My Blog List

بابه‌ته‌ نوێیه‌كان

خۆرهەڵات و فەلسەفە

Monday 20 May 2013

لە "ئـــا..س..ن"دا ئاسن هەیە

خوێندنەوەیەك بۆ قەسیدەی "ئاسن"ـی سدیق عەلی

 هاوار محەمەد


دوای زیاتر لە دە ساڵا نووسین (سدیق عەلی) شاعیر, كە شیعرەكانی كۆكردەوە تەنیا نامیلكەیەكی (100) لاپەڕەیی دەرچوو كە ناوی لێنا (كەوتنە خوارەوە لە تۆ), كەوتنێك كە پێدەچێت بەشێك بێت لە حیكایەتی كەوتنە گەورەكانی مێژوو, بەشێك بێت لە گێڕانەوەی گوناهەكان كە هەمیشە چركەی دوای گوناه كەوتنە, ئێمە ئەم وانەیە لە ئادەمەوە فێر بووین. پێدەچێت عەشق لەنێوان شاعیرەكاندا گوناهێكی هاوبەش بێت, شاعیر كە دەكەوێت تەنیا بەردەبێتەوە ناو شیعر, كەوتنی شاعیر و دەرپەڕاندنی لە بەهەشت بەربوونەوەیەتی بۆ نێو زمان, هیچ شاعیرێك نییە بێ‌ بەربوونەوەیەكی لەم جۆرە بتوانێت دەقی باش بنووسێت. بەربوونەوە بۆ نێو زمان یاریكردن بە وشەكان و ڕازاندنەوەی ڕستەكان نییە, بەڵكو ئەزموونكردنی زمانیش وەك ئەزموونكردنی ئازار و بەختەوەری حەقیقییە, یان بە جۆرێكی تر بیڵێین, ئەزموونی زمان ئەزموونكردنی حەقیقەتە.
ئەو كەم دەنووسێت, بەڵام كە نووسی ئیتر جوان دەنووسێت؛ چۆن زمان ماڵی بوونە, ئاوایش دەق ماڵی نووسەرە, تیۆردۆر ئەدۆرنۆ دەڵێت: "نووسەر لە دەقەكەیدا نیشتەجێ‌ دەبێت, وەك نیشتەجێبوونی لە ماڵەكەی خۆیدا", بۆیە ماڵە شیعرییەكەی سدیق عەلی ئەگەرچی زۆر بەرفراوان نییە, بەڵام گرنگ ئەوەیە پڕیەتی لە وێنەی شیعری, ماڵەكەی لە كوخێك زیاتر نییە: كوخێك لە شیعر, ئەمەیش بە پێچەوانەی هەندێك شاعیری ترەوە كە دەیانەوێت بە بەرهەمەكانیان قەڵایەك هەڵچنن. محەمەد عومەر عوسمان لە دوای "لە غوربەتا" شیعری تری نەنووسیوە بۆ ئەوەی بۆ ئەبەد وەك غەریبەیەك بمێنێتەوە. دەگێڕنە جارێك گەنجێك لە "چاییخانەی شەعب" لێی دەپرسێت بۆچی شیعری تازە نانووسیت؟ ئەویش دەڵێت من شتێكم نەنوسیووە كۆن ببێت. ڕەنگە غرورێكی لەم جۆرە بۆ شاعیر هەندێجار وێرانكەر بێت, بەڵام لایەنیكەم فێری ئەوە بووین كە بڵێن ئەوە تەنیا دەقی ڕاستەقینەیە كە دەتوانێت بۆ ماوەیەكی درێژ بژی. پێدەچێت سدیق عەلیش جارێ‌ پێویستی بەوە نەبێت شیعری تر بنووسێت, ئەو چەند قەسیدەیە بەسە بۆ ئەوەی خوێنەر بۆ زەمەنێك ئالودەی خۆی بكات, هەر لەبەر ئەمەیشە دەروەستی ئەوە نییە لە هەموو ڕۆژنامە و گۆڤارێكدا بەرهەمەكانی بڵاو بكاتەوە, وەك چۆن بێ‌ باكە لەوەی وەك شاعیرێك ناوبانگی بە هەموو لایەكدا بڵاو ببێتەوە یان نا.
لای ئەو بەرد و ئاسنیش بۆ ئەوە دەست دەدەن ببنە شیعر بێ‌ ئەوەی وێنە شیعرییەكان بشێوێنن, پێشتر ئاسن و بەرد و ئاگر بە زۆری لە شیعرە شۆڕشگێڕیی و حەماسییەكاندا بەكار دەهێنران, بە پێچەوانەیشەوە شیعری ڕۆمانسی دەبوو وشەكانی (مانگ و هەتاو و درەخت و شنە و با) و شتی لەم بابەتانە ببوایە، سدیق عەلی لە شیعردا ئەم وێنانە دەشێوێنێت, بە جۆرێك ئەشێت بەرد بوونەوەرێكی مهیرەبان بێت و مانگیش بوونەوەرێكی شەرەنگێز:
ئاسن بەو هەموو نەرمییەوە,
ژەمێك لە ژێر ئەسرینی پێكێكی شیریندا وچان نادات،
لە ناو (ئا.. س.. ن)ـدا تا ڕۆژ دەبێتەوە
من هەم و تۆ هەیت و ئەو هەیە.. "كەوتنە خوارەوە لە تۆ, ل7".
 قەسیدەی (ئاسن) یەكێكە لە قەسیدە قەشەنگەكانی, هەڵبەت ئەم چوار پیتە كۆدێك یان ڕەمزێكە شاعیر كردوویەتییە ناونیشانی قەسیدەكەی, بەڵام وەك چۆن ڕەمزێكى ناڕوونە ئاواهیش ڕەمزێكی مانادارە کە هەم ئاسن دەگۆڕێت بە شێکى دیکە و هەمیش تێیدا ئاسن مانای ماتریالییانەی خۆی ون ناكات. بەم جۆرە وێڕای ئەوەی ئەزموونێكی زۆر خودیی پاڵنەری نووسینی ئەم شیعرەیە كەچی نەك تەنیا لە ئاستی هەڵچوون و شعورى شاعیردا نەماوەتەوە, بەڵكو شیعرەكە ڕۆچۆتە نێو ڕۆحی شتەكانیشەوە, نێو ڕۆحی ماتریال و ڕەگەزە ئۆبێكتی و دەرەكییەكانیشەوە و شتى دیکەیان تێدا کەشف دەکات. بە جۆرێك كە ئیتر لە چەندین جێگادا سوبێكت و ئۆبێكت تێكەڵ دەبن, یان با بڵێین شوێنی خۆیان لێ تێك دەچێت.
(دە ئیتر بەس لەگەڵ
سێبەری ئەو دیوارەدا هەڕاجمكە
...........................
لەگەڵ مێرگەكاندا بە شەڕم مەدە
ئەی دۆست..
لای سدیق عەلی گرنگ ئەوە نییە یار بە مانگ بچوێنیت, ئەمە ڕێگایەكی نزیكی لێكچوواندنە, بەڵكو گرنگ ئەوەیە چۆن یار بە ئاسن بچوێنێت, بە جۆرێك كە سیفەتەكانیان بەریتەوە سەر یەكتر بێ‌ ئەوەی ئەم سیفەتە تەنیا ڕەقییەكی پەتیی (ئاسن) بێت, وا دیارە دەبێ‌ هێشتا ئاسن ئەبستتراكتتریش ببێتەوە, بە جۆرێك دەیەوێت لە (ئاسن)ـەوە ڕەقێتی زیاتر دەربهێنێت و لە (ئاو)ـیشەوە نەرم و نیانی زیاتر بگوشێت, یان بە پێچەوانەیشەوە, دەیەوێت لە (ئاسن)ـەوە نەرمی بگوشێت و لە (ئاو)ـیشەوە ڕەقێتی دەربهێنێت:
ئەی ئاسنترین دۆست,
ئەی وەرزی داگیرسان و مەوسیمی ڕەق بوونەوە,
ئەی چەقۆی جەللادێك و قفڵی دەرگای زیندانێك
ئەها لە ئاسندا ئاسن هەیە.. "كەوتنە خوارەوە لە تۆ, ل 10".
لە ئاسندا ئاسن هەیە، هەر بەو جۆرەى لاى جۆرج ژۆرژ باتاى ئاو لە ئاودا هەیە. لاى باتاى هەموو جیهان لە نێو یەکدا ناونشینە، لە شیعرەکەى سدیق عەلیشدا هەردوو ئاسنەکە لە یەکدا ناونشینن، ئەگەرچى لێکیش جیاوازن. مەسەلەکە ئەوەیە چۆن لە ئاسندا ئاسنێک لە مەعدەنێکى تر کەشف بکەیت، یان بە پێچەوانەوە، چۆن لە ئاسندا نا-ئاسن کەشف بکەیت. دەبێ‌ لە زماندا توخمە سروشتییەكان تێك بدەی، دەبێ‌ هەر شتێك كە هاتە نێو دەقی شیعرییەوە وەكو خۆی نەمێنێتەوە و هەرچۆن هەیە گۆڕانێكی بەسەردا بێت, دەبێ‌ زمانی شیعری زمانێكی تر لە نێو زماندا هەڵبكۆڵێت, بە جۆرێك كە دژەكان بتوانن بە پاڵ یەكەوە لە نێویدا بژین، گاستۆن باشلار پێی وایە ژیان دەچێتە نێو هەموو شتێكەوە كاتێك كە لێكدژییەكانی تێدا كۆدەبنەوە:
ئاسن پڕیەتی لە نەغمە لە من
 ئاسن تژییە لە گوڵ.
ئومێدی میشێل فوكۆ بە ئەدەب ئەوەبوو بتوانێت زمانێكی تر لەنێو زماندا وەك كەلێن دروست بكات, باشلاریش پێی وایە وێنەی شیعری دەبێتە بوونێكی نوێ‌ لە زمانی مندا. ئێستە ئیدی نابێت ئەدەب تەنیا ڕازێنەرەوەی زمان و ڕیزكردنی وشەی جوان و قەشەنگ بێت, وادیارە ئیتر جوانی ڕاستەوخۆ لە ڕستەی جوان و شتی جوان و بوونەوەری جوانەوە نایەت, تەنیا لەو وشانەوە وەرناگیرێت كە ئاوازێك لە تۆنەكەیدا هەیە و خۆیشی دەلالەتە لە شتێكی جوان, سدیق عەلی دەركی بەمە كردووە بێ‌ ئەوەی بكەوێتە نێو ئەو هەوڵە ساردو سڕی و كرچ و كاڵ و نەزۆكەی كە لەم ساڵانەی دواییدا لە لایەن چەند شاعیرێكی ڕۆژهەڵات و باشووری كوردستانەوە سەری هەڵداوە بۆ تێكدانی زمان و شكاندنی وشەكان, ئەو هەوڵەی ئەوان هیچ نییە جگە لە كوشتنی ڕۆحی شیعر. سدیق عەلی دەیەوێت ئێستاتیكای شیعری لە شوێنێكی دیكەوە دروست بكات, ئەم شوێنەیش هیچ نییە جگە لە كەلێنەكانی زمان, جگە لە درزەكانی, ئەو تەنانەت كە دەشنووسێت (ئاسن) پڕی دەكات لە كەلێن (ئا..س..ن), یان:
ئا..
س..
ن..
یان كە دەڵێت:
 دڵم بە دڵم دەسووتێ‌،
ئێستایش هەروا لە ناوەڕاستی
(ئا..س..ن) ـدام..
ئیتر ئەركی شاعیر پڕكردنەوەی كەلێنەكانی زمان نییە, بەڵكو گەورەكردنی درزەكانییەتی, شاعیر لەم درزانەدا نیشتەجێ‌ دەبێت, كەواتە ئێستا ئەكرێت وتە بەناوبانگەكەی هایگەر "زمان ماڵی بوونە" و ئێمەیش لە سەرەوە باسمان كرد, بەم جۆرە لێك بدەینەوە: بوون لە زماندا نیشتەجێ‌ دەبێت بەڵام لەنێو ژوورەكانیدا نا, لەنێو دڵیدا نا, بەڵكو لەنێو ئەو درزانەدا كە وان لەناو دڵیدا. ئایا هێشتایش ئەشێت بڵێین زمان ماڵی بوونە؟ ڕاستییەكەی كەلێنەكانی زمان ماڵی بوونن, بەڵام ئەم كەلێنانەیش تەنیا لەنێو زمان خۆیدایە, بەم مانایە سوبێكت خاوەنی زمان نییە, بەڵكو لە زماندا دەژی, بۆیە شتێك نامێنێت بە ناوی ناوەوەی زمان و دەرەوەی زمان, تەنیا یەك شت هەیە: زمان و كەلێنەكانی. بەمەیش زمان لە مەسرەفكردن و بەكارهێنانی ڕۆژانە ڕزگار دەكەین.
دواجار منیش تۆم كە دەڕۆیت,
منیش ڕەشەبایەكم كە زەوقی ئاوڕدانەوەی نەماوە. (كەوتنەخوارەوە لە تۆ, ل 5).
ئەدەب ئەوەیە كە زمان لە بەكارهێنانی تەكنیكییەكانە و ڕۆژانە ڕزگار بكات, ئەم ئەركە بەوە ناكرێت كە زمانێكی تایبەت بە خۆی دروست بكات, یان كۆمەڵێك پێشمەرج هەبێت لەسەرت بسەپێنرێت تا بتوانیت بچیتە نێو دونیای ئەدەب, ئەمە تا ڕادەیەكی زۆر بۆچوونێكی كلاسیكییانەیە, بەڵكو بەوە دەكرێت زمان بێ‌ ئەوەی مەسرەف بكرێت زێدەڕەوی لەو شتەدا بكات كە باسی دەكات. باشلار پێی وایە ڕۆحی شیعر ئەوەیە شتێكی نا واقیعیت لەبارەی شتێكی واقیعییەوە پێ‌ بڵێت, یاخود جەوهەری شیعر وا لە زێدەڕەویكرنەكەیدا:
دەچمەوە كۆڵانە گوناهەكانی پشت ماڵ
دەبینم ئاسن بە تەنیا
ئەو كتێبە سووتاوەیە
ڕستەكانمان لە پەرەگرافێكی خۆڵەمێشیدا خڕ دەكاتەوە (ل 11).
زێدەڕەویكردن درۆیەك نییە كە شاعیر لەگەڵ خۆیدا بیكات, بۆ نموونە كاتێك یار شاعیر بەجێ‌ دەێڵێت شاعیر زێدەڕەوی لە هەستەكانی خۆیدا بكات, فرمێسكی نە ڕشتبێت و وا نیشان بدات دەریایەك فرمێسكی باراندووە, بەڵكو زێدەڕەویكردن لە شیعردا زێدەڕەوییە لە خودی خەیاڵدا, بەو مانایەی تا خەیاڵ بڕ دەكات شاعیر واقیعەكەی خۆی درێژ دەكاتەوە و تا دوا سنووری خۆی ڕایدەكێشێت, هەر لەمەشەوە كە شاعیر ئاسن ڕەقتر لە خۆی دەبینێت و ئاویش لە خۆی نەرمتر, یان هەست بە نەرمیی ئاسن و ڕەقێتی ئاو دەكات.


ئەم وتارە لە فەرهەنگى ڕۆژنامەى هەولێردا بڵاوبۆتەوە.

Saturday 18 May 2013

ئەفڵاتوون و ژن

ناوى کتێب: ئەفڵاتوون و ژن
ناوى نووسەر: ئیمام عەبدولفەتاح ئیمام
ناوى وەرگێڕ: هاوار محەمەد
چاپخانە: موکریانی
ساڵ و شوێنى چاپ: 2013 هەولێر

ژن و فەیلەسوفان
دەروازەیەکى گشتى
د. ئیمام عەبدولفەتاح ئیمام
وەرگێڕانى هاوار محەمەد
ئەم زنجیرە كتێبە هەوڵدەدات لە پەیوەندیی نێوان "فەیلەسوفان و ژن" بکۆڵێتەوە. وەك ویستێک بۆ دووپاتكردنەوەی ئەو بیرۆكەیەی كە دەڵێت ئەو وێنە خراپەی لەبارەی ژنەوە باوە هەر لە سەرەتای فەلسەفەوە فەیلەسوفان لە وڵاتی یۆنان كێشاویانە، ئینجا دوای ئەوە لای ئێمەمانانیش زەمینەی بەپیتی خۆی دیوەتەوە و بگرە كاڵایەكی ئایینی بە بەردا كراوە و بۆتە بیرۆكەیەكی "پیرۆز" كە شیاوی پووچەڵكردنەوە نییە! ئەمەش لای گەورە فەیلەسوفانی هزری یۆنانی دیار و ئاشكرایە: سوكرات، ئەفلاتون، ئەرستۆ. كە هزرەكانیان بوون بە بەشێك لە ترادسیۆنی فەلسەفی و گوازرانەوە بۆ هەردوو جیهانی مەسیحی و ئیسلامی، لای ئەوانیش پێشوازییەكی گەرمی لێكرا و ئامادەییەكی لەباری بۆ دووبارەكردنەوە و پشتیوانی لەلایەنی ئایینی بۆ خۆی بینییەوە.
بۆ نموونە تۆ سەرنج لەو تێڕوانینە نوێیە بدە كە حەزرەتی مەسیح لە ڕێگەی[1] هەڵوێستە مرۆییەكانی لەگەڵ ژندا هێناویەتییە ئارا -ئەم بابەتە لە ژمارەی سێیەمی ئەم زنجیرەیەدا بە درێژیی باس دەكەین و لەوێدا لەبارەی "فەیلەسوفی مەسحی و ژن"ـەوە دەدوێین- دەبینیت ئەو ترادسیۆنە كۆمەڵایەتییەی فەیلەسوفەكان بەشێوەی تیۆرییانەی ئەبستراكت دایانڕشتووە، لە هزرە ئایینییە نوێیەكە بەهێزتر بووە و بگرە چەوساندویەتییەوە و سیماکانى سڕیوەتەوە، بە یەك جیاوازییەوە ئەویش ئەوەیە ئایدیا خراپەكان لەبارەی  ژنەوە بەرگێكی ئایینیان بە بەردابڕا و لەمەشەوە كەوتنە سۆراغی بەڵگە، پشتیوانی خۆیان لە "پەیمانی كۆن/ تەوارات"ـەوە وەدەستخست و لەوێدا هەڵەكەی ئادەمیان بینییەوە كە بەهۆیەوە لە بەهەشت دەركرا و مردنی هێنایە نێو جیهانەوە، هۆكاری ئەم گوناهەیش: [گوایە] بە فیتى ژن بوو!.
هەمان شتیش لەبارەی ترادسیۆنی ئیسلامییەوە بڵێ‌: ئەگەرچی ئیسلام لە دادپەروەری و هەقبەشی (إنصاف)[2]ـی لە ئافرەتدا زۆر ڕوون و ڕاشكاوە: نە زیندەبەچاڵكردن و نە تووڕەیی بەسەریدا و نە چاوترسێنكردنی باوكزادانە و نە بێ‌ بەشكردنی لە میرات و نە بەزۆر بەشوودانی و نە سەرپەرشتی بەسەر ماڵ و سامانی و نە دەستگرتن بەسەر بیركردنەوەی یان بازرگانیەكەی یان ڕۆشنبیریی و فێربوونیدا...هتد[3].. كەچی وێڕای ئەمانەیش دەبینیت ئەو فەیلەسوفانەی ئیسلام كە ئایدیاکانى فەلسەفەی یۆنیانییان دووبارە كردۆتەوە، بەتایبەتیش تیۆری مامۆستای یەكەم لەبارەی ژنەوە، لە توانا و بەهای مێینەیان هێناوەتە خوارێ‌، تەنانەت تا ئەو جێیە ڕۆیشتوون كە ئەخلاقی پیاویان لە ئەخلاقی ژن جیاكردۆتەوە، ڕێك وەك ئەوەی ئەرستۆ كردی! ئیمامی غەزالی هیچ دڕدۆنگ نەبووە لەوەی بڵێت: «مافی پیاوە پێشەنگ بێت نەك شوێنكەوتە» چوون ئەو سەروەرە! بۆیە دەبێت «بە ئاسانی و سادەیی نەكەوێتە دەستبازیكردن لەگەڵیدا  تا لای ئەو لەشان و شەوكەتی كەم نەبێتەوە»[4]. ژنان «زۆربەیان بەد ڕەفتار و كەللەڕەقن و لەواندا [عەقڵ] نەرم و نیان نابێتەوە مەگەر بەجۆرە نەرم و نیانییەكی سیاسەتبازانەوە نەبێت»..[5]. هەروەها دەبێت ژن «لە كونجی ماڵەوەدا بسرەوێ و موحتاجى دەستبازیی مێردەكەی بێ‌ و نابێت زۆر بچێتە سەرەوە، دەبێت لەگەڵ دەر و دراوسێیشدا كەمدوو بێت»[6]. لەسەر مێردەكەیشی پێویستە فێرکردنى بگرێتە ئەستۆ بۆئەوەی بۆ فێربوون نەچێتە شوێنانی تر، هیچ ڕێگرییەكیش نییە لەوەی ئەویش مێردەكەی فێری "زانستی حەیز و حوكمەكانی" بكات- كاتی گونجاوی ئەم فێربوونە ئەوكاتەیە كە ژنەكە دەچێتە حەیزەوە.. «تەنانەت ئەگەر پیاوەكەی زانیاریشی كەم بوو، ئەو هەر بۆی نییە بچێتە دەرێ‌ تا پرسیار لە زانایان بكات»...[7]، بەم جۆرە ئیمامی غەزالی ژن لە چوونە دەرێی ماڵەكەی بێ‌ بەش دەكات تەنانەت ئەگەر بۆ زانستیش بێت!
هەر بەم جۆرەش داب و نەریت و عورفەكانی كۆمەڵگە، یان ڕەنگە بەرژەوەندی پیاو و تێركردنی غرور و لوتبەرزییەكەی بەوە ڕەخسێنەری ئەو دۆخە بێت كە پیاو سەروەرە بەسەر زۆرێك لە ئایدیا بەرز و باڵاكاندا، ئینجا فەیلەسوفیش دێت و ئەم ترادسیۆنە كۆمەڵایەتییە باوە لە سەردەمەكەی خۆیدا پشت ئەستوور دەكات، ئیدی فەیلەسوف ژێرەكەی هەڵدەكۆڵێت تا ئەو ستوونە هزری و كۆڵەكە عەقڵییانەی تێدا بچەسپێنێت كە ئەم نەریتانە پشتیان پێ‌ دەبەستن.
بەڵام بۆچی پەیوەندی نێوان "فەیلەسوف و ژن" بۆ ماوەیەكی درێژ خراپ بووە، كەچی لەگەڵ ئەدیب و مۆسیقار و شاعیردا بەم جۆرە نەبووە؟..؟! چەند بۆچوونێك هەیە بۆ ڕاڤەكردنی ئەم دیاردەیە:
-       بۆچوونێك هەیە دەڵێت: ڕەنگە هۆكارەكە لاوازیی ڕواڵەتیی ئافرەت و هەوڵی ڕاڤەكردنی ئەم لاوازییە بێت، كە ئایا بەشێكە لە سروشتی و ناتوانێت لێى دەرباز بێت، یان ئەوەتا شتێكە كۆمەڵگە لەسەری سەپاندوویەتی؟ ڕەنگە ئەمە ئەو كێشە بێت كە تا ئەم ساتە وەختە بۆتە هۆی چەوساندنەی ژن، لەم ڕووەوە هەندێك لە لێكۆڵەرانیش پێیان وایە دینگەكانی ئەم كێشەیە لە سەردەمی یۆنانیدا ڕەگی داكوتاوە بەجۆرێك كە بۆتە كێشەی "سروشت یان عورف". ئەو پرسیارەش قووت بۆتەوە كە ئایا ئەو لاوازییەی بە ژنەوە دەردەكەوێت لاوازییەكی كۆمەڵایەتییە كە عورف و داب و نەریتەكان سەپاندوویانە، یان سروشت سەپاندوویەتی؟ كۆمەڵێك فەیلەسوفی گەورە، لە سەرویشیانەوە سوكرات و ئەفلاتون و ئەرستۆ و- ئەوانەی بە چەوساندنەوە و سووكڕوانین لە ژن بەناوبانگ بوون- لایەنگیرییان لەو بیرۆكەیە كردووە كە دەڵێت یاساكان و دام و دەزگاكان و ڕێكخراوە مرۆییەكان سروشتین نەك عورف. هەر لەبەر ئەمەش بوو هێرشیان كردە سەر سۆفیستەكان كە لایانوابوو ئاكار و بەهاكان و سیستەمە كۆمەڵایەتییەكان.. هتد، عورفێكن شیاوی گۆڕانن[8].
     واتە ئەم تاقمە پەیوەندی خراپی نێوان "فەیلەسوف و ژن" دەگێڕنەوە بۆ تێڕوانینە گشتییەكەی، یان ڕێبازە فەلسەفییە گشتگیرەكەی.
-       بەڵام تاقمێكی تر هەن ئەم پەیوەندییە خراپە دەگێڕنەوە بۆ سروشتی فەلسەفە خۆی نەك بۆ فەلسەفەی هەر فەیلەسوفێك بەجیا. چونكە بە تێڕوانینی ئەم گروپە، فەلسەفە سۆراغى شتە گشتی و ئەبستراكتەكان دەکات و لەوانە دەکۆڵێتەوە كە دەكەونە سەرووی هەست و هەستەكییەكانەوە ەكات، هەر لێرەشدایە هەڵوێستی دژە ژن و، بگرە هەندێ‌ كات سووكڕوانینانەی فەیلەسوف لە ژن دێتە گۆڕێ‌، كە بە زۆری وا دەیبینێت بەشێوەیەكی گشتی هێمای هەست و جەستە و ژیانی جوزئیى هەستەكییە، بۆیە ئەو پێی وایە ژن بە زەمینەوە شەتەك دراوە، ئەمە لەكاتێكدا فەیلەسوف دەیەوێت بۆ ئەودیوی سروشت لەشەقەی باڵ بدات و بفڕێت تا سیستەمێكی گشتگیری فەلسەفی بۆ خۆی دامەزرێنێت..هتد[9].
بەڵام ئەم بۆچوونە لە دوو گۆشەوە بۆچوونێكی ناپەسەندە:
گۆشەی یەكەم: ئەوە فەیلەسوفە كە ژن دەكاتە هاو مانای جەستە و ژیانی هەستەكی و هەموو ئەو شتانەی كە بەشەكییە، هەر ئەوە ئەم وێنە هەڵەیەمان پێ دەدات كە دواتر گومانی دەخاتە سەر.
گۆشەی دووەم: زۆر نموونەی ژنانی فەیلەسوف یان ژنانی بیرمەند هەن، بەڵام ئەو یان ڕەتیان دەكاتەوە، یانیش چاویان لێ‌ دەپۆشێت و، بە ئەنقەست فەرامۆشیان دەكات، وا حساب دەكات كە بوونیان هەر نییە. خۆ "ئیسپازیا" خاوەنی صالۆنێك هەبوو كە ئەفلاتون خۆی هامشۆی دەكرد، ژنێك بوو ڕۆڵێكی دیار و بەرچاوی لە سیاسەتدا دەگێڕا و ئەویش لە دیالۆگەكانیدا لەبەر ڕەوانبێژییەكەی باسی كردووە –هاوڕێكەی پێركلیس-، هەروەها "دیۆتیما"ـی مامۆستای سوكرات هەبوو كە لە دیالۆگی خواندا گفتوگۆی خۆشەویستیی سوكراتییانە لە دەوری ئەو دەسوڕێتەوە، وەك چۆن ژنانێكی فەیلەسوف هەبوون لە قوتابخانەی فیساگۆریزمدا[10]. هەروەها لە بەردەمی ئەرستۆشدا "ئۆلیمپیاس Olympias"ـی ژنی شا فیلیپی مەكدۆنی و دایكی ئەسكەندەری گەورە- ژنەمیر و كاهینی بەناوبانگی ئەپیرۆس- هەبوو كە تەنیا بە گەیشتنی كەژاوە شاژنییەكەی بۆ قوتابخانەكەی ئەرستۆ ئیدی مامۆستای یەكەم بە هەروەلەوە چۆتە پێشوازی لێ‌ كردنی و بەخێرهێنانی، ئەویش بە «ئەو لاڵەپەتەی كە هزری داهێنەرانەی نییە» وەسفی كردووە، پاشانیش ئەوەی بۆ زیاد كردووە كە «ڕەنگە ناوبانگەكەی بەهۆی ئەوەوە بێت یەكێك بووە لە قوتابییە باشەكانی ئەفلاتون»[11].
بۆچونی سێیەمیش هەیە كە دەڵێت ڕەنگە ڕەوشی كەسەكییانەی فەیلەسوف و پەیوەندییەكەی بە ژنەكەی یان خۆشەویستەكەی- هەڵوێستی ئەو فەیلەسوفە بەرامبەر بە ژن ئاوەژوو بكاتەوە.
ئێمە نكوڵی لەوە ناكەین ڕەنگە ئەم كاركردە ڕۆڵێكی بەرچاوی هەبێت لە بۆچوونی هەندێك فەیلەسوف لەبارەی ژنەوە، وەك ئەوەی لە كۆندا لای سوكرات دەیبینینەوە كە داد لەدەست ژنەكەی دەكات- كەچی لەگەڵ ئەوەیشدا بە قوتابییەكانی دەڵێت «هاوسەرگیریی بكەن، جا یان بەختەوەر دەبن، یان وەكو من دەبنە فەیلەسوف»! وەك چۆن ئەمە لای هەندێك فەیلەسوفی مەسیحییش دەبینینەوە كە لە ژمارەی سێیەمی ئەم زنجیرە كتێبەدا باسی لێ‌ دەكەین. وەلێ‌ فەیلەسوفانێكیش هەبوون هەرگیز هاوسەرگیرییان نەكردووە وەكو ئەفلاتون، كەچی بۆچوونیشیان سەبارەت بە ژن ئەو پەڕی خراپ بووە. فەیلەسوفانێكی وەك ئەرستۆش هەبوون دووجار هاوسەرگیرییان كردووە و، لە ژیانی تایبەتییانەوە شتێكی ئەوتۆ شك نابەین كە ڕاڤەی ڕق و كینەیانمان لە ژن بۆ بكات، بەڵكو بە پێچەوانەوە وا دەردەكەوێت ئەرستۆ لە هەردوو جارەكەدا ئاسوودە و بەختەوەر بووە!.
بەڵام لە ڕوانگەی ئێمەوە ڕاڤەی گونجاو پشت دەبەستێ‌ بە ڕوونكردنەوەی ئەو كارەی فەیلەسوف ئەنجامی دەدات، ئەویش هەڵكۆڵینی ترادسیۆنی كەلتووری لە سەردەمەكەی خۆیدا بە مەبەستی كەشفكردنی ئەو هزرانەی بە كۆڵەكەگەلێك دەدرێنە قەڵەم كە ئەم ترادسیۆنە پشتیان پێ‌ دەبەستێت و پاشانیش بە ڕەخنە و تاقیكردنەوە بایەخیان پێ دەدات، خۆ ئەگەر لەم هزرانەدا ڕێكەوتی ئارەزووەكانی دەروونی خۆیی كرد، ئەوا كار دەكات بۆ پشت ئەستووركردن و جەخت لێ‌ كردنەوەی، بێگومانیش بۆچوونە دژە ژنانەكان و ئەو بۆچوونانەی دەیكەنە موڵكی تایبەتی پیاو بۆ فەیلەسوف سوودبەخش و بە كەڵك بوون و جێی پەسەندی غرور و خۆگەورەبینییەكەی بوون، هەر لێرەشەوە و ڕەنگە بێ‌ ئاگایانە، كاری كردووە بۆ پشتیوانی لێ‌ كردنی و پەیڕەوی لێ‌ كردنی لە تیۆری فەلسەفی ئەبستراكتدا!.
بەڵام ئەوە چییە وا لە پیاو دەكات، جا چ فەیلوسوف بێت یان ڕێبوارێكی سەرەڕێ‌، بەم سووكیە تەماشای ژن بكات؟ وا پێدەچێت پەرەسەندنی ڕەوشی ژن لە كۆمەڵگەدا هەر لە سەرەتاكانی یەكەمی ژیانی مرۆییەوە پەیوەست بووە بە موڵكایەتی تایبەتەوە، لە قۆناغەكانی بەر لە پەیدابوونی خاوەندارێتی –یان ئەو كاتەی كە كۆمۆن هەبووە- كۆمۆنەی ڕەگەزییش باو بووە، ئەمەش ڕاستییەكە زانای ئەنترۆپۆلۆژی ئەمریكی "لویس مۆرگان L. Morgan" (1818- 1881 ز)، كەشفی كردووە[12]. پاشان لە قۆناغێك لە قۆناغەكاندا لای گەلە سەرەتاییە جیاوازەكانی وەكو ئەسكیمۆ نەریتی پێشكەشكردنی ژنە هاوسەرەكان بۆ میوانە ناسراوەكان و نەریتی گۆڕینەوەی ژنەكان..هتد، باو بووە.
بەڵام لەگەڵ گەشەسەندنی موڵكایەتی تایبەتدا پیاو هەستی بە گرنگی پاكداوێنی ژنەكەی و بێ‌ گەردی بنەماڵەكەی كردووە، لەبەرئەوەی ئێستە "خاوەندارە" و دەیەوێت ئەوەی هەیەتی بۆ منداڵگەلێكی جێ‌ بهێڵێت لە پشتی خۆی بن، كەواتە دەبێت "بە پاكی" پارێزگاری لە ژنەكەی بكات –ئەو دەفرەی كە وەچەی بۆ بەرهەم دێنێت- بە جۆرێك كە "خوێنی بێگانە" نەكەوێتە نێو خێزانەكەوە. بەم جۆرە بیرۆكەی ئافرەتی حەرەمسەرا و شاردنەوەی ژن لە چاوی خەڵكی كە هیچ پیاوێكی دیكە نەیبینێت سەری هەڵدا، تەنانەت ئەگەر بە ڕێ‌ و بانەكانیشدا بڕۆشتایە دەبوو پەچەپۆش و داپۆشراو بێت. ئینجا كۆمەڵگە لەبەر هۆكارگەلێكی تەواو ئابووری پەچە یان حیجابی بەسەر ژنی ئازاد (یان هاوسەر)دا سەپاند، هەر لە بەرەبەیانی مێژووەوە مێرد دەیویست بە هەمووانی ڕابگەیەنێت كە ژنەكەی ژنێكی ئازادە و مولكێكی تایبەتە كە نابێت بكەوێتە بەرچاوانی تر، ئەوەش جیاوازە لەو ژنانەی موڵكی گشتی بوون: كەنیزەكەكان و سۆزانی و لەشفرۆشەكان..هتد، ئەوەش لە كۆمەڵگەی شارستانییەتە كۆنەكاندا، لە یۆناندا هەر لە سەردەمی "هۆمیرۆس" و "هزیود"ەوە دەركەوتووە، و لە سەردەمی گەورە فەیلەسوفەكانی یۆناندا بەردەوام بووە: سوكرات، ئەفلاتون، ئەرستۆ و، بگرە تا ئیمپراتۆرییەتی ڕۆمانییش درێژەی كێشاوە. دوای دەركەوتنی مەسیحییەت حیجاب و پەچە بە رگێكی ئایینیان بەخۆیانەوە گرتووە و، ئیدی ژنی مەسیحی بۆی نەبووە بە سەری ڕووت بڕواتە دەرەوە، خۆ ئەگەر لە كەنیسەشدا بەم جۆرە دەربكەوێت، وەك قەدیس پۆلس دەیڵێت دەبێت بە بڕینی قژەكەی سزا بدرێت، وەك لە ژمارەی سێیەمی ئەم زنجیرە كتێبەدا دەیبینین[13]. ئەمەش مێژووی ئیسلامی جەختی لەسەر دەكاتەوە و وەك دەگێڕێتەوە عومەری كوڕی خەتاب بە ڕێ‌ و بانی شاردا پیاسەی دەكرد، ئەگەر كەنیزەكێكی موحەجەبە یان پەچەپۆشی بدیبایە بە قامچی تێی دەكەوت تا ڕووپۆشەكە (حیجاب) یان پەچەكە لەسەری دەكەوتە خوارێ‌ – و ئینجا بە نكوڵییەوە دەیگووت «خۆت بە ژنی ئازاد ئەچوێنیت؟». جیاكردنەوەكە لێرەدا كۆمەڵایەتی و ئابوورییە، خۆ ئەگەر پرسەكە ئەركێكی ئاینی بووایە ئەوا فاروق تێیدا كەنیزەك و ژنی ئازادی یەكسان دەكرد ئەگەر هەردووكیان موسڵمان بوونایە[14]. 
بنچینەی ئەم جیاكردنەوەیە ئەوەیە گەر ژن تاوانی زینا بكات ئەوا نەوەی هاونیشتمانی پیس دەبێت و، ئینجا منداڵگەلێك دەخەنەوە لە پشتی خۆی نین تا ببنە میراتگری سامانی مادی یان مەعنەوی یان هەردووكیان پێكەوە، لە كاتێكدا تاوانی مێرد نابێتە هۆی ئەمە. لێرەوە هەموو كۆمەڵگا كۆنەكان بەرامبەر زینای ژن توندوتیژ بوون و بگرە سزاكەی لەسێدارەدان، یان سەنگەساركردن تا مردن بووە، ئەمە لەكاتێكدا بۆ پیاو رێ‌ پێدراو بووە مومارەسەی سێكس لەگەڵ كەنیزەك و سۆزانی و لەشفرۆشەكان و..هتد بكات، ئەوەش لەبەرئەوەی نەوەی كەنیزەكەكە –تۆ جارێ‌ واز لە هەڵەكە بهێنە- نابێتە میراتگر، هەروەها سەر بە دایكیشییەتی، خۆ ئەگەر جیاوكی ئەدەبی یان سیاسیش هەبێت، وەك ئەوەی لە كۆمەڵگەی یۆنانی یان ڕۆمانیدا هەبوو – ئیدی هیچ ترسێك نەبوو لە دزەكردن بۆ نێو "خوێنی بێگانە".
بەم جۆرە بە درێژایی مێژوو، پەیوەندییەكی بەهێز لە نێوان خاوەندارێتی تایبەتی و ڕەوشی ژن لە حەرەمسەرادا هەبووە بۆ شاردنەوەی لە چاوان تا هەرگیز كەس نەیبینێت، وەك هەوڵدان بۆ "خاوێنكردنەوەی" تا ببێتە دەفرێكی بێ‌ گەردی بەرهەمهێنانی بنەماڵەیەكی فەراهەم لە پشتی پیاو، تا ببێتە میراتگری هەموو ماڵ و سامانە مادی یان مەعنەوییەكان یان هەر دووكیان پێكەوە، ڕۆڵی فەیلەسوفیش بۆ ماوەیەكی زەمەنیی درێژ، تۆماركردن و بە ڕێساكردنی ئەم ڕەوشە نزمەی ژن و، خستنەڕووی پاساوی عەقڵی یان سروشتی یان بایلۆژی یان سیاسی..هتد بووە كە بەوە پاسادانی سروشتی شتەكان وەهان و ئەم ڕەوشە نموونەییەش كە سروشت یان ئاسمان یان هەردووكیان پێكەوە سەپاندوویانە: ئەوەی پیاو سەروەر و فەرماندەر و زاڵ بێت، ژنیش ملكەچ و شوێنكەوتە و گوێڕایەڵ بێت! وا گومان دەبەم كاتێك خوێنەری عەرەبی تیۆری ئەرستۆ لەبارەی ژنەوە–ژمارەی دووەم لەم زنجیەرەیەدا- ئەخوێنێتەوە و كاتێك پاساوەكانی خۆی دەخاتە ڕوو جارێك لە میتافیزیكەوە و جارێك لە بیۆلۆژیاوە و جارێكی دیكە لە سیاسەتەوە..هتد و لە ماڵەكەی خۆیدا دەبینێت، هەرچی مامۆستای یەكەم گوتوویەتی لە كەلتووری كۆمەڵگەكەی دەوروبەریدا و لە بەرگێكی ئایینیدا جێی خۆی گرتووە، ئەگەرچی ئەرستۆ بە داخەوە بتپەرست (وەسەنی) بووە!
فەیلەسوف و ژن" ئەو زنجیرەیەیە كە لەم ڕۆژگارەدا پێشكەش بە خوێنەری عەرەبی دەكەین، كە تاوتوێ و چارەسەی بابەتێكی ئێجگار گرنگ دەكات چونكە لەلایەكەوە ڕاستەوخۆ دەست لە ژیانی ڕۆژانەمان دەدات و لەلایەكی دیكەیشەوە بابەتێكی نوێ و بێ‌ پێشینە و دەست بۆ نەبراوە، ئەوەندەی من بزانم، هیچ كەسێك پێشتر لەبارەیەوە نەینوسیوە.
لە كۆتاییدا ئومێدەوارم بە پێشكەشكردنی ئەم زنجیرە كتێبە، شتێكی نوێم خستبێتە نێو كتێبخانەی عەرەبییەوە و لای خۆمەوە بەڕادەیەك، ئەگەرچی كەمیش بێت، بەشداریم لە ڕێڕەوی ڕۆشنگەریدا كردبێت.



پەراوێزەکان:
[1]جێیی سەرنجە تێفكرین لە ژن لە میسری كۆندا بە تەواوی لەمە جیاواز بوو، ئەمەش بووە مایەی ئەوەی هیرۆدۆت كاتێك سەردانی میسری كرد تووشی سەرسوڕمانێكی زۆر ببێت. دواتر دەگەڕێینەوە سەر ئەم بابەتە.
[2]  إنصاف: لە زمانی كوردیدا زۆرجار ئەم وشەیە بە (دادگەری) و(دادپەروەری) و (ویژدان) و..هتد وەردەگێڕدرێت، بەڵام ڕاستییەكەی هیچ كام لەمانە گونجاو نین، دوای بیركردنەوە و پرس و جۆیەكی جددی ئەم وشەیەمان بۆ دۆزییەوە كە من پێم وایە لە وشەكانی تر گونجاوترە (هەقبەشی).. بەو هیوام یان وشەیەكی لەمەش گوجاوتری بۆ بدۆزرێتەوە یاخود ئەم وشەیە جێی خۆی بگرێ. (و. ك)
[3] بۆ نموونە سەرنج بدە لە: د. علي عبدالواحد وافي: المرأة في الإسلام، دار النهضة مصر بالفجالة.
[4]أحیا‌ء علوم الدین: الجز‌ء الثانی، دار الریان للتراث، ص50-51.
[5] المرجع نفسه، الجز‌ء الثانی، ص51.
[6] المرجع نفسه، ص66.
[7] المرجع نفسه، ص54
[8] الفیلسوف و المرأة" كۆڕێكی تایبەت كە نووسەر گرتوویەتی و بەڕێوەی بردووە، و لەم گۆڤارەدا بڵاوبۆتەوە: المجلة العربیة للعلوم الإنسانیة، عدد 64 شتاۆ عام 1994، بە بەشداری أ. د. فۆاد زكریا و أ. د. عبدالغفار مكاوي و أ. د. غانم هنا، و د. حسین علی حسن و اڵاستاذ ناهد البقصمی.
[9] المرجع نفسه.
[10] لە یەكێك لە كتێبەكانی داهاتووی ئەم زنجیرەیەدا بەناوی "ژنە فەیلەسوفەكان" باسیان لێوە دەكەین
[11] بگەڕێوە بۆ پێشەكی ژمارەی دووەمی ئەم زنجیرەیە: "أرسطو و المرأة".
[12] لویس مۆرگان توێژینەوەی لە هیندییە سورەكان كردووە، ئینجا بە شێوەیەكی گشتی گرنگی بە ڕێكخستنی كۆمەڵایەتی لە كۆمەڵگەی مرۆییدا داوە، بەتایبەت لە كتێبی "كۆمەڵگەی دێرین Ancient Society" كە لە ساڵی 1877 دەرچووە و تێیدا ئەو قۆناغانەی كۆمەڵگەی مرۆیی پێیاندا تێپەڕیووە بۆ سێ‌ قۆناغ دابەش كردووە: قۆناغی وەحشیگەریی، قۆناغی بەربەری و ئینجا قۆناغی شارستانی. ماركس و ئەنگلز بۆ پاڵپشتیكردنی تیۆرە ماتریالیزمییە مێژووییەكەی خۆیان سوودیان لەم تیۆرە پەرەسەندنییەی ئەم وەرگرتووە. ئەنگلز ئەو بیرۆكەیەی لێی وەرگرتووە لە كتێبی "بنچینەی خێزان و موڵكایەتی تایبەت"ـدا خستوویەتییە ڕوو، جگە لەویش بێرتراند ڕەسل و چەندانی تر بە هەمان شێوە سوودیان لێ‌ وەرگرتووە..
[13] كەواتە ئەگەر ژن خۆی دانەپۆشێت دەبێت قژی ببڕێت، چوون كە ژن بینی بە قژی بڕدرا و هەڵپاچراوەوە ناشیرینە ئیدی خۆی دادەپۆشێت".  نامەی یەكەمی پۆلسی پەیامبەر بۆ خەڵكی كۆرنتۆس، ئیصحاحی یازدە: 6. 
[14] لسان العرب لإبن منظور: المجلد الخامس، ص3755، من طبعة دار المعارف بمصر. سەروچاوەی زۆری دیكەیش هەن كە هەمان چیرۆك دەگێڕنەوە كە د. عبدالسلام الترمنیني لە كتێبی "الرق الماضیە و الحاضرە" باسی كردووە: سلسلة عالم المعرفة، عدد 33، ص160؛ و د. أحمد الحوفي: المرأة فی الشعر الجاهلي، دار النهضة بمصر، بالفجالة، ص383.



ژنە فەیلەسوفانى جیهانى کۆن

ناوى کتێب: ژنە فەیلەسوفەکانى جیهانى کۆن
ناوى نووسەر: د. ئیمام عەبدولفەتاح ئیمام
وەرگێڕانى: هاوار محەمەد
چاپخانە: موکریانى
ساڵ و شوێنى چاپ: 2013 هەولێر


پێشەکیى کتێبەکە
ئیمام عەبدولفەتاح ئیمام
وەرگێڕانى: هاوار محەمەد

ئەم كتێبە –كە ژمارەی چوارەمە لە زنجیرەی "فەیلەسوف و.. ژن" بانگهێشتێكە بۆ ژنی عەرەبی تا متمانەی بەخۆی بۆ بگەڕێتەوە و، تۆزی چەندین ساڵەی نەزانی و دواكەوتوویی لەخۆی بتەكێنێت. ئەوە بانگهێشتێكە بۆ ئەفرۆزكردنی ئەو بیرۆكە ساویلكانەیەی كە دەڵێت: «عەقڵی ژن كەمترە لە عەقڵی پیاو» یاخود سۆز و هەڵچوون بەسەر بیركردنەوەی ژندا زاڵە و، حوكمەكانیشی دڵگەرمی و هەڵەشەییان تێدا باڵادەستە و خاڵین لە هەر دیدگایەك و توانای هەڵسوڕاندنی كاروبارەكانی نییە. نە ئایین شتێكی لەم چەشنەی گوتووە و نە زانستیش دانی پێدا دەنێت، نە مێژووش گەواهی بۆ ڕاستی هیچ تێڕوانینێكی لەم جۆرە دەدات.
ئەوەی ڕاستی بێت ئەرستۆ –مامۆستای یەكەم- باوەڕی بەم بیرۆكە ساویلكانەیە هەبوو، ئینجا ئەم تێڕوانینە هەم لە جیهانی عەرەبی و هەم لە جیهانی ڕۆژئاوا بڵاو بوویەوە و، بووە ڕێنما و ڕێنیشاندەری ژنان بە گشتی، ئیدی ژن بووە "پیاوێكی نوقسان"، كە لەم دنیایەدا جگە لە وەچەخستنەوە و پەروەردەی منداڵ هیچ ڕۆڵێكی تری نییە. ئەوەی لە تیۆرەكەی ئەرستۆدا زۆر مەترسیدارە ئەوەیە كە پێی وایە سروشت "كە هیچ شتێك لە خۆڕا ناكات" وای لە ژن كردووە لەو ئاستە نزمەدا بێت و لێرەشەوە داب و نەریتەكان یان كردەكانی كۆمەڵگە –بەتایبەت كۆمەڵگەی نێرسالاری- هیچ دەستێكی لە دیاریكردنی ئەم ئاست نزمییەدا نییە1 .
سەیر ئەوەیە جیهانی عەرەبییش –لەبەر پێویستی خۆی- بە خۆشحاڵییەوە باوەشی بۆ ئەم تیۆرە ئەرستۆییە كردۆتەوە و، شتێكیش لە مۆركی پیرۆزیی خستۆتە سەر. با خوێنەران خۆیان بە ویژدانەوە بەراوردی ئەو ئایەتە پیرۆزە بكەن كە كردومانەتە دەستپێكی ئەم دەروازەیە و گەواهبن لەسەر عەقڵ كۆكی و دروستی بۆچوونەكانی و، حیكمەتی ژن لە هەڵسوڕاندنی كاروباری فەرمانڕەواییدا، ئەوەش لە وێنەی "بەلقیس"ی شاژنی سەبەئدا خۆی دەنوێنێت، دوای ئەوەی نامەیەكی لە سولەیمانی داناوە پێدەگات، ئەویش لەگەڵ خانەدانەكانی گەلەكەیدا گفتوگۆ دەكات، دە با بەراوردی ئەمە بكرێت لەگەڵ گوزارەكەی ئەرستۆ كە ئەویشمان كردۆتە دەستپێكی ئەم دەروازەیە، تا خوێنەر بزانێت چۆن سەرلێشێواو دەمێنێتەوە گەر پێی وابێت ئەوە ئایینە كە لەبارەی عەقڵ نزمیی و بێ‌ توانایی مێینە لە بەڕێوەبردنی فەرمانڕەواییدا، پشتیوانی لە بیرۆكە ساویلكانەكەی ئەرستۆ دەكات! پاش كەمێكی تر دەگەڕێینەوە بۆ ئەم دوو بیرۆكەیە.
گەر بێتوو ئێمە لە ڕێگەی گەواهییەكانی مێژووەوە سەلماندمان تاكە ژنێك هەبووە خەریكی فەلسەفەكاریی بووە، یاخود بەڵگە بێت لەسەر خودان عەقڵی و ژیریی و هزردروستی لای ژن، ئەوا بەم كارە هەزاران نموونەی ئەرێنی تێك دەشكێنین كە شوێنكەوتووانی بیرۆكە پاشكەوتووە ئەرستۆییەكە بڕوایان پێیەتی، كە چاوی خۆی دەنوقێنێت تا نموونە ڕۆشنەكانی ژنە ژیرەكان نەبینێت، ئەو ژنانەی كە دروست بیریان كردۆتەوەو، بۆچوونەكانیان ڕاست بووە، وەك كەمێكی تر دەیبینین.
ئەوەتا ئێمە، لەم كتێبەدا، نموونەگەلێكی "ژنانی فەیلسووف"ی جیهانی كۆنت پیشان دەدەین، كە بە پشتیوانی خوا بە دوایدا كتێبێكی دیش دێت و دەبێتە تەواوكەری ئەمیان كە لەوێدا "ژنە فەیلەسوفەكان" لە جیهانی نوێدا باس دەكەین، بەڵام بەر لە هەموو شتێك دەبێت لەسەر دوو بیرۆكەی گرنگ كۆك و هاوڕا بین، ئەوانیش:
یەكەم:  لە فەلسەفەی زانستدا ڕێسایەكی سەرەكی هەیە كە دەڵێت تاكە دیاردەیەكی نەرێنی دەیان جار گرنگترە لە هەزاران دیاردەی ئەرێنی، خۆ ئەگەر تۆ هەزاران پارچە ئاسن كۆ بكەیتەوە كە بە گەرمی دەكشێن، پاشان تەنیا یەك پارچە ئاسنت بێتە بەردەست، كە هەرچۆن لە نێو ئاگری دابنێیت ناكشێت، ئەوا ئەو تاكە پارچە نەرێنییە (كە ناكشێت) لەو هەزاران پارچە ئەرێنییە گرنگترە كە كۆتكردوونەتەوە. ئەوەش لەبەرئەوەی دەستبەجێ‌ ئەو یاسایە پووچەڵ دەكاتەوە كە دەڵێ‌: «ئاسن بە گەرمی دەكشێت».. هەمان شت لەبارەی "كوڵانی ئاو" و "سەرئاوكەوتن" یان لەبارەی یاسا ناسراوەكانی تریشەوە بڵێ‌، لەم دۆخەدا دەبێت بەدوای یاسایەكی تردا بگەڕێیت، كە ئەو هەزاران دیاردە ئەرێنییە و دیاردە نەرێنییەكەیش كە تازە دۆزیوتەوە، بگرێتەوە، ئیدی تا ئەو كاتە ئەو "یاسا"یەی دەڵێت «ئاسن بە گەرمی دەكشێت» پووچەڵە.
دووەم: دەبێت زۆر بە باشی ئاگامان لەوە بێت ئێمە لەو ڕێگەیەوە دەمانەوێت ئەو گوزارەیەی كە زۆرجار باس دەكرێت و زۆر خراپیش بەكارهێنراوە، دوور بخەینەوە كە دەڵێت: «هەموو ڕێسایەك دەراوتە2ی هەیە». ئەو گوزارەیە بیركردنەوەی زانستییانەی دروست ڕەتی دەكاتەوە، چونكە لە یاسادا دەراوتن نییە، بەڵكو دەبێت یاسا سەرجەمی ئەو دیاردانەی كە ڕاڤەیان دەكات لەخۆ بگرێت. دیارە گوزارەی «لە هەر یاسایەكدا هەڵاوێر» هەیە پەیكەرتاشەكان دایانهێنا كاتێك نەیاندەتوانی وشەگەلێك لەو ڕێسا زمانەوانییە هەڵكۆڵن كە دایان دەنان، بۆیە بەم گوزارەیە خۆیان دەپاڕاندەوە، بەڵام ناتوانیت هیچ شتێكی لەم جۆرە لە یاسای زانستیدا بدۆزیتەوە، بۆیە ناتوانیت بڵێیت ئاو لە 100 پلەی سیلیزیدا (بە گوێرەی دۆخێكی دیاریكراو) دەكۆڵێت، جگە لەم بڕە كەمە ئاوەی كە لە ماڵەكەی مندایە چونكە ئاوێكی ئاوارتەیە و هەموو ڕێسایەكیش ئاوارتەی هەیە! بیركردنەوەی زانستی دروست پێت دەڵێ‌ دەبێت یاسا هەمەكی و گشتگیر بێت ، واتە: بەسەر هەموو بەشەكانی ئەو دیاردەیەدا كە لێی دەكۆڵێتەوە جێ‌ بەجێ‌ ببێت. گرنگی تاكە دیاردەیەكی نەرێنیش هەر لێرەوە دێت، چونكە خەسڵەتی "هەمەكیبوون یان گشتگیری" تێكدەدات و ئینجا یاساكەش پوچەڵ دەكاتەوە و كارپێكردنی ڕادەگرێت تا ئەوەی یاسایەكی فراوانتر و گشتگیرتر دەدۆزرێتەوە كە لە یەك كاتدا، دیاردە ئەرێنییەكان و دیاردە نەرێنییەكانیش بگرێتەوە.
ئەم بەچاو ڕوونییە پێویسە بۆ ئەو شتەی كە ئێمە دەمانەوێت لەم كتێبەدا بیخەینەڕو و،ئەویش ئەوەی ڕاهاتووین لەسەر عادەتێك كە لەخۆیدا بۆتە شتێكی ئێجگار نزیك لە بەڵگەنەویستێكی ڕوونەوە، گەر بڵێین: مێژووی فەلسەفە، بەتایبەت فەلسەفەی كۆن، بریتییە لە مێژووی فەیلەسوفانی پیا و،ئینجا: ئاشنا نین بەوەی كە "ژنانێكی فەیلەسووف" هەبووبن، تەنانەت خوێنەر ئەگەر لەناخی خۆیەوە گاڵتەی پێ‌ نەیەت ئەوا لە ناونیشانی ئەم كتێبە سەری دەسوڕمێ‌! ئەوەتا سەرەتاكانی یەكەم فەلسەفە لە وڵاتی یۆنان لە سەدەی شەشەمی پێش لە دایكبوونی مەسیح، لە ناوچەی ئەیۆنیا، بە دیاریكراویش لە شاری ماڵتە Miletuse- تۆمار كراوەو، ژمارەیەكی كەم لە پیاوان بەرهەمیان هێناوە، كە سێ‌ فەیلەسووفی پیاو بوون، ئەوانیش: تالیس Thales (دەوروبەری 585 پ.ز) و ئەنەكسیمەندەر Anaximander (دەوروبەری 565 پ.ز) و ئەناكسیمنس Anaximens (دەوروبەری 546 پ.ز) ئەندامانی قوتابخانەی ئەیۆنیای كۆن و، زانا سروشتییە یەكەمینەكان بوون، پاشانیش كاروانێك پیاوانی فەیلەسوفیان بەدواداهات: هیراكلیتس و فیساگۆرس و پارمەندیس و زینۆن و ئەنكساگۆراس و دیمۆكریتس..هتد، تا دەگەینە سەردەمی زێڕینی فەلسەفەی یۆنانی: سەردەمی سوكرات و ئەفلاتوون و ئەرستۆ..، دوای ئەمانیش كاروانەكە بەردەوام دەبێت تا لە سەدەی سێیەمی مەسیحیدا دەگەینە بزووتنەوەی تەباكاری.
خۆ ئەگەر ڕێكەوتی مێژووی فەلسەفەی ڕۆژئاوایی و، گێڕانەوەی مێژوونووسەكانی وەكو: فیندلبانت و كۆنۆفیشەر و كۆپلستۆن و ئەمیل بریهییە (و تەنانەت مێژوونووسە فەیلەسوفەكانی وەكو: هیگڵ و ڕەسڵ..)ت كردبێ، ئەوا بۆت دەردەكەوێ‌ ئەو مێژووە خستنەڕووی هزری پیاوان و ڕێبازەكانیانە و، ئیدی تۆ ئاماژەیەك بە فەیلەسوفانی ژن نابینیتەوە جگە لە یەك دانە سەر بە ڕێبازی ئەفلاتونیزمی نوێ‌، ئەویش بە خێرایی و –بەشەرمەوە- باسیان كردووە، ئەویش: هیپاشیا Hypathia ی ژنە فەیلەسوفی بەناوبانگی ئەسكەندەری بووە، كە بەهۆی ئەو ناوبانگە گەورەیەوە لە مێژووی فەلسەفەدا، بۆیان سەخت بووە چاوپۆشی لێ‌ بكەن.
خۆ ئەگەر لەم پیاوانە بپرسیت: بۆچی بەدرێژایی مێژوو "فەیلوسوفی ژن" نابینینەوە؟ ئەوا زۆرینەیان بەم جۆرە وەڵام دەدەنەوە: چونكە ژن ناسكە، سۆزدارە، خوێن گەرمەو، توانای بیركردنەوەی ئەبستراكتی نییە، یاخودا فەلسەفە –دواجار- "عەقڵە" و ژنانیش "لە توانا عەقڵییەكانیاندا نوقسانن" و لە زیرەكی و بلیمەتیدا ناگەنە پیاوان3. لە هەموووی سەیرتر ئەوەیە لە وڵاتی ئێمەدا، خەڵكانێك هەن ئەم بیرۆكە ساویلكانە و، ئەم بۆچوونە هەڵانە دەدەنە پاڵ ئیسلامی مەزن، كە نموونەگەلێكی نایابی ژنانی پێشكەش كردوین، نە هەڵچوون بەسەریاندا زاڵ بووە و نە ملكەچی سۆزداری خۆیان بوون و، نە ڕەفتاریشیان سەرگەرمی پێوە دیار بووە! هەر لێرەشدایە گرنگی ئەو ئایەتە پیرۆزە دەردەكەوێت كە لە زمانی "بەلقیس"ی شاژنی سەبەئەوە كردومانەتە دەستپێكی ئەم دەروازەیە، كاتێك نامەی سولەیمانی دانای پێدەگات نە لە وەڵامدانەوە پەلە دەكات و نە هەڵدەچێ‌ و نە سەرگەرمیش دەبێ‌، بەڵكو بەرلەوەی بڕیارێكی مەترسیدار بدات كە زیان بە تەواوی شانشینەكە بگەیەنێت، گەلەكەی بانگ دەكات بۆ ڕاوێژ و ڕاگۆڕینەوە «قالت یا أیهاالمڵا أفتونی فی أمری ما كنت قاگعە أمراً حتی تشهدون» (النمل- 32)، لە كاتێكدا كە قورئانی پیرۆز وێنای هەڵچوونی ڕاوێژكارە پیاوەكانمان بۆ دەكات كە چۆن دڵگەرمبوون و پێداگرییان لەسەر بەكارهێنانی هێز كردووە «قالوا نحن أولوا قوە و أولوا بأس شدید و اڵامر الیك فانڤری ماژا تأمرین» بەلقیسیش ئاگاداری كردنەوە كە «الملوك إژا دخلوا قریە أفسدوها و جعلوا أعزە أهلها أژلە و كژلك یفعلون» (النمل- 34).
بە داخەوە ئێمە ئەم ئایەتە ڕوون و ڕۆشنەمان واز لێهێناوە و دوای بیركەكەی ئەرستۆ كەوتووین كە دەڵێت توانا عەقڵییەكانی ژن كەمترن لە تواناكانی پیاوو، ئەوان بە كەڵكی فەرمانڕەوایی نایەنو، تەنانەت ناتوانن كاروباری ماڵیش هەڵسوڕێنن! لەبەرئەوە «ڕەگەزی نێر لە ڕەگەزی مێ‌ بۆ سەركردایەتیكردن باشترە». بەم جۆرەش دەسەڵاتداری پیاوان بەسەر ژناندا دەبێتە شتێكی زۆر ئاسایی..! ئێمە دەستمان بە بیرۆكە وەسەنییەكەی ئەرستۆوە گرتووە و، چاویشمان لەو ئایەتە ڕۆشنانە داخستووە كە باس لە ژیریی عەقڵی ژن و دروستیی بۆچوونی ژن دەكەن و، بە ئاشكرا لە ژنانێك دەدوێن كە لە فەرمانڕەواییدا دەیان جار لە پیاوان زیاتر لێهاتوویی و ژیریی و توانا و ئاسۆبینی بەرفراوانی خۆیان سەلماندووە. لەوانەیش "مارگرێت تاتشەر" لە ئینگلتەرا و ناسراو بە ژنە ئاسنینەكە و "بی نەزیر بۆتۆ" لە پاكستان و "ئەندێرا غاندی" لە هندستان و "جولدا مائیر" لە ئیسرائیل كە تاڵاوی زۆرمان بە دەستی چەشتووە40
ئەگەر ئەو بیرۆكەیە پەسەند بكەین كە ئەم دەروازەیەمان پێ‌ دەست پێكرد ئەویش ئەوەی كە، لە دیدگای بیركردنەوەی زانستییەوە، دیاردەیەكی نەرێنی "یەك دانە" لە دەیان دیاردەی ئەرێنی گرنگترە ئەوا دەرەنجام بریتییە لە تێكشكانی ئەو بیرۆكە بڵاوەی كە لە بارەی لاوازی ژن و عەقڵ نوقسانی و زاڵێتی هەڵچوون و سۆزدارییەكان بەسەریدا و باڵادەستی و دڵگەرمی و خوێنگەرمی...هتد لە ئارادایە. ئەوانە هەر هەموو كۆمەڵێك وەهمن "عەقڵی پیاو" دروستی كردوون و ئەو واقیعە زیندووەیشی كە تێیدا دەژین ئەم وەهمانە لەنێو دەبات!
ڕاستییەكەی ئەو هەڵمەتەی كە دژی "عەقڵی ژن" بەرپا دەكرێت و بانگەشەی ئەوە دەكات كە توانای فەلسەفاندنی نییە و، بڕوای بەوەیە كە مێژووی فەلسەفە بریتییە لە مێژووی فەیلەسووفە پیاوەكان- ئەم هەڵمەتە ئەو ڕۆڵە زەق و دیارە فەرامۆش دەكات كە هەلومەرجی كۆمەڵایەتی و ئایینی دەیگێڕن و بە كۆیلەكردنی ژنان لەلایەن پیاوانەوە و باڵادەستیی لەمێژینە بەسەریاندا و لێكەوتەكانی، هەموو ئەمانەیش لە هەل پێنەدان بە ژنان بۆ فێربوون و دەرخستنی توانا عەقڵییەكانیان..هتد دەركەوتووە، بە كورتی: بێ‌ ئاگاییەك هەیە لە ڕۆڵی "ژینگە" لە ڕووتكردنەوەی تواناكان و دەرنەخستنیان، تەنانەت بەلای پیاوانیشەوە. ئەم هەڵمەتە لەو گوتەیەی ڕۆژئاواییەكان دەچێ‌ كە «عەقڵییەتی خۆرهەڵاتییەكان لاوازترە لە عەقڵییەتی ئەوروپییەكان»، لە مەشدا ئەو كاریگەرییە خراپەی ژینگەی ڕۆژهەڵاتیان لەبیركردووە و چاوپۆشییان كردووە لەو نموونە ڕۆشنانەی عەقڵی ڕۆژهەڵاتی كە دەركەوتوون و هەڵاتوون و هەر كاتێكیش هەلیان بۆ هەڵكەوتبێت بایەخی خۆیان سەلماندووە: مەجدی یەعقوب -حاڵی حازر لە ئینگلتەرا لە بواری پزیشكیدا ناوێكی دیار و ناسراوە- لە كۆمەڵگەكەی خۆیدا هیچ نەبو و،پاشان لە بواری نەشتەرگەری دڵدا بووە هەموو شتێك، بێ‌ گۆڕینی هیچ شتێك جگە لە ژینگەكەی كە بەم عەقڵییەتە زۆردارە دەورەدراوە! هەمان شت لەبارەی زانایەكی دیكەوە بڵێ‌، ئەویش (فاروق ئەلباز)ە كە بۆتە ڕوناكی بەخش لە بواری گەشت بۆ بۆشایی ئاسمان، خۆ ئەگەر لە میسر بمابایەوە كەس گوێی لێ‌ نەدەگرت! ئێمە بە سوێوە پیاوانی بەهرەمەندی خۆمان دەكوژین چ جای ژنان!؟.
 ئەوەی كە بگوترێت "عەقڵی ژن" كەمتر لێهاتووترە لە عەقڵی پیاو و مێینە توانای فەلسەفاندنی نییە- عەقڵی مرۆیی دەكات بە دوو كەرتەوە، یاخود دەیكات بە دوو جۆری جیاوازی لێك دابڕا و،ئەوەش گوتەیەكە پوچییەكەی ئاشكرایە و كتومت لەو كێشەیە دەچێ‌ كە زۆرجار ڕۆژهەڵاتناسەكان لەبارەی شیاوێتی "عەقڵی عەرەبی" و توانای فەلسەفاندنەوە وروژاندوویانە و، نكوڵییان لەوە كردووە كە فەیلەسوفانێكی موسڵمان بوونیان هەبێت: كەندی و فارابی و ئیبن سینا و ئیبن ڕوشد...هتد هیچ نین جگە لە كۆپییەكی ڕووزەردی ئەفلاتوون و ئەرستۆ یان تێكەڵەیەك لەم دووانە، بە هەرحاڵ خۆیان توانای ئافراندن و داهێنانیان نەبووە، هەر بۆیەشە فەلسەفەیەكی تایبەت بە خۆیان نییە!.
مامۆستا عەقاد بۆ لەنێوبردنی ئەم بانگەشانە دەنگی هەڵبڕی5  و گووتی: «لەو مەرجی بە ناڕەوا تۆمەتباركردنانە، كە لەلایەن زاناكانەوە ستایش ناكرێت ئەوەیە بگوترێت عەقڵی عەرەبی بە هیچ جۆرێك توانای فەلسەفەكاریی نییە»6... ئەم بۆچوونە لەنێو ئەوروپییەكاندا بێ‌ تاوتوێكردن و مشتومڕ برەوی پێدراوە: چونكە جێی سەرسامی و ڕەزامەندیی خۆ-گەورەبینی و هاوكاتیش بەرژەوەندییان بووە. مایەی ڕەزامەندیی خۆ-گەورەبینیان بووە چونكە پاساوی كۆلۆنیالیزەكردن و ژێردەستكردنی ڕۆژهەڵاتی داوەتەوە، ڕۆژهەڵاتیش ئەم درۆ و دەلەسەیە ڕەت دەكاتەوە بەوەی كە دەڵێت: «ڕاستییەكەی لەڕووی ڕیشەی سروشتییەوە جیاوازی نییە لەنێوان عەقڵی گریكی و عەقڵی مرۆیی لە بنەماڵە ڕۆژهەڵاتییەكاندا، بەڵكو بۆچوونی دروست كە لۆژیك و زانست وەكو یەك پەسەندی بكەن ئەوەیە كۆسپ و تەگەرەكانی بەردەم فەلسەفە، جا نەتەوەكان لە هەرناوچەیەكی زەمین بنو، بنەماڵەیان سەر بە ڕەگەزی هەر نەژاد و گەلێك بێ‌، هەر یەك شتە، خۆ ئەگەر گریكەكان لە شوێنی عەرەبەكان بوونایە بە فەلسەفەكارییەوە سەرقاڵ نەدەبوون و، عەرەبەكانیش لەجێی گریكەكان بوونایە ئەوا لە بواری فەلسەفە و توێژینەوەی زانستەكاندا لەوان كەمتر نەدەبوون»7. سروشتی عەقڵی مرۆیی هۆكار نییە بۆ نەفەلسەفەكاریی ڕۆژهەڵاتییەكان بە گشتی و، عەرەبەكان بە تایبەتی، ئەی بە بۆچوونی مامۆستا عەقاد هۆكارەكەی چییە؟ ئەو دەڵێت: «ئەم لێكۆڵینەوە (فەلسەفییانە) لای گریكەكان بۆیە ڕێ‌ پێدراو بووە چونكە وڵاتەكەیان لەسەرپێی خۆی وەستاوە و گەشەی كردووە، بە بێ‌ ئەوەی پاشایەكی بەهێز یان كاهینێكی بەهێز تێیدا گەشە بكات، خۆ ئەگەر لای ئەوان دەوڵەتێكی بەهێز، كەهەنووتیەكی بەهێز سەری هەڵبدایە، وەك ئەوەی لە میسر و بابل هەبوون، ئەوا ئەوانیش وەك بابلییەكان و میسرییەكان بایەخیان بە نهێنییە ئایینییەكان و پرسە لاهوتییەكان دەدا8.
كورتەی ئەو پرسیارانەی كە مامۆستا عەقاد دەیانوروژێنێت، ئەمانەن:
1-     سروشتی عەقڵی مرۆیی لای هەموو ڕەگەز و نەژادەكان یەك جۆرە، عەقڵێكی مرۆیی نییە كە لای گروپێك یان كۆمەڵێك یان تاقمێكی خەڵكی هەبێت و جیاواز بێت لە عەقڵی گروپ و كۆمەڵەكانی دیكە.
2-     بیرۆكەی بوونی فەرق و جیاوازی لەنێوان عەقڵە مرۆییەكاندا هەڵەیە، ئەم بیرۆكەیە ئەوروپییەكان بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان برەویان پێداوە.
3-     هۆكاری سەرەكی لەوەی كە ڕۆژهەڵاتییەكان خەریكی فەلسەفەكاریی نەبوون ڕەوشە كۆمەڵایەتی و سیاسی و ئایینییەكە بووە، كە ڕۆژهەڵاتی پێدا تێپەڕووە و، لە هەموویشیان گرنگتر –لە ڕوانگەی عەقادەوە- ستەمی فەرمانڕەوا و باڵادەستی پیاوانی ئایین بووە.
4-     دوا بیرۆكە كە دواتر مامۆستا عەقاد دەیوروژێنێت- بەرپەرچدانەوەی ئەو گوتەیەی ئەوروپییەكانە كە گوایە ڕۆژهەڵاتییەكان شتێكی تازەیان لە فەلسەفەدا دانەهێناوە.. هەموو ئەوەی كە موسڵمانەكان كردوویانە باسكردنەوەی فەلسەفەی ئەفلاتوون و ئەرستۆ یان ئەم دووانەیە پێكەوە- عەقاد لە بەرپەرچدانەوەی ئەم بوختانەدا وای بۆ دەچێ‌ كە توانای عەقڵی تەنیا مانای داهێنانی شتێكی نوێ‌ نییە، بەڵكو "تێگەیشتن" و شرۆڤەكردن و هەرسكردنو، نواندنەوەی ئەو فەلسەفەیەشە كە هەیە، ئەمە لە خۆیدا بەڵگەیەكی زەقە لەسەر توانایەكی گەورەی عەقڵی، تەنانەت ئەگەر بڕواشمان بەو ئەرگومێنتە هێنا كە موسوڵمانەكان تەنیا شرۆڤەی فەلسەفەی ئەفلاتوون و ئەرستۆیان كردووە، ئەوا ئەمە بەڵگەیە لەسەر بوونی توانای عەقڵییان.
ئەم چوار خاڵە بە تەواوی لەسەر پرسی نا-فەلسەفەكاریی ژنانیش لە مێژوودا دەچەسپن، یاخود گەر ئێمە "ژنە فەیلەسووف" نابینین یاخود مێژووی فەلسەفە تەنیا مێژووی فەیلەسووفانی پیاوە، ئەوا نابێت بگوترێت هۆكارەكەی ئەوەیە عەقڵی مێینە جیاوازە لە عەقڵی نێرینە، كە عەقڵی نێرینە بە سروشتی خۆی باڵاتر و بەرزتر و زیرەكتر و بلیمەتتر و...هتد، ئەوە بیرۆكەیەكە پیاوان برەویان پێداوە چونكە دەبێتە مایەی ڕەزامەندی خۆگەورەبینییان و و،ەدیهێنەری بەرژەوەندییان، هەڵبەت –بەرژەوەندییان لەوەدایە ژن لە ئاستێكی نزمدا بهێڵنەوە بۆ ئەوەی هەر خەریكی خزمەتكردنیان بن و، كاتی پێویستییان پێ‌ بدەن تاكو مومارەسەی ژیانیان بكەن و لە غەمی ئەو ئامانجەدا بن كە خۆیان پێیان وایە ئامانجی باڵایە..هتد. لەبەرئەوە دەبینین بە توندی داكۆكی لە هێشتنەوەی ڕەوشی نزمی ژن دەكەن و لەوەش خراپتر بڕوا بە ڕەسانەیەتی ئەم بیرۆكەیە دێنن و تیۆریزەی دەكەن و وەك "ئەستۆ" كردی دەیكەنە فەلسەفەیەكی تەواو. مەترسییەكەش هەر لێرەدایە! تۆ دەبینیت گەورە فەیلەسووفەكان بە تەواوی نەوەی سەردەمەكەی خۆیان بوون و، دەبینیت داب و نەریتەكانی سەردەمەكەی خۆیان دەرهەق بە ژن لە بۆچوونە ئەبستراكتەكاندا پوختە كردۆتەوە و تیۆرگەلێكی فەلسەفییان پێشكەش كردووین كە گەشە بە كینەیەكی لەمێژینە بەرامبەر بە ژنان دەدات، ئەمە لەكاتێكدا دەبینیت لە بوارەكانی تردا ئەم فەیلەسووفە پیاوانە "شۆڕشگێر" بوون.
لێرەدا دەتوانین بڵێین ئەو ژینگەیەی كە ژن بە درێژایی مێژوو تێیدا ژیاوە و ئەو كاركرد و ڕەوشە كۆمەڵایەتی و سیاسی و ئایینی و ئابوورییانەی دروستیان كردووە بۆتە هۆی ڕێگریكردنی ژن لە فەلسەفەكاریی، نەك بە هۆی "نوقسانی" یان "شێواوی" لە توانا عەقڵییەكانیدا! ئەو ڕەوشەی كە ژنی پێدا تێپەڕیوە وایكردووە كە پیاوان توانای بەكۆیلەكردنیانیان هەبێت و لە سووچێكی دوورەدەستی ماڵدا گیریان بدەن و دەستەواژەی "حەریم"ی بەسەردا ببڕن، كاتێكیش پیاو لە مێژوودا ملكەچی ستەمكارەكان بوون فەلسەفەكارییان لێ‌ قەدەغە كراوە، وەكو ئەوەی "نیرۆن"ی ئیمپراتۆری ڕۆمانی و ئەوانی تر كردیان، ئا لەوێدا فەلسەفە تەنانەت لای پیاوانیش پاشەكشەی كردووە و بزر بووە، مانای وایە ئەگەر پیاوانیش لەجێگای ژنان بوونایە و بە هەمان ڕەوشدا تێپەڕ ببوونایە لەڕووی عەقڵییەوە نزمتر و كەم عەقڵتر دەبوون، یاخود نەیاندەتوانی فەلسەفەكاریی بكەن.
      دوا خاڵ لە گوتەكانی "عەقاد"دا و لە هەمووشیان گرنگتر ئەوەیە كە تەنیا "تێگەیشتن لە فەلسەفە" بەڵگەیە لەسەر بوونی توانایەكی پێشكەوتووی عەقڵی. مانای ئەمەش ئەوەیە ئەگەر ئێمە لە ژناندا نموونەگەلێكمان بەرچاوكەوت توانای تێگەیشتن لە فەلسەفە و تاوتوێكردنی بابەتەكانی و بۆچوونیان لەبارەی پرسەكانییەوە هەبێت، ئەوا ئەمە بەڵگەیەكی بەهێزە لەسەر توانا عەقڵییەكانیان، تەنانەت ئەگەر بۆخۆیشیان فەلسەفەیەكی سەربەخۆیان دانەهێنابێت!.
ڕاستییەكەی وێڕای ملكەچی لە مێژینەی ژن بۆ پیاو و، بەكۆیلەكردنیان و دوورخستنەوەیان لە ژیانی گشتی و كەمكردنەوەی هەلی فێربوون لە بەردەمیاندا، بەڵكو هەل پێنەدانیان بە هیچ كلۆجێك بۆ بەشداریكردن لە كولتووری سەردەمدا- وێڕای هەموو ئەوانە دەتوانیت لێرەو لەوێ‌ ژنگەلێكی درەوشاوە بدۆزیتەوە كە هەر لە بەرەبەیانی فەلسەفەوە ڕۆڵیان هەبووە لە "گەڕان بەدوای حیكمەتدا". ڕاستە ئەوە ڕۆڵێكی بەشەكی و كەم بووە، بەڵام هەرچۆنێك بێ‌ توانای ژنان دەسەلمێنێت لە گێڕانی ڕۆڵی گەورەتردا ئەگەر بێتوو هەلیان بۆ بڕەخسێت و ئەو ژینگە بەرتەسكەی كە كار لەسەر چەپاندنی تواناكانیان دەكات و لە دەركەوتنیان ڕێگری دەكات، بگۆڕێت.
لەم كتێبەدا كۆمەڵێك گوزارە دێنە ڕێمان كە دەگەڕێنەوە بۆ فەیلەسووفانێكی ژن لە جیهانی كۆندا –بەتایبەت بەر لە سەرهەڵدانی مەسیحییەت- ئەگەرچی گوزارەگەلێكی كەم و سادەن، یان تۆ بڵێ‌: لێرەو لەوێ‌ كۆمەڵێك فراگمێنتی پەرش و بڵاون، بەڵام گوزارشتن لە هزر و بۆچوون و هەڵوێست، ئینجا جۆرێكن لە فەلسەفاندن و خوێنەر ناتوانێت دژكار بنوێنێت بەوەی كە تەنیا "گوزارە"ی كەم و سادەن، چونكە فەلسەفە لە سەرەتاكانییەوە هەر بەم جۆرە بووە: لە تالیسی یەكەم فەیلەسووف هیچ نەزانراوە جگە لەوەی كە گوتویەتی «ئاو سەرچاوەی هەموو شتەكان» و «جیهان پڕییەتی لە خواكان»، ئەوانی تریش گوتوویانە بنەمای شتەكان هەوا، یان ئاگر، یان خاك، یان هەر چوار ڕەگەزەكەیە. ئەمانە هەموو كۆمەڵێك گوزارەی كەم و سادەن، لەگەڵ ئەوەشدا ئەوانە فەیلەسووف بوون و هەندێ‌ كات خاوەنی ڕێبازە فەلسەفییە "سروشتییەكان" و هەندێ‌ كاتیش "میتافیزیكییەكان" و هەندێ‌ كاتێ‌ تریش "ئەخلاقییەكان" بوون.
وەك چۆن دەبینیت فەیلەسووفە پیاوەكان كتێبگەلێكیان هەبووە بەڵام فەوتاوە و، جگە لە چەند پەرەگرافێك هیچیان لێ‌ نەماوەتەوە، كتومت ئاوها فەیلەسووفە ژنەكانیش كتێبەكانیان نەماونەتەوە، بۆ نموونە كتێبەكانی "ئیزارا Aesara" جگە لە چەند فراگمێنتێكی كەم لە كتێبی "لەبارەی سروشتی مرۆییەوە Om Human Nature" نەبێت ئیدی شتێكی دی نەماوەتەوە، وەك دواتر دەبینین.
هەروەها وەك چۆن فەلسەفەی ڕۆژئاوایی لە سەدەی شەشەمی پێش زایین، لە یۆنانەوە –بە قوتابخانەی ئەیۆنی (تالیس و قوتابخانەكەی)- دەستی پێكرد، هەر بەو جۆرە مێژووی ژنە فەیلەسووفەكانیش لە سەدەی شەشەمی بەر لە زایین لە قوتابخانەی فیساگۆرییەوە دەست پێدەكات (فیساگۆرس لە دوورگەی سامۆس Samos لە دەریای ئیجە بەرامبەر شاری ماڵتە لەدایك بووە). ژنی فیساگۆری هەلێكی گرنگی لە بەردەمدابووە كە وای لێكردووە بتوانێت بخوێنێتەوە و بنووسێت، بەر لە هەموو شتێكیش توانی بیربكاتەوە و مشتومڕ بكات و عەقڵی بخاتەگەڕ و بە یەكسانی لەگەڵ پیاودا لەسەر پێیەكانی وەستا. بڕوای باو لای "كۆمەڵی فیساگۆرییەكان" ئەوەبوو كە وێڕای ئەوەی سروشتی ژن جیاوازە لە هی پیاو، وەلێ‌ ئەوە هیچ شتێكی لێ‌ كەم ناكاتەوە، نە لەڕووی توانایەوە و نە لەڕووی بەهایەوە.
لێرەدا ژنە فیساگۆرییەكان ڕۆشنبیر بوون و بواری بایەخدانێكی هزری و ئەدەبی دیاریان هەبوو، لەسەروبەندی دامەزراندنی یەكەم قوتابخانەی فیساگۆریدا ژیاون و، لە هەموویشیان بەناوبانگتر سیانۆ Theanoی هاوسەری فیساگۆرس Pythagoras بوو. ئەو لەگەڵ هەر سێ‌ كچەكەیدا: ئەریگنۆت Arignote و مییا Myia و دامو Damo ـدا سەرپەرشتی قوتابخانەی فیساگۆریان كرد و دوای مردنی فیساگۆرسی دامەزرێنەری قوتابخانەكە، ئەوان بەڕێوەیان دەبرد 9. 
هەندێك لە دێڕەكانی سەرەتای ئەو فراگمێنتانەی كە ماونەتەوە ئەوە ئەهێنن بە بیردا –یەكەم ژنە فەیلەسووفەكان لە مێژوودا- تەنیا لە بارەی ئابووریی ماڵ و ماڵدارییەوە نووسیویانە، یاخود ئەو بابەتانەی كە لەبارەیانەوە دوواون لە دەوری چاودێریكردن و پەروەردەكردنی منداڵ و، ڕۆڵی ژن لە ماڵ و كۆمەڵگەدا..هتد دەسوڕێتەوە، بەڵام خوێندنەوەیەكی ڕەخنەیی و هەنووكەیی بۆ ئەو فراگمێنتانە وا لە خوێنەر دەكەن بگاتە ئەنجامێكی جیاواز: ئەو ژنە فەیلەسووفە فیساگۆرییانە چەمكی "هارمۆنیا Harmony- گونجاویی و تەبایی"ـان شیكردۆتەوە لە هەوڵیاندا بۆ دەرخستنی ئەو ڕێگەیەی كە دەكرێت بە هۆیەوە ئەم چەمكە بەسەر بونیاد و بەڕێوەبردنی دەوڵەتدا و، بەسەر بونیاد و هەڵسوڕاندنی خێزاندا، وەك ئەوەی بەراورد بە دەوڵەت جیهانێكی چكۆلەیە، پراكتیزە بكرێت.
خۆ ئەگەر فەیلەسوفە فیساگۆرییە پیاوەكان هەوڵی خۆیان لە ڕاڤەكردنی جیهانی گەورە Macroscomsm ـدا بە پێی ڕاڤەیەكی بیركارییانە چڕ كردبێتەوە، كە پێكهاتەكەی بكاتە "ژمارە و تەبایی"، ئەوا فەیلەسووفە فیساگۆرییە ژنەكان هەوڵی خۆیان لە جیهانی چكۆلە microscosm ـدا چڕ كردەوە، واتە: لەسەر ئەو فەلسەفەیەی كە بە مانای فراوانی وشەكە لە یەك كاتدا خێزان و دەوڵەتیش دەگرێتەوە، ئەوان مشتومڕی ئەوەیان كردووە كە ژن چۆن دەتوانێ‌ "پرەنسیپی هارمۆنیا" (گونجاوی، تەبایی) لەسەر پێگەیاندنی منداڵ پراكتیزە بكات، تا لە قۆناغی پێگەیشتندا بووبێتە كەسێكی بە ویژدانی خاوەن فەزیلەت و، كەسێكی كۆك. هەروەها لەو ڕێگەیەشیان كۆڵیوەتەوە كە ژن بەهۆیەوە دەتوانێت ئەم پرەنسیپە لە بوارەكانی تریشدا و لە كایە هەمەجۆرەكانی ژیانی ڕۆژانەیدا جێ‌ بە جێ‌ بكات، ئەوەش هیچ پەیوەندییەكی بە ئابووریی ماڵ و ماڵدارییەوە نییە، وەك ئەوەی هەندێك لەو پیاوانەی دەیانەوێت لە ڕۆڵی ژنان لە فەلسەفەی فیساگۆریدا كەم بكەنەوە باسیان لێوە كردووە، بگرە ئەوە توێژینەوە و پراكتیزەكردنی تیۆرێكی ئاكاریی بووە لای فیساگۆرییەكان، لەگەڵ تەواوكردنیدا بە لایەنەكانی دەروونناسیی گەشەی ئاكاریی، ئەمە وێڕای تیۆری پەیوەستی خێزانی و بابەتە زۆر و زەوەندەكانی تر.
ژنە فیساگۆریەكان لە قوتابخانەی یەكەمی فیساگۆری و قوتابخانەی فیساگۆرییەكانی پاشین (المتأخرە)ـدا، لە جیهانی كۆندا تاكە ژنانێكی فەیلەسووف نەبوون، بەڵكو زۆرێكی تریش هەن، ئەوەتا جیل میناج Gilles Menage (1612-1692) –كە لە سەدەی حەڤدەدا پارێزەرێكی ڕۆشنبیر و توێژەرێكی بواری زمان و كلاسیكیات بوو- توێژینەوەیەكی لەبارەی ژنە فەیلەسووفەكان لە جیهانی كۆندا ئەنجامداوەو، گەیشتووە بەو دەرەنجامەی كە شەست و پێنج ژنە فەیلەسووفی بینیوەتەوە و ئەم دۆزینەوەیەشی لە كتێبێكدا بە ناوی "مێژووی فەلسەفە" تۆماركردووە و ساڵی 1690 و پاشانیش 1692ز بڵاو كراوەتەوە10. كتێبەكەش لە سەردەمی ئەودا و لە سەردەمی ئێمەشدا گرنگییەكی لەڕادەبەدەری هەیە، چونكە بەشدارییەكی زووكات (مبكر) پێكدێنێت لە لایەنێكی فەرامۆشكراوی مێژووی فەلسەفە ومێژووی عەقڵی ژندا بە شێوەیەكی گشتی، ئەوەش بووە خاڵی دەستپێكی كۆمەڵێك لێكۆڵینەوەی نوێ‌ لەم بابەتەدا11 .
ئێمە بە تەمای ئەوە نین هەر ئەو شەست و پێنج ژنە فەیلەسووفەی "میناج" لە كتێبەكەیدا لێی كۆڵیونەتەوە باس بكەین. گرنگ ئەوە نییە "ژماردن"ـێكی گشتگیری هەموو "ژنە فەیلەسووفەكان" بە درێژایی مێژوو، بكەین، بەڵكو ئەمانەوێت نموونەگەلێكیان لێ‌ بخەینەڕوو بۆئەوەی ئەو بیرۆكە باوە ساویلكانەیەی پێ‌ تێك بشكێنین كە لە تواناكانی ژنان دێنێتە خوارەوە، ئەمەش بە ئامانجی ئەوەی كە ژنی عەرەبی دووبارەی متمانە بە خۆی بكاتەوە و بە پاڵ پیاوانەوە كار بكات بۆ سەرلەنوێ‌ بونیادنانەوەی كۆمەڵگەكەمان، كە بێگومان بەلای منەوە پاشەكشەیەك لە جیهانی ژناندا ڕوویداوە  لە بەرەنجامی ئەو داخرانە هزرییەی كە لە سەردەمی شۆڕشی میسرییەوە ڕوویداوە.12
بۆ نموونە ئێمە لەبارەی ئەو ژنەوە قسە ناكەین كە دیۆجین لایرتی پێی وایە: یەكەم ژن بووە (ناوی كلیۆبولینا Cleobulina بووە، دەوروبەری 600 پ. ز) كە دەكرێت لە كۆنتێكستی هەوڵەكانی فەلسەفەی یۆنانیدا باس بكرێت. هەر ئەویش بووە هەندێك مەتەلێ‌ فەلسەفی داناوەو، ڕێیشی تێ دەچێ‌ دایكی تالیس بووبێت كە هەمووان بە باوكی فەسەفەی كۆسمۆلۆژیی سەدەی شەشەمی پێشی زایینی دادەنێن.
دیۆجین وا باس لە كلیۆبولینا دەكات كە "خۆڕاگرترین ژن"13 بووە، میناجیش لەوەوە ئەم زانیارییانەی گواستۆتەوە، ئەگەرچی ئەوەش زیاد دەكات كە لای (پلوتارك)ـیش لە كتێبی "خوانی حەوت فەرمانڕەواكە"دا بوونی هەیە. هەروەها نە باسی هیپۆ Hippoـی كچی خیرۆنی دانا دەكەین14  و نە "میرۆ Myro" كە فەرهەنگەكەی سویداس ناوی "ژنە فەلەسووفی ڕووس"ی لێناوە...هتد15 و، نە باسی دەیانی تریش دەكەین، بەڵكو تەنیا ئەو كەسانەی كە زۆرتر گرنگییان هەبووە پیشان دەدەین.
لەبەرئەوەی قوتابخانەی فیساگۆری بواری ڕەخساندوە بۆ فێربوونی ژن و بەشداریكردنی لە ژیانی عەقڵی و پرسە فەلسەفییەكاندا، ئەوا بەشی یەكەمی ئەم كتێبە تەرخان دەكرێت بۆ ئەم قوتابخانەیە: دامەزراندنی، بونیادی، ڕێساكانی..هتد، بۆئەوەی لە بەشی دووەمدا لە هەندێ‌ ژنی زووكاتی فیساگۆری بكۆڵینەوە، ئەمە لە كاتێكدا بەشی سێیەم تەرخانە بۆ "ژنە فەیلەسووفە فیساگۆرییەكانی پاشین". هەرچی بەشی چوارەمە دەربارەی ژنێكە كە ئەفلاتوون یەك گفتوگۆی تەواوی بۆ تەرخان كردووە- ئەم ژنەیش ئیسپازیایە، مامۆستای ڕەوانبێژی "كە سوكرات بۆتە مەراقی و، دانی بەوەدا ناوە ئەو بووە گوتاری جەنازەیی بۆ پێركلیس، كە لە یادی شەهیدانی ئەسینا لە جەنگ لەگەڵ ئیسپارتە پێشكەشی كردووە، داناوە.. لە بەشی پێنجەمدا دەپەرژێینە سەر "دایۆتیما.. مامۆستای سوكرات" و باس لە تیۆرەكەی لەبارەی خۆشەویستی و نەمریی روح، وەك ئەوەی ئەفلاتوون لە دایلۆگی "خوان"ـدا باسی دەكات و، مشتومڕ لەبارەی كەسایەتی مێژوویی ئەم ژنەوە دەكەین.
لە بەشی شەشەمدا باس لە "جولیادونا.. یان جولیانای ژنە فەیلەسووف" و بەدەمەوەبوونی فەیلەسووفان و زانایانی بواری بیركاری و پزیشكی، لەونەیش ئەلیكسەندەر ئەفرۆدیس و گالینۆسی پزیشك و فلوستراتوسی فیساگۆری، دەكەین. لە كاتێكدا بەشی حەوتەم تایبەتە بە "ماكرینا.. ژنە قەدیسی زاهید". بەشی هەشتەم و كۆتاییش تەرخانە بۆ ژنە فەیلەسووفێكی میسری كە ناوبانگی بە جیهانی كۆندا بڵاوبۆتەوە، ئەویش "هیپاشیا.. ژنە فەیلەسووفی ئەسكەندەری"ـیە.
خۆ ئەگەر خوێنەر وا هەست بكات دەقەكانی ژنە فەیلەسووفەكانی جیهانی كۆن كەمن، ئەوا دەبێت لای ڕوون بێت كە لای پیاوانیش لە فەلسەفەی كۆندا هەمان دۆخە، خۆ سوكرات خۆی یەك پیتی نەنووسیوە، بەڵكو ئێمە بەتایبەتی لەڕێگەی قوتابییەكەیەوە "ئەفلاتوون" بە بیروبۆچوونەكانی ئاشنا بووین. بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە كە بە درێژایی مێژوو هیچ كتێبێكی فەیلەسووفە ژنەكان نادۆزینەوە، هەر كات هەل بە ژن بدرێت بەرهەمێكی فەلسەفی نەمر دەنوسێت و لە دوای خۆی بەجێی دێڵێت: وەك ئەوەی بۆ نموونە لای ژنە فەیلەسووفی ئینگلیزی سوزان ستیبنج Susan Stebbinge (1865-1943) زانای لۆژیك، یاخود لای ژنە فەیلەسووفی ئەمریكی بواری ئیستاتیكا و زانای لۆژیك سوزان لانجە Susan Langer (1895-1985)، یان ژنە فەیلەسووفی فەرەنسیی بونگەرا سیمۆن دی بوڤوار Simone de Beavoir (1908-1986) كە لە بارەی "ڕەگەزی دووەم" و لەبارەی "ئاكار" و لەبارەی "پیرێتی"ـیەوە نووسیویەتی، ئەوە جگە لە ڕۆمان-یش تەواو وەك ئەوەی سارتەر كردی، دەیبینینەوە. لە ئەڵمانیاش هانا ئاڕێنت Hanna Arendt (1906-1975) فەیلەسووفی بە ڕەگەز ئەڵمانی، كە بەهۆی نازییەكانەوە بۆ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا هەڵات و، بووە تیۆرسێنێكی سیاسی و، لەبارەی "بنچینەكانی تۆتالیتاریزم" و "لەبارەی شۆڕشەوە" و "لەبارەی توندوتیژییەوە" و "لەبارەی ئازادییەوە" و "لەبارەی ژیانی عەقڵەوە" نووسیویەتی و، دەیانی تریش.
من لەم كتێبەدا هیوام بەوەیە كە خوێنەر چاو بخشێنێتەوە بەو بۆچوونە ساویلكانەیەدا كە لە كۆمەڵگەكەماندا لەبارەی ژنەوە باوە، هەروەك ئاواتەخوازم شتێكم پێشكەش كردبێ‌ كە كۆمەك بە ژنی عەرەبی بكات لە بێداربوونەوەی و سەرلەنوێ‌ هەستانەوەی، تا لە بەخشینەكەی پێش شۆڕش (شۆڕشی میسر. و.) بەردەوام بێت.

كوەیت- یەنایەری 1996

پەراوێزەکان:
1-           لە كتێبی "ئەرستۆ و..ژن"دا- ژمارەی دووەمی ئەم زنجیرەیە بە دورودرێژیی بۆچوونی ئەرستۆمان لەبارەی ژنەوە خستۆتە ڕوو.
2-            استپنا‌ء: دەراوتن، هەڵاواردن، هەڵاوێر، ئاوارتە، ڕیزپەڕ، ئێمە لە كۆنتێكستەكاندا كامیان بە گوناو بزانین بەكاری دێنین..
3-           نابێت بەرپەرچی ئەو دوو ئایەتە پیرۆزە بدرێتەوە كە دەفەرمێت {للرجال علیهن درجەً } (البقرة- 228) و {الرجال قوامون علی النسا‌ء} (النسا‌ء- 34)، ئەم ئایەتانە هەرگیز لەبارەی پیاو و ژنەوە نادوێن، بەڵكو باس لە پەیوەندی مێرد بە ژنەكەیەوە دەكەن لە نێو خێزان  و،ڕێكخستنی ئەركەكانی خەرجیی لە لایەك وو، پەروەردەكردنی منداڵ لە لایەكی دیكەوە، چونكە خێزان چەمكێكی ئەخلاقییە و نەك دامەزراوەیەكی "سیاسی" لەبەرئەمە هەڵەیەكی زەقە بیرۆكەی "دامەزراوتر – القوامە" لە خێزانەوە (ئاكاری) بگوازرێتەوە بۆ كایەی دەوڵەت (سیاسی). وەك لە جێیەكی تریشدا گوتوومانە- ئەگەر هەڵە بێت باس لە "دیموكراسییە لە خێزاندا" بكرێت، كە لەم حاڵەتەدا ئاكار و سیاسەت تێكەڵ بە یەك دەكەین، ئەوا بە هەمان شێوەیەش هەڵەیە بە شۆفێری ئۆتۆمبێلەكەی خانمە وەزیرێك یان كارگوزارەكەی دەرگاوانی بووترێت لەو "دامەزراوترە"! بگەڕێوە بۆ: د. إمام عبدالفتاح إمام، "مسیرة دیمقراطیە.. رۆیە فلسفیە" دراسە فی "عالم الفكر" عدد خاص عن الدیمقراطیە/ أصدره المجلس الوطني للثقافة و الفنون بالدولة الكویت- العدد الحادی و العشرون، عام 1993. 
4-             لە پاشەكی (خاتمة)  كتێبی "ئەرستۆ و..ژن" دا كە كتێبەكەمان كۆتایی پیێ‌ هێناوە، مشتومڕێكی بەپێزمان لەبارەی ئەم بابەتەوە كردووە، ص109 و ما بعدها- مكتبة مدبولي بالقاهرة، (العدد الثاني من سلسلة "الفیلسوف و المرأة). 
5-              لەو پارادۆكسە سەیرانەی عەقاد –خوا لێی خۆشبێت- ئەوەبوو كە لایەنگری پرسی یەكەم بوو واتە: جەختكردنەوە لەوەی كە ژن توانای فەلسەفەكاریی نییە (بۆ نموونە، بگەڕێوە بۆ ئەم درەختە و ئەوانی تر)، ئینجا عەقڵیی مرۆییش ئەكاتە دوو عەقڵ نەك یەك عەقڵ، لەگەڵ ئەوەیشدا بە گەرم و گوڕییەوە داكۆكی لە پرسی دووەم كردووە بە بەڵگەی ئەوەی عەقڵیی مرۆیی یەك عەقڵە، جۆرگەل یان پلەگەلێك بوونیان نییە كە كۆمەڵە مرۆیەك لە كۆمەلێكی دی جیا بكاتەوە!! 
6-             عباس محمود العقاد: أثر العرب فی الحضارە الأوروبیة، دار المعارف بمصر، عام 1946، ص91.
7-            المرجع نفسه، ص84.
8-             المرجع نفسه، ص85.
9-       Peter Gorman: Pythagoras Alife, Routedge & Kegan Paul 1979, P. 120.
10-       میناج" بە زمانی لاتینی دایناوە، كە لە سەدەی حەڤدەدا زمانی ڕۆشنبیرەكان بو و،بە ناونیشانی "Historia Muliecrum Philosopharum" وەك ئەوەی "میناج" ئەندامێكی دیار بێت لە سەرجەم "صالۆنە ئەدەبییەكانی پاریس"دا، تەنانەت بازنەیەكی ئەدەبی بۆ خۆی دروستكردووە و ناوی ناوە "دیداری چوارشەممان" چونكە ئەندامەكانی ئەم بازنەیە ڕۆژی چوارشەممانی هەموو هەفتەیەك یەكتریان دەبینی  و،بگرە هاوڕێكانی و خۆشەویستەكانی دوای مردنیشی بەردەوامییان بە بازنەكەی ئەودا و و،تەكانیان كۆكردەوە لەژێر ناونیشانی "میناجیات Menagrana"ـدا. هەروەها موعجەمێكی زمانەوانییان لەبلارەی بنچینەی زمانی فەرەنسییەوە لە پاریس 1650 ز  و،تێبینییەكان لەبارەی زمانی فەرەنسییەوە  لە پاریس 1672 ز دەركرد، لە كایەی فەلسەفەشدا شرۆڤەگەلێكی دورودرێژیی نووسی لەبارەی كتێبی "دیۆجینیز لایرتی: ژیانی فەیلەسووفە بەناوبانگەكان" پاریس 1663ز نووسی، لە پێشەكی كتێبەكەیشدا دەڵێت بە درێژایی ژیانی چێژی لە مێژوی فەلسەفە بینیووە كە ئەو ناوی دەنێت "مێژووی بلیمەتی"، دوای ئەوانەش كتێبی "مێژووی ژنە فەیلەسووفەكان"ی نووسی كە یەكەمجار ساڵی 1690 ز لە لیۆن نووسی وەك تەواوكاریی بۆ ئەو كتێبە ناوبراوەكەی دیۆجینیز. پیاتریس هـ. زێلدەر Beatrice H. Zelder  ساڵی 1984 ز كتێبەكەیی لە لاتینییەوە بۆ ئینگلیزی وەرگێڕاوە لەگەڵ پێشەكی و تێبینی.
11-       ماری ئالن وێت كتێبێكی سێ‌ بەرگی بەناونیشانی "مێژووی ژنە فەیلەسوفەكان" دەركردووە، بەرگی یەكەم تاوتوێی قۆناغێكی مێژوویی دەكات كە درێژ ددەبێتەوە لە 600 پ. ز تا 500 ز، دووەمیان لە  500 ز تا 1600 ز، سێیەمیشیان لە 1600 تا 1900 ز. هەروەها ئیسیل كیرزی كتێبی "ژنە فەیلەسوفەكان"ـی دەركرد، لیندا ماكلستەریش گۆڤارێكی فەلسەفی ژنانەی بە ناونیشانی "هیپاشیا" دەركرد..هتد.
12-       بڕوانە ئەو نموونانەی كە مامۆستای خوالێخشۆشبوو د. زكي نجیب محمود لە كتێبی "لە چوار ڕێیاندا" لە سێ‌ وتاری گشتیدا بە ناونیشانی "پاشەكشە لە جیهانی ژندا" 1 و 2 و 3 لە لاپەڕە 139 هەتا لاپەڕە 165، دار الشروق لە میسر ساڵی 1985 بۆ ئەم پاشەكشەیەی خستوویەتییە ڕوو.
13-     Deogenes Laertius: Lives of Eminent Philosophers, Translated by R. D Hicks, Harvard University press 1979, P. 27.
14-     G. Menages: The History of Women Philiosophers, P. 5.
15-      Ibid.