هاشم ساڵح
وەرگێڕانی: هاوار محەمەد
گۆڤاری
"جیهانی ئایینەكان" كەوا مانگانە لە دەزگای ڕۆژنامەی بەناوبانگی
"لۆمۆند"ی فەرەنسییەوە دەردەچێت، سەرنجی منی ڕاكێشاوە. ئەوەی لە
گۆڤارەكەیش زیاتر سەرنجی ڕاكێشاوم بیرمەندی درەوشاوە "فریدریك لۆنوار"ی
سەرنووسەرییەتی. لە "لۆنوار"دا پوختەی هزری فەرەنسی و ئەوروپی پێكەوە
ڕەنگیان داوەتەوە. ئەو بە تەواوی بەسەر جیهانی ئیسلام و سەرجەم ئایینەكانی تریشدا
كراوەیە. ڕاستە مەجامەلە و ڕووپاماییمان بۆ ناكات، بەڵام بە شێوازی خۆی زۆر بە
ڕاشكاوی لەگەڵمان ئەدوێت: هاوڕێت ئەوەیە ڕاستیت پێ ئەڵێت نەك ئەوەی باش و خراپت
بە ڕاست ئەزانێت. بەم حاڵەیش ئەو بە زمانێكی نەرم و نیان و پڕ خۆشەویستی قسەت
لەگەڵ ئەكات، بێ هیچ باكگراوندێكی خێڵەكی یان ڕەگەزپەرستیی خۆبەگەورەزان. هەر
ئەمەشە ئەو لەو دەم بە هاوارانەی تری ناوەندی فەرەنسی و ڕۆژئاوایش بە گشتی، جیا
ئەكاتەوە.
ئەم سكۆڵەرە
گەنجە چەند كتێبێكی دوا بەدوای یەك دەركرد بوونە مایەی سەرنج لێدان. دوا كتێبیشی
بە ناوی "چارەسەری جیهان یان سارێژی جیهان". وایە، جیهان نەخۆشە و
پێویستی بە چارەسەرە. نەك هەر جیهانی عەرەبی- ئیسلامی بەڵكو هەموو جیهان نەخۆشە!
لێرەدا ناچمە ناو وردەكارییەوە، تەنیا ئەوە دەڵێم ئەو لەو كتێبەدا دەردەكانی ژیاری
هاوچەرخی دەستنیشان كردووە. ڕەنگە بڵێن: "بۆچی دەردی ژیاری و دەردی
نا-ژیارییش هەیە؟ ئەم ئاژاوەیە چییە؟ یان دەرد هەیە یان نییە و بڕایەوە. تكایە، لە
قسە بێ سەروبەرەكانت و كەڵكەڵە سەفسەتەییەكانت قوتارمان بكە! ناشێ مەبەستت ئەوە
بێ كە عەرەب و موسوڵمانان تووشی دەردی بێ ژیاری بوون و فەرەنسا و ڕژئاوایش دەردی
ژیاریی؟" منیش ئەڵێم بەڵێ، ڕێك ئا ئەوەم مەبەست بوو. دەردە ژیارییەكان
بەرەنجامی ئاوسان و زێدەڕوی و لادانی ژیارەكەیە لە سكەی خۆی، دەردە ناژیارییەكانیش
هەر بەرەنجامی زێدەڕەوی لە دەستگرتن بە كۆن و ترادسیۆن و لادان و
پەڕگیرییەكەیەوەیە. جۆری یەكەمیان بۆیە تووشی ژیاری ڕۆژئاوا بووە چوون گەیشتۆتە
لوتكەی پێشكەوتنی زانستی و تەكنۆلۆژی و پزیشكی و شارستانی. جۆری دووەمیان ئێمەی
خەڵكانی دواكەوتووی باشوور یان (بۆ ئەوەی نەختێك نەرمتر بیڵێن) تازەگەشەكردوو
دووچاری هاتووین. بەم جۆرە، دەكرێت هەم دەستنیشانی نەخۆشییەكانی عەرەب و ئیسلام
بكەین و هەمیش ڕۆژئاوا. ڕاستییەكەی ئێمە پێمان وایە هەر ژیارێك كە تیماری هەموو
دەردەكانی دەكات، یەكسەر هەندێ دەردی پێشبینینەكراوی تری تووش دەبێ. بێگومان
مۆدێرنیزم كۆمەڵگە پێشكەوتووەكانی لە زۆر دەرد ڕزگار كرد، وەك هەژاری و برسێتی و
خێڵایەتی، ژیانێكی خۆشگوزران و تەندروستییەكی خۆڕایی بۆ زۆرینەی دانیشتووانەكەی
وەدی هێنا. بەڵام هەندێ نەخۆشیی تری تووش كرد كە لایەنی كەمیان لە پەرستنی پارە و
گوێرەكەی ئاڵتوونی، نوقومبوون لە ئاڵۆش و
چێژەكانی خۆیاندا، تا ڕادەی هوتافكێشان بۆ هۆمۆسێكسواڵەكان و دروستكردنی
گروپەكانیان، وەك لوتكەی پێشكەوتنی ژیارەكە خۆی دەنوێنێت! بەڵام با لێرەدا لەسەر
خاڵێكی گرنگ بوەستین تا تاقی بكەینەوە. ئەویش خاڵی ناكۆكی ئێمە ئەوان هەر لەو
كاتەوەی كە مۆدەی هێرشكردنە سەر ئیسلام و پێغەمبەرەكەی –درودی خوای لێ بێت- لە
ڕۆژئاوا بڵاوبویەوە و بووە باو، جا چ لەڕێگەی وێنەی سووكی كاریكاتۆرییەوە بێت یان
بەهۆی فیلمی قێزەونی سینەمایی یان هەوڵدان بۆ سوتاندنی هەزاران نوسخەی قورئان بە
دەستی قەدیسێكی دەمارگرژی ئەمریكی.. ئایا فریدریك لونوار پشتیوانی لەم كردەوانە
دەكات؟ هەرگیز نەخێر. بە پێچەوانەوەی دەزگا ڕاگەیاندنە بێ نرخەكان و ڕۆشنبیرە
خۆفرۆشەكانەوە بە تووندی سەرزەنشتیان دەكات. سنوورەكانی ئازادی و ئازادی ڕادەربڕین
چین؟ ئایا سنووریان هەیە یان نا؟ بۆ ئەوەی وەڵامی ئەم پرسیارە بدەینەوە دەبێت
فەلسەفەی عەقڵی ڕۆژئاوایی بهێنینە بەرچاو.
فریدریك
لونوار وای دەبینێت ڕەگەزپەرستی كوێرانە زۆر بە باشی لەلایەن فەیلەسوفە
ڕۆشنگەرەكانی سەدەی هەژدەوە شیكراوەتەوە و شرۆڤە كراوە؟ ئەوان لەپێناو ئازادیی
ویژدان و بیروباوەڕ لەو كۆمەڵگایانەدا
تێكۆشان كە تا ئێستایش فەندەمێنتالیزمی مەسیحیی تێیدا زاڵە. ئینجا گرەویان لەسەر
ڕۆحی خۆیان كردووە و بەرپرسیارێتییەكانیان هەڵگرتووە. بە هۆی ئەوانەوە، خەڵكانی
ئەوروپا لەمڕۆدا دەتوانن، بە كەیفی خۆیان سەرزەنشت بكەن یان نەكەن، ڕۆژی یەك شەممە
بچن بۆ كەنیسە یان هەرگیز نەچن، كەچی هەر هاونیشتمانین و هەموو مافە
مەدەنییەكانیشیان پارێزراوە. خۆ ئەمە لەسەردەمی ڤۆلتێر و ڕۆسۆ و دیدرۆ و كانتدا
مەحاڵ بوو. ئەمەش واتەی ئەوەیە ئەوان خۆیان بەرهەمی هەوڵ و ماندووبوونەكانی خۆیان
نەچنییەوە، بەڵكو نەوەكانی دوای خۆیان لێی بەهرەمەند بوون. بەڵام ئەم پێگەیەی كە
ئەمڕۆ ڕۆشنبیرەكان لە ڕۆژئاوا هەیانە ڕۆشنبیرەكانی عەرەب نیانە، چوونكە
فەندەمێنتالستی توندڕەو باڵادەستە و هەمووانی تۆقاندووە. بە واتایەكی تر ڕۆشنبیرەكانی
عەرەب لە ئێستادا لە هەمان ئەو دۆخەدا دەژین كە بەر لە دوو سەد ساڵ ڕۆژشبیرەاكانی
ڕۆژئاوا تێدا بوون. هەر لەبەرئەمەیش دەبێت ڕۆشنگەری لە ئەوروپای ڕۆژئاوا و
ئەمریكای باكوردا گیر نەخوات و بڵاوببێتەوە و درێژببێتەوە، واتە بە گشتی لە
كۆمەڵگە پێشكەوتووەكاندا گل نەخواتەوە.
لە قسەكانی ئەو بیرمەندە گەنجە فەرەنسییەشەوە (واتە
فریدیریك لونوار) هەر ئەمە تێدەگەین. بەڵام ئەی چی دەربارەی ئازادیی ڕادەبڕینی
ڕۆژئاوایی؟ ئایا ئازادی ڕادەربڕین سووكایەتیكردن بە پێغەمبەران و ئایینەكانیش
دەگرێتەوە، وەك ئەوەی توندڕەوە دڵگەرمەكانی ڕۆژئاوا دەیكەن؟ ئەو لێكۆڵەرە وەڵامی
ئەم پرسیارە بێ چەند و چوون بە "نـا" دەداتەوە. ئازادی بیركردنەوە كەوا
فەیلەسوفەكانی ڕۆشنگەری بە تووندی لەبەرامبەر فەندەمێنتالیزمی مەسیحیدا بەرگرییان
لێ دەكرد، هەرگیز ڕێ بەوە نادات هێرش بكرێتە سەر ڕەمزە گەورەكان و بیروباوەڕە
سەرەكییەكانی ئەوانی تر. بۆ نموونە ئایا من مافی ئەوەم هەیە سوكایەتی بە بودا بكەم
و هەست و سۆزی ملیۆنان خەڵكی بودایی بڕوشێنم؟ سوودی ئەمە چییە؟ بە چ هەقێك ئەمە
بكەین؟ من مافی ئەوەم هەیە توێژینەوەیەكی مێژوویی لەبارەی كەسایەتی بودا و
بیروباوەڕەكەی ئەنجام بدەم. ئا لەمەدا جیاوازی هەیە لەنێوان ڕەخنەی بەرپرسیارانە و
برینداركردنی لە خۆڕای كەسایەتییەكە. جا بۆیە ئەگەر فەیلەسوفەكانی ڕۆشنگەری
بهاتبانەیەوە ئەم سەردەمە ئەوا هەموو وێنە كاریكاتۆرییەكان و هەموو فیلمە
سەخیفەكان و هەموو هەوڵەكانی سوتاندنی قورئانی پیرۆز بە دەستی توندڕەوێكی
ڕۆژئاواییان قەدەغە دەكرد و لە بری ئەوەیە توێژینەوەی قووڵی فەلسەفییان لەبارەی
ترادسیۆنی ئیسلامییەوە ئەنجام ئەدا. وەنەبێ ئەمەش نەكرابێ، زۆر لە گەورە زاناكان
و ڕۆژهەڵاتناسە ئەكادیمییەكان ئەم كارەیان كردووە. وێڕای ئەوەش ئەم كارە برینداركەرە
ناشیرینانە دەبێتە مایەی بەرەنجامی پێچەوانە. بەو واتایەی ئەمە هێزی توندڕەوەكان
لە جیهانی ئیسلامیدا زیاد دەكات و ڕۆشنگەرەكانیش تا دوا ڕادە وەڕز دەكات. بێجگە
لەمە بەرەنجامی تریشی هەیە، وەكو هەڵچوون و ڕاستبوونەوەی ئاپۆرە، بگرە دەبێتە
مایەی كوشتن و برینداركردنی كەمینە مەسیحییەكان لە دنیای ئیسلامدا. ئەمەش واتای
ئەوەیە توندڕەوی هاوپەیمانێكی بابەتییانەی توندڕەوییە. هەر وایە، توندڕەوەكانی
ئەوان توندڕەوەكانی ئێمە دەخرۆشێنن! بەڵام، وا ئێمە بەهۆی دواكەوتنی مێژوویی و
جەهل و هەژارییەوە گیرمان خواردووە، ئەی ئەوان چی؟
سەرچاوە:
ڕۆژنامەی (الشرق الأوسط)، ژمارە (12771) نۆڤەمبەری 2013.
No comments:
Post a Comment