My Blog List

بابه‌ته‌ نوێیه‌كان

خۆرهەڵات و فەلسەفە

Thursday 28 February 2019

مەزار وەک شوێنى تر


هاوار محەمەد
''تاوه‌كو كۆتایی سه‌ده‌ی هه‌ژده‌یه‌م، گۆڕستان له‌ نێو چه‌قی ئاوه‌دانیدا بوو، به‌ هه‌موو لایه‌كه‌وه‌ به‌سترابوویه‌وه‌، له‌ ناوه‌ندی شاردا دروست كرابوو، به‌ پاڵ كه‌نیسه‌وه‌، دەیشڵێن كه‌ هیچ به‌هایه‌كی فێستڤاڵییانەی نه‌بووه‌ و ئەمەیش ڕاستە. لە گۆڕستاندا گڵكۆ خەمڵێنراوەكان (Possible tombs) بە هیرارشی ڕێكخرابوون. جگه‌ له‌ لاشه‌ی چه‌ند كه‌سێكی كه‌م كە بە تەنیا دەنێژران، چاره‌نووسی هاوبه‌شی لاشه‌كان ئه‌وه‌بوو كه‌ هه‌ر به‌ ساده‌یی فڕێ بدرێنه‌ سەر تۆپه‌ڵێك لاشه‌ی كه‌ڵه‌كه‌بوو، به‌ بێ ئه‌وه‌ی لاشه‌ی تاكه‌كه‌سییانه‌ به‌هه‌ند وه‌ربگیرێت. لە نێو كەنیسەیشدا چەندین گۆڕ هەبوون. گۆڕی نێو كەنیسەكانیش دوو جۆر بوون: یان گڵكۆی سادە بوون و بە نەخش و نووسینێكی ئاساییەوە، یانیش مەزار(Mausoleums)ێكی گەورەبوون و پێگە و مەقامیان هەبوو. ئەم گۆڕستانەی كە كەوتبووە نێو فەزای پیرۆزی كەنیسەوە، لە شارستانیەتی مۆدێرندا و بە تایبەتیش لەو كاتەوەى كۆمەڵگەكەمان بەرە بەرە خەریكبوو دەبووە كۆمەڵگەیەكی "بێباوەڕ" (Atheistic)، بەشێوەیەكی تەواو جیاواز ڕێكخرایەوە. كه‌واته‌ به‌وپه‌ڕی خوێنساردییه‌وه‌، له‌و ساته‌وه‌خته‌وه‌ كه‌ كۆمه‌ڵگه‌كه‌مان ده‌بێته‌ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی بێباوه‌ڕ، به‌ هه‌رحاڵ ده‌بێته‌ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی بێباوه‌ڕی تووندڕه‌و، واته‌ له‌گه‌ڵ كۆتایی سه‌ده‌ی هه‌ژده‌دا، ده‌ستمان كرد به‌ ناشتنی لاشەكان به‌شێوه‌ی تاكه‌كه‌سی. ئیدی هه‌ر كەسە و بەجیا مافی ئه‌وه‌ی هه‌بوو ببێته‌ خاوه‌نی تابووتێكی چكۆله‌، ببێته‌ خاوه‌نی گڵكۆیه‌كی چكۆله‌ی تاكه‌كه‌سی. له‌لایه‌كی دیكه‌یش، له‌ سه‌ده‌ی نۆزده‌دا، كتومت له‌ دڵی ئیمپراتۆرییه‌تی دووه‌مدا، هه‌موو ئه‌م ئێسكه‌په‌یكه‌رانه‌، هه‌موو ئه‌م گڵكۆ چكۆلانه‌، هه‌موو ئه‌م تابووته‌ چكۆلانه‌، هه‌موو ئه‌م گڵكۆیانه‌، ئه‌م گۆڕە تاكەكەسیانه‌، دوورخرانه‌وه‌ بۆ په‌راوێز و كه‌ناره‌كان، بۆ ده‌ره‌وه‌ی شار، بۆ قه‌راغی ئاوه‌دانی. ڕاستیه‌كه‌ی، له‌ سه‌رده‌می ناپلیۆنی سێیه‌مدا بوو كه‌ گۆڕستانه‌ گه‌وره‌كانی پاریس له‌ قه‌راغی شاره‌كانه‌وه‌ ڕێكخران. هاوكات لەگەڵ بەتاكەكەسكردنی مردن (individualization of death) و ئاكاری بۆرژوازیدا بۆ تەرخانكردنی گڵكۆی تایبەت بە تاكەكەس، گۆڕستان وەك هۆكاری مردن بە نەخۆشی، تەنگی پێهەڵچنرا، وه‌ك بڵێی بەوهۆیەی كە نزیكبوو لە ماڵەكانەوە، بەپاڵ كەنیسەوە بوو، لە ناوەندی شەقامدا بوو، ئیدی خۆیشی بایسی مەرگ بوو؛ وەك بڵێی گۆڕستان سه‌نته‌ر و شوێنی بڵاوبوونەوەی درمـه‌، نەخۆشی پێوەیە و به‌شێوه‌یه‌ك له‌ شێوه‌كان مه‌رگ ده‌گوازێته‌وه‌ بۆ زیندووەكان''.

ئەم تێکستەى سەرەوە بڕگەیەکە لە کتێبى "شوێنەکانى تر"ـى فەیلەسوفى فەرەنسى "میشێل فۆکۆ". ئایدیاکەى فۆکۆ قووڵ و سەرنجڕاکێشە، بەڵام با لە کۆتاییەکەیەوە ئێمە دەست پێبکەین. واتە گۆڕستان وەک باعیسى بڵاوکردنەوەى درم و نەخۆشى یان مەرگ، وەک بڵێى گۆڕ بەدواى مردووى خۆیدا دەگەڕێت و زیندووەکان بۆ دوا مەنزڵیان لە گۆڕستان بانگهێشت دەکات. ئەم گۆڕستانە وەک فۆکۆیش باسى دەکات گۆڕستانى خەڵکانى گشتی و عەوامە کە پێویستە دووربخرێتەوە و شوێنەکەیان بکرێت بە بینا و باڵەخانە تاوەکو سەرمایە ڕابکێشن. گۆڕستان سەرمایە ناهێنێت و مردووەکان پێویست نییە شوێنیان لە شاردا هەبێ، مەگەر بە یەکجۆر "ئەوەى قەبر خۆى ببێت بەپارە" واتە مردنیش پارە ڕابکێشێت؛ ئەمە دوایین پرۆژەى شارەوانى سلێمانى بوو، کە هەمان سیستەمى ڕۆژئاواییە. بۆ ئەوەى بمریت و جێگایەکت هەبێ پێویستە پارە بدەى، دەنا لاشەکەت قەل و داڵ دەیخوات! یاخود.....
بە پێچەوانەى ئەمە، خەڵکانى خاوەن پێگە و مەقام لە شوێنى تایبەتیدا، لەنێو باخچەکانى کەنیسەدا، لە سەر گرد و شوێنە بەرزەکان، لە شوێنە هەرە جوان و سەرسەوز و خۆشەکانى شاردا دەنێژرێن. کەواتە لە جیاتى ئەوەى درم و نەخۆشى بهێنێت، دەبێتە مایەى خۆشى و ئاشتى، لە جیاتى گۆڕێکى تەنگ بێ و بە پارە بکڕدرێت، مەساحەیەکى گەورەى بۆ تەرخان دەکرێت بە چەندین پرۆژەى هەمەجۆرەوە، بەمجۆرە بە زوویى گۆڕەکەیان دەبێتە مەزار، شوێنى ترى تایبەت. بەڵام ئەم مەزارە بە تەواوى دنیاییە و لە دیوە دینییەکەى داماڵراوە، بەو مانایەى خۆى لە بەرژوەندیى کۆنکرێتى وەکو دەسەڵات و سەرمایەوە پیرۆزیى وەرگرتووە. مەزار تەنیا گۆڕێکى تاکەکەسیى نییە، بەڵکو پیرۆزیى نەتەوەیەک، بنەماڵەیەک، شارێک، یان ڕێبازێکیشە، پلەبەندیى کۆمەڵایەتییە لە جیهانى مردووەکاندا لەلایەن زیندووەکانەوە بە مەبەستى درێژکردنەوەى دەسەڵات و هەژموون، "گرد"ـیش سیمبولییانە بەرجەستەى دەکاتەوە. لاشەیەک بە مردوویش یەکسان نابێتەوە بە لاشەى مردوویەکى تر و پێویستیش نییە لە نزیکى یەکترى بنێژرێن، بەتایبەت لاشەى سەرکردە کە حاکمییەت و سەروەرێتى بەرجەستە دەکاتەوە. لەشى حاکم بە زیندوویى ئەو جەستە گشتییەیە کە هەموو جەستەکانى تر پێوەى دەلکێن، هەموویان دەبنە ئۆرگانى ئەم جەستەیە، ئەم لەشە پیرۆزە لە سەرووى هەمووانەوەیە و گشتێکە بە مردنى لەشى خەڵک (جوزئەکان) وەک خۆى دەمێنێتەوە. کاتێک ئەم لەشە پیرۆزە خۆى دەمرێت و دەبێتە لاشە، وەک تەرمێکى نا-هاوتا بۆ شوێنى تایبەتى خۆى دەگوازرێتەوە کە هاوتا نییە بە گۆڕى ڕەعییەتەکەى. لەدواى مردنیش دەبێت درێژە بە حاکمییەت بدرێت، بەڵام ئەو کاتەى کە بەخشیویەتى بە جێنشینەکەى خۆى، بەو واتایەى حاکم خۆى بەر لە مردن سیمبولییانە بەشیوەى ڕێوڕەسمێک، دەسەڵات بۆ دواى خۆى، بۆ حاکمى نوێ، دەگوازێتەوە. ئەمە پرۆسەى ڕەوایەتبەخشینە کە پێویستە بە کارایى و پوختى بمێنێتەوە. ناشتنى لاشەى حاکمى مردوو لە شوێنى تایبەتى و کردنى گڵکۆکەى بە مەزار (واتە پیرۆزڕاگرتنى بە مردوویى) تەنیا بەشێکە لە ئیسپاتى ڕەوایەتیى گواستنەوەى دەسەڵات بۆ جێنشینى زیندوو.
ڕەنگە بەم دوو ئایدیایە ڕوون بێ بۆچى جەستەى سەرکردەکانى ئێمە دوا بەدواى یەک دەبنە مەزارى گەورە و گرد و شوێنە گرنگەکانیان بۆ تەرخان دەکرێت و... لە نووسینى ترا درێژەى پێدەدەین..

تێبینى: ئەم بابەتە یەکەمجار لە ئەکاونتى تایبەتى نووسەر لە فیسبووک بڵاوکراوەتەوە، دواتر بەشێوەى وتار لە سایتى "دیپلۆماتیک" بڵاوبۆتەوە.. بۆ بینین کلیک لەسەر ئەم لینکە بکە:  
http://www.diplomaticmagazine.net/opinion/1847?fbclid=IwAR3F9jv4ca8g1M3JHKJyflOdjt-pePgLofS-R3jvI-g-XeJlg-6ohUALyyg

No comments:

Post a Comment