My Blog List

بابه‌ته‌ نوێیه‌كان

خۆرهەڵات و فەلسەفە

Sunday 17 March 2019

سەرڕەش کێیە؟

هاوار محەمەد

1- لە هەواڵێکدا نووسرابوو ''لە نیوزلەندا گەنجێک بە شێوەى یاریى پۆبجى هەڵدەکوتێتە سەر چەند مزگەوتێک و...هتد''. هەر بەو جۆرە بوو، لە ڤیدیۆکەدا گەنجێک یاریى پۆبجى دەکات؛ ئەم ڕستە دوو دیوى هەیە: 1-گەنجێک بە واقیعى یارییەکى مەجازی دەکات. 2- گەنجێک بە مەجازیى یارییەکى واقیعى دەکات. واقیع لاسایى مەجازێک ناکاتەوە (وەک پراکتیکى شۆڕشگێڕى کە تیۆرێک بەرجەستە بکات)، بەڵکو مەجاز جۆکەرێکە سەر لە واقیع ئەشێوێنێ. واقیع خۆى دەبێتە گەمە. ئەوەى ڕوویدا پێشتر بینراوە، بەم جۆرە ڕووداو لە زەبر و شۆکەکەى تا ڕادەیەک بە تاڵ کراوەتەوە. کەواتە هەموو دیمەنەکە یارییەکى ئەلیکترۆنییە و دەشێت دیسانیش دەست پێبکرێتەوە، ئەو خوێنەى دەڕێژرێت نەزیفى وێنەیە و مرۆڤەکانیش کۆدى ناو پرۆگرامەکانن. هەندێ لە چەکەکان دووربینیان هەیە کە تایبەتە بەو کەسەى چەکەکەى پێیە، بەڵام ئەمەیان کامێرا بە لاقەدەکەیەوە لکاوە بە قەستى ئەوەى هەمووان لە دووترەوە، لە شاشەکانەوە، ببینن. وەک بڵێى ئەمە بەشکردنى چێژە لەگەڵ ئەوانیتردا، یان گواستنەوەى چێژە. لە جەنگى کەنداوەوە وێنە لەگەڵ چەکدا پێکەوە کۆبوونەتەوە و دەتوانین پێکەوە بۆ دوورترین شوێنى فەزایش بڕۆن، پێویستیش نییە وێنەکە درەنگتر بگات، ڕاستەوخۆ لە ڕێگەى 'لایڤ'ـەوە پەخش دەکرێت و ئیدى واقیع دواى وێنەى خۆى دەکەوێت. هێشتایش تێزەکانى جان بۆدریار لەم بارەیەوە گەوهەرن: "جەنگى کەنداو ڕووینەداوە"!. هەموو جەنگەکە لەپێناو کۆنترۆڵى وێنەدا بوو، خەڵکى بەدەم گەنمەشامى خواردن و دەمەتەقێوە لێیان دەڕوانى، دواتریش بە شێوەى سیدى لە مارکێتەکان بە پاڵ زننجیرەى یارییە ئەلیکترۆنییەکانەوە دەفرۆشرا.
2- هەواڵێکیتر دەڵێت: ''گەنجەکە نووسیویەتى: من کەسێکى سپیپێستم، سەر بە خێزانێکى هەژارى کرێکارم و لە بنەچەدا خەڵکى ئێرلەنداى بەریتانیام...هتد''. ئەوە ڕوونە کە باسکردنى "سپیپێست" ڕاسیزمى جیاکارانەى "پیاوى سپى"ـیە کە ئێستا لە دەیانساڵى پێشوو لە ئەوروپا چالاکترە. ئەم جیاکارییە هەر تەنیا لە گەنجێکى هەڵەشەى وەکو "برینتوت تارانت'ـەوە، یان لە فاشیستێکى وەک "دۆناڵد ترەمپ"ـەوە خۆراکى پێنادرێت، بەڵکو تەنانەت لە ڕووى زانستییشەوە هێشتایش پاسادان دەکرێت، بۆ نموونە دوو مانگ نابێت زاناى ئەمریکى "جیمس واتسۆن"ـى وەرگرى خەڵاتى نۆبڵ و لێکۆڵەرى بوارى DNA لێدوان و تێبینیى ڕەگەزپەرستانەى خۆى سەبارەت بە جیاوازیى ئاستى زیرەکى و نەژاد دووبارە کردەوە، ئەو هێشتایش پێیوایە سپیپێستەکان لە ڕەشپێستەکان زیرەکترن. بەڵام ئەوەى بە تایبەتى جێگاى سەرنجە بەشى دووەمى زانیارییەکەیە "خێزانێکى هەژارى کرێکار...". کەواتە: کرێکاران دژ بە پەنابەران. قسەى باو لەم بارەیەوە ئەوەیە کە دەوترێت سەرمایەداران بە فێڵیى ئایدیۆلۆژیى تەفرەقەیان خستۆتە نێوان چەوسێنراوانى وەک کرێکاران و پەنابەرانەوە. بەڵام مەسەلەکە لە فێڵ زیاترە. تەنیا خەڵەتاندن و چاوبەست نییە، بەڵکو:
لەلایەک، ژیانى کردەییە: بۆ نموونە کورتبوونەوەى ماوەى گرێبەستى کار و کاتیبوونەوەى کار و کارى بیرۆیى لە برى کارى کارگەیى پیشەسازى دۆخێکى واقیعییان بۆ کرێکار دروست کردووە کە نایەوێت ژیانەکەى لەدەستى بدات، لە هەڵبژاردنەکانى فەرەنسادا زۆرینەى چینى کرێکار دژ بە پەنابەران دەنگیاندا بە ڕاستڕەوێکى تووندڕەوى وەکو "مارین لوپێن"، چونکە پێیانوابوو بەختەوەرییەکەیان لەلایەن پەنابەرانەوە دەدزرێت، بەو مانایەى شوێن و دەرفەتى کارەکەیان لێ داگیر دەکرێت.
لەلایەکیتر، هەستى ئیرۆسەنتەریزم و و فۆڕمى ژیانى ڕۆژئاوایى و بەها ڕۆژئاواییەکان بۆ خۆى دەبێتەوە بە کۆلکەى هاوبەشى چین و توێژە جیاوازەکانى کۆمەڵگەى ڕۆژئاوایى، ئەوەى سەرمایە دابەشى دەکات، بەها مەعنەوییەکان یەکیاندەخاتەوە. بەم مانایە دابەشکارییەکان لەمڕۆدا تەنیا لە دابەشکاریى چینایەتیدا بەرجەستە نابن، بەڵکو چەندین دابەشکارییتر هەن کە دەشێت لە هەمان کاتدا چەوسێنراو بکەنەوە بە چەوسێنەر و دابەشکاریى چینایەتى بشێوێنن (بۆ نموونە ڕۆژهەڵاتى و ڕۆژئاوایى، سپیپێست و ڕەشپێست، دواکەوتوو و پێشکەوتوو، شارنشین و گوندنشین، کرێکار و پەنابەر، وهتد). ئەو ستەمەى پەنابەرێک لە ڕۆژئاوا هەستى پێدەکات بەر لەوەى ستەمى چینایەتى بێت ستەمى ڕاسیزمە، بەشێکى ئەم ڕاسیزمە لە دەروونى چینەکانى خوارەوەدا بەهێزترە هەتا چینەکانى سەرەوە.
3- 'سەرڕەش" لە ئەوروپا ناوێکى گشتییە بۆ پەنابەران کە بڕێک سوکایەتیشى لەگەڵدایە. وشەیش زەبرى خۆى هەیە. بە تایبەتى لەو مەودایەدا کە زۆربەى ئەوروپییەکان بەرامبەر پەنابەران وەریدەگرن. گەر ئەوروپییەکى ڕەسەن نەبیت، ئەوا تۆ "سەرڕەشیت" ئیتر گرنگ نییە سەرمایەداریت یان پرۆلیتار، بەم جۆرە لاى بەشێکى زۆرى کۆمەڵگەى ڕۆژئاوایى شوناسیتر هەیە لەپێش شوناسى چینایەتییەوە. لەگەڵ ئەمەیشدا بە ڕوونى دیارە ڕەوەندى موسڵمان بەر لە پەنابەرانیتر دەبنە بەرکارى هەستە ڕاسیستییەکان. هاوکات موسوڵمانیش سەختتر لە پەنابەرانیتر هەڵگرى کەڵکەڵەى "ئەنتى ڕۆژئاوایى"ـن و شێوازى ژیانى ڕۆژئاوایى ڕەت دەکەنەوە. نەژادى پەنابەر هەیە لە ڕۆژئاوا بە تەواوى شێوازى ژیانى خۆى پاراستووە، بەڵام دژایەتى شێوازى ژیانى ڕۆژئاوایى ناکات؛ لە کاتێکدا بەشێک لە موسوڵمانان لە خودى ئەوروپادا هەم بە تووندى دژ بە دەستکەوتە شارستانى و دیموکراسی و یاساییەکانى ڕۆژئاوان و هەمیش دژ بە شێوازى ژیانى کۆمەڵگەى ڕۆژئاوایین. ئەم ڕاسیزمانە خۆراک بە یەکترى دەدەن و یەکترى بەرهەم دەهێننەوە. بوون بە قوربانیى سەد کەس و چەند سەد کەسیتریش نابنە هۆى ڕاچەڵەکاندنى دنیاى ئیسلام بۆ دووبارە بیرکردنەوە لە خۆیان و لە جیهانیش. جیهانى ئیسلام تەنیا یەک شت بە باشى دەزانێت: "پەرچەکردار". لە وەها دۆخێکدا فیکر بە تەواوى کراوە بەژێر دەنگەدەنگ و قیرقیڕى پیاوانى ئاینییەوە کە بەردەوام حەشو دەدەن بەدەم بوغز و کینەى ئەنتى ڕۆژائاواییبوونەوە، لەبەرئەمەیە لە ڕووى ژیارییەوە، دنیاى پاسیڤ و ڕیاکتیڤیى ئیسلام بە واقیعیى لە بەرامبەر ڕۆژئاوادا هیچى پێناکرێت، بەڵکو زیاتر دەچێتەوە قۆزاخەى سەلەفیزمى خۆى. دنیاى ئیسلام تابێ زیاتر دەبێتە بەرهەمهێنەرى بوغز و کینە دژ بە ڕۆژئاوا، هەتابێ زیاتریش دەبێتە بەکاربەرى کاڵا و تەکنۆلۆژیا و بەرهەمە ماتریاڵییەکانى ڕۆژئاوا.

No comments:

Post a Comment