My Blog List

بابه‌ته‌ نوێیه‌كان

خۆرهەڵات و فەلسەفە

Friday 13 December 2013

عەقڵەكانی فەرەنسا و دەردەكانی ژیار

هاشم ساڵح
وەرگێڕانی: هاوار محەمەد

 گۆڤاری "جیهانی ئایینەكان" كەوا مانگانە لە دەزگای ڕۆژنامەی بەناوبانگی "لۆمۆند"ی فەرەنسییەوە دەردەچێت، سەرنجی منی ڕاكێشاوە. ئەوەی لە گۆڤارەكەیش زیاتر سەرنجی ڕاكێشاوم بیرمەندی درەوشاوە "فریدریك لۆنوار"ی سەرنووسەرییەتی. لە "لۆنوار"دا پوختەی هزری فەرەنسی و ئەوروپی پێكەوە ڕەنگیان داوەتەوە. ئەو بە تەواوی بەسەر جیهانی ئیسلام و سەرجەم ئایینەكانی تریشدا كراوەیە. ڕاستە مەجامەلە و ڕووپاماییمان بۆ ناكات، بەڵام بە شێوازی خۆی زۆر بە ڕاشكاوی لەگەڵمان ئەدوێت: هاوڕێت ئەوەیە ڕاستیت پێ‌ ئەڵێت نەك ئەوەی باش و خراپت بە ڕاست ئەزانێت. بەم حاڵەیش ئەو بە زمانێكی نەرم و نیان و پڕ خۆشەویستی قسەت لەگەڵ ئەكات، بێ‌ هیچ باكگراوندێكی خێڵەكی یان ڕەگەزپەرستیی خۆبەگەورەزان. هەر ئەمەشە ئەو لەو دەم بە هاوارانەی تری ناوەندی فەرەنسی و ڕۆژئاوایش بە گشتی، جیا ئەكاتەوە.
     ئەم سكۆڵەرە گەنجە چەند كتێبێكی دوا بەدوای یەك دەركرد بوونە مایەی سەرنج لێدان. دوا كتێبیشی بە ناوی "چارەسەری جیهان یان سارێژی جیهان". وایە، جیهان نەخۆشە و پێویستی بە چارەسەرە. نەك هەر جیهانی عەرەبی- ئیسلامی بەڵكو هەموو جیهان نەخۆشە! لێرەدا ناچمە ناو وردەكارییەوە، تەنیا ئەوە دەڵێم ئەو لەو كتێبەدا دەردەكانی ژیاری هاوچەرخی دەستنیشان كردووە. ڕەنگە بڵێن: "بۆچی دەردی ژیاری و دەردی نا-ژیارییش هەیە؟ ئەم ئاژاوەیە چییە؟ یان دەرد هەیە یان نییە و بڕایەوە. تكایە، لە قسە بێ‌ سەروبەرەكانت و كەڵكەڵە سەفسەتەییەكانت قوتارمان بكە! ناشێ‌ مەبەستت ئەوە بێ‌ كە عەرەب و موسوڵمانان تووشی دەردی بێ‌ ژیاری بوون و فەرەنسا و ڕژئاوایش دەردی ژیاریی؟" منیش ئەڵێم بەڵێ‌، ڕێك ئا ئەوەم مەبەست بوو. دەردە ژیارییەكان بەرەنجامی ئاوسان و زێدەڕوی و لادانی ژیارەكەیە لە سكەی خۆی، دەردە ناژیارییەكانیش هەر بەرەنجامی زێدەڕەوی لە دەستگرتن بە كۆن و ترادسیۆن و لادان و پەڕگیرییەكەیەوەیە. جۆری یەكەمیان بۆیە تووشی ژیاری ڕۆژئاوا بووە چوون گەیشتۆتە لوتكەی پێشكەوتنی زانستی و تەكنۆلۆژی و پزیشكی و شارستانی. جۆری دووەمیان ئێمەی خەڵكانی دواكەوتووی باشوور یان (بۆ ئەوەی نەختێك نەرمتر بیڵێن) تازەگەشەكردوو دووچاری هاتووین. بەم جۆرە، دەكرێت هەم دەستنیشانی نەخۆشییەكانی عەرەب و ئیسلام بكەین و هەمیش ڕۆژئاوا. ڕاستییەكەی ئێمە پێمان وایە هەر ژیارێك كە تیماری هەموو دەردەكانی دەكات، یەكسەر هەندێ‌ دەردی پێشبینینەكراوی تری تووش دەبێ‌. بێگومان مۆدێرنیزم كۆمەڵگە پێشكەوتووەكانی لە زۆر دەرد ڕزگار كرد، وەك هەژاری و برسێتی و خێڵایەتی، ژیانێكی خۆشگوزران و تەندروستییەكی خۆڕایی بۆ زۆرینەی دانیشتووانەكەی وەدی هێنا. بەڵام هەندێ‌ نەخۆشیی تری تووش كرد كە لایەنی كەمیان لە پەرستنی پارە و گوێرەكەی ئاڵتوونی،  نوقومبوون لە ئاڵۆش و چێژەكانی خۆیاندا، تا ڕادەی هوتافكێشان بۆ هۆمۆسێكسواڵەكان و دروستكردنی گروپەكانیان، وەك لوتكەی پێشكەوتنی ژیارەكە خۆی دەنوێنێت! بەڵام با لێرەدا لەسەر خاڵێكی گرنگ بوەستین تا تاقی بكەینەوە. ئەویش خاڵی ناكۆكی ئێمە ئەوان هەر لەو كاتەوەی كە مۆدەی هێرشكردنە سەر ئیسلام و پێغەمبەرەكەی –درودی خوای لێ‌ بێت- لە ڕۆژئاوا بڵاوبویەوە و بووە باو، جا چ لەڕێگەی وێنەی سووكی كاریكاتۆرییەوە بێت یان بەهۆی فیلمی قێزەونی سینەمایی یان هەوڵدان بۆ سوتاندنی هەزاران نوسخەی قورئان بە دەستی قەدیسێكی دەمارگرژی ئەمریكی.. ئایا فریدریك لونوار پشتیوانی لەم كردەوانە دەكات؟ هەرگیز نەخێر. بە پێچەوانەوەی دەزگا ڕاگەیاندنە بێ‌ نرخەكان و ڕۆشنبیرە خۆفرۆشەكانەوە بە تووندی سەرزەنشتیان دەكات. سنوورەكانی ئازادی و ئازادی ڕادەربڕین چین؟ ئایا سنووریان هەیە یان نا؟ بۆ ئەوەی وەڵامی ئەم پرسیارە بدەینەوە دەبێت فەلسەفەی عەقڵی ڕۆژئاوایی بهێنینە بەرچاو.
     فریدریك لونوار وای دەبینێت ڕەگەزپەرستی كوێرانە زۆر بە باشی لەلایەن فەیلەسوفە ڕۆشنگەرەكانی سەدەی هەژدەوە شیكراوەتەوە و شرۆڤە كراوە؟ ئەوان لەپێناو ئازادیی ویژدان و  بیروباوەڕ لەو كۆمەڵگایانەدا تێكۆشان كە تا ئێستایش فەندەمێنتالیزمی مەسیحیی تێیدا زاڵە. ئینجا گرەویان لەسەر ڕۆحی خۆیان كردووە و بەرپرسیارێتییەكانیان هەڵگرتووە. بە هۆی ئەوانەوە، خەڵكانی ئەوروپا لەمڕۆدا دەتوانن، بە كەیفی خۆیان سەرزەنشت بكەن یان نەكەن، ڕۆژی یەك شەممە بچن بۆ كەنیسە یان هەرگیز نەچن، كەچی هەر هاونیشتمانین و هەموو مافە مەدەنییەكانیشیان پارێزراوە. خۆ ئەمە لەسەردەمی ڤۆلتێر و ڕۆسۆ و دیدرۆ و كانتدا مەحاڵ بوو. ئەمەش واتەی ئەوەیە ئەوان خۆیان بەرهەمی هەوڵ و ماندووبوونەكانی خۆیان نەچنییەوە، بەڵكو نەوەكانی دوای خۆیان لێی بەهرەمەند بوون. بەڵام ئەم پێگەیەی كە ئەمڕۆ ڕۆشنبیرەكان لە ڕۆژئاوا هەیانە ڕۆشنبیرەكانی عەرەب نیانە، چوونكە فەندەمێنتالستی توندڕەو باڵادەستە و هەمووانی تۆقاندووە. بە واتایەكی تر ڕۆشنبیرەكانی عەرەب لە ئێستادا لە هەمان ئەو دۆخەدا دەژین كە بەر لە دوو سەد ساڵ ڕۆژشبیرەاكانی ڕۆژئاوا تێدا بوون. هەر لەبەرئەمەیش دەبێت ڕۆشنگەری لە ئەوروپای ڕۆژئاوا و ئەمریكای باكوردا گیر نەخوات و بڵاوببێتەوە و درێژببێتەوە، واتە بە گشتی لە كۆمەڵگە پێشكەوتووەكاندا گل نەخواتەوە.
لە قسەكانی ئەو بیرمەندە گەنجە فەرەنسییەشەوە (واتە فریدیریك لونوار) هەر ئەمە تێدەگەین. بەڵام ئەی چی دەربارەی ئازادیی ڕادەبڕینی ڕۆژئاوایی؟ ئایا ئازادی ڕادەربڕین سووكایەتیكردن بە پێغەمبەران و ئایینەكانیش دەگرێتەوە، وەك ئەوەی توندڕەوە دڵگەرمەكانی ڕۆژئاوا دەیكەن؟ ئەو لێكۆڵەرە وەڵامی ئەم پرسیارە بێ‌ چەند و چوون بە "نـا" دەداتەوە. ئازادی بیركردنەوە كەوا فەیلەسوفەكانی ڕۆشنگەری بە تووندی لەبەرامبەر فەندەمێنتالیزمی مەسیحیدا بەرگرییان لێ‌ دەكرد، هەرگیز ڕێ‌ بەوە نادات هێرش بكرێتە سەر ڕەمزە گەورەكان و بیروباوەڕە سەرەكییەكانی ئەوانی تر. بۆ نموونە ئایا من مافی ئەوەم هەیە سوكایەتی بە بودا بكەم و هەست و سۆزی ملیۆنان خەڵكی بودایی بڕوشێنم؟ سوودی ئەمە چییە؟ بە چ هەقێك ئەمە بكەین؟ من مافی ئەوەم هەیە توێژینەوەیەكی مێژوویی لەبارەی كەسایەتی بودا و بیروباوەڕەكەی ئەنجام بدەم. ئا لەمەدا جیاوازی هەیە لەنێوان ڕەخنەی بەرپرسیارانە و برینداركردنی لە خۆڕای كەسایەتییەكە. جا بۆیە ئەگەر فەیلەسوفەكانی ڕۆشنگەری بهاتبانەیەوە ئەم سەردەمە ئەوا هەموو وێنە كاریكاتۆرییەكان و هەموو فیلمە سەخیفەكان و هەموو هەوڵەكانی سوتاندنی قورئانی پیرۆز بە دەستی توندڕەوێكی ڕۆژئاواییان قەدەغە دەكرد و لە بری ئەوەیە توێژینەوەی قووڵی فەلسەفییان لەبارەی ترادسیۆنی ئیسلامییەوە ئەنجام ئەدا. وەنەبێ‌ ئەمەش نەكرابێ‌، زۆر لە گەورە زاناكان و ڕۆژهەڵاتناسە ئەكادیمییەكان ئەم كارەیان كردووە. وێڕای ئەوەش ئەم كارە برینداركەرە ناشیرینانە دەبێتە مایەی بەرەنجامی پێچەوانە. بەو واتایەی ئەمە هێزی توندڕەوەكان لە جیهانی ئیسلامیدا زیاد دەكات و ڕۆشنگەرەكانیش تا دوا ڕادە وەڕز دەكات. بێجگە لەمە بەرەنجامی تریشی هەیە، وەكو هەڵچوون و ڕاستبوونەوەی ئاپۆرە، بگرە دەبێتە مایەی كوشتن و برینداركردنی كەمینە مەسیحییەكان لە دنیای ئیسلامدا. ئەمەش واتای ئەوەیە توندڕەوی هاوپەیمانێكی بابەتییانەی توندڕەوییە. هەر وایە، توندڕەوەكانی ئەوان توندڕەوەكانی ئێمە دەخرۆشێنن! بەڵام، وا ئێمە بەهۆی دواكەوتنی مێژوویی و جەهل و هەژارییەوە گیرمان خواردووە، ئەی ئەوان چی؟

سەرچاوە:
ڕۆژنامەی (الشرق الأوسط)، ژمارە (12771) نۆڤەمبەری 2013.
      

فه‌لسه‌فه‌ی كۆچه‌ری

ئه‌نوه‌ر موغیس
وەرگێڕانى: هاوار محه‌مه‌د

وا باشتر بوو دۆلۆزی به‌ خۆی بڵێت فه‌یله‌سوفی كۆچه‌ر Nomade وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ ئه‌و خواسته‌ی كه‌ به‌ ئه‌نقه‌ست نایه‌وێت ڕێباز و هێڵێكی دیاریكراوی فه‌لسه‌فی و بابه‌ت و پرسگه‌لێكی تایبه‌ت بۆ نووسین و كتێبه‌كانی هه‌ڵبژێرێت. دۆلۆز له‌ ئاماژه‌یه‌كی كانته‌وه‌ ئه‌م ناوه‌ی وه‌رگرتووه‌، كانت له‌ كتێبی "ڕه‌خنه‌ی عه‌قڵی په‌تی"ـدا به‌ خێرایی باس له‌ سه‌رهه‌ڵدانی گومانگه‌رایی له‌ فیكری یۆنانی و له‌نێوبردنی كاتیگۆرییه‌ جێگیره‌كانی میتافیزیكا ده‌كات، به‌ ده‌ستی گۆچه‌ره‌كان.
«مه‌مله‌كه‌تی میتافیزیك له‌ سه‌ره‌تادا سته‌مگه‌رایی بوو، پاشان به‌ ته‌واوه‌تی بووه‌ فه‌وزا و جه‌نگی قورسی تێدا هه‌ڵگیرسا، ئیدی گومانگه‌راكان هاتن، كه‌ جۆرێك له‌ كۆچه‌ربوون و هه‌ر جێگیربوونێكیان له‌سه‌ر زه‌مینێك ڕه‌تده‌كرده‌وه‌ تاوه‌كو په‌یوه‌ندییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بپچڕێنن»، ئه‌مانه‌ نیشتمانێكیان نه‌بوو.
ڕووته‌ختی كۆمه‌ڵایه‌تی لای دۆلۆز شوێنی به‌ یه‌كگه‌یشتن و یه‌كتربڕینی كۆمه‌ڵێك هێڵی به‌یه‌كداچووه‌ كه‌ سیسته‌می كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌وڵده‌دات له‌ چوارچێوه‌یه‌كی بنچینه‌ و بناغه‌داری بگرێت، ئه‌ویش له‌ ڕێگه‌ی پرۆسه‌ی به‌نیشتمانكردن یان بەقەڵەمڕەوییکردن territorialisationـەوە. كۆچه‌ره‌كان ئه‌وانه‌ن له‌م ڕووته‌خته‌دا به‌دوای ئه‌و هێڵانه‌دا ده‌گه‌ڕێن كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ بتوانن بۆ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م چوارچێوه‌ بناغه‌داره‌ ڕەقە هه‌ڵبێن، بۆیه‌ كۆچه‌ره‌كان به‌ پرۆسه‌ی كۆچی به‌رده‌وام و بێ نیشتمانى و لەقەڵەمڕەوییخستن déterritorialisation ڕووبه‌ڕووی نیشتمانسازیی و بەقەڵەمڕەویکردن ده‌بنه‌وه‌.
ئه‌م میكانیزمه‌ له‌ بواری سیاسه‌ت و ئه‌ده‌ب و هونه‌ریشدا كار ده‌كات. بۆ نموونه‌ له‌ ڕوانگه‌ی دۆلۆزه‌وه‌، هونه‌ر چه‌مكێكی بێ مه‌دلول و بێ ڕاستگۆییه‌ [لێره‌دا چه‌مك به‌ تێگه‌یشتنه‌كه‌ی دۆلۆز] ئێمه‌ ناتوانین كۆمه‌ڵێك خه‌سڵه‌تی جه‌وهه‌ریی دیاریی بكه‌ین تا به‌هۆیانه‌وه‌ ده‌ستنیشانی ئه‌و بابه‌تانه بكه‌ین كه‌ گوایه‌ بابه‌تی هونه‌رین، یان ئه‌وه‌ی هونه‌رییه‌ له‌وه‌ جیا بكه‌ینه‌وه‌ كه‌ نا-هونه‌رییه‌. هونه‌ر نابێته‌ هونه‌ر هه‌تا پرۆسه‌ی هه‌ڵكه‌ندن و كۆچه‌رێتی و ده‌رچوون له‌ چوارچێوه‌ی بناغه‌یی ئه‌ندام نه‌دات، واته‌ هونه‌ر ئه‌و كاته‌ هونه‌ره‌ كه‌ ببێته‌ هێڵی هەڵهاتن Lignes de fuite. ئه‌م پێناسه‌یه‌ واتای ئه‌وه‌ نییه‌ هونه‌ر په‌ناگه‌یه‌كه‌ بۆ په‌نادانی مرۆڤ له‌ زه‌بری سیسته‌مه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كه‌ی، یاخود گوایه‌ ئێمه‌ له‌ ژیان ده‌كشێینه‌وه‌ و خۆمان له‌ هونه‌ردا ده‌پارێزین وه‌ك لای ئه‌دۆرنۆ، به‌ڵكو هێڵی هه‌ڵهاتن لای دۆلۆز ئه‌و كاته‌ ده‌بێته‌ هێڵی ڕاسته‌قینه‌ی هه‌ڵهاتن كه‌ ڕووبه‌ڕووی سیسته‌مه‌ گشتییه‌كه‌ ببێته‌وه‌ و ده‌ستكاریی چوارچێوه‌ بناغه‌ییه‌كه‌ بكات. به‌ گوێره‌ی ئه‌م بۆچوونه‌ دۆلۆزییه‌ هونه‌ری شۆڕشگێڕی نابێته‌ جۆرێك یان فۆرمێك یان یه‌كێك له‌ ده‌ركه‌وته‌كانی هونه‌ر، به‌ڵكو هونه‌ر به‌ سروشتی خۆی شۆڕشگێڕییه‌، هونه‌رمه‌نده‌كانیش كۆچه‌ره‌كانن و بێوچان به‌دوای هێڵه‌كانی هه‌ڵهاتندا ده‌گه‌ڕێن.
كۆچه‌ره‌كان هه‌میشه‌ جه‌نگاوه‌ره‌ مه‌زنه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌ت بوون. بۆیه‌ هه‌میشه‌ چه‌مكی كۆچه‌ری لای دۆلۆز په‌یوه‌سته‌ به‌ چه‌مكی "ماشێنى جه‌نگ"ـه‌وه‌ Machine de guerre، ئه‌م گوازاره‌یه‌ ئاماژه‌ نییه‌ بۆ جه‌نگ به‌ مانا باوه‌كه‌ی "جه‌نگ ته‌نها ئه‌و كاته‌ ڕووده‌دات كه‌ ده‌وڵه‌ت ئامێری جه‌نگ مۆنۆپۆل بكات" دۆلۆز وا دەڵێ. چونكه‌ کە ئەمە ڕوودەدات ئیدى داهێنان ڕه‌تده‌كرێته‌وه‌ و هێزی خولقاندن وێران ده‌كرێت، به‌ڵام ئامانجی ماشێنى جه‌نگ لای كۆچه‌ره‌كان دروستكردنی پانتاییه‌كی فراوانتره‌ بۆ پرۆسه‌كانی كۆچكردن له‌ به‌رامبه‌ر پانتاییە سنووربه‌نده‌كاندا كه‌ سیسته‌مه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كه‌ دروستی ده‌كات تاوه‌كو هه‌ڵقوڵانه‌كانی ئاره‌زوو له‌نێویدا نیشته‌جێ و کەناڵێزە بکات. كه‌واته‌ ماشێنى جه‌نگ جۆرێكه‌ له‌ بەرەنگاریى سیاسی به‌ڕووی ده‌زگای ده‌وڵه‌تدا، به‌ڵام فۆڕمێكی نوێیه‌ و جیاوازه‌ له‌ فۆڕمی به‌رەنگاریی پرۆژه‌ گه‌وره‌ شۆڕشگێڕییه‌كان له‌ سه‌ده‌ی نۆزده‌دا. فۆڕمێكه‌ كه‌ ئاراسته‌یه‌كی دیاریكراوی نییه‌، له‌ كایه‌یه‌كدا كورت نابێته‌وه‌، ڕووبه‌ڕووی ده‌وڵه‌ت ده‌بێته‌وه‌ نه‌ك بیه‌وێت ده‌ستبه‌سه‌ر ده‌وڵه‌تدا بگرێت و درێژه‌ی پێ بدات. له‌ ژێر كاریگه‌ری دۆلۆزدا كۆمه‌ڵێك گروپی جیاجیای میوزیك و سیاسه‌ت و پزیشكیی ئه‌لته‌رناتیڤ ناوی كۆچه‌ریان له‌خۆیان نا، ئه‌وه‌یش وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ ئه‌و به‌رەنگارییه‌ی كه‌ له‌ هه‌موو شوێنێكه‌وه‌ هه‌ڵده‌قوڵێت. ‌   

Thursday 12 December 2013

سێ‌ تێز دەربارەی مەرگ

هاوار محەمەد
( 1 )
سیگمۆند فرۆید: مەرگ وەك بێگانە

"ئێدگار ئالان پۆو" لە چیرۆكێكیدا بە ناوی "دەمامكی مەرگی سوور" حیكایەتێك دەگێڕێتەوە كە ئەمە پوختەیەكەیەتی: لە نێو شاردا پەتایەكی نا ئاسایی مەرگی سوور (تاعون) بڵاو بۆتەوە و تەنیا بە نیو كاتژمێر تووشبووەكە دەكوژێت، كاتێك نیوەی خەڵكی شارەكە بەم تاعونە دەمرن، ئەمیر (پرۆسپرو) بۆ خۆپاراستن و هەڵهاتن لە مەرگ لەگەڵ كۆمەڵێك لە دارودەستە متمانە پێكراوەكانیدا بۆ یەكێك لە دێرە كۆنەكانی شارەكە هەڵدێن، دێرەكە بە شێوەیەكی هەندەسی زۆر ورد و توندوتۆڵ دروست كراوە كە دزەكردنی هەر شتێك لە دەرەوەی دێرەكە بۆ ناوەوەی دێرەكە مەحاڵە، دێرەكە زیاتر لە قەڵا دەچێت. پاش پێنج مانگ ژیانی ئاسایی لە دێرەكەدا ئەمیر بۆ دوورخستنەوەی تارمایی مەرگ لە زەینی دارودەستەكەیدا بڕیار دەدات ئاهەنگێك بۆ سەرگەرمی ڕێك بخات و سەماكارەكان سەما بكەن و شەراب ناو دێرەكە بكاتە فەزای مەستی. لە كاتی ئاهەنگەكەدا دەنگ و باس وا بڵاودەبێتەوە كەسێكی بێگانە و نائاسایی بە دەمكێكی سوورەوە دزەی كردۆتەوە ژوورەوە. بەهەحاڵ ئەوەی دزەی كردۆتە نێو دێرەكەوە مەرگ خۆیەتی, مەرگی سوور، تاعون..
ئەم چیرۆكەی ئالان پۆو هێندەی باس لە خۆدزینەوە لە مەرگ دەكات هێندە باس لە حەتمیەتی مەرگ ناكات. مەرگ حەتمییەتی سروشتییە و بۆ هەمووان بەدیهییە، بەڵام لەنێو حەتمیەت و بەداهەتیشدا درزێك، كەلێنێك هەیە كە دانەخراوە، درزێكی وەهمی كە ناوی ئومێدە.. مرۆڤ بۆ ئەوەی بەرگەی مەرگ بگرێت ئەبێت لە حەتمیەتەوە بیكات بە ڕێكەوت، لە ئاشناوە بیكاتە بێگانە. گەر مەرگ ڕێكەوت بێت ئەوا لایەنی كەم ئومێدی ئەوە هەیە بەپێشبینیكردنی ڕێكەوتەكە مەرگ دوور بخرێتەوە.
سیگمۆند فرۆید لە كتێبێکى کۆکراوەیدا "خۆشەویستی و جەنگ و ژیار و مەرگ" تێزێكی نزیك لە بۆچوونەكەی ئالان پۆو دەخاتە ڕوو. لای فرۆید ئەگەرچی مەرگ مەرگی ئێمەیە بەڵام تەنیا وەك مەرگی ئەوانی دیكە بیری لێ‌ دەكەینەوە. واتە لە قووڵایی ناخمانەوە پێمان وا نییە كە دەمرین، نەمری لە نائاگایی هەر یەكێكماندا نووستووە. ئێمە لە ژیانی ڕۆژنەماندا وا ڕاهاتووین مەرگ بكەین بە ڕێكەوتێك كە بەهۆی ڕووداوێك، درمێك، حاڵەتێكی كوشندەی كتوپڕ یان پیرییەوە ڕوودەدات، بەم فێڵە مردن لە زەینی خۆمان دووردەخەینەوە و بیری لێ‌ ناكەینەوە. مرۆڤ بوێری ئەوەی نییە تا دەمی سەرەمەرگ تارمایی مەرگ ببینێت. هەر كاتێك سێبەری مەرگ بكەوێتە سەرمان بیر لە شتگەلێك دەكەینەوە كە زیاتر بە ژیانەوە گرێمان دەدەنەوە. فرۆید  پێی وایە ئەدەب وشانۆ و ئەفسانەی پاڵەوانە نەمرەكان جۆرێكن لە قەرەبووكردنەوەی مەرگ "تەنیا لە ئەدەبدایە دەتوانین بە سەلامەتی بچینە نێو هەموو ئەزموونەكانی ژیانەوە و لێیشی دەربچین، بێ‌ ئەوەی ژیانمان هیچ زیانێكی بەر بكەوێت" (خۆشەویستی و جەنگ و ژیار و مەرگ، ل30).
لای فرۆید جەنگ ئەم تێڕوانینە تەقلیدییە بۆ مەرگ تێك دەشكێنێت و مرۆڤ دەخاتەوە بەردەمی مەرگی خۆی، جەنگ ناچارمان دەكات دان بە مەرگی خۆماندا بنێین، چونكە فەزاكە بە تەواوەتی دەبێتە فەزای مەرگ. لای فرۆید جەنگ سەر بە غەریزەی تاناتۆسە، غەریزەی وێرانكاری و خۆپەرستی و كینە. تاناتۆس هەر یەكێتی و كۆبوونەوەیەك لەگەڵ ئەوانی تردا هەڵدەوەشَنێتەوە, ڕەگەزێكی خۆپەرست و ڕەق و موشاغیب و تێكدەرە, بەردەوام بەنێو خۆیدا چڕ دەبێتەوە و هەر ڕەگەزێكی بێگانە فڕێ‌ دەداتە دەرەوەی سوبێکت. خۆشەویستیش سەر بە غەریزەی ئیرۆسە، غەریزەی ژیان و شارستانی و ئەخلاق. ئیرۆس ڕەگەزی كۆبوونەوە و ئاشتەوایی و كرانەوەیە بەسەر ئەوانی دیكەدا, توخمێكی نەرم و گونجێنەرە و بنەمای پەیوەندییە ئینسانییەكانە لەگەڵ كەسانی دەوروبەردا. ئەم دوو غەریزەیە لە یەكتری دابڕاو نین و هەر یەكێكیان بەشێك لەوی دیكەیان لە خۆیاندا هەڵگرتۆتەوە. لەنێو خۆشەویستیدا كینەیەكی شاراوە هەیە و پارچەیەك لە تاناتۆس پەڕیوەتە دڵییەوە، لەنێو كینەیشدا خۆشەویستییەكی نوستوو هەیە و بەشێك لە ئیرۆس دزەی كردۆتە نێوییەوە. ئێمە بۆ ئەوەی لەنێو كۆمەڵگەدا خۆمان بگونجێنین و كەسانی دەوروبەرمان خۆشیان بوێین و خۆشمان بوێن، هەوڵی شاردنەوەی غەریزەی تاناتۆس دەدەین و لەپشتی خۆمانەوە دەیچەپێنین، بۆ ئەوەی ئەوانی تر خۆشیان بوێین خۆپەرستی و ئەنانیەتی خۆمان لەژێر ماسكەوە دەشارینەوە. لای فرۆید مەحاڵە لە دەرەوەی ئەم دوو غەریزەیە باس لە مەرگ بكرێت.
بە بڕوای فرۆید مرۆڤی سەرەتایی بەهۆی جەستەی كوژراوی دوژمنەكەیەوە نەبووە كە نیگای لە مەرگ گرتووە، مەرگی دوژمن ئەو مەتەڵە نەبووە كە بگاتە زەینی مرۆڤی سەرەتایی، ئەو تەنیا سەركەوتنی مەبەست بووە و هیچی تر. ئەوەی وای لەم مرۆڤە كردووە بیر لە مەرگ بكاتەوە مەرگی ئازیزەكانی بووە، مەرگی ئەو كەسە نزیكانەی خۆشی ویستوون. بەهۆی مەرگی ئەم ئازیزانەوە هەم مەرگی قەبووڵ كردووە و هەم ڕەتی كردۆتەوە. ئازیزەكان بەشێك بوون لە خۆی و لەمەدا خۆشی ویستوون، هەمان كاتیش وەك بێگانەیەك لە دەرەوەی ماونەتەوە، وەك جەستەیەكی غەریب كە ناتوانن بە تەواوی تێكەڵ ببن، ئەم بەشە تێكەڵنەبووە ئەو بەشە بووە كە مرۆڤی سەرەتایی كینەی لێ‌ هەڵگرتووە. ئەم بەشە هەمیشە لە دەرەوە ماوەتەوە، مەرگ لەم بەشەوە ئەم ئازیزانەی ڕفاندووە، مردنی ئەم ئازیزانە تامی مەرگی بەم مرۆڤە چەشتووە، مەرگ بۆی بووە بە مایەی غەم و پەرێشانی و لەمەیشەوە بەرەو مەرگی خۆیشی سەرنجی ڕاكێشاوە. بیركردنەوە لە مەرگی خۆی مایەی داننان بە مەرگی خۆیدا نەبووە، چونكە بەوە دڵدانەوەی خۆی كردووە كە ئازیزەكانی هەمیشە وەك غەریبەیەكیش لەدەرەوەی ڕاوەستاون، ئەم بە تەواوی درێژكراوەی ئەوان نییە، شتێك لەمدا هەیە بریتی نییە لەوان، بۆیە مەرگیشیان مەرگی ئەم نییە. ئەم نكوڵی كردنە لە مەرگ سەری كێشاوە بۆ ڕەتكردنەوەی مەرگ وەك كۆتایی ژیان. مرۆڤ هەمیشە ترسی لەم كۆتاییە هەیە، ئەبێت كۆتایی بە بەردەوامی دوابخرێت، بۆیەشە مەرگ وەك خاڵی پەڕینەوە لێرەوە بۆ ئەوێ‌، لە نزمەوە بۆ بەرز، لەم دنیا بۆ ئەو دنیا، لە وەهمەوە بۆ حەقیقەت، لە سێبەرەوە بۆ ڕەنگ سەیر كراوە: واتە نەمریی.
بە بڕوای فرۆید لەنێو نائاگایی مرۆڤی مۆدێرندا هێشتا مرۆڤی سەرەتایی دەژی، هەمان هەڵوێست لە بەرامبەر مەرگ خۆی دووپات دەكاتەوە، نائاگایی گۆڕانكارییەكی ئەوتۆی بەسەردا نەهاتووە، غەریزەكانیش وەك خۆیان دەمێننەوە. مردن نەفییە، نائاگاییش هەرگیز نەفی ناناسێت، پەیوەندییەكی لەگەڵ نەفیدا نییە و هەر ئەمەیشە لە پشت كردەی پاڵەوانێتییەوە. لای فرۆید پاڵەوان كەسێك نییە كە بڕیارێكی عەقڵی لەبارەی ژیان و مەرگی خۆیەوە دابێت و پێی وابێت هەندێك ئایدیاڵ هەن لە ژیان بەنرخترن و لەم پێناوەشدا شایەنی ئەوەن سەركێشی بە ژیانی خۆتەوە بكەیت. پاڵەوان دان بەوەدا نانێت كە مەرگ كۆتایی ژیانە، پاڵەوانێتی لای فرۆید كردەیەكی غەریزیی خۆڕسكە كە لە نائاگاییەوە دێتە دەرێ‌ و باكی بە مەرگ نییە. غەریزە لە مەرگ بێ‌ دەروەستە، ترسیش لە مەرگ ئەگەرچی ترسێكی بەردەوامە، شتێكی لابەلایشە و لە جێیەكی دیكەوە هاتووە، لە هەستێكەوە كە پێ دەوترێت (هەستكردن بە تاوان). هەستكردن بە تاوان لەو پارادۆكسەوە دروست دەبێت كە لەنێوان نائاگایی و كردەی واقیعیدایە، بە مانایەكی تر لەنێوان واقیع و بنەمای واقیعدایە. نائاگایی مەرگدۆستە و تەنیا بیر لە كوشتن دەكاتەوە و حەز بە مردنی ئەوانی دی دەكات و چێژی لێ‌ وەردرەگرێت، بەڵام لە واقیعدا ئەم كردەیە ئەنجام نادات و غەریزەی ژیان دژی ئەم چێژە دەوەستێتەوە، چونكە نایەوێت خۆشەویستی كەسانی دی لە دەست بدات، بۆیە كینە و خۆشەویستی دەبنە دووانەی یەكتری. هەستكردن بە تاوان لەو جیاوازییەدایە لەنێوان حەزی شاراوەی نائاگایی و ڕەفتاری واقیعیی ڕۆژانەدا دروست دەبێت. بەم جۆرەیش غەریزەی مەرگ دەبێتە تارماییەكی نادیار، لەكاتی جەنگدا ئەم تارماییە بە قورسی خۆی دەردەخاتەوە و زێدەڕەوی لە ترسناكییەكەی خۆیدا دەكات. ئەوە بۆیە فرۆید دەڵێت "جەنگ وەهمی ئاشتی لەنێو دەبات".




( 2 )
مارتن هایدیگەر: مەرگ و فەرامۆشی/ مەرگ و نیگەرانی

مارتین هایدیگەر لە كتێبی (بوون و كات)ـدا دوو خەسڵەتی ئۆنتۆلۆژی و بوونگەرانەی مردن دیاری دەكات، ئەوانیش (لە پەیوەندیی بەدەر) و (دەست لێ‌ هەڵنەگیراو)، ئەم دوو خەسڵەتە لەسەر بنەمای دوو دڵی لە بوون- ڕووە و – كۆتایی دادەمەزرێت و واتای حەتمییانەی مەرگە. بوون-ڕووەو- كۆتایی مانای ئەوە نییە كۆتاییەك هەیە كە (هێشتا نەبووە) و دازاین دەبێت پێی بگات تا بوونی خۆی وەدەست بهێنێت، دازاین هەمیشە لە صیرورەی نیچەییدایە و بوونە بۆ ساتی دواتری خۆی، دازاین هەمیشە (هێشتا نەبووی خۆیەتی). بێگومان بوونی دازاین كۆتایی پێ‌ دێت، (هێشتا نەبووە)ـیش سەر بە كۆتاییە و لەگەڵ كۆتاییدا ئەویش تەواو دەبێت، كۆتاییش واتە مەرگ. بەڵام ناكرێت دازاین ئەم كۆتاییە ئۆنتیكییەی هەبێت، چونكە بوونێكی ئۆنتۆلۆژی هەیە كە بوون نییە لە كۆتاییدا بەڵكو بوونە-ڕووەو-كۆتایی. مەرگ بوون بە دازین نادات بەڵكو بە ڕەهایی ڕێگری لەوە دەكات دازاین ببێتە شتێك. دازاین بە دوو دڵییەوە ڕوو لە كۆتایی خۆی دەكات، بۆیە بوونی ڕەسەنانەیشی ڕووەو مەرگ لەسەر بنەمای نیگەرانی دادەمەزرێت. بەڵام  بوون لە ژیانی ڕۆژانەدا بەردەوام هەوڵدەدات دوودڵی بگۆڕێت بۆ ترس. ترس دۆخێكی ناڕەسەنانەی بوونە كە ئەوانی دیكە بە دازاینی دەبەخشن، چونكە ترس لە مردن دواجار دەبێتە خۆدزینەوە لە مەرگ و داپۆشینی مردن وەك دوا ئەگەری بوونی دازاین.
لە ژیانی ڕۆژانەدا مردن دەكرێتە ڕووداوی مردنی كەسانی دەوروبەرمان و بە شتێك دادەنرێت كە مردنی من نییە، من بەردەوام لە مردنی خۆم هەڵدێم. لە ژیانی ڕۆژانەدا "كەسێك دەمرێت" بەڵام ئەم مردنە سەر بە بوونی هیچ تاكێكی تایبەت نییە، چونكە ئەوەی مردووە و دەمرێت من نیم، (من) لەلایەن (ئەوان)ـەوە داگیر كراوە و مردنەكەیشی كراوەتە شتێكی گشتی و هەردوو خەسڵەتی (لەپەیوەندی بە دەر) و (دەست لێ‌ هەڵنەگیراو)ی دەشاردرێتەوە. بەم جۆرە ئەوان ئاسوودەیی لەئاستی مەرگدا دروست دەكەن "پێویستە دازاین ئاسوودە بێت و گوێ‌ بە مردن نەدات" چونكە بیركردنەوە لە مردن ترسنۆكانەیە و واتای ترس- لە- مردنە، بەڵام مادام ئەوەی مردووە ئێمە نین و ئێمە دواتر دەمرین ئیدی پێویستە دازاین گوێ‌ بە مردن نەدات "هەر دەبێت بمرین، بەڵام ئێستا نا". ژیانی ڕۆژانە حەتمییەتی مەرگ بە لاڕێدا دەبات "مردن حەتمییە، كەواتە فەرامۆشی بكە" بەمەیش دڵنیابوون لە ئاستی مردندا دادەمەزرێنێت، ئەم (دڵنیابوون)ـە ساختەیە (دڵنیابوون)ـی ڕەسەنانە لە مەرگ دادەپۆشێت. دڵنیایی یەكەمیان سیفەتی شاردنەوەی هەیە و بوونی دازاین دەخاتە نێو (نا-ڕاستی)ـیەوە، دووەمیان سیفەتی دەرخستنی هەیە هەر دەرخستنێكیش سەر بە ڕاستییە و حەقیقەت بریتییە لەم دەركەوتنە، هایدیگەر گووتەنی "دڵنیابوونی نادروست دڵنیابوون دەشارێتەوە".
هایدیگەر دەیەوێت، بۆ دەركەوتنی سەرجەمی بوونی دازاین، بوون–ڕووەو-مەرگ لەسەر بنەمای نیگەرانی دابمەزرێنێت و واتایەكی بوونگەرانەی پێ‌ ببەخشێت: "مردن ئەگەرێكی لە پەیوەندی بەدەر و وازلێ‌ نەهێنراوی نادیاری بوونی دازاینە. مردن وەكو كۆتایی دازاین لەم هەبووەدا بوونە-ڕووەو-كۆتایی". ئەم بوونە چاوەڕوانیكردنی ئەگەری مەرگە و بیركردنەوەیە لە مردن بە تێگەیشتنەوە، واتا مردن وەك ئەگەرێك كە هەر لە بنەماوە بەشێكە لە بونیادی بوونی دازاین و بە نیگەرانی و تێگەیشتنەوە ڕووی تێدەكەین. ئەم تێگەیشتنە تێگەیشتن نییە لە واتای شتێك یان واتای مردن، بەڵكو تێگەیشتنە لە مردن وەك توانای دازاین بۆ مەرگ. مردن ئەگەری خودی دازاینە و ڕووكردن لەم ئەگەرە توانایی دازاین بۆ بوونی خۆی ئاشكرا دەكات كە دازاین بەشێك نییە لەوان و كەس لە مەرگدا ناتوانێت جێگای بگرێتەوە، مەرگ لە هەموو دۆخێكدا مردنی منە و من دەبمەوە بە خۆم، ئەوەی دەمرێت منم و كەسیش ناتوانێت لەم كارەدا جێگام بگرێتەوە،  بەم جۆرەیش دازاین بوونی خۆی لە بوونی ئەوانی تر جیادەكاتەوە، بەمەیش دازاین پێشبینی مردنی خۆی دەكات و دەزانێت كە مردن مردنی تاكەكەسە و لە دەرەوەی ئەو پەیوەندییەدایە كە بوون-لەگەڵ-ئەوانی تردا لە ژیانی ڕۆژانەدا دروستی كردووە، هایدیگەر بەم بنەمایە دەڵێت (لەپەیوەندی بەدەر)ی مەرگ "خۆ بەخاوەنكردنی ئەم ئەگەرە دازاین دەكات بە هەبوویەكی ڕەسەن".
پێشبینیكردنی مەرگ لەلایەن دازاینێكەوە بۆ مردنی خۆی بوونی ئەو دازاینە لە ئاستی ئەگەرەكانی بوونیدا دەردەخات، ئەم پێشبینیكردنە نكوڵی بۆ وازهێنان لە مردن ناكات، بەڵكو زۆر لە دازاین دەكات ببێت بە خاوەنی خۆی و لە مەرگی خۆی دڵنیا بێت، ئەم پێشبینییە كاتی ڕوودانی ئەگەری مردن دیاری ناكات و نازانێت لە چ كاتێكدا ڕوودەدات، بەڵام بە بەردەوامی دازاین بە مەترسییەوە بەرەوڕووی ئەو ئەگەرە ئاراستە دەكات. پێشبینیكردن دازاین دەكاتەوە بە خودی خۆی و ڕووبەڕووی ئەگەرەكانی بوونی خۆیی دەكاتەوە و لە توانای تەواوەتی بۆ سەرجەمی بوونی دڵنیای دەكاتەوە، ئەمەش وا لە دازاین دەكات بە نیگەرانییەوە ڕوو لە مردنێك بكات كە (ئەوان) ناوەڕۆكیان بۆ دانەناوە و بۆچوونی (ئەوان)ـی بەرەسەرەوە نییە، بەڵام خۆی لێی دڵنیایە. ئەم دوو خەسڵەتە (لە پەیوەندی بەدەر) و (دەست لێ‌ هەڵنەگیراو) لە پێشبینییەكەدا ئەگەری مەرگ دەكەنە ئەگەرێكی حەتمی، بەمەیش بوون-ڕووەو-مردن ئۆنتۆلۆژییانە و بوونگەرانە دەردەكەوێت و ڕەسەنیەتی بە دازاین دەدات.

( 3 )
میشێل فۆكۆ: مەرگ وەك ژمارە

مەرگیش دەبێتە ژمارە، ئەم سەردەمە سەردەمی ژمارەیە، سەردەمی ئامارە، تەواوی حەقیقەت خزاوەتە نێو ئامارەوە، هیچ شتێك لە دەرەوەی ئامار بوونی نییە (ڤیتگنشتاین وتەنی: ئەگەر بوونیشی هەبێت نابێت قسەی لێ‌ بكرێت) وتەكەی ڤیتگنشتاین بۆ "زمان و میتافیزیك" دروست بێت یان نا ئەوا بۆ "ئامار" ڕاستە.
میشێل فۆكۆ لە دەرسگووتارەكانی ناوەڕاستی دەیەی هەفتاكان لە كۆلێژی دو فرانس نموونەی جەنگ بۆ شیكردنەوەی پەیوەندییەكانی دەسەڵات بەكاردەهێنێت. لای فۆكۆ "جەنگ بزوێنەری دام و دەزگاكان و سیستەمە، ئاشتیش لە چكۆلەترین و كەمخایەنترین وێستگەكانیدا بەندە لەسەر جەنگ، بە گوزارشتێكی دیكە دەبێت لەنێو ئاشتیدا جەنگ شی بكرێتەوە، جەنگ ڕووەكەی دیكەی ئاشتییە" (دەبێت بەرگری لە كۆمەڵگا بكرێت، ل71). تێڕوانینی فۆكۆ جیاوازە لە تێڕوانینی فرۆید بۆ جەنگ و مەرگ، لای فرۆید جەنگ مرۆڤ دەخاتەوە بەردەمی مەرگی خۆی و ناچاری دەكات ڕووبەڕووی مەرگ ببێتەوە، سوبێکت بەردەوام لەمەرگ هەڵدێت و وا لە مردن دەگات وەك ئەوەی مەرگی ئەوانی دیكەیە. بەڵام فۆكۆ پێی وایە جەنگ بەشێكە لە پرۆسەی بێ‌ بەهاكردنی مەرگ، چونكە جەنگ بڕیارێكە لەدەستی دامەزراوە جەنگییەكانی دەسەڵاتدا، بڕیاردانی جەنگیش بەشێكە لە بێ‌ بەهاكردنی مەرگ، نەك بێ‌ بەهاكردنی ژیان.
بە بڕوای فۆكۆ مومارەسە و دامەزراوەكانی جەنگ بە جۆرێك پەرەیان سەندووە كە ئیدی ڕاگەیاندنی جەنگ بە دەوڵەتی كراوە و لەوە دەرچووە جەنگی ڕۆژانە و هاكەزایی بێت، ئەم جۆرە جەنگەیش دامەزراوەی خۆی هەیە. دەسەڵاتیش تەنیا بە یاسا دانامەزرێت بەڵكو بەندە بە جۆرێك لە شەرعیەتی دامەزراوەییشەوە. لای فۆكۆ یاسا لەنێو جەرگەی جەنگەوە، لەنێو وێرانەی سەركەوتن و كوشتارگەكان و شارە سوتاوەكانەوە پەیدا دەبێت. یاسا ئاشتی و ئاگربەست و پێكەوە ژیان نییە "چونكە لە سایەی یاسایشدا جەنگ  لەنێو سەرجەم میكانیزمەكانی دەسەڵاتدا لە كارە تۆقێنەرەكانی بەردەوامە" (دەبێت بەرگری...،ل71). كەواتە یاسا بەرهەمهێنراوی دەسەڵاتە و دەسەڵات لەڕێگەی یاساوە مومارەسەی بەشێكی گەورەی دەسەڵاتی خۆی بۆ جەنگ و دیسپلین و ڕێكخستن دەخاتە گەڕ، نەك تەنیا یاسا سەربازییەكان بەڵكو یاسا زۆر مەدەنییەكانیش، لەوانەیش یاسای مردن و ژیان، لەدایكبوون و مردن، جۆرێكە لە تەكنۆلۆژیای دەسەڵات بۆ مومارەسە لەسەر جەستە و ژیان و دانیشتووان.
هەر منداڵێك لە دایك بێت دەبێت لە تۆماری لەدایكبووان بنووسرێت، ناسنامە دەربهێنێت، دوایی لە چەند شوێنێكی دیكە وەك ئەندامی خێزانەكە بنووسرێت. هەر كەسێكیش بمرێت دەبێت ئەم پرۆسەی تۆمار كردنە بسڕێتەوە و تەنیا وەك مردوو ناوی لە تۆمارەكاندا بمێنێتەوە. ژیان و مردن لە سەردەمی مۆدێرندا ئەم پرۆسەی تۆماركردن و سڕینەوەیەیە. دەسەڵات لەڕێی یاساوە مومارەسەی ئەم پرۆسەیە دەكات، یاسایەك كە فۆكۆ بۆ ڕوونكردنەوەی پەیوەندی دەسەڵات بە ژیان و مەرگەوە باسی دەكات یاسای مافی ژیان و مافی مردن. لە ڕاستیدا هەڵەیە بڵێین یاسای ژیان/ مردن، بەڵكو دەبێت بنووسین یاسای مردن/ ژیان، چونكە بە بڕوای فۆكۆ ئەم یاسایە كاتێك مافی ژیان دەدات كە بەر لە هەر شتێك مافی لە كوشتن هەبێت، گەر دەسەڵاتێك توانی مەرگ ببەخشێتەوە ئەوا دەتوانێت ژیانیش ببەخشێتەوە. ئەم مافە پەیوەستە بە كۆمەڵێك تەكنۆلۆژیای نوێوە كە ئیدی وەك تەكنۆلۆژیای دیسپلینكار تەنیا لەسەر جەستە مومارەسە ناكرێت، بەڵكو نیازی بە دەستەمۆكردنی مرۆڤی-زیندوو و یان مرۆڤی-جۆرە. ئەم تەكنۆلۆژیایانە پەیوەندییان بە لەدایكبوون و ڕێژەی منداڵبوون و مردنەوە هەیە، واتە ژیان و مەرگ. فۆكۆ ناو لەمە دەنێت "بایۆ-پۆلەتیک". دیوێكی ئەم سیاسەتی پەیوەستە بە تەندروستی دانیشتوونەوە (خزمەتگوزاریی تەندروستی و چارەسەركردنی نەخۆش) و دیوێكی پەیوەستە بە بێ‌ توانایی و كەنەفتەیییەوە (پیرێتی و نەمانی توانای چالاكی و بەرهەمهێنان). میتۆدی ئەم سیاسەتە پێوانە و سەرژمێرییە، بە مانایەكی تر حسێبكردنی ڕێژەی لەدایكبوون و مردن و دەستكاریكردنی ئەم ڕێژانە. لێرەدا ناچمە نێو ئەو وردەكارییانەی كە فۆكۆ بە درێژیی لە بارەی سیاسەتی زیندووێتییەوە لەسەری وەستاوە، بەڵكو ئەوەی جێی سەرنجە ئەوەیە فۆكۆ پێی وایە دەسەڵات لە ڕێی تەكنۆلۆژیا نوێیەكانەوە دەتوانێت بچێتە نێو ژیان و مردنەوە، یەكەم پنتیش كە ئەم دەسەڵاتە تێیدا دەردەكەوێت ئامار و ژمارە تۆماركراوەكانی ناوی مردووانە، دەسەڵات مەرگ دەكاتە ژمارەی نێو دام و دەزگاكان.
جاران كە كەسێك دەمرد خێزان و خزم و كەسان و بگرە كۆمیونیتەیەكیش لە ناوچەیەكی دیاریكراودا دەستیان لە هەموو شتێك هەڵدەگرت بۆ بەشداریكردن لە ڕێوڕەسمی ناشتن و پرسەگێڕاندا. بەبڕوای فۆكۆ لە سەدەی هەژدەیەمینەوە ئەم سروتی مردنە لەڕێی تەكنۆلۆژیاكانی دەسەڵاتەوە بەرەو كەمبوونەوە دەبرێت تا وای لێ‌ دێت مەرگ ئەو شتەیە كە دەیشارینەوە. ئەوەی لە پێشتردا درەوشانەوەی بە مەرگ دەدا ئەو مۆركە سروتییەكە بوو، ئەم سروتە دەركەوتەی ئەو تێڕوانینە بوو كە پێی وابوو مەرگ گواستنەوەیە لە دەسەڵاتێكەوە بۆ دەسەڵاتێكی تر، لە دەسەڵاتی میرییەوە بۆ دەسەڵاتێكی سەرووتر و غەیبی، واتە لە یاسایەكی مەدەنییەوە و بۆ یاسایەكی ئەبەدی. لەم زەینەدا مەرگ مەتەڵ و سیحر بوو، شایەنی وەستان و لە جوڵەكەوتن بوو. لە ئێستادا دەسەڵات هەقی بە مردنەوە نییە، بەڵكو هەقی بە ژیانەوە هەیە، مافی دەستوەردان لە شێواز و ئاستی ژیان و بەرزكردنەوەی ڕێژەی ژیان و درێژكردنەوەی تەمەنی بەخۆی داوە، بۆیە مەرگیش بۆتە كۆتایی ئەم ژیانە. مەرگ بۆتە دیوێكی تر كە دەكەوێتە دەرەوەی بازنەی دەسەڵات، مەرگ بۆ دەسەڵات گرنگ نییە چونكە لەژێر دەستی دەخزێت، مەرگ بۆ دەسەڵات لووس و نەگیراوە، بۆیە دەسەڵات تەنیا وەك سەرژمێری و ڕێژە مامەڵەی لەگەڵدا دەكات، تەنانەت بۆ دەسەڵاتێكی مەرگدۆستیش مەرگ ژمارەی شەعید و كوژراوەكانە، هەمیشە لە جەنگەكاندا ژمارە لە پاڵ مردندا ئامادەیی هەبووە، دەسەڵات گرنگی بە مەرگ نادات بەڵكو بە ژمارەی مردووەكانی دەدات، ئیشی بە ژمارەكانە نەك بە مەرگ. دەسەڵات هەقی بە مەرگەوە نییە، چونكە ساتی مەرگ ساتی دەرچوونی تاكە لەژێر دەستی دەسەڵات، بە گوزارشتی فۆكۆ "دەسەڵات مەرگ فەرامۆش دەكات". فەرامۆش كردن بەشێكە لە تەكتۆلۆژیای دەسەڵات بۆ دوورخستنەوە و پەراوێزخستن، واتە كردنی مەرگ بە ڕووداوێكی ئاسایی ژیانی ڕۆژانە و سەرنج لێ‌ نەدراو. فەرامۆشكردن خاڵیكردنەوەی مەرگە لە سیحرەكەی.

بیبلۆگرافى:
1-     إدغار آ‌لن بو: قناع الموت الأحمر (و قصص اخری)، إعداد و تقدیم و تحلیل: د. رحاب عكاوي، دار الحرف العربي للنشر و التوزیع، الطبعة الأولی, بیروت-لبنان، 2009.
2-     سیجموند فروید: الحب و الحرب و الحضارە و الموت، ترجمة: دكتور عبدالمنعم الحفنی، دار الرشاد للطبع و النشر و التوزیع، الطبعة الأولی، مصر، 1992.
3-     جیمس ب. كارس: الموت و الوجود- دراسة لتصورات الفنا‌ء الإنساني فی التراث الدیني و الفلسفي العالمي: ترجمة: بدر الدین، المشروع القومي للترجمي، المجلس اڵاعلی للثقافة، 1998.
4-     میشیل فوكو: یجب الدفاع عن المجتمع- دروس لسنە 1976 فی الكولیج دی فرانس، ترجمة: د. الزوادی بغورە، دار الطلیعة للطباعە و النشر، الطبعە الأولی، بیروت، 2003.
5-     مارتن هایدیگەر: بوون و كات، وەرگێڕانی: د. محەمەد كەمال، دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، سلێمانی، 2013.

تێبینى: ئەم وتارە لە گۆڤارى "ئایدیا"، ساڵى 2013، بڵاوبۆتەوە. 


Sunday 1 December 2013

کاڵا و مەسرەف

هاوار محەمەد

سوبێكت لە شێوازی ژیانی بەرخۆریدا لەنێو كاڵادا نوقم دەبێت, كاڵا ژیان داگیر دەكات. سیستەمی كاپیتالی تەنیا بە گوێرەی پێویستییەكان شتەكان ناگۆرێت بۆ بەرهەم, بەڵكو بەكارهێنان بۆ بەرهەمەكان دەبینێتەوە. بە بڕوای ماركۆزە بەرهەم پێش پێویستی دەكەوێت، بە گووتەی بۆردیۆیش كاڵاكان بۆ خواستەکان بەرهەم دەهێنرێن خواستیش بۆ کاڵاکان دەدۆزرێتەوە. بەم مانایە زێدە بەرهەمهێنانێك هەیە كە دەكەوێتە دەرەوەی پێویستییەكان. ئەم زێدە بەرهەمهێنانە جەوهەرە مەسرەفگەرییەکەى سیستەمی كاپیتالی پێك دەهێنێت. بەرهەم هێنان تا دوا ڕادەی خۆی, تا بەرزترین ئاست، واتە تا ئاستى بەکاڵاکردنى هەموو شتێک لەنێو بەهاى ئاڵوگۆڕدا. دواتریش مەسرەفکردنى ئەم زێدە بەرهەمانە بە شێوەیەكی خێرا. بۆ ئەوەی بەرهەم كەڵەكە نەبێت و داكشان ڕوونەدات و ڕەوتەكە دینامیكییەتی خۆی بپارێزێت دەبێت بەخێرایی بەرهەمەكان بەكاربهێنرێن, ئەبێ زوو بكرێنە مۆدێل و برەویان پێ‌ بدرێت ئینجا بكرێنە پێویستیی بنەڕەتی و پاشانیش بەكاربهێنرێن و دواجاریش ببنە زبڵ. مۆدێل پرۆسەى بە زبڵبوونی خێراى کاڵایە. زبڵ دیوەكەی دیكەی مۆدە یان چرکەساتى دواى مۆدەیە، زبڵ هەر شتێکى موقەدەسە کە لە مۆدە دەکەوێت. دڵی ژیانی مەسرەفگەرایی ئەم پارادۆكسەیە: مۆدە/ زبڵ.
مەسرەفگەرایی خولیا و مەیلێكە هەم چێژبەخش و هەم ئازاراوى ئەم سەردەمەیە؛ لەلایەن دەسەڵات و دەزگا سیاسی و ئابوورییەكانیەوە دروست دەكرێت بۆ ئەوەی مرۆڤ لە ڕاكردنێكی بەردەوامدا بێت بەدوای كاڵاكاندا, مرۆڤ لە سەرەتادا عەشقێكی سەیری بۆ بەرهەمی نوێ‌ هەیە, هەر لەگەڵ یەكەم بەكارهێناندا دژایەتییەكی سەیریشی دەرهەق بە هەمان بەرهەم بۆ دروست دەبێت. سوبێكت دەچێتە دەرەوە, دەكەوێتە نێو بازاڕ و نێو كەلوپەلەكان. كەلوپەلی نوێیش هەمیشە توانایەكی بەرزی فریودان و لەخشتەبردن (إغراء )ـیان هەیە. فۆرمی دروستكردنی بەرهەمەكان و دیزاین و شێوازی بانگەشەکانیان فریودانێكن لە فیتیشیزمى کاڵاوە سەرچاوە دەگرێت، بەڵام خودى فریودانیش هەمان ماناى پێشووترى نییە، چونکە لەم سەردەمەدا سوبێکتەکان بە هۆشیارییەوە فریودەدرێن و چێژ لە فریودانى خۆیان دەبینن. ئەمە میكانیزمی هەرە كارای كاپیتالیزمە بۆ ڕاكێشانی سوبێكت بۆ نێو ئاكاری بەرخۆریی.
سوبێكت لە بەكاربردنی كاڵاكاندا خۆی ون دەكات, واتە خۆی دەبێتە ڕەگەزێك بۆ ئیشكردنی ماشێنى بەرهەمهێنان و بەکاربردن، بە مانایەکیتر، مرۆڤ تەنیا لەنێو کارگەدا و لەڕێگەى فرۆشتنى هێزى کارەکەیەوە نابێتە کاڵا، بەڵکو لە کاتى دەستبەتاڵى و چێژ و سەرگەرمییەکانیشدا دەبێت بە کاڵا، لەمەیشەوە تووشی بارگۆڕان دەبێت بۆ ئۆبێكت. لای فرانكفۆرتییەكان عەقڵانییەتی دەوڵەتە پیشەسازییەكان (عەقڵانیەتی ئامێری)ـیە, بۆیە ئەم گۆڕانەی سوبێكت بۆ ئۆبێكت بریتییە لە گۆڕانی مرۆڤ بۆ ئامێر. بەلای بیرمەندانی قوتابخانەی فرانكفۆرتەوە یەكێك لە میكانیزمە سەرەكییەكانی گۆڕینی مرۆڤ بۆ ئامێر بریتییە لە زانست "واتە زانسگەرایی پۆزەتیڤیزم". میتۆدی پۆزەتیڤیستی مرۆڤ، وەك ئامێرى کردەیى، پارچە پارچە دەكات و بەش بەش لە ڕووى وەزیفییەوە لێی دەكۆڵێتەوە, بەم هۆیەوە مرۆڤ لە گشت (كل)ـدا نابینێت. ئامانج لەم ستراتیژە كۆنترۆڵكردنی مرۆڤە لە ڕێگەى لێکۆڵینەوەى تاقیگەیى و سروشتییەوە. دەتوانین لای میشێل فوكۆیش  هەمان بۆچوون بە جیاوازییەوە ببیینەوە. فوكۆ پێی وایە سوبێكت لە لایەن دەسەڵاتەوە دروست دەكرێت و هەر دەسەڵاتیش هەیمەنەی لەسەر دەكات. لای فوكۆ دەسەڵات تەنیا دەسەڵاتێكی پەكپارچەی كەڵكەكەبوو و قوچەكی نییە، بەڵكو میكرۆفیزیای دەسەڵاتە، واتە وردە دەسەڵات. وردە دەسەڵات پەخشبوونەوەی دەسەڵاتە لە سەرجەم پنتەكاندا, لە كۆی كایەكاندا, دروستكردنی دامەزراوە و دەزگاكانە بۆ هەر لایەنێكی ژیانی مرۆڤ، بەرهەمهێنانى مەعریفەیە دەربارەى هەر بەشێکى ژیانى سوبێکت. دەسەڵات لە دامەزراوەكاندا خۆى لەگەڵ مەعریفەدا گرێ دەدا و پیادەی خۆی لەسەر سوبێكت دەكات، لە ڕێگەی زانستیشەوە (بەتایبەت بایۆلۆژیا و پزیشكیی عەقڵی و دەروونشیكاری)ـیەوە وەك ئۆبێكت لە سوبێكت دەكۆڵێتەوە و لە ڕێگەى زانستە مرۆییەکانەوە مرۆڤ دەکات بە ئوبێکتى لێکۆڵینەوەى خۆى.
لە سیستەمی بەرخۆریدا سوبێكت لە مەسرەفەوە شوناس وەردەگرێت, بەڵام شوناسی سوبێكت هەمان خەسڵەتی ئۆبێكتە، بە تایبەتى شوناسى وەزیفى. ئەمە شوناسێكی شێواو و ناجێگیرە, چونكە هەڵگری هەمان خەسڵەتی شتە. شت جەوهەری شوناسەكەیە, بەم مانایەش سوبێكت بە شتەكاندا دەناسرێتەوە. مەسرەفگەرایی تەنیا خۆشخۆریی و شیكپۆشی و ماڵ و خانوو و ئۆتۆمبێلی قەشەنگ و گرانبەها نییە, بەڵكو هەبوونی ئەم شتانەیە تەنانەت ئەگەر بەكاریش نەهێنرێن یان بەخێرایى فڕێ بدرێن؛ بە گوتەیەكی تر دەتوانین بڵێین "پێویستبوون بەم شتانە وا لە بوونیاندا". هەبوون و خاوەندارێتی ئەم شتانە واتای بەكارهێنانیشیانە وەك پێویستییەك بێ‌ ئەوەی پێویست بن, بە یەك وشە دەتوانین بڵێین (هەبوون بۆ مەسرەف پێویستییەكەیە). ئەم ئاكارە تەنیا بۆرژواز و دەوڵەمەندەكان ناگرێتەوە بەڵكو مەسرەفگەرایی لە كۆمەڵگەی بەرخۆریدا ئاكارێكی گشتییە و مەودا لەنێوان چینەكانی خوارەوە و سەرەوەدا كەم دەكاتەوە، چینی سەرەوە مسۆگەری مانەوەی خۆی دەكات و چینی خوارەوەیش ئاسوودە دەبێت بەوەی لاسایى ژیانی چینەكانی سەرەوە بکاتەوە ئەگەر بە "قەرز"ـیش بێت