My Blog List

بابه‌ته‌ نوێیه‌كان

خۆرهەڵات و فەلسەفە

Saturday 16 September 2017

ده‌سه‌ڵات و زمان

ڕۆلان بارت
وەرگێڕانى: هاوار محه‌مه‌د

خۆشباوه‌ڕیی مۆدێرن، به‌جۆرێك له‌باره‌ی ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ ده‌دوێت وه‌ك بڵێی دەسەڵات یەکدیوو و تاکلایەنەیە: له‌وێدا كه‌سانێك هه‌ن ده‌سه‌ڵاتیان به‌ ده‌سته‌ و له‌ولاوه‌یش ئه‌وانه‌یتر هه‌ن كه‌ ده‌سه‌ڵاتییان نییه‌. هه‌میشه‌ باوه‌ڕمان وا بووه‌ ده‌سه‌ڵات بابه‌تێكی سیاسیی په‌تییه‌، ئینجا پێمانوابوو بابه‌تێكی ئایدیۆلۆژییشه‌، به‌ هێواشی و نادیاری دزه‌ ده‌كاته‌ نێو دامه‌زراوه‌كان و وانەوتنەوەیشەوە، كه‌ ئێمه‌ سەرەتا ئاگامان لێی نییه‌، به‌ڵام هێشتایش باوه‌ڕمان وابوو ده‌سه‌ڵات تاك و تاقانه‌یه‌. ئه‌ی چی ده‌بێت ئه‌گه‌ر وه‌كو شه‌یتانه‌كان چه‌ندین دانه‌ى هەبێت واته‌ فره‌ بێت؟ ده‌توانێت له‌به‌رخۆیه‌وه‌ بڵێت: "ناوی زۆروزه‌به‌ندم هه‌یه‌". له‌ هه‌موو شوێنێكدام، له‌ هه‌موو لایه‌نه‌كانه‌وه‌، له‌لایه‌نی سه‌رۆكه‌كان و ده‌زگا گه‌وره‌ و بچووكه‌كانه‌وه‌، له‌نێو كۆمه‌ڵه‌ و گروپه‌ چه‌وسێنه‌ر و چه‌وسێنراوه‌كانیشدا: له‌ هه‌موو شوێنێكدا ده‌نگی "ڕه‌وا" بوونیان هه‌یه‌ كه‌ ماف به‌خۆی ده‌دات گوتاری هه‌موو ده‌سه‌ڵاتێك بدات به‌ گوێدا، مه‌به‌ستم گوتاری خۆبه‌لزانى و لافلێدانە‌. ئه‌وه‌تا ئێمه‌ ده‌بینین ده‌سه‌ڵات له‌ زۆرینه‌ی ئه‌و میكانیزمانه‌دا بوونی هه‌یه‌ كه‌ ئاڵوگۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌ لاوازی به‌ڕێوه‌ ده‌به‌ن، له‌ ده‌وڵه‌تدا، له‌ چینه‌كان و گروپه‌كاندا بوونی هه‌یه‌، به‌ڵام له‌ فۆرمه‌كانی مۆده‌ و له‌ بۆچوونه‌ باوه‌كانیشدا، له‌ فێستڤاڵ و گه‌مه‌كان و یانه‌ وه‌رزشییه‌كان و هه‌واڵه‌كان و په‌یوه‌ندییه‌ خێزانی و تایبه‌تییه‌كاندا و بگره‌ له‌و ئه‌و بزووتنه‌وه‌ ڕزگاریخوازییانه‌یشدا كه‌ هه‌وڵ بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتێكی تایبه‌ت ده‌ده‌ن: گوتاری ده‌سه‌ڵات به‌ هه‌موو ئه‌و گوتارانه‌ ده‌ڵێم كه‌ هه‌ڵه‌ ]و تاوان[ لای هه‌موو وه‌رگره‌كانی دروست ده‌كات، ئینجا هه‌ستكردن به‌ گوناهـ به‌رهه‌م دێنێت. هه‌ندێ كه‌س و لایه‌ن چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌ له‌ ئێمه‌ی ڕۆشنبیران ده‌كه‌ن كه‌ له‌ هه‌موو بۆنه‌یه‌كدا دژی ده‌سه‌لات بین به‌ شێوازە تاكەکەى، دژی جۆرێكی تایبه‌ت و دیاریكراوی ده‌سه‌ڵات بین، له‌ كاتێكدا جه‌نگه‌كه‌ی ئێمه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م پانتاییه‌وه‌ ده‌گوزه‌رێت؛ ئه‌م جه‌نگەی ئێمه‌ دژی ده‌سه‌ڵاته‌ به‌ سه‌رجه‌م فۆرمه‌ جیاوازییه‌كانییه‌وه‌. ئه‌مه‌یش جه‌نگێكی ئاسان نییه‌: له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵات له‌ فه‌زای كۆمه‌ڵایه‌تیدا فره‌یه‌ و هه‌مه‌جۆره‌، ئه‌وا له‌ به‌رامبه‌ردا له‌ زه‌مەنی مێژووییشدا هه‌ر فره‌ و هه‌مه‌جۆره‌. لێرە دووری ده‌خه‌ینه‌وه‌ و پاڵی پێوه‌ ده‌نێین، كه‌چی ده‌ستبه‌جێ له‌وێ ده‌رده‌كه‌وێته‌وه‌، بۆیه‌ هه‌رگیز له‌نێو ناچێت. شۆرش بكه‌ به‌ ئامانجی له‌نێوبردنی ده‌سه‌ڵات، كه‌چی ده‌بینیت به‌ زوویی له‌ حاڵه‌تێكی نوێدا زیندوو ده‌بێته‌وه‌ و گه‌شه‌ ده‌كاته‌وه‌، مانای ئه‌م ئه‌سته‌مییه‌ی له‌نێوبردنی ده‌سه‌ڵات و مانای ئه‌م ده‌ركه‌وتنه‌ی له‌ هه‌موو شوێنێكدا ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌سه‌ڵات میكرۆبێكه‌ نوساوه‌ به‌ ده‌زگایه‌كه‌وه‌ كه‌ كۆمه‌ڵگه‌ تێده‌په‌ڕێنێت، واته‌ نه‌ك ته‌نیا به‌ مێژووی سیاسییه‌وه‌ نوساوه‌، به‌ڵكو تێكه‌ڵ به‌ سه‌رجه‌می مێژووی مرۆڤایه‌تی بووه‌‌. هه‌ر له‌ ئه‌زه‌له‌وه ‌ئه‌م شته‌ی ده‌سه‌ڵاتی تێدا نیگار ده‌بێت و گه‌شه‌ ده‌كات "زمان"ـه‌، یان به‌ وردتر بڵێین: سیسته‌می زمانییه‌.
زمان ده‌سه‌ڵاتی یاسادانانه‌ و سیسته‌می زمانییش یاساكه‌یه‌تی، ئێمه‌ سه‌رنج له‌و ده‌سه‌ڵاته‌ ناده‌ین كه‌ سیسته‌می زمانی له‌خۆیی گرتووه‌، چونكه‌ ئه‌وه‌ له‌بیر ده‌كه‌ین كه‌ هه‌موو سیسته‌مێكی زمان پۆلێنكردنه‌، هه‌موو پۆلێنكردنێكیش جۆرێك له‌ ڕیزبه‌ندیی سه‌ركوتكارانه‌ی تێدایه‌: ordo له‌ یه‌ك كاتدا واتای دابه‌شكردن و ناچاركردنه‌. ئه‌مه‌ ئه‌و شته‌یه‌ كه‌ یاكۆپسن ڕوونی كردۆته‌وه‌. هه‌ر دیالێكتێك به‌وه‌ دیاریی ناكرێت كه‌ سه‌رپشكه‌ له‌ وتنی، به‌ڵكو به‌ زۆری به‌وه‌ دیاریی ده‌كرێت كه‌ ناچاره‌ به‌ وتنی. له‌ زمانی فه‌ره‌نسیدا (من لێره‌دا هه‌ندێك نموونه‌ دێنمه‌وه‌ كه‌ نه‌ختێ زبرییان تێیدایه‌)، من ناچارم به‌وه‌ی خۆم وه‌ك بكه‌ر دابنێم به‌ر له‌وه‌ی گوزارشت له‌ كرداره‌كه‌ بكه‌م كه‌ هیچ نییه‌ جگه‌ له‌ سیفه‌تێك خراوه‌ته‌ سه‌رم؛ ئه‌وه‌یشی ئه‌نجامی ده‌ده‌م هیچ نییه‌ جگه‌ له‌ به‌ره‌نجامی دۆخی من؛ به‌ هه‌مان شێوه‌، من هه‌میشه‌ ناچارم له‌نێوان شێوازی نێرینه‌ و مێینه‌دا شێوازێكیان هه‌ڵبژێرم، بۆیه‌ هه‌رگیز ناتوانم هه‌ردووكیان پێكه‌وه‌ وه‌لا بنێم یان هه‌ردووكیان پێكه‌وه‌ كۆبكه‌مه‌وه‌؛ كه‌وایه‌ پێویسته‌ په‌یوه‌ندیی خۆم به‌ ئه‌ویتره‌وه‌ دیاریی بكه‌م: جا ئه‌مه‌ یان به‌ به‌كارهێنانی ڕاناوی به‌ربێژ ]کەسى دووەم[ به‌ شێوازی تاك "تۆ" یان به‌ شێوازی كۆ "ئێوه‌"، ئیدی ناتوانم بوارێك بۆ ده‌ستپێشخه‌ریی عاتیفه‌ و كۆمه‌ڵگه‌ بهێڵمه‌وه‌. به‌مجۆره‌، زمان، به‌ سروشتی بونیادی خۆی، په‌یوه‌ندیی نامۆكردنی زۆرەملێیانە له‌ خۆ ده‌گرێت. گوتن و وتاری زمانه‌وانی زۆربه‌یجار پێراگه‌یاندن (ته‌بلیغ) نین، به‌ڵكو ملپێكه‌چكردنن: زمان ئاراسته‌كردن و ملپێكه‌چكردنی گشتییه‌.
گوزاره‌یه‌كی ئێرنست رینان ده‌هێنمه‌وه‌ كه‌ له‌ یه‌كێك له‌ وانه‌وتاره‌كانیدا باسی كردووه‌: "به‌ڕێزان و خانمان، زمانی فه‌ره‌نسی هه‌رگیز ناكرێت ببێته‌ زمانی مه‌حاڵ و پووچی، هه‌روه‌ها هه‌رگیز نابێته‌ زمانێكی كۆنه‌په‌رست. ناتوانم هه‌ڵوێستێكی كۆنه‌په‌رستانه‌ وێنا بكه‌م كه‌ زمانی فه‌ره‌نسی به‌كاربهێنێت..". با بڵێین رینان، به‌ شێوازی تایبه‌تی خۆی، تیژبینه‌. ده‌ركی به‌وه‌ كردووه‌ زمان له‌وه‌دا قه‌تیس نابێت كه‌ ڕایده‌گه‌یه‌نێت، به‌ڵكو ده‌شێت له‌مه‌ تێپه‌ڕ ببێت و به‌ شێوازی خۆی و به‌ دیالێكتێكی تۆكمه‌ ئه‌وه‌ بدات به‌ گوێدا كه‌ نه‌یوتووه‌، ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌و ده‌نگه‌ هۆشیاره‌ عه‌قڵێندراوه‌ی سوبێكتی قسه‌كه‌ر، ده‌نگی باڵاده‌ست و سه‌رسه‌خت و تووڕه‌ی بونیاد، واته‌ ده‌نگی جۆری مرۆیی وه‌ك قسه‌كه‌ر. هه‌له‌كه‌ی ڕینان مێژوویی بوو نه‌ك بونیادی. ئه‌و پێیوابوو زمانی فه‌ره‌نسی كه‌ به‌ بڕوای ئه‌و عه‌قڵ دایهێناوه‌، ناچاره‌ گوزارشت له‌ عه‌قڵێكی سیاسی بكات كه‌ له‌ ڕوانگه‌ی ئه‌ودا هیچ نه‌بوو جگه‌ له‌ عه‌قڵی دیموكراسیخواز. به‌ڵام وا پێده‌چێت سیسته‌می زمانی، به‌و پێیه‌ی ده‌ستكه‌وتی هه‌ر زمانێكه‌، نه‌ كۆنه‌په‌رستانه‌یه‌ و نه‌ پێشكه‌وتنخواز، به‌ڵكو هه‌ر زۆر به‌ ساده‌یی فاشیستییه‌: له‌به‌رئه‌وه‌ی فاشیزم سڕینه‌وه‌ى وتن و ڕێگریکردن نییە لە قسه‌، به‌ڵكو ناچاركردنه‌ به‌ وتنی قسه‌.
زمان، هه‌ر كه‌ قسه‌ی پێده‌كه‌ین، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ورتەورتەێکیش بێت، ئه‌وا رێك ده‌چێته‌ خزمه‌تی ده‌سه‌ڵاته‌وه‌. كه‌واته‌ ده‌بێت تێیدا دوو خانه‌ بكێشین: له‌لایه‌ك قه‌ڵه‌مڕه‌ویی قسه‌ی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌، له‌لایه‌كی دیكه‌ شوێنكه‌وته‌یی دووباره‌كردنه‌وه‌ و جووینه‌وه‌: لەدیوێکەوە زمان یه‌كلاكردنه‌وه‌ و بڕیاردانه‌: نه‌فیكردن و گومان و پۆتێنشیه‌ڵ و هه‌ڵپه‌ساردنی حوكم تەنیا كۆمه‌ڵێك حاڵه‌تن و هیچیتر، كه‌ پێویستییان به‌ فاكته‌ری تایبه‌ت هه‌یه‌ و ده‌ستبه‌جێ خۆیان ده‌چنه‌ نێو پرۆسه‌كانی ڕووپۆشكردنی زمانه‌وانییه‌وه‌: ئه‌وه‌ی زمانناسان پێیده‌ڵێن قه‌ڵه‌مڕه‌ویی هیچ نییه‌ جگه‌ له‌ ته‌واوكه‌ری زمان، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ هه‌وڵ ده‌ده‌م، به‌ تكاكارییه‌وه‌، له‌ ده‌سه‌ڵاته‌ بڕیارده‌ره‌ سه‌ركوتكارییه‌كه‌ی كه‌م بكه‌مه‌وه‌. لەدیوێکى دیكه‌وە ئاماژە ]دال[ و هێماکان، كه‌ زمانیان لێ پێكدێت، ته‌نیا به‌و ئه‌ندازه‌یه‌ هه‌ن كه‌ دانیان پێدا بنرێت، واته‌ به‌ ئه‌ندازه‌ی ئه‌وه‌ی دووباره‌ ده‌كرێنه‌وه‌ و ده‌ووترێنه‌وه‌. ئاماژە شوێنكه‌وته‌ و لاساییكه‌ره‌وه‌یه‌، له‌ هه‌موو ئاماژەکاندا نموونه‌یه‌كی چه‌قبه‌ستوو داده‌گیرسێت،: ناتوانم قسه‌ بكه‌م به‌ بێ ئه‌وه‌ی په‌تی قسه‌كانم به‌ره‌و ئه‌و شته‌ نه‌مبه‌ن كه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ سیسته‌می زمانییه‌وه‌. هه‌ر كه‌ گوێم له‌ گوزاره‌یه‌ك ده‌بێت ئه‌م دوو خانه‌یه‌ی كه‌ باسمان كرد به‌یه‌كتر ده‌گه‌ن، ئیدی له‌ یه‌ك كاتدا هه‌م باڵاده‌ستم و هه‌م ژێر ده‌ست: چونكه‌ ته‌نیا به‌وه‌نده‌وه‌ ناوه‌ستم ئه‌وه‌ بڵێمه‌وه‌ و دووباره‌ بكه‌مه‌وه‌ كه‌ وتراوه‌ و ئیدی به‌ ئاسووده‌یی وه‌ك كۆیله‌ی ئاماژه‌كان پاڵی لێ بده‌مه‌وه‌، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی كه‌ وتوومه‌ته‌وه‌ یان تۆخى ده‌كه‌مه‌وه‌ و ده‌یسه‌لمێنم یاخود پووچی ده‌كه‌مه‌وه‌.
كه‌واته‌ له‌ زماندا ملكه‌چی و ده‌سه‌ڵات تێكه‌ڵی یه‌كتری ده‌بن و به‌ حه‌تمی ئاوێزانن. خۆ ئه‌گه‌ر ئازادی ته‌نیا توانای ده‌رچوون و خزان نه‌بێت له‌ سه‌ركوتی ده‌سه‌ڵات، به‌ڵكو به‌ تایبه‌تی، ملكه‌چنه‌بوونی هه‌ر كه‌سێك بێت، كه‌واته‌ هیچ ئازادییه‌ك بوونی نییه‌ گه‌ر له‌ ده‌ره‌وه‌ی زمان نه‌بێت. شوێنی ئازادی ته‌نیا ده‌ره‌وه‌ی زمانه‌. به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ وا پێده‌چێت زمانی مرۆیی، ده‌ره‌وه‌ی بۆ نه‌بێت: زمان داخرانه‌، ته‌نیا ده‌توانین له‌ ڕێگه‌ی مه‌حاڵه‌وه‌ خۆمانی لێ به‌دوور بگرین: یان به‌هۆی یه‌كێتی سۆفیگه‌رییه‌وه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی كیركه‌گارد وه‌سفی كردووه‌ كاتێك كرده‌كه‌ی ئیبراهیم وه‌ك كرده‌یه‌كی بێ وێنه و بێ هاوشێوه‌ لێك ده‌داته‌وه‌، كرده‌یه‌كی خاڵی له‌ هه‌ر قسه‌یه‌ك، ته‌نانه‌ت له‌ هه‌ر قسه‌یه‌كی ناوه‌كی و خۆبێژییش، كه‌ دژ به‌ تۆتالیتاریزمی زمان و شوێنكه‌وته‌یی و ملكه‌چی بۆ زمان داده‌مه‌زرێت: یان ده‌شێت له‌رێگه‌ی كرده‌ی ده‌ستپاكەکەی "نیچه‌"وه‌ خۆمان له‌ زمان به‌ دوور بگرین، چونكه‌ له‌ ئاڵۆزانێكی دڵخۆشكه‌ر ده‌چێت كه‌ دژ  به‌ دوورخستنه‌وه‌ی زۆرەملێیانەى زمان ئاراسته‌ كراوه‌، هەمان ئه‌وشتەى كه‌ ژیل دۆلۆز پێیده‌ڵێت "عەبا كۆنه‌په‌رسته‌كه‌ی". به‌ڵام ئێمه‌ كه وه‌كو ئیبراهیم سوارچاكی ئیمان نین، ئه‌و مرۆڤه‌ باڵایه‌یش نین كه‌ نیچه‌ له‌باره‌یه‌وه‌ دواوه‌، هیچمان بۆ نامێنتێته‌وه‌ جگه‌ له‌ گه‌مه‌كردن له‌گه‌ڵ زمان و خیانه‌تلێكردنی. ئه‌م خیانه‌ته‌ گونجاوه‌، ئه‌م پێچلێدان و هه‌ڵهاتنه‌، ئه‌م فێڵه‌ سه‌یروسه‌مه‌ره‌ى رێمان پێده‌دات له‌ ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات و قه‌ڵه‌مڕه‌ویی زمانه‌وه‌، له‌ مه‌زنێتیی شۆڕشی هه‌میشه‌یی زماندا، ده‌ركی زمان بكه‌ین، ئه‌و شته‌یه‌ كه‌ پێیده‌ڵێم "ئه‌ده‌ب".
مه‌به‌ستم له‌ ئه‌ده‌ب نه‌ سه‌رجه‌می به‌رهه‌مه‌كانه‌ و نه‌ بەشێکى ئاڵوگۆڕ و فێرکردن، به‌ڵكو مه‌به‌ستم له‌و تیغكردنه‌یه‌ كه‌ كاریگه‌ریی موماره‌سه‌ی نووسین دروستی ده‌كات. له‌ بنه‌ڕه‌تدا مه‌به‌ستم له‌ ده‌قه‌، واته‌ ته‌ونی ئه‌و ئاماژه‌ و هێما و نیشانانەى كه‌ كارێكی ئه‌ده‌بی پێكده‌هێنن، چونكه‌ ده‌ق ئه‌وه‌یه‌ كه‌ زمان به‌رهه‌می دێنێت، چونكه‌ ده‌بێت زمان له‌نێو زماندا بجه‌نگێت، جا ئەمە نه‌ك له‌ ڕێگه‌ی پێڕاگه‌یاندن (ته‌بلیغ)ـه‌وه‌ كه‌ ئامرازه‌كه‌یه‌تی، به‌ڵكو به‌ هۆی ئه‌و ڕۆڵه‌وه‌ كه‌ وشه‌كان ئه‌نجامی ده‌ده‌ن و شانۆكه‌ی پێكده‌هێنن. كه‌واته‌ گه‌ر بڵێم ئه‌ده‌ب یان نووسین یان ده‌ق واتای ئه‌وه‌یه‌ هه‌مان شتم وتووه‌. ئه‌و توانا و پۆتێنشییه‌ڵانه‌ی ڕزگاری كه‌ ئه‌ده‌ب له‌ خۆیدا هه‌ڵیگرتوون نه‌ په‌یوه‌ستن به‌ كه‌سی مه‌ده‌نییه‌وه‌ نه‌ به‌ ئیلتیزامی سیاسیی نووسه‌ره‌وه‌، كه‌ له‌ مرۆڤێكی نێو مرۆڤه‌كانیتر زیاتر نییه‌، هه‌روه‌ها په‌یوه‌ستیش نیین به‌ ناوه‌ڕۆكه‌ مه‌زهه‌بییه‌كه‌ی كاره‌كه‌یه‌وه‌، به‌ڵكو په‌یوه‌ستن به‌و هێز و توانایانه‌یه‌وه‌ كه‌ ئه‌ده‌ب هه‌یه‌تی بۆ نانەوەى ئاڵۆزیی و گۆبەند له‌نێو زماندا.

سه‌رچاوه‌:
رولان بارت، السلطة و اللغة، ترجمة: عبدالسلام بنعبد العالي، 1 سبتمبر 2007.

تێبینى: ئەم وتارە ساڵى 2016 کراوە بە کوردى و لە سایتى "کولتوور مەگەزین" بڵاوبۆتەوە. دواتریش بۆ جارى دووەم لە نامیلکەى "رۆلان بارت"، زنجیرە نامیلگەى دەزگاى ئایدیادا بڵاوبۆتەوە.