My Blog List

بابه‌ته‌ نوێیه‌كان

خۆرهەڵات و فەلسەفە

Tuesday 12 November 2019

تیۆلۆژیاى ڕووتى

پۆشاکە لەدەستچووەکەى بەهەشت1

جۆرجیۆ ئاگامبێن
وەرگێڕانى: هاوار محەمەد

فەیلەسوفانى ڕۆژئاوایى قسەى بەردەوامیان لەسەر تیۆلۆژیا هەیە. بەلاى زۆرێکیانەوە بنچینە و بناغەى شارستانێتى ڕۆژئاوایى ئەو میراتە دینیى عیبرانى-مەسیحییەیە کە بە تێکەڵبوون لەگەڵ فەلسەفەى یۆنانیدا، تا ئێستایش زۆربەى هێڵەکانى فیکرى خۆرئاوایى دەکێشن. لەم سۆنگەیەوە ئەوان بەردەوام کارى ڕەخنەیى لەسەر ئیشکردنە شاراوەکانى تیۆلۆژیا دەکەن و هەڵیدەوەشێننەوە، لەم بارەیەوە واڵتەر بنیامین و جاک دێریدا دوو نموونەى گەورەن. لەوان بترازێت دەتوانین دەستبەجێ جۆرجیۆ ئاگامبێن ببینینەوە. پرۆژەى هۆمۆساکەرى ئاگامبێن لە بەرهەمەکانى ئەم دواییەیدا گەڕانەوەى بەردەوامى تێدایە بۆ ئەو میراتە، لەوانە کتێبى "ئارکیۆلۆژیاى واجب" کە سەرجەمى کتێبەکە بە چەمکى "لیتریجیا"ى مەسیحییەوە خەریکە و، هەروەها کتێبى "پیلات و مەسیح" و چەندین وتار و وانەوتارى دیکەى. لەم ڕێگەیەوە دەیەوێت هەم لە بنچینەکانى فیکرى ڕۆژئاوایى دانەبڕیت و هەمیش هەندێ لە چەمکەکان لە ئیلاهیات ڕزگار بکات و مەدلولە سیاسییەکانیان زەق بکاتەوە. لەم دەقە کورتەیشدا ئاگامبێن، باس لە تیۆلۆژیاى ڕووتى دەکات و ئەمەیش دەبێتە بناغەى گەلێک کارى دیکەى ئەو لەسەر ئەم بابەتە. بە بڕواى ئاگامبێن ئەم ڕووتییەى لەم سەردەمەدا هەیە لە پرۆنۆگرافیادا بەرجەستە دەبێت، ئەمەیش لاى ئاگامبێن ڕووتى نییە. ڕووتی، لەبرى ئەوەى ڕووتبوونەوەى چێژگەرایانە بێت و لەبەردەم کامێرا و چاوى ئەوانیتردا بێت، پتر دۆخى ڕووتبوونەوەى ڕۆژى حەشر وەردەگرێت لە چاوەڕوانى ڕووداوێکدا کە ساتى حیساب و کیتابە، ساتێک کە مرۆڤ جگە لە لەشى خۆى هیچ شتێکى دیکەى نییە و نایشتوانێت ئەم ڕووتییە بۆ هیچ شتێک بەکاربهێنێت، چونکە لە بنەمادا سەرنجى ناکەوێتە سەرى؛ ئەم ساتى حیساب و کیتابە دەبێت ئێمە وەک ڕووداو بیهێنینە گۆڕێ. پۆشتەییش لەم سەردەمەدا لە مۆدێل و فاشندا بەرجەستە دەبێت، کە ئەمەیش بەرگ و پۆشاک نییە، بەڵکو کاڵا و بازاڕە. ئەم وتارە ڕەخنەى پێرفۆرمانسێکە کە ئاگامبێن خۆى بینیوویەتى و پێیوایە هونەرمەندەکە لە بەرهەمەکەیدا ڕووتیى تیۆلۆژى و جلوبەرگى کاڵایى لێکداوە بەمەیش خودى ڕووتێتى شاردۆتەوە.
هاوار محەمەد

لە 8ى ئەپریلى ساڵى 2005دا، هونەرمەندى بوارى پێرفۆرمانس و فۆتۆگرافى "فانێسا بێکرۆفت"ى ئیتاڵى2 پێرفۆرمانسێکى هونەریى لە گەلەریى نیشتمانیى نوێ، مۆزەخانەى هونەریى بە ناوبانگى مۆدێرن لە بەرلین، پێشکەش کرد. نماییشەکە پێکهاتبوو لە سەد ژن –تەمەنیان لەنێوان هەژدە بۆ شەست و پێنج ساڵیدا دەبوون، لەلایەن پسپۆریى دەروونییەوە مەشقیان پێکرابوو، ژەمە خۆراکى ڕووەکى و چەوریى لە زەیتى بادەمیان دەرخوارد درابوو- بە ڕیز لەنێو "جامخانە"یەکدا کە ئەندازیارى بیناساز "میس ڤان دێر ڕۆى" نەخشەى کێشابوو، بە ڕووت و قووتى وەستابوون و تەنیا تەنکەکۆڵۆنى نایلۆنى ژنانەیان لەپێدابوو.
جێنیڤەر ئالن، کە یەکێک بووە لە ئامادەبووانى نماییشەکە، دەگێڕێتەوە کە لە ڕیزەکەدا هاونیشتمانییەکەى ڤانێسا بیکرۆفت ]واتە[ "جۆرجیۆ ئاگامبێن" لە پاڵییەوە وەستاوە و ''دواجار کاتێک لووتمان تەقى بە جامخانە مەزنەکەى میس ڤان دى ڕۆی-دا، ئاگامبێن نەیتوانى نائومێدى خۆى بشارێتەوە و وتى: کۆڵۆنى نایلۆن... نا، نا!''. ئالن بەردەوام دەبێت و دەڵێت: ''کاتێک دەربارەى la vita nuda ژیانى ڕووت پێکەوە قسەمان کرد، فەیلەسوفە ئیتاڵییەکە پرسیارێکى لێ کردم کە بۆ چەندین دەیەیە پێوەى مەشغوڵە: چۆن وێناى خەڵکى دەکەیت لە جیهانێکى ئایدیاڵیدا: بە جلوبەرگەوە یان بە ڕووتى؟''3.
دواى بینینى پێرفۆرمانسەکە و وەک پەراوێزێک بۆى، ئاگامبێن ئەم دەقە کورتەى نووسیوە کە یەکەمجار بە زمانى ئەڵمانى لە ساڵى 2005، چەند ڕۆژێک دواى نماییشەکە بڵاوبۆتەوە.



دەقەکە:

یەکەمین جێکەوت کە پێرفۆرمانسەکەى "ڤانێسا بێکرۆفت" لەسەر ئەو جەماوەرە جێیهێشت وا لە گەلەریى نیشتمانیى نوێ (Neue Nationalgalerie) لە بەرلین ئامادەبوون، سروشتێکى سیاسى هەبوو: هیچ شتێک بوونى نییە جگە لە خەڵکى شارنشینى پۆشتە، کە تەماشاى خەڵکى شارنشینى ڕووت دەکەن. دۆخێکى تەواو پەڕگیر و هاوکات ئێجگار نائومێدانەى مرۆڤ لە کۆمەڵگەى جەماوەریدا کە لە ئێستادا جارێکیتر بە هەموو ناڕوونى و لێڵیى خۆیەوە، لەم فۆڕمە سەیر و نامۆیەدا خۆى پیشان دەداتەوە کە سیماى بارودۆخى مرۆیى هاوچەرخى وەک نا-ڕووداو4 دیاریى کردووە. واتە، شتانێک کە دەشێت ڕووبدەن، بەڵام ڕوونادەن.  
سەرەڕاى ئەوەیش، ئەگەر کەسێک بە گەڕانەوە بۆ ڕابردوو ویستبێتى لە خاسییەت و تایبەتمەندییەکانى ئەم نا-ڕووداوە ڕابمێنێت، ئەوا خێرا جێکەوتە بەراییەکە، کە جگە لە جێکەوتێکى سیاسیی هیچیتر نەبوو، لەبەرامبەر تێڕامانى ڕەسەنى تیۆلۆژیدا کەوتۆتە لاوە. دەقیق ئەوە چی بوو کە دەبوو ڕوونەدات؟ ئەوەى دەشیا ڕووبدات و ڕووینەدا، نە ئاهەنگى گەلەگان5 بوو نە ئاگاهەنگى ئەشکەنجەدان، کەشى سادۆ-ماسۆشیش نەبوو، بەڵکو هەر بە سادەیى ڕووتیى مرۆڤ بوو.
لە کولتوورەکەى ئێمەدا، ڕووتیى6 پەیوەندییەکى لە دانەبڕاو و لەپساننەهاتووى بە مانایەکى تیۆلۆژییەوە هەیە. ئەمە تەنیا لەبەرئەوە نییە کە وەختێ مرۆڤ تەماشاى ئەم سەد ژنە تێکەڵوپێکەڵە ]کە لە ڕووى نەژاد و ڕەنگ و تەمەن و شێوەوە لە یەکترى جیاوازن [ دەکات –ئەو ژنانەى وا بە ڕووتى و تەنیا بە تەنکەکۆڵۆنى نایلۆن7ـەوە، لە ڕیزەکاندا بێجووڵە وەستاون و وەک بڵێى چاوەڕوانن شتێک ڕووبدات- ناتوانێت بیر لە ڕووتیى  قیامەت، ڕووتیى هەستانەوەى ڕۆژى حەشر نەکاتەوە. بەلاى منەوە، ئەم ژنانەى وا ڕووت و قووت دەردەکەوتن، خەڵکانێک بوون زیندووکرابوونەوە و چاوەڕوانى حیساب و کیتاب بوون، چاوەڕوانى وەرگرتنەوەى ئەوەبوون کە لە دنیادا چاندوویانە. خەڵکە پۆشتەکەیش کە دەورى ئەوانیان گرتبوو، بە بێ ئەوەى بزانن، فریشتە و خزمەتکاران بوون کە هەندێ وەزیفەى ئاسمانیی بەهەشت یان دۆزەخیان خرابووە ئەستۆ، تەیار و ئامادەبوون کە ئەوانە بەرەو بەهەشت ببەن یان فڕییان بدەنە نێو دۆزەخ.
تەنیا ئەمەیش نا –دەلالەتى تیۆلۆژیى پیشاندانى کەسێک بە ڕووتى لەمەیش قووڵتر دەڕوات. هەموومان ئاگادارى گێرانەوەى ]سیفرى[ پەیدابوونین، ڕیوایەتەکە دەڵێت ئادەم و حەوا تەنیا دواى گوناهى یەکەم8 سەرنجیان دەکەوێتە سەر ڕووتیى خۆیان. بە گوێرەى تیۆلۆژیستەکان، ئەم بێئاگاییەى ئەوان لە ڕووتى تەنیا بەهۆى دۆخێکى بەرایى جەهلى سادەوە نەبووە: ئادەم و حەوا لە فیردەوسدا، بەر لە دەرکردن و فڕێدانیان، ئەگەرچى هیچ جلوبەرگێکى مرۆییان لەبەردا نەبووە، بەڵام هێشتا ڕووت نەبوون. ئەوان پڕبەبەرى خۆیان پۆشاکى نیعمەت9، جلوبەرگى نورى شکۆدارى ]نامادى، نادیار، خودایى[ـیان لەبەرکرابوو. گوناهـى یەکەم ئەم پۆشاکە ئاسمانى و سەروو سروشتییە لە بەرى مرۆڤ دادەکەنێت، بەم مانایە ئەوان ڕووت نەبوون، بەڵکو ڕووتکراونەتەوە. ئیدى لەم ڕووتییە شەرماوەرەدا، مرۆڤ ناچاربوو خۆى خۆى دابپۆشێت –یەکەمجار بە گەڵاى هەنجیر و دواتر بە پێستى ئاژەڵ. ئەو جلوبەرگەى لەمڕۆدا ئێمە جەستەى خۆمانى پێدادەپۆشین، چیتر پۆشاکى نیعمەت و بەرائەت نییە، بەڵکو پۆشاکى گوناهـ و دووڕووییە. ئەم پۆشاکە بە ناچارى بە ]بوونى[ مرۆڤەوە نووساوە، چونکە بیرخەرەوەى بەرگە لەدەستچووەکەى بەهەشتە و، هاوکاتیش بەڵێنى پۆشاکێکى نوێیە کە دەبێت لە ڕێگەى ڕزگاریی10ـەوە بە مرۆڤ ببەخشرێت.
لێرەوەیە دەبینین لە مەسیحیەتدا پۆشاک کەرامەت ]ڕێز و حورمەت[ـێکى تایبەتیى هەیە، تەنانەت دوایین شێوازەکانى مۆدە و فاشیۆنیش؛ تیۆلۆژیستێکى مۆدێرن دەنووسێت: ''ئەو پۆشاکەى مرۆڤى فڕێدراو دەیپۆشێت، بیرخەرەوەى ئەو پۆشاکەیەتى کە جارێکیان لە فیردەوسدا مرۆڤ لەبەریدا بوو. ئێمە ئامادەین هەموو گۆڕین و نوێگەرییەک لە جلوبەرگى مۆدەدا بە دڵ و گیان وەریبگرین، چونکە بەڵێنى ئەوەمان پێدەدات بمانگەڕێنێتەوە بۆ سەرەتاى تێگەیشتن لە خۆمان، ئەمەیش هیچ نییە جگە لە زیندووکردنەوەى هیواى بەدەستهێنانەوەى یەکەمین پۆشاکى لەدەستچوو، هیواى لەبەرکردنەوەى یەکەمین جلوبەرگى داکەنراو (...). ئەو پۆشاکەى کە ڕۆژگارێک هەمانبوو و دۆڕاندمان، پۆشاکێک کە هێشتایش بۆى وێڵین و لە هەموو ئەو پۆشاکانەى دنیادا وا لەبەریان دەکەین بە شوێنیدا دەگەڕێین، لە سرووتى پیرۆزى لەئاوهەڵکێشان11دا وەک خەڵات پێمان دەدرێتەوە.
ئەم تێڕوانینانە ڕێمان پێدەدەن بە شێوەیەکى نوێ بیر لەو ڕووتییە بکەینەوە کە لە پێرفۆرمانسەکەى ڤانێسا بیکرۆفتدا ڕووینەدا. بە گوێرەى ئەو بەڵگەنەویستەى کە تیۆلۆژیاى مەسیحی سەبارەت بە جلپۆشین دایڕشتووە، ڕووتیى مرۆڤ تەنیا ئەو کاتە مومکینە کە کورتخایەن و زووتێپەڕ و نەرێنى بێت، هەڵبەت ئەگەر ئەمە هەرگیز مومکین بێت. ئەم کورتخایەنى و نەرێبوونە چەند هۆکارێکى هەیە: پێش هەموو شتێک لەبەرئەوەى لە عەدەندا، جەستەى داهێنەرانە12 بە کردەیى نووسابوو بە پەردەى نیعمەتى خوداییەوە؛ دووەم، چونکە جەستە پاش کەوتن، جارێکى دیکە بەو پۆشاکە داپۆشرایەوە کە سرووتى لە ئاوهەڵکێشان کردییە بەرى؛ دواجار، چونکە ئەو ڕزگاربووانەى دەچنە بەهەشت، جارێکى دیکە بە پۆشاکى نیعمەت پۆشتە دەکرێنەوە و ئیدى هەرگیز لێیان داناکەنرێتەوە. لەبەرئەمە ڕووتێتى، ئەگەر بڕیارە هەبێت، ئەوا تەنیا لە دۆزەخدا هەیە. جا کاتێک لە ژیانى ئەم دنیایەدا، ڕووتیى بەشێوەیەکى کاتی، لە ساتى کەوتنە نێو گوناهـ و تاواندا دەردەکەوێت، ئەوا هەر لە تەفسیربەدەر و بێمانا دەمێنێتەوە، چونکە ڕووتى ماناکەى خۆى تەنیا و تەنیا لە ماناى پۆشاکى نیعمەتەوە وەردەگرێت.
ئێستا دەتوانین تێبگەین کە بۆچى لە پێرفۆرمانسەکەى ڤانێسا بیکرۆفتدا –کە نماییشەکەى لە دۆزەخدا نەبوو، بەڵکو سووک و ئاسان بی ئەوەى هیچ شتێکى خراپى تێدابێت، لە گەلەریى نیشتمانیى نوێدا بوو- نەدەکرا ڕووداوى ڕووتیى بێتەگۆڕێ. ئەو وەک هاودەستێکى تەواوى تیۆلۆژیاى مەسیحى، کە بە بێ ئەوەى خۆى پێبزانێت تێیدا نوقم بووە، نماییشەکەى هیچى پیشان نەدا جگە لە مەحاڵێتیى خودى ڕووتیى13.
کەواتە، دەبێت دوا قسەم تێهزرینێکى سیاسیى بێت. دژ بەم هاودەستییە، دژ بەم هاوپەیمانییە لەگەڵ کاڵا و تیۆلۆژیادا، پێویستە لەسەرمان بیر لە ڕووتیى مومکینى مرۆڤ بکەینەوە –لەو ڕووتییەى کە تیۆلۆژیا و ئینجا دواتر بەشتبوون14 و پۆرنۆگرافیا کردوویانە بە شتێکى وەها کە بۆ بیرلێکردنەوە نەشێت. ئەوەى پێویستە جارێکى دیکە بیدۆزینەوە، ڕووتیى ئادەمە بەر لەوەى خودا بە پۆشاکى نیعمەت و نور دایبپۆشێت. بەڵام نابێت وەها لەم ڕووتییە تێبگەین گوایە دۆخێکى سروشتییە کە پێویستە بۆى بگەڕێینەوە، یان گوایە بەڵێنى شتێکە کە دێت و پێویستە چاوەڕوانى بین. ئەم ڕووتییە، پتر شتێکە کە ئێمە لێرە و لە ئێستادا، دەبێت ڕەهاى بکەین، دەبێت بەش بە بەش لە عەباى تێوەئاڵاوى تیۆلۆژیا ڕزگارى بکەین.
بە گوێرەى سەرگوزشتە گنۆسییەکە بێ، ڕزگاربووانى موبارەک لە ڕۆژى دواییدا ئەو پۆشاکى نورە دادەکەنن کە خودا لە جەستەیانەوە پێچاویەتى، ئەوان بە ڕووتى لەبەردەمى یەکتریدا دەوەستن، ئیدى نە دەزانن نیعمەت چییە و نە خەبەریان لە گوناهـ هەیە. دەتوانم بڵێم جەستەى مرۆیى کە لەو ڕۆژەدا دەردەکەوێت و دەبینرێت، لە جەستەى ئەو کچۆڵەیە دەچێت کە لە گەلەریى نیشتمانیى نوێ، بە سوتفە سەرنجم کەوتە سەرى و دواتر بە خێرایى لەبەرچاو ونبوو: ناسکۆڵە، سادە، نائاشنا و بێناو، بەڵام بێگومان ڕووت و شایەنى ئەوەبوو بە سانایى بیرى لێ بکەینەوە و بە ڕوونى لێى تێبگەین.

سەرچاوەکانى وەرگێڕانى ئەم بەرهەمە:  
1-   بە زمانى ئینگلزى:
Giorgio Agamben, The Lost Dress of Paradis, Translated from the German by Christian Nilsson. 2 April 2008.
2-  بە زمانى عەرەبى:
جورجيو أجامبن: ثوب الفردوس المفقود، ترجمه عن الإنجليزية: طارق عثمان، 6-11-2019.

3-   بە زمانى ئەڵمانى:
Giorgio Agamben, Das verlorene paradiesische Kleid, Frankfurter Allgemeine Zeitung, 12.04.2005, Nr. 84, S. 37.

پەراوێزەکان:

1 سەبارەت بە داڕشتنى ئەم دەستەواژەیە جیاوازییەکى کەم لەنێوان وەرگێڕانەکاندا هەیە. لە ئەڵمانییەکەیدا بە (Das verlorene paradiesische Kleid) هاتووە، گەر بە حەرفی بیکەین بە کوردى دەبێتە "پۆشاکە فیردەوسییە لەدەستچووەکە"، واتە "فیردەوس" وەک ئاوەڵناو هاتووە. بەڵام لە وەرگێرانە ئینگلیزییەکەدا کراوە بە ناو  "The Lost Dress of Paradis"؛ نوسخە عەرەبییەکەیش لە ئینگلیزییەکە وەرگیراوە بۆیە بەهەمان شێوە داڕێژراوەتەوە: " ثوب الفردوس المفقود". ئێمەیش پێمانوایە لە زەین و زمانى ئێمەوە نزیکترە گەر وشەى "بەهەشت" بەکاربهێنین و ڕۆڵى ناوى بدەینێ "پۆشاکە لەدەستچووەکەى بەهەشت". هەروەها، دەستەواژەى "بەهەشتى لەدەستچوو" بە زۆرى لە تیۆلۆژیا و ئەدەبیات و دەروونشیکاریدا بەکارهێنراوە، بەڵام لەم دەقەدا ئاگامبێن قسە لەسەر ئەو ساتەوەختە دەکات کە مرۆڤ پۆشاکە بەهەشتییەکەى خۆى دەدۆڕێنێت، بەم مانایە لەدەستچوو ئاوەڵناوى "پۆشاک"ـەکەیە نەک "بەهەشت". (و. کوردى)
2 ڤانێسا بیکرۆفت Vanessa Beecroft هونەرمەندێکى ئیتاڵیى هاوچەرخى بوارى پێرفۆرمانس و فۆتۆگرافى، نیگارکێشى و پەیکەرتاشییە، ساڵى 1969 لە جەنەوا لەدایکبووە. بەوە ناسراوە کە نماییشى پێرفۆرمانس و (تابلۆى زیندوو) پێشکەش دەکات؛ بەناوبانگترین نماییشى ئەو "ژمارە 55"ـە، کە ئاگامبێن لەم دەقەدا باسى دەکات، هەروەها نماییشى "ژمارە 61، کە کوشتارى نەژادى لە دارفۆر وێنا دەکات. 
3 Leland de la Durantaye (2009). Giorgio Agamben: A critical introduction. Stanford: Stanford university press. P. 192.
4 non-event )Nicht-Geschehen(
5 an orgy ) eine Orgie(
6 nakedness  )Nacktheit(
7 nylon-stockings ) Nylonstrumpfhose(
8 original sin ) der Ursünde(
9 a dress of mercy )ein Kleid der Gnade(
10 redemption (die Erlösung)
11 in the sacrament of baptism  (in der heiligen Taufe(
سروتێکى کەنیسەى کاتۆلیکییە بۆ پاککردنەوەی مرۆڤ لە گوناهى یەکەم، ئەویش بە تەڕکردنى سەر و لەشى منداڵى تازەلەدایکبوو، یان کەسێک بیەوێت ببێت بە مەسیحى. (و. کوردى)
12 the creaturely body (der kreatürliche Körper)
13 the impossibility of nakedness) die Unmöglichkeit der Nacktheit(
14 reification (Verdinglichung)


تێبینى: ئەم وتارە لە سایتى "ناوەخت" بڵاوبۆتەوە. بۆ بینین کلیک لەسەر ئەم لینکە بکە: 

Friday 8 November 2019

کۆمۆنیزم و وێرانەکانى

لە یادی ڕووخانی دیواری بەرلیندا

هاوار محەمەد 
چەند مانگێک لەمەوپێش بە گەشتێک سەردانى شارى "درێسدن"ى ئەڵمانیام کرد. درێسدن پایتەختى ویلایەتى 'زاکسن'ـە لە ڕۆژهەڵاتى ئەو وڵاتە. پێش ڕووخانى دیوارى بەرلین ئەم ویلایەتە لەگەڵ چەند ویلایەتێکى دیکەى نزیکیدا سەر بە کۆمارى دیموکراتى ئەڵمانیا DDR  ]دەوڵەتى کۆمۆنیستى لە ئەڵمانیاى ڕۆژهەڵات] بوون، واتە درێژکراوەى کۆمۆنیزمى سۆڤیەتى. بەشێک لە سۆشیالیستەکانى ئەڵمانیا دەڵێن، ئێستایشى لەگەڵبێ ویلایەتەکانى ڕۆژهەڵات لە چاو بەشى ڕۆژئاواى ئەڵمانیادا، هەر بە ئەنقەست فەرامۆشکراو و بێ خزمەتن، شوێنەوارى وێرانە و جەنگیان زۆر بەسەرەوە ماوە. بەڵام پێدەچێ ئەمە تەنیا پاساو بێت بۆ داپۆشینى شوێنەوارە وێرانکەرەکانى بلۆکی پێشووی خۆرهەڵات بەسەر ئەو شارانەوە. کاریگەرییەکانى دەسەڵاتە داخراو و حزب-دەوڵەتییەکەى کۆمارى پێشووى ئەڵمانیا تەنیا بەسەر سیماى شارەکانەوە نییە، بەڵکو لەسەر کۆى کەسایەتى و سایکۆلۆژیاى دانیشتووانى ئەو ناوچانەیش زەق و بەرچاوە، کە ئێستا ئەو ناوچانە بوونەتە مەڵبەندیى سەرەکیى زۆربەى ڕاسیستە تووندڕەوەکان و نیو-نازییەکان و گروپەکانى دژە پەنابەران. پرسیارێک کە بەردەوام و بە تایبەتیش لەو سەفەرەدا مێشکمى مەشغوڵکردبوو ئەمەبوو: ''بۆچى رێک لە ناوچەى دەسەڵاتى پێشووى کۆمۆنیزمدا، لە بەشە ڕۆژهەڵاتەکەى ئەڵمانیا، ڕاسیزم هێندە بەهێزە؟''. ''چۆن دەشێت میراتى کۆمۆنیزم بە هەموو قورساییەکەوە حزورى هەبووبێ، بەڵام لە برى ئەوەى ئەم هەستە ڕاسیستیانە لە سایەیدا کاڵ ببنەوە چەند هێندە بەهێزتر بووبن؟''. هەڵبەت ئەوە ڕاستە کەسێکى مارکسیست دەتوانێت بڵێت "ئەوەى هەبوو کۆمۆنیزم نەبوو، سەرمایەداریى دەوڵەتى یان ستالینیزم یان کۆمۆنیزمى ساختە بوو"، ڕاستڕەوەکانیش بەرهەمی دوای رووخانی دیواری بەرلینن؛ بەڵام ئەمە وەڵامێکى کافیی نییە. ئەو راستڕەوە تووندڕەوەی ئەمڕۆ دەیبینین کۆمۆنیزمی سۆڤیەت بە ڕەتاندن و تێکشکاندنی ئینسان و شێواندنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و کوشتنی متمانە و هەر کرانەوەیەک، هەموو زەمینەیەکی دەروونی و سایکۆلۆژیی بۆ ڕەخساندووە. هەر دەسەڵاتێکی ستەمکار و تۆتالیتار هەڵگەڕانەوەکەی خۆیشی وەک بەشێک لە خۆی هەڵگرتووە. خەسڵەتی ئەم دەسەڵاتانە ئەوەیە لە دۆخی دوای قڵپبووەنەوەیاندا بە تەواوەتی دەرەنجامەکانیان دەردەکەوێت و ئەوەی کە بونیادیان ناوە/وێرانیان کردووە ڕوون خۆی پیشان دەدات؛ ئەمە دۆخی عێراقی دوای سەدام حسێنیشە: دیکتاتۆرییەت دەروخێت، بەڵام وێرانەیەکی ترسناکیش لەگەڵیدا دەردەکەوێ، کە مەگەر بەرەنگاریی زۆر بەهێز هەبێت، ئینجا بکرێت لە ماوەی چەندین ساڵدا شوێنەوارەکانی بسڕدرێتەوە..
بە گوێرەى فۆکۆ، هەر فۆڕمێکى دەسەڵات سوبێکتێکى تایبەت بە خۆیشى بەرهەم دەهێنێت؛ ئەو سوبێکتەى لە ژێر سایەى زەبروزەنگ، برسێتى و کارى تاقەتپڕوکێن و میکانیزمەکانى دیکەى دەسەڵاتى سۆشیالیزمى دەوڵەتى (هەر ئەوەى کە پێیدەوترێ سەرمایەداریى دەوڵەتى)ـدا لەو ناوچانە دروست بووە، لەمڕۆدا لە بانگەشە ترسناکەکانى ڕاسیزمدا، کە پارتى ڕاستڕەوى تووندڕەوى ئەڵتەرناتیڤى ئەڵمانیا AFD، کە حزبێکى نیو-نازیستین، نماییندە هەرە مەدەنییەکەیەتى، دەیبینینەوە. ڕاسیزم لە ڕۆژهەڵاتى ئەڵمانیا لە گوتارى دژە-پەنابەریدا گوزارشت لە خۆى دەکات. بەهۆى دژایەتیى پەنابەرەوە بۆ یەکەمجار پارتى ئەڵتەرناتیڤ، لە هەڵبژاردنى پێشووى ئەڵمانیادا بە 13%ى دەنگەکان گەیشتنە پەرلەمان، و لە هەڵبژاردنەکانى 2019ى پەرلەمانى ئەوروپایشدا دەنگیان بە ڕێژەى 4% بەراورد بە هەڵبژاردنى 2014ى ئەوروپا، زیادیکرد. ئەمەیش ڕێژەیەکى یەکجار بەرزە بۆ ڕاستڕەوە تووندڕەوەکان بە جۆرێک کە لە هەندێ شار نزیکەى 30%-40%ى کۆى دەنگەکانیان هێنا. هەڵبەت بەشى زۆرى دەنگەکانیان لە ویلایەتەکانى ڕۆژهەڵات کۆکردەوە، لەوانە ویلایەتى تورینگن و زاکسن ئەنهاڵت و ماکلینبۆرگ فۆرپۆمن، بەڵام چەقی قورساییەکە لە ویلایەتی زاکسنە..
سەرەتا کە چوومە نێو شارەکە بە ئاسانى هەستم بەوە کرد میترۆپۆلێکى سەرمایەدارییە و شوێنەوارێکى ئەوتۆى کۆمۆنیزم بە ڕوونى نابینرێت، واتە ئەو وێرانەیەیش نەبوو کە لە کۆکردنەوەى زانیارییەکاندا پێمدرابوو، بە پێچەوانەوە شارێکى قەشەنگى ڕازاوە بە سەنتەرێکى سەنجڕاکێش و کەنیسەى نوێى جوان، ڕووبارى "ئیبێ" die Elbe وەک سەرخۆشێک کە ناتوانێ ڕاستەڕێ بڕوات بە نێو شارەکەدا تێپەڕیوە، ڕووبەرى سەوزایى زۆر و خزمەتگوزاریى تەواو، شارێک کە زۆربەى بەشەکانی پاکوخاوێن بوون، وەک لە ئەڵمانیا دەڵێن "شارى مۆزەخانەکان". لەگەڵ ئەمەدا هەر کەسێک بڕێکى کەم ئاشناى شێوازى جوڵەى سەرمایە بێت لەمڕۆدا، ئەوا ڕواڵەتى جوانى شارەکە فریووى نادات، بەڵکو دەزانێت لەنێو بریقوباقەکاندا خەمۆکى و تووندوتیژیى گەشەى کردووە، شارەکە لەدواى وێرانبوونەوە هەستاوەتەوە و ئەوەیشى هەڵیساندۆتەوە بە پلەى یەکەم سەرمایەیە و ئینجا هەوڵەکانی حکومەتی ئەڵمان لە پلەى دووەمدا دێت، بە جۆرێک کە بە گوێرەی یاسا باجێک هەیە لە ئەڵمانیا پێیدەترێت "باجی سۆڵیدارێتی"، ئەم باجە بۆ ئاوەدانکردنەوەی ڕۆژهەڵاتی ئەڵمانیا کۆدەکرێتەوە و سەرف دەکرێت. بەڵام وەک دواتر لە خەلکانێکم بیست و هەندی بەدواداچوونیترم کرد، بۆم دەرکەوت لە بەشی رۆژهەڵاتەکەی ئەوروپا وێرانکارییەکانی جەنگ و دەوڵەتی سۆڤییەتی بە حەدێک زۆربووە کە ئاستەمە بە چەندین ساڵیتریش هاوتای رۆژئاوا ببنەوە.. ئەوە تەنیا درێسدن و هەندێ سەنتەریی ترە، وەک نیشانەی ئاوەدانیی دنیای سەرمایەداریی و چوونە نێو یەکێتی ئەوروپا ڕازێنراونەتەوە و زۆرینەی ناوچەکانیتری رۆژهەڵات بەوجۆرە نین.. ئەمە مێژوویەک نییە کە "بۆرژوازییەت" نووسیبێتییەوە و درۆی بۆ کۆمۆنیزم هەڵبەستبێت، دواتریش هەندێ مێژوونووس "مێژووە ڕاستەقینەکە"ی بنووسنەوە، هەرکەس گەشتێکی بۆ ئەو ناوچانە کردبێت، یان بە ئاستەم کەسێکی ڕۆمانی، بولگاریی، کرواتی، مۆلداڤی بدوێنێت دەزانێت لە چ نەهامەتییەکدا ژیاون، بۆیە لەبری پینەوپەڕۆکردن و ماکیاژکرنی ئەم ئەزموونە ستالینیستییەی کۆمۆنیزم، باشتروایە بە زەبری ڕەخنە بزووتنەوەی چەپ لەو ستراکچەرە ڕزگار بکرێت کە ستالینیزم لێوەی سەریدەرهێنا و گەشەی کرد..
تاکە شتێک کە لە شاری درێسدندا ترسناک نەدەهاتە بەرچاو بەشێکی شارەکە بوو کە پییدەڵێن "نۆى شتات" واتە '"شارى نوێ". ئاماژەیە بۆ دروستکردنەوەى سەرلەنوێى شارەکە لە دواى خاپووربوونى لە جەنگى دووەمى جیهانیدا. بەڵام نۆی شتات لە شوێنی وەک گوندی ئەڵمانی و ئینگلیزی لای خۆمان نەدەچوو، بەڵکو شوێنێکی ئاسایی، بە خزمەتگوزارییەکی کەمترەوە، بەشێکی تلیاککێش و دەرمانفرۆش و سۆزانیخانە و گروپەکانی سینیکییەکانی گەنجان لەو بەشەی شارەکەدان کە بە تێپەڕینێک مرۆڤ دەبینێت زۆربەی دیوار و دەرگاکان بەنووسراو و کێشراوی گرافیکی نەخشکراون، وەک بیستم ئەو ناوچەیە تاکە شوێنی شارەکەیە کە پەنابەران دەتوانن تیایدا دڵنیاتر بن و هەست بکەن بەشی زۆری خەڵک ڕقیان لێیان نییە..
تێبینى: ئەم وتارە لە سایتى "ڕوانگە و ڕەخنە" بڵاوبۆتەوە. بۆ بینین کلیک لەسەر ئەم لینکە بکە:
http://rwangauraxna.com/detail.aspx?IDNews=369