My Blog List

بابه‌ته‌ نوێیه‌كان

خۆرهەڵات و فەلسەفە

Saturday 27 October 2018

ئایدیاڵيزمى ماتریاڵیى فۆیەرباخ

ڕەخنەى ئەنگڵز لە فۆیەرباخ

کۆزنیتسۆف
وەرگێڕانى: هاوار محەمەد


لێدژیى لەنێوان تەفسیرى ماتریالی بۆ سروشت و تێگەیشتنى ئایدیاڵى لە ژیانى کۆمەڵایەتى، لێکدژییەکى سەرەکییە لە ڕێبازە فەلسەفییەکەى فۆیەرباخدا. ئەم لێکدژە بۆتە هۆکارى سەرەکى ئەم واقیعە، ئەویش ئەوەیە کە ئەم رێبازە کە لە کاتى خۆیدا پەرەیدا بە تیۆرى فەلسەفى و کۆمەڵایەتییە سیاسییەکان و بە فراوانى بڵاویکردنەوە، لەگەڵ ئەمەدا بە خێراییەکى زۆر زیندووێتى و بایەخى خۆى لەدەستدا و لە کایەى مێژووى فیکرى مرۆییدا ون بوو. سەرچاوەکانى ئەم لێکدژییە وا لە فەلسەفەى فۆیەرباخ خۆیدا، وا لە بنەما سەرەکییەکانیدا، وا لە ڕوانگەکانیدا، کە دەبێت لێى ئاگادار بین ئەگەر بەشێوەیەکى گشتیش بێت.
فۆیەرباخ لە ڕێگەى ڕەخنەگرتن لە ئایینەوە چووە نێو ماتریالیزمەوە، ئەم ڕەخنەیەیشى تا دوا سنوورى لۆژیکیى خۆى ڕاکێشا تاوەکو هەم ئایین و هەم نزیکترین نزیکانى ئایین –فەلسەفەى ئایدیاڵیزم، پێش هەموو شتێک کەسایەتى ئایدیاڵیزمى ڕەهاى هیگڵی- بگرێتەوە. ئەو نەنگیى دۆکترینى سەرەکیى ئایدیاڵیزمى لەوەدا دەبینى کە ئایدیاڵیزم پێیوایە بوون و فیکر یەک شتن، یان ئایدیاڵیزم دان بەوەدا دەنێت کە فیکر، واتە بنەماى ئایدیاڵى، سەرچاوەى هەموو بوونێکە. بە پێچەوانەى ئایدیاڵیزمەوە، فۆیەرباخ جەختى لەسەر ئەوە کردەوە کە جیهان هەر بە جەوهەر ماتریاڵییە، لە دەرەوەى ئەو فیکرە مرۆییە بوونى هەیە کە دەیناسێت و لەم فیکرە مرۆییە سەربەخۆیە. سروشت، بە هەموو هەمەجۆرى و فرەیى ڕواڵەتەکانییەوە، چاووگ و بنچینەى بوونى مرۆييە، سروشت ئەسڵ و پەرەسەندنى مرۆڤ دیاریى دەکات، مرۆڤیش بەشێکى دانەبڕاوە لە سروشت و لەگەڵ یاسا تایبەتییەکانى خۆیدا ملکەچ دەبێت بۆ هەمان ئەو یاسا ئوبێکتیڤانەى کە سەرجەم بوونەوەرانى سروشت بۆى ملکەچ دەبن. بۆ تەفسیرکردنى سروشت و بۆ تەفسیرکردنى بوونى مرۆیى، پێویست ناکات بەدواى هۆکارى تردا بگەڕێین جگە لەو هۆکارانەى کە لە واقیعى دەوروبەرماندا دەیانبینین، جگە لە جیهانى دیاردە کردەییە سروشتییەکان؛ جگە لەم جیهانە هیچ جیهانێکى دیکەى غەیبی یان سەروو سروشتى، بوونى نییە. بەم پێیە، فۆیەرباخ ئەو ئەرکە سەرەکییەى بینیووە کە ڕووبەڕووى فەلسەفەى نوێ دەبێتەوە، کە لەم بنەمایەدا دایهێناوە و دایڕشتووە: ''قەتیسکردنى هەموو سەروو- سروشتێک لە سروشتدا بەهۆى مرۆڤەوە، قەتیسکردنى هەموو سەروو-مرۆڤێک لە مرۆڤدا بەهۆى سروشتەوە''[1].
فەلسەفەى ماتریاڵیى فۆیەرباخ بە فەلسەفەى ئەنترۆپۆلۆژى[2] ناونراوە، چونکە دامەزرێنەرى ئەم فەلسەفەیە لە ڕێنماییەکانى خۆیدا، مرۆڤى خستۆتە پێگەى یەکەمەوە و ڕایگەیاندووە کە مەعریفەى مرۆڤ و سروشت کە مرۆڤى لێوە پەیدا بووە، ئامانجى سەرەکى فەلسەفە و زانستە سروشتییەکانە. لە نووسینەکانیدا دەڵێت: ''فەلسەفەى نوێ مرۆڤ، هەروەها سروشتیش وەک بنچینەى مرۆڤ، دەکات بە تاکە بابەتێکى گشتى و باڵاتر لە فەلسەفە و، ئینجا ئەنترۆپۆلۆژیا، بە فیزیۆلۆژیاشەوە، دەگۆڕێت بۆ زانستێکى گشتى''[3].
لە ڕوانگەى ماتریالیزمى ئەنترۆپۆلۆژیى فۆیەرباخەوە، مرۆڤ بوونەوەرێکى دەروونیى فیزیۆلۆژییە. بە بڕواى ئەم فەیلەسوفە ئەڵمانییە، مرۆڤ لە یەک کاتدا هەم ئوبێکتێکى ماتریاڵییە و هەمیش سوبێکتێکى بیرکەرەوە، ئەمەیش گوزارشتە لە یەکەیەکى جیانەکراوە لەنێوان بنەماى ماتریاڵى و بنەماى ڕۆحیدا. لەم ڕوانگەیەوە، فۆیەرباخ بۆچوون و جیهانبینییە ماتریاڵییە ئاستنزمەکان دەربارەى مرۆڤ وەک میکانیکێک لە میکانیکەکانى سروشت، ڕەت دەکاتەوە. بەڵام ئەنترۆپۆلۆژیاى فۆیەرباخ لەسەر تەفسیرکردنى بیۆلۆژى (نەک لەسەر تەفسیرى کۆمەڵایەتى)ـى بۆ سروشتى مرۆڤ چڕبۆتەوە، ئەمەیش ئەو دۆخەیە کە نەیهێشتووە بڕواتە پێش و ڕێگربووە لەوەى لە چوارچێوەى هەڵوێستى میتافیزیکى بۆ ناسینى جیهان دەربچێت، ڕێک لەبەر ئەم هۆکارە، وەک ئەنگڵز ئاماژەى پێدەدات، وا دەردەکەوێت زانینە فەلسەفییەکانى فۆیەرباخ، کە لە ناوەڕۆکدا پۆزەتیڤن، زۆر هەژارترن لە ئایدیاڵیزمى دیالەکتیکی هیگڵ، کە ڕووپۆشە سۆفیگەرییەکەى، شیکارییەکى قووڵیى یاسا سەرەکییەکانى جیهانى ڕاستەقینەى داپۆشیوە. ئەنگڵز وتوویەتى: ''بەڵام لاى فۆیەرباخ، مەسەلەکە تەواو بە پێچەوانەوەیە، ئەو لە ڕووى فۆڕم و ڕواڵەتەوە واقیعییە، بەڵام هیچ ورتەیەکى لێوە نایەت دەربارەى ئەم جیهانەى وا مرۆڤى تێدا دەژى، بۆیە هەمیشە مرۆڤ لاى فۆیەرباخ هەر وەک ئەو مرۆڤە ڕووت و قووتە دەمێنێتەوە کە... لە جیهانى واقیعیدا ناژى، ئەو جیهانە واقیعییەى لە ڕووى مێژووییەوە گەشەى کردووە و مێژووییانە ئەدگارى خۆى کێشاوە؛ مرۆڤەکان ئەگەرچى ئەو پەیوەندیى لەگەڵ خەڵکانى تردا هەیە، بەڵام هەر یەکێکیان ئەبستراکت و ڕووتن، بەقەد ئەوەى کە خۆى ئەبستراکت دەکاتەوە''[4].
بەم جۆرە فۆیەرباخ تەنیا بە شیکاریى سروشتى مرۆڤ لە لایەنە بایۆلۆژییەکەیەوە گیرسایەوە و، ڕایگەیاند کە ئەنترۆپۆۆلۆژیا زانستێکى گشتى و هەمەکییە، یارمەتیمان دەدات بۆ کەشفکردنى هەموو نهێنییەکانى بوونى مرۆیى، بەمەیش لە ڕووى جەوهەرەوە لە هەمان ئەو ئاستەدا مایەوە کە ماتریاڵیستەکانى سەدەى هەژدەدا پێیگەیشتن، کە خۆى ڕەخنەى لێدەگرتن. هەر وایش بوو، ئەگەر لاى ئەم ماتریالێستانە، مرۆڤ تاکێکى ئەبستراکت بێت، بەرهەمهێکى خامۆشبووى ئەو ژینگە کۆمەڵایەتییە بێت کە لە پەرەسەندنى ڕاستەقینەى مێژوویى بێبەشکراوە، ئەوا "مرۆڤ"ـى فۆیەرباخى تاکێکى بایۆلۆژیى کەم ئەبستراکتتر نییە، تاکێکە کە بە دەستکرد لە ژینگە کۆمەڵایەتییەکەى جودا کراوەتەوە، لە دەرەوەى بار و ڕەوشى بوونە کۆمەڵایەتییە مێژووییە بەرهەستەکەى و لە دەرەوەى چالاکییە کردەییەکەى لێى کۆڵراوەتەوە. هەروەها، سروشتى ئەم مرۆڤە پەرە ناستێنێت، خۆى سەرمەدییە، خولیا سەرەکییەکانیشى کە هەڵسوکەوتەکانى دیاریى دەکات، هەر وەکو سروشتەکەى سەردمەدین. نا-مێژووێتى ماتریاڵیزمە ئەنترۆپۆلۆژی و میتافیزیکییەکەى فۆیەرباخ هۆکارە سەرەکى بوون بۆ مۆرکى چەمکە سۆسیۆلۆژییە ئایدیاڵییەکانى. لە کتێبە هاوبەشەکەى مارکس و ئەنگڵزدا "ئایدیۆلۆژیاى ئەڵمانى" (1845-1946)، ئاماژە بەوە دراوە کە: ''... ئەگەرچى فۆیەرباخ ماتریاڵیستە، کەچى مێژوو لە دەرەوەى بوارى بینینى ئەودایە، جا لەبەرئەوەى ئەو لە مێژوو ناکۆڵێتەوە، بۆیە هەرگیز ماتریاڵیست نییە''[5]. ئەنگڵز لە بەشى سێیەمى کتێبەکەى خۆیدا "لودفیگ فۆیەرباخ و کۆتایى فەلسەفەى کلاسیکى ئەڵمان" بە ڕوون و ڕاشکاوى ئەو مۆرکە ئایدیاڵییە پیشان دەدات کە بە ناچارى پەیوەستبووە بە تێگەیشتنى فۆیەرباخەوە لە جەوهەرى ژیانى کۆمەڵایەتى، کە بەو پەڕى ڕوون و ڕۆشنى لە تێڕوانینەکانیدا لەمەڕ ئایین و پەیوەندییە ئەخلاقییەکان، دەردەکەوێت.
بەلاى فۆیەرباخەوە، خەباتکردن دژ بە ئایین تەنیا خاڵى دەرچوون لە ئایدیاڵیزمەوە بۆ ماتریاڵیزم نییە، بەڵکو لە ژیانیشیدا بوو بە دۆزى سەرەکی. بە پێچەوانەى ڕوانگەى زۆربەى فەیلەسوفەکانى پێشترەوە، بە پلەى یەکەمیش ئایدیاڵیستەکان، فۆیەرباخ پێیوابوو فەلسەفە و ئایین، دوو تێگەیشتنن لە جیهان کە یەکێکیان ئەویتریان نەفیى دەکاتەوە. ئەو هۆکارى زیندووێتى بیروباوەڕە ئاینییەکانى تەنیا لە خەڵەتاندنى جەماوەرى میللى نەزاندا نەبینى، وەکو ئەوەى ڕۆشنگەرە فەرەنسییەکان سەلماندبوویان، بەڵکو هۆکارە ڕاستەقینەکانى سەرهەڵدان و بوونى ئایینیشى لە خودى مرۆڤ و لە ڕەوشەکانى ژیاندا، پشکنى، پێش هەموو شتێک لە پەیوەندیى دوولایەنەى نێوان خەڵک و سروشت، هەروەها لە پەیوەندیى دەستیاوانەى نێوان خەڵک خۆیان. بە بڕواى فۆیەرباخ، ئایین بەرهەمى دەروونى مرۆییە. بەڵام لە عەقڵى مرۆڤەوە هەڵناقوڵێت، بەڵکو لە خیانەت لە دنیابینییەکەیەوە سەرچاوە دەگرێت. فۆیەرباخ جەختى لەسەر ئەوە کردۆتەوە پێویستە هەڵچوونەکان و هەستەکان، کە لە کۆنتێسکتى کارلێک لەگەڵ جیهانى دەوروبەرەوە لە مرۆڤدا سەرهەڵدەدەن، هۆکارى سەرەکیى ئایین بن. مرۆڤ بە هێزى وێناکردن و دنیابینییەکەى و بەهێزى خەیاڵەکەى، چوارچێوەى ئەزموونى ڕاستەوخۆى هەستەکیى بەرکەوتن لەگەڵ سروشتدا تێدەپەڕێنێت و بوونەوەرێکى یەزدانى، سەراپا جەبەروت، سەراپا چاک، حەکیم، نیشتەجێ لە سەرووى جیهانەوە، دەخوڵقێنێت. لە ئاییندا، جیهان و مرۆڤ بەشێوەیەکى شێوێنەرانە و خەیاڵى ئاوەژوو دەکرێنەوە؛ لەمەیشدا شتەکان و دیاردەکان دەردەکەوت، نەک بەو فۆرمەى کە لە واقیعدا هەن، بەڵکو بە ئاوێنەى جیهانبینییەکى نەخۆشانە، شێواون.
ئایین مرۆڤ لە هێز و تایبەتمەندییەکانى دادەماڵێت، ئینجا ئەم هێز و خاسییەتانە خودایى دەکاتەوە ]و دەیداتە پاڵ خودا[، ئینجا وەک بوونەوەرێکى سەربەخۆ دەیانکاتەوە بە گژ مرۆڤدا. فۆیەرباخ نووسیویەتى: ''بوونەوەرى یەزدانى هیچ نییە جگە لە جەوهەرێکى پاکژکراوى مرۆیى، ئازادکراو لە سنوورە تاکەکەسییەکانى، واتە ئازادکراو و پاکژ کراو لە مرۆڤى کردەیى وجەستەیى''[6].
خەڵکى سەرجەمى ئەو سیفەتانەى کە کە لە سەردەمێکى دیاریکراودا لە خودى خۆیاندا دەینرێنن، دەدەنە پاڵ خوداکان. ئەمە لەلایەکەوە تەفسیرى بوونى خواوەندە جیاوازەکان لاى گەلان لە قۆناغە جیاوازەکانى پەرەسەندنە مێژووییەکەیاندا دەکات، لەلایەکى دیکەیشەوە بوونى یەک خواوەند لە ڕووى سیفەتە جەوهەرییەکانییەوە، لاى ئەو گەلە جیاوازانەى کە بە نزیکەیى گەیشتوونەتە هەمان ئاستى پەرەسەندن، دەکات. فۆیەرباخ، لە کاتى گاڵتەکردندا بە شوێنکەوتەیى وێناکردنە ئاینییەکان دەربارەى خودا بەرامبەر وێناکردنەکانى خەڵکى دەربارەى خودى خۆنیان، سەرنجى ئەوەیداوە کە ئەگەر باڵندەکان بڕوایان بەخودایەک هەبووایە، ئەوا وا دەهاتە پێش چاویان پەڕى هەیە، چونکە تواناى فڕین بە یارمەتیى باڵەکان، بۆ باڵندەکان مەرجێکى زەروریى بوونە ئاساییەکەیە.
فۆیەرباخ پێیوایە هەستکردنى مرۆڤ بە شوێنکەوتەیى و سنووردارى و بێتوانایى بەرامبەر جیهانى دەرەکی، لە بنەڕەتدا لەسەر وەهمە ئاینییەکان دامەزراوە، فیۆریاخ لە کتێبەکەیدا "وانەوتارەکان درەبارەى جەوهەرى ئاین" نووسیویەتى: ''کئەگەر سەیرى ئەو ئایینانە بکەین کە ناونراون وەحشییەکانن و گەڕیدەکان بۆمانى باس دەکەن، هەروەها ئەگەر بڕوانین لەە ئایینى گەلانى شارستانى، ئەگەر بە دیاریکراوى لە ڕۆحى خۆمان بڕوانین، کە بە بێ فرتوفێل لە ژێر چاودێرى ڕاستەوخۆى خۆماندایە، ئەوا ناتوانین تەفسیرێکى دیکە بۆ ئایین بدۆزینەوە، تەفسیرێکى دەروونى و گونجاو و زۆر لایەنەنگرانە جگە لە هەستکردن یان دەرککردن بە شوێنکەوتەیى''[7].
مرۆڤ پێش هەموو شتێک لە شوێنکەوتەییە تەواوەتییەکەى خۆى بۆ سروشت تێدەگات، بۆ هێزە سامناکەکانى سروشت کە بە بەردەوامى هەڕەشە لە بوونەکەى دەکات. ڕێک لەبەر ئەم هۆکارە، مێژووییانە، یەکەمین بابەتى پەرشتى ئایینى بووە.
هەستکردن بە ترس بەربڵاوترین و ڕوونترین گوزارشتە لە شوێنکەوتەیى. ڕێک ئەم هەستە دامەزرێنەرى سەرەکى بیروباوەڕە ئاینییەکانە، چ بیروباوەڕە وەحشییە سەرەتاییەکان، یان بیروباوەڕى گەلە شارستانییەکان، بە شوێنکەوانى ئایینى مەسیحى و سەرجەم ئاینییە جیهانییەکانى دیکەیشەوە. فۆیەرباخ سەرچاوەى ئایین لە خۆپەرستى ]ئەنانیەت[ـدا دەبینێت، چونکە هەستکردن بە شوێنکەوتەیى لە بایەخدانى خۆپەرستانەى مرۆڤ بەخۆى و کەسایەتییە بەخشندەکەیەوە، سەرهەڵدەدات. ئەمەیش بە دەربڕینێکى دیکە، واتە ئایین لە خۆشەویستى مرۆڤەوە بۆ خودى خۆی، لە هەوڵدانییەوە بۆ بەختەوەریی سەرچاوە دەگرێت؛ بۆ خەڵکى ئەمە ئامرازى هێوربونەوەیە، چونکە ئومێدەوارن بە پاڕاننەوە لە خوداکان، خەونەکانیان بهێننە دی.
دەشێت لە بەرهەمەکانى فۆیەرباخدا هەندێک ڕاوبۆچوون ببینینەوە کە پەیوەستن بە هەلومەرجە سروشتیەکان یان بە هەلومەرجە کۆمەڵایەتییەکانى سەرهەڵدانى بیروباوەڕە ئاینییەکانەوە. بۆ نموونە، دەڵێت، واوەیلا و سکانداڵەکانى جەنگ، هەر وەکو کارەساتە سروشتییەکان، خەڵکى ناچار دەکەن لە یەزدان بپاڕێنەوە و، هەستە ئایینییەکان بڕسکێن. لە شوێنێکى تردا فۆیەرباخ شیکاریى هەلومەرجەکانى سەرهەڵدانى پەرسشتى ئایینى و دەرکەوتنى ڕیتواڵە ئایینییە جیاوازەکان دەکات –نوێژ، پەشیمانى، قوربانى و ..هیتر-، لێرەدا پەیوەندییەکى ڕاستەوخۆ لەنێوان ئەمانە و مۆرک و فۆڕمى پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا پیشان دەدات، ئاماژە بەوە دەدات خەڵکى بەو جۆرەى ڕاهاتوون لە حاکم و سەردارەکانیان بڕوانن، هەر ئاوا لە خودایش دەڕوانن؛ ئەوان بە هەمان ئەو کەرەستانەى کە بۆ ڕازیکردنى فەرمانڕەواکانیان بەکاریان دەهێنن، هەوڵدەدەن بۆ بەدەستهێنانى ڕەحمەتى یەزدانیش: پارانەوە و قوربانیدان و بەخششەکان.
بەڵام ئەم بۆچوونانە بە دەگمەن لەبارەى ئەسڵى کۆمەڵایەتى ئایینەوە دەردەکەون، تەنیا وەک خەمڵاندن دەمێننەوە و وەک بەشێکى پێکهاتەى ئۆرگانى ناچنە نێو میتۆدێکى گشتیى ڕوانینەکانى فۆیەرباخەوە. بەڵام بە گشتى، فۆیەرباخ لە تێگەیشتن لە جەوهەر و ئەسڵى ئاییندا، ئایدیاڵیستە. ئەمەیش بە حەتمى لێکەوتەى ئەنترۆپۆلۆژیاکەیەتى.
فیورباخ لەسەر هەقە کاتێک دەڵێت ترس باوکى بۆچوونە ئاینییەکانە، هەستکردن بە شوێنکەویى و، هەوڵدان بۆ خۆ پاراستن مرۆڤ ناچار دەکەن ئومێد بە یەزداندا هەڵبواسن. بەلاى ئەوەوە ئەم هەستانە پێش هەموو شتێک بەرهەمى سروشتى بایۆلۆژیى جێگیر و نەگۆڕى مرۆڤن. بەڵام پێدانى سیفەتى ڕەهایى بەم فاکتەرە بایۆلۆژییە، فەرامۆشکردنى زۆربەى هەرە زۆرى هەلومەرجە کۆمەڵایەتییەکانى لەگەڵدایە، بە تایبەتیش هەلومەرجە ئابوورییەکان. پرۆسەى پەرەسەندن و زۆربوونى هێزە بەرهەمهێنەرەکانى کۆمەڵگە لە دەرەوەى بوارى بینینى فۆیەرباخ دەمێننەوە، کە لە کۆنتێکستى خۆیدا خەڵکى لەلایەکەوە لە شوێنکەوتەیى شڵەژاوانە بەرامبەر هێزە کوێرەکانى سروشت ڕزگار دەکات و، لەلایەکى دیکەیش، لەگەڵ دابەشبوونى کۆمەڵگەدا بۆ چینە دژبەیەکەکان، لەگەڵ دەرکەوتنى چەوساندنەوە و ستەملێکردنى زۆرینەدا لەلایەن کەمینەوە، خەڵکى هەتا بێ زیاتر هەست بە شوێنکەوتەییەکەیان دەکەن بۆ هێزە کۆمەڵایەتییەکان. بایەخدانى زیاد لە ڕادە بە بنچینە دەروونییەکانى بیروباوەڕە ئایینییەکان و فەرامۆشکردنى ڕیشە کۆمەڵایەتییەکانى، پێکەوە ئەو دوو فاکتەرەن کە مۆرکە ئایدیاڵییە گشتییەکەى تێڕوانینەکانى فۆیەرباخ لە ئایین، دیاریى دەکەن.
کاتێک فۆیەرباخ سەرچاوە زەمینییەکانى ئایین دیاریى دەکات، هەموو بایەخدانى خۆى لەسەر ئەو ڕۆڵە نەرێنییە چێر کردۆتەوە کە ئایین لە ژیانى خەڵکیدا دەیگێڕێت. جا لەبەرئەوەى بە گوێڕەى بۆچوونەکانى فۆیەرباخ خوداکان لە سەرەتادا ڕەنگدانەوەى جەوهەرى مرۆڤ بوون، ئەوا لە دواییدا لە مرۆڤ نامۆ دەبن و دەبنە بابەتێکى سەربەخۆ. ئیدى نەک تەنیا بوونێکى سەربەخۆ بە خودا دەدەن، بەڵکو لە بوونەوەرێکەوە کە دروستکراوى مرۆڤە دەیگۆڕن بە ئافەرێنەرى مرۆڤ، دەیکەن بە هۆکارى یەکەمى هەموو هەبوون؛ بەوەیش مرۆڤ دەکەوێتە نێو شوێنکەوتەیى "بوونەوەرى باڵا"وە کە خۆى خوڵقاندوویەتى. بە بڕواى فۆیەرباخ، ئایین ویست و ئارەزووى مرۆڤ بۆ ژیانێکى باشتر لەم جیهانەدا، لەم جیهانە ڕاستەقینە و کردەییەدا، فەلەج دەکات. ئایین سەبر و ئارامگرتن لەسەر چاوەڕوانیکردنى پاداشتى داهاتووى سەروو سروشتى، دەخاتە برى هەوڵدان بۆ گۆڕینى ئەم جیهانە. وێڕاى ئەمەیش، تەنانەت ئایین تەنگوچەڵەمە بۆ قووڵبوونەوە لە زانیارییەکاندا دەربارەى جیهان دروست دەکات، کۆسپ دەخاتە سەر ڕێگەى بڵاوکردنەوەى ئەم زانیارییانە، هەروەها جەهل و نەزانى لە ڕیزەکانى جەماوەرى میللى و ڕەشۆکدا دەچێنێت. بە نموونەى مەسیحییەت، فۆیەرباخ ڕوونى دەکاتەوە کە ''ئایین لە بنەڕەتدا بنەماى کولتوور و فێربوونى تێدا نییە، چونکە تەنیا بە خەیاڵ و خودا و ئاسمان سنوور و ئاستەنگییەکانى ژیانى زەمینى تێدەپەڕێنێت''[8].
فۆیەرباخ ڕەخنەیەکى قووڵ و ڕاشکاو لە ئایین دەگرێت و بە سەرچاوە درۆ و نەزانى و تەمەڵیى جەماوەرى کۆمەڵایەتیى میللى و سیاسى دادەنێت، بەڵام، وەک ئەنگڵز سەەرنجى لێدەدات ''هەرگیز نایەوێت ئایین ڕەت بکاتەوە، بەڵکو دەیەوێت چاکسازیى تێدا بکات''[9]. فۆیەرباخ درۆى هەموو ڕێنماییە باوە ئایینییەکان پیشان دەدات، بەڵام نەک بۆ لابردنى ئایین بە گشتى لە ژیانى مرۆڤەکان، بەڵکو بۆ درستکردنى ئایینێکى نوێى ڕاستەقینە، کە لەگەڵ سروشتى ڕاستەقینەى مرۆڤدا بگونجێت و یارمەتیى مرۆڤەکان دەدات لە گەیشتن بە بەختەوەریى ڕاستەقینە، نەک لە ئاسمان کە ڕەهەندى دادگایى باڵاى یەزدانییە، بەڵکو لە سەر زەمین.
فۆیەرباخ دان دەنێت بە زەرورەتى ئایین لە کۆمەڵگەى مرۆییدا، نەک تەنیا لە ڕابردوودا، بەڵکو لە داهاتوویشدا. وێڕاى ئەمەیش، ئایین لەوە فراوانتر تەفسیر دەکات کە لە وێناکراوە، لەو فۆڕمە باوانەى بیروباوەڕە ئایینییەکانیشددا قەتیسى ناکات کە هەبوون و هێشتایش هەن. لەم بارەیەوە ئەنگڵز نووسیویەتى: ''بە گوێرەى تیۆرەکەى فۆیەرباخ، ئایین، پەیوەندییەکى ناخەکییە لەنێوان مرۆڤ و مرۆڤدا کە لەسەر عاتیفە بەندە، پەیوەندییەک کە تا ئێستا لە ڕەنگدانەوە و ئاوەژووبوونەوەیەکى خەیاڵییانەى واقیعدا بەدواى حەقیقەتى خۆیدا دەگەڕێت –بەهۆى یەک خودا یان چەند خودایەکەوە، کە ئەمانە ئاوەژووە خەیاڵییەکانى سیفەتە مرۆییەکانن-، ئێستا ڕاستەوخۆ، بێ هیچ میدیۆم و نیوانگرێک، لە خۆشەویستى نێوان "من" و "تۆ"دا دەیبینینەوە''[10].
بەم جۆرە ئایینە نوێیەکەى فۆیەرباخ پێویستى بە خودا نییە وەک بوونەوەرێکى خەیاڵیى بە جەبر، کە مرۆڤ داواى ڕەحمەت و هاوکارییەکەى بکات. ئەم ئایینە نوێیە ئایینێکى بێ ڕیتواڵە، پێویستى بە کەنیسە و خزمەتکارە زۆرەکانى نییە. ئەم ئایینە "ڕاستەقینە" هیچ نییە جگە لە بەخوداکردنى پەیوەندیى نێوان خەڵکى، لەسەر ئەو بنەمایەش ڕۆنراوە کە دەڵێت "مرۆڤ بۆ مرۆڤ خودایە"، لە کاتێکدا فۆیەرباخ لە هەموو پەیوەندییە مرۆییەکاندا تەنیا یەک لایەنى بینیووە ئەویش ئەخلاقە کە پەیوەستە بە هەوڵ و کۆششى زگماگى مرۆڤەکانەوە بۆ بەختەوەرى. بە بۆچوونى فۆیەرباخ، پەیوەندییە ئەخلاقییەکان لەنێوان نەوەکان و باواندا، لەنێوان برا و خوشکاندا، لەنێوان ژنان و مێردەکاندا، ]واتە[ بە گشتى لەنێو خەڵکیدا، بە کردەیى پەیوەندیى ئایینین. جا لەبەرئەوەى فۆیەرباخ لە ژیانى کردەیى خەڵکیدا، ماتریاڵیزمى ئەو هێزانە نابینێت کە بە یەکییان دەبەستێتەوە و ناچاریان دەکات لە کۆمەڵێکدا یەکبگرن، ئەوا ناچار دەبێت لە ژیانى ڕۆحیدا، نەک لە ژیانى ماتریاڵیدا، بەدواى ئەم هێزانەدا بگەڕێت، بۆ ئەو لە ئاییندا دەیانبینێتەوە. بەڵام لاى ئەو وایە "بەڵگە" ]بورهان[ـەکە ئەوەیە کە وشەى ئایین religion بە زمانى لاتینى لە سەرەتادا واتاى "پەیوەستەگى" بووە. لێرەدا فۆیەرباخ دەگاتە ئەو بڕوایەى کە هەموو پەیوەندیى و پەیوەستەگییەکى دەستیاو لەنێوان دوو کەسدا، ئایینە. ئاشکرایە زۆربەى خوێنەران بە گاڵتەجاڕییەوە پێشوازى لەم هۆکاردۆزییانەى نێو بەرهەمەکانى فۆیەرباخ دەکەن، هەروەها ئەنگڵزیش نووسیویەتى: ''ئەم جۆرە گەمەکردنانە لە بنەوانى وشەکان، دوایین دەرەتانى بۆ فەلسەفەى ئایدیاڵی پێکهێناوە''[11].
وەک فۆیەرباخ جەختى لەسەر دەکاتەوە، هەموو ئەو ئایینانەى تاوەکو ئێستە هەبوونە، لە خۆ-خۆشویستى مرۆڤەوە سەریان هەڵداوە. خۆشەویستى یاساى باڵاى بوونى مرۆییە، قووڵترین قووڵایى جەوهەرى مرۆڤە. لە هەموو ئایینەکاندا خۆشەویستى فۆڕمى خەیاڵیى بەخۆیەوە گرتووە. بەڵام بە تێڕوانینى فۆیەرباخ، لە ڕاستیدا خۆشەویستى لەخۆیدا ئایینى ڕاستەقینەیە. ئەو وتوویەتى: ''خۆشەویستى هەر خودا خۆیەتى، بە بێ خۆشەویستى خودایش نییە''[12].
لە درێژەى ڕەخنەگرتن لە بۆچوونەکانى فۆیەرباخدا لەبارەى زەرورەتى ئایینەوە لەپێناو دامەزراندنى پەیوەندییە ئاساییەکانى نێوان خەڵکیدا، ئەنگڵز سەرنج لەوە دەدات کە ئایدیالیزمى ئەم بۆچوونانە ڕێک لەوێدایە کە مۆرکیکى ئایینى بەخشیوە بە هەموو پەیوەندییەکانى نێوان خەڵکى، لەمەیشدا پشتى بەستووە بە مەیلە دەستیاو و دوولایەنەکان: هاوڕێیەتى، هاوسۆزى، قوربانى بەخۆدان، عەشقى سێکسى. فۆیەرباخ ڕەتى دەکاتەوە دان بە بەهاى خودیى ئەم پەیوەندییانەدا بنێت، ئەو دەیەوێت تەنیا ئەو کاتە قبوڵیان بکات کە لەنێو وشەى "ئایین" religionـدا کۆیان بکاتەوە. دواجار فۆیەرباخ دەگاتە ئەو دەرەنجامەى کە خۆشەویستى سێکسى وەک فۆڕمێکى باڵاى بڕواهێنان بە ئایینە نوێیەکە ڕابگەیەنێت، هەڵبەت ئەگەر بەرزترین فۆڕمیش نەبێت.
لە بۆچوونەکانى فۆیەرباخدا ڕێنماییەکان دەربارەى ئایین ]ئایینى نوێى فۆیەرباخى[ و ڕێنماییە ئەخلاقییەکان بەشیوەیەکى نەپساو پێکەوە پەیوەستن، ئەنگڵز لە بەشى سێیەمى کتێبەکەیدا ڕەخنە لەمەیش دەگرێت.
یەکێک لە فەزڵ و چاکەکانى فۆیەرباخ ئەوەیە ڕێنماییە ئەخلاقییەکانى پێش هەموو شتێک دژ بە ئەخلاقى مەسیحییەت ئاراستە دەکات و ڕەخنەیەکى تووند و هەڵتەکێنەرى لێدەگرێت. ئەو پێیوایە دروست نییە ئەخلاقی ئایین دیسپلینى پەیوەندییە دەستیاوە مرۆییەکان بکات، چونکە پەیوەندییەکانى مرۆڤ بە خواوەندەوە، لە ڕوانگەى ئایینەو، لە سەرووى هەموو شتێکەوەیە، بۆیە پەیوەندییەکانى نێوان خەڵکى لەدواى ئەمەوە دێن و پلە دوون.
فۆیەرباخ پێیوایە هیچ پەیوەندییەکى ناوەکى لەنێوان بیروباوەڕە ئایینییەکان و ڕێسا ئەخلاقییەکاندا نییە. بگرە زۆرجار لەگەڵ یەکتردا لێکدژن، بە تایبەت کاتێک خودى  بەڵگەنەویستەکان لەگەڵ ئەو مەزندەکردنانە پێکدەگەن کە لە ڕوانگەى ئەخلاقیى مرۆییەوە و لەلایەن دواکارییە ئاینییەکانەوە مەزەندەى پێکدژن. فۆیەرباخ بەڵگەى ئەوە دەهێنێتەوە ئایین، کە لەپێناوى خوادا داواى نکوڵیکردن لە خود دەکات، چەمکى چاکە دەشێوێنێت و بە تێگەیشتنە تایبەتییەکەى خۆى لە فەزیڵەت، دژ بە پێداویستییە کردەییەکى سروشتى مرۆیى دەوەستێتەوە. فۆیەرباخ وتوویەتى: ''لەوێدا کە ئەخلاق پشت بە تیۆلۆژیا دەبەستێت، هەق پشت بە فەرمانە یەزدانییەکان دەبەستێت، دەشێت پاساو و هۆدۆزى بۆ ئەو شتانە بهێنرێتەوە کە بە تەواوەتى نغرۆی نێو نائەخلاقییەت و ستەم و شوورەیى و نەنگى بوون''[13].
فۆیەرباخ ڕێبازەکەى خۆى دەربارەى ئەخلاقییەت، کە ڕوانگەى یەکێتیى و پەیوەندیى دەستیاوى نێوانیان خەڵکییە، دەکاتەوە بەگژ ئەخلاقی ئایینیى نا-سروشتى و نا-ماقووڵدا. ئەو پێیوایە سەرجەمى ژیانى مرۆیى لە هەوڵدان و تیکۆشان بۆ گەیشتن بە بەختەوەریدا چڕ بۆتەوە. بەڵام سەرکەوتن لە وەدیهێنانى ئەم هەوڵ و کۆششە پێویستى بە ڕەوچاوکردنى دوو پێشمەرجى پێویست هەیە. یەکەمیان، پێویستە مرۆڤ هەر لە پێشەوە بە تەواوى ئاکامە شیمانەییەکانى هەڵسوکەوتەکانى خۆى ببینێت، کە زۆربەیجار سیمایەکى نەرێنییان هەیە. دووەمیان، ئێمە کاتێک هەوڵ بۆ بەختەوەرى دەدەین، ناتوانین ئەوە لەبیر بکەین کە خەڵکانى دیکەیش وەک ئێمە هەڵسوکەوت دەکەن و بەهیچ شێوەیەک هەقى ئەوەمان نییە بە کردەوەکانى خۆمان بەربەست بخەینە ڕێیان.
ئەنگڵز ئەم بابەتانەى نێو ڕێنماییە ئەخلاقییەکانى فۆیەرباخ شى دەکاتەوە و ئاماژە بەوە مۆرکە ئەبستراکت و پووچەکەى دەکات: ''کەواتە، ڕێسا سەرەکییە ئەخلاقییەکان لاى فۆیەرباخ، کە هەموو ڕێساکانى دیکە لێیەوە پەیدا دەبن، بەرتەسککردنەوەى عەقڵانییانەى خۆمان و خۆشەویستییە –هەمیشە خۆشەویستى- لە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئەوانیتردا. دادگاییە زۆر تیۆرییەکان و ستایشە زێدەڕەوانەکانى فیۆریاخ ناتوانن بوودەڵەیى و پووچیى ئەم دوو سێ بابەتە بشارنەوە''[14].
وەک ئەنگڵز سەرنجى لێدەدات، ئەمە بە هۆی ئەو هەڵوێستە ئەبستراکتە ئەنترۆپۆلۆژییەوەیە کە فۆیەرباخى بیرمەندى ئەڵمانى بەرامبەر ژیانى کۆمەڵایەتى هەیەتى. لەلایەکەوە، فۆیەرباخ بە تەواوەتى ڕەوشە ماتریاڵییەکانى ژیانى خەڵکى لەبیر دەکات و مەسەلەکانى دابینکردنى پێداویستییە ماتریاڵییە سەرەتاییەکانى مرۆڤ لەبەرچاو ناگرێت، لە کاتێکدا بە بێ ئەمانە نەک تەنیا ناشێت مرۆڤ کۆشش بۆ چێژى باڵاى ڕۆحى بکات، بەڵکو ناشێت  هەوڵ بۆ ژیانیشى بدات. لەلایەکى دیکەیشەوە، پێداویستییەکانى ڕێنماییە ئەخلاقییە فۆیەرباخییەکان، هەرگیز ڕەوشە مێژووییە کۆنکریتەکانى ژیانى کۆمەڵگە بە گرنگ نازانێت. بانگەشەى فۆیەرباخ بۆ بەهەندوەرگرتنى مافى هەموو خەڵکى لە وەدیهێنانى کۆششیاندا بۆ بەختەوەرى، لە گاڵتە و گەپى نێو ئەو کۆمەڵگە بۆرژوازییە دەچێت کە لێکدژییە چینایەتى و نەتەوەییەکان و لێکدژییە کۆمەڵایەتییەکانى دیکە تا ئەوپەڕ، هەلاهەلایان کردووە، گاڵتە و گەپى نێو کۆمەڵگەیەک کە کەمینەیەک لەسەر حسێبى زۆرینە و چەوساندنەوەى ئەم زۆرینەیە، لە بەفیڕۆداندا ڕۆچوون.
ئەنگڵز نووسیویەتى: ''هەر ئەوە بەسەر تیۆرە ئەخلاقیەکەى فۆیەرباخدا هات کە بەسەر زۆربەى تیۆرەکانى دیکەیدا هات. ئەویش ئەوەیە بۆ هەموو سەردەمێک و هەموو گەلێک و هەموو ڕەوشێک درێژى کردۆتەوە، ڕێک لەبەر ئەم هۆکارە بە کەڵکى ئەوە نایەت لە هیچ کاتێک و لە هیچ شوێنێکدا پراکتیزە بکرێت''[15]. فۆیەرباخ دەیویست ئەخلاقێکى ڕەها دابڕێژێت کە ڕەفتارى هەموو تاکەکان و ژیانى هەموو کۆمەڵگە ڕێک بخات، بەڵام تەنیا بنچینەى دامەزراندنى تیۆرێکى دیکەبوو کە بە تەواوى لە بەردەم واقیعى کردەییدا دەستەوەستان بوون.
فۆیەرباخ نە لە فەلسەى ئاییندا و نە لە ئەخلاقناسیدا، نەیتوانى لە مەملکەتى ئەبستراکتەکان دەربچێت و بچێتە نێو جیهانى کردەییەوە، بچێتە نێو خەڵکى زیندوو و بەرجەستەوە، نەیتوانى کۆمەڵگە لە پەرەسەندنە مێژووییەکەیدا، خەڵکى لە چالاکییە ماتریاڵییە بگۆڕەکەیدا بناسێت ]گۆڕانى مادەى خاو بۆ کاڵا لە ڕێگەى کارەوە[ بناسێت، نەیتوانى پەیوەندییە کردەییەکەى نێوان خەڵکى لەنێوان تاکەکاندا و لەنێوان هەموو کۆمەڵگەیشدا، کەشف بکات. بەڵام گوزەرکردن لە تیۆریزەکردنى فەلسەفیى ئەبستراکتەوە بۆ ناسینى ژیانى کۆمەڵایەتى و گۆڕینى ڕیشەیى ئەم ژیانە کۆمەڵایەتییە، پێگەیشتبوو: بۆیە ڕێنماییە فەلسەفییەکانى فۆیەرباخ هاتنە پێش کە ئاماژەیان بە ئاراستە و ڕێگاکە دەکرد و تەکانێکى تریان بەم گوزەکردنە بەخشى. 

سەرچاوە:
كوزنيتسوف: بصدد مؤلف أنجلس "لودفيغ فيورباخ و نهاية الفلسفة الكلاسيكية الألمانية، ترجمة: إلياس شاهين، دار التقدم، موسكو، 1987، صص: 83-104.       

پەراوێزەکان: 
[1] Feuerbach L. Sämmtliche Werke Stuttgart, 1904, Bd. 2, s. 390.
[2] Antropologie ئەنترۆپۆلۆژیا، مرۆڤناسى، زانستى لێکۆڵینەوە لە مرۆڤ.
[3] هەمان سەرچاوە، ل317.
[4] مارکس و ئەنگڵز، هەڵبژاردەکان لە سێ بەرگدا، بەرگى 3، بەشى 2، ل209.
[5] مارکس و ئەنگڵز، هەڵبژاردەکان لە سێ بەرگدا، بەرگى 1، بەشى 1، ل27.
[6] Feuerbach L. Sämmtliche Werke Stuttgart, 1903, Bd. 6, s. 17.
[7] Feuerbach L. Sämmtliche Werke Stuttgart, 1908, Bd. 8, s. 31-32.
[8] Feuerbach L. Sämmtliche Werke Stuttgart, 1903, Bd. 6, s. 261.
[9] مارکس و ئەنگڵز، سەرچاوەى پێشوو، بەرگى 3، بەشى 2، ل206.
[10] مارکس و ئەنگڵز، هەمان سەرچاوە، ل206.
[11] هەمان سەرچاوە، ل207.
[12] Feuerbach L. Sämmtliche Werke Stuttgart, 1903, Bd. 6, s. 59.
[13] Feuerbach L. Sämmtliche Werke Stuttgart, 1908, Bd. 9, s. 330.
[14] مارکس و ئەنگڵز، سەرچاوەى پێشوو، بەرگى 3، بەشى 2، ل211.
[15] هەمان سەرچاوە، ل203.

تێبینى: ئەم وتارە لە کتێبى "ماتریاڵیزم"، زنجیرەى کتێبى چەمکە فەلسەفییەکانى دەزگا ئایدیادا بڵاوبۆتەوە.

No comments:

Post a Comment