My Blog List

بابه‌ته‌ نوێیه‌كان

خۆرهەڵات و فەلسەفە

Wednesday 23 August 2017

تۆڕ و ڕیزۆم


عەبدوسەلام بنعەبد عالی
وەرگێڕانى: هاوار محەمەد


بنەڕەتە لاتینییەکەى وشەى فەرەنسیى réseau وشەى retis ـە، کە ماناى داو (بەن) دەگەیەنێت. ئەمەیش واتاى ئەوەیە تۆڕ لە زمانى و عەرەبى و زمانەکانى تریشدا ئاماژەیە بۆ داوەکان و چنین. تۆڕ لێکئاڵان و تانوپۆى داوەکانە. هەمیشە تۆڕ پەیوەست بووە بە پیشە و تەکنیکەکانەوە، بەڵام لە کۆتایى سەدەى هەژدەدا بە زۆرى لە پیشەى چنیندا کورتکرایەوە.
وشەکە هەر لە سەردەمى ئەفڵاتوونەوە بە چەندین جۆر بەکارهێناوە و فرمانى وەئەستۆخراوە، وەها سەیرى جەستە و مێشک کراوە کە تۆڕن، بگرە هەر لەم ڕوانگەیەوە جەستەى کۆمەڵایەتى وەک تۆڕێک یان زنجیرە تۆڕێک هەڵسەنگێنراوە. بەڵام وەک داگۆنیى سەلماندوویەتى، سەدەى هەژدە ئەو سەدەیە بوو کە ئەم چەمکە بەشێوەیەکى ئێجگار بەرچاو گەشەى سەند، چونکە تۆڕ بووە کلیلى تەفسیرکردنى هەر شتێکى سروشتى.
لەگەڵ شۆڕشى پیشەسازیدا، تۆڕە پیشەسازییەکان بەرامبەر تۆڕە سروشتییەکان دادەمەزرێنرێن، لێرەدا ئەندازیار دەبێتە نەخشەساز و دیزاینەرى تۆڕەکان. هاوکات، تۆڕەکانى هێڵى ئاسنین و تۆڕى تەلەگراف و دواتریش تۆڕە کارەباییەکان پەیدا دەبن تاوەکو دەگات بە تۆڕى ئینتەرنێت. نابێت ئەوەمان لەبیربچێت کە تۆڕ، تەنانەت بەر لە دەرکەوتنى ئینتەرنێتیش، چووبووە نێو پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و بگرە بەشێوەیەکى گشتى نێو پەیوەندییە مرۆییەکانەوە.
چەمکى تۆڕ بۆ ئەوە دامەزرا کە جێگاى چەمکى درەختسازى و پەیوەندیى شاقوڵی و قوچەکیى بگرێتەوە. درەخت دەزگایەکە لە فیکردا دەچێنرێت تاوەکو لە هەڵکشاندا  بڕوێت، بە باڵادابچێ و گەورە ببێت، ئینجا ئەو ئایدیایانە ]وەک بەروبووم[ بگرێت کە بە ئایدیاى دروست وەسف دەکرێن. درەخت لە ناوکەوە دەڕوێت، لە ئەسڵدا ڕەگ دادەکوتێت، بە یەک ئاراستەى ستوونیدا بەرزدەبێتەوە. ئینجا بە خێرایى دەبێتە ماشێنى دابەشبوونە دووالیستییەکان. درەخت ڕەگدانان و لقوپۆپ دەرکردنە. سەیر نییە بیرمەندانى پێشتر باسى "درەختى لۆژیکى" و "درەختى مەعریفە" و "درەختى بنەماڵە" و...هتدیان کردووە.
لەبەرامبەر "درەختى لۆژیکی"دا، تۆڕەکان هەوڵدەدەن پەیوەندیى ئاسۆیى بچنن، پەیوەندیدار و ترازاو لێکدەبەستنەوە بە ئامانجى دەرککردن بە ڕەوایەتیى عەقڵانیى شتەکان و "سروشت"ى بوون، بەڵام سەرەڕاى ئەوەیش بە تەواوەتى لە هەواى نەریتیى گەڕان بەدواى ڕێکخستەکان و ئامانجگەراییەکاندا، پارێزراو نابن و پرژەیان بەردەکەوێ.
دژ بە فەلسەفەى دیکارت کە خەریکى دامەزراندن و ڕەگدانان بوو، ئینجا دژ بە فەلسەفەى هیگڵ کە درێژە بە جووڵەى گەشەسەندن دەدات تاوەکو دەگاتە ئامانجەکەى، ژیل دۆلۆز گرنگى نە بە ئەسڵ دەدات و نە بە ئامانج، بەڵکو دەیەوێت چەمکى تۆڕ تا دوا سنوورى خۆى ڕابکێشێت، لەمەیشدا هەوڵدەدات لە چەمکە ئۆرگانییەکانى ڕێکخستن و ئامانجگەرایى ڕزگارى بکات، بۆیە دەیخاتە نێو "جەستە بێ ئەندامەکان"ـەوە. لەم پێناوەدا، ئەو مۆدێلى وردە گیا دەهێنێتەوە کە لە ناوەندەکاندا گەشە دەکات. ئا ئەم ڕووەکە ورد و باریکەلەیەى کە نە سەرەتاى هەیە و نە کۆتایى، نە ئەسڵى هەیە و نە ئامانج هیچ نییە جگە لە "ڕیزۆم" (rhizome) ]ڕیشاڵ[.
چەمکى درەختسازى گریمانەى سیستەمى هیرارشى دەکات، کە تێیدا وەها لە درەخت دەڕوانرێت ڕەگ و لقە، قەد و پەلوپۆیە، ڕابردوو و داهاتووە، دژ بەم سیستەمە درەختییە و دژ بە چەمکەکانى دروستکردن و گەشە و مێژوو و پەرەسەندن، دژ بە درەخت کە سەنتەرێک پێکدەهێنێت شتەکان لە تەوەرەى بازنەییدا لەدەورى ڕیزدەبەستن و سیستەمێک لە پنت و دۆخەکان گریمانە دەکات و مەنزومەیەکى قوچەکییان بەسەردا دەسەپێنێت، فەرمانەکانى سەنتەر دەگوازێتەوە و بە گوێرەى یادەوەرییەکى ڕوولەدوا "مومکین" دەخاتە نێو جوغزێکەوە و لە چوارچێوەدا سنووردارى دەکات، دژ بە هەر هەموو ئەمانە، چەمکى ڕیزۆم دادەمەزرێت کە جیهانێک دیاریى دەکات تێێدا حەقیقەتى شتەکان دەخرێنە نێو پەیوەندییەکان و نێوانەکانەوە کە سەر بە سنوورە پێکهێنەرەکانى شتەکان نین، بۆیە ئەم چەمکە دەمانخاتە بەردەم پەرتوبڵاوییەکان، بەردەم پەیوەستیى ماوە کورت کە بە گوێرەى بنەماى تووند و ئاسنین ناڕوات و نایشگات بە خودى ئەو ئامانجەى کە دیاریکراوە. مەنزومەکان هیرارشیى نین، هیچ نین جگە لە گەشەکردنى لاوەکى و سیستەمێکى فرەیى و ڕیزبەندییەکى هەڕەمەکى و پنتى چاوەڕواننەکراو. ئەوانە چارەنووسى نێوانڕەون و لە مەعبێنەکاندان، نە ڕابردوویان هەیە و نە داهاتوو، چارەنووسى بێ یادەوەرین. هێڵکارین نەک نەخشەى لەبەرگیراو، جوگرافیان نەک مێژوو، گەشت و کۆچن نەک مانەوە و نیشتەجێبوون. هەموو ئەمانە ڕیزۆمن؛ ڕیزۆم ئەوەیە لەنێوان شتەکاندا بیر لە شتەکان بکەیتەوە. ڕەگ نییە، ڕەگەتۆڕە؛ پنت نییە، هێڵە. ڕیزۆم باڵەخانەى بیابانە، نەک جۆر و ڕەگەزەکان بە گوێرەى ویستى دابەشبوونى درەختى.
لە کتێبێکى هاوبەشى دۆلۆزدا ئەم کۆتەیشنە لە هێنرى میللەر دەخوێنینەوە: ''گیا تەنیا لە مەعبێن و لەنێوانە دانەچێنراوەکاندا بوونى هەیە. بۆشاییەکان پڕ دەکاتەوە، لەنێوان-نێواندا، لەنێوان شتەکاندا سەوز دەبێت... گیا زێدە هەڵدەقوڵانێکە، ئەمە وانەیەکە دەربارەى ئەخلاق''. گیاکان بە بڕینى ڕەگەکانیان وشک ناکەن، چونکە بەخێرایى تازەدەبنەوە و لە هەر پنتێکەوە و بە هەر ئاراستەیەکدا بێت هەڵدەقوڵێنەوە، دەڕژێنە سنوورەکانەوە و ماشێنە دووالیستییەکان دەکەن بەژێرەوە، بە گوێرەى گەلێک هێڵ دەجوڵێن کە بەرەو جووڵەى پنتەکان لابەلا نابنەوە. هێڵى ئەوتۆ کە نە سەرەتایان هەیە و نە کۆتایى، هێڵە هەڵاتووەکان، هێلەکانى هەڵهاتن. بەڵام هەڵهاتن بۆ دوور نا، هەڵهاتن بۆ دەرەوە نا، ئەوانە هێڵەکانى هەڵهاتنن کە بەشێک لە تابلۆى وێنەکێشێک پێکدەهێنن.
ڕیزۆم، وەکو تۆڕ، تەنیا بەوەندەوە ناوەستێت سیستەمێک دابمەزرێنێت بیخاتە جێگاى سیستەمەکەى پێشوو، تەنیا بەوەندە واز ناهێنێت ئاسۆیى بخاتە جێگاى ستوونى، بەڵکو جومگەى نائاگایانە بۆ پێکەوەبەستن دادەمەزرێنێت. لێرەدا "لۆژیکى مانا"ى تەقلیدى بۆ دەرککردن بە سروشتى بوونەوەر دادمان نادات. جیهان جووڵەى دەلالەت و مانا نییە، هەر بەو جۆرەى کە ملکەچى ڕێکخستن و پۆلێنکردن نابێت. هیچ ڕێگەیەکى ترمان نییە جگە لەوەى لێرەدا دەستبەردارى سیستەمێک بین کە تێیدا بە گوێرەى "یەک" و "فرە" لە بوونەوەر دەڕوانرێت. چونکە مەسەلە بنەڕەتییەکە لاى دۆلۆز ڕزگارکردنى فرە نییە، بەڵکو ئاراستەکردنى فیکرە بەرەو چەمێکێکى نوێى 'یەک'، کە بە گوێرەى دەربڕینى خۆى ''نە یەکە و نە فرە... بەڵکو یەک دەنگیى فرەیە، کە هەزاران دەنگى تێدایە''. 

سەرچاوە:
عبدالسلام بنعبد العالي، الشبكة و الريزومة، http://www.mominoun.com/articles

تێبینى: ئەم وتارە ئابى 2017 لە سایتى "کولتوور مەگەزین" بڵاوبۆتەوە.

Friday 11 August 2017

جاشایەتیى نوێ

هاوار محەمەد


1- زاراوەیەکى جاویدان:
لەسەردەمى بەعسدا کە ڕێژەى دانیشتووانى کوردستانى باشوور چوار ملیۆن کەس تێپەڕى نەدەکرد، ملیۆنێکى بووبوون بە "جاش". ڕەنگە بپرسین بەعس چۆن توانى لە میللەتێکى چوار ملیۆنى، ملیۆنێکى بکات بە جاش و ئەنفال و کیمابارانیان پێ بکات؟ ئەمە لەو پرسیارە نزیکە چۆن بەشێک لە یەهودییەکان توانییان بەشداربن لە هۆڵۆکۆستدا؟
فۆڕمى گشتیى پرسیارەکە ئەمە: چۆن گەلێک دەتوانێت، بە پاڵنەرى ئایدیۆلۆژیایەکى فاشیستى، بەشداربێت لە وێڕانکردنى خۆیدا؟ سەخت نییە بگەڕێینەوە بۆ گۆستاڤ لۆبۆن، یان بۆ فرۆید، یان بۆ ولییەم ڕایش، کە هەرسێکیان سەبارەت بە دەروونناسى جەماوەر نووسیویانە، بەڵام لە ڕاستیدا وەڵامێکى سەرەتایى، ئاسانتر و نزیکتر لە خۆمانەوە هەیە. هەر بە سادەیى بڵێین ئەوەى لە پشتى "جاشایەتییەوە" ڕاوەستابوو مێنتاڵێتى خێڵ بوو. هەر بەو جۆرەى کە هەمان مێنتاڵێتى لە پشتى "کوردایەتى"ـیشەوە ڕاوەستابوو. ئەى چۆن دەبێ یەک عەقڵییەت دابەش ببێت بە سەر دوو بەرەدا؟ ئەمە ڕێک بونیادى عەقڵیى خێڵ خۆیەتى: ''دوژمنایەتى تا دوایین ڕادە، لێخۆشبوون تا دوایین ڕادە''. بە مانایەکتر، لێکتر کوشتن و ژنوژنخوازى، خوێن لەیەکڕشتن و تێکەڵبوونى خوێنى. خێڵەکییە جاشەکان دژ بە خێڵەکییە نیشتمانپەروەرەکان، دواتر ئاشتەوایى هەمیشەیى: بڕیارى لێ خۆشبوونى سەرتاسەرى بێ هیچ ڕێکارێکى یاسایى.
وشەى "جاش" زاراوەى سەردەمى شاخە، کاتیگۆرییەکى نێو ئەو فەرهەنگە زمانییەیە کە دوا سنوورى عەقڵیەتى ناسیۆنالیزمى کوردى دەنوێنێتەوە؛ لەبەرئەم هۆیە پێش ڕاپەڕین ماناکەى ڕوونتر بوو، ئەوەى پشتیوانیى مادى و مەعنەوى حکومەتى بەعس بووایە و بە تایبەتیش لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانیدا هاوکار بووایە، بە جاش لەقەڵەم دەدرا کە بەشێکى زۆر لەمانە سەرۆک خێل و "مستەشارەکان" بوون، بەڵام هەمیشە زاراوەکە بەم مانا ڕوون و چەسپاوە بەکارنەهاتووە، بگرە بەردەوام سەرهاوێژى ئەوانەیش کراوە کە خەریکى "جاشایەتى" نەبوون. لە دواى ڕاپەڕینەوە جاشەکان وەک بەشێک لە نەوەى گەل قبوڵکرانەوە و بڕیارى لێ خۆشبوونیان بۆ دەرکرا، هەر بە کردەییش گەل لێیان خۆش بوو، چونکە هیچ فشارێکى جددى بۆ دادگاییکردنییان دروست نەکرا. بە مانایەکیتر لە دواى ڕاپەڕین زاراوەى جاش سفربوویەوە تاوەکو دواتر لە فۆڕمى دیکەدا سەرهەڵبداتەوە. بۆ نموونە لە شەڕى ناوخۆدا حزبە خەباتگێڕەکانى دوێنیى کوردایەتى، یەکترى پێ تۆمەتبار دەکەن. دواى ڕێکەوتننامەى واشنتۆن، بەتایبەتیش لە سەرەتاى دەیەى یەکەمى دووهەزاردا و لەگەڵ سەرهەڵدانى هەندێ خۆپیشاندانى مەدەنى و گەنجانەدا، جاش دەدرێتە پاڵ بەشێکى خەڵکانى ناڕازى کە بە دەستى دەرەکى و گێرە شێوێن تۆمەتبار دەکرێن. لە 17 شوباتیشدا بە تەواوى ئەم زاراوەبەخشینە ڕوون دەبێتەوە.
لەدواى سەرهەڵدانى بزووتنەوەى گۆڕانەوە، چەندینجار ئەم هێزە بە جاشایەتى تۆمەتبار کراوە، بەڵام ئەم جارە لەژێر ناوێکى دیکەدا: جێبەجێکردنى ئەجنداى دەرەکى. لە بەرامبەردا ئەم بزووتنەوەیەیش چەندینجار هێزەکانى دیکەى بە جاشایەتى بۆ وڵاتانى دراوسێ و نیشتمانفرۆشی تۆمەتبار کردووە. بەم جۆرە جاش ماناى پاشکۆیەتیى هەرێمى وەردەگرێت. پێ ئەچێ وشەى "جاش" لە فەرهەنگى کوردایەتیدا وشەیەکى جاویدان بێت، هەر بەو جۆرەى کە "کوردایەتى" له هەمان فەرهەنگدا نەمرە. بە واتایەکیتر، "جاش" لە ڕواڵەتدا پۆلى پێچەوانەى "کوردایەتی"ـیە، بەڵام لە ڕاستیدا دوو جەمسەرن کە بەردەوام جێگۆڕکێ دەکەن، یان تێکەڵدەبن و مەوداى نێوانیان دەسڕنەوە، لەم سنوورەدا، ئیدى "جاشایەتى" خۆى "کوردایەتى"ـیە.
2- نیو-جاشەکان:
"سۆران سێوکانى" لە چاوپێکەوتنێکی لە یەکێک لە کەناڵە ئاسمانییە کوردییەکاندا دەڵێت ئەوانەى لایەنگرى ڕیفراندۆم و دەوڵەتى کوردى ناکەن خەریکى شێوەیەکى نوێى جاشایەتین. بە مانایەکتر وەک چۆن "کوردایەتى"ـى لە شاخ فۆڕمێکى جاشایەتى بەرهەم هێنابوو، ئەوا ڕیفراندۆم یان هەمان "دەوڵەتخوازیی"ـش جاشى تایبەت بەخۆى دروست بەرهەم دێنێ کە دەتوانین بە "نیو-جاش" یان "جاشى نوێ" ناوزەندى بکەین. لەم ڕوانگەیەدا نیوجاشەکان ئەوانەن کە بە نەخێر دەنگ دەدەدن. کەواتە بە گوێرەى عەقڵى دەوڵەتخوازى هەڵبژاردن هەر بۆ خۆى هەڵبژاردن نییە لەنێوان دوو ئیختیار یان زیاتردا، بەڵکو هەڵبژاردنى یەک ئیختیارە، بەم مانایە هەڵبژاردن نییە. ئیدى ئیختیارى "نەخێر" لەسەر کارتى دەنگدان بۆ خۆى زیادەیە و هەر لە سەرەتاوە ڕەت کراوەتەوە. ئەمەیش هیچ بەهایەک بۆ ڕیفراندۆم ناهێڵێتەوە (دیارە پێموانییە هەرگیز لەم کۆمەڵگایانەدا بەهایەکى هەبێت). لەمەبەدوا ڕەنگە بەشێکى گەورەى کۆمەڵگەى کوردى بە نیوجاش لە قەڵەم بدرێت و ژمارەیشیان لەو یەک ملیۆن جاشە زیاتر بێت کە لە سەردەمى بەعسدا هەبوون. هەموو دەسەڵاتێک جاشى تایبەت بەخۆى دروست دەکات. هەموو جاشێکیش بە جاشێکى تر دەڵێت جاش، بەم جۆرە کۆمەڵگەى کوردى "جاشە و جاش دەکەوێت". ''سەیرکەن یاران چ گۆبەندێک دەگێڕێت ئەم جاشە''!! ئەمە تەنیا ئاژاوەیەکە کە بەرەنجامى شکستى دەسەڵات و بەهێزبوونى کۆنزەرڤەتیڤیزم و غیابى پرۆژەى ڕۆشنگەری و هێزێکى ڕادیکاڵە، هێزێکى چەپ کە بەرلەوەى بیر لە دروستکردنى حزبى گەورە و چەکهەڵگرتن بکاتەوە دەبێت بیرى لەسەر گۆڕینى فەرهەنگى زاراوەسازیى خۆى بێت و هەژموونى خۆى وەک بەرەنگاریى لەڕێگەى گوتارەوە دژ بەم هەموو هێزە فاشیستییانە دروست بکات.. بە بارێکى تردا، دیسان بڵاوبوونەوەى بەرفراوانى ئەم وشەیە ماناى بەرهەمهێنانەوەى بەردەوامى فەرهەنگى شاخە لە زماندا، چونکە زاراوەکە هى سەردەمى شاخە و لە شاریشدا بەردەوام بەکارهێنراوەتەوە، بەم جۆرە، ئەمجارەیان جاشەکان دێهاتى نین، بەڵکو شاری و مەدەنین بە قات و ڕیباتەوە. ئەم گۆڕانە ڕواڵەتییەى لێ دەرچێ، هیچ گۆڕانێکى جەوهەرى لە ڕوانگەى هێزە کوردییە باڵادەستەکاندا ڕووینەداوە. بۆیە دوالیزمى "شار-شاخ" لێکدژ نین، بەڵکو درێژکراوەى یەکترن. شارى کوردى هەرگیز نەیتوانیووە دژ بە شاخ بێت و زمانى شاریش هیچ کات دژ بە زمانى شاخ نەبووە. لەدواى ڕاپەڕینەوە زمانى شار ناتوانێت ململانێ لەگەڵ زمانى شاخدا بکات، بەڵکو دەکەوێتە ژێر هەژموونییەوە، بەم مانایە پرۆژەى ڕۆشنگەرى و تازەکردنەوە تەسلیم بە پرۆژەى دەسەڵات دەبێت. سلێمانى کە دەشیا چەقى ئەو ململانێیە بێت، لە دواجاردا تەسلیم بە عەقڵیەتى گوند ]یان بیرکردنەوەى خێڵەکى[ى ناوچەى بارزان و بنەماڵەى بارزانى دەبێت. لەم ڕووەوە خۆبادانى "سلێمانى" بە زمانەوە بە تەواوى ژێستکى بەتاڵە. 
3- بەڵێ/ نەخێر:
پێشتر وتمان ئیختیارى "نەخێر" لەسەر کارتى دەنگدان زیادەیە، لە ڕاستیدا "بەڵێ"ـیش زیادەیە. هەر کام لەمانە هەڵبژێرین شتێکى بنەڕەتیى ناگۆڕێت. ئەم جۆرە ئیختیارانە لە دەرەنجامدا یەکسانن بە یەکترى. یەکەمیان هەڵبژێریت هەر ئەو دەرەنجامەى لێ دەکەوێتەوە کە لە هەڵبژاردنى دووەمیشیان دەکەوێتەوە و بە پێچەوانەیشەوە. بەو واتایەى گۆڕانێکى ئەوتۆ بەسەر دۆخى باودا نایەت. ئەمە لەو شتە دەچێت کە ژان بۆدریار ناوى دەنێت "ئاڵوگۆڕى مەحاڵ". ئەم چەمکەى بۆدریار بەو مانایەیە کە لە دنیاى نوێدا ئەو ئاڵوگۆڕانەى کە مەحاڵبوو ڕووبدەن ڕوودەدەن، چونکە هەموو شتێک هاوتاى یەکتر بۆتەوە، بەڵام دەقیق لەبەر ئەم هاوتابوونەوەیە هیچ ئاڵوگۆڕێکى ڕاستەقینە ڕوونادات. شتەکان چیتر لە نا-هاوتاییدا نین تاوەکو بتوانین بە یەکتر ئاڵوگۆڕیان بکەین، ئەو کاتە شتەکان ئیمکانى ئاڵوگۆڕیان تێدایە کە لە بەها و دەرەنجامدا نا-هاوتا بن. ئەوەى هەیە جێگۆڕکێ پێکردنە نەک ئاڵوگۆڕ، وەک جێگۆڕپێکردنى "مالیکى" بە "عەبادى". بەڵی و نەخێر دەتوانن جێگاى یەکتر بگرنەوە، بەڵام ناتوانن ئاڵوگۆڕ بکرێن.
4- شاسوار عەبدولواحید
گەر "نەخێر" بێ خاوەن بمایەتەوە دەکرا جۆرێک لە بەرەنگارى خەڵکى ناڕازیى بێت دژ بەم قەیرانەى کە خۆى بەرەنجامى قەیرانى ترە. "نەخێر" نەک بۆ ئەوەى کورد لە پاڵ دەوڵەتى عێراقدا بمێنێتەوە، بەڵکو بۆ ئەوەى ئەو پەیامە بگەیەنێت کە کێشەکە لە شوێنێکى دیکەیە و پەیوەندیى بە جیابوونەوە و مانەوەوە نییە. پەیامەکە ئەمەیە بۆ دەسەڵات ''ئێوە لەگەڵ خەڵکدا نین، خەڵکیش لەگەڵتان نابێت''. ئەمە بۆ خۆى ڕیسکە و خەڵکى چەوساوە ناچارە لە کاتى دژوار و دووڕیانەکاندا بیکات بۆ ئەوەى شتێکى پێ یەکلایى بکاتەوە. بەڵام سەرمایەدارێک بە ناوى "شاسوار عەبدولواحید" دەیەوێت وزەى گەنجان هەڵمژێت و پارچەیەکى تر لە سلێمانى بۆ خۆى بەرێت، بۆیە کەمپەینى "نەخێر"، وەک ئامادەسازییەک بۆ تاقیکردنەوەى دواتر، ڕادەیەگەیەنێت و بەمەیش خۆى دەکات بە ڕابەرى ئەو ئیختیارەى کە دەشیا لێیەوە پەیامێکى ناڕەزایەتى بنێردرایە بۆ ئەو سەرمایەدارانەى کە هەموو شتێک و تەنانەت نەک تەنیا هێزى کارى مرۆڤ بەڵکو خودى مرۆڤیش وەک کەرەستەى پارەپەیداکردن دەبینن. سەرمایەدارێکى دیکە دژ بەم سەرمایەدارانە دەجوڵێتەوە. وەک بڵێى سەرمایەدارێک هەیە باش و سەرمایەدارێکیش هەیە خراپ. ئیدى دۆخەکە دەبێتە پانتایى گەمە و کێبەرکێى سەرمایەداران، ئەوەى لایەک لێى دەکەوێت لایەکەى دیکە هەڵیدەگرێتەوە. بە مانایەکیتر ئەوەى شاسوار عەبدولواحید دەیکات لێکدژى نییە، بەڵکو کێبەرکێیە. لە ڕاستیدا دوالیزمەکان هیچ کاتێک دژى یەکتر نین، بەڵکو یەکترى تۆخ دەکەنەوە. هەمیشەیش هەر هەن، بەردەوام "بەڵێ و نەخێر"ـەکان، "چاک و خراپ"ـەکان، "مانەوە و جیابوونەوە"کان، "جاش و نیشتمانپەروەر"ەکان، هەر هەن و یەکترى تێناپەڕێنن. ئەوەى گرنگە هێزێکى تێپەڕە: هێزى سێیەم. هێزى سێیەم ئەوە نییە کە تێکەڵەیەک لەم دووانە دروست دەکات، تۆزێک لەم و شتێک لەو وەردەگرێت، بەڵکو ئەوەیە کە هەردووکیان ڕەت دەکاتەوە و بە دواى ڕێى دیکەدا دەگەڕێت. بە کورتى هێزێکە کە ڕازیناکرێت تەنیا بە گۆڕانى ڕاستەقینە نەبێت. ئەمەیش هێزێکى ڕادیکاڵە کە لە کۆمەڵگەى ئێمەدا بوونى نەبووە و هێشتایش نییە، پێناچێ هێزى فەرمییش (بۆ نموونە حزب) تازە بتوانێت ببێت بەم هێزە.  
5-   مەدلولى خز:
هێماکان لەنێو گرامەرى زماندا بە دوو جۆر دەگۆڕێن: یان ئەوەتا گۆڕانەکە ئاسۆییە لە پیتەوە بۆ پیت، لە وشەوە بۆ وشە، یان لە دالەوە بۆ دال کە دەبێتە زنجیرەى دالەکان. یان ئەوەتا ستوونیە کە گۆڕانى دالێک لە سەرەوە دادەبەزێت و جێگاى دالێکى تر دەگرێتەوە بۆ ئەوەى وشەکە بگۆڕێت. لاى سۆسۆر دال و مەدلول پێکەوەن و لەگەڵ یەکتردا دێن. لاى دێرێدا مەدلول بەردەوام دوا دەکەوێت و پێى ناگەین. دال تەنیا ئاماژەیە بە دالێکى تر و مەرجەعێکى دەرەکیی نەماوەتەوە مەدلول بە دال ببەخشێت.
لە گوتارى ناسیۆنالیستیى ئەمڕۆى کوردستاندا "بەڵێ" دالێکە و مەدلولەکەى "دەوڵەت"ـە. بەڵام دەوڵەت خۆیشى پەیوەستە بە کۆمەڵێک دالى ترەوە: دیموکراسى یان دیکتاتۆرى، ئیسلامى یان عەلمانى، پەرلەمانتارى یان سەرۆکایەتى و ..هتد. بەم مانایە دەوڵەت خۆیشى هەر دالە. لاى دێریدا مەدلول ناگات، دەخزێت و دوادەکەوێت. گەر لە هەر گەمەیەکى نێو دەوڵەتى یان دیفاکتۆیەکدا، یان بە گوێرەى هەر بەرژەوەندى و ئەجندایەک دەوڵەت بیشگات، تەنیا وەک دالێک ڕیز دەبێت. دەستبەجێ خۆى دەبێتەوە دالێک و مەدلولەکەى خۆى ناگەیەنێت، چونکە لە بنەڕەتدا گەیشتنى مەدلول پەیوەندیى بە مەرجەعێکى دەرەکییەوە هەیە کە (لەم دۆخەى گوتارى ناسیۆنالیستیدا: ڕزگارییە). ئایا دەوڵەت بە تایبەتى بە چاپە کوردییەکەى دەبێتە مایەى ڕزگاریى؟ بە هەرحاڵ با جێگۆڕکێیەکى ستوونى بە دالەکان بکەین و بڵێین: پێش دەوڵەت پەرلەمان. پەرلەمان دالە بۆ مەدلولێک کە حوکمى گەلە. ئایا هیچ پەرلەمانێک توانیویەتى لەگەڵ مەدلولەکەیدا لێکجووت ببێت؟ لە هیچ شوێنێک گەل نەیتوانیووە حوکم بکات، لە یۆنانەوە تا ئێستا ئەم مەدلولە بەردەوام دوادەکەوێت. لە کوردستاندا نەک تەنیا دوا دەکەوێت بەڵکو هەر هیچى لێ نەماوەتەوە. کەواتە دوا مەدلول ماوەتەوە: "شۆڕش". ئایا شۆڕش دەتوانێت زنجیرەى دالەکان تێکبشکێنێت و مەدلولى خۆى بگرێت؟ وەڵامى دەستبەجێى شۆڕشگێڕەکان "بەڵێ"ـیە و هى دژە شۆڕشەکان "نەخێر"ە. ئەم دوو وەڵامەیش هاوتان و وەک "بەڵێ و نەخێر"ى سەر کارتى دەنگدانەکە هیچ بەهایەکیان نییە. ڕەنگە مژارە بنچینەیى و گرنگەکە گۆڕینى ئەو ڕوانگەى باوە بێت کە بۆ خودى شۆڕش هەیە.


تێبینى: ئەم وتارە لە سایتى "کولتوور مەگەزین" بڵاوکراوەتەوە.