My Blog List

بابه‌ته‌ نوێیه‌كان

خۆرهەڵات و فەلسەفە

Sunday 10 March 2019

جل و جەلد

لە 8ى مارسەوە بۆ ڕۆژی جلی کوردی:

هاوار محەمەد

"گرنگە بگەینەوە سەر خودی پێست" ..
میشێل فۆکۆ

۱ـ فۆكۆ باس لەوە دەكات تاتۆ، ساچملێدان، ڕازاندنەوە و ماكیاژكردنی جەستە لە كۆندا پەیوەندی بە جیهانی خوداكانەوە هەبووە، بەڵام ئەوەتا لەمڕۆیشدا پەیوەندییان هەر بە خوداوە نەپچڕاوە، بەڵام خودایەكی تەواو نوێ: "پارە". ئەم پرۆسەیە مژدەی پێدانی جەستەیەكی ئایدیاڵی دەدات، لەم پێناوەدا ڕۆژ بە ڕۆژ برەو بە ئارەزووی "جوانی" (نەك ئێستاتیكا) دەدات و پێوەرەكانیشی بۆ بەرهەمدەهێنێت. ئەوە لە چ سەردەمێكەوەیە، كە جوانیی ڕوخسار و لەشولار ئەم هەموو گرنگییە پەیدادەكات؟ بۆچی لەمڕۆدا ئەم هەموو حەزە بۆ جوانیی ڕوخسار و لەشولار و سێكسیبوون هەیە (بەتایبەتیش لەنێو ڕەگەزی مێینەدا)؟ لەمڕۆدا لە میدیاكانەوە ڕێژەیەكی زۆر نەقس و ناشیرینی و لە "لەخۆڕازینەبوون" بەرهەمدەهێنرێت، تاوەكو لە بازاڕدا كاڵای جوانی بكڕدرێن و ئەو نەقس و ناشیرینییانە بسڕنەوە، پەیامی سەرجەمی ئەم پرۆسەیە ئەوەیە: پارە بدە و جەستەیەكی یۆتۆپی وەربگرە.

۲ـ پۆشاکیش بەشێکە لەم یۆتۆپیایە و زۆرجاریش گرنگییەکەی دەچێتە سەرووی خودی پێستەوە. لە ئێستادا وشەی "پۆشاک" لە زمانی کوردیدا نەختی لە ناوەڕۆکە ماناییەکەی خۆی لە دەست داوە. وشەکە ناوێکی وەزیفییە و لە مەبەستەکەیەوە وەرگیراوە، ئەویش "داپۆشین"ـە، داپۆشین و شاردنەوەی جەستە یان بەشێکی جەستە. بەم واتایە وشەی "پۆشاک"ـی کوردی هێشتا پەیوەندییەکەی بە ئادەم و یەکەم گوناهەوە نە پچڕاوە، ئەو کاتەی کە ئەوەندە بەسە مرۆڤ بە گەڵای هەنجیر خۆی دابپۆشێ.. لەو کاتەوە تا ئێستا بەرە بەرە پۆشاک جێگای خودی "پێست"ی گرتەوە. بۆ ئەمەیان هەر لە زمانی کوردیدا ناوێکی ترمان هەیە: "جل". وشەی جل نزیکە لە "جلد"ی عەرەبییەوە کە بە مانای پێست دێت، کەوایە جل لە "جلد"وە سەرچاوەی گرتووە لەو شوێنەدا کە جل جێگای جەلد دەگرێتەوە یان خۆی دەبێتە جەلد. وەها پەیوەندییەک ئەوەمان بیر ئەخاتەوە کە پێست خۆی لە ژێر پۆشاکدا لەبیر کراوە. پۆشاکی ئایینی، نەتەوەیی، نەریتی، سەربازی، سێکسی..هتد لەم سەردەمەدا ئەمەیشی بۆ زیاد بووە کە هەموو ئەوانیتری قووتداوە: پۆشاکی کاڵایی بازاڕ، واتە پۆشاکی مەسرەفگەری..

۳ـ چۆن بگەینەوە سەر خودی پێست؟ ـ بە خۆ ڕووتکردنەوە. ئەمەیان وەڵامێکی هەڵەیە، چونکە مەرج نییە ڕووتبوونەوە گەڕاندنەوەی بەها بێت بۆ "پێست". ڕووتبوونەوە هەیە پێست دەکات بە جل، وەکو دۆخی پۆرنۆگرافیا و لەشفرۆشی.. ئەگەر لە خاڵی دووەمدا جل خۆی ببێتە جلد، ئەوا لە ڕووتبوونەوەی پۆرنۆرافیدا جلد خۆی دەبێتە جل، یان پەڕۆ؛ ڕوونتر بڵێین لەش دەبێتە کاڵا بۆ کڕین و فرۆشتن. جگە لە پۆرنۆگرافیا، حاڵەتی دیکەیش هەیە کە تێیدا لەش دەبێتە کاڵا، وەکو دۆخی جوانیی قیاسی و گووشین.. جوانیی قیاسی واتە جوانی باو، ئەو فۆڕم و شکڵەی کە لە سەردەمێکدا و، بە تایبەت لەم سەردەمەدا، بۆ ناسینەوەی کەسی جوان دانراوە، بۆ نموونە شێوەی دەم و لێو، بەرزی باڵا، پێوانەی کەمەر، کوڵم و هتد.. ئەمەیان لەمڕۆدا زۆر ئاشکرایە و هەمووان دەزانن ڕوخسار و لەش بووە بووە بە پاشکۆی جوانکاری..
ئەی "گووشین" چییە؟ ئەوە دۆخەیە کە "لەمس" بوونی نامێنێت، واتە هەستەوەریی لە جەستە وەردەگیرێتەوە و جەستە دەبێتە بابەتی "هەوەس".

٤ـ لەمڕۆدا وێنە، میدیا و سۆسیال میدیا جەستە دەکات بە بابەتی هەوەس و هێندە بێ هەستەوەری دەکات کە توانای هەستکردنی بە "لەمس" نامێنێت، جەستە بەردەوام دەگوشرێت، وەک جەستەی سۆزانی.. شەرەفپارێزان پێیانوایە "پاکیزەیی" دیوە دژەکەی سۆزانیبوونە، بەڵام لە ڕاستیدا ئەم دووانە سەر بە یەک کولتوورن. هەڵبەت ئەوە ڕاستە کە سۆزانییەکان لە هەموو کۆمەڵگایەکدا هەر هەن، بەڵام داماڵینی دیوی مرۆیی لە سۆزانی و ئینجا پەرستنی پەردە، بەو مانایەیە کە کولتووری پاکیزەیی زۆر با ئاسانی دەبێتە کولتووری بەرهەمهێنەری سۆزانیش ڕێک لەوێدا کە هەر "لەمس"ێکی جەستە و هەر نزیکبوونەوەیەک لە "پەردە" وەک "سۆزانیبوون" سەیر دەکات. دیستۆیڤسکی لە "برایانی کارامازۆڤ"دا شتێکی لەم بابەتە دەڵێت: "ئەوانەی بەشەرەفن و هەوەسبازیشن لە سنووریان تێپەڕی باوکی خۆیان دەکوژن". بەردەوام بەشەرەفەکان هەوەسبازن. هەوەسبازان ناتوانن هەستی لەمس لە جەستەدا بوروژێنن، تەنیا دەتوانن جەستە بگوشن و وێرانی بکەن.. بە بڕوای فۆکۆ عەشق دۆخێکە کە مرؤڤ تێیدا دەگاتەوە بە خودی جەستە ئەو کاتەی کە پێست لەژێر پەنجەکانی عاشقدا هەست بە خۆی دەکات..
گەڕانەوە بۆ پێست، بە واتای ڕزگارکردنی پاشکۆیی جەستەیە، گەڕاندنەوەی بەهایە بۆ لەش لە سەرووی پۆشاک و جل و بازاڕ و تاتۆ و ماکیاژ و جوانکارییەوە، لەسەرووی دوالیزمەکانی داپۆشین/ ڕووتبوونەوە، پاکیزە/سۆزانی، جوان/ناشیرین، سێکسی/ناسێکسییەوە.. گەیشتنەوە بە پێست واتە هەستکردنی پڕ بە ژیان بە لەمس و جوانی و هونەری لەش بە بێ میدۆمە زیادەکان کە جەستە لەژێر خۆیاندا ون دەکەن..


No comments:

Post a Comment