My Blog List

بابه‌ته‌ نوێیه‌كان

خۆرهەڵات و فەلسەفە

Monday 25 March 2019

سیاسەت و ئومێد 1

گفتوگۆ لەگەڵ جان لوک نانسى

سازدانى: مانۆلیا پاوکەر
وەرگێرانى: هاوار محەمەد
بەشى یەکەم

پێشەکی:
ڕەنگە بە ناوی "نانسی"ـدا زۆربەمان یەکسەر خەیالمان بۆ "نانسی عەجرەم" بچێت، چونکە زۆرینەی کۆمەڵگەی ئێمە "نانسی عەجرم"ى گۆرانیبێژ دەناسن، بەڵام هیچ کەس "جان-لوک نانسی"ى فەیلەسوف ناناسێ، تەنانەت نوخبەی ڕۆشنیرییشمان. ئەمە ئاماژەیەکی ڕوونە سەبارەت بەوەی ئەستێرەسازیی میدیایی دەرفەتی بۆ ناوە مەزنەکانی ناو کایەی فیکر و ئەدەب نەهێشتۆتەوە.
 جان-لوک نانسى (1940- ) فەیلەسوفێکى دیارى فەرەنسییە کە هێشتا بەرهەم نا، بگرە ناوبانگ  و تەنانەت ناویشى نەگەیشۆتە دنیاى ئێمە. ئەو لە سۆربۆنى پاریس پێگەیشتووە و لەوێ کارى لەگەڵ "جۆرج کانگلیم"دا کردووە، وەک هەمووانیش لە سەرەتاى شەستەکاندا ڕووى لە هیگڵ بووە، لە نەوەى ئالان بەدیۆ و جاک ڕانسێرە (هەموویان لە نێوان 1937-1940دا لەدایکبوون) و هاوەڵى پۆڵ ڕیکۆر و هاوڕێى تەمەنى جاک دێریدا بووە. هەر لە سۆربۆن لە ساڵى 1973دا دکتۆراکەى خۆى لەسەر کانت تەواو دەکات. لەوە بەدوا، بە درێژایى گەشتە فیکرییە دوورودرێژەکەى، دەربارەى گەورە بیرمەندانى ڕۆژئاوا: هیگڵ، دیکارت، کانت، نیچە، هایدیگەر، باتاى، بلانشۆ و دێریدا نووسیویەتى و هەر ئەمانەیش سەرچاوەى فیکرى و ئیلهامبەخشى ئایدیاکانى ئەون. بەگشتى بەرهەمەکانى دژ بە ئایدیاى مۆدێرنى سیستەماتیکبوونە و لەم پێناوەیشدا کۆمەک لە هەڵوەشاندنەوەگەرایى، فەلسەفە، هێرمینۆتیک، دەروونشیکارى، سیاسەت دەبینێت و بەرهەمەکانى لەنێو سنوورەکانى ئەم کایانەدا دێن و دەچن. بەرلەمانەیش وەختێ لە سەرەتاى هەفتاکاندا یەکەمین بەرهەمى خۆى بە ناوى "ناونیشانى نامەکە: خوێندنەوەیەکى لاکان" بڵاودەکاتەوە، لەگەڵ "فیلیپ لاکاو-لابارت"ـى هاوەڵیدا پێیانوایە گوتارى لاکانى هێشتایش هەر میتافیزیکى ماوەتەوە، چونکە لاى لاکان "مانا" کراوە بە ئەسڵى گەمەى دالەکان. لەو کاتەوە تێماى "مانا" دەبێتە غەمێکیى سەرەکیى نێو بەرهەمەکانى ئەم بیرمەندە و لە کتێبە بەناوبانگەکەیدا "ماناى جیهان" The sence of the world، تا دوایین سنوورى قووڵاییە فیکرییەکانى خۆى دەیبات.
لە ساڵى 1980دا لەگەڵ لابارتى هاوڕێیدا کۆنفراسى "کۆتایى مرۆڤ" دەربارەى بەرهەمەکانى "ژاک دێریدا" ساز دەکەن، ئەمەیش دەبێتە سەرەتایەک بۆ کەشفکردنى پەیوەندیى سیاسەت و هەڵوەشاندنەوەگەرایى. بۆیە لە سێ ساڵى دواتردا نانسى دوو کتێب بڵاودەکاتەوە کە سیاسەت تەوەرە سەرەکییەکەیان پێکدەهێنێت: گەڕانەوەى سیاسەت 1981 و کشانەوەى سیاسەت 1983.
لە ساڵى 1986دا بەرهەمێکى دیکەى هەرە بەناوبانگى خۆى دەنووسێت: "کۆمەڵى لەکارکەوتوو" The Inoperative Community. ئەم بەرهەمەیشى بەهەمان شێوە سیاسییە، بەڵام وەک خۆى لە پێشەکییەکەیدا دەڵیت، نایەوێت سیاسەتێکى ڕاستەوخۆى حازر بەدەست بێت کەهەر بە سادەیى لە سیاسەتى چەپگەراییەوە هاتبێت، بەڵکو لەمڕۆدا ئەرکى فیکریمان ئەوەیە بزانین "ماناى چەپبوون خۆى چییە" تاوەکو لە چەقبەستوویى دەرباز ببێت و دەلالەتێکى شۆڕشگێڕانە وەربگرێت. لاى نانسییەکەی ئێمە، چەپ واتە دەرککردن و هەڵگرتنى بەرپرسیارێتى ئەو شتەى کە لە کۆمەڵگەدا لە مەحەکدایە، لە کاتێکدا ڕاست بریتییە لە سیستەمى نەزم و کارگێرى. بەم مانایە سیاسەتێکى ئاوەڵا بەسەر گۆڕان و نوێکاریى تیۆرى و پراکتیکیى زەروریدا، هێشتایش نزیکترین وشەیە لەو نیازەوە کە کۆمۆنیزم بە هەژاریى گوزارشتى لێکردووە، وەک دەیشزانین خودى مارکس وێنایەکى کامڵ و ڕوونى بۆ کۆمۆنیزم نەبووە و پانتاییەکەى بە کراوەیى هێشتۆتەوە. بەم مانایە سیاسەت بریتییە لە تێپەڕاندن و پەڕینەوە، نەک دروستکردنى وێنەى کامڵ بۆ جیهانى داهاتوو. بە بڕواى ئەو کۆمۆنیزم لە ئاسۆى شارستانێتییەکەمان خەریکە ئاوا دەبێت، ئەمەیش پێچەوانەى بۆچوونەکەى سارتەر نییە کە پێیوایە کۆمۆنیزم بۆ ڕۆژگارى ئەمڕۆمان ئاسۆیەکى لە تێپەڕاندن-بەدەرە. ئاوابوون و دیارنەمانى کۆمۆنیزم لە ئاسۆ واتاى تیپەڕاندنى نییە، بەڵکو پتر تەسلیمبوونە بە ئاسۆیەکى دیکەى لەتێپەڕاندن-بەدەر کە دەورى ئاسۆى کۆمۆنیزمى تەنیوە و تا ڕادەى مەحاڵ کاڵى کردۆتەوە.
ئەم چاوپێکەوتنە یەکەمین بەرهەمى ئەم فەیلەسوفەیە کە بۆ زمانى کوردى وەرگێڕدرێت و لە ڕێگەى سایتى "چەپى نوێ"وە بڵاودەکرێتەوە، بەهیوام ببێتە مایەى کردنەوەى دەروازەیەک بۆ ئاشنایەتى بە ڕووى ئەم بیرمەندە ناوازەیەدا کە هەر لە دۆلۆزەوە تا دێریدا و بەدیۆ و ئاگامبێن، بە نووسین و بە ئاماژە، بۆى دەگەڕێنەوە.
وەرگێڕ


م.پ: تۆ نووسیوتە لەبرى لە کۆششى ئەوەدا بیت فەلسەفەیەکى سیاسى هەڵچنیت یان فەلسەفەیەک بەرهەمبهێنیت کە دەربارەى سیاسەت بدوێت، هەوڵدەدەیت فەلسەفە وەک سیاسەت ئەنجام بدەى. ئایا فەلسەفە سیاسەتە؟
ج.ل.ن: بەڵێ بە دڵنیاییەوە، لایەنیکەم لەبەر دوو هۆکار: یەکەم ئەوەیە فەلسەفە لەگەڵ سیاسەتدا دەستى پێکردووە. هەردوو کارەکە هەمان فۆرمولیان هەبووە: سیاسەت ئەو شارەیە کە پێویستە یاساى خۆى بەخۆى ببەخشێت، فەلسەفەیش بیرکردنەوەیەکە کە پێویستە یاسا، پرۆسێس، مانا و حەقیقەتى خۆى بەخۆى ببەخشێت. هۆکارى دووەم ئەوەیە ئەوە سیاسەتە وا دەکات ببیت بە فەیلەسوف وەک هەر جۆرە پیشە ]و سەرقاڵی[ـیەکى دیکە، چونکە بە جۆرێک لە جۆرەکان دەچێتە نێو واقیع و چالاکیى شارەوە، بەڵام ئاشکرایە بۆ فەلسەفە هەندێ شتى لەوە زیاتریش هەن، ئەگەرچى بۆ هونەریش هەر وایە. ئەمە لەبەرئەوەیە، ئێمەى فەیلەسوفان شتانێکمان هەیە لەگەڵ شاردا بیانکەین. بەهەمان شێوە، کاتێک هونەریش دێتە فەزاى گشتییەوە، کاتێک هونەر بە ئەندازیاریى بیناسازییەوە خەریک دەبێت، شتێکى هەیە لەگەڵ شاردا بیکات.
بەڵام لەلایەکى ترەوە، ئێستا دەمەوێت بڵێم ئاڵۆزى و تەمومژێک لە سیاسەتدا هەیە، یان لەگەڵ وشەى سیاسەتدا هەیە، چونکە زۆربەی کات وشەى سیاسەت بۆ دیاریکردنى بەشێکى تایبەتى حوکمکردن، بەشێکى تایبەتى شارسازى و ئینجا یاساداڕشتن بەکاردەهێنین- پەیوەندیى نێوان بەستەرە ئاسۆییەکانى نێوان هاوڵاتیان یان نێوان خەڵک ]لەلایەک[ و بەستەرى ستوونى نێوان حکومەت و خەڵک ]لەلایەکیتر[. ئەمەى لێدەرچێ لە ئەوروپا –نازانم لە ئەمریکا و کەنەدایش هەروایە یان نا- باقیى کاتەکانى تر ئێمە وشەى سیاسەت بەو مانایە بەکاردێنین کە قسەکردنە دەربارەى هەموو ئەو شتانەى وا پەیوەستن بە پێکەوەبوون[1] یان بە بوونى هاوبەش[2]ـەوە. من بۆ ماوەیەکى درێژ ئاوا بیرم دەکردەوە، بەڵام ئێستا ئیتر وەختى خۆ-ڕەخنەکردن هاتووە، بە تایبەتى سەبارەت بە پێکەوەبوون و هاوبەشبوون.
ئەوە فاکتێکى ئۆنتۆلۆژییە کە ئێمە بە تاق و تەنیا ناژین، بەڵام پێکەوەبوون هەموو کات بە زەرورەت و ڕاستەوخۆ سیاسەت نییە، یان بە گشتى سیاسەت نییە. بۆ نموونە، ئەمەى ئێستا ئێمە دەیکەین ڕەنگە هەندێک کاریگەرى و شوێنەوارى سیاسى هەبێت، چونکە تۆ بە ڕیگایەکى تایبەت کار دەکەیت، لە پەیوەندییەکى تایبەتیدا لەگەڵ کۆمەڵگاکەتدا، لەگەڵ شارەکەتدا، منیش هەر وا دەکەم. بەڵام ئەمەى ئێستا من و تۆ دەیکەین، زۆر ڕاستەوخۆ یان نا ڕاستەوخۆ سەر بە بوارى سیاسەت نییە. بۆیە لاموایە پرسێکى زۆر گرنگ کە هەبێ ئەوەیە بەکارهێنانى دووەمى وشەکە، وەک مارکس دەیویست و ڕێک لەوەیشدا شکستى هێنا، مل دەنێت بەرەو مەترسیى هەوڵدان بۆ سڕینەوەى دابەشبوونەکانى پانتایى سیاسى و ڕەواندنەوەیان لەنێو کۆمەڵگەى گشتیدا. کەوایە دوو ئیمکان رێى تێدەچێت: یەکێکیان ئەوەیە کە چیتر هیچ سیاسەتێک بوونى نەماوە، ئەویتریان ئەوەیە هەموو شتێک دەبێت بە سیاسەت و پاشان بەم هۆیە تۆتالیتاریزم سەرهەڵدەدات.
بۆیە دەمەوێت بڵێم، پێویستە ئێمە سەرلەنوێ بیر لەوە بکەینەوە کە گونجاو و دروستە، پێویستە بیر لە کەرتبوونێکى دیاریکراوى سیاسەت بکەینەوە. بێگومان وشەى کەرتبوون[3] زۆر دروست نییە، بەڵام ئایدیاکەیش هەمیشە وەها بیرى لێنەکراوەتەوە وەک بڵێى دەشێت یان دەبێت ئەم کەرتبوونە ڕێژەییە خۆى بسڕدرێتەوە. سەرەڕاى ئەمە، بە هەمان شێوە ئێمە سەرلەنوێ ڕووبەڕووى ئەم  کێشەیە دەبینەوە: لە سەردەمێکدا کە هەڵبەت چیتر نە هیچ کاریگەرییەکى تیۆلۆژى یان تەنانەت لایەنیکەم هیچ کاریگەرییەکى تیۆکراسیمان لە سیاسەتدا ماوە و نە ڕواڵەتێکى مرۆیى سیاسەتیشمان بۆ ماوەتەوە، ئاخۆ فەزاى دیاریکراو و تایبەتى سیاسەت کامەیە و چۆن دەتوانین ئەو فەزایە بنوێنینەوە، یان بەڕێوەى ببەین و هیتر؟ کاتێک سیاسەت بە ڕاستى مرۆیى بوو، دوو فۆڕمى سیاسەت هەبوو کە ئێستا هیچیان لێ نەماوەتەوە: یەکێکیان کۆمۆنیزم، لێرەدا پێویست نییە هیچى تر لەسەر ئەمەیان بڵێین. ئەویتریان کۆمارى بوو ]لە ڕابردوودا[ یان کۆمارییە ]ڕانەبردوو[ بە تایبەتیش حاڵەتى کۆمارى فەرەنسا.
 کۆماری، کتومت ئایدیا بەهێزەکەى " کۆمار" بوو، دیارە نەک نازناوى قەبەى کۆمارى چین بەڵکو بەو مانایەى کە پێویستە کۆمار بە واتا گشتییەکەى کەمێک لە دیموکراسى زیاتر بێت. لەبەر ئەمە کۆمار، وەک کۆمارى فەرەنسا، وێنەیەکى دیاریکراوى دەربارەى خۆى هەیە. لە فەرەنسا ئەوە وێنەى ماریان[4] بوو، بەڵام چیتر نەماوە. ئەمە خاڵیکى جێگاى سەرنجە: نواندنەوەى سیمبۆلیکییانەى وێنەى خود.
کۆماریخوازى[5] لە فەرەنسا واتاى ئەوەیە نەزمێکى زۆر تایبەت هەیە –بەماناى فۆڕمى سیمبۆلیکى، ڕۆح..هتد. بۆ نموونە ئەو ئایدیایەى کە دەڵێت پێویستە قوتابخانەکانى فەرەنسا ببنە قوتابخانەى کۆمارى کە تێیاندا هەمان بەها بخوێنرێت، بەشدارى لە هەموو شوێنێک هەبێت، هەر گەنجێکى فەرەنسى هەمان دەرفەتى یەکسانی لەگەڵ ئەوانیتردا هەبێت و...هتد. بەڵام ڕێک ئەمانە کۆتاییان هاتووە. ئێمە هەموو کات بانگەشەى ئەوە دەکەین کە، بۆ نموونە، پێویستە قوتابخانە ببێتە قوتابخانەیەکى یەکسانی واقیعی، هەروەها پێویستە بەشێوەیەکى کارا و کاریگەر خەڵکى بۆ ئەوە ئامادە بکات ببنە هاووڵاتیى کۆمار، بەڵام بەرە بەرە ئەمە شکستى هێنا. بۆچى؟ ئەمە زۆر سەختە ڕوون بکرێتەوە، بەڵام من سوورم لەسەرى جەختى لێ دەکەمەوە، چونکە ئێستا لە فەرەنسا قوتابخانە لە بارودۆخێکى دژواردایە. بەڵام ڕەنگە ئێمە لە فەرەنسا زیاتر و سەختتر لە ئێوە هەست بە خەسارەت بکەین، چونکە ئێمە ئایدیایەکمان دەربارەى قوتابخانەى کۆمارى هەبوو.
بەهەرحاڵ، ئەمە بۆ ئەوە بوو بڵێم گەر بەر لە نزیکەى سی ساڵ ئەو پرسیارەت لێبکردمایە ڕەنگە ئاوا وەڵامم دابایتەوە: ''بەڵێ، من وەک فەیلەسوفێک دەرگیرى سیاسەتم''. وەک ئەوەى لە کاتى جەنگى جەزائیر، یان لە ئایارى 68 وا بووم و هێشتایش بە ڕێگایەکى دیاریکراو هەر دەرگیرم. بەڵام هۆى ئەم دەرگیرییەم ئەوەیە واژوو لەسەر ڕێژەیەکى زۆرى بەیاننامەکان دەکەم، یان لەبەرئەوەیە هەمیشە ئامادەبووم لەکاتى پێویستدا لە فەزاى گشتیدا قسە بکەم- دەربارەى فەلەستین یان دەربارەى جەنگ لە عێراق. بەڵام ئێستا نامەوێت وەک پێشتر وەڵام بدەمەوە، چونکە دەرگیربوون شتێکى ئەوتۆى سیاسى نییە. ئەمە ئەو کارەیە کە هەر دەبێت ئەنجام بدرێت، کارێک کە هێزێکى کاریگەرى شایەنى باس نییە، لەوەیش زیاتر ئەمە وەک فەیلەسوفێکى وەها نامنوێنێتەوە کە خەریکى فەلسەفاندنە بەخاترى ژێستێکى سیاسى یان وەک ژێستێکى سیاسى. من ئەگەر واژوو لەسەر بەیاننامەیەکى ناڕەزایەتى دژ بە جەنگ لە ئیسرائیل بکەم، ئەوا ئەمە وەک فەیلەسوف ناکەم. یاخود، ئەمە وەکو فەیلەسوفێک دەکەم بەڵام بۆیە وەک فەیلەسوفێک چونکە تازە ناوى فەیلەسوف لکاوە بە ناوەکەمەوە. ئینجا دواتر، هەڵوێست وەردەگرم وەک ئەو شتەى کە پێیدەڵێین ڕۆشنبیر[6] (ئەم وشەیە لەگەڵ زۆڵا و دۆزى درایفۆسدا هاتە ئارا). ئایدیاکە ئەوەیە کە بێگومان نەک تەنیا فەیلەسوف، بەڵکو هەر کەسێک کە خەریکى کارى ڕۆشنبیریى بێت یان هونەرمەند بێت چاوەڕوانى ئەوەى لێدەکرێت شتێکى باشترى بۆ وتن هەبێت، شتێکى باشتر ڕابگەیەنێت. ئەمڕۆ لە زۆربەى ئەو کەیسانەدا کە باس دەکرێن ئەو شتەیە هەیە وا پێیدەوترێت تەنیا دووبارەکردنەوەى هەڵوێستى باوى چەپگەرایانە، ئەمەوێت بڵێم: دووبارەکردنەوەى هەمان دروستیى سیاسی[7]. بەم جۆرە، ئەمە پێویستە چونکە ئەگەر ئەمە نەکەیت، ئەوا زۆر خەڵک وا بیر دەکەنەوە کە ''ئۆى، ئەو چیتر چەپ نییە''.
م.پ: کەواتە، پێتوایە یونیڤێرسالیزەکردنى هەموو شتێک وەک سیاسەت، فۆڕمێکى دروستیى سیاسییە؟
ج.ل.ن: بەڵێ، پێموایە. بەڵێ. چەند ساڵێکە تێبینیى ئەمەم کردووە، بە تایبەتى لەنێو هونەرمەندەکاندا. چەندین هونەرمەند بانگەشەى ئەوەیان کردووە چیتر هونەرمەند نین، چونکە وشەى "هونەرمەند" زۆر ئێستاتیکییە و چیتر بۆ هونەر بە کەڵک نایەت. لە فەرەنسا، جیاوازییەک هەیە لەنێوان کارى پیشەیى (travail) و کارى زەینى (oeuvre)[8]دا. لەمڕۆدا، بۆ نموونە لە فەرەنسا، هیچ هونەرمەندێک باسى travail ناکات و هەمووان تەنیا باسى oeuvre دەکەن.
پ.م: ئایا ئەمە جیاکاریى چینایەتییە؟
ج.ل.ن: کتومت چینایەتی نییە، بەڵام ئەوەیە کە کارى هونەرى بە زۆرى کارى زەینىـیە؛ بە زۆرى سەر بە دۆخى پێشووى هونەر و هونەرمەند و کارى هونەرییە. کارى زەینى (Oeuvre) وەکو قوماش وایە بۆ نیگارکێش کە لە پێشانگادا دادەنرێت. کارى پیشەیى (travail) جەخت لەسەر ئەو ڕاستییە دەکاتەوە کە هونەرمەندەکە بە ڕاستى دەیکات و ئەوە کارێکە لە گەشەسەندندا.
م.پ: داخۆ ئەمەیان وشەیەکى خاکییانەترە؟
ج.ل.ن: بەڵێ بە دڵنیاییەوە خاکییانەترە. بەڵام ئەم خاکەڕاییە نابێت فەخر و لوتبەرزى بێت، گەر وابێ ئەوە ستریۆتایپە. لەمڕۆدا ئەگەر بمەوێت قۆشمە بم دەڵێم: ''ئەها، زۆر حەزم لەم کارەیە'' (Oh, j’aime beaucoup son travail) لەبەرئەوە زۆربەى هونەرمەندەکان، لایەنیکەم وەک هونەرمەندێک کە هەندێ شتى سیاسى دەکات، بانگەشەى ئەوەیان کردووە گوایە کاریگەریى سیاسییان هەیە، تەنانەت ئەگەر چیتر هونەرمەندێکیش لە گۆڕێدا نەبێ. بە بڕواى من ئەمە فاسدکردن ]بەدبەکارهێنان[[9]ى هونەرە بەهۆى سیاسەتەوە، بێ ماناییە، بەڵام چالاکیى سیاسییانەى هونەر چیتر دەرگیریى سیاسى نییە. من زۆر بەباشى لەوە تێدەگەم کە بۆچى هەندێک کەس بەم شێوازە ئەم کارە دەکەن یان بەم شێوازە دەدوێن، بەڵام کێشەکە هەر دەمێنێتەوە.
نموونەیەک دەربارەى هونەرمەندێک دێنمەوە، ژنێک کە دەیناسم. لە کاتى جەنگى سڕبیادا، ئەو ژنە وێنەى پۆشاکى جەنگیى سەربازەکانى بە قژێکى ژنانەوە پیشاندا کە بڕیبووى و کردبووى بەو پۆشاکە جەنگییەوە وا لەسەر دیوارەکە کێشابووى. ئەوە شتێک بوو دەربارەى دەستدرێژى. من لەوە تێگەیشتم ئەو هەستى بەو بەرپرسیارێتییە کردووە کە یادەوەرییەک دەربارەى ئەو کارە دروست بکات. لەلایەکى دیکەیشەوە، لە خۆمم دەپرسى: بۆچى پێویستە ئەم کارە هونەرییە بکرێت؟ ئەوە ڕێک کارێک بوو دەربارەى مانا، دەربارەى دەلالەت. ئەمە یەکێکە لەو هۆکارانەى کە وام لێدەکەن هێشتایش بگەڕێمەوە بۆ پرسیارى دەلالەت یان نا-دەلالەت، یان هەڵپەساردنى دەلالەت. لێرەوەیە کە من هەستدەکەم ئەوە زۆر گرنگە...
م.پ: ئەم شکستە لە هەڵپەساردنى دەلالەتدا ڕێگایەکە بۆ شوێننەکەوتنى ئیلهام، بۆ پەیڕەویى نەکردن لە پۆتێنشیەڵى شتێک کە لە کارەوە بێت. ئەمە هەمیشە بە ماناوە قفڵ کراوە.
ج.ل.ن: بەڵێ، بەڵێ، بە دڵنیاییەوە ئەوە ڕێگەیەکە بۆ داخستنى کار بەر لە دەستپێکردنى. چونکە دەمەوێت بڵێم دوو قەتیسکردن هەیە. یەکەمیان ئایدیایە: دەمەوێت شتێک بکەم دەربارەى دەستدرێژى یان دەربارەى ئەشکەنجەدان لە عێراق. باشە. دووەم: ئەوەیە چۆن ئەو کارە ئەنجام دەدەیت. دەمەوێت چى بکەم؟ ئەمەى دووەمیان قەتیسکردنە، چونکە ئەم ئایدیایە لە فۆڕمەوە نایەت. فۆڕم تەواو میدیۆمە- مەبەستم نیگارکێشان، پەیکەرتاشى، یان فیلمە. ئەمە لە خودى دەلالەتەوە دێت. بەدڵنیاییەوە دەتوانم چەندین شتى دیکە دابتاشم کە پەیوەندییان بەمەوە، بە ئەشکەنجەدانەوە لە عێراق هەیە، بەڵام بە مانایەک هەر لە پێشترەوە ڕێگام لە پەڕینەوە بۆ هونەر  گرتووە.
م.پ: بۆ داهاتوو.
  ج.ل.ن: بەڵێ بۆ هونەر و بۆ داهاتوویش.
م.پ: لە کۆمەڵگەى ئێمەدا چەندین ئەفسانە هەیە، هەیانە هونەرمەندەکان وەک شۆڕشگێڕى سیاسى دەبینن، یان بەشداریکردنى کراوە لە سیاسەتدا لەسەر هەموو ئاستەکان دەنرخێنن، ئەفسانەگەلێک کە دۆخى باو و دۆخێکى عادەتى[10] لە هەر تاکەکەسێکدا بەهێزدەکەنەوە یان دەچەسپێنن لەسەر بناغەى ئەو فەلسەفەیەى کە هەموومان لە ڕووى جەوهەرییەوە وەکو یەکین.
ج.ل.ن: ئەوە چیتر فەلسەفە نییە. چونکە وا بیردەکەمەوە فەلسەفە بەشێوەیەکى تایبەت یان تاقانەیە یاخود فەلسەفە نییە. ئەمەیان دەبێتە ئایدیۆلۆژیا.

تێبینى: ئەم بەرهەمە لە سایتى "چەپى نوێ" بڵاوبۆتەوە. لینکى بەشى یەکەم
http://www.chapinwe.com/page_detail?id=63&lg=4

پەراوێزەکانى وەرگێڕى کوردى
[1]  to be together
[2]  to be in common
[3] separation
[4] the image of Marianne
ماریان سیمبولى نەتەوەیى کۆمارى فەرەنسا، هێماى خودایانەى ئازادى و عەقڵ.
[5] Republicanism
[6] intellectual
[7] political correctness
[8] مەبەست لە جیاکارییە نەریتییەکەى کارى دەستى و کارى زەینىیە، دیارە ئەمەى دووەمیان بەرهەمى هونەرمەند و ئەندازیار و تەکنیکزان و بەڕێوەبەرا و پرۆگرامسازان و شتى لەم بابەتەى ناو سیستەمى نوێى سەرمایەدارییش دەگرێتەوە، لە کاتێکدا ئەوەى یەکەمیان کارى جەستەیى و دەستیى کرێکارانە.
[9] perversion
[10] a state of normalcy

ئەم وتارە بە دوو بەش لە سایتى "چەپى نوێ" بە دوو بەش بڵاوبۆتەوە:
لکینکى بەشى یەکەم:

No comments:

Post a Comment