هاوار محەمەد
لەسەروەختى
خۆپیشاندانەکانى فەرەنسادا پۆستێکى کورتم لەسەر واڵى فیسبووکەکەم بڵاوکردەوە بە
ناونیشانى "هێلەک زەردەکان". هاوڕێم "کارزان عەزیز" لە
کۆمێنتێکدا سەرنجى خۆى لەسەر نووسینەکەم دەربڕى و دواتریش لە وتارێکدا
خوێندنەوەیەکى ڕەخنەیى بۆ پۆستەکەى من و دوو نووسینى دیکە کرد کە هى هەردوو نووسەر
"کامەران مەنتک" و "مەریوان وریا قانع" بوون. بێگومان لاى
خۆمەوە دەستخۆشى لەو هاوڕییەم ئەکەم و ئەمە بە دەروازەیەک دەبینم بۆ پەرەدان بە
نەریتێکى ڕەخنە بە بێ کینەدۆزى.
لەم
پۆستەدا دەمەوێت سەرنجى خۆم لەسەر بۆچوونەکانى هاوڕێ کارزان بخەمەڕوو. جا بۆ ئەوەى
سیاقى گفتوگۆکەیش ڕوون بێت، سەرەتا پۆستەکەى خۆم لەگەڵ کۆمێنتەکەى کارزان وەک خۆى
دادەنێمەوە، ئینجا ئەو بەشەى وتارەکەى هاوڕێ کارزان دادەنێم کە پەیوەندیى بە
نووسینەکەى منەوە هەیە، دواى هەموو ئەوانە هەندێ سەرنج دەنووسم:
1- پۆستەکە
'' هێلەک
زەردەکان: دیسان فەرەنسا، پایتەختی ڕادیکاڵیزمی جیهان، کۆمۆنە، ئایاری ٦۸، ئەمجارەیش
هێلەک زەردەکان.. بۆچی دەقیق لە فەرەنسا؟ چونکە فیکر لە فەرەنسا ورد ئەبێتەوە بۆ نێو
ژیانی واقیعی، لە ئاستە ترانسنێندنتاڵی و پەتییەکەیدا نامێنێت.. فیکری ڕادیکاڵ لە فەرەنسا
لە خەڵکدا ناونشین بۆتەوە بە بێ ئەوەی هەموو خەڵکی فیکر و فەلسەفە و ئەدەبیاتی فەرەنسییان
خوێندبێتەوە.. هێلەک زەردەکان و ئەوەی لە فەرەنسا دەگوزەرێ بەرهەمی ئەو مشتومڕە فیکرییە
گەرمانەیە کە لە ماوەی یەک سەدەی ڕابردوودا لەو وڵاتە بە چڕی ڕوویانداوە، گۆڕانیان بەسەر فیکری چەپ و
مارکسیزمدا هێناوە و لە چەقبەستن ڕزگاریان کردووە.. فیکری چەپی فەرەنسی ڕیاکتیڤانە
کار ناکات تاوەکو بە دەروونێکی ئاسوودەوە بڵێت : "تا سەرمایەداری بمێنێ
مارکسیزمیش هەر دەمێنێ". ئەگەر مارکسیزم بە بەردەوامی تەجاوزی سنوورەکانی خۆی
نەکات، لەنێو پرۆسەی داهێنانی چەمک و تەفسیری نوێدا ڕەوشی مێژوویی و کۆنتێکستەکان
نەبینێت ئەوا، ناتوانێت کێبەرکێی سەرمایەداریی بکات، چونکە سەرمایەداری لە دۆخی
وەستاندا نییە، بەردەوام هاوکێشەی نوێ بۆ خۆی دادەهێنێت، هەمیشە شەپۆل ئەدات. لە
وەها دۆخێکدا دەشێت مارکسیزم نەمرێت، بەڵام بە بێ چەمک و خوێندنەوەی نوێ و بە بێ
هەمەڕەنگی، معەوەق و ئیفلیج دەبێ.. چەپ لە فەرەنسا پانتاییەکی هەمەڕەنگی
بیرکردنەوە و کردارە، هەر لەبەرئەوەیشە چەپی فەرەنسی لە چەپەکانی دیکەی دنیا
چالاکتر و کراوەتریشن..''.
2- کۆمێنتەکەى هاوڕێ
کارزان:
''فكر و چهمكهكان
بهو شێوه دابڕاو نین. ئایدیالیزم ئهو باڵایهتییه به فیكر دهدات (حوكمی چهمك
و ئایدیا و تیۆر). گرنگیی فكری فهڕهنسی لهوهدایه بهردهوام تێكهڵ بهم جموجۆڵ
و خرۆشان و ناڕزایهتییانهیه و یهكتر بهرههمدێننهوه. فكری فهڕهنسی و جیهانییش، له ههفتهی
ڕابردووه و له دهرئهنجامی ئهو پراكتیكهی له فهڕهنسادا دهستیپێكردووه، دهگۆڕێت.
فكر و پراكتیكی واقیعی، چهمك و ڕوودا و جووڵه پێكهوه دهجوڵێن و دانهبڕاون لهیهكتر.
ئهم دانهبڕواییه وادهكات دهق ببێته پراكتیك و پراكتیكیش ببێته پانتایی دهق
و تیۆر. هێلهك زهردهكان و ستایل و میتۆدی ناڕهزایهتییهكهیان چیتر به تهنیا
به شێوه واقیعییهكهی بوونیان نییه، بهڵكو دهق و نوسینیش بهرههمدێنن. كهلێن
و كهموكورتییهكانیشیان، سهركهوتن و شكستهكانیشیان لهڕێگهی گفتوگۆ و بیركردنهوه
و دهقهوه ڕووناكییان دهخرێتهسهر و لهوێوه ڕۆڵی فیكریش قۆناغێكی بهرزتر له
ئاگایی بهرههمدێنێت بۆ پراكتیك و ڕوودا و جووڵهی داهاتوو''.
3- بەشی سێیەم لە
وتارەکەى هاوڕێ کارزان:
''هاوار محەمەد
به ناونیشانێكی ڕوون و دهقیق دهست پێدهكات كه هێلهك زهردهكانه؛ كه ههم بزووتنهوهیهكی
ڕادیكاڵه و ههمیش ڕهمز و نیشانهیهكی ناسراوی ناو مێژووی ئهمڕۆ و داهاتوومان دهبێت
كه فهڕهنسییهكانی كۆمۆنهی پاریس و 68 جارێكیتر دهستپێشخهرییان لێكرد، لهگهڵ
ئهوهی كه شهپۆل و پریشكهكانی لهوه بههێزتر و بهتینتره كه وا به ئاسانی
دهوڵهتی فهڕهنسی و بۆرژوازی جیهانی تهنیا له پاریسدا قهتیسی بكهن و به دهردی
كۆمۆنهی پاریسی بهرن، ههرچهند كۆمۆنهی پاریس سیاسیتر بوو. دیاره ئهم پێشهكییهی
نووسهر پهیوهسته به ئاگاداربوونی ئهوهوه بهو تێكست و ئایدیا نوێ و ڕادیكاڵانهی
كه ئاگادارێتی و له ههمانكاتیشدا خاڵیكیی جیاكهرهوهیه لهنێوان ئهم و نووسهرانی
دیكهدا. نووسهر لهو جێگهدا تووشی كێشه دهبێتهوه كه پهیوهسته به ههیمهنه
و حوكمی فیكر و ئایدیا بهسهر ڕووداوهكان و میژووهوه، كه به شێوهی دهرئهنجام
خوێندنهوهیهكی ئایدیالیستی بۆ خودی مێژوو بهرههمدێنێت وهك ئهوهی هێگڵ به
ڕوونی له كتێبی "مێژووی فهلسهفه"دا دهلێت"ئایدیاكان حوكمی جیهان
دهكهن". كه به گوێرهی یهكێك له چاوپێكهوتنه وهرگێڕاوهكانی نووسهر
خۆی و هاوڕی زهردهشت له چهند ڕۆژی ڕابردوودا، دۆڵۆز جهخت لهو كاریگهرییه گرنگهی
شۆڕشی 68 دهكاتهوه لهسهر ئایدیا سیاسییهكانی خۆی. هاوار دهڵێت ئهوه تیۆر و فیكره كه كاریگهرییهكانی بهسهر ئهو بزاوت
و بزووتنهوهوه جێهێشتووه و خۆراكی پێدهدات. دیاره دهرئهنجامی ئهمه بۆ نووسهر
لهوێوه دێت كه پێیوایه تیۆری ماركسیستی لهمڕۆدا گۆڕانی بهسهردا هاتووه. منیش
هاوڕای نووسهرم لهوهدا هێندهی ئاگاداری تێكست و ههڵوێستهكانی ماركسبم. ئهمه
دهربرینێكی تهواوه بهو مانایهی كه ماركسیسزم خۆی دژ به چهقبهستن و ڕهقههڵهاتن
و دۆگماتیزمه و لانی كهم زۆرێك له ئێمه ئاگاداره كه میتۆدهكهی ماركس كه ماتریالیزمی
مێژووییه له ڕوونترین پێناسهیدا بۆ ئهم تیۆره و شۆڕش ههمیشه پشت به باردودۆخ
دهبهستێت و بارودۆخی سهرمایهداریش ئهمڕۆ گۆڕانی بهسهردا هاتووه بهتایبهت
له ئاستی ئیمپریالیزمدا كه تیۆرهكانی لینین و هارت و نێگری و هارڤهی و سهمیر ئهمین
تیۆری گرنگن بۆ ئهو شیكاره نوێیه ماركسیستییانه. بهڵام ئهمه ناكاته ئهوهی
بڵێین كه مێژوو بریتییه له مێژووی حهرهكهتی فیكر و تێز و ئایدیاكان. پێناسهیهكی
لهم جۆره پتر هێگڵییه بۆ مێژوو و ئهوهشی كۆتایی بهم ڕوانین و میتۆد و خوێندنهوه
بۆ مێژوو دههێنێت پێش ههر كهسێكی دیكه خودی ماركس خۆیهتی و دواتریش به شێوهیهكی
زانستییانه كه جیاوازه له زانستهكهی ماركس، ئهنگڵسه كه بایۆلۆژیا و كیمیا و
گهردوونناسی و بیركاری و زانستهكانی دیكهش تێكهڵ بهم زانسته دهكات. بۆ ئێمه مێژوو بریتییه له ههردوو تیۆر و پراكتیك و كارلێك
و تێكهڵبونهكانیان و یهكترتهواوكردنیان. بهم مانایه، ئهوه نه تهنیا فیكره
دابڕاو له ڕووداوه واقیعی و پراكتیكییهكان، مێژوو بهرههمدێنێت، نه واقیع و پراكتیكیش
دابڕاو له تیۆری شۆڕشگێڕی و ڕادیكاڵ كه بتوانێت مێژوو بهرههمبهێنێت.''
پەراوێزێک
بۆ گفتوگۆکان:
بۆچوونەکانى
کارزان لە دوو خاڵدا کورت دەکەمەوە و لەسەر هەر خاڵێکیان دەدوێم:
·
لە پۆستەکەمدا ئایدیا باڵایەتیى پێدراوە و بزووتنەوە و
ناڕەزایەتییەکان بە بەرهەمى ئایدیاکان دەزانم، ئەمەیش "ئایدیالیزم"ـە.
·
لە پۆستەکەمدا وا دیارە مێژوو بریتییە لە حەرەکەتى فیکر
و تێزەکان بەشێوەیەکى دیالەکتیکى. کەواتە نووسینەکەم "دیالەکتیکى
مێژوویى"ـى هیگڵییە و نزیک نەبۆتەوە لە "ماتریاڵیزمى مێژوویى".
1- دەربارەى
ئایدیالیزم:
بێگومان
بەرپرسم لە هەموو نووسینێکم کە بە شێوەى وتار لە سایتى و گۆڤار و کتێبەکاندا، یان
لە پۆستەکانى فەیسبووکدا بڵاو دەبێتەوە، بەڵام هەمیشە بە یەک جۆر نانووسم. نووسین
هەمیشە نووسینى تێز و ئایدیایەکى نوێ نییە، جارى وا هەیە تەنیا زانیارییە، یان
ڕۆشناییەکە بۆ سەر شتێک، یان هەڵوێستێکە. پاشان لەبەر کۆمەڵێک هۆکار وام پێباشترە هەمیشە
پۆستى فەیسبووک سادەتر بێت لە وتار. کەواتە یەک، ئەو نووسینەى من پۆستێکى
فەیسبووکە (کە بەراورد بە پۆستەکانى دیکەیشم سادەتر و کورتتریش بوو) و نەمویستووە
شتێکى جددى یان تێزێک بنووسم. دوو، زیاتر وەک هەڵوێستێک و هاوپشتى و هاوسۆزییەک
بوو بۆ جووڵانەوەکانى ئەم دواییەى فەرەنسا، چونکە بەشى زۆرى خوێندنەوەم لەنێو
فیکرى فەرەنسیدایە و لەمڕووەوە لە هەر وڵاتێکى دیکە زیاتر عەشقم بۆى هەیە، کەوایە
زیاتریش هاوسۆزى بزووتنەوە و ناڕەزایەتییەکان و خەڵکى ئەوێم. ڕەنگە ئەم دوو هۆکارە
وایان کردبێت پۆستەکە سادە بێت، بەڵام تەواو مەبەستەکان ڕوون نەبن، بۆ نموونە
نووسیومە: ''هێلەک زەردەکان و ئەوەی لە فەرەنسا دەگوزەرێ بەرهەمی ئەو مشتومڕە فیکرییە
گەرمانەیە کە لە ماوەی یەک سەدەی ڕابردوودا لەو وڵاتە بە چڕی ڕوویانداوە، گۆڕانیان بەسەر فیکری چەپ و
مارکسیزمدا هێناوە و لە چەقبەستن ڕزگاریان کردووە.'' بۆچى ئەم
بۆچوونە ئایدیالیستییانە نییە؟ چونکە دوو دێڕ پێشتر نووسیومە: ''فیکر لە فەرەنسا ورد
ئەبێتەوە بۆ نێو ژیانی واقیعی، لە ئاستە ترانسنێندنتاڵی و پەتییەکەیدا نامێنێت.. فیکری
ڕادیکاڵ لە فەرەنسا لە خەڵکدا ناونشین بۆتەوە''. مەبەستى ئەم بۆچوونە ئەوەیە کە
فیکرى فەرەنسى ئایدیاڵێک نییە لە سەرەوە هەموو شتێک دابڕێژێت، یان لە پشتەوە مێژوو
بجوڵێنێت؛ بەڵکو خۆى لەنێو کێشمەکێشە واقیعییەکاندایە، بەشێکە لە کێشەکان، ئاوێتەى
سیاقەکانە. ڕەنگە دەروونناسی بە مۆدێلە کلینیکییەکەى لە ئەسکەندەناڤیا لە ژیانى
خەڵکدا ناونشین بووبێتەوە و لە مامەڵەکردنى تاکەکان لەگەڵ یەکتریدا بووبێتە بەشێک
لە بنەماى حوکم و پێوانەکان. لە فەرەنسا فیکرى فەرەنسى بەهۆى تایبەتمەندیى خۆیەوە
(کە ورد و فراگمێنتەرى و کۆنکریتە)، لەنێو کێشەکانى کۆمەڵگەکەدا دەجوڵێت، بەرهەم
دێت و کاریگەریى دادەنێت و کاریگەریى لێ دەکرێت؛ بۆ نموونە کێشەى هۆمۆسێکسواڵێتى
لە هەموو بەشێکى دنیادا هەبووە و هەیە، بەڵام لە سەرەتادا دەقیق لە فەرەنسا دەبێتە
کێشەیەکى گەورەى فەلسەفى و هاوکات کۆنکریت لە نێو ژیان و مومارەسەى ڕۆژانەى
خەڵکدا.
لەلایەکى
دیکەیشەوە، بە بێ ئەوەى ئایدیالیست بم، بڕوام بە هێزى فیکر و ئایدیاکان هەیە.
بەڵام وەک هاوڕێ کارزانیش دەزانێت من لەسەر هێڵێک ئیش دەکەم کە نە ئەفڵاتوونییە و
نە هیگڵى، بۆیە لەو هێڵەدا فیکر و بە تایبەتیش ئایدیا ماناکەى جیاوازە: فیکر
ڤێرچواڵى ناونیشینە لەگەڵ کێشە واقیعییەکانى ژیاندا لە یەک سەتحى ئۆنتۆلۆژیدا. لەم
سیاقەدا کە من هێشتایش فیکر و ئایدیام بۆ گرنگە زیاتر ماناکەى دۆلۆزییە نەک
ئەفڵاتوون-هیگڵى، (یان بە گشتیتر) نەک ئایدیالیستى. دۆلۆز خۆى دەڵێت "من
هەمیشە وا هەستم کردووە ئەزموونگەرایەکم". لە ڕاستیدا ئەزموونگەراییەکەیشى
جیاوازە لە ئەزموونگەرایى ناو مێژووى فەلسەفە. (لە دانیشتنى هاوڕێیانەى خۆماندا
بۆچوونەکانى دۆلۆزمان دەربارەى ئایدیاکان خوێندۆتەوە).
2- مێژوو و
دیالەکتیک:
هەر بەو
جۆرەى کە پۆستەکەم ئایدیالیستى نەبووە، ئەوا دیالەکتیکیش نییە، بە تایبەتیش هیچ
ئاماژەیەکى تێدا نییە بە جووڵەى ئایدیا لە مێژوودا. بە پێچەوانەوە، ئەوەى لە دیدى
مندا گرنگە دەرچوون و ترازانە چاوەڕواننەکراو و نالۆژیکییەکانە لە مێژوودا. بۆ
نموونە هەر لەو گفتوگۆیەى دۆلۆزدا کە من و هاوڕێ زەردەشت نورەدین وەرمانگیڕاوە (و
لە جێگەى تریشدا) دۆلۆز بە ڕوونى صیرورە و مێژوو لە یەکترى جودا دەکاتەوە. صیرورە
ئەو ساتەیە کە بارگۆڕانێک ڕوودەدات بە بێ ئەوەى مێژووەکەى و داهاتووەکەى لەگەڵ
ئێستادا لەسەر یەک هێڵ بن. کەواتە کاتێک دەڵێین فیکرى فەرەنسى لەم بزووتنەوەیەى
هیڵەک زەردەکاندا ئامادەیى هەیە ئەوا ئەمە هەرگیز وەک ئایدیا نییە، ئایدیا بەرهەمى
نەهێناوە، بەڵکو ئەزموونکردنە لە ژیانى کۆنکریتدا، بۆ نموونە کاتێک دەڵێین
"صیرورە" ئەوا صیرورە ئایدیایەک نییە، پتر پرۆسێسى ئەکچواڵبوونێکى واقیعییە
کە بەشێوەى ڤێرچواڵ ئامادەیى هەیە، لە جوگرافیایەکدا چڕ دەبێتەوە و بە بەرکەوتنى
هێزێک پێکەوە یەک شت لەنێوان هەردووکیاندا دروست دەکەن. دیالەکتیک لەسەر
دژیەکییەکان ڕاوەستاوە و ئەم دژییەکییانە وەک دوو خولخلۆکەى دداندارى ماشێنى
کاتژمێر کە بە ئاراستەى پێچەوانەى یەکتردا یەکتر دەجوڵێنن ئایدیا (بە فۆڕمە
هیگڵییەکەى) و مادە (بە فۆڕمە مارکسی-ئەنگڵزییەکەى) بەرەو پێشەوە دەبەن. هەڵبەت فیکرى
فەرەنسى لە ناوەڕاستى سەدەى بیستەمەوە هەرگیز تیۆرەکانى بەم ڕاستەوخۆیی و
یەکپارچەییە وەرنەگرتووە؛ بەڵکو یەک تێکەڵەی پێکهێناوە لە چەندین تیۆر و سەرچاوە و
میتۆد، تێکەڵەیەک لە فەلسەفەى کلاسیک، دیکارتیزم، کانتیزم، هیگڵیزم، مارکسیزم،
فرۆیدیزم، ئەزموونگەرایى. لە ئاستێکى تردا: کلاسیزم، مۆدێرنیزم، بونیادگەرى،
پۆست-بونیادگەرى، پۆستمۆدێرنیزم، بە پاڵیشییەوە زمانناسى، نیشانەناسى،
فینۆمینۆلۆژیا و بوونگەرایى، هەروەها بزووتنەوەکان: داداییزم، سوریالیزم،
فێمێنیزم، ئانارشیزم، سۆسیالیزم، هەڵوێستگەراکان، بزووتنەوەکانى ژینگەدۆستى،
هۆمۆسێکواڵەکان..هتد. هەروەها فرە مەرجەعیى، بۆ نموونە: سپیۆزا لە فیکرى
فەیلەسوفێکى مارکسیستى وەکو لووى ئاڵتۆسێردا ئامادەیى هەیە، ئەفڵاتوون لاى بەدیۆ،
هایدیگەر لاى سارتەر، نیچە لاى فۆکۆ و دۆلۆز و دێریدا.. بە کورتى ئەم تێکەڵبوونە
زۆرانە خاسیەتە تایبەتییەکەى فیکرى فەرەنسى پێکدەهێنن. بەیەکداچوونى هەموو
ئەمانەیش لە مشتومڕ و گفتوگۆ گەرمەکاندا کرانەوە و ڕادیکاڵیزمێکى تایبەتى بەخشیوە
نەک تەنیا بە فیکرى فەرەنسى، بەڵکو بۆتە بەشێک لە نائاگایى کۆمەڵگەکەیش. ئایدیا و
دیالەکتیکیش سەر بە ئاگایین نەک نائاگایى. فیکرى فەرەنسى لە پشتەوە شتەکان
ناجوڵێنێت، ڕەنگە هەرگیز فیکر نەتوانێت ئەمە بکات، بەڵام لەناوەوە، لە خانەکاندا
حزورى نەبینراو و هەستپێنەکراوى هەیە، بە تایبەتیش فیکرى چەپ. بۆنموونە زۆربەى ئەو
دەستکەوتانەى بزووتنەوەى هێلەک زەردەکان دەیانەوێت پارێزگاریى لێ بکەن دەستکەوتى
خەباتى چەپەکانن کە لەنێو دەوڵەتدا جێگیر کراون، لە کاتێکدا هێلەک زەردەکان بە
ڕوونى هەڵگرى بەرنامەى مارکسیزم یان کۆمۆنیزم نین، بگرە ڕاست و لیبراڵیشیان
تێدایە، بەڵام لەو بازنەیەدا هەندێ لە بنەما سیاسییە لیبراڵییەکان لەگەڵ بنەماکانى
چەپدا دژیەکناوەستنەوە. بەم مانایە هەمیشە ئەم تێکەڵبوونە زۆرانە لە فەرەنسا
ڕوودەدەن، هەم لەنێو فیکردا و هەم لە واقیعدا، ئەم دوو لایەنەیش دابڕاو نین،
ئاوێتە و تێکەڵن لە یەک سەتحدا. گەر ئەوەى وتوومانە ڕاست بێت، ئەوا کەوایە دوو کێشەى
فیکرى دەردەکەون:
أ-
سروشتیى کۆمەڵایەتیى هەمەجۆر و پڕ جموجوڵى کۆمەڵگەى
فەرەنسى هەڵگرى هەمان تایبەتمەندیی هەمەجۆر و سرکى فیکرى فەرەنسییە. ئەم دووانە
یەکترى نانوێننەوە، بەڵکو هەردووکیان هەمان شت دەنوێننەوە، ئەویش هەمەجۆرى،
جیاوازى، تێکەڵبوون، ڕادیکاڵیزمە کە لە هەردوو ئاستەکەدا دەرکەوتووە. کۆمەڵگەى
ئەڵمانى و هۆڵەندى و سوویدیش هەمان کێشەى نامۆبوون و نایەکسانى و چەوساندنەوەیان
هەیە، سەرمایەدارى لە هەموو وڵاتانى ئەوروپادا خەڵکى دەچەوسێنێتەوە، هەلومەرجە
کۆمەڵایەتییەکان و ئاستى گوزەرانیش تاڕادەیەک لەو وڵاتانەدا لێک نزیکە، بەڵام بۆچى
جموجوڵ و ناڕەزایەتییەکان زۆربەیجار لە فەرەنساوە هەڵدەقوڵێن نەک لە وڵاتەکانى
دیکەوە؟ بۆچى لە هەلومەرجى لێکنزیکى ژیان و گوزاران و ئابووریدا، بە تایبەت
فەرەنسا بۆتە پایتەختێک بۆ خۆپیشاندانەکان (ئەگەرچى لە ئاستى پێویستدا نییە و هێزى
ڕووخاندنى سەرمایەدارییشى نییە)؟ بێگومان هەندێ پاڵنەرى لاوەکیتر هەن کە بەشدارن
لە شێوەگرتنى ئەم تایبەتمەندییەى فەرەنسادا، بەڵام لە هەموویان سەرەکیتر (بەلاى
منەوە) ڕادیکاڵیزمى فیکر و ئەدەبیاتى فەرەنسییە. هەر ئەمەیش پرسیارى سەرەکى
پۆستەکە: بۆچى فەرەنسا؟ واتە بۆچى فەرەنسا لە کاتێکدا هەلومەرجە کۆمەڵایەتی و
مێژوویى و ئابوورییەکانى وڵاتانى تریش لێکنزیکن لە هى فەرەنسا، بەڵام
ناڕەزایەتییەکان بەو ڕادەیەى فەرەنسا بەهێز نین و دەنگدانەوەیان نییە؟ وا بزانم
وەک پێویست وەڵامەکەییم ڕوونکردۆتەوە.
ب- تیۆر و
پراکتیک بە گوێرەى شوێنکەوتەیى ناڕۆن، واتە تیۆر هەبێ پاشان پراکتیکێک تیۆرەکە
بەرجەستە بکات، ئینجا لە هەنگاوى دووەمدا دۆخە کۆنکریتییەکەى پراکتیکەکە وا بکات
جارێکى دیکە تیۆرەکە هەنگاوێکى تر بەرەو کامڵتر بچێتە پێش و ئیدى بەم جۆرە. ئەمە
دیالەکتیکى هیگڵییە کە بەردەوام لە ڕوانینى کارزاندا هەیە، کێشەکە لەوێدایە کە بە
بڕواى ئەو منیش بەهۆى ئایدیالیزمەکەوە کەوتوومەتەوە ناو هەمان هیگڵیزم. ڕاستییەکەى
کە دەڵێین فیکر و کۆمەڵگە یەکترى نانوێننەوە، واتاى ئەوەیە تیۆر و پراکتیکیش
یەکترى نانوێننەوە و بەرجەستە ناکەونەوە. پراکتیک کۆنکریتبوونەوەى تیۆرێک نییە کە
پێشتر هەیە، بەڵکو تیۆر و پراکتیک هەر جودا نین، بۆ نموونە لە زماندا. ئاگامبێن
باس لەوە دەکات لە دۆخى ئاوارتەدا فەرمانى حاکم هەمان هێز و ڕەوایەتیى یاساى هەیە،
واتە خودى قسەى حاکم یاسایە. وتنى وتە و بە یاسابوونى وتەکە یەک پرۆسەن.
نموونەیەکى دیکە: کاتێک پیاوێکى ئایینى لە پێگەیەکى تایبەتدا تەکفیرى کەسێک دەکات
و پێیدەڵێت "کافر" ئەوا حوکمى تەکفیر و کافربوون هەردووکیان یەک شتن.
دوا
سەرنج: هیچ کاتێک ئایدیالیستێک نیم، پێموایە دیالەکتیکیش لەم سەردەدا چیتر ژەنگى
گرتووە، بڕوام بە هەندێ لێکدژی هەیە بە بێ ئەوەى سنوورى ئەم لێکدژییانە هەمان
سنوورەکانى دیالەکتیک بێت. جیهان چۆتە قۆناغیکەوە تەنیا بە لێکدژییەکان تەفسیر
ناکرێت و ناخوێندرێتەوە.
تێبینى:
ئەم وتارە لە کانوونى یەکەمى 2018 لە سایتى "ئەڵتەرناتیڤى سۆسیالیستى"
بڵاوبۆتەوە.
No comments:
Post a Comment