My Blog List

بابه‌ته‌ نوێیه‌كان

خۆرهەڵات و فەلسەفە

Tuesday 20 August 2013

لە پاشای كونشێرتۆوە بۆ پاشای سەمفۆنیا


ئیبراهیم ئەلعەریس
وەرگێڕانى: هاوار محەمەد


      تۆبڵێیی ڕۆژێك لە ڕۆژان مۆزارت و بێتهۆڤن چاوییان بە یەكتری كەوتبێت؟ حیكایەت و چیرۆكی زۆر هەن باس لەوە دەكەن یەكجار یەكتریان بینیووە. بەڵام بەڵگەی مێژوویی و حاشاهەڵنەگری ئەوتۆ لەبەردەستدا نییە شتێكی لەم بابەتە بسەلمێنن. خۆ وەختێك كە مۆزارت كۆچی دوایی كرد تەمەنی بێتهۆڤن (21) ساڵان بوو، بۆیە ڕێی تێدەچێت یەكتریشیان بینیبێت، چوون بێتهۆڤن لە تەمەنێكی زۆر زوودا دەستی كرد بە چالاكییە مۆسیقییەكانی خۆی، هەر لەو سەرەتایانەیشیدا زۆر لەژێر كاریگەری مۆزارت و مۆسیقای ئەودا بوو، تەنانەت ئەو پێی وابوو مۆزارت یەكێكە لە گەورەترین ئەو مۆسیقارانەی كە مێژووی مرۆڤایەتی بەرهەمی هێناون.
      بۆیە بێتهۆڤن هەمیشە پێیوابوو مۆزارت خاوەنی ئەو مۆسیقایانەیە كە هەر لەو كاتەوەی منداڵ بووە و تازە هونەری مۆسیقای دەرك پێكردووە، بۆی بۆتە ئیلهامبەخش. چەند حیكایەتێكیش هەن وا دەگێڕنەوە گوایە مۆزارتیش هەندێك لەو بەرهەمانەی بێتهۆڤنی گوێ‌ لێ‌ بووە كە هەر لە تەمەنێكی زوودا داینابوون، بۆیەشە ئەگەرچی ئەو 14 ساڵ لەخۆی بچووكتر بووە بەڵام ستایشی ئەو بەرهەمانەی كردووە و پێشبینی ئەوەی بۆ كردووە كە لە دونیای مۆسیقادا دەبێتە كەسێكی مەزن. دەشێت ئەم سەرسامییەی مۆزارت بە كارەكانی بێتهۆڤن ئەسڵ و ئەساسی هەبێت. كەچی وێڕای هەموو ئەو قسانەی كە لەبارەی نزیكایەتی ئەو دوو كەسەوە دەگووترێن، هەریەكەیان لە مۆسیقادا خاوەنی ڕێبازی تایبەت بە خۆیان بوون و لەم ڕووەوە دووری لەنێوانیشیاندا هەیە.
      بەڵام جەختكردنەوە لەسەر دووریی ڕێبازی ئەم دوو مۆسیقارە لە یەكتری، نابێت ئەوەمان لەبیر بباتەوە كە بێتهۆڤن لە سەرەتای تەمەنی مۆسیقیی خۆیدا و لایەنی كەم لە مۆسیقا – پێش- سەمفۆنیاكانیدا و ڕێك لە هەندێك كۆنشێرتۆیدا زۆر نزیكە لە دونیای مۆزارت. بۆیە سەیر نییە ژمارەیەكی زۆر لە مێژوونووسانی مۆسیقا هەڵوێستەیان لایەنی كەم لەسەر دوو بەرهەمی مۆزارت كردبێت لە بواری نووسینی كۆنشێرتۆدا، گوایە بێتهۆڤن كەوتۆتە ژێر كاریگەرییەكەیانەوە، ئەو دوو بەرهەمەیش دووكاری تەواو كراون و ساڵی 1786 عەزف كراون، واتە كاتێك بێتهۆڤن لە تەمەنی 16 ساڵیدا بووە. ئەم تەمەنەیش تەمەنی كاریگەریی و خوێنگەرمی و سەرسامبوونە.
      ئەم دوو بەرهەمەی مۆزارت (كۆنشێرتۆی پیانۆ ژمارە 24) و (كۆنشێرتۆی پیانۆ ژمارە 25)ـن، هەردووكیشیان لە مەقامی (سی مینۆر)ـدان و بە پیانۆ و ئۆركێسترا عەزف دەكرێن. لێكچوونی نێوان ئەم دوو بەرهەمە زۆرە: هەریەكەیان سێ‌ جووڵەی هاوشێوەی یەكجۆرە ڕیزبەندین: یەكەمیان (ئالیگرۆ لە مەقامی سی مینۆر) و (لارگیتۆ) ئینجا (ئالیگریتۆ)یە، دوومیشیان (ئالیگرۆماستوزو) و (ئانداننی) و (ئالیگریتۆ)ـیە. ئەمەی دووەمیان دوا دانەی 12 كۆنشێرتۆی هاوشێوە بووە كە مۆزارت لەماوەی سێ‌ ساڵدا (1784-1786) لە ڤیەننا داینابوون و یەكێكیشە لە درێژترین كۆنشێرتۆكانی مۆزارت لە ڕووی ماوەی كاتەوە كە 33 خولەكە.
      با بگەڕێینەوە بۆ بەسەرهاتی بتهۆڤن لەگەڵ ئەم دوو بەرهەمەدا وەك نموونەیەك بۆ حیكایەتی بێتهۆڤن لەگەڵ سەرجەم بەرهەمەكانی مۆسیقارەكانی پێش خۆی. ئەگەرچی ئێمە دەزانین بێتهۆڤن لە ڕادەبەدەر بە مۆزارت سەرسام بووە، دەبێت ئەوەش بڵێین كە ئەو لە بواری ئاوازدانانی كۆنشێرتۆیشدا مۆزارتی كردووە بە سەرمەشقی خۆی. بەتایبەتی لە كۆنشێرتۆی پیانۆی ژمارە 4ـەكەیدا، چونكە بە بۆچوونی پسپۆرەكان بێتهۆڤن لەم بەرهەمەیدا بە ڕوون و ئاشكرایی قەرزداری مۆزارتە، بەتایبەتیش قەرزداری كۆنشێرتۆی ژمارە 25 ـیەتی. دەشتوانین بڵێین سەرچاوەی كۆنشێرتۆی پیانۆیی سێیەمی بێتهۆڤن وا لەنێو كۆنشێرتۆی ژمارە 24 ی مۆزارتدا و بگرە لە چەند ساتێكیدا لەوە دەچێت ڕێز و پێزانینی خۆی بۆ مۆزارت دەرببڕێت.
      لەبارەی ئەم بەرهەمی دواییەوە حیكایەتێك وای دەگێریتەوە كە بێتهۆڤن لە ئاهەنگێكدا لەگەڵ هاوڕێی و قوتابیەكی خۆیدا بەناوی فرناند ڕەیسی گوێی لەم كۆنشێرتۆیەی مۆزارت دەبێت و كاتێكیش ئۆركێستراكە لە جووڵەی كۆتاییدا دەگاتە لوتكەی نائاسایی خۆی، بێتهۆڤن بە تەنگەنەفەسی دەڵێت: "هیچ یەكێك لە ئێمە بیرمان لەوە نەكردۆتەوە ئاوازێكی ئاوا بنووسین". حیكایەتێكی تر دەڵێت بێتهۆڤن ڕۆژێك چوارینەیەكی مۆزارتی عەزف دەكرد لەنێو قوتابییەكانیدا هاواری كرد "ئەی هاوار لەم پارچەیان، ئەی هاوار لە مۆزارتیش كە لەم پارچەدا پێمان دەڵێت: فەرموون.. من ئەتوانم كاری ئاوا بكەم، دەی ئێوەش ئەگەر گوێتان هەیە بیبیستن"!.
      زۆر پسپۆری بواری مۆسیقایش پێیان وایە پێنجینەی پیانۆی بێتهۆڤن و ئالەتە هەواییەكان نیشاندانی ڕێز و پێزانینە بۆ مۆزارت، بەتایبەتیش بۆ پێنجینەیەك كە مۆزارت بۆ ئەو جۆرە ئالەتانەی نووسیوە. بێتهۆڤن كاتێكیش مۆسیقای هەمەچەشنی لەبارەی بابەتە مۆزارتییەكانەوە نووسیوە ڕێز و سڵاویشی بۆ ناردووە، لەوانەیش دوو كۆمەڵە مۆسیقای هەمەچەشن لەبارەی بابەتی "بلوێری ئەفسوناوی"ـیەوە.
      تەنیا بێتهۆڤن نەبووە كە بە مۆزارت سەرسام بووە و لەژێر كاریگەرییەكەیدا بووە، بەڵكو زۆر گەورە مۆسیقاری تریش هەن كە سیحری مۆزارت كاری تێ‌ كردوون، هەر لەچایكۆڤیسكییەوە هەتا ماهلەر، هەر لە ڕۆسنییەوە هەتا بێریلیۆز. ئەمەش لەبەرئەوەی مۆسیقای مۆزارت هەمیشە لە نا-شوێن و خەیاڵدانی خاوەنەكەیەوە دێت، یان ڕەنگە لەو توانا زۆرەیەوە كە هەیبووە و هەر لە منداڵییەوە داهێنانی مۆسیقارە گەورەكانی پێش خۆیی وەرگرتووە و ئینجا خۆیشی بووەتە داهێنەرێكی ناوازە و تازەكەرەوەیەكی هەمیشەیی مۆسیقا.
     هەر بە ڕاستیش شیكردنەوەیەكی وردی كۆنشێرتۆی 24 و 25ی دەستە خوشكی سەلمێنەری ئەم وتەی سەرەوەن، بۆیە مۆسیقاناسێكی وەكو ئارسەر هاچینگز كۆنشێرتۆی ژمارە 24 ی مۆزارت لە هەموو كۆنشێرتۆكان بە كامڵتر و سەركەوتووتر دەزانێت، گیر لیدستۆنیش هەمان بۆچوونی خستۆتە ڕوو.
     بەڵام هاچینگز وای دەبینێت كۆنشێرتۆی ژمارە 24 زیاتر لە نووسینی سەمفۆنیاوە نزیكە بەتایبەتیش جوڵەی یەكەمی كە لەدەرەوەی مەقامی نزمە، بەتایبەتیش لەو ساتەدا كە جوڵەی یەكەم لە "مارش"ـێك ئەچێت وەك ئاوازی "مارسیاز". جا بۆیە ئەوەی دەیەوێت دەرك بە سەرچاوەی ئەو پێویستییە بەناوبانگە بكات كە لە سەمفۆنیای پێنجەمی بێتهۆڤندا هەیە، ئەوا دەبێت بچێتەوە سەر كۆنشێرتۆی 25 ی مۆزارت. 
      بە كورتی، كەواتە ئەگەرچی ئەشێت و توێژەرانیش هاوڕان كە لۆدفیك ڤان بێتهۆڤن (1770-1828) بە هۆی نۆ بەرهەمە بەناوبانگەكەیەوە هونەری سەمفۆنیای گەیاندە چڵەپۆپەی داهێنان كە لە مێژوودا بێ‌ وێنە بوو، كەچی ئەمادییوس وۆلفگانگ مۆزارت (1756-1791) ـیش هەمان شتی بۆ هونەری كۆنشێرتۆ كرد و لە هونەری ئۆپێرا و مۆسیقا ئاینییەكانیشدا لە زۆرینەی هەرە زۆری مۆسیقارەكانی مێژووی مرۆڤایەتی بڵندتر و بلیمەتتر بوو. جا بۆیە ئەگەر نەشێت سەمفۆنیاكانی مۆزارت و سەمفۆنیاكانی بێتهۆڤن لە یەك ئاستدا دابنرێن، ئەوا ناشێت كۆنشێرتۆكانی بێتهۆڤنیش بە كۆنشێرتۆكانی مۆزارت بەراورد بكرێن. ئەگەرچی بێتهۆڤن لە كۆنشێرتۆیشدا بلیمەت بوو بەڵام كۆنشێرتۆكانی مۆزارت و بەتایبەتی و پێش هەموویشیان كۆنشێرتۆی ژمارە (24 و 25) لە مێژوودا بێوێنەن و هەر بەو جۆرەیش بە نەمری دەمێننەوە، بۆیەشە كاریگەرییان لەسەر چەندین مۆسیقاری دوای خۆیان داناوە، لەوانەیش بێتهۆڤن. 

سەرچاوە: