بەشى یەکەم
گفتوگۆ له‌گه‌ڵ ئه‌نتۆنیۆ نێگری
گفتوگۆ له‌گه‌ڵ ئه‌نتۆنیۆ نێگری
"ئه‌نتۆنیۆ نێگری" (1933-) له شاری "پادوا"ی ئیتالیا
له دایكبووه، فه‌یله‌سوفێکى سیاسی و كۆمه‌ڵناسێكی به‌ناوبانگی ماركسیسته، له
ساڵی 1969 گروپی "هێزی كرێكاران"ی دامه‌زراندووه و دواتر بۆته ڕابه‌ری
"كرێكارانی سه‌ربه‌خۆ" و خۆیشی سه‌ر به ڕێبازی "ماركسیزمی سه‌ربه‌خۆ"یه. له‌و كاته‌یشه‌وه وه‌ك كه‌سێكی سیاسی چه‌ندین
چالاكيی ئەنجامداوە. چه‌ند به‌رهه‌مێكی سه‌ره‌كی به هاوبه‌شی له‌گه‌ل
"مایكڵ هارت"ى هاوڕێیدا نووسیوه، له‌وانه "ئیمپراتۆریه‌ت"،
"مه‌ڵتیتیود"، "سامانی هاوبه‌ش". كارێكی دیكه‌ی به ناوبانگی
ئه‌و به‌رهه‌مه‌یه‌تی كه له‌باره‌ی "سپینۆزا"وه نووسیویه‌تی. هەندێ به‌رهه‌می
دیكه‌ی نووسیوه، له‌وانه "كاری دیۆنیزیۆس"، "ماركس له‌ودیوی
ماركسه‌وه" و ..هتد. نێگری دژ به ماركسیزمی ئه‌رسۆدۆكس و دۆگمایییه و ده‌یه‌وێت
پێداچوونه‌وه به ماركسیزم‌دا بكرێت تاوه‌كو له‌گه‌ڵ چه‌ند تیۆرێكی گرنگی سه‌ده‌ی
بیسته‌مدا تێهه‌ڵكێش بكرێت، له‌مه‌یشه‌وه پێكهاته‌یه‌كی تازه‌ی لێ دروست ببێت كه
بتوانێت دۆخی ئه‌مڕۆی جیهان له سه‌رده‌می جیهانگیریدا به وردی دیاریی بكات و
پاشانیش ئه‌گه‌ره‌كانی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه و به‌ره‌نگای له‌م دۆخه‌دا ببینێت، له‌مه‌یشه‌وه
ستراتیژییه‌تێكی گشتی بۆ گۆڕان و ڕزگاری پێشنیار بكات. له‌م گفتوگۆیه‌دا نێگری چه‌ند
لایه‌نێكی هه‌وڵی خۆی ڕوون ده‌كاته‌وه بۆ لێكنزیككردنه‌وه‌ی ماركسیزم و تێزه‌كانی
فه‌یله‌سوفی فه‌ره‌نسی "میشێل فۆكۆ". گفتوگۆکەیش سیمینارێکە دەربارەى "فۆڕمگۆڕکێکانى کار و قەیرانى
ئابووریى سیاسى" کە لە 9ى ئۆکتۆبەرى 2004دا ئەنجامدراوە.
پرسیاری 1: ]به بۆچوونی تۆ[ ئایا شیكارییه‌كانی فۆكۆ ده‌رباره‌ی پرسی ئه‌كچواڵێتی
(actualité ) سوودبه‌خشن
بۆ تێگه‌یشتن له جووڵەى كۆمه‌ڵگاکان[1]؟
به دیاریكراوی پێتوایه له کامە بواردا ده‌بێت ئه‌م تێرمه تازه‌بكرێته‌وه، ده‌بێت
له كوێدا دابڕێژرێته‌وه و دواجار ده‌بێت له كوێدا به‌رده‌وام بێت؟
نێگری: كاره‌كانی فۆكۆ ماشێنێكی سه‌یرن، وامان لێده‌كه‌ن مه‌حاڵ بێت بیر له
مێژوو بكه‌ینه‌وه ته‌نیا وه‌ك مێژووی هه‌نووكه[2]
نه‌بێت. وه‌ك دۆلۆز جارێكیان وتی، ڕه‌نگه پێویست بێت له‌مڕۆدا دیسانیش ئه‌و شتانه
بنووسرێنه‌وه كه فۆكۆ له كاره‌كانیدا نووسیونی (له‌مه‌یشدا دۆلۆز له‌سه‌ر هه‌ق
بوو). به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگای سه‌رسوڕمان -و دڕدۆنگییە- ئه‌وه‌یه كه ئه‌و هه‌رگیز
له هه‌وڵدان بۆ كردنی شتێك نه‌وه‌ستاوه، ئەو دەمێک نزیكایه‌تییه‌كان[3]
دروست ده‌كات، دەمێک هه‌ڵده‌وه‌شینێته‌وه، گریمانه‌كان داده‌ڕێژێت، خه‌یاڵ ده‌كات،
لێکچوونەکان سازدەکات و خورافه‌ته‌كان له‌نێو ده‌بات، هه‌ندێك چه‌مك داده‌نێت و
پاشان لێیان پاشگه‌ز ده‌بێته‌وه یان هه‌مواریان ده‌كاته‌وه... ئه‌و سیمبوڵێكی گه‌وره‌ی
داهێنانه. به‌ڵام ئه‌مه جه‌وهه‌ری هزره‌كانی نییه؛ پێموایه میتۆدی بیركردنه‌وه‌ی
ئه‌و ڕه‌سه‌نه، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌و میتۆده توانای ئه‌وه‌ی پێداوه له یه‌ك
كاتدا هه‌م توێژینه‌وه له جوڵان بكات له ڕابردووه‌وه بۆ ئێستا و له ئێستایشه‌وه
بۆ ئایینده، هه‌م وه‌سفی ئه‌م جوڵانه‌یش بكات. ئه‌وه میتۆدێكه بۆ تێپه‌ڕین و
گواستنه‌وه لەوێدا کە ئێستا چه‌قی قورساییه‌كه‌یه. به‌ڵام فۆكۆ لەوێدا
بوو، له‌نێوان هه‌ردوو لایه‌نه‌كه‌دا، نه له ڕابردوودا بوو كه زه‌مینه
ئاركیۆلۆژییه‌كه‌ی بوو، نه له داهاتوودا كه هه‌ندێکات وێنه ئاینده‌ییه‌كانی به‌شێوه‌ی
سكێچ كێشاوه »وه‌ك ڕوخساری سه‌ر لمی كه‌ناری ده‌ریا«[4]. فیكره‌كانی له ئێستا[5]وه
ده‌ست پێده‌كه‌ن تاوه‌كو بتوانێت له قسه‌كردنماندا ده‌مه‌كانیتر لێك جیابكاته‌وه.
زۆربەیجار بۆچوونەکانى فۆکۆ دەربارەى به‌ماوه‌كردنەوەکانى زەمەن[6] ]و دابەشکردنى کات بەسەر دەمە جیاوازەکاندا[، لە ڕووى ڕەواتیى زانستییەوە وەک هەڵەوپەڵە
لێکدراوەتەوە: لەم بارەیەوە ده‌توانین ده‌ركی مێژوونووسه‌كان بكه‌ین، به‌ڵام له
هه‌مان كاتدا ئه‌مه كێشه ڕاسته‌قینه‌كه نییه، به‌ڵكو فۆكۆ هه‌ر خۆی كێشه سه‌ره‌كییه‌كه‌یه
و بابەتى پرسوباسەکەیە، ئه‌و هه‌میشه چه‌مكی زه‌مه‌نی تایبه‌ت به‌خۆی دروست
كردووه.
لای فۆكۆ شیكاریی مێژوویی ده‌بێته ئه‌كت، مه‌عریفه ده‌رباره‌ی
ڕابردوو ده‌بێته ژینالۆژیا، ڕوانگه‌ی داهاتوو[7]
ده‌بێته كۆ-ده‌زگا (dispositif)[8]:
به‌لای ئه‌و كه‌سانه‌وه كه له ماركسیزمی خەباتگیڕانە[9]ی
شه‌سته‌كانی سه‌ده‌ی بیسته‌مه‌وه ده‌ركه‌وتن (نه‌ك ئه‌و ماركسیزمه دۆگماییه
كاریكاتۆرییه‌ی ئه‌نته‌رناسیۆنالی دووه‌م و سێیه‌م)، ڕوانگه‌ی فۆكۆ له‌م باره‌یه‌وه
بە بێ گرێوگۆڵ وه‌ك شه‌رعییه‌تی ڕه‌ها وه‌رده‌گیرێت، ئه‌و ڕوانگه‌یه له‌گه‌ڵ ده‌ركی
گشتی ڕووداو[10]دا
ته‌بایه؛ له‌گه‌ڵ ململانێكان و چێژی سه‌ركێشیی ده‌رچوون له سنووری حه‌تمییه‌ته‌كان
و ئامانجگه‌راییه پێشوه‌خت دیاریكراوه‌كاندا ده‌گونجێت. له فیكری فۆكۆدا ماركسیزم
له‌سه‌ر ئاستی شیكاریی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌سه‌ڵات و ئامانجگه‌رایی مێژوویی هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه،
له‌ڕووی مێژووگه‌رایی[11] و
پۆزه‌تیڤیزمی یه‌قینییشه‌وه ڕه‌ت ده‌كرێته‌وه، به‌ڵام له هه‌مان كاتدا
ماركسیزم، بۆ نموونه له ڕوانیندا بۆ بزووتنه‌وه‌كان و تێکۆشانەکان، بەشێوازێکى
نوێ دووباره داده‌هێنرێته‌وه و پێكده‌هێنرێته‌وه؛ ڕاستییه‌كه‌ی له‌سه‌ر ئاستی
واقیعییه‌تی سوبێكته‌كانی ئه‌م بزووتنه‌وه و تێکۆشانانە داده‌هێنرێته‌وه: چونكه
ئه‌وه‌ی بیەوێت شتێك بزانیت بۆ ئه‌وه‌یه سوبێكتیڤیتی (پێ)ـبه‌رهه‌م بهێنیت.
به‌ڵام به‌ر له‌وه‌ی دوور بڕۆین، ده‌مه‌وێت كه‌مێك بۆ دواوه بگه‌ڕێمه‌وه. شتێكی باوه كه فۆكۆ دابه‌شده‌كرێت بۆ سێ فۆكۆ
یان بۆ سێ قۆناغ: قۆناغی پێش كۆتایی شه‌سته‌كان، كه سه‌رده‌می هه‌ڵهاتنی ڕۆژی
گوتاری زانسته مرۆڤایه‌تییه‌كان بوو.. له‌و قۆناغه‌دا ئەو پێناسه و باسی
ئاركیۆلۆژیاكانی مه‌عریفه و ئابوورییه‌كانی مه‌عریفه‌ی له سێ سه‌ده‌ی كۆتاییدا
كردووه، خوێندنه‌وه گه‌وره‌كانیشی بۆ مۆدێرنه‌ی ڕۆژئاوایی له میانه‌ی بنه‌ماكانی
ئیپستیمه (épistème)یه‌كی دیاریكراوه‌وه هه‌ر له‌و قۆناغه‌دا بوو. پاشان
قۆناغی حه‌فتاكان كه تێیدا ده‌ستیكرد به لێكۆڵینه‌وه‌كانی له په‌یوه‌ندیی نێوان
مه‌عریفه و ده‌سه‌ڵات و له‌مه‌یشه‌وه چه‌مكه‌كانی دیسپلین، كۆنترۆڵكردن و
بایۆ-ده‌سه‌ڵاته‌كان (biopowers)، ڕێساکانى ڕه‌فتار و بایۆ-سیاسه‌ته‌كان[12]ـی
داڕشت، كه ئه‌م دوو چه‌مكه‌ی كۆتاییان ]واته بایۆ-ده‌سه‌ڵات و بایۆ-پۆله‌تیك[ وه‌ك
ئامرازیی گشتی بۆ شیكاریی ده‌سه‌ڵات و بۆ به‌دواداچوونی مێژووی په‌ره‌سه‌ندنی چه‌مكی
سەروەرێتى ]حاکمییەت[[13] و ده‌ركه‌وتنی ئه‌م چه‌مكه له
تیۆری سیاسیماندا هه‌تا ڕۆژگاری ئه‌مڕۆمان، كاریان ده‌كرد. دواجار، قۆناغی هه‌شتاكان،
ئه‌ویش ماوه‌ی شیكاریی قۆناغه‌كانی سوبێكتیڤه‌یشن[14]
بوو له‌ژێر په‌یوه‌ندیی دوولایه‌نه‌ی نێوان پەیوەندیی ئێستاتیكى خود و په‌یوه‌ندیی
سیاسی له‌گه‌ڵ ئه‌ویتردا. به‌ڵام بێگومان ئه‌مه یه‌كێكه له بابه‌ته‌كانی
لێكۆڵینه‌وه و تاقیكردنه‌وه، به تایبه‌تیش ده‌رهه‌ق به یه‌كتربڕینی ئێستاتیكای
خود و بایه‌خدان ]ئه‌رك[ـه سیاسییه‌كان، كه ده‌توانین ناوی لێ بنێینەوە
ئیتیك.
له ڕاستیدا، نازانم ئایا ده‌توانین ئه‌م قۆناغانه و ئه‌م سێ ڤێرژنه‌ی
فۆكۆ، یان ته‌نانه‌ت دووانیشیان، له یه‌كتر جیا بكه‌ینه‌وه یان نا، له‌به‌رئه‌وه‌ی
به‌ر له بڵاوكردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵێك چاوپێكه‌وتن و نووسینی فۆكۆ به ناونیشانی
"وتراوه‌كان و نووسراوه‌كان" و بڵاوكردنه‌وه‌ی زنجیره‌یه‌ك له ده‌رسگوتاره‌كانی
(كۆلێژ دو فرانس) فۆكۆی ساڵانی كۆتایی به هه‌ند وه‌رنه‌ده‌گیرا. له‌به‌رچاوی مندا
ئه‌و سێ تێمایه‌ی فۆكۆ به هه‌ر سێ ڤێرژنه‌كه‌یه‌وه فیكری خۆی له‌سه‌ریان
چڕكردۆته‌وه، به‌شێوه‌یه‌كی نموونه‌یی و به‌رده‌وام و تۆكمه سه‌رنجیان لێدراوه.
تۆكمه به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ركه‌وتوو، له‌به‌رئه‌وه‌ی توانیوویه‌تی به‌رهه‌مێكی
تیۆریی یه‌كگرتوو و به‌رده‌وام دابڕێژێت.
ئه‌وه‌ی له‌نێوان ئه‌م ڤێرژنانه‌دا ده‌گۆڕێت ڕه‌نگه ته‌نیا جۆری ڕه‌وشه
مێژووییه‌كه و پێویستییه سیاسییه‌كه بێت كه ڕووبه‌ڕووی فۆكۆ بوونه‌ته‌وه و
بێگومان بواره‌كانی بایه‌خدانی ئه‌ویان گۆڕیوه. گەر وەها بێت -ئه‌مه به وشه‌كانی
خۆم ده‌ڵێم و ئومێده‌وارم وشه‌كانی فۆكۆیش هه‌ر وا بن-، ئەوا ئەو گریمانه‌یه‌ی كه
ده‌ڵێت ڕوانگه‌ی فۆكۆ به‌دوای دانانی ستایلێكی تایبه‌تییه‌وه بۆ بیركردنه‌وه.
هاوشوناسكراوه به ژینالۆژیای ئێستا؛ ئه‌م ستایله‌یش هه‌میشه تا ئه‌و ڕاده‌یه
ئاوه‌ڵایه كه له هه‌ر هه‌لومه‌رجێكی مێژوویی‌دا مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ به‌رهه‌مهێنانی
چه‌مكی سوبێكتیڤه‌یشندا دەكات. ئه‌م هه‌لومه‌رجه مێژووییه‌یش لە هەر کوێ پێدراو و
ده‌سته‌به‌ر بێت، ته‌نیا بریتییە لە واقیعی مێژوویی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌سه‌ڵات.
جا كاتێك فۆكۆ ده‌رباره‌ی تاسه‌ی خۆی بۆ ئه‌رشیفه‌كان دواوه، هه‌روه‌ها ده‌رباره‌ی
ئه‌و ڕاستییه دواوه كه پاڵنه‌ری ئه‌و بۆ خوێندنه‌وه‌ی ئه‌رشیفه‌كان هه‌ڵقوڵاوی
ویستی ئه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی شتێكمان له‌باره‌ی پارچه‌كانی بوون[15]ـه‌وه پێ بڵێت، ئه‌وا به‌رده‌وام ئه‌م ئایدیایانه‌ی دووباره كردۆته‌وه.
جا لێره‌دا بوون چ ئێستا بێت یان ڕابردوو، له‌سه‌ر لاپه‌ڕه زه‌رده‌كان نووسرا بێت
یان وه‌ك واقیعێك ڕۆژ له دوای ڕۆژ ئه‌زموون كرابێت، هه‌میشه ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه
له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتدا، بوون هیچ نییه جگه له‌م ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه كه ئه‌مه‌یش
هه‌ر له خۆیدا شتێكی مه‌زنه.
كاتێك فۆكۆ، بۆ نموونه له‌و كاره‌یدا كه به "چادێری و سزا"[16]
(Surveiller et Punir) ناسراوه،
ده‌ستیكرد به كاركردن له‌سه‌ر دۆخی پەڕینەوە لەنێوان كۆتایی سه‌ده‌ی هه‌ژده و سه‌ره‌تای
سه‌ده‌ی نۆزده‌دا، ئا لەوێدا ڕووبه‌ڕووی ڕه‌هه‌ندێكی دیاریكراوی په‌یوه‌ندییه‌كانی
ده‌سه‌ڵات و کۆ-دەزگاکان و ستراتیژییه په‌یوه‌ندیداره‌كان به‌م
کۆ-دەزگایانە بوویه‌وه. به ده‌بڕینێكی دیكه، له ڕاستیدا فۆكۆ ڕووبه‌ڕووی
جۆرێكی نوێی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌سه‌ڵات بوویه‌وه كه به ته‌واوی چه‌قیبه‌ستبوو
له ده‌وری په‌ره‌سه‌ندنی سه‌رمایه‌داری. سه‌رمایه‌داریی چه‌نده پێویستی به
دروستكردنی هێزی كاركه‌ر هه‌بوو، چه‌نده پێویستی به وه‌به‌رهێنانی داواكارییه
قازانجگه‌رییه‌كانی به‌رهه‌مهێنان له‌ویتره‌وه هه‌بوو، ئه‌وه‌نده‌یش پێویستی به به‌رهه‌مهێنانی ته‌واوى ژیان هه‌بوو.
هه‌ر بۆیه »ده‌سه‌ڵات بوو به بایۆ-ده‌سه‌ڵات«[17]. ڕاستە دواتر فۆكۆ له هه‌وڵدا
بۆ دانانی چوارچێوه‌یه‌كی ئۆنتۆلۆژیی ڕه‌خنه‌یی بۆ ئێستا، نموونه‌ی بایۆ-ده‌سه‌ڵاتی
به‌كارهێنایه‌وه، به‌ڵام كاتێك ]له تێزه‌كانیدا[ به دوای
ڕێگای شیكارییه‌كدا ده‌گه‌ڕێیت كه ته‌رخانكرا بێت بۆ لێكۆڵینه‌وه له په‌ره‌سه‌ندنی
سه‌رمایه‌داری و دیاریكردنی ئه‌و ماوه‌یه‌ی كه ده‌وڵه‌تی خۆشگوزه‌ران تێیدا
دەپەڕێتەوە بۆ قه‌یرانه‌كانی و دەکەوێتە تەنگژەوە، هه‌روه‌ها ته‌رخانكرا بێت بۆ
لێكۆڵینه‌وه له تێپه‌ڕینی شێوازی ڕێكخستنی كرێكاری له فۆردیزمه‌وه بۆ
پۆست-فۆردیزم، له بنه‌ما كینزییه‌كانه‌وه بۆ نیولیبرالیزم و تیۆری ئابووریی
گشتی، ده‌بینیت ئه‌م گه‌ڕانه‌ت بێ سووده و ناگه‌یت به هیچ. به‌ڵام ئه‌وه‌یش
ڕاسته كه به گوێره‌ی پێناسه ساده‌كه‌ی فۆكۆ بۆ په‌ڕینه‌وه له نه‌زمی
دیسپلینه‌وه بۆ نه‌زمی كۆنترۆڵ له سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی نۆزده‌دا، ده‌توانین له‌وه
تێبگه‌ین كه پۆست-مۆدێرنیتی به‌هیچ كلۆجێك واتای پاشه‌كشه‌ی هه‌ژموونی ده‌وڵه‌ت
به‌سه‌ر كاری كۆمه‌ڵایه‌تیدا نییه، به‌ڵكو زیاتر په‌ره‌سه‌ندنێكی ئه‌و كۆنترۆڵه‌یه
به‌سه‌ر ژیاندا.
فۆكۆ له زۆربه‌ی هزره‌كانیدا په‌ره به‌م پێشبینییه‌ی خۆی ده‌دات، وه‌ك
بڵێی شیكاركردنی په‌ڕینه‌وه بۆ سه‌رده‌می پاش-پیشه‌سازی، ڕه‌گه‌زی سه‌نتراڵی هزره‌كانی
ئه‌ویان پێكهێناوه ئه‌گه‌رچی به ڕوون و ڕاسته‌وخۆیش ئه‌مه‌ی ده‌رنه‌بڕیوه. به‌ڵام
له بەبێ ئه‌م دیاریكردنە ماتریالییه‌ی ئێستا و بە بێ لەبەرچاوگرتنى ئه‌م په‌ڕینه‌وه‌یه‌ی
وا ڕوویداوه، ئێمه ناتوانین وێنای پرۆژه‌ی ژینالۆژیای ئێستا بكه‌ین كه
كه‌مێك له‌مه‌وبه‌ر ئاماژه‌م بۆكرد و له سه‌ره‌تای حه‌فتاكاندا په‌یوه‌ندی فۆكۆی
به ڕابردووه‌وه پێكهێنابوو، نایشتوانین بیر له ئایدیا تایبه‌تییه‌كه‌ی ئه‌و ده‌رباره‌ی
به‌رهه‌مهێنانی سوبێكتیڤیتی بكه‌ینه‌وه كه له‌نێو چه‌مكی ده‌سه‌ڵاتدا ڕێده‌دات
به هه‌مواركردن و دووجاكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات و وه‌زیفه‌ی ده‌سه‌ڵات بۆ دروستكردنی
سوبێكتیڤیتییه نوێیه‌كان[18].
به بڕوای من، فۆكۆ به‌شێوه‌یه‌كی سه‌رسوڕهێنه‌ر هه‌ستیار بووه بۆ پێشبینیكردنی
په‌ڕینه‌وه له سیاسه‌ته مۆدێرنه‌كانه‌وه بۆ بایۆ-سیاسەتە پۆست-مۆدێرنه‌كان.
بۆ فۆكۆ، چه‌مكی سیاسه‌ت –هه‌روه‌ها چه‌مكی كرده[19] له‌نێو كۆنتێكستی بایۆ-سیاسه‌تدا- به‌شیوه‌یه‌كی ڕیشه‌یی جیاوازه له ده‌ره‌نجامگیرییه‌كانی
ماكس ڤێبه‌ر و شوێنكه‌وتووانی ڤێبه‌ر له سه‌ده‌ی نۆزده‌دا، هه‌روه‌ها به‌شێوه‌یه‌كی
ڕیشه‌یی جیاوازه له ئه‌نجامگیرییه‌كانی بۆچوونه مۆدێرنه‌كان ده‌رباره‌ی ده‌سه‌ڵات
)لای هانس كێڵسن و كارل شمیت(. ئه‌گه‌رچی
به ڕوونی دیاره فۆكۆ هه‌ستیار بووه به‌رامبه‌ر تێزه‌كانیان به‌ڵام من پێموایه
فۆكۆ له ساڵی 1968ه‌وه به شێوه‌یه‌كی ڕادیكاڵ ئه‌و چوارچێوه‌یه ده‌گۆڕێت كه
تێیدا كاری كردووه، ئیدی له‌وه به‌دوا فۆكۆ یارمەتیدەر نییە تێزەکانیان بە هەند
وەربگیرێن. بۆ كه‌سانی وه‌ك ئێمه، كه به ویستی خۆمان به‌رده‌وامین له به‌كارهێنانی
فۆكۆ و بگره كارده‌كه‌ین بۆ تێپه‌ڕاندنیشی، پێمانوایه به‌خششی ئه‌و بۆ ئێمه
ئێجگار زۆره، چونكه فۆكۆ خاوه‌نی بیركردنه‌وه‌یه‌كی به‌خشندانه‌یه، ئه‌گه‌رچی له
تیۆریزه‌كردنه‌كانیدا شتێكی تێدا نییه بۆ نوێكردنه‌وه و ڕاستكردنه‌وه: ته‌نیا
ئه‌وه‌نده‌مان به‌سه كه ئه‌م په‌یبردنانه‌ی ئه‌و به به‌رهه‌مهێنانی سوبێكتیڤیتی
و به جێكه‌وته‌كانی ئه‌م پرۆسه‌یه له‌به‌رچاو بگرین.
بۆ نموونه كاتێك له ساڵانی حه‌فتاكاندا فۆكۆ له‌گه‌ڵ ژیل دۆلۆز و فیلیكس
گواتاریدا، به‌شدارییان له‌و خه‌باتانه‌دا كرد كه بۆ پشتگیریكردن بوون له پرسى
زیندان، ئه‌و كاته په‌یوه‌ندییه‌كی نوێیان له‌نێوان مه‌عریفه و ده‌سه‌ڵاتدا دامه‌زراند:
په‌یوه‌ندییه‌ك كه ته‌نیا ئاماژه به دۆخی زیندانییه‌كان نادات، به‌ڵكو ئاماژه
به دۆخه گشتییه‌كانیش ده‌كات كه ده‌شێت له‌م دۆخانه‌دا په‌یڕه‌وی بكه‌ین له‌م
مۆدێله‌ی په‌ره‌دان به پانتاییه‌كانی ئازادی، په‌ره‌دان به ستراتیژییه‌ته‌كانی
قه‌دبوونی ده‌سه‌ڵات له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات كه هه‌ر له بنه‌ڕه‌تدا له‌نێویدایه، په‌ره‌دان
به توانای مرۆڤ بۆ به‌ده‌ستهێنانه‌وه خۆی و كۆ-سوبێكتیڤیتییه‌كه‌ی[20]،
په‌ره‌دان به توانای داهێنانی فۆرمه نوێیه‌كانی كۆمه‌ڵ و پێكه‌وه بوون له ژیان
و خه‌باتدا. به كورتی: ئه‌مه ئه‌و شته‌یه كه پێیده‌ڵێین: تێكدان[21].
فۆكۆ ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌وه مه‌زن نییه كه كۆمه‌ڵێك شیكاریی بۆ ناسینه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات
ئه‌نجامداوه، ته‌نیا له‌به‌ر هزره میتۆدییه ڕۆشنگه‌رانه‌كانی و له‌به‌ر ڕێگا
نوێیه‌كانی بۆ تێكه‌ڵكردنی فه‌لسه‌فه و مێژوو بۆ تێگه‌یشتن له ئێستا، مه‌زن نییه.
به‌ڵكو به تایبه‌تی گه‌وره‌ییه‌كه‌ی له‌وه‌دایه كۆمه‌ڵێك به‌ڵگه‌نه‌ویست و سه‌ره‌داوی
بۆ جێهێشتووین كه بۆ ئه‌وه ده‌گونجێن زه‌مه‌نێكی درێژ به‌كاریان بهێنین؛ به
دیاریكراویش مه‌به‌ستم له‌وه‌یه كه فه‌زای سیاسی و ململانێی كۆمه‌ڵایه‌تی و ڕه‌مزییه‌تی
بابه‌ته‌كانی شۆڕشی ماركسیزمی كلاسیكی سه‌رله‌نوێ داڕشتۆته‌وه. به‌لای فۆكۆوه،
شۆڕش شیمانەى ڕزگاریی نییه -یان لایه‌نیكه‌م ته‌نیا توانای ڕزگاری نییه-، به‌ڵكو
پراكتیكی ئازادییه. شۆڕش واته به‌رهه‌مهێنانی هێزێك كه له ململانێدا بێت
له‌گه‌ڵ هێزێكی دیكه‌دا، شۆڕش تازه‌كردنه‌وه و داهێنانی زمانه‌كان و تۆڕه جیاوازه‌كانه،
به‌رهه‌مهێنانه‌وه و دووباره داڕشتنه‌وه‌ی به‌های كاری زیندووه. مه‌به‌ست له
شۆڕش نانه‌وه‌ی داوێكه بۆ سه‌رمایه‌داری له‌نێو سه‌رمایه‌داری خۆیدا.
پرسیاری 2: ئایا پێتوانییه فۆكۆ به ته‌واوه‌تی له‌و ته‌وژمه گه‌ورانه
كرابێته ده‌ره‌وه كه له فه‌ره‌نسا بانگه‌شه‌ی ئه‌وه ده‌كه‌ن گوایه ده‌یانه‌وێت
دووباره ڕه‌خنه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی بهێننه‌وه ئارا؟ ئایا له به‌شه‌كانی
دیكه‌ی ئه‌وروپا (بۆ نموونه له ئیتالیا) و له ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانیشدا هه‌ر
به‌و جۆره‌یه؟
و: ناوه‌ندی ئه‌كادیمى فۆكۆ ده‌بوغزێنێت. پێموایه ئه‌و هه‌ر له شه‌سته‌كانه‌وه
به‌ره‌و گۆشه‌یه‌ك پاڵی پێوه‌ده‌نرێت، هه‌ر ئه‌و كاته‌ی بۆ كۆلێژی دو فرانس به‌رزكرایه‌وه
بۆ ئه‌وه بوو باشتر دووربخرێته‌وه -ئینجا ئه‌مه ته‌نیا به‌هۆی ئه‌وه‌وه نییە
كه زانكۆ به‌هایه‌ک بۆ سه‌ركه‌وتنى ڕۆشنبیرەکان دانانێت. بێگومان پۆزه‌تیڤیزمی
كۆمه‌ڵناسییانه[22]ی
بۆردیۆ زۆر به بڕشت بوو، به‌ڵام ئه‌وه نه‌یده‌توانی بیركردنه‌وه‌ی فۆكۆیی
بانگهێشت بكات، بۆیه به سیفه‌تی سوبێكتیڤیزم ڕه‌تی كرده‌وه. سه‌ڕای ئه‌وه‌ی كه
به ڕوونی سوبێكتیڤیزم له فۆكۆدا نییه. بۆردیۆ زیاتر ئه‌وه‌ی له ساڵانی دواتردا
ڕیالیزه كرد.
فۆكۆ به‌رده‌وام له هه‌موو كاره‌كانیدا ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر بابه‌تی
ترانسێندنتاڵیزم و ئه‌و فه‌لسه‌فانه‌ی مێژوو كه شكستیان هێناوه بگه‌نه ئاستێك
كه له ڕێگه‌ی تۆڕه‌كان و ململانێی ده‌سه‌ڵاته سوبێكتیڤه‌كانه‌وه ڕۆڵی هه‌موو
دیاریكه‌ره‌كانی واقیع بگێڕن. به گشتی، له ڕێگه‌ی ترانسێندنتاڵیزمه‌وه من له
هه‌موو ئه‌و تێگانه‌ی كۆمه‌ڵگا تێده‌گه‌م كه بانگه‌شه‌ی ئه‌وه ده‌كه‌ن ده‌توانن
له گۆشه‌نیگایه‌كی ناوه‌كی و پته‌وه‌وه واقیع هه‌ڵبسه‌نگێنن یان یه‌كلایی بكه‌نه‌وه.
به‌ڵام ئه‌وه كاری نه‌كرده‌یه. تاكه میتۆدێك كه ده‌بێته مایه‌ی پێكهاتنی كۆمه‌ڵایەتى
ئه‌و میتۆده‌یه كه ئیمانانسێكی ڕه‌هایه[23] بۆ داهێنانی به‌رده‌وام له به‌رهه‌مهێنانی مانا و بۆ کۆ-دەزگاى كرده.
فۆكۆ وه‌كو نووسه‌ره گرنگه‌كانی دیكه‌ی نێو نه‌وه‌كه‌ی خۆی، حسابی خۆی له‌گه‌ڵ هه‌موو
پاشماوه‌كانی بونیادگه‌ری[24]دا
یه‌كلایی كرده‌وه، بۆ نموونه خۆی له‌گه‌ڵ وه‌سفی پێشوه‌خته‌ی چاره‌سه‌ری
ترانسێندنتاڵییانه‌ی كاتیگۆرییه ئیپستمۆلۆژییه‌كاندا یه‌كلایی كرده‌وه (له‌مڕۆدا
له بوژاندنه‌وه‌ی به‌هێزی سروشتگه‌راییدا بۆ كاركردن له‌نێو فه‌لسه‌فه و زانسته
كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا، ئه‌م هه‌ڵه‌یه به‌رهه‌مهێنراوه‌ته‌وه...).
له‌وه‌یش زیاتر، له فه‌ره‌نسایش فۆكۆ له ڕوانگه‌ی ڕه‌خنه‌ییه‌وه
بوغزێنراوه، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌و له‌گه‌ڵ میتۆلۆژیای نه‌ریتی كۆماری‌دا یه‌كناگرێته‌وه:
كه‌س وه‌كو ئه‌و له حاكمییه‌ته‌وه دوور نه‌بوو ته‌نانه‌ت یاكۆبین[25]ـیش؛
كه‌س وه‌كو ئه‌و له سێكیولاریزمی تاكلایه‌نه‌وه دوور نه‌بوو، ته‌نانه‌ت یه‌كسانیخوازه‌كانیش؛
كه‌س وه‌كو ئه‌و له نه‌ریتگه‌رایی تێگه‌ی خێزان و دیمۆگرافیای نیشتمانییه‌وه
دوور نه‌بوو، ته‌نانه‌ت ئاوێزانخوازه‌كان[26]ـیش
و ..هتد. به‌ڵام، دواتر ئایا ئه‌وه میتۆدۆلۆژیای فۆكۆ نه‌بوو كه قابیلی
كورتكردنه‌وه بوو له هه‌ڵوێستێكی ڕێژه‌یی و گومانگه‌رایانه‌دا، قابیلی پاشه‌كشه
بوو بۆ تێگه‌یشتنێكی ئایدیالیستییانه له مێژوو؟ نه‌خێر، جارێكی تریش نه‌خێر.
بیركردنه‌وه فۆكۆ به‌دوای زه‌مینه‌سازییه‌وه‌یه بۆ شیمانه‌ی تێكدان ]ی دۆخی باو[، وشه‌كان له‌وه به‌هادارترن و
هه‌ژێنه‌رترن. فۆكۆ له‌باره‌ی "به‌ره‌نگاری"[27]ـیه‌وه
ده‌دوێت –له‌گه‌ڵ دووركه‌وتنه‌وه‌ی ته‌واو له نه‌ریتی مۆدێرن ده‌رباره‌ی ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه
و سۆشیالیزم. ئه‌م سۆراغ و عه‌وداڵییانه هه‌موویان ڕێژه‌یی و گومانگه‌رایانه
نین. به پێچه‌وانه‌وه، ئه‌وانه بۆ نرخاندنی ڕۆشنگه‌ری (Aufklärung)[28]
بوون، له‌پێناو داهێنانه‌وه‌ی مرۆڤ و پۆتێنشییه‌ڵه دیموكراسییه‌كه‌یدا بوون، له
كاتێكدا هه‌موو وه‌همه‌كانی پێشكه‌وتن و بنیاتنانی هاوبه‌ش له‌لایه‌ن دیاله‌كتیكه
گشتگیره‌كانی مۆدێرنیتییه‌وه خیانه‌تیان لێكرا[29].
به گشتی، فۆكۆ توانی ڕسته‌كه‌ی دیكارتی گه‌نج بگونجێنێت: "Larvatus prodeo"من له پێشه‌وه ماسكم پۆشیوه.
به بڕوای من، هه‌ر یه‌كێك له ئێمه پێویستە دان بەمەدا بنێین: سۆشیالیزمی
نه‌ته‌وه‌یی[30]
به‌رهه‌مێكی پوختی دیاله‌كتیكی مۆدێرنیتییه. بۆ ئه‌وه‌ی خۆمان له‌وه ڕزگار بكه‌ین،
ده‌بێت دوورتر بڕۆین. ڕۆشنگه‌ری، وه‌ك فۆكۆ به بیری هێناوینه‌ته‌وه، نرخاندنێكی
یۆتۆپیایی ڕۆشنگه‌ریی عه‌قڵ نییه؛ به پێچه‌وانه‌وه، دیستۆپیایه[31]،
ململانێی ڕۆژانه‌یه له‌سه‌ر ڕووداو، دامه‌زراندنی سیاسه‌تێكه كه له به‌كێشه‌كردنی
"ئێره، ئێستا"وه ده‌ست پێده‌كات. له دۆزی ڕزگاریی و ئازادبوونه‌وه
ده‌ست پێده‌كات. خه‌باتی فۆكۆ بۆ پرسیاری زیندانییه‌كان كه له‌گه‌ڵ (GIP)ـدا ده‌ركه‌وت،
ئایا هه‌ر له سه‌ره‌تای حه‌فتاكانه‌وه وه‌ك خه‌باتێكی ڕێژه‌گه‌رانه و گومانگه‌رانه
نه‌ده‌هاته به‌رچاوتان؟ یان ته‌نانه‌ت ئایا هه‌ڵوێستی پشتگیریكردن له
ئۆتۆنۆمیسته ئیتالییه‌كانیش، كه ئه‌ویان خسته ژێر دژوارترین كاتی سه‌ركوتكردن و
فشاری مێژووییه‌وه له ئیتالیا هه‌ر به‌و جۆره نه‌بوو؟
له فه‌ره‌نسا، فۆكۆ زیاتر بووه قوربانیی ئه‌و خوێندنه‌وه‌یه‌ی كه
هاوڕێكانی و قوتابییه‌كانی و یاریده‌ده‌ره‌كانی بۆ به‌رهه‌مه‌كانی ئەویان كرد. له‌م
باره‌یه‌وه ئه‌نتی-كۆمۆنیزم[32]
ڕۆڵێكی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی بینی. دابه‌شبوونه میتۆدۆلۆژییه‌كه‌ی به‌سه‌ر ماتریالیزم
و ده‌سته‌كۆخوازی[33]دا،
وه‌ك ڕیكلامێك ده‌رده‌كه‌وت بۆ تاكگه‌رایی نیولیبراڵیزم. جا كاتێك كاتیگۆرییه‌كانی
ماتریالیزمی دیاله‌كتیكی لێكهه‌ڵده‌وه‌شانده‌وه، فۆكۆ كه‌سێكی ڕێزلێگیراو بوو، به‌ڵام
ئه‌و ئه‌م كاتیگۆریانه‌ی له‌سه‌ر ئاستی ماتریالیزمی مێژوویی بونیاتنایه‌وه، كه‌چی
ئه‌مه شتێكی په‌سه‌ند كرا‌و نه‌بوو. له‌وه‌یش زیاتر، كاتێك خوێندنه‌وه‌ی كۆ-ده‌زگاكان
(dispositifs ) ]واته ئه‌پاراتووسه‌كان[ و كاركردن له‌سه‌ر ئۆنتۆلۆژیا
ڕه‌خنه‌ییه‌كانی ئێستا، كه ده‌بوونه مایه‌ی ده‌ستپێكردنی مه‌ڵتیتیوده‌كان[34]
و دروستكردنی شمه‌كه هاوبه‌شه‌كان[35]،
بۆ دژایه‌تیكردنی نیولیبرالیزم، ئه‌و كاته قوتابییه‌كانى به ته‌واوه‌تی كشانه‌وه.
ڕه‌نگه، فۆكۆ له كاتێكی باش‌دا مردبێت.
له ئیتالیا، له ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان، له ئه‌ڵمانیا، له ئیسپانیا،
له ئه‌مریكای لاتین و ئینجا له ماوه‌یه‌كیشدا به‌شێوه‌یه‌كی زیاتر له به‌ریتانیای
گه‌وره، ئێمه ئه‌و گه‌مه پاریسییه‌مان تێنه‌په‌ڕاندووه كه ڕۆڵی له په‌راوێزخستنی
فۆكۆدا هه‌بووه و له بازنه‌ی ڕۆشنبیران دووری خستۆته‌وه. فۆكۆ به ڕێگه‌ی مه‌ته‌ڵی
ئازاربه‌خشی دووڕوویی ئایدیۆلۆژی نێو كایه‌ی ڕۆشنبیریی فه‌ره‌نسیدا نه‌ڕۆیشتووه:
ئه‌و هه‌رچی ده‌وت هه‌ر ئه‌وه‌یشی ده‌خوێنده‌وه. به‌م جۆره، لێكچوون له‌گه‌ڵ مه‌یلی
زیندووكردنه‌وه‌ی بیركردنه‌وه‌ی ماركسیستی له كۆتایی حه‌فتاكاندا زیاتر وه‌ك
ویستێكی بنه‌ڕه‌تی ده‌رده‌كه‌وت. ئه‌وه ته‌نیا ڕێكه‌وتێكی كرۆنۆلۆژییانه نه‌بوو:
به‌ڵكو زیاتر هه‌ستكردن بوو به‌وه‌ی كه پێویسته بیركردنه‌وه‌ی فۆكۆیی وه‌ك به‌شێك
له زنجیره‌یه‌كی گشتی کۆششەکان –کۆششی پراكتیكی یان تیۆری- بۆ ڕزگاری و ئازادی
تێبگه‌یشترێت، بیركردنه‌وه‌یه‌ك كه له پێكهاته‌یه‌كدا نیگه‌رانیی ئیپستمۆلۆژی و
ڕوانگه ئاكارییه سیاسییه‌كانی پێكه‌وه كۆكردۆته‌وه، له‌مه‌یشه‌وه به‌شێوه‌یه‌كی
ناڕاسته‌وخۆ ڕه‌خنه‌ی تووندی له حزبه‌كان گرتووه، ڕه‌خنه‌ی تووندی له‌و بابه‌ت و
خوێندنه‌وانه‌ی مێژوو گرتووه كه باسی كردوون. پێموایه بۆ نموونه، كاركه‌رانی
ئه‌وروپی و فێمێنیسته ئه‌مریكییه‌كان له فۆكۆدا چه‌ندین ڕێچكه‌یان بۆ لێكۆڵینه‌وه
دۆزیوەتەوە، به تایبه‌تی پاڵنه‌ری ئەوتۆیان بینیوەتەوە کە پاڵی پێوەناون
مێتا-زمانە‌كانیان بەرەو زمانێکى هاوبه‌ش و بگره سونیڤێرساڵ بۆ جیهانێك كه دێت
–یان لایه‌نیكه‌م بۆ سه‌ده‌یه‌ك كه دێت، بگوازنەوە.
[4] له گفتوگۆكه‌دا به فه‌ره‌نسی هاتووه. 'comme à la limite de la mer un visage sur le sable’.
[5] present
[7] the future perspective
[8] Dispositive له زمانی ئینگلیزی‌دا هه‌مان
واتای ئه‌پاراتووس (apparatus)ی لاتینییه، كه ڕه‌نگه
كۆ-ده‌زگا به‌رامبه‌رێكی تاڕاده‌یه‌ك نزیك بێت لێیه‌وه.
[9] militant Marxism
[10] the event
[11] historicism
[12] biopolitics
[13] sovereignty
[14] subjectivation
[15] fragments of existence
[16] چاودێرى و
سزا: پێدەچێت وشەى چاودێرى لە تێرمى ناونیشانە فەرەنسییەکەى فۆکۆوە نزیک بێت،
بەڵام بە گشتى لە زۆربەى وەرگێڕانە ئینگلیزییەکاندا وەک (دیسپلین) وەردەگێڕدرێت.
No comments:
Post a Comment