My Blog List

بابه‌ته‌ نوێیه‌كان

خۆرهەڵات و فەلسەفە

Monday 25 March 2019

سیاسەت و ئومێد 2

گفتوگۆ لەگەڵ جان لوک نانسى
                                                                     
سازدانى: مانۆلیا پاوکەر
وەرگێڕانى: هاوار محەمەد
بەشى دووەم


م.پ: ئەى سۆفیزمە؟
ج.ل.ن: نا، بە تەواوەتى ئەویش نییە، ئەوە لەلایەن مارکسەوە وەک نواندنەوەى هەڵگەڕاوە و بەراوەژووى واقیع پێناسەکراوە. سەیرى ئایدیۆلۆژیاى دیموکراسى بکە. کەسێک دەڵێت: ''ئێمە لە وڵاتى دیموکراسیداین، هەموو کەسێک یەکسانە''. لەڕاستیدا ئێمە وەها نین، چونکە هەموومان یەکسان نین. لەبەرئەوە ئایدیۆلۆژیا هەر شیکارییەکى ڕەخنەیى ڕەت دەکاتەوە یان سەرکوت دەکات. بەڵام دەشێت بووترێت لەمڕۆدا شتێکى زۆر تێکەڵوپێکەڵ ڕوودەدات، چونکە چ ڕەخنە و چ پاڵنەرى شۆڕش خۆیان بوونەتە بەشێک لە ئایدیۆلۆژیا. لە فەرەنسا دیاردەیەک هەیە –دڵنیام لە کەنەدایش هەروایە- بۆ نموونە هەندێک لە گۆڤارە ژنانەکان، وەکو گۆڤارى ناسراوى "ئێلى" گوایە گۆڤارێکى چەپڕەوانەیە، ئااااهـ...
م.پ: بەڵێ، چەپڕەو- وشەیەکى زۆر لووس ]و لاستیکى[.
ج.ل.ن: بەڵێ. جا ئەوان سەروتارەکانیان دەربارەى هەلومەجى ژن لە فەرەنسا، دەربارەى ژنان لە ئەفغانستان، یان دەربارەى بەد-بەکارهێنانى منداڵ دەنووسن، شتانێکى وەکو ئەوەى –ئەرێ، زۆر زۆر ڕاستە، بە تەواوەتى ڕاستە. تەنانەت ئەوان بانگەشەى ئەوە دەکەن پارە دەدەن بۆ ]خستنەڕووى[ ئەم دۆز و قەزێیانە، ڕەنگ ئەم گۆڤارە شکۆمەندە بناسیت وا هەموو مۆدێلەکانى فاشنى گرانبەهاى تێدایە کە بابەتى هەموو کەسێک نین و ئاراستەى هەمووان نەکراون. ئەمە جۆرێک گۆڤارێکە بۆ بۆرژوازەکان، بۆ بۆرژوازى چینى ناوەند. من دەمەوێت بەمە بڵێم ئایدیۆلۆژیا. هەروەها لەمڕۆدا کێشەکە ئەوەیە تەنانەت جووتێک ئایدیاى شۆڕشیش هەر سەر بە ئایدیۆلۆژیان. شۆڕش خۆى بە بێ نەزم و بنەمایە[11]. ئەمە کێشەکەیە. تۆ وتت هونەرمەندەکان ئەفسانەى ژێستى شۆڕشگێڕى دەنوێنن، بەڵام ئەى لەمڕۆدا ژێستى شۆڕشگێڕى ماناى چییە؟ ژێستى خاپوورکردن بریتییە لە...
م.پ: ئەم ژێستانەیش لەگەڵ ئایدیۆلۆژیادا بەکاردەبرێن.
ج.ل.ن: بەڵی، بەڵێ، دەتوانین چى بکەین؟ هەموو شتێک دەکرێت. ئێستا کاتى هاتووە بۆچوونى هەموو شت کردن بدەینە بەر ڕەخنە.. یەکەمجار، ئەمە ئایدیایەکە، یەکەمجار ئەمە خاپوورکردنە. دووەمیان هەمیشە کەمترە، سێیەمیان هیچ نییە.
م.پ: تۆ وتووتە باوەڕت وایە لەمڕۆدا گوزەرێکى مێژوویى ڕوودەدات کە لە ڕووى دەلالەتەوە لە پەڕینەوە دەچێت لە چەرخى دێرینەوە بۆ سەدەکانى ناوەڕاست.
ج.ل.ن: کۆتایى ڕۆما. بەڵێ.
م.پ: بۆچى؟
ج.ل.ن: من بەهۆى لێکچوونێکى لەفزییەوە ئەو هەستەم هەیە: ڕۆمانییەکانى سەدەى چوارەم و پێنجەم و شەشەم، قسەیان دەربارەى داوەشان[12] کردووە، نەک بە وشەى داوەشان، بەڵکو بە وشەى مەیلان[13] –وشەى سەرەولێژبوونەوە inclinatio. ئەمە گرنگە چونکە لە فەرەنسا مەیلانمان هەیە کە ڕەنگە پۆزەتیڤ بێت، ڕەنگە بۆ هەندێ کەس واتاى مەیلێکى پۆزەتیڤ بێت بەرامبەر کەسێک، کە هیچ کاتێک عەشق نییە، بەڵکو هەستێکە لە هەواى عەشقدا[14]. هەروەها لە فەرەنسا، وشەى لێژگایى[15] هەر بە واتاى مەیلانە.  
م.پ: بەڵێ، لە ئینگلیزیشدا هەروایە.
ج.ل.ن: کەواتە، لە لاتینیدا inclinatio واتاى هاتنەخوارەوە و داگەڕانە ]داڕمان و خاپووربوون[. ئێمەیش هەندێ تێکستى خەڵکانى ئەم سەردەمەمان هەیە کەدەڵێن: هەموو شتێک بەرەو خوارەوە، ڕووەو نشێوى دەچێت، ئەمەیش داڕمان[16]ى ڕۆمایە، خاپووربوونى هەموو بەهاکان و هەموو فەزیلەتەکانى ڕۆمایە، کەوتنى خوداکان و شتى لەم بابەتە. لەو کاتەدا مەسیحییەت لەنێو کەشى داڕماندا بوو. لەبەرئەوە، نزیکەى 15 ساڵ دەبێت بیر لەوە دەکەمەوە کە: لە سەرەتاى دەستپێکردنى سەدەى بیستەمەوە خەریکین دەربارەى داڕمان دەدوێین. ئەوە تەنیا سەدەیەک بوو کە بەسەرچووە و چیتر تێپەڕیووە، بەڵام سەدەیەکیش بوو کە تێیدا شتانى زۆر ڕوویاندا، زیاتر لەو شتانەش وا لە سەدەى پێنجەمى زایینیدا ڕوویاندا. ئێمەیش هەست بە هەندێ داوەشان دەکەین. لەوێدا هەندێ پەرەسەندنى تەکنیکى هەیە، هەروەها بەڵێ هەندێ پەرەسەندنى دیموکراسییش. بەڵام ئێستا لاموایە ئێمە لەو ماوەیەدا متمانەمان بە گەشەسەندنى دیموکراسى هەبوو کە پێیدەڵێن پاش جەنگى سارد تاوەکو کۆتایى یەکێتى سۆڤیەت، لەبەرئەوەى لەو کاتەدا دیموکراسى بەشێک بوو لە بەرەنگاریى بەڕووى ستالینیزمدا. لە سەرەتادا بڕوامان وابوو دیموکراسى تابێ زیاتر دەبێت –بڕیاربوو دیموکراسى بە هەموو لایەکدا بڵاوببێتەوە و بگاتە هەموو شوێنێک. ویلایەتە یەکگرتووەکان کۆمەک و پشتیوانیى دیکتاتۆرەکانى ئەمریکاى باشوورى وەستاند، چونکە لەوە تێگەیشتن دیموکراسى بژاردەیەکى باشترە. بەڵام ڕێک لەو کاتەوە –ماوەى 20 یان 30 ساڵى ڕابردوو- دیموکراسى هەتابێ زیاتریش بەتاڵ دەبێتەوە.
م.پ: یان بەرەو ئەوە دەچێت خۆى لەنێو ببات؟
ج.ل.ن: بەڵێ، یان بەرەو ئەوە دەچێت خۆى لەنێو ببات. لە پاییزدا، وتنەوەى زنجیرە وانەوتارێک لە پاریس بە ناونیشانى "بەدبەکارهێنان لە دیموکراسیدا" دەستپێدەکات، منیش داوام لێکراوە وانەوتارێک بڵێمەوە. من دەستمکردووە بە بیرکردنەوە لەم مەسەلەیە لە ماوەى 20 ساڵى ڕابردوودا. دەقێکم نووسیوە بە ناونیشانى "گۆڕانى جیهان" –"گۆڕینى جیهان" نا بەڵکو "گۆڕانى جیهان-. ئێستایش خەڵکى تەنانەت گەر بە ڕۆمانییە کۆنەکانیش بەراوردیان بکەین، دەبینین هەتابێ هەمان شت دەکەن، چونکە بە بڕواى من وا هەست دەکەین هەندێ شت ڕێک لە سەرى ]یان دڵى[ کولتوورەکەماندا لە گۆڕاندایە، بێگومان زۆریش ئاڵۆزە، لەوانە ئەو ڕەفتارە پەرچەکردارانەیەى کە بەڕوویدا دەنوێنرێن- بە تایبەتى ڕەفتارە ئاینییەکان، ڕەفتارە جڤاتییەکان و هیتر.
نیشانەیەکى دیکەى خراپ ئەوەیە ئێمە لەگەڵ ئەدەب و هونەر و فەلسەفەدا لە تەنگوچەڵەمەداین. ڕەنگە فەلسەفە کەمتر نەخۆش بێت. بەڵام لە فەرەنسا لەگەڵ ئەدەبدا لە تەنگوچەڵەمەداین؛ ئەوەى پێیدەوترێت ڕۆمانى نوێ بە ڕوونى نەنگییە بۆ ئەدەب لە فەرەنسا. بەڵام دەڵێم، لە ویلایەتە یەکگرتووەکان بەمجۆرە نییە. لەوێ گەنجى نووسەرى چاک هەن، ئەگەرچى ڕەنگە وەکو نووسەرانى سەردەمى فۆڵکنەر نەبن. کۆتا سەردەمى ڕۆمایش هەر وەها بوو. دانەرانێکى شایەنى باس هەبوون کەچى زۆربەیان نەناسراون. منیش بە سودفە ناسیمن، لەبەرئەوەى هەندێکیانم بینى. دەزانم لە  ئەمریکا هونەرمەندانێک هەن لە بوارى شیعرى داستانیى مەزندا کاردەکەن، بەڵام تەنانەت ناتوانم ناوێکیشت پێ بڵێم. ئەوانە بەکردەیى لە کاتى خۆیاندا وەک داهێنەر حساب نەکراون.
م.پ: تۆ وتووتە نەریتى ڕۆژئاوایى بەگشتى، یان نوقسان[17]ـە یان زیاد ]سەڕێژ[[18]ـە. ئایا هەرگیز نوقسانییەک هەیە بە بێ زیادیى شتێک؟ ئایا زیادێک هەیە نوقسانى بەرهەم بهێنێت؟ بۆ نموونە، لە کولتوورى ئەمریکیدا زیادییەک هەیە، بەڵام ئەو زیادییە نوقسانییەکى بەرهەم هێناوە کە دواتر ئەمیش لاى خۆیەوە لە لایەن زیادەکەوە قووت دەدرێت، تۆ دەڵێى چى؟
ج.ل.ن: دەقیق نازانم چۆن شیکاریى پەیوەندیى نێوان ئەم دووانە بکەم. من وایدەبینم ئەوەى لە نەریتى ڕۆژئاوادا ڕاستەقینەیە و ڕەنگە بتوانین لە سەردەمە دوا بەدوایەکەکاندا وەریبگرین، ئەوەیە کە یان نوقسانییەکت دەبێت یان زیادییەک یان هەردووکیان پێکەوە. بۆ نموونە، شار یان دەوڵەتشار (پۆلیس) یەکەمین وێنەى دیموکراسییە لاى یۆنانییەکان لە گریکى کۆندا. ئێمە تەنیا لەو کاتەوە ئەمە دەزانین کە بەکردەیى دەستدەکات بە گازاندەکردن لە خۆى... پێرکلیس یادەوەرى بەیاددێنێتەوە، هەمیشە وابووە. کەوایە، نوقسانییەک لە دیموکراسیدا هەبوو، لە هەمان کاتیشدا جۆرێک زیادە و سەڕێژکردن لە ئیمپریالیزمى ئەسینادا، کە دەتوانین بڵێین، بە خێرایى بەرەو کۆتاییەکەى ئەسینا ملى دەنا. لەدواى سەدەى سێیەمەوە، ئەسینا چیتر سەنتەر نەبوو، ئیدى بەسەنتەربوونى ڕۆما دەستى پێکرد. بەڵام لەگەڵ چیدا؟ شتانێکى تر هەن: دەتوانین بڵێین ڕەنگە ڕۆما زێدەهێزێک بووبێت ]سەرڕێژکردن لە هێزدا[ لە داگیرکردندا؛ ئیمپراتۆریەتەکەى ڕۆما لە ناوەڕاستى ئاسیاوە تاوەکو ئەڵمانیا درێژدەبوویەوە. بەڵام، دواى ماوەیەکى دیاریکراو ڕۆما لە ڕۆح بەتاڵ بوویەوە. ئەوە ئیتر ساتى مەسیحییەت بوو، واتە ئەو کاتەى کۆنستانتین دەبێتە مەسیحى، چونکە چیتر هیچ هێزێکى ڕۆحى لە ئارادا نەمابوو.
م.پ: کەواتە زاڵبوونى مەسیحییەت بەهۆى ئەو بۆشایی ]بەتاڵى[ـەوە بوو کە دروست بووبوو.
ج.ل.ن: بەڵی، جا دواتر جۆرێکى دیاریکراوى بەتاڵى لە تێرمەکانى کولتوور، ئەدەب و هیتردا بە درێژایى یەکەم قۆناغى سەدەکانى ناوەڕاست سەریهەڵدا. بەڵام دواى ئەوە، ئینجا کولتوورى سەرەکیى مەسیحى هاتەئاراوە، چاخى کاتێدراڵ[19]، کە جۆرێکى دیکەى سەڕێژکردنى لەگەڵ خۆى هێنا. بەڵام بەلاى منەوە سەیر ئەوەیە کە داخۆ لە هەموو مێژووى ئێمەدا زەمەنێک هەیە کە گازاندەیەکى لەو سەردەمە و نۆستالژیاى بۆ ئەو زەمەنەى پێشوو تێدا نەبینییەوە. خۆ ڕەنگە لە کولتوورەکانى دیکەیشدا هەر وا بێت، نازانم. بەڵام وا هەستدەکەم ئەو نۆستالژیایە، هەر وەکو مالیخولیا، هەستێکى زۆر تایبەتى ڕۆژئاوا و ڕەفتارێکى تایبەتى ڕۆژئاواییە. 
م.پ: ئەوەیش زۆر سەیرە کە لەمڕۆدا نۆستالژیا بۆ سەردەمانى پێشوو، بۆ سەردەمى بارۆک، نۆستالیژیایە بۆ ڕاسیزم و جیاکاریى ڕەگەزى؛ ئەمە واقیعیەتى زەمەنەکە وەلادەنێت. نۆستالژیا هەمیشە بە ڕۆمانسیکردنە بە نەرێنیترین شێوە. ڕەنگە بۆ ئەوە بێت ڕەتى بکاتەوە گەواهى مێژوو قبوڵ بکات؟
ج.ل.ن: بەڵێ، ئا بەڵێ، بێگومان وایە.
م.پ: گەر سەرنج بدەین دەبینین نۆستالژیا ئەو کاتە زۆر بەهێز دەبێت کە کۆمەڵگە خەریکە بمرێت.
ج.ل.ن: بەڵام دەزانى، دەڵێن کاتێک کەسێک سەرەى مردنى دێت، چاو بە هەموو ژیاندا دەگێڕێتەوە...
م:پ: دوێنێ، لە وانەوتارەکەتدا ئاماژەت بە ئیمان، عەشق، ئومێددا، کەچى بە هیچ جۆرێک باسى ئومێدت نەکرد.
ج.ل.ن: وایە، تۆ ڕاست دەکەیت، بەو هۆیەبوو کە ئەوە وەختێکى گونجاو یان بارودۆخێکى لەبار نەبوو بۆ قسەکردن دەربارەى ئومێد، بەڵام بەهەمان شێوە، لەبەرئەوەیش بوو کە ڕەنگە ئومێد زۆر ئەستەم و زۆریش ئاڵۆز بێت. نازانم داخۆ بە ڕوونى نیشانمادا ]ئومێد چییە[ یان نا، بەڵام بۆ نموونە لە جوداکردنەوەى نێوان ئیمان و بیروباوەڕ ]بۆچوون[دا، ڕوون و ئاشکرایە. لە جوداکردنەوەى عەشق لەم پرسیارەدا یەک شت هەیە کە دەبێت بیڵێم. دواى وانەوتارەکە پیاوێک هات بۆ لام قسەم لەگەڵ بکات، وتى کە من دەربارەى خێرخوازى قسەم کردووە –عەشق بە ماناى کاریتاس charitas- واتە، پێدانى دیاریى بە کەسێک یان بە شتێک. بەم جۆرە، دەشێت ئەمەیش تەنانەت لە ئاسۆى ئەو ئیمکانییەتەدا کە من دەربارەى دووام، گەشەى پێبدرێت.
بەڵام ئومێد پێویستە ئیمکانیەت بێت بۆ دروستکردنى جیاوازییەکى نایاب لەنێوان پێشبینیى گەورە و شتێکى تردا. لە فەرەنسا ئەم جیاوازییە لەنێوان دوو وشەدا مومکینە: یەکێکیان espérance ]هیوا[ و ئەویتریان espoire ]ئومێد[، بەڵام ئەم ئیمکانە تەنیا بۆ خەڵکانێکى دیاریکراوى زۆر ئاگادار ڕوون و بەرچاوە. وشەکە بۆ فەزیلەتى تیۆلۆژى بەهیچ جۆرێک ئیسپۆیر نییە، بەڵکو ئیسپێرەنسـە[20]. بۆ نموونە، چارلس پێگى[21] کورتە وتارێکى گشتى دەربارەى ئیسپێرەنس نووسیووە کە ناوى لێناوە "ئیسپێرەنسى خوشکە بچووک"، خوشکە بچووکى دوو فەزیلەتى گەورە... لەگەڵ ئیسپۆیەردا پێشبینیى بەرەو داهاتووە و جۆرێکە لە ڕزگاریى ئەم داهاتووە. من هەوڵ دەدەم داهاتوو بکەمە ئێستا بۆ ئێستا ئەکچواڵەکەم لەپێناو ئەوەى خۆم سەلامەت بمێنمەوە، لەپێناو ئەوەى متمانە بە خۆم بکەم. هەروەها بەدڵنیاییەوە، دواى ئەم ئومێدە دیسئیسپۆیەر[22] دێت... تۆ چى دەڵێیت؟
م.پ: نائومێدى؟
ج.ل.ن: بەڵی. بەڵام لە فەرەنسا ئێمە نائومێدییەکمان هەیە، دیسئیسپۆیەر دەقاودەق بە ماناى نائومێدى نییە، بەڵکو دۆخى بێ هیواییە، ئەوەیە کە بێهیوا بیت. بێهیوایى ئەوە نییە بتوانیت سەرلەنوێ خۆراک بە هیچ ئومێدێک بدەیتەوە، چونکە ]لەمەدا[ کتومت هیچ نیشانەیەک بەرەو داهاتوو بوونى نییە. دەبێت ئیسپێرەنس ڕێک ئەوە بێت کە پێشبینیى نییە، ڕزگارییەک نییە، تەنانەت ڕزگاریەکى ناکامڵیش نییە، ئەوە نییە کە بەرەو داهاتوو ئاوڕدەداتەوە، بەڵکو دەمەوێت بڵێیم ئەوەیە لە فۆڕمى پێشنبییەکدا کە پێشبینیى ئومێدە بەرەو ئەبەدییەت دەڕوانێ، ئەو شتەیە کە لە ئارادا نییە. ئەمە ئەوە نییە کە من وەها پێشبینیى بکەم گوایە دێتە ئارا؛ پتر ئەوەیە لە  بارى چاوەڕوانیدا بمێنمەوە.
م.پ: بە کراوەیى؟
ج.ل.ن: بەڵێ، کتومت، بە کراوەیى. ڕەنگە ویستبێتم بڵێم ئومێد دەدرێت وەک وەرگرتن و پێدان لە فۆڕمى جیاجیاى کراوەییدا کە لەنێو ئیمان و عەشقدا لەخۆگیراوە. ڕەنگە هەر سێکیان هەمان شت بن. بەڵام ئیمان پەیوەندیدارە بە مەعریفەوە، عەشق پەیوەندیدارە بە هەستکردنەوە، ئومێد هەمان مەوداى ئەو پێنەدانە دەگرێت کە لەنێوان ئیمان و عەشقدا لە مەحەکدایە. لەبەرئەمە، هەریەکە لە ئیمان و عەشق لە دەرەوە یان لەویتریانەوە دێن.
م:پ: کەواتە ئومێد دەستپێکردنێکە.
ج.ل.ن: بەڵێ، بەڵێ. ڕاستە. ئەها، بیرم لەوە دەکردەوە کە ....
م.پ: لە ئەمریکاى باکور، لە پانتایى سیاسەتدا هەموو شتێک بە دووجەمسەرى قسەى لەسەر دەکرێت- چاکە و خراپە، لەگەڵ ئێمە و دژ بە ئێمە. بۆچى ئەم نەریتە میتافیزیکییە، ئەم شێوازى قسەکردن و بیرکردنەوەیە، شێوازێکى بەهێزە بۆ قەناعەتکردن بە خەڵکى؟ ئایا ئەوە ترسە کە ڕێگریمان لێدەکات لە هەڵمژینى پێکهاتەى لێکدژى؟ بۆچى خەڵکى بەشێوەیەکى بەرچاو قەناعەتیان بە زمانى دووجەمسەرى هەیە؟
ج.ل:ن: ئەمە پرسیارێکى باشە، بەڵام دەترسم لەوەى وەڵامم پێنەبێت. پێموایە لەبەرئەوەیە خەڵکى پێویستیان بە ئاساییشە، بەڵام نەک ئاساییش تەنیا لە تێرمە پۆلیسییەکەیدا، بەڵکو ئاساییش لە دڵنیایى و متمانە و یەقینى شتێک. هەموومان وەهاین. هەندێک خەڵکى ڕۆشنبیر دەزانن دووجەمسەرى ئەوەندەیش واقیعى نییە کە دەردەکەوێت. بەڵام دەتوانین ئەوە بزانین و مامەڵەى لەگەڵ بکەین، چونکە متمانە و دڵنیایى خۆمان لە ئاستێکى ترەوە وەردەگرین. تۆ دەزانی دەتوانیت لەم بارەیەوە پرسیار لە خۆت بکەیت و وەڵامی من و ئەوانیتریش بدەیتەوە، بەڵام بەدڵنیاییەوە ئەمە دڵنیاییت پێدەبەخشێ. زۆربەى خەڵک تەنیا قەناعەت ناکەن، بەڵکو باوەڕیان بە وەها خشتەیەکى دووجەمسەرییش هەیە. خەڵکانێکى زۆر لەوانەى دووجەمسەرییەکان زەق دەکەنەوە، تەنانەت لەوانەى تەفسیرێکى فانتازى یان سیحریشیان هەیە، ئا ئەوانە هەر حەز دەکەن بیر لە کورتکردنەوەى جیهان بکەنەوە...

سەرچاوە:
   Revolution Itself is Out of Order - Interview with Jean-Luc Nancy, June 17, 2004.



پەراوێزەکانى وەرگێڕى کوردى:
[11]  دەکرێت بە زۆر مانا ئەم تێزەى نانسى لێک بدرێتەوە، لەوانە: 1) شۆڕش کردەیەکى ڕێکخراوى بەرنامە بۆ داڕێژراو نییە. 2) پێوەرى ناسینەوە و پێشبینیکردنى شۆڕش ئەستەمە. 3) شۆڕش حەتمى نییە، بە قەد ئەوەى مەحالێش نییە. 4) شۆڕش مەحکوم نییە بە ڕابردوو و هەمیشەیش بەرەو ئامانجەکەى یان داهاتووە چاوەڕوانکراوەکەى ناڕوات. 5)....
[12] decadence
[13]  Inclination ئێمە "مەیلان"ـمان بۆ داناوە، ئەو وشە کوردییەم لە تەمەنى منداڵیمدا لە دەشتودەردا بیستووە، بە زەوى لێژ و لاپاڵى تەپۆڵکە و گردەکانیان دەگوت مەیلانە، واتە لێژە. لە بنەڕەتدا وشە ئینگلزییەکە بە ماناى مەیل و ئارەزوو، لادان و دەرچوون و داگەڕان، لێژبوونەوە و خواربوونەوە دێت. لە زمانى کوردیدا بە تەنیا هەرکام لەو وشانە بەکاربهێنین بەشێک لە ماناکانى ئەوانیترى تێدا ون دەبێت. خۆ ئەگەر مەیل، کە وشەکە عەرەبییە و ماناکەى لە ئارەوو و خواست و حەزەوە نزیکە، بە جۆرێکى تر لێکبدەینەوە ئەوا دەتوانین ئەم مانایەشى بۆ دەستنیشان بکەین: مەیل واتە مەیالبوون، ملنان بەرەو، خواربوونەوە بە ئاراستەى_، لاربوونەوە بەرەو_، داگەڕان ڕووەو_. لادان بە جۆرێک مەیلە بەرەو شوێنێکى دیکە، ملنانە بە لایەکدا کە ڕێگا دیاریکراوەکە نییە. بەم مانایە پێویستە مەیل و لادان و لێژبوونەوە، یان دڵخوازى و داگەڕان و سەرەوخواربوونەوە پێکەوە کۆبکەینەوە، ئینجا بە گشتى ماناکەى ئاواى لێدێت: مەیلێک کە وات لێدەکات تووشى لادان ببیت بەرەو لێژی و تالوکە. ڕەنگە وشەى "مەیلان" گونجاو بێت کە ناڕاستەوخۆ هەم مەیل و هەم لادان و هەم لێژییشى لەخۆى گرتووە.
[14] in the mood for love
[15] Hill
[16] destruction
[17] lack
[18] lack
[19] the age of the Cathedral
[20]  espérance هیوا و گەشبینى بە داهاتوو لە ڕێگەى پێشبینی یان پێشگۆیى یان ئیلهامەوە. لە کاتێکدا  espoire (ئومێد) دنیاییترە و دەشێت مرۆڤ کارى بۆ بکات.
[21] Charles Péguy
[22] desespoire
تێبینى: ئەم بەرهەمە لە سایتى "چەپى نوێ" بە دوو بەش بڵاوبۆتەوە. 
لینکى بەشى دووەم: 

No comments:

Post a Comment