My Blog List

بابه‌ته‌ نوێیه‌كان

خۆرهەڵات و فەلسەفە

Saturday 29 February 2020

خۆرهەڵات و فەلسەفە


هاوار محەمەد

چەند ساڵێک لەمەوبەر یەکێک لە هاوڕێ نووسەرەکانم بە پشتبەستن بە وتارێکى "برایان فان نوردن" بە ناونیشانى "فەلسەفەى ڕۆژئاوایى ڕەگەزپەرستە"، وتارێکى کورتى نووسى و کە گەیشتمە ئەو جێیەى وا فەیلەسوفى فەرەنسى "ژاک دێریدا"ـیش لە ڕیزى فەیلەسوفانى ڕەگەزپەرست حیساب کرابوو، تووشى شۆک بووم. یەکەم شت کە بە خەیاڵمدا هات ئەوەبوو چۆن دەشێت دێریدا ڕەگەزپەرست بێت وەختێک هەموو پرۆژە فەلسەفییەکەى ئەو ڕەخنەى سەنتراڵیزم و بە تایبەتیش "سەنتراڵیزمى ئەوروپى" بووە؟ دەستبەجێ سێ ڕەگەز لە دێریدادا هاتنە بەرچاوم:
١- ڕەخنەگرتنى سەرسەختانە لە لۆگۆس، سوبێکت، تاکخوازى، هەژموون، عەقڵانییەت، تیۆلۆژیا، داخران و سیاسەتى ڕۆژئاوا.
٢- کارە تیۆرییەکانى دێریدا سەبارەت بە بەرپرسیارێتى، کە زۆربەیان تەرخانن بۆ تیۆریزەکردنى پێشوازیی لە ئەویتر، میوان، غەریبە، دۆست، دوژمن، نەناسراو، تاوانبار، خودا، شەیتان، ئاژەڵ و هتد.
٣- پاشان چالاکییە پراکتیکییەکانى ئەم فەیلەسوفە دژ بە ڕاسیزم کە بەدرێژایى تەمەنى ئەنجامی داون و لە هەموو جیهاندا پێیان ناسراوە، لەوانە: دروستکردنى ڕێکخراوى دژە ڕاسیستى بۆ پشتیوانى لە پەنابەران، دژایەتیکردنى جەنگى جەزائیر و سەرکۆنەکردنى بەردەوامى فەرەنسا، بەشداریى سەرەکى و کاریگەرى دێریدا لە یەکلابوونەوەى کەیسى کۆچبەرانى بێ ناسنامە، دروستکردنى پەرلەمانى نووسەرانى جیهانى کە نووسەر و ئەدیبى کورد "سەلیم بەرەکات"ـیش یەکێک بووە لە ئەندامانى ئەو پەرلەمانە و هتد. حوکمەکە بێ ئینسافانە دەهاتەبەرچاوم، بۆیە بڕیارمدا وتارەکەى فان نۆردن بخوێنمەوە. هەر زوو بۆم دەرکەوت بنچینەى ئەرگومێنتەکەى دەچێتەوە سەر گفتوگۆیەکى لەمێژینە، ئەویش سەرقاڵبوونە بەم پرسیارەوە کە ئاخۆ فەلسەفە لە یۆنانەوە سەریهەڵداوە یان لە ڕۆژهەڵاتەوە؟ ئاخۆ فەلسەفە دیاردەیەکى ڕۆژئاوایى پوختە یان وەرگیراوە؟ تۆ بڵێى نیشتمانیى ئەسڵیى فەلسەفە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست، چین یان هیندستان نەبووبێت؟ نۆردن لە وەڵامەکەیدا دەیەوێت بیسەلمێنت کە فەلسەفە بەرلەوەى لە یۆنان هەبووبێت، لە چین و هیندستان و ئەمریکاى باشوور هەبووە، بەڵام ئەوە ڕەگەزپەرستیى فەیلەسوفانێکى وەکو کانت و هایدیگەر و مۆرۆ و دێریدا بووە وایان کردووە لەم سەردەمەدا ئەم ڕاستییە شاراوە بێت. 
نۆدرن بە پلەى یەک ستایشى فەلسەفەى چینى دەکات و هەندێ نموونە لە بەرهەمى شارستانیى چینییەوە دەهێنێت هەتا وەک بەرهەمى بیرکردنەوەى فەلسەفى پیشانمانى بدات. لە ڕاستیدا ئەم نموونانە کەم و بێ شیرازەن، هیچ پەیوەندییەکى جەوهەرییان بە فەلسەفەوە نییە و وەک زۆریکیتر نۆردن شارستانى و شار، حیکمەت و فەلسەفە، کۆمەڵبوون و سیاسەت (ئاگۆرا/ بەڕێوەبردن/ ئابووری)ى تێکەڵ بەیەکتر کردووە. وێڕاى ئەمەیش هیچ گرنگییەکى بە مەرجى هەبوونى فەلسەفە و فەزاى فەلسەفە نەداوە؛ بۆیە ئەرگومێنتەکەى ئێجگار لاوازە و تەنانەت ناگاتە ئەو ئاستەى ببێتە بەشێک لەو گفتوگۆ درێژ و چڕەى کە لەسەر ئەم بابەتە هەبووە و هێشتایش هەیە. 
مەرجى بنەڕەتیى فەلسەفە چییە؟ دۆلۆز لە پێشەکیى "فەلسەفە چییە؟"دا ئاوا وەڵاممان دەداتەوە: هاوڕێیەتى. ئەم ئەرگومێنتە لە زووەوە هەیە بۆ جیاکردنەوەى نێوان "حیکمەت" و "فەلسەفە"، و لە ئەسڵیشدا دەچێتەوە سەر فیساگۆرس کە دەڵێت: "من حەکیم نیم، بەڵکو هاوڕێى حیکمەتم". ئەرگومێنتەکە سادە دەمێنیتەوە گەر نەزانین "هاوڕێیەتى" چى دەگەیەنێت. لە ڕاستیدا جیاکردنەوەى"حیکمەت" و "فەلسەفە"، لەوەدا نییە کامیان قووڵتر و زیرەکانەترن، کامیان لە پلە و پێگەدا لە سەرووترە. جیاکردنەوەکە دەستنیشانکردنى خودى بوونەکەیە. هیچ نەنگییەکیش لەوەدا نییە بڵێین خۆرهەڵات حیکمەتى هەبووە و خۆرئاوا فەلسەفەى هەبووە، تاوەکو بە وتنى ئەم ڕاستییە ببینە ڕەگەزپەرست (گەر وەک پرسیار دایبڕێژینەوە: ئایا تەنیا بەوەى بڵێین فەلسەفە داهێنراوى ڕۆژئاوایە، دەبینە ڕەگەزپەرست؟). ئەى ئاخۆ لە فەلسەفەدا حیکمەت نییە؟ حیکمەت نییە، بەڵکو عەشق بۆ حیکمەت هەیە، عەشق واتە تاسەى ئەو شتەى کە نیتە؛ ئەمە  شێوازى مامەڵەکردنە لەگەڵ حیکمەتدا. ئەم مامەڵەیە لە یۆناندا "هاوڕێیەتى" بووە نەک "خاوەندارێتى": فەیلەسوف خاوەن و دۆزەرەوە و کەشفکەرى حیکمەت نییە، هاوڕێى حیکمەتە. دۆلۆز و گواتارى ئاوا پێناسەى هاوڕێیەتى دەکەن: هاوڕێیەتى هاوکات واتە کێبەرکێ (مونافەسە). هاوڕێکان کێبەرکێ لەسەر ئەو شتە دەکەن کە پێیەوە خەریکن. ئەم ئاکارى هاوڕێیەتییە لە هەموو بوارەکانى یۆناندا هەبووە، هەر لە باخەوانییەوە تاوەکو فەلسەفە. کێ بە باشترین شێوە هاوڕێى زەویى، درەختەکان، دانەوێڵە و تۆوەکانە و دەتوانێت چییان لێ دابهێنێت؟ ئەى ئەم باخەوانە لەم کارەدا چۆن چۆنى هاوڕێیەتى باخەوانەکانى تر دەکات و چۆنیش کێبەرکێیان دەکات؟ پاشان لە بازنەیەکى گەورەتردا، باخەوان چۆن هاوڕێیەتى پەیکەرتاش، وەرزشەوان، فەیلەسوف دەکات و چۆنیش کێبەرکێیان لەگەڵ دەکات بۆ بەرهەمهێنانى شتێک کە بۆ "شار" پێویستە؟ بە بڕواى دۆلۆز و گواتارى کۆى فەزاى ئەسینا هاوڕێیانە-کێبەرکێکارانە بووە، هەر لە وەرزشەوە تاوەکو مۆسیقا و دادگا و هونەر و سیاسەت و فەلسەفە، هەر لەبەرئەمەیە ئۆڵۆمپیاد، ئاگۆرا، داستان، شانۆ، سیاسەت، فەلسەفەیش لە یەک کاتدا لە یۆناندا چالاکانە هەبوون و ڕۆژانە مومارەسەکراون. بۆ نموونە لە ئەدەبدا، ئۆدێسەى هۆمیرۆس فەزاى کێبەرکێى لەنێوان داخوازیکەرانى "پێنەلۆپێ"دا پیشانداوە. بۆ ماوەى چەندین ساڵ خانەدانانى هەمەجۆر لە ماڵەکەى یۆلیسیسدا کۆدەبنەوە تاوەکو پێنەلۆپێ یەکێکیان وەکو هاوسەرى خۆى دەستنیشان بکات، ئەوان بۆ ئەم مەبەستە لەگەڵ یەکتردا بەشەڕ نایەن، شەڕ و دەمەقاڵێکانیان لەسەر شتە سادەکانى ڕۆژانەیە نەک بۆ خاوەندارییکردن لە پێنەلۆپێ، ئەوان پتر گەمە و یاریى دەکەن و ڕادەبوێرن، تەنیا دەیانەوێت باشترین تواناى خۆیان بۆ کێبەرکێ لەسەر پێنەلۆپێ پیشان بدەن. بەم مانایە یۆنانییەکان نەک تەنیا فەلسەفەیان هەبووە، بەڵکو فەلسەفییانەیش ژیاون؛ فەیلەسوف خەسڵەتێکى دیکەى تایبەتى هەیە کە وەک فەیلەسوف (نەک وەک بۆ نموونە پەیکەرتاش) دەستنیشانى دەکات، ئەویش ئەوەیە فەیلەسوف هاوڕێى چەمکە. فەیلەسوف چەمکەکان بۆ ئەو کێشانە دادەهێنێت کە لە شاردا هەن، بۆیە فەیلەسوف هەر خۆى بە پۆتێنشیەڵ چەمکە. بەڵام لە یۆنان بێجگە لە فەلسەفە شتێکى تریش هەبوو: سەفسەتە. سۆفستائییەکان کێبەرکێى فەیلەسوفەکانیان دەکرد بۆ هاوڕێیەتیکردنى حەقیقەت، ئیدى دەبوو ئەوەیش جیا بکرێتەوە کە هاوڕێیەتى ڕاستەقینە چییە و هاوڕێیەتى ساختە چییە. ئەفڵاتوون و ئەرستۆ سۆفستائییەکانیان بە هاوڕێى ساختەى فەلسەفە لەقەڵەمدا، بەڵام وەک دۆلۆز دەڵێت ئەم جیاکردنەوەیە هێشتایش تا ئەم سەردەمە یەکلایى نەبۆتەوە. ئەمە ئەو فەزایەیە کە هەلمومەرجى بوونى فەلسەفە دیاریى دەکات، شتێک کە هیچ کاتێک لە خۆرهەڵات بوونى نەبووە.

1-     Bryan W Van Norden, Western philosophy is racist, Aeon,  31 October, 2017
2-  جیل دولوز، فیلیکس غتاری: ماهي الفلسفة، ترجمة: مطاع الصفدي، مركز الإنماء القومي، يونسكو-باريس، المركز الثقافي العربي، الطبعة الأولى، بيروت، 1997. 

No comments:

Post a Comment