My Blog List

بابه‌ته‌ نوێیه‌كان

خۆرهەڵات و فەلسەفە

Saturday 21 September 2013

گوتن و بیستن لە بوونگەرایى هایدیگەردا



هاوار محەمەد


مارتین هایدیگەر لە وتارێكیدا لەبارەی "هۆڵدەرلین و جەوهەری شعر" ئەوە ڕوون دەكاتەوە كە شعر بەرهەمەكانی خۆی لە زماندا و هەر لە ماكی زمانی دەئەفرێنێت. گرنگی شعر لەوەدایە كە زمان بەهۆی شعرەوە ئەتوانێت خۆی ماهییەتی خۆی دەربخات و لوتكەی دەركەوتنیشیەتی. زمان موڵكی مرۆڤە و مرۆڤ خاوەنی زمانە، بەڵام ماڵی مرۆڤیشە. زمان كە موڵكی ئێمەیە سودبەخشە و مرۆڤ لە ڕێگەی زمانەوە ئەتوانێ‌ گوزارشت لە خۆی و شتەكان بكات، ئەزموونەكانی دەربخات، ژیانی ڕێك بخات، بڕیارەكانی بدات، لەوانی تر تێبگات و ئامرازی ئەم تێگەیشتنە بێت. هاوكات ئەم سودبەخشە مەترسیدارترینیشە، چونكە بواری شایەتیدانە لەسەر خۆمان و دەرمان دەخات، شایەتیدان واتە كەشفمان ئەكات و ئەمانخاتە ڕوو و واقیعی تایبەتی مرۆییمان ڕادەگەیەنێت، لەلایەكی دیكەش هەبووەكانی تریش لەڕێگەی مرۆڤەوە لە زماندا خۆیان بە ڕوونترین شێوە ڕوون دەكەنەوە، بۆیە ئێمە دەبینە ئەو زەمینەی كە دەوروبەر شتەكانی خۆی دەدات بەسەرماندا و تەنانەت هەبووە زۆر ئاڵۆز و گشتییەكانیش بەرەوڕوومان دێن و لەم تێكەڵبوونەی شتەكانیش لەگەڵ مرۆڤدا دەشێت ئێمە بەهۆی هەڕەشە و مەترسییەكانی جیهانی دەوروبەرمانەوە مرۆییبوونی خۆمان لەدەست بدەین.
شعر ئامادەیی بوونە و مرۆڤیش شاعیرانە لە زماندا نیشتەجێ‌ بووە و پارێزەری بوونە، مرۆڤ بۆیە بۆتە پارێزەری بوون چونكە لەو پەڕی ڕوون و ڕەوانیدا بوون دەبینێت و دەیبیستێت و دواجاریش دەری دەبڕێتەوە.  بەڵام واقیعی مێژوویی و بوونی ڕاستەقینەی زمانیش تەنیا لەشێوەی گفتوگۆدایە. هایدیگەر لە فراگمێنتی سێیەمدا شرۆڤەی دوو بەیتە شعری هۆڵدەرلین ئەكات و ئەو سەرنجە ئەخاتە ڕوو كە ئێمە تەنیا گفتوگۆ ناكەین و لە گفتوگۆدا نابینە یەكتری، تەنیا بۆچوونە جیاوازەكانمان ناگەنە گونجان و تەبایی لەگەڵا یەكتری بۆ تێپەڕاندنی ناكۆكییەك كە لە ئارادایە، بەڵكو خۆمان ئەبینە خودی گفتوگۆكە: بوون-بە-گفتوگۆ ئیمکانێکى بوونگەرايانەی مرۆڤە کە بەهۆى زمانەوە وەدیى دێت. ڕووداوی ڕاستەقینەی زمان گفتوگۆیە، یان گفتوگۆ بوونی ڕاستەقینەی زمانە، مرۆڤیش لەڕێگەی گفتوگۆوە ئەتوانێت بچێتە نێو زمانەوە. "لەڕێگەی گفتوگۆوە" واتای ئەوەیە كە مرۆڤ ئەبێ خۆی بخاتە سەر شێوەی گفتوگۆ تا لە ماڵی زماندا غەریب نەبێت، تا میوان نەبێت و خاوەن ماڵ بێت. "ئەم چوونە سەر شێوەیە" خۆ گۆڕینێكی ساختە نییە، دەمامك نییە كە ئێمە بیپۆشین و خۆمان بخەینە سەر ئاشنایەك یان یەكێك لە خاوەن ماڵەكان تا ماڵەكە بمانناسێتەوە و دەرگای خۆیمان لێ‌ بكاتەوە، بەڵكو لە "خۆ خستنە سەر شێوەی گفتوگۆ"دا دواجار وشەی "شێوە" خۆی بزر دەكات و "خۆ خستنە سەر گفتوگۆ" ئەمێنێتەوە ئەمەش واتە بوون بە گفتوگۆ: "بوونی مرۆڤ لە زماندا پێك دێت، بەڵام ئەو پێش هەموو شتێك لە گفتوگۆدا ڕوودەدات و پەیدا دەبێت". بنەمای گفتوگۆ وشەكان و ڕێسا زمانییەكان نییە، بەڵكو ئەمانە بابەتە دەرەكییەكانی زمانن، ئەمانە دیارەدەكانی زمانن و بابەتن بۆ سەرنج دان و شیكردنەوە و لێكۆڵینەوە و بنەمای ئۆنتیكییان هەیە نەك ئۆنتۆلۆژی، بۆیە "تەنیا وەك گفتوگۆ زمان جەوهەرە".
لە یەكەم سەرنجدا وا دەردەكەوێت زمان ئامراز و كەرەستەیەكە بۆ گەیاندن و پەیوەندیگیریی و نێوانكارێكە لە نێوانماندا تا بتوانین لەبارەی شتێكەوە بگەینە كۆكی و گونجاوییەك. لەم دیدەوە زمان بە قەولی هایدیگەر دەبێتە شتێك- بۆ دەست و لەپێناو دەستدا، واتە شتێك بۆ بەكارهێنان وەك ئامێر لەنێو جیهاندا. بەڵام ئەم تێگەیشتنە فریودەرانەیە چونكە ئێمە زمان وەك كەرەستەكانی تری دەوروبەرمان (بەكارناهێنین) بەڵكو بوونی ئێمە بوونە وەك گفتوگۆ لە نێو زماندا، بە مانایەكی تر زمان بنەمای بوونی دازاینە و لە بوونیدا بنەڕەتییە و بنەمای ئەم بوونەیە. كاتێك ئێمە دەبین بە گفتوگۆ واتای ئەوەیە ئێمە بوونی خۆمان لە گفتوگۆكەدا دەردەخەین. گفتوگۆكە شتێك نییە لەدەرەوەی ئێمە، شوێنێ نییە ئێمە بچینە نێوییەوە، بەڵكو بوونی ڕاستەقینە و مێژوویی ئێمەیە، بوونی ئێمە بە بەردەوامی ڕۆشنبوونەوەمانە لەنێو ئەم گفتوگۆیەدا و تەنیا وەك گفتوگۆ دەتوانین گوێمان لە بانگی بوون بێت. گفتوگۆ واتای ئەوەیە "ئێمە دەتوانین لە یەكتری وەرگرین و ببیستین، ئێمە گفتوگۆین مانای ئەوەیشە كە ئێمە یەك گفتوگۆین"، واتە خۆمانین و وەك خۆمان و نابینە هەبووی تر یان كەسی دیكە، گفتوگۆ بۆ ئەوەیە لەسەر خۆم مكوڕبم و خۆڕاگر بم. "خۆیی بوون" لەم كۆنتێكستەدا مانای ئەوە نییە ئێمە وەك شوناس سۆژەی خۆمانین و ئەوەی لە دەرەوەی ئێمەیە ئۆبژەیە، چونكە كتومت هایدیگەر لە دەرەوەی دوالیزمی سۆبژە و ئۆبژە بیر دەكاتەوە. "خۆیی بوون" مانای ڕوونكردنەوەی خۆیە و لەگەڵ ئەم خۆدەرخستنەشدا ئێمە هاوكات بەخۆمان و بە گفتۆكەیشەوە پابەندین. مانای ئەوەیە ئێمە مكوڕین لەسەر خۆبوونمان وەك گفتوگۆ. گفتوگۆكە یەكێتی و سەنتێنزی "گوتن" و "بیستن" نییە، چونگە لە بنەماوە گوتن و بیستن پێكدژ نین و یەكتر نەفی ناكەنەوە، بەڵام بوونیان بۆ یەكتریش زەروریی و تەواو كاریی و ئەرێكارە. گوتنێك لە غیابی بیستندا ئەشێت نەگات و بمرێت، ئەشێت بەر بەرد بكەوێت و ورد بێت، ئەشێت هاتوهاوار و زۆربڵێیەتی كەسێك بێت بە تەنیا و لە شوێنێكی چۆڵدا. بێ‌ گوتنیش بیستن دروست نابێت، لە غیابی گوتندا بیستن كپبوونی جیهانی دەوروبەرمانە و نەگەیشتی قسەیە بە گوێمان. گوتن لە ئامادەیی بیستندا حزور پەیدا دەكات و بیستنیش لە ئامادەیی گوتندا حزور پەیدا دەكات، بۆیە ئەم دووانە لەجیاتی ئەوەی خەسڵەتی نەرێكارییان هەبێت، خەسڵەتی ئەرێكارییان هەیە، لەجیاتی ئەوەی "سەنتێز" بن "یەك بوون"ی گفتوگۆن. ئەمە مانای ئەوە نییە ئەم دووانە هەرگیز لەگەڵ یەكتردا لێكدژ ناوەستنەوە، بەڵام ئەمە كاتێك ڕوودەدات كە ئەم دووانە وەك گفتوگۆ بوونیان نامێنێت. كە گوتن و بیستن وەك گفتوگۆ بوونیان نەبوو ئەوا نە گوتن بیستن دەردەخات و نە بیستنیش گوتن دەردەخات بەڵكو یەكتری دەشارنەوە و لەمەش زیاتر یەكتری دووردەخەنەوە و، دەبنە دوو كرداری ژیانی ڕۆژانەی بوونی ناڕەسەن، بۆیە بە بڕوای هایدیگەر "بنەمای بوونی مرۆڤ گفتوگۆیە كە ڕووداوی ڕاستەقینەی زمانە". ئەمەش واتە لە زماندا "توانای قسەكردن و توانای بیستن لە بنەڕەتدا وەك یەكن". بەڵام ئێمە هەمیشە پێمان وایە "گوتن" ڕەگەزی یەكەمی زمانە و بەرجەستەكەریەتی بێ‌ بوونی ئەم زمانیش نایەتە ئاراوە، زمان دەربڕینی ئەو وشانەیە ڕستەكان دروست دەكات و "شتێك دەگەیەنێت" و دەبێتە مایەی تێگەیشتن. بەڵام شرۆڤەكردن و حاڵی بوون لە زمان وەك وشەكان و ڕێساكانی زمان و گوتن، زمان دەكاتە شتێكی دەرەكی و بەردەست. كەچی زمان بۆخۆی بنەمایەكی ناوەكی و ئۆنتۆلۆژی هەیە و پێك نەهاتووە لە كۆ و كۆكراوەی وشەكان لە ڕستەدا بەهۆی ڕێساكانەوە، بەڵكو بنەما و تایبەتمەندی و پێشمەرجێكی ئۆنتۆلۆژیی بوونی دازاینە و بوونی دازاین بەردەوام بوونێكە لەنێو زماندا، و ئەم زمانەیش زمانی نێوانكار و گەیەنەری مەبەستەكانی ئێمە نییە بۆ دەرەوەی خۆمان بەڵكو زەمینەی دەركەوتنی ئێمەیە. "گوتن" بۆ زمان پێشمەرجە، بەڵام زمان تەنیا گوتن و قسە نییە، بەڵكو بیستنیشە، بیستن و نەگوتن وە هایدیگەر دەڵێ‌ "ئەگەرەكانی گوتن"ـن.
گوتار بەجەستەكەری زمانە و تێگەیشتن ڕوون دەكاتەوە، تێگەیشتنیش پێش دەرخستن و دەربڕین دەكەوێت، بەڵام بۆئەوەی تێگەیشتن ڕووبدات دەبێت بیستن ئامادەیی پەیدا بكات. لە گوتندا دازاین خۆی دەردەبڕێت، بەڵام دازاین بە تێگەیشتنەوە و وەك هەبوویەك لەنێو جیهاندا خۆی دەردەبڕێت. ئەم دەربڕینە بوونی ئەو هەبووانە دەردەخات كە لەنێو جیهاندان و بەر دازاین دەكەون و لەبەردەمیدا ڕوون دەبنەوە. بەڵام ئێمە وا بیر دەكەینەوە ئەمە تەنیا بینینە! بوونی ئێمە لەگەڵ شتەكاندا تەنیا بینین نییە، بەڵكو بیستنیشە، ئەم شتانەیش نەك وەك شتانێكی دەرەكی كە بەر هەستەكانم بكەون و منیش ئیدراك و ئاوەژووكەرەوەی ناوەكیم بۆ ئەم ئەزموونانە هەبێت و بەرمەبنایان زانین پەیدا بكەم، بەڵكو ئەم بەركەوتنە لەژیانی ڕۆژانەدایە و ڕاستەخۆ و پێش زانینە، وەلێ‌ تێگەیشتن دروست دەكات، ئێمە توانای بینین و بیستنمان هەیە چونكە تێدەگەین. بنەمای بیستن تێگەیشتنە كە ئێمە لەگەڵ خۆماندا ئەم توانایەمان هەڵگرتووە، بەم جۆرە بیستن پەیوەستە بە توانای بیستنی ئێمەوە و بۆیە دروست دەبێت چونكە دەتوانین تێبگەین. بیستن "گوێ‌ لێ‌ بوون" نییە، بەڵگو گوێگرتن و گوێڕادێرانە، گوێگرتن شێوازێكی فینۆمینۆلۆژیی مەبەستدارانەی بوونی ئێمە بەرامبەر ئەو دەنگ و قسانەی لێمانەوە نزیكن، ئەم نزیكییە نزیكییەكی پێوانەیی و جوگرافی نییە، بەڵكو ڕوون بوونەوە و دەركەوتنە لەبەردەمماندا و كرانەوەمانە بۆ دەنگێك كە دەمانەوێت بیبیستین یان ئەو بەرەو خۆی كێشمان دەكات. "گوێگرتن" هاوكات "گوێ-نەگرتن"ـیشە، بە مانایەكی تر كرانەوەمانە بۆ بیستنی دەنگێك یان گوتنێك كە بەڕوویدا ئەكرێینەوە، ئەم كرانەوەیە داخستنێكیش بەڕوی دەنگ و گوتە و قسەكانی دیكەیشدا دروست دەكات. بۆیە گوێنەگرتنیش ئەگەرێكی گوێگرتنە. ئەشێت ئێمە لە یەك كاتدا گوێمان لە چەند دەنگێكی جیاواز بێت، دەنگی گۆرانی لە ژوورەكەی تەنیشتم، گفەی با و ورشەی درەختەكانی باخچە، هاژەی ئۆتۆمبێلێك كە بەشەقامەكەدا تێدەپەڕێت و ئینجا دەنگی هاوڕێیەكم كە ماوەیەكە نەمبینیووە. لەنێو ئەمانەدا كە جیهانی من پێكدێنن ئەشێت من تەنیا لە ئاست دەنگی هاوڕێكەمدا بكرێمەوە و گوێگرتن پەیدا بكەم و لە ئاست ئەوانی دیكەیشدا گوێ‌ پێنەدان، تەنیا دەنگی هاورێكەم من بەرەو خۆی كێش دەكات و هەست بە نزیكییەكەی دەكەم وەلێ‌ ڕەنگە دەنگی گۆرانییەكە بەرزتریش بگاتە گوێم، بەڵام هەست ئەكەم زۆر لێم دوورە یان هەر لە بنەڕەتەوە هەستی پێناكەم و لەبیرم كردووە. گوێگرتن بیستنی دەنگی ئاسایی و ڕووتی نێو جیهان نییە، بەڵكو پەیوەستە بە تێگەیشتنەوە و بۆ بوون لەگەڵ ئەوانی دیكەدا سەرەكی و پێشمەرجە.
لەمەوە بۆمان دژوار نییە گەر بڵێین گوێگرتن بەهۆی ئەگەری پیشاندانی توانای گوتن و بیستنەوە  دروست دەبێت و پێشمەجی تێگەیشتنە و كارێك دەكات بیستن سەر بە گوتن بێت و گوتنیش سەر بە بیستن بێت و ئەمەش واتە تێگەیشتن و، بە ڕوونیش بیڵێین واتە گفتوگۆ: "ئەوەی تێبگات دەتوانێ‌ ببیستێت". بەڵام تێگەیشتن نە لەزۆر گوتنەوە پەیدا دەبێت و نە لە زۆر بیستنەوە، بەڵكو لە كرانەوە و بەتەنگەوەهاتن و دەروەستیمانەوە پەیدا دەبێت. لە بنەڕەتدا مەبەستی "گوتن" لە گفتوگۆدا "بیستنی ئەو "گوتن"ـانەیە لەلایەن ئەوانی دیكەوە بۆ ئەوەی بەشداریی لە ڕونكردنەوەی ئەو بابەتەی بۆتە جێگای گفتوگۆ ڕووبدات، بەڵام بیستنیش بەهۆی گوێ‌ لێ‌ بوون لەوەی كە گوتراوە و بەردەوام دەگوترێتەوە حزرو پەیدا ناكات، بەڵكو بنەمای بیستن "بێ‌ دەنگی"ـیە. بێ‌ دەنگی گەمژەیی نییە و كەمدویی كەسێكیش نییە كە لەڕووی سایكۆلۆژییەوە پەروەردە و بارودۆخی ژیانی ئەم شێوەی بۆ پێك هێنابێت، بەڵكو بێ‌ دەنگییە بۆ دەركەوتنی بیستن وەك بنەمای گفتوگۆ. بە بڕوای هایدیگەر "زۆر گوتن" لەبارەی بابەتێكەوە تێگەیشتن لە بابەتەكە دروست ناكات، بەڵكو بگرە ئاڵۆزی دەكات و دەیشارێتەوە. زمان ئەو كاتە خەسڵەتی ڕەسەنانە و سەرەكی خۆی، كە دەرخستنە، لە دەست دەدات كە تێیدا ڕەگەزی بیستن فەرامۆش بكرێت و زۆر بڵێيی دووری بخاتەوە. بێ‌ دەنگی بۆ خۆی دەرخەری گوتنە، بەڵام سنوردانانیشە بۆ زۆربڵێیی. گەر گوێگرتن بیستنی ڕاستەقینە بێت، ئەوا بێ‌ دەنگی بنەمای بیستن و گوتنی ڕاستەقینەیە. "ڕاستەقینە" لێرەدا بە مانای گفتوگۆیە كە زمان تەنیا وەك گفتوگۆ ڕاستەقینەیە.
لە زۆر بڵێیی و مەسرەفكردنی گوتندا بێ‌ دەنگی پاشەكشە دەكات و دەنگ زاڵ دەبێت، بیستن دەتوێنرێتەوە و "گوتن" هەژموون پەیدا دەكات، گوتن بیستن دووردەخاتەوە و وەك ئەگەری خۆی قەبووڵی ناكات و بگرە سەركوتی دەكات، ئەم زێدە گوتنە بەهۆی كوشتنی بیستنەوە دەبێتە هۆی سووانی زمان، لێرەشەوە لەجیاتی ئەوەی "گوتن" بابەتەكە دەربخات، دەیشارێتەوە. مەسرەفكردنی گوتن، تەنیا مامەڵە كردنە لەگەڵ گوتندا، زیادە گوتنێكە لەبارەی ئەو شتانەی كە پێویست نییە ئەوەندەیان لەبارەوە بگوترێت. كەمدویی سروشتییانە و سایكۆلۆژییانەی مرۆڤ داخستنە بەسەر باسكردنی شتێكدا، ڕەتكردنەوەی گفتوگۆكردن یان قسەكردنە لەبارەیەوە، شاردنەوەیەتی لەناو ناخدا و دەرنەخستنیەتی و نەشكاندنی دیوارەكانیەتی، بەڵام زۆرگوتن بەهەمان شێوە داخستن دروست دەكاتەوە و دەبێتە مایەی شاردنەوە و دانانی دەمامك. ئەم دەمامكانە ڕیزكردنی وشەكانە لەپاڵ یەكتریدا و نەهێشتنی كەلەبەڕێكە بۆ ڕووناكی كە بابەتەكە لە ئاسۆكەیدا دەر بكەوێت، دەمامكەكان بازدانە لە دالێكەوە بۆ دالێكی دیكە و فریودانمانە و ناهیڵێت بابەتەكەی كە شاردویەتییەوە دەربكەوێت و هێشتنەوەیەتی لە تاریكیدا، زۆرگوتن لە شوێنێكدا ڕامان دەگرێت كە بیستنی ئێمە وەك گوێگرتن كۆتایی پێ‌ دێت و ئەگۆڕێت بۆ گوێ لێبوون. ئەمەش پاشەكشەی گفتوگۆیە، لەگەڵ ئەم پاشەكشەیەدا بوونی ئێمەش وەك قسەكەر و وەك بیسەر پاشەكشە دەكات و زمانی سوواو جێگای گفتوگۆ دەكرێتەوە.
زمانی سوواو واتە مەسرەفكردنی گوتن و زمان، مەسرەفكردنی گوتن واتە تێگەیشتن لە زمان وەك كەرەستەیەكی بەردەست، وەك شتێك كە بۆ ئەوە هەیە بە بەردەوامی بەكار بهێنرێت و لە دەرەوەی بەكارهێنان بوونێكی تری نییە. بوون بۆ بەكارهێنان واتە بوون بۆ دەست. شتێك خەسڵەتی بوون بۆ دەستی هەیە كە دازاین لە ژیانی ڕۆژانەیدا ڕووبەڕوویان دەبێتەوە و لە بەردەمی دازایندا وەك بوونێك بۆ بەكارهێنان خۆیان دەردەخەن، ئەم شتانەی كە خەسڵەتی بوون- بۆ دەستیان هەیە واتە ئامێرەكان و هەموو ئەو شتانەی تر كە ئەشێت رۆڵی ئامێر بگێڕن و ئەمانەش لە بنەڕەتدا سەر بە هەبووەكانی نێو جیهانن و سەر بە دازاین نین و دازاینیش سەر بەوان نییە. ئەم بوون بۆ دەستانە جەوهەرەكەیان ئەوەیە بێ‌ كێشە ئەو كارانەی كە دەكرێ ئەنجامی بدەن بۆمانی ئەنجام بدەن و بەم جۆرەش خۆیان دەشاردرێنەوە و تەنیا پرۆسەی كارەكە و ئەنجامی كارەكە لەبەردەم ئێمەدا دەردەكەون. ئێمە ئەم شتانە بەكاردەهێنین بۆ ئەوەی كاری خۆمانیان لە نێو جیهاندا پێ‌ ڕایی بكەین، ئیتر هەتا ئەم شتانە وەك هەبوو بە ڕێك و پێكی كارەكەمان بۆ ئەنجام بدەن سەرنج لە بوونی خۆیان نادەین. مەسرەفكردنی گوتن ئەم تێگەیشتنەی بوون- بۆ دەستی لە زمان هەیە. بۆیە چاو لە جەوهەری بوونی زمان دەپۆشێت و تەنیا لە ئاسۆی بەكارهێناندا دەیبینێت، وەختێكیش زمان ئەبێتە بوون- بۆ دەست و لەپێناو بەكارهێناندا ئیتر خەسڵەتی شت یان ئامێر وەردەگرێت.
كە زمان ئەبێتە ئامێر شتێك نامێنێت بەناوی گفتوگۆ، چونكە ئامێر توانای بوون بە گفتوگۆی نییە، باشتر بڵێین، بنەمای ئۆنتۆلۆژی ئامێر ڕێنادات ئامێر وەك گفتوگۆ بوونی هەبێت و ئەم بوونە دەربخات، بۆ نموونە تیڤی و ڕادیۆ جۆرێكن لە زۆربڵێی كە بواری گفتوگۆی ئێمە لەگەڵ خۆیاندا نادەن و نامان بیستن. مەسرەفكردنی گوتن واتە زۆربڵێیەك كە ئەگەرەكانی توانای بوونی بیستن دەكوژێت. مەسرەفكردن لە بنەڕەتدا ئاماژەیە بۆ دەستبڵاوی لە بەكارهێنانی ئابووریی و شتەكانی ڕۆژانە و دەروروبەرماندا، بۆیە زۆرجار ئەوترێت (فڵان نووسەر لە نووسینەكەیدا ئابووریی قسەكردنی پەیرەو كردووە)، بەمانایەكی تر زمانی مەسرەف نەكردووە و زۆر بڵێی نەكردووە، بەڵام دەبێت ئەوەش بزانین كە مەرج نییە "گوتنی كورت" یان "كورت بڕی" و "كەمگووتن" مەسرەفكردنی زمان نەبێت، بەڵكو هەر گوتنێك بۆ خۆی ئەو كاتە ئەبێتە مەسرەفكردن كە گفتوگۆ نەبێت و بە ئاراستەی وتووێژدا نەڕوات و هاوكاتی گوتنەكە بیستنیش ئامادە نەكات و دەرنەخات. ئێمە گەر هەموومان پێكەوە قسە بكەین، هیچ تێناگەین، ج با ئەو قسەیە تەنیا چەند وشەیەكی كەمیش بێت، پێكەوە قسەكردن بەمانای ئەوە نییە لە یەك كاتدا هەموومان قسە بكەین، بەڵكو بەمانای ئەوەیە هەمووان قسەكەر بین و مومارەسەی توانای گوتن بكەین و خۆمان بخزێنینە نێو گوتنەوە، بەڵام بیستن فەرامۆش بكەین و لەبیری بكەین و دووری بخەینەوە، یان خۆمانی لێ‌ دوور بخەینەوە. ئەم خۆ دوورگرتنەمان لە بیستن خزانی ئێمە و كەوتنە خوارەوەی ئێمەیە لەنێو گفتوگۆوە وەك بوونی ئێمە و دەرخستنی ئەو بوونە بۆ نێو خەرەندێكی تاریك كە تەنیا توانای هاوارمان هەیە بێ‌ ئەوەی كەسێك بمان بیستێت.

بۆ نووسینی ئەم وتارە سودم لەم سەرچاوانە وەرگرتووە:

1-     مارتن هیدجر: ما الفلسفة، ما المیتافیزیقا، هیلدرلین و ماهیة الشعر، ترجمة: فؤاد كامل و محمود رجب، سلسلة النصوص الفلسفیة، دار الثقافة للطباعة و النشر، القاهرة، الطبعة الثانية، 1974.
2-     مارتن هیدجر: الكینونة و الزمان، ترجمة و تقدیم و تعلیق: فتحي المسكیني، مراجعة: إسماعیل المصدق، دار الكتاب الجدید المتحدة، الطبعة الأولی، سبتمبر 2012.
3-     مارتین هایدیگەر: بوون و كات، وەرگێڕانی: د. محەمەد كەمال، دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، چاپی یەكەم، 2012.

تێبینى: ئەم وتارە ساڵى 2013 لە پاشکۆى "کاکێشان"ـى ڕۆژنامەى "کوردستانى نوێ بڵاوکراوەتەوە. 

Tuesday 17 September 2013

خودا لە عەقڵانیەتی سپینۆزادا


وەرگێڕانى: هاوار محەمەد

      بارۆخ (بنیدكتۆس) دو سپینۆزا (1632-1677)، بەلای هەندێك فەیلەسوفانەوە فەیلەسوفێكی قووڵی ڕۆشنگەرا بووە و زۆر بڕوای بە خودا هەبووە. بەڵام بەلای هەندێكی ترەوە باوەڕی بە خودا نەبووە و فەیلەسوفێكی ئاڵۆز و بێباوەڕ بووە. ڕاستییەكەی ئەشێت فەلسەفە و بەرهەمەكانی سپینۆزا بۆخۆی فێرگە و ڕێبازێكی فەلسەفی بن. نامەكەی "سەبارەت بە چاكسازیی لە عەقڵدا" (1677) جگە لەوەی بە ڕێخۆشكەر دادەنرێت بۆ هەڵچنینی ڕێبازەكەی، جۆرێكیش بوو لە مەیلی ڕووكردنە نووسین لەبارەی ئاكارەوە. بەڵام كتێبە سەرەكییەكەی بەناوی (ئەخلاق) ساڵی 1677 داناوە و تێیدا میتۆدێكی ئەندازەیی بەكارهێناوە (بە لاتینی more geomtrico demostrata) هەمان میتۆدیشی لە یەكەم كتێبیدا بەناوی "بنەماكانی فەلسەفەی دیكارت" (1663) بەكارهێناوە.
     هەر بڕگەیەك لەو نووسینانە لە پێناسەكان و بەڵگەنەویستەكان و ڕستەی فێركاری و بەڵگە و پاساوە عەقڵییەكان، ئینجا بەرەنجامەكان و حوكمە یارمەتیدەرەكان و تێبینی و سەلمێنراوەكان پێكدێت.
      سیستەمی بیركاریی (لە زانكۆكانی سەدەكانی ناوەڕاستدا و لە نامە لۆژیكییە- بیریكارییەكانی ڤیتگنیشتاینیشدا) شێوەی دەرەوە بەكارناهێنێت، بەڵكو ئەو سیستەمە دەربڕی توانای بەكارهێنانی فەلسەفە و بیركارییە، كە بە ڕێگای deduction (ئیستیدلال)، لە بنەما باڵاكان یان لە بنەما یەكەمینەكانەوە دەست پێدەكات و گریمانەی ئەنجامگیریی سەرجەم حوكمەكان دەكات.
      سپینۆزا دەیویست ئەوە بسەلمێنێت كە ئەم شێوە ڕواڵەتییە پێویستی بە پێوەرێكی دیكەی حەقیقەتە جیاوازێت بێت لە پێوەرە سادە و باوەكان:
      ئەوانە پرسیاری مرۆیی دەربارەی ئامانجەكە پشتگوێ‌ دەخەن.
      هیچ شتێك نابێتە هۆی دیلكردنی مرۆڤ بیركردنەوە مەبەستدارانەكەی (التفكیر الغائی) نەبێت. ەم بیركردنەوەیە وەك ئامرازێكی بە سوود سەیری هەموو شتەكانی نێو سروشت دەكات.
     بەم جۆرە كتێبی (ئەخلاق)ـەكەی سپینۆزا دابەش بووە بەسەر پێنج بڕگە یان وتاردا: یەكەمیان دەربارەی خودا، دووەمیان دەربارەی سروشت و بنچینەی دەروون، سێیەم لەباری هەڵچوونەكانەوە، چوارەم لەبارەی كۆیلایەتی مرۆڤەوە، پێنجەمیشیان لەبارەی هێزی عەقڵەوە یان سەبارەت بە ئازادیی مرۆڤ.
      كە سپینۆزا لە جیاتی ئەوەی لە مرۆڤەوە دەست پێ بكات لە خوداوە دەست پێدەكات، مانای وایە:
      ئەگەر بێتو بۆچوون و وێنامان بۆ خودا هەڵە بێت ئەوا ناكرێت وێنەی مرۆڤیش ڕاست و دروست دەربچێت.
      بە بڕوای سپینۆزا خودا جەوهەرە و جەوهەریش ئەوە. "ئەوەی چەمكەكەی پێویستی بە چەمكی شتێكی تر نەبێت، ئەوا لێی وەردەگیرێت".
      جەوهەریش لە هەڵگیراوەكان (مەحمولات) پێك دێت، ئەمەش واتە ئەو سیفەتانەی كە عەقڵ بە سیفەتی سەرەكییان دادەنێت. سپینۆزا ناوی (modi) لە دۆخەكانی جەوهەر دەنێت.
     بەڵام بە بڕوای سپینۆزا ئەوەی كۆتا و پایاندارە ئەو شتەیە كە شتێكی تری هەمان سروشتی خۆی تێی دەپەڕێنێت. "بۆ نموونە جەستە بە كۆتا و پایاندار دادەنرێت چونكە ئێمە بەردەوام دەتوانین وێنای جەستەیەكی گەورەتر بكەین.. كەچی هیچ ئایدیایەك لەلایەن جەستەوە تێناپەڕێنرێت ]چونكە ئایدیا و جەستە سەر بە هەمان سروشت نین[".
      خودا هەمیشە و بە ڕەهایی بوونێكی نا- كۆتا و بێ‌ پایانە. چوون لەنێو خۆیدا هیچ نەفییەكی هەڵنەگرتووە، بەردەوامیش بە چەندان هەڵگیراو (محمولات)ـی بێ‌ پایان بەهێز دەبێت. لەمەوە سپینۆزا ئەنجامگیریی ئەوە دەكات كە خودا بوونی ناچاریی (واجب الوجود)ـە و تەنیا ئەو تاك جەوهەرە، بۆیەشە شیاوی دابەش بوون نییە.
       بەڵام شتە درێژبووەوەكان و مەعریفییەكان یان سیفەتەكانی خودان یاخود دۆخەكانی سیفەتەكانی خودان.
      كەواتە سپینۆزا پێش هەموو شتێك ئەوەی دیاری كردووە جەوهەری ناكۆتا كێیە، پاشانیش دۆخە كۆتاكان (جیهان و مرۆڤ) چین. بێجگە لە چەمكی جەوهەر و ڕواڵەت دەكرێت بە چەمكی تریش ئەم جیاوازییە دەرببڕدرێت: "سروشتی ئەفرێنەر" natura naturans و "سروشتی ئەفرێنراو" natura maturate.
      سروشتی ئەفرێنەر هاو-چییەتی (متماهی) نییە لەگەڵ سروشتی ئەفرێنراودا، بەڵام:
     "هەر شتێك كە هەبێت، لە خودادا هەیە و ناكرێت بە بێ‌ ئەو بوونی هەبێت، ناكرێت بە بێ‌ ئەو دەركیش بكرێت".
       سپینۆزا بەم جۆرەی خوارەوە وەڵامی پرسیارەكەی دایەوە كە ئەشێت هەندێك بەم هۆیەوە بە بێباوەڕ حیسابیان كردبێت:
      "ئەگەر خەڵكانێك هەبن پێیان وابێت خودا و سروشت (جا لەمە وەك زۆریەتی چەندێتی تێدەگەن یان وەك مادەی بەجەستە) یەكن و هەردووكیشیان یەك شتن، ئەوا زۆر هەڵەن".
      یەكسانبوونی "خودا و سروشت" واتای ئەوەیە خودا سروشتی ئەفرێنەرە، ئیتر هەموو شتەكانی تر لەودان و ئەفرێنراون، هەر بۆیەشە لە بوونیاندا قەرزداری خودان.
      جا بۆیە دەبێت هەموو مەعریفە و زانینێكیش لە دەوری سیفەتەكانی خودا و دۆخەكانی ئەم سیفەتانە بسوڕێتەوە نەك هیچ شتێكی تر.
     پاش خستنەڕووی یەكەم هۆكار و دوا هۆكاری حەقیقەت، سپینۆزا میتافیزیكای مرۆڤ پیشان دەدات، لێرەدا بنەما سەرەكییەكە ئەو تێزەی سپینۆزایە كە پێی وایە درێژبوونەوە و ئاگایی هەردووكیان سیفەتی یەك جەوهەرن و دەتوانین لێی وردبینەوە. لەمەشەوە ئەم ئەنجانگیرییە دەكات:
      " ڕێكخستن و لێك بەستنەوەی هزرەكان و ڕێكخستن و لێكبەستنەوەی شتەكان یەك جۆرن". بە بڕوای ئەو حەقیقەتی شتەكان و هزرەكان تەنیا بەندە بە تێڕوانینی عەقڵییانە لە سیفەتەكانی خودا. هەموو جەستەكان حاڵەتەكانی خودان و سیفەتی درێژبوونەوەیان هەیە، هزرەكانیش سیفەتی ئاگایی.
      دەرهەق بە مرۆڤیش، پەیوەندی نێوان جەستە و دەروون پەیوەندییەكی هاوسەنگە: هەردووكیان دوو ڕواڵەتی یەك تاكەكەسن.   

سەرچاوە:
بیتر كونزمان و آ‌خرون: أطلس DTV الفلسفة، ترجمة: د. جورج كتورە، المكتبة  الشرقیة، الطبعة الثانیة، بیروت- لبنان، 2007، ص109-110.  

Friday 13 September 2013

سۆرین كیركگارد


وەرگێڕانی: هاوار محەمەد


      دەبێت سۆرین كیركگارد (1813-1855) لەنێو بیرمەندە زۆر جەسوورەکانى سەدەی نۆزدە پۆلێن بكەین. كتێبەكانی خۆی (كە هەندێكیانی بە ناوی خوازراوەوە بڵاو كردەوە) بە شێوازێكی زۆر تایبەت بەخۆی نووسیوە و تەرخانی كردوون بۆ بابەتی ئەدەبی و دەروونشیکاری و مشتومڕی لاهوتی. بەڵام زۆرینەی بەرهەمەكانی بە پاشخانی سەربردەی كەسیی خۆی دەناسرێنەوە و تێیاندا ڕوانگەگەلی ئایینی (مەسیحییەت) دەخاتە ڕوو كە پرسی ئیمانی كردە بابەتێكی یەكلاكەرەوە. شیكارییەكانی ئەو بۆ جۆرەكانی بوونی مرۆیی كاریگەرییەكی زۆری هەبوو لەسەر فەلسەفە بوونگەراكانی سەدەی بیستەم.
      كیركگارد ئەم پرسیارە یەكلاكەرەوەی كرد:
      من چۆن دەتوانم وەك سوبێکتێک هەبوو پەیوەندی لەگەڵ خودا دابمەزرێنم؟ بۆ ئەوەی ئەمە ڕووبدات پێش هەموو شتێك پێویستە لە پێشمەرجە عەینییەكانی بوونی تاك تێبگەم، بە دەربڕینێكی دیكە " لە بووندا لە خۆم تێبگەم". فەلسەفەی ئایدیالیزمی ئەڵمانی (بەتایبەتی هیگڵ) بە هۆی داهێنانی شێوازی "هزری ئەبستراكت"ـەوە كتومت ئەمەی لە بیركردنەوەی خۆی كردۆتە دەرەوە کە كیركگارد وتوویەتی.
      "بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی بیركردنەوەی ئەبستراكت دەكەوێتە نێو تێڕوانینی ئەزەلییەوە ئەوا نە كات لەبەرچاو دەگرێت و نە صیرورەی تایبەت بە بوون و نە دەروەستى ئەو مەینەتییانەیش دێ کە بوون گیرۆدەیان بووە...".
      جا لەبەرئەوەی بیركەرەوەی ئەبستراكت خۆیشی هەر بوونێكی عەینیی هەیە، ئەوا ئەگەر بێتوو دان بەم بنەمایەی بوون و بیركردنەوەیدا نەنێت دەگۆڕێت بۆ "لیبۆکێکى كۆمیدی"و خۆی و بیركردنەوەكانی دەكات بە بت. بە پێچەوانەی ئەمەیشەوە، دەبێت خۆی وەك سوبێکت بگۆڕێت واتە "... مەعریفە پەیوەست بێت بە سوبێکتێکى هۆشیارەوە كە هەر دەبێت بوونی هەبێت. جا لەبەرئەوە حەقیقەتی واقیعی تایبەت ئەو حەقیقەتەیە كە (لەوێدا) بوونی هەیە. ئەم حەقیقەتەیش بەرژەوەندییە ڕەهاكەیەتی".
      خۆ ئەگەر بەم هۆیەوە بوونی مرۆیی ببێتە تەوەری لێكدانەوە فەلسەفییەكان، ئەوا ئەو كاتە ئەم پرسیارە زەق دەبێتەوە: مرۆڤ چییە؟
      "مرۆڤ یەكخەری میانەی بێ‌ پایان و پایاندار، كاتی و ئەزەلی، ئازادی و ناچارییە. بە كورتی واتە مرۆڤ تەباییە. تەبایی نێوان دوو شت". لەگەڵ ئەوەیشدا ئیدی لەم ساتەوە ئەو سوبێکت نییە: "سوبێکت پەیوەندییەكە كە بۆ خۆی دەگەڕێتەوە، یاخود ئەو خەسڵەتەیە كە پەیوەندیی گەڕانەوە بۆ خۆی، هەیەتی". مرۆڤیش نابێتە خۆی تەنیا بەوە نەبێت كە بە شێوەیەكی هۆشمەندانە پابەند بێت بە تەبایی بوونی خۆیەوە.
      بوونی سوبێکت تەنیا پێدراوێكی حازر بەدەست نییە لە بەردەستی مرۆڤدا، بەڵكو ئەرك و ئامانجێكە پێویستە وەدی بهێنرێت. لێرەدا دەكرێت مرۆڤ لە پەیوەندی لەگەڵ تەبایی خۆیدا خۆی لە بەدحاڵیبووندا ببینێتەوە و دەرك بەوە بكات كە دەرهەق بەخۆی بە ئاگایی و نائاگایی گوناهـ دەكات. كیركگارد لە كتێبی "نەخۆشی هەتا مردن"ـدا ئەم دۆخی بێ‌ ئومێدییەمان بۆ وەسف دەکات، واتە باسی ئەوەمان بۆ دەكات كە مرۆڤ بە شێوەی هەمەجۆر و جیاواز ئەوە ڕەت دەكاتەوە كە خۆی بێت.
       لەبەرئەوەی مرۆڤ بەدەستی خۆی نییە كە وەك تەبایی و خۆسازان ئافەریدە كراوە، بەڵكو خودا بەو جۆرە ئافەریدەی كردووە، ئەوا دەبێت ئەم هەڵە تێگەیشتنە بخرێتە نێو ڕوانگەی پەیوەندی بە خوداوە. ئەمەش كتومت دیاریكردنی (گوناهـ)ـە. واتە ئەوەی كە "مرۆڤ" نەیەوێت لەبەردەمی خوادا خۆی بێت.
      كیركگارد بۆ دیاریكردنی قۆناغە جیاوازەكانی بوون، باسی چوونی مرۆڤ بەرەو ئیمان دەكات، لەمەشدا بەشێوەیەكی ڕوون و ئاشكرا مرۆڤ پشت بەو هێزە دەبەستێت كە ئافەریدەی كردووە.
     لە قۆناغی ئێستاتیكیدا مرۆڤ لە بەركەوتنی ڕاستەوخۆدا دەژی، واتە هێشتا ئەوەی هەڵنەبژاردووە كە خۆی وەك "من" یان وەك "سوبێکت" هەڵبژێرێت. ئەو لە دەرەكیبوون و دەرەوەدا و لە هەستەكیبوون و هەستدا دەژی، ئەوەش بە پێڕەویكردن لەم دروشمە: "دەبێت چێژ لە ژیان ببینم". نموونەی ئەمەش "دۆن جوان"ـە.
      لەبەرئەوەی مرۆڤ لە وەدیهێنانی ئەم جۆرە ژیانەدا لە دەرەوەڕا دەمێنێتەوە، واتە لە شوێن و جێیەکدا، لە دنیایەکدا كە دەسەڵاتی بەسەریدا ناشكێت، ئەوا هەستكردنی سەرەكی لە بوونی هونەریدا هەستكردنێكی دیار یان شاراوە بە نائومێدییە. لەم بیرۆكەیەشەوە هەلومەرجەكانی ئەم جۆرە بوونەی لێ‌ دادەماڵرێت.
كاتێكیش مرۆڤ خۆی لە نائومێدیدا هەڵدەبژێرێت ئەوا باز دەدات بۆ قۆناغی ئاكاری.
      "... لەبەرئەوەی هەرگیز ناتوانم جگە لە خۆم هیچ شتێكی دیكە هەڵبژێرم، ئەوا ئەم هەڵبژاردنە ڕەهایە ئەوەیە كە ئازادییەكەم فەراهەم دەكات. تەنیا بەم كارە ئەبم بەو بوونەی كە سنوورى جیاكەرەوەی نێوان چاكە و خراپە دەردەخەم".
      بوونی ئاكاری وا خۆی هەڵبژاردووە وەك ئەوەی بوونی سوبێکتە، بەوەش سەربەستی لەبەرامبەر بووندا بەدەست هێناوە. بوونی ئاكاریی سوبێکتى بكەری هەڵبژاردنە، بەهۆی ئەم بوونەیشەوە ژیان بەردەوامی و گەرموگوڕی بەخۆیەوە دەگرێت. لەگەڵ ئەوەیشدا ئەم قۆناغە ناتوانێت بگاتە كەماڵی هەمەكی، لەبەرئەوەی لەم قۆناغەدا مرۆڤ لەمیانەی توانای "گوناهكردن"ـەوە خاوەنی پێشمەرجی ژیانێكی ئایدیالییانەی ئاكاری نییە، چونكە بیرۆكەی گوناهـ لەسەری باڵادەستە. بۆیە مرۆڤ لەمەوە دەگات بە قۆناغی ئایینی.
      ئەو مرۆڤەی خۆی بە گوناهبار دەزانێت لەوەش تێدەگات كە خۆی بە تەنیا ناتوانێت لە گوناهـ ڕزگاری ببێت. بۆیە خودا، تەنیا خودا، توانای چوونی بەرەو حەقیقەت پێ‌ دەبەخشێت و دەیخاتە سەر رێى ڕاستى: كرۆكی ئیمان ئەو پارادۆكسەیە كە بەهۆیەوە ئەزەلی دێتە نێو كاتەوە، ئەبەدى و زەمەنى تێکەڵ دەبن، واتە خودا دەبێتە مرۆڤ.. (مەسیح).
      جا لەبەرئەوەی دەبێت خودا بێتە نێو مرۆڤەكانەوە تا حەقیقەتیان پێ‌ بەخشێت، ئەوا ئەمە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی مرۆڤ بە تەنیا خۆی و بەهۆی خۆیەوە ناتوانێت بە حەقیقەت بگات، بەڵكو دەبێت خودا ئەو هەلومەرجەی بۆ بڕەخسێنێت. هەر بەهۆی ئیمانەوە، بێ‌ هیچ ترسێك، مرۆڤ لەخوداوە ڕاست دەبێتەوە.

سەرچاوە:
بیتر كونزمان و آ‌خرون: أطلس dtv الفلسفة، ترجمة: د. جورج كتورە، المكتبة الشرقیة، الطبعة الثانية، بیروت- لبنان، 2007، ص 162-164.