بە ڕیوایەتى دۆلۆز
بەشى یەکەم
هاوار محەمەد
ڕەنگە حوكمێكی قورس نەبێت گەر بڵێین جگە لەوەی دۆلۆز فەیلەسوفە،
فەیلەسوفێكی ناوازەیشە، ئەو كە سەر بە فەلسەفەى فەرەنسیى شۆڕشى 68 بەدوایە، هەمان
ئەو ڕەوتەى بە هەڵە یان بە ڕاست پێیاندەوترێت "پۆستمۆدێرنیزم"، كەچی
فەیلەسوفانی دانسقەى پێش خۆیشی زۆر باش گوڵبژێر کردووە و لەگەڵیان مەشقى کردووە،
بەتایبەت ئەوانەی كە بۆ دۆلۆز جێی بایەخ بوون. وێڕای گرنگیدانی هاونەوەکانى دۆلۆز،
بۆ نموونە لیوتار، فۆكۆ، بە فەیلەسوفانی پێش خۆیان لەوانە كانت و نیچە و هایدگەر،
كەچی وا پێدەچێت دۆلۆز حاڵەتێكی جیاواز، یان دیاردەیەكی ناوازە بنوێنێتەوە. دۆلۆز
لەڕێگەی كتێب و توێژینەوەكانییەوە لە هاتوچۆیەكی بەردەوامدا بووە لە مۆدێرنەوە بۆ
پۆستمۆدێرنە، بەو مانایەی ئەو هەوڵە فەلسەفییانەى زەق کردۆتەوە کە لە جیهانى
مۆدێرنەوە دێن بە دانسقەیى دێنە نێو دنیاى ئێستایشمانەوە کە دنیاى پۆست پیشەسازى،
پۆستمۆدێرن، یان دنیاى مەجازییە. دۆلۆز ئەم دانسقەییەى نێو مێژووی فەلسەفە وەك
ڕووداو دەبینێت. توێژینەوەكانی ئەو لەبارەی فەیلەسوفانی پێش خۆی و سەردەمی خۆی
ناكرێت چاوپۆشییان لێ بكرێت و ئاماژەیان پێ نەكرێت. بۆ نموونە ئەو لەبارەی
هییومەوە دوو كتێبی نووسیوە، دەربارەى سپینۆزا دوو كتێب، کانت (فەلسەفەی ڕەخنەیی
كانت)، بیرگسۆن (بیرگسۆنیزم) و لەبارەى نیچەوە دوو کتێب (نیچە) و (نیچە و فەلسەفە)،
دەربارەى فۆکۆیش "فۆکۆ"ى نووسیوە و تەنیا بە ناوى تایبەتى "فۆکۆ"وە
ناوى لێناوە، چونکە "ناوى تایبەت" لاى دۆلۆز هەمان خەسڵەتى ڕووداوى هەیە،
یان با بڵێین ناوە تایبەتەکان ناوى کەسەکان نین، بەڵکو ناوى دانسقەییەکانن.
لای
دۆلۆز فەلسەفە هەڵسەنگاندنە، ئەمەش واتە كایەیەكی ناكەسیی impersonal، تەنیا كۆمەڵێك ڕووداو event دەنوێنێت كە دەكرێت ئیمکانى بوونە چەمكیان
هەبێت و وەك چەمك شیاو بن، ئەم تێگەیشتنەش هێڵە وەهمییەكان و یەكێتییە ساختەكەی
مێژووی فەلسەفە تێدەپەڕێنێت و لەمەشەوە فەلسەفە بریتییە لە "داهێنانی
چەمكەكان". ئەم هەوڵانە دەرخەری ئەوەن كە دۆلۆز لەسەر هەوڵە پەرژ و بڵاوەكان
و لەبەردەم فەرادەت و ناوازەییەكانی مێژووی فەلسەفەدا وەستاوە، ئەمەش بە مەبەستی
زەقكردنەوەی ئەم تاكایەتی و ناوازەییانە و دەرخستنی ئەوەی كە هزر ڕووداوە، لە
ساتێكدا ڕوودەدات و لەجیاتی ئەڵقە بێت درزە لەنێو زەمەندا، هزر یەكێتییەكی
بەردەوام و هێڵی لێكنەپچڕاوی پەرەسەندن نییە، بەڵكو ڕووداوی پەرتەوازەیە، گەڕان
نییە بەدوای نموونەگەلی نوێی هزریدا، بەڵكو گەشت و گەڕۆكی و بزۆزی و كۆچەرێتییە لە
مێژووی ناجێگیر و ئاڵۆزی ماوەی زەمەنیی جیاوازدا، یان وەک خۆى دەڵێت فەلسەفە
ئەوەیە دیسان وێنەى هیگڵ بە ڕیشەوە و مارکس بە بێ ڕیش بکێشینەوە، هەر بەم جۆرەیش
دەتوانین کڵاوەکەى کانت لە سەر نیچەدا و قاپووتەکەى نیچە لە بەر کانتدا وێنا
بکەین.
1- کانت، مەعشوقێکى نەیار
دۆلۆز لەبارەی كتێبی "فەلسەفەی
ڕەخنەیی كانت"ـەوە دەڵێت: «ئەو كتێبەیانم كە لەبارەی كانتەوەیە لە كتێبەكانی
ترم جیاوازە، چونكە وا پێوەی سەرقاڵ بووم وەك ئەوەی بە دوژمنەكەمەوە سەرقاڵ بووبم
تا بزانم چۆن خۆی و ماشێنە ]چەمکییەکانى[ ئیش دەكەن». ئەم كتێبە پێكهاتووە لە
(دەروازەیەك و سێ بەش و كۆتاییەك). لە دەروازەكەدا دۆلۆز خەریكی پێشزەمینەسازییە
بۆ ڕوونكردنەوەی چەند بیرۆكەیەك كە لە سێ بەشەكەی تردا تاوتوێیان دەكات، ئەویش بە
ڕوونكردنەوەی ئەو میتۆدانەی كە كانت لە فەلسەفەكاریدا بەكاری هێناون و پەیڕەوی لێ
كردوون. ئەم دەروازەیە دروستكردنی وێنەیەكی گشتییە لەسەر فەلسەفەی كانت و خودی
كتێبەكەی دۆلۆز و بەشەكانی تر باسكردنی ئەم دەروازەیە بە درێژیی و وردەكاریی.
لای دۆلۆز، ئەو میتۆد و ڕێگەیەی كانت بۆ
لێكۆڵینەوە و وردبوونەوەی فەلسەفی بەكاری هێناوە میتۆدی ترانسێندنتالییە. سەرەتا
دۆلۆز پێناسەی عەقڵ لای كانت دەكات بەوەی «زانستی پەیوەندیی نێوان هەموو زانیاریی
و مەبەستە جەوهەرییەكانی عەقڵی مرۆییە» (فەلسەفەی ڕەخنەیی كانت، ل5). بۆیە دۆلۆز
پێی وایە كانت هەم لەگەڵ ئەزموونگەراكان و هەم لەگەڵ عەقڵگەرا دۆگماتیكییەكاندا
كەوتۆتە ململانێ و كێشمەكێش و كێشەوە و، لەبری ئەمانە فەلسەفەی كانت ڕەخنەییە.
ئەزموونگەراكان پێیان وایە عەقڵ فاكەڵتیی مەبەستەكان نییە
و بگرە عەقڵ ئامانج نییە، بەڵكو تەنیا ئامرازێكی ناڕاستەوخۆیە بۆ كۆكردنەوەی و
گونجاندنی پێدراوەكان (معطیات). عەقڵانییەتی دۆگماتیكیش، ئەگەرچی بڕوایەكی
سەرسەختانەی بە عەقڵ هەیە، كەچی مەبەستەكانی بوون و بوونی مرۆیی و شارستانێتیان
بردۆتە دەرەوەی ئەم فەزایە و بەستوویانەتەوە بە بوونەوەر یان جیهانێكی دەرەكی و
باڵاوە. لەم ڕوانگەیەشەوە جیاوازییەك لەنێوان ئەزموونگەرایی و عەقڵانیەتی
دۆگماتیكیدا نییە چونكە هەردوولایان ئامانجەكان دەبەنە دەرەوەی عەقڵ یان بوونەوەری
عەقڵانی. گرنگی پرۆژە ڕەخنەییەكەی كانتیش هەر لێرەدایە، بەوەی كانت جەخت لەسەر
ئەوە دەكاتەوە ئامانجەكانی كولتوور و شارستانێتی ئامانجی تایبەت بە عەقڵن و بگرە
بە ڕەهایی دوا ئامانجن.
أ- مانای فاكەڵتییەكانی عەقڵ
لای كانت عەقڵ بریتییە لە فاكەڵتییەكان و
پەیوەندییەكانیان لەگەڵ یەكتریدا، دۆلۆز دوو مانای چەمكی (فاكەڵتی) دیاری دەكات.
یەكەمیان: هەر تێگەیەك Notion لە پەیوەندیدایە لەگەڵ شتێكی تردا، ئەمەش
بەشێوەیەكی گشتی واتە پەیوەندیی خود و بابەت [سوبێکت و ئوبێکت]. لەمەشدا دوو ئاستی پەیوەندی خود و
بابەت هەیە، لە ئاستی یەكەمدا گونجان و تەبابوونی فاكەڵتییەكان لەگەڵ یەكتریدا،
ئەم پەیوەندییەش فاكەڵتیی زانین دەستنیشانی دەكات یان رێكی دەخات و دایدەڕێژێت. لە
ئاستی دووەمیشدا تێگە دەكەوێتە پەیوەندییەكی هۆكارەكییەوە لەگەڵ بابەتەكەیدا،
ئەمەش فاكەڵتی ئارەزوو (ڕەغبەت) دایدەڕێژێت و دەستنیشانی دەكات. بەڵام لە هەستكردن
بە چێژ و ئازار (كە فاكەڵتیی حوكمدانە)، فاكەڵتییەكانی دەكەونە پەیوەندییەكی
هەڕەمەكییانەی ئازادەوە، نەك لەگەڵ بابەتەكەدا، بەڵكو لەنێوان خۆیاندا و لەنێو
خودی سوبێكتدا.
پرسیاری دۆلۆز ئەوەیە ئایا ئەم فاكەڵتییانە
شێوەی باڵایان هەیە؟ دۆلۆز وای بۆ دەچێت كانت لە تەواوی سێ ڕەخنەكەیدا
"ڕەخنەی عەقڵی پەتی" و "ڕەخنەی عەقڵی پراكتیكی" و
"ڕەخنەی فاكەڵتی حوكمدان" بەم كارەوە سەرقاڵە. ڕەخنەی یەكەمیان ڕامانە
لە پەیوەندیی فاكەڵتییەكان بە پێشەنگیی فاكەڵتی باڵای زانین. ڕەخنەی دووەمیان
ڕامانە لەپەیوەندیی ئەم فاكەڵتییانە بە پێشەنگیی فاكەڵتیی ئارەزوو، بەڵام ڕەخنەی
سێیەمیان لەو دوو حاڵەتە ئاوارتەیە و جێگای ئیشكالییەتێكی سەختی هزری و
پراكتیكییە، چونكە پرۆسەكە لەنێو سوبێكتدا ڕوودەدات و فاكەڵتیی حوكمدان ناكەوێتە
پەیوەندیی ستوونی و پێشەنگبوون لەگەڵ فاكەڵتییەكانی تردا (فاكەڵتی مەعریفە و
فاكەڵتی ڕەغبەت)، بەڵكو دەكەوێتە پەیوەندییەكی ئازادنەی هەڕەمەكییەوە.
كەواتە مانای یەكەمی فاكەڵتی بریتییە لە
پەیوەندییە هەمەجۆرەكانی تێگە و وێناكردن (زانین، ئارەزوو، حوكمدان)، وەلێ دۆلۆز
مانای دووەمی ئەم چەمكە بەم جۆرە لێكدەداتەوە: «سەرچاوەیەكی جۆریی تایبەت بە تێگە
و وێناكردنەكانە» (فەلسەفەی ڕەخنەیی كانت، ل15). ئەمەش لەجیاتی فاكەڵتییەكانی
(زانین/ ئارەزوو/ هەستكردن بە چێژ و ئازار) لە حاڵەتی یەكەمدا، لە حاڵەتی دووەمدا
(ئیدراك/ عەقڵ/ خەیاڵدان) دەبنە سەرچاوەی تێگە و وێناكردنەكان. بە هەمان شێوەی
مانای یەكەم لە مانای دووەمیشدا ئەم فاكەڵتییانە دەكەونە نێو پەیوەندییەوە.
دۆلۆز پەیوەندیی ئەم دوو مانایەی چەمكی
فاكەڵتی بەم جۆرە ڕوون دەكاتەوە: لە مانای یەكەمدا فاكەڵتی بریتییە لە شێوە
باڵاكەی كە لە ڕووی خودییەوە سەربەخۆ و یاساداڕێژە، واتە یاساكان دەرهەق بە
بابەتەكانی خۆی دادەڕێژێت و ملكەچیان دەكات. ئەمەش واتە لە هەر حاڵەتێكی پەیوەندیی
فاكەڵتییەكاندا بە پێی دۆخەكان و بەرژەوەندییەكانی عەقڵ یەكێك لە فاكەڵتییەكان زاڵ
دەبێت بەسەر ئەوانی دیكەدا و پەیوەندییەكان ڕێكدەخات و یاساڕێژیی دەكات بۆ ئەو
بابەتانەی كە ملكەچی دەبن، ئەم فاكەڵتییە زاڵبووەیش واتە شێوەی باڵای ئەو
فاكەڵتییە. بۆیە پرسیار لە مانای یەكەمدا بریتییە لەوەی ئەم شێوە باڵایانە چین؟ و
ئەو بەرژەوەندییانەی عەقڵ كامانەن؟ بەڵام پرسیار لە مانای دووەمدا ئەوەیە چی
دەستەبەری ملكەچبوونی بابەتەكان دەكات؟ و چۆن بەرژەوەندییەكانی عەقڵ وەدی
دەهێنرێن؟ لە مانای یەكەمدا بەرژەوەندییەكانی عەقڵ لەگەڵ فاكەڵتییەكاندا دەسازێن و
لە مانای دووەمیشدا ئەم بەرژەوەندییانە وەدیی دێن. لە حاڵەتی ڕەخنەی عەقڵی پەتیدا،
كە فاكەڵتیی زانین پێشەنگە، فاكەڵتیی باڵای زانین بەرژەوەندیی بیركردنەوەی عەقڵییانەی
هەیە و، لە حاڵەتی ڕەخنەی عەقڵی كردەییدا، كە فاكەڵتیی ئارەزوو پێشەنگە، فاكەڵتیی
باڵای ئارەزوو بەرژەوەندیی كردەییانەی عەقڵی هەیە.
دۆلۆز ئەم تۆڕە ئاڵۆز و بەیەكداچووە بەم
شرۆڤەیە ڕوون دەكاتەوە: لە دۆخی عەقڵی پەتیدا كەشفی فاكەڵتیی باڵای مەعریفە
دەكرێت، واتە بەرژەوەندی بیركردنەوەی عەقڵییانە. ئەم بەرژەوەندییە دەپەرژێتە سەر
دیاردەكان، جا لەبەرئەوەی دیاردەكان نۆمین نین كەواتە بۆ ئەوەی بوونی مەعریفە لە
توانادا بێت ئەكرێت (یان ئەبێت) ملكەچی فاكەڵتیی زانین ببن. بەڵام دوای ئەمە
دەپرسین ئەی ئەو فاكەڵتییە كامەیە كە وەك سەرچاوەی تێگەكان (مانای دووەم) ئەم
ملكەچبوونە مسۆگەر دەكات و ئەم بەرژەوەندییە وەدی دێنێت؟ واتە فاكەڵتیی یاساداڕێژ و
ڕێكخەر لە مەعریفەدا كامەیە؟ وەڵامی كانت (ئیدراك)ـە، بەڵام باڵادەستی ئیدراك ڕێگری
ناكات لە كاری فاكەڵتییەكانی تر بەڵكو كۆمەكیان لێ وەردەگرێت و لەگەڵ ئەرك و
ئامانجەكانی خۆیدا دەیان گونجێنێت. لە حاڵەتی عەقڵی پراكتیكیدا، فاكەڵتیی عەقڵ
یاساڕێژیی و ڕێكخستن ئەنجام دەدات و بەرژەوەندی كردەیی عەقڵ وەدی دێنێت.
ب- پەیوەندیی
فاكەڵتییەكان لە عەقڵی پەتیدا:
بەشی یەكەمی كتێبی (فەلسەفەی ڕەخنەیی كانت)
تەرخانكراوە بۆ پەیوەندیی نێوان فاكەڵتییەكان لە ڕەخنەی عەقڵی پەتیدا و هەر لە
سەرەتایشەوە پەیوەندیی نێوان پێشووەكی (apriori) و ترانسێندنتالی دیاری دەكات. پێشووەكی
زەروری و گشتگیرە و سەربەخۆیە لە ئەزموون چونكە ئەزموون هەرگیز شتێكی زەروری و
گشتگیرمان پێ نادات (فەلسەفەی ڕەخنەیی كانت، ل21)، وەلێ دەبێت ئەزموون هەلی
مومارەسەكردنی ئەم بنەما پێشووەكیانەمان بۆ بڕەخسێنێت، ئەگەرنا پووچەڵ دەبنەوە.
كەواتە بنەما پێشووەكیەكان بنەمای سوبێكتین، بەڵام سوبێكتێكی ئەزموونگەرا یان
سایكۆلۆژی نا، بەڵكو سوبێكتێكی ترانسێندنتالی. بنەمای ترانسێندنتالی واتە ئەو
پرەنسیپەی كە بەهۆیەوە ئەزموون ملكەچی تێگە پێشووەكییەكانمان دەبێت. لێرەوە دۆلۆز
پێیوایە كانت بیرۆكە كلاسیكییەكەی پەیوەندیی گونجاوی و تەبایی سوبێكت و ئۆبێكتی
گۆڕیوە بە بنەمایەك بە ناچاری ئۆبێكت ملكەچی سوبێكت دەكات. هەر لەمەشەوە دۆلۆز
وەزیفەی فاكەڵتییەكان لە ڕەخنەی عەقڵی پەتیدا دیاری دەكات. (ئیدراك) دەبێتە
فاكەڵتیی ڕێكخەڕ و داڕێژەر بۆ سەنتێنز (تألیف)ی دیاردەكان لە تێگەدا، بەم جۆرەش
دەبێتە شێوەی باڵای فاكەڵتیی زانین. بەڵام ئەمە بێ میانجیگەریی (خەیاڵدان)
سەرناگرێت. دیاردەكان ملكەچی خودی تەبابوون بە خەیاڵدان نابن، بەڵكو بەهۆی ئەم
تەبابوونەوە ملكەچ دەبن بۆ (ئیدراك). هەرچی فاكەڵتیی عەقڵیشە بەرپرسە لە بەڵگەگیریی
و بەهێماكردنی مادەی بابەتە هەستییەكییەكان بۆ ئیدراك و خەیاڵدان. وەزیفەی ئەم سێ
فاكەڵتییە پێكەوە و بەسەرپەرشتیی ئیدراك هەستی هاوبەشی تێهزرین پێكدەهێنێت. هەستی
هاوبەش نەك وەك ئەزموونێكی پاشەكی شتە بەرهەستەكان، بەڵكو وەك ڕێكەوتنێكی
پێشوەكییانەی فاكەڵتییەكان لەگەڵ یەكتردا.
ت-
پەیوەندیی فاكەڵتییەكان لە عەقڵی پراكتیكیدا:
دیسان لە ڕەخنەی عەقڵی كردەییشدا ئەم
فاكەڵتییانە دەچنەوە نێو پەیوەندیی لەگەڵ یەكتریدا بەڵام لەم كایەیاندا عەقڵ
پێشڕەوی فاكەڵتییەكانی تر دەكات و ڕێكیان دەخات و ڕێساكان دەربارەی بابەتەكانی خۆی
دادەڕێژێت، ئەمەش بە گوێرەی بەرژەوەندیی كردەییانەی عەقڵ، بە مانایەكی تر داڕشتنی
یاسای ئەخلاقی. دۆلۆز جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە لە ڕوانگەی كانتەوە تەنیا فاكەڵتیی
عەقڵ بەرپرسە لە شێوەی داڕشتنی یاسای ئەخلاقیی ئەوتۆ كە بشێت ببنە یاسای گەردوونی،
ئەمەش واتە شێوەی باڵای فاكەڵتیی ئارەزوو (ڕەغبەت). بابەت و فەزای ئەم یاساڕێژییە
عەقڵییە ئەخلاقمەندە بوونەوەری زیندووە، بوونەوەری زیندووی عەقڵانی، چونكە ئەمە
بەندە لەسەر ئازادیی لەبەرئەوەی تەنیا بوونەوەرە ئازادەكان دەتوانن ملكەچی عەقڵی
كردەیی ببن. ئازادیی بەو مانایەی یاسای ئاكاریی دەبێتە ئیرادە (و ئارەزوو) و ئیرادەش
لە دەرەوەی هەر هەلومەرجێكی سروشتیی هەستەكی و هۆكارەكییە، و سەربەست و ڕەهایە لە
هەر دۆخێك كە یاسای هۆكارەكی تێیدا زاڵە. لێرەدا «هیچ شتێك نییە كە پێشوەختە
ئیرادە دیار و دەستنیشان بكات». بەم مانایە عەقڵ بە چەمكی ئازادیی یاسای ئاكارەكی
دادەڕێژێت و ئەم چەمكەیش لە فاكەڵتیی ئارەزوودا دیاریی دەكات، واتە لەبەرژەوەندیی
كردەیی تایبەت بە خۆیدا، بوارەكەیشی بوونەوەری زیندووی سەربەست و سەربەخۆیە وەك
نۆمین و وەك سروشتێكی سەروو هەستەكی، واتە وەك بوونەوەرانێكی عەقڵانی. عەقڵ
بەرمەبنای چەمكی ئازادیی یاساكان دادەڕێژێت، بەڵام ئەم یاسایانە بۆ بوونەوەرانی
بەرهەست و دەرەوەی سوبێكت نین، وەك ئەوانەی لە فاكەڵتیی زانیندا هەن، بەڵكو بابەتە
ملكەچبووەكانی ئەم یاسا ئەخلاقییانە خودی سوبێكتن و سوبێكت وا لە یاساكان ناڕوانێت
كە لە دەرەوەی بەسەریدا سەپێنراوە بەڵكو وەك ئەوەی خۆی داڕێژەریانە بۆیە
پێرەویشیان لێ دەكات، لەمەوە دەردەكەوێت بابەتی ئەم فاكەڵتییەش نۆمینە (شت لە
خۆیدا)، واتە سروشتی سەروو هەستەكی. بەڵام ئەم سروشتی سەروو هەستەكییە شتێك نییە
لە دەرەوەی عەقڵ، بوونەوەری عەقڵانی ڕاستە نۆمینە بەڵام لە فینۆمینیش دانەبڕاوە،
چونكە ئەم بوونەوەرە سەروو سروشتییە دواجار یاساكانی بەهۆی سروشتی هەستەكییەوە
پێوانە دەكرێن، بەو مانایەی ئایا تا چەندە ئەو یاسا ئاكارەكییانەی لە دەرەوەی
زنجیرەی هۆكارەكی سروشتی بەرهەم هێنراون ئەگەر و شیاوێتی پراكتیزەكردنیان هەیە لە
جیهانی هەستەكیدا، بەڵام ئەم بەرهەمهێنراوانەی عەقڵی پراكتیكی ئەگەرچی بەرمەبنای
ئازادی بەرهەم هاتوون بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە بێ هۆكارن، بەڵكو لەم دۆخەدا
یاسای هۆكارەكی و ئازادی یەكدەگرن و ئازادیی دەبێتە هۆكاری هەڵبژاردنی یاساكان
ئەمەش واتە «بوونەوەری زیندوو وەك هۆكاری سەرەكی بەرهەمهێنان»ـی بەرژەوەندیی عەقڵی
پراكتیكی. ئەمەش مانای ئەوەیە ئیدراك هەمان ڕۆڵی هۆكارەكی خۆی دەگێڕێت كە لە
حاڵەتی عەقڵی پەتیدا دەیگێڕا و دەركی بە یاسای هۆكارەكی سروشتی كردووە، بەڵام
لێرەدا باڵادەستی خۆی لەدەست داوە و بەرژەوەندی عەقڵی پراكتیكی بۆ خۆی بەكاری
دێنێت، بەڵام تەبا بە ئازادی و لەنێو سروشتی عەقڵیدا. هەر ئەمەشە ڕۆڵی فاكەڵتیی
ئیدراك لەنێو شێوەی باڵای ئارەزوودا و، هەر ئەمەیشە پەیوەندییەكەی لەگەڵ عەقڵی
كردەییدا.
ئەی ڕۆڵی خەیاڵدان چییە؟ وەك گووتمان سروشتی
هەستەكی و سروشتی سەروو هەستەكی لێك دابڕاو نین، و كەلێنی نێوانیان بەردەوام پڕ
دەكرێتەوە بەوەی كە لەلایەكەوە بوونەوەری عەقڵانی ڕاستە لە عەقڵی كردەییدا شتە
لەخۆیدا و یاسا ئاكارەكییەكان دادەڕێژێت كە ئەم پرۆسەیە بە مەعریفە دەرك ناكرێت،
بەڵام دیاردەیشە چونكە لەنێو سروشتدایە و ئەزموون دەكرێت و جێكەوتی هەستەكییانەی
هەیە، لەلایەكی دیكەیشەوە پێویستە بەرهەمهێنراوەكانی هۆكارەكیی ئازادی لە سروشتی
سەروو هەستەكیدا بهێنرێنە نێو هۆكارەكیی سروشتی هەستەكییەوە تا شیاوی تاقیكردنەوە
و پێرەو كردن بن، واتە لە سروشتی هەستەكیدا وەدی بهێنرێن، بەمانایەكی تر ئەزموون
هەلی مومارەسەكردنیانمان بۆ بڕەخسێنێت: «یاسای ئەخلاقی هیچ نییە ئەگەر لە بەرەنجامە
هەستەكییەكانی خۆی داببڕێنرێت» (ل. 67) هەروەها: «ئەگەر یاسای ئەخلاقی وەدی نەیەت،
ئەوا خود بەخود هەرەس دێنێت» (ل. 68).
ئەم وەدیهاتنە پێویستی بە سازانی بەختەوەری
و فەزیلەتە و، لەمەشەوە (چاكەی گشتی) دەكەوێتەوە. ئەستەمە بگووترێت ئارەزووی
بەختەوەری پاڵنەری فەزیلەتە، و بەپێچەوانەیشەوە، بەڵام لە ڕوانگەی دۆلۆزەوە كانت
كێشەكەی بەم جۆرە چارە كردووە: ئەگەر پەیوەندیی ڕاستەوخۆی ئەم دووانە ئەستەم بێت
ئەوا ئەشێت ناڕاستەوخۆ لەڕێگەی پێشكەوتنەوە بێت بەرەو چاكەی باڵا یاخود
"هۆسازیى ئەخلاقی بۆ جیهان" ئەمەش واتە (خودا). ڕاستە لەڕووی
مەعریفییەوە خودا دیاری كراو نییە و سەلماندنی ئەستەمە، بەڵام كە لەژێر سایەی
یاسای ئاكاریدا دەروون و خودا بەیەك دەگەن، ئیدی خوداش دەكەوێتە ژێرباری ئەم یاسا
ئەخلاقییەوە و بڕوابوون بە خودا بڕوایە بە بوونەوەرێكی باڵای ئەخلاقی، خودا دەبێتە
بابەتی "بڕوایەكی كردەییانەی پەتی". خودا بێ شێوەیە لەمەشەوە دەبێتە
بابەتی "شكۆ". بابەتی "شكۆ" و "جوانیش" لە
پەیوەندیدان لەگەڵ فاكەڵتیی خەیاڵدا. خەیاڵ خودا دێنێتە نێو سروشتەوە و بە كۆد و
هێما سروشت ئامادە دەكات بۆ وەرگرتنی كاریگەریی سەروو هەستەكی لەسەر سروشتی هەستەكی.
پ-
پەیوەندیی فاكەڵتییەكان لە ڕەخنەی فاكەڵتیی حوكمدا:
پرسیاری دۆلۆز ئەمەیە: ئایا تێگەی ئەوتۆ
هەن كە پێشووەكیانە دۆخی چێژ و ئازاری تاك دیاری بكەن؟ بە دەربڕینێكی تر: ئایا
هەستكردن بە چێژ و ئازار شێوەی باڵای هەیە یان نا؟ وەك بینیمان هەر یەكە لە فاكەڵتیی
زانین و فاكەڵتیی ئارەزوو شێوەی باڵایان هەبوو، یەكێك لە فاكەڵتییەكان دەبووە
باڵادەست بەسەر فاكەڵتییەكانی تردا و دەرهەق بە بابەتەكانی خۆی یاساڕێژیی دەكرد،
بەڵام لە تەواوی بەشی سێیەمی كتێبەی دۆلۆز لەبارەی كانتەوە بوونی شێوەی باڵای
هەستكردن بە چێژ و ئازار (فاكەڵتی حوكم) ڕەتدەكرێتەوە، چونكە ئەم دۆخانە ڕاستەوخۆ
ئەزموونیانە هەستیان پێ دەكەین و بەریان دەكەوین، بەڵام وەڵامەكە لەمە ئاڵۆزترە.
لە ڕوانگەی دۆلۆزەوە هەردوو ڕەخنەكەی پێشتری كانت ڕێخۆشكردن و زەمینەساز بوون بۆ
گەیشتن بە ڕەخنەی حوكم، بۆیە ئەم ڕەخنەیەیان هەڵگری ئاڵۆزی و دژوارییەكی
تایبەتیشە. كێشەكە پەیوەستە بە بەرژەوەندیی دوو دۆخەكەی پێشترەوە: «ڕێزگرتن لە یاسا
ئاكارییەكانی فاكەڵتیی عەقڵی پراکتیکى دۆخی باڵای ئازارە، خۆشیی لێهزرینیش دۆخی باڵای
چێژە». (ل. 77). ڕوونكردنەوەی ئەم بیرۆكەیە لەم وتارەدا سەختە و دەرفەتی ئەوەمان
نییە، بەڵام بە كورتی دەتوانین بڵێین دۆلۆز پێی وایە ڕێزگرتن و خۆشیی نە
بەرەنجامێكی هەستپێكراون و نە عاتیفەیەكی تایبەت، بەڵكو "هاوشێوە"ی
هزرییانەی عاتیفەن. هەر بۆیە دەبێت پەیوەست نەبن بە هیچ لایەنێكی هەستەكییەوە و
لەمەشەوە خاوەنی بەرژەوەندیی ئەزموونگەرانەى بوونی بابەتی هەستكردن نین و، خاوەنی هیچ
مەیلێكی هزرییش نین، واتە لە دەرەوەی هەر بەرژەوەندییەكی كردەیی بوونی بابەتی
ئارەزوون، بۆیە فاكەڵتیی هەستكردن بە چێژ و ئازار ئەو كاتە دەبێتە فاكەڵتییەكی باڵا
كە لە هەر بەرژەوەندییەك خۆی داماڵیبێت. بۆیە ئەم فاكەڵتییە توانای داڕشتنی بابەتی
تایبەت بەخۆی نییە، بەڵكو سەرچاوەی هەلومەرجی خودییە بۆ چالاكیی فاكەڵتییەكانی
دیكە و، كاریگەرییەكی كاڵ و كەم ڕەنگی تێگەیەكە لەسەر ئەم فاكەڵتییە تا بتوانێت
حوكم بدات، لە حوكمداندا فاكەڵتییەكان دەكەونە نێو پەیوەندییەكی هەڕەمەكی و ئازادانەوە
لەگەڵ یەكتریدا بێ ئەوەی یەكێكیان بەسەر ئەوانی تردا باڵادەست ببێت. ئەم پرۆسەیەش
یەكەمجار لە حوكمی ئیستاتیكیدا دەردەكەوێت (ئەوە جوانە). لەم دۆخەدا فاكەڵتیی
(ئیدراك) لەگەڵ خەیاڵدانی بێ گەرددا دەكەوێتە هارمۆنیا و تەباییەوە، بێ ئەوەی
هیچیان بەسەر ئەوی دیكەیاندا بەرز ببێتەوە. ئیدراك شت و كاریگەریی و جێكەوتە
مادییەكان ئامادە دەكات، بەڵام شتە مادییەكان لەخۆیاندا جوان نین، بۆیە خەیاڵدان
ناتوانێت وەك خۆیان وەریان بگرێت و حوكمیان لەسەر بدات بەڵكو تەنیا شێوە
پەتییەكەیان وەردەگرێت. فاكەڵتیی هەستكردن بە چێژ و جوانی ڕەخسێنەری هەلومەرجێكی
خودییە بۆ مومارەسەی فاكەڵتییەكان لەگەڵ یەكتری، ئیدراك شتە مادییەكان دەگەیەنێت
بە سنوورەكانی خەیاڵدان، ئەویش لای خۆیەوە شێوەی بابەتێكی ناوازەی جوان لە خۆیدا
ئاوەژوو دەكاتەوە. ئێستا ماوەتەوە دیاریكردنی ڕۆڵی فاكەڵتی عەقڵ لە حوكمی جوانیدا.
عەقڵ كاتێك لەگەڵ خەیاڵداندا دەكەوێتەوە
پەیوەندییەوە كە لە جیاتی ئەوەی بڵێین (ئەمە جوانە) دەڵێین (ئەمە شكۆمەندە). گەر
خەیاڵدان لە حوكمی ئیستاتیكیدا شێوەی بابەتەكانی خۆی ئاوەژوو بكاتەوە و ئینجا حوكم
لەبارەی ئەم شێوانەوە بدات، ئەوا چركەساتی (شكۆ) لە بێ شێوەیی دەدوێت، بەم جۆرەش
خەیاڵدان لە كاری یەكەمی پاشەكشە دەكات و لەجیاتی ئەوەی (شێوە) بگوازێتەوە بێ
شێوەیی وەردەگرێت و دەكەوێتە نێو ناسنووردارییەوە، حوكمی شكۆیش هەر لەبارەی ئەم بێ شێوەییەوەیە، یان ڕاستتر بڵێیین ئەم بێ شێوەییە شكۆ دروست ئەكات. لەم
دۆخەدا كە خەیاڵ لەبەردەم سام و بیمی بابەتێكدا دەكەوێتە بەردەم بێ توانایی و
حەپەسان ئەوا عەقڵ پرۆسەكە دەگەیەنێتە كۆتایی و خەیاڵ بە دوا سنوورەكانی خۆی
دەگەیەنێت. كەواتە شكۆ دەمانخاتە بەردەم پەیوەندییەكی ڕاستەوخۆی خودی خەیاڵدان و
عەقڵ، بەڵام پەیوەندیی و تەبایی و كۆكی نا، بەڵكو ناكۆكی. پەیوەندیی ئازاد و
هەڕەمەكی فاكەڵتیەكان كارێك دەكات كە لەنێو یەك پرۆسەدا لەگەڵ یەكتر ئیش بكەن بۆ
گەیشتن بە حوكم بەڵام هیچیان ناچنە خزمەتی یەكترەوە، بەڵكو كاتێك خەیاڵ بێ توانا
دەبێت عەقڵ دەزانێت خەیاڵ لەبەردەم
بیرۆكەكانیدا شتێكی ئەوتۆ نییە، بۆیە ئارەزوو بۆ بابەتی حوكمەكە دەجوڵێنێت.
ماوەتەوە ئاماژە بەوە بدەین دۆلۆز لە كۆتایی
كتێبەكەی باس لە ئامانجەكانی عەقڵ دەكات و پێی وایە لە ڕوانگەى کانتەوە "ئامانجی كۆتایی"ی
بوون لە بوونەوەرێكدایە كە ئامانجەكەی وا لە بوونی خۆیدا. "دوا ئامانج"
هەم تواناكانی تێبینیكردنی سروشتی تێدەپەڕێنێت و هەمیش كەرەستەكانی بیركردنەوە و
مەعریفە، چونكە ئەم ئامانجە نابێتە هیچ ئەگەر بێتوو بوونی ئەوەی كە دەیەوێت بزانێت
خۆی نەبووبێتە ئامانج، واتە بوونەوەری عەقڵانی، لێرەوە «دوا ئامانج هیچ نییە جگە
لە چەمكێك بۆ عەقڵی كردەییمان»، ئەمەش واتە یاسای ئاكاریی كە تایبەتە بە مرۆڤ،
مرۆڤ وەك بوونەوەری ئاكاریی. ئەم دوا ئامانجە بریتییە لە ڕێكخستنی بوونەوەرە
عەقڵمەندەكان لەژێر باڵادەستیی یاسای ئاكاریدا، یان ئازادی وەك بوونێكی لەخۆگیراو
لە بوونەوەری عەقڵانیدا.
No comments:
Post a Comment