My Blog List

بابه‌ته‌ نوێیه‌كان

خۆرهەڵات و فەلسەفە

Friday 27 December 2019

کوشتنى واقیع

گفتوگۆ لەگەڵ ژان بۆدریار

سازدانى: ئانتوان بارۆ
وەرگێڕانى: هاوار محەمەد

بارۆ: مادام پێدەنێینە مانگى کانوونى دووەم (یانیوەرى)، واتاى چییە لەم ساڵى 2006ـەدا، ]لە ڕێگەى پێشکەشکردنى دیارى و کارتى پیرۆزباییەوە[ پیرۆزبایى سەرى ساڵ لە یەکتر بکەین؟
بۆدریار: یەکەم، ئەمە سروتێکى ڕەمزییە کە لەلایەن کۆمەڵە خەڵکانێکەوە لە کۆنتێکستى پرۆسەیەکى خۆبەخۆى پەراوێزیدا پەیڕەو دەکرێت، وەکو ئەو ڕۆژنامانەى دەخرێنە بەردەستى موسافیرەکان، یان دیارییەکانى دامەزراوەیەک. من لە ئاڵوگۆڕى ڕەمزییەوە دەستم پێکرد بەو جۆرەى کە کۆمەڵناس و ئەنترۆپۆلۆژیست "مارسێل موس" لە کتێبى "نامەیەک دەربارەى دیاری" (1923-1924)دا وەسفى کردووە؛ دەکرێت پاشماوەى هەموو ئەمانە لە کارتى پیرۆزبایی جیا بکەمەوە. ئەم کارتى پیرۆزباییە دەشێت یەکێک بێت لە سروتەکانى پەیوەندییە کۆمەڵایەتییە بۆماوەکان کە دەسەڵات و هێزى خۆى هەبوو، بەڵام لەمڕۆدا گۆڕاوە و بووە بە پەیوەندییەکى کۆمەڵایەتى دەستکرد و لەبەرگیراو، کە لە ڕێگەى نیشانەگەلى بێ کاریگەرییەوە، لە ڕێگەى سروتگەلى خاڵیى لە ماناوە، نا ئومێدانە دەست بە دووبارە خوڵقاندنەوەیەوە دەگرین. وێڕاى ئەو ڕەنگە کەرنەڤاڵییە ڕووکەشییە هەندێ ڕەقوتەقەى وا کارتەکانى پیرۆزبایى هەیانە، کە ناشێت گریمانەى هیچ گرێبەستێک بکات، هێشتا ئێمە نیشانە بێناوەڕۆکەکان ئاڵوگۆڕ دەکەین. جا کاتێک پەیوەندییەکان، دوور لە ئامانجە ڕاستەقینەکانیان، بەرەو ئەم جۆرە لە بوونى ڕووکەش دەڕۆن، ئیدى بوونیان دەبێتە بوونێکى بێ سنوور.
بارۆ: ]دەقیق[ بیر لە چى دەکەیتەوە؟
بۆدریار: بیر لە زیندووکردنەوەى ئەو یادەوەرى و کەرنەڤاڵانە دەکەمەوە کە گریمانەى هیچ ژیانێکى ڕاستەقینەى دەستەجەمعى ناکەن، ئەوانەى کە تەنیا نۆستالژیا بۆ "پەیوەندییەکى کۆمەڵایەتى"ـمان تێدا دەبزوێنن. بیر لە هەموو مومارەسە سیاسییەکان دەکەمەوە، تەنانەت لە سیستەمى هەڵبژاردنیش؛ ئەمە ژیانێکە بە ئاستەم پارێزگاریى لێدەکرێت، بەڵام سیستەمێکى چالاک بۆ نواندنەوە پێکناهێنێت. میکانیکییەت هێشتایش وەکو ئەو بوونەوەرە زیندووانە کار دەکات کە ژیانیان لەدەستداوە بەڵام بە ئامێرى دەستکرد دەژین.
بارۆ: داخۆ هێشتایش لە ناوجەرگەى بیرکردنەوەى تۆدا نین کە لە تێربوون و هەڵوەشانەوەى ئەم جیهانەوە بەرهەم هاتووە؟  
بۆدریار: بە کردەیى لەوێوە دەستمپێکرد کە وەک دیاردەیەکى گشتگیر بیر لە "بەکاربردن" بکەمەوە. بەرهەمەکانى بەکارهێنان تەنیا ئەو بەرهەمانە نین کە دەبنە مایەى کردەیەکى زەرورى و ناچارییانە، بەڵکو قەڵەمبازێکى زەینییش پێکدێنن. دوور لە مەملەکەتى زەرورەت، خۆمان لەبەردەم میکانیکییەتدا دەبینینەوە کە خۆبەخۆ کار دەکات. ئێمەیش هەڵگر و بارمتەى ئەم میکانیزمە دەنوێنینەوە. ئێمە چیتر بکەر و بەرهەمهێنەر نین، بەڵکو بووینەتە بەکاربەر: پێداویستى و ئارەزوو لەنێو چوون، ئەوەى دەزگاى بەرهەمهێنان بەرهەمى دەهێنێت دەبێت بەکارببرێت. پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان بوونەتە شوێنکەوتەى ئەم سووڕە ناچارییە. ئەمەیش تەفسیرى هۆکارى ئەوە دەکات کە بۆچى من گوزارەى "ئاڵوگۆڕى گشتگیر"م لە گوزارەى "بەکاربردن" پێباشترە؛ ئەمەى دووەمیان زیاد لە ڕادە پەیوەست کراوە بە بەهاى بەکارهێنانێکەوە کە خۆى تێپەڕێنراوە. ئێمە لە قۆناغى بەهاى نیشانەدا دەژین: ئێمە بەشێوەیەکى میکانیکى نیشانەکان بەکاردەبەین.
بارۆ: پاشان، وەک تۆ دەڵێیت: ''نازانین چى لە جیهانى واقیعى بکەین و بە گشتى نازانین ئەم پاشماوانە چ زەرورەتێکیان هەیە کە بوونەتە بارێکى قورس بەسەر شانمانەوە''.
بۆدریار: ئەوەى ون دەبێت بنەماى واقیعـە. لەو چرکەساتەوە کە چیتر واقیع ئاماژە بە هۆکار یان ماقووڵییەت یان مەرجەع یان بەردەوامێتیى زەمەن یان مێژوو ناکات، لەو ساتەوە کە چیتر دەسەڵاتێکى دیکە (ترانسێندنتاڵ یان خودایى) بە مەرجەعى خۆمان دانانێین، نازانین چى لە واقیعى ماتریاڵیى خام بکەین. واقیع پێویستى بە ڕاگرێک یان دەستەبەرییەکە تاوەکو هەبێت.
با نموونەکەمان جەستە بێت کە یەکێکە لەو واقیعە بەراییانەى وا هەمانە و خۆمان خاوەندارێتى لێدەکەین. وامان لێهاتووە هەتابێ زیاتر لە ڕێگەى تەندروستى و خۆشگوزەرانى و ڕابواردنەوە گرنگى بە جەستە دەدەین، ئێمە کەوتووینەتە نێو هەوەسى جەستەمانەوە، بەڵام چیتر نازانین چیشى لێ بکەین. ئەو کاتەى بڕوامان بە دەروون هەبوو، لە ڕووبەڕووبوونەوەیەکى فیکریى نێوان دەروون و جەستەدا دەژیاین. بەڵام لەمڕۆدا چیتر جەستە ڕەگەزێکى ڕەمزیى نییە، بەڵکو ئەگەر بە شاشەیەکیشەوە شەتەک نەدرابێت، ئەوا تەنیا بۆتە ئامرازێک بۆ هاتوچۆى ڕۆژانە.
بارۆ:: دژ بەوەى وتراوە ]گوایە[ ''واقیع دەمێنێتەوە و هەموو گریمانەکان بەرەو واقیع دەڕۆن''، تۆ نووسیوتە واقیع پتەو نییە و شیمانەى ئەوەى هەیە بەرەو فەوزا بچەرخێت.
بۆدریار: "مارک ئۆگۆر"ى ئەنترۆپۆلۆژیستیش دەڵێت چیتر هیچ هۆکارێکى دیکە بۆ بوونى واقیع نەماوەتەوە جگە لە دووبارەبوونەوە یان پەرشوبڵاوبوونەوە. واقیع ئاماژە بە هیچ هۆکارێک ناکات کە لەودیو خۆیەوە بێت، هیچ مەرجەعێک لەپشت یان لە سەرووى واقیعەوە لە گۆڕێدا نییە، لەبەرئەوە واقیع ناچار بە زۆربوون و دووجابوونەوە و کۆپیکردنەوەى خۆى بووە، وەکو جەستەکان و ئایدیاکان. لەو ساتەوەى کە چیتر مەبەست، ئامانج، باڵایەتی نەماون، شتەکان دەسپێردرێنە چارەنووسە حەتمییەکەى خۆیان، ئەویش هیچ نییە جگە لە زۆربوونى بێ سنوور. لەم حاڵەتەدا بە دوو واتا شتەکان هیچ کۆتاییەکیان بۆ نییە؛ واتە: چیتر شتەکان هیچ ئامانجگەراییەکیان نییە، لە هەمان کاتیشدا وا دەردەکەون هیچ کۆتاییەکیان نییە. شتەکان بۆ یەکجار و بۆ هەمیشە فڕێدراونەتە بازنەیەکى بەتاڵەوە. پاشان دەتوانین گریمانەى ئەوە بکەین کە جیهانى ماتریاڵى تەنیا وەهمێکى پەتییە بە واتا وردەکەى وشەکە: جیهانى ماتریاڵى شتێکە بەشێوەى زەینى بەرهەمى دێنین، شتێک کە هیچ پاساوێک پشتیوانیى لێناکات. ناتوانین ئەو بۆچوون و وێنایانەى هەمانن بگەڕێنینەوە بۆ حەقیقەتێکى بنجبڕ و پاشانیش بۆ واقیعێک. ئەمە قڵپبوونەوەى مەسەلەى فانتازیاکردنى بەردەوامى بوونى واقیعە. دەتوانین بەڕووى میتافیزیکادا هاوار بکەین، بەڵام لەمڕۆدا هەموو بەرهەمە سینەمایى و هەموو ڕۆمانە ئەدەبییەکان لە دەورى ئەم هەوا و هەوەسە بە کۆمەڵە دەسووڕێنەوە: ئایا لە جیهانى واقیعیداین؟ ئایا هەموو شتێک بەرەو مەجازیبوونەوە ناڕوات؟
بارۆ: کەواتە ئایا لەسەرمان پێویستە واقیع ڕزگار بکەین بەو جۆرەى کە لە "تاوانى پێرفێکت"ـدا نووسیوتە؟
بۆدریار: ئەوە من نیم وەها پێشنیارێکم کردبێ: من لەبارەى هەوا و هەوەسێکى بە کۆمەڵمانەوە دەدوێم بۆ دروستکردنى ئەو تەکنیکانەى کە هەتابێ زیاتر جیهانى ناواقیعی بەرهەم دێنن، لە هەمان ئەو کاتەدا کە هەوڵدەدەین هێزى ڕاکێشان، قورسایى، ئامانجى بوون دابمەزرێنین. دژ بە نەمان، دژ بە ونبوون و توانەوە لە فەزاى مەجازیدا، دەمانەوێت بگەڕێینەوە بۆ ئەو پنتە پتەوەى کە تێیدا هێشتا واقیع بوونى هەیە. ڕەنگە پێویست بێت دژ بە پێدراوى جیهانیى نوێى تایبەت بە ئاڵوگۆڕى گشتگیر، بگەڕێینەوە بۆ بنەماى واقیع. بەم شێوەیە، لە ڕێگەى جۆرێک پارادۆکسەوە، دەگەمە ئومێدى دووبارە گەڕانەوەى سەنگى سەرمایە دژ بە شتێکى خراپتر لە سەرمایە. هەموو فیکرى ڕەخنەیى دژ بە سەرمایە، دژ بە ئایدیۆلۆژیاى شمەک/کاڵا ئاراستە کراوە. لەمڕۆدا، ئەم فیکرە بەرامبەر نەزمى نوێى جیهانى هیچ شتێکى لەدەستنایەت. ڕەنگە فۆڕمى سیستەمى سەرمایەدارى دوایین هەل بێت لەبەردەم ئەو نا-واقیعیەتە پەڕگیرەدا کە لە هەموو شوێنێک چاوەڕوانمانە...

سەرچاوە: 
حوار مع جان بوديار، قتل الواقع، ترجمة: خالد الكلبوسي، 2014.

Wednesday 4 December 2019

ڕۆشنبیران و مۆدێرنە

گفتوگۆ لەگەڵ زیگمۆند باومەن

سازدانى: کاترین بۆرتۆڤان
وەرگێڕانى: هاوار محەمەد

ڕۆشنبیران وازیان لە گۆڕینى جیهان هێناوە، لەگەڵ ئەوەیشدا لە ڕوانگەى زیگمۆند باومەنى فەیلەسوفەوە، بۆ ئەوەى لەو مەترسییانە تێبگەین کە لەمڕۆدا هەڕەشەمان لێدەکەن، ناتوانین دەستبەردارى ڕۆشنبیران بین.
باومەن هێشتا بەو تەمەنە زۆرەیشەوە ئومێدى هەیە. تەمەنیک کە خەریکبوو لە دەستى بدات و تۆتالیتاریزمەکانى سەدەى بیستەم لێى بستێننەوە، بۆیە بەرلەوەى ئەوە ڕووبدات دووجار لێیان هەڵهات، جارێکیان لە پۆڵۆنیاى نیشتمانى دایک، لە ساڵى 1939دا لە دەستى نازیزم؛ دووەمجار لە ساڵى 1968دا لە دەستى کۆمۆنیزم.
وەک پرۆفیسۆرى فەلسەفە و سۆسیۆلۆژیا لە زانکۆى لیدز (بەریتانیا) لە ساڵى 1971ـەوە، بەردەوام و بی پچڕان میراتى ئاڵۆزى سەردەمیى ڕۆشنگەریى خستۆتە بەر پرسوباس، دانى بەو بەشە بەربەرییەدا ناوە کە لە شارستانێتیى ڕۆژئاواییدا هەیە. لەبرى بەرەوڕووبوونەوەیەک کە لەنێوان چاکە و خراپەدا ڕوودەدات، باومەن بڕواى بە جۆرێک لە فەلسەفەى ڕاستەڕێکار هەیە کە ناتوانێت خۆى لە یاخیبوون لە ستەم و چاوساندنەوە ببوێرێت. جا وەختێک بە تێڕوانینى فەلسەفییەوە پەرژاوەتە سەر شیکردنەوەى دینامیکیەتە گەردوونییەکانى جیهانگیریى، وەسفى مۆدێرنەى "شل"ـى کردووە کە کۆمەڵێک تاکەکەسى پەژموردە و تەنیا دروست دەکات. فیکرى باومەن تا ڕادەیەکى زۆر لە فەرەنسا نەناسراوە، هەمیشەیش بەخراپى وەرگێڕدراوە. لە دوا پاییزدا، وەرگێڕانى کتێبە گەورەکەى "نسکۆى ڕۆشنبیران" بڵاوبوویەوە، کە لە ساڵى 1987دا و دوو ساڵ بەر لە ڕووخانى دیوارى بەرلین نووسیویەتى. لە ناوەڕۆکى ئەم کتێبەدا باومەن گۆڕانى قووڵى ڕۆڵى ڕۆشنبیرانى ڕوون کردۆتەوە.

-     ئەم کتێبەت بەر لە بیست ساڵ نووسیوە. پێتوایە دەیەى هەشتاکان بە ڕاستى سەردەمى "نسکۆى ڕۆشنبیران" بوو؟
-     بەڵێ، هەشتاکان کۆتایى سەردەمێک بوو لە مێژووى ڕۆشنبیراندا. خەونێک خەریکبوو دەڕەوییەوە: -وەک فەیلەسوفانى سەردەمى ڕۆشنگەرى باسیان کردووە- خەونى ئەو کۆمەڵگە ئایدیاڵییەى کە بەختەوەرى مرۆڤایەتى دابین دەکات. کۆمەڵگەیەک کە عەقڵى مرۆیى وێناى دەکات و بەهۆى داهێنان و کارى خەڵکییەوە دێتە دى. ئەم ئایدیا کۆنینەى وا دەگەڕێتەوە بۆ دوو سەد ساڵ پێشتر، لە کۆتایى سەدەى بیستەمدا، لەبەر دوو هۆکار کۆتایى هات؛ لە ئەنجامى داڕمانێکى نماییشیانەى ڕژێمى کۆمۆنیستى لەلایەک، نەمانى هێز و بڕست لە ویلایەتە یەکگرتووەکاندا کە پرۆژەى ڕۆشبیران ڕوویان لێى بوو، لەلایەکى تر. بە نەمان و ڕەوینەى ئەمانە، ئەم خەونە بەدیکرا: «میراتگیریى کۆتایى یۆتۆپیاکان، کۆتایى ئایدیۆلۆژییەکان. لە دواى ئەمەیشەوە ڕۆشنبیران دەستیان هەڵنەگرت لەوەى "یاسادانەر" بن، واتە ئەو نەخشەڕێگایانە دابنێن کە دەگاتە کۆمەڵگەیەکى ئایدیاڵى. وا دەرکەوت کە ناتوانن وێناى ئەم پرۆژەیە بکەن، ئاخر ئەم پرۆژەیە پێویستى بە دەردەسەرى زۆر هەیە. پرسیار لەبارەى ئەو ڕۆڵە نوێیەوە کرا کە دەشیا ڕۆشنبیرەکان ئەنجامى بدەن. لەو سەردەمەدا، ئەو گریمانەیە گواسترایەوە کە هاوتاى خولیاى مۆدێرنى گۆڕانى جیهان بوو لەبرى تەفسیرکردنى، واتە پێدانى مانایەکى نوێ بە جیهان«.
-     گرنگیى ئەم وەزیفەیە چییە، وەزیفەى "ڕاڤەکار" (لێکدەرەوە)؟ ئایا تێگەیشتن لە جیهانى خۆمان ئەستەمترە لە تێگەیشتن لە جیهانى سەدەى هەژدە؟
-     یەکەم، زۆرباش ئاگادارى ئەوەین کە هەمەجۆریى سەرسوڕهێنەرى شێوازەکانى ژیان، تەنیا لەمپەرێکى کاتیى نییە لە بەردەم یەکێتیدا، بەڵکو حەقیقەتێکى سەد لە سەدە. بە واتایەکى تر، ژینگە کۆمەڵایەتییەکەمان، کە پێشتر ئاواتەخوازبووین هاوبەند و یەکگرتوو بێت، بە شێوەیەکى گریمانەیى دەبێتە مۆزاییکى پارچەکان. هیچ بژاردەیەکى دیکەمان لەبەردەستدا نییە جگە لەم جیهانە فرە کولتوورە، کە لە جیاوازییەکان پێکهاتووە: پاشان، پێویستە فێربین لەگەڵ ئەم جیاوازییانەدا بژین. ئەمەیش هونەرێکە کە پێویستى بە ئاستێکى گفتوگۆ هەیە، پێویستى بە وەرگێڕان هەیە لەنێوان کولتوورەکاندا، لەبەرئەوە پێویستە ڕاڤەکەرەکان (لێکدەرەوەکان)، چاوساغەکان، ڕێدۆزەکان هەبن. دووەم، کەلێنى نێوان ڕەوشەکانى ژیان (بارودۆخى کۆمەڵایەتى، ڕەهەندەکانى گەشەسەندن، تەحەدا نوێیەکان، ئەو کێشانەى کە پێویستیان بە چارەسەر هەیە) و ئەوانەى بەڕێوەى دەبەن، بەردەوام گەورەتر دەبێت. هەمیشە، گومان زۆر لە سەرى خەڵکەوە نزیک بووە... هەمیشەیش ترساندوونى. بەڵام، لەمڕۆدا، وێنەکانى ترس بڵاوبوونەتەوە، پەرشبوونەتەوە، بەشێوەیەکى خراپیش زانراون. ئەستەمە لە دەلالەتێکدا کۆیان بکەینەوە یان بگەڕێینەوە بۆ ڕیشەکانى... ئەمە وا دەکات وێنەکانى ترسى هاوچەرخ بە ئەستەم نەرم بکرێنەوە، یان بوەستێنرێن. (ئەم وێنانە) لە هەموو شوێنێک بڵاوبوونەتەوە: وەزیفە ناجێگیرەکان، مەعریفەى کەموکورت، ڕێساى بەردەوام گۆڕاوى گەمە، لاوازیى پەیوەندییەکانى نێوان خەڵکى، هێدى هێدى لاوازبوونى دەستەبەریى کۆمەڵایەتى، هەڕەشەى بۆنە ژەهراوییەکان یان خواردەمەنییە سەرەتانییەکان، ئەگەرى ڕەتکردنەوەى ئابووریى بازاڕ، بگرە ئەم بێ متمانەییە گەیشتۆتە ئاساییشى کەسییانەى هاووڵاتیانیش لەسەر شەقامەکان و لەنێو ماڵى خۆیشیدا. ئەم گومانە لە سەر هەریەکێک لەم وێنانەوە هێزى خۆى وەردەگرێت، قووڵ دەبێتەوە تاوەکو دۆخێکى فیکرى و هەستوسۆزى ئەوتۆ دروست بکات کە تەنیا زاراوەکانى ''هەستنەکردن بە ئارامیى بەربڵاو''، گوزارشتى لێدەکەن. زۆر بە کەمى متمانە بە خۆمان دەکەین، چونکە نازانین نیگەرانییەکەمان لە کوێوە دێت، نایشزانین چۆن مامەڵەى لەگەڵدا بکەین... کەواتە، پێویستمان بە ڕۆشنبیرانێکە بتوانن بە چاوێکى ئەبستراکت ئاشنامان بکەین بە فاکتى هەندێ لە مەترسییە نادیارەکان، بەڵام بۆ ئەوەیش پێویستمانن کە هۆشداریمان پێبدەن لەو هەڕەشە خەیاڵیانەى کە ئامانجى سیاسى یان بازرگانییان هەیە.
-     بۆچى هۆشداری؟
-     سروشتە "شلۆک"ـەکەى ]سەردەمەکەمان[ کار دەکات بۆ دووبارە سووڕاندنەوەى ترسەکەمان بە ئاسانى. ئەو پێویستییە زۆرەى کە خەڵکى بۆ کردنى "شتێک"ـى دیاریکراو بەرامبەر هۆکارەکانى ئەم نیگەرانییە "نادیارە" هەستى پێدەکەن، بەشێوەیەکى ئاسایى دەشێت لە بابەتى نا-بەرپرسانەدا دەربارەى نەبوونى ئاساییش ]هەستکردن بە نا-ئارامى[، بقۆزرێتەوە و بەکاربهێنرێت. هیچ لادانێک هیچ چارەسەرێک بۆ نیگەرانى ناخاتە بەردەست، پاشانیش شتێک لە یەدەگى "سەرمایەى ترس"ـى ئێستا کەم ناکاتەوە. لە بەرامبەردا، کارەکانى کێبەرکێکەرەکان لەسەر دەسەڵات و فرۆشیارانى بەرهەمەکانى "پەیوەست بە ئاساییش" وەدیى دێت. لەو کاتەوە تێدەگەین حکومەتەکان هەندێک بایەخ بە نەفیکردنەوەى سەرچاوەکانى ئەم گومانە دەدەن. بەلاى پسپۆڕ و "زاناکان"ـەوە، هیچ کەرەستەیەکمان نییە بۆ لێکۆڵینەوەى لە دروستیى دیاگنۆس، هیچ بژاردەیەکمان نییە جگە لەوەى باوەڕى پێبکەین (هەر بۆ نموونە وەکو سەرکردەکانمان، کاتێک بۆیان شرۆڤەکردین کە سەدام حسێن چەکى کۆمەڵکوژى هەیە، یان کاتێک پێماندەڵێن پەنابەرە سیاسییەکان و پەنابەرە ئابوورییەکان دەگەڕێنەوە بۆ وڵاتانى خۆیان، ئیدى بە یەکجار هەرچى غەممان هەیە دەڕەوێتەوە).
-     فەلسەفەى ڕۆشنگەرى دەسەڵاتى لەسەر مەعریفە دامەزراند نەک لەسەر مافى یەزدانى: لەژێر دەسەڵاتى عەقڵدا "ئەوەى بزانێت" ڕابەرایەتییش دەکات. ئایا پێتوایە پەیوەستیى نێوان دەسەلات و مەعریفە لەمڕۆدا بەسەرچووە؟
-     ئەو باوەڕە نوێیەى کە فەیلەسوفان دایانهێناوە و مژدەیان داوە، بۆ ئەوە هەوڵدەدات حیکمەتى زۆر بداتە دەسەڵاتداران، هەوڵدەدات دەسەڵاتى زۆریش بدات بە حەکیمەکان. ڕێساى ڕۆڵى "یاسادانەر" کە فەیلەسوفەکان وەک بەڵگەنەویست بینیویانە، لەسەر ئەم بڕوایە خۆى ڕاگرتووە. بە گوێرەى زاراوەکانى ڕۆشنگەرى بدوێین: بۆ دامەزراندنى کۆمەڵگەیەکى کامڵ، پێویستە ستەمکارێکى بەهێز هەبێت کە بتوانێت شێوازێکى باڵاى ژیان بسەپێنێت، لەو جۆرە ژیانەى کە ئەو فەیلەسوفانەى وا ڕێیان نیشانداوە، بۆیان پێشنیار کردووە و ئەویش دەبێت پێیدا بڕوات. لەمڕۆدا، دەڵێم "دەسەڵاتداران" بەشێکى زۆرى ئەو دەسەڵاتەیان لەدەستداوە کە لە سەردەمى زێڕینى دەوڵەت-نەتەوەدا لەدەستیاندا بوو. کەلێنى نێوان دەسەڵات و سیاسەت هەتا بێ فراوانتر دەبێت: کاتێک دەسەڵات، لە ژینگەى جیهانیدا و لەودیو سنوورە نێودەوڵەتییەکان، دەبێتە هەڵم و بە ئاسماندا دەچێت، دەبینین سیاسەت لە ژینگە لۆکاڵییەکاندا هەر هەیە، لە دەسەڵاتى ڕاستەقینە بەسەر پەرەسەندنەکاندا کە لەخۆیشى تێپدەپەڕێت، خۆى دادەماڵێت. سیاسییەکان بەوە پێوانەى سەرکەوتنى خۆیان ناکەن کە کۆمەڵگە بگەیەننە کەماڵ، بەڵکو بە بردنەوەى هەڵبژاردنەکانى داهاتوو سەرکەوتنى خۆیان دەپێون. ڕۆشنبیرانیش ڕوو لە دەسەڵاتداران ناکەن تا خەونەکانیان لە واقیعدا بۆ بەدیى بهێنن.
-     لە سەردەمى ڕۆشنگەرییەوە تاوەکو ئەمڕۆ، وا دەردەکەوێت ڕۆشنبیر زۆر تووشى تەنگوچەڵەمە بووە لە دیاریکردنى پێگەکەى لاى "خەڵک"، جەماوەر، کولتوورە میللیەکان. بۆچى؟
-     بە شێوەیەکى ڕوون یان شاراوە، ڕۆشنبیرانى نوێ لە ڕێگەى "ئەو پەیوەندییە تایبەتییەوە" کە لەگەڵ خەڵکدا کۆیان دەکاتەوە، پێناسەکراون. فەیلەسوفەکان خەڵکیان خستە ژێر وەسیەتەکانیانەوە، بەوەى ئەرک و پەیامى ڕۆشنکردنەوە و پەروەردەکردنیان بدەنە پاڵ خۆیان، بەبێ لەبەرچاوگرتنى بارودۆخى جەهل و ئازارەکانیان... جا بە ڕەزامەندیى خۆیان یان بێ ڕەزامەندى خۆیان. ئەم ویستە بە تەواوى بەشێکە لە ''ئامادەکردنى دەوڵەت-نەتەوە'' (دەرخستنى ئایدیاى "نیشتمان"، گۆڕینى تێکەڵەى شوناسە لۆکاڵییەکان بۆ جەستەى نیشتمانى و هاووڵاتى)، ئەم ئامادەکارییە، لەمڕۆدا، لایەنیکەم لە ئەوروپا بە تەواوەتى وەدییهاتووە. کۆمەڵگەى هاووڵاتیان هێدى هێدى بۆتە کۆمەڵگەى بەکاربەران، بەوەیش خەڵک (گەل)ـیان کردە کۆگاى کڕیارە شیمانەییەکانى ئەو شمەک و خزمەتە ڕۆحى و کولتوورییانەى کە ڕۆشنبیران و هونەرمەندان دەیانخەنەڕوو. وەک چۆن داواکاریى میللى ئەوەندەیش باڵا و تاڵانکارانە نەبووە کە ئاواتەخوازى بوون، ئەوا لاى داهێنەران و فرۆشیارانى کولتوورى نزم "جەماوەر" جێگاى خەڵکى گرتەوە.
-     ڕۆشنبیر بەشێک نییە لە جەماوەر؟
-     لە ڕاستیدا، سەرەڕاى ئەوەیش، زۆرێک لە ڕۆشنبیران نیشانەى جودابوون، بە تێپەڕین لە تخوبەکانى دەوڵەت-نەتەوەوە بۆ فەزاى مەجازیى جیهانى، بەڵام خەڵک، کە هەمیشە لە ژینگەى خۆیدا ماوەتەوە، فەرامۆش کراوە. ئەگەر ڕۆشنبیران پەیامێکیان هەبێت، ئەوا پەیامێکە خواستیى جیهانیى هەیە نەک لۆکاڵى: ئەو 'پەیوەندییە تایبەتە'ى لەگەڵ ''خەڵکانى وڵاتەکەى خۆی'' –هاووڵاتیان-ـدا هەیبوو، کە لە سەردەمى دامەزراندنى نەتەوەدا پەیدابوو، پچڕا. ڕۆشنبیرەکان کۆزمۆلیتانین، لە چەندین کولتوورەوە هاتوون. بە پێچەوانەى ئەو دۆخەوە کە سۆسیۆلۆژیستێکى وەک پییەر بۆردیۆ لە کتێبى "جیاکارى"دا وەسفى دەکات، دەبینین دۆخى کۆمەڵایەتیى باڵا لە ڕێگەى بژاردە کولتوورییە بژارکراوەکانەوە پێکنایەت، بەڵکو لە ڕێگەى ''قووتدانى هەر شتێکى کولتووری"ـیەوە ڕوودەدات. کولتوورى شەرعى لە دانانى سنوور لەنێوان ئاستى باڵا و ئاستى نزمدا، لەنێوان دەستەبژێر و جەماوەردا دانامەزرێت، بەڵکو لەسەر ئەوە دادەمەزرێت کە مرۆڤ لە وڵاتەکەى خۆیدا هەست بە هەموو فۆڕمەکانى کولتوور بکات، بەو پێیەى کە هەر یەکێک لەم فۆڕمانە ناتوانێت تاکە دامەزرێنەر و پێکهێنەرى وڵاتەکەى بێت.
-     لەبەرئەوە، چۆن دەتوانیت (لایەنیکەم لە فەرەنسا) تەفسیرى دووبارە پێناسەکردنەوەى "بەها هاوبەشەکان"، شوناس یان کولتوورى نەتەوەیى بکەیت کە ڕۆشنبیرەکان هیواى پێدەخوازن؟
-     مەسەلەکە پەیوەست نییە بە فەرەنساوە: لە هەموو جیهاندا، ئەو بەهایانەى کە "کۆمەڵەکانى ئینتیما" پاراستوویانن و ئاگادارییان لێکردوون بوونەتە شتێک لە بەردەستى ئەو تۆڕانەدا کە پێکهاتەیەکى لاواز و دەستکردیان هەیە، پەیوەندیى ڕۆژانەى بە تاکە پێک-پەیوەستەکان یان ناپەیوەستەکانەوە هەیە. ئەوە تێڕامانێکى سروشتیییە بۆ کارکردن لەسەر گەڕانەوەى ئوبێکتى لەدەستچوو، بە ئومێدى دووبارە خوڵقاندنەوەى –ئیرادییانەى- هزر و بەهاى ئەوتۆ کە پێشتر وەک هزر و بەهاى "سروشتى" لێیان دەڕوانرا. لە حاڵەتى جڤاتەکاندا، ئومێد وەهمییە، بۆ ئەوە هەیە "بەها هاوبەشەکان" ڕۆڵى کۆمەڵایەتییانەى خۆیان بگێڕن، کە بەندن لەسەر ئەو بنەمایەى وا دەڵێت ئەمە بابەتى هەڵبژاردن (ئیختیار) نییە، پاشان وەها دەردەکەوێت کە هەر بە سروشت خۆى نا-ئاگایانەیە. لەو کاتەوەى »چەند باشە بەها هاوبەشەکان بەش بکەین« ڕاگەیەنراوە، بە بێ ئاگا جەخت لەسەر لەدەستدانى خاسیەتى هاوبەشى کۆمەڵ دەکرێتەوە.
-     »هێشتایش بەڵێنەکانى مۆدێرنە رێکخەرە«، ئاوەهات نووسیوە. بۆ ئێمە چۆن دەکرێت ئەم بەڵێنە گەورەیە دابمەزرێنین کە لە پرۆژەى وەهمیى کۆمەڵگەى پێرفێکتەوە دێت؟
-     پێموایە ئایدیاى کۆمەڵگەى پێرفێکت (واتە کۆمەڵگەیەک کە پێویستى بە چاکسازییەکان نەبێت)، ئایدیایەکى وەهمییە. بۆ ڕزگاربوون لە هەموو نەهامەتییەکانى مرۆڤ، دەبێت مامەڵەى لەگەڵ ئایدیایەکدا بکەین کە بەندە لەسەر یەک هۆکارى دیاریکراو (وەکو نەبوونى یەکسانى لەنێوان چینە کۆمەڵایەتییەکان یان نەژادەکاندا). لە بەرامبەردا، ئەوەى نا-وەهمییە وا لە ئیمکانییەتى گۆڕینى جیهان و ڕەوشى ژیانى خەڵکیدا، خەبات دژ بە نەبوونى ئاساییش، کۆیلایەتى، ستەم، تووندوتیژى، ئازار، زەلیلکردن، سووکایەتیپێکردن... بەڵام، بۆ ئەوەى بتوانین چاکسازى و خەبات بکەین پێویستمان بە تێگەیشتنى باشترە لە قووڵیى ڕیشەکانى ئەم خراپەیە و ئامرازەکانى بەرهەمهێنان. دۆزینەوەى ئەم ڕیشانە، ناونانیان و پیشاندانیان، -بەلاى منەوە- بەس نین بۆ کردنى جیهان بە جیهانێکى قبوڵکراو لەلایەن مرۆڤەوە، بەڵکو هەلێکە بۆ قبوڵکردنى زیاترى جیهان بە بێ ئەوەى ئەوپەڕى بە لاوازى پیشان بدرێت.

Catherine Portevin، Entretien avec Zygmunt Bauman، Télérama، 02/02/2008.

سەرچاوە:
http://www.alittihad.ae/details.php?id=5037&y=2017&article=full
تێبینى: 
ئەم بابەتە لە ژمارە (45)ى ڕۆژنامەى زەمەن لە ڕێکەوتى 3/12/2019دا بڵاوبۆتەوە. بۆ بینین کلیک لەسەر ئەم لینکە بکە:
https://www.zamenpress.com/Newspaper_detail.aspx?jimare=90&fbclid=IwAR3YrQlhhS0Kcya5STepY1PYCgMRvmAZr8jaPYHedpJ0glmoAB72UmnLuV8