My Blog List

بابه‌ته‌ نوێیه‌كان

خۆرهەڵات و فەلسەفە

Sunday 1 December 2013

کاڵا و مەسرەف

هاوار محەمەد

سوبێكت لە شێوازی ژیانی بەرخۆریدا لەنێو كاڵادا نوقم دەبێت, كاڵا ژیان داگیر دەكات. سیستەمی كاپیتالی تەنیا بە گوێرەی پێویستییەكان شتەكان ناگۆرێت بۆ بەرهەم, بەڵكو بەكارهێنان بۆ بەرهەمەكان دەبینێتەوە. بە بڕوای ماركۆزە بەرهەم پێش پێویستی دەكەوێت، بە گووتەی بۆردیۆیش كاڵاكان بۆ خواستەکان بەرهەم دەهێنرێن خواستیش بۆ کاڵاکان دەدۆزرێتەوە. بەم مانایە زێدە بەرهەمهێنانێك هەیە كە دەكەوێتە دەرەوەی پێویستییەكان. ئەم زێدە بەرهەمهێنانە جەوهەرە مەسرەفگەرییەکەى سیستەمی كاپیتالی پێك دەهێنێت. بەرهەم هێنان تا دوا ڕادەی خۆی, تا بەرزترین ئاست، واتە تا ئاستى بەکاڵاکردنى هەموو شتێک لەنێو بەهاى ئاڵوگۆڕدا. دواتریش مەسرەفکردنى ئەم زێدە بەرهەمانە بە شێوەیەكی خێرا. بۆ ئەوەی بەرهەم كەڵەكە نەبێت و داكشان ڕوونەدات و ڕەوتەكە دینامیكییەتی خۆی بپارێزێت دەبێت بەخێرایی بەرهەمەكان بەكاربهێنرێن, ئەبێ زوو بكرێنە مۆدێل و برەویان پێ‌ بدرێت ئینجا بكرێنە پێویستیی بنەڕەتی و پاشانیش بەكاربهێنرێن و دواجاریش ببنە زبڵ. مۆدێل پرۆسەى بە زبڵبوونی خێراى کاڵایە. زبڵ دیوەكەی دیكەی مۆدە یان چرکەساتى دواى مۆدەیە، زبڵ هەر شتێکى موقەدەسە کە لە مۆدە دەکەوێت. دڵی ژیانی مەسرەفگەرایی ئەم پارادۆكسەیە: مۆدە/ زبڵ.
مەسرەفگەرایی خولیا و مەیلێكە هەم چێژبەخش و هەم ئازاراوى ئەم سەردەمەیە؛ لەلایەن دەسەڵات و دەزگا سیاسی و ئابوورییەكانیەوە دروست دەكرێت بۆ ئەوەی مرۆڤ لە ڕاكردنێكی بەردەوامدا بێت بەدوای كاڵاكاندا, مرۆڤ لە سەرەتادا عەشقێكی سەیری بۆ بەرهەمی نوێ‌ هەیە, هەر لەگەڵ یەكەم بەكارهێناندا دژایەتییەكی سەیریشی دەرهەق بە هەمان بەرهەم بۆ دروست دەبێت. سوبێكت دەچێتە دەرەوە, دەكەوێتە نێو بازاڕ و نێو كەلوپەلەكان. كەلوپەلی نوێیش هەمیشە توانایەكی بەرزی فریودان و لەخشتەبردن (إغراء )ـیان هەیە. فۆرمی دروستكردنی بەرهەمەكان و دیزاین و شێوازی بانگەشەکانیان فریودانێكن لە فیتیشیزمى کاڵاوە سەرچاوە دەگرێت، بەڵام خودى فریودانیش هەمان ماناى پێشووترى نییە، چونکە لەم سەردەمەدا سوبێکتەکان بە هۆشیارییەوە فریودەدرێن و چێژ لە فریودانى خۆیان دەبینن. ئەمە میكانیزمی هەرە كارای كاپیتالیزمە بۆ ڕاكێشانی سوبێكت بۆ نێو ئاكاری بەرخۆریی.
سوبێكت لە بەكاربردنی كاڵاكاندا خۆی ون دەكات, واتە خۆی دەبێتە ڕەگەزێك بۆ ئیشكردنی ماشێنى بەرهەمهێنان و بەکاربردن، بە مانایەکیتر، مرۆڤ تەنیا لەنێو کارگەدا و لەڕێگەى فرۆشتنى هێزى کارەکەیەوە نابێتە کاڵا، بەڵکو لە کاتى دەستبەتاڵى و چێژ و سەرگەرمییەکانیشدا دەبێت بە کاڵا، لەمەیشەوە تووشی بارگۆڕان دەبێت بۆ ئۆبێكت. لای فرانكفۆرتییەكان عەقڵانییەتی دەوڵەتە پیشەسازییەكان (عەقڵانیەتی ئامێری)ـیە, بۆیە ئەم گۆڕانەی سوبێكت بۆ ئۆبێكت بریتییە لە گۆڕانی مرۆڤ بۆ ئامێر. بەلای بیرمەندانی قوتابخانەی فرانكفۆرتەوە یەكێك لە میكانیزمە سەرەكییەكانی گۆڕینی مرۆڤ بۆ ئامێر بریتییە لە زانست "واتە زانسگەرایی پۆزەتیڤیزم". میتۆدی پۆزەتیڤیستی مرۆڤ، وەك ئامێرى کردەیى، پارچە پارچە دەكات و بەش بەش لە ڕووى وەزیفییەوە لێی دەكۆڵێتەوە, بەم هۆیەوە مرۆڤ لە گشت (كل)ـدا نابینێت. ئامانج لەم ستراتیژە كۆنترۆڵكردنی مرۆڤە لە ڕێگەى لێکۆڵینەوەى تاقیگەیى و سروشتییەوە. دەتوانین لای میشێل فوكۆیش  هەمان بۆچوون بە جیاوازییەوە ببیینەوە. فوكۆ پێی وایە سوبێكت لە لایەن دەسەڵاتەوە دروست دەكرێت و هەر دەسەڵاتیش هەیمەنەی لەسەر دەكات. لای فوكۆ دەسەڵات تەنیا دەسەڵاتێكی پەكپارچەی كەڵكەكەبوو و قوچەكی نییە، بەڵكو میكرۆفیزیای دەسەڵاتە، واتە وردە دەسەڵات. وردە دەسەڵات پەخشبوونەوەی دەسەڵاتە لە سەرجەم پنتەكاندا, لە كۆی كایەكاندا, دروستكردنی دامەزراوە و دەزگاكانە بۆ هەر لایەنێكی ژیانی مرۆڤ، بەرهەمهێنانى مەعریفەیە دەربارەى هەر بەشێکى ژیانى سوبێکت. دەسەڵات لە دامەزراوەكاندا خۆى لەگەڵ مەعریفەدا گرێ دەدا و پیادەی خۆی لەسەر سوبێكت دەكات، لە ڕێگەی زانستیشەوە (بەتایبەت بایۆلۆژیا و پزیشكیی عەقڵی و دەروونشیكاری)ـیەوە وەك ئۆبێكت لە سوبێكت دەكۆڵێتەوە و لە ڕێگەى زانستە مرۆییەکانەوە مرۆڤ دەکات بە ئوبێکتى لێکۆڵینەوەى خۆى.
لە سیستەمی بەرخۆریدا سوبێكت لە مەسرەفەوە شوناس وەردەگرێت, بەڵام شوناسی سوبێكت هەمان خەسڵەتی ئۆبێكتە، بە تایبەتى شوناسى وەزیفى. ئەمە شوناسێكی شێواو و ناجێگیرە, چونكە هەڵگری هەمان خەسڵەتی شتە. شت جەوهەری شوناسەكەیە, بەم مانایەش سوبێكت بە شتەكاندا دەناسرێتەوە. مەسرەفگەرایی تەنیا خۆشخۆریی و شیكپۆشی و ماڵ و خانوو و ئۆتۆمبێلی قەشەنگ و گرانبەها نییە, بەڵكو هەبوونی ئەم شتانەیە تەنانەت ئەگەر بەكاریش نەهێنرێن یان بەخێرایى فڕێ بدرێن؛ بە گوتەیەكی تر دەتوانین بڵێین "پێویستبوون بەم شتانە وا لە بوونیاندا". هەبوون و خاوەندارێتی ئەم شتانە واتای بەكارهێنانیشیانە وەك پێویستییەك بێ‌ ئەوەی پێویست بن, بە یەك وشە دەتوانین بڵێین (هەبوون بۆ مەسرەف پێویستییەكەیە). ئەم ئاكارە تەنیا بۆرژواز و دەوڵەمەندەكان ناگرێتەوە بەڵكو مەسرەفگەرایی لە كۆمەڵگەی بەرخۆریدا ئاكارێكی گشتییە و مەودا لەنێوان چینەكانی خوارەوە و سەرەوەدا كەم دەكاتەوە، چینی سەرەوە مسۆگەری مانەوەی خۆی دەكات و چینی خوارەوەیش ئاسوودە دەبێت بەوەی لاسایى ژیانی چینەكانی سەرەوە بکاتەوە ئەگەر بە "قەرز"ـیش بێت

No comments:

Post a Comment