My Blog List

بابه‌ته‌ نوێیه‌كان

خۆرهەڵات و فەلسەفە

Sunday 31 January 2021

فەلسەفە و بەرەنگارى

گفتوگۆ لەگەڵ هاوار محەمەد   

بە بۆنەى بڵاوبوونەلەوەى کتێبى گفتوگۆکانى ژیل دۆلۆزەوە 


ڕێچار: بۆچی ئەم دەقەتان وەرگێڕایە سەر زمانی كوردی، یان گرنگی ئەم دەقە بە گشتی لە چیدایە؟

هـ.م: هەر دەقێکى فەیلەسوفانى مەزن بکرێن بە کوردى هەنگاوێک دەبێت بە ئاراستەى پەرەدان بە فیکرى فەلسەفى لەپێناو سەرپێخستنی پرۆژەیەکى ڕۆشنگەرانەدا دژ بە بیرى کۆنەپارێزى. پرۆژەى ڕۆشنگەر بەلاى منەوە هیچ مانایەکى نییە گەر ژیاندۆست نەبێت و ستایشى ژیانێکى دوور لە دیسپلین و کۆنترۆڵ و بیمارى نەکات؛ ئەم کتێبەیش هى فەیلەسوفێکى گەورەیە کە میشێل فۆکۆ لە ڕستەیەکى شۆکهێنەردا پێمان دەڵێت سەدەى بیستەم هی ئەو دەبێت گەرچى هێشتایش خۆمان پێمان نەزانیووە؛ بەو مانایەى لەدواى ئەوەوە ئیدى فەلسەفە بەرلەوەى خۆى بە پرسە ئایدیۆلۆژییەکان و پرسە تۆتاڵ و هەمەگیرەکانەوە خەریک بکات، پەرە بە ناکۆتاى ژیانى داهێنەرانە و دۆزینەوەى بەرەنگارییەکان دەدات دژ بە هێزە بیمارەکان کە بەردەوام لەپێناو ئامانجى تردا ژیان لە قاڵب دەدەن یان سەرکۆنەى دەکەن. بەلاى دۆلۆزەوە ژیان بەدبەختى و ڕەنجکێشان نییە، ژیان خۆى "بێتاوان"ـە و ئەوەى وایکردووە بەم جۆرە بیمار بێت ئەو هێزانەن کە لە بەهاکەى دێننە خوارەوە و سەرکوتى دەکەن. ئەو بەشێوەیەکى تایبەت ئەم هێزانە لە ژێر ناوى "نهیلیزم"ـدا کۆ دەکاتەوە، نیهیلیزمێک کە ڕێک خودى سیستەم و ماناخوازى و ئەخلاقخوازى بەرهەمى دێنن، ئەمانە هێزە مەرگدۆستەکانن؛ بە بڕواى دۆلۆزیش فەلسەفە و هونەر بەرەنگاریى دەکەن و بەرامبەر بە مەرگ ڕادەوەستن، بۆیە بێ چەندوچوون دەتوانین دۆلۆز بە فەیلەسوفى "ژیان" دابنێین. ئەمە یەکێک بوو لە پاڵنەرە سەرەکییەکانى من بۆ ئیشکردن لەسەر یەکێک لەدەقەکانی فەیلەسوفێکی وەها ژیاندۆست دژ بەو کولتوورە مەرگدۆستەى کە لە ناوچەکەى ئێمە هەیە. زیاد لەمەیش پێگەى خودى کتێبەکە بۆ ڕوونکردنەوەى تێزەکانى فەیلەسوفەکە گرنگە: ئەم کتێبە لە ڕەوتى فیکریى دۆلۆز خۆیدا لە جێیەکى هەستیاردایە، چونکە ساڵى 1977 نووسراوە کە دەکەوێتە نێوان هەردوو تێکستە مەزنەکەى دۆلۆز و گواتارییەوە کە "ئەنتى-ئۆدیپ: سەرمایەدارى و شیزۆفیرینیا" (1972) و "هەزار ڕووتەخت"(1980)ـن، ئەم لەنێواندابوونـە خۆیشى یەکێکە لە چەمکە هەرە بنچینەییەکانى فیکرى دۆلۆز. لەنێوان ئەنتى ئۆدیپ و هەزار ڕووتەختدا ئەم کتێبە گەشەى کردووە، کە دەشێت بە پاشکۆى یەکەمیان و پێشەکیى دووەمیان دابنرێت. هەر لەبەرئەمە بۆ ڕوونکردنەوە و ئاشنابوون بە تێزە گەورە و ئاڵۆزەکانى ئەم فەیلەسوفە بایەخێکى بەرچاوى هەیە. هەندێک لە شرۆڤەکارانى دۆلۆز، لەوانە "توود مەى" لە کتێبەکەیدا لەبارەى فەلسەفەى دۆلۆزەوە، پێیانوایە تەنیا لەم کتێبەدایە دۆلۆز بە ڕوون و ڕاشکاوى و سادەتر لە کتێبەکانى ترى پەرژاوەتە سەر باسى هەندێ ڕەگەز و چەمکى فەلسەفەکەى خۆى، بە تایبەت ئەو مۆدێلەى سیاسییەى کە بۆ هێڵەکانى هەڵهاتن و خەبات پێشنیارى کردووە. بۆ دۆلۆز فەلسەفە بیرکردنەوەى ئەبستراکت نییە، بەڵکو بەرهەمهێنانى چەمکە بۆ کێشە واقیعییەکانى ژیان. بۆیە لەم کتێبەدا لەپاڵ گفتوگۆى چەمکە گەورەکاندا باس لە پەیوەندییە ڕۆژانەییەکانى مرۆڤ و وردە شتەکانیتریش کراوە: لەوانە هاوڕێیەتى و هاوسەرێتى، شێوازى جلپۆشین و تەنانەت چێشت لێنانیش؛ فەلسەفە چیی هەیە دەربارەى زۆرپۆشى و ڕێکپۆشى؟ زۆرخۆرى و کەمخۆرى؟ لەسەر کەشخەیى و ستایل، لەسەر قۆشمەیى و قەشمەرى و هیتر پێمانى بڵێت؟ لەم کتێبەدا باسى ئەمانە کراوە کە لاموایە بۆ دۆخى کۆمەڵگەى ئێمە گرنگ بن.

 

ڕێچار: گرنگیی "پرسیار" بەلای دۆڵۆزەوە چییە، ئەی ئایا خودی پرسیار بۆ ئەو چی جیاوازییەكی هەیە لەو شێوازە ڕوانینە باوەی كە بۆ پرسیار بوونی هەیە؟

هـ. م: بەلاى دۆلۆزەوە فەلسەفە لەوێدا گەشە ناکات کە بەردەوام پرسیارى هەموو شتێک لە فەیلەسوف یان بیرمەند بکرێت. هەر ئەوەى ئالان بادیۆ ناوى دەنێت پرسیارى تەلەفزیۆنى. پرسیار ئەو کاتە دەمرێت کە لەنێو میدیادا دەبێتە کڵێشە و بەردەوام لەلایەن کەسێکترەوە لێت دەکرێت، وەک بڵێیت بیرمەند، یان پارێزەر، یان پزیشک، یان هەر کەسێک کە پرسیارى لێدەکرێت، خۆى هیچ پرسیارێکى نەبێت و هەمیشەیش وەڵامى پێ بێت. فەیلەسوف خۆى پرسیارەکانى خۆى بۆ سەردەمەکە هەڵدەبژێرێت و خۆى پرسەکان دادەهێنێت. هیچ کەسێک بە تەنیا، یان هیچ دەزگایەک، هیچ ڕیکخراوێک وەڵامدەرەوەى پرسیارەکانى ئێمە نین؛ بۆیە دۆلۆز پێماندەڵێت خۆتان پرسیارەکانى خۆتان دروست بکەن، چونکە هەر پرسیارێک کە لەلایەن کەسێکیترەوە لێت بکرێت پێشوەخت گریمانەى وەڵامێکیشى لەگەڵدایە، بە مانایەک پرسیارێکى میدیاییە. میدیا لەمڕۆدا ناتوانێت پرسیارى جددى و قووڵ بەرهەم بهێنێت و ئەم هەموو تۆڕە زەبەلاحانەى هەن نابن بە سەکۆى گفتوگۆى فیکرى، لە چەلەحانێ و دەمەقاڵێ زیاتر شتێکى تریان لێ سەوز نابێت. بەلاى دۆلۆزەوە فەلسەفە یەک دوژمنى سەرەکیى هەیە، ئەو دوژمنەیش جەهل نییە، بەڵکو "گەمژەیى"ـە، هەمان ئەو شتەى لەمڕۆدا لە هەموو دنیادا لە ڕێگەى میدیاوە برەوى پێدەدرێت. نموونەى ڕەبەقى ئەم گەمژەسازییە میدیاییەى دنیاى خۆمان (لەپاڵ ئەو سکانداڵانەدا کە پێیاندەوترێت کەناڵى تەرفیهى) تۆڕى ڕووداو و NRTـین، کە دوو ماشێنى گەورەى پەرەدانن بە کۆنەپارێزى و دەبەنگى و زۆربڵێییى، کۆمەڵێک قەرەقۆزى گێل لەسەر شاشەن کە بەردەوام پرسیارت لێدەکەن و هێشتا ڕستەیەکت بە تەواوەتى نەوتووە پرسیارى تر و پرسیارى تر ئیدى بەم جۆرە. لەم ئاستەدا پرسیار هیچ گرنگییەکى نییە و تەنیا بەگەڕخستنى هەموو ئیمکانە تەکنۆلۆژییەکانە بە پارەى نەوت و پارەى بە شاراوە و بە ئاشکرا دزراوى خەڵک بۆ بەرهەمهێنانى تڕوهات و دەبەنگیى لە بەرژەوەندى بنەماڵە حکومڕانەکان و نماییشکارە ئۆپۆزسیۆنەکانیان. ئەوەى لەمڕۆدا ناهێڵێت خۆمان پرسیار بکەین میدیایە؛ کەناڵەکان خۆیان پرس و پرسیار و وەڵامەکانیشمان بۆ دەسازێنن و ئێمەیش ئەگەر هەر زۆر دژیشیان بین ئەوپەڕى دەتوانین تەنیا جنێو بەوان و بەیەکتر بدەین، چونکە هەموو ئیمکانەکانى تریان لێ داماڵیوین و ئەمەیان بۆ بەجێهێشتووین. جنێویش ئامرازێکى رادیکاڵ نییە و شکستى هەموو پرۆژەیەکى کولتوورسازییە، لێدانە لە ئیمکانە داهێنەرانەکەى زمان و داڕمانى پەیوەندییە مرۆییەکانمانە بۆ ئاستى بێزهاتنەوە.

بەڵام دەبێت ئەمە لە پرسێکى تر جودا بکەینەوە. ئێمە دەتوانین پرسیار لە یەکتر بکەین و بە بێ ئەوەى یەکتر بخەینە ژێر گوشارەوە شتێک لەنێوانماندا بەرهەم بێت، پرسیارى جددى ئەوانەن کە لە غەمەکانى ژیانى خۆمانەوە و لە ئەنجامى دەرگیرى بوونى قووڵى خۆمان لەگەڵ جیهاندا دروست دەبن؛ لێرەدا هەر پرسیارێک ئاماژەیە بە کێشەیەکى تایبەتیش کە ئێمە لەو ئەزموونى دەرگیربوون و بەرکەوتنەدا لەگەڵیدا دەژین. لە کوردستان هەموو ئەو پرسیارەیان کردووە کە بۆچى داهاتى مانگانەمان نییە لە کاتێکدا سامانێکى زۆمان هەیە، میدیا و حزبەکان ئەم پرسیارەیان سووان و هیچ بەهایەکیان بۆ نەهێشتەوە؛ هەر لەبەرئەمەیشە ئەگەرچى هەمووان وەڵامەکەى دەزانین، کەچى هیچ ڕوونادات. بەڵام ئەمە تەنیا کێشەیەک نییە کە ئێمە دەرگیرى بین. ئەوانەى ئارەزووە جیاوازەکانیان هەیە، ئەوانەى غەمى هەمەجۆریان هەیە و لە کۆمەڵگەى ئێمەدا بەردەوام سەرکوت دەکرێن و دەچەوسێنرێنەوە، ئەوانەى بەر نەفرەتى کۆمەڵگا دەکەون، گەر میدیا بهێڵێت، دەتوانن پرسیارى خۆیان دابهێنن تەنانەت ئەگەر لە ئاستە سەرەتاییەکەیشدا بێت؛ گەنجانى بێکار، ژنان و بێوەژنان، غەریبەکان، کرێکارانى بیانى، هونەرمەندان و هۆمۆکان و ئەوانیتر کە ستەمیان لیدەکریت و نازانن داد بۆ لاى کێ ببەن (چونکە دەزانن دامەزراوەى دادگا هیچ هەقێک بۆ خاوەن هەق ناگێڕێتەوە)، هەر هەموو لە ساتێکدا دەتوانن لە خۆیان بپرسن بۆچى ئەوان ئازاد نین، بۆ ستەمیان لێ دەکرێت، بۆچى نەفرەتیان لێدەکرێت و ڕەت دەکرێنەوە. دوو عاشق کە بە قووڵى (نەک بە مۆدەى بازاڕ) لەنێو یەکتردان، بەڵام بە بێ هاوسەرگیرى لەنێو ئەو کولتوورە بیمارەدا هیچ دەرفەتێکى پێکەوەژیانیان پێنادرێت، دەتوانن بپرسن ئەوان بۆچى ئازاد نین کە لە هەموو شوێنێک ڕەقیب و پۆلیس و شەقاوەکان هەن. فەلسەفە بریتییە لە هەڵگرتنەوەى ئەم چرکەساتانەى پرسیار و دۆزینەوەى نیشانەکانى غەمگینیى کۆمەڵگە و سەردەمەکەمان تاوەکو بیانگۆڕێت بۆ پرسى فەلسەفى و لە هەناوى ئایین و سەرمایە و نەریت و سیاسەت و میدیادا بەدواى ڕیشەکان و توێژاڵەکانى ئەم بیمارى وخۆمۆکى و چارەڕەشییانەدا بچێت. بەم جۆرە فرەیى پرسیار و فرەیى وەڵامەکانیش دێنە کایەوە کە ئاماژەن بۆ کێشەى زۆروزەبەندیش لە ڕۆژگارى ئەمڕۆماندا. کەشفکردنى ئەم فرەییانە لە شتەکاندا غەمى هەرە گەورەى دۆلۆزە، ئەو لە کۆى پرۆژەکەیدا تەنیا خەریکە ئەم فرەییانە کەشف بکات و دەیەوێت پیشانى بدات کە هیچ گورگێکى تەنیا بوونى نییە، گورگ هەمیشە لە گەلەگورگدایە ('گورکێک یان گەلەگورگێک؟' ناونیشانى بەشێکى کتێبى هەزار ڕووختـە)، ئەمە یەکێکە لە هۆکارەکانى ڕەخنەى بەردەوامى ئەو لە فرۆید؛ بە بڕواى ئەوان فرۆید تەنیا یەک "گورک" دەبینێت، لە کاتێکدا گورگ هەمیشە گەلەگورگە.

ڕێچار: صەیرورە (becoming) چییە؟ ئایا جیاوازیی هەیە لەگەڵ گۆڕانی بەردەوامدا (flux or continuous change)؟

هـ. م: لە ڕاستیدا ڕوونکردنەوەى ئەم چەمکانە لە چاوپێکەوتنێکدا دژوارە و پێموایە تێگەیشتنێکى ئەوتۆ لاى خوێنەر دروست ناکات، چونکە خۆیان سەخت و ئاڵۆزن بە تایبەت گەر لە سیاقى خۆیان دەریان بهێنین. وێراى ئەوەیش هەوڵێکى چکۆلە دەدەم و هیوادارم زیان بە ڕوانینەکانى دۆلۆز نەگەیەنم.

دۆلۆز لە کتێبى نیچە و فەلسەفەدا کاریگەریى چەمکى صەیرورەى 'هیراکلیتس'مان لەسەر نیچە پیشان دەدات و صەیرورە بەم جۆرە دیاریى دەکات: ''تەنیا صەیرورە هەیە. ئەوەى هەیە ئەرێکردنى صەیرورەیە''. ماناى ئەم ڕستەیە وەک دۆلۆز ڕوونى دەکاتەوە ئەوەیە کە "بوون" بەو جۆرەى کە لە میتافیزیکاى ڕۆژئاواییدا هەیە (خودا، یەک، ئایدیا، کەماڵ، گشت، شوناس، نەگۆڕان و هیتر) بوونى نییە و هەموو شتێک صەیرورەیە و لە گۆڕاندایە، هەموو شتێک لە فرەیى پەیوەندییەکان و دەرچوون و بوونبە-شتێکى تردایە، بەڵام بوون بوونى صەیرورەیە. هیچ بوونێک لەودیوى صەیرورەوە بوونى نییە، هیچ یەکێک لەودیو فرەوە بوونى نییە. تەنیا صەیرورە هەیە و تەنیا فرە هەیە. صەیرورە واتە ئەوەى شتێک لەوەدایە بێت ببێت بە شتێکى تر و لەویشەوە بە شتێکى تر و ئیدى بەم جۆرە، بەڵام ئەم (بوونبە-) بەردەوامە لەسەر هێڵێک بەرەو پێشەوە ناڕوات، یان وەک دیالەکتیک هەنگاو بە هەنگاو (تێز بۆ ئەنتى تێز) ناڕوات، بەڵکو بازدان و پێچ و زیگزاگە، ڕۆشتنێکى پێچاوپێچە و پڕیەتى لە کەرتبوون و ترازان، هەر لە رێگاى ڕێڕۆیشتندا بەرەو شتێک بەرەو شتانێکى تر و ئاراستەى تر کە ڕایدەکێشن خوار دەبێتەوە، لەبەرئەمە هێڵییانە نییە بەڵکو هێڵکارییانەیە، نەخشەسازییانەیە یان ئەوەى دۆلۆز پێیدەڵێت "کارتۆگرافى". لە هەموو ئەمانەوە دۆلۆز دەرەنجامگیرییەکى گەورەى فەلسەفى خۆى دەکات: ''یەک خۆى فرەیە''. ئەمە شکاندنى سەرجەم میراتى فەلسەفییە لە ئەفڵاتوونەوە تاوەکو هیگڵ. لە نیچەوە بەدواوە هەموو شتێک دەگۆڕێت. با بە نموونەیەکى کۆنکریت و زۆر بە کورتى کە ڕەنگە غەدریش بێت لە ڕوانگە چڕ و پڕەکانى دۆلۆز، صەیرورە سادە بکەینەوە: هیچ شتێک نییە لەناو خۆیدا هەڵگرى یەکێتى و نەگۆڕان و شوناس بێت. هەر شتێک لە یەک کاتدا چەند شتێکە. بۆ نموونە با کەسێک وەک "دایک" وەربگرین. دایک خۆى شوناس نییە بۆ کەسێکى جێگیر، بەڵکو کۆمەڵێک صەیرورەى هەیە: عاشق دەبێت، گەر هاوسەرگیرى بکات دەچێتە صەیرورەى بوون بە هاوسەرەوە، دواى خستنەوەى منداڵێک دەبێت بە دایک؛ کە لە کۆمپانیایەک کار دەکات دەبێت بە کارمەند یان کرێکار، ڕەنگە بەشداریى لە پارتێکى چەپى ڕادیکاڵشدا بکات جا ئەوکات دەچیتە صەیرورەى بوون-بە خەباتگێڕەوە، لەم ڕووداوانەدا ڕەنگە منداڵەکەى یان هاوسەرەکەى لەدەست بدات، چیتر وەکو دایک نامێنێت و ژیانى بێ هاوژینى ئەزموون دەکات، بەڵام لەگەڵ هاوڕێکانیدا دەچێتە صەیرورەى هاوڕێیەتییەوە؛ گەر بەهرەیەکى وەکو مۆسیقادانانیشى هەبێت، دەبێت بەو ئاوازانەى کە دایدەنێت یان دەیژەنێت. لە هەر یەکێک لەم صەیرورانەدا ئەو لەگەڵ کۆمەڵێک ڕەگەزدا لە پەیوەندیدایە کە لەنێوانیاندا صەیرورەیەکى تایبەت گەشە دەکات. ڕەنگە کەسێک بڵێت لەنێو ئەمانەدا یەکێکیان سەنتراڵە، یان لایەنیکەم یەکێکیان لە هەندێکیتریان گرنگترن. ئەمە وایە و وایش نییە. لەلایەک وایە، چونکە هەندێ صەیرورە هەن ماوەیەکى زیاتر درێژە دەکێشن، فراوانترن، مرۆڤ قووڵتر یان هەستەوەرانەتر لەگەڵیاندا دەژى، بەڵام مەترسى ئەمانە ئەوەیە صەیرورە بوەستێنن و بچنە سەر هێڵى ڕەقى ژیان کە ئیمکانى هەیە بخزێت بۆ سەر هێلى درشتە فاشیزم، بۆ نموونەى ئەو کاتە لە خێزاندا ژنەکە دەبێتە کابانى ماڵ و ئازادییەکەى زەوت دەکرێت (هەڵبەت ئەمە بابەتێکى هەستیارى دیکەى فیکرى دۆلۆزە کە دواتر ئاماژەیەکى خێراى پێدەدەین). لەلایەکتر وایش نییە چونکە هیچ شتێک بە تەواوەتى لە سەنتەردا نییە، تەنانەت عەشقیش؛ هەمیشە هێڵى هەڵهاتن، هێڵى شکان و دەرچوون و ترازان و گۆڕان هەن. لەبەر ئەمە، هەر بوونێک کە لە ئێستادا هەیە، وا خەریکە لە گۆڕاندایە بۆ بوونى دواترى خۆى، بوون نە لێرەدایە و نە لەوێدا، بەڵکو بوون لێرەوەیە بۆ ئەوێ، بوون لە ڕێگادایە. ژیان ڕۆشتنە بەدەم ڕێگاوە، لەبەرئەمە "ڕێگا" بۆ دۆلۆز لە "ماڵ" گرنگترە؛ ئەمەیش لە دژایەتیى "ئۆدیپ"ـى نێو دەروونشیکاریدا دەردەکەوێت. ئەو ئۆدیپەى کە ئەنتى ئۆدیپە، ئۆدیپى پاشا و ئۆدیپ لە تیبیس نییە، بەڵکو ئۆدیپێکە لە سەفەردا، ئۆدیپە لە ڕێگادا بەرەو تیبیس و بەرەو کۆلۆن و بەرەو غوربەت. دۆلۆز ئۆدیپ لە سێکوچکەى موقەدەس (منداڵ-ماما- پاپا) ڕزگار دەکات و بەلاى ئەوەوە ئۆدیپى ڕێگاکان ئۆدیپى ناو خێزان نییە، ئەو کەسەیشى ئۆدیپ کوشتوویەتى باوکى نەبووە لەو ساتەدا کە کوشتوویەتى، بەڵکو رێگرێکى نەناسى سەر ڕێگاکەى بووە؛ داهاتووى کردەکە گرنگ نییە و هیچ گرێیەکى ئەسڵى بوونى نییە. ئەو ئۆدیپەى لە ڕێگاکاندایە ئەو ئۆدیپە نییە کە لە ژوورى نووستندا لەگەڵ دایکیدا دەخەوێت، ئەو ئۆدیپەیە کە بە کوێرى خۆى دەداتە دەست ڕێگاکان و تێیدا دەبێتە نەناس، ئەو ئۆدیپەیە کە دەڕوات و بە جیهاندا غەریب دەبێت.

بەم جۆرە صەیرورە ماناى گۆڕانى بەردەوامیش دەدات، بەڵام بە وردى لەگەڵ خوڕیى flow یان فیچقەکردن flux ـدا هەمان شت نین. دۆلۆز لە کتێبى سەرمایەدارى و شیزۆفرینیادا خوڕیى یان فیچقەکردن وەک هەڵقوڵان و لەبەرڕۆیشتنى ئارەزوو لێک دەداتەوە، ئەمەیش دژ بە تێگەیشتنى دەروونشیکارییانە لە ئارەزوو ئاراستە دەکات، چوون ئەمەى دووەمیان ئارەزوو دەگێڕێتەوە بۆ نوقسانى و لەدەستچوون و خەسان. بەلاى دۆلۆزەوە ئارەزوو ئارەزووکردنى ئارەزوو خۆیەتى و لەخۆیەوە دەردەپەڕێت، ئارەزوو ئەگەر ئوبێکتێکى هەبێت ئەوا هەر خۆیەتى. ئەو قسەیەکى هێنرى میللەر دەهێنێتەوە کە دەڵێت ''هەموو ئەو شتانەم خۆشدەوێت کە هەڵدەقوڵێن و لەبەریان دەڕوات، تەنانەت ئەو لەبەر ڕۆیشتنە مانگانەیەیش کە هێلکەیەکى نەپیتێنراوى لەگەڵ خۆیدا هەڵگرتووە''. دیارە مەبەستەکە سووڕى مانگانەى مێینەیە. دۆلۆز ئەمە دەگۆڕێت بۆ ئارەزوو و پێیوایە هەمیشە ماشێنى خوڕیى بەرهەمهێنان هەیە: ''ئارەزوو دەبێتە مایەى بەریانى خوڕیى، لاى خۆیەوە هەڵدەقوڵێت و هەر خۆیشى خوڕییەکە دەوەستێنێت... هەموو ئوبێکتێک پێشگریمانەى بەردەوامیى یەک خوڕییە، هەموو خوڕییەک بەشبەشکردنى ئوبێکتەکەیە''. با بە یەک نموونەى سادە ئەمە ڕوون بکەینەوە. بەلاى دۆلۆزەوە مژینى پەنجەى منداڵ و مژینى مەمکى دایک و مژینى زەکەر هەمان مژین نین و سێ ئارەزووى جیاوازن، ناتوانین هیچیان بگێڕینەوە بۆ هیچیان؛ دەست و مەمک و زەکەر سێ ئۆرگانیزمى جیاوازن و بە سێ شێوەى جیاواز لەگەڵ دەمدا کۆدەبنەوە. ئەوەى ئەم بەیەکگەیشتنە دادەهێنێت، خودى ئارەزوو و داهێنانى ئارەزووە نەک گرێیەک یان نوقسانییەکى بنەڕەتى. دۆلۆز پێیوایە دەم لە یەک کاتدا ماشێنى خواردن و هەناسەدان و قسەکردن و ئینجا مژینیشە، هەموو ئەمانە ئارەزوون و ناگێردرێنەوە بۆ یەک ئارەزووى لەدەستچوو؛ لەبەرئەمە مژینى زەکەر هیچ پەیوەندییەکى بە خەسانەوە نییە، بەڵکو ئارەزوویەکى ئارەزووکراوە، ئارەزوویەکەو داهێنراوە. ئەم پرۆسێسى خوڕییەى ئارەزوو کە بەردەوام بەرەو دەرەوەى و بەرەو پێشەوەى خۆى شەپۆل دەدات، لە صەیرورە جیانابێتەوە، پتر صەیرورەى ئارەزووە، بە دیوێکى تردا ئیسپاتى صەیرورەیە لە بووندا. خوڕیى و صەیرورە یەک پرۆسێسن، هەر لەبەرئەوەى سەرەتا لاى هیراکلیتۆس صەیرورە بە خوڕیى ڕووبار چووێنراوە؛ بەڵام لە ڕووى تیۆرییەوە وەک چەمک ئەم دووانە هەمان شت نین.

 

ڕێچار: بۆچی لەنێوان پرسیار و وەڵامدا دۆڵۆز پرسیاری لەلا گرنگترە، كە ئەم پرسیارە لە بارەی بەشی یەكەمی ئەو دەقەوەیە؟

هـ. م: دۆلۆز پرسیارى تەنیا بەو مانایە پێ گرنگە کە لە وەڵامى پرسیارەکەى پێشوودا ڕوونمان کردەوە. واتە پرسیارێک کە هى خۆمانە و لە ئەزموونى خۆمانەوە لەگەڵ جیهاندا دروست دەبێت، بەم مانایە سیاسیی دەکەوێتەوە. لە غەیرى ئەمە دۆلۆز پرسیارى بۆ گرنگ نییە؛ ئالان بەدیۆ لە نامەیەکیدا کە بۆ دۆلۆزى ناردووە بۆى دەنووسێت کە ''بۆ تۆ ]واتە دۆلۆز[ بوون هەرگیز "پرسیارێک" نییە، زیاتر لەمەیش تۆ هەرگیز فەلسەفەت بۆ "پرسیارکردن" تەرخان نەکردووە''. بەدیۆ تاڕادەیەک لەسەر هەقە. بەشى یەکەمى کتێبى گفتوگۆکان بە پرسى پرسیار دەستپێدەکات و تەرخانە بۆ فەلسەفە کە هاوکات ماناى هونەرى دروستکردنى کێشەیەکى مەعریفییشە. ئەم هونەرە لە چاوپێکەوتن و مشتومڕ و دیبەیتى تەلەفزیۆنیدا ڕوونادات، لە پرسیارە گشتى و دووبارەکانیشەوە نایەت لە بابەتى ئەوەى "ئایا فەلسەفە مردووە؟"، "ئایا تۆ مارکسیت؟"، "چارەسەر چییە؟" و هتد. لەبرى شێوازى گفتوگۆى باو و تەقلیدى، لەبرى شێوازى مشتومڕ دۆلۆز "وتووێژ" پێشنیار دەکات. وتووێژ تەنیا کردەى زمانییانەى نێوان دوو کەس نییە، بەڵکو بە ماناى بەیەکگەیشتن encounterـى چەند ڕەگەزێکە بەشێوەى هاوەڵییانە پێکەوە، کە تەنانەت لە سروشتى و گەردوونیشدا بوونى هەیە، وەک لەنێوان هەنگو گوڵدا، هەنگوین ئەو شتەیە کە لە وتووێژى نێوان هەنگ و گوڵدا ڕوودەدات. لە جیهانى مرۆییشدا لەنێوان ئەوانەدا ڕوودەدات کە لە ڕێکەوتێکدا دەبن بە هاوەڵى یەکتر، وەک هاوەڵیى دۆلۆز-گواتارى فەلسەفەى دۆلۆز بەرهەمى ئەو وتووێژەیە کە لەنێوان خۆى و گواتارییدا ڕوویداوە، بەڵام بە بەشداریى چەندین ڕەگەز و هاوەڵیى دیکە، لەوانە فانى هاوسەرى و فۆکۆ. لەبەرئەمە وتووێژ تەنیا لەنێوان دوو ڕەگەز و دوو جەمسەردا نییە، هەمیشە ئەگەرى هەیە پەیوەندییەکە فراوانتر ببێت و ڕەگەزى نوێى بۆ زیاد ببێت. وتووێژ هونەرى کێشەسازیی problematizationـیە بۆ دەرچوون لە پرسیارە سوواوەکان کە یان لە ڕابردووەوە دێن یان ڕوویان لە داهاتووە و بەردەوام ماشێنە دوولایەنەکان و دووتاییەکان بەرهەمى دێنن: شێوازى پرسیار-وەڵام، نێر-مێ، مرۆڤ-ئاژەڵ و خۆمانە-بێگانە و هیتر. دەرچوون لەم ماشێنە دووتاییانە بە ئازادکردنى صەیرورەکان دەبێت. واتە لەبرى نێر-مێ بوونبە ژن هەیە، لەبرى مرۆڤ-ئاژەڵ بوونبە گیانەوەر هەیە کە سەر بە هیچ کام لە جەمسەرەکان نین، بەڵکو پەیوەندیین لەنێوان دوولایەنى نا-هاوسەنگ و دوورلەیەکدا کە ڕەنگە بە شێوەى نا-لۆژیکیى پێک بگەن، بۆ نموونە بوونبە قالۆنچەى گریگۆرى سامسا لە بەدگۆڕانى کافکادا یەکێکە لە نموونە ئەدەبییەکانى بوونبە گیانەوەر بۆ دەرچوون لە سیستەمى کار و بیرۆکراتى. ئەم صەیرورانە لە ساتەوەختەکاندا ڕوودەدەن و پەیوەست نین بە ڕابردوو و یان داهاتووەوە. بۆ نموونە با پرسى شۆڕش وەربگرین. شۆڕش صەیرورەى شۆڕشگێڕیى شۆڕشگێڕانە و لە ساتى خودى شۆڕشدا و هیچیتر، بۆیە مەحکوم نییە بە داهاتووى خۆى کە لە فۆڕمى دەوڵەت یان حکومەتدا خۆى جێگیر دەکاتەوە. دەوڵەت و حکومەتان چەندەیش بەرهەمى دواى شۆڕش بن، خۆیان شۆڕش نین، بەڵکو دەسەڵاتن و قەڵەمڕەویى خۆیان دروست کردووە، واتە خۆیان لە شێوەى سیستەمدا دامەزراندۆتەوە. ئەوەى دواى شۆڕش جێگیر دەبێت شۆڕش نییە؛ شۆڕش یەکجار لە صەیرورەیەکى تاقانەدا ڕوودەدات و تەواو دەبێت، هەربۆیە سەرکەوتوویى ئەزموونێکى شۆڕشگێڕى بە دەرەنجامەکانى ناپێورێت. ستالینیزم ئەزموونى شۆڕشى ئۆکتۆبەر نەبوو، بەڵکو ئەزموونى دەوڵەت بوو؛ ئۆکتۆبەر ئەو وەختە تەواو بوو کە لە فۆڕمى دەوڵەتدا خۆى ڕێکخستەوە.  ئەم ڕوانینە لە شۆڕش ئێجگار گرنگە بۆ دەرچوون لە هەموو ئەو ڕژێمە ستەمکارییانەى کە بە ناوى شۆڕشەوە پاش پەنجا ساڵى دواتریش هێشتا هەر باسى پاراستنى ئەزموونى شۆڕش دەکەن، وەک ئەوەى لە گوتارى حزبى بەعسدا بەردەوام دووبارە دەبوویەوە، یان لە هى حکومەتە خۆماڵییەکەى خۆماندا بەردەوام دەیڵێنە: پاراستنى ئەزموونەکەمان، دەستکەوتەکانى ڕاپەڕین، شەرعیەتى شۆڕشگێڕى و هیتر.

ڕێچار: ئایا دیالۆگ و گفتوگۆ جیاوازییان هەیە؟

هـ. م: نەخێر، کتێبەکە خۆى بە ئینگلیزى ناوى Dialoguesـە کە لە وەرگێرانێکى عەرەبیدا کراوە بە "حوارات" و لە یەکێکیتریاندا کراوە بە "محاورات" کە هەر هەموویان لە هەمان ناوى فەرەنسییەکەوە وەرگیراون. ئێمە بە کوردى کردومانە بە "گفتوگۆکان". لە بنەڕەتدا فۆڕمێکى ترى دیالۆگ وەک پراکتیکێک دژ بە دیالۆگى باو و شێوازى پرسیار-وەڵام پێشنیار دەکات؛ واتە لە تێپەڕین لە مشتومڕەوە بۆ وتووێژ. کتێبەکە خۆیشى وتووێژە بەڵام نەک بە شێوەى پرسیار و وەڵام، بەڵکو وەک ڕووتەختى بەیەکگەیشتنى کۆمەڵێک ڕەگەز، کۆمەڵێک فەیلەسوف، کۆمەڵێک چەمک کە هەر هەموو لەنێوان پارنێت-دۆلۆزدا وەک گژوگیا شین دەبن. لەم ڕوانگەوە دەتوانین بڵێین تەنانەت سپینۆزایش لە نووسینى ئەم کتێبەدا بەشدارە. لەبەرئەمە کتێبەکە وەک دۆلۆز دەڵێت هى نووسەرەکان نییە، بەڵکو تەنانەت ئەگەر بە واژووى فەیلەسوفێکیشەوە بڕوات، هێشتا بەرهەمێکى دەستەجەمعییە، بەرهەمێکى هەرەوەزیى نێوان چەند کەس و ڕەگەزێکە. ئەمە لە ستایلى نووسینى تێکستەکەدا دیارە؛ هەر بەشێک لە دوو پاژ پێکدێت، پاژێک دۆلۆز نووسیویەتى و پاژێک پارنێت، بەڵام ناویان لەسەر پاژەکان دانەناوە تاوەکو یەک بەرهەم بێت لەنێوان هەردووکیاندا و کراوەیش بێت بەسەر هاوەڵانى دیکەیاندا. تەنانەت دۆلۆز لە دوایین کتێبیى ژیانیدا فەلسەفە چییە؟، کە دیسان لەگەڵ گواتاریدا نووسیویانە، هێشتایش تێکست بەسەر دەرەوەدا ئاوەڵا دەکات؛ ئەوان لەوێدا فەلسەفە وەک داهێنانى چەمکەکان دەناسێنن. سەرچاوەى ئەم داهێنانە لە یەک سوبێکتدا نییە، بەڵکو لە هاوڕێیەتیدایە کە هەر وشەى فەلسەفە لەنێو خۆیدا هەڵیگرتووە. چەمک لەو تاقم و دەستەبەندانەوە دێت کە فەیلەسوف تێیاندایە، لە کۆبوونەوە لەگەڵ ئەو ڕەگەزانەوە دێت کە بەشدار دەبن لە سوبێکتیڤیتەى فەیلەسوفدا وەک هاوڕێ و هاوەڵ. فەیلەسوف کەسێک نییە بە تەنیا لە بورجى عاجدا بیر بکاتەوە و تێڕابمێنێت، هەر بۆیە فەلسەفە تێڕامان نییە. فەلسەفە داهێنانى چەمکە، چەمکەکانیش وەک ڕیزۆم لەنێوان هاوەڵاندا شین دەبن. ئەمە بە دیوێکدا لە خاوەندارێتیخستنى ئایدیا و بەرهەمیشە کە لە سەردەمى ئەمڕۆماندا وەک هەر کاڵایەکى تر خاوەندارێتیى دەکرێت. 

ڕێچار: ئەدەب و پەیوەستێتی بە هەڵهاتنەوە چی دەگەیەنێت بۆ دۆڵۆز و بۆچی لەم پرسەدا ڕەخنەی ئەنگلۆ ئەمریكییەكان و فەڕەنسییەكان دەگرێت؟  كە ئەم پرسیارە بۆ زیاتر ڕوونكردنەوەی بەشی دووهەمە.

هـ. م: لە ڕاستیدا دۆلۆز ڕەخنە لە ئەدەبى فەرەنسى دەگرێت و ستایشى ئەدەبى ئەنگلۆ-ئەمریکى دەکات، چونکە پێیوایە ئەدەبى ئەنگلۆ-ئەمریکى بە بەردەوامى خەریکى کێشانى هێڵەکانى هەڵهاتنە لە ئەدەبدا، بەڵام فەرەنسییەکان بە باشى لەمە تێناگەن. نووسەرانى وەکو لۆرانس و هێرمان میلڤیڵ و هێنرى میللەر و سامۆێل بێکێت و فرانتز کافکا هێڵەکانى هەڵهاتن دەکێشن کە دەرچوون و دەرپەڕینە لە هێڵە ڕەقەکانى وەکو دەوڵەت و سیستەم، بە سیستەمە فیکرییەکانی وەکو ئەفڵاتوونیزم و هیگڵیزمیشەوە. هێڵى هەڵهاتن ڕاکردن و خۆزینەوە نییە بەرەو دەرەوە، هەروەها خەڵوەت و گۆشەگیرییش نییە لە کۆنجێکى نادیاردا، بەڵکو وەک دۆلۆز دەڵێت هێڵەکانى هەڵهاتن تەواو سیاسین، کە هەر دووالیزمێکى ناوەوە-دەرەوە هەڵدەوەشێننەوە. هێڵى هەڵهاتن تێکدانى سنوورە جێگیر و پاسەوانیکراوەکانى سیستەم و دەوڵەتە لە صەیرورەیەکى کۆچەرییدا کە دان بە سنوورە فەرمییەکان و چوارچێوە دانپێدرانراوەکاندا نانێت. لەلایەکیتر ئەدەیبانى ئەنگلۆ-ئەمریکى خەریکى هەڵکۆڵینى زمانێکى دیکەن لە زمانى باودا، بەمەیش زمانى باو و باڵادەست تووشى تەتەڵە و زمانگیران دەکەن، دەتوانین بێکیت بە نموونە وەربگرین لە زۆربەى شانۆنامەکانیدا، لەوانە تەتەڵەکانى "لەکى" لە لەچاوەڕوانیى گۆدۆدا. یان دیسانیش دەتوانین گریگۆرى سامسا بێنینەوە یاد، کە وەختێ دەبێت بە قالۆنچە تەنیا زیکەزیک دەکات و هیچ زمانێکى هاوبەشى لەگەڵ خێزانەکەى و کارمەندەکانى دەوڵەتدا نییە. ئەم ئەدیبانە لە زماندا خەریکى کێشانى هێڵەکانى هەڵهاتنن، خەریکى پەرەدانن بە ڕیزۆم دژ بە درەخت. بە بڕواى دۆلۆز مێژووى فیکر پتر فۆڕمى درەختى هەبووە کە ماشێنە دووالیستییەکان بەڕێوەیان بردووە: ڕەگ-قەد، گەڵا-گوڵ، لق-بەر. فیکرى درەختى شێوازێکى بازنەیى هەیە، لە ناوکەوە بۆ بەر، دواجار تۆو بەخۆى دەگاتەوە. بەمەیش هیچ شتێکى نویێ تێیدا ڕوونادات. جگە لەوەیش درەخت فۆڕمێکى هیرارشیى هەیە، بنک و قەد و سەر، بەشێوەیەکى ستوونى هەڵکەوتووە، لۆژیکى و جێگیرە. دۆلۆز دژ بەم وێنە باوەى فیکر پەرە بە فۆڕمى ڕیزۆماتیکى فیکر دەدات. ڕیزۆم پتر گژوگیا، چیمەن، ڕەگەتۆڕە کە لە ژێرەوە، لە ئاستەکانى خوارەوە و لە ژێر درەختە بەرچاوەکانەوە گەشە دەکەن و دەڕۆن و درێژدەبنەوە، تۆڕەکان پێکدەهێنن و بەیەکگەیشتنەکان دەسازێنن، لە ڕێگر و بەربەستەکان دەردەچن و بەنێوان تاشەبەردەکان و بە مەعبێنەکاندا بە ئاسۆیى دەڕۆن، بگرە ڕەنگە بە ستوونییش بە قەدپاڵ و دیوارەکاندا هەڵزنێن، بەڵام ئەم هەڵزنانە خۆى هەر ئاسۆییانە دەکەوێتەوە و بێ هیراشییەتە. وەختێک ئەم ڕوانینە تیۆرییانەى دۆلۆز تەرجەمەى ئاستى سیاسى و پراکتیکى بکەین، ئەوا دەتوانین بیر لە فۆڕمى ترى ڕێکخستن و خەباتى سیاسى بکەینەوە دژ بە فۆڕمى ڕێکخستنى دەوڵەت-حزب کە بەردەوام هیرارشى و جێگیر و نەگۆڕ هەڵکەوتوون. خەبات پێکهێنانى تۆڕە ڕیزۆماتیکەکانە لەگەڵ یەکتریدا لە ئاستەکانى ژێرەوەدا و گەشەکردنە لەو مەعبێن و کەلێنانەدا کە دەوڵەتان پێیان ناگیرێت و بۆیان کۆنترۆڵ ناکرێت، گەر کۆنترۆڵیشى بکەن ئەوا هێڵى هەڵهاتنى دیکە و پانتایى دیکەى نا-دەوڵەتى ئاوەڵا دەبن. ئەم تێزانەى دۆلۆز لە هەندێ ناوەندى چەپدا پەرەیان پێدراوە، لەوانە کاریگەریى لەسەر ئۆتۆنۆمیستەکان و لەسەر جۆن هالۆوەى هەبووە، بەڵام سیاسییترین تەرجەمەى تێزەکانى دۆلۆزیش ئەوەیە کە هەردوو فەیلەسوفى مارکسى-دۆلۆزى ئەنتۆنیۆ نێگرى و مایکڵ هارت لە کتێبى "مەڵتیتیۆد"دا کردوویانە.

ڕێچار: مەبەستی دۆڵۆز لە دەروونشیكاریی مردوو چییە، بەتایبەت لەوەدا كە پێوایە دەرونشیكاری نائاگایی لە توانا داهێنەرانەكەی خۆی دادەماڵێت و كورتی دەكاتەوە بۆ كۆمەڵێك یادەوەریی منداڵی، بە مانایەكیتر داماڵینی لە صەیرورە، یان ئەوەی كە ئارەزوو پەرت پەرت و دابەش دەكات و لە جوڵە صەیرورییەكەی دەخات؟

هـ. م: شتێک نییە لاى دۆلۆز بە ناوى "دەروونشیکاریى مردوو"، پتر دۆلۆز جاڕى ئەوە دەدات کە دەروونشیکاریى مردووە چونکە خۆى زانستێکى مردوو و ساردوسڕە، زانستى "وردە گوناهى چەپەڵ"ـە. ئەم جاڕە لە بەشى سێیەمى کتێبى گفتوگۆکانـدا دەدرێت و کاک بەختیار عەلیش لە پێشەکییەکەیدا زۆر بە باشى دیوە دژە-دەروونشیکارییەکەى دۆلۆزى شیى کردۆتەوە. بەلاى دۆلۆز و گواتارییەوە دەروونشیکاریى بەشدارە لە بەرهەمهێنانى کولتوورى "غەمگینى"ـدا و دەروونشیکاریش فۆڕمێکى ترى "کاهین"ـە کە نەخۆش لە بەردەمیدا دان بە گوناهە هەرە بەراییەکانى خۆیدا دەنێت. دەروونشیکاریى بە بەردەوامى گوناهى یەکەم بەرهەمدێنێتەوە و مرۆڤ زەبوون و زەلیلى گرێیەکى سێکۆچکەیى خێزانى "منداڵ- دایک- باوک" دەکات و هیچ "دەرەوە"یەک ناهێڵیتەوە بۆ هەڵقوڵان و خووڕیى ئارەزوو، هەموو پانتاییەکانى دیکەیش لەسەر بنچینەى ئەم سێکوچکەیە ڕێک دەخاتەوە، لەبەرئەوە، دەروونشیکارى ئارەزوو پەرت ناکات، بەڵکو لە گۆشەیەکى ماڵدا کۆتوبەندى دەکات. کولتوورى غەمگینى واتە ئەو کەسەى کە بەردەوام بۆ نەهامەتییەکانى ژیانى یان سەرزەنشتى خۆى دەکات ''خەتاى من بوو'' و ''منم گوناهبارم'' و ''من غەرەزى شاراوەم هەبوو''؛ یانیش بەردەوام سەرکۆنەى ئەوانیتر دەکات ''خەتاى تۆ بوو''، ''ئەوەى من ئازار دەچێژم گوناهى تۆیە''. غەمگینى واتاى ئەم دوو ناوهاویشتن و سەرهاویشتنە کە سەردەکێشێت یان بۆ خۆ زەلیلکردن و بوودەڵەبوون، یانیش بۆ حەسوودى و کینە بەرامبەر ئەوانیتر، ئەمانەیش سیفەتەکانى هێزى "نا-چالاک" ]ڕیاکتیڤ[ـن کە تەنیا دەتوانێت پەرچەکردارى هەبێت. بەم جۆرە غەمگینى لە پێناسە سپینۆزاییە مەزنەکەیدا واتە داماڵینى هێز لە تواناى کردارەکەى. بۆ دۆلۆز ئەوەى گرنگە هێزى ئەکتیڤە کە خاوەنى تواناى کردارى داهێنەرانەى خۆیەتى و لە هەموو دۆخەکاندا، تەنانەت لە نەخۆشیەکانیشیدا، تواناى ئەکتە هەمە جۆرەکان لە خۆیدا دەدۆزێتەوە و پێى شاد دەبێت، هێزێکە بەڵێگۆیە بۆ ژیان. ئەرێکردن affirmation لاى دۆلۆز بەڵێکردنى ئازار و نەهامەتییەکان نییە، بەڵکو بەڵێکردنى ئارەزووى ئازادانە و تواناى ئەکت و ئیمکانەکانى ئەکتە لە ئازار و نەهامەتیدا، هەڵکشانى تواناى داهێنانە بەپاڵ هەڵکشانى ڕەنجەوە. دۆلۆز سەر بە نەریتى سپینۆزا- نیچەیە کە هەردووکیان فەیلەسوفى "شادیی"ن؛ شادى واتە هیزێکى ئەکتیڤ کە خاوەنى تواناى ئەکتى خۆیەتى.

بەلاى دۆلۆز و گواتارییەوە دەروونشیکارى لەوێدا پەرە بە کولتوورى غەمگینى دەدات کە ئارەزوو لە سووچێکى تەنگەبەرى خێزاندا کۆتوبەند دەکات و ڕێ لە هەڵقوڵان و دەرپەڕینەکانى دەگرێت، واتە "نائاگایى" دەگێڕیتەوە بۆ نائاگایى گرێى سەرەتایى ئۆدیپ. دۆلۆز دان بەوەدا دەنێت کە فەزڵى فرۆید تەنیا لەوێدایە کە پەى بە نائاگایى بردووە، بەڵام فرۆید بە هیچ جۆرێک لە مەسەلەکە حاڵى نەبووە و نائاگایى وەها پێناسە کردووە کە بەرهەم دەهێنرێت، لە کاتێکدا نائاگایى خۆى بەرهەمهێنەرە. لە چاوپێکەوتنێکدا دەربارەى کتێبى سەرمایەدارى و شیزۆفرینیا کە لەگەڵ هەردوو هاوڕێ فەیلەسوفەکەدا کراوە، دۆلۆز ئەوە ڕوون دەکاتەوە «لە سەرەکترین ئایدیاکانى کتێبەکە ئەوەیە کە نائاگایى خۆى بەرهەمهێنەرە. ماناى وایە چیتر وەها لە نائاگایى ناڕوانرێت وەک ئەوەى تا ئێستا هەمووان وەها لێیان ڕوانیوە شتێکە وەکو شانۆ کە لەسەر ستەیجەکەی درامایەکى تایبەت نماییش دەکرێت: دراماى ئۆدیپ. ئێمە بڕوامان وایە نائاگایى شانۆ نییە، بەڵکو کارگەیە». نائاگایى خۆى کانگا و کارگەى بەرهەمهێنانى ئارەزووە، جۆرێکە لە ماشێنیزم کە ماشێنیزمى دیکە بەرهەم دەهێنێت، ئەمەیش واتە ماشێنى- ئارەزوو. ماشێنێک کە ماشێنێکى دیکە بەرهەم دێنێت ئەوەیە بەردەوام ئارەزوویەک لە ئارەزوویەک یان لە بەرهەمهێنانى ئارەزوویەکى دیکە جیادەبیتەوە و بە ئارەزووى دیکەوە دەلکێت. بۆ نموونە سەرەتاکانى مرۆڤایەتى ماڵیکردنى ئەسپ و گەشتکردن بە ئەسپ ئارەزوویەک بووە (ئەگەر ئەمە بە پێویستییش لێک بدرێتەوە هیچ لە مەسەلەکە ناگۆڕێت و هەر ئارەزووە)، بەڵام گەشەکردنى ئارەزووى جەنگیش لە دواى ڕامکردنى ئەسپ و بەهۆى ئەم ڕامکردنەوە ئارەزوویەکى تر بووە کە لە خووڕیى ئارەزووى یەکەم جیابۆتەوە و بۆتە ئارەزوویەکى دیکە؛ پاشان داهێنانى ئەسپسوارى وەک یارییەک لە گەمە ئۆڵەمپییەکانى یۆنانى کۆندا ئارەزوویەکیتر بووە و ئیدى بەم جۆرە. ئەسپسوارى وەک ماشێنى گەشت، وەک ماشێنى جەنگ، وەک ماشێنى چێژ، پێکڕا بەرهەمى نائاگایین وەک ئارەزووى بەرهەمهێنان. لەبەرئەمە دۆلۆز خۆى لە سەرمایەدارى و شیزۆفرینیا و چەند چاوپێکەوتن و سیمینارێکیشدا ڕوونى دەکاتەوە کە مەبەست لە "ماشێنیزم" هەرگیز مۆدێلى میکانیکى نییە، بەڵکو ئەوەیە کە ئارەزووکردن لە لێکترازانەکاندا پێکدێت، لێیەوە چەندین خووڕیى دەردەپەڕن، لەو خووڕییانە دەکشێتەوە و بە ئاراستەیەکى تردا دەڕوات، زنجیرە و بەردەوامێتیى ئەو خووڕییانە دەپچڕێنێت، ڕەنگە لە ڕێگا لابدات بەرەو جێگاى دیکە، بڕژێتە خوڕیى ترەوە و بکشێتەوە و لە شوێنێکا بوەستێت، بەڵام شەپۆلى ئارەزووەکانى تر هەن و بەردەوام بەم جۆرە دەردەپەڕن. لەبەرئەمە نائاگایى هیچ جەوهەرێکى نییە جگە لەوەى کە تەنیا ڕووبەرێکى ڤێرچواڵە و ناکۆتا گەردى جووڵاو و بزۆزى ئارەزووەکانى تێدایە. وەک دۆلۆز دەڵێت نائاگایى بێ مانایە و ئارەزوو مانا و ئامانجێکى لەپێشەوە دیاریکراوى نییە کە بە شاراوەیى یان ئاشکرا پێى مەحکوم بێت و لە کەوشەنیدا بجوڵێت. ئارەزوو بە هەمیشەیى ئارەزووى شتێکى جێگیر نییە کە لە نوقسانییەکى بنەڕەتییەوە سەرچاوەى گرتبێت و گەرەک بێت پڕ بکرێتەوە، گرێیەکى شارەوەى بەردەوام نییە کە تەنیا ڕووکەش و ئوبێکتەکەى بگۆڕێت. نائاگایی کارگەى بەرهەمهێنانى ئارەزووە و وەختێکیش ئارەزووى شتێک دەکات لەبەر ئوبێکتەکە نییە، بەڵکو لەبەرئەوەیە نائاگایى خۆى وەک ماشێنێک ئارەزووەکان دادەهێنێت. ئارەزووى سەفەرکردن بەرهەمهێنانێکى ئارەزووە، ویستى فڕین، فێربوونى مەلە، دانانى پارچەیەک میوزیک، نووسینى شیعرێک، دانانى ڕەچەتەى خواردنێک، شاخەوانى، سەماکردن، جگەرەکێشان و بگرە خۆئازاردان و مازۆخیزمیش هەموو پێکڕا ئارەزوون و زۆربەیشیان هیچ پەیوەندییەکیان بە ئارەزووى سێکسییەوە نییە. کاپیتالیزم خۆیشى ماشێنێکى ئارەزووە بەربەستى بەردەم نەخت و کەرەستەکانى بەرهەمهێنان و هێزى کار و مارکێتى نوێ دەشکێنێت و دەیانخاتە هەڵقوڵان و خووڕییەوە.

ڕێچار: دەگوترێت دۆڵۆز لەم دەقەدا ستراتیژێكی سەرەكیی بۆ بیركردنەوە بەیان دەكات، ئەویش ئەودیو-شوناس یان پۆست-شوناسە (post-identity)؛ ئایا ئەمە مانای چییە بە تایبەت لە كایەی سیاسەتدا؟

هـ. م: لاى دۆلۆز جیهان ئەوەیە کە لە ئەزموونى جیاوازماندا هەستى پێدەکەین و ئەو نیشتمانانەیە کە دروستییان دەکەین و بەجێیان دەهێڵین، واتە یەک جیهانى گشتگیر بوونى نییە، لەبرى ئەوە جیهانەکان هەن، لەبەرئەمەیە ئالان بەدیۆ کتێبەکەى خۆى دەربارەى دۆلۆز ناو ناوە "هاوارى بوونەکان"، کە مەبەست لێى کۆمەڵە دەنگێکى جیاوازى بەنێویەکداچوون و پێکڕا دەبنە هاوار. جیهان بریتییە لە فرەیى جیهانەکان. هەر کەسێکمان جیهانێکى چکۆلە و تایبەت بە خۆمان هەیە، کە ڕەنگە ژوورەکەمان بێت یان عەشقەکەمان. هەروەها ئەتوانین لە یەک کاتدا لە چەند جیهانێکدا هەبین، لە دنیاى هونەر و سیاسەتیشدا؛ دەتوانین گەشت و سەفەریش بە ڕێگاکاندا بکەین و جیهانە هەمەجۆرەکان ببنین بەڵام سەر بە هیچیان نەبین، لە پنتێکدا بوەستین و دیسان جێى بهێڵین. هەر بوونەوەرێکى تریش بەم جۆرەیە، دنیایەکى بچووک و سنووردارى خۆى هەیە، کە وەک جیهانێکى ناکۆتا تێیدا دەوەستێت و دەجووڵێت. جیهانى پشیەلەک سنووردارە بەڵام ئەو تێیدا خەریکى بەقەڵەمڕەویکردن و لەقەڵەمڕەوییخستنى خۆى دەبێت. جیهانى گەنەیەک سەرپەلى درەخت و تیشکى خۆر و پێستى ئاژەڵە، لەمە زیاتر هیچیتر نییە. بەڵام ئێمە لە یەک خاڵى جیهانى خۆماندا گیر ناخۆین، بەردەوام دەڕۆین و قەڵەمڕەوییەکەى خۆمان جێدێڵین، لە جێیەکى تر دروستى دەکەینەوە. ئێمە ئارەزووى جێگیربوون دیسان ڕۆشتن و جێهێشتنمان هەیە؛ لەبەرئەمەیە ئێمە کۆچەرین، لە کۆچەریبوونماندا سنوورە ڕەسمییەکان و شوناسە جێگیرەکانى جیهان دەسڕینەوە، سەرپێچى لە یاساکان دەکەین، جیهان هەمووى پانتاییەکە بۆ گەشتى ئێمە، بەڵام ئێمە لەم ئەزموونەدا جیهان لە یەکەیەکى یونیڤێرساڵدا یەکناخەین، واتە نایکەین بە یەک جیهان، بەڵکو دەیکەین بە وردە جیهانەکان. ئەوەى دەیەوێت جیهان بکات بە یەک ئیپراتۆریەتەکان و دەوڵەتە زلهێزەکانن کە سوپا و دام و دەزگا و پلانیان هەیە، نەخشەى ئامادەکراوى خۆیان هەیە. کۆچەرەکان لەبرى ئەمە لەسەر هێڵەکانى هەڵهاتن دەجوڵێن و "ماشێنى جەنگ"ـیان هەیە. دەوڵەت سنوورەکان دەچەسپێنێت و جێگیریى و یونیفۆرم دەخوازێت، بەڵام دووەمیان بە پێچەوانەى میترۆپۆلەکانى سەرمایە و دەسەڵاتەوە، ئەوانەن کە بیابانەکان ئاوەدان دەکەنەوە و سەر بە هیچ کام لە سنوورەکان نین. ماشێنى جەنگ چەکى وەک فڕۆکە و ئەتۆم نییە، بەڵکو هەموو ئەو شتانەیە کە دەشێت لە شێوازى بەکارهێنانى باوى ئاسایى ڕۆژانە تووشى لادان بکرێن و بگۆڕدرێن بە ئامێرێک بۆ ژیانێک لە دەرەوەى ژیانى باو، هەر لە بەردى شۆستەکانەوە تاوەکو هونەر. دەوڵەتان سیستەمى ئەتۆمییان هەیە، خەباتگێران دەشێت هاکى ئەو سیستەمەیان هەبێت. هەڵبەت دەوڵەتان دەتوانن ببنە خاوەنى ماشێنى جەنگ، لە ڕێگەى کڕین و دەستبەسەرداگرتنەوە بەڵام ئیتر ئەوە ماشێنى جەنگ نییە، بەڵکو بەشێکە لە نەزمى سوپایى دەوڵەت. دەوڵەتان بەردەوام شوناسمەندن (نەژاد، نەتەوە، زمان، ڕەنگى پێست، کۆمەڵى ئایینى، ڕەگەز و هتد)، کۆچەرەکان ئەوانەن کە هیچ شوناسێکیان نییە و بەردەوام خۆیان لەو شوناسانە دادەماڵن کە دەکرێت بە بەریاندا. بەڵام چەمکى "کۆچەر" لە فیکرى دۆلۆزدا بە ماناى ئانارشیزم نییە، دۆلۆز خۆى جەخت لەسەر ڕێکخستنکارى دەکاتەوە، بەڵام ڕێکخستنێک کە بێ ڕابەرە و وەک دەڵێن فیکرى ڕادیکاڵى دۆلۆز خیانەتە لە ڕابەر. هەروەها مەبەست  لە ڕیشە کۆمەڵایەتییەکانى ئەم وشەیەیش نییە، بەڵکو ستایلى کۆچەرییە لەنێو ڕووبەرە جیاوازەکانى ژیاندا، چ وەک تاکەکەس چ وەک کۆمەڵ. بۆ نموونە کافکا لە ئەدەبدا کۆچەرێکە؛ بەڵام هەندێ لە بزووتنەوە دەرە-شوناسەکانى وەکو بزووتنەوە چەپ و فێمێنیستى و ژینگەدۆستەکان و پەنابەرانى بێ ناسنامەیش هەر کۆچەرن کە دەشێت لە یەک جووڵانەوەى جیهانیدا ببنە مەڵتیتیۆد. مەڵتیتیود کۆمەڵانى خەڵکە، هەموو دەرکراوان و دوورخراوان و چەوسێنراوانى نێو سیستەمەکان و دەوڵەتانن و بەشێوازى جۆراوجۆر و بە کەیس و زمان و جیاوازیى خۆیانەوە دەتوانن ببنە هاوپشتى یەکتر.

بەڵام فیکرى دۆلۆز دوالیستى نییە و هەر بە سادەیى کۆدەزگاى دەوڵەت- ماشێنى جەنگ ناخاتە بەرامبەرکێیەکى دیالەکتکییەوە لەگەڵ یەکتریدا. فیکرى سیاسیى دۆلۆز زۆر ورد و چڕە، لەگەڵ ئەوەیشدا دەتوانین سێ هێڵى گشتیى تێدا دیاریى بکەین کە خەڵکى لەسەریان دەجوڵێن: هێڵى ڕەق، هێڵى نەرم، هێڵى هەڵهاتن (یان شکان). ئەو زۆرجار ناوى جیاواز لەم هێڵانە دەنێت، لە پانتایى جیاوازدا تیۆریزەیان دەکات و لەنێو یەکتریدا دەیاندۆزێتەوە؛ بەڵام دەتوانین ڕیسک بکەین و لە نموونە بچووککراوەکانیاندا ئاوا دایانبڕێژینەوە: هێڵى دەسەڵات/دەوڵەت، هێڵى گروپە نا-دەوڵەتییەکان، هێڵى شۆڕشگێڕى. هەر یەکە لەمانە مەترسیى خۆیان هەیە: هێڵى ڕەق مەترسییەکەى ئەوەیە هەر هێزێک بیەویت دەستى بەسەردا بگرێت، ڕەنگە دەستبەجێ ئەو هێزەیش شوناسەکان و جێگیرییەکان بچەسپێنێتەوە؛ خۆ ئەگەر بیەوێت لەناوى ببات و بیتەقێنێتەوە ڕەنگە خۆیشى لەگەڵیدا تیابچێت. مەترسى هێڵى نەرم ئەوەیە کە هەرچەندە لە ئاستە وردەکان و لەنێو گروپەکاندا ڕوودەدات بەڵام هەندێجار وەک "کونەڕەشەکان"ـە کە سوبێکتەکان قووت دەدەنە ناو خۆیانەوە و هەرگیز ڕێگاى دەرچوونیان پێنادەن؛ ئەمانە بەڵام دەشێت گروپى ڕەگەزپەرست و نەتەوەیى بن (وەک نیو نازیستەکان)، یان ڕەگەزى بن وەکو هەندێ گروپى تووندڕەوى ژنان، یان خەباتگێڕ بن کە بە ناوى ڕەوایەتیى دۆزەکەیانەوە دەست بۆ کەرەستە فاشیستییەکان ببەن، یان گروپى تیرۆریستى بن و هیتر. مەترسى هێڵى هەڵهاتن/شکان ئەوەیە کە بەسەر خۆیدا هەڵگەڕێتەوە و ببیتە هێڵى لەنێوبردن. ئەوەى تا ئێستا لە وەڵامى ئەم پرسیارەدا وتوومان بابەتى بەشى چوارەمى کتێبەکەیە بە ناوى "گەلێ سیاسەت" کە چڕکراوەى فیکرى سیاسى دۆلۆزە تا کۆتایى حەفتاکان.

لە کۆتاییدا دەمەوێت بڵێم بۆ ئەوەى خوێنەر وێنایەکى دەربارەى هەندێ ئاڵۆزیى فیکرى دۆلۆز هەبێت و بتوانێت بە بەرچاوڕوونییەوە بچێتە نێو دەقەکە، پێمباشە سەرەتا وتارە بەهادارەکەى بەختیار عەلى بخوێننەوە کە بۆ پێشەکیى چاپى کوردیى کتێبەکەى نووسیوە.(و سوپاسی دەکەم).

گفتوگۆكان، ژیل دۆلۆز، كلەیر پارنێت، وەرگێڕانى: هاوار محەمەد، زنجیرە كتێبى "ناوەخت"، ژمارە 8، ناوەندى غەزەلنووس، سلێمانى, 2020. 


ئەم گفتوگۆیە لە ماڵپەڕى ڕۆژنامەى ڕێچار بڵاوبۆتەوە. 

بۆ داگرتنى بابەتەكە بە فایلى pdf كلیك لەسەر ئەم لینكە بكە

http://www.rechar.online/wp-content/uploads/2020/09/%D9%81%DB%95%D9%84%D8%B3%DB%95%D9%81%DB%95-%D9%88-%D8%A8%DB%95%D8%B1%DB%95%D9%86%DA%AF%D8%A7%D8%B1%D9%89.pdf