My Blog List

بابه‌ته‌ نوێیه‌كان

خۆرهەڵات و فەلسەفە

Tuesday 2 June 2015

سیناریۆ قیامەتییەكانی جەنگی سەراپاگیر


ئەمبێرتۆ ئیكۆ
وەرگێڕانى: هاوار محەمەد


ئەو پرسیارەی كە لەم ڕۆژانەدا تەزوو بە ناخی هەموو كەسێكدا دێنێت و زەینمان دەجووڵێنێت، دەربارەی ئەوە نییە كە داخۆ تیرۆر چاكەیە یان خراپەیە، یان ئایا دەبێت، ئەگەر بە بەكارهێنانی توندوتیژییش بووە، بیبەزێنین یان نا؟ دەربارەی ئەم پرسیارە، لایەنی كەم لە ڕۆژئاوا و زۆربەی وڵاتە ڕۆژئاواییەكاندا كۆدەنگییەك لەسەر ئەمە هەیە. تەنانەت بانگەشەكەرەكانی ئاشتی ددان بەوەدا دەنێن كە ڕێژەیەك توندوتیژی لە هەر كاردانەوەیەكی بەرگریكارانەی ڕەوادا ڕەنگە پێویست بێت، ئەگەر نا، بوونی هێزی پۆلیس پێویست نەدەبوو، هەروەها پێویستیش نەبوو توندوتیژی دژی ئەو كەسانەی كە لە سەر شەقامەكان دەسڕێژی گوللە لە خەڵك دەكەن، بەكار بهێنرێت. دوو پرسیارە ڕاستەقینەكە ئەو دوو پرسیارەی سەرەوە نین، بەڵكو: دەربارەی ئەوەیە كه:‌ ئایا جەنگ شێوەیەكی دادگەرانە و ڕەوای توندوتیژییە، یاخود [ئەم پرسیارەی تر] ئایا دەكرێت ئەو بە ڕووی یەكداوەستانەوەی لەمڕۆدا دەیبینین، بگۆڕێت بۆ ململانێی ژیارەكان، یان كولتوورەكان، یان هەر ناوێكی دیكەی لێ دەنێیت، واتە ئایا دەبێت بە جەنگی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا؟ لێرە بەدوا "جەنگ لە نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا" بەكار دەهێنم بەو مەبەستەی وێنەكە بە سادەیی پیشان بدەم، وەك بڵێی [جۆرێكە لەوەی كە‌] لە كاتی جەنگی سارددا دەگوزەرا، لەو كاتەدا نەرمییەكی زۆری جوگرافی هەبوو‌، چیكۆسلۆڤاكیا بە ڕۆژهەڵات و فینلەندە بە ڕۆژئاوا، یان چین بە ڕۆژهەڵات و ژاپۆن بە ڕۆژئاوا دادەنران. هەڵبەت وەك شتێكی سادەیش، كاتێك باس لە جیهانی مەسیحی و جیهانی ئیسلامی دەكەم، هەموو ئەو كەس و لایەنانەی ڕۆژئاوا‌ دەخەمە ڕیزی مەسیحییەكانەوە كە ئەتەییست (ملحد) و نۆمینالیستن و لەولایشەوە ئەو كەس و لایەنانەی كە ئیمانیان لاوازە و [بۆ نموونە] بە دزییەوە و بەبێ بەركەوتن لەگەڵ ڕێنماییەكانی قورئاندا مەشروب دەخۆنەوە، لە خانەی جیهانی ئیسلامیدا دادەنێم.
لە لایەكەوە دەكرێت پرۆسە جەنگییەكان لە ڕۆژهەڵات وا لە كۆمەڵێك فەندەمێنتاڵ بكەن لە وڵاتە ئیسلامییە جیاوازەكاندا دەسەڵات بخەنە ژێر ڕكێفی خۆیانەوە و باڵادەستیی خۆیان بسەپێنن، تەنانەت بەوانەیشەوە كە پشتیوانی لە ویلایه‌تە یەكگرتووەكان دەكەن. لە لایەكی دیكەیشەوە، دەكرێت تەنگژە و ئاڵۆزیی كارە تیرۆریستییەكان بگەنە ڕادەیەكی هێندە لەتاقەتبەدەر كە وا لە ڕۆژائاواییەكان بكه‌ن هەموو ئیسلام بە دوژمن [ی خۆیان] دابنێن. جا دوای ئەمە، ئیتر بەریەككەوتنەكە دابەش دەبێت [بۆ جەمسەرەكان] و جەنگە قیامەتییەكە دەبێتە جەنگێكی حەتمی و یەكلاكەرەوە، جەنگی كۆتایی لە نێوان هێزی چاكە و هێزی خراپەدا ڕوو دەدات (هەڵبەت هەر لایەنێكیان ئەوی دیكە بە لایەنی خراپە دادەنێت). ئەم سیناریۆیە مەحاڵ نییە. ئینجا، وەك هەموو سیناریۆكانی تریش، دەبێت تا دواسنووری خۆی ڕای بكێشین.
ددان بەوەدا دەنێم، تا بتوانین ئەمە بكەین، دەبێت مومارەسەی هونەری خەیاڵی زانستی بكەین. تەنانەت داڕووخانی دوو تاوەرەكەی نیویۆركیش زۆر فیلمی سینەمایی خەیاڵی زانستی پەییان پێ بردبوو، بەم جۆرە، سیناریۆكانی خەیاڵی زانستی، ئەگەرچی بە زەروورەت و بە وردی پێمان نەڵێن چی ڕوو دەدات، ئەوا هێشتا ڕەنگە بتوانن ئەوەمان پێ بڵێن كە دەشێت چی ڕوو بدات.
بەریەككەوتنێكی سەراپاگیر و گشتگیری وەك ڕابوردوو ڕوو دەدات. بەڵام لە ڕابوردوودا ئەورووپا هەبوو كە زۆر باش سنوورەكانی خۆیی دەزانی و دەناسی، [لە سنوورێكەوە] دەگەیشت بە دەریای ناوەڕاستی نێوان مەسیحییەكان و "كافرەكان"، هەروەها چیاكانی بێرنس هەبوون كه بەربەستێك بوون ئەوپەڕی ڕۆژئاوای كیشوەرەكەیان جیا دەكردەوە كە هێشتایش بە نیمچەعەرەبی ماوەتەوە. دوای ئەوە، بەریەككەوتن و ڕووبەڕووبوونەوەكە دەكرا دوو فۆرمی هەبێت، یان هێرش یان خۆپاراستن.
هێرش تەنها لە جەنگی خاچهەڵگرەكاندا دەبینرێت، بەڵام بینیمان كە بەم هۆیەوە چی ڕووی دا. تاكە جەنگی خاچهەڵگرەكان كە بووە مایەی داگیركردنێكی ڕاستەقینە (لەگەڵ دامەزراندنی مەمالیكەكانی فەرەنگییەكان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست) جەنگی یەكەمیان بوو. پاشان بە درێژایی سەدە و نیوێك (تا گەڕانەوەی قودس [ئۆرشەلیم] بۆ دەستی موسڵمانەكان)، حەوت جەنگی تر ڕوویان دا، ئەمە بەبێ حسابكردنی هێرشەكانی‌ ڕەگەزپەرست و دەمارگیر و هەرچیوپەرچییەكان، وەك ئەو هێرشانەی كە بە هێرشی منداڵان ناو دەبرێن. لە هەر یەكێك لەو هێرشانەدا وەڵامدانەوە و بەدەمەوەچوونی بانگەوازەكانی قەدیس بێرنارد و پاپاكان ساردسڕ و بێدەروەستانە و ناڕوون بوون. هێرشی دووەمی خاچهەڵگرەكان ڕێكخستنێكی خراپی هەبوو، لە هێرشی سێیەمیشدا باربارۆس لە ڕێگه‌دا مرد و فەڕەنسییەكان و ئینگلیزەكان گەیشتنە كەنارەكانی دوژمن، ئینجا دوای كۆمەڵێك داگیركاری و دانوستان گەڕانەوە بۆ وڵاتەكانی خۆیان. بەڵام لە چوارەمدا، خاچهەڵگرەكان قودس [ئۆرشەلیم]یان لە بیر كرد و لە قوستەنتینییە گیرسانەوە و تاڵانیان كرد. پێنجەم و شەشەم بە كردەیی تەنها گەشتی هاتن و چوون بوون. لە حەوتەم و هەشتەمدا پادشا قەدیس لویسی لەخۆبوردوو لە سەر دیوار و بەردە ئیسلامییەكان جەنگا، بەڵام هیچێكی ئەوتۆی بە دەست نەهێنا كە شیاوی باس بێت و هەر لەوێیشدا مرد. بەوەیش جەنگی خاچهەڵگرەكان كۆتایی هات.
تاكە پرۆسەی سەركەوتووی سەربازی ئەو پرۆسەیە بوو كە دواتر بۆ گێڕانەوە و وەرگرتنەوەی ئیسپانیا ڕووی دا، بەڵام هێرشێك نەبوو لە پشتی دەریاكانەوە، بەڵكو ململانێ بوو بۆ گێڕانەوەی یەكێتیی نیشتمانی [ی ئەورووپا] (تا ڕادەیەك وەك دۆخی بییمۆنتی لەگەڵ بەشەكانی تری ئیتالیادا)، بەڵام ئەمەیش كێشمەكێشی نێوان ئەم دوو جیهانەی چارەسەر نەكرد، ئەگەرچی سنووری نێوانیانیشی كێشا.
بەڵام لە لایەنی خۆپاراستن و بەرگرییەوە، توركەكان لە بەردەم شاری ڤییەننادا وەستابوون و لە شەڕی لیبانتۆدا بەزین، بۆیه ئەورووپییەكان لە كەنارەكاندا بۆ بەرگرتن و ڕاگرتنی چەتە موسوڵمانەكان [واتە توركە عوسمانییەكان] بورج و شوورە و قوللەكانیان دروست كرد. بەم جۆرە، دۆخەكە بۆ چەند سەدەیەك بەردەوام بوو. توركەكان ئەورووپایان داگیر نەكرد، بەڵام ململانێكە هەر مایەوە و بەردەوام بوو.
پاش ئەمانە، لەم سەدانەی دواییدا شاهیدی ململانێیەكی نوێ بووین: ڕۆژئاوا لاوازیی ڕۆژهەڵاتی بە هەل زانی، دەرفەتەكەی قۆستەوە و وەك پرۆسەیەكی سەركەوتوو داگیری كرد، بەڵام دەرەنجامەكانی ئەوەیە كە ئەمڕۆ دەیبینین. ململانێكە خاو نەبوویەوە، بەڵكو توندوتیژتر بوو.
دەكرێت بڵێین دواجار ڕۆژئاوا لایەنە زاڵ و براوەكە ‌بوو و لە ململانێكاندا نەكەوتە دەستی عەمامەبەسەر و شمشێربەدەستەكان‌، لە كاتێكدا كە ئەمان ناچار بوون، لە ناوماڵ و حاڵی خۆیاندا، لە سنوورێكی بەرفراواندا تەكنۆلۆژیای ڕۆژئاوا وەربگرن. دەكرا ئەمە بە سەركەوتن دابنرێت ئەگەر "بن لادن" نەیتوانیایە بە بەكارهێنانی خودی تەكنۆلۆژیای ڕۆژئاوا هەردوو تاوەرەكە تەخت بكات. پێم وایە بەرهەمهێنەرە ڕۆژئاواییەكانی چەك، هەر كاتێك توانیویانە تەكنیكە سەربازییە پێشكەوتووەكان بە ڕۆژهەڵات بفرۆشن، دەستیان گوشیون. هەروەها پێشوازییان لەوه كردووە‌ كە یەختێكی نوێ بكڕن كه ‌درێژییەكەی سەد مەتر بێت. خۆ ئەگەر ئەم جۆرە كارانە ئاسوودەتان دەكات، دەی مژدەتان لێ بێ، بردتانەوە.
بەڵام تا ئەم ساتە من وەفام بۆ بەڵێنەكەی خۆم نەبووە، لەبری ئەوەی دەربارەی خەیاڵی زانستی قسە بكەم، دەبارەی مێژوو دوام، كەواتە با بچینە سەر خەیاڵی زانستی و لەگەڵ ئەمەیشدا دروست نییە بەوە دڵی خۆمان بدەینه‌وه‌ كە گوایە ئەمە تەنها ساتی خەیاڵكردنە و واقیعی نییە.
كەواتە دەچمەوە سەر بەرەوڕووبوونەوە سەپاراییەكە، واتە جەنگی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا. ئەو ڕوخسارە جیاوازە چییە كە دەكرێت ئەم ململانێیە بەراورد بە ململانێكانی ڕابوردوو هەیبێت؟ لە سەردەمی جەنگی خاچهەڵگرەكاندا، توانا سەربازییەكانی موسوڵمانان زۆری فەرق نەبوو لەگەڵ توانا سەربازییەكانی مەسیحییەكاندا. شمشێر و ئامرازەكانی گەمارۆدان لای هەردوولایان هەبوو، بەڵام ئەمڕۆ ڕۆژئاوا لەباری تەكنۆلۆژیای جەنگەوە لە پێشترە. ڕاستە پاكستان، كە كەوتووه‌تە دەست فەندەمێنتاڵەكان، دەتوانێت بۆمبی ئەتۆم بەكار بهێنێت، بەڵام ئەوپەڕەكەی دەتوانێت، بۆ نموونە، شارێكی وەكو پاریس تەختی زەمین بكات، دوای ئەوە یەكسەر یەدەگە ئەتۆمییەكەی خۆی وێران دەكات و شتێكی ئەوتۆی نامێنێت. خۆ ئەگەر فڕۆكەیەكی ئەمه‌ریكایی بكەوێتە خوارەوە و تێك بشكێنرێت، ئەوا دەتوانرێت یەكێكی دیكە دروست بكرێتەوە، بەڵام ئەگەر فڕۆكەیەكی سوری بكەوێتە خوارەوە، ئەوا زۆر ئەستەمە یەكێكی تری لە ڕۆژئاواوە دەست بكەوێت. ڕۆژهەڵات پاریس تەختی زەمین دەكات، ڕۆژئاوا بۆمبی ئەتۆم لە مەككە دەدات. ڕۆژهەڵات بە هۆی بەریدەوە تۆپەڵەڤایرۆسێكی پیس بڵاو دەكاتەوە، ڕۆژئاوا وەڵامی دەداتەوە و بە هەموو بیابانی عەرەبیدا دەیڕشێنێت، وەك چۆن وێرانكەرەكان لە كێڵگە بەربەرەڵاكانی میدوێستدا دەڕشێنێت و خەڵكی و وشترەكان لەنێو دەبات. زۆر باشە، بگرە هەموو ئەمە‌ زۆر ناخایەنێت، لایەنی كەم ساڵێك، ئیتر دوای ئەوه هەموان شەڕ بە بەرد دەست پێ دەكەنەوە، بەڵام بە دڵنیاییەوە بارودۆخیان خراپتر دەبێت.
جگە لەوەیش، بەراورد بە ڕابوردوو، جیاوازییەكی دیكەیش هەیە. لە سەردەمی جەنگی خاچهەڵگرەكاندا، مەسیحییەكان بۆ دروستكردنی شمشێر پێویستیان بە ئاسنی عەرەبی نەبوو، موسڵمانەكانیش پێویستیان بە ئاسنی مەسیحی نەبوو، بەڵام لە بەرامبەردا، ئەمڕۆ تەكنۆلۆژیا زۆر پێشكەوتووەكان بە نەوت ئیش دەكەن و لەسەر نەوت دەژین، نەوتیش لە دەستی ئەواندایە، لایەنی كەم بەشە زۆرەكەی لای ئەوانە. ئەوان بە تەنها، بە تایبەت ئەگەر بۆمبارانی بیرە نەوتەكان بكرێت، چیدی ناتوانن دەری بهێنن، بەڵام ئێمەیش لێی بێبەش دەبین، مەگەر ئەوەی بە هۆی سەرلێشێواوەكانەوە، سوپایەكی ملیۆنان سەربازی ڕۆژئاوایی بنێررێن بۆ داگیركردنی بیرەنەوتەكان و خستنەوەئیشیان، بەڵام لەم دۆخەدا، ئینجا ئەوان دەست دەكەن بە تەقاندنەوەیان. پاشانیش جەنگی وشكانی، لای هەر لایەنێكیانەوە، شتێكی دوور نییە.
كەواتە دەبێت ڕۆژئاوا هەموو ئابووریی خۆی دووبارە دابڕێژێتەوە، بە جۆرێك كە چیدی پشت بە نەوت نەبەستێت، جا لەبەر ئەوەی تا ئێستا ئێمە سەركەوتوو نەبووین لە دروستكردنی ئۆتۆمبێلێكی كارەباییدا كە بتوانێت بە خێرایی هەشتا كیلۆمەتر لە سەعاتێكدا بڕوات و پێویستی بەوە نەبێت كە شەوێكی تەواو پڕی بكەیتەوە لە سووتەمەنی، بۆیە نازانم ئەم داڕشتنەوەیە چەندی پێ دەچێت. بەم جۆرە، مەسەلەكە پێویستی بە كاتێكی دوورودرێژ هەیە تا بتوانین فڕۆكە و تانكەكانمان بجووڵێنین و وێستگە كارەباییەكان و وزە ئەتۆمییەكان بەبێ هیچ ئاماژەیەك بەو‌ وێستگە نوێیانەی كە دایان دەمەزرێنین، بخەینە ئیش. ئینجا دڵنیاییش نیم كە حەوت براكە[1] پێكەوە ئەم هەوڵە بدەن. تووشی شۆكیش نابم ئەگەر كۆمپانیاكانی نەوت، بۆ كەڵەكەكردنی سوودی زیاتری خۆیان، ئامادەییان هەبێت بۆ قبوڵكردنی ئاشتیی هەموو جیهان.
بەڵام مەسەلەكە لێرەدا ناوەستێت. لە سەردەمە پڕ كامەرانییەكانی پێشوودا، موسڵمانەكان لەودیو، لەوبەری دەریا بوون، مەسیحییەكانیش لەملایەی ترەوە بوون‌، ئەگەرچی لە كاتی جەنگی خاچهەڵگرەكاندا دوو عەرەب هاتن (ڕەنگە دەركراویش بووبن) و هەوڵیان دا مزگەوتێك لە ڕۆما دروست بكەن، گەردنیان بڕا و ئیدی كەس هەوڵی نەدا دووبارەی بكاتەوە. بەڵام ئەمڕۆ، بە پێچەوانەوه،‌ ئەورووپا پڕیەتی لە موسڵمان و هەر بە زمانی خۆیشمان قسە دەكەن و لە قوتابخانەكانی ئێمەدا فێر دەبن. ئەگەرچی لەمڕۆدا هەندێكیان بوونەتە هاوپەیمانی فەندەمێنتاڵیستەكانی وڵاتانی خۆیان، بەڵام با وێنای ئەوە بكەین كە چی ڕوو دەدات ئەگەر جەنگ لە نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوادا هەڵبگیرسێت. ئەمە یەكەم جەنگی سەراپاگیرە‌ كە دوژمنەكەمان [لە ڕوانگە سیاسییەكەمانەوە‌] ڕێك لە سەر پشتمانە و لە خزمەتگوزارییە پزیشكییەكان و بیمەی كۆمەڵایەتی سوودمەندن.
دەبێت ئەوە لەبەرچاو بگرین كە هەمان كێشە لە جیهانی ئیسلامیشدا هەیە، ئەوان لە وڵاتەكانی خۆیاندا پێشوازییان له كاڵا‌ پیشەسازییەكانی ڕۆژئاوا كردووە، بە جۆرێك، بڵێین ئەم وڵاتانە لە گیرفانی مەسیحیەكاندان‌، بۆ نموونە ئەسیوپیا. خۆ ئەگەر دوژمن بە شەڕەنگێز پێناسە بكرێت، ئەوا مەسیحییەكانی ئەوبەری دەریا ئەوانەن كە لە فەرمانڕەواییدا شوێنێكیان نییە، ئیدی قەسابخانەكان دەست پێ دەكەن و هەر هەموویان لە گۆڕەپانی قەدیس پەترۆسدا گوللە باران دەكرێن.
ئەی لە بەرامبەردا لە وڵاتانی خۆماندا چی بكەین؟ خۆ ئەگەر ململانێ هەڵگیرسێت و دوو سێ تاوەری دیكەی هەوربڕ بڕمێت، یان كەنیسەی قەدیس پەترۆس خۆی خاپوور ببێت، ئەوا شوێنی موسڵمانەكان دەكەوین و ڕاوەدوویان دەنێین. شتێكی وەك شەوی قەدیس بارتۆلۆمیۆ[2] یان كاتژمێرەكانی سەردەمی سیسیلیا: هەموو ئەو كەسانە كە سمێڵیان هەیە، یان هەر كەسێك كە پێستی لووس و سپی نەبێت، دەگیرێن و دەستبەسەر دەكرێن، ئینجا سەردەبڕرێن. شتەكە پەیوەستە بە لەنێوبردن و كۆمەڵكوژیی ملیۆنان كەسەوە، بەڵام جەماوەر خۆی ئەمە دەكات بەبێ ئەوەی هێزە چەكدارەكان ئەزیەت بدەن. هەڵبەت بۆ ئەوەی ئاگامان لەوە بێت كە عەرەبییەكی مەسیحی و سیسیلیایی كە دوو چاوی شینی نۆرماندیی نییە، سەرنەبڕین، دەبێت ئاگادار بین و هەڵە نەكەین، چونكە لەسەر ناسنامەكەت نەنووسراوە كە موسڵمانیت یان مەسیحی، دیارە دەبێت ئاگامان لەو ئەورووپییە سوور و قژزەردانەیش بێت كە بوونەتە كافر و وەك لە وەختی جەنگ دژی ئەلبیجییەكاندا دەوترا: هەموویان بكوژن، خودا خۆی بەندە چاكەكانی دەناسێت. لە لایەكی دیكەیش، ناتوانیت خۆت بخەیتە مەترسیی جەنگی گەردوونییەوە و كەچی لە ناوخۆتدا بهێڵیت تاكە یەك فەندەمێنتاڵیش بژی كە بیەوێ لە یەكێك لە وێستگەكاندا كردەیەكی خۆكوژی ئەنجام بدات.
ڕەنگە عەقڵ سەربكەوێت و كەسیش سەرنەبڕرێت. بەڵام تەنانەت لیبراڵیستە باڵادەستەكانی ئەمه‌ریكایش، لە سەرەتای جەنگی دووەمی جیهانیدا، بە ئەنقەست هەموو ئەو ژاپۆنییانه‌یان، تەنانەت ئەوانەی كە هەر لەوێیش لەدایك بووبوون، لە كەمپ و ئۆردووگاكاندا كۆ كردەوە، ئەگەرچی بە هەستێكی زۆر مرۆڤانەیشەوە ئەم كارەیان كرد! لەبەر ئەمە (و هەمیشەیش بەبێ ئەوەی بچینە ناو زۆر لە وردەكارییەكانەوە) دەكرێت هەموو ئەو كەسانە بناسینەوە كە دەشێت لە موسڵمانەكان بن – ئەگەرچی بۆ نموونە ئەسیوپییە مەسحییەكانیشیان تێدا بێت، ئینجا بە هێواشی، چونكە خودا بەندە چاكەكانی خۆی دەناسێت، لە شوێنێكدا كۆیان بكەینەوە. كوێ؟ لەپێناو دامەزراندنی ئۆردووگا و كەمپەكاندا، لەگەڵ هەموو ئەو پەناهەندانەی بە ئەورووپادا بڵاو بوونەتەوە، پێویستمان بە فەزا [و شوێنی تایبەت] هەیە، پێویستمان بەوەیە ڕێكیان بخەین و چاودێرییان بكەین، دەبێت خواردن و چاودێریی پزیشكی لەتاقەتبەدەریان بۆ دابین بكەین، بەبێ ئەوەی پێیان وابێت كە ئەم ئۆردووگایانە بۆمبی ئامادەن بۆ تەقینەوە و دەبێت هەر یەكێكیان هەزار كەس پێكەوە لە خۆ بگرێت، ئەگەر نا، خۆ ناتوانین گرتووخانە بۆ چوار كەس دابنێین.
یان دەبێت، خۆ ئەمەیش دوور نییە، هەر هەموویان بەبێ ئەوەی یەك كەسیشیان لێ بمێنێتەوه، ڕاپێچ بكەین و‌ دەبێت بە یەك جار و بە خێرایی سواری پشتی كەشتیی گواستنەوەیان بكەین و فڕێیان بدەینە نێو دەریا.. لە كوێ؟ ئایا دەتوانین بڵێین «ببوورە بەڕێز قەزافی، ببوورە جەنابی سه‌دام حسێن، ئایا ئەو سێ ملیۆن كەسە بە ڕەگەز توركانەمان لێ وەردەگرنەوە كە دەمانەوێت لێیان ڕزگار ببین؟» تاكە چارەسەر ئەو چارەسەرەیە كە كۆچبەرە هەڵهاتووە نایاساییەكان دەیگرنە بەر، واتە فڕێدانە نێو دەریا، ملیۆنان جەستەی ساردوسڕ بەسەر ئاوی دەریای ناوەڕاستەوە؛ دەمەوێت ئەوە ببینم كە چ حكومەتێك، جگە لە هەندێك حكومەتی لاواز و بێتوانا، بڕیارێكی لەم جۆرە دەدات، تەنانەت هیتلەریش بە یەكجار تەنها خەڵكانێكی كەمی لەناو دەبرد و ئینجا ئەمەیشی دەشاردەوە.
وەك چارەسەرێكی ئەڵتەرناتیڤ، لەبەر ئەوەی ئێمە زۆر باشین، لێیان دەگەڕێین بە خۆشی و ئاشتی لەگەڵماندا بژین، بەڵام لە دوای هەر یەكێكیانەوە پیاوێكی هەواڵگری و ئەمن دادەنێین. بەڵام ئەی ئەو هەموو ئەمن و هەواڵگرە لە كوێ بهێنین؟ ئایا لە نێو پەناهەندەكان خۆیاندا هەڵیان ببژێرین؟ بەڵام ئەی چی دەبێت ئەگەر ئەو گومانە بە مێشكماندا بێت كە پێشتر بەسەر هەندێك [هەواڵگری] ئەمه‌ریكیدا هات، كاتێك كۆمپانیاكانی گواستنەوەی ئاسمانی بە بیانووی ئارەزووی دابینكردنی گەشتەوە‌، هەندێك كرێكاریان لە جیهانی سێیەم ڕاسپارد كە چاودێریی فڕۆكەخانەكان بكەن و سیخوڕییان به‌سه‌ره‌وه‌ بكه‌ن، بەڵام دواتر وا گومانیان برد كە ئەمانە جێگه‌ی متمانە نین؟
بەهەرحاڵ، هەموو ئەم بیرۆكانە دەكرێت موسڵمانێكی عاقڵیش، لەوسەری ڕاز و مەتەڵەكەوە بیریان لێ بكاتەوە. لە كاتێكدا سەركەوتن بە نسیبی ئۆردووە فەندەمێنتاڵەكە نابێت، چونكە لە نێو خۆیاندا زنجیرەیەك شەڕی ئەهلی بەرپا دەبێت كە وڵاتەكانیان خەڵتانی خوێن دەكات و دەبێتە مایەی قەسابخانەی سەیروسەمەرە. هەر وەك چۆن كاریگەرییە نەرێنییەكان لەسەر ئاستی ئابوورییش لەنێویان دەبات[3]، ئیدی خواردنیان زۆر لەوە كەمتر لا دەبێت كە پێویستیانە و [پێداویستیی] پزیشكی و دەرمانیان زۆر لەوە كەمتر دەبێتەوە كە هەیانە و ئینجا وەك مێش لە ئێش و ژاندا دەمرن. بەڵام ئەگەر لەوەوە بڕوانین كە شتەكە پەیوەستە بە شەڕێكی سەرتاپاگیرەوە، ئەوا نابێت ئێمە بە كێشەكانی ئەوانەوە خەریك بین، بەڵكو دەبێت سەرقاڵی كێشەكانی خۆمان بین.
كەواتە با بگەڕێینەوە بۆ ڕۆژئاوا، كە دەشێت هەر لە نێو سەربازگەكانی خۆماندا چەندین گرووپی لایەنگرانی موسڵمانان بوونیان هەبێت، نەك بە پاڵنەری ئیمان، بەڵكو بە پاڵنەری دژایەتیی جەنگ، دەشێت شانەیەكی نوێ كە بژاردەكانی ڕۆژئاوا ڕەت دەكاتەوە، غاندیگەرای ئەوتۆ كە دەستیان لە یارمەتیدانی حكومەتەكانیان هەڵگرتووە، یان كۆمەڵێك ڕەگەزپەرستی وەك شوێنكەوتانی واكۆ بوونیان هەبێت و بۆ ئەوەی ڕۆژئاوا لە داڕزان و فەساد پاكژ بكەنەوه، زنجیرەیەك كاری تیرۆریستیی ئەنجام بدەن (بەبێ ئەوەی سەر بە فەندەمێنتاڵە ئیسلامییەكانیش بن)‌. بەڵام زۆریش پێویست نییە تەنها بیر لەو ناوچە پەراوێزییانە بكرێتەوە، بەڵكو من بیر لە زۆرینەیش دەكەمەوە.
ئایا هەموان بەوە ڕازی دەبن بەكارهێنانی وزەی كارەبا كەم بكەنەوە، تەنانەت بەبێ ئەوەی پەنا بۆ فانۆس و چرای نەوتیش ببەن و بە كەمترین ڕادەی ئامرازەكانی پەیوەندی قەناعەت بكەن، بە جۆرێك، كە پەخشی تەلەفزیۆنی لە ڕۆژێكدا بۆ یەك سەعات كەم بكرێتەوە و لەجیاتی سەفەركردن بە ئۆتۆمبێل، بە پایسكیل بچن و هۆڵەكانی سینەما و تیاترۆكان و دیسكۆكان دابخرێن و لە بەردەم لقەكانی ماكدۆناڵددا بۆ پارچەیەك نانی كەپەك بە پارچەكاغەزێكی دەسەڵاتەوە ڕیز ببەستن و سەرە بگرن؛ واتە بە یەك ڕستە، ئایا بە كۆتایی ئابووریی خۆشگوزەرانی و مەسرەف ڕازی دەبن؟ دەتوانین بهێنینە بەرچاوی خۆمان كە ئەفغانییەك یان پەناهەندەیەكی فەلەستینی زیانێكی ئەوتۆی پێ ناگات ئەگەر لە دۆخی ئابووریی جەنگیشدا بژی، چونكە ئەو لە هەمان دۆخدا بووە و بۆ ئەو شتێكی وەهای فەرق نییە. بەڵام ئێمە چی؟ بەرەو ڕووی چ قەیران و داڕووخان و دۆڕانێك دەچین؟ ئایا دیسانیش بانگەكەی چەرچل قبوڵ بكەین كە بەڵێنی فرمێسك و خوێنمان پێ دەدات؟ بەڵام ئەگەر ئێمەی ئیتالی سەروەختێك، دوای بیست ساڵ لە ڕێكلامی فاشیزم لەبارەی پەیامە ژیارییەكەمانەوە، گەیشتین بەو خاڵەی كە دڵخۆش بین بە دۆڕانی جەنگ تەنها لە بەرامبەر ڕاگرتنی بۆمباراندا! ئەوا ئەوەیش ڕاستە ئێمە لە بەرامبەردا چاوەڕوانی ئەمه‌ریكییە دەستودڵ باشەكان و  ئەو ژەمەخواردنانە بووین كە بەسەرماندا دابەشیان كرد، ئەمە لە كاتێكدا دەتوانین تەنها ئەوە لە موسڵمانە شەڕا‌نگێزەكان چاوەڕوان بین كە ڕوهبان و قەشەكانمان بكوژن و ژنەكانمان بكەن بە حیجابپۆش. بەڵام ئایا ئێمە پاڵنەر و هاندەرێكمان هەیە كە وامان لێ بكات بە هەر قوربانییەك ڕازی بین؟ ئایا ڕێگه‌‌كانی ڕۆژئاوا پڕ نەبوون لە كاروانی بێماڵوحاڵەكان، ئەو كەسانەی كە بە نائومێدی و بێتوانایی چاوەڕوانی هاتنی قیامەتن؟ سەرمان سووڕ ما لە خۆڕاگری و ددانبەخۆداگرتوویی ئەمه‌ریكییەكان و بە هەستی‌ بەهێزی‌ نیشتمانپەروەرییان لە كاتی تراژیدیاكانی 11ی سێپته‌مبه‌ردا، بەڵام، لەگەڵ ئەو هەموو بێزهاتنەوە و هاوبەندییەی كە ئەوان هەستیان پێ دەكرد، كەچی هێشتا توێژاڵی گۆشتەكانیان و ئۆتۆمبێلەكانیان و هێڵە ئاسمانییەكانیان بۆ ئەو كەسانەی هێشتایش‌ بوێریی ئەوەیان هەبوو سواری فڕۆكەكانیان بن، مابوویەوە، بەڵام ئەی چی دەبێت ئەگەر قەیرانی نەوت ببێتە مایەی ڕاوەستانی هەموو شتێك، ببێتە مایەی لەناوچوونی كۆكاكۆلا و بێگ ماك و بینینی هۆڵەكانی سۆپەرماركێت بە چۆڵوهۆڵی و تەنها سه‌لكه‌تەماتەی تێدا مابێت، یان گۆشتێك كە كاتی شیاو بۆ بەكارهێنانی بەسەر چووبێت، وەك ئەوەی لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ئەورووپا لە ساتەكانی ترۆپكی قەیرانەكەیدا بینیمان؟ یان ئایا تا چ ڕادەیەك دەكرێت ڕەشپێستەكانی هارلم و زۆڵەكانی برۆنكس و شیكارنووسەكانی كالیفۆرنیا و كلدانەكانی ئۆهایۆ لەگەڵ ڕۆژئاوادا تەماهی بكەن [ئەوان ببنە خاوەنی ڕۆژئاوا] (بەڵێ ئەوان بوونیان هەیە و بە پۆشاك و ڕیتواڵی خۆیانەوە بینیومن)؟
ڕۆژئاوا (و بە تایبەت ئەمه‌ریكا) هێز و نەشونمای خۆی لەوەوە وەرگرتووە كە‌ پێشوازی لە خەڵكانی سەر بە هەموو نەژاد و هەموو ڕەنگەكان كردووە. ئەی چی لەو "مەنجەڵە تواوە" دەمێنێتەوە لە كاتی بەرپابوونی بەرەوڕووبوونەوەیەكی سەرا‌پاگیر؟
دواجار، وڵاتەكانی ئەمه‌ریكای لاتین دەتوانن چی بكەن، كە بەبێ ئەوەی موسڵمانیش بن، زۆرتر هانی هەستی كینەبازییان بەرامبەر گرینگۆس[4] داوە و تەنانەت چپەی ئەوەیش ده‌كه‌ن كه گوایە‌، دوای داڕمانی دوو تاوەرەكە، گرینگۆس هەقی بوو وەهای لێ كرا؟
لە دەرەنجامدا، ڕاستە دەشێت جەنگی نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا ئیسلامێكی كەمتر یەكگرتوومان لەوەی زۆر جار وێنای دەیكەن، بۆ دەربخات، بەڵام ئەوەیش ڕاستە كە مەسیحییەتێكی پەرشوبڵاو و نیرۆسییش دەردەكەوێت كە ژمارەی ئەو كەسانەی، بۆ بەرگری لە ڕۆژئاوا خۆیان وەك خۆكوژ هەڵدەبژێرن، زۆر كەم دەبن.
ئەوە من نیم ئەم سیناریۆیانەی خەیاڵی زانستیم لە ئێستادا داهێناوە. تەنانەت بەبێ پێشبینیی جەنگی سەراپاگیریش، ئەگەر تەنها سووكە خورپەیەكی زووتێپەڕیش بووبێت، ئەوا ڕۆبێرتۆ ڤاكا پێش سی ساڵ لە كتێبەكەیدا "سەردەمی ناوەڕاستی داهاتووی نزیك" ئەم سیناریۆیانەی وێنا كردووە.
جارێكی تریش دووبارەی دەكەمەوە، من وێنای سیناریۆی خەیاڵی زانستیم كردووە و بێگومان هەڵبەت هیوام وایە نەیەنە دی. بەڵام ئەمە، ئەگەر پەیڕەوی لە هێڵی لۆژیك بكەین، بۆ ئەوە بوو بڵێین ئەوەی پێشتر باسمان كرد، دەشێت ڕووبدات، ئەگەر جەنگ لە نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوادا هەڵگیرسێت، هەموو ئەو ڕووداوانەیش كە پێشبینیم كردوون، لەوەوە داتاشراون كە جیهانگیری ڕووی داوە، لەم چوارچێوەیەیشدا بەرژەوەندی و پێویستیی هێزە ململانێكەرەكان، وەك ئەوەی ئێستا هەیە، لە نێو تەونێكدا وەها بەیەكدا چوون و لەیەك چنراون كە بەبێ كتوپچڕكردنی ناتوانین هەڵی بوەشێنینەوە و دەزوولەكانی لەیەك جیا بكەینەوە.
ئەوەیش واتای ئەوەیە كە جەنگی سەراپاگیر لە سەردەمی جیهانگیریدا ئەستەمە، واتە ڕەنگە بەزین و تێكشكانی هەموانی بەدوادا بێت.

ذهنیة الأرهاب – لماذا یقاتلون بموتهم؟ مجموعة مؤلفین، إعداد و ترجمة: بسام حجار، المركز الثقافی العربی، المغرب، 2003، ص 61–74.

پەراوێزەکان:
[1] ڕەنگە نووسەر مەبەستی لە وڵاتە زلهێزەكانی ڕۆژئاوا بێت. (و. كوردى).
[2] ئەم ڕووداوە لە ئێوارەی 23–24ی ئۆگەستی 1572دا و لە كاتی جەژنی "بارتۆلۆمیۆی نێرراو"دا، لە سەروەختی جەنگی ئایینیدا لە فەڕەنسا ڕووی دا، كە كۆمەڵێك كوشتوبڕی ئامانجدار و بەئەنقەست بوو، لەمەیشەوە زنجیرەیەك توندوتیژیی كاتۆلیكییانەی بەدوادا هات دژ بە "هیوگنۆ"كان (پرۆتستانتە كالڤینییە فەڕەنسییەكان) كە سەرەتا پاریس و دواتریش زۆربەی شار و گوندەكانی فەڕەنسای گرتەوە و ڕێژەیەكی زۆری پرۆتستانتەكان لەنێو بران كە ئامارە نوێیەكان لە نێوان 5.000 بۆ 30.000 كەسی دەخەمڵێنن. ئەو ڕووداوە خراپترین كارەساتی ئایینیی سەدەی شازدە بوو. (و. كوردی).
[3] وەك ئێستای داعش و حەشدی شەعبی و... ئەمە هەمان پێشبینیی ئیكۆیە. (و. كوردى).
[4] لە ڕاستیدا بە لای منەوە ڕوون نییە مەبەستی نووسەر لەم وشەیە چییە، بەڵام گەر مەبەستی لە گرینگۆ (gringo) بێت، ئەوا ئەمە وشەیەكە كە لە زمانە ئەورووپییەكاندا بە واتای "كەسی جیاواز" یان "دەرەكی" دێت. لە ئەمه‌ریكای لاتین گرینگۆ بە سووكایەتییەوە بە خەڵكانی ویلایەتە یەكگرتووەكان دەوترێت. بەم پێیە، ڕەنگە ئەمە لە مەبەستی نووسەرەوە نزیك بێت. (و. كوردی).

تێبینى: ئەم وتارە لە ساڵى 2015، لە نامیلکەیەکى ئەلیکترۆنیى پرۆژەى "نێگەتیڤ"ـدا، بە ناوى "ئاساییش و تیرۆر" بڵاوکراوەتەوە. هەروەها لە کتێبى "تیرۆریزم"، زنجیرەى چەمکە فەلسەفییەکانى دەزگاى ئایدیادا بڵاوکراوەتەوە.