My Blog List

بابه‌ته‌ نوێیه‌كان

خۆرهەڵات و فەلسەفە

Thursday 12 December 2013

سێ‌ تێز دەربارەی مەرگ

هاوار محەمەد
( 1 )
سیگمۆند فرۆید: مەرگ وەك بێگانە

"ئێدگار ئالان پۆو" لە چیرۆكێكیدا بە ناوی "دەمامكی مەرگی سوور" حیكایەتێك دەگێڕێتەوە كە ئەمە پوختەیەكەیەتی: لە نێو شاردا پەتایەكی نا ئاسایی مەرگی سوور (تاعون) بڵاو بۆتەوە و تەنیا بە نیو كاتژمێر تووشبووەكە دەكوژێت، كاتێك نیوەی خەڵكی شارەكە بەم تاعونە دەمرن، ئەمیر (پرۆسپرو) بۆ خۆپاراستن و هەڵهاتن لە مەرگ لەگەڵ كۆمەڵێك لە دارودەستە متمانە پێكراوەكانیدا بۆ یەكێك لە دێرە كۆنەكانی شارەكە هەڵدێن، دێرەكە بە شێوەیەكی هەندەسی زۆر ورد و توندوتۆڵ دروست كراوە كە دزەكردنی هەر شتێك لە دەرەوەی دێرەكە بۆ ناوەوەی دێرەكە مەحاڵە، دێرەكە زیاتر لە قەڵا دەچێت. پاش پێنج مانگ ژیانی ئاسایی لە دێرەكەدا ئەمیر بۆ دوورخستنەوەی تارمایی مەرگ لە زەینی دارودەستەكەیدا بڕیار دەدات ئاهەنگێك بۆ سەرگەرمی ڕێك بخات و سەماكارەكان سەما بكەن و شەراب ناو دێرەكە بكاتە فەزای مەستی. لە كاتی ئاهەنگەكەدا دەنگ و باس وا بڵاودەبێتەوە كەسێكی بێگانە و نائاسایی بە دەمكێكی سوورەوە دزەی كردۆتەوە ژوورەوە. بەهەحاڵ ئەوەی دزەی كردۆتە نێو دێرەكەوە مەرگ خۆیەتی, مەرگی سوور، تاعون..
ئەم چیرۆكەی ئالان پۆو هێندەی باس لە خۆدزینەوە لە مەرگ دەكات هێندە باس لە حەتمیەتی مەرگ ناكات. مەرگ حەتمییەتی سروشتییە و بۆ هەمووان بەدیهییە، بەڵام لەنێو حەتمیەت و بەداهەتیشدا درزێك، كەلێنێك هەیە كە دانەخراوە، درزێكی وەهمی كە ناوی ئومێدە.. مرۆڤ بۆ ئەوەی بەرگەی مەرگ بگرێت ئەبێت لە حەتمیەتەوە بیكات بە ڕێكەوت، لە ئاشناوە بیكاتە بێگانە. گەر مەرگ ڕێكەوت بێت ئەوا لایەنی كەم ئومێدی ئەوە هەیە بەپێشبینیكردنی ڕێكەوتەكە مەرگ دوور بخرێتەوە.
سیگمۆند فرۆید لە كتێبێکى کۆکراوەیدا "خۆشەویستی و جەنگ و ژیار و مەرگ" تێزێكی نزیك لە بۆچوونەكەی ئالان پۆو دەخاتە ڕوو. لای فرۆید ئەگەرچی مەرگ مەرگی ئێمەیە بەڵام تەنیا وەك مەرگی ئەوانی دیكە بیری لێ‌ دەكەینەوە. واتە لە قووڵایی ناخمانەوە پێمان وا نییە كە دەمرین، نەمری لە نائاگایی هەر یەكێكماندا نووستووە. ئێمە لە ژیانی ڕۆژنەماندا وا ڕاهاتووین مەرگ بكەین بە ڕێكەوتێك كە بەهۆی ڕووداوێك، درمێك، حاڵەتێكی كوشندەی كتوپڕ یان پیرییەوە ڕوودەدات، بەم فێڵە مردن لە زەینی خۆمان دووردەخەینەوە و بیری لێ‌ ناكەینەوە. مرۆڤ بوێری ئەوەی نییە تا دەمی سەرەمەرگ تارمایی مەرگ ببینێت. هەر كاتێك سێبەری مەرگ بكەوێتە سەرمان بیر لە شتگەلێك دەكەینەوە كە زیاتر بە ژیانەوە گرێمان دەدەنەوە. فرۆید  پێی وایە ئەدەب وشانۆ و ئەفسانەی پاڵەوانە نەمرەكان جۆرێكن لە قەرەبووكردنەوەی مەرگ "تەنیا لە ئەدەبدایە دەتوانین بە سەلامەتی بچینە نێو هەموو ئەزموونەكانی ژیانەوە و لێیشی دەربچین، بێ‌ ئەوەی ژیانمان هیچ زیانێكی بەر بكەوێت" (خۆشەویستی و جەنگ و ژیار و مەرگ، ل30).
لای فرۆید جەنگ ئەم تێڕوانینە تەقلیدییە بۆ مەرگ تێك دەشكێنێت و مرۆڤ دەخاتەوە بەردەمی مەرگی خۆی، جەنگ ناچارمان دەكات دان بە مەرگی خۆماندا بنێین، چونكە فەزاكە بە تەواوەتی دەبێتە فەزای مەرگ. لای فرۆید جەنگ سەر بە غەریزەی تاناتۆسە، غەریزەی وێرانكاری و خۆپەرستی و كینە. تاناتۆس هەر یەكێتی و كۆبوونەوەیەك لەگەڵ ئەوانی تردا هەڵدەوەشَنێتەوە, ڕەگەزێكی خۆپەرست و ڕەق و موشاغیب و تێكدەرە, بەردەوام بەنێو خۆیدا چڕ دەبێتەوە و هەر ڕەگەزێكی بێگانە فڕێ‌ دەداتە دەرەوەی سوبێکت. خۆشەویستیش سەر بە غەریزەی ئیرۆسە، غەریزەی ژیان و شارستانی و ئەخلاق. ئیرۆس ڕەگەزی كۆبوونەوە و ئاشتەوایی و كرانەوەیە بەسەر ئەوانی دیكەدا, توخمێكی نەرم و گونجێنەرە و بنەمای پەیوەندییە ئینسانییەكانە لەگەڵ كەسانی دەوروبەردا. ئەم دوو غەریزەیە لە یەكتری دابڕاو نین و هەر یەكێكیان بەشێك لەوی دیكەیان لە خۆیاندا هەڵگرتۆتەوە. لەنێو خۆشەویستیدا كینەیەكی شاراوە هەیە و پارچەیەك لە تاناتۆس پەڕیوەتە دڵییەوە، لەنێو كینەیشدا خۆشەویستییەكی نوستوو هەیە و بەشێك لە ئیرۆس دزەی كردۆتە نێوییەوە. ئێمە بۆ ئەوەی لەنێو كۆمەڵگەدا خۆمان بگونجێنین و كەسانی دەوروبەرمان خۆشیان بوێین و خۆشمان بوێن، هەوڵی شاردنەوەی غەریزەی تاناتۆس دەدەین و لەپشتی خۆمانەوە دەیچەپێنین، بۆ ئەوەی ئەوانی تر خۆشیان بوێین خۆپەرستی و ئەنانیەتی خۆمان لەژێر ماسكەوە دەشارینەوە. لای فرۆید مەحاڵە لە دەرەوەی ئەم دوو غەریزەیە باس لە مەرگ بكرێت.
بە بڕوای فرۆید مرۆڤی سەرەتایی بەهۆی جەستەی كوژراوی دوژمنەكەیەوە نەبووە كە نیگای لە مەرگ گرتووە، مەرگی دوژمن ئەو مەتەڵە نەبووە كە بگاتە زەینی مرۆڤی سەرەتایی، ئەو تەنیا سەركەوتنی مەبەست بووە و هیچی تر. ئەوەی وای لەم مرۆڤە كردووە بیر لە مەرگ بكاتەوە مەرگی ئازیزەكانی بووە، مەرگی ئەو كەسە نزیكانەی خۆشی ویستوون. بەهۆی مەرگی ئەم ئازیزانەوە هەم مەرگی قەبووڵ كردووە و هەم ڕەتی كردۆتەوە. ئازیزەكان بەشێك بوون لە خۆی و لەمەدا خۆشی ویستوون، هەمان كاتیش وەك بێگانەیەك لە دەرەوەی ماونەتەوە، وەك جەستەیەكی غەریب كە ناتوانن بە تەواوی تێكەڵ ببن، ئەم بەشە تێكەڵنەبووە ئەو بەشە بووە كە مرۆڤی سەرەتایی كینەی لێ‌ هەڵگرتووە. ئەم بەشە هەمیشە لە دەرەوە ماوەتەوە، مەرگ لەم بەشەوە ئەم ئازیزانەی ڕفاندووە، مردنی ئەم ئازیزانە تامی مەرگی بەم مرۆڤە چەشتووە، مەرگ بۆی بووە بە مایەی غەم و پەرێشانی و لەمەیشەوە بەرەو مەرگی خۆیشی سەرنجی ڕاكێشاوە. بیركردنەوە لە مەرگی خۆی مایەی داننان بە مەرگی خۆیدا نەبووە، چونكە بەوە دڵدانەوەی خۆی كردووە كە ئازیزەكانی هەمیشە وەك غەریبەیەكیش لەدەرەوەی ڕاوەستاون، ئەم بە تەواوی درێژكراوەی ئەوان نییە، شتێك لەمدا هەیە بریتی نییە لەوان، بۆیە مەرگیشیان مەرگی ئەم نییە. ئەم نكوڵی كردنە لە مەرگ سەری كێشاوە بۆ ڕەتكردنەوەی مەرگ وەك كۆتایی ژیان. مرۆڤ هەمیشە ترسی لەم كۆتاییە هەیە، ئەبێت كۆتایی بە بەردەوامی دوابخرێت، بۆیەشە مەرگ وەك خاڵی پەڕینەوە لێرەوە بۆ ئەوێ‌، لە نزمەوە بۆ بەرز، لەم دنیا بۆ ئەو دنیا، لە وەهمەوە بۆ حەقیقەت، لە سێبەرەوە بۆ ڕەنگ سەیر كراوە: واتە نەمریی.
بە بڕوای فرۆید لەنێو نائاگایی مرۆڤی مۆدێرندا هێشتا مرۆڤی سەرەتایی دەژی، هەمان هەڵوێست لە بەرامبەر مەرگ خۆی دووپات دەكاتەوە، نائاگایی گۆڕانكارییەكی ئەوتۆی بەسەردا نەهاتووە، غەریزەكانیش وەك خۆیان دەمێننەوە. مردن نەفییە، نائاگاییش هەرگیز نەفی ناناسێت، پەیوەندییەكی لەگەڵ نەفیدا نییە و هەر ئەمەیشە لە پشت كردەی پاڵەوانێتییەوە. لای فرۆید پاڵەوان كەسێك نییە كە بڕیارێكی عەقڵی لەبارەی ژیان و مەرگی خۆیەوە دابێت و پێی وابێت هەندێك ئایدیاڵ هەن لە ژیان بەنرخترن و لەم پێناوەشدا شایەنی ئەوەن سەركێشی بە ژیانی خۆتەوە بكەیت. پاڵەوان دان بەوەدا نانێت كە مەرگ كۆتایی ژیانە، پاڵەوانێتی لای فرۆید كردەیەكی غەریزیی خۆڕسكە كە لە نائاگاییەوە دێتە دەرێ‌ و باكی بە مەرگ نییە. غەریزە لە مەرگ بێ‌ دەروەستە، ترسیش لە مەرگ ئەگەرچی ترسێكی بەردەوامە، شتێكی لابەلایشە و لە جێیەكی دیكەوە هاتووە، لە هەستێكەوە كە پێ دەوترێت (هەستكردن بە تاوان). هەستكردن بە تاوان لەو پارادۆكسەوە دروست دەبێت كە لەنێوان نائاگایی و كردەی واقیعیدایە، بە مانایەكی تر لەنێوان واقیع و بنەمای واقیعدایە. نائاگایی مەرگدۆستە و تەنیا بیر لە كوشتن دەكاتەوە و حەز بە مردنی ئەوانی دی دەكات و چێژی لێ‌ وەردرەگرێت، بەڵام لە واقیعدا ئەم كردەیە ئەنجام نادات و غەریزەی ژیان دژی ئەم چێژە دەوەستێتەوە، چونكە نایەوێت خۆشەویستی كەسانی دی لە دەست بدات، بۆیە كینە و خۆشەویستی دەبنە دووانەی یەكتری. هەستكردن بە تاوان لەو جیاوازییەدایە لەنێوان حەزی شاراوەی نائاگایی و ڕەفتاری واقیعیی ڕۆژانەدا دروست دەبێت. بەم جۆرەیش غەریزەی مەرگ دەبێتە تارماییەكی نادیار، لەكاتی جەنگدا ئەم تارماییە بە قورسی خۆی دەردەخاتەوە و زێدەڕەوی لە ترسناكییەكەی خۆیدا دەكات. ئەوە بۆیە فرۆید دەڵێت "جەنگ وەهمی ئاشتی لەنێو دەبات".




( 2 )
مارتن هایدیگەر: مەرگ و فەرامۆشی/ مەرگ و نیگەرانی

مارتین هایدیگەر لە كتێبی (بوون و كات)ـدا دوو خەسڵەتی ئۆنتۆلۆژی و بوونگەرانەی مردن دیاری دەكات، ئەوانیش (لە پەیوەندیی بەدەر) و (دەست لێ‌ هەڵنەگیراو)، ئەم دوو خەسڵەتە لەسەر بنەمای دوو دڵی لە بوون- ڕووە و – كۆتایی دادەمەزرێت و واتای حەتمییانەی مەرگە. بوون-ڕووەو- كۆتایی مانای ئەوە نییە كۆتاییەك هەیە كە (هێشتا نەبووە) و دازاین دەبێت پێی بگات تا بوونی خۆی وەدەست بهێنێت، دازاین هەمیشە لە صیرورەی نیچەییدایە و بوونە بۆ ساتی دواتری خۆی، دازاین هەمیشە (هێشتا نەبووی خۆیەتی). بێگومان بوونی دازاین كۆتایی پێ‌ دێت، (هێشتا نەبووە)ـیش سەر بە كۆتاییە و لەگەڵ كۆتاییدا ئەویش تەواو دەبێت، كۆتاییش واتە مەرگ. بەڵام ناكرێت دازاین ئەم كۆتاییە ئۆنتیكییەی هەبێت، چونكە بوونێكی ئۆنتۆلۆژی هەیە كە بوون نییە لە كۆتاییدا بەڵكو بوونە-ڕووەو-كۆتایی. مەرگ بوون بە دازین نادات بەڵكو بە ڕەهایی ڕێگری لەوە دەكات دازاین ببێتە شتێك. دازاین بە دوو دڵییەوە ڕوو لە كۆتایی خۆی دەكات، بۆیە بوونی ڕەسەنانەیشی ڕووەو مەرگ لەسەر بنەمای نیگەرانی دادەمەزرێت. بەڵام  بوون لە ژیانی ڕۆژانەدا بەردەوام هەوڵدەدات دوودڵی بگۆڕێت بۆ ترس. ترس دۆخێكی ناڕەسەنانەی بوونە كە ئەوانی دیكە بە دازاینی دەبەخشن، چونكە ترس لە مردن دواجار دەبێتە خۆدزینەوە لە مەرگ و داپۆشینی مردن وەك دوا ئەگەری بوونی دازاین.
لە ژیانی ڕۆژانەدا مردن دەكرێتە ڕووداوی مردنی كەسانی دەوروبەرمان و بە شتێك دادەنرێت كە مردنی من نییە، من بەردەوام لە مردنی خۆم هەڵدێم. لە ژیانی ڕۆژانەدا "كەسێك دەمرێت" بەڵام ئەم مردنە سەر بە بوونی هیچ تاكێكی تایبەت نییە، چونكە ئەوەی مردووە و دەمرێت من نیم، (من) لەلایەن (ئەوان)ـەوە داگیر كراوە و مردنەكەیشی كراوەتە شتێكی گشتی و هەردوو خەسڵەتی (لەپەیوەندی بە دەر) و (دەست لێ‌ هەڵنەگیراو)ی دەشاردرێتەوە. بەم جۆرە ئەوان ئاسوودەیی لەئاستی مەرگدا دروست دەكەن "پێویستە دازاین ئاسوودە بێت و گوێ‌ بە مردن نەدات" چونكە بیركردنەوە لە مردن ترسنۆكانەیە و واتای ترس- لە- مردنە، بەڵام مادام ئەوەی مردووە ئێمە نین و ئێمە دواتر دەمرین ئیدی پێویستە دازاین گوێ‌ بە مردن نەدات "هەر دەبێت بمرین، بەڵام ئێستا نا". ژیانی ڕۆژانە حەتمییەتی مەرگ بە لاڕێدا دەبات "مردن حەتمییە، كەواتە فەرامۆشی بكە" بەمەیش دڵنیابوون لە ئاستی مردندا دادەمەزرێنێت، ئەم (دڵنیابوون)ـە ساختەیە (دڵنیابوون)ـی ڕەسەنانە لە مەرگ دادەپۆشێت. دڵنیایی یەكەمیان سیفەتی شاردنەوەی هەیە و بوونی دازاین دەخاتە نێو (نا-ڕاستی)ـیەوە، دووەمیان سیفەتی دەرخستنی هەیە هەر دەرخستنێكیش سەر بە ڕاستییە و حەقیقەت بریتییە لەم دەركەوتنە، هایدیگەر گووتەنی "دڵنیابوونی نادروست دڵنیابوون دەشارێتەوە".
هایدیگەر دەیەوێت، بۆ دەركەوتنی سەرجەمی بوونی دازاین، بوون–ڕووەو-مەرگ لەسەر بنەمای نیگەرانی دابمەزرێنێت و واتایەكی بوونگەرانەی پێ‌ ببەخشێت: "مردن ئەگەرێكی لە پەیوەندی بەدەر و وازلێ‌ نەهێنراوی نادیاری بوونی دازاینە. مردن وەكو كۆتایی دازاین لەم هەبووەدا بوونە-ڕووەو-كۆتایی". ئەم بوونە چاوەڕوانیكردنی ئەگەری مەرگە و بیركردنەوەیە لە مردن بە تێگەیشتنەوە، واتا مردن وەك ئەگەرێك كە هەر لە بنەماوە بەشێكە لە بونیادی بوونی دازاین و بە نیگەرانی و تێگەیشتنەوە ڕووی تێدەكەین. ئەم تێگەیشتنە تێگەیشتن نییە لە واتای شتێك یان واتای مردن، بەڵكو تێگەیشتنە لە مردن وەك توانای دازاین بۆ مەرگ. مردن ئەگەری خودی دازاینە و ڕووكردن لەم ئەگەرە توانایی دازاین بۆ بوونی خۆی ئاشكرا دەكات كە دازاین بەشێك نییە لەوان و كەس لە مەرگدا ناتوانێت جێگای بگرێتەوە، مەرگ لە هەموو دۆخێكدا مردنی منە و من دەبمەوە بە خۆم، ئەوەی دەمرێت منم و كەسیش ناتوانێت لەم كارەدا جێگام بگرێتەوە،  بەم جۆرەیش دازاین بوونی خۆی لە بوونی ئەوانی تر جیادەكاتەوە، بەمەیش دازاین پێشبینی مردنی خۆی دەكات و دەزانێت كە مردن مردنی تاكەكەسە و لە دەرەوەی ئەو پەیوەندییەدایە كە بوون-لەگەڵ-ئەوانی تردا لە ژیانی ڕۆژانەدا دروستی كردووە، هایدیگەر بەم بنەمایە دەڵێت (لەپەیوەندی بەدەر)ی مەرگ "خۆ بەخاوەنكردنی ئەم ئەگەرە دازاین دەكات بە هەبوویەكی ڕەسەن".
پێشبینیكردنی مەرگ لەلایەن دازاینێكەوە بۆ مردنی خۆی بوونی ئەو دازاینە لە ئاستی ئەگەرەكانی بوونیدا دەردەخات، ئەم پێشبینیكردنە نكوڵی بۆ وازهێنان لە مردن ناكات، بەڵكو زۆر لە دازاین دەكات ببێت بە خاوەنی خۆی و لە مەرگی خۆی دڵنیا بێت، ئەم پێشبینییە كاتی ڕوودانی ئەگەری مردن دیاری ناكات و نازانێت لە چ كاتێكدا ڕوودەدات، بەڵام بە بەردەوامی دازاین بە مەترسییەوە بەرەوڕووی ئەو ئەگەرە ئاراستە دەكات. پێشبینیكردن دازاین دەكاتەوە بە خودی خۆی و ڕووبەڕووی ئەگەرەكانی بوونی خۆیی دەكاتەوە و لە توانای تەواوەتی بۆ سەرجەمی بوونی دڵنیای دەكاتەوە، ئەمەش وا لە دازاین دەكات بە نیگەرانییەوە ڕوو لە مردنێك بكات كە (ئەوان) ناوەڕۆكیان بۆ دانەناوە و بۆچوونی (ئەوان)ـی بەرەسەرەوە نییە، بەڵام خۆی لێی دڵنیایە. ئەم دوو خەسڵەتە (لە پەیوەندی بەدەر) و (دەست لێ‌ هەڵنەگیراو) لە پێشبینییەكەدا ئەگەری مەرگ دەكەنە ئەگەرێكی حەتمی، بەمەیش بوون-ڕووەو-مردن ئۆنتۆلۆژییانە و بوونگەرانە دەردەكەوێت و ڕەسەنیەتی بە دازاین دەدات.

( 3 )
میشێل فۆكۆ: مەرگ وەك ژمارە

مەرگیش دەبێتە ژمارە، ئەم سەردەمە سەردەمی ژمارەیە، سەردەمی ئامارە، تەواوی حەقیقەت خزاوەتە نێو ئامارەوە، هیچ شتێك لە دەرەوەی ئامار بوونی نییە (ڤیتگنشتاین وتەنی: ئەگەر بوونیشی هەبێت نابێت قسەی لێ‌ بكرێت) وتەكەی ڤیتگنشتاین بۆ "زمان و میتافیزیك" دروست بێت یان نا ئەوا بۆ "ئامار" ڕاستە.
میشێل فۆكۆ لە دەرسگووتارەكانی ناوەڕاستی دەیەی هەفتاكان لە كۆلێژی دو فرانس نموونەی جەنگ بۆ شیكردنەوەی پەیوەندییەكانی دەسەڵات بەكاردەهێنێت. لای فۆكۆ "جەنگ بزوێنەری دام و دەزگاكان و سیستەمە، ئاشتیش لە چكۆلەترین و كەمخایەنترین وێستگەكانیدا بەندە لەسەر جەنگ، بە گوزارشتێكی دیكە دەبێت لەنێو ئاشتیدا جەنگ شی بكرێتەوە، جەنگ ڕووەكەی دیكەی ئاشتییە" (دەبێت بەرگری لە كۆمەڵگا بكرێت، ل71). تێڕوانینی فۆكۆ جیاوازە لە تێڕوانینی فرۆید بۆ جەنگ و مەرگ، لای فرۆید جەنگ مرۆڤ دەخاتەوە بەردەمی مەرگی خۆی و ناچاری دەكات ڕووبەڕووی مەرگ ببێتەوە، سوبێکت بەردەوام لەمەرگ هەڵدێت و وا لە مردن دەگات وەك ئەوەی مەرگی ئەوانی دیكەیە. بەڵام فۆكۆ پێی وایە جەنگ بەشێكە لە پرۆسەی بێ‌ بەهاكردنی مەرگ، چونكە جەنگ بڕیارێكە لەدەستی دامەزراوە جەنگییەكانی دەسەڵاتدا، بڕیاردانی جەنگیش بەشێكە لە بێ‌ بەهاكردنی مەرگ، نەك بێ‌ بەهاكردنی ژیان.
بە بڕوای فۆكۆ مومارەسە و دامەزراوەكانی جەنگ بە جۆرێك پەرەیان سەندووە كە ئیدی ڕاگەیاندنی جەنگ بە دەوڵەتی كراوە و لەوە دەرچووە جەنگی ڕۆژانە و هاكەزایی بێت، ئەم جۆرە جەنگەیش دامەزراوەی خۆی هەیە. دەسەڵاتیش تەنیا بە یاسا دانامەزرێت بەڵكو بەندە بە جۆرێك لە شەرعیەتی دامەزراوەییشەوە. لای فۆكۆ یاسا لەنێو جەرگەی جەنگەوە، لەنێو وێرانەی سەركەوتن و كوشتارگەكان و شارە سوتاوەكانەوە پەیدا دەبێت. یاسا ئاشتی و ئاگربەست و پێكەوە ژیان نییە "چونكە لە سایەی یاسایشدا جەنگ  لەنێو سەرجەم میكانیزمەكانی دەسەڵاتدا لە كارە تۆقێنەرەكانی بەردەوامە" (دەبێت بەرگری...،ل71). كەواتە یاسا بەرهەمهێنراوی دەسەڵاتە و دەسەڵات لەڕێگەی یاساوە مومارەسەی بەشێكی گەورەی دەسەڵاتی خۆی بۆ جەنگ و دیسپلین و ڕێكخستن دەخاتە گەڕ، نەك تەنیا یاسا سەربازییەكان بەڵكو یاسا زۆر مەدەنییەكانیش، لەوانەیش یاسای مردن و ژیان، لەدایكبوون و مردن، جۆرێكە لە تەكنۆلۆژیای دەسەڵات بۆ مومارەسە لەسەر جەستە و ژیان و دانیشتووان.
هەر منداڵێك لە دایك بێت دەبێت لە تۆماری لەدایكبووان بنووسرێت، ناسنامە دەربهێنێت، دوایی لە چەند شوێنێكی دیكە وەك ئەندامی خێزانەكە بنووسرێت. هەر كەسێكیش بمرێت دەبێت ئەم پرۆسەی تۆمار كردنە بسڕێتەوە و تەنیا وەك مردوو ناوی لە تۆمارەكاندا بمێنێتەوە. ژیان و مردن لە سەردەمی مۆدێرندا ئەم پرۆسەی تۆماركردن و سڕینەوەیەیە. دەسەڵات لەڕێی یاساوە مومارەسەی ئەم پرۆسەیە دەكات، یاسایەك كە فۆكۆ بۆ ڕوونكردنەوەی پەیوەندی دەسەڵات بە ژیان و مەرگەوە باسی دەكات یاسای مافی ژیان و مافی مردن. لە ڕاستیدا هەڵەیە بڵێین یاسای ژیان/ مردن، بەڵكو دەبێت بنووسین یاسای مردن/ ژیان، چونكە بە بڕوای فۆكۆ ئەم یاسایە كاتێك مافی ژیان دەدات كە بەر لە هەر شتێك مافی لە كوشتن هەبێت، گەر دەسەڵاتێك توانی مەرگ ببەخشێتەوە ئەوا دەتوانێت ژیانیش ببەخشێتەوە. ئەم مافە پەیوەستە بە كۆمەڵێك تەكنۆلۆژیای نوێوە كە ئیدی وەك تەكنۆلۆژیای دیسپلینكار تەنیا لەسەر جەستە مومارەسە ناكرێت، بەڵكو نیازی بە دەستەمۆكردنی مرۆڤی-زیندوو و یان مرۆڤی-جۆرە. ئەم تەكنۆلۆژیایانە پەیوەندییان بە لەدایكبوون و ڕێژەی منداڵبوون و مردنەوە هەیە، واتە ژیان و مەرگ. فۆكۆ ناو لەمە دەنێت "بایۆ-پۆلەتیک". دیوێكی ئەم سیاسەتی پەیوەستە بە تەندروستی دانیشتوونەوە (خزمەتگوزاریی تەندروستی و چارەسەركردنی نەخۆش) و دیوێكی پەیوەستە بە بێ‌ توانایی و كەنەفتەیییەوە (پیرێتی و نەمانی توانای چالاكی و بەرهەمهێنان). میتۆدی ئەم سیاسەتە پێوانە و سەرژمێرییە، بە مانایەكی تر حسێبكردنی ڕێژەی لەدایكبوون و مردن و دەستكاریكردنی ئەم ڕێژانە. لێرەدا ناچمە نێو ئەو وردەكارییانەی كە فۆكۆ بە درێژیی لە بارەی سیاسەتی زیندووێتییەوە لەسەری وەستاوە، بەڵكو ئەوەی جێی سەرنجە ئەوەیە فۆكۆ پێی وایە دەسەڵات لە ڕێی تەكنۆلۆژیا نوێیەكانەوە دەتوانێت بچێتە نێو ژیان و مردنەوە، یەكەم پنتیش كە ئەم دەسەڵاتە تێیدا دەردەكەوێت ئامار و ژمارە تۆماركراوەكانی ناوی مردووانە، دەسەڵات مەرگ دەكاتە ژمارەی نێو دام و دەزگاكان.
جاران كە كەسێك دەمرد خێزان و خزم و كەسان و بگرە كۆمیونیتەیەكیش لە ناوچەیەكی دیاریكراودا دەستیان لە هەموو شتێك هەڵدەگرت بۆ بەشداریكردن لە ڕێوڕەسمی ناشتن و پرسەگێڕاندا. بەبڕوای فۆكۆ لە سەدەی هەژدەیەمینەوە ئەم سروتی مردنە لەڕێی تەكنۆلۆژیاكانی دەسەڵاتەوە بەرەو كەمبوونەوە دەبرێت تا وای لێ‌ دێت مەرگ ئەو شتەیە كە دەیشارینەوە. ئەوەی لە پێشتردا درەوشانەوەی بە مەرگ دەدا ئەو مۆركە سروتییەكە بوو، ئەم سروتە دەركەوتەی ئەو تێڕوانینە بوو كە پێی وابوو مەرگ گواستنەوەیە لە دەسەڵاتێكەوە بۆ دەسەڵاتێكی تر، لە دەسەڵاتی میرییەوە بۆ دەسەڵاتێكی سەرووتر و غەیبی، واتە لە یاسایەكی مەدەنییەوە و بۆ یاسایەكی ئەبەدی. لەم زەینەدا مەرگ مەتەڵ و سیحر بوو، شایەنی وەستان و لە جوڵەكەوتن بوو. لە ئێستادا دەسەڵات هەقی بە مردنەوە نییە، بەڵكو هەقی بە ژیانەوە هەیە، مافی دەستوەردان لە شێواز و ئاستی ژیان و بەرزكردنەوەی ڕێژەی ژیان و درێژكردنەوەی تەمەنی بەخۆی داوە، بۆیە مەرگیش بۆتە كۆتایی ئەم ژیانە. مەرگ بۆتە دیوێكی تر كە دەكەوێتە دەرەوەی بازنەی دەسەڵات، مەرگ بۆ دەسەڵات گرنگ نییە چونكە لەژێر دەستی دەخزێت، مەرگ بۆ دەسەڵات لووس و نەگیراوە، بۆیە دەسەڵات تەنیا وەك سەرژمێری و ڕێژە مامەڵەی لەگەڵدا دەكات، تەنانەت بۆ دەسەڵاتێكی مەرگدۆستیش مەرگ ژمارەی شەعید و كوژراوەكانە، هەمیشە لە جەنگەكاندا ژمارە لە پاڵ مردندا ئامادەیی هەبووە، دەسەڵات گرنگی بە مەرگ نادات بەڵكو بە ژمارەی مردووەكانی دەدات، ئیشی بە ژمارەكانە نەك بە مەرگ. دەسەڵات هەقی بە مەرگەوە نییە، چونكە ساتی مەرگ ساتی دەرچوونی تاكە لەژێر دەستی دەسەڵات، بە گوزارشتی فۆكۆ "دەسەڵات مەرگ فەرامۆش دەكات". فەرامۆش كردن بەشێكە لە تەكتۆلۆژیای دەسەڵات بۆ دوورخستنەوە و پەراوێزخستن، واتە كردنی مەرگ بە ڕووداوێكی ئاسایی ژیانی ڕۆژانە و سەرنج لێ‌ نەدراو. فەرامۆشكردن خاڵیكردنەوەی مەرگە لە سیحرەكەی.

بیبلۆگرافى:
1-     إدغار آ‌لن بو: قناع الموت الأحمر (و قصص اخری)، إعداد و تقدیم و تحلیل: د. رحاب عكاوي، دار الحرف العربي للنشر و التوزیع، الطبعة الأولی, بیروت-لبنان، 2009.
2-     سیجموند فروید: الحب و الحرب و الحضارە و الموت، ترجمة: دكتور عبدالمنعم الحفنی، دار الرشاد للطبع و النشر و التوزیع، الطبعة الأولی، مصر، 1992.
3-     جیمس ب. كارس: الموت و الوجود- دراسة لتصورات الفنا‌ء الإنساني فی التراث الدیني و الفلسفي العالمي: ترجمة: بدر الدین، المشروع القومي للترجمي، المجلس اڵاعلی للثقافة، 1998.
4-     میشیل فوكو: یجب الدفاع عن المجتمع- دروس لسنە 1976 فی الكولیج دی فرانس، ترجمة: د. الزوادی بغورە، دار الطلیعة للطباعە و النشر، الطبعە الأولی، بیروت، 2003.
5-     مارتن هایدیگەر: بوون و كات، وەرگێڕانی: د. محەمەد كەمال، دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، سلێمانی، 2013.

تێبینى: ئەم وتارە لە گۆڤارى "ئایدیا"، ساڵى 2013، بڵاوبۆتەوە. 


No comments:

Post a Comment