ده‌رباره‌ی
فیتشیزمی زانستی
تیۆدۆر
ئه‌دۆرنۆ
وه‌رگێڕانی:
هاوار محه‌مه‌د
پێشەکى:
(Fetishism یان "بتگه‌رایی") زاراوه‌یه‌كی داتاشراوه له وشه‌ى
پورتوگاليی fetiticoـه‌وه،
كه به واتای سیحر و جادوو و نوشته دێت، له‌سه‌ره‌تادا به‌و پیرۆزكراوانه ده‌وترا
كه لای هه‌ندێ گه‌لانی ئه‌فریقا هه‌بوو له‌و باوه‌ڕه‌وه گوایه هه‌ندێك شتی
مادیی بچووك خاوه‌نی هێزێكی سیحریی سه‌رووئاسایین .لای ماركس ئه‌م چه‌مكه ده‌بێته
ستراتیژێكی سیسته‌می سه‌رمایه‌داری، له‌م سیسته‌مه‌دا خه‌ڵك وا وێنای یاسا ئابووری
و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ده‌كه‌ن كه به‌هه‌مهێنراوی هێزگه‌لێكی سه‌روو ئاسایین كه
زاڵن به‌سه‌ریاندا و له بواری كۆمه‌ڵایه‌تیدا به‌ڕێوه‌یان ده‌به‌ن. له ئابووریی
ماركسیزم‌دا، كه پێى‌وایه سه‌رمایه‌داری به‌نده له‌سه‌ر خاوه‌ندارێتی تایبه‌تی،
بتگه‌رایی ماتریالی دروستده‌بێت، واته جۆره وێناكردنێك له‌باره‌ی كاڵا و كه‌لوپه‌له‌كانه‌وه
وه‌ك شتانێك كه به سرووشتی خۆیان خاوه‌نی هێزێكی شاراوه‌ن، ئه‌ویش بریتییه له
توانای ئاڵ‌وگۆڕكردن و، ڕه‌نگدانه‌وه‌ی له په‌یوه‌نديی نێوان خه‌ڵكی و مامه‌ڵه‌كانی
ڕۆژانه‌دا، له‌مه‌یشه‌وه سه‌رمایه‌داری هه‌موو شتێك له جیهاندا ده‌كاته بابه‌تی
كڕین و فرۆشتن. وه‌لێ له حه‌قیقه‌تدا توانای ئاڵوگۆڕكردنی كه‌لوپه‌ل ده‌گه‌ڕێته‌وه
بۆئه‌وه‌ی كه ئه‌و شتانه خۆیان به‌هه‌رمی كاری مرۆیین، جووڵه‌كانیشیان هیچ نین
جگه له به‌ره‌نجامی په‌یوه‌ندییه‌كانی خه‌ڵك له ڕێڕه‌وی به‌رهه‌مهێناندا. لای
قوتابخانه‌ی فرانكفۆرتیش فیتشیزم له‌پاڵ شێوه كاڵاییه‌كه‌یدا ڕه‌مزییش ده‌بێته‌وه،
بۆنمونه كردنی به‌رهه‌می فه‌رمی دامه‌زراوه‌كان و هه‌روه‌ها خودی دامه‌زراوه و
سه‌رچاوه په‌یوه‌سته‌كانی ئه‌م دامه‌زراوانه به بنچینه‌ی باڵای كارگێڕیی ده‌وڵه‌ت،
ئه‌مه‌یش له‌ڕێگه‌ی میكانیزمه به‌رده‌سته‌كانی كۆنترۆڵكردنی ئامرازه‌كانی وه‌ك
زانست و ئایدیۆلۆژیا و ڕاگه‌یاندنه‌وه. واته فیتشیزم مانا ئابورییه‌كه‌ی كاڵاكان
تێده‌په‌ڕێنێت و ده‌بێته یه‌كێك له میكانیزمه‌كانی جێگیركردنی واقیعی سه‌رمایه‌داری
وه‌ك واقیعێكی گونجاو و ئه‌به‌دی له زه‌ین و ئاگایی خه‌ڵكیدا.
وه‌رگێڕ
تا
ئێستا له‌باره‌ی
پرسی خۆ جیاكردنه‌وه و تایبه‌تمه‌ندی و بێلایه‌نیی کۆمەڵناسى [سۆسیۆلۆژیا] له سه‌رجه‌م زانسته‌كانیتر
لێكۆڵینه‌وه‌ی زۆرمان
كردووه، هه‌ڵبه‌ت قسه‌وباسمان له پێگه‌ی ئه‌م
زانسته خۆیشیی كردووه. وه‌ك بینیمان پێگه‌یه‌كی گرنگیشی هه‌یه. پێموایه ئه‌بێت
سه‌رله‌نوێ ئه‌م باسه تاوتوێ بكه‌ینه‌وه، به‌تایبه‌تیش له پرسی فیتشیزمی
زانست‌دا. وێناكردن و چه‌مكه‌كانی سۆسیۆلۆژیا ته‌نیا ده‌یه‌وێت وێناكردن و
چه‌مكی سۆسیۆلۆژیا خۆی بێت، كه‌چی ئه‌م وێناكردن و چه‌مكه ده‌یباته‌وه سه‌ر
ئاراسته‌ی فیتشیزم. بێ سوودیش نییه له چوارچێوه‌ی سۆسیۆلۆژیادا و بگره به
ڕێگه‌یه‌كی كۆمه‌ڵناسانه له چه‌مكی فیتشیزمی زانست بكۆڵینه‌وه. ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی
به فیتشزمی زانست به گشتییه‌وه هه‌بێت و ئه‌وه‌ی لێیده‌ترسین ئه‌وه‌یه زانست،
له په‌یوه‌ندیی پێشمه‌رجه‌كانیدا یان له‌و ڕێگایانه‌یدا وا لێیه‌وه هه‌ڵقوڵاون،
خزمه‌ته‌كانی ته‌نیا ئاراسته‌ی خۆی بكات و خۆی بخاته خزمه‌تی خۆیه‌وه، بێ ئه‌وه‌ی
هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به‌و بابه‌ته‌وه هه‌بێت كه ئه‌بێت مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا
بكات.
به‌ڵام له ئێستادا تێیگه‌یشتنمان له زانست
به مانای ئه‌و پێكهاتنه زه‌ینییه سه‌ربه‌خۆیه نییه كه‌وا تێڕوانینه ته‌قلیدییه‌كان
وێنایان ده‌كرد. ڕه‌وایه‌تیی زانست سوود له‌و گۆشه‌نیگایانه وه‌رده‌گرێت كه لێیه‌وه
هه‌ڵده‌قوڵێت و تێیده‌په‌ڕێنێت و به ڕه‌هایی خۆی ده‌خزێنێته نێو گروپى زانسته‌كانه‌وه.
من ده‌زانم، له‌م ڕه‌وشه‌ی ئێستادا كه زانسته‌كان به نێو قه‌یراندا ده‌ڕۆن،
زانكۆیش به هه‌مان قه‌یراندا ده‌ڕوات, هه‌رگیز ئه‌م پرسه ئاسان نییه و بگره ئیتر
بواری جیاكردنه‌وه‌ی ئه‌م دوو قه‌یرانه له یه‌كتری نه‌ماوه، پێموایه بۆمان
نییه زه‌نده‌قی منداڵ ببه‌ین و به خۆشتن بیترسێنین، بۆ پاكژیی زانستیش هه‌روا.
به بڕوای من، كه چه‌ندین جاریش جه‌ختم لێ‌كردۆته‌وه، ئێمه له میانه‌ی هه‌ڵگۆزینی
میتۆدگه‌لی نوێوه بڕوا به په‌ره‌سه‌ندنی زانست، به زانسته سروشتییه‌كانیشه‌وه،
ده‌هێنین. به‌ڵام ئه‌گه‌ر سۆسۆلۆژیا هه‌ر ته‌نیا به نموونه‌ی میتۆدی زانسته‌كانیتره‌وه
بگیرسێتەوە، بێ ئه‌وه‌ی ئه‌م میتۆده بیگه‌یه‌نێته فۆرمێكى بیركردنه‌وه له خۆی
و په‌یوه‌ندییه‌كانی خۆی به بابه‌ته‌كانی تره‌وه، ئه‌وا ئه‌مه ده‌بێته مایه‌ی
جۆرێك له دیارده‌ی ئیفلیجیی عه‌قڵی، ده‌یگه‌یه‌نێته ئه‌و دیارده‌ی كه هابه‌رماس
وه‌ك كۆتوبه‌ند ئاماژه‌ی پێ ده‌دات، یان ده‌یگه‌یه‌نێته بنبه‌ستی ئه‌زموونی ته‌قلیدیی
كه سۆسیۆلۆژیا، له قۆناغی گه‌ڕان به دوای خۆیدا، ده‌بێت هه‌ر به كرده‌یی لێی
ده‌ربچێت و تێی بپه‌ڕێنێت. خۆ ئه‌گه‌ر منیش لای خۆمه‌وه بمه‌وێت خۆم له چه‌مكه
باوه‌كان دوور بگرم، هه‌ر ئه‌مه‌یشه قوتابخانه‌ی فرانكفۆرتی ئێمه‌ى پێ جیا ده‌بێته‌وه،
ئه‌وا هیوام وایه له دواجاردا ئه‌مه نه‌بێته جۆرێك فیتشیزم. هه‌ڵبه‌ت مه‌به‌ستیشم
ئه‌وه‌یه نییه ناچاربین بچینه سه‌ر هەواى فۆڕمێک له پراگماتیزم، یان جۆرێك له
گه‌ڕان به دوای به‌ره‌نجامگه‌لی ڕاسته‌وخۆدا كه بتوانین به‌كاریان بهێنینه‌وه.
به‌ڵكو ئه‌گه‌ر له ئێستادا به باشی بیر له کۆمەڵناسى بكه‌ینه‌وه، ئه‌وا بۆمان
ده‌رده‌كه‌وێت ئه‌و میتۆده‌ی تێیدا به‌كاری ده‌هێنین، ئه‌گه‌رچی سه‌ربه‌خۆیش بێت،
كه‌چی هه‌ر ده‌بێت له‌گه‌ڵ زانست و ته‌نانه‌ت له‌گه‌ڵ ئه‌و پرسه چكۆله و به‌شه‌كییانه‌یشدا
تەبا و سازگار بێ وا كۆمه‌ڵگا ده‌یانخاته ڕوو؛ له‌دیوه‌كه‌ی دیكه‌یشه‌وه ئه‌و
زانسته‌ی له فیتشیزم دوور ده‌كه‌وێته‌وه ده‌بێت په‌یوه‌ست ببێته‌وه به
گۆڕانكارییه‌كانی بونیاده‌وه له نێو كۆمه‌ڵگه‌دا. جێی خۆیه‌تی بڵێین ئه‌گه‌رچی
حاڵی حازر سۆسیۆلۆژیا په‌یوه‌سته به چاره‌سه‌ركردنی پرسه پراكتیكییه‌كانه‌وه،
كه‌چی ده‌شكه‌وێته نێو فیتشیزمه‌وه. ئه‌مه‌یش ئه‌و كاته‌ی هه‌وڵده‌دات له‌پێناو
پاراستنی جۆرێك پاكژیی پێویست بۆ خۆی، خۆی له ویستی گۆڕان
بدزێته‌وه و ده‌رباز بكات.
له‌به‌رئه‌وه وا پێده‌چێت دیاریكردنی كایه‌ی
کۆمەڵناسى، به‌و شێوه‌یه‌ی كه هه‌وڵمدا بۆتانی وێنا بكه‌م، له‌جێی خۆیدایه، به‌و
مانایه‌ی من ویستوومه پێگه‌یه‌كی شیاو بۆ سۆسیۆلۆژیا له‌پاڵ زانسته‌كانی تردا، كه
له پێش ئه‌مه‌وه تایبه‌تمه‌ندی و جیامه‌ندی خۆیان وه‌رگرتووه، بخه‌مڵێنم. ئه‌وه‌م
سه‌لماند، یان لایه‌نی كه‌م هه‌وڵمدا ئه‌وه بسه‌لمێنم سۆسیۆلۆژیایش وه‌ك سه‌رجه‌م
زانسته‌كانیتر زانسته، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌و كایه‌یه له‌به‌رچاو بگرین كه
سۆسیۆلۆژیا سه‌روكاری له‌گه‌ڵیدا هه‌یه، واته كۆمه‌ڵگه، ئه‌وا كتومت هاوشێوه‌ی
زانسته‌كانی تر نییه. به‌ڵكو خاوه‌نی ڕه‌هه‌ندی چۆنییه‌تیشه كه له‌وانیتر جیای
ده‌كاته‌وه.
بۆیه
پۆلێنكردنی کۆمەڵناسى و پێگیركردنی به یه‌ك پانتایی پسپۆرییه‌وه كرده‌یه‌كی سه‌یر
و بێ سه‌روبه‌ره‌یه، مێژووی سۆسیۆلۆژیای مۆدێرن ده‌مانخاته به‌رده‌م فۆرمێكی
بارگۆڕاو و شلۆق. له لایه‌كه‌وه ده‌بینین سۆسیۆلۆژیا مه‌یلی ئه‌وه‌ی هه‌یه
ببێته زانستێك له‌گه‌ڵ مۆدێلی ئه‌و زانستانه‌یتردا یه‌كسان بێت كه هه‌وڵی
كۆنترۆڵكردنی سروشت ده‌ده‌ن، كه‌چی له لایه‌كی تره‌وه ده‌بینین ئه‌م زانسته هه‌تا
بێ‌نیاز بێت و ئامانجی خۆی دیاری نه‌كات، واته تا ئه‌و كاته‌ی چاوی له كۆمه‌ڵگا
بڕیبێت, ئیدی بواری ئه‌وه‌مان نییه ئه‌م زانسته دیاری بكه‌ین و جیای بكه‌ینه‌وه،
به‌م جۆره‌یش خولیا و نیازی ئه‌م زانسته بۆ كۆنترۆڵكردنی كۆمه‌ڵگه هاوشێوه
ده‌بێت به خولیا و نیازی كۆنترۆڵكردنی سروشت له‌لایه‌ن زانسته سروشتییه‌كانه‌وه.
تا
ڕاده‌یه‌ك ئه‌م هانده‌ره له فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌فلاتووندا ده‌بینینه‌وه. تیۆری
ئایدیاكان، یان كاتیگۆریای میتافیزیكی لای ئه‌فلاتوون له تیۆری كۆمه‌ڵایه‌تی جیا
نابێته‌وه، به‌و مانایه‌ی گه‌ڕان به‌دوای ماهیه‌تی فه‌لسه‌فه‌دا له گه‌ڕان به‌دوای
پرسی كۆمه‌ڵگه‌ی ڕاسته‌قینه جیا نابێته‌وه. ڕه‌نگه هۆكاری دۆگمابوونی فه‌لسه‌فه‌ی
ئه‌فلاتوونیزمیش هه‌ر له‌وه‌دا بێت كه هه‌وڵیداوه سۆراغی تاكه كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی
ئایدیالی بكات، ئه‌مه له‌پاڵ دابه‌شكردنی كۆمه‌ڵگه‌دا به شێوه‌یه‌كی هیراركی، بێ
ئه‌وه‌ی كه‌وتبێتیشه هه‌ڵه‌كانی سۆسیۆلۆژیاوه، جا بۆیه ده‌بینین تیۆری ئه‌فلاتوون
هیچ نییه جگه له ده‌رهاوێژی Projection ی ئه‌زموونێكی كۆمه‌ڵایه‌تی وه‌ها كه له‌سه‌ر زه‌وی به‌دوایدا
بگه‌ڕێین.
ئێستا
ئیدی ده‌توانم فه‌زای ئه‌م باسه‌تان بۆ بڕه‌خسێنم، بۆ ئه‌مه‌یش پوخته‌یه‌كتان دەربارەى
خواست له‌سه‌ر مافی ده‌سه‌ڵات بۆ باس ده‌كه‌م [ویست بۆ ده‌سه‌ڵات]،
ئه‌و خواسته‌ی كه وا له‌نێو جه‌رگه‌ی هزری كۆمه‌ڵایه‌تیدا. ئه‌مه‌یش یه‌كه‌مجار
لای ئه‌فلاتوون له‌م فۆرمه‌یدا ده‌یبینینه‌وه: ئه‌و كه‌سانه‌ی ده‌توانن ماهییه‌تی
دابه‌شكردنی كار بناسن، ئه‌وانه‌ی كه ده‌زان یان زانیاری‌یان له‌سه‌ر ماهیه‌تی وه‌زیفه
تاكه‌كه‌سییه‌كان هه‌یه، ئا ئه‌مانه مافی خۆیانه بگه‌نه به‌رزترین ئاستی سه‌ركردایه‌تی
كه هه‌قی ئه‌وه‌یان هه‌یه ببنه پادشا. جا سه‌یر ئه‌وه‌یه هزرگه‌لێكی له‌م شێوه‌یه
ته‌نانه‌ت لای ئۆگه‌ست كۆنتیش ده‌بینینه‌وه، كه به‌لای خۆیه‌وه خۆی به دژه ئه‌فلاتوونیزم
ده‌زانێت، چونكه پێیوابوو كۆمه‌ڵناسی مافی چاودێریكردن و ئاماده‌سازیی كۆمه‌ڵگه‌ی
هه‌یه. دواجار ئه‌مه‌وێت ئاماژه به دوایین ئه‌و هزرانه بكه‌م كه به‌م ئاراسته‌یه‌دا
ده‌ڕۆن، واته هزره‌كانی كارل مانهایمی هاوڕێمان، كه زۆر بیرۆكه‌ی جیاوازی به‌م
ئاراسته‌یه‌دا خستۆته ڕوو. مانهایم پێیوایه ئه‌و ڕۆشنبیرانه‌ی كه په‌یوه‌ست نین
به هه‌ڵوێستی چینایه‌تی به‌رژه‌وه‌ندخوازانه‌وه توانادارتر و شیاوترن بۆ گه‌یشتن
به بابه‌تیبوونی زیاتر. له ماوه‌ی دواتردا مانهایم تیۆری ده‌سته‌بژێری وه‌ك خاوه‌ن
كه‌ڵكه‌ڵه‌ی ده‌سه‌ڵات یان مه‌یلی ده‌سه‌ڵاتگه‌ریی گه‌شه‌پێدا. سووك و ئاسان به‌ره‌نجامی
ئه‌و تیۆره ئه‌وه‌بوو كه ئه‌و كه‌سانه‌ی مافی چاودێریكردنی كۆمه‌ڵگه‌یان هه‌یه
و بۆ ئه‌وه ده‌شێن شه‌ونخونی بۆ بكه‌ن و ئه‌و كه‌سانه‌ی مافی ده‌سه‌ڵاتیشیان
تێیدا هه‌یه، ئه‌وانه‌ن كه پێیان ده‌ڵێین سۆسیۆلۆژیست.
دواجار،
ده‌ڵێم من به ته‌واوه‌تی له‌وه دڵنیا نیم كه په‌ره‌سه‌ندنی کۆمەڵناسى په‌یوه‌ندییه‌كی
به‌م خواسته شاراوه‌یه‌ی مافی ده‌سه‌ڵاته‌وه هه‌بێت. ئه‌مه‌ش هیچ به مه‌حاڵ و
نا مومكین نازانم. ڕاستییه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه له لایه‌ن سۆسیۆلۆژیاوه خواستی ئه‌م
زانسته بۆ باڵاده‌ستی به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌دا خواستێكی له‌مێژینه‌یه. له سایه‌ی په‌یوه‌ندییه
باوه‌كانی ئێستای ده‌سه‌ڵاته‌وه ده‌بینین گروپی وا هه‌یه توانیویه‌تی له بنه‌ڕه‌ته‌كانی
دابه‌شكردنی كار تێبگات، توانیویشیه‌تی ئه‌رك و ئامانجی عه‌قڵی ئه‌وتۆ بۆ خۆی
دابنێت كه هاوشێوه بێت له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی به‌لای کۆمەڵناسانەوە به بایه‌خ
و گرنگه، ئه‌مه‌یش هه‌ر به كرده‌یی، یان به شاراوه‌یی له خه‌ڵكانیتر زیاتر
مافی چاودێریكردنی به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌وه پێداون.
هه‌ڵه‌ی
فیكری له‌م جۆره تیۆرانه‌دا، كه بۆ کۆمەڵناسەکان تێگه‌یشتنی ئه‌سته‌مه، ئه‌وه‌یه
ئه‌م ئاگاییه كرده‌یی یان شاراوه‌یه، بۆ نموونه وه‌ك مانهایم بۆی ده‌چێت، وه‌ك
هێز حیسابی بۆ كراوه. له‌م ساته‌دا من وای ده‌بینم جێیی خۆیه‌تی ئه‌وه‌تان بیر
بخه‌مه‌وه ئۆگه‌ست كۆنت، كه هه‌ر به ڕاستی ده‌یویست سۆسیۆلۆژیا زانستی كۆمه‌ڵگا
بێت، به‌م پێیه‌یش هه‌وڵیدا هه‌موو ئه‌و وێناكردنه فیتشییانه‌ی لێ بكاته‌وه كه
پێیه‌وه په‌یوه‌ست بوون و كۆسپ بوون له‌ڕێی به‌زانستبوونیدا، ده‌شێت بڵێیین به‌قه‌د
ئه‌وه‌ی مێژوونووسی عه‌قڵی بوو سۆسیۆلۆژیست نه‌بوو، یان با بڵێین بان- عه‌قڵانی
بوو. جا دوای ئه‌مانه ڕێم بده‌ن له شتێكى زۆر گرنگ ئاگادارتان بكه‌مه‌وه، واته
له‌و وه‌همه ئاگادارتان بكه‌مه‌وه كه هێشتا بوونی دامه‌زراوه نا-عه‌قڵانییه‌كان
له‌كۆمه‌ڵگه‌ی عه‌قڵانیدا قه‌بووڵ ده‌كات، بۆ نموونه وه‌ك دامه‌زراوه‌ی خێزان و
كڵێسا. کۆمەڵناسیى ئه‌نگلۆساكسۆنی ئه‌م دامه‌زراوه ناعه‌قڵانییانه‌ی ته‌نیا وه‌ك
پاشماوه، شوێنه‌وار، یان ته‌نیا وه‌ك میراتێك پۆلێن كردووه كه ده‌گه‌ڕێته‌وه
بۆ قۆناغگه‌لێكی له‌رزۆك و شلۆق، به‌م جۆره بۆ نموونه سپنسه‌ر دامه‌زراوه‌ی
میلیتاری به پێشمه‌رجێك داناوه كه به‌و ئه‌ندازه‌یه‌ی دابه‌شكردنی كار تێیدا ده‌بێته
كارێكی عه‌قڵانیكراو، ده‌بێته مایه‌ی تێهه‌ڵكێشبوون و یه‌كپارچه‌ییش.
لێره‌دا
هیچم له‌ده‌ست نایه‌ت ئه‌وه نه‌بێت كه كورته‌یه‌ك له‌باره‌ی ئه‌م مه‌سه‌لانه‌وه
باس بكه‌م، ئه‌گه‌رچی باوه‌ڕێكی پته‌وم به هه‌ڵه‌ی ئه‌و ته‌فسیره باوه هه‌یه
كه بۆی كراوه و ته‌نیا به بیرهێنانه‌وه‌ی ئه‌م هه‌ڵانه‌یش كه ته‌واوی ئه‌م نه‌ریتانه
هه‌ڵگریانن، ده‌ره‌تانێك بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و ئیشكالییه‌ته‌ی كه كۆمه‌ڵگه
هاوچه‌رخه‌كه‌مان وروژاندوونی ناكاته‌وه. پاشانیش زۆرینه‌ی ئه‌و بیرمه‌ندانه‌ی
كه ئاماژه‌م به ناوه‌كانیاندا قه‌ناعه‌تێكی ته‌واویان به عه‌قڵانیه‌تی بۆرژوازی
هه‌بوو، به گوزاشتگه‌لێكی تر پێیان وابووه عه‌قڵانییه‌ت به‌ره‌نجامی بیركردنه‌وه‌ی
هۆكاره‌كییه و ئه‌مه‌یش له ناوه‌ندی ڕێگه‌ی به‌رهه‌مهێنانی كۆمه‌ڵگه‌ی
بۆرژوازیدا باڵاده‌سته و كلیلێكه كه ده‌كرێت به‌هۆیه‌وه گرێ كوێره‌كانی كۆمه‌ڵگه
بكه‌نه‌وه و ڕه‌هه‌نده‌كانی ڕۆشن بكه‌نه‌وه.
ئه‌مانه
بیریان له‌و ڕۆڵه مه‌ترسیداره نه‌ده‌كرده‌وه كه په‌یوه‌ندییه‌كانی به‌رهه‌مهێنان
ده‌یگێڕێت، یان ڕه‌نگه ئه‌م ڕۆڵه خۆشحاڵی كردبن، به شێوازێكیتر گوزارشت له‌م مه‌سه‌له‌یه
ده‌كه‌م بۆ ئه‌وه‌ی ببێته گوزارشتێكی ئیشكالی: ئه‌وان ئه‌وه‌یان له‌بیردا
نه‌بوو ئه‌م عه‌قڵانییه‌ته له كۆمه‌ڵگه‌ی بۆرژوازیدا كه زۆرجار خۆیان ئاماژه‌یان
پێداوه، واته ئه‌وه‌ی كه پێیان ده‌گوت سه‌رده‌می زانستی، یان كۆمه‌ڵگه‌ی زانستی
یان كۆمه‌ڵگه‌ی پیشه‌سازی، هه‌موو ئه‌مانه پێشتر و ئێسته‌یش هه‌ر به ناعه‌قڵانی
ماونه‌ته‌وه. چه‌مكی كۆمه‌ڵگه‌ی پیشه‌سازیی هیچ نییه جگه له درێژكراوه‌ی
چه‌مكه كۆنتییه كۆنه‌كه، واته چه‌مكی قۆناغی پۆزه‌تیڤیزمی زانستی. ئه‌م ناعه‌قڵانیه‌ته
هیچ نییه جگه له قه‌ناعه‌ت به‌م چه‌مكه، خۆ كاتێك ئامانجی كۆمه‌ڵگه ده‌بێته
پاراستنی ئه‌ندامه‌كانی كۆمه‌ڵگه، واته پاراستنی ئه‌و خه‌ڵكانه‌ی كه كۆمه‌ڵگه‌كه‌یان
لێ پێكدێت و كاركردن بۆ شكاندنی كۆده‌كانیان، یان كاتێك له‌ڕێگه‌ی ئه‌م ئاماده‌سازییانه‌وه
ته‌نیا ده‌گه‌ین به پێچه‌وانه‌ی خواسته‌كه، واته كاركردن دژی هه‌ر شتێكی عه‌قڵی،
كه‌واته ئه‌مه ناعه‌قڵانیكردنه.
كاتێكیش
به وردی له‌مه ڕاده‌مێنین، ئه‌و كاته ئه‌وه ده‌ستپێده‌كات كه پێی ده‌ڵێین
دامه‌زراوه ناعه‌قڵانییه‌كان و هه‌ر یه‌كه‌یشیان وه‌زیفه‌یه‌ك ده‌خه‌نه ئه‌ستۆی
خۆیان، ئه‌و كاته ده‌توانین ئه‌نجامگیریی چركه‌ساته ناعه‌قڵانییه‌كانی كۆمه‌ڵگه
له بونیادی كۆمه‌ڵگه‌كه خۆیه‌وه بكه‌ین.
له
سه‌ره‌وه به ئاماژه‌دان بۆ دامه‌زراوه‌ی وه‌ك خێزان ئاماژه‌م به ناعه‌قڵانیه‌ت
كرد، خۆ ده‌توانین دامه‌زراوه‌ی تریوه‌ك سوپا و وه‌زیفه میلیتاری و ده‌زگا
كڵێساییه‌كانیش به دامه‌زراوه‌ی ناعه‌قڵانی حیساب بكه‌ین. ده‌بێت وا له‌م
چركه‌ساته ناعه‌قڵانییانه تێبگه‌ین، وه‌ك ئه‌وه‌ی وه‌زیفه‌یه بۆ به‌رده‌وامێتی
ناعه‌قڵانییه‌ت. كۆمه‌ڵگه وه‌ك ئه‌وه‌ی ئامرازه‌كانی خۆیه‌تی، به ده‌ربڕینی
ماكس ڤێبه‌ر له خۆیدا عه‌قڵانییه. به‌ڵام عه‌قڵانییه‌تێك ئامراز به
ئامانجه‌وه گرێ ده‌داته‌وه. واته عه‌قڵانییه‌تێكه ئامانجه ئوبێكتییه‌كانی له‌گه‌ڵ
ئامرازه به‌كاهێنراوه‌كانیدا یه‌كسان و هه‌ماهه‌نگ ده‌كاته‌وه، ئه‌مه
جگه له‌وه‌ی ئامانجگه‌لێكی وا ده‌ستنیشان ده‌كات كه به‌شێوه‌یه‌كی ئاشتییانه‌ی
ڕازیكه‌رانه باوه‌ڕی به پاراستنی ڕه‌گه‌زی مرۆیی هه‌بێت، ئه‌مه‌ش نه‌ك ته‌نیا
هۆكاری به‌رده‌وامبوونی ناعه‌قڵانییه‌ته، به‌ڵكو هۆكاری فراوانبوون و دووباره به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی
خۆیشیه‌تی به شێوازی جۆراو جۆر. هه‌ر به‌م بۆنه‌یه‌شه‌وه، ده‌بێت سه‌رنج له‌وه
بده‌ین ڕه‌نگه ئه‌مه ڕاڤه‌یه‌كی قووڵ بێت بۆ ئه‌و ده‌لاله‌ته‌ی كه چركه‌ساته
دروونییه‌كان، یان ئه‌وه‌ی پێی ده‌ووترێت چركه‌ساته سۆسیۆ-سایكلۆژییه‌كانی ئه‌م
كۆمه‌ڵگایانه، هه‌یانه. به بڕوای من ئه‌م لێبوونه‌وه (إشتقاق) بابه‌تییه‌ی
ناعه‌قڵانییه‌ت، یان ئه‌م لێبوونه‌وه عه‌قڵییه‌ی ناعه‌قڵانییه‌ت ڕه‌نگه خاڵه سه‌ره‌كییه
دژواره‌كه‌ی سۆسیۆلۆیای هاوچه‌رخ بێت.
ئێستا
ده‌چمه‌وه سه‌ر باسی ئاره‌زوو و خولیاكانی کۆمەڵناسى بۆ ده‌سه‌ڵات. پێشتر گوتم
کۆمەڵناسى خولیای ده‌سه‌ڵات و به‌ره‌نجامی كرده‌ی چاودێریكردن به‌سه‌ر هه‌ندێك هه‌ڵوێسته‌وه
سه‌رزه‌نشت ده‌كات. پێشتریش ئاماژه‌م به‌و توێژینه‌وانه‌دا كه له كه‌سایه‌تی ده‌سه‌ڵاتخوازیان
كۆڵیوه‌ته‌وه، لێره‌دا ناعه‌قڵانییه‌تی گروپه بچووكه‌كان بۆ ئه‌و
باسه زیاد ده‌كه‌م. لێره‌دا زۆر درێژه‌ی پێناده‌م. به‌ڵكو نموونه‌یه‌كی بچووك بۆ
ڕوون كردنه‌وه‌ی هه‌ندێك بابه‌ت باس ده‌كه‌م، هه‌ڵبه‌ت ده‌بێت بزانین من یه‌ك وشه‌ی
زیاتر له‌سه‌ر ئه‌و نموونه‌یه ناڵێم به‌و ئومێده‌ی خوێنه‌ر یان گوێگر خۆی له
كاریگه‌رییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كه‌ی ئه‌و نموونه‌یه‌ی من تێبگات، ئه‌گه‌رچی په‌یوندییه‌كی
پته‌ویشی به كایه‌ی ڕیكلام و بانگه‌شه‌وه هه‌یه. له ئه‌مریكا باس له‌و لقه ده‌كه‌ن
كه پێی ده‌ڵێن "سۆسیۆلۆژیای
مانگا".
چیرۆكه‌كه ئه‌مه‌یه: یه‌كێك له كۆمپانیا مۆنۆپۆلیسته‌كانی به‌رهه‌مهێنانی شیر
بۆ بره‌ودان به به‌رهه‌مه‌كانی خۆی پشتی به‌ست به‌و ڕیكلامه‌ی كه ده‌ڵێت شیری ده‌به
شیری ئه‌و مانگایانه‌یه كه به ئاسووده‌ییه‌وه له‌گه‌ڵ جووته‌كانی تریاندا ده‌ژین،
بۆیه ئه‌م شیری ده‌به‌یه باشترین جۆری شیره.
ئه‌وه‌ی
من ده‌مه‌وێت به جددی قسه‌ی له‌سه‌ر بكه‌م ئه‌مه‌یه كه جۆری ئاره‌زووه ده‌سه‌ڵاتخوازه‌كان،
وه‌ك ئه‌وه‌ی سۆسیۆلۆژیای هاوچه‌رخ وه‌ك زانستێك بۆ چاودێریكردنی كۆمه‌ڵگه به‌كاری
ده‌هێنێت ڕێك شتێكی له‌م بابه‌ته‌یه. واته هرزه‌كانی ده‌سه‌ڵاتگه‌ریی به‌سه‌ر هه‌ندێك
كه‌رتی كۆمه‌ڵگه‌كانی ئێستاوه ده‌شێت تا ڕاده‌ی ده‌سه‌ڵات به‌سه‌ر هه‌موو كۆمه‌ڵگه‌دا
به‌رفراوان ببێت و قه‌ڵه‌مڕه‌ویی بكات. له‌م بیرۆكانه‌دا شتێكی هاوشێوه‌ی ئه‌وه‌ی
له‌باره‌ی مانهایمه‌وه ئاماژه‌م پێدا ده‌بینینه‌وه، واته ئه‌و ڕۆشنبیرانه‌ی كه
به ئازادی له سه‌رووی هه‌موو چینه‌كانه‌وه مه‌له ده‌كه‌ن. كه‌ڵكه‌ڵه
سۆسیۆلۆژییه له‌مێژینه‌كان، كه کۆمەڵناسى به نهێنی یان به ئاشكرا گوزارشتی لێ
كردوون، واتای بارهێنانی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی عه‌قڵانی له هێز و هاوشێوه‌كانی هێزه‌وه
نییه، به‌ڵكو واتای دانانی چاودێرییه‌كه له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگا، به‌شێوه‌یه‌ك كه ئه‌م
چاودێرییه له سه‌ره‌وه بۆ خواره‌وه ده‌ڕوانێت، له سه‌ره‌وه چاودێرییه‌كه ده‌كات.
ده‌توانین
به‌شێوه‌یه‌كی زۆر زه‌ق گوزارشت له‌م دۆخه بكه‌ین، كاتێك له ڕێگه‌ی سۆسیۆلۆژیاوه
قسه له‌باره‌ی چه‌مكی ده‌سه‌ڵات به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگادا ده‌كه‌ین وا ڕاستتره چه‌مكی ڕێكخستنی
پراكتیكی له‌بری چه‌مكی عه‌قڵانییه‌ت به‌كار بهێنین.
سۆشیالیسته‌كانیش هه‌رگیز له جوغزی ئه‌م بۆچوونانه ده‌رنه‌چوون، چوون پێیان
وابووه سۆشیالیزم بریتییه له وه‌لانانی مه‌سره‌فگه‌لێك كه ده‌كرێت نه‌یانهێڵین،
یان به ساده‌یی خۆپاراستن له كه‌وتنه نێو هه‌ڵه و تێكچوون و په‌رته‌وازه‌یی،
به مانایه‌كی تر ڕێكخستنی ڕه‌وتی میكانیزمی به‌رهه‌مهێنانی كاپیتالی، ئه‌مه
بێجگه له باسكردن یان بیركردنه‌وه‌ی به‌رده‌وام له په‌یوه‌ندی خه‌ڵكانی زیندوو
به میكانیزمه‌كانی به‌رهه‌مهێنانه‌وه.
به‌م
جۆره ده‌توانین بڵێین ئاره‌زووی کۆمەڵناسى بۆ كۆنترۆڵكردنی كۆمه‌ڵگه هیچ
نییه جگه له چه‌سپاندنی چاودێری، به واتای ئاماده‌سازیی تایپی ته‌كنۆكراتی،
به‌ڵام ئه‌م تایپه تا ڕاده‌ی به ئامێریكردنی ئامرازی به‌رهه‌مهێنان و له‌میشه‌وه
ژیانی هاوبه‌شی مرۆڤ تا ده‌گات به ئاگامه‌ندی و نائاگامه‌ندییان، درێژ ده‌بێته‌وه.
ئه‌م ئاراسته‌وه‌رگرتنه ته‌كنۆكراتییه به‌ره‌و تایپی سۆسیۆلۆژی زۆرجار هه‌ر به
زوویی كه‌وتۆته كار له‌میانه‌ی په‌ره‌سه‌ندنی ته‌كنیكییه‌وه، ئه‌و په‌ره‌سه‌ندنه‌ی
كه بۆ كۆنترۆڵكردنی سروشت پێویست و زه‌رورییه.
به
بڕوای من ئه‌م ئاماژه بنه‌ماییانه كه له لاپه‌ڕه‌كانی پێشوودا خستمنه ڕوو, ده‌سته‌به‌ری
ده‌رخستنی نه‌بوونی هیچ تایبه‌تمه‌ندی و جیاوكێكن كه سۆسیۆلۆژیا هه‌یبێت، به‌و
واتایه‌ی ئه‌گه‌ر بڕیار بێت زانستێكمان بۆ كۆمه‌ڵگا هه‌بێت، ئه‌وا ئه‌مه مانای ئه‌وه
نییه مافی داگیركردنی پێگه‌یه‌كی سه‌نته‌ریی تایبه‌تمان له‌نێو ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌ی
ده‌مانه‌وێت لێی وردبینه‌وه و لێی تێبگه‌ین، پێ‌بدات. ئینجا ده‌بێت ڕه‌خنه له
چه‌مكگه‌لی وه‌كو: ده‌سه‌ڵات، یان ده‌سته‌بژێر و سه‌ركردایه‌تی و بگره چه‌مكی
ڕۆشنبیر بگرین و لێیان ده‌رباز ببین، نه‌ك له‌ڕێگه‌ی هه‌ڵوێستی فیتشییه‌وه هه‌وڵی
درێژكردنه‌وه‌یان بده‌ین. باشترین شتێك كه ئومێده‌وار و خوازیاری بین پاراستنی
ئاوه‌ز و پێگه‌یشتوویی خۆمان، یان به‌شێك له‌م ئاوه‌زه‌یه له‌ڕێگه‌ی پاراستنی ئه‌و
بابه‌ته‌ی كه مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌كه‌ین، ئه‌مه له پاڵ پاراستنی ئه‌م بابه‌ته
و ئازادیی خۆیشماندا.
سه‌رچاوه:
ثيودور
فون أدورنو: محاضرات فی علم الإجتماع، ترجمة: جورج كتورة، مركز الإنماء القومی،
لبنان- بیروت، ص106-111.
ئەم
وتارە لە ساڵى 2013 لە گۆڤارى ئایدیا و دواتریش ساڵى 2015 لە سایتى گروپى نێگەتیڤ
بڵاوبۆتەوە.
No comments:
Post a Comment