My Blog List

بابه‌ته‌ نوێیه‌كان

خۆرهەڵات و فەلسەفە

Tuesday 30 July 2019

ئیتیکاى لێخۆشبوون

هاوار محەمەد

ئەوەى من خەونى پێوەدەبینم... لێخۆشبوونێکە بە بێ دەسەڵات و بە بێ مەرج.
ژاک دێریدا

ڕزگاریى لەسەر زەویدا نییە، مادام دەتوانین لە جەلادەکان خۆش بین.
پۆل ئیلوار


ئایا دەشێت لە هۆڵۆکۆست خۆش بین؟ ئەمە پرسیارى جوولەکەکانە لەدواى ئەوەى کەمپەکانى مردن و کوورەکانیان بینى. دەشێت بە جۆرێکى دیکە پرسیارى زۆر میللەت و نەتەوەى تریش بێت کە ڕەنگە لە سیاقى خۆیاندا وەک یەهودییەکان ئازارى سەرکورت و داپڵۆساندنى کۆن و، بە تایبەتیش مۆدێرنیان کێشاوە، وەک ئەرمەنەکان و کوردەکان. پرسیارى ڕادیکاڵ هەمیشە لە ئاستە بەرزەکان، یان لە دوایین سنوورەکاندا دادەڕێژرێت، داعش وەک نوێنەرى ترسناکترین هێز و وەک نوێنەرى خراپەى ڕیشەیى، ئەم جۆرە پرسیارە دەگەیەنێتە دوایین سنوور: ئایا دەشێت لە داعش خۆش ببین؟ ئەمە واتاى ئەوەیە پرسیار، بۆ نموونە دەربارەى تاوانەکانى حکومەتى عێراق، دەکەوێتە نێو ڕووبەرەکانى ئەم پرسیارە مەترسیدارەوە و دەبێتە بەشێک لە جەستەى وەها پرسیارێکى هەرە پەڕگیر کە پەڕگیریى داعش لەگەڵ خۆیدا دەیهێنێت. وەڵامى کورت و خێرا ئەوەیە کە لە ئێستادا، بە گوێڕەى هەموو پێوەر و یاسا ناوچەیى و نێودەوڵەتییەکان و بە گوێرەى هەر لۆژیکێکى مرۆیى، هەر وەڵامدانەوەیەک بە بەڵێ، هیچ پاساوێک هەڵناگرێت. قوربانیى ئەبەدى، ناتوانێت لە جەلادى هەمیشەیى خۆش ببێت. لە دواى جوولەکە ڕەنگە کورد قوربانییە ئەبەدییەکە بێت (هۆکارە ناوخۆیى و لۆکاڵییەکان بۆ ئەم بەقوربانیبوونە ڕۆڵى سەرەکییان هەبووە و هەیە). کەواتە داخۆ پرسیارى "لێخۆشبوون" جۆرێک نییە لە خیانەت و بگرە گەورەترین خیانەتى نیشتمانى و ئینسانى، یان داخۆ جۆرێک نییە لە شێتى؟ وەڵامى یەکەمیان "خیانەت"، لە کۆنەستیى ئێمەدا چەسپیوە و یەکێکە لە وشە هەرە ناشیرینەکانى نێو فەرهەنگى ناسیۆنالیزم و کایەى سیاسیمان، لە هەموو ساتێکیشدا ئێجگار لاستیکییە: هیچ خیانەتێک لە مێژووى کورددا بوونى نییە جگە لەو خیانەتەى کە هێزەکانى هەڵگرى گوتارى "دژە-خیانەت" ئەنجامیان داوە. بەڵام تێزەکە بە جۆرێکى دیکەیش هەر ڕاستە: مێژووى کورد سەراپا خیانەتى هێزە خیانەتکارەکانە لە هێزە دژە-خیانەتەکان. لێکدانەوەى وەها پرسیارێک بە موفرەداتەکانى نێو ئەو فەرهەنگە سیاسییە ئاستنزم و ڕەشە، واتە بە تێرمگەلى وەک "خیانەت"، دەمانخاتەوە نێو لۆژیکى میدیایى 16ى ئۆکتۆبەر. ئەمەیش کارى ژۆرنالیستەکانى ئەو حزبانەیە نەک کارى ئەم وتارە. بەدیلى دووەم ماوەتەوە: لێکدانەوەى پرسیارەکە وەک جۆرێک "شێتی". شێتى لە بەهاى پرسیارەکە کەم ناکاتەوە، بەڵکو وەک دابڕانێکى چاوەڕواننەکراو دەیهێنێتە نێو فەزایەکەوە کە تەنانەت بۆ "ڕەتکردنەوە"ـیش ئاوڕ لەم تێمایە ناداتەوە. ئایا دەشێت لە "سەدام حسێن" خۆشبین؟ پرسیارێکى ترسناکە، بەڵام لەوە ترسناکتر مامەڵەى تیۆرییە لەگەڵ ئەم پرسیارەدا لە مشتومڕێکى فیکریدا دەربارەى لێخۆشبوون لەلایەن قوربانییەکەوە کە تەنیا مەگەر شێتبوون تەفسیرى کردەکەى بکات. ئەمە لێکدانەوەى "ژاک دێریدا"یە بۆ تێزەکانى خۆى دەربارەى لێخۆشبوون (Derrida : 2005).  پێشتر بە دوو جۆرى جیاواز هەریەکە لە "بەختیار عەلى" و "فارووق" ڕەفیق ئەم پرسیارەیان خستۆتەڕوو و بە جۆرێکیش وەڵامیى بنجبڕ و قەتعى هەردووکیان "نەخێر" بووە بە بێ هێشتنەوەى هیچ نەفەسێک بۆ بە کێشەکردنیى فیکرى ئەم مەسەلەیە و، بێگومان ئەمە هەڵوێستى زۆرینەى گەلى کوردە. ئەى بۆچى وتارێک بەم ناونیشانە و بەم تێمایەوە؟ لەبەر چەند هۆکارێک: لەلایەک، کولتوورى کۆمەڵایەتیى و ئایینى ئێمە لەنێو ئەو میراتەدایە کە پێیدەوترێت میراتى "ئایینە ئیبراهیمییەکان"، "لێخۆشبوون" وەک دێریدا دەڵێت یەکێکە لە مەسەلە سەنتراڵەکانى نێو ئەم میراتە کە پێویستە قسەى بەردەوامى لەسەر بکەین. لەلایەکى دیکە، هەموو سەردەم و گەڕ و ماوەیەکى تاوان، پرسیارى "سزا" و "لێخۆشبوون"ـیش وەک ئیمکانێکى بەردەوامى مرۆڤ، لەگەڵ خۆیدا زەق دەکاتەوە، هیچ نەبێ پێویستە بیهێنێتە نێو مشتومڕى فیکرى و فەلسەفییەوە تاوەکو سنوورەکان و ئەگەرەکانیان دەربخات. دواجار، لە مێژووى دواى ڕاپەرینماندا گەلێک "لێخۆشبوون"ـى زۆرمان لە جەلاد و تاوانباران هەیە بە بێ بوونى هیچ زەمینەیەکى واقیعى و تیۆرى، هەر لە بڕیارى لێبووردنى ئەنفالچییەکانە تا دەگات بە بکوژانى حەڤدەى شوبات و لۆمپەنەکانى ئەم دواییانە؛ لە ئاستى هەرێمیشدا دەسەڵاتدارانى باشوور لەسەر بنەماى بەرژەوەندیى خۆیان بە بەردەوامى بەنێوى کوردەوە لێبووردەن بەرامبەر دەوڵەتانى دەوروبەر و دەشێت ئەم ڕەفتارە بە گوێرەى هەمان بەرژەوەندیى چەندینجارى دیکەیش دووپات ببێتەوە. قسەى فیکر لەسەر وەها بابەتێک ڕەگە چەندە ئیمکانى لێخۆشبوون بکاتەوە، هێندەیش چەند جۆرێکى لێخۆشبوون لە ڕەوایەتیی بخات.
وێنا زمانییەکەى هەردوو وشەى "لێخۆشبوون" و "لێبووردن"، لە زەینماندا کەمێک جیاوازن. دووەمیان پتر زەمینى و کاتى و ڕۆژانەییە، ئەگەرچى دەشێت بۆ هەمیشەیش وەک بڕیارێکى ڕێزلێگراو بمێنێتەوە. بەڵام وشەى "لێخۆشبوون" لە زمانى کوریدا، وەک زۆر زمانى تر بارگاوییە بە کۆمەڵێک مانا کە بەشێکیان سەروو-ئاسایى و بان-مرۆیین، ئەمانە لە مانا ئایینییەکانى تواناى لێخۆشبوون نزیک دەبنەوە. "تواناى لێخۆشبوون" ئاماژەیە بۆ بکەرێک کە لێخۆشدەبێت یەکێکە لە سیفەتە بنەڕەتییەکانى، لە دوا پێناسەدا واتە "خودا". پرسیارى سەنتراڵى ئایین لەم باسەدا پرسیارى "کێ خۆشدەبێت؟"ـە؛ لە "کێ" و لە "چى؟" ئەوا ئەمە لەپلەى دوودایە، چون هەمووان تاوانبارن و تەنیا بە بەخشندەیى خودا نەبێ، کەس بە هەقى خۆى مافى بەدەستهێنانى لێخۆشبوونى نییە. بەڵام ئەم دوو پرسیارە بە تەواوى لە دەرەوەى ئایین نین، چونکە لێخۆشبوونى خودا ڕەها نییە، هیچ نەبێ لەو سنوورەدا کە هیچ ئاماژەیەک لە دەقە ئاینییەکاندا بۆ "خۆشبوون لە ئیبلیس" لە گۆڕێدا نییە. شەیتان دوایین سنوورى تواناى بەخشینى خودایە بەمەیش تواناى "ڕەها"ى لێخۆشبوونى خودا بەتاڵ دەبێتەوە. کەواتە دوو پرسیارەکە دیسانیش دێنەوە، بەڵام ئەمجارە لەنێو ئەو واقیعە مرۆییانەدا کە خۆیان دەرە-واقیعى دەردەکەون، چونکە تاوانێکى سەروو ئاسایى ڕوویداوە، تاوانێک تەنیا "دژ بە مرۆڤایەتى" نا، پتر تاوانێک "لە دەرەوە"ى هەموو واقیع و پێوەر و خووە مرۆییەکان (بۆ نموونە هۆڵۆکۆست). لاى هانا ئارێنت پرسیارى "چى" دەبێتە پاشکۆى پرسیارى کێ: ئەوە کێ بوو تاوانەکەى کرد؟ کۆمەڵێک قاوغى پووچ و بەتاڵکراو لە هەر ئیمکانێکى مرۆیى، هەندێ کارمەندى دەبەنگێنراو و کەللەپووتى نێو ماکینەى جەماوەریى تۆتالیتارى کە تەنیا ئەوەندەیان لەباردا ماوە بڕیارەکانى حزب و فوهرەر وەک ئەرکى ئیدارى جێبەجێ بکەن و خۆیشیان بە بەرپرسى تاوانەکان نەزانن، لەم ڕووەوە تاوانباران "پووچێتیى خراپە" دەنوێننەوە نەک "خراپەى ڕادیکاڵ". لاى ڤلادیمێر جانکلیڤیتچ پرسیارى "کێ" دەچێتە دواوە و دەئاڵێت بە پرسیارى "چى"ـدا. ئەو تاوانەى ڕوویداوە لە سەروو هەموو پێوەر و بەها و ڕێسا سیاسى و ئەخلاقى و مرۆییەکانەوەیە، تاوانێکى نامرۆڤانەیە دژ بە مرۆڤایەتى، وەک ئەو دەڵێت تاوانێکى میتافیزیکییانەیە و تاوانبارەکانیش تەنیا کۆمەڵیک دەمارگرژ و عەقیدەپەرستى کوێروکەڕ نەبوون، بەڵکو بە ماناى وشە وەحش بوون، هەر لەبەرئەمە لێخۆشبوون هیچ پاساوێک هەڵناگرێت و بگرە بابەتى مشتومڕ نییە (Jankélévitch : 1996).
 ژاک دێریدا دەچێتە دەرەوەى ئەم دوو هەڵوێستە، بەڵام پرسیارى "کێ" و "چى" لە تێزەکانى دەربارەى "لێخۆشبوون" دوور ناخاتەوە. بەرهەمەکانى دێریدا سەبارەت بەم باسە، گەڕانەوەى ڕەخنەیى بەردەوامى تیایە بۆ "ئارێنت"، بەڵام بە پلەى یەکەم مشتومڕکردن و هەڵوەشاندنەوەى تێزەکانى "جانکلیڤیتچ"ـە. جانکلیڤیتچ پێیوایە "تواناى لێخۆشبوون لەگەڵ قوربانیاندا لە کەمپەکاندا مرد" و هیچ لێخۆشبوونێک ناکرێت هەبێت وەختێ تاوان دژ بە جەوهەرى مرۆڤ، واتە دژ بە خودى تواناى لێخۆشبوون بووبێت. مادام تاوانەکە ئەوەندە گەورەیە کە لە سەرووى تواناى مرۆییەوەیە، ئەوا لێخۆشبوونیش لەسەرووى تواناى مرۆییەوەیە. قورسایى بیرکردنەوەى دێریدا ڕێک دەکەوێتە ئەم پنتەوە، خاڵێک کە تواناى لێخۆشبوون 'مەحاڵ' دەردەکەوێت. ئەو تاوانەى قەرەبووهەڵنەگر و لە بووران-بەدەر و بێ-پاکبوونەوەیە، بە یەک وشەى ئەو تاوانەى کە مەحاڵە، بە هەمان ئەندازەى خۆى "لێخۆشبوونى مەحاڵ"ـیش دەخوازێت و ئیمکانى ئەم کردەیە واڵا دەکات، ئیمکانێک کە دەڵێى لە سەرووى ئاکار و حەوسەڵەى تواناى مرۆڤ و بگرە خودایشەوەیە، چونکە مامەڵەکردنە لەگەڵ "خراپەى ڕادیکاڵ" Radical Evilـدا. وەها مەحاڵێک کە دێریدا بەدواى ئیمکانەکەیدا دەگەڕێت، ناکرێت لەنێو زمانى باوى سیاسەت و ئاشتەوایى نەتەوەیى و ئاڵوگۆڕ و یاساى دەوڵەتى و نێودەوڵەتیدا نۆرماڵ بکرێتەوە. «لێخۆشبوون نۆرماڵ و ئاسایى و قابیلى نۆرماڵکردنەوە نییە و نابێت وەها بێت. دەبێت هەر وەک ئاوارتە و سەروو ئاسایى و بە شێوەى مەحاڵ بمێنێتەوە» (Derrida : 2005). لێرەوە دێریدا دوو جۆرى لێخۆشبوون، بەشێوەى پارادۆکس لێکجودا دەکاتەوە: لێخۆشبوونى مەرجدار و لێخۆشبوونى مەحاڵ. جۆرى یەکەمیان لێخۆشبوونێکە کە هەر لە سەرەتاوە قابیلى لێخۆشبوونە، شیاوێتى داواکردن و وەڵامدانەوە، پێدان و وەرگرتنى هەیە،  لەنێو زمانى دامەزراوەکان، سیاسەت، یاسا، پەیماننامە و هتدا ڕوودەدات. بە بڕواى دێریدا ئەم لێخۆشبوونە کردەیەکى بەتاڵە، لێخۆشبوونە بە بێ لێخۆشبوون؛ گەر ئێمە تەنیا لەو شتانە خۆش ببین کە خۆیان قابیلى لێ خۆشبوونن، کەواتە لە هیچ شتێک خۆشنابین (دریدا : 2018). "لە هیچ شتێک خۆشنابین"ـیش خۆیشى پارادۆکسە: لەلایەک بە ماناى ئەوەیە هیچ شتێکى جەوهەرى نییە بۆ لێخۆشبوون، هیچ تاوانێکى نائاسایى ڕووینەداوە کە پێویستى بە لێخۆشبوون بێت و بە بێ لێخۆشبوونەکەیش هەموو شتێک لە جێى خۆیەتى. لەلایەکیتر گەر تاوانێک خۆى سەروو ئاسایى بێت و ئێمە بەشیوەیەکى نۆرماڵ، بە گوێرەى بەرژەوەندى، ئاشتەوایى، ڕێکەوتن، واتە لەسەر بنەماى قەرەبوو (مادى و مەعنەوى)، قەرەبووى شتێک کە خۆى قەرەبوو-هەڵنەگرە، تاوانبار ببەخشین، کەواتە لە هیچ شتێکى جەوهەرى خۆش نەبووین و تەنیا تا ئەو شوێنە لەو بەشانەى تاوانەکە خۆش بووین کە خۆیان وەک لادان و هەڵەیەکى بچووکى نێو مێژوو دەردەکەون. ئەم لێخۆشبوونەیش لەپێناو ئەوەدایە هەموو شتێک بگەڕێتەوە جێى خۆى و بارى ئاسایى پێش ڕووداوەکە.
لێخۆشبوون لە جۆرى دووەمیان، لێخۆشبوونى مەحاڵ، تاکە لێخۆشبوونى ڕاستەقینەیە، چونکە لێخۆشبوونە لە کردەوەیەک کە شایەنى لێخۆشبوون نییە، تەنانەت ئەگەر تاوانبار داواى بەخشینش نەکات. تاوانێکى سەروو مرۆیى، گەر لێى خۆش نەبین، ئەوا دەبێت بە سزایەکى سەروو مرۆیى، کە لە ئاستى خودى تاوانەکەدا بێت، قەرەبوو بکرێتەوە. بەڵام تاوانێکى قەرەبووهەڵنەگر مەحاڵە بە سزایەک قەرەبوو بکرێتەوە، ڕێک لەبەرئەوەى خۆى قەرەبوو هەڵنەگرە، بۆیە تەنانەت هەر سزایەکى دیکەى تاوانباریش بدرێت ئەوا هێشتا دەشێت کەفارەتى تاوانەکەى نەکات و هەر وەک تاوانبار بمێنێتەوە (دریدا: 2018). ئەگەر بەمە ڕازیى نەبین و سووربین لەسەر سزادانى تاوانبار بە هەمان ئەندازەى تاوانەکەى (کە ئەمە مەحاڵێکى هەرە دوورە دەستە) ئەوا لەوێدا سزا خۆى دەبێتەوە بە تاوان، بەو مانایەى سزا گەر بگۆڕێت بۆ سزایەکى سەروو ئاسایى ئەوا دووبارە تاوانەکە بەرهەمدێنێتەوە. کەواتە بە ناچارى دەبێت پەرە بە ئیتیکاى لێخۆشبوون بدرێت، کە زێدە-ئیتیکایە یان ئیتیکایەکە لەودیوى ئیتیکاوە (دریدا: 20.18)؛ ڕەنگە ئەمە دیوێکى دیکەى ئیتیکاى "دیاری"ـى بێت کە دێریدا لە هەندێ دەقى دیکەیدا تیۆریزەى کردووە. بە گوێرەى ئەم ئیتیکایە، لێخۆشبوون وەک دیارییەک "قوربانى" پێشکەشى "جەلاد"ى دەکات، یان قوربانى پێشکەش بە "خودا"ى دەکات. دیارى بە هیچ بەرامبەرێکى ماتریاڵى پێوانە ناکرێت و لە دەرەوەى لۆژیکى ئاڵوگۆڕە، بە بێ هیچ چاوەڕوانییەک و بگرە بە ڕەهایى دەبەخشرێت. پەیوەندییەکى ناوەکیى لەنێوان وشەى "لێخۆشبوون" و "بەخشین" ]دیارى، پێدان[ـدا هەیە. لە زمانى کوردیدا لێخۆشبوون هەمان ماناى بەخشینى کەسێکە. "ببەخشە" داواى کەسێکە کە مەبەستى لێخۆشبوون یان لێبووردن بێت. "من دەتبەخشم/ بەخشراویت" وەک ئەوەیە "لێتخۆشدەبم، دەتبوورم و..هیتر". هەمان کات "ببەخشە" کردارى داخوازییە کە چاووگەکەى "بەخشین"ـە، بە واتاى پێدانى خەڵات و دەستئاوەڵایى و دیارییە. هەمان نزیکى لە زمانى ئینگلیزییشدا هەیە.  Forgiveness (لە ئینگلیزیدا هاوماناى دیکەى زۆرە، بە تایبەتى Pardon کە جانکلیڤیتچ و دێریدایش بەکارى دەهێنن) ناوى لێکدراوى For-give-nessــە، کە فرمانەکەى For-giveـە و بە ماناى کردەى لێخۆشبوونە لەو نەهامەتییانەى پێمدراوە و بەسەرم هێنراوە،  کرۆکى وشەکە givenـە کە بە واتاى "پێدان" دێت. هاوکات Gift لە هەمان وشەوە وەرگیراوە و بە واتاى "دیارى"ـیە. دێریدا لەو سیمینارەیدا کە بە ناوى "دیاریى مەرگ" (The Gift of Death)ـە و دواتریش لە چوارچێوەى بەرهەمەکانیدا بڵاوبۆتەوە، بەخشین بە دیارییەوە گرێ دەداتەوە. دێریدا بە گەڕانەوەى بۆ حیکایەتە بەناوبانگەکەى مێژووى "قوربانى"، کە چیرۆکە تەوراتییەکەى قوربانیدانى ئیبراهیم پێغەمبەرە بە ئیسحاقى کوڕى (لە تیۆلۆژیاى ئیسلامیدا بە ئیسماعیل)، لە ڕێگەى کتێبى "ترس و لەرز"ى سۆرین کیرکەگۆرەوە، ئیتیکاى پەڕگیرى قوربانیدان وەک دیاری شرۆڤە دەکات. کرۆکى چیرۆکەکە قوربانیدانە بە شتێک کە قابیلى قوربانیکردن نییە، دەبێت ئیبراهیم کوڕە هەرە خۆشەویستەکەى، کە لە هیچ دۆخێکدا ئامادە نییە دەستبەردارى ببێت، بکات بە دیاریى بۆ خودا، ئەویش بە گوێرەى داوایەک کە سەرچاوەى عەدالەت و پێوەرە لەتێگەیشتنهاتووەکانى لە هیچ کوێیەکەوە دیار نییە و هەموو نەزمێکى عەقڵى و مرۆیى و هەموو نێوانگیرییەکى کۆمەڵایەتى و ئەخلاقى و بگرە دیینیش هەڵدەپەسێرێت (Derrida : 2007). ئەوەى هەرە خۆشەویستە و هەرگیز وەک ئوبێکتى بەخشین بیرى لێ ناکرێتەوە، دەبێت بکرێت بە دیاریى مەرگ و تەواوى بەرپرسیارێتییەکەیش لەلایەن ئیبراهیمەوە هەڵبگیرێت. جا لەبەرئەوەى هیچ کەسیش ناتوانێت لەمە تێبگات و قابیلى ڕوونکردنەوە بە میدیۆمەکان ( لەوانەیش زمان) نییە، بۆیە دەبێ وەک نهێنییەکى تاقانە بمێنێتەوە (Derrida : 2007). خۆشەویستى دەسپێردرێت بە مەرگ. لە چاوپێکەوتنێکى ڤیدیۆییدا لە دێریدا دەپرسن "چییت هەیە دەربارەى خۆشەویستى؟"، دێریدا دەپرسێتەوە: "خۆشەویستى یان مەرگ؟". لە زمانى فەرەنسیدا ئاوازى وشەى خۆشەویستى/عەشق (L'amour) نزیکە لە وشەى مەرگ/مردن (La mort)ـەوە، پێموایە پرسیارەکەى دێریدا پەیوەندیى بەمەوە نییە، ئەگەرچى ڕەنگە ئەم لێکچوونە بۆ خۆیشى تەواو ڕێکەوت و بی دەلالەت نەبێت؛ ئەو وەک فەیلەسوفێک دەزانێت مەبەستى پرسیارکەرەکە چییە، بەڵام وەڵامە پرسیارییەکەى خۆى دێلیمایەکە کە دێریدا گەلێک کارى لەسەر کردووە. دەبێت ئاماژە بەوەیش بدەین کە دێریدا خۆى دەڵێت ناکرێت بە لۆژیکى دانپێدانان، ناچارکردن، داواکردن و تەنانەت قوربانیدان مامەڵە لەگەڵ لێخۆشبووندا بکەین، بەڵام بەلاى ئێمەوە بابەتى لێخۆشبوون و دیارى و میواندۆستى، سێ مەسەلەى سەرەکى کە دێریدا هەرە قووڵ و بلیمەتانە تاوتوێى کردوون، پێکەوە پەیوەندیدارن و سەر بە هەمان ئیتیکان کە زێدە-ئیتیکایە. 
ئەوەى لەم ئیتیکا دەرە-ئیتیکایەدا دیسانیش دێریدا زەقى دەکاتەوە مەسەلەى بەرپرسیارێتییە. لێخۆشبوون "حوکم"ى دادگا نییە، بەڵکو "بڕیار"ە، بڕیاریش تەنیا لەوێدا ماناى هەیە کە بەرپرسیارێتیییەکەى وەئەستۆ بنرێت. ئاوەزى بڕیاردان لاى دێریدا دوورکەوتنەوەیە لە پرۆگرامە سیاسییەکان و بڕیارە حازربەدەستەکان کە داهاتوو دادەخەن و لە ئیمکانە نادیارەکانى بەتاڵى دەکەنەوە. بڕیاردان بڕیارە دەربارەى نادیار و تاریکایى و هەڵگرتنى بەرپرسیارێتیى ئەم تاریکاییەیە. بۆیە بڕیارى لێخۆشبوون هەر بە سادەیى لەبیرکردنى تاوانەکان نییە وەک ئەوەى هیچ ڕووینەدابێ، بەڵکو هەڵگرتنى بەرپرسیارێتییە بەرامبەر ئەو ڕووداوانە. هەڵگرتنى بەرپرسیارێتى تەنیا بەوە نابێت کە گەرەنتیى ئەوە وەربگرین لایەنى بەرامبەر بگۆڕێت و چیتر جەلاد نەبێ، بەڵکو ڕیسکى گۆڕینى ئەو پێوەر و پەیوەندییە باوانەیە کە دەوڵەتانى جیهانیان بە ئاراستەى تاوانە گەورەکانى سەدەى بیستەمدا برد و وێڕاى هەموو دەستەبەرى و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان و ڕێکخراوە جیهانییەکان هێشتا هەڕەشەى گەورەتر لەبەردەم سەدەى بیستەیەکیشدایە. لەم پێناوەدا دێریدا چاڵێکى گەورە دەخاتە نێوان هەردوو وشەى Forgive و Forgetـەوە (Derrida : 2005)، بۆیە بە ڕوونى دەڵێت: ''کردەى بەخشین بە واتاى لەبیرکردن نییە'' (دریدا: 2018). بەڵام ئەوە کێیە بڕیارى لێ خۆشبوون دەدات؟ گەر لێخۆشبوون مەرجدار بێت و لە سنوورى زمان و پێوەرە باوەکانى سیاسەت دەرنەچێت، لەنێو لۆژیکى ئاڵوگۆڕ و گەرەنتى و قەرەبووکردنەوەدا بێت، ئەوا بێگومان دامەزراوەکان، سەرۆکەکان یان دەوڵەت ئەم بڕیارە دەدات. کەواتە ئەمە مەسەلەى "نوێنەرایەتى" دێنێتە گۆڕێ. یەکێک لە تەنگژەکانى مەسەلەى لێخۆشبوون ئەوەیە کە بۆ ئەوەى بڕیارى لێخۆشبوون/لێخۆشنەبوون بدرێت، پێویستە خودى قوربانییە ڕاستەوخۆکان بە زمان و وجودى خۆیانەوە بڕیار لەسەر جەلاد بدەن. بەڵام ئەمە مەحاڵە چونکە ئەوان چیتر لێرە نین و لەوەها بارێکیشدا زیندووەکان ناتوانن جێگاى مردووەکان بگرنەوە. شتێکى تر ماوە: قوربانیانى پلە دوو، کەم ئەندامەکان، ڕزگاربووان، کەسوکارى هەرە نزیکى قوربانییەکان دەبێ بڕیار بدەن. ئەمانە لەنێوان قوربانیان و نوێنەرەکاندان، بەڵام بە جۆرێک هێشتا سەر بە نەزمى نوێنەرن نەک قوربانى. ئەمانیش لەبەر زۆر هۆکار ڕاستەوخۆ ناتوانن بڕیارەکە یەکلایى بکەنەوە، پتر پەنا بۆ نێوانگرەکان، بۆ نوێنەر و وتەبێژەکان دەبەن: بە کورتى "دەوڵەت" (یان شێوە دەوڵەت و نێودەوڵەتییەکان). مافى لێخۆشبوون لەلایەن دەوڵەتەوە هاوکات بە پاڵ مافێکى دیکەوە کە دەوڵەت لەدەستیایەتى: مافى مەرگ. بە لاى دێریداوە ئەوەى دەسەڵاتى مەرگ و ژیانى بەدەستە، دەوڵەتى حاکمییەتى خاوەن سەروەرییە sovereign، ئەمەیش تیۆلۆژیاى سیاسییە یان تیۆلۆژیاى سیکیولاریزەکراو کە دەتوانێت دۆخى ئاوارتە ڕابگەیەنێت و بچێتە دەرەوەى نەزمى یاسایى بەڵام لەسەر بنەماى خودى یاسا. لە ڕوانگەى ئارێنتەوە، کە دێریدایش جەختى لەسەر دەکاتەوە، ئەو لێخۆشبوونەى لەدەستى دەوڵەتدایە مافى لێبووردن یان عەفووکردنى نێو نەزمى یاسایى-سیاسییە کە "ئاوارتەى نەزمەکەیە لەنێو خودى نەزمەکەدا". "عافوات مافى پادشایى یان سەرۆکایەتییە کە لە مافى خوداییەوە بۆ پادشا/سەرۆک داڕنراوە و وەک ئاوارتەیەک کارى پێدەکرێ وەختێک هەڕەشەى ڕاستەوخۆ لەلایەن جەستەیەکى دیکەوە بۆسەر جەستەى حاکم هەبێت. ئەم جۆرە لیخۆشبوونە، وەک دێریدا بە گەڕانەوەى بۆ کانت ڕوونى کردۆتەوە، مافێکى لووس و فریوودەرە و دەشێت خودى بڕیارى عەفووکردنەکە ستەم بێت. ئێمە زۆر باش ئاشناى ئەم عافواتانەی سەرۆکین، هەر لە سەدام حسێنەوە تاوەکو عەفووکردنى جاشە ئەنفالچییەکان و تاوەکو عافواتى چەند ساڵێک لەمەوبەرى سەرۆکى پێشووى هەرێم. لێخۆشبوونى مەحاڵ، ئەم ئاوارتەیە نییە، بەڵکو خۆى ئاوارتەى ئەم ئاوارتەیەیە و ئەم نەزمەى یاسا و هەڵپەساردنى یاسا هەڵدەپەسێرێت، چونکە گەر بشێت کۆبوونەوەى مافى لێخۆشبوون لە دەستى کەسێکدا ببێت بە زوڵم (بۆ نموونە بەشێک لە ڕەعیەتە پیاوکوژ و تاوانبارەکانى خۆى عەفوو بکات و هەندێ کەسیتریش بەهۆى ئەمانەوە) ئەوا هیچ چارێکى دیکە نییە جگە لەوەى کە مافى لێخۆشبوون بە دەست خودى قوربانییەکان بێت ''ڕووبەڕوو'' بەرامبەر خودى تاوانبار (Derrida : 2005؛ هەروەها: دریدا: 2018). ئەمە شێوازى دادگایى سامیرى بابلییە لە "شەوى حیساب"ـى ڕۆمانى "شارى مۆسیقارە سپییەکان"ى بەختیار عەلیدا. گرنگى ئەم بەشەى ڕۆمانەکەى بەختیار بەلاى منەوە لە ئاستى گرنگى پەخشانى "پشکنەرى مەزن"ى ئیوان فیۆدۆرۆڤیچدایە لە "برایانى کارامازۆڤ"ـى دیستۆیڤسکیدا. لەوێدا بەختیار دادگاى دەوڵەت هەڵدەپەسێرێت ئیمکانى ئەڵتەرناتیڤێک ئاوەڵا دەکات؛ ئەو بیر لە دادگاییەکى جەلاد دەکاتەوە لە دەرەوەى دامەزراوە فەرمییەکان و دەستوورى یاسایى بێت، دادگایەک کە تێیدا قوربانیان ڕووبەڕوو لێپرسینەوە لە تاوانباران بکەن بە بێ بوونى هیچ نوێنەر و پارێزەر و دادوەرێکى پرۆفیشناڵى دەوڵەتى، دادگایەکى میللى کە تێیدا ویژدانى قوربانیان خۆیان دادوەرن، یاسا و ڕێساکان خۆیان بەشێوەیەکى مونسیفانە دایدەنێن بێ ئەوەى هیچ غەدرێک لە تاوانبار بکرێت. وەختێ ئەمە ڕوودەدات دەتوانن لە دەرەوەى بەرژەوەندى و کۆنەقین و ویستى تۆڵەکردنەوە مامەڵە لەگەڵ کەیسەکەیاندا بکەن. دواجار، وێڕاى ئەوەى چەند جارێک بروسکەى لێخۆشبوون دێتە نێو دیمەنى دادگاییەکە، بەڵام سامیر نابەخشرێت. دادگایەکى لەمجۆرە شایەنى بیرلێکردنەوەیە لەلایەن هێزە نا-دەوڵەتییەکانەوە، هەر بە سادەیى لەبەرئەوەى هیچ دادگەیەکى فەرمى و دەوڵەتى بۆ ئەوە دروست نەبوون هەقى قوربانى وەربگرنەوە.
بەهەرحاڵ، ئەو تەنگژەیەى سەرەوە، لەوێدا لە ڕووى تیۆرییەوە چارەسەر دەبێت کە ئەو دوو جۆرەى لێخۆشبوون وا تا ئێستا باسمان کردوون، وەک دوو جۆرى بە ڕەهایى دژبەیەکتر نەبینین. ئەم دوو جۆرە لێخۆشبوونە بە تەواوەتى لێکتر جیاوازن و ناکرێت لە یەکتردا کورت بکرێنەوە، بەڵام پێکیشەوە بەستراون و دێریدا بە ڕوونى ئاماژە بەوە دەدات کە هەردووکیان لێکدژن بەڵام هەر بەسادەیى و بەشێوەى دیالەکتیکى نا، بەڵکو بەجۆرێکى تەواو تایبەت. سایمۆن کریچلى پتر لێکدژییەکەى ئەم دوو لێخۆشبوونە زەق دەکاتەوە، لە کاتێکدا خاڵە گرنگەکە ئەو جومگەیە کە تێیدا پێکەوە بەستراون. بە ناچارى دەبێت لێخۆشبوونى مەحاڵ لەنێو لیخۆشبوونى مومکیندا ڕووبدات، بەو مانایەى کە ئیمکان لە مەحاڵییەکەیدا ببینرێتەوە لەوێدا کە لێخۆشبوونى مومکین خۆى مەحاڵە لێخۆشبوون بێت. لێخۆشبوونى مومکین بۆ ئەوەى ماناى هەبێت و لێخۆشبوون نەبێت بە بێ لێخۆشبوون، دەبێت ماناى خۆى لە لێخۆشبوونى مەحاڵەوە وەربگرێت کە ئەمیش خۆى هیچ واتایەکى نییە، بەڵکو وەختێ لەنێو لێخۆشبوونى مومکیندا و بۆ نموونە لە ڕێى میدیۆمێکى وەک زمان، کاریگەرى، کەرەستەى مێژووییەوە ڕووبدات، ئەوا مانایش وەردەگرێت. ناتوانین بە ئاسانى مانایەک لە لێخۆشبوونى پەتیدا ببینەوە وەختێ توانایەکى وەها تەواو نامرۆییە، بەڵام ئەم لێخۆشبوونە بێ مانایە خۆى بنچینەى هەموو لێخۆشبوونێکى مومکینى مانادارە لە جۆرى داواکردنى لێبووران، قەرەبوو، پەیماننامە، بەڵێننامە. هەموو ئەم ڕێوشوێنە واقیعییانەى لێخۆشبوون، بە گوێرەى ڕێسا و عورف و یاسا و پەیماننامەکان، دەبێت لە پێناو یەک ئامانجدا بێت کە "لێخۆشبوونى پەتى"ـە، واتە لەپێناو لێخۆشبوونێکى مەحاڵدا کە دەشێت وەک دابڕان و سوپرایزێک داغڵ بە مێژووى بەردەوامى مرۆڤ و سیستەمى سیاسیى گەردوونى ببێت. ئەگەر ئەمە خوازراو بێت، ئەگەر بمانەوێت لێخۆشبوونى پەتى ماناى کۆنکریت وەربگرێت، ئەوا دەبێت بێتە نێو زنجیرەیەک کاریگەرى و کەرەستە و دەزگاى مەرجدارەوە کە هاوخەمى، ئاشتەوایى، ڕێکەوتن، بەڵێن، ئارامکردنەوەى سایکلۆژیى و ساڕێژکردنى سیاسى هەندێکن لە میکانیزمەکانیان. وێڕاى ئەمەیش، ئەم دوو لێخۆشبوونە هەر بە ڕەهایى ناچوونیەک و هێترۆژین دەمێننەوە، بەڵام لە هێڵى نێوانیاندایە کە بڕیار و بەرپرسیارێتى دێنە پێش (Derrida : 2005). دێریدا خۆى وەک فەیلەسوفێکى یەهودى خوازیارى ئەوەیە لە دەرەوەى گوتارى باوى دژە ئەڵمان (کە هەندێک کینە و ویستى تۆڵەکردنەوەى یەهودییانەیشى لەگەڵدایە) بیر لە کوشتارى جوولەکە و ئیمکانەکانى دواى تاوانەکان بکاتەوە، واتە لە دۆخێکدا کە هەموو جیهان لەسەر جوولەکە هاتوونەتە دەنگ و دەوڵەتیان بۆ سازکردوون و لەلایەن زلهێزەکانیشەوە پارێزگارییان لێدەکرێت. دێریدا ئەو هەموو بەڵیننامەى جیهانییە، دادگایى تاوانباران، بە دیکۆمێنتکردن، یادکردنەوە، ناچارکردن بە قەرەبووکردنەوە، دەرکردنى یاساى دژە دژایەتیى سامیى بینیووە و ڕەنگە بۆ ئەوەى کەمێک لەم هەستیارییە جیهانییە زێدەڕەوانەیە کەم بکاتەوە، بە جۆرێکیتر بیرى لە لێخۆشبوون کردۆتەوە کە ئێجگار قووڵ و بلیمەتانەیە، بەڵام داخۆ ڕەوایە کوردێکیش بەم جۆرە بیر بکاتەوە؟
بەلاى منەوە لە هەموو ڕوویەکەوە دۆخى ئەمڕۆى کورد دوور نییە لە دۆخى جوولەکە لە سەدەى بیستەمدا، لە هەر چوار پارچەیش هێشتا نەهامەتییەکانى بەردەوامە و دەوڵەتانى ناوچەکە نە دانیان بە هیچ تاوانێکدا ناوە وەک جینۆسایدى کورد و نە هەستى پەشیمانییان هەیە؛ تازەترین نەهامەتییەکان، شرناخ، کۆبانێ، عەفرین، کەرکوک (16ى ئۆکتۆبەر) و هیترن. حاڵى حازر جەندرمەى تورک لە چەقى خاکى کوردستاندایە و لە هێرشدان بۆ سەر قەندیل؛ تۆپبارانى خاڵە سنوورییەکانیش هەر بەردەوامە، پێگەى کورد لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا لە پێگەى جوولەکە دەچێت لە ئەوروپاى سەدەى بیستدا کە تەنیا یەک تەفسیر هەڵدەگرێت: "بوون وەک تاوان". کورد لەم ناوچەیەدا هەر بە بوون تاوانبارە، تاوانەکەى تەنیا بوونیەتى وەک کورد یان کووردبوونیەتى. ئەمە شرۆڤەى جانکلیڤیتچە بۆ بوونى جوولەکە لە سەدەى بیستەمدا تاوەکو گەیشت بە تاوانە تۆقێنەرەکان لە کەمپ و کوورەکاندا. کینەدۆزیى بەرامبەر بە یەهودییەکان و تاوانە باوەکان دژ بە جوولەکە لە مێژوودا وەک جووبێزیى هەر هەبوون، بەڵام ئەمەیان، ئەم تاوانەى وا ئاگایى و ویژدانى ئەڵمانى بەرپرسیارێتییە گەورەکەى لە ئەستۆیە، تاوانە دژ بە خودى "مرۆڤایەتى"ـى مرۆڤ، دژ بە جەوهەرى هەر جوولەکەیەک وەک جوولەکە، نەک دژ بە ئەم جوولەکە و ئەویان بەهۆى باوەڕ و ئیمانیانەوە، یان بەهۆى ئەوەى گوایە ماسۆنییە، کۆمۆنیستە، دوژمنى ئایدیۆلۆژییە یان مۆنۆپۆلیستى بازاڕە و هیتر (Jankélévitch : 1996). جانکلیڤیتچ باسى نموونەیەک دەکات دەربارەى دەوڵەتى ئیسرائیل کە خستمییەوە بیرى وتارى دەرودراوسێکانى کورد لە وەختى ڕیفراندۆمە شوومەکەدا: ''ئێمە دەبێت ڕێز لە مافى ژیانى دراوسێکانمان بگرین، دراوسێکانیشمان لەسەریانە تەنیا بە هەمان ڕێزەوە مامەڵەمان لەگەڵ بکەنەوە. بەڵام لەگەڵ جوولەکەدا پێویست ناکات زەحمەتى خۆت بدەی''. هەموو شتێک بەرامبەر جوولەکە ڕێپێدراوە چونکە لە زەینى ڕاسیزمى دژە سامیدا شتێک بە ناوى دەوڵەتى جوولەکە (ئیسرائیل) بوونى نییە، ئەوەیشى بوونى نەبێت ناتوانیت لەگەڵیدا بچیتە نێو گفتوگۆ و ئاشتەوایییەوە. لە بەرامبەردا جوولەکەیش بۆ ئەوەى بیسەلمێنێت هەیە و پارێزگاریى لەم هەبوونە بکات، دەبێت بە بەردەوامى پاساو بۆ بوونەکەى بهێنێتەوە، بەردەوام پاکانەى وجودى خۆى بکات، چونکە هەر هەبوونەکەى بۆ خۆى تاوانە. ئەمە بنەوانى تێپەڕینە لە تەفسیرکردنى تاوانە دژە-سامییەکان بە کۆلۆنیالیزم کە زۆرجار بۆ لێکدانەوەى کۆمەڵکوژیى ئێمەیش پەناى بۆ دەبرێت. جانکلیڤیتچ هەوڵدەدات ڕووبەرێکى سەربەخۆ بۆ چەوساندنەوەى جوولەکە دیاریى بکات کە سەر بە مێژووى چەوساندنەوەى پرۆلیتاریا نەبێت، ماناکەیشى ئەوەیە قڕکردنى جوولەکە پەیوەندییەکى ئەوتۆى بە تەماحى کۆلۆنیالیستى، گەڕانى وەحشیانەى دەوڵەتانى سەرمایەدار بەدواى سەرچاوەى دیکەى ساماندا، داگیرکردنى جیهانى سێیەمەوە نییە، چونکە «وەختێ کۆلۆنیالیست دانیشتوانە ئەسڵیەکەى وڵاتێک دەچەوسینێتەوە، پێش هەموو شتێک ئەو بسنزمانێکە بەدواى دەستى کارى هەرزاندا دەگەڕێت و چاو لە زێدە-بەها دەبڕێت، بۆیە ئەو مێگەلە مرۆییە وەک ئامرازى کار بەکاردەهێنێت. بەڵام جوولەکە هەر بە سادەیى 'ئامرازى کار' بۆ ئەڵمانییەکان نەبوو، بەڵکو خۆی ماتریاڵە بنەڕەتییەکەیان بوو»، بەم پێیە ناکرێت وەک بەشێک لە چەوساندنەوەى پرۆلیتاریا لەلایەن دەوڵەتانى سەرمایەداری کۆلۆنیالیستەوە لێکبدرێتەوە (Jankélévitch : 1996). ئەم شرۆڤەیە دواجار ملدەنێت بەرەو خاڵێکى مەترسیدار کە تێیدا هەموو زەین/ویژدانى ئەڵمانى دەبنە بەرپرسیارى تاوانەکانى نازیزم، پاساوى ئەمە وا لەوەدا کە جانکلیڤیتچ دەیڵێت: دواى بیست ساڵ لە ڕووداوەکەیش هیچ کەسێکى ئەڵمانى نایەوێت بەرپرسیارێتییەکەى هەڵبگرێت و بگرە خەڵکى ئەڵمان هێشتایش هەستیى پەشیمانییان نیە؛ تەنیا ئەو کاتە دەشێت بەرپرسیارێتییەک وەئەستۆبنرێت کە بێ هیچ ناچاربوونێک، بێ هیچ تەنگانە و دەستوەردانێکى دەرەکى داواى لێخۆشبوون لەپاى تاوانێک بکەیت کە ناکرێت قەرەبوو بکرێتەوە، بەڵام ئەم جۆرە داوایە ڕوونادات، چونکە وەک ئەو دەڵێت وەختێ تاوانبار لە خۆشگوزەرانى و ئاسوودەییدا بێت داواى لێخۆشبوون دەبێتە گاڵتەوگەپ. کەواتە ڕێگەى دووەم ماوەتەوە: سزادانى تاوانبار. گەر لە ڕوانگەى جانکلیڤیتچ خۆیەوە بڕوانین لە وەها بارێکدا سزادان بێ مانا دەکەوێتەوە و تەنیا دەبێتە تووندوتیژییەکى تەعەسوفى، چونکە مەحاڵە تاوانبار بەسزایەک سزا بدرێت لە ئاستى تاوانە میتافیزیکییەکەیدا بێت. جانکلیڤیتش دەکەوێتە سنوورێکى سەختى سزادان/ لێخۆشبوونەوە، دەکەوێتە نێوان دوو سنوورى مەحاڵەوە: مەحاڵیى لێخۆشبوون و مەحاڵیى سزادان. لەم پنتەدا کە هەردووکیان هەڵپەسێردراوە، وەک بڵێى زەمەن بە داواى لێخۆشبوونى بەردەوام و نەبەخشینى بەردەوام دەتوانێت بەرەو خاڵێک بڕوات کە تێیدا ئاشتەوایى لەنێوان نەوەکانى داهاتوودا بڕەخسێت، دەنا هیچ ئیتیکایەک ناتوانێت پاساوى لەبیرکردنى تاوانەکانى وەکو هۆڵۆکۆست بدات و زێدەڕەویکردنیش لە لێخۆشبوونى خراپەدا خۆى خراپەیە، وەک ئەو  دەڵێت: «لێخۆشبوون وەک خراپە بەهێزە، بەڵام خراپەیش وەک لێخۆشبوون بەهێزە» (Jankélévitch : 1996).
بە بارێکى تریشدا، کورد لە دۆخێکى پێچەوانەى دۆخى نێودەوڵەتیى ئەمڕۆى جوولەکەدا دەژى، هێشتا هیچ یاسایەکى نێودەوڵەتى پشتگیرى ناکات، دان بە هیچ جینۆسایدێکیدا نەنراوە، هیچ لایەنێک ناچار بە قەرەبوو نەکراوە، خۆیشى لە بارى ناوخۆدا قەترەیەک لە ڕۆحى تۆکمەیى و خۆویستى جوولەکەى تێدا نییە و لەبارەى حوکمڕانیشەوە بە هیچ کلۆجێک لەو دڵسۆزییە نزیک نابێتەوە کە دەسەڵاتدارانى یەهودى بۆ گەلى خۆیان هەیانە. دۆخى پەرێشانى ئێمە ڕێماننادا هێشتا باس لە لێخۆشبوونى پەتیى بکەین، چونکە لە ئێستادا هەموو لێخۆشبوونێک خۆى لێخۆشبوونێکى یەکلایەنەیە و ڕەنگە ببێتە هاندەرى جینۆساید و کوشتوبڕى دیکەى کورد، هەموو ئاشتەواییەکى نەتەوەکانى ناوچەکە بە تایبەتى لەگەڵ کورددا، لە باشترین حاڵەتدا لە جۆرى یەکەمى لێخۆشبوون تێناپەڕێت و بگرە لە سیستەمى ئەمڕۆى دنیادا تاکە شێوازیشە، کە پتر چاوپۆشیى ستراتیژى و کاتییە.  تاکە بژاردەى مومکین خەبات و بەرەنگارییە، بەڵام دەبێت هەموو خەباتێک درزێک بۆ بروسکەى لێخۆشبوونى پەتیى و نا-مومکین لە لۆچەکانى خۆیدا بهێڵێتەوە. بەلاى منەوە بە کێشەکردنى ئەم مەسەلانە لە ئێستادا خۆیان پێویستە بەشێک بن لە مژارەکانى ئەو ناوچەیەى کە پڕیەتى لە تاوانى سەروو-ئاسایى، هاوکات پێویستە بێنە نێو مشتومڕى فەلسەفى و فیکریمانەوە تاوەکو ببنە پەردەى پشتەوە بۆ ناسینەوەى هەر بڕیارێکى لێخۆشبوون، لێخۆشنەبوون، عافوات، قەرەبوو، ڕێکەوتن، چون لە ڕێکەوتننامەى یانزەى ئازارەوە تاوەکو ئێستا (هەڵبەت لە ئاستى کۆمەڵایەتیشدا هەروا) ئێمە بەردەوام لەگەڵ ئەم پرسانەدا دەرگیرین، ئینجا بە ڕوونیش لەبەرامبەر دەسەڵاتدا داکۆکیى لەوە بکەین کە مافى ئەوان نییە بە گوێرەى ئاورایەکى ئیلاهى و بە گوێرەى بەرژەوەندیى چینەکانى خۆیان، لە برى ئێمە بڕیارى لێخۆشبوون بدەن، جا هەر شێوازێکى  لێخۆشبوون بێت.
هێشتا هیچ یەکێک لە هاوسێکانى کورد نەک داواى لێبووردنیان لە کورد نەکردووە، بگرە بەردەوامن لەسەر هەڵمەت و شاڵاوەکانیان دژ بەخەڵکى سڤیل و شەڕڤانان. دەسەڵاتى لۆکاڵى دەیەوێت هێرش بۆ سەر گەلى کورد وەک هێرش بۆسەر کیانە سیاسییەکە پیشان بدات، بەڵام لە ئێستادا هیچ هێرشێک بۆ سەر دەسەڵات و حکومەت و چینى دەسەڵاتدارانى هەرێمى کوردستان لە ئارادا نییە، چونکە دابڕانێکى گەورە کەوتۆتە نێوان دەسەڵاتداران و گەل. ئەوان پەیوەندیى بازرگانى و پارەپوولیان لەگەڵ هاوسێکان هەیە، بەڵام هاوسێکان پەیوەندیى دژایەتى و دوژمنایەتیان لەگەڵ خەڵک و میللەتى ئێمە هەیە. یەکەمیان ناتوانێت قەرەبووى دووەمیان بکاتەوە. ماوەیەک پێشتر ئەردۆگان بەرهەم ساڵحى بە تایبەتى بانگهێشتى کۆشکەکانى خۆى کرد، هەزاران کۆمپانیا و خاوەنکارى تورکیش لە هەولێردا هەن و هیچ کەسێک بۆى نییە زیانیان پێبگەیەنێت، بەڵام چەند ڕۆژێک لەمەوبەر لە تورکیا هێرشکرایە سەر گەشتیارانى کورد، لەنێو ئەو قسانەدا کە ڕەگەزپەرستانى تورک بە سووکایەتى بە کوردەکانیان دەگوت، یەکێکیان مایەى سەرنج بوو "ئێوە کێن، ئێوە مێژووتان نییە"! لاى مارکس ڕۆح یان جیهانى ئایدیا مێژووى نییە، بەڵکو خۆی سەر بە پانتاییە ماتریاڵییە واقیعییەکەى پەیوەندییەکانى بەرهەمهێنان و خاوەندارێتیى تایبەتە، کە لێیان دوورخراوەتەوە. مارکس مەملەکەتى ئایدیۆلۆژیا و ڕۆح وێران دەکات، کوردیش کە مێژووى نییە بەردەوام بەو دەردە چووە. بەڵام بەدیوێکیتردا فرۆید دەڵێت نائاگایى مێژووى نییە، کەواتە تۆ بڵێى کورد نائاگایى ناوچەکە بێت؟ گەر وابێ کەواتە هیچ کات لەنێو ناچێت و هەر وەک نائاگایى تورک و عەرەب و فارس دەمێنێتەوە، وەک ئاڵتوسێر دەڵێت: نائاگایى ئەبەدییە.


سەرچاوەکان:
11-    Jacques Derrida: On Cosmopolitanism and Forgiveness, Thinking in Action, Translated by Mark Dooley And Richard Hughes, Preface by Simon Critchley and Michael Kearney, Routledge. Taylor & Francis Library, 2005.
22-    Jacques Derrida: The Gift of Death & Literature in Secret, Translated by Davis Wills, The University of Chicago Press, Second Edition, Chicago and London, 2007.
33-    Vladimir Jankélévitch: Should we Pardon Them? Translated by Ann Hobart, in “Critical Inquiry, Vol. 22, Number 3, spring 1996”, The University of Chicago Press, 1996
4-    جاك دريدا: الصفّح: ما لا يقبل الصفّح و ما لا يتقادم، ترجمة: مصطفى العارف و عبدالرحيم نورالدين، منشورات المتوسط، الطبعة الأولى، ميلانو- إيطاليا، 2018. 
تێبینى: ئەم وتارە بە دوو بەش لە ژمارە (27 و 28)ى ڕۆژنامەى "زەمەن" بڵاوبۆتەوە.
/

Sunday 21 July 2019

تارماییناسى


خاڵى گرنگى نێو ئەم کورتە ڤیدیۆیەى ژاک دێریدا ئەوەیە کە: 'تەکنۆلۆژیا نوێیەکان ڕووبەرى تارماییەکان بەرتەسک ناکانەوە، بەڵکو فراوانى دەکەن'. شەفافبوونەوەى دنیا  و چڕبوونەوەى زیاترى فەزاى ڕووناکی، جیهان دەکاتە پەردەیەکى تەنک کە چیتر دیوارى ئەشکەوتەکەى ئەفڵاتوون نییە و ئەوانەى لەسەرى دەجوڵێن سێبەرى شتەکان نین، بەڵکو عەینى بوونەوەرەکانن لەودیوو دیوارى ئەشکەوتەکەوە و لەسەر پەردەکە دەردەکەون. بەڵام ڕوونبوونەوەى بەرچاومان تاکە گریمانەى تواناى تەکنۆلۆژیا نوێیەکان نییە، لەگەڵیشیدا پانتاییەکى ناڕوون و شاراوە یان کۆمەڵیک پنتى نەزانراو لە دەوروبەرى هەرشتێک پێکدێ کە لە دوودڵى و گومان و دڵەخورپەى مرۆڤ زیاتر دەکەن؛ سەردەمى ئێستا سەردەمى "بێ ئۆقرەیى"ـە. بۆ نموونە لە جێیەکدا دێریدا باسى جاسووسیکردن دەکات لە ڕێگەى تەلەفۆنەوە. لە ڕاستیدا پەیوەندیی تەلەفۆنى لەنێوان سێ کەسدایە نەک لەنێوان دوو کەسدا. کەسى سێیەم تارماییە؛ تارمایى کەسێک کە گوێمان لێ دەگرێت، تارمایى دەزگایەکى سیخوڕى، دراوسێیەکى فزوڵ و هتد. تەنانەت هەندێجار کەسى دووەم خۆى دەبێت بە تارمایى، وەختێک پەیوەندیمان پێوە دەکات و بە وردى نازانین ئەم کەسە کێیە کە داواى خۆشەویستیمان لێ دەکات، دەمانترسێنێت، داوەتمان دەکات و هتد.
ئەم تارماییانە خەیاڵى و خورافى نین. دنیاى نوێ تەنیا هەندێ لە خەونە کۆنەکانى مرۆڤى بەدیینەهێناوە (وەکو خەونى فڕین)، بەڵکو بەشێک لەو شتانەیشى واقیعى کردۆتەوە کە لە سەردەمەکانى پێشوودا بە تەواوى وەک خورافە دەردەکەوتن. وێڕاى ئەوەیش تارماییەکان وەک چۆن خورافە نین، ئاوایش ئوبێکتى بینراوى ڕاستەوخۆ یان فاکتى ڕووت نین. ئەوان هەن، لە دەوروبەرمانن، لەگەڵمان دەجوڵێن بەڵام ناتوانین بە یەکجار بیانگرین. جیهانى جنۆکەکان ئێستا لەگەڵ جیهانى مرۆڤەکاندا تێکەڵ بووە، لەم تێکەڵبوونەدا چەندە خورافەکان واقیعى دەبنەوە، هێندەیش بەشێک لە شتەکان خۆیان دەبن بە خورافە. لە جیهانى ئێستادا بە پاڵ فیچقەکردنى فاکت و زانیارى، زانست و تەکنۆلۆژیاوە ئەفسانە، خورافەیش بە خێرایى بڵاودەبنەوە. سەردەمێک کە مرۆڤ لە ڕێى زانستەوە دەچێتە نێو فەزاوە و گەشتى ئاسمان دەستپێدەکات، چیرۆکى دەفرەفڕیوەکان و ئالیەنەکانیش بە پاڵییەوە هێندە گەشە دەکەن کە لەگەڵ خودى زانستدا تێکەڵ دەبن، دواجار کایەیەک پێکدێت کە پێیدەوترێت "زانستى خەیاڵى" و سینەمایش لە هۆڵیودەوە شکڵ بەم کایە دەدات.. هەموو ئەم کایە دیاردە نوێیانە کایەى ئەو "شێوە زانست"ـە پێکدێنن کە دێریدا ناوى دەنێت "تارماییناسى" یان زانستى تارماییەکان The Science Of Ghosts.

تێبینی: 
1- ئەم کورتە ڤیدیۆیە بەشێکە لە فیلمێک لەسەر ژیانى فەیلەسوفى فەرەنسى "ژاک دێریدا" بە بەشداریى خۆى. لەم دیمەنەدا دێریدا باس لە پەیوەندیى نێوان تارماییە نوێیەکان و سینەما دەکات.
گەر لە داهاتوودا دەرفەت هەبێ هەموو فیلمەکە دەکەین بە کوردى، گەر هەر هاوڕێیەکیش ئەو ئەرکە بگرێتە ئەستۆ ئەوا شایەنى دەستخۆشى و ئافەرینە.
2- هەموو وشەکانى وەکو: ڕۆح و خێو و جنۆکە و تارمایى لە فیکرى دێریدا ئەو مانا خورافی و دینییانەى نییە کە لە کۆنەستى ئێمەدا جێگیر بوون، بۆ ئەوەى خۆم لەم تێکەڵییە بپارێزم بەشێوەیەکى سەرەکى وشەى "تارمایى"ـم بەکارهێناوە کە ئەمە چەمکێکى سەرەکیی فیکرى دێریدایە و زۆربەیشمان لە "تارماییەکان مارکس"ـەوە پێى ئاشناین. 
3- کاک "هێمن عوسمان" ئەرکى دانانى ژێرنووسى ئەم ڤیدیۆیەى گرتۆتە ئەستۆ، دوو سێ جار بەهۆى خەلەلى بەسیتەوە دەبوو دیسانیش پێیەوە خەریک بێت. لەم ڕووەوە سوپاسى زۆر بۆ ماندبووبوونى بەڕێزیان.