My Blog List

بابه‌ته‌ نوێیه‌كان

خۆرهەڵات و فەلسەفە

Thursday 25 October 2018

کۆمەڵناسیى مارکسى


هێنرى لۆفیڤرە
وەرگێڕانى: هاوار محەمەد

مارکسیزم، وەک کۆمەڵناسییەکى زانستى، هەڵگرى ناوێکە کە بۆى بووە بە ناوێکى نەریتى، ئەویش ماتریاڵیزمى مێژووییە.
لە ڕوانگەى کۆمەڵناسییەوە، تاکە شتانێک کە هەبن بریتین لە تاکەکەسە مرۆییەکان و پەیوەندییەکانیان. کۆمەڵگە، وەک جەوهەرێکى گشتى، بە هیچ فۆڕمێک بوونى نییە؛ هەیە و نییە ئەم تاکەکەسانەن کە ئەم کۆمەڵگەیە پێکدەهێنن، هەروەها بوونەوەرێکى کۆمەڵایەتى و ڕۆحێکى میللى یان کۆمەڵایەتى بوونى نییە. ئەوانە کۆمەڵێک سیفەتى شاراوەن کە کۆمەڵناسان خەیاڵییان کردووە، ئەو کۆمەڵناسانەى خۆیان بە کەسانى زانستى داناوە، کەچى هیچ نەبوون جگە لە کۆمەڵێک میتافیزیکیەن. ئەوان، بە ناوى "کۆمەڵگە"وە، بە شێوەیەکى گشتى، هەندێک سیفەت هەموو سیفەتە باوەکانى کۆمەڵگە تا ئاستى حەقیقەتى ڕەها بەرز دەکەنەوە. کەواتە لە ڕاستیدا، ئەوان داکۆکیکار بوون لەم کۆمەڵگەیە و لە عەقیدەکانى، هەندێجار ئەمە بە نیەتێکى باشیشەوە ئەنجام داوە. ئەوان نە لە صیرورەى کۆمەڵگە تێگەیشتوون و نە لە بونیادە ڕاستەقینە جووڵەنەرەکەیشى.
تاکەکان ژیانە کۆمەڵایەتییەکەى خۆیان و مێژووى خۆیان و مێژووى گشتیش پێکدەهێنن، بەڵام ئەو هەلومەرجانەى کە تێیاندا مێژوو دروست دەکەن، هەڵبژێردراوى خۆیان نین و ئیرادەى خۆیان دیارییان ناکات. بێگومان مرۆڤ (چ کۆمەڵایەتى و چ تاکەکەس)، هەر لە گزنگى مرۆڤایەتییەوە چالاک بووە، بەڵام چالاکییەکەى ئازادانە و پێرفێکت و ئاگامەندانە نەبووە. لە هەر چالاکییەکى ڕاستەقینەدا کە بوونەوەرى مرۆیى ئەنجامى بدات، بەشێک لە نەرێنیى تێدایە، کە لە ڕووى بڕ و چەندێتییەوە لە یەکترى جیاواز دەبن، هەتا توانا و ئاگایى مرۆیى زیاتر بێت ئەو کەمتر دەبێتەوە، بەڵام بە تەواوى لەنێو ناچێت. بە دەربڕینێکى دیکە، لەسەرمان پێویستە هەموو چالاکییەکانى مرۆڤ بەشێوەى دیالەکتیکى شیکار بکەین، بەو پێیەى لە هەمان کاتدا دوو لایەنى بەیەکداچوونى ئەکتیڤ و پاسیڤ لە خۆ دەگرێت. تاکەکەس لە کاتى کاردا، گیرۆدەى کۆمەڵێک هەلومەرجە کە خۆى دەستى تێیدا نییە، لەوانە: سروشت خۆى، سروشتى تایبەتى خۆى، بوونەوەرە مرۆییەکانى دەوروبەرى، چۆنیەتى چالاکییە پشتپێبەستراوەکان (نەریتەکان، کەرەستەکان، دابەشکردنى کار و رێکخستنى کار). ئەو بەدەست ئەمانەوە گیرۆدەیە کاتێک سروشت و جیهانى دەوروبەرى دەدوێنێت. کەواتە تاکەکەسەکان، بە هۆى خودى چالاکییەکەیانەوە، دەچنە پەیوەندیى دیاریکراوەوە کە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانە، ناتوانن خۆیان لەم پەیوەندییانە داماڵن، چونکە بوون و سروشتى چالاکییەکەیان و سنوورەکان و تواناکانى ئەم چالاکییە پییانەوە بەندە. ماناى ئەمەیش ئەوەیە کە ئاگاییەکەیان ئەم پەیوەندییانە ناخوڵقێنێت، بە پێچەوانەوە، تێیاندا دەتوێتەوە و بەهۆى ئەو پەیوەندییانەوە دیاریى دەبێت. بەم جۆرە پەیوەندییەکان، کە بە شێوەیەکى حەتمى تاکەکەس پێیانەوە پابەستە، بوونەوەرى کۆمەڵایەتى بۆ هەموو تاکەکەسێک دروست دەکات، ئەم بوونەوەرە ئاگایى دیاریى دەکات نەک بە پێچەوانەوە. بەم جۆرە دەبینین جووتیار خۆى وەک جووتیار لەخۆى هۆشیار دەبێت و هزر و بیرکردنەوەى جووتیاریشى هەیە؛ بێگومان ئاگایى و هزرەکانى پەیوەندییەکەى بە خاک و زەوییەوە، بە ڕێکخستنى کارەکەى و ئامرازەکانى و پەیوەندیی لەگەڵ دەورودراوسێ و کۆمەڵگەکەى و ناوچەکەى و وڵاتەکەى،  لە عەدەمەوە ناخوڵقێنن. دەتوانین چەند هێندە نموونە بهێنینەوە. ئاگایى و فیکر هەرگیز لە پەیوەندییە ڕاستەوخۆ و لۆکاڵییەکان جودا نابنەوە، ئەگەرچى بە ڕاستى، لە میانەى گەشەکردنییەوە خۆیانى لێ دەرباز دەکەن. قبوڵکردنى ئەم قسەیە واتاى قبوڵکردنى وەهمى دۆگمایى و ئایدیاڵییە! درێژبوونەوە و قووڵبوونەوەى مەوداى ئاگایى، دەرکەوتن و چەسپاندنى بیرکردنەوەى عەقلى، کۆمەڵێک هەلومەرجى هەیە بۆ پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان (دەرلاهەق بە پەرەسەندنى پەیوەندیگیرییەکان و ئاڵوگۆڕەکان و ژیانى کۆمەڵایەتى کە لە شارە گەورە بازرگانى و پیشەسازییەکاندا ڕێک دەخرێن و کۆدەبنەوە...).
کەواتە ئێستا، ئەم پەیوەندییە کۆمەڵایەتیانە بەشێوەیەکى سەرەکى چیین؟ بێگومان وەکو بۆمان دەردەکەوێت، تاڕادەیەکى زۆر ئاڵۆزن، بە تایبەتى لەم ڕۆژگارەماندا. ئایا دەتوانین لە ڕێگەى بەیەکداچوونیانەوە، پەیوەندییە سەرەکییەکان لێکجودا بکەینەوە؟ ئایا دەتوانین چینەکان یان توێژە نیشتووەکان لەسەر ڕێسا سەرەکییەکە –ئەگەر ئەم میتافۆڕە بگونجێت- لە یەکترى جودا بکەینەوە؟
مارکس و مارکسیستەکان بە بەڵێ وەڵام دەدەنەوە. کۆمەڵێک پەیوەندیى سەرەکیى هەیە، بیناى هەر کۆمەڵگەیەک لەسەر بناغە وەستاوە. بێگومان، لە هەر خانوویەکدا، ئەوەى گرنگە چینەکان و ئەو ژوورانەیە کە بۆ دانیشتن دەست دەدەن، بەڵام داخۆ ئەمە هۆکارە بۆ فەرامۆشکردنى بنچینە و بناغەکان؟ ئەى ڕەوایە لەبیرى بکەین کە ئەم بناغانە فۆڕمى بیناکە و بەرزییەکەى و هەیکەلەکەى، واتە هێڵە سەرەکییە گەورەکانى دیاریى دەکەن؟ بیرکردنەوە بەشێوەیەکى تر واتە باوەڕبوون بەوەى دەتوانین لە ساپیتە (سەقف)ـەکەوە دەست بە بیناکە بکەین و لەوێوە بگەینە بناغەکە. ئەگەر پێمانوابێت ئایدیاکان (یان هزرەکان) لە کۆمەڵگەدا بەشە سەرەکییەکەن، ئەوا هەڵوێستیشمان بەو جۆرە دەبێت کە بڕوامان وابێت پەنجەرەکان هۆکارى بوونى ماڵەکەن، چونکە پەنجەرەکان پێویستن و ژوورەکان ڕووناک دەکەنەوە.
پەیوەندییە سەرەکییەکانى هەر کۆمەڵگەیەک، پەیوەندییەکانە بە سروشتەوە. پەیوەندیى بە سروشتەوە شتێکى سەرەکییە بۆ مرۆڤ، نەک لەبەر ئەوەى هێشتا بوونەوەرێکە سەر بە سروشت (ئەم بۆچوونە هیچ نییە جگە لە لێکدانەوەیەکى درۆزنانە بۆ ماتریالیزمى مێژوویى)، بەڵکو، بە پێچەوانە، لەبەرئەوەى لەگەڵى دەکەوێتە ململانێ. لەمیانى ئەم ململانێیەدا، مرۆڤ لە هەلومەرجە سروشتییە باوەکاندا، ئەوە لە سروشت دادەماڵێت کە پێویستییەتى بۆ هێشتنەوەى ژیانى و تێپەڕاندنى ژیانە سروشتییە پەتییەکەى. ئەمە چۆن ڕوودەدات؟ بە چ میکانیزمێک؟ بە کار، بە ئامراز و کەرەستەکانى کار و ڕێکخستنیان.
بەم ڕێگایە، نەک ڕێگایەکى تر، خەڵکى ژیانى خۆیان "دروست دەکەن" واتە ژیانە ئاژەڵییەکە (ژیانى سروشتى) تێپدەپەڕێنن، بەڵام بێگومان بێ ئەوەى بتوانن بەهۆى بڕیارێکى باڵا و ترانسێندنتاڵەوە لە سروشت ڕزگار ببن. ئەوان تەنیا لە سنوورگەلێکى دیاریکراو و لە چوارچێوەى ئەو هەلومەرجانەدا کە سروشت خۆى دیارییان دەکات (کەشوهەوا، بەپیتیى خاک، ڕووەکەکان و ئاژەڵان...)، سروشت تێدەپەڕێنن.
کەواتە، پەیوەندییە سەرەکییەکانى هەموو کۆمەڵگەیەکى مرۆیى پەیوەندییەکانى بەرهەمهێنانن؛ جا بۆ ئەوەى شیکاریى دەست بخاتە سەر بونیادە سەرەکییەکەى کۆمەڵگا، پێویستە ڕواڵەتە عەقیدەییەکان و جلوبەرگى تەسک و فۆرمولە فەرمییەکان و، هەموو ئەو شتانە لەسەر سەتحى کۆمەڵگە دەجوڵێن و هەموو زەخرەفەکان وەلاوەبنێت، تاوەکو ئەم سەتحە تێپەڕێنێت و بگاتە پەیوەندییەکانى بەرهەمهێنان، واتە پەیوەندییە سەرەکییە دامەزراوەکەى نێوان مرۆڤ و سروشت و، نێوان مرۆڤەکان خۆیان لە وەختى کاردا.
ئەم شیکارییە چى دەبینێتەوە؟ یەکەمجار گەلێک ڕەوشى سروشتى دەبینێتەوە کە مرۆڤ گۆڕانێکى قووڵى بەسەردا هێناون: ئەوە بوارى ئەو زانستەیە کە زۆرجار پێیدەوترێت جوگرافیاى مرۆیى. ئەم زانستە بابەتێکى واقیعیى هەیە، هەڵەیە گەر ئەم بابەتە دووربخاتەوە و مێژوو فەرامۆش بکات. ئەو کاتە توێژینەوە دەکات لە شیکاریى زەوى، کەشوهەوا، ڕووبارەکان و ئاوەکان و کاریگەرییەکەیان لەسەر ئاوەدانکردنەوە، ناخى زەوى، ڕووەکە هێنراوەکان و ئەوانەى بەخۆڕسک پەیدا دەبن.
دواى ئەوە لە شیکاریى تەکنیکەکان و ئامرازەکان دەکۆڵێتەوە: ئەمەیش بوارى ئەو زانستەیە کە زۆرجار پێیدەوترێت تەکنۆلۆژیا؛ ئەمیشیان بابەتێکى واقیعیى هەیە تاوەکو لێى بکۆڵێتەوە، کاتێک ئەم بابەتە فەرامۆش بکات ئەوا بەهەڵەدا دەچێت. ڕاستییەکەى ئامێر ناکرێت لە وەزیفەیەکەى و هەروەها لە ئامراز جودا بکرێتەوە؛ وەسفکردنى ئامرازەکانیش بەشێوەیەکى تەکنۆلۆژى نابێت ئەوەمان بیر بباتەوە کە کاردابەشکردنى تێدایە و ئەم کاردابەشکردنە دەکرێت تاڕادەیەک پەرەبستێنێت و کاریگەرى لەسەر بەکارهێنانى ئامرازەکان و دەرەنجامەکانى و پرۆسەى هەموارکردنەوە و چاککردنیان دابنێت.
کەواتە پەیوەندییەکانى بەرهەمهێنان، سێ فاکتەر یان ڕەگەز بۆ شیکاریى کەشف دەکات، ئەوانیش: هەلومەرجە سروشتییەکان، تەکنیکەکان، ڕێکخستن و دابەشکردنى کارى کۆمەلایەتى. بەڵگەنەویستە ئەگەر بێتو ئێمە لەم شیکارییەوە دەستپێنەکەین، ناتوانین لە بونیادى کۆمەڵگە و چالاکیى تاکەکانى و دابەشبوونیان و ڕەوشە جیاوازەکانیان تێبگەین.
ئەم سێ ڕەگەزە ئەو شتە پێکدەهێنن کە مارکسیزم ناویان دەنێت هێزە بەرهەمهێنەرەکان لە کۆمەڵگەیەکى دیاریکراودا. بە تەواوەتیش ڕوونە هەریەکێک لەم ڕەگەزانە دەتوانن پەرەبستێنن و کامڵ ببن.
شێوازى قۆستنەوە و بەکارهێنانى سامانە سروشتییەکان لە ناوچەیەکى دیاریکراودا دەکرێت باشتر بکرێت، سامانى نوێ کەشف بکرێت و مرۆڤ شتانێکى سروشتى بەکاربهێنێت کە پێشتر شایەنى بەکارهێنان نەبوون: بەم جۆرە هەموو سامانە سەرەتایى و یەکەمییەکانى پیشەسازى کەشف کران، بایەخیان زیاتر دەرکەوت و بۆ گەشەسەندنى ئابووریى بەکارهێنران.
بە پاڵ چاککردنى ئامرازەکانەوە، ئاگاییش بە بەردەوامى خۆى لە داهێنانى تەکنیکى هەڵدەقورتێنێت بە بێ ئەوەى بتوانێت لە پرۆسە گشتییەکە جودا ببێتەوە، چونکە داهێنانى تەکنیکى تەنیا ئەو کێشانە چارەسەر دەکات کە لە تەکنیکە پشتپێبەستراو و بەکارهێنراوەکەى حاڵى حازردا هەن.
کاتێک ئامرازگەلى نوێ پەیدادەبن، کاریگەریى لەسەر پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان دادەنێن و پێویستیان بە دابەشکردنى نوێى هێزە مرۆییە زیندووەکان هەیە. سەرەڕاى ئەمەیش، لەم پێویستییە تەکنیکییانەوە، بە بەردەوامى ئەو بەرەنجامە پێشبینیى نەکراوانە دێنە بوون کە ناچینە ژێر بارى ئاگایى و ویستى چاودێریکردنى خەڵکییەوە. هەمان شت بەسەر هەموو گۆڕانێکى بەرهەمەکانیشدا دێت (بۆ نموونە، کاتێک سەنتەرەکانى بەرهەمهێنان و بازاڕ دەگوزارێنەوە، ئەوا بێبازاڕى و داتەپین تووشى هەموو ناوچەکە دەبێت). بێگومان ئەم دیاردەیە کاریگەرییەکى گەورەى هەیە لەسەر ترسى سروشتى کە تەنانەت لە ماوەى مۆدێرنەیشدا، بەهۆى ئەو گۆڕانانەوە کە ڕوویاندا، خەڵکانێکى زۆرى گرتەوە" هەروەها کاریگەرییەکى گەورەیشى هەبوو بۆ هێشتنەوەى بارودۆخەکە وەک خۆى لە ڕێگەى بەکارهێنانى ئامرازەکانى باوەڕى دۆگماییەوە.
لێرەدا پێویستە ئاماژەوە بەوە بدەین کە ئامرازەکان تەنیا ئەو کاتە پشتیان پێدەبەسترێت کە وەڵامى پێداویستییەکى دیاریکراو بدەنەوە. بەم جۆرە تەکنۆلۆژیا بەرەو ئەوە مل دەنێت جیاکاریى بکات لەنێوان داهێنان و خستنەگەڕى ئامرازێک لەلایەک و، پشتپێبەستن و مەوداى بڵاوبوونەوەى و ئەو پێداویستییانەى کە وەڵامیان دەداتەوە و ئەو نەریت و بیروباوەڕانەى کە دژ بە پشتپێبەستى ئامرازەکەن، لەلایەکى دیکە. دەبێت بەردەوام ئەوە دووپات بکەینەوە کە ڕەگەزى تەکنیکى بەتەنیا نییە و شایەنى دوورخستنەوە نییە. مارکس کە شیکارییەکەى تا ئاستێکى زۆر دەباتە پێش، پێش تەکنۆلۆژیستەکان کەوت و ڕیگاى لەبەردەمیاندا واڵا کرد.
ماناى وایە دەبێت دابەشکردنى کار و ئەو پەیوەندییانەى کە تیدا بەرقەرار دەبن، بە ڕەگەزێکى تایبەتى وەها دابنێین کە بۆ دوورخستنەوە و پەراوێزخستن ناشێن. دابەشکردنى کار بەرەنجامى تایبەت بە خۆى هەیە بە تایبەتى لەو کاتەوەى کە دابەشکاریى نێوان کارى مادى و کارى نا-مادى (وەزیفە کارگێڕى و ڕابەرابەتى و کولتوورییەکان) سەرهەڵدەدات. بەشى زۆرى ئەم بەرەنجامانە پەردەستێنن بە بێ ئەوەى ملکەچى پێشبینى و چاودێریى خەڵکى و کارگێڕییەکانیان ببن. کاتێک بەهرەمەندان لە جڤاتێکى کۆمەڵایەتیى دیاریکراودا ڕابەرایەتى چالاکیى ئەوانیتر دەگرنە دەست، ئەوا ماناى وایە پێشکەوتنێک ڕوویداوە. زۆرجار لە ڕەوتى بەرەوپێشچوونى مێژوودا تێبینیى دەکرێت ئەو بارودۆخانەى ڕێگە بەم پێشکەوتنە دەدەن، ڕێگە بە تاقمێک یان چینێکى دیاریکراویش دەدەن وەزیفە ڕابەرایەتییەکان مۆنۆپۆل بکەن؛ لەمیانى ئەمەوە، خەڵکانى هاوچەرخ زیاتر لە جارێک سەرسوڕمانى خۆیان بەم دەرەنجامانە دەربڕیوە.
لەم شیکارییەوە دەگەینە ئەو ئەنجامەى کە هێزە بەرهەمهێنەرەکان لە میانى مێژوودا پەرە دەستێنن، لەگەڵ ئاماژەدان بەوەى کە هەریەکێک لە ڕەگەزەکان لەنێو "گشت"دا ڕەوتى خۆى هەیە بە بێ ئەوەى بتوانرێت لەم گشتە دووربخرێتەوە.
هەروەها دەرەنجامێکى دیکە ئەوەیە کە گەشەکردنى ئەم هێزە بەرهەمهێنەرانە (واتە دەسەڵاتى مرۆڤ لەسەر سروشت)، لە میانى مێژوودا، دەست بە سیفەتەکانى ڕەوت و پێشڕەفتى مێژووەوە دەگرێت و دەیانهێڵێتەوە. لە ڕاستیدا پەرەسەندنى ئەم ڕەوتە ملکەچى چاودێری و ئاگایى و ویستى خەڵکى نابێت، ئەگەرچى مەسەلەکە پەیوەستە بە چالاکى و دەرەنجامەکانى ئەم چالاکییەى ئەوانەوە. داخۆ ئەمە ماناى سەرجەم مێژووى گەلان و دامودەزگاکان و ئایدیاکان نییە؟
ئەمە واتاى ئەوە نییە ئاگایى مرۆڤ نا-واقیعى و نا-چالاکە، بگرە پێچەوانەکەى ڕاستە. ئاگایى خۆى، لەمیانى ئەم ڕەوتە سروشتییەدا، بەشێوەیەکى سروشتى، لەدایکدەبێت و گەورە دەبێت و گەشەدەستێنێت، بەڵام ناگۆڕێت بۆ ئاگاییەکى کامڵ و مەعریفەیەکى عەقڵى کە بتوانێت کۆنترۆڵ و ڕابەرایەتى ڕەوتەکە بکات، تەنیا لە مارکسیزمدا و بەهۆى مارکسیزمەوە نەبێت.
گەشەسەندنى هێزەکانى بەرهەمهێنان و دەسەڵاتى مرۆڤ لەسەر سروشت، بە پلە و ئاستى جیاوازدا دەڕۆن. ئەم دەسەڵاتە لە ڕووى هێزەوە گوڕى نالێکچووى هەیە، ئەم هێزە بەرهەمهێنەرەى وا بەجۆرێک لە جۆرەکان نووستووە، نامۆ نییە بەرامبەر ئاستى ئەو کولتوورەى کە کۆمەڵگەیەکى دیاریکراو پێیگەیشتووە. نەخێر و هەزارجار نەخێر. ئەگەر هەموو کولتوورێک ڕەسەنایەتییەکى چۆنییەتى بنوێنێتەوە، ئەوا گریمانەى بڕێک لە سامانەکانیش دەکات. پەیوەندیى مرۆڤ بە سروشتەوە، واتە دەسەڵاتى مرۆڤ بەسەر سروشتدا، وا دەکات سەربەخۆییە ڕێژەکەى و هەروەها ئازادییەکەى و شێوازى مامەڵەکەى لەگەڵ سروشتدا مەرجدار بێت. ئەو پەیوەندییە باڵا و ئاڵۆزانەى کولتوور گوزارشتیان لێ دەکات، هەندێ پەیوەندیى سادە لەخۆ دەگرن، ئەویش پەیوەندییەکانى بەرهەمهێنانە. ناکرێت لە دەرەوەڕا ئەم پەیوەندییە ئاڵۆزانەى نێو بونیادى کۆمەڵگە ببەزێنرێن، کەواتە ناکرێت لەم کۆمەڵگەیە جودا بکرێنەوە و بە بێ کۆمەڵگە توێژینەوەیان لێ بکرێت.
کەوابێ گەشەسەندنى هێزەکانى بەرهەمهێنان، پلەکانى و ئاستەکانى کە پێیانگەیشتووە، بایەخێکى سەرەکیی مێژووییان هەیە: لە هەر وەختێکدا بێت بوونەوەرى کۆمەڵایەتى ]سوبێکت[ لە مرۆڤدا دروست دەکات و لەمەیشەوە چۆنییەکانى ئاگایى و کولتوورى مرۆڤ ڕۆدەنێت.
با ئێستا، توێژینەوە لە خودى ئەم واقیعە بکەین کە پێشتر باسمان لە گرنگییەکەى کرد و پەیوەستبوو بە دابەشکردنى کارەوە.
دابەشکردنى کار دەبێتە مایەى دەرەنجامى ڕاستەوخۆ، یان باشتر بڵێین، پەیوەستە بە دیاردەیەکى کۆمەڵایەتى پڕ بایەخەوە. ئەویش ئەوەیە کاتێک لە میانى پەرەسەندنى مێژووییەوەوە دابەشکردنى کار دێتە کایەوە، ئیدى موڵکایەتى تایبەتیش سەرهەڵدەدات؛ مارکس بەڵگەى ئەوە دێنێتەوە کە هەردوو گوزارەى دابەشکرنى کار و موڵکایەتى تایبەت، پەیوەندیى و پەیوەستییەکى دوولایەنە لەنێوانیاندا هەیە. ڕاستییەکەى، ئامرازەکان و کەرەستەکانى بەرهەمهێنان، دەکەوێتە دەستى کۆمەڵە و جڤات یان تاکەکەسە تایبەتییەکانەوە و هەر بەمەیشدا دەناسرێنەوە. هەمان چارەنووس بەسەر نیشتمان و خاکییشدا دەهێنن وەک دوو کەرەستەى بەرهەمهێنان. جگە لەمەیش، دابەشکردنى کار، لەم قۆناغەدا، واتە نایەکسانیى نێوان کرێکاران، بۆ نموونە وەزیفەکانى ڕابەرایەتى جیاوازە لە کارە مادییەکان.
ئەگەر مەسەلەکە پەیوەستبووایە بە پەرەسەندنى تاکەکەسییەوە، ئەگەر وەزیفە باڵاکان لە دەستى کەسانێکى شایستەتردا بووایەن، ئەوا هیچ زیانێک لە جیاکاریى نێوان کارە "بەرزەکان" و کارە "نزمەکان"ـى تاکەکان نەدەکەوتەوە. بەڵام سەرنج دەدەین جیاکاریى نێوان ئەم جۆرە کارانە، هاوڕێیە لە تەک پەیدابوونى موڵکایەتى تایبەتیدا، ئەم دوو دیاردە کۆمەڵایەتییەیش، لە میانى پەرەسەندنى مێژووییدا، کاریگەریى لەسەر یەکترى دادەنێن. وەزیفە بەرزەکان هەلى قۆرخکردنى کەرەستەکانى بەرهەمهێنان دەڕەخسێنن و ئینجا ئەم کەرەستانە دەبنە میرات و وەک خودى موڵکایەتى و لەگەڵ موڵکەکاندا دەگوازرێنەوە ]بۆ نەوەکانى دواتر[. بەم جۆرە دەبینین کارە نزم و سادەکان (کارە مادییەکان)، هاوکات، لە بازنەى موڵکایەتى و لە وەزیفە بەرزەکان دوورخراونەتەوە. بەڵام وەزیفە بەرزەکان ڕۆشنبیرەکان یان ئەوانەى بەهرەى سروشتییان هەیە، نایگرنە دەست، بەڵکو کۆمەڵەکان (و ئەو تاکەکەسانەى ئەم کۆمەڵانە پێکدەهێنن( دەیگرنە دەست، بە گوێرەى پێگەى خۆیان لە ڕێکخستنى موڵکایەتیدا. ماناى وایە تاکەکان بە پشتبەستن بە سامانە تایبەتییەکەیان، نەک بە پشت بەستن بە بەها کۆمەڵایەتییەکەیان دەگەنە پۆست و پلە کولتوورى و سیاسى و کارگێڕییەکان؛ ئیدى لێرەوە و لەم کاتەوە چینەکان دروست دەبن.
کاتێک مارکس وەها لە بونیادى کۆمەڵایەتى دەڕوانێت کە ڕێکخستنى موڵکایەتى و  وەزیفەکان و چینە کۆمەڵایەتییەکانە و، لە گۆشە نیگاى پەیوەندییەکەیان لەڕووى سروشتییەوە (واتە وەک هێزى بەرهەمهێنان) سەیریان ناکات، ئەوا ئەو ناوى دەنێت شێوازى بەرهەمهێنان.
بە گوێرەى ئەمەى وتمان، هێزە بەرهەمهێنەرەکان، ناتوانن لە شێوازەکانى بەرهەمهێنان سەربەخۆ بن، هەر ئەمەیشە، لە ڕووى مێژووییەوە، شێوازى بەرهەمهێنان دیاریى دەکات. بەم جۆرە ڕوون دەبێتە ئامرازەکان (ئامرازە تەکنیکییەکان) و دابەشکردنى کار، بەشێوەیەکى لەپساننەهاتوو پەیوەستن بە یەکترییەوە. لەگەڵ ئەمەیشدا ڕواڵەتەکان یان ڕەگەزانى ئەم ڕەوتە کامڵە جودا لەیەکتر دەمێننەوە و، دیاریکردنە دوولایەنەکەیان هەڵگرى هیچ سیفەتێکى میکانیکى نییە؛ هەندێ لە یەکترى سەربەخۆن و بە بەردەوامى کارلێک لەگەڵ یەکتریدا دەکەن، یەکێکیان گوزارشت لەویتریان دەکات. جا وەک چۆن دابەشکردنى کارى کۆمەڵایەتى، تاڕادەیەک، سەربەخۆ لە کەرەستە تەکنیکییەکان پەرەدەستێنێت، ئەوا شێوازى بەرهەمهێنانیش، تاڕادەیەک کەم یان زۆر، سەربەخۆ لە هێزە بەرهەمهێنەرەکان گۆڕانى بەسەردا دێت (یان گۆڕانى بەسەردا نایەت).
مارکس لە گەشەکردنى لەسەرخۆى هێزە بەرهەمهێنەرەکان و، لەمیانى شیکارییەکەى بۆ بونیادى دابەشکردنى کار و موڵکایەتى و وەزیفە کۆمەڵایەتییەکان و چینەکانەوە، بەدوایەکداهاتنى هەندێ شێوازى بەرهەمهێنانى دیاریکراوى لە مێژوودا زەق کردۆتەوە.
1-   با کۆمۆنەى سەرەتایى بخەینە ئەولاوە، بەم نزیکانە و لەمیانى ئەو ماوەیەدا کە لە پێش مێژووەوە بووە و لە میانى مێژوویشەوە، دەرکەوتنى شێوازێکى بەرهەمهێنانى باوکسالارانە دەبینین کە جۆرێکی دیاریکراو موڵکایەتى (موڵکایەتى خێزان بە مانا هەرە فراوانەکەى) تێدایە و بە وەزیفەکان و چینەکاندا دەناسرێتەوە (باڵادەستیى پیاوان و باڵادەستى پەتریارک یان سەرۆک خێزان...).
2-   دواى ئەوە ئابوورییەک دەبینین کە لەسەر کۆیلایەتى وەستاوە و مەرجدارە بە پێشکەوتنى تەکنیکیى وەها کە ڕێگە بە بەکارهێنانى قازانجخوازانەى کۆیلاکان دەدات. بەمجۆرە ئەم ئابوورییە بەرەو خوڵقاندنى چینى سەردەستان و بەرەو گواستنەوەى وەزیفە ڕابەرایەتییە سەربازى و سیاسى و وەزیفە کولتوورییەکان لە ڕێگەى میراتەوە دەچێت، هەروەکو موڵکایەتى؛ هەموو ئەمەیش لە کۆمەڵگەی پێشتردا هەبووە و ئینجا ئاڵۆزتر بووە.
3-   بەڵام ئابووریى فیوداڵى پشت بە بەکارهێنانى چینى سەربازیى (جەنگاوەر)ى جەماوەرى بەرهەمهێنەرى سەربەخۆ و پەیوەست بە زەوی (سەپانى کشتوکاڵى) دەبەستێت.
4-   بەڵام ئابووریى سەرمایەداریى شایەنى توێژینەوەیەکى تایبەتە کە بابەتى سەرەکیى ئابووریى سیاسییە.
ئەمە هیچ نییە جگە لە نەخشەیەکى زۆر گشتى، چونکە هەموو قۆناغەکانى مێژوو شێوازى بەرهەمهێنانى تێکەڵاو و سەیرى بەخۆیەوە بینیووە. ئەم بەدوایەکداهاتنە زنجیرەییە کە لە ڕێگەى پشێوییە ترسناکەکانەوە، پێشکەوتنى ئابووریى دەنوێنێتەوە، تەنیا تیۆرییانە وەدییهێنراوە و، لە باشترین بارودۆخى مێژووییدا گرنگیى بە ئەوروپاى ڕۆژئاوا داوە. شێوازەکانى بەرهەمهێنان بە بەردەوامى پێکەوە تێکەڵبوون و هێشتایش لەگەڵ یەکتریدا کارلێک دەکەن و کاریگەریى لەسەر یەکترى دادەنێن، بەنێو یەکتریدا دەچن و لە یەکترییش جیاوازدەبن. دواجار، هەر شێوازێکى بەرهەمهێنان، لە خۆیدا، وەکو فیوداڵیزم، چەند جیامەندییەکى ورد و چەند گۆڕانکارییەکى زۆرى هەیە: فیوداڵیزمى ئاسیایى جیاوازە لە فیوداڵیزمى ئەوروپایى.
هەروەها، هەر ڕێگەیەکى بەرهەمهێنان سەردەمى نەشونوماکردن و ترۆپک و داڕمان و قەیرانى کۆتایى بەخۆیەوە بینیووە (ئەمە وێڕاى قەیرانە ناوەکییە کاتییەکان یان قەیرانە قووڵترەکان کە لە میانى پەرەسەندنى ئەم شێوازەدا دەرکەوتوون).
لە کاتى شیکاریى هێزە بەرهەمهێنەرەکاندا، ناکۆکى و ململانێى مرۆڤ دژ بە سروشت  دەچنە ڕیزى یەکەمەوە.
لە میانى شیکاریى شێوازەکانى بەرهەمهێناندا، زۆر ململانێى و لێکدژى دەردەکەون؛ بەر لە هەر شتێک، ناکۆکیى چینە کۆمەڵایەتییەکان. ئەوەى لێرەدا سەرنج ڕادەکێشێت، ململانێى مرۆڤە دژ بە مرۆڤ و چەوساندنەوەى مرۆڤە لەلایەن مرۆڤەوە، ئەم دووانەیش وەک دیاردەیەکى سەرەکیى دەردەکەون.
مێژووى هەر یەکێک لە شێوازەکانى بەرهەمهێنان گەلیک ناکۆکى تراژیدیى بەخۆیەوە بینیووە. تاکەکان، لە هەر ماوەیەکى زەمەنیدا، کار دەکەن و دادەهێنن و ژیانى تاکەکەسییانەى خۆیان دەژین، هەندێ لە مومکیناتەکان وەدیى دەهێنن و لە ژێر ئاستى ناوەندى سەردەم و چینەکەیانەوە دەمێننەوە، یان تێیدەپەڕێنن –ئەوان هەموو ئەم شتانە دەکەن، بەڵام لەنێو چوارچێوەى شێوازى بەرهەمهێنان و لە بەر ڕۆشنایى ئەو بارودۆخانەدا کە بونیادە کۆمەڵایەتییەکە بۆیان دابینى دەکات. مێژوو، بەرەنجامى ئەو کارلێکەیە کە لەنێو دەستپێخەرییە تاکەکەسیییەکاندا دادەمەزرێت.
مارکس ئەو ڕەوتە هەستپێکراوەى کە لەسەر بنچینەى هەندێ پێشکەوتنى وەدیهێنراو لە هێزەکانى بەرهەمهێنانەوە مەیسەر دەبێت، ناو دەنێت پێکهاتە ]فۆرماسیۆن[ى ئابووریى-کۆمەلایەتى. لە توێژینەوەى هەر فۆرماسیۆنێکى ئابووریى-کۆمەڵایەتیدا ئەو کاریگەرییە کارا –سیاسى و کارگێڕى و دادوەرى و بڕوایى-ـیە دەردەکەوێت کە تاکەکەسە مەزنەکان لێى بەولاوەتر دەڕۆن، بەڵام لە هەلومەرجى کات و شوێن و سنوورەکانیاندا، واتە لەنێو هەلومەرجى شێوازى بەرهەمهێنان و چین و سنوورەکانیاندا.
ماوەتەوە ئاماژە بە هەندێ خاڵى گرنگیش بدەین کە کۆمەڵناسیى زانستى سەرنجى لێداون.
ڕەوتى مێژوویى تایبەتمەندییەکى سروشتى و ئوبێکتیڤى هەیە (ئەگەرچى ئاگایى مرۆیى، واتە تاکەکەسێتى هۆشمەند، تێیدا دروست دەبێت و دەردەکەوێت). لە هەر ماوەیەک لە ماوەکانى مێژوودا هێزە کۆمەڵایەتییەکان و حەقیقەتەکان لە چاودێرى و ویستى مرۆڤ قوتار دەبن، لە هەموو کاتێکیشدا بەرهەمى کارەکانى خەڵکى، بە تایبەتیش هى کەسە مەزنەکان، بەسەریاندا باڵ دەکێشێت.
ئەم تایبەتمەندییە ئوبێکتیڤە هۆکارى دەرکەوتنى فرەخودایى بوو، بەڵام ئاوێتەیشى نابێت. فرەخودایى، بە واتا بەرتەسکەکەى، تەنیا ئەو کاتە دەردەکەوێت کە ئەبستراکتەکان لە چاودێرى و بیرکردنەوە و ویستى خەڵکى قوتار دەبن. بەم جۆرە دەبینین بەهاى بازرگانى و سامان، لە خۆیاندا، هیچ نین جگە لە ئەبستراکتى چەندێتى: گوزارشتى ئەبستراکتى پەیوەندییە کۆمەڵایەتییە مرۆییەکان. بەڵام ئەم ئەبستراکتانە ماتریاڵى دەبنەوە و لە ژیانى کۆمەڵایەتى و مێژوودا وەک جەوهەر دێنە ناوەوە، لە دواجاردا دەگەن بەوەى باڵادەستى خۆیان درێژبکەنەوە لەبرى ئەوەى ملکەچ ببن؛ ئەو کاتە ڕەوتى سروشتى و ئوبێکتیڤ ماناى نوێ وەردەگرێت. مێژووى سامان و سەرمایە تاڕادەیەک هیچ نیە جگە لە مێژووى ئەبستراکتکردن، لەگەڵ ئەوەیشدا و سەرەڕاى ئەوەیش، ڕەوتى مێژوویى ئوبێکتیڤ و بابەتى زانستن.
لە لێکۆڵینەوەى فەلسەفیی ماتریاڵیستانەى دیالەکتیکیدا، ئەوەمان ڕوونکردەوە کە ڕەوتى کامڵ سی ڕواڵەتى هەیە: ڕواڵەتێکى سروشتیى زیندوو و خۆڕسک، ڕواڵەتى بیرکەرەوە، ڕوالەتێکى وەهمیى خەڵەتێنەر.
ئەم سێ ڕواڵەتە لە شیکاریى کۆمەڵناسیدا دەبینینەوە؛ پەیوەندیى کردەیى مرۆڤ لە سروشتەوە و تواناکەى کە لەگەڵ پەرەسەندنى ڕەگەزى مرۆییدا پەرەدەستێنێت، هەردووکیان ڕواڵەتى زیندوو و سروشتین. بەڵام ڕواڵەتى بیرکەرەوە، لە پەرەسەندنى تەکنیکى و پێکهاتنى مەعریفەى زانستیى و عەقڵ و کولتووردا خۆى دەنوێنێتەوە. دواجار، کاردابەشکردن بوار لە بەردەم دەرکەوتنى وەهمە باوەڕییەکاندا دەڕەخسێنێت. ڕاستییەکەى، کاتێک لەنێو چوارچێوەى دابەشکردنى کاردا، کارى کولتووریى ڕوو لە پسپۆڕى و تایبەتمەندبوون دەردەکەوێت، ئیدى ئاگایى (واتە تاکەکەسى هۆشیار) لە واقیع دەربازى دەبێت و وا وێنا دەکات ئەو جیاوازە لە ئاگایى جیهانى مرۆیى (ئاگایى مومارەسەى مرۆیى) و بەرەو تەمومژى بڕوایى دەڕوات. ئەم وەهمە هاوڕێیە لەگەڵ دیاردە کۆمەڵایەتییەکانى تردا، لێیان جیایە بەڵام ناتوانێت لێیان دابڕێت؛ ئەم وەهمە کارلێک دەکات و کاریگەریى لە سەرى دادەنرێت، بتە بڕواییەکان و ئەبستراکتە وەدیهاتووەکان جۆرێک لە ژیانى سەربەخۆ و ئوبێکتیڤ وەردەگرن، بە تایبەتیش لە ئایینەکان و ئەخلاق و میتافیزیکەکاندا. بتەکان دێنە نێو مێژوو و ژیانى فۆرماسیۆنى ئابووریى-کۆمەڵایەتییەوە، ئیدى بۆ ئەم فۆرماسیۆنە و لەمیانى چالاکیى تاکەکان و چینەکانەوە، دەبنە فاکتەرى سەرەکیى چالاک لە ڕووى فۆرماڵەوە، بەڵام لە ڕاستیدا خۆیان لاوەکین. بەم جۆرە، لە ڕووى کۆمەڵناسییەوە، ئەو شتە دیاریى دەبێت کە بەشێوەى فەلسەفى ناومان لێنا وازهێنان لە خود ]دەست لەخۆ بەردان[، ئەوە وەک ڕەوتێکى مرۆیى دەردەکەوێت کە ملکەچى هیچ مرۆڤێک نابێت.
مارکس کۆى دامودەزگا و هزرەکان، کە بەرەنجامى ڕووداو و دەستپێشخەرییە تاکەکەسییەکانن (واتە چالاکیى تاکەکەسە کارکەر و بیرکەرەوەکان) ناودەنێت سەرخانى کۆمەڵگە کە لە چوارچێوەى بونیادێکى کۆمەڵایەتیى دیاریکراودا مەیسەر دەبێت. کەواتە، سەرخان، بە تایبەتى، ئەمانە لەخۆ دەگرێت: دامەزراوە یاسایى و سیاسییەکان، بیروباوەڕەکان، بتە بڕواییەکان... سەرخان گوزارشتە لە شێوازى بەرهەمهێنان واتە لە پەیوەندییە موڵکایەتییەکان (لە میانى کارلێکى ئاڵۆزى تاکەکانەوە). بیروباوەڕەکان گوزارشت لەم پەیوەندییانە دەکەن، بە تایبەتیش کاتێک دیاردە بڕواییەکان تایبەت بن بە شاردنەوەى ئەم پەیوەندییانە.
کەواتە لێرەدا سێ ڕەگەزیش هەیە: هێزە بەرهەمهێنەرەکان، شێوازى بەرهەمهێنان و سەرخان. ئەم ڕواڵەت یان ڕەگەزانەى تایبەتن بە هەر فۆرماسیۆنێکى ئابووریى-کۆمەڵایەتى، لە یەکترى جودان ئەگەرچى پێکیشەوە پەیوەستن، واتە لە کارلێک و ناکۆکیى بەردەوامدان؛ بۆ نموونە، یاساى نوێ پەیوەندییە موڵکایەتییە سەرمایەدارییەکان یاساغ دەکات و هەوڵ دەدات لەو بنەما ئەبستراکت و ئەخلاقییانەوە ئەنجامگیرییان بکات کە خەڵکى وا فانتازیاى دەکەن باڵا و گشتگیرن، لەمەیشدا فرەزۆرى و سەرمایەیان لەگەڵ موڵکایەتى تایبەت و موڵکایەتى کەرەستەکانى بەرهەمهێنان، ئازادیى کار و ئازادیى چەوساندنەوەى کار، چەوساندنەوەى مرۆڤ و وەبەرهێنانى سروشتدا لێ تێکەڵ دەبێت، ئەم یاسا نوێیە یاسا تایبەتییەکانى ئەم شێوازە دیاریکراوەى بەرهەمهێنان کۆدەکاتەوە و ئیدى بەم جۆرە ئەم یاسایە جۆرێک ژیانى تایبەتى خۆى دەژى و بە بەردەوامى کاریگەریى لەسەر ئەو بونیادە دادەنێت کە خۆى بەشێکى دانەبڕاوە لێی.
ئەو صیرورەیە لە کوێوە دێت کە لە ڕێگەى لێکدژییەکان و ناکۆکییەکان و کارلێکى فاکتەرە بەیەکداچووەکانەوە، پاڵ بە هەر شێوازێک لە شێوازەکانى بەرهەمهێنانەوە دەنێت تاوەکو بەرەو گەشەسەندن و لوتکە و ئینجا بەرەو داڕمان بڕوات؟
ڕەگەزە کامڵەکانى ڕەوت و ڕێڕەوەکە هاوتا نین. مەسەلەکە قومارکردن نییە تەنیا لەسەر سێ ڕواڵەتەکە کە هاوئاستن، ئەگەرچى لە یەکترییش جیاوازن. لەنێوان ئەم سێ ڕواڵەت یان سێ ڕەگەزەدا، یەکێکیان لەوانیتر سەرەکیترە، ئەوەیان هۆکارى صیرورەکەیە. ڕەگەزى سەرەکیى بریتییە لە پەیوەندیى مرۆڤ بە سروشتەوە و ڕادەى باڵادەستیییەکەى بەسەر سروشتدا، واتە پەرەسەندنى هێزەکانى بەرهەمهێنان. شێوازى بەرهەمهێنان هیچ نییە جگە لە ڕێگەى ڕێکخستنى هێزە بەرهەمهێنەرەکان لە ماوەیەکى دیاریکراودا. سەرخان، پەیوەندییە مرۆییە پشتپێبەستراوەکانى شێوازێکى دیاریکراوى بەرهەمهێنان هەژمار دەکات و کۆیان دەکاتەوە و ڕێکخیان دەخات یان (بڕواییانە) ئاڵوگۆڕیان دەکات، کاریگەرییش لەسەر پەیوەندییەکانى بەرهەمهێنان دادەنێت و بەرەو پێشکەوتنیان دەبات (بۆ نموونە بەهۆى دەوڵەتى سیاسییەوە)، یان، بە پێچەوانەوە، دەیانخاتە چەقبەستن (بۆ نموونە سیاسەتى کۆنەپارێزى)، بەڵام خۆبەخۆ، هیچ شتێک ناخوڵقێنێت؛ هەروەها ئەم سەرخانە تێکەڵەیەکى لێکدژ لە مەعریفەى واقیع و وەهم لەبارەى ئەم واقیعەوە، دەنوێنێتەوە، بەڵام واقیعێکى سەربەخۆ نانوێنێتەوە.
هێزە بەرهەمهێنەرەکان، لە هەموو کاتێکى گەشەسەندنەکەیدا، ئەو بنەوانە پێکدەهێنێت کە پەیوەندییەکانى بەرهەمهێنان و سەرخان لەسەرى دەوەستن. کاتێک هێزەکانى بەرهەمهێنان بەرەو پێشەوە قەڵەمباز دەدەن (بە تایبەتى لە ئەنجامى پێشکەوتنى تەکنیکییەوە) ئەوا شێوازى پەیڕەوکراوى بەرهەمهێنان تێدەپەڕێنن. داخۆ ئاوا ئەم شێوازى بەرهەمهێنانە بەشێوەى سروشتى لەبەین دەچێت و نەمێنێت؟ بەڵێ و نەخێر. بەڵێ بەو واتایەى ئەو کاتە –بەحەتمى و بەشێوازێکى سروشتیى ئوبێکتیڤ ملکەچى ئاگایى و ویست نابێت- دەچێتە قۆناغى داڕمان و قەیرانى کۆتاییەوە. نەخێر، بە واتاى ئەوەى ئەو کاتە سەرخان و بیروباوەڕ بەڵگە بۆ سەربەخۆیى ڕێژەیى خۆیان دەهێننەوە. بەو ئەندازەیەى کە تاکەکەسە کارکەرەکان و بیرکەرەوەکان، کە دەچنەوە سەر چینە باڵادەستەکان، لە شێوازى بەرهەمهێنانەکە بە ئاگا دێنەوە ئەوا ئەوەندەیش لەگەڵیدا دەچنە ململانێوە و جووڵەکەى دوادەخەن یان ڕایدەگرن و شێوازێکى بەرهەمهێنان دەهێڵنەوە کە زەمەن خۆى و سەرخانەکەیشى تێپەڕاندووە. بە چ کەرەستەیەک؟ بەهۆى بیروباوەڕەوە کە ئەو کاتە ڕۆڵى خۆى پاساو دەدات، ئەویش شاردنەوەى شتە سەرەکى و بنەڕەتییەکەیە لە ڕەوتى مێژوودا لە پشتى ڕواڵەتەکانەوە، هەروەها شاردنەوەى لێکدژییەکان و هەڵوەشاندنەوە و چارەسەربوونى ئەم لێکدژییانەیە، واتە شاردنەوە و تێپەڕاندنى شێوازە پشتپێبەستراوەکەى بەرهەمهێنان لە ژێر پەردەى چارەسەرە ساختەکاندا.
بۆ نموونە، بیروباوەڕى دەرەبەگایەتى ئاوا ئیشى کردووە و بیروباوەڕى سەرمایەدارییش هەر بەو جۆرە دەکات.
لەم ڕوانگەیەوە، کۆمۆنیزم بەم جۆرە دیاریى دەکرێت: گەشەسەندنى هێزە بەرهەمهێنەرەکان بە بێ هەبوونى سنوورى ناوەکى، چینە کۆمەڵایەتییەکان تێدەپەڕێنێت و پەیوەندییەکانى بەرهەمهێنان بەجۆرێکى عەقڵانى ئاگامەندانەى ملکەچ بۆ چاودێریى ویست و فیکر ڕێکدەخات کە بگونجێت لەگەڵ ئەو ئاستەى هێزە بەرهەمهێنەرەکان پێیى گەیشتوون.
دواجار، مەعریفەى عەقڵى، کە کۆنترۆڵى هەموو ڕەوت و پرۆسێسەکە دەکات، لێکدژییە کۆمەڵایەتییەکان هەڵدەوەشێنێتەوە. 

سەرچاوە:
هنري لوفيفر، الماركسية، ترجمة: جورج يونس، مؤسسة نوفل للطباعة و النشر، المؤسسة العربية، سلسلة "ماذا أعرف" 14، بيروت، 2002.   

تێبینى: ئەم وتارە لە کتێبى "مارکسیزم؛، پرۆژەى چەمکە فەلسەفییەکانى دەزگاى ئایدیادا بڵاوبۆتەوە. 

No comments:

Post a Comment