My Blog List

بابه‌ته‌ نوێیه‌كان

خۆرهەڵات و فەلسەفە

Sunday 16 September 2012

باوكم وا دەڵێت!

دەربارەی مەرجەعییەت

جولیان بەگینی
وەرگێڕانى: هاوار محەمەد
دەرەنجامی بەرهەمی فەیلەسوفە مەسیحییەكانی وەكو ئالڤین بڵانتێنجا، دانپێدانانێكی ڕاشکاو بوو بەوەدا كە كێشە ناوەكییەكی خراپە وەك پاساوەكانی بێباوەڕی (ئەتائیستی) شكستخواردوون.
William Lane Craig, theologian

وەختێ منداڵ بووین، وەك منداڵ قسەمان دەكرد, وەك منداڵ تێدەگەیشتین, وەك منداڵ بیرمان دەكردەوە, كاتێكیش تەمەنمان گەیشتە تەمەنی لاوێتی وامان پیشاندا كە شتە منداڵانەكان دەخەینە لاوە. لە هەموو گۆڕەپانی قوتابخانەكانی دونیادا، نموونەگەلێكی ئێجگار ڕوون و بێگەرد بۆ بیركردنەوە و ڕەفتاركردن دەبینین, ئەوانە شێوەگەلێكی سەرەكی بیركردنەوە و هەڵسوكەوتن كە بە درێژایی تەمەن بەردەوام دەبن, بۆ نموونە تەماشایەكی ئەم نموونە ئایدیاڵییە بكە:
       "باوكم دەڵێت ئۆتۆمبێلی تۆیوتا زۆر باشترە لە ڤۆلڤۆ".
       "باشە, كەواتە باوكت گەمژەیە".
زۆر دەگمەنە لای پێگەیشتووان و لاوان هەست بەوە بكەین كە باوك لە یەكلاییكردنەوەی كێشمەكێشەكانیاندا ڕۆڵی مەرجەعییەت بگێڕێت، بەڵام لەمەیش دەگمەنتر هەیە، ئەوەیە كەسێك ببینەوە هەرگیز ئاماژە بە مەرجەعییەتەكان نەدات. وەك چۆن منداڵان زۆرجار بۆ یەكلاییكردنەوەی مشتومڕ و جیاوازییەكانیان بۆچوونی باوكیان وەك دادوەر دێننەوە, لاوەكانیش زۆرجار بۆ ئەم داوەرییە پشت بە بۆچوونی ئەو كەسانە دەبەستن كە پێیان سەرسامن, وەك بڵیی ئەم بۆچوونە بە یەككەڕەت چارەسەری كێشەكە دەكات, بەڵام بە دڵنیاییەوە چارەسەری ناكات.
كەس ناتوانێت هەڵە بكات و "ویلیانم لین كرێچ"ى تیۆلۆژیستی خوێنگەرم وەك گەنجێكی بێزاركەر وەربگرێت، بەڵام شەرمیش لەوە ناكات كە بۆ بەلایەكداخستنی مشتومڕەكە بە خێرایی كۆتەیشن لە بۆچوونی فڵانە شارەزا و فیسارە زانا نەهێنێت. لە "دەلیلی كامبریچ بۆ فەلسەفە"دا, كرێچ ئەو شتە ڕەت دەكاتەوە كە پێی دەڵێن كێشەی ناوەكییانەی خراپە، هەر بە سادەیی لە ڕێگەی خەبەرداركردنمان لەوەی كە "بەڕاشکاوى دان بەوەدا نراوە" كە ئەو بۆچوونە لە نەسەلماندنی بوونی خوادا شكست دێنێت, زۆرجاریش خەریکە بڵێت ئەم بۆچوونە حەقیقەتە چونكە ئالڤین بلانتێنجا وتوویەتی.
تەنانەت ئەگەر كرێچ لەسەر هەقیش بێت, ئەوا هەرگیز ئەمە پاساوی ئەوە نادات سوك و ئاسان دەست بە مەرجەعییەتێكەوە بگرین كە ڕەنگە تا ئەمڕۆیش كار بۆ باشترین فەیلەسوفی مەسیحی بكات, لەم دۆخەدا ئەوە بەرگرییەكی ماقووڵ نییە كە بڵێین وەزیفەكەی تەنیا بڕیاردانە لە ڕازیبوون و هاوڕایی, پشت بەستن بە مەرجەعییەت لە لە كتێبێكدا دەركەوت كە بە شێوەیەكی گشتی كاتی بۆشرۆڤەكردنی پاساو و ئەرگومێنتەکان دیاریكردبوو، ئەگەر چی هەندێكات لە شێوەی بروسکەدا بوون.
بەدڵنیاییەوە, لەگەڵ ئەوەیشدا جیاوازییەك هەیە لەنێوان ئەوەی كە بڵێین: "بلانتێنجا و سەركردە منەوەرەكانی دیكە ئەمە دەڵێن" لەگەڵ ئەوەدا كە بڵێن باوكم وا دەڵێت! ئایا هەندێجار پێویست نییە سەرى ڕێز بۆ ئەو کەسانە دانەوێنیت كە لە تۆ زیاتر لەبارەی بابەتەكەوە دەزانن؟
بەڵێ, بەڵام بە حەزەرەوە. دەبێت تەنیا لەو كاتانەدا پەنا بۆ مەرجەعییەتەكان ببەین كە خۆمان ناتوانین پاساوێك بێنینەوە, بۆیە بەم واتایە "پاڵپشت و پاساو لە مەرجەعییەتەوە" ناونانێكی هەڵەیە, چونكە ڕاستییەكەی مەرجەعییەت خۆی لە بری پاساوەكە دادەنرێت ]و ڕۆڵى پاسادان دەگێڕێت[.
 كەواتە چ كاتێك حەقیقەت ناتوانێت پاساوەكانی خۆی بهێنێتەوە؟ هەندێكات مەسەلەکە بەهۆی نوقسانییەكی زۆرەوەیە لە هێزدا. ئەگەر بیركارییەكی قورس لە ئارادا بێت, كەواتە بۆ ئەوەی بیركارییزانەکە بتوانێت ئەوەمان بۆ شرۆڤە بكات كە بۆچی دوایین شیكردنەوە بۆ تیۆرەكانی فۆرمات ئەنجامدران، ئەوا ناتوانێت لێی تێ بگات، بۆیە ئەگەر پێویستیی بە بڕیارێك بێت, جا شیكرابێتەوە یان شی نەكرابێتەوە، ناتوانێت هیچ شتێكی زیاتر بكات جگە لەوەی ئەو قسانە دووبارە بڵێتەوە كە شاهیدە پسپۆرەكان كردوویانە.
لەهەندێ بۆنەی دیكەدا کە توانامان نییە لە مەسەلەکە تێگەیشتن بەهۆی کەم كاتییەوەیە, یان كاتی پێویست و ئازادانەمان نیە بۆ خوێندنەوە و گوێگرتن لە تەفسیرێكی تەواو، یاخود بەهۆی ئەوەیە تەمەنمان گونجاو نییە و هێشتا نەگەیشتۆتە ئاستی پێویست بۆ توێژینەوە لە بابەتەكە تا بە ڕاستیی تێبگەین. دیسان لەم دۆخەیشدا بڕوانامەی شارەزاكان و پسپۆرەكان باشترین پاساوێكن كە پەنای بۆ بەرین و بەكاری بهێنین.
لە هەردوو حاڵەتەكەدا پشت بەستن بە پسپۆرەكان خراپەیەكی بێ‌ چەند و چوونە، بەگشتیش لادانی بەرپرسیارێتییە لەسەر (خۆ) و كردنی ئەوانی دیكەیە بە بەرپرسیار, ئێمەیش كاتێك لەسەر ئاستی هزریی قسە دەكەین دەبێت ئەم خۆ دزینەوەیە لە بەرپرسیارێتی تەرك بکەین.
هەمیشە ڕوون نییە كە تۆبڵێی خۆمان وەك پێویست تێبگەین و بتوانین خۆمان دەلیل و بەڵگە بخەینە ڕوو, یاخود پێویست متمانە بە کەسى دیكە بكەین. گەرمبوونی زەوی نموونەیەكی باشە: هەموو ئەكادیمیا نیشتمانییەكانی دەوڵەتە گەورەكانی پیشەسازیی هاوڕان لەسەر ئەوەی كە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمای زەوی بەپلەی یەكەم هەندێی چالاكی مرۆڤ لێى بەرپرسیارە, كەچی لەگەڵ ئەوەیشدا هێشتا خەڵكانێكی زۆری نا پسپۆر هەن كە پێیان وایە ئەوان بەقەد ئەوە باش لە بابەتەكە تێگەیشتوون کە پیشانى بدەن ڕاستیی و ناڕاستی ئەم دەرەنجامانە مەترسیدارە و جێگای گومانی زۆرە. كاتێك ململانێییەكی لەم جۆرە لەنێوان بۆچوونی كۆمەڵە پسپۆر و ڕۆشنبیرێكدا هەیە, ئێمە چۆن و كامیان هەڵبژێرین؟ ئایا شیاوە نكوڵی لە بۆچوونی پسپۆڕە تایبەتمەندەكان بكەین, یاخود ئەوە ئەرك و بەرپرسیارێتییە كە دژی فیكری هەر كەسێكی تر بوەستینەوە؟ 

تێبینى: ئەم وتارە لە ڕۆژنامەى هەولێر بڵاوبۆتەوە. 

لە ستایشی مۆسیقادا

ئەمیل سیوران
وەرگێڕانی: هاوار محەمەد

(1)
بە ڕۆحێكی سادەوە لە دایك بووم، داوای ڕۆحێكی ترم لە مۆسیقا كرد. ئەوە سەرەتای مەرگەساتێك بوو كە نەموێرا ئاواتەخوازی بم.
(2)
ئەگەر ئیمپریالیزمی فەلسەفە وەك چەمك بوونی نەبووایە، ئەوا مۆسیقا جێی پێ‌ لێژ دەكرد، جا ئەوكات فیردەوسی بەڵگەنەویستە گوزارشت لێ‌ نەكراوەكان دەبوونە درمی نەشوەت و مەستی.
(3)
بیتهۆڤن میوزیكی داڕزاند: چركەساتە میزاجییەكانی بردە نێوییەوە. ڕێیدا تووڕەیی دزە بكاتە نێوییەوە.
(4)
ئەگەر "باخ"[1] نەبووایە تیۆلۆژیا بێ‌ بابەت دەكەوت و خەلیقەت دەبووە دەستكردی خەیاڵ، عەدەمیش هەر دەمایەوە.
(5)
ئەگەر كەسێك هەبێت لە هەموو ڕوویەكەوە قەرزداری "باخ" بێت: ئەو كەسە خودایە.
(6)
كام "میلۆدی" بارتەقای شتێكە بەراورد بەو دۆخەی لە نێوماندا هاتن و چونی دوو سەرەی ژیان و مردن دەیخنكێنێت.
(7)
بۆچی دەستبازی لەگەڵ ئەفلاتووندا بكەین ئەگەر هەر ساكسۆفۆنێك بتوانێت جیهانێكی ترمان بۆ دەربخات؟
(8)
كاتێك دژ بە مۆسیقا بێ‌ بەرگری كەوتم، ئیدی دەبوو خۆم ڕادەستی ستەم و زڵمەكەی بكەم و بە پێی خواستی ئەو ببمە خودا یان پارچە جلێكی شڕكە.
(9)
ساتگەلێكم لێ‌ تێپەڕین، لە ماوەیاندا بوونی ئەبەدییەتێكم دوورخستەوە كە دەیتوانی من و مۆزارت لێك جیا بكاتەوە، ئینجا هیچ ترسێكم لە مەرگ نەما. هەمان شت لەگەڵ هەموو مۆسیقاكاندا ڕوویدا.. لەگەڵ هەر هەموویاندا.
(10)
شۆپان تا ئاستی سیل و شێرپەنجەی سییەكان خۆی بۆ پیانۆ تەرخان كردووە.
(11)
جیهانی بیستراو: لاساییكردنەوەیەكی دەنگییانەی ئەو شتانەیە كە وەسف ناكرێن. مەتەڵی بەربڵاوە. ناكۆتای بینراو و سرك لە گرتن. وەختێك بۆمان دەلوێت دڵڕفێنییەكەی تاقی بكەینەوە، تاكە خەونمان دەبێتە ئەوەی لە هەناسە قوڵەكاندا مۆمیا بكرێین.
(12)
مۆسیقا پەناگەی ئەو ڕوحانەیە كە بەختەوەری برینداری كردوون.
(13)
هیچ مۆسیقایەك ڕاستەقینە نییە جگە لەو مۆسیقایەی كە وامان لێ‌ دەكات "دەست لە زەمەن بدەین"..
(14)
ئەو ناكۆتایەی "هەنووكە"، كە فەلسەفە بە ناماقوڵی دادەنێت، حەقیقەت و ماهییەتی مۆسیقایە.
(15)
ئەگەر خۆم بدابایە دەست تەفرەكانی مۆسیقا و بە ستایشەكانی بەسەر من و هەموو ئەو جیهانانەدا كە لە ناخی خۆمدا دروستمكردن و وێڕانیشم كردن فریویم خواردبا، ئەوا لە مێژ بوو بە نەرم ونیانییەوە عەقڵم لەدەست دابوو.
(16)
خولیای باكور بۆ ئاسمانێكی تر مۆسیقای ئەڵمانیی دروست كرد، كەواتە ئەمە نەخشە و ئەندازەی وەرزە پایزییە یەك لەدوای یەكەكان و كهولی چەمكەكان و شەكری میتافیزكە.
بەڵام ئیتالیای سەدەی پێشوو، بازاڕی دەنگەكان بوو، بۆیە پێویستی بە ڕەهەندی شەو بوو، بە هونەری گێژپێدانی تاریكی تا شیلاوەكەی لێ‌ بگرێت.
دەبوو خۆی یەكلابكاتەوە كە لایەنگیری بەرامس[2] دەكات یان هەتاو.
(17)
مۆسیقا سیستەمی ماڵئاواییكردنە، ئەمە فیزیایەك بە هۆشماندا دێنێت كە خاڵی دەستپێكردنی گەردیلەكان نییە، بەڵكو فرمێسكەكانە.
(18)
ڕەنگە زیاد لە پێویست گرەوم لەسەر مۆسیقا كردبێت، ڕەنگە وەك پێویست یەدەگی ئەو پاڵەوانبازییە ناوازانە، ئەو فێڵبازە جوانانەم نەبێت.
(19)
لە هەندێك "مۆسیقای هێمن"ـەوە مۆزارت ژیان بە بەر شەپۆلەكانی نائومێدییەكی ڕوون و تەنكدا دەكات، وەك ئەوەی خەونبینین بێت بە جەنازەیەكەوە لە ژیانێكی تردا.
(20)
هەر چەندەی مۆسیقا لای خۆیەوە نەتوانێت ڕزگارمان بكات، ئەوا هەر لە چاوانماندا شەوقی كێرد دەبریسكێتەوە. هیچ شتێك نەماوە پشتیوانمان بكات ئەگەر شەیدابوونی تاوان نەبووایە.
(21)
ئای چەند هیواخوازبووم بە هۆی مۆسیقاوە بمرم، ئەمەش وەك سزای ئەو گومانەی كە جاروبار لە جەبەروتی توانا شەرانگێزەكانی هەمبوو..     



[1] مەبەست لە "یۆهان سباستیان باخ"ـی مۆسیقاری ئەڵمانییە كە زۆرینەی مۆسیقاكانی ڕێبازێكی ئایینیان هەیە.
[2] مۆسیقاری ئەڵمانی "یۆهان بەرامس" كە لەڕووی مۆسیقای ئایینییەوە شێوازی لە باخ جیاواز بوو. زیاتر مۆسیقای گۆرانی و عەزفی پیانۆ بوو.

Friday 14 September 2012

شاعیر خزمەتكاری وشەكانە


ئۆكتافیۆپاز
وەرگێڕانی: هاوار محەمەد


      قەسیدە پشت دەبەستێ‌ بە زمانی كۆمەڵایەتی و هاوبەش، بەڵام تۆ بڵێی وشەكان چییان بەسەر بێت كاتێك لە چوارچێوەی ئاڵوگۆڕی كۆمەڵایەتی دێنە دەرەوە و دەبنە وشەگەلی قەسیدە؟ فەیلەسوفەكان و وتاربێژەكان و گوایە ئەدیبەكانیش خۆیان وشەكانی خۆیان هەڵدەبژێرن. گروپی یەكەمیان بە گوێرەی واتای وشەكان، دووەمیان بە گوێرەی كاریگەرێتی ئەخلاقی و سایكۆلۆژی و ئەدەبی. بەڵام شاعیر خۆی وشەكانی خۆی هەڵنابژێرێت. كاتێك دەڵێین شاعیرێك بەدوای زمانی خۆیدا دەگەڕێت، واتای ئەوە نییە كە بە پەلەپروزكێ‌ خۆی ئەكات بە كتێبخانەكان و شوێنە گشتییەكاندا تا بەدوای ستایلی كۆن و نوێدا بگەڕێت. بەڵكو شاعیر دوو دڵ و دڕدۆنگە لەوەی ئاخۆ هەندێك وشەی ڕاستەقینەی تایبەت بە خۆی، لەو وشانەی لە ناخیدا ڕیشەیان هەیە، بهێنێتە نێو زمانییەوە، یان ئەو وشانەی لە كتێب و شەقامەكانەوە فێری دەبێت. كاتێك شاعیر ڕێگای وشەكانی بۆ ڕووناك ئەبێتەوە، ئەوا ئەم وشانەی وەیاد دێتەوە، ئەم حاڵەتە هەر لە پێشتریش تێیدا هەبووە. وشەی شاعیر ڕێك لەگەڵ قەوارەی شاعیردا تێهەڵكێش دەبن. شاعیر وشەكانی خۆیەتی. لە وەختی داهێناندا شاراوەترین بەشی سوژەی خۆی لەسەر ڕووكاری ئاگایی دەكوژێنتەوە. داهێنان واتای ئەوەیە هەندێك وشەی وا بئەفرێنین نەتوانین لە بوونی خۆمانیان جیا بكەینەوە. ئەو وشانە لە خۆیاندا هەن و جگەلەوەیش هیچی تر نین. شاعیر وشەی پێویستی ئەوتۆیە دەچنێت ئەستەمە بتوانین ئاڵوگۆڕیان بكەین. هەر بۆیە زۆر زەحمەتە بتوانین بەرهەمێكی ناچیز چاك و ڕاست بكەینەوە. هەر ڕاستكردنەوەیەك پێویستی بە دووبارە ئەفراندنەوەیە، پێویستی بە گەڕانەوە بۆ پشتەوەیە، گەڕانەوە بەرەو ناخی خۆمان. خۆ دژواریی وەرگێڕانی شیعر هەر لەم ڕوانگەیەوە ڕاڤە دەكرێت. هەر وشەیەكی قەسیدە وشەیەكی ناوازەیە و هیچ جێگرەوەیەكی نییە. وشەیەكی ناوازە و نەگۆڕە: ناكرێت دەست لە وشەیەك بدەین بێ‌ دەستدان لە هەموو قەسیدەكە. ناتوانین هیچ بۆشاییەك بگۆڕین بێ‌ ئەوەی گشت بونیادەكە ڕانەوەشێنین. هەموو قەسیدەیەك قەسیدەیەكی زیندووە و پێكاتووە لە توخمگەلێك كە قەرەبوو ناكرێنەوە. لەبەر ئەمە وەرگێڕانی ڕاستەقینە هیچ نییە جگە لە دووبارە ئەفراندنەوە و داهێنانەوە.
     جەختكردنەوە لەسەر ئەوەی شاعیر تەنیا ئەو وشانە بەكاردەهێنێت كە پێشتر لە ناخی خۆیدا هەبووە، دژیەك نییە لەگەڵ ئەوەی كە پێشتر لەبارەی پەیوەندی نێوان قەسیدە و زمانی گشتییەوە گوتمان. وشەكانی شاعیر وشەی نێو كۆمەڵیشن. ئەگینا وشە نین. هەر وشەیەك پێویستی بە دوو هاوبەش هەیە: كەسی قسەكەر و كەسی گوێگر. جیهانی ڕاستەقینەی قەسیدە وشەی فەرهەنگەكان نین، بەڵكو دروستكراوی كۆمەڵن. هەگبەی شاعیر پڕی نییە لە وشەی مردوو، بەڵكو لە وشەی زیندوو. زمانی تاكەكەسییانە واتە زمانی كۆمەڵ كە شاعیر بۆی دێن و لە ڕستەدا كۆیان دەكاتەوە. بەناوبانگترین شاعیرە ئاڵۆزەكان پەیامی قەسیدەیان بەم جۆرە پێناسە كردووە: قەسیدە بریتییە لەوەی"واتایەكی ڕوون و ڕەوانتر بە وشە ئاڵۆزەكان بدەیت". تەنانەت لە واتای ڕستە ڕووكەشترەكانیشدا، ئەمە بۆ گەڕانەوە بۆ واتای داتاشراوی وشەكان، بۆ دەوڵەمەندیی زمانیش هەر ڕاستە. زۆرێك لەو وشانەی ئێستا پێمان وایە سانا و ساكارن، ئەو وشانەن لە زمانی ئیتالی و لاتینییەوە، لەسەر دەستی خوان دی مینا، گارسیلاسۆ، یان گۆنگۆرا (شاعیرەكانی ئیسپانیا) داهێنراون. وشەكانی شاعیر جاری وا هەیە وشەی خێلیشن یان ڕۆژێك لە ڕۆژان دەبنە وشەی خێڵ. شاعیر زمان دەگۆڕێت، دووبارەی دەیئەفرێنێتەوە، یان دەیكاتە زمانێكی خاوێنتر، بۆ ئەوەی دواجار ببێتە زمانی خۆی. بەڵام ئەم پاكژكردنەوەیەی وشە لە شیعردا لە چی پێكدێت، ئەی مەبەستمان چییە لەوەی ئەڵێین شاعیر وشەكان بەكار ناهێنێت بەڵكو خزمەتیان دەكات؟
     وشەكان و ڕستەكان و سەرسوڕمان كەوا ئازار و چێژ یان هەر هەستێكی تر لە ئێمە دادەماڵن، زمان تەنیا لە مەدلولە شیعرییەكەیدا كورت دەكەنەوە. بەم جۆرە وشە گۆكراوەكان لەوە دەكەون كە ڕاستەخۆ كەرەستەی پەیوەندیگیریی بن. كرۆچە سەرنجی ئەوەی داوە كتومت مەبەست لەمە، دەربڕینە زارەكییەكان نییە: بەهۆی لە دەستدانی ڕەگەزی ئیرادییانە و خودییانەوە بەهۆی ئەو خۆكردییەی وا بەرهەمی دەهێنێت. ئەوانە ڕستەگەلێكی لە قاڵبدراون كە بە تەواوی شەقڵی خودییانە تێیاندا بزرە. بەڵام مەرج نییە بۆچوونی فەیلەسوفە ئیتالییەكە سەراپای تێڕوانینی بێت، چوون دەبێ‌ بزانین تەنانەت ئەوەی پەیوەستە بە دەربڕینە ڕاستەقینەكانەوە، ڕەهەندێك هەیە بێ‌ هیچ ئەملاولایەك پێویستی پێیەتی: ڕستەكان ببنە كەرەستەی پەیوەندیگیریی. هەر وشەیەك پێویستی بە وشەیەكی ترە. كەمترین شتێك كە بتوانین لەبارەی ئەم دەربڕین و ڕستانەی وا ئۆتۆمتیكییانە هەست و ئاوەزمان بەتاڵی دەكاتەوە بیڵێین، ئەوەیە كە قسەكەر لەڕێگەیانەوە كەمتر ئامادەیی هەیە و بگرە خەریكە هەر دەیشپوكێتەوە. شێواندن بەسەر وشەكاندا هاتووە: ئەم شێواندنەیش ئامادەیی گوێگرە.
     فالیری لە شوێنێكدا دەڵێت: "قەسیدە گەشەپێدانی سەرسوڕمانە" لەنێوان "گەشەپێدان" و "سەرسوڕمان"ـدا، دڕدۆنگییەكی لێكدژ دروست دەبێت، ئەم دڕدۆنگییە قەسیدەیە. خۆ ئەگەر یەكێك لەو دوو گوزارەیە ئامادە نەبن ئەوا قەسیدە دەبێتە سەر سوڕمانێكی میكانیكی یان دەبێتە زێدەڕەوییەكی ڕەوانبێژانە، یان  وەسف، یان تیۆر. "گەشەپێدان" زمانێكە خۆی بەڕووی ئەو حەقیقەتە خاوەدا دادەهێنێت كەوا سەرسوڕمان دەستنیشانی دەكات و ئەستەمە بتوانین بە وردی وەسفی بكەین. زمان گوێیەكە گوێ‌ بۆ دەمێكی وا شل دەكات ئەو شتانە بڵێت كە سەرسوڕمان نایانڵێت. هاواری ئازار یان هاواری خۆشی ئاماژەیە بۆ ئەو شتەی كە ئازارمان ئەدات یان شادیمان پێ دەبەخشێت. هاوارەكە ئاماژە بۆ ئازار و خۆشییەكە دەكات بەڵام بەوە دەیانشارێتیشەوە، چوون كاتێك دەڵێت: ئەوە لەوێیە، ئیتر ناڵێت كێ‌ یان چی لەوێیە. ئەو حەقیقەتەی سەرسوڕمان ئاماژەی پێ دەدات بێ‌ ناو دەمێنێتەوە: ئەوە لەوێیە: نە ئامادەیە نە بزر، لە سەروەختی دەركەوتن یان بزربوونی ئەبەدیدایە. ئەوە ڕووداوێكی چاوەڕوانكراوە، بەڵام ئەوە چییە؟ "گەشەپێدان" پرسیار یان وەڵام نییە: بانگە. قەسیدەیش –دەمێك قسە دەكات و گوێیەك گوێ‌ ڕادەدێرێت- دەبێتە دەركەوتەیەكی ئەو سەرسوڕمانەی كە ناو لێنەنراو ئاماژەی بۆ دەكات.      
     دەڵێم دەركەوتە نەك ڕاڤە، خۆ ئەگەر "گەشەپێدان" ڕاڤە بێت ئەوا حەقیقەت دەرناكەوێت، بەڵكو ڕوون دەكرێتەوە و زمانیش تووشی شێواندن دەبێت: تەنیا لەبەرخاتری دەركبردن واز لە بینین و بیستن دێنین. هاوار و حەقیقەتەكەیشی وەك دوو دەركەوتەی ئامادە بزر دەبن و دەگۆڕێن بۆ مەدلولەكان. جا لێرەدا ئەو ئەگەرە دەمێنێتەوە: تۆبڵێی هەستی یەكێتی خودكەفایی دەیەوێت و هاوار و مەدلول پێكەوە ڕەت بكاتەوە. هاوار ئاماژەیە، بەڵام هیچ مانایەكی نییە. ئاماژەیش، ئەگەر مانایەكی هەبێت، بۆمان دەسەلمێنێت كە لەنیوان ئێمە و حەقیقەتدا مەودایەك هەیە ناتوانین بیبڕین. زمان ئامرازی هەبوویەكی لاوازە، كە ئێمە دروستی دەكەین بۆ ئەوەی لایەنی كەم بەر پڕكردنەوەی ناو لێنەنراوی هەبوو بكەوین. خۆ ئەگەر ئاماژەكان (یان هێماكان) لە دەلالەت بكەون و تەنیا ؛هەبوو؛ بن، ئەوا دەگەینە شوێنێك كە هەبوو هیچ مانایەكی نییە بەڵام هەیشە. بە بارگۆڕینی جیهان بۆ هێمای ڕوون زمان لە دەلالەت دەكەوێ‌. لەبری ئەوەی هێمای شتەكان ئاوەژوو بكاتەوە، خۆی ئاوەژوو دەكاتەوە و هێما دەخاتە شوێنی حەقیقەت و ئیدی لەوە دەوەستێت هێما بێت و ئاماژە بە (...) بكات. ئەی دیسان هەبوو دەلالەتی هەڵمژییەوە؟ هەبوو یان تۆ بڵێ‌ دیوەكەی پشتەوەیشی: نەبوو؟ لەو كاتەوەی كە دەلالەتەكان ون بوون ئەم پرسیارەیش بێ‌ مانا بووە. لەو كاتەوەی زمان بۆتە هەڵم، ئەگەر زمان لە خۆیدا یان لە تایبەتمەندییەكەیدا وەك ڕێنمایەك بۆ سەرجەمی شتەكان: وەك جیهان تەماشای بكەین، هەبووی شتەكانیش بۆتە هەڵم. ئیدی هیچ شتێك نییە گوێی لێ‌ بگرین، چونكە ئیدی دەمێك نییە قسە بكات. لە مێژووی شارستانیدا ئەم تاقیكردنەوەیە تەنیا یەك جار و بۆ دواجار ڕووی داوە. ئەویش كاتێك ئیگیتۆر- مالارمیە ژوورەكەیی بەجێهێشت و لە پلیكانەكاندا، هەتا گەیاندییانە گۆڕەكەی، ون بوو: "بەڵام ئەساسی ماڵەكە بۆشاییەكانی خۆی دەپارێزێت، شوشەی عەترەكە مادەی عەدەم ئەهێڵێتەوە، خەونی مەحاڵ كەوت و پاكر و خاوێن بوو".
       تا دوا ڕادە تێبینی جەمسەرە دژەكەی ئەمە دەكەین، كاتێك زمان لەپێناو ئاڵوگۆڕی ڕاستەوخۆدا بەكار دەهێنین: وشەكان ئیدی خاوەنی واتایەكی دیاریكراو نین و زۆرێك لە دەلالەتە زیندووەكان و دەنگییەكان و هەڵچونەییەكانیان لەدەست دەدەن. قسەكەر ون نابێت، بە پێچەوانەوە زۆر بە تووندی وەدی دێت.قسەكەر وشەیە، وشە گۆڕاوە بۆ دراوێكی ڕوون و بێ‌ خەوشی ئاڵوگۆڕ، دەگەشێتەوە و دەپوكێتەوە. هەموو دەلالەتێك یان ون دەبێت یان دووقات دەبێتەوە لە بەرژەوەندی دەلالەتە پەیوەندیگیرییەكەی.
      لە حاڵەتی سەرسوڕماندا، وشە هاوارێكە هاوێژراوەتە نێو بۆشایی: قسەكەر داغڵ نابێت و دەست لە هیچ وەرنادات. خۆ ئەگەر وشە ئامرازی هزری ئەبستراكت بێت، ئەوا دەلالەت هەموو شتێك قووت دەدات. هاوبەش و چێژیش پێكەوە. لە دۆخی زمان وەك ئامرازی پەیوەندیگیریدا دەلالەت دەتەپێت. لە هەموو ئەو حاڵەتانەدا وشە كاڵ دەبێتەوە و تایبەتمەند دەبێت. هۆكاری ئەم شێوانە جێگیر و نەگۆڕە ئەوەیە زمان ئەبێتە ئامێر، ئامراز، شت. لە هەموو جارێكدا كە وشەكان بەكار دێنین، دەشیان شێوێنین. بەڵام شاعیر وشەكان بەكارناهێنێت، بەڵكو خزمەتیان دەكات. لەبەرئەمە، دەیانباتەوە سەر سروشتە ڕەهاكەیان و بونسازییەكەیان (كینونە) بۆ دەگەڕێنێتەوە. بەهۆی شیعرەوە، دووبارە زمان دۆخە ڕەسەن و بنەڕەتییەكەی خۆی وەردەگرێتەوە. لە ئاستی یەكەمدا، دەلالەتە زیندوو و دەنگییەكانی خۆی، كەوا بە زۆریی لە هزردا سەركوت دەكرێن، وەردەگرێتەوە, ئینجا دەلالەتە هەڵچوونییەكانی و دواجاریش دەلالەتە مەعنەوییەكانی. زمان بەوە پاكژ دەبێتەوە دووبارە بگەڕێنرێتەوە بۆ سروشتە بنەڕەتییەكەی خۆی، هەر ئەمەیش ئەركی شاعیر. لێرەشدا دەگەینە یەكێك لە خاڵە سەرەكییەكانی باسەكەمان. وشە لە خۆیدا، فرە واتایە. خۆ ئەگەر ئەوە ڕاست بێت وشە لە شیعردا سروشتە بنەڕەتییەكەی خۆی وەردەگرێتەوە- واتە بتوانێت لە یەك كاتدا دوو واتا یان زیاتریشی هەبێت- ئەوا پێچدەچێت قەسیدە ڕێك نكوڵی لە جەوهەری زمان: ؛مەدلول؛ (یان واتا) دەكات (واتە شعر یان قەسیدە نكولێ‌ لە زمانی ئاڵوگۆڕ دەكات-و-). لەمەوە شیعر ئەبێتە پرۆژەیەكی بەتاڵ و شێواو: قەسیدە مرۆڤ لە ئازیزیترین سامانی ڕووت دەكاتەوە: ئەویش زمانە. لەبری ئەوە گاڵتەبازییەكی دەنگییانەی ئاڵۆزی تەمومژاوی پێ‌ دەدات! ئەی كەواتە وشەكان و ڕستەكان، ئەگەر لە قەسیدەدا مانایەكیان هەبێت، چ مانایەكە؟ 

سەرچاوە:
ماڵپەڕی (حوار الخیمة العربیة).

Tuesday 11 September 2012

وشتر و باڵندە

هاوار محەمەد

نیچە لە "زانستی شادی"ـیدا دەڵێت: "شتە بنەڕەتییەكە ئەوەیە كە بزانین ئایا زۆر سوكین یان زۆر قورسین- ئەمە مەسەلەی كێشی تایبەتی ئێمەیە" (بەشی پێنجەم, فراگمێنتی 380). لە كتێبی سێیەمی زەردەشتیشدا چاپتەرێك تەرخان دەكات بە "روحی قورس" و دەڵێت: "من دوژمنی روحی قورسم, ئەمەیش سروشتی باڵندەكانە, من هەر بە ڕاستی دوژمنە سەرسەختەكەی, دوژمنە بنجبڕەكەی, دوژمنە ئەبەدییەكەی روحی قورسم". لای نیچە سووكی و قورسی دوو میتافۆرن بۆ وەسفكردنی مرۆڤ لە دۆخە مرۆییەكەی یان بان مرۆییەكەیدا. ڕوحی قورس جەستەی قورسیشە, جەستەیەك كە بە باری ئایین و ئەخلاق و عەقڵ و فەزیلەت قورس كراوە و خاوەنی "بەڵێ‌"ـی قەڵپ و "نەخێر"ـی قەڵپە, ئەمەیش هیچ نییە جگە لە گوێدرێژ یان وشتر. بەڵێی قەڵپ بەڵێكردنە بۆ ژیانی كۆیلە, ڕاگرتنی پشتە بۆ بارەكان, ڕازیبوونە بە دۆخی باو, نەخێری قەڵپ ڕەتكردنەوەی ژیانە, ڕەتكردنەوەی ژیانێكی چالاكانە و بەربەست دروستكردنە لەبەردەم هێزی چالاكدا.

لە كتێبی یەكەمی زەرادەشتدا نیچە باس لە سێ‌ بارگۆڕانەكەی ڕوح دەكات: "ڕوح چۆن دەبێت بە وشتر, وشتر چۆن دەبێت بە شێر, شێر چۆن دەبێت بە منداڵ". وشتر بارەكانی عەقڵ و فەزیلەت هەڵدەگرێت و بەنێو بیاباندا دەڕوات, بەڵام لە بیابانە چۆڵ و كاكی بەكاكییەكاندا بارگۆڕانی دووەم ڕوودەدات, وشتر دەبێت بە شێر, شێر بوونەوەرێكە ئیرادەی هەیە و بە قەولی نیچە دەیەوێت لەگەڵ گەورەترین تەنیندا بكەوێتە جەنگەوە, شێر بەهاكان تێكدەشكێنێت, دەبێتە خاوەنی "نا"ی موقەدەس, بەڵام هێشتا توانای داهێنانی بەهای نوێی نییە, پێویستی شێر ئازادی تەواوی هەبێت بۆ داهێنانی بەهای نوێ‌. ئەوەی توانای ئەم داهێنانەی هەیە تەنیا منداڵە, بۆیە دەبێت لە بارگۆڕانی سێیەمدا ڕوح ببێت بە منداڵ. منداڵ واتە بەرائەت و لەبیركردنی پرەنسیپە كۆنەكان و سەرەتای نوێ‌ و یاری و گەمە و و پێكەنین و جوڵە و سەما, واتە "بەڵێ"ـی موقەدەس بۆ داهێنانی بەهای نوێ‌. گۆڕانەكە لە وشترەوە بۆ منداڵ گۆڕانە لە جەستەیەكی قورسەوە بۆ جەستەیەكی سووك, لە بوونەوەرێكی باركراوەوە بۆ بوونەوەرێكی گەمەكار. جەستەی سووك جەستەیەكی پڕ جموجوڵ  و چالاكییە, منداڵ وەك یاری و گەمە دەكات پێیشدەكەنێ‌, پێكەنین ئەو ڕەگەزەی فیكری نیچەیە كە فەیلەسوفی داهاتووى نیچەیی, یان مرۆڤى باڵا, بە ڕەهایی بەهاكۆنەكان و عەقڵی فەیلەسوفانی پێش خۆیی پێ‌ ڕەت دەكاتەوە. پێكەنین پێكەنینە بە بەها كۆنەكان و هەڵگەڕانەوەیانە لە ڕێگەی كردەی پێكەنینەوە.
میلان كۆندێرا لە ڕۆمانی "سووكەڵەیی لە تاقەت بەدەری بوون"ـدا, كە "عەتا نەهایی" وەرگێڕ و نووسەر كردوویەتی بە كوردی دەڵێت: "قورسترن بار, تێكمان دەشكێنێت, پشتمان دەچەمێنێتەوە و بە عەرزەوە دەمانگوشێت. كەچی لە شیعری عاشقانەی هەموو سەدەكاندا, ژن تامەزرۆی هەڵگرتنی قورسایی لەشی پیاوە, كەواتە قورسترین بار, هاوكات نیشانەی توندترین چالاكیی ژیانیشە. بار هەرچی قورستر بێت, ژیانی ئێمە زەمینیتر و واقیعییانەتر و ڕاستترە.
لەبەرامبەر ئەمەیشدا, نەبوونی بار, دەبێتە هۆی ئەوەی كە مرۆڤ لە هەوایش سوكتر بێت و بفڕێت, لە زەمین و مرۆڤی زەمینی داببڕێت, لە شێوەی بوونەوەرێكی نا واقیعیدا دەربكەوێت. هەموو جوڵەیەك و بزاوتێكی ئازاد و لە هەمان كاتدا بێ‌ مانا بێت. ئەدی دەبێ‌ كامەیان هەڵبژێرین سووكی یان قورسی" (ل14). هەڵبەت میلان كۆندێرا مەبەستی لەوە نییە مرۆڤ بە بار قورس بێت, ئەو كە كەسایەتی تۆماسی دروست كردووە لایەنگری سووكیشە, بەڵام هەمیشە قسەی ئەوانەی لایەنگری قورسین ئەوەیە كە ژیان بارێكی گرانە و مرڤیش دەبێت باری ئەم ژیانە هەڵبگرێت, بێ‌ ئەوەی هیچ هەوڵێك بدەن بۆ گۆڕینی جیهان خۆی, گۆڕینی جیهان واتە بوونی ئیرادە و ویست بۆ دروستكردنی جیهان, بۆ دروستكردنی خۆم. نیچە پێی وایە ئەوە "من" نییە كە پێش "سوبێکت" ئامادەیە, بەڵكو ئەوە خۆمم "من" دروست دەكات, مرۆڤی نیچەیی تەنیا جیهان داناهێنێت بەڵكو خۆیشی دادەهێنێت.
ژیل دۆلۆز پێی وایە میتافۆری وشتر و گوێدرێژ لە لە زمانە ڕەمزییەكەی نیچەدا تەنیا بۆ ئەوە نییە نیشانمان بدات كە ئەم دووبوونەوەرە توانای هەڵگرتنی باریان هەیە, بەڵكو دەتوانین هەست بە كێشی چەندێتی بارەكەیش بكەن, ئەوان تەنیا پشت نین بۆ بار هەڵگرتن, بەڵكو تەرازووی كێشانەی بارەكانیشن. ئەم دوو بوونەوەرە لە كوێدا پێویست بە "نا" بكات دەڵێن "بەڵێ‌" و لە كوێدا پێویست بە "بەڵێ‌" بكات دەڵێن "نا", هەر لەبەرم ئەمەیش هەمیشە بە زەمینەوە نوساون و توانی بەرزبوونەوە و فڕینیان نییە, ئەوان هەمیشە ڕوویان لە ئاسمانە, بەڵام هەرگیز ناتوانن لە زەمین دابڕێن, ئەوان تەنیا وەك خشۆك بەسەر زەمیندا دەڕۆن و توانای هەڵكشان بۆ شوێنە بەرزەكان و فڕینیان نییە, مرۆڤی نزمن نەك مرۆڤی بەرزە مرۆڤ. فڕین لای نیچە مانای ئەوەیە كە مرۆڤ ببێتە باڵندە و لە سەرەوە تەماشی خوارەوە بكات, بنەما بێ‌ بەهاكان, كە مرۆڤ لە ئیرادە دەخەن و دەیكەن بە بوونەوەری ناچالاك, كە هۆكار و نیشانەی داڕزانن, نەخاتە سەرووی خۆیەوە بەڵكو بیانخاتە خوارووی خۆیەوە, نیچە نایەوێت مرۆڤ ڕزگار بكات, بەڵكو دەیەوێت مرۆڤ پردێك بێت بۆ پەڕینەوە بەرەو بەرزە مرۆڤ. كێشەی نیچە لەگەڵ ئایدیای ڕزگاریدا لە دژایەتیكردنییەوە دێت لەگەڵ ئەم ئایدیایەدا لە فیكری مەسیحیدا. مەسیح باری گوناهی مرۆڤ هەڵدەگرێت و خۆی دەكاتە بوونەوەرێكی قورس, هەر بەهۆی ئەم بارەیشییەوە دەمرێت, نیچە وتەنی "خودا (واتە مەسیح) لە بەزەییدا مردووە". لای نیچە بەزەیی و خەسڵەتی لاواز و شكستخواردووەكانە, لە (دژە مەسیح) دا دەڵێت: "بەزەیی فەساد دەخاتە نێو عەقڵەوە". یاخود دەڵێت: "بەزەیی عەدەمییەتە لەسەر زەمینی كرداری... بەزەیی ئامرازی ڕازیكردنی خەڵكە بە عەدەم". عەدەم هەموو ئەو بەڵێنانەیە كە هیچ پەیوەندییەكی بە ژیانێكی چالاكانەی ئیسپاتییەوە نییە, پەیوەندی بەو هێزە داهێنەرەكانەوە نییە. ئیسپات واتە بەڵێكردن بۆ ژیان و خۆ ڕزگاركردن لە سەرجەم كۆت و بەندەكان و بوونی هێز بۆ فڕین, واتە داهێنانی مانا لە ژیاندا نەك تەماشاكردنی ژیان وەك بێمانایەك كە ماناكەی وا لە جێیەكی تر و كاتێكی تردا (ئاخیرەت) نیچە بەمە دەڵێت داماڵینی ژیان لە ناوەندی بەهای خۆی. ئەو پێی وایە مرۆڤ بە جۆرێك بژی كە مانا لە ژیاندا نەبینێت لە ئێستادا خۆی بۆتە تاكە مانایەك كە هەبێت, ئەمە نەفیكردنەوەی ژیانە, بەڵام فەلسەفەی ئیسپاتی نیچە واتە ئیسپاتكردنی ژیان نەك نەفیكردنەوەی, ئیسپاتیش بۆ ئەوەی دوور بێت لە ئیسپاتی دیالێكتیكی دەبێت ئسپیاتی ئیسپات بێت, ئەمەیش پێچەوانەی نەفی نەفی دیالێكتیكە. مرۆڤی ئیسپاتی مرۆڤێكی سووكەڵەی خاوەن ئیرادە و هێزە, هەمیشە بەسەر هێزی ناچالاكدا بەرزتر دەبێتەوە, ئەو پێویستی بە هێزی ناچالاك نییە تا خۆی ئیسپات بكات, بەڵكو ئەو هێزی ناچالاكیش ئیسپات دەكات.
نیچە دەیەوێت فەیلەسوفی داهاتوو پزیشك بێت و سەما بزانێت. پزیشكێك بە دڵرەقی تیماری ئەو برینانە دەكات كە لاهوت و ئەخلاق و فەزیلەت كردوویانەتە جەستەی مرۆڤەوە, سەماكەرێكیش بۆ ئەوەی بەسەر داروپەردووی مرۆڤدا بە شادییەوە هەنگاو بنێت بەرەو باڵابوون. فەیلەسوفی داهاتووی نیچە منداڵێكە خەریكی گاڵتە و گەپ و پێكەنینە, هەموو بەهاكان بە پێكەنینەكەی دەمرن.
سەرچاوەكانی نووسینی ئەم وتارە كورتە:
1-     فردریك نیتشه: العلم المرح, ترجمة: حسان بورقي و محمد ناجي، مطبعة: أفریقیا الشرق- المغرب, الطبعة الثانية, 2010.
2-     فردریش نیتشه: هكذا تلكم زرادشت- كتاب للجمیع و لغیر أحد, ترجمة: علي مصباح, منشورات الجمل- كولونیا (المانیا)- بغداد, الطبعة الأولى, 2007.
3-     فردریش نیتشه, ترجمة: علی مصباح, منشورات الجمل- بیروت- بغداد, الطبعة الأولى, 2011.
4-     جیل دولوز, نیتشه و الفلسفة, ترجمة: أسامە الحاج, المۆسسة الجامعیة للدراسات و النشر و التوزیع, الطبعة الثانية, 2001م.
5-     میلان كۆندێرا: سووكەڵەیی لە تاقەت بەدەری بوون, وەرگێڕانی: عەتا نەهایی, دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم, چاپی یەكەم, 2009.