هاوار محەمەد
نیچە لە "زانستی شادی"ـیدا دەڵێت: "شتە
بنەڕەتییەكە ئەوەیە كە بزانین ئایا زۆر سوكین یان زۆر قورسین- ئەمە مەسەلەی كێشی
تایبەتی ئێمەیە" (بەشی پێنجەم, فراگمێنتی 380). لە كتێبی سێیەمی زەردەشتیشدا
چاپتەرێك تەرخان دەكات بە "روحی قورس" و دەڵێت: "من دوژمنی روحی
قورسم, ئەمەیش سروشتی باڵندەكانە, من هەر بە ڕاستی دوژمنە سەرسەختەكەی, دوژمنە
بنجبڕەكەی, دوژمنە ئەبەدییەكەی روحی قورسم". لای نیچە سووكی و قورسی دوو
میتافۆرن بۆ وەسفكردنی مرۆڤ لە دۆخە مرۆییەكەی یان بان مرۆییەكەیدا. ڕوحی قورس
جەستەی قورسیشە, جەستەیەك كە بە باری ئایین و ئەخلاق و عەقڵ و فەزیلەت قورس كراوە
و خاوەنی "بەڵێ"ـی قەڵپ و "نەخێر"ـی قەڵپە, ئەمەیش هیچ نییە
جگە لە گوێدرێژ یان وشتر. بەڵێی قەڵپ بەڵێكردنە بۆ ژیانی كۆیلە, ڕاگرتنی پشتە بۆ
بارەكان, ڕازیبوونە بە دۆخی باو, نەخێری قەڵپ ڕەتكردنەوەی ژیانە, ڕەتكردنەوەی
ژیانێكی چالاكانە و بەربەست دروستكردنە لەبەردەم هێزی چالاكدا.
لە كتێبی یەكەمی زەرادەشتدا نیچە باس لە سێ بارگۆڕانەكەی
ڕوح دەكات: "ڕوح چۆن دەبێت بە وشتر, وشتر چۆن دەبێت بە شێر, شێر چۆن دەبێت بە
منداڵ". وشتر بارەكانی عەقڵ و فەزیلەت هەڵدەگرێت و بەنێو بیاباندا دەڕوات,
بەڵام لە بیابانە چۆڵ و كاكی بەكاكییەكاندا بارگۆڕانی دووەم ڕوودەدات, وشتر دەبێت
بە شێر, شێر بوونەوەرێكە ئیرادەی هەیە و بە قەولی نیچە دەیەوێت لەگەڵ گەورەترین
تەنیندا بكەوێتە جەنگەوە, شێر بەهاكان تێكدەشكێنێت, دەبێتە خاوەنی "نا"ی
موقەدەس, بەڵام هێشتا توانای داهێنانی بەهای نوێی نییە, پێویستی شێر ئازادی تەواوی
هەبێت بۆ داهێنانی بەهای نوێ. ئەوەی توانای ئەم داهێنانەی هەیە تەنیا منداڵە,
بۆیە دەبێت لە بارگۆڕانی سێیەمدا ڕوح ببێت بە منداڵ. منداڵ واتە بەرائەت و
لەبیركردنی پرەنسیپە كۆنەكان و سەرەتای نوێ و یاری و گەمە و و پێكەنین و جوڵە و
سەما, واتە "بەڵێ"ـی موقەدەس بۆ داهێنانی بەهای نوێ. گۆڕانەكە لە
وشترەوە بۆ منداڵ گۆڕانە لە جەستەیەكی قورسەوە بۆ جەستەیەكی سووك, لە بوونەوەرێكی
باركراوەوە بۆ بوونەوەرێكی گەمەكار. جەستەی سووك جەستەیەكی پڕ جموجوڵ و چالاكییە, منداڵ وەك یاری و گەمە دەكات
پێیشدەكەنێ, پێكەنین ئەو ڕەگەزەی فیكری نیچەیە كە فەیلەسوفی داهاتووى نیچەیی,
یان مرۆڤى باڵا, بە ڕەهایی بەهاكۆنەكان و عەقڵی فەیلەسوفانی پێش خۆیی پێ ڕەت
دەكاتەوە. پێكەنین پێكەنینە بە بەها كۆنەكان و هەڵگەڕانەوەیانە لە ڕێگەی كردەی
پێكەنینەوە.
میلان كۆندێرا لە ڕۆمانی "سووكەڵەیی لە تاقەت
بەدەری بوون"ـدا, كە "عەتا نەهایی" وەرگێڕ و نووسەر كردوویەتی بە
كوردی دەڵێت: "قورسترن بار, تێكمان دەشكێنێت, پشتمان دەچەمێنێتەوە و بە
عەرزەوە دەمانگوشێت. كەچی لە شیعری عاشقانەی هەموو سەدەكاندا, ژن تامەزرۆی
هەڵگرتنی قورسایی لەشی پیاوە, كەواتە قورسترین بار, هاوكات نیشانەی توندترین
چالاكیی ژیانیشە. بار هەرچی قورستر بێت, ژیانی ئێمە زەمینیتر و واقیعییانەتر و
ڕاستترە.
لەبەرامبەر ئەمەیشدا, نەبوونی بار, دەبێتە هۆی ئەوەی كە
مرۆڤ لە هەوایش سوكتر بێت و بفڕێت, لە زەمین و مرۆڤی زەمینی داببڕێت, لە شێوەی
بوونەوەرێكی نا واقیعیدا دەربكەوێت. هەموو جوڵەیەك و بزاوتێكی ئازاد و لە هەمان
كاتدا بێ مانا بێت. ئەدی دەبێ كامەیان هەڵبژێرین سووكی یان قورسی" (ل14).
هەڵبەت میلان كۆندێرا مەبەستی لەوە نییە مرۆڤ بە بار قورس بێت, ئەو كە كەسایەتی
تۆماسی دروست كردووە لایەنگری سووكیشە, بەڵام هەمیشە قسەی ئەوانەی لایەنگری قورسین
ئەوەیە كە ژیان بارێكی گرانە و مرڤیش دەبێت باری ئەم ژیانە هەڵبگرێت, بێ ئەوەی
هیچ هەوڵێك بدەن بۆ گۆڕینی جیهان خۆی, گۆڕینی جیهان واتە بوونی ئیرادە و ویست بۆ
دروستكردنی جیهان, بۆ دروستكردنی خۆم. نیچە پێی وایە ئەوە "من" نییە كە
پێش "سوبێکت" ئامادەیە, بەڵكو ئەوە خۆمم "من" دروست دەكات, مرۆڤی
نیچەیی تەنیا جیهان داناهێنێت بەڵكو خۆیشی دادەهێنێت.
ژیل دۆلۆز پێی وایە میتافۆری وشتر و گوێدرێژ لە لە زمانە
ڕەمزییەكەی نیچەدا تەنیا بۆ ئەوە نییە نیشانمان بدات كە ئەم دووبوونەوەرە توانای
هەڵگرتنی باریان هەیە, بەڵكو دەتوانین هەست بە كێشی چەندێتی بارەكەیش بكەن, ئەوان
تەنیا پشت نین بۆ بار هەڵگرتن, بەڵكو تەرازووی كێشانەی بارەكانیشن. ئەم دوو
بوونەوەرە لە كوێدا پێویست بە "نا" بكات دەڵێن "بەڵێ" و لە
كوێدا پێویست بە "بەڵێ" بكات دەڵێن "نا", هەر لەبەرم ئەمەیش
هەمیشە بە زەمینەوە نوساون و توانی بەرزبوونەوە و فڕینیان نییە, ئەوان هەمیشە
ڕوویان لە ئاسمانە, بەڵام هەرگیز ناتوانن لە زەمین دابڕێن, ئەوان تەنیا وەك خشۆك
بەسەر زەمیندا دەڕۆن و توانای هەڵكشان بۆ شوێنە بەرزەكان و فڕینیان نییە, مرۆڤی
نزمن نەك مرۆڤی بەرزە مرۆڤ. فڕین لای نیچە مانای ئەوەیە كە مرۆڤ ببێتە باڵندە و لە
سەرەوە تەماشی خوارەوە بكات, بنەما بێ بەهاكان, كە مرۆڤ لە ئیرادە دەخەن و دەیكەن
بە بوونەوەری ناچالاك, كە هۆكار و نیشانەی داڕزانن, نەخاتە سەرووی خۆیەوە بەڵكو
بیانخاتە خوارووی خۆیەوە, نیچە نایەوێت مرۆڤ ڕزگار بكات, بەڵكو دەیەوێت مرۆڤ پردێك
بێت بۆ پەڕینەوە بەرەو بەرزە مرۆڤ. كێشەی نیچە لەگەڵ ئایدیای ڕزگاریدا لە
دژایەتیكردنییەوە دێت لەگەڵ ئەم ئایدیایەدا لە فیكری مەسیحیدا. مەسیح باری گوناهی
مرۆڤ هەڵدەگرێت و خۆی دەكاتە بوونەوەرێكی قورس, هەر بەهۆی ئەم بارەیشییەوە دەمرێت,
نیچە وتەنی "خودا (واتە مەسیح) لە بەزەییدا مردووە". لای نیچە بەزەیی و
خەسڵەتی لاواز و شكستخواردووەكانە, لە (دژە مەسیح) دا دەڵێت: "بەزەیی فەساد
دەخاتە نێو عەقڵەوە". یاخود دەڵێت: "بەزەیی عەدەمییەتە لەسەر زەمینی
كرداری... بەزەیی ئامرازی ڕازیكردنی خەڵكە بە عەدەم". عەدەم هەموو ئەو
بەڵێنانەیە كە هیچ پەیوەندییەكی بە ژیانێكی چالاكانەی ئیسپاتییەوە نییە, پەیوەندی
بەو هێزە داهێنەرەكانەوە نییە. ئیسپات واتە بەڵێكردن بۆ ژیان و خۆ ڕزگاركردن لە
سەرجەم كۆت و بەندەكان و بوونی هێز بۆ فڕین, واتە داهێنانی مانا لە ژیاندا نەك
تەماشاكردنی ژیان وەك بێمانایەك كە ماناكەی وا لە جێیەكی تر و كاتێكی تردا
(ئاخیرەت) نیچە بەمە دەڵێت داماڵینی ژیان لە ناوەندی بەهای خۆی. ئەو پێی وایە مرۆڤ
بە جۆرێك بژی كە مانا لە ژیاندا نەبینێت لە ئێستادا خۆی بۆتە تاكە مانایەك كە
هەبێت, ئەمە نەفیكردنەوەی ژیانە, بەڵام فەلسەفەی ئیسپاتی نیچە واتە ئیسپاتكردنی
ژیان نەك نەفیكردنەوەی, ئیسپاتیش بۆ ئەوەی دوور بێت لە ئیسپاتی دیالێكتیكی دەبێت
ئسپیاتی ئیسپات بێت, ئەمەیش پێچەوانەی نەفی نەفی دیالێكتیكە. مرۆڤی ئیسپاتی
مرۆڤێكی سووكەڵەی خاوەن ئیرادە و هێزە, هەمیشە بەسەر هێزی ناچالاكدا بەرزتر
دەبێتەوە, ئەو پێویستی بە هێزی ناچالاك نییە تا خۆی ئیسپات بكات, بەڵكو ئەو هێزی
ناچالاكیش ئیسپات دەكات.
نیچە دەیەوێت فەیلەسوفی داهاتوو پزیشك بێت و سەما
بزانێت. پزیشكێك بە دڵرەقی تیماری ئەو برینانە دەكات كە لاهوت و ئەخلاق و فەزیلەت
كردوویانەتە جەستەی مرۆڤەوە, سەماكەرێكیش بۆ ئەوەی بەسەر داروپەردووی مرۆڤدا بە
شادییەوە هەنگاو بنێت بەرەو باڵابوون. فەیلەسوفی داهاتووی نیچە منداڵێكە خەریكی
گاڵتە و گەپ و پێكەنینە, هەموو بەهاكان بە پێكەنینەكەی دەمرن.
سەرچاوەكانی نووسینی ئەم وتارە كورتە:
1- فردریك
نیتشه: العلم المرح, ترجمة: حسان بورقي و محمد ناجي، مطبعة: أفریقیا الشرق-
المغرب, الطبعة الثانية, 2010.
2- فردریش
نیتشه: هكذا تلكم زرادشت- كتاب للجمیع و لغیر أحد, ترجمة: علي مصباح, منشورات
الجمل- كولونیا (المانیا)- بغداد, الطبعة الأولى, 2007.
3- فردریش
نیتشه, ترجمة: علی مصباح, منشورات الجمل- بیروت- بغداد, الطبعة الأولى, 2011.
4- جیل دولوز,
نیتشه و الفلسفة, ترجمة: أسامە الحاج, المۆسسة الجامعیة للدراسات و النشر و
التوزیع, الطبعة الثانية, 2001م.
5- میلان
كۆندێرا: سووكەڵەیی لە تاقەت بەدەری بوون, وەرگێڕانی: عەتا نەهایی, دەزگای چاپ و
پەخشی سەردەم, چاپی یەكەم, 2009.
No comments:
Post a Comment