My Blog List

بابه‌ته‌ نوێیه‌كان

خۆرهەڵات و فەلسەفە

Wednesday 16 January 2019

جوانى لە کوێوە دێت؟

هاوار محەمەد

سەنتەرەکان هەرچەندە قەبە و گەورە بن، هێشتا ناتوانن بە تەواوەتى پەراوێزەکان بسڕنەوە، بگرە لە پاڵ درێژبوونەوەى سەنتەرەکاندا پەراوێزەکان گەشە دەکەن، لە هەر کایەیەکدا گوتارێکى نا فەرمى دژ بە گوتارى فەرمى سەرهەڵدەدات، میوزیک و گۆرانى لەمڕۆى دنیادا نموونەیەکى دەقاودەقە. لەنێو لۆژیکى میدیا و سەرمایەدا ناوە گەورەکان دروست دەبن کە ئەوپەڕى حیکمەتى وێنە و کلیپەکانیان بۆ وروژاندن و نماییشى سمت کورتبۆتەوە، سەرکەوتن و سەرنەکەوتنى بەرهەمەکانیان بە پڕفرۆشترین و پڕبینەرترین لێکدەدرێتەوە ... هیتر.
وادیارە چیتر نە حەقیقەت و نە جوانى لە سەنتەرەکانەوە نایەن، بەڵکو لەو پەراوێزانەوە سەرچاوە دەگرن کە لە سەنتەرەکان دەخزێن و لە نادیارەکاندا گەشە دەکەن. لە گۆرانى و میوزیکى عەرەبیدا، پەراوێزێکى جوان و ناوازەى گەنجانە هەیە کە تەنانەت زۆربەى عەرەبەکانیش خۆیان لێى بێئاگان (دیارە ئەم پەراوێزە لە هونەرى فارسى و ئیسپانى و ڕۆژئاواییشدا هەیە). ئەم هەوڵانە بە زۆرى دوور لە میدیا زەبەلاحەکان و کلیپەکانن، ستۆدیۆى گەورەیان نییە، هەر لە کەناڵە شەخسییەکانى یوتوب و فەزاى مەجازیدا بڵاودەکرێنەوە، بە سادەیى بەرهەمدێن، پارەى زۆریان بۆ خەرج ناکرێت و داهاتى زۆریان نییە، پڕیشن لە بەرەنگارى. هەندێکیان هەر سەرپێیى لەنێو باڕ و قاوەخانە کولتوورییەکاندا بێ جوانکارى و مۆنتاژی دەنگ تۆمار دەکرێن و بڵاودەکرێنەوە، هەندێکیتریان هەوڵى گروپیى هاوڕێیانەى خۆبەخشانەن دژ بە گرێبەستە فەرمییەکانى کۆمپانیا میوزیکییە گەورەکان کە زۆربەى هونەرمەندە ناسراوەکانى عەرەبیشى تێدان (وەکو ماجیدە ڕومى و کازم ساهر)، هەندێکیشیان هەر گۆرانییەکانى هەندێ لە هونەرمەندە مەزنەکانى وەکو فەیروز و عەبدولوەهاب و زیاد ڕەحبانى و ئەسمەهانن بە بەشێوازى نوێ و دەستکارییەوە دەوترێنەوە. وێراى ئەمەیش کۆمپانیاکان هەمیشە هەوڵ دەدەن لە ڕێگەى "لە-خۆگرتن" [ئیحتیوا] و "دانپێدانان"ــەوە ئەم پەراوێزانە بسڕنەوە (بەرنامەى خۆشترین دەنگ و ئایدڵ و ئەم بابەتانە هەرهەموو گەڕانە بەدواى دانپێداناندا و بە پلەى یەکەمیش بۆ سڕینەوەى پەراوێزە دانپێدانەنراوەکە).. لەم دواییانەدا کۆمپانیاکان هەوڵیاندا "فایا یۆنان" (کە لە پەراوێزەوە گەلێک بەرهەمى جوانى بڵاوبوونەتەوە) ئیحتیوا بکەن، چونکە مەساحە و مەودایەکى زۆرى لە گۆرانیبێژە سوورییە سەنتەرنشینەکان داگیرکردووە و بەو ئیمکانییەتە کەموکورتانەیشەوە لە ڕاپرسییەکاندا بۆ دیاریکردنى باشترین ژنەگۆرانیبێژى سوورى کەوتە پێش "ئەساڵە نەسرى"ــییەوە، دواتریش هەر کۆمپانیاکان ویستیان کۆسپى بۆ دروست بکەن و خەڵاتەکەى پێنەبەخشن، بەڵام وایان بە باشترزانى ئۆفەرى پێبدەن.
هونەرى کوردییش لە باکورى کوردستان خۆى هەر تاڕادەیەکى زۆر لە پەراوێزدا بووە، بەڵام لە باشوور هێشتا هەوڵى جددیى ئەوتۆ لەم بارەیەوە بوونى نییە، ناوە گەورەکان کەوتوونەتە ژێر عەباى دەسەڵاتدارانەوە، بۆ نموونە "دیاری قەرەداغى" لە کۆتایى ساڵانى هەشتاکاندا و بە درێژایى نەوەدەکان ستایلێکى نوێى گۆرانى پەرەپێدا کە لەڕووى هەڵبژاردنى شیعر و ئاواز و تێما و مۆسیقاوە بە تەواوەتى جیاواز بوو لە گۆرانیى تەقلیدیى کوردى و فۆڕمى نوێى داهێنەرانەى بەرەنگارى و مقاوەمە بوون، بەڵام دواجار نەیتوانى زیاتر بڕوات، ئینجا وەک هەموو هونەرمەندەکانى تر بەشێوەیەکى تەقلیدى کەوتە لاواندنەوەى ساختەى "کەرکوک" بۆ کەناڵەکانى هێزە کەرکوکفرۆشەکان. "عەدنان کەریم"ـیش چەند ساڵێکە لە هۆڵەکان نەهاتۆتە دەرەوە و تاڕادەیەکى زۆر بووە بە گۆرانیبێژى خۆشەویستى بەرپرسەکان؛ بەم دواییانەیش، ئەو ڕۆژەى خوێندکارانى زانکۆى سلێمانى دژ بە نەریتى دواکەوتوو و بە زیندانیکردنى بەشەناوخۆییەکان و کولتوورى سەگتێبەردان خۆپیشاندانیان سازدا و دروشمى "یۆبیلى زێڕین.. یۆبیلى ڕەشهەڵگەڕاو"ـیان بەرزکردەوە، عەدنان کەریم لە یادى زانکۆدا گۆرانى بۆ بەرپرسەکانى ناو هۆڵە پڕ لە ڕیاکارییەکان دەگوت.
دوایین نموونەى گۆرانى کوردى (بە زمانى بیانى): کچەهونەرمەندێک بە ناوى "هێڵى لەڤ" کە گۆرانى بۆ دەوڵەتە کوردییەکە دەووت و بە جەستە و دەمولێوە پڕ سلیکۆنەکەیەوە سەما و ڕیکلامى بۆ دەکرد، لە دوایین کلیپیدا گەڵا و دۆلار بەسەر خۆیدا دەبارێنێت، ڕێک بە پاڵ ئەمەیشەوە هەندێ لە کەناڵە بەخشندەکان خێزانە هەژارەکانى وەک "موبارەک"ـیان هێنایە سەر شاشە. زۆرینەى گەنجى کوردستان، بێ دەرامەت و کار و ئاییندە، دەبێت تەماشاى کلیپەکەى ئەم خانمە بکەن، یانیش لە ئینستاگرام لاسایى بکەنەوە بە بێ ئەوەى پارەیەک شک ببەن، نەک تەنیا بەسەر کچێکدا (عادەتەن سۆزانییەکان)ـدا بیبارێنن، بگرە داوەتى هاوڕێ یان خۆشەویستەکانیشیانى پێبکەن بۆ کافێیەک. ئەم مەودا زۆرەى نێوان هونەر و دۆخى واقیعى گەنجان تەنیا دەبێتە مایەى خەمۆکى و شڵەژانى دەروونى، چونکە گەنجان شتێک دەبینن کە لە واقیعدا تێیدا ناژین، ئەوان دەبینین بەڵام ناپرسن "ئەوە کێیە ژیانى لی دزیوین و لە ئەوروپا بەدوایدا دەگەڕێین؟". وێڕاى هەموو شتێکیش پێویستە ئەم شڵەژان و نامۆبوونەى گەنجان بگۆڕێت بۆ ڕۆحیەتى خۆبەخشیى هاوڕێیانە، واتە بۆ ئەنگێزەى داهێنانى هونەرى و ئەدەبى و فیکریى بەرەنگارانە لە پەراوێزەکاندا.

ئەم لینکەى خوارەوە نموونەیەکى سادەى نێو هەزاران گۆرانی پەراوێزیى مۆسیقاى عەرەبییە بە ژێرنووسى ئینگلیزى. بە ئەنقەست ئەو بەرهەمانە دانانێم کە ڕاستەوخۆتر سیاسین، بۆ ئەوەى وەک ئۆسکار وایڵد نەڵێین "چەپ کات بۆ سەرخوراندنیش ناهێڵێتەوە"، بە پێچەوانەیشەوە ڕەنگە سیاسەتى ڕاستەقینە ئەوەبێت کە لە سیاسەتەوە نایەت، لەم عەشقە ئۆدیپییەى نێو ئەم گۆرانییەدا من سیاسەتێک دەبینم و کەوتمەوە بیرى وتارەکەى ژیژەک "بۆچى ناکەوینە عەشقەوە؟":
https://www.youtube.com/watch?v=nXoJDHUC63I&list=RDnXoJDHUC63I&start_radio=1&t=0&fbclid=IwAR3rEpRzqQtnqL6hbiNbP1Y7hxjkAg9SXlsxH4ed1Oo1qpF5Q4NGOrLUzls

No comments:

Post a Comment