خوێندنەوەیەك بۆ قەسیدەی "ئاسن"ـی سدیق عەلی
هاوار محەمەد
دوای زیاتر لە دە ساڵا نووسین (سدیق عەلی) شاعیر, كە
شیعرەكانی كۆكردەوە تەنیا نامیلكەیەكی (100) لاپەڕەیی دەرچوو كە ناوی لێنا (كەوتنە
خوارەوە لە تۆ), كەوتنێك كە پێدەچێت بەشێك بێت لە حیكایەتی كەوتنە گەورەكانی
مێژوو, بەشێك بێت لە گێڕانەوەی گوناهەكان كە هەمیشە چركەی دوای گوناه كەوتنە, ئێمە
ئەم وانەیە لە ئادەمەوە فێر بووین. پێدەچێت عەشق لەنێوان شاعیرەكاندا گوناهێكی
هاوبەش بێت, شاعیر كە دەكەوێت تەنیا بەردەبێتەوە ناو شیعر, كەوتنی شاعیر و
دەرپەڕاندنی لە بەهەشت بەربوونەوەیەتی بۆ نێو زمان, هیچ شاعیرێك نییە بێ
بەربوونەوەیەكی لەم جۆرە بتوانێت دەقی باش بنووسێت. بەربوونەوە بۆ نێو زمان
یاریكردن بە وشەكان و ڕازاندنەوەی ڕستەكان نییە, بەڵكو ئەزموونكردنی زمانیش وەك
ئەزموونكردنی ئازار و بەختەوەری حەقیقییە, یان بە جۆرێكی تر بیڵێین, ئەزموونی زمان
ئەزموونكردنی حەقیقەتە.
ئەو كەم دەنووسێت, بەڵام كە نووسی ئیتر جوان دەنووسێت؛
چۆن زمان ماڵی بوونە, ئاوایش دەق ماڵی نووسەرە, تیۆردۆر ئەدۆرنۆ دەڵێت:
"نووسەر لە دەقەكەیدا نیشتەجێ دەبێت, وەك نیشتەجێبوونی لە ماڵەكەی
خۆیدا", بۆیە ماڵە شیعرییەكەی سدیق عەلی ئەگەرچی زۆر بەرفراوان نییە, بەڵام
گرنگ ئەوەیە پڕیەتی لە وێنەی شیعری, ماڵەكەی لە كوخێك زیاتر نییە: كوخێك لە شیعر,
ئەمەیش بە پێچەوانەی هەندێك شاعیری ترەوە كە دەیانەوێت بە بەرهەمەكانیان قەڵایەك
هەڵچنن. محەمەد عومەر عوسمان لە دوای "لە غوربەتا" شیعری تری نەنووسیوە
بۆ ئەوەی بۆ ئەبەد وەك غەریبەیەك بمێنێتەوە. دەگێڕنە جارێك گەنجێك لە
"چاییخانەی شەعب" لێی دەپرسێت بۆچی شیعری تازە نانووسیت؟ ئەویش دەڵێت من
شتێكم نەنوسیووە كۆن ببێت. ڕەنگە غرورێكی لەم جۆرە بۆ شاعیر هەندێجار وێرانكەر
بێت, بەڵام لایەنیكەم فێری ئەوە بووین كە بڵێن ئەوە تەنیا دەقی ڕاستەقینەیە كە
دەتوانێت بۆ ماوەیەكی درێژ بژی. پێدەچێت سدیق عەلیش جارێ پێویستی بەوە نەبێت
شیعری تر بنووسێت, ئەو چەند قەسیدەیە بەسە بۆ ئەوەی خوێنەر بۆ زەمەنێك ئالودەی خۆی
بكات, هەر لەبەر ئەمەیشە دەروەستی ئەوە نییە لە هەموو ڕۆژنامە و گۆڤارێكدا
بەرهەمەكانی بڵاو بكاتەوە, وەك چۆن بێ باكە لەوەی وەك شاعیرێك ناوبانگی بە هەموو
لایەكدا بڵاو ببێتەوە یان نا.
لای ئەو بەرد و ئاسنیش بۆ ئەوە دەست دەدەن ببنە شیعر بێ
ئەوەی وێنە شیعرییەكان بشێوێنن, پێشتر ئاسن و بەرد و ئاگر بە زۆری لە شیعرە
شۆڕشگێڕیی و حەماسییەكاندا بەكار دەهێنران, بە پێچەوانەیشەوە شیعری ڕۆمانسی دەبوو
وشەكانی (مانگ و هەتاو و درەخت و شنە و با) و شتی لەم بابەتانە ببوایە، سدیق عەلی
لە شیعردا ئەم وێنانە دەشێوێنێت, بە جۆرێك ئەشێت بەرد بوونەوەرێكی مهیرەبان بێت و
مانگیش بوونەوەرێكی شەرەنگێز:
ئاسن بەو هەموو نەرمییەوە,
ژەمێك لە ژێر ئەسرینی پێكێكی شیریندا وچان نادات،
لە ناو (ئا.. س.. ن)ـدا تا ڕۆژ دەبێتەوە
من هەم و تۆ هەیت و ئەو هەیە.. "كەوتنە خوارەوە لە
تۆ, ل7".
قەسیدەی (ئاسن)
یەكێكە لە قەسیدە قەشەنگەكانی, هەڵبەت ئەم چوار پیتە كۆدێك یان ڕەمزێكە شاعیر
كردوویەتییە ناونیشانی قەسیدەكەی, بەڵام وەك چۆن ڕەمزێكى ناڕوونە ئاواهیش ڕەمزێكی
مانادارە کە هەم ئاسن دەگۆڕێت بە شێکى دیکە و هەمیش تێیدا ئاسن مانای
ماتریالییانەی خۆی ون ناكات. بەم جۆرە وێڕای ئەوەی ئەزموونێكی زۆر خودیی پاڵنەری
نووسینی ئەم شیعرەیە كەچی نەك تەنیا لە ئاستی هەڵچوون و شعورى شاعیردا نەماوەتەوە,
بەڵكو شیعرەكە ڕۆچۆتە نێو ڕۆحی شتەكانیشەوە, نێو ڕۆحی ماتریال و ڕەگەزە ئۆبێكتی و
دەرەكییەكانیشەوە و شتى دیکەیان تێدا کەشف دەکات. بە جۆرێك كە ئیتر لە چەندین
جێگادا سوبێكت و ئۆبێكت تێكەڵ دەبن, یان با بڵێین شوێنی خۆیان لێ تێك دەچێت.
(دە ئیتر بەس لەگەڵ
سێبەری ئەو دیوارەدا هەڕاجمكە
...........................
لەگەڵ مێرگەكاندا بە شەڕم مەدە
ئەی دۆست..
لای سدیق عەلی گرنگ ئەوە نییە یار بە مانگ بچوێنیت, ئەمە
ڕێگایەكی نزیكی لێكچوواندنە, بەڵكو گرنگ ئەوەیە چۆن یار بە ئاسن بچوێنێت, بە جۆرێك
كە سیفەتەكانیان بەریتەوە سەر یەكتر بێ ئەوەی ئەم سیفەتە تەنیا ڕەقییەكی پەتیی
(ئاسن) بێت, وا دیارە دەبێ هێشتا ئاسن ئەبستتراكتتریش ببێتەوە, بە جۆرێك دەیەوێت
لە (ئاسن)ـەوە ڕەقێتی زیاتر دەربهێنێت و لە (ئاو)ـیشەوە نەرم و نیانی زیاتر
بگوشێت, یان بە پێچەوانەیشەوە, دەیەوێت لە (ئاسن)ـەوە نەرمی بگوشێت و لە
(ئاو)ـیشەوە ڕەقێتی دەربهێنێت:
ئەی ئاسنترین دۆست,
ئەی وەرزی داگیرسان و مەوسیمی ڕەق بوونەوە,
ئەی چەقۆی جەللادێك و قفڵی دەرگای زیندانێك
ئەها لە ئاسندا ئاسن هەیە.. "كەوتنە خوارەوە لە تۆ,
ل 10".
لە ئاسندا ئاسن هەیە، هەر بەو جۆرەى لاى جۆرج ژۆرژ باتاى
ئاو لە ئاودا هەیە. لاى باتاى هەموو جیهان لە نێو یەکدا ناونشینە، لە شیعرەکەى
سدیق عەلیشدا هەردوو ئاسنەکە لە یەکدا ناونشینن، ئەگەرچى لێکیش جیاوازن. مەسەلەکە
ئەوەیە چۆن لە ئاسندا ئاسنێک لە مەعدەنێکى تر کەشف بکەیت، یان بە پێچەوانەوە، چۆن
لە ئاسندا نا-ئاسن کەشف بکەیت. دەبێ لە زماندا توخمە سروشتییەكان تێك بدەی، دەبێ
هەر شتێك كە هاتە نێو دەقی شیعرییەوە وەكو خۆی نەمێنێتەوە و هەرچۆن هەیە گۆڕانێكی
بەسەردا بێت, دەبێ زمانی شیعری زمانێكی تر لە نێو زماندا هەڵبكۆڵێت, بە جۆرێك كە
دژەكان بتوانن بە پاڵ یەكەوە لە نێویدا بژین، گاستۆن باشلار پێی وایە ژیان دەچێتە
نێو هەموو شتێكەوە كاتێك كە لێكدژییەكانی تێدا كۆدەبنەوە:
ئاسن پڕیەتی لە نەغمە لە من
ئاسن تژییە لە
گوڵ.
ئومێدی میشێل فوكۆ بە ئەدەب ئەوەبوو بتوانێت زمانێكی تر
لەنێو زماندا وەك كەلێن دروست بكات, باشلاریش پێی وایە وێنەی شیعری دەبێتە بوونێكی
نوێ لە زمانی مندا. ئێستە ئیدی نابێت ئەدەب تەنیا ڕازێنەرەوەی زمان و ڕیزكردنی
وشەی جوان و قەشەنگ بێت, وادیارە ئیتر جوانی ڕاستەوخۆ لە ڕستەی جوان و شتی جوان و
بوونەوەری جوانەوە نایەت, تەنیا لەو وشانەوە وەرناگیرێت كە ئاوازێك لە تۆنەكەیدا
هەیە و خۆیشی دەلالەتە لە شتێكی جوان, سدیق عەلی دەركی بەمە كردووە بێ ئەوەی
بكەوێتە نێو ئەو هەوڵە ساردو سڕی و كرچ و كاڵ و نەزۆكەی كە لەم ساڵانەی دواییدا لە
لایەن چەند شاعیرێكی ڕۆژهەڵات و باشووری كوردستانەوە سەری هەڵداوە بۆ تێكدانی زمان
و شكاندنی وشەكان, ئەو هەوڵەی ئەوان هیچ نییە جگە لە كوشتنی ڕۆحی شیعر. سدیق عەلی
دەیەوێت ئێستاتیكای شیعری لە شوێنێكی دیكەوە دروست بكات, ئەم شوێنەیش هیچ نییە جگە
لە كەلێنەكانی زمان, جگە لە درزەكانی, ئەو تەنانەت كە دەشنووسێت (ئاسن) پڕی دەكات
لە كەلێن (ئا..س..ن), یان:
ئا..
س..
ن..
یان كە دەڵێت:
دڵم بە دڵم
دەسووتێ،
ئێستایش هەروا لە ناوەڕاستی
(ئا..س..ن) ـدام..
ئیتر ئەركی شاعیر پڕكردنەوەی كەلێنەكانی زمان نییە,
بەڵكو گەورەكردنی درزەكانییەتی, شاعیر لەم درزانەدا نیشتەجێ دەبێت, كەواتە ئێستا
ئەكرێت وتە بەناوبانگەكەی هایگەر "زمان ماڵی بوونە" و ئێمەیش لە سەرەوە
باسمان كرد, بەم جۆرە لێك بدەینەوە: بوون لە زماندا نیشتەجێ دەبێت بەڵام لەنێو
ژوورەكانیدا نا, لەنێو دڵیدا نا, بەڵكو لەنێو ئەو درزانەدا كە وان لەناو دڵیدا.
ئایا هێشتایش ئەشێت بڵێین زمان ماڵی بوونە؟ ڕاستییەكەی كەلێنەكانی زمان ماڵی
بوونن, بەڵام ئەم كەلێنانەیش تەنیا لەنێو زمان خۆیدایە, بەم مانایە سوبێكت خاوەنی
زمان نییە, بەڵكو لە زماندا دەژی, بۆیە شتێك نامێنێت بە ناوی ناوەوەی زمان و
دەرەوەی زمان, تەنیا یەك شت هەیە: زمان و كەلێنەكانی. بەمەیش زمان لە مەسرەفكردن و
بەكارهێنانی ڕۆژانە ڕزگار دەكەین.
دواجار منیش تۆم كە دەڕۆیت,
منیش ڕەشەبایەكم كە زەوقی ئاوڕدانەوەی نەماوە.
(كەوتنەخوارەوە لە تۆ, ل 5).
ئەدەب ئەوەیە كە زمان لە بەكارهێنانی تەكنیكییەكانە و
ڕۆژانە ڕزگار بكات, ئەم ئەركە بەوە ناكرێت كە زمانێكی تایبەت بە خۆی دروست بكات,
یان كۆمەڵێك پێشمەرج هەبێت لەسەرت بسەپێنرێت تا بتوانیت بچیتە نێو دونیای ئەدەب,
ئەمە تا ڕادەیەكی زۆر بۆچوونێكی كلاسیكییانەیە, بەڵكو بەوە دەكرێت زمان بێ ئەوەی
مەسرەف بكرێت زێدەڕەوی لەو شتەدا بكات كە باسی دەكات. باشلار پێی وایە ڕۆحی شیعر
ئەوەیە شتێكی نا واقیعیت لەبارەی شتێكی واقیعییەوە پێ بڵێت, یاخود جەوهەری شیعر
وا لە زێدەڕەویكرنەكەیدا:
دەچمەوە كۆڵانە گوناهەكانی پشت ماڵ
دەبینم ئاسن بە تەنیا
ئەو كتێبە سووتاوەیە
ڕستەكانمان لە پەرەگرافێكی خۆڵەمێشیدا خڕ دەكاتەوە (ل
11).
زێدەڕەویكردن درۆیەك نییە كە شاعیر لەگەڵ خۆیدا بیكات,
بۆ نموونە كاتێك یار شاعیر بەجێ دەێڵێت شاعیر زێدەڕەوی لە هەستەكانی خۆیدا بكات,
فرمێسكی نە ڕشتبێت و وا نیشان بدات دەریایەك فرمێسكی باراندووە, بەڵكو
زێدەڕەویكردن لە شیعردا زێدەڕەوییە لە خودی خەیاڵدا, بەو مانایەی تا خەیاڵ بڕ
دەكات شاعیر واقیعەكەی خۆی درێژ دەكاتەوە و تا دوا سنووری خۆی ڕایدەكێشێت, هەر
لەمەشەوە كە شاعیر ئاسن ڕەقتر لە خۆی دەبینێت و ئاویش لە خۆی نەرمتر, یان هەست بە
نەرمیی ئاسن و ڕەقێتی ئاو دەكات.
ئەم وتارە لە فەرهەنگى ڕۆژنامەى هەولێردا بڵاوبۆتەوە.
No comments:
Post a Comment