ناوى کتێب: ئەفڵاتوون و ژن
ناوى نووسەر: ئیمام عەبدولفەتاح ئیمام
ناوى وەرگێڕ: هاوار محەمەد
چاپخانە: موکریانی
ساڵ و شوێنى چاپ: 2013 هەولێر
ژن و فەیلەسوفان
دەروازەیەکى گشتى
د. ئیمام عەبدولفەتاح ئیمام
وەرگێڕانى هاوار محەمەد
ئەم زنجیرە كتێبە هەوڵدەدات لە پەیوەندیی نێوان "فەیلەسوفان و ژن"
بکۆڵێتەوە. وەك ویستێک بۆ دووپاتكردنەوەی ئەو بیرۆكەیەی كە دەڵێت ئەو وێنە خراپەی لەبارەی
ژنەوە باوە هەر لە سەرەتای فەلسەفەوە فەیلەسوفان لە وڵاتی یۆنان كێشاویانە، ئینجا دوای
ئەوە لای ئێمەمانانیش زەمینەی بەپیتی خۆی دیوەتەوە و بگرە كاڵایەكی ئایینی بە بەردا
كراوە و بۆتە بیرۆكەیەكی "پیرۆز" كە شیاوی پووچەڵكردنەوە نییە! ئەمەش لای
گەورە فەیلەسوفانی هزری یۆنانی دیار و ئاشكرایە: سوكرات، ئەفلاتون، ئەرستۆ. كە هزرەكانیان
بوون بە بەشێك لە ترادسیۆنی فەلسەفی و گوازرانەوە بۆ هەردوو جیهانی مەسیحی و ئیسلامی،
لای ئەوانیش پێشوازییەكی گەرمی لێكرا و ئامادەییەكی لەباری بۆ دووبارەكردنەوە و پشتیوانی
لەلایەنی ئایینی بۆ خۆی بینییەوە.
بۆ نموونە تۆ سەرنج لەو تێڕوانینە نوێیە بدە كە حەزرەتی مەسیح لە ڕێگەی[1] هەڵوێستە
مرۆییەكانی لەگەڵ ژندا هێناویەتییە ئارا -ئەم بابەتە لە ژمارەی سێیەمی ئەم زنجیرەیەدا
بە درێژیی باس دەكەین و لەوێدا لەبارەی "فەیلەسوفی مەسحی و ژن"ـەوە دەدوێین-
دەبینیت ئەو ترادسیۆنە كۆمەڵایەتییەی فەیلەسوفەكان بەشێوەی تیۆرییانەی ئەبستراكت دایانڕشتووە،
لە هزرە ئایینییە نوێیەكە بەهێزتر بووە و بگرە چەوساندویەتییەوە و سیماکانى سڕیوەتەوە،
بە یەك جیاوازییەوە ئەویش ئەوەیە ئایدیا خراپەكان لەبارەی ژنەوە بەرگێكی ئایینیان بە بەردابڕا و لەمەشەوە
كەوتنە سۆراغی بەڵگە، پشتیوانی خۆیان لە "پەیمانی كۆن/ تەوارات"ـەوە وەدەستخست
و لەوێدا هەڵەكەی ئادەمیان بینییەوە كە بەهۆیەوە لە بەهەشت دەركرا و مردنی هێنایە نێو
جیهانەوە، هۆكاری ئەم گوناهەیش: [گوایە] بە فیتى ژن بوو!.
هەمان شتیش لەبارەی ترادسیۆنی ئیسلامییەوە بڵێ: ئەگەرچی ئیسلام لە دادپەروەری
و هەقبەشی (إنصاف)[2]ـی
لە ئافرەتدا زۆر ڕوون و ڕاشكاوە: نە زیندەبەچاڵكردن و نە تووڕەیی بەسەریدا و نە چاوترسێنكردنی
باوكزادانە و نە بێ بەشكردنی لە میرات و نە بەزۆر بەشوودانی و نە سەرپەرشتی بەسەر
ماڵ و سامانی و نە دەستگرتن بەسەر بیركردنەوەی یان بازرگانیەكەی یان ڕۆشنبیریی و فێربوونیدا...هتد[3]..
كەچی وێڕای ئەمانەیش دەبینیت ئەو فەیلەسوفانەی ئیسلام كە ئایدیاکانى فەلسەفەی یۆنیانییان
دووبارە كردۆتەوە، بەتایبەتیش تیۆری مامۆستای یەكەم لەبارەی ژنەوە، لە توانا و بەهای
مێینەیان هێناوەتە خوارێ، تەنانەت تا ئەو جێیە ڕۆیشتوون كە ئەخلاقی پیاویان لە ئەخلاقی
ژن جیاكردۆتەوە، ڕێك وەك ئەوەی ئەرستۆ كردی! ئیمامی غەزالی هیچ دڕدۆنگ نەبووە لەوەی
بڵێت: «مافی پیاوە پێشەنگ بێت نەك شوێنكەوتە» چوون ئەو سەروەرە! بۆیە دەبێت «بە ئاسانی
و سادەیی نەكەوێتە دەستبازیكردن لەگەڵیدا تا
لای ئەو لەشان و شەوكەتی كەم نەبێتەوە»[4]. ژنان
«زۆربەیان بەد ڕەفتار و كەللەڕەقن و لەواندا [عەقڵ] نەرم و نیان نابێتەوە مەگەر بەجۆرە
نەرم و نیانییەكی سیاسەتبازانەوە نەبێت»..[5]. هەروەها
دەبێت ژن «لە كونجی ماڵەوەدا بسرەوێ و موحتاجى دەستبازیی مێردەكەی بێ و نابێت زۆر
بچێتە سەرەوە، دەبێت لەگەڵ دەر و دراوسێیشدا كەمدوو بێت»[6]. لەسەر
مێردەكەیشی پێویستە فێرکردنى بگرێتە ئەستۆ بۆئەوەی بۆ فێربوون نەچێتە شوێنانی تر، هیچ
ڕێگرییەكیش نییە لەوەی ئەویش مێردەكەی فێری "زانستی حەیز و حوكمەكانی" بكات-
كاتی گونجاوی ئەم فێربوونە ئەوكاتەیە كە ژنەكە دەچێتە حەیزەوە.. «تەنانەت ئەگەر پیاوەكەی
زانیاریشی كەم بوو، ئەو هەر بۆی نییە بچێتە دەرێ تا پرسیار لە زانایان بكات»...[7]،
بەم جۆرە ئیمامی غەزالی ژن لە چوونە دەرێی ماڵەكەی بێ بەش دەكات تەنانەت ئەگەر بۆ
زانستیش بێت!
هەر بەم جۆرەش داب و نەریت و عورفەكانی كۆمەڵگە، یان ڕەنگە بەرژەوەندی پیاو
و تێركردنی غرور و لوتبەرزییەكەی بەوە ڕەخسێنەری ئەو دۆخە بێت كە پیاو سەروەرە بەسەر
زۆرێك لە ئایدیا بەرز و باڵاكاندا، ئینجا فەیلەسوفیش دێت و ئەم ترادسیۆنە كۆمەڵایەتییە
باوە لە سەردەمەكەی خۆیدا پشت ئەستوور دەكات، ئیدی فەیلەسوف ژێرەكەی هەڵدەكۆڵێت تا
ئەو ستوونە هزری و كۆڵەكە عەقڵییانەی تێدا بچەسپێنێت كە ئەم نەریتانە پشتیان پێ دەبەستن.
بەڵام بۆچی پەیوەندی نێوان "فەیلەسوف و ژن" بۆ ماوەیەكی درێژ خراپ
بووە، كەچی لەگەڵ ئەدیب و مۆسیقار و شاعیردا بەم جۆرە نەبووە؟..؟! چەند بۆچوونێك هەیە
بۆ ڕاڤەكردنی ئەم دیاردەیە:
- بۆچوونێك
هەیە دەڵێت: ڕەنگە هۆكارەكە لاوازیی ڕواڵەتیی ئافرەت و هەوڵی ڕاڤەكردنی ئەم لاوازییە
بێت، كە ئایا بەشێكە لە سروشتی و ناتوانێت لێى دەرباز بێت، یان ئەوەتا شتێكە كۆمەڵگە
لەسەری سەپاندوویەتی؟ ڕەنگە ئەمە ئەو كێشە بێت كە تا ئەم ساتە وەختە بۆتە هۆی چەوساندنەی
ژن، لەم ڕووەوە هەندێك لە لێكۆڵەرانیش پێیان وایە دینگەكانی ئەم كێشەیە لە سەردەمی
یۆنانیدا ڕەگی داكوتاوە بەجۆرێك كە بۆتە كێشەی "سروشت یان عورف". ئەو پرسیارەش
قووت بۆتەوە كە ئایا ئەو لاوازییەی بە ژنەوە دەردەكەوێت لاوازییەكی كۆمەڵایەتییە كە
عورف و داب و نەریتەكان سەپاندوویانە، یان سروشت سەپاندوویەتی؟ كۆمەڵێك فەیلەسوفی گەورە،
لە سەرویشیانەوە سوكرات و ئەفلاتون و ئەرستۆ و- ئەوانەی بە چەوساندنەوە و سووكڕوانین
لە ژن بەناوبانگ بوون- لایەنگیرییان لەو بیرۆكەیە كردووە كە دەڵێت یاساكان و دام و
دەزگاكان و ڕێكخراوە مرۆییەكان سروشتین نەك عورف. هەر لەبەر ئەمەش بوو هێرشیان كردە
سەر سۆفیستەكان كە لایانوابوو ئاكار و بەهاكان و سیستەمە كۆمەڵایەتییەكان.. هتد، عورفێكن
شیاوی گۆڕانن[8].
واتە ئەم
تاقمە پەیوەندی خراپی نێوان "فەیلەسوف و ژن" دەگێڕنەوە بۆ تێڕوانینە گشتییەكەی،
یان ڕێبازە فەلسەفییە گشتگیرەكەی.
- بەڵام تاقمێكی
تر هەن ئەم پەیوەندییە خراپە دەگێڕنەوە بۆ سروشتی فەلسەفە خۆی نەك بۆ فەلسەفەی هەر
فەیلەسوفێك بەجیا. چونكە بە تێڕوانینی ئەم گروپە، فەلسەفە سۆراغى شتە گشتی و ئەبستراكتەكان
دەکات و لەوانە دەکۆڵێتەوە كە دەكەونە سەرووی هەست و هەستەكییەكانەوە ەكات، هەر لێرەشدایە
هەڵوێستی دژە ژن و، بگرە هەندێ كات سووكڕوانینانەی فەیلەسوف لە ژن دێتە گۆڕێ، كە
بە زۆری وا دەیبینێت بەشێوەیەكی گشتی هێمای هەست و جەستە و ژیانی جوزئیى هەستەكییە،
بۆیە ئەو پێی وایە ژن بە زەمینەوە شەتەك دراوە، ئەمە لەكاتێكدا فەیلەسوف دەیەوێت بۆ
ئەودیوی سروشت لەشەقەی باڵ بدات و بفڕێت تا سیستەمێكی گشتگیری فەلسەفی بۆ خۆی دامەزرێنێت..هتد[9].
بەڵام ئەم بۆچوونە لە دوو گۆشەوە بۆچوونێكی ناپەسەندە:
گۆشەی یەكەم: ئەوە فەیلەسوفە كە ژن دەكاتە هاو مانای جەستە و ژیانی هەستەكی
و هەموو ئەو شتانەی كە بەشەكییە، هەر ئەوە ئەم وێنە هەڵەیەمان پێ دەدات كە دواتر گومانی
دەخاتە سەر.
گۆشەی دووەم: زۆر نموونەی ژنانی فەیلەسوف یان ژنانی بیرمەند هەن، بەڵام ئەو
یان ڕەتیان دەكاتەوە، یانیش چاویان لێ دەپۆشێت و، بە ئەنقەست فەرامۆشیان دەكات، وا
حساب دەكات كە بوونیان هەر نییە. خۆ "ئیسپازیا" خاوەنی صالۆنێك هەبوو كە
ئەفلاتون خۆی هامشۆی دەكرد، ژنێك بوو ڕۆڵێكی دیار و بەرچاوی لە سیاسەتدا دەگێڕا و ئەویش
لە دیالۆگەكانیدا لەبەر ڕەوانبێژییەكەی باسی كردووە –هاوڕێكەی پێركلیس-، هەروەها
"دیۆتیما"ـی مامۆستای سوكرات هەبوو كە لە دیالۆگی خواندا گفتوگۆی خۆشەویستیی
سوكراتییانە لە دەوری ئەو دەسوڕێتەوە، وەك چۆن ژنانێكی فەیلەسوف هەبوون لە قوتابخانەی
فیساگۆریزمدا[10].
هەروەها لە بەردەمی ئەرستۆشدا "ئۆلیمپیاس
Olympias"ـی ژنی شا فیلیپی مەكدۆنی و دایكی ئەسكەندەری گەورە- ژنەمیر
و كاهینی بەناوبانگی ئەپیرۆس- هەبوو كە تەنیا بە گەیشتنی كەژاوە شاژنییەكەی بۆ قوتابخانەكەی
ئەرستۆ ئیدی مامۆستای یەكەم بە هەروەلەوە چۆتە پێشوازی لێ كردنی و بەخێرهێنانی، ئەویش
بە «ئەو لاڵەپەتەی كە هزری داهێنەرانەی نییە» وەسفی كردووە، پاشانیش ئەوەی بۆ زیاد
كردووە كە «ڕەنگە ناوبانگەكەی بەهۆی ئەوەوە بێت یەكێك بووە لە قوتابییە باشەكانی ئەفلاتون»[11].
بۆچونی سێیەمیش هەیە كە دەڵێت ڕەنگە ڕەوشی كەسەكییانەی فەیلەسوف و پەیوەندییەكەی
بە ژنەكەی یان خۆشەویستەكەی- هەڵوێستی ئەو فەیلەسوفە بەرامبەر بە ژن ئاوەژوو بكاتەوە.
ئێمە نكوڵی لەوە ناكەین ڕەنگە ئەم كاركردە ڕۆڵێكی بەرچاوی هەبێت لە بۆچوونی
هەندێك فەیلەسوف لەبارەی ژنەوە، وەك ئەوەی لە كۆندا لای سوكرات دەیبینینەوە كە داد
لەدەست ژنەكەی دەكات- كەچی لەگەڵ ئەوەیشدا بە قوتابییەكانی دەڵێت «هاوسەرگیریی بكەن،
جا یان بەختەوەر دەبن، یان وەكو من دەبنە فەیلەسوف»! وەك چۆن ئەمە لای هەندێك فەیلەسوفی
مەسیحییش دەبینینەوە كە لە ژمارەی سێیەمی ئەم زنجیرە كتێبەدا باسی لێ دەكەین. وەلێ
فەیلەسوفانێكیش هەبوون هەرگیز هاوسەرگیرییان نەكردووە وەكو ئەفلاتون، كەچی بۆچوونیشیان
سەبارەت بە ژن ئەو پەڕی خراپ بووە. فەیلەسوفانێكی وەك ئەرستۆش هەبوون دووجار هاوسەرگیرییان
كردووە و، لە ژیانی تایبەتییانەوە شتێكی ئەوتۆ شك نابەین كە ڕاڤەی ڕق و كینەیانمان
لە ژن بۆ بكات، بەڵكو بە پێچەوانەوە وا دەردەكەوێت ئەرستۆ لە هەردوو جارەكەدا ئاسوودە
و بەختەوەر بووە!.
بەڵام لە ڕوانگەی ئێمەوە ڕاڤەی گونجاو پشت دەبەستێ بە ڕوونكردنەوەی ئەو كارەی
فەیلەسوف ئەنجامی دەدات، ئەویش هەڵكۆڵینی ترادسیۆنی كەلتووری لە سەردەمەكەی خۆیدا بە
مەبەستی كەشفكردنی ئەو هزرانەی بە كۆڵەكەگەلێك دەدرێنە قەڵەم كە ئەم ترادسیۆنە پشتیان
پێ دەبەستێت و پاشانیش بە ڕەخنە و تاقیكردنەوە بایەخیان پێ دەدات، خۆ ئەگەر لەم هزرانەدا
ڕێكەوتی ئارەزووەكانی دەروونی خۆیی كرد، ئەوا كار دەكات بۆ پشت ئەستووركردن و جەخت
لێ كردنەوەی، بێگومانیش بۆچوونە دژە ژنانەكان و ئەو بۆچوونانەی دەیكەنە موڵكی تایبەتی
پیاو بۆ فەیلەسوف سوودبەخش و بە كەڵك بوون و جێی پەسەندی غرور و خۆگەورەبینییەكەی بوون،
هەر لێرەشەوە و ڕەنگە بێ ئاگایانە، كاری كردووە بۆ پشتیوانی لێ كردنی و پەیڕەوی لێ
كردنی لە تیۆری فەلسەفی ئەبستراكتدا!.
بەڵام ئەوە چییە وا لە پیاو دەكات، جا چ فەیلوسوف بێت یان ڕێبوارێكی سەرەڕێ،
بەم سووكیە تەماشای ژن بكات؟ وا پێدەچێت پەرەسەندنی ڕەوشی ژن لە كۆمەڵگەدا هەر لە سەرەتاكانی
یەكەمی ژیانی مرۆییەوە پەیوەست بووە بە موڵكایەتی تایبەتەوە، لە قۆناغەكانی بەر لە
پەیدابوونی خاوەندارێتی –یان ئەو كاتەی كە كۆمۆن هەبووە- كۆمۆنەی ڕەگەزییش باو بووە،
ئەمەش ڕاستییەكە زانای ئەنترۆپۆلۆژی ئەمریكی "لویس مۆرگان L. Morgan" (1818- 1881 ز)، كەشفی
كردووە[12].
پاشان لە قۆناغێك لە قۆناغەكاندا لای گەلە سەرەتاییە جیاوازەكانی وەكو ئەسكیمۆ نەریتی
پێشكەشكردنی ژنە هاوسەرەكان بۆ میوانە ناسراوەكان و نەریتی گۆڕینەوەی ژنەكان..هتد،
باو بووە.
بەڵام لەگەڵ گەشەسەندنی موڵكایەتی تایبەتدا پیاو هەستی بە گرنگی پاكداوێنی ژنەكەی
و بێ گەردی بنەماڵەكەی كردووە، لەبەرئەوەی ئێستە "خاوەندارە" و دەیەوێت
ئەوەی هەیەتی بۆ منداڵگەلێكی جێ بهێڵێت لە پشتی خۆی بن، كەواتە دەبێت "بە پاكی"
پارێزگاری لە ژنەكەی بكات –ئەو دەفرەی كە وەچەی بۆ بەرهەم دێنێت- بە جۆرێك كە
"خوێنی بێگانە" نەكەوێتە نێو خێزانەكەوە. بەم جۆرە بیرۆكەی ئافرەتی حەرەمسەرا
و شاردنەوەی ژن لە چاوی خەڵكی كە هیچ پیاوێكی دیكە نەیبینێت سەری هەڵدا، تەنانەت ئەگەر
بە ڕێ و بانەكانیشدا بڕۆشتایە دەبوو پەچەپۆش و داپۆشراو بێت. ئینجا كۆمەڵگە لەبەر
هۆكارگەلێكی تەواو ئابووری پەچە یان حیجابی بەسەر ژنی ئازاد (یان هاوسەر)دا سەپاند،
هەر لە بەرەبەیانی مێژووەوە مێرد دەیویست بە هەمووانی ڕابگەیەنێت كە ژنەكەی ژنێكی ئازادە
و مولكێكی تایبەتە كە نابێت بكەوێتە بەرچاوانی تر، ئەوەش جیاوازە لەو ژنانەی موڵكی
گشتی بوون: كەنیزەكەكان و سۆزانی و لەشفرۆشەكان..هتد، ئەوەش لە كۆمەڵگەی شارستانییەتە
كۆنەكاندا، لە یۆناندا هەر لە سەردەمی "هۆمیرۆس" و "هزیود"ەوە
دەركەوتووە، و لە سەردەمی گەورە فەیلەسوفەكانی یۆناندا بەردەوام بووە: سوكرات، ئەفلاتون،
ئەرستۆ و، بگرە تا ئیمپراتۆرییەتی ڕۆمانییش درێژەی كێشاوە. دوای دەركەوتنی مەسیحییەت
حیجاب و پەچە بە رگێكی ئایینیان بەخۆیانەوە گرتووە و، ئیدی ژنی مەسیحی بۆی نەبووە بە
سەری ڕووت بڕواتە دەرەوە، خۆ ئەگەر لە كەنیسەشدا بەم جۆرە دەربكەوێت، وەك قەدیس پۆلس
دەیڵێت دەبێت بە بڕینی قژەكەی سزا بدرێت، وەك لە ژمارەی سێیەمی ئەم زنجیرە كتێبەدا
دەیبینین[13].
ئەمەش مێژووی ئیسلامی جەختی لەسەر دەكاتەوە و وەك دەگێڕێتەوە عومەری كوڕی خەتاب بە
ڕێ و بانی شاردا پیاسەی دەكرد، ئەگەر كەنیزەكێكی موحەجەبە یان پەچەپۆشی بدیبایە بە
قامچی تێی دەكەوت تا ڕووپۆشەكە (حیجاب) یان پەچەكە لەسەری دەكەوتە خوارێ – و ئینجا
بە نكوڵییەوە دەیگووت «خۆت بە ژنی ئازاد ئەچوێنیت؟». جیاكردنەوەكە لێرەدا كۆمەڵایەتی
و ئابوورییە، خۆ ئەگەر پرسەكە ئەركێكی ئاینی بووایە ئەوا فاروق تێیدا كەنیزەك و ژنی
ئازادی یەكسان دەكرد ئەگەر هەردووكیان موسڵمان بوونایە[14].
بنچینەی ئەم جیاكردنەوەیە ئەوەیە گەر ژن تاوانی زینا بكات ئەوا نەوەی هاونیشتمانی
پیس دەبێت و، ئینجا منداڵگەلێك دەخەنەوە لە پشتی خۆی نین تا ببنە میراتگری سامانی مادی
یان مەعنەوی یان هەردووكیان پێكەوە، لە كاتێكدا تاوانی مێرد نابێتە هۆی ئەمە. لێرەوە
هەموو كۆمەڵگا كۆنەكان بەرامبەر زینای ژن توندوتیژ بوون و بگرە سزاكەی لەسێدارەدان،
یان سەنگەساركردن تا مردن بووە، ئەمە لەكاتێكدا بۆ پیاو رێ پێدراو بووە مومارەسەی
سێكس لەگەڵ كەنیزەك و سۆزانی و لەشفرۆشەكان و..هتد بكات، ئەوەش لەبەرئەوەی نەوەی كەنیزەكەكە
–تۆ جارێ واز لە هەڵەكە بهێنە- نابێتە میراتگر، هەروەها سەر بە دایكیشییەتی، خۆ ئەگەر
جیاوكی ئەدەبی یان سیاسیش هەبێت، وەك ئەوەی لە كۆمەڵگەی یۆنانی یان ڕۆمانیدا هەبوو
– ئیدی هیچ ترسێك نەبوو لە دزەكردن بۆ نێو "خوێنی بێگانە".
بەم جۆرە بە درێژایی مێژوو، پەیوەندییەكی بەهێز لە نێوان خاوەندارێتی تایبەتی
و ڕەوشی ژن لە حەرەمسەرادا هەبووە بۆ شاردنەوەی لە چاوان تا هەرگیز كەس نەیبینێت، وەك
هەوڵدان بۆ "خاوێنكردنەوەی" تا ببێتە دەفرێكی بێ گەردی بەرهەمهێنانی بنەماڵەیەكی
فەراهەم لە پشتی پیاو، تا ببێتە میراتگری هەموو ماڵ و سامانە مادی یان مەعنەوییەكان
یان هەر دووكیان پێكەوە، ڕۆڵی فەیلەسوفیش بۆ ماوەیەكی زەمەنیی درێژ، تۆماركردن و بە
ڕێساكردنی ئەم ڕەوشە نزمەی ژن و، خستنەڕووی پاساوی عەقڵی یان سروشتی یان بایلۆژی یان
سیاسی..هتد بووە كە بەوە پاسادانی سروشتی شتەكان وەهان و ئەم ڕەوشە نموونەییەش كە سروشت
یان ئاسمان یان هەردووكیان پێكەوە سەپاندوویانە: ئەوەی پیاو سەروەر و فەرماندەر و زاڵ
بێت، ژنیش ملكەچ و شوێنكەوتە و گوێڕایەڵ بێت! وا گومان دەبەم كاتێك خوێنەری عەرەبی
تیۆری ئەرستۆ لەبارەی ژنەوە–ژمارەی دووەم لەم زنجیەرەیەدا- ئەخوێنێتەوە و كاتێك پاساوەكانی
خۆی دەخاتە ڕوو جارێك لە میتافیزیكەوە و جارێك لە بیۆلۆژیاوە و جارێكی دیكە لە سیاسەتەوە..هتد
و لە ماڵەكەی خۆیدا دەبینێت، هەرچی مامۆستای یەكەم گوتوویەتی لە كەلتووری كۆمەڵگەكەی
دەوروبەریدا و لە بەرگێكی ئایینیدا جێی خۆی گرتووە، ئەگەرچی ئەرستۆ بە داخەوە بتپەرست
(وەسەنی) بووە!
فەیلەسوف و ژن" ئەو زنجیرەیەیە كە لەم ڕۆژگارەدا پێشكەش بە خوێنەری عەرەبی
دەكەین، كە تاوتوێ و چارەسەی بابەتێكی ئێجگار گرنگ دەكات چونكە لەلایەكەوە ڕاستەوخۆ
دەست لە ژیانی ڕۆژانەمان دەدات و لەلایەكی دیكەیشەوە بابەتێكی نوێ و بێ پێشینە و دەست
بۆ نەبراوە، ئەوەندەی من بزانم، هیچ كەسێك پێشتر لەبارەیەوە نەینوسیوە.
لە كۆتاییدا ئومێدەوارم بە پێشكەشكردنی ئەم زنجیرە كتێبە، شتێكی نوێم خستبێتە
نێو كتێبخانەی عەرەبییەوە و لای خۆمەوە بەڕادەیەك، ئەگەرچی كەمیش بێت، بەشداریم لە ڕێڕەوی
ڕۆشنگەریدا كردبێت.
[1]جێیی سەرنجە تێفكرین لە ژن لە میسری كۆندا بە تەواوی لەمە
جیاواز بوو، ئەمەش بووە مایەی ئەوەی هیرۆدۆت كاتێك سەردانی میسری كرد تووشی سەرسوڕمانێكی
زۆر ببێت. دواتر دەگەڕێینەوە سەر ئەم بابەتە.
[2] إنصاف: لە زمانی
كوردیدا زۆرجار ئەم وشەیە بە (دادگەری) و(دادپەروەری) و (ویژدان) و..هتد وەردەگێڕدرێت،
بەڵام ڕاستییەكەی هیچ كام لەمانە گونجاو نین، دوای بیركردنەوە و پرس و جۆیەكی جددی
ئەم وشەیەمان بۆ دۆزییەوە كە من پێم وایە لە وشەكانی تر گونجاوترە (هەقبەشی).. بەو
هیوام یان وشەیەكی لەمەش گوجاوتری بۆ بدۆزرێتەوە یاخود ئەم وشەیە جێی خۆی بگرێ. (و.
ك)
[7] المرجع نفسه، ص54
[8] الفیلسوف و المرأة"
كۆڕێكی تایبەت كە نووسەر گرتوویەتی و بەڕێوەی بردووە، و لەم گۆڤارەدا بڵاوبۆتەوە: المجلة العربیة للعلوم الإنسانیة، عدد 64 شتاۆ عام 1994، بە بەشداری أ. د. فۆاد زكریا و أ.
د. عبدالغفار مكاوي و أ. د. غانم هنا، و د. حسین علی حسن و اڵاستاذ ناهد البقصمی.
[10] لە یەكێك لە كتێبەكانی
داهاتووی ئەم زنجیرەیەدا بەناوی "ژنە فەیلەسوفەكان" باسیان لێوە دەكەین
[12] لویس مۆرگان توێژینەوەی
لە هیندییە سورەكان كردووە، ئینجا بە شێوەیەكی گشتی گرنگی بە ڕێكخستنی كۆمەڵایەتی لە
كۆمەڵگەی مرۆییدا داوە، بەتایبەت لە كتێبی "كۆمەڵگەی دێرین Ancient Society" كە لە ساڵی 1877 دەرچووە و تێیدا ئەو قۆناغانەی كۆمەڵگەی
مرۆیی پێیاندا تێپەڕیووە بۆ سێ قۆناغ دابەش كردووە: قۆناغی وەحشیگەریی، قۆناغی بەربەری
و ئینجا قۆناغی شارستانی. ماركس و ئەنگلز بۆ پاڵپشتیكردنی تیۆرە ماتریالیزمییە مێژووییەكەی
خۆیان سوودیان لەم تیۆرە پەرەسەندنییەی ئەم وەرگرتووە. ئەنگلز ئەو بیرۆكەیەی لێی وەرگرتووە
لە كتێبی "بنچینەی خێزان و موڵكایەتی تایبەت"ـدا خستوویەتییە ڕوو، جگە لەویش
بێرتراند ڕەسل و چەندانی تر بە هەمان شێوە سوودیان لێ وەرگرتووە..
[13] كەواتە ئەگەر ژن
خۆی دانەپۆشێت دەبێت قژی ببڕێت، چوون كە ژن بینی بە قژی بڕدرا و هەڵپاچراوەوە ناشیرینە
ئیدی خۆی دادەپۆشێت". نامەی یەكەمی پۆلسی
پەیامبەر بۆ خەڵكی كۆرنتۆس، ئیصحاحی یازدە: 6.
[14] لسان العرب لإبن
منظور: المجلد الخامس، ص3755، من طبعة دار المعارف بمصر. سەروچاوەی زۆری دیكەیش هەن
كە هەمان چیرۆك دەگێڕنەوە كە د. عبدالسلام الترمنیني لە كتێبی "الرق الماضیە و
الحاضرە" باسی كردووە: سلسلة عالم المعرفة، عدد 33، ص160؛ و د. أحمد الحوفي: المرأة فی الشعر الجاهلي، دار النهضة بمصر، بالفجالة، ص383.
No comments:
Post a Comment