My Blog List

بابه‌ته‌ نوێیه‌كان

خۆرهەڵات و فەلسەفە

Saturday 9 February 2019

پەیکەر و گۆڕ

هاوار محەمەد
1
لەم ڕۆژانەدا دوو ڕووداوى ڕەمزى ڕوویاندا پەیوەندییەکى دوورونزیکیان پێکەوە هەبوو، یەکێکیان دەرەکى، لە لەندەن: هەوڵى شێواندن و شکاندنى گڵکۆى کارل مارکس. ئەویتریان لە کوردستان: دروستکردن و فرۆشتنى پەیکەرەکانى بەختیار عەلى. گەر هەر بە سادەییش لەم دوو کردەیە بڕوانین وەک دوو کردەى دژ بە یەک دەردەکەون: لەلایەک چەکوشوەشاندنى هەڕەمەکى بۆ شێواندن و "شکاندن"، لەلایەکى تر کۆششى هونەرییانە بۆ داتاشین و "دروستکردن".
کاردانەوە بە ڕووى یەکەمیاندا بەخێرایى ئەوەبوو کە لاى کۆنزەرڤەتیڤ و ڕاستڕەوە تووندڕەوەکان مارکس هێشتا زیندووە و وەک مەترسى لەبەردەم کاپیتالیزمدا دەبینن، بۆیە سەرچاوەى ئەم هەوڵە هەر بیر و تەماحەکانى ئەوانە. کاردانەوە بەڕووى دووەمیشیاندا ئەوەیە گوایە پەیکەر جۆرێک قودسیەت دەبەخشێت و سەرەنجام درێژى بکەیتەوە سەرى لە "بەبتکردن"ـەوە دەردەچێت.
2
قەبر یادخەرەوەیە، بە زەقی ئەوە پیشاندەدات کە کەسێک هەبووە و چیتر لەم ژیانەدا نەماوە، لەم ڕووەوە قەبر بیرخەرەوەى ئەوەیە کە "هەموومان دەمرین". لەلایەکى تر "قەبر" بەرجەستەکردنەوەیەکى ڕەمزییە و پتر لەوەى لەبیرکردنى مردوو بێت لەژێر خاکدا، بیرخەرەوەى ئەوەیە ڕۆژێک ئەو کەسە هەبووە و ژیاوە و ئێستایش بە ڕەمزى شوێن و پێگەى هەیە. بۆ کەسى مارکسیست لایەنەکەى یەکەمیان ئاینییە و گرنگ نییە، بەڵام دووەمیان دنیاییە و ماناى لەیادنەکردن و وەفادارى دەدات. کەوایە سەرمایەدارى تەنیا بەوە تۆڵە و قەرەبوو دەکاتەوە کە ئەوە بشکێنێت وا لە ڕووى ڕەمزییەوە مارکس بەرجەستە دەکاتەوە.
لاى خۆیشمان هەمان ویستى شکاندن و شێواندن بەرامبەر پەیکەرەکانى بەختیار عەلى بە ئاراستەیەکى جیاوازدا خۆى دەرخست. لە ڕوانگە ئایینییەکەوە کێڵ و گڵکۆ ڕۆحین، واتە ڕاستەوخۆ ئاماژە بە جەستەیەکى هەڵوەشاو و ڕۆحێکى زیندوو دەکەن، بەڵام پەیکەر ئاماژە بە جەستەیەکى زیندوو و "بێ ڕۆح" دەکات کە بتپەرستەکان دەیانەوێت ڕۆحى پێببەخشن، هەر لەبەر ئەمەیشە هیچ کات ئاییندارەکان (ئاگا و نائاگا) لە جیاوازیى نێوان "پەیکەر" و "بت" تێناگەن (هەر بە گشتى لە هونەر تێناگەن هونەرى دینى نەبێت). کەوایە ئاسایى سەرچاوەى بەشێکى هێرشەکان بۆ سەر پەیکەرەکانى بەختیار لە ئاگایى یان نائاگایى ئاینییەوەیە. هێرشەکانیتر بە ناوى دژایەتیى "بتسازى"ـیەوە کران، کەواتە لە ڕواڵەتدا بە ناوى ویستێکى پێشکەوتنخوازانەى سێکیولارى دژە موقەدەسەوە. بەڵام ئەمە تەنیا ڕیاکاری و نیفاقێک بوو، چونکە کۆمەڵگەى ئێمە پڕیەتى لە موقەدەس، ڕابەرى ڕزگارکەر، سەرکردەى مێژوویى و مەزارى پیرۆزى سەرکردەکان، ڕۆژانەیش ئەم بتسازییە درێژەى هەیە، بەڵام هیچ کات ویستێکى جددى ڕادیکاڵمان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەى نەبینى. هەر بە سادەیى پەیکەرسازیى بە واتاى بتسازى نییە، کەوایە ئەو بانگەشە بە ڕواڵەت ڕادیکاڵ و پێشکەوتنخوازە، لە ناوەڕۆکدا هەر دەچێتەوە سەر زەینى ئایینى و کۆنەخوازى و ترس لە هونەر. "ئارتۆفۆبیا" لە کۆمەڵگەى ئێمەدا بە قەد "فیلۆفۆبیا" [ترس لە فەلسەفە] بەهێزە، کاتێکیش هونەر و فەلسەفە پێکەوە لە پەیکەرێکدا یان لە کتێبێکدا کۆدەبنەوە، ئەوا هەژاندنى زیاتر دروست دەکەن، بەڵام ڕووبەڕووى دژایەتى تووندتریش دەبنەوە.
لەدیوێکى دیکەیشەوە (بەهۆى: بارودۆخى ئابووری، نەریتى دواکەوتوو، کوشتنى هەر تاسە و عەشقێک لە گەنجدا لەلایەن هێزە سیاسیەکانەوە، شەپۆلى فەزاى مەجازیی) بێباکی و بێبەهرەییەکى گشتى لەنێو گەنجاندا بڵاوبۆتەوە کە بە تەواوەتى بێبەرهەم و بێبەهرەى کردوون، کارێکى ئەوتۆیان دیار نییە و پاسیڤیزم تا بینیان هاتووە، تاکە کارێک کە بیزانن شکاندن و لێدان و هێرشکردنە بۆ سەر ئەوانەى کە بەرهەمیان هەیە. سەرچاوەیەک بۆ ئەمە شک دەبەم: "حەسوودى". سوبێکتى پیسکە و ڕەزیل لەوەى کە هەیەتى بێبەشت دەکات، سوبێکتى حەسوود لەوەى کە هەتە داتدەماڵێت. کاتێک سەیرى ئەم هەستانەى مرۆڤ دەکەیت (کە بە بڕواى فرۆید مێژوویى نین و خۆى دەڵێت نائاگایى ئەبەدییە)، بە تایبەت لەکۆمەڵگەى ئێمەدا، ئەوا تەفسیرە ئابووریى و مێژووییەکان لە بەردەمتدا پووچەڵ دەبنەوە.

3
بۆ ئەوەى تەجاوزی گۆڕ و بت بکەین خاڵێکى نوێ ئیزافە دەکەین: مارکسى ئەڵمانى گڵکۆکەى لە لەندەن! واتە کەسێک کە گۆڕغەریب بووە، بەڵام بەهۆى ئەو ناوبانگ و پێگەیەوە کە وەک بیرمەند و خەباتگێڕ هەیبووە، گۆڕەکەى فۆڕمى جۆرێک مەزارى وەرگرتووە و ساڵانە هەزاران کەس بە چەپکەگوڵەوە سەردانى دەکەن. سەردانەکان نەختێک دنیایى بوونەتەوە بۆ ئەوە نین داواى منداڵ و بەرەکەت لە ڕۆحى مارکس بکەن، پتر بۆ هەستکردنى ڕاستەوخۆترن بە واقیعییەتى مارکس و تازەکردنەوەى بەڵێن، یان بۆ خۆ-بەخاوەنکردنەوەن، لە خراپترین حاڵەتیشدا بۆ گرتنى وێنەیەکن لەگەڵ پەیکەر و کێلى گۆڕەکەیدا. گۆڕت هەبێ ئەگەرى ئەوە هەیە ببیتەوە بابەتى خاوەندارێتیش. کێ خاوەنى ئەم گۆڕەیە کە فۆڕمى مەزارى وەرگرتووە؟ پارەى گەشتیارەکان کە سەردانى دەکەن بۆ کوێ دەچێت؟ کێ "دەیپارێزێت" و "چى" دەپارێزێت؟ ئایا مارکس کە خۆى تارماییە دەشێت گۆڕى هەبێ؟ مارکسى گۆڕغەریب وا باشتربوو گۆڕگومیش بێت. هیچ کەس خاوەنى نەبێت و خۆیشى هى هیچ کەس نەبێت، شوێنێکى دیاریکراو و مەزارێکى نەبێت، تەنیا بەم جۆرەیە تارماییەکەى بە جۆرێک دەگەڕایەوە کە مارکس ئاسوودەتر بکات. سبەینێ خۆپیشاندان لە لەندەن دژ بە هێرش بۆ سەر گۆڕەکەى مارکس ئەنجام دەدرێت، گریمان پەیامەکە ئەوەیە کە مارکس نامرێت و کۆمۆنیزم هەر وەک چاڵێکى گەورە لەبەردەم سەرمایەداریدا دەمى کردۆتەوە، بەڵام گۆڕەکەى مارکس چى؟ دوو ڕێگا هەیە: یان دەبێت پاسەوان بۆ گۆڕەکەى مارکس دابنرێت؛ یانیش دەبێت مارکسیستەکان دیوێکى پیرۆز بە گۆڕەکەى مارکس بدەن تاوەکو کە هێرشى کرایە سەر وەک مۆتیڤەیشن و حەماسەتسازى بەکاربهێنن، ئەم دوو ئەڵتەرناتیڤەیش دوورە لە ئاکار و باوەڕى ڕاستەقینەى چەپ. یەک بەدیل ماوە: بێباکیى لە گۆڕ، گۆڕگومى، نەبوونى مەزار. وا باشترە مارکس "بۆ شوێنێک بڕوات دووربێ لە ژاوەژاوى ناو قەبرستان" (لۆرکا).
ئەى چۆن بەختیار نەبێت بە بت، بتى ڕۆشنبیر؟ ئاکارى بتشکێنى بە شکاندن و لێدانى ڕاستەوخۆ و زمانپیسى (کە جارى وا هەیە عەشقى شاراوەیە بۆ بابەتە شکێنراوەکە) بەدیى نایەت، بە تایبەتیش ئەگەر حەسوودى سەرچاوەکەی بێت؛ پتر بە کار و بەرهەم و بەهرەداریى، بە خۆپێگەیاندن و فێربوونى زمان، بە خوێندنەوە و ڕاهێنان لەسەر هونەر وەدیى دێت تاوەکو بتوانیت سەرچاوە و هێڵى فیکرى بۆخۆت دیاریى بکەیت و لەوێوە ڕەخنەى ڕاشکاوى بەختیار بکەیت. زۆربوونى ژمارەى ئەو کەسانەى کە دەتوانن وەک بەختیار یان باشتر لە بەختیار بنووسن و تەجاوزى بکەن ڕێدەگرێت لە بە بتکردنى تاکە نووسەرێک. گەر پەیکەرتاشى لە چێنەر نزار باشتر و نووسەرى لە بەختیار باشتر و ڕادیکاڵتر و قووڵترمان زۆر هەبێت، ئەو کات ژمارەى پەیکەرى نووسەرەکانیش زیاتر دەبن و بتسازى پاشەکشە دەکات، بەڵام بۆ ئەوەى ئەمە ڕووبدا پێویستمان بە نیمچە خەڵوەتە، واتە کاتگرتنەوە و خۆگرتنەوەى لە هەندێ شتى پووچ، لە فشقیات و ئینستاگرام و سناپچات، لە گەعدە و زۆربڵێیى تاوەکو بیبەخشینە خوێندنەوە و خۆپێگەیاندن.
سەرەڕاى ئەمەیش لە کۆمەڵگەى ئێمەدا نرخاندن و گرنگیدان بە بەرهەم و نووسینى یەکترى، ئینجا ڕەخنەى جددى لە یەکترى، نەبۆتە نەریت، بۆیە هەر ناوهێنانێک یان بە ستاییش وەردەگیرێت، یان بە شکاندن. لەنێو ڕۆشنبیران و نەوەى نوێدا ئەوەى هەیە نەریتى موجامەلە-یەکترشکاندنە نەک یەکترخوێندنەوە. پێویستە کار بۆ ئەوە بکەین فەزاى ڕۆشنبیرى لەم نەریتى موجامەلە- دژایەتیى شەخسییە تێپەڕێنێت، پێویستە کەسەکان نا، بەڵکو ئایدیا و چەمکەکان بەر یەکترى بکەون یان یەکترى بەهێز بکەن.

No comments:

Post a Comment