت خاكیبوونی دەستەی سیاسی و "ڕۆشنبیرە ئەمریكییەكان" لای دروستیان دەكرد. لە چەندین لایەنەوە دیموكراسییەت لە بەراورددا بە ئۆرستۆكراسییەت هێزی خۆی پەیدا ناكات. بەڵام ئەم نەنگییانە هاوبەرامبەرێتی سروشتین بۆ ئامادەگییەكی كردەیی هاوبەشی یەكسانی و ئازادی و وەك یەكی ئەو هەلومەرجانەی كە دەیڕەخسێنێت.
باڵادەستی دەسەڵات بەسەر تاكەكەسەوە
     دیموكراسی ئەمریكی تایبەتمەندییەكی دیكەی هەیە ئەویش پارێزگاریكردنە لە خۆی. هۆكاری ئەمە، كە بیرۆكەیەكی كاریگەر بوو لەسەر تۆكڤیڵ، ئەوەیە كە دیموكراسییەت لە ڕێگەی پەرەسەندن و بەرەوپێشچوونەوە كە وای لێدەكات، بەو ئەندازەیەی بكەوێتە ناو ستەمكارییەوە و نەكەوێتە ناو فەوزاوە، لە ناوەوە مومارەسە دەكرێت. بەڵام لە كێبەكێدا وا دەردەكەوێت كە هەرگیز تاكەكان لە هەمان هەلەوە ناڕوانن. بە هەر حاڵ ئەم تاكانە خۆیان یەكسانیان پێ‌ باشترە لە ئازادی، و هەروەها بە دەسەڵاتێكی بەهێز ڕازی دەبن، كە ئەوەندەیان لێی دەوێت زەوتی ئەوە بكات هەندێكیان بەسەر ئەوانی تردا بەرز ببنەوە. لە حاڵەتی كۆمەڵگای ئەمریكیدا، خوو و ڕەوشت و ئایین، و دادگای میللی، و ئینجا ڕۆڵی یاسادانەر، بڕێكن لە چارەسەری خەیاڵكارانە لە پێناو خۆ پاراستن لە مەترسی باڵادەستی ڕوو لە زیادی دەسەڵات بەسەر تاكەكەسەوە. بەڵگەی ئەمە ئەگەر پێویستمان بێت، ئەوەیە كە دیموكراسی هونەرێكی تایبەتی دەوێت كە ئەویش بەهرە و لێهاتوویی دیسپلینكردنی زۆردارییە تایبەتەكانییەتی.
     بەڵام دام و دەزگا ئەمریكییەكان شیاوی گواستنەوە بۆ فەرەنسا نین. كودەتای لویس ناپلیۆن پۆناپارت ساڵی 1851، دووپاتی دژواری تەباكردنی نێوان یەكسانی و ئازادی كردەوە. بۆچی وەها دژوارییەك لە گۆڕێدایە؟ كتێبی ڕژێمی كۆن و شۆڕش هەوڵ دەدات وەڵامی ئەم پرسیارە بداتەوە.
ڕەمزی پرسی لیبرالیزم
     تۆكڤیڵ، لەبری ئەوەی شۆڕشی فەرەنسی بكاتە دابڕانێك لە ڕژێمی كۆن، ئەو دەیكاتە خاڵی پێگەیشتنی ئەو پەرەسەندنانەی كە لەماوەی چەندین سەدەی فەرمانڕەوایی پاشایەتیدا دەركەوتن، و بەدیاریكراویش سەنتەریبوونی دەسەڵات. دەسەڵاتی پاشایەتی بە خنكاندنی شێوە نێوانكارەكانی دەسەڵات و ژیانی سیاسی لۆكاڵیی ماوەمیراتی سەدەكانی ناوەڕاست، كاروباری سیاسی لای فەرەنسییەكان شاردەوە. بەم جۆرە كێشمەكێش بۆ ئازادیی سیاسی ناكرێت تەرجەمە بكرێت تەنیا بە ڕق و توڕەیی شۆڕشگێڕی و داواكردنی سڕینەوەی ڕابردوو table rase نەبێت. سەركەوتنی كتێبی ڕژێمی كۆن، بێ‌ هیچ ناكۆكییەك تۆكڤیڵی كردە ڕەمزی پرسی لیبرالیزم. بەڵام لە كۆتایی سەدەی 19 دا كە كایە تەقلیدییەكان (مێژوو و زانستی سیاسی...) سیفەتی زانستیان بەخۆیانەوە گرت، و ڕەگداكوتینی كۆماری سێیەم، ئەمە بێ‌ ئەوەی باس لەوە بكەین كە نموونەی ئەمریكی لە سەردەمی جەنگی جیاكارییەوە ڕاستگۆیی لەدەست دابوو... هەموو ئەمانە بوونە مایەی ئەوەی بە نیوە تەواوی بخرێتە سووچی لەبیركردنەوە. ئیدی دەبوو چاوەڕوانی هەردوو دەیەی پەنجاكان و شەستەكان بین تاكو سەر لە نوێ‌ لە كەشفكردنەوەی كتێبەكانیدا بەشداری بكەین. بەم جۆرە، ڕیمۆن ئارۆن، لە كتێبەكەیدا «قۆناغەكانی هزری سۆسیۆلۆژی» تۆكڤیڵ، هەروەك ماركس و ئۆگەست كۆنت، هەتا پایەی باوكی دامەزرێنەری سۆسیۆلۆژیا بەرز دەكاتەوە، لەمیانەی دداننان بە فەزلی تۆكڤیڵدا لەوەی كە پرسی پەیوەندی نێوان یەكسانی و ئازادی لە كرۆكی بیركردنەوە لە دیموكراسیدا داناوە، و ئارۆن وەك ململانێی چینەكان هەژماری دەكات.
     لێكچوونی ڕوو لە زیادی كۆمەڵگە لە شەستەكاندا، و كۆمەڵگەی دیموكراسی كە تۆكڤیڵ وا وەسفی كردووە (جەختكردنەوە لەسەر ڕەفتارزانیی چێژ، تاكگەرایی، و هاوشێوەیی هەلومەرج...)ـە، دیسان پاساوی سەر لە نوێ‌ بایەخدانەوەی زانستە كۆمەڵایەتییەكانی بەم لێكۆڵەرە دایەوە. لە ساڵی 1979وە كارە مێژووییە وەسفییەكانی فرانسۆ فۆرێ‌ لەبارەی شۆڕشی فەرەنسییەوە كەوتە هاندان بۆ خوێندنەوەیەكی نوێی دیاردەی شۆڕشگێڕی لەبەر ڕۆشنایی بەرهەمەكانی تۆكڤیڵدا. وەك دەردەكەوت ئەو جەخت لەسەر شكستی هەربوونی (حەتمی) هەر سیستەمێك دەكاتەوە كە تەنیا لەسەر بنەمای یەكسانی بەند بێت، ڕووخانی سیستەمی سۆڤییەتی بەدڵنیاییەوە، بایەخدانی بە كارەكانی تۆكڤیڵ پتەو و زۆرتر كرد.
ڕووداوەكانی ژیانی تۆكڤیڵ
-       1805 (29ی تموز): لە پاریس لە باوكێك سەر بە ئەرستۆكراتە مێژینە نۆرماندییەكان، و نەوەی مالشیرپ، پارێزەری لویسی شازدە لە دایك بووە.
-       1820-1827: لە كۆلێژی پاشایەتی لە میتس؛ و لە پاریس (ماف)ی خوێندووە؛ گەشتێكی بۆ ئیتالیا كردووە.
-       1827-1830: چاوی بە گۆستاف دو بۆمۆن كەوتووە، كە لە گەشتی ویلایەتە یەكگرتووەكاندا دەبێتە یاوەری، لە تموزدا تۆكفیڵ لە بەشی چەپی پاشایەتیدا بوو.
-       نیسانی 1831- ئاداری 1832 گەشت بۆ ویلایەتە یەكگرتووەكان.
-       1832- 1835: بەشی یەكەمی كتێبی (لەباری دیموكراسییەتەوە لە ئەمریكا)ی نووسی، و گەشتی بۆ ئینگلتەرا و ئێرلەندا كرد؛ لەگەڵ ئافرەتێكی ئینگلیزیدا بە ناوی میری موتلی، هاوسەرگیری كرد.
-       1836: حاڵەتی كۆمەڵایەتی و سیاسی لەپێش و لە 1789ی بڵاو كردەوە.
-       1838: بۆ ئەكادیمیای زانستە ئاكاری و سیاسییەكان هەڵبژێردرا.
-       1839: بووە نوێنەری پەرلەمانی، و سێ ڕاپۆرتی لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی كۆیلایەتی لە ئۆردووگاكاندا (1839)، و چاكسازی زیندانەكان (1843)، و دواجار لە بارەی جەزائیرەوە، دوای ئەوەی دووجار سەردانی ئەو وڵاتەی كرد (1847) دەركرد.
-       1840: بەشی دووەمی كتێبی دیموكراسی لە ئەمریكا.
-       1841: لە ئەكادیمیای فەرەنسی هەڵبژێردراوە.
-       1848: ئەندامی لیژنەی دووبارە داڕشتنەوەی دەستووری نوێ‌. 
-       1849: وەزیری كاروباری دەرەوە.4
-       1851: نەیاری كودەتای لویس پۆناپارت، و كشانەوەی لە ژیانی سیاسی.
-       1856: دەرچوونی كتێبی ڕژێمی كۆن و شۆڕش.
-       1859: (16ی نیسان) كۆچی دوایی لە كان Cannes.

سەرچاوە:
علم الإجتماع- من النظریات الكبری الی الشۆون الیومیة- أعلام و تواریخ و تیارات، إعداد و تحریر: فیلیب كابان و جان فرانسوا دورتیه، ترجمة: الدكتور إیاس حسن، دار الفرقد للطباعة و النشر و التوزیع، الطبعة الأولی، 2010.

تێبینى: ئەم وتارە لە 2013، لە "کاکێشان" پاکۆى "کوردستانى نوێ" بڵاوکراوەتەوە.