My Blog List

بابه‌ته‌ نوێیه‌كان

خۆرهەڵات و فەلسەفە

Tuesday 8 January 2019

بارى نا-ئاساییش

هاوار محەمەد

دەسەڵاتى سەروەر (حاکم) ئەوەیە کە ڕاگەیاندنى دۆخى ئاوارتەى بە دەستە. دۆخى ئاوارتەش وەک بنیامین دەڵێت، ''خۆى بووەتە ڕێسا''. ئەمە ئەو خاڵەیە کە دێریدا و ئاگامبێنیش (بە هەندێک جیاوازییەوە) بۆى دەگەڕێنەوە. لە دۆخى ئاوارتەدا یاسا، بەگوێرەى مەرسوومێک هەڵدەپەسێررێت کە دێریدا پێی وایە هێزى یاسایى هەیە. ئاگامبێن بە چڕى شیکاریى ئەم تێمایە دەکات و پێی وایە یاسا بەگوێرەى هێزى یاسا هەڵدەپەسێررێت. لە دەستووردا مافى ئاوارتە بە حاکم دەدرێت کە دەسەڵاتى لەناکاوى هەبێت بۆ هەڵپەساردنى یاسا، لەبرى ئەوە قسەى خودى حاکم ڕۆڵى یاسا دەبینێت. بەم مانایە، لە دۆخى ئاوارتەدا یاسا لە کار دەخرێت، بەڵام بەگوێڕەى مەرسوومێک کە خۆى لە کەلێنى ناو دەستوورەوە سەرچاوەى گرتووە، ئەو کەلێنەش ناوەوەى دەستوور بۆ دەرەوەى دەستوور ئاوەڵا دەکات، یان ناوەوە لە بەرژەندەوەندیى دەرەوە دەسڕێتەوە. لە دەسەڵاتە سەروەریخوازەکاندا ئەمە بە بەردەوامى ڕوو دەدات، دۆخى ئاوارتە هەمیشەییە، بارى لەناکاو چەندین جار ڕادەگەیەنرێت و درێژ دەکرێتەوە، حوکمى عورفى چالاک دەکرێت، کۆمەڵگە ملیتاریزە دەکرێت، بەردەوام سەربازى ئاشکرا و شاراوە لەسەر شەقامەکان و شوێنە گشتییەکان ئامادەن، قەدەغەى هاتوچۆ دەکرێت و... دەتوانین نموونەى زۆر بهێنینەوە، بەڵام من لێرەدا باسى دانەیەکیان دەکەم: تورکیا لە وەختى کودەتاکەى ئەم دواییەوە هەتاوەکو ئێستا لە دۆخى ئاوارتەدا دەژى، ''پلەى سفرى کێشە'' (بە دۆزى کوردیشەوە) کە داد و گەشەپێدان لە یەکەم هەڵبژاردنیاندا بانگەشەى بۆ دەکرد، بە تەواوەتى پێچەوانە بووەوە. لەبرى ئەوە کێشەى زۆرى ناوخۆ و دەرەکى سەریان هەڵدا. لە ناوخۆدا، تاکڕەویى و فاشیزمى ئەردۆگان گەیشتە ئاستێکى مەترسیدار، کێشەى کورد ئاڵۆزتر بوو، پاشەکشەى گەورە لە بارى ئابوورییەوە ڕوویدا، ئازادییەکان تا ڕادەیەکی مەترسیدار بەرتەسک کرانەوە، دەستوورى گۆڕرا بۆ سەرۆکایەتى، سەرکوتکردن بووە بە میکانیزمێکى بنەڕەتى بۆ کپکردنەوەى ناڕەزایەتى، زیندانییەکان پڕتر بوون و کاریش بۆ گەڕاندنەوەى یاساى ئیعدام کرا (و دەکرێت). لە ئاستى دەرەکییشدا تورکیا گیرۆدەى شەڕ و ململانێ بووە، لە جەنگى سووریاوە گلاوە، لەگەڵ دەوڵەتانى وەک ئەمەریکا و ڕووسیادا دووچارى کێشەى گەورە هاتووە، هەیبەتیشى وەک دەوڵەتێکى گەورەى هاوپەیمانى ناتۆ تا ڕادەیەکى زۆر ڕووشاوە. ئەمە تەنها یەک ماناى هەیە: دۆخى ئاوارتە. ئەگەر لە دیدى ئاگامبێنەوە بدوێین، دەتوانین ئەمە بە قڵپبوونەوەى دەوڵەتى دیموکراسی بۆ دەوڵەتى ئەمن لێک بدەینەوە. لە دەوڵەتى ئەمندا هەموان بە شێوەى هێزەکى تاوانبارن. کتومت لەم دۆخى ئاوارتەیەدایە کە گەڕاندنەوەی حوکمى ئیعدام بۆ نێو دەستوور دەبێتە کەڵکەڵەیەکى گەورەى ئەردۆگان، گۆڕینى دەستوور لە پەرلەمانییەوە بۆ سەرۆکایەتییش لەو پێناوەدا بوو حاکم سەرجەمى ئەو مافانە بۆ خۆى دەستەبەر بکات، کە دەتوانێت بە هۆیانەوە هەموو یاسا - مافەکانى تر هەڵبپەسێرێت و دواجار ئیعدامیش بگەڕێنێتەوە. هەڵبەت ئەمە دۆخى زۆربەى دەوڵەتانى ناوچەکەیە. لە وەها بارێکدا تاوانبارى ڕاستەقینە و تاوانبارى ناڕاستەقینە جیاکردنەوە هەڵناگرێت و هەموان دەشێت لە هەر ساتێکدا وەک تاوانبارێک بکوژرێن بەبێ ئەوەى ئەم کردەیە خۆى تاوان بێت و بکوژەکە سزا بدرێت. کوشتنى بەردەوامى ''کۆڵبەران'' لە لایەن سەربازانى سوپاى پاسدارانەوە نموونەیەکى دەقاودەقە. کۆڵبەر جۆرێکە لە هۆمۆساکەر کە لە هەر شوێنێکدا بینران دەشێت بکوژرێن. بەڵام کوشتن جیاوازە لە ئیعدام و ئێمەش خەریکین باسى ئەمەى دووەمیان دەکەین.
لە دۆخى ئاوارتەدا وێڕاى ئەوەى لۆژیکى کەمپ زاڵ دەبێت و کوشتن دەبێتە کردەیەکى بەردەوام گریمانەکراو، هیشتا ئیعدام هەر زەروورە هەبێت، چونکە لە نێو بێنەزمی لە کوشتنى بەردەوامدا، دەبێتە نەزم و لە نێو بێڕێساییدا ڕێسادار دەنوێنێتەوە. بە چەمکى ئاگامبێن بدوێین: لە دۆخى ئاوارتەدا ئیعدام ''نۆمۆس''ى نێو ''ئەنۆمیا''یە، تاکە کوشتنى ڕێکخراوە کە دەوڵەت ئەنجامى بدات، چونکە نەزمى خودى حاکم دەنوێنێتەوە لەو دۆخەدا کە بارى نائاسایى ڕاگەیاندووە. کەواتە گرەوى دۆخى ئاوارتە لەسەر نەمانى یاسا نییە، بەڵکو لەسەر ناکاراکردنى یاسایە، بەو مانایەى یاسا خۆى دەبێتە کەرەستەى درێژەدان بە دۆخى نائاسایى.
بەشێک لە وتارى "ڕاپۆرتێک دەربارەى ئیعدام".

پەراوێز:
ئاساییش تەنیا خۆى دەپارێزێت کتومت لە ڕێگەى بڵاوکردنەوەى نائاساییشەوە. دەوڵەت/دەسەڵاتى ئەمنى بە تەواوى لەسەر نا-ئاساییشێکەوە درێژە بەخۆى دەدات کە خۆى لە دۆخى ئاوارتەدا بڵاوى دەکاتەوە. نا-ئاساییش واتە هەموو شتێک بە کۆدى دەزگاى ئەمنیدا بڕوات، مومارەسەى دەسەڵات لە دەمەزراوەوە بگوزارێتەوە بۆ ئەمن. دەوڵەتى ئەمن، (یان دۆخى ئاوارتە) بە چڕى لەگەڵ دییندا بەیەکداچوون، لەبەرئەمە چەندینجاریتر وتمان سلێمانى (و کوردستان بە گشتى) بەرەو دۆخى ئەمنى و فەزاى دینى پاڵ دەنرێت، هەتابێ سەربازگە و مزگەوت زۆرتر دەبن، هەتابێ ئازادى و ئارامى بەرتەسکتر دەبنەوە. دوایینیان داخستنى سینەما سالم، کە ئەمە بەشێکە لە شاڵاوێکى دوورمەوداى ڕێگریکردن لە فیلم و هونەر و مۆسیقا و شانۆ و فەلسەفە..

تێبینى: ئەم ستاتۆسە وەک هەڵوێستێک لەسەر داخستنى "سینەما سالم" لەلایەن ئاساییشى سلێمانییەوە، لە فەیسبووک بڵاوکراوەتەوە. 

No comments:

Post a Comment