ئه‌نوه‌ر موغیس
وەرگێڕانى: هاوار محه‌مه‌د
وا باشتر بوو دۆلۆزی به خۆی بڵێت فه‌یله‌سوفی كۆچه‌ر Nomade وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك
بۆ ئه‌و خواسته‌ی كه به ئه‌نقه‌ست نایه‌وێت ڕێباز و هێڵێكی دیاریكراوی فه‌لسه‌فی
و بابه‌ت و پرسگه‌لێكی تایبه‌ت بۆ نووسین و كتێبه‌كانی هه‌ڵبژێرێت. دۆلۆز له
ئاماژه‌یه‌كی كانته‌وه ئه‌م ناوه‌ی وه‌رگرتووه، كانت له كتێبی "ڕه‌خنه‌ی
عه‌قڵی په‌تی"ـدا به خێرایی باس له سه‌رهه‌ڵدانی گومانگه‌رایی له فیكری
یۆنانی و له‌نێوبردنی كاتیگۆرییه جێگیره‌كانی میتافیزیكا ده‌كات، به ده‌ستی گۆچهرهكان.
«مه‌مله‌كه‌تی میتافیزیك له سه‌ره‌تادا سته‌مگه‌رایی
بوو، پاشان به ته‌واوه‌تی بووه فه‌وزا و جه‌نگی قورسی تێدا هه‌ڵگیرسا، ئیدی
گومانگهراكان هاتن، كه جۆرێك له كۆچه‌ربوون و هه‌ر جێگیربوونێكیان له‌سه‌ر زه‌مینێك
ڕه‌تده‌كرده‌وه تاوه‌كو په‌یوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بپچڕێنن»، ئه‌مانه
نیشتمانێكیان نه‌بوو.
ڕووته‌ختی كۆمه‌ڵایه‌تی لای دۆلۆز شوێنی به یه‌كگه‌یشتن
و یه‌كتربڕینی كۆمه‌ڵێك هێڵی به‌یه‌كداچووه كه سیسته‌می كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌وڵده‌دات
له چوارچێوه‌یه‌كی بنچینه و بناغه‌داری بگرێت، ئه‌ویش له ڕێگه‌ی پرۆسه‌ی به‌نیشتمانكردن
یان بەقەڵەمڕەوییکردن territorialisationـەوە. كۆچه‌ره‌كان ئه‌وانه‌ن له‌م ڕووته‌خته‌دا به‌دوای
ئه‌و هێڵانه‌دا ده‌گه‌ڕێن كه به‌هۆیه‌وه بتوانن بۆ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م چوارچێوه
بناغه‌داره ڕەقە هه‌ڵبێن، بۆیه كۆچه‌ره‌كان به پرۆسه‌ی كۆچی به‌رده‌وام و بێ
نیشتمانى و لەقەڵەمڕەوییخستن déterritorialisation ڕووبه‌ڕووی نیشتمانسازیی و بەقەڵەمڕەویکردن ده‌بنه‌وه.
ئه‌م
میكانیزمه له بواری سیاسه‌ت و ئه‌ده‌ب و هونه‌ریشدا كار ده‌كات. بۆ نموونه له
ڕوانگه‌ی دۆلۆزه‌وه، هونه‌ر چه‌مكێكی بێ مه‌دلول و بێ ڕاستگۆییه [لێره‌دا چه‌مك به تێگه‌یشتنه‌كه‌ی دۆلۆز] ئێمه
ناتوانین كۆمه‌ڵێك خه‌سڵه‌تی جه‌وهه‌ریی دیاریی بكه‌ین تا به‌هۆیانه‌وه ده‌ستنیشانی
ئه‌و بابه‌تانه بكه‌ین كه گوایه بابه‌تی هونه‌رین، یان ئه‌وه‌ی هونه‌رییه له‌وه
جیا بكه‌ینه‌وه كه نا-هونه‌رییه. هونه‌ر نابێته هونه‌ر هه‌تا پرۆسه‌ی هه‌ڵكه‌ندن
و كۆچه‌رێتی و ده‌رچوون له چوارچێوه‌ی بناغه‌یی ئه‌ندام نه‌دات، واته هونه‌ر ئه‌و
كاته هونه‌ره كه ببێته هێڵی هەڵهاتن Lignes
de fuite. ئه‌م
پێناسه‌یه واتای ئه‌وه نییه هونه‌ر په‌ناگه‌یه‌كه بۆ په‌نادانی مرۆڤ له زه‌بری
سیسته‌مه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كه‌ی، یاخود گوایه ئێمه له ژیان ده‌كشێینه‌وه و
خۆمان له هونه‌ردا ده‌پارێزین وه‌ك لای ئه‌دۆرنۆ، به‌ڵكو هێڵی هه‌ڵهاتن لای دۆلۆز
ئه‌و كاته ده‌بێته هێڵی ڕاسته‌قینه‌ی هه‌ڵهاتن كه ڕووبه‌ڕووی سیسته‌مه گشتییه‌كه
ببێته‌وه و ده‌ستكاریی چوارچێوه بناغه‌ییه‌كه بكات. به گوێره‌ی ئه‌م بۆچوونه
دۆلۆزییه هونه‌ری شۆڕشگێڕی نابێته جۆرێك یان فۆرمێك یان یه‌كێك له ده‌ركه‌وته‌كانی
هونه‌ر، به‌ڵكو هونه‌ر به سروشتی خۆی شۆڕشگێڕییه، هونه‌رمه‌نده‌كانیش كۆچه‌ره‌كانن
و بێ‌وچان به‌دوای هێڵه‌كانی هه‌ڵهاتندا ده‌گه‌ڕێن.
كۆچه‌ره‌كان هه‌میشه جه‌نگاوه‌ره مه‌زنه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی
ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌ت بوون. بۆیه هه‌میشه چه‌مكی كۆچه‌ری لای دۆلۆز په‌یوه‌سته
به چه‌مكی "ماشێنى جه‌نگ"ـه‌وه Machine de guerre، ئه‌م
گوازاره‌یه ئاماژه نییه بۆ جه‌نگ به مانا باوه‌كه‌ی "جه‌نگ ته‌نها ئه‌و
كاته ڕووده‌دات كه ده‌وڵه‌ت ئامێری جه‌نگ مۆنۆپۆل بكات" دۆلۆز وا دەڵێ.
چونكه کە ئەمە ڕوودەدات ئیدى داهێنان ڕه‌تده‌كرێته‌وه و هێزی خولقاندن وێران ده‌كرێت،
به‌ڵام ئامانجی ماشێنى جه‌نگ لای كۆچه‌ره‌كان دروستكردنی پانتاییه‌كی فراوانتره
بۆ پرۆسه‌كانی كۆچكردن له به‌رامبه‌ر پانتاییە سنووربه‌نده‌كاندا كه سیسته‌مه
كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كه دروستی ده‌كات تاوه‌كو هه‌ڵقوڵانه‌كانی ئاره‌زوو له‌نێویدا
نیشته‌جێ و کەناڵێزە بکات. كه‌واته ماشێنى جه‌نگ جۆرێكه له بەرەنگاریى سیاسی به‌ڕووی
ده‌زگای ده‌وڵه‌تدا، به‌ڵام فۆڕمێكی نوێیه و جیاوازه له فۆڕمی به‌رەنگاریی
پرۆژه گه‌وره شۆڕشگێڕییه‌كان له سه‌ده‌ی نۆزده‌دا. فۆڕمێكه كه ئاراسته‌یه‌كی
دیاریكراوی نییه، له كایه‌یه‌كدا كورت نابێته‌وه، ڕووبه‌ڕووی ده‌وڵه‌ت ده‌بێته‌وه
نه‌ك بیه‌وێت ده‌ستبه‌سه‌ر ده‌وڵه‌تدا بگرێت و درێژه‌ی پێ بدات. له ژێر كاریگه‌ری
دۆلۆزدا كۆمه‌ڵێك گروپی جیاجیای میوزیك و سیاسه‌ت و پزیشكیی ئه‌لته‌رناتیڤ ناوی
كۆچه‌ریان له‌خۆیان نا، ئه‌وه‌یش وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ ئه‌و بهرەنگارییهی كه له
هه‌موو شوێنێكه‌وه هه‌ڵده‌قوڵێت.
No comments:
Post a Comment