My Blog List

بابه‌ته‌ نوێیه‌كان

خۆرهەڵات و فەلسەفە

Wednesday 21 November 2018

دەربارەى وەرگێڕان

هاوار محەمەد

گوایە وەرگێڕان لە زمانی یەکەمەوە هەمیشە باشتر و ڕەسەنترە، لەوانەی لە دەستی دووەم و سێیەمەوە ئەکرێن.. نامەوێ لەبەها و گرنگی زمان بۆ وەرگێڕان کەم بکەمەوە، بەڵام بە جۆرێک لە جۆرەکان "زمانی یەکەم" هەر حیکایەتە خورافیەکەی ئەسڵ و ئایکۆن و کۆپییە.. گوایە ئەوەی ئەسڵییە هەمیشە پڕ و جوان و کامڵ و حەقیقییە، وەرگێڕان لە زمانی یەکەمەوە ئەبێتەوە بە ئایکۆن، واتە تەنیا یەک هەنگاو لە ئەسڵییەکەوە دوورە و لێکچوونێکی زۆر لەنێوانیاندا هەيە، بەڵام دەستی سێیەم دەبێتەوە بە نوسخە و نوسخەیش هەمیشە موزەیەفە.. تەواوی فەلسەفەی فەرەنسیی دوای جەنگی جیهانی دووم دژ بەم خورافە ئەفڵاتوونیەن، بە خودی دۆلۆزیشەوە و بگرە بە تایبەتی دۆلۆز.. هەر لە دیالۆگەکاندا دۆلۆز خۆی بە ئاشکرا ستایشی دزیی ئەدەبی و خراپ وەرگێڕان دەکات، بۆ ئەوە نا هەڵەوەرگێڕان پەسەند بکات، بەڵکو بۆ ئەوەی ئەفسانەی ئەسڵ و ئایکۆنە تێکبشکێنێت..
وێڕای ئەوەیش، داخۆ وەرگێڕان لە زمانی یەکەمەوە چ مانایەکی هەیە؟ ئەوندە بەس نییە زمانی فەرەنسی یان ئەڵمانی بزانیت ئیتر بە باشی وەربگێڕیت، زمانزانین تەنیا ڕەگەزێکی وەرگێڕانە و چەندین ڕەگەزی تریشی هەیە.. وەرگێڕان زنجیرە نییە، بەڵکو تێکەڵبوونی کۆمەڵێک توانا و فاکەڵتی و تەقەلایە لەگەڵ یەکتریدا کە هەندێ لەوانە دژ بە خودی نووسەریش دەوەستنەوە، بۆ نموونە بەدیۆ پێیوایە (سپینۆزاکەی دۆلۆز بە تەواوی هەڵبەستراوە)، ئەوە تەرجەمەی دۆلۆزە بۆ سپینۆزا.. هەندێ لەو فاکەڵتییانەی دیکەی وەرگێڕانی فەلسەفی: تێگەیشتن، بەلاڕێدابردن، ڕاکێشانی دەق لە نێو زمانی دوومدا بۆ ئاستى مەحاڵ، دەسەڵاتى وەرگێڕ، متابەعەی بیری فەیلەسوفەکە، ناسینی مەنزومەی چەمکیی، ناسینی ئەو نەریت و هێڵەی کە فەیلەسوفەکە بیری تێدا کردۆتەوە، گواستنەوەی فۆڕم و ستایلى نووسەر (نەک تەنیا مانا) و داهێنانى فۆڕم و ستایلى دیکە هتد.. گەر وەرگێڕان ئەم پرۆسە ئاڵۆزە بێت کە ناچێتەوە سەر زمانی ئەسڵی بەڵکو بە قەولی دێریدا هەوڵ دەدات زمانی گەردوونیی بەر لە ڕوخانی بورجی بابل، ئەو کاتەی هەموو مەخلوقات بە یەکزمان دەدوان، بەشێوەیەکی دیکە دروست بکاتەوە، ئەوا ئیدى وەرگێڕان لە زمانی یەکەمەوە هێندەیش جێگاى شانازى نییە، بەڵکو قەتیسکردنى وەرگێرانە لە گواستنەوەى زمانیدا و ئەمەیش خۆى تێنەگەیشتنە لە وەرگێران..
بێگومان لە وەرگێڕاندا هەمیشە هەڵە روودەدات، بەدحاڵیبوونی وەرگێڕ ڕوودەدات، گیرخوردن و نەپێکان و دەسەڵاتنەشکان بەسەر هەندێ لە چەمک و زاراوەکاندا هەر هەیە، ئەوەیش هەیە کە ئەو زمانەی کتێبەکەی بۆ وەردەگێڕدرێت ناتوانێت هاوتابێتەوە لەگەڵ زمانی ئەسڵی نووسینەکەدا، یان هەمان قودرەتی ئەو زمانەی نییە، ئیشی تێدانەکراوە یان هەر شتێکی تر (کە ئەمانەیان لە دەرەوی دەسەڵاتی وەرگێڕە)، بەڵام گەر وەرگێڕان وەک وەرگێڕانی فیکر و وێناکان و ستایل و تاقیکردنەوەی خودی زمان و بەجێهێشتنی زمان بۆ ئاستی زمانی جیهانی، ئینجا وەک وەرگێڕانێکی پراکتیکی تێزەکان بیبنین، ئەوا ئیدی زمانی یەکەمی وەرگێڕان تەنیا خورافەیەکە..

Sunday 18 November 2018

لەپێناو هاوپشتیدا

هاوار محەمەد

قەحبەکان و سەگەکان:
دیسان دووجۆر فاشیزممان بینییەوە: بەسۆزانیکردن، کە لە کولتوورى "پاکیزەپەرستی"ـەوە سەرچاوە دەگرێت؛ بە ئاژەڵکردن ]ئەنیماڵیزەکردن[ کە لە فاشیزم بەرامبەر ئاژەڵانەوە دێت. "هەى قەحپە.. لەگەڵ تۆمە ئەى ئەوەى کە پاکیزەیى خۆت لەدەستداوە و چێژ دەبەخشیت". ئەمە واتە چى؟ واتە ئەو کچەى پاکیزە نەماوە زۆر نزمترە لەوەى کە پاکیزەیە، ئەوەندە نزم کە دەشێت بەردباران بکرێت، یان بکوژرێت، یان بێ شومار ئەتک بکرێت. ئەى پاکیزە کێیە؟ پاکیزە ئەوەیە کە هەمیشە پاکیزەپەرستەکان دەیانەوێت لە پاکیزەیى دایبماڵن، وەکو ئەو کچانەى زانکۆ کە خۆیان پاکیزەن و پێیاندەوترێ "سۆزانى". کۆمەڵگەى ئێمە تەنانەت بە پاکیزەییش ڕازیى نابێت، هەمیشە شتێک دەبینێتەوە بۆ ئەوەى بیانکاتەوە بە سۆزانى. یەکەم شوێنى ئەم بە سۆزانیکردنە لە زماندا ڕوودەدات. 

"سەگتان تێبەردەدەم".. هەم فاشیزمە بەرامبەر بە سەگ وەک زیندەوەرێکى دڕندە و خوێنخۆرى پەلاماردەر، هەمیش بەرامبەر کچان کە دەشێت ببنە خۆراکى سەگەکان، چونکە بە نزمتر لە مرۆڤ حسابن، بۆ نموونە "مریشک" یان "کۆترى مردارەوە بوو"، یان "بەرماوە"ـن (سۆزانییش هەر مانایەکیترى "بەرماوە"یە)، ئیدى ئاساییە گەر سەگیش بیانخوات.. ئەنیماڵیزەکردن ڕەگى دوروردێژى لە سیاسەتى کوردی و عەقڵى خێڵەکیى کوردیدا هەیە، لەسەر بنچینەى چەپەڵسازى و بێنرخکردنەوە دێت و دەگات بە پەلاماردان. چەپەڵسازى پرۆسەى دروستکردنى بوونەوەرى پیس و زیادە و زیانبەخشە بۆ ئەوەى، وەختێک کە زیانى بۆ حزب هەبێت، بە ئاسانى پەلامار بدرێت و سەگى تێبەر بدرێت. 
ئەم دوولایەنە، "قەحپە" و "سەگ تێبەردان" واتە ویستى ئەتککردن و پەلاماردان. ئا ئەمە ستراکتورى کۆمەڵایەتیى حزبى کوردی و زۆربەى ئەندامانى ئەو حزبانەیە. پەلاماردان وەک زەبروزەنگ؛ ئەتککردن وەک سێکسیزمێکى قێزەون بۆ لەکەردارکردنى ئەو شتەى کە حزبە خێڵەکییە کوردییەکان، بە ئیسلامى و عەلمانییەوە، پێیان گرنگە: شەرەف.

لە زیندانەوە بۆ کەمپ:
ساڵى پار لە ڕۆژى فاڵانتایندا دەرگاى بەشە ناوخۆییەکانى کچان لە سەعات دووەوە داخران، بۆ ئەوەى کچان لەو ڕۆژەدا نەچنە دەرەوە، هاوکات پۆلیسى زانکۆ بەنێو زانکۆدا دەگەڕا بۆ شێواندنى ژوانى قوتابیان و محاسەبەکردنیان. چەندینجاریتر و لە بۆنەى دیکەیشدا بەهەمان شێوە دەرگاى بەشەناوخۆییەکان دادەخران. هەڵبەت کە بەشە ناوخۆیى کچان بەشێوەیەکى ئاسایى هەمیشە هەر لە کاتژمێر پێنج و نیوى ئێوارەوە لە هەموو لایەکەوە قەپات دەکرا و بە تەواوەتى فۆڕمى زیندانیى بەکۆمەڵى وەردەگرت، هەر وەک ئەوەى فۆکۆ باسى دەکات. بەڵام پاریش بەهەمان شێوە پۆلیسەکان وتیان سەرۆکى بەشەناوخۆییەکان وتوویەتى هەرکچێک پێداگرى بکات بۆ چوونە دەرەوە ئەوا وێنەیم بۆ بگرن و بۆم بنێرن، خۆم دەزانم چى لێدەکەم. لەبەرئەم شەرەفپارێزییە هەندێک لەو کەسانەى ئینتیماى ئیسلامیبوونیان هەیە پشتیوانى لە سەرۆکى بەشەناوخۆییەکان دەکەن و بە "پیاوێکى چاک"ـى دەزانن، چونکە پێیانوایە دڵسۆزبووە بۆ پاراستنى نامووسى کچەکانیان، ئەوان نازانن ئەتککردن یەکەمجار لەولایەنەوە ڕوودەدات کە شەرەف دەپارێزێت. ئەبووا ئەم جموجوڵانەى ئێستا لە ساڵانى پێشترەوە بە جددى دەستیان پێبکردایە، هەر لەو کاتەوە زانکۆ کرا بە "کەمپ" و بەشەناوخۆییش بە "زیندان". تێرمى کەمپ دەلالەتێکى سیاسیى مەترسیدارى هەیە، لە خۆڕا نییە زانکۆى سلێمانى لە قلیاسان ناونراوە "کەمپى نوێى زانکۆ". بەشەناوخۆییش کاتێک فۆرمى "زیندان" وەربگرێت، ئەوا ئاساییە خزمەتگوزارییشى بۆ دابین نەکرێت، زیندان شوێنێک نییە بۆ خزمەتکردن، شوێنێکە بۆ کۆنترۆڵکردن. ئەوەى گرنگە پاسەوانیکردنى زیندانییەکانە لە ڕێگەى پۆلیس و "سەگەکان"ـەوە.

کچە جوانەکان/ کچە باشەکان:
گەنجى ئێمە لە هەموو ئیمکانێک بەتاڵکراوەتەوە و خۆیشى خۆى بەتاڵکردۆتەوە، بوونەوەرێکى بێ مەترسى و دەستەمۆ و سەرگەرم و عاقڵى لێ دەرچووە کە تاقەتى هیچ کارێکى جددیى نەماوە. لیبیدۆى خۆى ناپارێزێت و بەردەوام بە فیڕۆى دەدات، بۆیە داهێنان و بزووانێکى ئەوتۆیشى نەماوە.. قوتابى زانکۆ خۆى زانکۆیەکى بێئەرک و "خۆش"ى دەوێت؛ زانکۆیەک کە لەلایەک: دڵداریى، گاڵتەجاڕى، فشیقات، کێبەرکێى شاجوانەکان، کەپڵاندن و ڕەفز، لەشى تەجمیلکراو و پڕ سلیکۆنى تێدابێت، یاخود لەلایەکى دیکەوە، بۆ پاراستنى لایەنى ئایینى و ئاکارى کۆمەڵایەتى، حیجاب و پەچە و کچى "بەڕێز"ى تێدا بێت، بۆ ئەوەى قوتابییە کوڕەکان، ئەگەر بیانەوێ، لە چوارەم ساڵدا لەگەڵ "کچانى لێنەدراو"دا هاوسەرگیرى بکەن. لێنەدراو واتە چى؟ واتە کچێک کە دەستیترى نەکردبێت و پاکژمابێتەوە، وەک ئەو ئۆتۆمبێلانەى لێ نەهاتبێ کە بەهۆى پێکدادان لەگەڵ ئۆتۆمبێلى دیکە یان شتى دیکەدا بەشێکیان تێکچووە.
 کچانى زانکۆ بەسەر ئەم دوو گروپەدا دابەشبوون: کچە جوانەکان و کچە باشەکان؛  لە هەردوولایەنەکەیشەوە کچ خاسیەتى کاڵا وەردەگرێت و بە تێرمە کاڵاییەکان وەسف دەکرێت. یەکەمیان وەک بوکەڵەیەى قەشەنگ و "خۆش" کە کاڵاى بازاڕە؛ دووەمیان وەک خزمەتکارێکى گوێڕایەڵ و "چاک"، کە کاڵاى خێزانە؛ لە هەردوو حاڵەتەکەیشدا لاى بەشێکى کچان ئەم دوو شێوازى دەرکەوتنە گرنگ و خوازراوە و دەشێت پێکیشەوە کۆ ببنەوە. بەم مانایە، گەر زانکۆ وێرانەیەکە و هیچى تیاناڕوێت، لە چەندین لایەنەوە ماناى لێسەندراوەتەوە و لە ئیمکانەکانى داماڵراوە، ئەوا بەشێکى گەورە لە بەرپرسیارێتییەکەى لەسەر خودى خوێندکاران خۆیانە. گرنگە لەم جموجوڵانەدا خوێندکار بکەوێتە نێو خۆ-ڕەخنەکردنیشەوە بۆ دەرچوون لەم بەکاڵابوونە کۆمەڵایەتى و بازاڕییە.

شارییەکان و لادێیەکان:
وێڕاى ئەم پاسیڤیزمەیش دۆخى گەنج دۆخێکى وەستاو نییە، هەمیشە بە مەنگى نامێنێتەوە، هەڵچوون، تەقینەوە، گۆڕانى خێرا، جموجوڵ، بێباکى، سەرکێشى دۆخەکانى گەنجێتین، بۆیە وردە بزووتنەوە و جموجوڵ ساڵانە لە زانکۆدا جاروبار سەرهەڵدەدات، بەڵام بە زووییش دادەمرکێتەوە؛ هەر یەک لەم جموجوڵانە گرنگییان هەیە، هیچ نەبێ دەبنە نیشانەیەک بۆ تەسلیمنەبوونى تەواوەتى. خاڵى سەرنجڕاکێشى ئەم خۆپیشاندانە ئەوەیە لە قوتابیانى داخلییەوە، واتە لە "قوتابى دەرەوەى شار"ەوە، لە توێژە پەراوێزەکانەوە پەرەیسەندووە. زانکۆ گشتییەکان شوێنى گەڕانەوەى دووخراوان و پەراوێزەکانە بۆ نێو چەقى شار. ئەوان لە ڕێگەى خوێندنەوە دێنەوە نێو شارە گەورەکان.
دەسەڵات دابەشکاری و کینەى ناوچەگەرێتى دەقۆزێتەوە و ناڕاستەوخۆ بە شارییەکان دەڵێت: ئێوە پێگەیەکى باڵاترتان هەیە، جوانترن، زمانتان خۆشتر و ناسکترە، دەزانن خۆتان بڕازێننەوە و عیدمیلاد بکەن، لە یادى هاوسەرگیریتاندا ئاهەنگ بگێڕن، دەیشزانن بچنە ڕیستۆرانت و دیسکۆکان و پێکەوە سەما بکەن. لادێیەکان عەشایەرن، خواردنى سەر عەرەبانەکان دەخۆن، جگە لە چایى نازانن قاوە و کاپۆچینۆ بخۆنەوە، هیوایەتیان زەواجە و حەزەکەن یەک دەرزەن منداڵ بخەنەوە.. هتد. دەسەڵات و عەقڵى ناوچەگەرانەى کورد لە ساڵانى پێشوودا کاری کردووە بۆ گەورەکردنى کەلێنى نێوان شارەکان، بەڵام بە تایبەتیتر گەورەکردنى درزى نێوان "شارییەکان" و "لادێیەکان"، ئینجا تۆمەتبارکردنى لادێیە کۆچکردووەکان بۆ شارەکان بەوەى گوایە ئەوان باعیسى دواکەوتن و وێرانبوونى شارن (هەڵبەت هەرگیز کورد شارى بە ماناى راستەقینە نەبووە، نە وەک سیاسەت، ئەدەب، هونەر، مۆسیقا؛ نە وەک شارى پیشەسازی کە شوێنى کۆبوونەوەى کارگەى گەورەکانە و دەبنە هاندەرى کۆچکردنى خەڵک لە دەرەوە بۆ ناوەوەى شار؛ لە ئێستایشدا شار تەنیا پانتایى بەرخۆرى و بریقوباقە). بێگومان کۆچ بۆ ناو شار بڕێک شێوان و شڵەژان هەر دروست دەکات، خەڵکانى دەرەوەى شاریش کولتووریان هەندێک جیاوازترە، توندووتیژترن، شەفەیین و کەمتر پەیوەستن بە ئەتەکێتەوە، بەڵام ئەم جیاوازییانە تەنیا لە ئاستى ڕووکەشدایە، لاى ئێمە شار لە میرنشینێک زیاتر گەشەى نەکردووە و هیچ شتێکى تایبەتیشى بەرهەم نەهێناوە. پایتەختى ڕۆشنبیریى بۆ سلێمانى تەنیا موجامەلەیەکى بێتامى دەسەڵاتە بۆ ئەو شارەى کە خودى دەسەڵات خەساندوویەتى. ڕاستییەکەى سلێمانى کراوە بە پایتەختى سەلەفییەت نەک ڕۆشنبیرى. وا باشترە لادێیە هاتووەکان بە هۆکارى سەرەکیى دواکەوتن و شڵەژان لەقەڵەم بدەیت، بەمە شکستى گەورەى حکومەت و دەسەڵات دەشاریتەوە و کەلێنەکەیش گەورەتر دەکەیت. گەنجانى زانکۆ دەرفەت و هەلى ئەوەیان هەیە ئەم کارتەى دەسەڵات بسووتێنن، جیاوازییە ڕووکەشەکان کاڵ بکەنەوە. ئەوان دەتوانن زۆر شت بە یەکترى ببەخشن و ببنە بەشێک لە سوبێکتیڤیتەى یەکترى.

لەپێناو هاوپشتیدا:
ئێستا ئەوەى جووڵەى خستۆتە شارەوە خوێندکارە لادێیەکانن (بە دەربڕینە باوەکانى ناوچەگەرێتى) بە پشتیوانى خوێندکارە شارییەکان، هەروەها کچەکانن بە پشتیوانیى کوڕەکان. ئەمە خاڵێکى زۆر گرنگى "هاوڕێیەتى" و "هاوپشتییە". لە ماوەى دووساڵى ڕابردوودا لە دوو وتاردا ئاماژەم بەوەداوە کە سیاسەت لە پەراوێزەکانەوە دێتەوە بۆ سەنتەرەکان و بەمەیش سەنتەرەکە لە داخران ڕزگار دەکات. گرنگە خوێندکارى زانکۆ ئەم دابەشکارییانە تێپەڕێنێت کە تەنیا لە چینایەتییەوە نا، بەڵکو لە هابیتووسەکانەوە سەرچاوەى گرتووە: جوان/ناشیرین، حیجاب/سفور، شارى/لادێى، سلێمانى/هەولێرى، حزبى/ناحزبى، کوڕ/کچ.. هتد. بە کاڵکردنەوەى ئەم هابیتووسانەى وا لە دەروونیاندا جێگیر بووە، خوێندکاران دەتوانن خێراتر هاوپشتى یەکتر بن، هاوڕێیەتى زیاتر گەشە پێبدەن، ئاسانتر کۆببنەوە، ئاسانتر بجوڵێن، بەو جۆرە هێز و قورساییشیان زیاتر دەبێت. ئەم جموجوڵە بەرهەمى پشتگیریى قوتابیانى شارە لە هاوڕێیانى داخلییان، بەرهەمى ناڕەزایەتى کچانە بە پشتیوانیى هاوڕێ کوڕەکانیان، هەروەها بەرهەمى پشتیوانیى ئەو کۆمەڵ و گروپە بچووکانەیە کە بە تواناى خاکیى خۆیانەوە، لە زانکۆدا هەندێ جموجوڵ و ناڕەزایەتییان هەیە و نایانەوێ گەنج بە تەواوەتى تەسلیم بە "ئیدارە" ببێت. تەسلیمنەبوون پێویستى بە هەوڵ و تێکۆشانە بۆ پەرەدان بە وزە ناوەکییەکان و توانا داهێنانییەکان لاى خودى گەنج. سیاسەتى بەرەنگارانە (وێراى هەندێ زەرورەتى ڕیکخستن و دیاریکردنى میکانیزم و شتى لەم بابەتە) تێکەڵبوونى دوو ڕەهەندیى بنچینەییە: لەلایەک خۆپێگەیاندن لە ئیمکانە دەرەکییەکاندا بۆ نموونە فەلسەفە و هونەر؛ دووەمیان ئەزموونکردنى هەستە ڕاستەقینەکانى ژیان وەکو عەشق و هاوڕێیەتى. لە هەر شوێنێکدا  فەلسەفە و عەشق، هونەر و هاوڕێیەتى پێکەوە کۆبوونەوە ئەوا سیاسەتى بەرەنگار دژ بە ڕێگرییەکان و قەدەغەکان گەشە دەکات.

تێبینى: ئەم وتارە لە سەروەختى خۆپیشاندانەکانى زانکۆى سلێمانیدا ، دژ بە "سەگتێبەردان"ـیان لەلایەن سەرۆکى بەشە ناوخۆییەکانەوە، نووسراوە و لە وەختى خۆیدا هاندان و هاوهەڵوێستییەک بوو بۆ ئەو گەنجانەى "شار"یان لێ کراوە بە کەمپ و داخلییەکانیش بە زیندانى. بابەتەکە لە بلۆگى "ڕەت" لە بەروارى 28 تشرینى دووەمى 2018دا بڵاوکراوەتەوە. کەلیک لەم لینکەى خوارەوە بکە