My Blog List

بابه‌ته‌ نوێیه‌كان

خۆرهەڵات و فەلسەفە

Sunday 21 July 2019

تارماییناسى


خاڵى گرنگى نێو ئەم کورتە ڤیدیۆیەى ژاک دێریدا ئەوەیە کە: 'تەکنۆلۆژیا نوێیەکان ڕووبەرى تارماییەکان بەرتەسک ناکانەوە، بەڵکو فراوانى دەکەن'. شەفافبوونەوەى دنیا  و چڕبوونەوەى زیاترى فەزاى ڕووناکی، جیهان دەکاتە پەردەیەکى تەنک کە چیتر دیوارى ئەشکەوتەکەى ئەفڵاتوون نییە و ئەوانەى لەسەرى دەجوڵێن سێبەرى شتەکان نین، بەڵکو عەینى بوونەوەرەکانن لەودیوو دیوارى ئەشکەوتەکەوە و لەسەر پەردەکە دەردەکەون. بەڵام ڕوونبوونەوەى بەرچاومان تاکە گریمانەى تواناى تەکنۆلۆژیا نوێیەکان نییە، لەگەڵیشیدا پانتاییەکى ناڕوون و شاراوە یان کۆمەڵیک پنتى نەزانراو لە دەوروبەرى هەرشتێک پێکدێ کە لە دوودڵى و گومان و دڵەخورپەى مرۆڤ زیاتر دەکەن؛ سەردەمى ئێستا سەردەمى "بێ ئۆقرەیى"ـە. بۆ نموونە لە جێیەکدا دێریدا باسى جاسووسیکردن دەکات لە ڕێگەى تەلەفۆنەوە. لە ڕاستیدا پەیوەندیی تەلەفۆنى لەنێوان سێ کەسدایە نەک لەنێوان دوو کەسدا. کەسى سێیەم تارماییە؛ تارمایى کەسێک کە گوێمان لێ دەگرێت، تارمایى دەزگایەکى سیخوڕى، دراوسێیەکى فزوڵ و هتد. تەنانەت هەندێجار کەسى دووەم خۆى دەبێت بە تارمایى، وەختێک پەیوەندیمان پێوە دەکات و بە وردى نازانین ئەم کەسە کێیە کە داواى خۆشەویستیمان لێ دەکات، دەمانترسێنێت، داوەتمان دەکات و هتد.
ئەم تارماییانە خەیاڵى و خورافى نین. دنیاى نوێ تەنیا هەندێ لە خەونە کۆنەکانى مرۆڤى بەدیینەهێناوە (وەکو خەونى فڕین)، بەڵکو بەشێک لەو شتانەیشى واقیعى کردۆتەوە کە لە سەردەمەکانى پێشوودا بە تەواوى وەک خورافە دەردەکەوتن. وێڕاى ئەوەیش تارماییەکان وەک چۆن خورافە نین، ئاوایش ئوبێکتى بینراوى ڕاستەوخۆ یان فاکتى ڕووت نین. ئەوان هەن، لە دەوروبەرمانن، لەگەڵمان دەجوڵێن بەڵام ناتوانین بە یەکجار بیانگرین. جیهانى جنۆکەکان ئێستا لەگەڵ جیهانى مرۆڤەکاندا تێکەڵ بووە، لەم تێکەڵبوونەدا چەندە خورافەکان واقیعى دەبنەوە، هێندەیش بەشێک لە شتەکان خۆیان دەبن بە خورافە. لە جیهانى ئێستادا بە پاڵ فیچقەکردنى فاکت و زانیارى، زانست و تەکنۆلۆژیاوە ئەفسانە، خورافەیش بە خێرایى بڵاودەبنەوە. سەردەمێک کە مرۆڤ لە ڕێى زانستەوە دەچێتە نێو فەزاوە و گەشتى ئاسمان دەستپێدەکات، چیرۆکى دەفرەفڕیوەکان و ئالیەنەکانیش بە پاڵییەوە هێندە گەشە دەکەن کە لەگەڵ خودى زانستدا تێکەڵ دەبن، دواجار کایەیەک پێکدێت کە پێیدەوترێت "زانستى خەیاڵى" و سینەمایش لە هۆڵیودەوە شکڵ بەم کایە دەدات.. هەموو ئەم کایە دیاردە نوێیانە کایەى ئەو "شێوە زانست"ـە پێکدێنن کە دێریدا ناوى دەنێت "تارماییناسى" یان زانستى تارماییەکان The Science Of Ghosts.

تێبینی: 
1- ئەم کورتە ڤیدیۆیە بەشێکە لە فیلمێک لەسەر ژیانى فەیلەسوفى فەرەنسى "ژاک دێریدا" بە بەشداریى خۆى. لەم دیمەنەدا دێریدا باس لە پەیوەندیى نێوان تارماییە نوێیەکان و سینەما دەکات.
گەر لە داهاتوودا دەرفەت هەبێ هەموو فیلمەکە دەکەین بە کوردى، گەر هەر هاوڕێیەکیش ئەو ئەرکە بگرێتە ئەستۆ ئەوا شایەنى دەستخۆشى و ئافەرینە.
2- هەموو وشەکانى وەکو: ڕۆح و خێو و جنۆکە و تارمایى لە فیکرى دێریدا ئەو مانا خورافی و دینییانەى نییە کە لە کۆنەستى ئێمەدا جێگیر بوون، بۆ ئەوەى خۆم لەم تێکەڵییە بپارێزم بەشێوەیەکى سەرەکى وشەى "تارمایى"ـم بەکارهێناوە کە ئەمە چەمکێکى سەرەکیی فیکرى دێریدایە و زۆربەیشمان لە "تارماییەکان مارکس"ـەوە پێى ئاشناین. 
3- کاک "هێمن عوسمان" ئەرکى دانانى ژێرنووسى ئەم ڤیدیۆیەى گرتۆتە ئەستۆ، دوو سێ جار بەهۆى خەلەلى بەسیتەوە دەبوو دیسانیش پێیەوە خەریک بێت. لەم ڕووەوە سوپاسى زۆر بۆ ماندبووبوونى بەڕێزیان.

No comments:

Post a Comment