My Blog List

بابه‌ته‌ نوێیه‌كان

خۆرهەڵات و فەلسەفە

Friday 8 November 2019

کۆمۆنیزم و وێرانەکانى

لە یادی ڕووخانی دیواری بەرلیندا

هاوار محەمەد 
چەند مانگێک لەمەوپێش بە گەشتێک سەردانى شارى "درێسدن"ى ئەڵمانیام کرد. درێسدن پایتەختى ویلایەتى 'زاکسن'ـە لە ڕۆژهەڵاتى ئەو وڵاتە. پێش ڕووخانى دیوارى بەرلین ئەم ویلایەتە لەگەڵ چەند ویلایەتێکى دیکەى نزیکیدا سەر بە کۆمارى دیموکراتى ئەڵمانیا DDR  ]دەوڵەتى کۆمۆنیستى لە ئەڵمانیاى ڕۆژهەڵات] بوون، واتە درێژکراوەى کۆمۆنیزمى سۆڤیەتى. بەشێک لە سۆشیالیستەکانى ئەڵمانیا دەڵێن، ئێستایشى لەگەڵبێ ویلایەتەکانى ڕۆژهەڵات لە چاو بەشى ڕۆژئاواى ئەڵمانیادا، هەر بە ئەنقەست فەرامۆشکراو و بێ خزمەتن، شوێنەوارى وێرانە و جەنگیان زۆر بەسەرەوە ماوە. بەڵام پێدەچێ ئەمە تەنیا پاساو بێت بۆ داپۆشینى شوێنەوارە وێرانکەرەکانى بلۆکی پێشووی خۆرهەڵات بەسەر ئەو شارانەوە. کاریگەرییەکانى دەسەڵاتە داخراو و حزب-دەوڵەتییەکەى کۆمارى پێشووى ئەڵمانیا تەنیا بەسەر سیماى شارەکانەوە نییە، بەڵکو لەسەر کۆى کەسایەتى و سایکۆلۆژیاى دانیشتووانى ئەو ناوچانەیش زەق و بەرچاوە، کە ئێستا ئەو ناوچانە بوونەتە مەڵبەندیى سەرەکیى زۆربەى ڕاسیستە تووندڕەوەکان و نیو-نازییەکان و گروپەکانى دژە پەنابەران. پرسیارێک کە بەردەوام و بە تایبەتیش لەو سەفەرەدا مێشکمى مەشغوڵکردبوو ئەمەبوو: ''بۆچى رێک لە ناوچەى دەسەڵاتى پێشووى کۆمۆنیزمدا، لە بەشە ڕۆژهەڵاتەکەى ئەڵمانیا، ڕاسیزم هێندە بەهێزە؟''. ''چۆن دەشێت میراتى کۆمۆنیزم بە هەموو قورساییەکەوە حزورى هەبووبێ، بەڵام لە برى ئەوەى ئەم هەستە ڕاسیستیانە لە سایەیدا کاڵ ببنەوە چەند هێندە بەهێزتر بووبن؟''. هەڵبەت ئەوە ڕاستە کەسێکى مارکسیست دەتوانێت بڵێت "ئەوەى هەبوو کۆمۆنیزم نەبوو، سەرمایەداریى دەوڵەتى یان ستالینیزم یان کۆمۆنیزمى ساختە بوو"، ڕاستڕەوەکانیش بەرهەمی دوای رووخانی دیواری بەرلینن؛ بەڵام ئەمە وەڵامێکى کافیی نییە. ئەو راستڕەوە تووندڕەوەی ئەمڕۆ دەیبینین کۆمۆنیزمی سۆڤیەت بە ڕەتاندن و تێکشکاندنی ئینسان و شێواندنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و کوشتنی متمانە و هەر کرانەوەیەک، هەموو زەمینەیەکی دەروونی و سایکۆلۆژیی بۆ ڕەخساندووە. هەر دەسەڵاتێکی ستەمکار و تۆتالیتار هەڵگەڕانەوەکەی خۆیشی وەک بەشێک لە خۆی هەڵگرتووە. خەسڵەتی ئەم دەسەڵاتانە ئەوەیە لە دۆخی دوای قڵپبووەنەوەیاندا بە تەواوەتی دەرەنجامەکانیان دەردەکەوێت و ئەوەی کە بونیادیان ناوە/وێرانیان کردووە ڕوون خۆی پیشان دەدات؛ ئەمە دۆخی عێراقی دوای سەدام حسێنیشە: دیکتاتۆرییەت دەروخێت، بەڵام وێرانەیەکی ترسناکیش لەگەڵیدا دەردەکەوێ، کە مەگەر بەرەنگاریی زۆر بەهێز هەبێت، ئینجا بکرێت لە ماوەی چەندین ساڵدا شوێنەوارەکانی بسڕدرێتەوە..
بە گوێرەى فۆکۆ، هەر فۆڕمێکى دەسەڵات سوبێکتێکى تایبەت بە خۆیشى بەرهەم دەهێنێت؛ ئەو سوبێکتەى لە ژێر سایەى زەبروزەنگ، برسێتى و کارى تاقەتپڕوکێن و میکانیزمەکانى دیکەى دەسەڵاتى سۆشیالیزمى دەوڵەتى (هەر ئەوەى کە پێیدەوترێ سەرمایەداریى دەوڵەتى)ـدا لەو ناوچانە دروست بووە، لەمڕۆدا لە بانگەشە ترسناکەکانى ڕاسیزمدا، کە پارتى ڕاستڕەوى تووندڕەوى ئەڵتەرناتیڤى ئەڵمانیا AFD، کە حزبێکى نیو-نازیستین، نماییندە هەرە مەدەنییەکەیەتى، دەیبینینەوە. ڕاسیزم لە ڕۆژهەڵاتى ئەڵمانیا لە گوتارى دژە-پەنابەریدا گوزارشت لە خۆى دەکات. بەهۆى دژایەتیى پەنابەرەوە بۆ یەکەمجار پارتى ئەڵتەرناتیڤ، لە هەڵبژاردنى پێشووى ئەڵمانیادا بە 13%ى دەنگەکان گەیشتنە پەرلەمان، و لە هەڵبژاردنەکانى 2019ى پەرلەمانى ئەوروپایشدا دەنگیان بە ڕێژەى 4% بەراورد بە هەڵبژاردنى 2014ى ئەوروپا، زیادیکرد. ئەمەیش ڕێژەیەکى یەکجار بەرزە بۆ ڕاستڕەوە تووندڕەوەکان بە جۆرێک کە لە هەندێ شار نزیکەى 30%-40%ى کۆى دەنگەکانیان هێنا. هەڵبەت بەشى زۆرى دەنگەکانیان لە ویلایەتەکانى ڕۆژهەڵات کۆکردەوە، لەوانە ویلایەتى تورینگن و زاکسن ئەنهاڵت و ماکلینبۆرگ فۆرپۆمن، بەڵام چەقی قورساییەکە لە ویلایەتی زاکسنە..
سەرەتا کە چوومە نێو شارەکە بە ئاسانى هەستم بەوە کرد میترۆپۆلێکى سەرمایەدارییە و شوێنەوارێکى ئەوتۆى کۆمۆنیزم بە ڕوونى نابینرێت، واتە ئەو وێرانەیەیش نەبوو کە لە کۆکردنەوەى زانیارییەکاندا پێمدرابوو، بە پێچەوانەوە شارێکى قەشەنگى ڕازاوە بە سەنتەرێکى سەنجڕاکێش و کەنیسەى نوێى جوان، ڕووبارى "ئیبێ" die Elbe وەک سەرخۆشێک کە ناتوانێ ڕاستەڕێ بڕوات بە نێو شارەکەدا تێپەڕیوە، ڕووبەرى سەوزایى زۆر و خزمەتگوزاریى تەواو، شارێک کە زۆربەى بەشەکانی پاکوخاوێن بوون، وەک لە ئەڵمانیا دەڵێن "شارى مۆزەخانەکان". لەگەڵ ئەمەدا هەر کەسێک بڕێکى کەم ئاشناى شێوازى جوڵەى سەرمایە بێت لەمڕۆدا، ئەوا ڕواڵەتى جوانى شارەکە فریووى نادات، بەڵکو دەزانێت لەنێو بریقوباقەکاندا خەمۆکى و تووندوتیژیى گەشەى کردووە، شارەکە لەدواى وێرانبوونەوە هەستاوەتەوە و ئەوەیشى هەڵیساندۆتەوە بە پلەى یەکەم سەرمایەیە و ئینجا هەوڵەکانی حکومەتی ئەڵمان لە پلەى دووەمدا دێت، بە جۆرێک کە بە گوێرەی یاسا باجێک هەیە لە ئەڵمانیا پێیدەترێت "باجی سۆڵیدارێتی"، ئەم باجە بۆ ئاوەدانکردنەوەی ڕۆژهەڵاتی ئەڵمانیا کۆدەکرێتەوە و سەرف دەکرێت. بەڵام وەک دواتر لە خەلکانێکم بیست و هەندی بەدواداچوونیترم کرد، بۆم دەرکەوت لە بەشی رۆژهەڵاتەکەی ئەوروپا وێرانکارییەکانی جەنگ و دەوڵەتی سۆڤییەتی بە حەدێک زۆربووە کە ئاستەمە بە چەندین ساڵیتریش هاوتای رۆژئاوا ببنەوە.. ئەوە تەنیا درێسدن و هەندێ سەنتەریی ترە، وەک نیشانەی ئاوەدانیی دنیای سەرمایەداریی و چوونە نێو یەکێتی ئەوروپا ڕازێنراونەتەوە و زۆرینەی ناوچەکانیتری رۆژهەڵات بەوجۆرە نین.. ئەمە مێژوویەک نییە کە "بۆرژوازییەت" نووسیبێتییەوە و درۆی بۆ کۆمۆنیزم هەڵبەستبێت، دواتریش هەندێ مێژوونووس "مێژووە ڕاستەقینەکە"ی بنووسنەوە، هەرکەس گەشتێکی بۆ ئەو ناوچانە کردبێت، یان بە ئاستەم کەسێکی ڕۆمانی، بولگاریی، کرواتی، مۆلداڤی بدوێنێت دەزانێت لە چ نەهامەتییەکدا ژیاون، بۆیە لەبری پینەوپەڕۆکردن و ماکیاژکرنی ئەم ئەزموونە ستالینیستییەی کۆمۆنیزم، باشتروایە بە زەبری ڕەخنە بزووتنەوەی چەپ لەو ستراکچەرە ڕزگار بکرێت کە ستالینیزم لێوەی سەریدەرهێنا و گەشەی کرد..
تاکە شتێک کە لە شاری درێسدندا ترسناک نەدەهاتە بەرچاو بەشێکی شارەکە بوو کە پییدەڵێن "نۆى شتات" واتە '"شارى نوێ". ئاماژەیە بۆ دروستکردنەوەى سەرلەنوێى شارەکە لە دواى خاپووربوونى لە جەنگى دووەمى جیهانیدا. بەڵام نۆی شتات لە شوێنی وەک گوندی ئەڵمانی و ئینگلیزی لای خۆمان نەدەچوو، بەڵکو شوێنێکی ئاسایی، بە خزمەتگوزارییەکی کەمترەوە، بەشێکی تلیاککێش و دەرمانفرۆش و سۆزانیخانە و گروپەکانی سینیکییەکانی گەنجان لەو بەشەی شارەکەدان کە بە تێپەڕینێک مرۆڤ دەبینێت زۆربەی دیوار و دەرگاکان بەنووسراو و کێشراوی گرافیکی نەخشکراون، وەک بیستم ئەو ناوچەیە تاکە شوێنی شارەکەیە کە پەنابەران دەتوانن تیایدا دڵنیاتر بن و هەست بکەن بەشی زۆری خەڵک ڕقیان لێیان نییە..
تێبینى: ئەم وتارە لە سایتى "ڕوانگە و ڕەخنە" بڵاوبۆتەوە. بۆ بینین کلیک لەسەر ئەم لینکە بکە:
http://rwangauraxna.com/detail.aspx?IDNews=369

No comments:

Post a Comment