My Blog List

بابه‌ته‌ نوێیه‌كان

خۆرهەڵات و فەلسەفە

Tuesday 30 October 2018

دەربارەى چەمکى ناسیۆنالیزم

سەمیر ئەمین
وەرگێڕانى: هاوار محەمەد


1-   بێگومان ناسیۆنالیزم واقیعێکە بوونێکى ڕاستەقینە و کاراو گوزارشتى زەقى هەیە کە لە هەموو ئاستەکانى ژیانى کۆمەڵایەتى و ڕۆژانەى گەلاندا دەردەکەوێت. زۆربەى خەڵکى بە بێ هیچ دوودڵى و گومانێک دان بەوەدا دەنێن سەر بە نەتەوەیەکن، مەبەستیان لەوە ئەوەیە ڕایبگەیەنن ئەوان وایدەبینن شتێکى هاوبەش لەگەڵ "هاوڵاتییەکان"ـیاندا، لە یەکەیەکى نەتەوەییدا، کۆیان دەکاتەوە، بەو مانایەى باز بەسەر ئەو جیاکاریى و تایبەتمەندییانەدا دەدەن کە لێکتر جیایان دەکاتەوە و دابەشیان دەکات بۆ کۆمەڵەى کۆمەڵایەتى لێکتر جیاواز، وەکو چین و بیروباوەڕ و کولتوور. ئەم مشتومڕە جێگاى ئەوە نییە حوکم لەسەر ئەوە بدەین داخۆ ئەم خاڵە هاوبەشانە ڕاستەقینەن یان وەهمى؛ تەنیا هەر ئەوەندەى باوەڕ بەوە بکەین شتى لەم بابەتە بوونى هەیە، جا بە شێوەیەکى ڕەها بێت یان بەشێوەى ڕێژەیى –واتە بە شێوەیەک کە دان بە سنوورەکانى ئەم تایبەتمەندییە هاوبەشانەدا بنێت-، ئەوا یەکسەر حەقیقەتى واقیعیبوونى ناسیۆنالیزم وەک دیاردەیەکى کۆمەڵایەتى، دەچەسپێت. ئەمە بەڵگەنەویستە، بەڵام بە هیچ جۆرێک واتاى ئەوە نییە کە هەڵوەستەکردن بۆ پرسیارخستنەسەر سروشتى دیاردەى ناسیۆنالیزم و سنوورەکانى و لێکدژییەکانى، پێویست نییە؛ بەڵکو بە پێچەوانەوە، پێویستە مشتومڕى ئەو میتۆلۆژیایانە بکرێت کە "ئاگایى نەتەوەیى"ـی لەسەریان دادەمەزرێت. چونکە ئەم ئاگاییانە بە کردەیى لەسەر گەلێک میتۆلۆژیاى سەرسەختانە دامەزراون کە ئاستەمە پەردە لە ڕوویان هەڵبماڵین: لەوانە میتۆلۆژیاى ئەوتۆ هەیە بانگەشەوەى ئەوە دەکات ناسیۆنالیزم "دیاردەیەکى سروشتییە"؛ بەو واتایەى سەر بە سروشتى بایۆلۆژیى مرۆڤە، ئەمەیش یەکسەر بەرەو ڕەگەزپەرستى و نەژادپەرستى ]ڕاسیزم[ دەڕوات. ئەمە لە کاتێکدا کە مێژوو دەیسەلمێنێت ئەو نەتەوانەى وا بە کردەیى لە گۆڕەپانەکەدا هەن، مۆرکى دیاردەى کۆمەڵایەتیى مێژووییان هەیە، لە ڕەوش و بارودۆخى دیاریکراودا دروستبوون و پێشگەیشتوون. جا لەبەرئەوەى ڕێوڕەوتە مێژووییەکان کە سەرجەمى گەلان پێیاندا ڕۆیشتوون، نا-لێکچوو و جییان، ئەوا دەبێت بگەڕێینەوە بۆ مێژووى ئەم ڕێوڕەوتانە، چونکە جیاوازییەکەیان تەفسیرى جیاوازیى چەمکە نەتەوەییەکان دەکات.
2-    چەمکى ناسیۆنالیزم بەندە لەسەر لیکدژییەکى جەوهەریى ناوەکى، لەمەیشدا لە هەموو چەمکە دیاریکراوەکانى کۆمەڵگەى مرۆیى دەچێت. ئەم لێکدژییە لێرەدا لەنێوان دوو لایەندا دەردەکەوێت، لەلایەکەو لەنێوان گشتێتى مرۆیى؛ واتە دیوى هاوبەشى هەموو مرۆڤەکان، چ لە ڕووى تایبەتمەندییە بایۆلۆژی و دەروونى و زەینییەکان –شتێک کە بە تەواوەتى نکوڵى لە تیۆرییە نەژادییەکان دەکات و بانگەشەى ئەوە دەکات تایبەتمەندییەکان لەم بوارانەدا دەچنە سەرووى خاسیەتە هاوبەش و گشتییەکانەوە-، یان لە ڕووى واتاى پرۆژە بە کۆمەڵییە داهاتووخوازییەکانەوە؛ لەلایەکى دیکە سوبێکتیڤیتەى تایبەتخوازى کە لە واقیعى مێژوویى کۆمەڵە مرۆییەکاندا بە ڕوون و ڕۆشنى دەردەکەوێت.
تەحەداى زانستیى ڕاستەقینە ڕێک دەکەوێتە نێو وەڵامدانەوەى ئەم پرسیارەوە: چۆن ڕەهەندە تایبەتمەندەکان (بەش) و گشتییەکان (گشت) لێکتر جودادەبنەوە و دەگەن بە یەکتر؟ بۆچى -لەسەر ئاستى گوزارشتى ئایدیۆلۆژیى ئاگایى کۆمەڵایەتى- هەندێک باس لەوە دەکەن کە تایبەتمەندێتى گشتێتى دەسڕێتەوە، لەمەیشەوە ئەو تیۆر و ئایدیۆلۆژیایانە دەخەنەڕوو کە ڕەوایەتى بەم ڕوانگەیە دەبەخشن، بەڵام هەندێکى دیکە باس لەوە دەکەن کە گشتێتى، بمانەوێت و نەمانەوێت، خۆى بە باشى دەسەپێنێت. ڕۆڵى شیکاریى زانستى ڕێک خوێندنەوەى ڕەخنەیى ئەو میتۆلۆژیا و و تێگەیشتن و شێوازانەى تێگەیشتنە کە ناسیۆنالیزم لەمیانەیانەوە گوزارشت لە خۆى دەکات، ئەوەیش بە مەبەستى دەرخستنى نهێنیى ئەو لێکدژییەى کە چەمکى ناسیۆنالیزم لەسەرى دادەمەزرێت.
3-   چەمکى گشتێتیى مرۆڤ (هاوبەشێتى) خۆیشى مێژووییەکى هەیە. مرۆڤایەتى دەستبەجێ نەگەیشتۆتە ئاستى ئەبستراکتیزەکردنى پێویست لەپێناو دەرککردن بەو واتایەى کە ئەم چەمکە هەڵیگرتووە، بۆیە ئەزموونى تیاژیان لە کۆمەڵە گروپییە بچووک یان نیمچە بچووکەکاندا –خێڵەکان یان ئێتنیکەکان، گرنگ نییە هەر ناوێکیان هەیە- قەتیسبوو، ئەندامانى ئەم کۆمەڵانەیش وەها سەیرى خۆیان دەکرد کە تێڕوانینێکى تایبەتمەندى ڕەهاى هەیە، بە بێ گەیشتن بە تێگەیشتنێک لە واتاى یەکێتى مرۆڤەکان.
لە دەیان هەزار ساڵدا دۆخەکان بەم جۆرە بەردەوام بوون؛ یەکێک لە پێویستییەکانى ئەم ئاگاییە کورتبینە، کە لە ئاسۆیەکى بەرتەسکدا قەتیس بووبوو، ئەوەبوو کە ئەو خودایانەى وا ئەم شارستانێتییانە لە سەردەمە کۆنەکاندا وێنایان کردوون، ئەوانیش لە ئاسۆ لۆکاڵى و هەرێمییەکانى خۆیان دەرنەچوون، بۆیە وەک بوونەوەرانێکى تایبەت بە هەر خێڵ و ئێتنیک و کۆمەڵێکى گروپى مانەوە و ئەم سنوورانەیان تێپەڕ نەکرد، بە بێ ئەوەى بگەنە ئاستى وێناکردنى بوونەوەرێکى خودایى کە هى هەموو مرۆڤایەتى بێت و پەیامى بۆ هەمووان بێت.
پاشان یەکەم شەپۆلى ئەو شتە هات کە ناویدەنێن "شۆڕشە کولتوورییەکانى شێوازى بەرهەمهێنانى باجدەرانە"، لەگەڵیشیدا چەمکى گشتێتیى مرۆیى لە شێوە سەرەتاییەکەیدا دەرکەوت. مەبەستم ئەو هەزارەیەیە کە لە 500 پ. زـەوە دەست پێدەکات تاوەکو دەگاتە سەدەى حەوتەمى زایینى. لەم قۆناغە مێژووییەدا ئایینە گەورەکان دەرکەوتن کە هەتا ئەمڕۆمان مرۆڤایەتى لەنێوانیاندا دابەش بووە، ئەویش ئایینى زەردەشتى، کە لە شانۆى میژوو کۆچى کردووە، بوداییزم، مەسیحییەت، ئیسلام؛ هەر لەم قۆناغەدا فەلسەفە گەورەکان سەریانهەڵدا کە ناوەڕۆکەکەیان زیاتر گشتیى مرۆڤانە بوو، مەبەستم کۆنفۆشیۆنیزم و هیلینیزمە. سەرجەمى ئەم بیروباوەڕوانە بەوە دەناسرێنەوە کە دەڵێن مرۆڤەکان یەک چارەنووسیان هەیە، بۆیە ڕوانینەکان لەم چارەنووسە لە سنوورى لێکدانەوەکانى تایبەت بە ڕۆژى دواییدا قەتیس بووبوو. بەمجۆرە فیکرى ئایینى و فەلسەفى ئاسۆ بەرتەسک و تایبەتەکانیان تێپەڕاند.
ئایینەکان و فەلسەفە نوێیەکان کە ڕەهەندێکى مرۆییان هەبوو، یەکێتیى مرۆییان لەسەر ئاستى گەردوونى وەدیى نەهێنا، ڕەوشە ئویکتیڤەکەى سەردەمى مێژوویى سەرانەبەخش دەرفەتى بەم یەکێتییە نەدا. بەم جۆرە جیهانەکانى مەسیحییەت و ئیسلام و هیندۆسى و کۆنفۆشیۆنیزم گەشەیان کرد. وەهاى بۆ دەچم سەرەڕاى ئەم شکستە ڕێژەییە لە وەدیهێنانى جیهانێتیدا، ئەم شۆڕشە کولتوورییە یەکەمین قۆناغى یەکلاکەرەوە لە دروستبوونى چەمکى گشتێتیدا دەنوێنێتەوە. ئایدیایەکە بەر لە سەردەمى خۆى خرایە ڕوو، پێش سەردەمى خۆى کەوت، پێش پێگەیشتنى ئەو بارودۆخانەى کە دەرفەت بە وەدیهاتنى دەدەن، لەمەیشدا لە هەموو شۆڕشە گەورەکان دەچێت.
شۆڕشى بۆرژوازى کە سەردەمى مۆدێرن داگیر دەکات، قۆناغى دووەمى ئەم پەرەسەندنەیە؛ چەمکێکى نوێى بۆ گشتێتى خستەڕوو، مەبەستم نوێ لە ڕووى ناوەڕۆکەوە. پێموایە فەلسەفەى ڕۆشنگەى خاڵى دەستپێکردنى ئەم جووڵەیەیە کە لە شۆڕشى فەرەنسیدا گەیشتە ترۆپکى خۆى. ئەوەى ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە بابەتەکەمانەوە، واتە بابەتى ناسیۆنالیزم، فەلسەفەى ڕۆشنگەرى ناوەڕۆکێکى نوێى پێ بەخشى.
گەلانى پێش ئەو مێژووە، لەژێر ڕۆشنایى ئەو ئاگاییەدا دەژیان کە هۆشیارى بوو بەرامبەر ئینتیمایان بۆ یەکێک لە ئایینەکان یان فەلسەفە هەرێمییە گەورەکانى وا پێشتر باسمان کردن. سەبارەت بەو سەردەمانەى پێش سەرمایەدارى، دەتوانین باس لە نەتەوە مەسیحییەکان، ئیسلامییەکان، هیندۆسییەکان، کۆنفۆشیۆسییەکان بکەین. ئەم نەتەوانە بووونێکى ڕاستەقینەیان هەبوو، لە چەندین مومارەسەى سیاسى و ئایدیۆلۆژى و ڕەفتاریى ژیانى ڕۆژانەدا زایەڵەیەکى یەکلاکەرەوەیان هەبووە، جا چ هەرێمێکى یاریکراوى نیمچە یەکگرتوو بووبن لە ڕووى سیستەمى فەرمانڕەوایەتى سیاسییەوە –کە ئەمەیان ئاوارتە بووە- یان لە ڕووى سیاسییەوە پەرتەوازە بوون، ئەمەیش ڕێسا گشتییەکە بوو.
فەلسەفەى ڕۆشنگەرى ئاگایى نوێى کردەوە، تاوەکو وەڵامگۆى ئەو چوارچێوە کۆمەڵییە بێت کە لە بەشى باکورى ڕۆژئاوای کیشوەرى ئەوروپادا، هەر لە سەردەمى ڕێنسانس و داگیرکردنى ئەمریکاوە (لە سەدەى شانزەدا)، خەریک بوو دروست دەبوو، واتە باشتر بڵێین سەرمایەدارى. یەکەمین نەتەوە مۆدێرنەکان لەو چوارچێوەدا گەشەیان کرد کە بۆ سەرهەڵدانى سەرمایەدارى گونجاو بوو، ئەویش بە دیاریکراوى ئینگلتەرا و فەرەنسا بوون. دەڵێم نەتەوە مۆدێرنەکان؛ بەو واتایەى کۆمەڵێک نەتەوە بوون کە لە سایەى چوارچێوەى دەوڵەت-نەتەوەى بۆرژوازیدا، کە لە مێژوودا هاوشێوەى نەبوو، نەشونومایان کرد.
فەلسەفەى ڕۆشنگەرى ]لەڕووى فیکرییەوە[ ڕەوایەتیى بەخشییە ئەم دابڕانە لە مێژوو. لەبەرئەوە وەها سەیرى دروستبوونى دەوڵەت-نەتەوەى نوێى بۆرژوازیى نەدەکرد کە بەرهەمى سروشتیى پەرەسەندنە، ڕەوایەتیى نەتەوەییشى بۆ نموونە لەسەر میتۆلۆژیا و بایۆلۆژیا دانەمەزران، بەڵکو هەڵوێستێکى بنەمایى تەواو دوژمنکارانەى وەرگرت و گوتارێکى دیکەى پەرەپێدا. ڕایگەیاند ئەم دەوڵەت-کۆمەڵگەیە بەرەنجامى دابڕان و ڕزگاربوونە لە "سروشت". لە ڕوانگەى ڕۆشنگەرییەوە کۆمەڵگە بەرهەمى "پەیمانى کۆمەڵایەتى"ـیە، کە تاکەکەسان پێکەوە دەبەستێتەوە. پەیمان (گرێبەست) –وەکو ئەوەى لە یاسادا هەیە- پەیوەندییەکە کەسانى ئازاد بە ویستى ئازادانەى خۆیان پێکەوە دەبەستێتەوە. لەم ڕوانگەیەوە، ناسیۆنالیزم کردەى پەیمانى کۆمەڵایەتییە، دەوڵەت-نەتەوە –ئەو قاڵبەى کە ناسیۆنالیزم لەنێویدا دروست دەبێت- لە نەبوونى ئەم پەیمانەدا بوونى نییە، واتە بە بێ بڕیارێکى هۆشیارانە لەلایەن "هاووڵاتیان"ـەوە نایەتە بوون، بەو مانایەى بەرهەمى پەرەسەندنێکى "سروشتى" نییە کە بە بێ کردارێکى ئاگایانە خۆى بسەپێنێت.
هەڵبەت ئایدیاى "پەیمانى کۆمەلایەتى"، خۆیشى میتۆلۆژییە؛ بەو واتایەى کە دەرکەوتنى پەیوەندییە سەرمایەدارییەکان بنچینەى ئوبێکتیڤەکەیە کە دەوڵەت-نەتەوە لەسەرییەوە دروست دەبێت، ئەم پەیوەندییانە بە بڕیارى خەڵکى دانەمەزراون. جا لەبەرئەوەى ئەم میتۆلۆژیا نوێیانە هیچ پەیوەندییەکى بە ڕابردووەوە نییە، بەڵکو دەرکەوتەى ئەو چەمکە نوێیانەیە کە هاوەڵى سەرهەڵدانى سەرمایەداری بوون، چەمکەکانى تاکەکەسى بۆرژوازى و ئازادیى ئەم تاکەکەسە؛ وات جەختکردنەوە لەسەر مافەکانى ئەم تاکەکەسە ئازادە لە بەرامبەر کۆمەڵگەدا، سەربەستبوونى تاکەکەس لەم کۆمەڵگەیە، دەرکەوتنى چەمکى هاووڵاتى تاوەکو جێگاى میللەت و ئەهلى زیمەت بگرێتەوە.
ئەم چەمکە نوێیانە لە شۆڕشى فەرەنسیدا بەشێوەیەکى ئایدیۆلۆژى و سیاسیى زەق بە ڕوونى دەرکەوتن. شۆڕشى فەرەنسى، بانگەشەى ئەوەی کرد کە "نەتەوەیەکى نوێ" دادەمەزرێنێت، ئەمە هیچ پەیوەندییەکى بە مەرجەعییەتى بایۆلۆژییەوە نەبوو (خوێنى باوباپیران یان نەتەوەى ئایینى)؛ بەڵکو تاکە مەرجەعیەتەکەى بڕیارى ئازادانەى ئەو هاونیشتمانیانە بوو کە دەیانەویست لە سایەى کۆمەڵێک یاسادا کە خۆیان بە بێ کۆتوبەند دایدەڕێژن، پێکەوە هاوبەند و پشتیوان بژین. لەبەرئەوە ئەم نەتەوە نوێیە ئەو گەلەى لەخۆى دەگرت کە بە سەرجەم توێژە جیاوازییەکانییەوە بەشدارییان لە شۆڕشدا کردبوو، لەوانە پێکهاتبوو کە بە زمانى فەرەنسى دەدوان و ئەوانەیش کە بە فەرەنسى نەدەدوان وەکو یەک؛ هەروەها –لەبەرامبەردا- ئەم نەتەوەیە هەموو ئەوانەى نەگرتەوە کە بە فەرەنسى دەدوان و وەک هاوڵاتیى دەوڵەتێکى دیکە دەژیان. ئەم نەتەوە نوێیە "نەتەوە-کۆمەڵگەیەکى ئایدیۆلۆژیست بوو"، "نەتەوەى هەڵبژاردنى ئازاد"، "نەتەوەى هاووڵاتیان بە وییستى خۆیان"، نەک "نەتەوەیەکى سرشتى"ـى ڕەگەزپەرست، نەک نەتەوەى باوباپیران. لەبەرئەوە یەکسەر نەتەوەى نوێى فەرەنسى، یەهودییەکانى فەرەنساى گرتەخۆى، هەرچەندە لە بڕواى ئایینیشیەوە جیاواز بوون؛ چونکە ئایین چیتر مەرجەعیەتێکى دانپێدانراو نەبوو. لەمەیش زیاتر، شۆڕش لە ترۆپکى خۆیدا ئەو کۆیلە ڕەشپێستانەیشى گرتە خۆى کە لە هایتى ڕاپەڕیبوون و ڕایانگەیاندبوو بەهۆى ئەوەى ڕاپەڕیوون و بە ویستى خۆیان ئازادن، مافى ئەوەیان هەیە هاووڵاتى یەکسان بن.
چەمکى عەلمانییەت شوێنى خۆى لەم چوارچێوە ئایدیۆلۆژییەدا دەبینێتەوە. عەلمانییەت لە بنەماى سەربەخۆیى بڕیارى سیاسى لە لاهوتدا سنووردار نابێت. ئەم بنەمایە لە مێژوودا، لە سەردەێکى زووەوە لە سەرجەمى کۆمەڵگەکاندا کارى پێکراوە، ئەگەرچى بە ڕواڵەت، هەمیشە وا نەبووە و ئەگەرچى کۆمەڵە ئیسلامییەکانیش بانگەشەى ئەوە دەکەن کە نابێت وا بێت. تێکەڵکردنى سیاسەت و ئایین مۆرکێکى موقەدەس بەو مومارەسانە دەبەخشێت کە جۆرێک هەلپەرستیى سیاسییان تێدایە؛ پاشانیش ماسکێک دادەنێت کە ناهێڵێت بڕیارەکان شەفاف بن، ئەمەیش جەوهەرى دیموکراسییەت دەسڕێتەوە. هەروەها بنەماى عەلمانییەت لە مومارەسەى لێبووردەیى و ئازادیى ئایینیدا قەتیس نابێت.
بنەماى عەلمانییەت لە هەموو ئەمانە زیاترە، پتر ڕاگەیاندنى دابڕانە لە ڕابردوو و سروشت، ئەو مەرجەعییەتە دەسڕێتەوە کە پشت بە سەلەفییەت دەبەستێت، لەوانە ئینتیماى گەل بۆ بیروباوەرێکى ئایینیى هاوبەش. شۆڕشى فەرەنسى ڕایگەیاند کە مەسیحییەت بۆچوونێکى "فەلسەفى"ـی تاکەکەسییە –و هیچیتر-، وەکو هەر بۆچوونێکى دیکەى فەلسەفى، کەوایە فاکتەرێک لە فاکتەرەکانى بنتیانانى ئایدیۆلۆژییانەى کۆمەڵگە نییە.
لەسەر ئەم بنەمایە دەتوانین دەرک بە واتاى "مافى پەنادان" بکەین کە لە جاڕنامەى مافەکانى مرۆڤ و هاووڵاتی –دیباجەى دەستوور-دا تۆمارکراوە، کەواتە ماف چ مانایەکى هەیە؟ ئەوەیە کە دەڵێت مرۆڤ –بە چاوپۆشى لە ئەسڵ و ڕەنگ و بیروباوەڕەکانى (لەوانە ئایینى)- ئەگەر بیەوێت لە سایەى یاساکانى کۆماردا بژى و خۆیشى بەشداربێت لە داڕشتنیدا، ئەوا مافى هاووڵاتیبوونى دەبێت. ئەم نەتەوەیە بەرهەمى "تایبەتمەندى"ێەک نییە کە ڕیشەى سروشتى و بایۆلۆژى و مێژوویى هەیە؛ بەڵکو نەتەوە-کۆمەڵگەیەکە بانگەشەى ئەوە دەکات دەرکەوتەى بنەماى گشتێتییە. دیاردەى تەواو هاوشێوە لە شۆڕشى فەرەنسیدا دەبینینەوە. شۆڕشى فەرەنسى خۆى وەک نموونەیەک داناوە کە دەبێت پەیڕەو بکرێن؛ بگرە پێیوابوو هەندێک یاساى ئوبێکتیڤ هەیە کە وا دەکەن پێویست بێت لە ئاستى جیهانیدا پەیڕەوى لەم نموونەیە بکرێت. هەمان ئایدیاى تەواو هاوشێوە لە ئەزموونى شۆڕشى ڕوسیادا دەبینینەوە، ئەمە ئیشى هەموو شۆڕشە گەورەکانە: پێداویستییە ڕاستەوخۆکانى ئێستا تێدەپەڕێنێت و ئاماژە بە ئاراستەى پەرەسەندنى دوورى داهاتوو دەکات.
4-   بەڵام فەلسەفەى ڕۆشنگەرى و شۆڕشى فەرەنسى، کە گەورەترین دەرکەوتەیان لە واقیعى کۆمەڵییانەدا نواندندەوە، ئەو ئامانجەیان وەدیى نەهێنا کە ڕەهەندێکى گشتیى ئاشکراى هەبوو. بۆچى؟ چونکە سیستەمى سەرمایەدارى، کە ئەم ئایدیۆلۆژیایە پێوەى پەیوەست بوو، پێویستى بەمە نەبوو؛ بەڵکو خودى لۆژیکى سەرمایەدارى سنوورێکى بەرتەسکى بۆ بنەماى گشتێتى ئاشکرا دانا. پرۆژەى گشتێتى فیکرى ڕۆشنگەرى و شۆڕشى فەرەنسى، بەر واقیعى فراوانخوازیى سەرمایەدارى کەوتن کە لە دوو ڕەهەندەوە واتاکانیانى دیاریى کرد:
یەکەم ڕەهەندیان تایبەتیەتە بە شێوازەکانى بڵاوکردنەوەى سەرمایەداریى لە خودى ئەوروپادا. سەرمایەدارى لە دەرەوەى ئینگلتەر و فەرەنسا و هۆڵەندا، لە کاتى شۆڕشە بۆرژوازییەکاندا، هیچ ڕیگەیەکى دیکەى بۆ نەکردەوە؛ بەڵکو پشتى بەست بە دامەزراندنى دەوڵەتە نیشتمانییەکان (دەوڵەت-نەتەوە)ـى ئەوروپاى مۆدێرن. بۆ نموونە لە ئەڵمانیا، دروستبوونى ئەم دەوڵەتە بەرەنجامى دوو هۆکارى لێکدراو بوون: بەلایەک بەکارهێنانى هێزى سەربازى شانشینى پروسیا، لەلایەکى تر ئەوەبوو ئۆرستۆکراتییەتى میرنشینە ئەڵمانییەکان چوونە نێو پرۆژەکەى پسمارکەوە، بە بێ ئەوەى شۆڕشى بۆرژوازیى وەدیى بێت.
ئەم بارودۆخانە بەرەنجامى زۆر گرنگیان لە ڕووى ناوەۆکى ئایدیۆلۆژیاى باڵادەستى نێو دەوڵەتە نوێیەکە، لێکەوتەوە. هاوپەیمانیى کۆمەڵایەتیى باڵادەست، کە ڕێگاى بۆ گەشەکردنى سەرمایەداریى کردەوە، ڕەوایەتى خۆى نەک لەسەر بەها دیموکراسییەکان، بەڵکو لەسەر ناسیۆنالیزم دامەزراند و دووەمیانى خستە جێگاى یەکەمیان. لە کاتێکدا ئەم ناسیۆنالیزمە ناسیۆنالیزمێکى نیشتمانیى نەبوو کە لەسەر بنەماى هەڵبژاردنى ئازاد دامەزرابێت (پەیمانى کۆمەڵایەتى)، بەڵکو ناسیۆنالیزمێک بوو کە پەناى دەبردە بەر مەرجەعییەتى نەژادى و میتۆلۆژیاى پێشینان و خوێن. ئەم مەرجەعییەتە لاى خۆیەوە بانگهێشتێک بوو بۆ گەڕان بەدواى ڕیشەکان (حەقیقى و وەهمى)ـى ڕابردووى دوورى هۆزە جەرمانییەکاندا. ئەدەبیاتى کۆمەڵناسیى ئەڵمانى بەڵگەیەکى ڕوونە لەسەر ئەم باسە؛ چونکە تێرمێکى تایبەتى دروست کردووە بۆ ئاماژەدان بە کۆمەڵى وەهمیى کۆنى خەمڵێنراو (تێرمە ئەڵمانییەکە Gemeinschaft)ـە، کە بە ئەسڵى ناسیۆنالیزمى نوێى ئەڵمانى دادەنرێت. ئەم ئایدیۆلۆژیایە خۆى وەک دابڕان لە رابردوو نەخستۆتەڕوو، بەڵکو وەک زیندووکردنەوەى ئەو ڕابردوو خۆی پیشان داوە. ئەوەى لەم هەڵوێستە دەکەویتەوە ئەوەیە کە ئەم ئایدیۆلۆژیایانە وەها لە میراتى ئایینیى کۆنى جەرمانییان ڕوانییەوە کە ڕەگەزێکە لە ڕەگەزە پێکهێنەرەکانى نەتەوە. کەواتە ئایدیۆلۆژیایەکى نەژادپەرستى کۆنەزەڤاتیڤە، تێڕوانینى بایۆلۆژیى لە مرۆڤ، کە لە دواجاردا گەیشتە تاواننکاریى نازیزم و هەتا ئێستایش لە ئاگایى گشتى ئەڵمانیاندا ڕیشەکێش نەکراوە.
کەواتە، نەبوونى شۆڕشى بۆرژوازیى لە دەرەوەى ئینگلتەرا و فەرەنسا و هۆڵەندا، بووە مایەى پشتبەستن بە گەشەسەندنى سەرمایەداریى لە ئەوروپاى ناوەڕاست و ڕۆژهەڵات و باشوور، لەسەر بنچینەى میتۆلۆژیا نەتەوەییەکان کە دەیانگوت دامەزراندنى دەوڵەتى نیشتمانى دەرکەوتنى ئارەزووى نیشتمانیى پێشووە، لەمەیشدا گریمانەى ئەوەیان دەکرد کە نەتەوە لەپێش دەوڵەت-نەتەوەوە بوونى هەبووە. ئەمە لە کاتێکدا واقیعى مێژوو ئەوە دەسەلمێنێت کە ئەو نەتەوەیەى وا باس دەکرێت، تا ڕادەیەکى زۆر بەرەنجامى مومارەسەکانى دەوڵەتە. ئەم شێواندنە ئایدیۆلۆژییە ناسیۆنالیستییە بووە مایەى تەقینەوەى ئیمپراتۆریەتە فرەنەتەوەکان، ئەگەرچى ئەو چوارچێوە بەرفراوانترەى کە لە ڕووى ڕێکخستنى دەسەڵاتەوە دەینواندەوە، ئەگەر و تواناى کەمترى تێدا نەبوو بۆ کردنەوەى ڕێگاى گەشەسەندنى سەرمایەداریى لەو چوارچێوە بچووکانەدا کە لە هەڵوەشانەوەى ئیمپراتۆرییەتەکەوە پەیدا دەبوون. کاریگەریى نەتەوەیى لە کۆمەڵگە دیموکراسییەکانى ئەوروپاى ڕۆژئاوادا کاریگەرییەکى بەرچاوى هەبوو، بۆیە پەنابردن بۆ میتۆلۆژیاى نەتەوەیى بووە چەکێکى کاریگەرى لە دەستى چینە فەرمانڕەواکاندا تاوەکو گەلانیان بخەنە خزمەتى پرۆژە ئیمپریالیستییەکانى خۆیانەوە.
بێگومان ئەو تیۆرییەى کە ڕەگەزى بەردەوامێتیى لە مێژوودا تا ئاستى تۆخکردنەوەى تایبەتییە زاتییە ڕەهاکانى گەلە جیاوازەکان بەرز دەکاتەوە، لە بنەڕەتدا تیۆرێکى کردەیى نییە و واقیعى ئەو گۆڕانکارییانەى وا لە مێژوودا بەسەر کۆمەڵگەکاندا هاتوون، نکوڵیى لێدەکات. بەڵام ئەوەیش گومانى تیا نییە کە تیۆرى پەڕگیریى پێچەوانەیش، کە پێیوایە دابڕانى شۆڕشگێڕانەیش دابڕانێکە کە بە تەواوەتى ڕابردوو دەسڕێتەوە، ئەویش لەسەر زێدەڕەوییەک بنیاتنراوە کە پەرەسەندنى ڕاستەقینەى ئەو کۆمەڵگایانەى وا بەم ئەزموونانەدا ڕۆیشتوون، نایسەلمێنن. هەردوو تیۆرییەکە میتۆلۆژیایە، سەرهاویشتنێکى زەۆرەملێیانەیە بۆ سەر واقیعێکى ئاڵۆزتر. ئەو نەتەوانەى کە بانگەشەى ئەوە دەکەن لەسەر بنچینەى نکوڵیکردن لە ڕابردووى خۆیان بنیاتنراون، لە ڕاستیدا بە تەواوەتى لەو ڕابردوو دەرباز نەبوون. لەم بارەیەوە وا دروستترە بڵێین چەندین ڕەگەزى لە کولتوورەکەى پێشوو وەرگرتووە و لەنێو بونیادە نوێیەکەى خۆیدا بەکاریهێناونەتەوە. ئەمە بە تەواوەتى لە حاڵەتى فەرەنسادا ڕاستە کە ڕیشەکانى دروستبوونى فەرەنسا وەک نەتەوەیەک دەگەڕێتەوە بۆ پرۆژەى موڵکایەتیکردنى فەرەنسا لە سەدەى یانزەدا. بەڵام پێدەچێت ئەم ئەزموونە، لە دۆخى ئەڵمانیادا جیاوازە، چونکە ئەڵمانیا درەنگانێک و هەندێکیش لەناکاو وەک نەتەوەیەک دەرکەوت، ئەمەیش نەبوونى ڕیشەیى مێژوویى ڕاستەقینەى دێرین و بەهێز بوو. لە فەرەنسا، بە درێژایى چەند سەدەیەک، ئەو گەلانەى ڕیشەیان لێکتر جیاواز بوو، پەیتا پەیتا ئاوێتەبوون، لە زمانى خۆیان کۆچیان کرد و لە ڕووى زمانى و کولتوورییەوە بەە پرۆسەى بەفەرەنسیبووندا تێپەڕین. پاشان کۆمار سیستەمێکى نوێى فێرکردنى دانا کە پەرەسەندنەکەى خێراتر کرد و پرۆژەکەى کامڵ کرد، لەمەوە یەکەیەکى کولتوورى و زمانیى بەهێزى خوڵقاند.
لێکچوونێکى ڕوو و ئاشکرا لەنێوان ئەم مێژووەى فەرەنسا و مێژووى ئینگلتەرادا هەیە. بە کردەیى ئاوێتەبوونێکى میللى سکۆتلەندا و وێڵز ڕوویدا و تا ئەو ڕادەیە بە ئینگلیزیکران کە ئەم دوو گەلە زمانە ئەسڵییەکەى خۆیان لەبیر چوویەوە و وایان لێهات تەنیا ئینگلیزى بکەنە زمانى قسەکردنیان. بەڵام شۆڕشى ئینگلیزى سەدە و نیوێک پێش شۆڕشى فەرەنسى ڕوویدا، بەو واتاى ئەو کاتەى ڕوویدا هێشتا ڕەوش و بارودۆخ بەو ئاشتە پێنەگەیشتبوو کە لە کۆتاییەکانى سەدەى هەژدەى فەرەنسادا دەیبینین. بۆیە "دابڕان" لە ڕابردوو لە ئینگلتەرا بە قەد ئەو دابڕانە بەهێز نەبوو کە شۆڕشى فەرەنسى دروستى کرد. شۆڕشى ئینگلیزى لەسەر چارەسەرێکى مامناوەند گیرسایەوە کە موڵکایەتى و ئۆرستۆکراسییەتى دەربارز کرد، ئەم دۆخەیش لاى خۆیەوە پەناى بردە بەر میتۆلۆژیاى بەردەوامێتى مێژوویى. لەم چوارچێوەیەدا، ئایدیۆلۆژیاى ئینگلیزى میتۆلۆژیایەکى تایبەت بەخۆى داهێنا کە بانگەشەى ئەوەى دەکرد دیموکراسییەتەکەى، میراتى نەریتە کۆنەکانە و دەگەڕێتەوە بۆ بەڵگەنامەیەکى گەورەى بەناوبانگى سەدەى دوانزەیەم، ئەگەرچى ئەم بەڵگەنامەیە ڕاگەیاندنى ئازادیى فیودالە گەورەکان بوو لە دەسەڵاتى پادشا، بۆی هیچ پەیوەندییەکى بە ئازادییە بۆرژوازییە نوێیەکانى ئەو سەردەمەى دواترەوە نەبوو. هەروەها ئایدیۆلۆژیاى ئینگلیزى چاکسازیى پرۆتستانتى بە جۆرێک گرتە خۆى کە کردییە یەکێک لە ڕەگەزەکانى ئەو کەلەپوورەى کە هەتا ئێستایش بانگەشەى زیندووێتییەکەى دەکرێت.
بۆیە ئەو وڵاتەى کە کەلەپورێکى دیموکراسیى بۆرژوازییانەى هەیە، هەمیشە خۆبەخۆ مەیلى لە لێکدانەوەیەکى کراوەى چەمکى ناسیۆنالیزمەـ پێشوازیى لە بنەماى تێکەڵکردن و ئاوێتەکردنى ڕەگەزە نوێیە هاتووەکان دەکات، بە تایبەتیش لە ڕەوشى کرانەوەى بەفراوانى وڵات بەسەر کۆچدا.
ئەمە دۆخى ویلایەتە یەکگرتووەکان و سەرجەم وڵاتانى دیکەى ئەمریکایە، بگرە دۆخى هەندێ وڵاتانى دیکەى وەکو ئوسترالیایشە. بەڵام ئەمە دۆخى فەرەنسایش بوو لە کۆتاییەکانى سەدەى نۆزدەدا، واتە بەر لەوەى جموجوڵى کۆچ لە پانتاییەکى بەفراوانى سەرانسەرى ئەوروپاى ڕۆژئاوادا، لە هەردوو دەیەى شەستەکان و خەفتاکانى سەدەى ڕابردوودا ڕووبدات. خۆگونجاندنى ئەو کۆمەڵگایانەى کە نەریتیى ئەسڵیى دیموکراسییان بۆ ڕوبەڕوبوونەوەى کۆچ هەبوو، بە گشتى خۆگونجاندنێکى گشتى بوو. هاتووەکان تاڕادەیەک و بە ئاستى جیاواز، پێشوازییان لێکرا. لێرەدا پێدانى ڕەگەزنامە بە کۆچبەران، لایەنیکەم بۆ نەوەیەک لە منداڵانیان، شتێکى سروشتى بوو. بە کردەیى ئەمە مومارەسەى باوى زۆرێک لە وڵاتانى ئەوروپا بوو، لە کاتێکدا ئەم کرانەوەیەى بنەماى ڕەگەزنامەپێدان، لاى خۆیەوە هاوکار بوو بۆ ئاوێتەبوونیى کردەیى لە نەتەوەخوازییەکانى لۆکاڵیدا.
بەڵام ویلایەتە یەکگرتووەکان، چەمێکى تایبەتى بۆ ئەم پرۆسەیە دانا، ئەویش چەمکى لکاندن بە نەتەوەى ئەمریکییەوە بوو. ناوەڕۆکى ئەم چەمکە جیاواز بوو لە چەمکى ئاوێتەبوونى فەرەنسى-ئینگلیزى؛ بەو واتایەى یەکەمیان دان دەنێت بە بەردەوامێتیى هەمەجۆریى لەنێو خودێتییە کولتوورییەکانى کۆمەڵە جیاوازەکانى نەژادە پێکهێنەرەکانى نەتەوەى ئەمریکیدا.
کۆمێنتێکى تووندم لەبارەى ئەم بابەتەوە هەیە: بۆچوونى باوى ئێستا لەسەر ئەم بابەتە، بەرگرى لە شێوازە ئەمریکییەکە دەکات، ئەمەیش بە ناوى دیموکراسییەتەوە دەچەسپێنێت، بە هەنگاوێکى پێشکەوتنخوازانەتریشى دادەنێت؛ چونکە دان بەو شتەدا دەنێت کە پێیدەوترێت "مافى جیاواز بوون"، ئەم مافەى کە لایەنگرانى میتۆدى ئاوێتەبوون [تووانەوە] لەبیریان کردووە. لەگەڵ ئەمەیشدا، ئەزموون ئەوەیشى سەلماندووە کە ئەم جیاوازییە –کە دانى پێدانراوە و رەوایەتیى پێدراوە-، لە واقیعدا بنچینەى بەردەوامێتیى جیاکاریى و نکوڵیکردنە لە یەکسانى،؛ هیرارشییەت لە پێگە کۆمەڵایەتییەکان و ڕەفتارە نەژادییەکانیشدا، پەیوەستن بە داننان بە "مافى جیاوازبوون"ـدا. ڕەنگە بیرۆکەکانى پێشوو، کە لە پاشماوە بۆماوەیەکى کۆیلایەتییەوە مابوونەوە، سەرچاوەى شێوازى ئەمریکى بێت بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ بایەتى جیاوازیدا. خۆ ئەگەر مافى جیاوازبوون شایەنى ئەوە بێت دانى پێدا بنرێت، ئەوا دەبێت دان بە مافێکى ترى هاوتادا بنرێت ئەویش "مافە لە هاوشێوەییدا". پێموایە زێدەڕەویکردن لە نرخاندنى "جیاوازییەکان"ـدا، بگرە دامەزراندن و دروستکردنى جیاوازى، هەمیشە هاوڕێ بووە لەگەڵ چەمکێکى دیکەى تەمومژاویدا دەربارەى "کولتوور"، کە لە دیاریکردنى ئەو سیمایانەدا وا بە نەگۆڕ خەمڵێنراون، جێگاى بایۆلۆژیا دەگرێتەوە. ئەمە لە کاتێکدا واقیعى مێژوو سەلماندوویەتى کە کولتوورەکان نەرمن، لەگەڵ گۆڕانى هەلومەرجەکاندا خۆیان دەگونجێنن، هەروەکو سەرجەم لایەنەکەى دیکەى واقیعى کۆمەڵایەتى.
بەڵام ڕەهەندى دووەم کە سنوورێکى بۆ گشتێتى بۆرژوازیى دانا، ئەو ڕەهەندەیە کە تایبەتە بە فراوانخوازیى سەرمایەداریى لە پەراوێزەکانى دەرەوەى سەنتەرەکانى خۆیدا، واتە لە ئاسیا و ئەفریقادا. هەرگیز ئەوە بە بیروهۆشى فەرمانڕەوایانى کۆلۆنیالیستەکاندا نەهاتووە کە وەها مامەڵە لەگەڵ گەلانى کۆلۆنییەکاندا بکەن کە خاوەنى ئەسڵیى نیشتمانن، واتە بە گویڕەى بەها دیموکراسییەکانى فەلسەفەى ڕۆشنگەرى مامەڵەیان نەکردووە. بەڵکو ئەم فەرمانڕەوایانە، دەرکیان بەوە کرد کە بەرژەوەندییان لەوەدایە ئەو گەلانە هەر لەژێر نەریتە (نادیموکراسییەکانیاندا) بهێڵنەوە، ئینجا ئەم نەریتانە –ئەسڵى بن یان هەڵبەستراو- بۆ چەسپاندنى حوکمى کۆلۆنیالیزم بەکاربهێنن. دۆخى جەزائیر لەم بارەیەوە نموونەیەکى زەقى کێشانەیە بە دوو پێوانە. بە پێچەوانەى بانگەشە باوەکانى بزووتنەوە ئیسلامییە هاوچەرخەکانەوە، فەرەنسییەکان لە جەزائیر شەریعەتیان نەسڕییەوە، بەڵکو بە تەواوەتى ڕێزیان لێگرت، مافى زۆروزەبەندیان دا بە زانا سەلەفییەکان بۆ لێکدانەوە و جێبەجێکردنى شەریعەت. دەوڵەتى سەربەخۆى نوێى جەزائیر، یەکەم سیستەم بوو لە وڵاتدا کە بوێرى ئەوەى هەبوو دەست بکات بە چاکسازیى ئەم بارودۆخانە، هەرچەندە تۆزێک بەشێوەى پەراوێزى و شەرمنانەیش بوو، بە تایبەتیش دەرهەق بە مافى ژن. لێرەدا بزووتنەوەى ئیسلامى بانگەشەى گەڕانەوە دەکات بۆ ئەو شتەى کە لە سایەى حوکمى کۆلۆنیالیزمى فەرەنسیدا کارى پێکراوە.
ئەم جووت پێوانەییە بۆ کێشانە و هەڵسەنگاندن بەلامەوە سەیر نییە، ئەم مۆرکە هەڵبزڕکاوەى مومارەسکردنى گشتێتیشم لەلایەن فەرمانڕەوایانى کۆلۆنیالیزمیشەوە هەر پێ سەیر نییە. نەخێر، سەرمایەدارى لەسەر ئاستى جیهانى جەمسەرگیرى بەرهەمهێناوە؛ واتە ئەو دژیەکییەى کە لە نێوان سەنتەرە پێشکەوتووەکان و پەراوێزە دواکەوتووەکاندا بەرپاى کردووە. دەبوو بە پاڵ ئەم جەمسەرگیرییەوە جەمسەرگیرییەکى دیکەیش لەسەر ئاستى واقیعى کۆمەڵایەتى، لە بوارى مومارەسە سیاسییەکان و گوزارشتە ئایدیۆلۆژییەکاندا، هەبووایە.
بەم جۆرە سەرمایەدارى باڵادەستى جیهانى، بە کردەیى پەراوێزەکانى لە دەرەوەى بوارى کارەوە بەجێهێشت؛ ئەمەیشى بە گوێرەى ئەو بەهایانە کرد کە لەسەر بنەما گشتییەکان دامەزرابوون و پشتیوانیى لە "تایبەتمەندییەکان" کرد. لەبەرئەمە، بزووتنەوە ڕزگاریخوازییە نیشتمانى و سۆشیالیستەکان بەر ئەم تەحەدا سەرەکییە کەوتن کە بەرئەنجامى جەمسەرگیریى بوون:    چۆن دەشێت ئامانجە گشتییەکان و هەلومەرجە ئوبێکتییەکانى تایبەتمەندییەکان پێکەوە کۆبکەینەوە؟
5-   فیکرى سۆشیالیستى سەرەتا لە ئەوروپا، پاشان لە چوارچێوەى مەسەلەى کۆلۆنیالیزمدا لە دەرەوەى ئەوروپا، بەدەم مەسەلەى ناسیۆنالیزمەوە چوو. کەمترین شتێک کە بکرێت لەم بارەیەوە بیڵێین ئەوەیە کە فیکرى سۆشیالیستى، بە هەموو گوزارشت و ئاراستەکانییەوە، خۆى خستە سەر هێڵى بەرەوپێشچوونى فەلسەفەى ڕۆشنگەرى  ئیدى لەمە جیاواز نەبوو. لە ڕووى مێژووییەوە، چەپ، پێش هەمووانیش چەپى سۆشیالیستى، لە ڕیزى ئەو هێزانەدایە کە زیاتر دیموکراسین؛ لەو هێزانە کە گومان لە ڕاستگۆیى دیموکراسییەتى ڕاستڕەو دەکەن و لەم گومانەیشدا لەسەر هەقن، چونکە هەمیشە لەپێناو پاراستنى ئیمتیازاتەکانى چینى چەوسێنەر، کە نوێنەرایەتى ڕاستڕەو دەکەن، سنوورێک بۆ مافە بەدەستهێنراوەکان دادەنێن. لەلایەکى دیکەیشەوە، سۆشیالیزم ئامانجێکى سەرەکى بۆ خۆى داناوە، ئەویش پشتیوانیکردنە لە ئاگایى چینایەتى و پتەوکردنى هاوپشتیى لەنێوان چینە میللەکاندا. لەم ڕوانگەیەوە، دژایەتیى ئایدیۆلۆژیاى ناسیۆنالیزم و مانۆڕە کۆنزەڤەتیڤەکانى کردووە، واتە دژایەتیى ئەو هێزە کۆنەپەرستانەى کە ئەم ئایدیۆلۆژیایەیان لەپێناو دواخستنى پێگەیشتنى ئاگایى چینایەتیدا خستۆتەگەڕ.
کەواتە، کاتێک لە بابەتى هەڵەکانى فیکرى سۆشیالیزم و سنوورەکانى دەکۆڵینەوە، دەبێت ئەم سەرنجە بنەماییە لەبەرچاو بگرین کە لێرەدا باسمان کرد. زۆرێک لەم هەڵانە بەرهەمى گەشبینی و ئومێدێکى زێدەڕەوانەبوون بەرامبەر تواناى گەلان بۆ ڕزگاربوونیان لە هزر و ڕەفتارە نەریتییە کۆنەپارێزە بۆماوەکانى ڕابردوو.
لەبەر ڕۆشنایى ئەو تێرامانانەى لێرەدا خستماننەڕوو، دەبینین هەڵەکانى بزووتنەوە سۆشیالیستییەکان سەبارەت بە مەسەلەى ناسیۆنالیزم و کۆلۆنیالەکان، بۆ ئەوە دەگەڕێنەوە کە سۆشیالیستەکان لە خەمڵادنى ڕۆڵیى مێژوویى سەرمایەداریدا، زێدەڕەوییان کردووە. سۆشیالیستەکان بڕوایان بە پێشکەوتن هەبوو، پێیانوابوو فراوانخوازیى جیهانیى سەرمایەداریى دەبێت –ئەگەر هەنگاو بەهەنگاویش بووە- کردەى سنوورى سیاسیى دەوڵەتان بسڕێتەوە، دەبوو ئەمەیش هەلومەرجى گونجاو بۆ مومارەسەى ململانێى چینایەتى لەسەر ئاستى جیهانى بکاتەوە، پاشان شۆڕشى جیهانیى سۆشیالیستى ڕووبدات. لەبەرئەوە، سۆشیالیستەکان گەیشتنە ئە باوەڕەى کە هەر شتێک ببێتە پاڵنەرى پێشکەوتنى هێزەکانى بەرهەمهێنان بەرەو پێشەوە، دواجار لە ڕووى مێژووییەوە شتێکى پۆزەتیڤە، بەرپرسیارێتیى چەپیش ئەوەیە کە وەدیهاتنى ئەم پێشکەوتنە بە کەرەستە هەرە دیموکراسییەکان بسەپێنێت. بەم جۆرە سۆشیالیستەکان لە مەسەلەى ناسیۆنالیزمدا بنەماى ئاوێتەبوونیان پێ باشتر بوو، نەک بەرگریکردن لە هەمەجۆریى و "تایبەتمەندییەکان" و "خودێتییەکان". ئەوەى زێدەڕەویى لە تایبەتمەندیدا بکات شوێنەوارە کۆنەپارێزەکانى ڕابردوو دەپارێزێت.
لێرەدا باش لەم ڕەهەندەى فیکرى سۆشیالیستى دەکەم؛ چونکە وەک پێشتر باسم کرد، بۆچوونى ئاراستەى باڵادەستیى ئێستا، بانگەشەى ستایشکردنى "مافى جیاوازى" دەکات. بێگومان ئەو ئاراستە فیکرییانەى کە ئەم کێشەیەیان خستۆتە ڕوو، لە نیاز و مەرامى خۆیاندا ڕاستگۆن. بەڵام من چەند خۆپارێزییەکم سەبارەت بەو ستراتیژییەتانە هەیە کە بۆ ئەم بابەتە خراونەتەڕوو، پێشتریش ئاماژەم پێداون. پێموایە، ئەم بۆچوونانە پێشکەوتن نانوێننەوە، بەڵکو گەڕانەوە و پاشەکشەیە لە هەڵوێستە ڕادیکاڵترەکان کە سۆشیالیزمى مێژووخواز دەینواندن، پشتیوانى لێکردنیشى لەلایەن بزووتنەوە میللەیەکانەوە، بەرەنجامى گوشارى نەریتە فیکرییە کۆنزەرڤەتیڤە باڵادەستەکانە لە کۆمەڵگەکانى ئەوروپاى باکوردا.
سۆشیالیستەکان بەردەم واقیعە ناسیۆنالیستییەکانەوە چوون، ئەو هەڵوێستانەیان زیاتر چەسپاند کە پێیانوابوو بۆ پشتیوانیکردنى ئاگایى چینایەتى گونجاوترن. ڕاستە مێژوو ناکارایى هەندێ لەو هەڵوێستانەى سەلماندووە، بەڵام ئەم بژاردانە لە کۆمەڵیک نیازى سەربەرزانەوە سەرچاوەیان گرتبوو کە شایەنى ستایش و ڕێزن و لەچەند لایەنێکیشەوە پێش سەردەمى خۆیشیان کەتبوون. لێرەدا ئەو هەڵوێستانەم دێتەوە یاد کە سۆشیالیستییەکانى ئیمپراتۆریەتى نەمسایى-هەنگارى و بەلشەڤیک نواندیان. سۆشیالیستەکانى نەوەى یەکەم بە دواى کەرەستەکانى دەربازکردنى ئیمپراتۆرییەتدا نەگەڕان، بەڵکو هەوڵیاندا لەسەر بنەما دیموکراسییەکان دووبارە کۆمەڵگە بنیات بنێنەوە، بە جۆرێک کە بەشێوەیەکى ڕاستگۆیانە و گشتگیر دان بە هەموو نەتەوەکاندا بنێت، ئەوەیش بە مەبەستى بەرەوپێشبردنى ئاگایى چینایەتى و دەستەبەرکردنى چوارچێوەى جیوگرافى گونجاو بۆ بڵاوکردنەوەى ململانێى چینایەتى، ململانێیەک کە بتوانێت سەرکەوتنى مانادار و شیاو بەدەست بهێنێت. بەڵام بەلشەڤیک، دواى ئەوانیش ئەنتەرناسیۆنالى سێیەم، هەنگاوى بەرفراوانیان هەڵگرت کە ئامانجە ستراتیژییەکانیان بەرەو پێش برد. ئەوان دانیان بە مافى گەلاندا نا، لەسەر ئەم بنەمایەیش دەوڵەتى سۆشیالیستییى فرەڕەگەزیان دامەزراند. ئەوەى لەم هەوڵە ستراتیژییەدا کردیان و دەستکەوتەکانى ئەم کارە و شێواندن و لادانەکان و بگرە خیانەتەکانیش، هەر هەموویان بە تەواوى شایەنى مشتومڕ و ڕەخنەن. لەبەرئەوە، دەستوورى یەکێتیى سۆڤیەتى و، دەستوورى یوگسلاڤیا، تەنیا دوو بەڵگەنامەى سەر کاغەز نین، بەڵکو دەرکەوتەکانى ئەزموونێکى تیاژیانن، بە لایەنە ئەرێنى و نەرێنییەکانییەوە. هەر لەم ڕوانگەیەوە، پێموایە بەلشەڤیک، لە ڕووى بنەماییەوە، ڕێزگرتنى لە ناسیۆنالیزم گەیاندییە دوایین ئاستى خۆى، تا ئەو ئاستە دانیان بە مافى جیاوازیدا نا کە تاڕادەیەکى زۆر ئەو پەرەسەندنەى لە ڕاگرت کە دەشیا هەندێ جیاوازیى بسڕێتەوە.
ڕاستە ڕژێمى سۆڤییەتى هەژموونى کولتوورى ڕوسى بەرامبەر گەلانى ترى پێوە دیار بوو، بەڵام لەپاڵ ئەمەیشدا، ئەم ڕژێمە دووبارە دابەشکردنەوىە سامانى لە بەرژەوەندى پاروێزەکانى ئاسیاى ناوەڕاست و قەوقاز لەسەر خسێبى سەنتراڵیزمى ڕووسى وەدیهێنا؛ ئەمەیش شتێکە هەرگیز سەرمایەداریى جیهانى وەدیى نەهێناوە، بە جۆرێک قسەکردن دەبارەى "ئیمپراتۆریەتى سۆڤیەتى" و چوواندنى بە ڕژێمە سەرمایەدارییە کۆلۆنیالیستییەکان، بە بێ بنچینەى زانستییە. بەڵام مێژوو ئەوەیشى سەلماندووە کە دواجار فاکتەرى سەنتراڵیزمى کولتووریى ڕوسى، ڕۆلێکى نەرێنیى گێڕاوە، ڕۆڵێک کە لایەنە ئەرێنییەکانى دووبارە دابەشکردنەوەى سامان لە بەرژەوەندى پەراوێزەکان، نەیسڕیوەتەوە.
پێموایە سەرمایەداریى، جیاتر لە جارێک، ئەوەى سەلماندووە کەمتر ڕێک لە "مافى جیاوازى" دەگرێت؛ سۆڤییەت کولتوورە لۆکاڵییەکانى پاراست، دەنا ئەوانە لە گریمانەى سەروەریى سەرمایەداریى لە ناوچەکەدا، دەسڕدرانەوە. لەم گریمانەیەدا سەرمایەداریى، لە ڕێگەى کارى دەستکەوتى بازاڕەوە، زۆرێک لە "تایبەتمەندییەکان"ـى لەنێو دەبرد.
یوگسلاڤیا نموونەیەکى زەقە لەسەر لایەنە نەرێنییەکانى ئەو چەقبەستنەى کە بەرهەمى ئەو سیاسەتانە بوو وا بنەماى ڕێزگرتن لە تایبەتمەندییە نەتەوەییە خەمڵێنراوەکانى تا ئەودیوى پێویستى ڕاکێشا. ڕێژەیەکى زیاترى گەنجان لە یوگسلاڤیادا هەبوون کە لە ئنتیماى تووندى نەتەوایەتییە دانپێدانراوەکانى نێو دەستوور دووردەکەوتنەوە و "یوگسلاڤیبوون"ـى خۆیان وەک "نەتەوەیەک"ـى نوێ ڕادەگەیاند. بە بڕواى من ئەم پەرەسەندنە پۆزەتیڤ بوو، دەبوو هانبدرێت و پشتى پێ ببەسترێت. بەڵام هێزە کۆنزەرڤەتیڤەکان لەناوخۆدا –بە پشتیوانیى دەرەکى- لە بەرامبەر قەیرانى سیستەکدا، هەنگاوێکى دیکەیان هەڵبژارد کە بانگەشەبوو بۆ "زیندووکردنەوە"ى نەتەوەپەرستییەکان تاڕادەى شۆڤێنیزم. بەرەنجامەکەیش بە بەرچاوى هەمووانەوەیە.
6-   لە بوارى مەسەلەى ناسیۆنالیزمدا، بزووتنەوە ڕزگاریخوازییە نیشتمانییەکان، هەڵوێستێکى بنەماییان گرتە بەر کە بانگەشەى بۆ "یەکێتى گەل" دەکرد لە چوارچێوەى سنوورە سیاییەکانى ئەو "هەرێم"ـەدا کە تێیدا کارى دەکرد، بەو پێیەى ئەم یەکێتییە کۆڵەکەیەکى بنچینەیى پێویستە بۆ ڕزگاریخوازى. گومان لە دروستى و کارایى ئەم بنەمایەدا نییە. هەروەها هیچ ناکۆکییەک نییە لەسەر بانگەشەکردن بۆ دامەزراندن –یان دامەزراندنەوەى- دەوڵەتى سەربەخۆ، گەورە بێت یان بچووک، بنەڕەتى کۆنى هەبێت یان نوێ؛ هیچ ناکۆکییەک لەسەر تێپەڕاندنى ئاسۆ ئێتنیکییەکان و میللەتان و جیاوازییە زمانییەکان و سەرجەم هۆکارەکانى هەمەجۆریى نییە، چونکە ستراتیژییەتەکانى کۆلۆنیالیزم ڕێک خستنەگەڕى ئەم هەمەجۆرییەیە لەپێناو دابەشکردنى بەرەى ڕزگاریخوازیدا. لەگەڵ ئەوەیشدا، ئەو چەمکانەى کە بزووتنەوە ڕزگاریخوازییەکان، لە پێناو ڕەوایەتیدان بەو یەکێتییە خوازراوە خستوویانەتە ئەستۆى خۆیان، بە گوێرەى هەلومەرجە کۆنکریتییەکان و بەرژەوەندییەکان جیاواز بووە. ڕاستڕەوى کۆنزەرڤەتیڤ تەرکیزى خستۆتە بەسەر "نیشتمان" و "یەکێتییە" بانگەشەیى یان ڕاستەقینەکەى، لەمەیشدا هەمەجۆریى ئێتنیکى و زمانى و باوەڕی ئایینى لە پێکهاتەى ئەم نیشتمانەدا فەرامۆش کردووە –هەندێجاریش نکوڵیى لێکردووە. هەروەها هێزە فەندەمێنتاڵیستەکان –کە هەمیشە لە دڵى هەموو کۆمەڵگە پەراوێزییەکاندا هەر ماوەتەوە- پشتى بەستووە بە ڕەگەزە کولتوورى یان نیمچە کولتوورى و ئایینییەکان، چ ڕاست بن یان وەهمى و تەمومژاوى بن، تاوەکو بانگەشە بکات بۆ زیندووکردنەوەى ئەو ڕێسایانەى کە ڕەوایەتیى خۆى لێیانەوە وەردەگرێت، بۆ نموونە کۆمەڵى ئیسلامى یان هیندۆسى. جا لەبەرئەوەى ژمارەیەک لەم نیشتمانانە لە چوارچێوەى ئەو سنوورە سیاسییە دەستکردانەدا پێکهاتوون کە کۆلۆنیالیزم ئیمپریالیزم سەپاندوویەتى؛ بۆیە "ناسیۆنالیزم"ى نوێى بانگەشەبۆکراو، مەگەر بەدەگمەن ئەگینا لە ڕووى ئێتنیکى و زمانییەوە هاوبەند و یەکگرتوو نەبووە. ناسیۆنالیزمى نوێ گەلان و بەشەکانى گەلانى خاوەن ڕیشەى جیاواز، دابەش دەکات. سەرەڕاى ئەم جیاوازییانە، هیچ ڕێگرییەک نابینم بۆ داواکردنى دامەزراندنى دەوڵەتێکى یەکگرتوو، بەو مەرجەى ئەم داوایە ڕاستگۆیانە بێت و دان بە هەمەجۆرییدا بنێت و نکوڵیى لێنەکات. لەم چوارچێوە ئایدیۆلۆژییەدا دەشێت وێناى هەبوونى هەستى ئینتیما بکرێت لەلایەک بۆ "نیشتمانى سەنگالى" و لەلایەکى دیکە بۆ شارستانێتى (یان ئێتنیکى) ولوف و مەندینگۆ، بەبێ ئەمە سەرچاوەى نیگەرانی و لێکدژییەکى وێرانکەر بێت.
ئایدیۆلۆژییە ڕاستڕەوەکان لە بزووتنەوە ڕزگاریخوازییەکاندا، خۆبەخۆ بەرەو جۆشهاتن بە تیۆرییە تەمومژاوییەکانى مەسەلەى ناسیۆنالیزم دەڕوات، ئەو تیۆرییانەى کە لە وڵاتانى ئەوروپى دەرەوەى ناوچەى قەڵەمڕەویى فەلسەفەى ڕۆشنگەریدا بڵاوبوونەتەوە.
نموونەیەک دێنمەوە کە بە بڕواى من نموونەیەکى زۆر زەقە، ئەویش "ناسیۆنالیستە عەرەبەکان"ـن. ئایا ناسیۆنالیستەکانى عەرەب لەسەر بزووتنەوەى چەپ وەستاون یان ڕاست؟ ناڕوونییەکى زۆر لەم مەسەلەیەدا هەیە. ئەگەر بە پێوەرى سیاسى هەڵیبسەنگێنی ئەوان لەسەر بزووتنەوەى چەپ حسێبن. بۆرژوازییەتە لۆکاڵییە لیبراڵییەکان، کە لە چوارچێوە هەرێمییەکاندا پێکهاتن، بایەخیان بە یەکێتى عەرەبى نەدا وەک ڕەگەزێکى پێویست بۆ بەدەستهێنانى ڕزگارییەکى گشتگیر و ڕاستەقینە. ئەگەر ئەم بۆرژوازییەتانە لە چوارچێوەى فراوانخوازیى سەرمایەداریى جیهانیدا، کە کۆلۆنیالیزم بەسەریدا باڵادەستە، جێگەى خۆیان گرتبێت، ئەوا لەم چوارچێوەیەدا بە دۆخێکى کۆمپرادۆرى ڕازیى بوون. نایۆنالیستەکان وەک بزووتنەوەى ڕەتکردنەوەى ئەم تەسلیمبوونە دەرکەوتن و پرۆژەى یەکێتییان بردە ئاستى جیهانى عەرەبى؛ ئەمە داوایەکى پێشکەوتنخوازانە بوو، بەو واتایەى بە جۆرێک لە جۆرەکان ڕوبەڕوبوونەوەى جیهانگیریى بوو. لەبەرئەوە، پێموایە ناسیۆنالیستە عەرەبەکان لە ڕووى سیاسییەوە لەسەر بزووتنەوەى چەپ حسێبن. بەڵام ئەگەر لەو چەمکە بڕوانین کە بۆ ڕەوایەتیدان بە یەکێتیى عەرەبى خستوویانەتە ڕوو، ئەوا ڕوون دەبێتەوە کە گوتارەکەیان چەندە تەمومژاوییە. لەبرى ئەوەى پرۆژەى یەکێتى بە پرۆژەیەکى ئاییندەیى دابنێن کە تەحەداکانى چەرخەکە دەیسەپێنێت، ناسیۆنالیستەکان وەها لە "عروبە"یان ڕوانیووە کە وەک بڵێى دیاردەیەکى "سروشتى"ـیە -عروبە لە خوێندایە!-، ئەم چەمکە بایۆلۆژییەى عروبە بە تەواوەتى هاوشێوەى چەمکى نەژادیى ئەڵمانى "بەئەڵمانیکردن"ـە. ئەمە چەمکێکى ڕاستڕەوانەیە و هیچ پەیوەندییەکى بە چەمکى دیموکراسییەتى نەتەوەوە نییە وەک دەرەنجاکى ویستێکى هاوبەشى ئازادى پێگەیشتوو- گرێبەستى کۆمەڵایەتى. تەرکیز ئەخەمە سەر ئەم ڕەگەزە ئیرادییە؛ بە بێ نکوڵیکردن لە پرۆژەى یەکێتیى جیهانى عەرەبى، دەتوانێت ئەو ڕەگەزانە بخاتە خزمەتى خۆیەوە کە بە کردەیى لە کۆمەڵگەدا هەن و لە ڕابردووەوە ماونەتەوە. مەبەستم لەمە ئەوەیە کە هەتا ویستێک نەبێت لەسەر پێویستییەکانى سەردەک دامەزرابێت، هەبوونى ئەم ڕەگەزانە یەکێتیی بەدیناهێنن. بێگومان ناوەڕۆکى کۆنەپارێزانەى مۆرکى ئەو چەمکە ناسیۆنالیستییەى کە وا لێرەدا خەریکین باسى دەکەین، بۆتە مایەى کۆمەڵێک بەرەنجامى نەرێنى لە مومارەسەدا؛ لەبرى بەپێویستزانینى بەدیهێنانى یەکێتیى لە ڕێگەى خەباتى دیموکراتییەوە –کە مەرجى ڕازیکردنى گەلە بە ئەرێنیى پرۆژەکە-، ناڕوونیى چەمکى عروبە هاندەرى زیاترى وەهمى ئەگەرى بەدەستهێنانى یەکێتى بوو بە "هێز" و پێدانى ڕەوایەتى بە بەکارهێنانى تووندوتیژى. چونکە تووندوتیژى –لەم ڕوانینەوە لە عروبە"، هیچ نییە جگە لەوەى کە تەنیا دەرکەوتەى "ویستێکى شاراوەیە". ئەگەر عروبە بە سیفەتێکى "سروشتى" و "بایۆلۆژى" دابنرێت، ئەم متیتۆدە بەشێوەیەکى لۆژیکیش ماناى ئەوەیە ڕەگەزەکانى دیکە پشتیوانیى لە یەکێتیى خوازراوى پێکهاتەکانى "عروبە" بکەن. بەمجۆرە گوتارى ناسیۆنالیستى خزا بۆ نێو ئەو گوتارە ئیسلامییەى کە دەڵێت: ''ئیسلام ڕەگەزێکى دانەبڕاوە لە عروبە''.
گەلى عەرەب تاکە گەل نییە کە هەڵگرى گوتارە ناسیۆنالیستییە تەمومژاوییەکانە، زۆرێک لە گەلانى جیهانى سێیەم هەمان دۆخیان هەیە، لەبەر هۆکارێکى هاوبەش، ئەویش غیابى کاریگەریى فەلسەفەى ڕۆشنگەرییە لە جەوهەرى دروستبوونە فیکرییەکەیدا. گوتارى "ناسیۆنالیزمى تۆرانى" لە تورکیا و گوتارى "ڕەشپێیست" لە ئەفریقیا، لە ڕووى میتۆدەوە جیاوازیی نییە لە گوتارى "عروبەى سروشتى".
سەرەڕاى ئەوەیش، گوتارى ناسیۆنالیزم لە بزوتنەوەکانى ڕزگاریخوازیى نیشتمانیدا، لەو چەمکە تەمومژاوییەدا قەتیس نابێت کە لێرەدا باسکرا. چەپى بزووتنەوەکە، بە تایبەتیش ئەو باڵەى کە لەژێر کاریگەرى کۆمۆنیزمدا بوو، للایەنیکەم بە شاراوەیى بنەماکانى فەلسەفەى ڕۆشنگەرى وەرگرت. ئەم چەپە بە ڕیخێکى دیموکراسییەتەوە لەنێو کێشەى جیاوازییە ئێتنیکى و ئایینى و زمانییەکاجندا سەریهەڵدا، چەمکێکیشى بۆ نیشتمانپەروەرى خستەڕوو کە جیاوازییەکان تێدەپەڕێنێت و گەل لە بەرەیەکى یەکگرتوودا کۆدەکاتەوە.
دروشمى یەکێتى، کە خودێتییە تایبەتییەکان تێدەپەڕێنێت، تەنیا دروشمێکى زمانەوانیى ەشکى بێ ناوەڕۆک نەبوو؛ بەڵکو لە زۆر حاڵەتدا بووە مومارەسەى پێشکەوتنخوازیى کردەیى، تا ئەو ڕادەیەى کە لەم حاڵەتانەدا، چینى فەرمانڕەوا خۆى بووە چینێکى فرە ئیتنیکى و بە بێ هیچ شەرم و دوودڵییەک، لە ڕیزەکانیدا کۆمەڵێک ڕەگەزى لە نەژادە جیاوازنەکان کۆکردەوە. ئەمە لە هیند و لە ئەفریقا بەشێوەیەکى گشتى هەلومەرجى باوە. پاشان ڕژێمەکانى جیهانى سێیەم، لە هەردوو دەیەى حەفتاکان و هەشتاکاندا، چوونە نێو قۆناغى قەیرانێکى قووڵى فرە ڕەهەندەوە. لەگەڵ ئەم قەیرانەیشدا، داڕمانەکان لە بوارى فیکرى و لە مومارەسە سیاسییەکاندا ڕوویدا، لەمەیشەوە چەمکى نیشتمانپەروەریى سەروو-جیاوازی پاشەکشەى کرد.
تێزى من لەم بوارەدا، ئەوەیە کە زیندووکردنەوەى ئەم "خودێتییانە" بەرەنجامێکى "سروشتى" نییە کە خۆى بسەپێنێت، بەڵکو بەرەنجامى ئەو ستراتیژییەتانەیە کە دەستەبژێرى سەرکردایەتى ڕەگەزپەرست، بەهۆى داخوارانى پرۆژەى نیشتمانیى بۆرژوازیى خۆیەوە، بە ئەنقەست گرتییە ئەستۆ. ئێتنۆسیزم یان شۆڤێنییەتى بیرتەسک یان بەکارهێنانیى سیاسیى ئایین، ئەو کەرەستانەن کە بە ئاسانى لە بەردەستدان و دەکرێت لە کاتى قەیرانەکاندا بخرێنە گەڕ. ئەوە راست نییە کە ئەم خودێتییانە لایەنێکى جەوهەریى لە واقیعى کۆمەڵگەکاندا پێکدەهێنن، مومارەسە دەسەڵاتخوازییەکانیش لەمیانەى قۆناغێکى بزووتنەوەى نیشتمانیدا هەوڵیانداوە بیخنکێنن، ئیدى هەر کە سەرکەوتکردن خاوبۆتەوە لەخۆیەوە تەقیوەتەوە. بە بۆچوونى من ئەم وێنەیەى پەیوەندیى نێوان گشت (نیشتمانى) و بەش (خودێتییەکان)، وێنەیەکى ساناکراوە، بگرە لە هەندێ حاڵەتدا تاڕادەیەکى زۆر درۆزنانەیشە. پاشان، ئەگەر هەلومەرجەکان ڕێگەیان بە بەردەوامێتى و پێشکەوتنى بزووتنەوەکەدا بدایە، ئەگەرێک هەبوو کە نزیکبوو بچێتە نێو چوارچێوەى پرۆژەیەکەوە کە مۆرکێکى گشتگیرى فراوانترى هەبوو.  
7-   پوختەى دەرەنجامەکانم لە بابەتى ناسیۆنالیزمدا جارێکى دیکە دەمانباتەوە بەرەو کێشەى بەجیهانیبوونى سەرمایەداریى: بەرەبەرە ئەو ڕژێمە داڕما کە لە دواى جەنگى دووەمى جیهانییەوە باڵادەست بوو، هەتا گەیشتە ئەوەى لە ئەنجامى کردەى بەجیهانیبوونەوە بە تەواوەتى داڕما، چونکە لەو قۆناغەدا بەجیهانیبوون زیاتر و زیاتر قووڵدەبوویەوە. لەسەروو ئەوەیشەوە، ئەم داڕمانە، هەولمەرجى تێپەڕاندنى لێکدژیى سەرەکیى سەرمایەداریى نەڕەخساند؛ هێشتا هەر دوو جەمسەریى لەنێویدا ناونیشین مایەوە. پاشان، تەحەداى ڕاستەقینە بەڕووى مرۆڤایەتیدا ئەوەیە کە چۆن شوێنەوارە ماڵوێرانکەرەکانى ئەم جەمسەرگیرییە لەنێو ببەین. یان بە دەربڕینێکى دیکە، چۆن دەتوانین ئاسۆ سنووردارەکانى ئەو جیهانگیرییە نوقسانە تێپەڕێنین کە سەرمایەداریى دروستى کردووە؟ ئەو کەرەستانە چین کە پێشکەوتن درێژە پێدەدەن تاوەکو بە کردەیى جیهانێتى کامڵ دەبێت؟ ڕوبەڕوبوونەوەى ئەم تەحەدایە بە زەرورەت دەست بۆ مەسەلەى ناسیۆنالیزم دەبات؛ ئەمە یەکێکە لەو شوێنە گرنگانەى کە لیکدژیى نێوان گشت و بەشى تێدا دەردەکەویتەوە. کەواتە پێویستە بە ئاقارێکى دیموکراسى و مرۆییدا پەرە بە چەمکى ناسیۆنالیزم بدەین، لە پێناو سازانێکى گونجاوى نێوان گشت و بەشدا. فەلسەفەى ڕۆشنگەرى بەم ئاراستەیەدا بیرکردنەوە و کارى دامەزراند، پاشان سۆشیالیزم تەکانێکى بەرچاوى بە بزووتنەوەکە دا و بەرەو پێشەوە پاڵینا. ئێستایش پێویستە درێژە بەم ڕەوتە بدەین و پێشکەوتنێکى دیکە وەدیى بهێنن تاوەکو وەڵامەکانمان لەگەڵ پێداویستییەکانى سەردەمدا بگونجێت.
ئەو قەیرانە قووڵەى وا لە دواى داڕمانى ڕژێمى کۆنەوە گەلان پێیدا تێدەپەڕن، دەستبەجێ سورسوڕمانێکى نەرینیى بەرهەم هێناوە و خۆبەخۆش کاردانەوەى پۆزەتیڤ بەرهەم ناهێنرێت، ئەمەیش لاى خۆیەوە تەفسیرى ئەوە دەکات کە بۆچى چەمکە تەمومژاوییەکان دەربارەى "خودێتى" (لەوانە ناسیۆنالیزم/ئێتنۆسیزمى بایۆلۆژى) و قەتیسبوونى وەهمى لە چوارچێوەى "کۆمەڵەکان"ـدا، کە ناتوانن بە چاپوکییەوە ڕوبەڕووى تەحەدا ڕاستەقینەکان ببنەوە، دەژیەنرێنەوە. دەبێت بە ناوى "مافى جیاوازی"ـیەوە، ڕەوایەتى بەم پاشەکشانە نەدەین، بەڵکو بە پێچەوانەوە، ئەرکمانە پەرەو بەو وەڵامانە بدەین کە زیاتر مرۆڤانەن و لەسەر بنەماى بنەما گشتییەکان دامەزراون و دواجار کاریگەرتریشن. بە پاڵ داننان بە مافى جیاوازیدا، پێویستە پێداگربین لەسەر ئەوەى دان بە مافى هاوتا لە هاوشێوەییشدا بنرێت. 
سەرچاوە:
سمير أمين، حول مفهوم القومية، الحوار المتمدن-العدد: 1167 - 2005 / 4 / 14.
http://www.ahewar.org/debat/show.art.asp?aid=35430

تێبینى: ئەم بابەتە لە کتێبى "ناسیۆنالیزم"، زنجیرەى چەمکە فەلسەفییەکانى دەزگا ئایدیا بڵاوبۆتەوە. 

Saturday 27 October 2018

ئایدیاڵيزمى ماتریاڵیى فۆیەرباخ

ڕەخنەى ئەنگڵز لە فۆیەرباخ

کۆزنیتسۆف
وەرگێڕانى: هاوار محەمەد


لێدژیى لەنێوان تەفسیرى ماتریالی بۆ سروشت و تێگەیشتنى ئایدیاڵى لە ژیانى کۆمەڵایەتى، لێکدژییەکى سەرەکییە لە ڕێبازە فەلسەفییەکەى فۆیەرباخدا. ئەم لێکدژە بۆتە هۆکارى سەرەکى ئەم واقیعە، ئەویش ئەوەیە کە ئەم رێبازە کە لە کاتى خۆیدا پەرەیدا بە تیۆرى فەلسەفى و کۆمەڵایەتییە سیاسییەکان و بە فراوانى بڵاویکردنەوە، لەگەڵ ئەمەدا بە خێراییەکى زۆر زیندووێتى و بایەخى خۆى لەدەستدا و لە کایەى مێژووى فیکرى مرۆییدا ون بوو. سەرچاوەکانى ئەم لێکدژییە وا لە فەلسەفەى فۆیەرباخ خۆیدا، وا لە بنەما سەرەکییەکانیدا، وا لە ڕوانگەکانیدا، کە دەبێت لێى ئاگادار بین ئەگەر بەشێوەیەکى گشتیش بێت.
فۆیەرباخ لە ڕێگەى ڕەخنەگرتن لە ئایینەوە چووە نێو ماتریالیزمەوە، ئەم ڕەخنەیەیشى تا دوا سنوورى لۆژیکیى خۆى ڕاکێشا تاوەکو هەم ئایین و هەم نزیکترین نزیکانى ئایین –فەلسەفەى ئایدیاڵیزم، پێش هەموو شتێک کەسایەتى ئایدیاڵیزمى ڕەهاى هیگڵی- بگرێتەوە. ئەو نەنگیى دۆکترینى سەرەکیى ئایدیاڵیزمى لەوەدا دەبینى کە ئایدیاڵیزم پێیوایە بوون و فیکر یەک شتن، یان ئایدیاڵیزم دان بەوەدا دەنێت کە فیکر، واتە بنەماى ئایدیاڵى، سەرچاوەى هەموو بوونێکە. بە پێچەوانەى ئایدیاڵیزمەوە، فۆیەرباخ جەختى لەسەر ئەوە کردەوە کە جیهان هەر بە جەوهەر ماتریاڵییە، لە دەرەوەى ئەو فیکرە مرۆییە بوونى هەیە کە دەیناسێت و لەم فیکرە مرۆییە سەربەخۆیە. سروشت، بە هەموو هەمەجۆرى و فرەیى ڕواڵەتەکانییەوە، چاووگ و بنچینەى بوونى مرۆييە، سروشت ئەسڵ و پەرەسەندنى مرۆڤ دیاریى دەکات، مرۆڤیش بەشێکى دانەبڕاوە لە سروشت و لەگەڵ یاسا تایبەتییەکانى خۆیدا ملکەچ دەبێت بۆ هەمان ئەو یاسا ئوبێکتیڤانەى کە سەرجەم بوونەوەرانى سروشت بۆى ملکەچ دەبن. بۆ تەفسیرکردنى سروشت و بۆ تەفسیرکردنى بوونى مرۆیى، پێویست ناکات بەدواى هۆکارى تردا بگەڕێین جگە لەو هۆکارانەى کە لە واقیعى دەوروبەرماندا دەیانبینین، جگە لە جیهانى دیاردە کردەییە سروشتییەکان؛ جگە لەم جیهانە هیچ جیهانێکى دیکەى غەیبی یان سەروو سروشتى، بوونى نییە. بەم پێیە، فۆیەرباخ ئەو ئەرکە سەرەکییەى بینیووە کە ڕووبەڕووى فەلسەفەى نوێ دەبێتەوە، کە لەم بنەمایەدا دایهێناوە و دایڕشتووە: ''قەتیسکردنى هەموو سەروو- سروشتێک لە سروشتدا بەهۆى مرۆڤەوە، قەتیسکردنى هەموو سەروو-مرۆڤێک لە مرۆڤدا بەهۆى سروشتەوە''[1].
فەلسەفەى ماتریاڵیى فۆیەرباخ بە فەلسەفەى ئەنترۆپۆلۆژى[2] ناونراوە، چونکە دامەزرێنەرى ئەم فەلسەفەیە لە ڕێنماییەکانى خۆیدا، مرۆڤى خستۆتە پێگەى یەکەمەوە و ڕایگەیاندووە کە مەعریفەى مرۆڤ و سروشت کە مرۆڤى لێوە پەیدا بووە، ئامانجى سەرەکى فەلسەفە و زانستە سروشتییەکانە. لە نووسینەکانیدا دەڵێت: ''فەلسەفەى نوێ مرۆڤ، هەروەها سروشتیش وەک بنچینەى مرۆڤ، دەکات بە تاکە بابەتێکى گشتى و باڵاتر لە فەلسەفە و، ئینجا ئەنترۆپۆلۆژیا، بە فیزیۆلۆژیاشەوە، دەگۆڕێت بۆ زانستێکى گشتى''[3].
لە ڕوانگەى ماتریالیزمى ئەنترۆپۆلۆژیى فۆیەرباخەوە، مرۆڤ بوونەوەرێکى دەروونیى فیزیۆلۆژییە. بە بڕواى ئەم فەیلەسوفە ئەڵمانییە، مرۆڤ لە یەک کاتدا هەم ئوبێکتێکى ماتریاڵییە و هەمیش سوبێکتێکى بیرکەرەوە، ئەمەیش گوزارشتە لە یەکەیەکى جیانەکراوە لەنێوان بنەماى ماتریاڵى و بنەماى ڕۆحیدا. لەم ڕوانگەیەوە، فۆیەرباخ بۆچوون و جیهانبینییە ماتریاڵییە ئاستنزمەکان دەربارەى مرۆڤ وەک میکانیکێک لە میکانیکەکانى سروشت، ڕەت دەکاتەوە. بەڵام ئەنترۆپۆلۆژیاى فۆیەرباخ لەسەر تەفسیرکردنى بیۆلۆژى (نەک لەسەر تەفسیرى کۆمەڵایەتى)ـى بۆ سروشتى مرۆڤ چڕبۆتەوە، ئەمەیش ئەو دۆخەیە کە نەیهێشتووە بڕواتە پێش و ڕێگربووە لەوەى لە چوارچێوەى هەڵوێستى میتافیزیکى بۆ ناسینى جیهان دەربچێت، ڕێک لەبەر ئەم هۆکارە، وەک ئەنگڵز ئاماژەى پێدەدات، وا دەردەکەوێت زانینە فەلسەفییەکانى فۆیەرباخ، کە لە ناوەڕۆکدا پۆزەتیڤن، زۆر هەژارترن لە ئایدیاڵیزمى دیالەکتیکی هیگڵ، کە ڕووپۆشە سۆفیگەرییەکەى، شیکارییەکى قووڵیى یاسا سەرەکییەکانى جیهانى ڕاستەقینەى داپۆشیوە. ئەنگڵز وتوویەتى: ''بەڵام لاى فۆیەرباخ، مەسەلەکە تەواو بە پێچەوانەوەیە، ئەو لە ڕووى فۆڕم و ڕواڵەتەوە واقیعییە، بەڵام هیچ ورتەیەکى لێوە نایەت دەربارەى ئەم جیهانەى وا مرۆڤى تێدا دەژى، بۆیە هەمیشە مرۆڤ لاى فۆیەرباخ هەر وەک ئەو مرۆڤە ڕووت و قووتە دەمێنێتەوە کە... لە جیهانى واقیعیدا ناژى، ئەو جیهانە واقیعییەى لە ڕووى مێژووییەوە گەشەى کردووە و مێژووییانە ئەدگارى خۆى کێشاوە؛ مرۆڤەکان ئەگەرچى ئەو پەیوەندیى لەگەڵ خەڵکانى تردا هەیە، بەڵام هەر یەکێکیان ئەبستراکت و ڕووتن، بەقەد ئەوەى کە خۆى ئەبستراکت دەکاتەوە''[4].
بەم جۆرە فۆیەرباخ تەنیا بە شیکاریى سروشتى مرۆڤ لە لایەنە بایۆلۆژییەکەیەوە گیرسایەوە و، ڕایگەیاند کە ئەنترۆپۆۆلۆژیا زانستێکى گشتى و هەمەکییە، یارمەتیمان دەدات بۆ کەشفکردنى هەموو نهێنییەکانى بوونى مرۆیى، بەمەیش لە ڕووى جەوهەرەوە لە هەمان ئەو ئاستەدا مایەوە کە ماتریاڵیستەکانى سەدەى هەژدەدا پێیگەیشتن، کە خۆى ڕەخنەى لێدەگرتن. هەر وایش بوو، ئەگەر لاى ئەم ماتریالێستانە، مرۆڤ تاکێکى ئەبستراکت بێت، بەرهەمهێکى خامۆشبووى ئەو ژینگە کۆمەڵایەتییە بێت کە لە پەرەسەندنى ڕاستەقینەى مێژوویى بێبەشکراوە، ئەوا "مرۆڤ"ـى فۆیەرباخى تاکێکى بایۆلۆژیى کەم ئەبستراکتتر نییە، تاکێکە کە بە دەستکرد لە ژینگە کۆمەڵایەتییەکەى جودا کراوەتەوە، لە دەرەوەى بار و ڕەوشى بوونە کۆمەڵایەتییە مێژووییە بەرهەستەکەى و لە دەرەوەى چالاکییە کردەییەکەى لێى کۆڵراوەتەوە. هەروەها، سروشتى ئەم مرۆڤە پەرە ناستێنێت، خۆى سەرمەدییە، خولیا سەرەکییەکانیشى کە هەڵسوکەوتەکانى دیاریى دەکات، هەر وەکو سروشتەکەى سەردمەدین. نا-مێژووێتى ماتریاڵیزمە ئەنترۆپۆلۆژی و میتافیزیکییەکەى فۆیەرباخ هۆکارە سەرەکى بوون بۆ مۆرکى چەمکە سۆسیۆلۆژییە ئایدیاڵییەکانى. لە کتێبە هاوبەشەکەى مارکس و ئەنگڵزدا "ئایدیۆلۆژیاى ئەڵمانى" (1845-1946)، ئاماژە بەوە دراوە کە: ''... ئەگەرچى فۆیەرباخ ماتریاڵیستە، کەچى مێژوو لە دەرەوەى بوارى بینینى ئەودایە، جا لەبەرئەوەى ئەو لە مێژوو ناکۆڵێتەوە، بۆیە هەرگیز ماتریاڵیست نییە''[5]. ئەنگڵز لە بەشى سێیەمى کتێبەکەى خۆیدا "لودفیگ فۆیەرباخ و کۆتایى فەلسەفەى کلاسیکى ئەڵمان" بە ڕوون و ڕاشکاوى ئەو مۆرکە ئایدیاڵییە پیشان دەدات کە بە ناچارى پەیوەستبووە بە تێگەیشتنى فۆیەرباخەوە لە جەوهەرى ژیانى کۆمەڵایەتى، کە بەو پەڕى ڕوون و ڕۆشنى لە تێڕوانینەکانیدا لەمەڕ ئایین و پەیوەندییە ئەخلاقییەکان، دەردەکەوێت.
بەلاى فۆیەرباخەوە، خەباتکردن دژ بە ئایین تەنیا خاڵى دەرچوون لە ئایدیاڵیزمەوە بۆ ماتریاڵیزم نییە، بەڵکو لە ژیانیشیدا بوو بە دۆزى سەرەکی. بە پێچەوانەى ڕوانگەى زۆربەى فەیلەسوفەکانى پێشترەوە، بە پلەى یەکەمیش ئایدیاڵیستەکان، فۆیەرباخ پێیوابوو فەلسەفە و ئایین، دوو تێگەیشتنن لە جیهان کە یەکێکیان ئەویتریان نەفیى دەکاتەوە. ئەو هۆکارى زیندووێتى بیروباوەڕە ئاینییەکانى تەنیا لە خەڵەتاندنى جەماوەرى میللى نەزاندا نەبینى، وەکو ئەوەى ڕۆشنگەرە فەرەنسییەکان سەلماندبوویان، بەڵکو هۆکارە ڕاستەقینەکانى سەرهەڵدان و بوونى ئایینیشى لە خودى مرۆڤ و لە ڕەوشەکانى ژیاندا، پشکنى، پێش هەموو شتێک لە پەیوەندیى دوولایەنەى نێوان خەڵک و سروشت، هەروەها لە پەیوەندیى دەستیاوانەى نێوان خەڵک خۆیان. بە بڕواى فۆیەرباخ، ئایین بەرهەمى دەروونى مرۆییە. بەڵام لە عەقڵى مرۆڤەوە هەڵناقوڵێت، بەڵکو لە خیانەت لە دنیابینییەکەیەوە سەرچاوە دەگرێت. فۆیەرباخ جەختى لەسەر ئەوە کردۆتەوە پێویستە هەڵچوونەکان و هەستەکان، کە لە کۆنتێسکتى کارلێک لەگەڵ جیهانى دەوروبەرەوە لە مرۆڤدا سەرهەڵدەدەن، هۆکارى سەرەکیى ئایین بن. مرۆڤ بە هێزى وێناکردن و دنیابینییەکەى و بەهێزى خەیاڵەکەى، چوارچێوەى ئەزموونى ڕاستەوخۆى هەستەکیى بەرکەوتن لەگەڵ سروشتدا تێدەپەڕێنێت و بوونەوەرێکى یەزدانى، سەراپا جەبەروت، سەراپا چاک، حەکیم، نیشتەجێ لە سەرووى جیهانەوە، دەخوڵقێنێت. لە ئاییندا، جیهان و مرۆڤ بەشێوەیەکى شێوێنەرانە و خەیاڵى ئاوەژوو دەکرێنەوە؛ لەمەیشدا شتەکان و دیاردەکان دەردەکەوت، نەک بەو فۆرمەى کە لە واقیعدا هەن، بەڵکو بە ئاوێنەى جیهانبینییەکى نەخۆشانە، شێواون.
ئایین مرۆڤ لە هێز و تایبەتمەندییەکانى دادەماڵێت، ئینجا ئەم هێز و خاسییەتانە خودایى دەکاتەوە ]و دەیداتە پاڵ خودا[، ئینجا وەک بوونەوەرێکى سەربەخۆ دەیانکاتەوە بە گژ مرۆڤدا. فۆیەرباخ نووسیویەتى: ''بوونەوەرى یەزدانى هیچ نییە جگە لە جەوهەرێکى پاکژکراوى مرۆیى، ئازادکراو لە سنوورە تاکەکەسییەکانى، واتە ئازادکراو و پاکژ کراو لە مرۆڤى کردەیى وجەستەیى''[6].
خەڵکى سەرجەمى ئەو سیفەتانەى کە کە لە سەردەمێکى دیاریکراودا لە خودى خۆیاندا دەینرێنن، دەدەنە پاڵ خوداکان. ئەمە لەلایەکەوە تەفسیرى بوونى خواوەندە جیاوازەکان لاى گەلان لە قۆناغە جیاوازەکانى پەرەسەندنە مێژووییەکەیاندا دەکات، لەلایەکى دیکەیشەوە بوونى یەک خواوەند لە ڕووى سیفەتە جەوهەرییەکانییەوە، لاى ئەو گەلە جیاوازانەى کە بە نزیکەیى گەیشتوونەتە هەمان ئاستى پەرەسەندن، دەکات. فۆیەرباخ، لە کاتى گاڵتەکردندا بە شوێنکەوتەیى وێناکردنە ئاینییەکان دەربارەى خودا بەرامبەر وێناکردنەکانى خەڵکى دەربارەى خودى خۆنیان، سەرنجى ئەوەیداوە کە ئەگەر باڵندەکان بڕوایان بەخودایەک هەبووایە، ئەوا وا دەهاتە پێش چاویان پەڕى هەیە، چونکە تواناى فڕین بە یارمەتیى باڵەکان، بۆ باڵندەکان مەرجێکى زەروریى بوونە ئاساییەکەیە.
فۆیەرباخ پێیوایە هەستکردنى مرۆڤ بە شوێنکەوتەیى و سنووردارى و بێتوانایى بەرامبەر جیهانى دەرەکی، لە بنەڕەتدا لەسەر وەهمە ئاینییەکان دامەزراوە، فیۆریاخ لە کتێبەکەیدا "وانەوتارەکان درەبارەى جەوهەرى ئاین" نووسیویەتى: ''کئەگەر سەیرى ئەو ئایینانە بکەین کە ناونراون وەحشییەکانن و گەڕیدەکان بۆمانى باس دەکەن، هەروەها ئەگەر بڕوانین لەە ئایینى گەلانى شارستانى، ئەگەر بە دیاریکراوى لە ڕۆحى خۆمان بڕوانین، کە بە بێ فرتوفێل لە ژێر چاودێرى ڕاستەوخۆى خۆماندایە، ئەوا ناتوانین تەفسیرێکى دیکە بۆ ئایین بدۆزینەوە، تەفسیرێکى دەروونى و گونجاو و زۆر لایەنەنگرانە جگە لە هەستکردن یان دەرککردن بە شوێنکەوتەیى''[7].
مرۆڤ پێش هەموو شتێک لە شوێنکەوتەییە تەواوەتییەکەى خۆى بۆ سروشت تێدەگات، بۆ هێزە سامناکەکانى سروشت کە بە بەردەوامى هەڕەشە لە بوونەکەى دەکات. ڕێک لەبەر ئەم هۆکارە، مێژووییانە، یەکەمین بابەتى پەرشتى ئایینى بووە.
هەستکردن بە ترس بەربڵاوترین و ڕوونترین گوزارشتە لە شوێنکەوتەیى. ڕێک ئەم هەستە دامەزرێنەرى سەرەکى بیروباوەڕە ئاینییەکانە، چ بیروباوەڕە وەحشییە سەرەتاییەکان، یان بیروباوەڕى گەلە شارستانییەکان، بە شوێنکەوانى ئایینى مەسیحى و سەرجەم ئاینییە جیهانییەکانى دیکەیشەوە. فۆیەرباخ سەرچاوەى ئایین لە خۆپەرستى ]ئەنانیەت[ـدا دەبینێت، چونکە هەستکردن بە شوێنکەوتەیى لە بایەخدانى خۆپەرستانەى مرۆڤ بەخۆى و کەسایەتییە بەخشندەکەیەوە، سەرهەڵدەدات. ئەمەیش بە دەربڕینێکى دیکە، واتە ئایین لە خۆشەویستى مرۆڤەوە بۆ خودى خۆی، لە هەوڵدانییەوە بۆ بەختەوەریی سەرچاوە دەگرێت؛ بۆ خەڵکى ئەمە ئامرازى هێوربونەوەیە، چونکە ئومێدەوارن بە پاڕاننەوە لە خوداکان، خەونەکانیان بهێننە دی.
دەشێت لە بەرهەمەکانى فۆیەرباخدا هەندێک ڕاوبۆچوون ببینینەوە کە پەیوەستن بە هەلومەرجە سروشتیەکان یان بە هەلومەرجە کۆمەڵایەتییەکانى سەرهەڵدانى بیروباوەڕە ئاینییەکانەوە. بۆ نموونە، دەڵێت، واوەیلا و سکانداڵەکانى جەنگ، هەر وەکو کارەساتە سروشتییەکان، خەڵکى ناچار دەکەن لە یەزدان بپاڕێنەوە و، هەستە ئایینییەکان بڕسکێن. لە شوێنێکى تردا فۆیەرباخ شیکاریى هەلومەرجەکانى سەرهەڵدانى پەرسشتى ئایینى و دەرکەوتنى ڕیتواڵە ئایینییە جیاوازەکان دەکات –نوێژ، پەشیمانى، قوربانى و ..هیتر-، لێرەدا پەیوەندییەکى ڕاستەوخۆ لەنێوان ئەمانە و مۆرک و فۆڕمى پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا پیشان دەدات، ئاماژە بەوە دەدات خەڵکى بەو جۆرەى ڕاهاتوون لە حاکم و سەردارەکانیان بڕوانن، هەر ئاوا لە خودایش دەڕوانن؛ ئەوان بە هەمان ئەو کەرەستانەى کە بۆ ڕازیکردنى فەرمانڕەواکانیان بەکاریان دەهێنن، هەوڵدەدەن بۆ بەدەستهێنانى ڕەحمەتى یەزدانیش: پارانەوە و قوربانیدان و بەخششەکان.
بەڵام ئەم بۆچوونانە بە دەگمەن لەبارەى ئەسڵى کۆمەڵایەتى ئایینەوە دەردەکەون، تەنیا وەک خەمڵاندن دەمێننەوە و وەک بەشێکى پێکهاتەى ئۆرگانى ناچنە نێو میتۆدێکى گشتیى ڕوانینەکانى فۆیەرباخەوە. بەڵام بە گشتى، فۆیەرباخ لە تێگەیشتن لە جەوهەر و ئەسڵى ئاییندا، ئایدیاڵیستە. ئەمەیش بە حەتمى لێکەوتەى ئەنترۆپۆلۆژیاکەیەتى.
فیورباخ لەسەر هەقە کاتێک دەڵێت ترس باوکى بۆچوونە ئاینییەکانە، هەستکردن بە شوێنکەویى و، هەوڵدان بۆ خۆ پاراستن مرۆڤ ناچار دەکەن ئومێد بە یەزداندا هەڵبواسن. بەلاى ئەوەوە ئەم هەستانە پێش هەموو شتێک بەرهەمى سروشتى بایۆلۆژیى جێگیر و نەگۆڕى مرۆڤن. بەڵام پێدانى سیفەتى ڕەهایى بەم فاکتەرە بایۆلۆژییە، فەرامۆشکردنى زۆربەى هەرە زۆرى هەلومەرجە کۆمەڵایەتییەکانى لەگەڵدایە، بە تایبەتیش هەلومەرجە ئابوورییەکان. پرۆسەى پەرەسەندن و زۆربوونى هێزە بەرهەمهێنەرەکانى کۆمەڵگە لە دەرەوەى بوارى بینینى فۆیەرباخ دەمێننەوە، کە لە کۆنتێکستى خۆیدا خەڵکى لەلایەکەوە لە شوێنکەوتەیى شڵەژاوانە بەرامبەر هێزە کوێرەکانى سروشت ڕزگار دەکات و، لەلایەکى دیکەیش، لەگەڵ دابەشبوونى کۆمەڵگەدا بۆ چینە دژبەیەکەکان، لەگەڵ دەرکەوتنى چەوساندنەوە و ستەملێکردنى زۆرینەدا لەلایەن کەمینەوە، خەڵکى هەتا بێ زیاتر هەست بە شوێنکەوتەییەکەیان دەکەن بۆ هێزە کۆمەڵایەتییەکان. بایەخدانى زیاد لە ڕادە بە بنچینە دەروونییەکانى بیروباوەڕە ئایینییەکان و فەرامۆشکردنى ڕیشە کۆمەڵایەتییەکانى، پێکەوە ئەو دوو فاکتەرەن کە مۆرکە ئایدیاڵییە گشتییەکەى تێڕوانینەکانى فۆیەرباخ لە ئایین، دیاریى دەکەن.
کاتێک فۆیەرباخ سەرچاوە زەمینییەکانى ئایین دیاریى دەکات، هەموو بایەخدانى خۆى لەسەر ئەو ڕۆڵە نەرێنییە چێر کردۆتەوە کە ئایین لە ژیانى خەڵکیدا دەیگێڕێت. جا لەبەرئەوەى بە گوێڕەى بۆچوونەکانى فۆیەرباخ خوداکان لە سەرەتادا ڕەنگدانەوەى جەوهەرى مرۆڤ بوون، ئەوا لە دواییدا لە مرۆڤ نامۆ دەبن و دەبنە بابەتێکى سەربەخۆ. ئیدى نەک تەنیا بوونێکى سەربەخۆ بە خودا دەدەن، بەڵکو لە بوونەوەرێکەوە کە دروستکراوى مرۆڤە دەیگۆڕن بە ئافەرێنەرى مرۆڤ، دەیکەن بە هۆکارى یەکەمى هەموو هەبوون؛ بەوەیش مرۆڤ دەکەوێتە نێو شوێنکەوتەیى "بوونەوەرى باڵا"وە کە خۆى خوڵقاندوویەتى. بە بڕواى فۆیەرباخ، ئایین ویست و ئارەزووى مرۆڤ بۆ ژیانێکى باشتر لەم جیهانەدا، لەم جیهانە ڕاستەقینە و کردەییەدا، فەلەج دەکات. ئایین سەبر و ئارامگرتن لەسەر چاوەڕوانیکردنى پاداشتى داهاتووى سەروو سروشتى، دەخاتە برى هەوڵدان بۆ گۆڕینى ئەم جیهانە. وێڕاى ئەمەیش، تەنانەت ئایین تەنگوچەڵەمە بۆ قووڵبوونەوە لە زانیارییەکاندا دەربارەى جیهان دروست دەکات، کۆسپ دەخاتە سەر ڕێگەى بڵاوکردنەوەى ئەم زانیارییانە، هەروەها جەهل و نەزانى لە ڕیزەکانى جەماوەرى میللى و ڕەشۆکدا دەچێنێت. بە نموونەى مەسیحییەت، فۆیەرباخ ڕوونى دەکاتەوە کە ''ئایین لە بنەڕەتدا بنەماى کولتوور و فێربوونى تێدا نییە، چونکە تەنیا بە خەیاڵ و خودا و ئاسمان سنوور و ئاستەنگییەکانى ژیانى زەمینى تێدەپەڕێنێت''[8].
فۆیەرباخ ڕەخنەیەکى قووڵ و ڕاشکاو لە ئایین دەگرێت و بە سەرچاوە درۆ و نەزانى و تەمەڵیى جەماوەرى کۆمەڵایەتیى میللى و سیاسى دادەنێت، بەڵام، وەک ئەنگڵز سەەرنجى لێدەدات ''هەرگیز نایەوێت ئایین ڕەت بکاتەوە، بەڵکو دەیەوێت چاکسازیى تێدا بکات''[9]. فۆیەرباخ درۆى هەموو ڕێنماییە باوە ئایینییەکان پیشان دەدات، بەڵام نەک بۆ لابردنى ئایین بە گشتى لە ژیانى مرۆڤەکان، بەڵکو بۆ درستکردنى ئایینێکى نوێى ڕاستەقینە، کە لەگەڵ سروشتى ڕاستەقینەى مرۆڤدا بگونجێت و یارمەتیى مرۆڤەکان دەدات لە گەیشتن بە بەختەوەریى ڕاستەقینە، نەک لە ئاسمان کە ڕەهەندى دادگایى باڵاى یەزدانییە، بەڵکو لە سەر زەمین.
فۆیەرباخ دان دەنێت بە زەرورەتى ئایین لە کۆمەڵگەى مرۆییدا، نەک تەنیا لە ڕابردوودا، بەڵکو لە داهاتوویشدا. وێڕاى ئەمەیش، ئایین لەوە فراوانتر تەفسیر دەکات کە لە وێناکراوە، لەو فۆڕمە باوانەى بیروباوەڕە ئایینییەکانیشددا قەتیسى ناکات کە هەبوون و هێشتایش هەن. لەم بارەیەوە ئەنگڵز نووسیویەتى: ''بە گوێرەى تیۆرەکەى فۆیەرباخ، ئایین، پەیوەندییەکى ناخەکییە لەنێوان مرۆڤ و مرۆڤدا کە لەسەر عاتیفە بەندە، پەیوەندییەک کە تا ئێستا لە ڕەنگدانەوە و ئاوەژووبوونەوەیەکى خەیاڵییانەى واقیعدا بەدواى حەقیقەتى خۆیدا دەگەڕێت –بەهۆى یەک خودا یان چەند خودایەکەوە، کە ئەمانە ئاوەژووە خەیاڵییەکانى سیفەتە مرۆییەکانن-، ئێستا ڕاستەوخۆ، بێ هیچ میدیۆم و نیوانگرێک، لە خۆشەویستى نێوان "من" و "تۆ"دا دەیبینینەوە''[10].
بەم جۆرە ئایینە نوێیەکەى فۆیەرباخ پێویستى بە خودا نییە وەک بوونەوەرێکى خەیاڵیى بە جەبر، کە مرۆڤ داواى ڕەحمەت و هاوکارییەکەى بکات. ئەم ئایینە نوێیە ئایینێکى بێ ڕیتواڵە، پێویستى بە کەنیسە و خزمەتکارە زۆرەکانى نییە. ئەم ئایینە "ڕاستەقینە" هیچ نییە جگە لە بەخوداکردنى پەیوەندیى نێوان خەڵکى، لەسەر ئەو بنەمایەش ڕۆنراوە کە دەڵێت "مرۆڤ بۆ مرۆڤ خودایە"، لە کاتێکدا فۆیەرباخ لە هەموو پەیوەندییە مرۆییەکاندا تەنیا یەک لایەنى بینیووە ئەویش ئەخلاقە کە پەیوەستە بە هەوڵ و کۆششى زگماگى مرۆڤەکانەوە بۆ بەختەوەرى. بە بۆچوونى فۆیەرباخ، پەیوەندییە ئەخلاقییەکان لەنێوان نەوەکان و باواندا، لەنێوان برا و خوشکاندا، لەنێوان ژنان و مێردەکاندا، ]واتە[ بە گشتى لەنێو خەڵکیدا، بە کردەیى پەیوەندیى ئایینین. جا لەبەرئەوەى فۆیەرباخ لە ژیانى کردەیى خەڵکیدا، ماتریاڵیزمى ئەو هێزانە نابینێت کە بە یەکییان دەبەستێتەوە و ناچاریان دەکات لە کۆمەڵێکدا یەکبگرن، ئەوا ناچار دەبێت لە ژیانى ڕۆحیدا، نەک لە ژیانى ماتریاڵیدا، بەدواى ئەم هێزانەدا بگەڕێت، بۆ ئەو لە ئاییندا دەیانبینێتەوە. بەڵام لاى ئەو وایە "بەڵگە" ]بورهان[ـەکە ئەوەیە کە وشەى ئایین religion بە زمانى لاتینى لە سەرەتادا واتاى "پەیوەستەگى" بووە. لێرەدا فۆیەرباخ دەگاتە ئەو بڕوایەى کە هەموو پەیوەندیى و پەیوەستەگییەکى دەستیاو لەنێوان دوو کەسدا، ئایینە. ئاشکرایە زۆربەى خوێنەران بە گاڵتەجاڕییەوە پێشوازى لەم هۆکاردۆزییانەى نێو بەرهەمەکانى فۆیەرباخ دەکەن، هەروەها ئەنگڵزیش نووسیویەتى: ''ئەم جۆرە گەمەکردنانە لە بنەوانى وشەکان، دوایین دەرەتانى بۆ فەلسەفەى ئایدیاڵی پێکهێناوە''[11].
وەک فۆیەرباخ جەختى لەسەر دەکاتەوە، هەموو ئەو ئایینانەى تاوەکو ئێستە هەبوونە، لە خۆ-خۆشویستى مرۆڤەوە سەریان هەڵداوە. خۆشەویستى یاساى باڵاى بوونى مرۆییە، قووڵترین قووڵایى جەوهەرى مرۆڤە. لە هەموو ئایینەکاندا خۆشەویستى فۆڕمى خەیاڵیى بەخۆیەوە گرتووە. بەڵام بە تێڕوانینى فۆیەرباخ، لە ڕاستیدا خۆشەویستى لەخۆیدا ئایینى ڕاستەقینەیە. ئەو وتوویەتى: ''خۆشەویستى هەر خودا خۆیەتى، بە بێ خۆشەویستى خودایش نییە''[12].
لە درێژەى ڕەخنەگرتن لە بۆچوونەکانى فۆیەرباخدا لەبارەى زەرورەتى ئایینەوە لەپێناو دامەزراندنى پەیوەندییە ئاساییەکانى نێوان خەڵکیدا، ئەنگڵز سەرنج لەوە دەدات کە ئایدیالیزمى ئەم بۆچوونانە ڕێک لەوێدایە کە مۆرکیکى ئایینى بەخشیوە بە هەموو پەیوەندییەکانى نێوان خەڵکى، لەمەیشدا پشتى بەستووە بە مەیلە دەستیاو و دوولایەنەکان: هاوڕێیەتى، هاوسۆزى، قوربانى بەخۆدان، عەشقى سێکسى. فۆیەرباخ ڕەتى دەکاتەوە دان بە بەهاى خودیى ئەم پەیوەندییانەدا بنێت، ئەو دەیەوێت تەنیا ئەو کاتە قبوڵیان بکات کە لەنێو وشەى "ئایین" religionـدا کۆیان بکاتەوە. دواجار فۆیەرباخ دەگاتە ئەو دەرەنجامەى کە خۆشەویستى سێکسى وەک فۆڕمێکى باڵاى بڕواهێنان بە ئایینە نوێیەکە ڕابگەیەنێت، هەڵبەت ئەگەر بەرزترین فۆڕمیش نەبێت.
لە بۆچوونەکانى فۆیەرباخدا ڕێنماییەکان دەربارەى ئایین ]ئایینى نوێى فۆیەرباخى[ و ڕێنماییە ئەخلاقییەکان بەشیوەیەکى نەپساو پێکەوە پەیوەستن، ئەنگڵز لە بەشى سێیەمى کتێبەکەیدا ڕەخنە لەمەیش دەگرێت.
یەکێک لە فەزڵ و چاکەکانى فۆیەرباخ ئەوەیە ڕێنماییە ئەخلاقییەکانى پێش هەموو شتێک دژ بە ئەخلاقى مەسیحییەت ئاراستە دەکات و ڕەخنەیەکى تووند و هەڵتەکێنەرى لێدەگرێت. ئەو پێیوایە دروست نییە ئەخلاقی ئایین دیسپلینى پەیوەندییە دەستیاوە مرۆییەکان بکات، چونکە پەیوەندییەکانى مرۆڤ بە خواوەندەوە، لە ڕوانگەى ئایینەو، لە سەرووى هەموو شتێکەوەیە، بۆیە پەیوەندییەکانى نێوان خەڵکى لەدواى ئەمەوە دێن و پلە دوون.
فۆیەرباخ پێیوایە هیچ پەیوەندییەکى ناوەکى لەنێوان بیروباوەڕە ئایینییەکان و ڕێسا ئەخلاقییەکاندا نییە. بگرە زۆرجار لەگەڵ یەکتردا لێکدژن، بە تایبەت کاتێک خودى  بەڵگەنەویستەکان لەگەڵ ئەو مەزندەکردنانە پێکدەگەن کە لە ڕوانگەى ئەخلاقیى مرۆییەوە و لەلایەن دواکارییە ئاینییەکانەوە مەزەندەى پێکدژن. فۆیەرباخ بەڵگەى ئەوە دەهێنێتەوە ئایین، کە لەپێناوى خوادا داواى نکوڵیکردن لە خود دەکات، چەمکى چاکە دەشێوێنێت و بە تێگەیشتنە تایبەتییەکەى خۆى لە فەزیڵەت، دژ بە پێداویستییە کردەییەکى سروشتى مرۆیى دەوەستێتەوە. فۆیەرباخ وتوویەتى: ''لەوێدا کە ئەخلاق پشت بە تیۆلۆژیا دەبەستێت، هەق پشت بە فەرمانە یەزدانییەکان دەبەستێت، دەشێت پاساو و هۆدۆزى بۆ ئەو شتانە بهێنرێتەوە کە بە تەواوەتى نغرۆی نێو نائەخلاقییەت و ستەم و شوورەیى و نەنگى بوون''[13].
فۆیەرباخ ڕێبازەکەى خۆى دەربارەى ئەخلاقییەت، کە ڕوانگەى یەکێتیى و پەیوەندیى دەستیاوى نێوانیان خەڵکییە، دەکاتەوە بەگژ ئەخلاقی ئایینیى نا-سروشتى و نا-ماقووڵدا. ئەو پێیوایە سەرجەمى ژیانى مرۆیى لە هەوڵدان و تیکۆشان بۆ گەیشتن بە بەختەوەریدا چڕ بۆتەوە. بەڵام سەرکەوتن لە وەدیهێنانى ئەم هەوڵ و کۆششە پێویستى بە ڕەوچاوکردنى دوو پێشمەرجى پێویست هەیە. یەکەمیان، پێویستە مرۆڤ هەر لە پێشەوە بە تەواوى ئاکامە شیمانەییەکانى هەڵسوکەوتەکانى خۆى ببینێت، کە زۆربەیجار سیمایەکى نەرێنییان هەیە. دووەمیان، ئێمە کاتێک هەوڵ بۆ بەختەوەرى دەدەین، ناتوانین ئەوە لەبیر بکەین کە خەڵکانى دیکەیش وەک ئێمە هەڵسوکەوت دەکەن و بەهیچ شێوەیەک هەقى ئەوەمان نییە بە کردەوەکانى خۆمان بەربەست بخەینە ڕێیان.
ئەنگڵز ئەم بابەتانەى نێو ڕێنماییە ئەخلاقییەکانى فۆیەرباخ شى دەکاتەوە و ئاماژە بەوە مۆرکە ئەبستراکت و پووچەکەى دەکات: ''کەواتە، ڕێسا سەرەکییە ئەخلاقییەکان لاى فۆیەرباخ، کە هەموو ڕێساکانى دیکە لێیەوە پەیدا دەبن، بەرتەسککردنەوەى عەقڵانییانەى خۆمان و خۆشەویستییە –هەمیشە خۆشەویستى- لە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئەوانیتردا. دادگاییە زۆر تیۆرییەکان و ستایشە زێدەڕەوانەکانى فیۆریاخ ناتوانن بوودەڵەیى و پووچیى ئەم دوو سێ بابەتە بشارنەوە''[14].
وەک ئەنگڵز سەرنجى لێدەدات، ئەمە بە هۆی ئەو هەڵوێستە ئەبستراکتە ئەنترۆپۆلۆژییەوەیە کە فۆیەرباخى بیرمەندى ئەڵمانى بەرامبەر ژیانى کۆمەڵایەتى هەیەتى. لەلایەکەوە، فۆیەرباخ بە تەواوەتى ڕەوشە ماتریاڵییەکانى ژیانى خەڵکى لەبیر دەکات و مەسەلەکانى دابینکردنى پێداویستییە ماتریاڵییە سەرەتاییەکانى مرۆڤ لەبەرچاو ناگرێت، لە کاتێکدا بە بێ ئەمانە نەک تەنیا ناشێت مرۆڤ کۆشش بۆ چێژى باڵاى ڕۆحى بکات، بەڵکو ناشێت  هەوڵ بۆ ژیانیشى بدات. لەلایەکى دیکەیشەوە، پێداویستییەکانى ڕێنماییە ئەخلاقییە فۆیەرباخییەکان، هەرگیز ڕەوشە مێژووییە کۆنکریتەکانى ژیانى کۆمەڵگە بە گرنگ نازانێت. بانگەشەى فۆیەرباخ بۆ بەهەندوەرگرتنى مافى هەموو خەڵکى لە وەدیهێنانى کۆششیاندا بۆ بەختەوەرى، لە گاڵتە و گەپى نێو ئەو کۆمەڵگە بۆرژوازییە دەچێت کە لێکدژییە چینایەتى و نەتەوەییەکان و لێکدژییە کۆمەڵایەتییەکانى دیکە تا ئەوپەڕ، هەلاهەلایان کردووە، گاڵتە و گەپى نێو کۆمەڵگەیەک کە کەمینەیەک لەسەر حسێبى زۆرینە و چەوساندنەوەى ئەم زۆرینەیە، لە بەفیڕۆداندا ڕۆچوون.
ئەنگڵز نووسیویەتى: ''هەر ئەوە بەسەر تیۆرە ئەخلاقیەکەى فۆیەرباخدا هات کە بەسەر زۆربەى تیۆرەکانى دیکەیدا هات. ئەویش ئەوەیە بۆ هەموو سەردەمێک و هەموو گەلێک و هەموو ڕەوشێک درێژى کردۆتەوە، ڕێک لەبەر ئەم هۆکارە بە کەڵکى ئەوە نایەت لە هیچ کاتێک و لە هیچ شوێنێکدا پراکتیزە بکرێت''[15]. فۆیەرباخ دەیویست ئەخلاقێکى ڕەها دابڕێژێت کە ڕەفتارى هەموو تاکەکان و ژیانى هەموو کۆمەڵگە ڕێک بخات، بەڵام تەنیا بنچینەى دامەزراندنى تیۆرێکى دیکەبوو کە بە تەواوى لە بەردەم واقیعى کردەییدا دەستەوەستان بوون.
فۆیەرباخ نە لە فەلسەى ئاییندا و نە لە ئەخلاقناسیدا، نەیتوانى لە مەملکەتى ئەبستراکتەکان دەربچێت و بچێتە نێو جیهانى کردەییەوە، بچێتە نێو خەڵکى زیندوو و بەرجەستەوە، نەیتوانى کۆمەڵگە لە پەرەسەندنە مێژووییەکەیدا، خەڵکى لە چالاکییە ماتریاڵییە بگۆڕەکەیدا بناسێت ]گۆڕانى مادەى خاو بۆ کاڵا لە ڕێگەى کارەوە[ بناسێت، نەیتوانى پەیوەندییە کردەییەکەى نێوان خەڵکى لەنێوان تاکەکاندا و لەنێوان هەموو کۆمەڵگەیشدا، کەشف بکات. بەڵام گوزەرکردن لە تیۆریزەکردنى فەلسەفیى ئەبستراکتەوە بۆ ناسینى ژیانى کۆمەڵایەتى و گۆڕینى ڕیشەیى ئەم ژیانە کۆمەڵایەتییە، پێگەیشتبوو: بۆیە ڕێنماییە فەلسەفییەکانى فۆیەرباخ هاتنە پێش کە ئاماژەیان بە ئاراستە و ڕێگاکە دەکرد و تەکانێکى تریان بەم گوزەکردنە بەخشى. 

سەرچاوە:
كوزنيتسوف: بصدد مؤلف أنجلس "لودفيغ فيورباخ و نهاية الفلسفة الكلاسيكية الألمانية، ترجمة: إلياس شاهين، دار التقدم، موسكو، 1987، صص: 83-104.       

پەراوێزەکان: 
[1] Feuerbach L. Sämmtliche Werke Stuttgart, 1904, Bd. 2, s. 390.
[2] Antropologie ئەنترۆپۆلۆژیا، مرۆڤناسى، زانستى لێکۆڵینەوە لە مرۆڤ.
[3] هەمان سەرچاوە، ل317.
[4] مارکس و ئەنگڵز، هەڵبژاردەکان لە سێ بەرگدا، بەرگى 3، بەشى 2، ل209.
[5] مارکس و ئەنگڵز، هەڵبژاردەکان لە سێ بەرگدا، بەرگى 1، بەشى 1، ل27.
[6] Feuerbach L. Sämmtliche Werke Stuttgart, 1903, Bd. 6, s. 17.
[7] Feuerbach L. Sämmtliche Werke Stuttgart, 1908, Bd. 8, s. 31-32.
[8] Feuerbach L. Sämmtliche Werke Stuttgart, 1903, Bd. 6, s. 261.
[9] مارکس و ئەنگڵز، سەرچاوەى پێشوو، بەرگى 3، بەشى 2، ل206.
[10] مارکس و ئەنگڵز، هەمان سەرچاوە، ل206.
[11] هەمان سەرچاوە، ل207.
[12] Feuerbach L. Sämmtliche Werke Stuttgart, 1903, Bd. 6, s. 59.
[13] Feuerbach L. Sämmtliche Werke Stuttgart, 1908, Bd. 9, s. 330.
[14] مارکس و ئەنگڵز، سەرچاوەى پێشوو، بەرگى 3، بەشى 2، ل211.
[15] هەمان سەرچاوە، ل203.

تێبینى: ئەم وتارە لە کتێبى "ماتریاڵیزم"، زنجیرەى کتێبى چەمکە فەلسەفییەکانى دەزگا ئایدیادا بڵاوبۆتەوە.