My Blog List

بابه‌ته‌ نوێیه‌كان

خۆرهەڵات و فەلسەفە

Friday 13 September 2013

سۆرین كیركگارد


وەرگێڕانی: هاوار محەمەد


      دەبێت سۆرین كیركگارد (1813-1855) لەنێو بیرمەندە زۆر جەسوورەکانى سەدەی نۆزدە پۆلێن بكەین. كتێبەكانی خۆی (كە هەندێكیانی بە ناوی خوازراوەوە بڵاو كردەوە) بە شێوازێكی زۆر تایبەت بەخۆی نووسیوە و تەرخانی كردوون بۆ بابەتی ئەدەبی و دەروونشیکاری و مشتومڕی لاهوتی. بەڵام زۆرینەی بەرهەمەكانی بە پاشخانی سەربردەی كەسیی خۆی دەناسرێنەوە و تێیاندا ڕوانگەگەلی ئایینی (مەسیحییەت) دەخاتە ڕوو كە پرسی ئیمانی كردە بابەتێكی یەكلاكەرەوە. شیكارییەكانی ئەو بۆ جۆرەكانی بوونی مرۆیی كاریگەرییەكی زۆری هەبوو لەسەر فەلسەفە بوونگەراكانی سەدەی بیستەم.
      كیركگارد ئەم پرسیارە یەكلاكەرەوەی كرد:
      من چۆن دەتوانم وەك سوبێکتێک هەبوو پەیوەندی لەگەڵ خودا دابمەزرێنم؟ بۆ ئەوەی ئەمە ڕووبدات پێش هەموو شتێك پێویستە لە پێشمەرجە عەینییەكانی بوونی تاك تێبگەم، بە دەربڕینێكی دیكە " لە بووندا لە خۆم تێبگەم". فەلسەفەی ئایدیالیزمی ئەڵمانی (بەتایبەتی هیگڵ) بە هۆی داهێنانی شێوازی "هزری ئەبستراكت"ـەوە كتومت ئەمەی لە بیركردنەوەی خۆی كردۆتە دەرەوە کە كیركگارد وتوویەتی.
      "بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی بیركردنەوەی ئەبستراكت دەكەوێتە نێو تێڕوانینی ئەزەلییەوە ئەوا نە كات لەبەرچاو دەگرێت و نە صیرورەی تایبەت بە بوون و نە دەروەستى ئەو مەینەتییانەیش دێ کە بوون گیرۆدەیان بووە...".
      جا لەبەرئەوەی بیركەرەوەی ئەبستراكت خۆیشی هەر بوونێكی عەینیی هەیە، ئەوا ئەگەر بێتوو دان بەم بنەمایەی بوون و بیركردنەوەیدا نەنێت دەگۆڕێت بۆ "لیبۆکێکى كۆمیدی"و خۆی و بیركردنەوەكانی دەكات بە بت. بە پێچەوانەی ئەمەیشەوە، دەبێت خۆی وەك سوبێکت بگۆڕێت واتە "... مەعریفە پەیوەست بێت بە سوبێکتێکى هۆشیارەوە كە هەر دەبێت بوونی هەبێت. جا لەبەرئەوە حەقیقەتی واقیعی تایبەت ئەو حەقیقەتەیە كە (لەوێدا) بوونی هەیە. ئەم حەقیقەتەیش بەرژەوەندییە ڕەهاكەیەتی".
      خۆ ئەگەر بەم هۆیەوە بوونی مرۆیی ببێتە تەوەری لێكدانەوە فەلسەفییەكان، ئەوا ئەو كاتە ئەم پرسیارە زەق دەبێتەوە: مرۆڤ چییە؟
      "مرۆڤ یەكخەری میانەی بێ‌ پایان و پایاندار، كاتی و ئەزەلی، ئازادی و ناچارییە. بە كورتی واتە مرۆڤ تەباییە. تەبایی نێوان دوو شت". لەگەڵ ئەوەیشدا ئیدی لەم ساتەوە ئەو سوبێکت نییە: "سوبێکت پەیوەندییەكە كە بۆ خۆی دەگەڕێتەوە، یاخود ئەو خەسڵەتەیە كە پەیوەندیی گەڕانەوە بۆ خۆی، هەیەتی". مرۆڤیش نابێتە خۆی تەنیا بەوە نەبێت كە بە شێوەیەكی هۆشمەندانە پابەند بێت بە تەبایی بوونی خۆیەوە.
      بوونی سوبێکت تەنیا پێدراوێكی حازر بەدەست نییە لە بەردەستی مرۆڤدا، بەڵكو ئەرك و ئامانجێكە پێویستە وەدی بهێنرێت. لێرەدا دەكرێت مرۆڤ لە پەیوەندی لەگەڵ تەبایی خۆیدا خۆی لە بەدحاڵیبووندا ببینێتەوە و دەرك بەوە بكات كە دەرهەق بەخۆی بە ئاگایی و نائاگایی گوناهـ دەكات. كیركگارد لە كتێبی "نەخۆشی هەتا مردن"ـدا ئەم دۆخی بێ‌ ئومێدییەمان بۆ وەسف دەکات، واتە باسی ئەوەمان بۆ دەكات كە مرۆڤ بە شێوەی هەمەجۆر و جیاواز ئەوە ڕەت دەكاتەوە كە خۆی بێت.
       لەبەرئەوەی مرۆڤ بەدەستی خۆی نییە كە وەك تەبایی و خۆسازان ئافەریدە كراوە، بەڵكو خودا بەو جۆرە ئافەریدەی كردووە، ئەوا دەبێت ئەم هەڵە تێگەیشتنە بخرێتە نێو ڕوانگەی پەیوەندی بە خوداوە. ئەمەش كتومت دیاریكردنی (گوناهـ)ـە. واتە ئەوەی كە "مرۆڤ" نەیەوێت لەبەردەمی خوادا خۆی بێت.
      كیركگارد بۆ دیاریكردنی قۆناغە جیاوازەكانی بوون، باسی چوونی مرۆڤ بەرەو ئیمان دەكات، لەمەشدا بەشێوەیەكی ڕوون و ئاشكرا مرۆڤ پشت بەو هێزە دەبەستێت كە ئافەریدەی كردووە.
     لە قۆناغی ئێستاتیكیدا مرۆڤ لە بەركەوتنی ڕاستەوخۆدا دەژی، واتە هێشتا ئەوەی هەڵنەبژاردووە كە خۆی وەك "من" یان وەك "سوبێکت" هەڵبژێرێت. ئەو لە دەرەكیبوون و دەرەوەدا و لە هەستەكیبوون و هەستدا دەژی، ئەوەش بە پێڕەویكردن لەم دروشمە: "دەبێت چێژ لە ژیان ببینم". نموونەی ئەمەش "دۆن جوان"ـە.
      لەبەرئەوەی مرۆڤ لە وەدیهێنانی ئەم جۆرە ژیانەدا لە دەرەوەڕا دەمێنێتەوە، واتە لە شوێن و جێیەکدا، لە دنیایەکدا كە دەسەڵاتی بەسەریدا ناشكێت، ئەوا هەستكردنی سەرەكی لە بوونی هونەریدا هەستكردنێكی دیار یان شاراوە بە نائومێدییە. لەم بیرۆكەیەشەوە هەلومەرجەكانی ئەم جۆرە بوونەی لێ‌ دادەماڵرێت.
كاتێكیش مرۆڤ خۆی لە نائومێدیدا هەڵدەبژێرێت ئەوا باز دەدات بۆ قۆناغی ئاكاری.
      "... لەبەرئەوەی هەرگیز ناتوانم جگە لە خۆم هیچ شتێكی دیكە هەڵبژێرم، ئەوا ئەم هەڵبژاردنە ڕەهایە ئەوەیە كە ئازادییەكەم فەراهەم دەكات. تەنیا بەم كارە ئەبم بەو بوونەی كە سنوورى جیاكەرەوەی نێوان چاكە و خراپە دەردەخەم".
      بوونی ئاكاری وا خۆی هەڵبژاردووە وەك ئەوەی بوونی سوبێکتە، بەوەش سەربەستی لەبەرامبەر بووندا بەدەست هێناوە. بوونی ئاكاریی سوبێکتى بكەری هەڵبژاردنە، بەهۆی ئەم بوونەیشەوە ژیان بەردەوامی و گەرموگوڕی بەخۆیەوە دەگرێت. لەگەڵ ئەوەیشدا ئەم قۆناغە ناتوانێت بگاتە كەماڵی هەمەكی، لەبەرئەوەی لەم قۆناغەدا مرۆڤ لەمیانەی توانای "گوناهكردن"ـەوە خاوەنی پێشمەرجی ژیانێكی ئایدیالییانەی ئاكاری نییە، چونكە بیرۆكەی گوناهـ لەسەری باڵادەستە. بۆیە مرۆڤ لەمەوە دەگات بە قۆناغی ئایینی.
      ئەو مرۆڤەی خۆی بە گوناهبار دەزانێت لەوەش تێدەگات كە خۆی بە تەنیا ناتوانێت لە گوناهـ ڕزگاری ببێت. بۆیە خودا، تەنیا خودا، توانای چوونی بەرەو حەقیقەت پێ‌ دەبەخشێت و دەیخاتە سەر رێى ڕاستى: كرۆكی ئیمان ئەو پارادۆكسەیە كە بەهۆیەوە ئەزەلی دێتە نێو كاتەوە، ئەبەدى و زەمەنى تێکەڵ دەبن، واتە خودا دەبێتە مرۆڤ.. (مەسیح).
      جا لەبەرئەوەی دەبێت خودا بێتە نێو مرۆڤەكانەوە تا حەقیقەتیان پێ‌ بەخشێت، ئەوا ئەمە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی مرۆڤ بە تەنیا خۆی و بەهۆی خۆیەوە ناتوانێت بە حەقیقەت بگات، بەڵكو دەبێت خودا ئەو هەلومەرجەی بۆ بڕەخسێنێت. هەر بەهۆی ئیمانەوە، بێ‌ هیچ ترسێك، مرۆڤ لەخوداوە ڕاست دەبێتەوە.

سەرچاوە:
بیتر كونزمان و آ‌خرون: أطلس dtv الفلسفة، ترجمة: د. جورج كتورە، المكتبة الشرقیة، الطبعة الثانية، بیروت- لبنان، 2007، ص 162-164.  
      

No comments:

Post a Comment