My Blog List

بابه‌ته‌ نوێیه‌كان

خۆرهەڵات و فەلسەفە

Saturday 29 February 2020

خۆرهەڵات و فەلسەفە


هاوار محەمەد

چەند ساڵێک لەمەوبەر یەکێک لە هاوڕێ نووسەرەکانم بە پشتبەستن بە وتارێکى "برایان فان نوردن" بە ناونیشانى "فەلسەفەى ڕۆژئاوایى ڕەگەزپەرستە"، وتارێکى کورتى نووسى و کە گەیشتمە ئەو جێیەى وا فەیلەسوفى فەرەنسى "ژاک دێریدا"ـیش لە ڕیزى فەیلەسوفانى ڕەگەزپەرست حیساب کرابوو، تووشى شۆک بووم. یەکەم شت کە بە خەیاڵمدا هات ئەوەبوو چۆن دەشێت دێریدا ڕەگەزپەرست بێت وەختێک هەموو پرۆژە فەلسەفییەکەى ئەو ڕەخنەى سەنتراڵیزم و بە تایبەتیش "سەنتراڵیزمى ئەوروپى" بووە؟ دەستبەجێ سێ ڕەگەز لە دێریدادا هاتنە بەرچاوم:
١- ڕەخنەگرتنى سەرسەختانە لە لۆگۆس، سوبێکت، تاکخوازى، هەژموون، عەقڵانییەت، تیۆلۆژیا، داخران و سیاسەتى ڕۆژئاوا.
٢- کارە تیۆرییەکانى دێریدا سەبارەت بە بەرپرسیارێتى، کە زۆربەیان تەرخانن بۆ تیۆریزەکردنى پێشوازیی لە ئەویتر، میوان، غەریبە، دۆست، دوژمن، نەناسراو، تاوانبار، خودا، شەیتان، ئاژەڵ و هتد.
٣- پاشان چالاکییە پراکتیکییەکانى ئەم فەیلەسوفە دژ بە ڕاسیزم کە بەدرێژایى تەمەنى ئەنجامی داون و لە هەموو جیهاندا پێیان ناسراوە، لەوانە: دروستکردنى ڕێکخراوى دژە ڕاسیستى بۆ پشتیوانى لە پەنابەران، دژایەتیکردنى جەنگى جەزائیر و سەرکۆنەکردنى بەردەوامى فەرەنسا، بەشداریى سەرەکى و کاریگەرى دێریدا لە یەکلابوونەوەى کەیسى کۆچبەرانى بێ ناسنامە، دروستکردنى پەرلەمانى نووسەرانى جیهانى کە نووسەر و ئەدیبى کورد "سەلیم بەرەکات"ـیش یەکێک بووە لە ئەندامانى ئەو پەرلەمانە و هتد. حوکمەکە بێ ئینسافانە دەهاتەبەرچاوم، بۆیە بڕیارمدا وتارەکەى فان نۆردن بخوێنمەوە. هەر زوو بۆم دەرکەوت بنچینەى ئەرگومێنتەکەى دەچێتەوە سەر گفتوگۆیەکى لەمێژینە، ئەویش سەرقاڵبوونە بەم پرسیارەوە کە ئاخۆ فەلسەفە لە یۆنانەوە سەریهەڵداوە یان لە ڕۆژهەڵاتەوە؟ ئاخۆ فەلسەفە دیاردەیەکى ڕۆژئاوایى پوختە یان وەرگیراوە؟ تۆ بڵێى نیشتمانیى ئەسڵیى فەلسەفە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست، چین یان هیندستان نەبووبێت؟ نۆردن لە وەڵامەکەیدا دەیەوێت بیسەلمێنت کە فەلسەفە بەرلەوەى لە یۆنان هەبووبێت، لە چین و هیندستان و ئەمریکاى باشوور هەبووە، بەڵام ئەوە ڕەگەزپەرستیى فەیلەسوفانێکى وەکو کانت و هایدیگەر و مۆرۆ و دێریدا بووە وایان کردووە لەم سەردەمەدا ئەم ڕاستییە شاراوە بێت. 
نۆدرن بە پلەى یەک ستایشى فەلسەفەى چینى دەکات و هەندێ نموونە لە بەرهەمى شارستانیى چینییەوە دەهێنێت هەتا وەک بەرهەمى بیرکردنەوەى فەلسەفى پیشانمانى بدات. لە ڕاستیدا ئەم نموونانە کەم و بێ شیرازەن، هیچ پەیوەندییەکى جەوهەرییان بە فەلسەفەوە نییە و وەک زۆریکیتر نۆردن شارستانى و شار، حیکمەت و فەلسەفە، کۆمەڵبوون و سیاسەت (ئاگۆرا/ بەڕێوەبردن/ ئابووری)ى تێکەڵ بەیەکتر کردووە. وێڕاى ئەمەیش هیچ گرنگییەکى بە مەرجى هەبوونى فەلسەفە و فەزاى فەلسەفە نەداوە؛ بۆیە ئەرگومێنتەکەى ئێجگار لاوازە و تەنانەت ناگاتە ئەو ئاستەى ببێتە بەشێک لەو گفتوگۆ درێژ و چڕەى کە لەسەر ئەم بابەتە هەبووە و هێشتایش هەیە. 
مەرجى بنەڕەتیى فەلسەفە چییە؟ دۆلۆز لە پێشەکیى "فەلسەفە چییە؟"دا ئاوا وەڵاممان دەداتەوە: هاوڕێیەتى. ئەم ئەرگومێنتە لە زووەوە هەیە بۆ جیاکردنەوەى نێوان "حیکمەت" و "فەلسەفە"، و لە ئەسڵیشدا دەچێتەوە سەر فیساگۆرس کە دەڵێت: "من حەکیم نیم، بەڵکو هاوڕێى حیکمەتم". ئەرگومێنتەکە سادە دەمێنیتەوە گەر نەزانین "هاوڕێیەتى" چى دەگەیەنێت. لە ڕاستیدا جیاکردنەوەى"حیکمەت" و "فەلسەفە"، لەوەدا نییە کامیان قووڵتر و زیرەکانەترن، کامیان لە پلە و پێگەدا لە سەرووترە. جیاکردنەوەکە دەستنیشانکردنى خودى بوونەکەیە. هیچ نەنگییەکیش لەوەدا نییە بڵێین خۆرهەڵات حیکمەتى هەبووە و خۆرئاوا فەلسەفەى هەبووە، تاوەکو بە وتنى ئەم ڕاستییە ببینە ڕەگەزپەرست (گەر وەک پرسیار دایبڕێژینەوە: ئایا تەنیا بەوەى بڵێین فەلسەفە داهێنراوى ڕۆژئاوایە، دەبینە ڕەگەزپەرست؟). ئەى ئاخۆ لە فەلسەفەدا حیکمەت نییە؟ حیکمەت نییە، بەڵکو عەشق بۆ حیکمەت هەیە، عەشق واتە تاسەى ئەو شتەى کە نیتە؛ ئەمە  شێوازى مامەڵەکردنە لەگەڵ حیکمەتدا. ئەم مامەڵەیە لە یۆناندا "هاوڕێیەتى" بووە نەک "خاوەندارێتى": فەیلەسوف خاوەن و دۆزەرەوە و کەشفکەرى حیکمەت نییە، هاوڕێى حیکمەتە. دۆلۆز و گواتارى ئاوا پێناسەى هاوڕێیەتى دەکەن: هاوڕێیەتى هاوکات واتە کێبەرکێ (مونافەسە). هاوڕێکان کێبەرکێ لەسەر ئەو شتە دەکەن کە پێیەوە خەریکن. ئەم ئاکارى هاوڕێیەتییە لە هەموو بوارەکانى یۆناندا هەبووە، هەر لە باخەوانییەوە تاوەکو فەلسەفە. کێ بە باشترین شێوە هاوڕێى زەویى، درەختەکان، دانەوێڵە و تۆوەکانە و دەتوانێت چییان لێ دابهێنێت؟ ئەى ئەم باخەوانە لەم کارەدا چۆن چۆنى هاوڕێیەتى باخەوانەکانى تر دەکات و چۆنیش کێبەرکێیان دەکات؟ پاشان لە بازنەیەکى گەورەتردا، باخەوان چۆن هاوڕێیەتى پەیکەرتاش، وەرزشەوان، فەیلەسوف دەکات و چۆنیش کێبەرکێیان لەگەڵ دەکات بۆ بەرهەمهێنانى شتێک کە بۆ "شار" پێویستە؟ بە بڕواى دۆلۆز و گواتارى کۆى فەزاى ئەسینا هاوڕێیانە-کێبەرکێکارانە بووە، هەر لە وەرزشەوە تاوەکو مۆسیقا و دادگا و هونەر و سیاسەت و فەلسەفە، هەر لەبەرئەمەیە ئۆڵۆمپیاد، ئاگۆرا، داستان، شانۆ، سیاسەت، فەلسەفەیش لە یەک کاتدا لە یۆناندا چالاکانە هەبوون و ڕۆژانە مومارەسەکراون. بۆ نموونە لە ئەدەبدا، ئۆدێسەى هۆمیرۆس فەزاى کێبەرکێى لەنێوان داخوازیکەرانى "پێنەلۆپێ"دا پیشانداوە. بۆ ماوەى چەندین ساڵ خانەدانانى هەمەجۆر لە ماڵەکەى یۆلیسیسدا کۆدەبنەوە تاوەکو پێنەلۆپێ یەکێکیان وەکو هاوسەرى خۆى دەستنیشان بکات، ئەوان بۆ ئەم مەبەستە لەگەڵ یەکتردا بەشەڕ نایەن، شەڕ و دەمەقاڵێکانیان لەسەر شتە سادەکانى ڕۆژانەیە نەک بۆ خاوەندارییکردن لە پێنەلۆپێ، ئەوان پتر گەمە و یاریى دەکەن و ڕادەبوێرن، تەنیا دەیانەوێت باشترین تواناى خۆیان بۆ کێبەرکێ لەسەر پێنەلۆپێ پیشان بدەن. بەم مانایە یۆنانییەکان نەک تەنیا فەلسەفەیان هەبووە، بەڵکو فەلسەفییانەیش ژیاون؛ فەیلەسوف خەسڵەتێکى دیکەى تایبەتى هەیە کە وەک فەیلەسوف (نەک وەک بۆ نموونە پەیکەرتاش) دەستنیشانى دەکات، ئەویش ئەوەیە فەیلەسوف هاوڕێى چەمکە. فەیلەسوف چەمکەکان بۆ ئەو کێشانە دادەهێنێت کە لە شاردا هەن، بۆیە فەیلەسوف هەر خۆى بە پۆتێنشیەڵ چەمکە. بەڵام لە یۆنان بێجگە لە فەلسەفە شتێکى تریش هەبوو: سەفسەتە. سۆفستائییەکان کێبەرکێى فەیلەسوفەکانیان دەکرد بۆ هاوڕێیەتیکردنى حەقیقەت، ئیدى دەبوو ئەوەیش جیا بکرێتەوە کە هاوڕێیەتى ڕاستەقینە چییە و هاوڕێیەتى ساختە چییە. ئەفڵاتوون و ئەرستۆ سۆفستائییەکانیان بە هاوڕێى ساختەى فەلسەفە لەقەڵەمدا، بەڵام وەک دۆلۆز دەڵێت ئەم جیاکردنەوەیە هێشتایش تا ئەم سەردەمە یەکلایى نەبۆتەوە. ئەمە ئەو فەزایەیە کە هەلمومەرجى بوونى فەلسەفە دیاریى دەکات، شتێک کە هیچ کاتێک لە خۆرهەڵات بوونى نەبووە.

1-     Bryan W Van Norden, Western philosophy is racist, Aeon,  31 October, 2017
2-  جیل دولوز، فیلیکس غتاری: ماهي الفلسفة، ترجمة: مطاع الصفدي، مركز الإنماء القومي، يونسكو-باريس، المركز الثقافي العربي، الطبعة الأولى، بيروت، 1997. 

Monday 24 February 2020

ڕادیکاڵیزمی نەفرەتلێکراوان


بەرگرینامەیەک بۆ شانۆگەرییەکەی کەلار
حەمەى مەلا
هاوار محەمەد


١. بەرگرى بە چ مانایەک؟
دوو ساڵ لەمەوبەر، کە لەسەر کێشەى تابلۆیەکى هونەریى (گوایە ڕووت) دژ بە بیرى داخراوى سەلەفییەت و ترسى هەمیشەیى پیاوانى ئایینى لە جەستەى ژن بەرگریمان لە وێنەکێشى تابلۆکە و هونەر کرد، هەندێک کەس وا تێگەیشتن کە ئێمە خەریکین لەسەر تابلۆیەکى لاساییکراوە و هونەرێکى تەقلیدیى ئاستنزم قسە دەکەین و بەم جۆرە هەڵوێستەکەیان بەستەوە بە بەهاى هونەریى تابلۆکەوە، لە کاتێکدا ئەمە کێشە سەرەکییەکەى ئێمە نەبووە و نییە. هەر ئەو کات وتمان گەر بمانەوێ لەسەر خودى هونەرى شێوەکاریى قسە بکەین، ئەوا لایەنیکەم لەسەر فرانسیس بیکۆن و مارسێل دوشامپ و مانێت دەوەستین. ئێستایش دەربارەى ئەم شانۆیە بەهەمان شێوە، پاڵنەرى نووسینمان پتر بەرگرییەکى ئەخلاقییە لە هونەر لەپێناو کرانەوە و ئازادیدا، نەک ستایشى ئاستى هونەریى بەرهەمەکە، خۆ ئەگەر بمانەوێ قسەى تیۆرى لەسەر شانۆ یان دەقى شانۆیى بکەین، ئەوا لایەنیکەم لەسەر شکسپیر و ئارتۆ و بێکێت و پیتەرڤایس دەوەستین. ئەوەى کە خۆمان لە ئاستى هونەریى بەرهەمەکانى نێو فەزاى کۆمەڵگەى کوردى لادەدەین، لەبەرئەوەیە پێمانوایە یان وەک پێویست ڕادیکاڵ نین و ئیمکانى دیکەى ژیان لە دەرەوەى ئەو چوارچێوە داخراوە پڕ ترسەى ئایین و نەریت کەشف ناکەن، یاخود ڕیاکتیڤى خێرا و کورت و بێقووڵاین و پتر نەفەسێکن بۆ نەخنکان لەنێو قاڵبەکانى کۆمەڵگادا نەک ئەکتى جددى و داهێنەرانە. هونەر و شانۆ و مۆسیقا و سینەما لە کوردستان هێشتا نەچۆتە نێو بەرەنگارییەوە دژ بە هێزە کۆنترۆڵکار و سەرکوتکەر و فاشیستەکان؛ هێشتا نەبوون بە هونەرى داکۆکیکردنێکى کاریگەر لە ژیانى ئازادانە کە بێگومان خودى هونەر بەشێکى پێکدەهێنێت. کۆمەڵێک هۆکارى مێژوویى و هەنووکەیى، ئوبێکتیڤ و سوبێکتیڤ، لە پشتى ئەم نەقس و بێتواناییەوەن، لەوانە بە کولتوورنەبوونى هونەر و شانۆ، دابڕانمان لە بەشدارییە هەنووکەییە شارستانییە گرنکەکان، بەهێزبوونى شەپۆلى ئیسلامگەرایى لە پەنجا ساڵى ڕابردووى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا، سەتحیگەریى بەشێکى هونەرمەند و دەرهێنەرەکان کە لە ئاستى تیۆر و فیکردا لەبوارەکەى خۆیاندا نەیانتوانیووە زۆر هەڵبکشێن. بازاڕ و میدیایش با لەبیر نەکەین، کە کەشێکى ماراسۆنئاساى بۆ بەرهەمهێنانى بەرهەمى کرچوکاڵ و عەوامگەرا دروست کردووە. لە شانۆکارەکانى کوردستانى باشووردا ڕەنگە "شوان کەریم" بەرجەستەترین ناو بێت کە تاڕادەى ماندووبوون هەوڵیداوە بە ئایدیا و تێما و شێوازى تازە ئیش لەسەر کۆمەڵگەى کوردى بکات، هەموو جارێکیش بە شانۆ، هەرەسى جوزئێکى ژیانمان و وێرانیى بوارێکى کۆمەڵایەتییمان پیشان دەدات. دیارە بەرهەمەکانى ئەو پتر ئیشکردنە لەسەر ناشیرینییەکانى دونیاى ئێمە بە مەبەستی دڕاندنى ئەو پەردانەى ئایین و نەریت و ئایدیۆلۆژیا کە ناهێڵن ناشیرینییەکانى خۆمان بە ڕوونى ببینین، لەم ڕوانگەیە کارەکانى ئەو هەم شایەنى بینین و هەمیش شایەنى خوێندنەوەى ڕەخنەیین. ڕەنگە لە ناوە دیارەکانى ڕەخنەگرى شانۆییش "ڕزگار حەمە ڕەشید" بێت کە بەردەوام هەوڵیداوە کولتوورى شانۆ و ڕەخنەى شانۆ سەرپێ بکەوێ، گەلێک داکۆکیشى لە کرانەوەى ڕووبەرەکانى ئازادى کردووە و ویستویەتى ڕەگەزە ڕادیکاڵەکانى شانۆ زەق بکاتەوە. 

٢. بۆ لووان چییە؟
گەر ئێستا لەم ڕوونکردنەوەیە بگوزەرێین، ئیتر دەتوانین باسێک لەم دۆخى لەرزوتا ئاینییە بکەین کە هەموو چەند مانگ جارێک، بە شنەبایەک، بەرز دەبێتەوە و وا هەست دەکات لە هەر شوێنێک دەرگایەکى بچووکى  ئازادى بکرێتەوە، ئەو هەنگاوێک لە مەرگ نزیک دەبێتەوە. ئەم ترسە هیسترییە لەوێوە دێت کە ئایین دەیەوێت بۆ نێو بچووکترین جوزئەکانى ژیان، بۆ نێو گەردە هەرە بچووکەکانى پەیوەندیى نێوان ئینسانەکان هەم شۆڕ ببێتەوە و هەمیش کۆنترۆڵى بکات. هەر وەختێ تەنیا یەک جوزئـ ، تەنانەت ئەگەر ئەو جوزئە یەک دانە مرۆڤیش بێت، بە ڕوویدا بەرگرى بکات، پیاوانى ئایینى پێیانوایە عەرشى ئایین و پیرۆزییەکانیان هاتۆتە لەرزە. هەر بیروباوەڕ و ئایدیۆلۆژیا و ئایینێک هەوڵ بدات بچێتە نێو سەرجەم ورد و درشتى شتەکان و پەیوەندیى مرۆڤەکانەوە، ئەوا بێگومان بە پلەى باڵا مەترسیدارە و فاشیزمێکى ڕەبەق دەنوێنێتەوە. وێڕاى ئەوە، فاشیزمەکان ڕەنگە زۆر تووندوتیژ و داخراو بن، بەڵام مەرج نییە زۆر بەهێز بن. لەم سۆنگەیەوە ئەم لەرزوتایە نیشانەى نەخۆشى و لاوازیى سیستەمى مەناعەیە؛ نیشانەیە بۆ لاوازی و فشۆڵى ناوەکی گوتارى کۆنترۆڵکارى ئایینى، کە لەسەر فتوا و حەرام و قەدەغە بەندە، هاوکاتیش نیشانەیە بۆ "بۆ لووان"ـیک لە کوردستاندا کە پێمان وانییە لە سعودییە و ئێرانیشدا هاوشێوەى هەبێت. لە کوردستاندا سەرجەمى مینبەرەکان، هەر لە مزگەوەتەوە تاوەکو میدیا، هەر لە مەجلیسى هاوسەرگیرییەوە تاوەکو پەرلەمان، هەر لە دیوەخانى خێڵەوە تاوەکو بارەگاى سەرۆک، هەر لە پێشى تەکسییەوە تاوەکو دادگا و وەزارەتى بەناو ڕۆشنبیری، سەرجەم خراونەتە خزمەتى پیاوانى ئایینییەوە، ئەمەیش وا دەکات مەساحەى ئازادى و مومارەسەکان لە سەرجەم توێژەکانى ترى کۆمەڵگە و بە تایبەت گەنجان وەربگیرێتەوە و بدرێت بە مەلاکان، بەمەیش ڕووبەڕێکى بەرفراوانى پەراوێزخراو و نەفرەتلێکراو دروست بووە کە تەنیا بە شڵەژان لە کۆمەڵگەدا دەردەکەوێتەوە. ئەم دۆخى بۆ لووانـە هاوسەرگیرى و دەستێکەڵکردنى سیاسەت و دیینە لە کۆمەڵگەى ئێمەدا. بۆ بەشێک لە مارکسیستەکان کێشەى بنەڕەتیى وا لە زەواجى سیاسەت و ئابووریدا، بەلاى ئێمەوە زەواجى سیاسەت و ئایین بەهێزتر و مەترسیدارتریشە، یان بە جۆرێکیتر بڵێین ئەوە تەنیا سیاسەت و ئابووریی نییە دەستیان تێکەڵکردووە دژ بە کۆمەڵگە، بەڵکو سیاسەت و ئابوورى و ئایینن، پێکڕا. ئایین چیتر تەنیا تلیاک نییە و بەوەوە ناوەستێ ڕەگەزى سەرخان بێت، بەڵکو ڕێک دەیەوێت بەرهەمهێنەر و دابەشکەرى خودى تلیاک بێت لەپێناو خۆیدا، بەم جۆرە خۆیشى دەکات بە بونیاد و بنەوانى سیاسەت و ئابووریى. هەر کەسێکى هۆشیار لە ڕاپۆرتى "داهاتوو هەر بۆ ئیسلامە"ى بێژەرە حەماسى و دەنگناخۆشەکەى کەناڵى "ڕووداو" ورد ببێتەوە و، هەرکەس سەرنجى لە پێشوازیى هەمیشەیى و ڕۆژانەى NRT لە مەلاکان و کردنەوەى NRT4 وەک کەناڵێکى ئایینى بدات، پاشان گومان لەو هەموو مۆڵەتە بێ فیلتەرە بکات کە "وەزارەتى ڕۆشنبیریى ئەوقاف" بە کردنەوەى کەناڵى ترى ئایینى دەدات، دەزانێت کە ئەوە تەنیا سیاسەت نییە دەیەوێت ئایین ئیستیغلال بکات، بەڵکو ئایینیش دەیەوێت سیاسەت و سەکۆکانى بۆ خۆى بقۆزێتەوە، بەڵام ئەم سێ ڕەگەزە لە هیچ کوێدا بە جددى بەریەکتر ناکەون و هەرگیز ناکۆکیى ڕاستەقینە ناکەوێتە نێوانیان، بەڵکو کارى یەکترى تەواو دەکەن. کۆمەڵگەى ئێمە ئێستا گیرۆدەى ئەم گەمە پێکەوەسازاوەى سیاسەت و ئابوورى و ئایینە، بۆیە لە ماوەى پێنج ساڵى ڕابردوودا بۆتە کۆمەڵگەیەکى نیمچە بەزیووى بێبەرگرى بە ڕووى ئەم هێزانەدا، کۆمەڵگەیەک کە بە وێرانبوونى خۆى تۆڵە لە خۆى دەکاتەوە، کێم و دوومەڵ و گرێکانى خۆى دەخواتەوە و ئازار دەچێژێت. بەڵام وێڕاى ئەمە هیچ کۆمەڵگەیەک نییە کۆمەڵگە خاڵى بێت لە سات و ڕەگەزەکانى بەرگرى و بەرەنگارى، هیچ کۆمەڵگەیەک نییە ڕەگەزى ناکۆک و ناهاوچەشنى تێدا نەبێت.

٣. لە ستەملێکراوانەوە بۆ نەفرەتلێکراوان
ڕەنگە لە ھەر ساتەوەختێك زیاتر، كۆمەڵگای ئێمە پێویستی بە تەقینەوەی ناكۆكی و دژییەكییەكانی ناوی ھەبێت. تەقینەى ناکۆکى دەستبەجێ وێنایەکى مارکسیانەى دوو ڕەگەز و چینى نەسازاو دەهێنێتە بەرچاومان. ئێمە لەم مانایەدا قەتیسى ناکەین. بەلاى ئێمەوە خاڵى سەرەکیى لە ناکۆکیدا نەسازان و نا-هاوچەشن بوونە. مەبەستمان لە ناكۆكیى نا-هاوچەشنى ئەو دۆخەیە كە دەرئەنجامی وەها دوالیزمێكی بونیادییە کە كۆمەڵگای ئێمەی بەم فۆڕمە لە كۆمەڵگای دوو دیوو و پڕ لە ئیزدیواجییەت گەیاندووە. ڕۆژانە دەیان دیاردەی دەستدرێژیی سێکسی دەبینین و دەبیستین و ڕووبەڕووی دەیان ڕوداوی کوشتنی کچان و ژنان و فەتوای سەیروسەمەرەی سەلەفییەکان و گوتاریی دیینی و دیاردەی دروستبوونی پۆڕن ستار و چەندین ڕووداو و دەرکەوتەی دیکە دەبینەوە، کە بەگشتی و بەدەر لە خراپی بارودۆخی سیاسی و ئابوریی کوردستان و ناوچەکە، پێکڕا ئەم دیاردە و دەرکەوتانە ناکۆکی و ئەنتاگۆنیزمی ناو ژیانی کۆمەڵایەتی و کولتوریی ئێمە دەردەبڕن و نیشانی دەدەنەوە. وا ئەمڕۆش دیسان دوای کێشەکەی نێوان (ماریا هەورامی و مەلا هەڵۆ) و کێشەی (ڕێکخراوەکانی ژنان و مەلا مەزهەر و مەلا هەڵۆ) و (ڕوداوی دەستدرێژی بۆ سەر کچە منداڵەکەی هەولێر)، دەرگیرین لەگەڵ کێشە و تەقینەوەی ناکۆکییەکی دیکەی کۆمەڵگادا، کە ئەویش بریتییە لە نمایشە ڕادیکاڵەکەی گەنجانی کەلار و هەڕەشەکانى جەمعى مەلایان (بە هاوکارى بەڕێوەبەرایەتیى ڕۆشنبیرى گەرمیان). بە بڕوای ئێمە ئەوەی ڕوودەدات شتێکی ئاساییە و بگرە درەنگیشە بۆ ڕوودانی، کۆمەڵگای ئێمە دوای بەرکەوتنی بە ئامڕازەکانی مۆدێرنە و بە دیاریکراوی دوای  هاتنی تەکنەلۆژیا و ئەزمونکردنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و تێکەڵبوونی ئینسانی ئێمە لەگەڵ فەزای مەجازیدا، چیتر ناتوانێت وەک قۆناغەکانی پێشووتر و بەر لەهاتنی ئامڕەزاکانی مۆدێرنە، دۆخی داخران و چەقبەستوویی خۆی بژی و درێژەی پێ بدات. ئەوەی کۆمەڵگا و دین لە پێشتردا دەیانویست وەک بونیادی ئاسنین دەستی پێوە بگرن و بیهێڵنەوە، ئەمڕۆ لەبەردەم هەڕەشەی هەڵوەشان و لێکترازاندایە. هەڵبەت ئەم بەرخوردەی کۆمەڵگا و تێوەگلانی بە شەپۆلی جیهانگیریی و هاتنی مۆدێرنە، زیان و دەستکەوتی خۆی هەیە و لێرەدا ئیشی ئەم نوسینە ئەوە نییە باشی و خراپەکانی ئەم بەرخوردە شیتەڵبکات و لێکیان بداتەوە. بەڵکو جەختی نوسینەکە لەسەر نیشاندانی لێکەوتەکانی ئەم بەریەککەوتنەیە و پێداگرییە لەسەر ئەو ئارگۆمێنتەی کە کۆمەڵگا چیتر ناتوانێت ناکۆکی و لێکدژییە پەرتوبڵاوەکانى ناوخۆی بشارێتەوە و ڕێگرییان لێبکات، بەڵام لەم نێوانەدا ئەوەى لەم بەرکەوتنانەدا دێتەوە پێش، ئەو چەپێنراوانە و گەڕانەوەی ئەو ڕەگەزانەن کە ئایین و کۆمەڵگا بە نەفرەت لێکراوییان دەزانێت. نەفرەتلێکراو ڕەنگە پلەیەک لەولاى ستەملێکراویشەوە بێت. چەمکى سەنتراڵى هەڵسەنگاندنى ئابوورى یان ڕەخنەى سیاسى ئابووریى "ستەملێکراوان"ـە. لەڕاستیدا لە کۆمەڵگەى ئێستاى ئێمەدا کۆمەڵێک ڕەگەزى دیکەى ستەملێکراو هەن کە دووقات ستەملێکراون، دەتوانین ناویان بنێین "نەفرەتلێکراوان". ئەمانە بە شێوەیەکی زەروری دەبنە خاڵی دەرگیربوون و هەڵهاتن، دەبنە خاڵى گۆڕانکاریی و لەگەڵ هەر دەرکەوتن و گەڕانەوەیەکی ئەم ڕەگەزە سەرکوتکراو و چەپێنراو و پەراوێزخراوانەیشدا، گورزێکی گەورە لە بونیادە جێگر و چەقبەستووەکانی کۆمەڵگا دەوەشێنن و کەلێنێکی دەمکراوەی تێدا دروست دەکەن و بە پێچەوانەی ئەوەی کۆمەڵگا چاوەڕێی دەکات؛ لە جیاتی ئەوەی یەکبگرێتەوە و بچێتەوە یەک، بەردەوام بەرەو بەرفراوانبوون و هەڵدێرێکی خەرەندئاسا دەڕوات، تا دەگاتە ئاستێک، لە کۆتایدا کۆی بونیادە جێگیرەکان قوتدەدات و سەر لەنوێ دەیانکاتەوە بە کەرەستەی دروستبوون و بونیادنانەوەی دونیایەکی نوێ، دونیایەک کە چیتر ناکۆکی و دەرگیرییەکان تێیدا لە چەشنی ئەم ڕوداوانە نەبن و بە شێوازی دیکە و جۆری دیکە دەر بکەون.  

٤. لەنێوان خۆرهەڵات و خۆرئاوادا
ئەگەر لە مێژووی ڕۆژئاوادا بیركردنەوەی میتافیزیكی لە ئەفڵاتونەوە سیستەماتیزە بووبێت و جیھان بەسەر دوالیزمێكی ناھەوسەنگدا دابەش بووبێت؛ واتە ئەسڵ و بنەڕەتی جیھان، لە جیھانێكی بەرز و سەنتەر و ڕەسەن و ئایدیاڵ "فۆڕمە باڵاكان" و جیھانێكی نزم و زڕ و ساختە و بچوك و بێنرخ "ژیانی ماتریاڵ و مادی" پێكھاتبێت و ھەمیشەش "فەزیلەت و حەقیقەتی ڕەھا" لەوەدا كورت بووبێتەوە، كە دەبێت جیھانی نزم و زەمینی خۆی لەسەر بونیادە بەرز و ئاسمانی و ئایدیاڵەكان بونیاد بنێت و بەبێ جیھانی بەرز و ئاسمانی؛ جیهانی نزم و ماتریاڵی مرۆڤەکان لە ھەر بەھا و نرخ و فەزیلەت و حەقیقەتێك داماڵدراو بێت و نرخێکی ئەوتۆی نەبێت، ئەوا لە دونیای ئێمە و مێژووی خۆرھەڵاتدا، ئەم دوالیزمانە دین و بونیادی خێڵەكی و كولتوریی، كە ئەمانیش ڕیشەی خۆیان لە ئاسمان و دین و پەرستگاو نەریتی کۆمەڵایەتی و مێنتاڵیتی خێڵەکی و مزگەوتەكانەوە وەردەگرن، دروستی دەكەن و فۆڕمی پێدەبەخشن. بەڵام ئەوەی لە ڕۆژئاوادا گرنگە و دەبێتە بەشێكی دانەبڕاو لە فیكر و بیركردنەوە و داواكاریی و ھەوێنی بزوتنەوە كۆمەڵایەتییەكان، ڕوبەڕووبونەوەی ئەم بونیادە میتافیزیكی و بەھا سەپێنراو و جێگیرانەیە كە فەلسەفەی كلاسیك و دواتر دێر و كەنیسە و ئەسقەف و قەشە و پیاوانی ئایینی و پاشا و لۆردە ستەمكارەكان نوێنەرایەتی دەكەن. گەر پۆلێنێكی خێرای تەقینەوەی ئەم ناكۆكییانە بكەین كە خۆرئاوا لە مێژووی خۆیدا ئەزموونی كردوون و بەدەر لە لایەنە نێگەتیڤەکانییان، وەرچەرخانی گەورەیان بۆ مرۆڤایەتی دەستەبەر كردووە، دەتوانین بڵێین ھەر لە شۆڕشی كۆپەرنیكۆسەوە كە دەبێتە وەرچەرخان لەبواری گەردونناسی و لەسەنتەرخستنی عەقڵییەتی كەنیسە و دەقی پیرۆز، تا دەگات بە شۆڕشی زانستی نیوتن و داھێنانی بنەما سروشتییەکانی بیرکاریی و دواتریش تەرجەمەكردنی ئینجیل و دەستپێكی ڕێنسانس و چاكسازیی دینی و دیاریكردنی وەزیفە و ڕۆڵی دین لە ژیانی ئینساندا و سەرھەڵدانی داروینیزم و لەدایكبونی تیۆری پەرەسەندن و بەگژدا چونەوە و لێدان لە ئەفسانەی خەلیقەتی ناو ئوستورە و دینەكان و پاشانیش سەرھەڵدانی ئینسایكلۆپیدیانووسەكان و شەپۆلى ڕۆشنگەرى و بەرپابوونی شۆڕشی فەڕەنسی و دەرکەوتنی ئەدیبێكی گەورەی وەك ماركیز دی ساد و ھەڵدانەوەی ماسك لەسەر ڕوخساری مرۆڤایەتی و تەقاندنەوەی غەریزە شەڕانگێزەکانی ئینسان و بەستنەوەی بە مومارەسکردنی پرەنسیپی چێژەوە لە ئینساندا و قوربانیدانی بە نزیکەی ٣٠ ساڵی تەمەنی خۆیی و بەسەربردنی ژیانی لە زینداندا، کە لە پێناو لێدانیدا لە بەھا جێگیرەكانی كۆمەڵگادا دوچاری دەبێت، تا دەگات بە لەدایكبونی ماركس و داهێنانی میتۆدی ماتریالیزمی مێژوویى و بەخشینەوەی مافی دروستكردنی کۆمەڵگایەکی بێ چین و یەکسان "کۆمۆنیزم" لەسەر زەوی بە خودی مرۆڤ و پاشان ڕاگەیاندنی مەرگی خودا لەلایەن نیتچە و زاڵكردنی ھێز و ئیرادەی مرۆڤ بەسەر عەقڵی حەشامات و مێگەلدا و كەشفی نائاگایی لەلایەن فرۆیدەوە و لێدانی لە عەقڵگەرایی و ئاگایی مرۆڤ و تا دەگات بە بەرگرییەكانی فۆكۆ لە شێتەكان و ھۆمۆسێكسواڵەکان و پەراوێزخراوەكانی كۆمەڵگا و لێدانەكانی درێدا لە لۆگۆسەنتەریزمی خۆرئاوایی و تێكشكاندنی باینەرییەكان" دوانەیی و دوالیزمەكان"و هەوڵەکانى ژیل دۆلۆز بۆ ستایشى فرەییەکان و پەرەدان بە هێڵەکانى هەڵهاتن ..ھتد. ئێمە بینەری شۆڕشێكی بەردەوامین لەدژی بونیاد و ھەژمونگەرایی حەقیقەتی موتڵەق و ڕەهای ناو مێژووی ژیان و شارستانیەتی خۆرئاوا. لەکاتێکدا زۆرینەی ئەو بەگژداچوونەوە و هەوڵانەی کە دراون هیچییان بە سانایی و سادە سەرپێنەخراون و کەسانی سەرمەشق و ڕچەشکێنەکان باجی گەورەیان بەخۆیان و ژیانیان لەو پێناوەدا داوە و زۆربەیان ڕووبەڕووی زیندانی کردن و سزادان و تەنانەت کوشتنیش بونەتەوە. بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجە ئەوەیە کە دواجار توانیویانە درز بخەنە ناو بونیادە جێگیرەکانەوە و تێکیان بشکێنن و بە شێوازێکی دیکە بیر لە ژیانی مرۆڤ و ڕێکخستنی کۆمەڵگا و خودى ژیان بکەنەوە. هەڵبەت ئەمە بە ئیزافەی ئەوەی کە هیچ یەک لەم گۆڕانکارییانە بەناوی ڕزگاریی کۆتایی و فۆڕمێکی جێگیر و یەکپارچەی کۆمەڵگاوە خۆیان بەیان نەکردووە و ئەگەر مەیلێکی لەو شێوەیەش لە خەیاڵی بکەر و ئەنجامدەرەکانیاندا هەبوبێت، خراونەتە بەر هێرشی ڕەخنە و بەردەوام لە پرۆسەی پێداچوونەوە و چاکسازیدابوون و بە ئێستایشەوە ئەم ستایلە لە ژیانکردن لە ڕۆژئاوادا هەیە و درێژەی هەیە.  

٥. دژ بە قاڵبەکان
بەڵام لە بەرامبەردا و لە كۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتیدا،  كە سروشتێكی خێڵەكی و ئاینی و ناوكێكی ئۆنتۆلوژیی- ئوستورەیی ھەیە و لەسەری بونیادنراوە (هەڵبەت ئەمە بە لەبەرچاوگرتنی ئەو جیهانگیرییەی هێڵی تۆخی جیاوازی نێوان شەرق و غەربی کاڵ کردۆتەوە)، بەردەوام ستایلی ژیان سایە و سێبەری ژیانێكی باڵاتر و شكۆمەندانەترە، یان بە مانایەکی دیکە، ئەوەی فۆڕمی ژیان دادەڕێژێت لەو بونیادە قوڵانەوە دێن و بوون بە بەشێک لە ئەقڵییەتی سیاسی و کۆمەڵایەتی و کوولتوریی دونیای ئێمە، کە خودی ئەم ژیانە باڵا و ناوازەیەش كە ژیانی مادی و ماتریاڵی مرۆڤەكان ناچار دەكات وەك سێبەری ئەو بەرجەستە ببن و قانون و ڕێسا و یاساكانی بنوێننەوە، باڵایەتی و شكۆمەندیی خۆی لە پێوەر و ستانداردەكانی ناو شەریعەتی ئاسمانی و حەرام و حەڵاڵی دینی و  ئەخلاقی مەئلوف و باوی كۆمەڵگاوە وەردەگرێت و وەك بەرگەھەوا دەوری ژیانی ئینسانەكان و ژیانی كۆمەڵایەتی پێدەدات و ھەر دەرچوون و تێپەڕاندنێكیش لەم ستاندارد و ستایلە بەرھەمھێنراوانەی خۆی، بە لەناوبردنی بەھا باڵا و پیرۆز و كۆمەڵایەتییەكان حیساب دەكات. ئەوانەیشی دەبنە ھۆكاری ئەم تابۆشكێنییانە وەك كەسانێكی تێکدەر و نەفرەتلێکراو باس دەکرێن و بەهۆی ئەوەی چوونەتە دەرەوەی بەرگەھەوای موقەدەسی بەھا باڵاكانەوە، مەحكومن  بە ڕەفزی کۆمەڵایەتی و دینیی و هەندێکجار دۆخەکە لە نەفرین تێدەپەڕێ و بکەرانی ئەم ئەکتە ڕادیکاڵانە تا سنوری لەناوبردن و کوشتن دەبرێن و براون. ئەوەی ئێستا ڕوودەدات بە پلەی ئیمتیاز دەرگیربوونی بونیادە جێگیر و موقەدەسەکانی دین و کۆمەڵگایە لەگەڵ ڕەگەزە چەپێنراو و سەرکوتکراوەکانی خۆیدا، وردە تەقینەوەی ئەو ناکۆکی و ئەنتاگۆنیزمانەیە کە لە نێوان مەیلی دین و کۆمەڵگا و کولتوردا بۆ داخران و دەستپێوەگرتنی بەها باڵاکانی ناو خەیاڵدانی خۆییان لەلایەک و لە لایەکی دیکەوە ئەو خواستە بەربڵاوەى بۆ ژیانێکى مۆدێرنانەى نماییشیى لەسەر شێوازى تەلەفزیۆنەکانى وەکو کورد ماکس و ئەڵقەى تورکى و مۆدێل و شاجوانەکان و کوڕانى بەرپرس هەیە (کە پتر کاتى خۆیان بە گەشت و ڕابواردنەوە بەسەر دەبەن و لەنێو سۆزانیخانە و مەلەوانگە و قورمارخانەکاندا دەبینرێت). لەم نێوانەدا ئەوەى گرنگە و ئەوەى وەک لێکەوتەى ئەمە دێتە دەرەوە، ڕەگەزە نا-هاوچەشن و نەسازاوەکانن، چالاکبوونى ئەو دیوە ڕادیکاڵەیە کە لەناو ڕۆحییەتی پەراوێزخراوان و نەفرەتلێکراواندا هەیە بۆ گوڕانکاریی و تێکشکاندنی ئەم بونیادانە. شانۆکەی کەلاریش یەکێکە لە لێکەوتەکانى ئەم دۆخى شڵەژان و هەژانە، بۆیە گەر لە ڕووى ئاستى هونەرییەوە چاوپۆشیى لێ بکەین، ئەوا بەرکەوتنێکى ڕەقى کۆمەڵیک گەنجى ڕادیکاڵ یان مەیلەو ڕادیکاڵ دەنوێنێتەوە؛ گەر پێشتر ئەم گەنجانە ستەملێکراو بووبن، ئەوا ئیدى لەمەبەدوا بیانەوێ و نەیانەوێ دەبنە نەفرەتلێکراویش. هەڵبەت ئەم شانۆیە ڕەنگە لە ئاستی کواڵیتی هونەریدا کەموکوڕیی هەبێت، بەڵام لە ئاستی پەیام و ناوەرۆکدا تەواو ڕەوا وهەقە، کارێکى ڕیشەیى کۆمەڵێک گەنجە بە کەرەستەى سادە و لە شوێنێکى کراوەى سووننەتیدا، کە ئەمە بۆ خۆى بوێرییە. هەروەها نیشانەى ئیرادەیەکى ڕابوون و ناڕەزایەتییە دژ بەو هەموو داخرانەی کە نەریتی خێڵەکی و گوتاری سەلەفیزم برەوی پێدەدات و دەیەوێت بیکاتە ستایلی ژیانکردن لە دونیای ئێمەدا. لێرەوە داکۆکی ئێمە بۆ شانۆکەی کەلار لە ئاستی پەیامە ڕادیکاڵ و بوێرانەکەیدایە و پشتیوانی هەر ئەکتێکی دیکەی ڕادیکاڵانەیشە کە هەڵگری پەیامی بەرەنگاریی و تەمای تێکشکاندنی ئەو گەمارۆ ئاسنینەی هەبێت کە دەیەوێت وەک دوافۆڕم و ئیمکانی ژیان خۆی تەڕح بکات و هەژموونی خۆی بسەپێنێت بەسەر ژیانی کۆمەڵایەتیماندا. بە بڕوای ئێمە کۆمەڵگاکەمان زیاتر لە هەر کاتێک پێویستی بە ڕادیکاڵزمێکە کە تێیدا ڕەگەزە سەرکوتکراو و نەفرەتلێکراوەکان ببنە سوبێکتى چالاک و بکەری گۆڕانکارییەکان، بتوانن داکۆکیى لە ستایلى دیکەى ژیان و جلپۆشین و بیرکردنەوە و پەیوەندیى مرۆڤەکان لەگەڵ یەکتردا بکەن، هەر وەک چۆن لە ڕژئاوا لە بواری شانۆدا ئەنتوان ئارتۆ و لە هونەردا ڕامبرانت و لە ئەدەبدا مارکیز دی ساد و لە فەلسەفەدا نیتچە و لە دەرونشیکاریدا فرۆید و خوێندکارەکانی کردییان، ئاواش کۆمەڵگای ئێمە پێویستی بە چەشنە گوتارێکی بەرەنگارانەى لەم چەشنانەیە تا لە ناکۆکی و ئەنتاگۆنیزمەکانەوە نا-هاوچەشنى و ڕەگەزە نەسازاوەکانى ناو کۆمەڵگا گەشە بکەن و مرۆڤەکان و ژیانی کۆمەڵایەتی و کولتوریمان لەو دۆخە جێگێر و چەقبەستووە ڕزگار بکات کە ڕۆژ بەڕۆژ زیاتر ڕەوایەتی بەخۆی دەدات و هەژموونی ئاسنینی خۆی دەسەپێنێت.  

Sunday 16 February 2020

گۆڕەپانى تەحریر

شۆڕشێک لە بەردەم هێرشى لۆمپەنەکاندا

هاوار محه‌مه‌د



ئەوەى لە مەیدانى تەحریرى بەغدادا زۆر گرنگە دوو خاڵە:
١- ڕێکخستنى دەستبەجێی و خۆڕسکى خەڵک و خۆبەسێتیى خزمەتگوزارییەکان، بە تایبەت لە بوارى پزیشکى و ئەمنی و ژینگەییەوە، بە جۆرێکى وا کە پێویستییەکى ئەوتۆیان بە دامەزراوە و کەرەستەکانى حکومەت نەبێت. ئەمە جگە لە دابینکردنى پێداویستییەکانى ڕۆژانە، وەکو خواردن و خواردنەوە، لەسەر بنەماى هاوکارى و هەرەوەزى، کە پۆلى پێچەوانەى خۆپەرستى و بەتایبەتکردنە.
٢- گۆڕین و دەستکاریکردنى فەزاى مەیدانەکە بۆ فەزایەکى ئازاد بە دوو مانا: لەلایەک، شێوازى کۆبوونەوە و مانەوە و هەڵدانى خێمەکان کە بۆ زۆرێک لە گەنجان بۆتە ماڵى دووەم، دروستکردنى خانەى گەڕۆک و کاتییە وەک نشینگەى سیاسى، واتە گەر بیشسووتێنرێت، دیسانیش دروست دەکرێتەوە، گەر لێرەیش نەبێ، لەوێ. لەلایەکیتر، نەخشکردنى دیوارەکان بە گرافیت و دروشمەکان گرنگییەکەى لەوە زیاترە کە تەنیا پەیامى ڕوون و ڕۆشنى سیاسى بێت؛ ئەوەى لەمە گرنگترە ئەوەیە نەخشاندنى دیوارەکان بە گرافیت، داگیرکردنى مەساحەیە لە ڕیکلام لە چەقى پایتەختدا. شارەکان هەتابێ زیاتر دەبنە بازاڕ، دەبنە دیوار و شاشە بۆ ڕیکلامى کاڵا و بازرگانى، یانیش ڕیکلامى سیاسى. گرافیت دژ بەم ڕیکلامیزەکردنەى ڕووکارەکانى شارە، ئازادکرنى ڕووبەرە لە بازاڕى سەرمایەداریى، خستنەگەڕى دیوار و شاشەیە بۆ ئەکتێکى گشتیى دەرە قازانج، بەمەیش ڕاستەوخۆ سیاسى دەکەوێتەوە.
بەشبەحاڵى خۆم، هەر لە سەرەتاوە، بوونى موقتە سەدرم لەم مەیدانەدا وەک مەترسى دەهاتە بەرچاو، مەترسى پاراستنى مەزهەب لە ناوەندێکدا کە بڕیارە بۆ گەڕانەوەى شکۆى وڵات و لایەنیکەمى عەدالەت دژ بە مەزهەب بوەستێتەوە. لایەنگرانى موقتەدا ڕێژەیەکى کەمى خەڵکى ناڕازیى مەیدانەکە نەبوون، هەمیشەیش فێڵەکە ئەوەیە یان سەرکردایەتیى بزووتنەوەکە بکەیت، یان لە ناکاو لایەنگرانت بکشێنییەوە بۆ ئەوەى تایەکى سەنگ و چەندێتى خۆپیشاندەران لەدەست بچێت، بەم جۆرە ورەى نیوەکەى دیکە بڕوخێت، ئیدى بە ئارامى هەموو شتێک دادەمرکێتەوە. ئەم فێڵە تازە نییە و هەمیشەیش چاوەڕوانکراوە. ئەمە ڕوویدا و خۆشبەختانە مەیدانى تەحریر نەڕووخا، تەنانەت گەر چۆڵیش ببێت، هێشتا ئەوەى کە ئیرادەى دەرچوون لە هەموو نوێنەرەکانى مەزهەبى سەر بە دەوڵەتانى ترى مەزهەبیى هەیە، بۆ خۆى خاڵێکى وەرچەرخانە. وێڕاى ئەمەیش، هێشتا مەیدانى تەحریر ڕووبەرى خەباتێکى پاکژ و پوخت نییە؛ ئەو خەڵکەى لەوێدا کۆدەبنەوە هێشتایش بە تەواوەتى خۆیان لە زۆر ڕەگەزى مەزهەبى و ناسیۆنالیستى دانەماڵیوە. جگە لە گرێى سایکۆلۆژى و غەریزەى ترسناک (کە هەمیشە و لە هەموو جێیەکدا هەن)، هێشتایش "عەلى" و "حسێن" بایى ئەوە ڕێزلێگیراون کە لە دوایین سنووردا شیعەگەریى پێ زاڵ بکرێت بەسەر خواستى نەتەوەییدا، ئەمە نوکتەیەکە لەسەر ئەتەیستە شیعەکان؛ گەر ئەوان بڕوایان بە خودى خودا و نێردراوەکەیشى نەبێت، ئەوا وەک دەڵێن "عەلى شتێکى دیکەیە". بێجگە لە عەلى "عێراق"ـیش گەر بخرێتەوە نێو گوتارى عێراقچێتییەوە، ئەویش هەر شتێکى دیکەى دیکەیە. بێگومان گەڕانەوەى سەروەریى بۆ عێراق وەک دەوڵەتێکی سەربەخۆ هەم مافێکى ڕەواى نێودەوڵەتییە و هەمیش داواکارییەکى ڕەواى نەتەوەییە. بەڵام عێراق خۆى چییە؟ وەک 'دەوڵەت'ـێکى دروستکراوى دواى دابەشکردنى سنوورى دواى جەنگى جیهانى یەکەم، هەر لە سەردەمى ئینتیدابەوە تاوەکو ئێستا سەقامگیر و یەکپارچە نەبووە، هەوڵەکانى ئایدیۆلۆژیاى عروبە و بەعس، تەنیا تەقەلاى ستەمکارانە بوون بۆ یەکخستنى ئەو سنوور و کولتوورانەى کە یەکناخرێت. عێراق خۆى فرەییە و کۆمەڵێک پارچەى نەسازاو، مۆزاییکێک کە هیچ کات ڕەنگەکانى ناتوانن بە ئاشتى بژین و هەمیشە پارچەکانى لەگەڵ یەکتردا لە جەنگدا بوون. وێراى ئەمە، گەشەى خێراى سەرمایەى نەوتى و نیمچە مافیایى لە دواى ڕوخانى بەعس، ئەم نەسازانەى قووڵتر کردەوە، چونکە بەرژەوەندیى دەستەگەریى، سەرجەم ناکۆکییەکانى دیکەیشى داڕشتەوە. بەم جۆرە دەوڵەت بوو بە سەکۆى ڕێکخستنى بە ئاستەمى سێکتاریزم و ململانێى دزەکان، پەلەمانیش بە دەزگاى ڕەوایەتیدان.
دواى ئەوەى موقتەدا لە ساحەکە چووە دەرەوە، وەک چاوەڕوان دەکرا وەختى چالاکیى لۆمپەنەکان دەستى پێکرد. عێراق بە هەرێمى کوردستانیشەوە، دەوڵەتێکى دام و دەزگایى و نییە، هەر خوێندنەوەیەکى لەم جۆرەیش تەنیا سەرلێشێوان دروست دەکات. سوپاى عێراق (گەر ماوەیەکى سەرەتاى کۆماری لێ دەربکەین) هیچ کات سوپایەکى نیشتمانى و دامەزراوەیى نەبووە، بۆیە هیچ کاتیش دژ بە لۆژیکى لۆمپەنیزم نەجووڵاوەتەوە، بە پێچەوانەوە ئاکارى شەقاوەیى لە ڕووبەڕیکى فۆڕماڵدا بەرهەمهێناوەتەوە. هەڵەیە گەر وا تێبگەین لە وڵاتانى ئێمەماناندا ئەو هێزەى سەرکوت دەکات "پۆلیس"ـى دەوڵەتە. پۆلیسەکان لە هەموو شوێنێک هەن، بەڵام تەنیا وەک پۆلیسى فۆڕماڵ نا. پۆلیس خۆى دەبێت بە لۆمپەن و چالاکییەکانیشى لەگەڵ چالاکیى شەقاوەدا تەماهى دەکەن، ئیدى تەنیا مەگەر بە جلوبەرگ و یونیفۆرمدا پۆلیس لە شەقاوە جیا بکەینەوە. لۆمپەنەکانیش بە دەورى کەسایەتى و هێز و گروپە جیاجیاکانەوەن، گروپە جیاجیاکانیش هەر یەکەیان بە جۆرى جیاواز سەریان بە دەوڵەتانى دراوسێوەیە و فەرمانبەرى پرۆژەکانى ئەوانن. ئیدى سوپاى نیشتمانى لەبەرامبەر گروپگەلى شەقاوەدا پاشەکشە دەکات و خەڵکیش هیچ هێزێکى دیاریکراو وەک پارێزەرى خۆیان و خاک و وڵات نابینن. ئەمە بە گشتى وێنەى عێراقێکە کە (بە هەرێمەکەى خۆیشمانەوە) تا بینەقاقاى لە گەندەڵى، چەتەگەریى، لۆمپەنیزم، ئیسلامیزم (شیعە، سووننە، سەلەفییەت، ئیسلامى سیاسی) هاتووە.
مەلا، پیاوى ئایینى، مەزهەب لە وڵاتانى ئێمەمانان هەرگیز شۆڕشگێڕ نین و نابن، تەنانەت ئەگەر سەرکردایەتیى شۆڕشێکیش بکەن. شۆڕشێک نابێتە شۆڕش تاوەکو دەرگا و دیوارى نێوان ڕەگەزەکان، ڕەنگەکان، نەتەوەکان، نەشکێنێت و پیرۆزییەکان هەر هەموو لە پیرۆزیى نەخات، تاوەکو نەریت و شەرع و ئادابى کۆمەڵایەتیى فڕێ نەدات. شکاندنى ئەم دیوارانەیش بە ماناى نکوڵیکردن لە شوناسەکان و تواندنەوەى هەمووان نییە لە یەک ڕەنگدا، بەڵکو قبوڵکردنى ئاسایى شوناسەکان و جیاوازییەکانە و خستنەگەڕییەتى لە کارى هاوبەشى هەمەجۆر و صیرورەى جیاجیادا. شۆڕش لایەنیکەم دەبێت دژ بە دوو شتى نیمچە پارادۆکسیکاڵ بێت و لە ستراتیژدا هەرگیز پەنایان بۆ نەبات:
١_ لەوە تێبگات کە ئیشى شۆڕش یونیفۆرمکردن نییە، ئەمە پتر ئیشى دەوڵەت و ڕێکخستنە فەرمییەکانە؛ هەر شۆڕشێک بیەوێ یونیفۆرم دروست بکات، ئەوا تەنیا دەوڵەت بەرهەم دەهێنێتەوە.
٢_ شۆڕش دژ بە جوداکردنەوەى ڕەگەزەکان و هەڵاواردنەکان بێت، بۆ نموونە لەنێوان ژن و پیاو، نێر و مێ، کورد و عەرەب، شیعە و سووننە، خوێندکار و کرێکار وهتد. بە ئەستەم شۆڕشێک هەیە بتوانێت ئەم هاوسەنگییە ڕابگرێت، کە پێموایە خودى جەوهەرى شۆڕش پێکدێنن.
فتواکەى موقتە سەدر بۆ جیاکردنەوەى نێر و مێ، بە زنجیرەیەک خۆپیشاندانى ئازایانەى ژنانى عێراق، بە دروشمى هۆشیارانە وەڵام درایەوە. خەڵکى عێراق لە دواى بەردەوامیى ئیرادەیان لە مەیدانى تەحریر و شارەکانى تردا، ماتەوزەى ئەوەى تیایە بە ئاراستەى سەرپێچیى ئەحکام و فتواکان هەنگاو بنێن (لە هەرێم بە پێچەوانەوە، خەڵک لەگەڵ فتواکاندا ڕێدەکەن) گەر ئەم ویستە پەرەى پێ بدرێت، ئیدى عەلییش شتێکى دیکە نابێت. "تێشکان" یان "تێشکاندن"ـى ئەم ویستە مەترسیدارە، چونکە شکانى هەر ویستێکى لەم جۆرە واتاى هەڵکشانى زیاترى فاشیزم و سێکسیزم، مەزهەب و سەرمایەدارانى نەوتە.

Sunday 9 February 2020

دەرەوە کوێیە؟



ئەم وتارە لە بنەڕەتدا بە چوار بەش لە ستوونى "ئەندێشەى دەرەوە"ى ڕۆژنامەى "زەمەن"ـدا بڵاوبۆتەوە. سەرەتا دڕدۆنگ بووم لەوەى کە دەشێت لە کوێوە دەست پێبکەم و دەتوانم لە ستووندا چى بڵێم. هەستم کرد هەم ناوى ستوونەکە و هەم بەشێک لە کارەکانى دواتر ناڕوون دەمێننەوە ئەگەر سەرەتا لە قسەکردن لە سەر خودى ناوەکەوە دەست پێنەکەم، ناوێک کە لە هەوانتە و بێ هوودە هەڵنەبژێردراوە، ئەگەر بزانین ئاماژەیە بۆ شێوازێکى فیکر بەرەنگارانە کە بۆ بەگژداکردنەوەى کولتوورى عیرفانى و ئەفسانەیى و تیۆلۆژیى خۆرهەڵات زەرورەتێکى حاشاهەڵنەگرى هەیە. 
دیارە هیچ کات متمانەى ئەوەم بە"ستوون" نەبووە کە فیکر بتوانێ شتێکى گرنگى تێدا بڵێت، چونکە هەموو ستوونێک خۆى سنوورێکى بەرتەسکى چەندێتیى لە ڕۆژنامەدا هەیە کە ناچارت دەکات جووڵەى بیرکردنەوە و نووسینى پێ مەحکوم بکەیت. هەر لە ناوەکەیشییەوە زۆر خۆشیم لە چارەى نەهاتووە، چونکە لە ڕووى فیکرییەوە هێڵى گرنگى فەلسەفە لەم سەردەمەدا پتر هێڵەکانى پانین، هێڵە ئاسۆییەکان کە دەشێت شاقووڵیش بوەستنەوە، بەڵام خۆیان شاقووڵى نین. "ئاسۆ" لە جیاتى "ستوون". بەڵام "ستوون"ى ڕۆژنامەوانى ناوێکى دیکەیشى هەیە: "گۆشە". واتە یەکتربڕینى دوو هێڵ لە خاڵێکدا، با بڵێین هێڵێکى ستوونى و هێڵێکى ئاسۆیى. یەکتربڕینە زۆرەکان پنتە زۆرەکان پێکدێنن و رێگاکان ئاوەڵا دەکەن کە هاوکات ماناى بەرهەمهێنانى "فرەیى"ـیشە. گۆشە تەنیا پنتێکى جێگیر نییە، بەڵکو گۆشەنیگایشە کە لە حاڵەتى جووڵە و فراوانبوون و بەرکەوتندایە بە شتەکان، بە دوو مانا:
یەکەم، ڕوانین لە گۆشەیەکى دیاریکراوى جێگیرەوە لە شتە هەمەجۆرەکان.
دووەم، ڕوانین لە گۆشە جیاواز و هەمەجۆرەکانەوە لە یەک شت.
مەترسى ئەوەى یەکەمیان ئەوەیە بگۆڕێت بۆ ئایدیۆلۆژیا؛ مەترسى دووەمیان ئەوەیە ببێت بە بێ ئاراستەیى ڕەها. ئەگەر گۆشەنیگا (یان جیهانبینى) لەم مەترسییانە بپارێزرێن ئەوا یەکەمیان دەبێتە مایەى وەستان و چڕبوونەوە و دووەمیان دەبێتە مایەى جووڵە و فراوانبوون؛ ئەمەیش ئەو دوو جووڵەیەیە کە هاوکات بۆ فیکر پێویستن و جێگاى دووالیزمى "ستوونى" و "ئاسۆیى" دەگرنەوە.
بە گشتى ئەم گۆشەیەى کە لە ڕۆژنامەى "زەمەن" وەرمانگرتووە، بەشێوەى بروسکە و فراگمێنت، دەبێتە شوێنى قسەکردن لە شتە سادە و پێچیدەکان لە ڕوانگەى ئەو هێلانەى فەلسەفەوە کە دەشێت لەنێو ئەو کاتیگۆرییەدا جێگایان بکەینەوە وا "میشێل فۆکۆ" ناوی لێدەنێت "ئەندێشەى دەرەوە". ئەندێشەى دەرەوە تەنیا ناونیشانى وتارێکى فۆکۆ نییە کە دەربارەى فیکر و ئەدەبیاتى گەورە بیرمەندى فەرەنسى "مۆریس بلانشۆ" نووسیویەتى، بەڵکو مۆدێلێکى نوێى بیرکردنەوەیشە دژ بە مۆدێلى زاڵى بیرکردنەوەى فەلسەفى هەر لە ئەفڵاتوونەوە تاوەکو هیگڵ. ئەم مۆدێلە نوێیە بە تایبەتى لە "نیچە"ەوە دەست پێدەکات تاوەکو دۆلۆز و گواتارى، لە ڕووى سیاسییشەوە هەر لە ئاڵتوسێرەوە درێژى دەبێتەوە تاوەکو ئەنتۆنیۆ نێگرى.
بۆ داگرتنى وتارەکە بە شێوەى pdf کلیک لەسەر ئەم لینکەى خوارەوە بکە:

https://drive.google.com/file/d/1fw6anz7uY7BlHVatClKJE78-RC3M47oM/view?usp=sharing